هاوپەیمانێتی نێوان سەدر و عەبادی كۆتاییهات
2018-09-09 21:05:41
(درەو میدیا):
هاوپەیمانی سائیرونی موقتەدا سەدر لە هاوپەیمانێتی " چاكسازی و ئاوەدانكردنەوە" كشایەوە كە بۆ دروستكردنی گەورەترین كوتلە لەگەڵ هاوپەیمانی نەسری حەیدەر عەبادی و رەوتی حیكمەی عەممار حەكیم و چەند كوتلەیەكی تر پێكیانهێناوە و بەوەش مانگی هەنگوینی نێوان سەدر و عەبادی كۆتاییهات و چانسی عەبادی بۆ بەدەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ چوار ساڵی تر كەمبوەوە.
بە گوێرەی هەواڵێكی سایتی " غەدپرێس" قەحتان جبوری وتەبێژی رەسمی هاوپەیمانی سائیرون لە بەیاننامەیەكدا وتویەتی:" هیچ هاوپەیمانێتییەكی نوێمان نەكردووە، و ئێستا ئێمە لە دەرەوەی هاوپەیمانی چاكسازی و ئاوەدانكردنەوەین و ئەمەش لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا جەختیی لێكرایەوە".
جبوری وتوشیەتی:" هەر لێدوانێك كە لایەن وتەبێژی رەسمی هاوپەیمانی سائیرونەوە نەدراوبێت، بۆچوونی رەسمی نییە و تەنها بۆچون و رای شەخسییە و ئەو هەواڵانەش ناڕاستن كە باس لەوەدەكەن سائیرون هاوپەیمانێتی نوێی پێكهێناوە".
سیستانی كارتی مالیكی و عەبادی و عامری سوتاند
هاوكات سەباح ساعدی، سەركردە لە هاوپەیمانی سائیرون ئەمڕۆ یەكشەممە رایگەیاند عەلی سیستانیی مەرجەعی باڵای شیعەكان بە ئاگاداركردنەوەیەك كە ئەو بە رەسمی وەسفیكرد رەتیكردووەتەوە پێنج كەس پۆستی سەرۆك وەزیرانی كابینەی نوێی حكومەت وەربگرن و یەكێكیان حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئێستایە.
ساعدی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی:" سیستانی لە كۆبوونەوەیەكدا لە نەجەف بە دانوستانكاری ئێرانی راگەیاندووە كە هەریەك لە حەیدەر عەبادی، نوری مالیكی، هادی عامری، فالح فەیاز و تارق نەجم چانسی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانیان نییە".
بەوتەی ساعدی ئەوان وەك هاوپەیمانێتی سائیرون كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران هەیە و عەبادی نییە و سائیرون پشتگیری لە عەبادی ناكات كە خولێكی تر پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێتەوە.
" دەبێت عەبادی داوای لێبوردن بكات"
هاوكات فایەق شێخ عەلی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی مەدەنی كە دوو كورسی لە پەرلەماندا هەیە و لە هاوپەیمانێتیی " چاكسازی و ئاوەدانكردنەوەدا" بەشدارە رایگەیاند حەیدەر عەبادی بە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو راناسپێدرێت ئەگەر جنۆكە و مرۆڤەكانیش پشتیوانی بن.
فایەق شێخ عەلی لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیوێتی:" ئەم قسەیەم هەڵبگرن، حەیدەر عەبادی بە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو راناسپێردرێت، هەتا ئەگەر جنۆكە و مرۆڤەكان پشتیوانی بن".
شێخ عەلی لە بەشێكی تری تویتەكەیدا دەڵێت:" تەنها یەك حاڵەت هەیە بۆئەوەی عەبادی رابسپێردێت, كە مایەی سازشكردن نییە، ئەوەش ئەوەیە داوای لێبوردن لە ئەنجومەنی نوێنەران بكات, بۆ هەموو بێڕێزییەكانی, كە دواهەمینیان داگیركردنی بوو بە پاسەوانەكانی و شكاندنی دەرگا و ئامێرەكانی".
حەیدەر عەبادی رۆژی شەممە لەسەر بانگەوازێكی موقتەدا سەدر ئامادەی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بوو بۆ تاوتوێكردنی بارودۆخی بەسرە و لە كۆبوونەوەكەدا شەڕە قسە لە نێوان حەیدەر عەبادی و پارێزگاری بەسرەدا كە سەربە رەوتی سەدرە روویدا و هاوكات شەڕەقسە لە نێوان عەبادی و وەزیرەكانی حكومەت و پەرلەمانتاراندا روویدا".
دوای كۆبوونەوەكەش هاوپەیمانی فەتحی هادی عامریی و سائیرونی موقتەدا سەدر داوایان لە حەیدەر عەبادی و وەزیرەكانی حكومەت كرد دەستلەكاربكێشنەوە و عەبادیش لە كاردانەوەی ئەوەدا بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە تێیدا پەرلەمانی بەوە تۆمەتباركرد كە كۆبوونەوەكەیان بەلارێدا بردووە و بۆ مەبەستی شكاندن و روخاندن بەكاریانهێناوە.