Draw Media

ستراتیژیی گواستنەوە لە حوکمڕانیی حزبییەوە بۆ دەوڵەتداریی نیشتمانی 

ستراتیژیی گواستنەوە لە حوکمڕانیی حزبییەوە بۆ دەوڵەتداریی نیشتمانی 

2026-02-22 14:13:37


ئەبو کاروان- سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان
 
لە فەلسەفەی سیاسیی نوێدا، "دەوڵەت" تەنیا لە دامەزراوەو کۆمەڵێک دەقی یاسایی وشک پێکنەهاتووە، بەڵکو دەوڵەت یەکەیەکی نیشتمانیی زیندووە کە لە ڕێگەی دامەزراوە بێلایەنەکانەوە وەک چەتری هەمووان کار دەکات، بەڵام کاتێک دامەزراوە گشتییەکان لە ناوەڕۆکە نیشتمانییەکەیان بەتاڵ دەکرێنەوە و دەکرێنە ئامرازی ململانێی هێزە سیاسییەکان، (گرێبەستی کۆمەڵایەتی) تووشی داڕمان دەبێ و کۆمەڵگا هیچ بەهایەکی نامێنێ. 
هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەبەردەم ئەم داڕمانە گەورەیەدا وەستاوە ، تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێک و چوار مانگ بەسەر هەڵبژاردنەکاندا و پەککەوتنی پەرلەمان، تەنیا کێشەیەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو گوزارشتە لە "پەککەوتنی یاسایی و دامەزراوەیی" کە تێیدا حزب چیتر خۆی بە ملکەچی یاسا نازانێت، بەڵکو یاسا وەک پاشکۆیەک بۆ ویستەکانی خۆی دەبینێت.
لێرەوە، دەبێت بپرسین: کاتێک پەرلەمان، وەک باڵاترین مەرجەعی یاسایی، دەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی دوو جەمسەری حوکمڕان، چەمکی هاوڵاتیبوون هیچ واتایەکی نامێنێتەوە وەک ئەوەی لە پرۆسەی دەوڵەتداریدا جێی بایەخە؟ ئەم دۆخە نەک هەر شەرعییەتی ناوخۆیی لەرزۆک کردووە، بەڵکو پێگەی نێودەوڵەتیی هەرێمیشی خستووەتە ژێر پرسیارێکی جدییەوە، بەتایبەت لە بەرامبەر دەوڵەتی ناوەنددا کە هەموو کاتێك بەدوای درزە یاساییەکاندا دەگەڕێت بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێم. 

یەکەم: دۆخی پاشەکشەی دامەزراوەیی 
پەکخستنی پەرلەمان و نەمانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و کۆمسیۆنی هەڵبژاردن، بەواتای کۆتایی چاودێری دێت. لە غیابی چاودێریی پەرلەمانیشدا، دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەبێتە دەسەڵاتێکی ڕەها؛ وەک لۆرد ئەکتۆن دەڵێت: (دەسەڵاتی ڕەها، گەندەڵیی ڕەها بەرهەم دەهێنێت) کاتێک حزبە باڵادەستەکان حوکمڕانی وەک دەستکەوتێکی شەخسی یان حزبی دەبینن، دامەزراوەکان دەبنە پاسەوانی سەرمایەی حزب نەک خزمەتکاری کۆمەڵگا.
ئەم پاشەکشەیە تەنیا لە ڕووی کارگێڕییەوە نییە، بەڵکو لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتیشەوە کاریگەریی هەبووە، ئەو زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگدەرەی کە بایکۆتی پرۆسەی سیاسییان کردووە، پەیامێکی ڕوونیان داوە: ئەوان چیتر بڕوایان بەو "شانۆگەرییە سیاسییە" نییە کە لێرە بەڕێوە دەچێ ، ئەم بێبڕواییە مەترسیدارترین جۆری قەیرانە، چونکە کاتێک هاوڵاتی بڕوای بە گۆڕانکاریی ئاشتییانە نەما، پەنا بۆ بێدەنگیی خاپوورکەر یان تەقینەوەی توندوتیژ دەبات. 

دووەم: جەمسەربەندیی هێز و بەرژەوەندییەکان 
بەرپرسیارییەتی مێژوویی ئەم چەقبەستووییە ڕاستەوخۆ لە ئەستۆی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندایە. ئەم دوو هێزە، لە جیاتی ئەوەی دامەزراوەکان وەک خاڵی کۆکەرەوە بەکاربهێنن، وەک "کارتێکی گوشار" لە دژی یەکتر بەکاری دەهێنن. گەورەترین مەترسی بۆ سەر قەوارەی هەرێم (لاوازیی ناوخۆیی) و (بێبایەخکردنی یاسا)یە. بەغدا کاتێک دەتوانێت دەستێوەردان بکات، کە ببینێت لێرە دامەزراوەکان شەرعییەتیان نەماوە.
لێرەدا پرسیارە جدییەکە ئەوەیە: بۆچی لایەنەکان ئامادە نین لە پێناو بەرژەوەندیی نیشتمانیدا، سازش لەسەر پشکی حزبی بکەن و ڕێگە بدەن کەسانی شارەزا و بێلایەن جڵەوی کاروبارەکان بگرنە دەست؟ 

سێیەم: تێڕوانینێکی کردەیی بۆ دەربازبوون
بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە گشتگیرە مەترسیدارە، پێویستمان بە هەنگاوی بوێرانە و کردەیی هەیە کە هەوڵدەدەم لەم خاڵانەدا کورتیان بکەمەوە: 
١- کاراکردنەوەی دەستبەجێی پەرلەمان وەک مەرجەع: 
پێویستە پەرلەمان لە زیندانی "ڕێککەوتنی پێشوەختە" دەربهێنرێت. هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتمانییە. پەرلەمان دەبێت بگەڕێتەوە بۆ پێگەی ڕاستەقینەی خۆی نەک وەک پاشکۆی بڕیاری حزبەکان. 
٢- پێکهێنانی حکومەتێکی کاربەڕێکەری کاتی (ڕاگوزەر): 
پێشنیاری سەرەکی، دروستکردنی حکومەتێکی (ئەرکدار)ە نەک (پشکێنە). ئەم حکومەتە کاتییە، ئەرکی هەستیاری ئەم قۆناغە بەهەند وەردەگرێت و تا کاتی هەڵبژاردنی داهاتوو کاروبارەکان بەڕێوە دەبات. گرنگترین خاڵ، بێلایەنکردنی وەزارەتە هەستیارەکانە (ناوخۆ، پێشمەرگە، دارایی، سامانە سروشتییەکان) و سپاردنیانە بە کەسانی شارەزا و پسپۆڕ .(لە دەرەوەی ھەردوو حیزبی دەسەڵاتدار پارتی و یەكێتی) 
٣- شەفافکردنی داهات و دارایی گشتی: 
جیاکردنەوەی دارایی حزب لە دارایی دەوڵەت، بنەمای هەر چاکسازییەکی ڕاستەقینەیە. پێویستە سیستەمێکی بانکی و دارایی شەفاف پەیڕەو بکرێت کە تێیدا داهاتەکان لە خزمەتی بژێوی خەڵکدا بن، نەک بۆ بەهێزکردنی نفووزی حزبی.
٤-  ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنێکی بێگەرد: 
پێویستە کۆمسیۆنێکی سەربەخۆ پێكبهێنرێتەوە،  کەئامانجی سەرەکی  گەڕاندنەوەی متمانە بێت بۆ ئەو هاوڵاتییانەی کە پشتیان لە سندوقەکانی دەنگدان کردووە. 
چوارەم: دەرئەنجام 
ئێمە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختداین، یان دەبێت بگەڕێینەوە بۆ بنەماکانی (دەوڵەتداریی مۆدێرن)، یان دەبێت چاوەڕێی داڕمانی یەکجارەکیی قەوارەی هەرێم بین ،  چونکە ئەو دۆخەی ئێستا دەبینرێ پڕ لە مەترسیە و دە بێ پارتی و یەکێتی درک بەو ڕاستییە بکەن کە شەرعییەتی هێز چیتر لە سەدەی بیست و یەکدا کار ناکات و ناتوانێ داهاتوومان بپارێزێ. 
ئەم تێڕوانینە، کە لە پێکهێنانی حکومەتێکی کاتیی بێلایەن و کاراکردنەوەی دامەزراوەکاندا کورت دەبێتەوە، تەنیا بژاردەیە بۆ پاراستنی ئەوەی کە ماوەتەوە ، کاتی ئەوە هاتووە کەسانی شارەزا و دڵسۆز، دوور لە جەمسەربەندییە حزبییەکان، بەرپرسیارییەتی مێژوویی بگرنە ئەستۆ و لەوە زیاتر کات نەکوژرێ لە پێناوبەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی دا.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand