(درەو میدیا): قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی " عەسائیبی ئەهلی حەق" كە یەكێكە لە گروپەكانی هێزەكانی حەشدی شەعبیی داوادەكات سیستمی بەڕێوەبردنی عێراق لە پەرلەمانییەوە بكرێت بە سەرۆكایەتی. خەزعەلی لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیوێتی:" هیچ چارەسەرێكی راستەقینە نییە لەگەڵ بوونی سیستمی پەرلەمانی كە حكومیی وڵات دەكات بە شێوەی بەش بەشێنە و مانەوەی دۆخەكە دەبێتە هۆی بوونی گەندەڵیی و گەندەڵكاران، چونكە سیستمەكە، سیستمی بەشبەشێنەیە، لەبەرئەوە داوا لە هەموان دەكەم هاوكاربن بۆ گۆڕینی سیستم بۆ سیستمی سەرۆكایەتی یان نیمچە سەرۆكایەتی كە وڵات رزگاربكات". عەسائیبی ئەهلی حەق لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراقدا لەچوارچێوەی هاوپەیمانی " فەتح"ی هادی عامری بەشداریكرد و توانی 15 كاندیدی بۆ خولی نوێی پەرلەمان سەربكەون. كاندیدە دەرچووەكانی عەسائیبی ئەهلی حەق
(درەو میدیا): ئەو كوتلە پانوپۆڕەی جەمسەرە دژەكانی شیعە یەكتری پێدەترسێن و هەڕەشەی پەراوێزخستن و دورخستنەوەی یەكتری پێدەكەن، رەنگە هەرگیز حكومەتێك لەڕەحمی نەیەتەدەرەوە، سەرباری ئەمە، گریمانەی ئەوەی زیاتر لێدەكرێ ببێتە ناونیشانی كێشەیەكی تازەو پرۆسەی سیاسی لە عێراق توشی گێژاوێكی قوڵتر بكات، دوای قوتاركردنی لەو ململانێ توندەی كە دەرەنجامەكانی هەڵبژاردنی 12 ئایاری ئەمساڵ خولقاندی. ئەوەی زیاتر ئەم ڕایە تۆخدەكاتەوە، شكستهێنانی هەموو ئەو هەوڵانەیە كە تائێستا دراون بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی و دواین هەوڵیش لەوچوارچێوەیەدا شەوی ڕابردودا لەنێوان زۆرێك لە لایەنەكانی جەمسەرە ناكۆكەكاندا درا بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە. ئەیاد عەلاوی كە لیستەكەی لەچوارچێوەی ئەو لایەنانەدابوو، دوێنێ شەو لە هۆتێك (بابل)ی شاری بەغداد سەرقاڵی پێكهێنانی گەورەترین كوتلە بوون، ئەمڕۆ لەبەیاننامەیەكدا داوا لەلایەنە براوەكانی هەڵبژاردن دەكات دیدارێكی نیشتمانیی فراوان ڕێكبخەن و هێڵە گشتییەكانی بەرنامەیەكی نیشتمانی یەكگرتوو داڕێژن لەپێناو گەیشتن بەپێكهێانی حكومەتێكی نیشتمانیی، هاوكات هۆشداریداوە لە "سەرهەڵدانی قەیرانێكی نوێ لەژێر ناونیشانی پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی". ئەم قسانەی عەلاوی دەلالەتێكی ڕوونە بۆ شكستهێنانی هەوڵەكانی پێشوتریان لەگەڵ سەدر و شكستهێنانی كۆبونەوەكەی شەوی ڕابردوشیان كە بەئامادەبونی نوێنەرەكەی خۆی و سەدر و حەكیم و عەبادی و بەشێك لە سوننەكان بەرێوەچوو. بەپێی زانیارییە دزەپیكراوەكان، ئێرانییەكان ڕۆڵی دیاریان گێڕاوە لە شكستپێهێنانی كۆبونەوەكەی دوێنێ شەو و بەچڕی هاتونەتە سەر خەت بۆ دژایەتیكردنی ئەو بەرەیە، كە ئەمریكییەكان كەیفخۆشن ئەمانە حكومەتی ئایندە پێكبهێنن، وەك لەبەرەی مالیكی و عامری كە بە دۆستە تەقلیدییەكانی ئێران ناسراون. وێڕایی پەشیمانكردنەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەچونەپاڵ ئەو بەرەیە، ئێرانییەكان بەهاوكاری دۆستەكانیان كار لەسەر پەرتوبڵاوكردنی لیستەكەی عەبادی دەكەن. سەعد مەتڵەبی كە بە كەسێكی نزیك لە نوری مالیكی ناسراوە، دەڵێ" لێگەیشتنیان لەگەڵ بەشێك لە هاوپەیمانی نەسر كردوە بۆ ئەوەی بێنە پاڵ گەورەترین كوتلە"، مەتڵەبی باسی ئەوەشی كردووە، هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆكایەتی عەبادی زیاتر لیستێكی هەڵبژاردنە، نەك هاوپەیمانییەكی سیاسی، بۆیە لەبەریەك هەڵوەشانی ئاسانە بەهۆی بونی ڕای سیاسی جیاواز لەنێو ئەندامەكانیدا. ئەم قسانەی مەتڵەبی لەكاتێكدایە، دوێنێ شەو دوای دەستپێكردنی كۆبونەوەكەی هۆتێل بابل، بەڕێوەبەری نوسینگەكەی مالیكی لەبەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، سبەینێ واتە ئەمڕۆ، گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی ڕادەگەیەنن، بەڵام ئەوانیش تائێستا هیچیان دیارنییەو ڕەنگە هاوتای میحوەری پێنجقۆڵی، شكستیانهێنابێ لەدروستكردنی زۆرینە. محەمەد سەیهود كە ئەویش كەسایەتیەكی نزیكە لە مالیكی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێ" حكومەتی واشنتۆن فشارەكانی چڕكردوەتەوە لەپێناو پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق، بەپێی تێڕوانین و بەرژوەندییەكانی لەناوچەكە، واشنتۆن حكومەتێكی دەوێت لە عێراق كە نوێنەرایەتی سیاسەتەكانی بكات لەناوچەكەدا". قسەی ئەم بەرپرسەی دەوڵەتی یاسا لەودیوەدا دروستە كە جەمسەری بەرامبەریان بەنزیكیی و پاڵپشتیكردنیان لەلایەن ئەمریكا تۆمەتبار دەكات، بەدیوەكەی تریشدا بۆ جەمسەرەكەی خۆشیان ڕاستە كە ئێران بەچڕی هاتوەتە سەرخەت و دەیەوێت حكومەتێك لە عێراق لەدایكبێت ئەوان بكاتە حاكمی ڕەهاو لەو دۆخە هەستیارەی ئەمریكا دەستی ناوەتە گەردنی هاوكاری بن و كەمێك لە بارگرانی سزا ئابورییەكانی لەسەر سوك بكەن. واشنتۆن بەئاشكرا ڤیتۆی لەسەر كەسایەتییەكانی نزیك لە ئێران هەیە و دژی ئەوەیە هیچكامیان لەسەر كورسی سەرۆك وەزیران و بڕیاردەری یەكەمی عێراق دانیشن، بەدیاریكراویش هادی عامری كە سەرۆكی هاوپەیمانی فەتحە و گروپەكانی حەشدی شەعبی نزیك لە ئێران لەژێر سایەیەدا كۆبونەتەوە، ئێرانیش ڕاشكاوانە ڤیتۆی لەسەر حەیدەر عەبادی هەیە جارێكی تر بچێتەوە سەر كورسی سەرۆك وەزیران دانیشێت، بەتایبەت دوای لێدوانەكەی لەبارەی پشتیوانی لەجێبەجێكردنی سزا ئابورییەكانی ئەمریكا لەسەر ئێران. ئێستا قسەكە ئەوەیە، ئێران و ئەمریكا لەسەر كاندیدێكی تەوافوقی ڕێكدەكەون (نە عەبادی و نە عامری) و كەسی سێیەم عێراق لەم گێژاوە نوێییە ڕزگار دەكات؟ یان یەكێكیان كاندیدەكەی خۆی دەسەپێنێت و پشتی ئەویتر دەدات بەزەویدا؟ یان دۆخەكە بەوشێوەیە درێژە دەكێشێت و هیچیان پرسەكەیان بۆ یەكلانابێتەوە؟ گریمانەی یەكەمیان ڕونە و بەوشێوەیە پرۆسەی سیاسی لە عێراق جارێكی تر لە گێژاو قوتاری دەبێت، بەڵام لە ئەگەری دووەم و سێیەمیاندا، عێراق بەرەو چارەنوسێكی نادیار هەنگاو دەنێت، چونكە پەراوێزخستنی هەركام لەم جەمسەرانە، واتای دروستبونی ئاژاوەیەكی سیاسی و ئەمنیی و بگرە كۆمەڵایەتی قوڵە، چونكە سەدرییەكان شەقامیان هەیە و عامرییەكانیش چەكیان پێیە، لەئەگەری هەر بەریەكەوتنێكیشیاندا ڕەنگە نە بە ئێران و نە بە ئەمریكا كۆنتڕۆڵ نەكرێت.
(درەو میدیا): رۆژنامەی " نیویۆرك تایمزی " ئەمریكی چیرۆكی حارس سودانی سیخوڕی عێراقی تەمەن 36 ساڵی بڵاوكردەوە كە توانیوێتی بۆ ماوەی 16 مانگ دزە بكاتە نێو ریزەكانی رێكخراوی داعش و زانیاری گرنگ و زۆر بگەیەنێتە دەزگای هەواڵگری عێراق كە یارمەتیدەربوون لە پوچەڵكردنەوە چەندین كردەوەی تیرۆریستی و ئێستا پێشبیندەكرێت سودانی ئاشكرابوبێت و لەلایەن داعشەوە كوژرابێت، بەڵام هەتا ئێستا تەرمەكەی نەدۆزراوەتەوە. ئەبوعەلی بەسری، بەڕێوەبەری هەواڵگریی عێراق بە رۆژنامە ئەمریكییەكەی راگەیاندووە كە هەوڵەكانی سودانی یارمەتیدەر بوون بۆ پوچەڵكردنەوەی 30 هێرش بە ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژكراو و 18 پلانی هێرشی خۆكوژیی. مونزیر، برای حارس سودانی فۆتۆ- نیویۆرك تایمز هەڵۆكان دەربارەی چیرۆكی ژیانی سودانی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز دەڵێت لە خوێندندا باش نەبووە و خۆی بۆ شوێنكەوتنی كچان تەرخانكردووە و لە زانكۆ دەركراوە و پاشان بە شێوازی كلاسیكی هاوسەرگیری كردووە و گەڕاوەتەوە بۆ خوێندن و زمانی ئینگلیزی و روسیی خوێندووە و لە سیانەی چاودێری ئەلیكترۆنیی لە دامەزراوە نەوتییەكاندا كاریكردووە. لە ساڵی 2006دا بەسری كە ئەو كات بەرپرسی هەواڵگریی دەبێت لە نوسینگەی سەرۆك وەزیران یەكەیەكی هەواڵگری تایبەت بە نەهێشتنی تیرۆر پێكدەهێنێت بەناوی " هەڵۆكان" و 16 پیاوی یەكەی بژاردە سەربازیی و ئەكادیمیای پۆلیس لەخۆدەگرێت و مونزیر برای حارس سودانی یەكێك كە سەربازە دەچێتە ئەو یەكەیەو هانی حارسی براشی دەدات داواكاری پێشكەش بكات، بۆئەوەی لەو دۆخی بێزارییە رزگاری ببێت كە بە یاریكردن بە یارییە ڤیدیۆییەكان و هاتوچۆی قاوەخانەكاندا سەرقاڵبوو، حارس داواكە پەسەنددەكات و ژیانی دەگۆڕێت. مونزیر لە لێدوانیدا بۆ رۆژنامەكە دەڵێت:" ئەو كات و بۆ یەكەمجار دوای ماوەیەكی دوورودرێژ حارسم ببینم زۆر بە حەماس بێت بۆ ژیان و زۆر بەختیار بوو". ساڵی 2014 دوای ئەوەی داعش رووبەریچكی بەرفراوانی لە سوریا و عێراق كۆنترۆڵكرد، ئەركێكی نوێ كەوتە ئەستۆی یەكەی هەڵۆكان كە بریتی بوو لە دزەكردنە ناو داعشەوە. هاوسەر و منداڵەكانی حارس سودانی فۆتۆ- نیویۆرك تایمز دزەكردنە ناو داعشەوە سودانی بەخۆبەخش ئامادەیی خۆی بۆ دزەكردنە نێو ریزەكانی داعش راگەیاند و پلەكەی بۆ نەقیب بەرزكرایەوە و بۆ ئەو ئەركەشی مەشق و راهێنانی پێكرا و ئەوەشی یارمەتیدەری بوو ئەوە بوو كە خێزانەكەی خەڵكی شاری رومادی بنكەی سەرەكی سوننەكان بوو، هەروەك شارەزایی باشیشی لە زاری قسەكردنی رومادی راستگۆیی پێبەخشی و لەبەرئەوەشی شیعەمەزهەب بوو، دەستیكرد بە ئاشنابوون بە ئەنجامدانی رەفتاری سوننەكان و ئەو ئایەتانەشی لەبەركرد كە جیهادییەكان ئارەزوویان دەكرد. پاشان سودانی خۆی كرد بە كەسایەتی " ئەبو سوهەیب" ێكی بێ كار لە یەكێك لە گەڕەكە سوننەنشینەكانی بەغدای پایتەخت و ئەركی دزەكردن ناو ریزی توندڕەوەكانی لە شاری تارمیە دەستپێكرد كە بەهۆی بوونی توندڕەوەكانەوە ناوبانگێكی خراپی هەبوو. سودانی لەو ئەركەدا سەركەوتوو بوو، بووە ئەندامێكی داعش و ئەركی گواستنەوەی سەدان كیلۆگرام مادەی تەقەمەنی بۆ خۆكوژەكان لە بەغداد پێسپێردرا. لە هەموو ئەركێكدا سودانی هەڵۆكانی ئاگاداردەكردەوە و ئەوانیش لای خۆیانەوە تەقینەوەی وەهمییان ئەنجامدەدا و بەیاننامەیان لەسەری بڵاودەكردەوە و بۆماوەی 16 مانگ هەوڵەكانی بەرهەمی باشیان هەبوو لە پوچەڵكردنەوەی ژمارەیەكی زۆر لە كردەوەی تیرۆریستی و كوشتنی چەندین سەركردەی دیاری داعش. دایك و باوكی حارس سودانی فۆتۆ – نیویۆرك تایمز كۆتاییەكەی وادەردەكەوێت كە داعش لە ناوەڕاستی 2016دا بەهۆی GPS ەوە درۆكەی ئاشكرادەكەن و كاتێك فەرماندەكەی لە داعش پەیوەندی پێودەكات و پرسیاری شوێنەكەی لێدەكات، سودانی لە وەڵامدا دەڵێت لە گەڕەكێكە و كردوەیەك جێبەجێدەكات، لە كاتێكدا ئەو لە سەردانی ماڵی خۆیدا بووە، و فەرماندەكەی پێی دەڵێت كە درۆدەكات. لە دوای ئەو مەترسییەوە داوا لە سودانی دەكرێت ئەركەكەی رابگرێت، بەڵام رەتیدەكاتەوە سوردەبێت لەسەر بەردەوامبوون و لە سەرەتای كانوونی دووەمی 2017 رێكخراوی داعش سودانی بە ئەركێك رادەسپێرێت كە ئەوا دوایی بوو لەو كاتەوە بە تەواوەتی دیارنەما. لە ئابی 2017دا داعش گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكراوەكە كوشتنی چەند زیندانییەك نیشاندەدات، یەكەی هەڵوەكان جەختدەكاتەوە كە سودانی یەكێك بووە لەوانە. دیارنەمانی تەرمەكەی یەكەی هەڵۆكان هەوڵدەدات تەرمی سودانی بدۆزێتەوە، بەڵام بێسود بوو، راپۆرتەكەی نیویۆرك تایمز ئاماژەی بۆئەوەكردووە كە سەرەڕای ئەوەی سودانی بووە بە ئەفسانە، بەڵام بەهۆی نەدۆزینەوەی تەرمەكەیەوە، خێزانەكەی ناتوانێت هیچ قەرەبوویەكی دەستبكەوێت. رەغد شلوب، هاوسەری سودانی دەڵێت باوەڕی وابوو كە سودانی ئەو و سێ منداڵەكەی پشتگوێدەخات، چونكە هیچ شتێكی دەربارەی ژیانی نهێنی نەدەزانی كە جگە لە باوكی و مونزیری برای كەسیان ئاگادار نەبوون. بەرپرسانی عێراق دەڵێن یەكەی هەڵۆكان سەدان هێرشی تیرۆریستی بۆسەر بەغداد پوچەڵكردوەتەوە و بەوەش ئاسایشی بەغدا زیاتر لە 15 ساڵ لەمەوبەر سەقامگیرترە. چەند وێنەیەكی حارس سودانی فۆتۆ- نیویۆرك تایمز سەرچاوە: بی بی سی
( درەو میدیا): سەدر و عەبادی و حەكیم و عەلاوی پێكهێنانی بنەمای گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیان ڕاگەیاند، مالیكیش دەڵێت، سبەینێ پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی ڕادەگەیەنن، پارتی و یەكێتیش داوای ڕێكکەوتنی نوسراو دەكەن. ئێوارەی ئەمڕۆ بەرەی ناسراو بە (میحوەری پێنج قۆڵی) كە هاوپەیمانێتییەكانی ( سائیرون و نەسر وحیكمە و وەتەنیە و بەشێك لە سوننەكان) لەخۆدەگرێت، لە هۆتێل (بابل)ی شاری بەغداد كۆبوونەوە بە مەبەستی گەیشتن بەڕێكکەوتن و پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی كە خۆی لە كۆكردنەوەی زۆرترین كورسی پەرلەمانی عێراقدا دەبینێتەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و ناونانی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق. بەپێی زانیارییەكان، لە كۆبونەوەكەدا هەریەك لە (موقتەدا سەدر و حەیدەر عەبادی و عەممار حەكیم و ساڵح موتڵەگ و كازم شەممەری و عەدنان ئەلزەرفی) و ژمارەیەك كەسایەتی سیاسی ئەو پێنج هێزە بەشداربوون. دوابەدوای كۆبوونەوەكە كە مێك لەمەوبەر كۆتاییهات، بەشداربوان بەیاننامەیەكیان بەناوی (سائیرون و نەسر و فەتح و وەتەنیە) وە، بڵاوكردەوە و تیادا بنەمای پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیان ڕاگەیاند و داواشیان لە كوتلە سیاسیەكانی تر كرد بێنە پاڵ هاوپەیمانێتییەكان، لە بەشێكی بەیاننامەكەدا نوسیویانە، هاوپەیمانێتییەكەیان تائیفیەتی تێپەڕاندوە و بە هەموو شێوەیەكیش بنەمای پشكێنە ڕەتدەكاتەوە و بەنیازی پێكهێنانی دەوڵەتی هاوڵاتی و یەكسانی و دابینكردنی ژیانێكی شەرەفمەندانەیە بۆ عێراقییەكان و هەوڵی پێكهێنانی حكومەتێك دەدات كە بەتوندی بەڕووی گەندەڵی و گەندەڵكاراندا بوەستێتەوە. ژمارەی كورسییەكانی ئەم چوار هێزە پێكەوە دەگاتە 136 كورسی، سائیرون 54 و نەسر 42 و حیكمە 19 و وەتەنیە 21، ڕەنگە هەر ئەوەشبێت هۆكاری ئەوەی ناویاننابێت و بنەما و (تۆو)ی، گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی نەك بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی ڕابگەیەنن، كە پێویستی بە ( 50+1) واتە 165 كورسی پەرلەمان بە وپێیەی ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراق لە خولی داهاتوودا 329 كورسیە. هەر ئەمڕۆ كەناڵی" ئێن ئاڕ تی " نزیك لە جوڵانەوەی نوێ رایگەیاند جوڵانەوەی نەوەی نوێ كە چوار كورسیی لە پەرلەمانی عێراقدا بەدەستهێناوە بەشێك دەبێت لەو كوتلە گەورەیەی كە سەدر و عەبادی و حەكیم رایدەگەیەنن، بەڵام وەفدی ئەو جوڵانەوەیە لە كۆبوونەوەكەی هۆتێل بابل بەشدارنەبوو و لە بەیاننامەكەی راگەیاندنی بنەمای گەورەترین كوتلەشدا هیچ ئاماژەیەك بە بەشداری جوڵانەوەی نەوەی نوێ نەكراوە. کۆبوونەوەکەی هۆتێل بابل هەر ئەمشەو، هیشام ركابی بەڕێوەبەری نوسینگەی نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی دەست " درەو میدیا " كەوتوە، ئاشكرایكرد، پەیوەندییەكان لە نێوان دەوڵەتی یاسا و فەتح و پارتی و یەكێتی بەردەوامە و قسە لەوەدەكرێت سبەی دووشەممە پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی ڕابگەیەنرێت. لە چوارچێوەی ئەو پێشهاتە نوێیانەدا، پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا ڕایانگەیاندووە، ئەمڕۆ لەگەڵ سەركردایەتی (میحوەری نیشتمانی) كۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێكردنی چۆنیەتی بنیاتنانی دەسەڵاتی ئیتیحادی و میكانزمەكانی پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی لەپێناو پێگەیاندنی دیدی هاوبەش بۆ بەرنامەی سیاسی و حكومی بۆ قۆناغی ئایندە. لە بەشێكی تری بەیاننامەكەدا، پارتی و یەكێتی تەئكیدیان كردووە، ئامادەن بۆ هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ كوتلە سیاسییەكانی تر لەپێناو پێكهێنانی گەورەترین كوتلە و بەپێویستیشیان زانیوە كە پێكهێنانی حكومەتی ئایندە لەڕێی ڕێكەوتنی سیاسیی نوسراوەوە بێت. دوای ئەوەی ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق ئەنجامی هەڵبژاردنی 12 ئایاری ئەمساڵی پەسەندكرد، گۆڕەپانی سیاسی عێراق جموجۆڵێكی چڕو پڕی بەخۆوە بینی لەپێناو پێكهێنانی حكومەتی ئایندە و، ئێران و ئەمریكاش وەك دوولایەنی گرنگی پەیوەست بەپرۆسەی سیاسی لەعێراق، نوێنەری خۆیان ڕەوانەی بەغداد كردووە و هەریەكەیان بەجیا لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسەكانی عێراق بەچڕی لەسەرخەتن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ بەو شێوەیەی كە دەچێتە بەرژوەندی و ئەجێندا سیاسییەكانی خۆیانەوە.
(درەو میدیا): سەرۆكی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران رایدەگەیەنێت قەربووكردنەوەی وڵاتەكەی لە دۆسییەی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق- ئێران، چاوپۆشی لێناكرێت و عێراق دەتوانێت قەرەبووی ئێران بكاتەوە و چاوەڕوانی ئەوەن ئەو پرسە جێبەجێ بكرێت. لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی " ئیسنا"ی ئێران، حیشمەتوڵا فەلاحەت پیشە، سەرۆكی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران وتی:" قەرەبووكردنەوەی ئێران دۆسیەیەكی كراوەیە لە پەیوەندییەكانی ئێران و عێراقدا و پێویستە لەسەر بەغدا لەسەر بنەمای مادەی شەشی بڕیاری 598ی ئەنجومەنی ئاسایش قەرەبووەكە بدات". فەلاحەت پیشە جەختیشیكردەوە كە لایەنی عێراقی پرسی قەرەبووكردنەوەی ئێرانی بە تەواوەتی رەتنەكردووەتەوە. سەرۆكی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران ئاماژەیبەوەشداوە عێراق لە بەرهەمهێنانی نەوت و فرۆشتنیدا لە پێش ئێرانەوەیە و زیاتر لە ئێران دەفرۆشێت و ئەوەش بەواتی ئەوە دێت كە توانایان هەیە قەرەبووی ئێران بكەنەوە و هەروەك چۆن ئێستا قەرەبوووی كوەیت دەكاتەوە.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت دادگای فیدراڵی عێراق وەكو دواین وێستگە، ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 12ی ئایاری پەسەندكرد. بەپێی دەستور دەبێت دوای 15 رۆژ لە پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن دادگاوە، پەرلەمانی نوێ یەكەم كۆبونەوەی خۆی بكات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و متمانەبەخشین بە وەزیرەكانی كابینەی نوێی حكومەت. هێشتا دادگای باڵای فیدراڵی ئەنجامەكانی پەسەندنەكردبوو، لە میدیاكانی عێراق دەنگۆی پێكهێنانی كوتلەیەكی گەورە لەنێوان (ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا) بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی و (هاوپەیمانی فەتح) بە سەرۆكایەتی هادی عامری و چەند لایەنێكی ناو هاوپەیمانێتی (النصر- سەركەوتن)، بڵاوبوەوە. بەپێی ئەم هەواڵانە بێت، هاوپەیمانی (سائرون) كە موقتەدا سەدر سەرۆكایەتی دەكات و براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە، لە هەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەت دوورخراوەتەوە. بەڵام مەحمود روبەیعی یەكێك لە سەركردەكانی هاوپەیمانی فەتح لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: خوازیارین حكومەتێكی بەهێز لەنێوان (فەتح و سائرون و هێزە نیشتمانییەكانی تر) كە نوێنەری هەموو پێكهاتەكانی عێراق بن، پێكبهێنرێت، هەموو ئەو قسانەی كە لەبارەی پێكهێنانی كوتلەی گەورەوە باسدەكرێن، راست نین. النصر: عەبادی تاكە كاندیدە لەلایەكی ترەوە هاوپەیمانی (النصر) رایگەیاند، هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی كوتلەی گەورە لەناو پەرلەمانی عێراق بەردەوامە و حەیدەر عەبادی تاكە كاندیدە بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو. حسێن عادلی وتەبێژی هاوپەیمانی (النصر) لە بەیاننامەیەكدا وەكو وەڵامدانەوەیەك بۆ ئەو هەواڵانەی كە باسلەوە دەكەن بەشێك لەلایەكانی هاوپەیمانێتی (النصر) چونەتە پاڵ نوری مالیكی، وتی: كوتلەی النصر بەهێز و یەكگرتووە لە سیاسەتەكانیدا و هەموان هاوڕان لەسەر كاندیدكردنی حەیدەر عەبادی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران. پارتی و یەكێتی لەگەڵ مالیكی دەبن بەپێی دەستوری عێراق ئەو لایەنەی كە دەتوانێت لەدوای هەڵبژاردن دەنگی (50+1) ی پەرلەمانتاران كۆبكاتەوە، دەتوانێت كابینەی نوێی حكومەت پێكبهێنێت، واتە لە كۆی (329) پەرلەمانتار دەنگی (165) پەرلەمانتار كۆبكاتەوە. ساڵی 2010 دادگای فیدراڵی روونكردنەوەیەكی لەبارەی "كوتلەی زۆرینە" بڵاوكردەوە و یەكلای كردەوە، مەرج نییە ئەو لایەنەی كە زۆرینەی دەنگی هەڵبژاردنی بردوەتەوە، ئەو حكومەت پێكبهێنێت، هەر لایەنێك بتوانێت لەناو پەرلەمان گەورەترین كوتلەی پێكبهێنێت، مافی پێكهێنانی حكومەتی پێدەدرێت. لەبەر رۆشنایی ئەم روونكردنەوەیەی دادگا، ساڵی 2010 نوری مالیكی كودەتایەكی یاسایی بەسەر ئەیاد عەلاویدا كرد و چانسی پێكهێنانی حكومەتی لە عەلاوی وەرگرتنەوە، سەرباری ئەوەی عەلاوی سەرۆكی لیستی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بوو. ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن مالیكی جارێكی تر ئەو سیناریۆیە دووبارە بكاتەوە، بەڵام ئەمجارەیان لەبری عەلاوی، كودەتا بەسەر موقتەدا سەدری سەرۆكی لیستی براوەی یەكەمدا بكات. محەمەد موسەوی ئەندامی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێكدا بۆ (سۆمەریەنیوز) ئاشكرایكرد، نزیكبونەتەوە لە پێكهێنانی گەورەترین كوتلە و كوتلەكە زۆرینەی لایەنەكان لەخۆدەگرێت و كوتلەكە (200) پەرلەمانتاری لە پەرلەمانی نوێی عێراقدا هەیە. بەپێی قسەی موسەوی، كوتلەكە هەریەكە لە ( ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، هاوپەیمانی فەتح، یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و ژمارەیەك لە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی هەرێمی كوردستان) لەخۆدەگرێت. بەپێی قسەی ئەو ئەندامەی ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا، هەر لەناو ئەو كوتلەیەدا كە مالیكی دەیەوێت پێكیبهێنێت، (32) پەرلەمانتاری ئیئتیلافی النصری حەیدەر عەبادی هەن كە بەشێوەی سەربەخۆ بەشداربوون لەگەڵ (34) ئەندامی ئیئتیلافی میحوەری نیشتمانی. كۆبونەوەی وەفدی هاوبەشی پارتی و یەكێتی لەگەڵ مالیكی 25-5-2018 نەوەی نوێ لەگەڵ سەدر دەڕوات لەلایەكی ترەوە كەناڵی (NRT) سەربە جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە هەواڵێكدا ئاشكرایكرد، نەوەی نوێ بەشدار دەبێت لە دروستكردنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی عێراقدا. كەناڵەكە رایگەیاند، كوتلەكە پێكدێت لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە سەرۆكایەتی شاسوار عەبدولواحید، هاوپەیمانی سائیرون بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر، لیستی النصر بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی، ڕەوتی حیكمە بە سەرۆكایەتی عەممار حەكیم و هاوپەیمانی وەتەنیە بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی. بڕیارە ئەمڕۆ ئەو لایەنانە لە بەغداد كۆبونەوەیەك بكەن، ئەمەش دەریدەخات لەپاڵ هەوڵەكانی نوری مالیكیدا، موقتەدا سەدریش هەوڵی پێكهێنانی كوتلەی گەورەی خستوەتە بواری جێبەجێكردنەوە. عەبدوڵا زەیدی سەركردە لە ڕەوتی حیكمە ڕایگەیاندووە، كوتلەكە 134 كورسی پەرلەمانی هەیە، واتە هێشتا ئەم لایەنانە (31) كورسی تریان پێویستە بۆ ئەوەی گەورەترین كوتلە دروست بكەن. كۆبونەوەی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی نەوەی نوێ لەگەڵ موقتەدا سەدر 22-5-2018 مەكگۆرك و قاسم سلێمانی لە عێراق هاوكات لەگەڵ پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە "داعش" جموجوڵە سیاسییەكانی لە عێراق چڕكردوەتەوە. مەكگۆرك ئەمڕۆ لەگەڵ نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا كۆبوەوە، بەپێی هەواڵێك كە نوسینگەی مالیكی بڵاویكردوەتەوە، لە دیدارەكەدا مالیكی بە مەكگۆركی وتووە: هێزە نیشتمانییەكان نزیكبونەتەوە لە پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمان. هەر لەو كۆبونەوەیەدا كە دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغداد بەشداربووە، مالیكی ئاماژەی بەوەكردووە" هێشتا پرۆژەی زۆرینەی سیاسی باشترین چارەسەرە بۆ دۆخی عێراق". دوێنێش مەكگۆرك لەگەڵ هەریەكە لە عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە و عەبدولحسێن موسەوی سەرۆكی حزبی فەزیلەی ئیسلامی كۆبوەوە. هاوكات لەگەڵ جوڵە سیاسییەكانی برێت مەكگۆرك لە عێراق، میدیاكانی ئێران ژمارەیەك وێنەی قاسم سلێمانی فەرماندەیی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسدارانیان بڵاوكردەوە كە سەردانی مەزارگەی ئیمامی عەلی كردووە لە شاری نەجەف. قاسمی سلێمانی یەكێكە لەو كەسانەی كە رۆڵ و جێدەستی لە نەخشەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا دەبێت، هاوشێوەی برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا. سوننەكان لەگەڵ بارزانی كۆدەبنەوە لەلایەكی ترەوە ئەمڕۆ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لە سەلاحەدین لەگەڵ وەفدێكی هاوپەیمانی میحوەری نیشتمانی سوننەكان بە سەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر كۆبوەوە. بەپێی هەواڵێك كە لە سایتی مەسعود بارزانی بڵاوكراوەتەوە، لە كۆبونەوەكەدا باس لە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت كراوە و جەخت كراوە لەسەر "رێگریكردن لە تاكڕەوی لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا"
ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ ئەمڕۆ یەكشەممە دادگای فیدراڵی عێراق كۆتایی بە هەموو مشتومڕێك هێنا و بە بڕیارێك ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی پەسەندكرد كە 12ی ئایاری رابردوو بەڕێوەچوو. دوای ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی عێراق، هەنگاوە دەستورییەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق دەستپێدەكات بەمشێوەیەی خوارەوە: - دادگای فیدراڵی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن پەسەنددەكات. - فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق داوا لە پەرلەمانی هەڵبژێدراو دەكات لە ماوەی 15 رۆژ دوای راگەیاندنی ئەنجامەكان كۆببێتەوە. - پەرلەمانتاران لە دانیشتنی یەكەمدا بە سەرۆكایەتی بە تەمەنترین پەرلەمانتاری، سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی بە زۆرینەی رەها هەڵدەبژێرن. - پەرلەمان بە كۆی دەنگی دوو لەسەر سێ لە ماوەی 30 رۆژدا دوای دانیشتنی یەكەمی سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێرێت. - سەرۆك كۆماری نوێ كاندیدی گەورەترین كوتلەی پەرلەمان رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ، گەورەترین كوتلەی پەرلەمان، ئەو كوتلەیە نییە كە زۆرینەی كورسییەكانی لە هەڵبژاردندا بەدەستهێناوە، بەڵكو بە گوێرەی بڕیارێكی دادگای فیدراڵی گەورەترین كوتلە ئەو كوتلەیە كە ( 50+1)ی كورسییەكانی پەرلەمانی هەیە كە دەكاتە 165 پەرلەمانتار. - سەرۆك وەزیران راسپێردراو 30 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و خستنەڕووی ناوەكانیان لە پەرلەمان بۆ متمانە پێدانی. - پێویستە پەرلەمان بەرنامەی حكومەت پەسەندبكات و هەر وەزیرێك بەجیا دەنگی لەسەربدرێت و بە زۆرینەی رەها متمانەی پێببەخشرێت. - ئەگەر سەرۆك وەزیرانی راسپێدراو نەیتوانی لەماوەی 30 رۆژدا كابینەی حكومەت پێكبهێنێت، یان پەرلەمان رەتیكردەوە متمانە بە حكومەت ببەخشێت، ئەوا پێویستە سەرۆك كۆماری كاندیدێكی تر رادەسپێرێت لە ماوەی 15 رۆژدا كابینەی نوێی حكومەت پێكبهێنێت.
(درەو میدیا): دادگای فیدراڵی عێراق ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی پەسەندكرد كە 12ی ئایاری رابردوو بەڕێوەچوو. ئیاس ساموك، وتەبێژی دادگای فیدراڵی لە بەیاننامەیەكدا وتی:" دادگای باڵای فیدراڵی بەیانی ئەمڕۆ 19ی ئاب بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامەكانی كۆبووەوە بۆ تێڕوانینی داواكاری پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتاییی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی كرد". ساموك وتیشی:" دادگا وردبینی ئەو ناوانەی كرد كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكان بە نوسراوێكی رۆژی 16ی ئاب پێشكەشیكردووە و دوای وردبینی و لێكۆڵینەوە و پەڵپ لەسەر هەندێكیان، دادگای فیدراڵی دوانیوەڕۆی ئەملاِۆ بڕیاری خۆی بۆ پەسەندكردنی ناوەكان دەركرد و بڕیارەكەش بە كۆی دەنگ دراوە". پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە كۆتایی بە مشتومڕی لایەنەكان لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامەكانی دەهێنێت و هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقی بەدوادا دێت.
(درەو میدیا): سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەكان پێشبینیدەكەن تا 48 كاتژمێری داهاتوو داددگای فیدراڵی عێراق ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پەسەندبكات و پێش كۆتاییهاتنی مانگی ئابیش خولی نوێی پەرلەمانی عێراق یەكەم دانیشتنی گرێبدات. بەپێی ئەو بنەما سیاسییەی لەعێراق پیادەكرێت، پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی ئیستحقاقی پێكهاتەی سوننەكانە و لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردووشدا جموجۆڵێكی زۆر لەناوەوەی عێراق و چەند پایتەختێكی عەرەبی بەتایبەت عەممانی پایتەختی ئوردون بەڕێوەچووە و چەند كۆبوونەوەیەكی چڕوپڕ لەنێوان هێز و لایەن و كەسایەتییە دیارەكانی پێكهاتەی سوننەدا گرێدراوە و سێ كاندید ڕكابەرییان كردوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی ئایندەی پەرلەمانی عێراق، كە ئەوانیش (ئوسامە نوجێفی و محەمەد ڕێكان حەلبوسی و تەلاڵ زەوبەعی)یە، بەپێی زانیارییەكان دوای كشانەوەی زەوبەعی، ئێستا ململانێكە لەنێوان نوجێفی و حەلبوسیدایە و وەك دەوترێت چانسی دووەمیان بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە بەهێزترە. مەرجەكانی پارتی بۆ سەرۆك كۆمار سەرۆك كۆماری عێراقیش كە پشكی كوردە و لەماوەی سێ خولی ڕابردوو بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان یەكلاببوەوە، پێدەچێت خولی چوارەمیش هەر لای یەكێتی بمێنێتەوە و لای ئەوانیش چەند كاندیدێك ڕكابەری لەسەر دەكەن، كە دوانیان (عەبدوللەتیف ڕەشید و محەمەد سابیر)كە ئاوەڵزاوای كۆچكردوو جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری پێشوی عێراقن و فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراقیش وەك یەكێك لەكاندیدەكان ناوی دەهێنرێت. لەگەڵ ئەوەی تائێستا پارتی دیموكراتی كوردستان كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە لە كوردستان، بەڕەسمی ڕەزامەندی پیشاننەداوە جارێكی تر ئەو پۆستە بۆ یەكێتی بێتەوە، بەوپێیەی لەڕابردوودا پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بەرامبەر پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەنێوان یەكێتی و پارتیدا دابەشكراوە، بەڵام ئێستا ئەو هاوكێشە كۆنە كۆتاییهاتوە و پارتی چاوی لە هاوكێشەیەكی نوێیە كە خۆی لە دوو داواكاری سەرەكیدا دەبینێتەوە، یەكەمیان دەستبەرداربوونی یەكێتی لەتەواوی پۆست وەزارەتەكانی بەغداد لەحكومەتی ئایندە و پارێزگاری كەركوك ، دووەمیشیان، ئەو كەسەی یەكێتی دیاریدەكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار پێویستە پەسەندكراوی پارتی بێت، وەك خۆیان دەڵێن نابێت (لەگروپی 16ی ئۆكتۆبەر بێت)، بەپێی زانیارییەكانی " درەو میدیا" پارتی تێبینی لەسەر هەردوو ئاوەڵزاواكەی تاڵەبانی هەیە و نایەوێت هیچكامیان لە شوێنەكەی تاڵەبانی دانیشتن و فوئاد مەعسومی بەلاوە پەسەندترە بۆ دانیشتن لەسەر ئەو كورسییەی كە لەماوەی چوارساڵی ڕابردوودا لەسەر دانیشتوە، لەگەڵ ئەوەی لێرەولەوێ ناوی تریش دەهێنرێت وەك كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار بەڵام ئەوانەی باسكران دیارترینیانن. شەڕەكە توندەكە لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیرانە پۆستی سەرۆك وەزیران هاوشێوەی دوو پۆستە سەرۆكایەتیەكەی تر، لەچوارچێوەی سیستمی "تەوافوق"دا، بۆ پێكهاتەی شیعە یەكلابوەتەوە بەوپێیەی زۆرینەن لە عێراق، بەڵام جیاوازی ئەم پۆستە لەگەڵ دوو پۆستەكەی تردا لەزۆر ڕەوەوە زیاترە، بەوپێیەی بڕیاردەری یەكەمی دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە و ئەو كەسەی ئەم پۆستە وەردەگرێت دەبێتە بڕیاردەری یەكەمی بێڕكابەر لە عێراق، هەر ئەوەشە لەپشت ئەو ململانێ توندەی لەناوخۆی هێزە شیعەكان لەلایەك و لەدەرەوەی سنورەكانیش لەسەر دیاریكردنی ئەوكەسایەتیە هەیە كە ئەم پۆستە دەگرێتە دەست، ئەمەش بەپێچەوانەی پۆستی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی پەرلەمان كە زیاتر ململانێكان لەناوخۆی ئەو هێزە كورتدەبێتەوە كە پۆستەكەی بەردەكەوێت وەك ئیستحقاقی نەتەوەیی و پێكهاتەیی و هەڵبژاردنیش. بەو پێودانگە، هەردوو پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و سەرۆكی كۆماری عێراق دەكرێ لە ئایندەیەكی نزیكدا یەكلاببنەوە، بەڵام پۆستی سەرۆك وەزیران بە تایبەتی لەوڵاتێكی پڕ ململانێی وەك عێراق ، وێڕایی دەستوردانە دەرەكییەكان پێویستی بە نەشتەرگەرییەكی قەیسەرییە كە سەرەتاكەی بە ڕێككەوتنی زۆرینەی لایەنە براوەكان و پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیدا تێپەڕدەێت، كە دواتر لەگەڵ كورد و سوننە دەیكەنە پاكێجێك بۆ دابەشكاری كۆتایی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق لەنێوان هەرسێ پێكهاتەكەدا. پارتی و یەكێتی دانوستانەكان دەخەنە دوای جەژن پارتی و یەكێتی سەردانەكەیان بۆ بەغداد كەتایبەتە بەئەنجامدانی دانوستانی پێكهێنانی حكومەت خستوەتە دوای جەژن و هەوڵی ئەوە دەدەن قەناعەت بەلایەنە ناڕازییەكان بكەن بچنە چوارچێوەیەی وەفدەكەیانەوە. ڕۆژنامەی عەرەبی ئەلجەدیدی قەتەری، لەزاری سەرچاوەیەكی سیاسیەوە بڵاویكردوەتەوە، وەفدە هاوبەشەكەی پارتی و یەكێتی بڕیاریان داوە سەردانەكەیان بۆ بەغداد دوابخەن، كە بڕیاربوو ئەم هەفتەیە ئەنجامی بدەن، ڕونیشیكردوەتەوە، ئەم دواخستنە لەپێناو كردنەوەی دەرگای دیالۆگە لەگەڵ پارتە كوردییە ئۆپۆزسیۆنەكان و هەوڵدان بۆ ڕازیكردنیان تابەشداری دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق بكەن. دەربارەی هەنگاوی یەكێتی و پارتی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، سەعدی پیرە، وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی عێراق و پێكهێنانی كابینەی نوێ لەگەڵ پارتی، رەشنووسێكی 27 خاڵییان ئامادە كردووە. پیرە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا راشیگەیاندوووە لەگەڵ پارتی رەشنووسێكی27 خاڵییان ئامادە كردووە و بەسەر چوار بەشدا دابەشبووە، ئێمە ئەو رەشنووسەمان ئامادەكردووە و چوار لایەنەكەی كوردستانیش دەتوانن خاڵی دیكە بۆ رەشنووسەكە زیاد بكەن. بەگوێرەی سەرچاوەكە، چونە ناوەوەی گفتوگۆكان بەوەفدێكی كوردی یەكگرتوو توانایەكی گەورەی دەداتێ بۆ ئەنجامدانی مانۆڕی سیاسی لەپێناو بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كورد، تەئكیدیشیكردووە، هیچ ناكۆكییەك لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق نیە و لەپشكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەبێت، بەپێی ئەو ڕێككەوتنانەی پێشوەخت كراون. ڕەوتی حیكمە باس لە سوپرایزی سیاسی دەكات عەبدوڵا زەیدی سەركردە لە ڕەوتی حیكمە بوونی لێكگەیشتن لەگەڵ هێزە كوردستانییەكان بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی ئاشكراكردوە و ڕونیشیكردوەتەوە، گفتوگۆكانیان لەگەڵ سائرون و نەسر و وەتەنیە بوەتە هەماهەنگییەكی بنچینەیی. زەیدی ڕاشیگەیاندووە، پێشتر هاوپەیمانی لەنێوان حیكمە و سائیرون و نەسر و وەتەنیەدا هەبووە و بەشێوەیەكی لەسەرخۆ كارەكانی ئەنجامدەدەن. ئەو سەركردەیەی ڕەوتی حیكمە لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەشی وتوە، گەیشتونەتە لێگەیشتنی هاوبەش لەگەڵ هێزە كوردستانییەكان (پارتی و یەكێتی) و سوپرازییان دەبێت بۆ ڕاگەیاندنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی.
(درەو میدیا): كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق رایدەگەیەنێت ناتوانن لە وادەی خۆیدا كە 22ی مانگی كانونی یەكەمی داهاتووە، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەنجامبدەن و بۆ تەواوكردنی ئامادەكارییەكانی ئەو پرۆسەیە پێویستیان بە شەش مانگ هەیە. ریاز بەدران، سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی " مەعلومە" وتی:" هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە بڕیارە كانونی یەكەمی داهاتوو بكرێت پێش بەڕێوەچوونی پێویستی بە كۆمەڵێك ئامادەكاریی هەیە". بەدران وتیشی:" كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ماوەی زیاتر لە سێ مانگە پەككخراوە و ئەوەش بەواتای ئەوەدێت كە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەوادەی خۆیدا كارێكی ئاستەمە". سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاماژەیبەوەشدا كە ئەنجومەنی كۆمسیاران لانی كەم پێویستی بە زیاتر لە شەش مانگ هەیە بۆئەوەی كارەكانی دەستپێبكاتەوە بە ئامانجی ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان. لە كۆتایی لێدوانەكەیدا ریاز بەدران ئاشكراشیكرد" دیاریكردنی وادەیەكی نوێ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە نێوان كۆمسیۆن و پەرلەمانی نوێ گفتوگۆی لەسەر دەكرێت".
(درەو میدیا): كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 12ی ئایاری رەوانەی دادگای باڵای فیدراڵی كرد بەمەبەستی پەسەندكردنی. لەیس جەبر وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند" چاوخشاندنەوە بە هەموو تانەكانی ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن دەستەی دادوەری دادگای فیدراڵییەوە كۆتایی هاتووە دوای تەوابوونی قۆناغەكانی تایبەت بەو پرۆسەیە". ئاشكرایكرد" ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن رەەوانەی دادگای فیدراڵی كراوە بەمەبەستی پەسەندكردنی و ئەنجومەنی دادگای باڵا و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئەو ئەركەیان تەواوكردووە كە پێی راسپێردراون".
(درەو میدیا): لە ئێستادا هاوپەیمانی سونەكانی عێراق خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەكلاكردۆتەوەو دوای دەرنەچوونی سەلیم جبوری لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوو، لە ئێستادا سونەكان سێ كاندیدیان دیاریكردووە. لەیس دلێمی، وتەبێژی هاوپەیمانی سوننەكان رایگەیاند: بەهۆی ئەوەی سەلیم جبوری لەهەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا متمانەی دەنگدەرانی بەدەستنەهێناوە، لە كاندیدی بەرەكەیان بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان دورخراوەتەوە و سێ كاندیدی دیكەیان بۆ ئەو پۆستە هەیە. محەمەد حەلبوسی: محەمەد رێكان حەلبوسی كە لە ئێستادا پارێزگاری ئەنبارەو كاندیدی دەرچووی پەرلەمانی عێراقە لە لیستی هاوپەیمانی بەغداد بەسەرۆكایەتی جەمال كەربولی كە لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018 دا 4 كورسی بەدەستهێناوە. لە ساڵی 2014و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا دەرچووەو بوە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام لە 29ی ئابی 2017 كە كرا بە پارێزگاری ئەنبار وازی لە پەرلەمانتاری هێنا. ئوسامە نوجێفی: ئوسامە عەبدولعەزیز نوجێفی كە لە ( 2010 – 2014 ) سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بووەو یەكێكە لە سیاسی و كەسایەتیە دیارەكانی عێراقەو لە خانەوادەیەكی دەوڵەمەندی موسڵ لەدایك بووەو، لە ئێستادا سەرۆكی هاوپەیمانی قەرارەو لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018 توانی 13 كورسی بەدەستبهێنێت. تەڵال زەوبەعی: تەڵال خزر زەوبەعی كە لە هاوپەیمانی قەرارەو كەسایەتیەكی سونی دیارەو سەرۆكی لیژنەی نەزاهەی خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق بووەو لە ئێستاشدا كاندیدی سونەكانە بۆ سەرۆكی پەرلەمانی عێراق. وتەبێژی هاوپەیمانی سوننەكان ئاماژەی بەوەشدا: ئوسامە نوجێفی و محەمەد حەلبوسی و تەڵاڵ زەوبەعی بە رەسمی كاندیدكراون بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، كە بەپێی تەوافوقی پێشوی لایەنەكانی عێراق، ئەو پۆستە پشكی سوننەكانە. هاوپەیمانی سونەكان كە لە ئێستادا هاوپەیمانی بەرەی نیشتیمانیان بە سەرۆكایەتی شەش كەسایەتی سوننە پێكهێنا كە (51) كورسیان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە، ئەوانیش هەریەكە لە جەمال كەربولی و ئوسامە نوجێفی و خەمیس خەنجەر و ئەحمەد عەبدوڵا جبوری و سەلیم جبوری و فەلاح حەسەن زێدانن.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە روونكردنەوەیەكدا پاڵپشتی خۆی بۆ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند و رەتیكردەوە عەبادی سزاكانی ئەمریكای بۆسەر ئێران پێشێلكردبێت. زیاتر لە سێ مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی لە عێراق بەڕێوەچووە، بەڵام هێشتا پەرلەمانی نوێ دەستبەكارنەبووە و كابینەی نوێی حكومەتیش پێكنەهاتووە. لەپاڵ قەیرانی سیاسی و ناڕەزایەتی شەقام، كێشەیەكی نوێش هاتوەتە سەرشانی عێراق، كە كێشەی پابەندبوون یان نەبوونە بەو سزا ئابورییانەی كە ئەمریكا بەسەر ئێرانیدا سەپاندووە. رۆژی 8ی ئەم مانگە حەیدەر عەبادی لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا بە راشكاوی وتی:"ئێمە پابەند دەبین بە سزاكانی ئەمریكاوە بۆسەر ئێران، چونكە نامانەوێت بەرژەوەندی هاوڵاتیانی عێراقی بخەینە مەترسییەوە". ئەم لێدوانەی عەبادی لە شەقامی سیاسی عێراق بەتایبەتی لایەنە شیعە مەزهەبەكانی نزیك لە ئێران كاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا هێنا. رەنگە هێندەی توڕەیی شەقامی سیاسی شیعەی عێراق، دەسەڵاتدارانی تارانیش لە عەبادی توڕەبووبن، چونكە لە چەند رۆژی رابردوودا دەنگۆی ئەوە لە هەندێك میدیای عێراقیدا بڵاوبوەوە گوایە عەبادی دەیەوێت سەردانی تاران بكات، بەڵام هەرزوو وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەتیكردەوە هیچ پلانێك هەبێت بۆ ئەو سەردانەی عەبادی. پێدەچێت فشارەكانی تاران كاری خۆی كردبێت، لەدواین لێدوانیدا حەیدەر عەبادی كەمێك پاشەكشێی كرد كاتێك وتی: پابەند نابین بە هەموو ئەو سزایانەی كە ئەمریكا بەسەر ئێراندا سەپاندویەتی، تەنیا پابەندی ئەو بڕگەیە دەبین كە بە دۆلار مامەڵەیان لەگەڵ نەكەین. "ئەوەی سزاكان پێشێلبكات سزا دەدرێت" لە كۆنگرەی رۆژنامەوانیدا پرسیار لە هیزەر ناوێرت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كرا سەبارەت بە سزای ئەو وڵاتانەی كە سزا ئابورییەكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران پێشێلدەكەن، ناوێرت وتی:" ئەوانەی سزاكان پێشێلدەكەن دەكرێت خۆشیان بكەونە ژێر سزاوە". ئەم قسەیە لە میدیاكانی عێراقەوە وەكو وەڵامدانەوەیەكی ئەمریكا بۆ حەیدەر عەبادی بڵاوكرایەوە كە وتی: پابەندی هەموو سزاكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران نابین. زۆری نەخایاند، باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد هاتە سەرخەت و بەیاننامەیەكی بۆ روونكردنەوەی قسەكانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی بڵاوكردەوە. لە روونكردنەوەكەدا باڵیۆزخانەی ئەمریكا دەڵێ" لەبارەی ئەو بەشەی قسەكانی هیزەر ناوێرت كە تایبەتە بە سزاكان لەسەر ئێران، ئەو وتی: ئەو وڵاتانەی كە سزاكان پێشێلدەكەن روبەڕووی لێپرسینەوە دەبن، وەكو دەزانن سزاكان بریتییە لە مامەڵەكردن بە دۆلار لەگەڵ ئێران، وەكو دەزانن سەرۆك وەزیران وتی: عێراق بە دۆلار مامەڵە لەگەڵ ئێران ناكات، بۆیە هیچ پێشێلكردنێكی سزاكانی ئەمریكا لەم قسەیەدا نییە". باڵیۆزخانەی ئەمریكا هەر لەو رونكردنەوەیەدا گلەیی لە دەزگاكانی راگەیاندنی عێراق دەكات كە "بەوردی ئەو هەواڵەیان نەگواستوەتەوە". هیزەر ناوێرت -وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بانكی ناوەندی عێراق چی دەڵێ ؟ لەلایەكی ترەوە بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاند، عێراق بە دۆلاری ئەمریكی مامەڵە لەگەڵ ئێران ناكات و ئێران سود لەو دراوە نابینێت. مەحمود داغەر بەڕێوەبەری گشتی كاروباری دارایی لە بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاند، مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران بە دۆلار ماوەیەكی زۆرە یاساغە و شتێكی نوێ نییە، بانكی ناوەندی و هیچ سیستمێكی تری بانكیی لە عێراق لەچوارچێوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا بە دۆلار مامەڵە لەگەڵ ئێران ناكات. لە لێدوانێكدا بۆ سایتی سۆمەرییەنیوز، ئەو بەرپرسەی بانكی ناوەندی عێراق ئاماژە بەوەشدەكات، هەموو بانكەكانی عێراق لەژێر چاودێری تونددان، هەروەك چۆن لەژێر چاودێری نوسینگەی شتنەوەی پارە و لایەنە چاودێریكارەكانی تریشدان. بەگوێرەی قسەی ئەو بەرپرسە، ئێران ماوەیەكی زۆرە سود لە دۆلاری عێراق نابینێت، چونكە مامەڵەی عێراق لەگەڵ ئێران بە دراوی ترە بەتایبەتی یۆرۆ. رۆژی 7ی ئەم مانگە ئەمریكا سزا ئابورییەكانی لەسەر ئێران زیندوكردەوە، زۆربەی وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریكا داوایان كرد ئەو سزایانە زیندونەكرێنەوە، بەڵام ترەمپ گوێی بە ناڕەزایەتییەكان نەدا و سەرباری ئەوە لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسی:" ئەمانە توندترین سزان و لە مانگی نۆڤێمبەری داهاتوشدا سزاكان دەچنە ئاستێكی باڵاترەوە". پێنج بانكی عێراق سزا دەدرێن بەپێ چەند راپۆرتێكی هەواڵی كە لە زاری ژمارەیەك سەرچاوەی دیپلۆماسی عێراقییەوە بڵاوكراوەنەتەوە، بانكی فیدراڵی ئەمریكا سزا بەسەر پێنج بانكی نوێی عێراقیدا دەسەپێنێت و ئێستا تیمێكی راوێژكارانی ئەمریكا لە عێراقە بەمەبەستی چاودێریكردنی ئەو بانكانە كە بڕیارە هەمان ئەو سزایانەیان بەسەردا بسەپێندرێت كە پێشتر بەسەر بانكی "البلاد الاسلامی"دا سەپێندرا. سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، ئەو پێنج بانكەی كە بڕیارە ئەمریكا سزایان بەسەردا بسەپێنێت گومانیان لەسەرە لەلایەن ئێرانەوە بەكاربهێنرێن بۆ حەواڵەی دارایی و لەسەردەمی باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووی ئەمریكاوە لەژێر چاودێریدان، بەڵام ئەوكات تەنیا یەك بانكیان سزای بەسەردا سەپێندرا. بەگوێرەی قسەی سەرچاوەكان، لە چەند مانگی رابردوودا ئەمریكا جارێكی تر چاودێرییەكانی لەسەر ئەو پێنج بانكە عێراقییە كاراكردوەتەوە و لێكۆڵینەوەكان خۆی دەبینێتەوە لە گومانی "گواستنەوەی نەختینەی پارە، حەواڵەی دارایی گوماناوی بۆ لوبنان و سوریا و ژمارەیەك وڵاتی ئاسیا و ئەوروپای خۆرهەڵات". ساڵی رابردوو ئەمریكا بانكی "ئیلافی ئیسلامی" عێراقی خستە لیستی رەشەوە. ئەو بانكانەی كە لەلایەن ئەمریكاوە دەخرێنە ناو لیستی رەشەوە ناچاردەكرێن لە نێوان دوو بژاردەدا یەكێكیان هەڵبژێرن، راگرتنی پەیوەندی لەگەڵ ئەو دامەزراوانەی ئێران كە ئەمریكا سزای بەسەردا سەپاندون یاخود راگرتنی پەیوەندی لەگەڵ سیستمی دارایی ئەمریكا. بانكی فیدراڵی ئەمریكا هێشتا بازرگانی لە دەروازەكانەوە بەردەوامە هاوكات لەگەڵ ئەو مشتومڕانەی كە سەبارەت بە پابەندبونی عێراق بە سزاكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران دروستبووە، ناسر بیهروز راوێژكاری بازرگانی ئێران لە بەغداد رایگەیاند، پرۆسەی هاوردە و هەناردەكردنی لەنێوان عێراق و ئێران بەردەوامە لەڕێگەی هەموو دەروازە سنورییەكانەوە. لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی (ئیرنا)ی وڵاتەكەی ناسر بیهروز وتی:" ئێران سورە لەسەر فراوانكردنی ئامادەگی خۆی لە بازاڕی عێراقدا، بەجۆرێك كە گونجاو بێت لەگەڵ بەرژەوەندی هەردوولادا". بەگوێرەی قسەی ئەو بەرپرسەی ئێران، لە چوار مانگی رابردوودا بەبەهای (2 ملیار و 700 ملیۆن) دۆلار كەلوپەل لە ئێرانەوە هەناردەی عێراق كراوە، ئەمەش بە بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی رابردوودا، لەڕووی بەهاوە بەرێژەی 24%ی هەناردە زیادی كردووە.
(درەو میدیا): عەبادی لە ئەنكەرەیە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەسەردانێك گەیشتە ئەنكەرەی پایتەختی توركیا، بەپێی ڕاگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، لەمیانی سەردانەكەیدا عەبادی پتەوكردنی هاوكارییەكانی نێوان ئەنكەرە و بەغدا و، چەند دۆسیەیەكی تایبەت بەئاو و كارەبا و تەندروستی و پیشەسازی و وەبەرهێنان و ئاسایش و ڕۆشنبیری وچەند پرسێكی تر لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاتوێبكات. ئاو و پارتی كرێكاران و سزاكان ئەولەویەت دەبن بە گوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان، عەبادی لەگەڵ بەرپرسانی توركیا كۆمەڵێك دۆسیەی تاتوێدەكات، كە دیارترینیان پرسی ئاو و دۆسیەی پارتی كرێكاران و سزاكانی واشنتۆن بۆ سەر ئەنكەرە و سەرلەنوێ ڕێكخستنەوەی پەیوەندییە ئابورییەكانی نێوان هەردوو وڵات لەبەر ڕۆشنایی ئەو پێشهاتە نوێیانەی هاتونەتە گۆڕێ. ئاژانسەكانی هەواڵ لەبارەی سەردانەوەكە بڵاویانكردوەتەوە، ئەمڕۆ حەیدەر عەبادی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان كۆدەبێتەوە و دۆسیەی پێشبینی كراوەكانیش كە بڕیارە تاتوێبكرێت لەنێوان هەردوو سەركردە، لێكەوتەی سزا ئەمریكییەكان لەسەر ئەنكەرە و تاران و پرسی ئاو و كورد و چەند دۆسیەیەكی تر كەجێی بایەخی هەردوو وڵاتن. لەبری دۆلار دراوی نیشتمانی بەكاربهێنن بوراق ئیلهان ئوزابیك، شارەزایی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بەئاژانسی سپۆتنیكی ڕوسی وتوە، مامەڵەكردن بەدراوی نیشتمانی لە بازرگانیكردن لەنێوان توركیا و ئێران و عێراق ڕەنگە گرنگترین بابەتبێت كە عەبادی لەسەردانەكەیدا بۆ توركیا تاتوێدەكات. ڕاشیگەیاندووە، عەبادی دوای ئەوەی وتی وڵاتەكەی پابەندی سزا ئەمریكییەكان دەبێت بە مامەڵەنەكردن بە دۆلاری ئەمریكی لە بازرگانیكردن لەگەڵ تاران، ئەگەر زۆرە ئەم بابەتە ببێتە جێی بایەخی كۆبونەوەكەی ئەنكەرە بۆ دۆزینەوەی سیغەیەكی هاوبەش لەنێوان تاران و ئەنكەرە و بەغداد بۆ مامەڵەكردن بە دراوی نیشتمانی لە ئاڵۆگۆڕە بازرگانیەكانی نێوانیان. ئەو شارەزا توركیە، ڕاشیگەیاندووە، ڕەنگە ئێران و توركیا و بەغداد بەناچاری پەنابەرن بۆ دۆزینەوەی نمونەیەكی ئابوری كە پشت بەدراوی نیشتمانی ببەستێت لە مامەڵكردن بەدراوی ناوخۆیی ئەو وڵاتانە لە مامەڵە بازرگانییەكانیان، چونكە سزا ئەمریكییەكان لەسەر ئێران ڕەنگە كێشە بۆ وڵاتانی ناوچەكە دروستبكات كە مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێران دەكەن. سوننەكان هاوپەیمانی پێكدێنن سوننەكانی عێراق بە رەسمی هاوپەیمانێتیەك بەسەركردایەتی شەش سەركردەی دیار پێكدەێنن، بەناوی میحوەری نیشتمانی. بەقسەی سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار كە قسەی بۆ سۆمەرییە نیوز كردوە، هاوپەیمانێتیەكە هەریەك لە جەمال كەربولی و ئوسامە نوجێفی و خەمیس خەنجەر و ئەحمەد عەبدوڵا جبوری و سەلیم جبوری و فەلاح حەسەن زیدان بەناوی میحوەری نیشتمانی و لەژێر سەركردایەتیەكەی هاوبەشدا دروستكردوە، بەبێئەوەی هیچ وردەكارییەكی تر لەوبارەیەوە ئاشكرابكات. سوننەكان لە دوای ساڵی 2003 و ڕوخانی رژێمی پێشوو، بەئاسانی ئەو دۆخە سیاسیە نوێیان پێقبوڵنەكرا، ئەوان بەدرێژایی 80 ساڵی ڕابردو بڕیاردەری یەكەمی عێراق بوون و هەموو جەستەی سیاسی وڵاتیان پێكدەهێنا، هەر ئەوەش بووە هۆكاری ئەوەی لە سەرەتاوە بایكۆتی پرۆسەی سیاسی بكەن، هاوكات خاوەن ماڵێكی سیاسی تەواو پەرتەوازەبوون و ناوچەكانیشیان لە دۆخی جەنگ و وێرانكارییەكی بەردەوامدابوو، وێڕایی دابەشبوونی سەركردەكانیان بەسەر جەمسەر و وڵاتە ئیقلیمیەكاندا، هەموو ئەوانە بونە هۆی ئەوەی سوننەكان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەجۆرێك لە جۆرەكان بكەونە پەراوێزی پرۆسەی سیاسی و ڕۆلێكی ئەوتۆیان نەبێت، بەڵام ئێستا سوننەكان بەهێزترن لە ڕابردوو، بەهێزتریش گەڕاونەتەوە بۆ پرۆسەی سیاسی و لەڕووی پێگە و كورسی پەرلەمانیشەوە دووەم هێزن دوای شیعەكان و شوێنی جاران كوردیان گرتوەتەوە.
( درەو میدیا): وتەبێژی ڕەوتی حیكمە ڕایدەگەیەنێت، عەممار حەكیم هەوڵی لێنزیكردنەوەی موقتەدا سەدر و نوری مالیكی دەدات. نەوفەل ئەبو ڕەغیف، وتەبێژی ڕسمی ڕەوتی حیكمە كە عەممار حەكیم سەرۆكایەتی دەكات لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرایكردوە، سەرۆكی ڕەوتەكەیان سەرقاڵی لێكنزیكردنەوەی دید و بۆچونەكانی نوری مالكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و موقتەدا سەدر سەرپەشتیاری هاوپەیمانی سائیرونە. ئەبو ڕەغیف ئاماژەی بەوەشكردوە، حەكیم گفتوگۆیەكی چڕوپڕی لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان دەستپێكردوە و ڕۆژانە بەبەردەوامی كۆبونەوەكانی ئەنجامدەدات.