Draw Media
هه‌واڵ / عێراق

( درەو میدیا): سەركردایەتی و ئەنجومەنی شورای حزبی دەعوەی ئیسلامیی بە ئامادەبوونی نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر بە ئامانجی یەكخستنەوەی هەردوو باڵی حزبەكە كۆبووەوە. حزبی دەعوە لە بەیاننامەیەكدا كە دوای كۆبوونەوەكە بڵاویكردەوە دەڵێت:" سەركردایەتی و ئەنجومەنی شورای حزبی دەعوەی ئیسلامیی كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی بەیانی شەممە 22ی نۆ كرد تێیدا دۆخ و پێشهاتەكانی عێراق و پرۆسەی سیاسی و رۆڵی حزب لە پەرەسەندنەكاندا گفتوگۆی لەسەركرا". راشیگەیاندووە لە سۆنگەی بایەخی دۆخی سیاسی ئێستای عێراق و پێویستی پاراستنی دەستكەوتە دەستورییەكان لەوانەش راسپاردنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی بۆ كاندیدكردنی سەرۆك وەزیران بە گوێرەی دەستور و بۆ پێكهێنانی حكومەتێك كە داواكاری هاوڵاتیان لە بواری خزمەتگوزارییەكان و ئاسایشدا وەڵامبداتەوە و دژ بە گەندەڵیش بجەنگێت و ئابوری عێراق پەرەپێبدات، جگە لە پاراستنی یەكێتی و سەروەریی و ئاسایش و سەقامگیری عێراق و دوور لە هەموو ئاڵۆزییەكی ئەمنیی و سیاسیی كە ناوچەكە رووبەڕی بوەتەوە". بە گوێرەی بەیاننامەكەی حزبی دەعوە، بەشداربووانی كۆبوونەوەكە كۆدەنگ بوون لەسەر تێپەڕاندنی ناكۆكییەكان بۆ پتەوتركردنی هەڵوێستی سیاسیی و جەختیشیانكردوەتەوە لەسەر بایەخی كاراكردنەوەی رۆڵی حزبەكە و یەكخستنی دید و بەرنامەی هەردوو كوتلەی نەسر و دەوڵەتی یاسا و پێویستی هەوڵدان بۆ یەكخستنەوەی هەردوو لیستەكە لەیەك كوتلەی پەرلەمانیدا كە ئامانج و بەرنامەیەكی هاوبەشی هەبێت. هەروەها ئامادەبوون لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاریانداوە لە خێراترین كاتی گونجاودا كۆنگرەی گشتی حزبی دەعوە ببەسترێت".


 (درەو میدیا): بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەی هاوبەشی هاوپەیمانی سائیرون بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر و هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری،  بۆ ڕێككەوتن لەسەر ناوی كاندیدەكانی سەرۆكایەتی حكومەت كۆببنەوە، پێش بەرزكردنەوەی بۆ نەجەف و وەرگرتنی ڕای سیستانی، كە محمەد ڕەزای كوڕی ڕۆڵێكی دیار دەگێڕێت لە نزیككردنەوەی بۆچوونی هێزە شیعییە ناكۆكەكان لەیەكتر.  سیاسییەكی دیار لە هاوپەیمانی فەتح بە ڕۆژنامەی ئەلعەرەبی ئەلجەدیدی ڕاگەیاندووە، پێویستە كاندیدی سەرۆكی حكومەت لە تێپەڕاندنی چوار فلتەردا سەركەوتووبێت، كە لیژنە هاوبەشەكەی نێوان سائیرون و فەتح یەكەم دانەیانە و، سەیری دۆسیەی كاندید و مێژووی سیاسی دەكات، دواتر هەردوو فلتەری ئێرانی و ئەمریكی دێن، بوونی تێبینی لەلایەن هەر كامێكیانەوە بەتایبەت ئێرانییەكان، واتای كێشە هەیە، بەپێچەوانەی ئەمریكییەكان كە دەتوانن مامەڵە لەگەڵ هەر كەسایەتییەكدا بكەن كە ئەو پۆستە وەربگرێت، بەڵام ئێرانییەكان توندڕەون لە مەسەلەی كێ‌ دەبێت بەسەرۆك وەزیران، فلتەری چوارەمیش سیستانییە و پێویستە كاندید ئەو تایبەتمەندیانەی تیادابێت كە مەرجەعیەت داوایكردووە(پێشتر لە دەسەڵات تاقینەكرابێتەوە و تۆمەتی گەندەڵی لەسەر نەبێت، جگە لە بەڵێندان بە ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و دابینكردنی خزمەتگوزراییەكان). سەرچاوەكە ڕاشیگەیاندووە، سازانی ناوخۆیی ودەرەكی و ڕای مەرجەعییەت كاندیدی سەركەوتوو بۆ ئەو پۆستە یەكلادەكاتەوە و حكومەت بەسازان لەنێوان هەردوو جەمسەری سائیرون و فەتح پێكدێت و، هەردوو باڵەكەی حزبی دعوە (نوری مالیكی و حەیدەر عەبادی) هیچ پۆستێكی سیادییان نابێت لەم حكومەتەدا.       ڕائید فەهمی سكرتێری حزبی شیوعی عێراقی و یەكێك لەسەركردەكانی سائیرون بەڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە، بژاردەی ئۆپۆزسیۆن بوون هێشتا نزیكترینە بۆ سائیرون، ئەگەر حكومەتێكی ڕیفۆرمخواز پێكنەیەت، جەختیشیكردووە، نەڕۆیشتنیان بەرەو ئۆپۆزسیۆنی سیاسی بەندە بەدیهێنانی حكومەتێك چاكسازی بكات، بەڵام تائێستا گفتوگۆ سیاسییەكان بەردەوامە و ئەگەر نەگەیشتنە سازان لەبارەی پێكهێنانی حكومەت بەئیرادەیەكی عێراقی ڕووت، بژاردەی ئۆپۆزسیۆن بوون چارەسەرە. ئەو بەرپرسەی سائیرون لەبارەی دیاریكرنی سەرۆك وەزیران ڕایگەیاندووە، وەك سائیرون تێبینیان هەیە لە شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و ئالییەتی هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیرانی نوێ، چونكە تەوافوقاتی نێوان حزبە سیاسییەكان هێشتا بەشێوەی جاران كاردەكات، كە میكانیزمێكی شەفاف ومەدەنی و نوێ‌ نیە، ڕونیشكردوەتەوە، مەرجەعیەتی نەجەف كۆمەڵێك خەسڵەتی خستوەتەڕوو، كە لە بنەمادا  تایبەتمەندی باسكراون و لە ڕاستیشدا بەجۆرێك لە جۆرەكان بەرتەسكن و پێویستە ئاستێكی فراوانتر وەربگرێت و بەشداریكردنیش تیایدا فراوانتربێت، وتوشیەتی، ئەو خەسڵەتانەی خراونەتەڕوو حاڵی حازر لە هیچ كاندیدێكدا نیە، بەڵام كۆمەڵێك ناو لەئارادان و بەدوای كەسایەتییەكدا دەگەڕێن لە ناویاندا كە لەسەر ئاستی سیاسی  و شەقامی عێراقی و نێودەوڵەتی پەسەندكراو بێت و ئازابێت لە كردنەوەی دۆسییەكانی گەندەڵی و دەستكردن بەرپرسەی چاكسازی.   ڕائید فەهمی ڕایگەیاندووە، زیاتر لە 10 كاندید هەن بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران و هیچ كاندیدێكیش چانسی لە كاندێكی تر زیاتر نیە و حزبەكان تائێستا هیچ كاندیدێكیان هەڵنەبژاردووە و گەڕان و بەدواداچون بەردەوامە و پێشی وانیە كە حزبەكان دەستور پێشێلبكەن و ڕێز لەو وادە دەستورییانە دەگرن كە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك وەزریران بەركارە.     ئاماژەی بەتێڕوانینی سەدریش داوە سەبارەت بە كەسایەتی سەرۆك وەزیران و ڕایگەیاندووە، سەدر پێیواییە سەرۆك وەزیران پێویستە كەسایەتییەكی خاوەن بنكەیەكی جەماوەری بێت، پشتیوانیبێت لە كاتی قەیران و كردنەوەی دۆسیەكانی گەندەڵیدا، لەلایەن هێزە عێراقییەكانیشەوە پەسەندكراوبێت. گەڕان بەدوای سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق لە كاتێكدایە، بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەكانەوە دزەیانكردووە، سازانێكی ڕوون و ئاشكرا سەبارەت بە یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆك كۆمار و هەڵبژاردنی لە دانیشتنی 25 مانگی پەرلەمانی عێراق لە ئارادایە، لە یەكەم هەڵوێستی ڕەسمیشدا هاوپەیمانی بنیاتنان كە سەربازگەی (نوری مالیكی و هادی عامری)یە، پشتیوانی كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح دەكەن لەلایەن یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق و بەكەسایەتییەكی هاوسەنگ وەسفی دەكەن.   بەگوێرەی هەندێك سەرچاوەی سیاسی، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ڕەنگە پەنابباتە بەر هێشتنەوەی دانیشتنی پەرلەمان بەكراوەیی ئەگەر هێزە شیعییەكان لەبارەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە ئەگەر تادانیشتنی داهاتووی پەرلەمان، نەگەنە ڕێككەوتن، ڕێككەنەوتنی سەدر و عامری لەسەر ناوی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا مانای گەڕانەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم و سەرهەڵدانی لێدوانە دژەكان سەبارەت بە گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی و بەوەش سەرۆكی پەرلەمان دوای هەڵبژاردنی كاندیدی سەرۆك كۆمار، دانیشتنەكە بەكراوەی دەهێڵێتەوە و ڕەنگە داواش لە دادگای فیدراڵی بكات  گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی دیاریبكات، ئەم سیناریۆیە لەگەڵ ئەوەی یەكێكە لە ئەگەرە چاوەڕوانكراوەكان، لەهەمان كاتدا ئەگەرێكی لاوازە و ئەگەری بەهێز ئەوەیە بەمزوانە سەدر و عامری ناوی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران ڕەوانەی مەرجەعییەتی نەجەف بكەن بۆ پەسەندكردنی.      


راپۆرت: ئارام مەحمود شەڕی نوری مالیكی و حەیدەر عەبادی لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق و كەرتكردنی حزبی دەعوەی ئیسلامی و كردنی بەخاوەنی دوو لیستی جیا (هاوپەیمانی نەسر و ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا)، ئەو دەرفەتەی دا بە نەیارەكانی جڵەوی كاروباری سیاسی عێراقی لەدەست بسێنن و بیكەنە هێزێكی دواكەوتە و پەاوێزی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت و قورساییەكی ئەوتۆی بۆ دادەنێنن. لەسەروبەندی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ناكۆكییەكانی مالیكی و عەبادی بەجۆرێك توندبوو، هەریەكەیان لەجەمسەرێكدا خۆی بینییەوە، عەبادی بۆ بەدەستهێنانەوەی خولی دووەمی سەرۆك وەزیران باوەشی كرد بە (موقتەدا سەدر)داو، مالیكیش لەگەڵ (هادی عامری) ڕۆیشت، كە بە بەرەی نزیك لە ئێران ناسراون، ئەوە لەكاتێكدایە سەدر كە ڕابەری هاوپەیمانی سائیرونە، خاوەنی 54 كورسییە و بەشێكی دیاری كورسییەكانیشی مەدەنییەكانی ناو لیستەكەی بەدەستهێناوە كە سەربە ڕەوتی سەدر نین، هاوپەیمانی فەتحیش كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات خاوەنی 48 كورسییە لە پەرلەمانی عێراق و زیاتر لە 13 گروپی حەشدی لەخۆدەگرێت، لەكاتێكدا هەردوو باڵەكەی حزبی دەعوە (نەسر و یاسا) كە لەیەك حزبن، بەتەنیا خاوەنی 66 كورسیی پەرلەمانن (42+24)، واتە وەك حزب خاوەنی زۆرترین كورسی پەرلەمانن و، گەورەترین هێزن لەسەر ئاستی عێراق، بەڵام بەهۆی ناكۆكی و پاڵدانیان بەهێزی ترەوە كەوتنە پەراوێزی پرۆسەی سیاسی، كەتەنها وەك حزب باجەكەی نادەن و بەپێی هەموو ئاماژەكان پۆستی سەرۆك وەزیران لەم خولەدا  لەدەستدەدەن، بەڵكو هاوپەیمانی نەسر وەك باڵێك كە حەیدەر سەرۆكایەتی دەكات لەلایەن سەدرییەكانەوە پەراوێزخراوە و، ئیئتیلافی دەوڵەتی یاساش كە باڵی دووەمیەتی و لەلایەن نوری مالكییەوە سەركردایەتی دەكرێت، لە پەراوێزی جوڵە سیاسەكانی هاوپەیمانی فەتح و هادی عامریدا دەردەكەوێت.  سەدرو عامری عەرابی پرۆسەی سیاسین  بەهەموو پێوەرەكان ئێستا (سەدر وعامری) عەرابی پرۆسەی سیاسی عێراقن ، لەسەر حسابی ناكۆكیی و ململانێكانی ناوماڵی دەعوە بونەتە بڕیاردەری یەكەم و قسەی ئەوەڵ و كۆتایی لەیەكلایكردنەوەی حكومەتی ئایندە دەكەن و، ڕۆڵی مێژویی حزبی دەعوە وەك هێزو بڕیاردەری یەكەم چی لەسەر ئاستی عێراق و هەم لەسەر ئاستی ناوماڵی شیعەش لانی كەم لەم قۆناغەدا پاشەكشێی گەورەی كردووە، كە ڕەنگە لەدەستدانی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەئایندەدا دووچاری پاشەكشێی زیاتر و كەرتبونی ناوخۆیی گەورەتریشی بكات. زۆرێك لە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، لاوازكردنی حزبی دەعوە و پاشەكشێپێكردنی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق یەكێك بووە لە خەون و خەمە گەورەكانی موقتەدا سەدر و، تەنانەت هەندێك لەهێزە شیعییەكانی تریش، بەوپێیەی حزبی دەعوە جۆرێك لە دیكتاتۆرییەتی حزبی جارێك لەناوماڵی شیعەو جارێكی تریش لە عێراق بەگشتی دروستكردووە. حزبی دەعوە كە لەساڵی 2005وە، پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق و زۆرینەی پۆست و جومگە هەستیارەكانی دەوڵەتی عێراقی گرتۆتە دەست، كە بەپێی هەندێك ئاماری نافەرمی لەكۆی نزیكەی 10 هەزار پۆست، نزیكەی 6 هەزار پۆستی دەوڵەتی عێراقی لەدەستی خۆیدا گلداتەوەو زۆرینەی هێزەكانی تری شیعەی لە دامەزراوەكانی دەوڵەت بێبەشكردووە، ئەوەش هۆكارێكی گەورەیە ئەو درەفەتەی ئێستا بۆ سەدرو هێزەكانی تر هاتوەتە پێشەوە بۆ دورخستنەوەی حزبی دەعوە لە لوتكەی بڕیاردان، بەتایبەت كە مەرجەعییەتی باڵای شیعەكانیش پشتیوانیان دەكات، ڕەنگە دەرفەتێك بێت هەرگیز دووبارە نەبێتەوە، بۆیە بەهەموو هێزو توانایانەوە هەوڵدەدەن لانی كەم لەم قۆناغەدا پۆستی سەرۆك وەزیرانی لەدەست بسێنن. عەبادی دوای موقتەدا كەوت و مالیكی چووە پاڵ عامری  ژمارەیەك سەركردەی حزبی دەعوە لە ڕاگەیەندراوێكدا كە بۆ ناوخۆی حزبەیەكەیان نوسیوە ئاماژە بەو مەترسیانە دەكەن كە ڕوبەڕووی دەعوە بوەتەوەو نوسیویانە" لەكاتێكدا دەنوسین كە وڵاتەكەمان و حزبی دعوە بەقۆناغێكی هەستیار تێدەپەڕێت و دەیانەوێ پەراوێزی بخەن و كەلەپورەكەی لەسەر دەستی ڕۆڵەكانی بدەن بەبادا، ئاشوبی دوو لیستیی كە هەمووتان ئاگاتان لە وردەكاریەكەیەتی بەڕێككەوتنی سەرجەم سەركردەكان كۆتایهات، بەوەی حزب سەرپەرشتی هەردوو لیستە بكات و دوای هەڵبژاردن تێكەڵ بكرێنەوە، دوای ئەنجامی هەڵبژاردنەكان سەركردایەتی كۆبونەوەیەكی كرد لەماڵی مالیكی و كۆبونەوەیەكی تریش لەماڵی عەبادی، لە هەردوو كۆبونەوەكەدا عەبادی بەڕوونی ڕێككەوتنەكەی ڕەتكردەوەو دوپاتی كردەوە كە ئەو ئیمزای لەسەر تێكەڵكردنی دوو كوتلەكە نەكردووە و كاندیدیش نەبووە لەسەر حزبی دەعوە لە هەڵبژاردنەكاندا". لەبەشێكی تری ڕاگەیەندراوەكەدا، ئۆباڵی شكستهێنانی دروستكردنی هاوپەیمانێتیەكی سێقۆڵیش لەنێوان (نەسر و دەوڵەتی یاساو فەتح) دەخەنە ئەستۆی عەبادی و دەڵێن، دەوڵەتی یاساو نەسر نەیانتوانی كوتلەیەكی بەهێزو كاریگەر لە پرۆسەی سیاسی پێكبهێنن كە لە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتدا حسابی بۆ بكرێت، سەرەنجام  دەوڵەتی یاسا چووە پاڵ فەتح و نەسریش دوای سائیرون كەوت ، نەیارە سیاسییەكانیش (فەتح و سائیرون) لەسەر ئێسك و پروسكی دەعوە و جیهاد (نەسر و دەوڵەتی یاسا) ڕێككەوتن.  مێژووی حزبی دەعوە دەستەی دامەزرێنەری حزبی دەعوەی ئیسلامی لەساڵی 1957 یەكەم كۆبونەوەیان ئەنجامدا و لە سەرەتادا لە  دەستەیەكی 8 كەسی پێكهاتن، محمەد باقر سەدر ڕۆڵی سەرەكی لە لیژنەی سەركردایەتی دەعوەدا گێڕا كە خولقاندنی جۆرێك لە هاوسەنگی فیكری لەگەڵ شیوعیەت و عیلمانیەت و بیری نەتەوەیی ئەفكارە مادییەكانی دروستبوو. حزبی دەعوە لە حەفتاكانی سەدەی بیستەمدا لەسەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق دەركەوت و هەڵمەتی چەكداری توندی دژی حكومەتی عێراقی و حزبی بەعسی دەسەڵاتدار دەستپێكرد، دوای سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران حزبی دەعوە پەیوەندی لەگەڵ سەركردەكانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران دروستكرد، تاكە خاڵی جیاوازییان لەگەڵ ئێران، ئیمام خومەینی بڕوای بە ویلایەتی فەقیه بوو و بەپێویستی زانیوە كە زانا ئاینییەكان قسەی یەكلاكەرەوەیان هەبێت لە سیاسەتی دەوڵەت، بەڵام حزبی دەعوە بەپێویستی دەزانی دەسەڵات لەدەستی خەڵكدابێت.        


( درەو میدیا): عەبادی لەشەڕ و ململانێی هەڵبژاردنەوەی بەسەرۆك وەزیران بەتەواوی ڕزگاری نەبووە، كە هەموو پێشهاتەكان ئاماژە بەدۆڕانی دەكەن، بەرەیەكی نوێی شەڕ لەگەڵ پەرلەمان دەكاتەوە و گومان دەخاتە سەر پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و داوای لێكۆڵینەوە لە وێنەگرتنی كارتی دەنگدانی پەرلەمانتاران دەكات لە كاتی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان. دوابەدوای ئەم قسانەی عەبادی، كە دوێنێ‌ سێشەممە لە كۆنگرەی هەفتانەیدا ڕایگەیاند، محەمەد ڕێكان حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هێرشێكی توندی كردە عەبادی و وتی: ئاوڕ لەو دەنگە نەشازانە نادەنەوە كە بەدەست گرێی ڕابردو و وەهمی داهاتوەوە دەناڵێنێت. سەبارەت بەداواكاری عەبادی بۆ ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە لە ڕێوشوێنەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان، حەلبوسی ڕایگەیاندووە، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بەهیچ شێوەیەك ڕێگەنادات دەستوردان لە كاروباری دەسەڵاتی یاسادانان بكرێت، بەڵێنیشی داوە كە خولی نوێی پەرلەمان جیاوازتربێت لە خولەكانی پێش خۆی.  ئەم قسانەی حەلبوسی كە لە ڕاگەیەندراوێكدا كردونی، ئاماژەی بەوەشكردوە، ئەنجومەنی نوێنەران فەرمان و ڕاسپاردە لە هیچ كەس و دەسەڵاتێكەوە وەرناگرێت و جگە لەدەنگی گەل گوێ لە هیچ دەنگێكی تر ناگرێت، تەئكیدیشیكردووە، سەرۆكایەتی پەرلەمان فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپاردووە بە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەیەكی گشتگیر و فراوان سەبارەت بەلێدوانی هەندێك پەرلەمانتار و ئەو ڕاگەیاندنانەی كە تەرویجیان بۆ "درۆ" و هەندێك زانیاری كردووە كە هیچ بنەمایەكی ڕاستی تیادانیە، بەتایبەت ئەو میدیا چەواشەكارانەی كە لەڕابردوو ئێستاشدا بەشێوەیەكی ناڕەسمی و بە ئاگاداری سەرۆك وەزیران كاردەكەن، بەپێچەوانەی یاسا بەركارەكان، ئەمە بەپێی قسەكانی حەلبوسی. نەسر  وەڵامی حەلبوسی دەداتەوە عەلی عوبەیدی ئەندامی ئیئتیلافی نەسر كە عەبادی سەرۆكایەتی دەكات ڕایگەیاندووە، هێرشەكەی عەبادی هیچ پاساوێكی نیە و سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستی وەرنەداوەتە دەسەڵاتی تەشریعی، بەڵكو داوایكردووە لێكۆڵینەوە بكرێت. عوبەیدی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، تۆمەتەكانی حەلبوسی سەبارەت بە پشتیوانیكردنی عەبادی  لە هەندێك لە دامەزراوەكانی ڕاگەیاندن ڕەتكردوەتەوە، تەئكیدیشی كردەوە، گوتاری سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق گوتارێكی سیاسییە و لەبەرژوەندی ئەو كوتلەیەی گەیاندویەتیە ئەو پۆستە، هاوكات لەگەڵ ئەو جموجوڵانەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق لەئارادان.  30ملیۆن دۆلار بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان   ژمارەیەك لە ڕاگەیاندنە ناوخۆییەكانی عێراق، حەلبوسیان بە خەرجكردنی پارەیەكی زۆر كە بڕەكەی گەیشتوەتە 30 ملیۆن دۆلار تۆمەتباركرد، بۆئەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بەدەستبهێنێت.  ئەیمەن شەممەری، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون ڕایگەیاندووە، ئەوەی 30 ملیۆن دۆلار بدات بۆ گەیشتن بەپۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، چەند هێندەی ئەوە لە هاوڵاتیان و دەوڵەت دەدزێت. شەممەری لە لێدوانێكدا بە "غەدپرێس" ی وتووە، ئەو تۆمەتانەی بەم دواییە بڵاوبونەتەوە لەبارەی كڕینی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بە بڕی 30 ملیۆن دۆلار، وێنەیەكە لە وێنەی ئەو گەندەڵییەی كە جەستەی دەوڵەتی داڕزاندووە و ئەوەی ڕوودەدات بەرەنجامێكی چاوەڕوانكراوی سیستمی پشكێنەی تائیفیە لە عێراق.  لای خۆیەوە ڕەحیم دەراجی ئەندامی پێشوی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، ئەو قسانەی لەبارەی كڕین و فرۆشتنی پۆستەوە دەكرێت لە عێراق هیچ ڕاستییەكی تیادانیە، بەڵكو هەڵوێستی سیاسی پێشوەختە دژی هەندێك لە كاندیدەكان بۆ ئەو پۆستە.  دەراجی بەهەمان سەرچاوەی وتوە، مەحاڵە 30 ملیۆن دۆلار درابێت بە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەوە پڕوپاگەندەیە بۆ خستنی سیاسی و، لەكەداركردنی هەندێك لە كاندیدەكانە. دەراجی، سەرۆكی گروپی كەناڵەكانی شەرقییە (سەعد بەزاز)ی، تۆمەتباركردووە بە ڕاوەستان لە پشتی ئەو پڕوپاگەندانە و ڕایگەیاندووە، بەزاز هەندێك داواكاری لە حەلبوسی هەبوە و ئەویش ڕەتیكردوەتەوە،  ئەوەش لە دانیشتنێكی بەناوبانگ بووە كە لە عەممانی پایتەختی ئوردن بووە و لەسەر ئەوە بەزاز هێرشێكی دوژمنكارانەی دژی حەلبوسی دەستپێكردووە.  


(درەو میدیا): قەیرانی ئابوری ئێران كاریگەری گەورەی لەسەر دامەزراوەكانی لەعێراق دروستكردووەو بەشێكیان داخراون و دەیان كارمەندیش كارەكانیان لەدەستداوە. ڕۆژنامەی " عەرەبی ئەلجەدید" ی قەتەری ئاشكرایكردووە، كاریگەری سزا ئابورییەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران بەجۆرێك دەركەوتووە، كە تەنها لە چوارچێوەی زیانگەیاندن بە كەرتی دارایی لە ناوخۆی ئەو وڵاتەوە نەوەستاوە، بەڵكو بوەتە هۆی پاشەكشێی دامەزراوەكانی ئێران لە عێراق و زۆرینەی دامەزراوەكانیش ژمارەی كارمەندەكانیان كەمكردوەتەوە، هەندێكیشیان بەتەواوی داخراون بەپاساوی نا پێویستییان. ڕۆژنامەكە لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە ئەوەشی بڵاوكردوەتەوە، كۆتایی ئەم مانگە كۆمەڵێك دامەزراوەی تری ئێران لە عێراق دەرگاكانیان دادەخەن یان ژمارەی كارمەندەكانیان بەڕێژەی 50%كەمدەكەنەوە، ڕونیشیكردوەتەوە، زۆربەی كارمەندانی ئەو دامەزراوانە ماوەی چەند مانگێكە موچە و مافەكانیان وەرنەگرتووە. لە مانگی ئابی ئەمساڵەوە، ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا زنجیرەیەك سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند، ئەوەش بووە هۆی داڕمانی بەهای دراوی ئێرانی لە بازاڕەكانی جیهاندا،  دۆناڵد ترەمب سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەمبارەیەوە پێشتر لەتویتێکدا وتی: ئەم سزایانە بەتوندترین سزا دادەنرێن و، لە مانگی تشرینی دووەمیشدا دەگاتە بەرزترین ئاستی.


راپۆرت: نامیق رەسوڵ دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كرایەوە، لەدوای 2003وە كە ئەوەی پێی دەوترێت "عێراقی نوێ" بونیاتنرایەوە، بەگوێرەی سیستمی تەوافوق ئەو پۆستە بەر كورد دەكەوێت و لەوكاتەوە دوو كاندیدی یەكێتی نیشتمانی كوردستان (جەلال تاڵەبانی و فوئاد مەعسوم) ئەو پۆستەیان بەڕێوەبردووە. لەدوای پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراقەوە و دەستپێكردنی هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێ و دابەشكردنی هەر سێ‌ سەرۆكایەتییەكە و یەكلابوونەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، ململانێی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆمار لەنێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان دەستیپێكردووە و تائێستا یەكلانەبوەتەوە. لەناو یەكێتیدا كە ئەو پۆستە بەمافی خۆی دەزانێت، ململانێی توند لەسەر ئەو پۆستە هەیە و تائێستا یەكێتی نەیتوانیوە یەك كاندید دیاریبكات، ئەمە جگە لەوەی چەند كاندیدێكی سەربەخۆ و كاندیدی لایەنەكانی تریش بۆ ئەو پۆستە هاتونەتە ململانێكەوە. ئەو دەسەڵاتانە چین كە پۆستی سەرۆك كۆمار بەپێی دەستور هەیەتی و وایكردووە ئەم ململانێ گەورەیە لەسەر ئەو پۆستە دروست ببێت ؟ دەسەڵاتەكانی سەرۆك كۆماری عێراق: سیستمی حكومڕانی عێراق سیستمی پەرلەمانییە، سەرۆك كۆمار لە عێراق، ئەگەرچی بە گوێرەی ماددەی (66) دەستور بەشێكە لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە عێراقدا، بەڵام زۆربەی دەسەڵاتەكان دراون بە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و دەسەڵاتەكانی سەرۆك كۆمار دەسەڵاتێكی تەشریفاتین و بە گوێرەی ماددەی (73)ی دەستوری هەمیشەیی عێراق سەرۆك كۆمار ئەم دەسەڵاتانەی هەیە: یەكەم: دەركردنی لێبوردنی تایبەت لەسەر راسپاردەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، بە مەرجێك ئەوانە نەگرێتەوە كە بەهۆی مافی تایبەت و تاوانی نێودەوڵەتی و تیرۆر و گەندەڵی دارایی و ئیدارییەوە حكومدراون. دووەم: پەسەندكردنی پەیماننامە و رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان، پاش وەرگرتنی رەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەران. سێیەم: پەسەندكردن و دەركردنی ئەو یاسایانەی ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندیان دەكات، یاساكانیش بە پەسەندكراون دەژمێردێن پاش تێپەڕبوونی 15 رۆژ بەسەر ناردنیان بۆ سەرۆك كۆمار. چوارەم: بانگهێشتكردنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ كۆبوونەوە دوای پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بەماوەیەكی دیاریكراو بە مەرجێك لە 15 رۆژ تێپەڕنەكات. پێنجەم: بەخشینی نیشانە و مەدالیا  بە راسپاردەی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بەگوێرەی یاسا. شەشەم: پەسەندكردنی باڵیۆزەكان. حەوتەم: دەركردنی مەرسومیی كۆماری. هەشتەم: پەسەندكردنی حكومی لەسێدارەدان كە لەلایەن دادگا تایبەتمەندەكانەوە دەردەچێت. نۆیەم: هەڵدەستێت بە ئەركی سەركردایەتی باڵای هێزە چەكدارەكان بەمەبەستی پرۆتۆكۆل و ئاهەنگ گێڕان. دەیەم: هەر دەسەڵاتێك كە لە دەستوردا دیاریكرابێت. هەروەها بە گوێرەی مادەی (63) ی دەستور، سەرۆك كۆمار مافی ئەوەی هەیە داوای سەندنەوەی متمانە لە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، پێشكەش بە ئەنجومەنی نوێنەران بكات.  موچە و دەرماڵە و بودجەی سەرۆك كۆمار سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكایەتی كۆمار، بە بەراورد بەو دەسەڵاتە تەشریفاتییەی هەیەتی، لە بودجەی عێراقدا بڕێكی زۆر بودجەی بۆ تەرخانكراوە، بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەكی نافەرمیی، سەرۆك كۆماری عێراق مانگانە بڕی (80 ملیۆن) دینار موچەكەیەتی و كە نزیكەی (حەوت دەفتەر) دۆلاری ئەمریكی دەكات، جگە لە نەسریەیەكی زۆر و چەندین دەرماڵە و خەرجیی جۆراوجۆر و چەند لیوایەك پاسەوان و راوێژكار و بەڕێوەبەری گشتی و كۆنترۆڵكردنی چەندین كۆشك و باڵاخانە لە ناوچەی جادریەی بەغدادی پایتەخت. ئەم دەسەڵاتە كەم و ئیمتیازە زۆرانە، وایكردووە ململانێی لایەنە كوردییەكان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار تەنیا وەكو ململانێیەك لەسەر بەدەستهێنانی سەرچاوەیەكی ماددی تەماشا بكرێت، نەك وەكو دەستگەیشتن بۆ پۆستێكی باڵا لە عێراق بۆ بەرگریكردن لە مافەكانی كورد لە بەغداد.


( درەو میدیا): شارەزایەكی كاروباری سیاسی عێراق دەڵێت، قیبلەنوماكە لە عێراق بەتەواوی ڕووی لە ئێرانە، ئەمریكییەكان شكستیانهێنا لە بەدەستهێنانی هیچ دەستكەوتێك لەسەر ئاستی سیاسی، هەردوو هاوپەیمانیی سائیرون و فەتح ڕێككەوتون لەسەرئەوەی هیچ حكومەتێك پێكنەیەت ئەگەر لەسەر بنەمای شەراكەت نەبێت لەنێوانیاندا، ئەمەش بەو مانایەی حكومەتی داهاتوو حكومەتی شەراكەت دەبێت، نە حكومەتی زۆرینەی سیاسی و نە حكومەتی فەزای نیشتمانی، وەك ئەوەی سەدر و مالیكی پێشتر بانگەشەیان بۆ دەكرد، هیچ بەرەیەك تاك لایەنە هەنگاونانێت بۆ پێكهێنانی حكومەت، ئەوەش ئەوەبوو كە ئێران لەسەرەتاوە هەوڵی بۆ دەدا، لەڕێی كۆكردنەوەی هەردوو جەمسەرە شیعییە براوەكەی هەڵبژاردن لە هاوپەیمانێتیەكدا، یاخود شەراكەتێكی سیاسی بۆ پیكهێنانی حكومەت، بە پێچەوانەی هەوڵەكانی ئەمریكا كە دەیویست فەتح دووربخاتەوە كە 13 باڵی سیاسی گروپە چەكدارەكان لەخۆدەگرێت و لە ماوەی مانگێك لە ئێستا بەدواوە كۆنگرێسی ئەمریكا ئامادەكاریی دەكات بۆئەوەی هەندێكیان بخاتە ناو لیستی تیرۆرەوە.  دكتۆر ئەحمەد حەمدانی بە ڕۆژنامەی(ئەلعەرەبی ئەلجەدید)ی، قەتەری وتووە" ڕەتكردنەوەی 4 كوتلەی سوننی لە كۆی 6 كوتلە بۆ فشارەكانی ئەمریكا و دەستی دەستی كردنی كورد لە پەسەندكردنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ عەبادی و پشتیوانیكردنی بۆ ولایەتی دووەم، كە بەدڵنیایی "شۆك" بوو بۆ كۆشكی سپی، دەشڵێت" بەدڵنیاییەوە ئەمریكییەكان ڕازینابن بەو شكستە سیاسییەیان لەناو عێراق و تەسلیم بەهەژموونی ئێران نابن، دوای ئەو هەموو قوربانییە مرۆیی و مادییانەی لەو وڵاتە پێشكەشیانكردووە، ئەوەش پرسێكە كە حاڵی حازر عێراقییەكانی نیگەرانكردووە، نەك تەنها سیاسییەكان بەڵكو لەسەر ئاستی میللییش". ئەو شارەزا سیاسییە ڕاشیدەگەیەنێت، ئەمریكییەكان بەڵێنەكانیان سەبارەت بە ڕیفراندۆم و جیابوونەوەیان لە عێراق و، ڕێگەنەدان بەبەغداد كەركوك لەژیر دەستیان دەربهێنێت، كە بە كوردەكانیان دابوو نەیانبردەسەر، هەروەها ئەو بەڵێنەشیان بۆ سوننەكان نەبردەسەر ، سەبارەت  بەڕێگەگرتن لە چونە ناوەوەی میلیشیا چەكدارەكان بۆ فەلوجە و موسڵ و تائێستاش كۆنترۆڵی ئەو شارانەیان لەدەستدایە، تەنانەت سەبارەت بە پێكهاتەی مەسیحیش، پێشتر ئەمریكییەكان بەڵێنیان بە كەنیسەی موسڵ و كەركوك دابوو هەڵمەتی هاندانی كۆچی مەسیحییەكان ڕاگرن لەبری ئەوە ڕێگاكانی كۆچیان بۆ ئاسانكردن. بە بۆچونی ئەو شارەزا سیاسییە، ئەمریكا ڕێوشوێنەكانی دژ بەئێران لەسەر ئاستی و ئەمنیش  توندتر دەكات دوای ئەم پێشهاتە نوێیانەی عێراق.


( درەو میدیا): هاوپەیەمانی بنیاتنان " البنا‌ء" كە هادی عامری و نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكەن رایدەگەیەنێت پێنج كاندیدی هاوپەیمانی سائیرون و فەتح كێبركێی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق دەكەن.  عامر فایز پەرلەمانتاری هاوپەیمانی بنیاتنان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند هاوپەیمانی سائیرون و ئیئیتلافی فەتح هەریەكەی سێ‌ كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران بە رەسمی پێشكەشكردووە. ئاشكراشیكرد كاندیدەكانی هاوپەیمانی سائیرون بریتین لە عادل عەبدولمەهدی، ئەسعەد عیدانی و عەبدولوەهاب ساعدی و كاندیدەكانی فەتحیش بریتین عادل عەبدولمەهدی، فالح فەیاز و عەلی شوكری. بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەكیش هەردوو هاوپەیمانێتییەكە تا رادەیەك كۆكن لەسەر ئەوەی تەنها عادل عەبدولمەهدی كاندیدبێت بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران.


(درەو میدیا): قەیرانی پێكهێنانی شەشەمین كابینەی حكومەتی عێراق، كە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر پێینایە مانگی چوارەمییەوە، لاوازیی ئاشكرای ڕۆڵی ئەمریكای دەرخست لەبەرامبەر ئەو هەژموونە بەهێزەی ئێران هەیەتی لە عێراق، لەسەر هەردوو ئاستی سیاسی و ئەمنی، و بگرە گەیشتوەتە سیستمی كۆمەڵایەتی و ئایینی و تەنانەت ڕۆشنبیریش.  وەزیرێكی دیاری عێراقی و یەكێك لە هاوپەیمانەكانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدیدی) ڕاگەیاندووە:" واشنتۆن ئێستا لە عێراق لە دۆخێكدا دەژی كە ئەكرێت بە شۆك ناوی بهێنرێت، بەجۆرێك تەنانەت هاوپەیمانەكانی لە سیاسییەكانی كورد و سوننەش گوێ‌ بە فشارەكانی نادەن و باوەڕیان بە بەڵێنی ئێرانییەكانە زیاترە لە ئەمریكییەكان".  ئەو بەرپرسە عێراقییە باسی ئەوەی كردووە، عەبادی كە لەلایەن واشنتۆنەوە پشتیوانی دەكرێت لە كێبركێكە چوەتە دەرەوە و هیچ ڕۆڵیكی نەماوە، كوتلەی (نەسر) پەرتوبڵاوبووە و 27 پەرلەمانتاری ماوە لە كۆی 42 پەرلەمانتار، دوای چونیان بۆ بەرەی بەرامبەر (نوری مالیكی و هادی عامری) كە ئێران پشتیوانیان دەكات. لەڕووی كرداریشەوە، كەسایەتییەكی سوننە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی بردەوە، كە لەلایەن حەشدی شەعبی و مالكییەوە پشتیوانی دەكرێت، سەرۆكی حكومەتیش بە سازان لەنێوان (موقتەدا سەدر و هادی عامری) هەڵدەبژێرێت، لەوەش گرنگتر هەردوو لایەنەكە ڕێككەوتوون كە یەكەم كاری پەرلەمانی نوێ‌، داڕشتنی یاسایەك بێت بۆ كردنە دەرەوەی سەرجەم هێزە بیانییەكان لە عێراق، لەسەروو هەمووشیانەوە سوپای ئەمریكا.  بەوتەی ئەو وەزیرە عێراقییە، دانیشتنی ڕۆژی شەممەی پەرلەمان، وەك تەسلیمبونی سیاسی وابوو بە ئێرانییەكان، دۆڕاندنی خالید عوبەیدی، هاوپەیمانی سەدرییەكان و عەبادی، هەروەها ئوسامە نوجێفی، كە لەلایەن ئەمریكا و توركیا وڵاتە عەرەبییەكانەوە پشتیوانی دەكرا، لەبەردەم گەنجێكی تەمەن 37 ساڵ، بە مێژووییەكی سیاسی بەتاڵ و كۆمەڵێك دۆسیەی دادگاوە، مانای وایە سوننەكان خۆیان عوبەیدی و نوجێفیان هەڵنەبژارد و، كاندیدێكیان پەسەندكرد كە ئێرانییەكان لێی ڕازیبن.  لە بەشێكی تر قسەكانیدا ئەو وەزیرە عێراقییە ئاشكرایكردووە" كوتلە سونییەكان بەڵێنی زۆریان لەلایەن ئێرانییەكانەوە پێدراوە، لەوانە كشانەوەی میلشیاكان لە شارە سوننەنشینەكانی باكور و ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی عێراق و بنیاتنانەوەی شارە ئازادكراوەكان لەدەستی "داعش" و ئازادكردنی دەیان هەزار دەستگیركراو و زامنكردنی پاراستنی خاكی پارێزگای نەینەوا و جیانەكردنەوەی هیچ بەشێكی لە بەرژوەندی هەرێمی كوردستان و، پشتیوانی پێكهاتەی عەرەبی لە كەركوك و گەڕاندنەوەی دانیشتوانی (جورف ئەلسەخرو عویسات و یەسرب) و چەند ناوچەیەكی تر بۆ سەر زێدی خۆیان، هاوكات ئێرانییەكان بەڵێنی تایبەتیشیان لەبواری دۆسیەی ئەمنیدا بەكورد داوە.    ڕۆژنامەكە ئەوەشی بڵاوكردوەتەوە، كورد و سوننە بەدرێژایی چەند ساڵی ڕابردوو ئەزمونێكی تاڵیان هەیە لەگەڵ بەڵێنەكانی ئەمریكا، بەنیسبەت شیعەش، عەبادی دەرسێك دەبێت بۆ هەر هێزێكی تر گرەو لەسەر پشتیوانی ئەمریكا بكات لەسەر حسابی ئێران. سەرچاوەكەی (عەرەبی ئەلجەدید) قسەكانی بەوە كۆتایهێناوە، كە ڕەنگە عەبادی جارێكی تر بگەڕێتەوە بۆ لەندەن، كە پێشتر لێی دەژیا، لەو بڕوایەشدا نیە وەك ئەندامێك بگەڕێتەوە پەرلەمان، چونكە دوژمنی زۆرە، هەڵەكەی لەوەدابوو هەموو كارتەكانی خستە ناو سەبەتەی ماكگۆرك و باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق.   بەپێچەوانەی خولەكانی ڕابردوەوە، گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران زیاتر لە 29 ئەندامیان هەیە لە پەرلەماندا، كە پێشتر وەك چەكدار لەچوارچێوەی گروپە چەكدارەكاندا بوون، لەوانە 7 یان پێشتر بەشدارییان لەشەڕی سوریا كردووە لەپاڵ ڕژێمی بەشار ئەسەد، لەنمونەی، حەسەن سالم كە سەربە گروپی عەسائبەو، ئەحمەد ئەسەدی و ئەبو مەریمی ئەنساری،جگە لە 100 پەرلەمانتاری تری  حزبە جیاوازەكان، كە دیارترینیان حزبی دەعوە و فەزیلە ئەنجومەنی باڵا و كوتلە سونییە جیاوازەكانن، كە بەكردار ساڵانێكە دوای ئەجێندای ئێران كەوتوون، ئەوەش بەو مانایەی نزیكەی نیوەی پەرلەمانی عێراق لەژێر هەژموونی ئێراندایە و بەوەش تێپەڕاندنی بڕیارەكان تیایدا ڕەنگە لەهەموو كات ئاسانتربێت.   سەرچاوەی زانیارییەكان: رۆژنامەی (العربی الجدید)  


(درەو میدیا): ئەنجومەنی وزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی كۆبوەوە و بڕیاریدا بۆ رێگەگرتن لەهەر سنوربەزاندێكی توركیا، هێزەكانی پاسەوانی سنور بە درێژایی سنوریی توركیا جێگیربكرێن. بە گوێرەی بەیاننامەیەكی نوسینگەی راگەیاندنەكەی، ئەمڕۆ یەكشەممە ئەنجومەنی وزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی باڵای هێزە چەكدارەكان كۆبووەتەوە  و دۆخی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی سنورەكانی عێراق و ئاسمانی عێراق و رێكخستنەوەی پۆلیسی فیدراڵی و دۆخی پارێزگای بەسرە تاوتوێكراوە و ئەنجومەنە ئەم بڕیارانەی دەركردووە: یەكەم: وەزارەتی ناوخۆ ئەركی چاوخشاندنەوە بە پەیكەری رێكخستنی فیرقەكانی پۆلیسی فیدراڵی لەئەستۆدەگرێت. دووەم: وەزارەتی دەرەوە رێوشوێنی پێویست بۆ بە دۆكیۆمێنتكردنی پێشێلكارییەكانی توركیا و بەزاندنی ئاسمانی عێراق لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە ئەستۆدەگرێت و بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی دەخاتەڕوو. سێیەم: بۆ پاراستنی سنورەكان و رێگەگرتن لەهەر پێشێلكارییەك هێزەكانی پاسەوانی سنور بە درێژایی سنوری عێراق – توركیا بڵاودەكرێنەوە و ئامادەكاریی و پێداویستی تەواوەتییان بۆ دابیندەكرێت. چوارەم: پەسەندكردنی یاداشتی لێكتێگەیشتنی ئەمنیی نێوان وەزارەتی ناوخۆی عێراق و هەنگاریا و سەرپشككردنی وەزیری ناوخۆ بۆ دانوستان ئیمزاكردنی.  


(درەو میدیا): محەمەد حەلبوسی سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق بە رەسمی بانگهێشتی عەلی لاریجانی سەرۆكی پەرلەمانی ئێران دەكات، بۆئەوەی سەردانی عێراق بكات و دەشڵێت پەرلەمانتارانی عێراق دژی گەمارۆی ئابوریین بۆسەر ئێران. بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی " فارس نیوز"ی ئێرانی، لاریجانی بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ حەلبوسی كردووە پیرۆزبایی لێكردووە بەبۆنەی هەڵبژاردنییەوە بە سەرۆكی پەرلەمانی عێراق. هەروەها لاریجانی لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا ئاماژەی بەوەداوە كە لەم دۆخە هەستیارەی ئێستادا رۆڵی حەلبوسی زۆر گرنگە بۆ رێكخستنەوەی دۆخی عێراق و جەختیشیكردوەتەوە كە كۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە هیوای بەختەوەریی و بەرزیی بۆ حكومەت و گەلی عێراق دەخوازێت و هەمیشە پاڵپشتی دەبێت. بەوتەی ئاژانسە ئێرانییەوە سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیش رۆڵی ئێرانی بەرزنرخاندووە و رایگەیاندووە گەلی عێراق و ئەندامانی پەرلەمان هاوكاری كراوەی ئێران بۆ عێراق بە تایبەتیش لە رزگاركردنی عێراق لە داعش بەهەند وەردەگرن. حەلبوسی جەختیشیكردوەتەوە كە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق دژی هەموو گوشار و گەمارۆیەكی ئابوریین لەسەر ئێران و بە ستەمی دادەنێن و بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیكردنی ئێران. لە كۆتایی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەشدا حەلبوسی بانگهێشتی هاوتا ئێرانییەكەی كردووە بۆئەوەی بە رەسمی سەردانی عێراق بكات.


(درەو میدیا): سەرچاوەیەكی  ئاگادار بە میدیاكانی عێراقی راگەیاند عەلی سیستانیی  پێشنیازێكی موقتەدا سەدری پەسەندكردووە، بۆ كاندیدكردنی عادل عەبدولمەهدی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق. هاوكات هەیسەم جبوری یەكێك لە سەركردەكانی هاوپەیمانی " بونیاتنان و چاكسازی"  ئەمڕۆ یەكشەممە رایگەیاند هێزە كوردییەكان رەزامەندییان دەربڕیوە لەسەر كاندیدكردنی عادل عەبدولمەهدی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران. جبوری لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی " مەیادین" وتی:" عادل عەبدومەهدی لەسەدا نەوەدی رێگای بوون بە سەرۆك وەزیرانی بڕیوە، بە رەزامەندی مەرجەعیەتی ئاینی". عادل عەبدولمەهدی ئێستا وەك سیاسەتمەدارێكی سەربەخۆ كاردەكات و پێشتر سەركردەی  ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق بووە و لە ماوەكانی رابردووشدا پۆستی جێگری سەرۆك كۆمار و وەزیری نەوتی عێراقی وەرگرتووە.  


راپۆرتی: درەو میدیا دوو بەرە ناكۆكەكەی شیعە، ململانێی توندی (محمەد حەلبوسی و خالی عوبەیدی)یان، لەسەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، نەكردە بەشێك لە ململانێكانی خۆیان و لە چوارچێوەی ناكۆكی ناوماڵی سوننەدا هێشتیانەوە،  ئەمەش وەك بەشێك لە چاودێران دەڵێن، ئاماژەیەكی گرنگە بەبوونی خواست و ئیرادەیەكی بەهێز لەلایەن هەردوو بەرە شیعییەكە بۆ پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەت و خستنەوە سەرسكەی پرۆسەی سیاسی كە خۆیان تێیدا زۆرینەن و خاوەنی قسەی یەكلاكەرەوەن. حەلبوسی كاندیدی هاوپەیمانی بونیادنان (البنا‌ء) بوو بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، كە (ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسای نوری مالیكی و هاوپەیمانی فەتحی هادی عامری) دوو هێزی سەرەكین تێیدا، قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی ڕێكخراوی (عەسائیبی ئەهلی حەق) كە یەكێكە لە گروپەكانی حەشدی شەعبی و لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی (فەتح)دایە، لە تویتێکدا دەڵێت: "سەركەوتنی هاوپەیمانی " بونیادنان" لە سەرخستنی كاندیدەكەی بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لە گەڕی یەكەمدا و كشاندنەوەی كاندیدەكەی بۆ پۆستی جێگری یەكەم و دەنگدانی لە بەرژەوەندیی كاندیدی سائیرون، پەیامێكی روونە و بەواتای ئەوەدێت كە ئێمە دەتوانین لێكتێبگەین و سازش بۆ یەكتربكەین". بە قسەكانی ئەم بەرپرسەی (فەتح)دا دەردەكەوێت، گەڕی دووەمی سازشكردن دەكەوێتە سەرشانی ئەمان كە بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران دەبێت و ئامادەشن بیكەن، ئەوەش دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق كە پشكی كوردە و، بەپێی زانیارییەكانی "درەومیدیا" تائێستا نە لە نێوان یەكێتی وپارتیدا یەكلاكراوەتەوە و، نە یەكێتیش كە بە پشكی خۆی دەزانێت توانیویەتی لەناوخۆیدا لەسەر دەستنیشانكردنی كاندیدێك بۆ ئەو پۆستە ڕێكبكەوێت. دوو بەرە شیعییەكەش هاوشێوەی خۆبەدوورگرتنیان لە ململانێی ناوماڵی سوننە، لە ململانێی ناوماڵی كوردیشدا خۆیان ناكەن بەتەرەف و چاوەڕێی یەكلاكردنەوە دەكەن، دواتر لەگەڵ ئەنجامەكەدا مامەڵە دەكەن. پۆستی سەرۆك وەزیران كە بەربەستی سەرەكی بوو و خاڵی جەوهەری ململانێی توندی هەردوو بەرە شیعییەكە بوو، بەمزوانە یەكلادەكرێتەوە، بەڵام وەك بەشێك لە چاودێران دەڵێن ئەوەندەش ئاساننابێت كە لایەنەكان دەستبەرداری ململانێ بوبێتن لەسەری، ئیئتیلافی نەسر جارێكی تر ناوی حەیدەر عەبادی وەك بەهێزترین و خاوەنی زۆرترین چانس هەڵداتەوە ناو گۆڕەپانی سیاسی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، ئەوەی ئەم ئومێدەشی بۆ گەڕاندونەتەوە، ڕای مەرجەعیەتی باڵای شیعیە كە لە وتاری هەینی ڕابردوودا تەئكیدی لە گەڕانەوە كردوە بۆ خەڵكانی خاوەنی دانایی و شارەزایی لە چاكسازیكردن، ئەوە لەكاتێكدایە پێشتر ڕایگەیاندبوو پشتیوانی هیچ یەكێك لەوانە ناكات پێشتر لە دەسەڵاتدا بوون، جارێكی تر پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرن. ئاگایانی دۆخی سیاسی عێراق پێیانوایە، وێڕایی ئەم بۆچونە تازەیەی مەرجەعییەت، بەڵام چانسی عەبادی بۆ گەڕانەوە بۆ سەر كورسی دەسەڵات لاوازە، بەتایبەتی دوای ڕێككەوتنی (سەدر و  عامری) هاوپەیمانێتی نەسر پێگە و قورسایی ڕابردووی لەدەستداوە، ڕەنگە ئەمە دەرفەتێكی زێڕینیش بێت بۆ موقتەدا سەدر و بەدیهێنانی خەونە گەورەكەی و بەپاساوی كاندیدی بێلایەن و تەكنۆكرات پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەدەست حزبی دەعوە دەربهێنێت، كە لە ساڵی 2005وە، لەدەستی ئەو حزبەدایە.


 ( درەو میدیا): ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق خۆی لە كێشەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی قوتاركرد، بەوەش هەنگاوێكی گەورەی بڕی لە كردنەوەی گرێ كوێرەی پرۆسەی سیاسی و ڕێگەخۆشكردن بۆ هەڵبژاردنی كاندیدەكانی هەردوو سەرۆكایەتیەكەی تر " سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی عێراق". لە سەرەتای دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەماندا كە بە سەرۆكایەتی محەمەد ساڵح زەینی سەرۆكی كاتی پەرلەمان بەڕێوەچوو، پرۆسەی خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كە پشكی سوننەیە دەستیپێكرد،دوای كشانەوەی ژمارەیەك لەو كاندیدانەی ڕكابەرییان دەكرد، شەش كاندید مانەوە كە ئەوانیش بریتیبوون لە محەمەد حەلبوسی، خالید عوبێدی، ئوسامە نوجێفی، تەلال زەوبەعی، محەمەد خالیدی، ڕەعد دەهلەكی. لە دانیشتنەكەدا 298 پەرلەمانتار لە كۆی 329 پەرلەمانتار، بەشداری پرۆسەی دەنگدانیان كرد، دوای جیاكردنەوەی دەنگەكان ئەنجامەكان بەمشێوەیە بوو: -    محەمەد حەلبوسی 169 دەنگ. -     خالید عوبێدی 89 دەنگ. -    ئوسامە نوجێفی 19 دەنگ. -     محەمەد خالیدی 4 دەنگ. -     تەلال زەوبەعی 1 دەنگ. -    ڕەعد دەهلەكی 1 دەنگ. -     لەگەڵ 12 كارتی سپی و پوچەڵكردنەوەی 3 دەنگ.   محەمەد حەلبوسی كێیە؟ - محەمەد رێكان حەدید عەلی حەلبوسی - ٤/١/١٩٨١ لە پارێزگای ئەنبار لە دایكبووە - ساڵی ٢٠٠١/ ٢٠٠٢ بەكالۆریۆسی لە ئەندازیارییدا لە زانكۆی موستەنسریە بەدەستهێناوە. - ساڵی ٢٠٠٦ بڕوانامەی ماستەری لە ئەندازیاریدا بەدەستهێناوە. - ساڵی ٢٠١٤ بە ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردراوە. - ٢٠١٤/ ٢٠١٥ ئەندامی لیژنەی مافەكانی مرۆڤی پەرلەمان بووە. - ٢٠١٥/ ٢٠١٦ ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان بووە. - ٢٠١٦/ ٢٠١٧ سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمان بووە. - ٢٠١٧/ ٢٠١٨ پارێزگاری ئەنبار بووە. - ٢٠١٨ بە ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرایەوە. - سەرۆكی هاوپەیمانی " ئەنبار ناسنامەمانە" یە. دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق، سەرۆكی كاتی دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی جێگری یەكەم و دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كردەوە.  هاوپەیمانی " سائیرون"  حەسەن كەریم كەعبی و هاوپەیمانی " بەیارقی خەیر"  عەلیە فلەیح ئیمارە یان بۆ جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان كاندیدكرد و ئەنجامەكەی بەمشێوەیەوە بوو: •    ئەنجامی هەڵبژاردنی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان: -    281 پەرلەمانتار دەنگیاندا -    حەسەن كەریم كەعبی:     210  دەنگ. -    عەلیە فلەیح ئیمارە : 33  دەنگ. -     دەنگی بەتاڵ و 5 دەنگیش پوچەڵ بوون. حەسەن كەریم كەعبی كێیە؟ -    حەسەن كەریم مەتەر كەعبی -    پەرلەمانتاری هاوپەیمانی " سائیرون" ی موقتەدا سەدرە. -    ساڵی 1971 لە بەغداد لەدایكبووە. -    ساڵی 1995 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە زانكۆی بەغداد بەدەستهێناوە و بڕوانامەی ماستەری لە زانستە سیاسییەكاندا بەدەستهێناوە. -    قایمقاقی مەدینە سەدر/2 بووە. -    سەرۆكی ناوەندی مەدەنی بۆ توێژینەوە و چاكسازیی یاساییە. -    ماوەی 10 ساڵە ئەندامی دەستەی ئیداریی یانەی قوە جەویەیە. جێگری دووەم یەکلایی نەبووە     بۆ جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانیش كە پشكی كوردە، هەریەك لە (بەشیر خەلیل حەداد) پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان و (موسەننا ئەمین) پەرلەمانتاری یەكگرتوو، (ئەحمەد حاجی ڕەشید) پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی و (ئاڵا تاڵەبانی) خۆیان بۆ ئەو پۆستە كاندیدكرد و لەگەڵ دەستپێكردنی پرۆسەی دەنگداندان  ئاڵا تاڵەبانی لە كێبركێ كشایەوە و ئەنجامەكەشی بەمشێوەیە بوو: ئەنجامی هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان: -    268 پەرلەمانتار دەنگیاندا. -    بەشیر حەداد- پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان 152 دەنگ. -    موسەننا ئەمین – پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی 21 دەنگ. -    ئەحمەدی حاجی رەشید – پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامیی 45 دەنگ. -    22 دەنگی بەتاڵ و 29 دەنگیش پوچەڵبوون. بەڵام لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنەكەدا كەسیان ژمارەی پێویست 167 واتا ( 50 + 1)ی بەدەستنەهێنا بۆیە هەڵبژاردنی جێگری دووەم بۆ سبەی دواخرا.  


( درەو میدیا):  كەمێك لەمەوبەر پەرلەمانی عێراق لەدەنگدانیكی نهێنی و ڕاستەوخۆدا، محمەد ڕێكان حەلبوسی بەسەرۆكی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق هەڵبژارد. ڕكابەرییەكە لەنێوان (محمدحەلبوسی وخالید عوبێدی)دابوو، حەلبوسی بە بەدەستهێنانی ١٦٩ دەنگ بەرامبەر بە ٨٩ دەنگ بۆ خالید عوبێدی، سەركەوتنی بەدەستهێنا. محمەدڕێكان حەلبوسی كێیە؟ - محەمەد رێكان حەدید عەلی حەلبوسی - 4/1/1981 لە پارێزگای ئەنبار لە دایكبووە - ساڵی 2001/ 2002 بەكالۆریۆسی لە ئەندازیارییدا لە زانكۆی موستەنسریە بەدەستهێناوە. - ساڵی 2006 بڕوانامەی ماستەری لە ئەندازیاریدا بەدەستهێناوە. - ساڵی 2014 بە ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردراوە. - 2014/ 2015 ئەندامی لیژنەی مافەكانی مرۆڤی پەرلەمان بووە. - 2015/ 2016 ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان بووە. - 2016/ 2017 سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمان بووە. - 2017/ 2018 پارێزگاری ئەنبار بووە. - 2018 بە ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرایەوە. - سەرۆكی هاوپەیمانی " ئەنبار ناسنامەمانە" یە. - هاوسەرگیری كردووە و خێزاندارە.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand