Draw Media

گواستنەوەی زیندانیانی ڕێکخراوی "داعش" و خێزانەکانیان لە سوریاوە بۆ عێراق

گواستنەوەی زیندانیانی ڕێکخراوی "داعش" و خێزانەکانیان لە سوریاوە بۆ عێراق

2026-02-17 20:09:54


درەو:

ڕاپۆرتی فەرمانگەی توێژینەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
🔹 پرۆسەی گواستنەوەی زیندامیانی داعش لە سوریاوە بۆ عێراق دەستی پێکردووە و ژمارەیان گەیشتووەتە (هەزار و 350) دەستگیرکراو کە لە زیندانەکانی حەسەکەی سووریاوە لە ڕێگەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە گواستراونەتەوە بۆ عێراق. 
🔹 ئامانجەکە ئەوەیە لە قۆناغەکانی داهاتوودا نزیکەی (7 هەزار) دەستگیرکراوی تر بە چەند قۆناغێک بگوازرێنەوە بۆ عێراق.
🔹 ئەوەی بابەتەکە ئاڵۆزتر دەکات گواستنەوەی ژن و منداڵەکانی ئەندامانی ڕێکخراوەکەیە لەو کەمپانەی لێی نیشتەجێ بوون لە سوریاوە بۆ عێراق.
🔹 میوانداریکردنی چەکدارانی داعش بە مەترسییەکی ئەمنی ڕاستەوخۆ دادەنرێت، چونکە ئەگەری یاخیبوون یان هەڵاتن لە زیندانەکان و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوخۆ دروست دەکات.
🔹 عێراق ڕووبەڕووی ئاڵنگارییە یاساییە گەورەکان دەبێتەوە بەهۆی فشار لەسەر سیستەمی دادوەری لە مامەڵەکردن لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری تۆمەتبارانی تیرۆر
🔹 میوانداریکردنی زیندانیانی داعش بارگرانییەکی دارایی و کارگێڕی زیاتر دروست دەکات، لەبەر پێویستی بە زیندانی زۆر پارێزراو، ستافی ئەمنی زیادە، و تێچووی بەردەوامی بەڕێوەبردن، جگە لە فشار خستنە سەر ژێرخانی زیندانەکان کە خۆی لە بنەڕەتدا بەدەست قەرەباڵغییەوە دەناڵێنێت.

سەرەتا
دوای ڕێککەوتنی ئاشتی و تێکەڵبوونی نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات SDF))، و بوونی مەترسی لە لاوازبوونی کۆنترۆڵکردنی زیندان و گرتووخانەکان، کە ئەندامانی ڕێکخراوەکەی تێدایە، بەتایبەتی مەترسی هەڵاتنی چەکدارانی داعش و پلان گێڕان بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکییە تیرۆریستییەکانیان لە ناوچەکەدا؛ عێراق وای دەبینێت کە باشترین بژاردەی ئەمنی بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی مەترسییەکانیان لە ناوخۆی سوریا و عێراقدا، گواستنەوەیانە بۆ ناو خاکی عێراق و دانانیان لە زیندانی تایبەتدا. شایەنی باسە ئەم بڕیارە تەنها بەهۆی بارودۆخی ئێستاوە نەبووە، بەڵکو هەڵوێستێکی پێشووتری عێراق بووە بۆ کۆنترۆڵکردنیان و دەستەبەرکردنی مانەوەیان و تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیاندا بە شێوەیەکی گونجاو. کەواتە پرۆسەی گواستنەوەکە بە هیچ شێوەیەک بەسەر عێراقدا نەسەپێنراوە.
پرۆسەی گواستنەوەکە دەستی پێکردووە و ژمارەیان گەیشتووەتە (هەزار و 350) دەستگیرکراو کە لە زیندانەکانی حەسەکەی سووریاوە لە ڕێگەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە گواستراونەتەوە بۆ عێراق. پلانەکە ئامانجی ئەوەیە لە قۆناغەکانی داهاتوودا نزیکەی (7 هەزار) دەستگیرکراوی تر بە چەند قۆناغێک بگوازرێنەوە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان. دەستگیرکراوەکانیش بەپێی ئاستی مەترسییان پۆلێن دەکرێن بۆ: سەرکردە باڵاکان، چەکدارانی ئاسایی، و ئەوانەی مەترسییان کەمترە.

دەرفەتە بەردەستەکان
بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ پێشوازیکردن لەمانە، کۆمەڵێک تێبینی و ڕەچاوکردنی سیاسی، ئەمنی و ئابووری لەخۆ دەگرێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی بنەمای بڕیارەکە نادڵنیاییە لە ژینگەی ئەمنی سووریا بەپێی دراوەکانی ئێستا، بۆیە ڕەوانەی عێراق کراون بۆ پاراستنیان. ئەم هەڵوێستە متمانەیەکی بەرز بە دەزگاکانی حکومەتی عێراق نیشان دەدات لە وەرگرتن و هێشتنەوەیان تا تەواوکردنی لێکۆڵینەوە و دادگاییەکردن؛ بەڵام گواستنەوەی ئەم ژمارە زۆرە بە چەند قۆناغێک، هەندێک ئاڵنگاری و گرفت دروست دەکات، ئەوەی بابەتەکەش ئاڵۆزتر دەکات گواستنەوەی ژن و منداڵەکانی ئەندامانی ڕێکخراوەکەیە لەو کەمپانەی لێی نیشتەجێ بوون لە سوریاوە بۆ عێراق.
پرۆسەی گواستنەوەی ئەندامانی ڕێکخراوەکە بۆ زیندانەکانی عێراق، دەرفەتێکە بۆ عێراق تا لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ زۆربەیان تەواو بکات، بەتایبەت کە نابێت لە ئاست تەحەدییەکانی ئەم ڕێکخراوەدا کەمتەرخەمی بکرێت. پێشتر لایەنە دادوەرییەکان دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو ژمارەیەی وەرگیراون. بەهۆی زۆری ئەو تاوانانەی لەسەر خاکی عێراق ئەنجام دراون، ئاشکراکردنی سەرەداوەکانیان پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە و بوونیان لە لێرە کارئاسانی بۆ دەزگا ئەمنییەکان دەکات. لەبری هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سووریا، ئێستا لەژێر دەستی خۆدان، ئەمەش ماندووبوون و تێچووی دارایی بۆ عێراق کەمدەکاتەوە. هەروەها بوونیان لە عێراق دڵنیایی زیاتر دەدات بەهۆی هەستیاریی بارودۆخی سوریا و فرەیی لایەنە چەکدارەکان لەوێ. عێراق دەتوانێت پەیوەندییەکی سیاسی-ئەمنی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیان بە شێوەیەکی پیشەیی دابڕێژێت و ستراتیژێک بۆ چارەسەرکردنی دۆخی منداڵەکانیان لە کەمپەکاندا بە هاوکاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دابنێت.
هەروەها مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسێکی لەم شێوەیە دەرفەتێکە بۆ باشترکردنی دەزگای دادوەری؛ چونکە مامەڵەکردن لەگەڵ حاڵەتەکانی تیرۆر بە جێبەجێکردنی ڕێکارە یاساییەکان، دەبێتە دەرفەتێک بۆ نوێکردنەوەی سیستەمی دادوەری بە جۆرێک لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکاندا بگونجێت، بەتایبەتی لە دۆسیەکانی دژەتیرۆردا. حکومەت دەتوانێت بەرنامەکانی دووبارە ڕاهێنانەوە و تێکەڵکردنەوە وەک دەرفەتێک بەکاربهێنێت بۆ بونیادنانی بەرنامەی کاریگەر بۆ ڕاهێنانەوەی توندڕەوەکان، کە لایەنی پیشەیی، دەروونی و کۆمەڵایەتی بگرێتەوە و ببێتە هۆی کەمکردنەوەی کاریگەری بیری توندڕەوی. ئەم خاڵانە یارمەتیدەرن بۆ نیشاندانی عێراق وەک نموونەیەک لە جێبەجێکردنی یاسا و ڕەچاوکردنی مافی قوربانیان و سزادانی تیرۆریستان بە شێوەیەکی شایستە.

ئاڵنگاری و مەترسییەکان
دەکرێت کۆمەڵێک مەترسی پەیوەست بە گواستنەوە و هێشتنەوەی ئەم تیرۆریستانە لە زیندانەکانی عێراق بەم شێوەیەی خوارەوە کورت بکرێنەوە:
1.    مەترسییە ئەمنییەکان: میوانداریکردنی چەکدارانی داعش بە مەترسییەکی ئەمنی ڕاستەوخۆ دادەنرێت، چونکە ئەگەری یاخیبوون یان هەڵاتن لە زیندانەکان و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوخۆ دروست دەکات. هەروەها بوونی ژمارەیەکی زۆری چەکدارانی ڕێکخراوەکە، ڕەنگە ببێتە هۆی چالاککردنەوەی شانە نووستووەکان یان گۆڕینی زیندانەکان بۆ ژینگەیەکی لەبار بۆ بەرهەمهێنانەوەی بیری توندڕەوی ئەگەر ڕێکاری توندی جیاکردنەوە و پۆلێنکردن نەبێت.
2.    نیگەرانییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان: ئەم دۆسیەیە ناڕەزایەتییەکی فراوانی لە ناوخۆی کۆمەڵگەی عێراقیدا لێکەوتووەتەوە، بەتایبەت لەو ناوچانەی لەلایەن داعشەوە زیانیان پێگەیشتووە، چونکە میوانداریکردنی چەکدارانی ڕێکخراوەکە وەک کەمکردنەوە لە مافی قوربانییەکان دەبینرێت. هەروەها دۆسیەکە ئەگەری زۆری هەیە بکرێتە کەرەستەی سیاسی، کە ببێتە هۆی دابەشبوونی ناوخۆیی و سوودوەرگرتنی سیاسی کە کاریگەری لەسەر سەقامگیری بڕیارە حکومییەکان دەبێت.
3.    مەترسییە یاساییەکان و مافەکانی مرۆڤ: عێراق ڕووبەڕووی ئاڵنگارییە یاساییە گەورەکان دەبێتەوە بەهۆی فشار لەسەر سیستەمی دادوەری لە مامەڵەکردن لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری تۆمەتبارانی تیرۆر، جگە لە ڕەخنە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە ڕێکارەکانی دادگایی و بارودۆخی دەستبەسەرکردن و سزای لەسێدارەدان، کە ڕەنگە کاریگەری نەرێنی لەسەر وێنەی عێراق لە ئاستی نێودەوڵەتی و پەیوەندییە دەرەکییەکانی هەبێت.
4.    بارگرانی ئابووری و کارگێڕی: میوانداریکردنی زیندانیانی داعش بارگرانییەکی دارایی و کارگێڕی زیاتر دروست دەکات، لەبەر پێویستی بە زیندانی زۆر پارێزراو، ستافی ئەمنی زیادە، و تێچووی بەردەوامی بەڕێوەبردن، جگە لە فشار خستنە سەر ژێرخانی زیندانەکان کە خۆی لە بنەڕەتدا بەدەست قەرەباڵغییەوە دەناڵێنێت.
5.    نیگەرانییە ستراتیژییەکان: نیگەرانییەکی ستراتیژی هەیە لەوەی عێراق ببێتە لایەنێک کە بارگرانییەکی نێودەوڵەتی لەجیاتی ئەو وڵاتانە هەڵبگرێت کە نایانەوێت هاوڵاتییە چەکدارەکانیان وەربگرنەوە، ئەمەش بەرپرسیارێتییەکی درێژخایەن دەخاتە سەر شانی عێراق کە لەگەڵ تواناکانیدا ناگونجێت و پێچەوانەی پرەنسیپی دابەشکردنی بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتییە.
هەروەک چۆن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش پێکهێنرا و ئەرکی خۆی لە تێکشکاندنی سەربازی و ئەمنی ئەو قەوارەیە جێبەجێ کرد، دەبێت ستراتیژێکیش هەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەندامە تیرۆریستەکان و خێزانەکانیان لەسەر مەودای دوور. دەکرێت کۆمەڵێک خاڵ وەک گرنگترین کۆڵەکەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم بابەتە دیاری بکرێن:
•    پێویستە هاوبەشی هەبێت لە هەڵگرتنی بارگرانی گواستنەوە و میوانداریکردنی ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە لە زیندانەکانی عێراقدا؛ نابێت عێراق "دەرهاویشتە داراییەکان" بە تەنها هەڵبگرێت بەبێ بەشداریی ئەوانی تر، بەتایبەت بۆ ئەوانەی خاوەن ڕەگەزنامەی وڵاتانی ترن. هەروەها دەبێت حکومەت پشتگیرییەکی سیاسی نێودەوڵەتی بەردەوام (بەتایبەت لەگەڵ هاوپەیمانان) دەستەبەر بکات بۆ دابینکردنی بودجەی گواستنەوە و میوانداریکردنیان. نابێت لەگەڵ زیندانیانی تردا لە یەک شوێن بن بەهۆی "مەترسی ڕاکێشانی خەڵکی تر بۆ ناو ڕیزەکانیان"، بەڵکو دەبێت لە زیندانی تایبەت و دوور لە خێزانەکانیان بن و نابێت مانەوەیان "بەبێ دادگایی" درێژە بکێشێت.
•    میوانداریکردنی هەزاران چەکداری داعش مەترسییەکی ڕاستەوخۆ لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی دروست دەکات ئەگەر ڕێکاری چاودێری توند نەگیرێتەبەر. گرنگە ئەم زیندانانە دوور بن لە شارەکان، بەتایبەت ئەو شارانەی پێشتر لەژێر دەستی ڕێکخراوەکەدا بوون، هەروەها دوور بن لەو ناوچانەی کە لایەنگر یان پاشماوەکانی ڕێکخراوەکەی تێدایە.
•    پێویستە دانپێدانانێکی نێودەوڵەتی ڕاشکاو هەبێت بۆ پشتگیریکردنی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق لە دادگاییکردنیان و کۆتاییهێنان بە تەواوی هۆکارەکانی بوونی ئەم ڕێکخراوە. نابێت بابەتەکانی مافی مرۆڤ و کێشە سیاسییەکان ببنە ڕێگر لەبەردەم ئەمەدا.
•    پێویستە ڕێکارەکانی گواستنەوەیان بۆ عێراق هاوتەریب بێت لەگەڵ هەوڵێکی ئەمنی لە لایەکەی تری سنوور (لە سووریا) بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی ڕێکخراوەکە، تا لە داهاتوودا نەتوانن کێشە و ئاژاوە لە عێراق بنێنەوە یان هەوڵی گەیشتن بە زیندانیانی هاوڕێیان بدەن.
بێ گوێدانە سوود و مەترسییەکانی میوانداریکردنی ئەم تیرۆریستانە، هێشتا مەترسی ڕاستەقینە لای زۆرێک لە چاودێرانی ئەمنی و سیاسی هەیە سەبارەت بە سوودی ئەم هەنگاوە. مەترسییەکە تەنها لە بوونیان نییە لە زیندان، بەڵکو لەوەدایە چەکدارانی تر لە سووریا و عێراق هەوڵی یارمەتیدانیان بدەن بۆ هەڵاتن. ئەم مەترسییانە بەهۆی کەمیی زیندان و ئامێرە پێویستەکان لە عێراق زیاتر دەبن. نابێت ئەم دەوڵەتە پابەندی دارایی لەجیاتی وڵاتانی تری جیهان بگرێتە ئەستۆ، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی هاوڵاتییان لەناو زیندانیانی داعشدایە؛ دەبێت ئەوان هاوکاری دارایی و لۆجستی پێشکەش بکەن بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆسیەیە.
مەترسییەکی تر پەیوەستە بە میوانداریکردنی خێزانەکانیان لە کەمپەکاندا، چونکە ئەمەش پێویستی بە ئامادەکارییەک هەیە کە کەمتر نییە لە ئامادەکاری زیندانەکان، ئەگەر زیاتر نەبێت بەهۆی ئەوەی ژن و منداڵن. هەروەها گومان هەیە لە ئەگەری چاکسازی و ڕاهێنانەوەیان دوور لە بیروباوەڕە لادەرەکانی ڕێکخراوەکە.
هەموو ئەم مەترسییانە وادەخوازن کە تەنها زیندانییە عێراقییەکان بگوازرێنەوە، و دادگای عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەکانیان تەواو بکات و بە خشتەیەکی کاتی کۆتایی بەم دۆسیەیە بهێنێت، لەگەڵ دانانی پلانی وا کە زیانی ئەگەریی حەواندنەوەیان لە ناوخۆی عێراقدا بگەیەنێتە سفر لەسەدا.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand