Draw Media

كورد بەهێزترین كارتی فشاری دەستی ئێرانییەكانە

كورد بەهێزترین كارتی فشاری دەستی ئێرانییەكانە

2018-09-06 12:52:20


 (درەو میدیا):
دەسەڵاتدارتی ئێران گرەو لەسەر ماندووكردن و ترساندنی واشنتۆن دەكەن، بەتایبەت لە مەسەلەی لێكەوتە خراپەكانی تێكچونی دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق لەسەر بەرژوەندییەكانی ئەمریكا لە عێراق و ناوچەكەش بەگشتی.
ئێرانییەكان پێیانوایە مەسەلەی كات و مانەوەی دۆخی عێراق بەمشێوەیە و دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت لە قازانجی ئەوان و زیانی ئەمریكایە، یان لانی كەم مانەوەی دۆخەكەیان وەك ئەوەی ئێستا بەلاوە باشترە لەوەی حكومەتێك پێكبێت كە بەتەواوی لەژێر هەژمون و دەسەڵاتی تاران دەربچێت و لەبری هاوكاریكردن، ببێتە بەشێك لەو فشارو ئابڵوقەیەی كە ئابوری ئەو وڵاتەی لە لێواری داڕمان نزیككردوەتەوە.  
بەڕای زۆرێك لە چاودێران، ڕاگرتنی هێزە كوردییەكان لەم نێوەندەدا و پاڵنەدانیان بەلای هیچ یەكێك لە دوو بەرە شیعییە دژبەیەكەكەوە، تەكتیكێكی سیاسی تەواو ئێرانییە و دەسەڵاتدارنی ئەو وڵاتە لەڕێی هێشتنەوەی (یەكێتی و پارتی) بە بێلایەنی لەنێوان ئەم دوو بەرەیەدا توانیویانە بەربەستی جدی بۆ هەوڵەكانی ئەمریكا دروستبكەن، كە خوازیاری پێكهێنانی حكومەتێكی دڵخوازی خۆیەتی لە عێراق و بۆ ئەوەش زیاد لە جارێك داوای لە كورد كردووە بچنە پاڵ بەرەكەی عەبادی.
ئێران جگە لەوەی هەژمونێكی بەهێزی هەیە بەسەر یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە، كە بە دۆستێكی نزیك و تەقلیدی ئێرانییەكان ناسراوە و كاریگەری دیاریشی هەیە بەسەر بڕیارە سیاسییەكانی ئەو حزبەوە، لەدوای ١٦ی ئۆكتۆبەریشەوە پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستانیش چوەتە قۆناغێكی نوێ.
بەوتەی هەندێك سەرچاوەی سیاسی ئاگادار، دوای شكستی ڕیفراندۆم و بێئومێدبوونی پارتی لە ئەمریكا ئەو حزبە بەلای ئێرانییەكاندا بایداوەتەوە، ئەوەش كارتە سیاسییەكانی دەست ئێرانی لە عێراق لەبەرامبەر بە ئەمریكا بەهێزكردووە و لەم قۆناغەدا لەڕێی ئەم دووبەرە جیاوازەوە، بەشێك لە (شیعە و كورد)، توانیویێتی ئاستەنگی گەورە بۆ خواستەكانی واشنتۆن لە عێراق دروستبكات.

سولەیمانی پەیامەكەی گەیاندوەتە پارتی و یەكێتی 
بەپێی زانیارییەكانی "دەرەو میدیا" ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، قاسمی سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە هەرێمی كوردستان بووە و، لە شاری  سلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی كۆبوەتەوە و نیوەڕۆكەشی لە سەری رەش لەگەڵ مەسعود بارزانی نانی نیوەڕۆی خواردووە.
سولەیمانی لە سەردانەكەیدا ئەو پەیامەی گەیاندوەتە یەكێتی و پارتی كە "بەهیچ شێوەیەك نەچنە هیچ بەرەیەكی كوتلەكانی شیعەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، چونكە ئەوە ناو ماڵی شیعەیە و رۆژێك هەر دەبێت پەیوەندییەكانیان ئاسایی بكەنەوە و ئەوكات ئێوە بچنە هەر بەرەیەكەوە ئەوە دەبنە دوژمنی بەرەكەی تر، بۆیە پێویستە كورد بە بێلایەنی بمێنێتەوە".
قاسمی سولەیمانی ئەوەشی خستوەتەڕوو كە " هەریەك لەو كوتلانەی شیعە زیاتر لە ١٠٠ پەرلەمانتاریان هەیە، بۆیە ئەگەر كورد بچێتە بەرەیەكەوە لانی كەم ١٠٠ پەرلەمانتار دەبێتە دوژمن و نەیاریان، بۆیە نابێت ببنە بەشێك لەو ململانێیانە".

بێلایەنی لە قازانجی كورد و ئێرانییەكان
بەڕای بەشێك لە چاودێران، ئەو پەیامەی سولەیمانی لە چەند ڕوویەكەوە هەم لە بەرژوەندی كوردە و هەم ئێرانییەكانیش خۆیان، لەبارێكدا ئێرانییەكان لەڕێی یاریزانی كوردەوە ڕێگە لە ئەمریكییەكان دەگرن حكومەتێكی نزیك لە خۆیان لە عێراق پێكبهێنن، لەم بارەیاندا كورد هەم خۆی ناكات بە دوژمنی بەشێك لە شیعەكان و ئێرانیش پێكەوە، لەبارێكی تردا، كە پشتیوانی بەرەكەی نزیك لە ئێران ناكات، ئەمریكا و بەرەی سەدر- عەبادیش ناكات بە دوژمنی خۆی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هاوكێشەیەكی سیاسی تر هەیە كە ئێرانییەكان و كوردیش بەباشی خوێندویانەتەوە، ئەویش ئەوەیە، ئەگەر حكومەتی تاران لەڕێی كوردەوە زۆرینەیەكی سیاسی لە عێراق لەبەرەكەی (مالیكی - عامری) دروستبكات بۆ پێكهێنانی حكومەت، ئەوا هەردووكیان پێكەوە خۆیان دەخەنە بەر ڕق و توڕەیی ئەمریكا و ئەو حكومەتەشی پێكدێت، لەژێر ڕەحم و توڕەیی شەقامدا دەبێت كە سەدرییەكان قسەی یەكلاكەرەوەیان هەیە تێیدا.   
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand