هەوڵدەدرێت هێرشبكرێتە سەر سەرۆكی كاتی پەرلەمان
2018-09-09 11:47:23
( درەو میدیا):
محەمەد زەینی سەرۆكی كاتی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت ئەمڕۆ یەكشەممە لەلایەن چەند گومانلێكراوەكەوە لە بەغدا هەوڵدراوە دەستدرێژی بكرێتە سەری و هێزێکی ئەمنی بە هانایاوەچوون و ئێستا لە هۆتێل رەشید گیری خواردووە.
زەینی بەهۆی ئەوەی بەتەمەنترین پەرلەمانتاری خولی نوێی عێراقە بە گوێرەی دەستور ئەركی سەرۆكایەتی پەرلەمانی پێسپێردراوە، تا ئەو كاتەی دەستەی سەرۆكایەتی هەڵدەبژێردرێت.
زەینی لە پەیجی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك دەڵێت:" هەندێك باس لە موچەی خەیاڵی دەكەن كە پەرلەمانتاری عێراق وەریدەگرێت، و من یەكێكم لەوانە، بەڵام تا ئەم ساتە هیچ دینارێكم لە هیچ لایەنێكەوە وەرنەگرتووە و هەموو خەرجییەك لە پارەی تایبەتی خۆم دەكەن".
دەشڵێت:" ئێستا لە هۆتێل رەشید لەگەڵ پاسەوانەكانمدا گەمارۆدراوم دوای ئەوەی هەوڵدرا لەلایەن چەند گومانلێكراوێكەوە هێرش بكرێتە سەرم و پۆلیسی فریاكەوتنی بەغدا گەڕاندمیانەوە بۆ ئەم هۆتیلە و ئێستا بووەتە شوێنی نیشتەجێبوونم و ئەم شوێنەش زۆر گرانە و سروشتی من نیە لە هۆتێلێكی وا گرانبەهادا دابنیشم و دەمەوێت بچمە شوێنێك لەگەڵ دۆخی دارایمدا بگونجێت".
زەینی ساڵی 1939 لە دایكبووە و لە هەڵبژاردنی ئایاری ئەمساڵی پەرلەمانی عێراقدا توانی بەبێ بڵاوكردنەوەی هیچ ریكلامێك لە شەقامەكان و كەناڵەكاندا حەوت هەزار دەنگ بەدەستبهێنێت و كورسییەكی پەرلەمانی عێراق مسۆگەر بكات.