Draw Media

ئەجێندا جیاوازەكان شەڕەكە لەبەسرە یەكلادەكەنەوە

ئەجێندا جیاوازەكان شەڕەكە لەبەسرە یەكلادەكەنەوە

2018-09-08 15:52:28


راپۆرتی: درەو میدیا 
لەگەڵ ئەوەی خۆپیشاندان لەبەسرە پێشهاتێكی تازەنیە و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو هاوڵاتیانی ئەو پارێزگایە چەندین خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە، چونكە وەك خۆیان ئاماژەی پێدەكەن، ئەو قەناعەتەیان بەتەواوی لا چەسپیوە كە حكومەتی ناوەندیی ستەمییان لێدەكات و بەخێر وبێر و داهاتی شارەكەی ئەوان، خەڵكی عێراق بەخێودەكات و ئەوانیشی فەرامۆشكردووە، بەڵام وەك زۆریك لەچاودێران دەڵێن، توندبوونەوەی ململانێی لایەنە سیاسییەكان لەسەر پێكهێنانی گەورەترین كوتلە و ئەجێندا دەرەكییەكان، ڕۆڵی دیاریان گێڕاوە لە سەرلەنوێ‌ وروژاندنەوەی خۆپیشاندانەكان لەو پارێزگایە، تائاستی بەریەككەوتنی توند و بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندانەكان لەسەر ڕێڕەوی ڕاستەقینەی خۆی.


بەسرە كێشەی خزمەتگوزرایی هەیە نەك سیاسی
سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا وتی، "داواكاری خەڵكی بەسرە دابینكردنی خزمەتگوزراییە، پێویستە لایەنی خزمەتگوزاری لە لایەنی سیاسی جیابكرێتەوە، خۆپیشاندەران خۆشیان سوتاندن و كاری تێكدەرانە ڕەتدەكەنەوە".
عەبادی پێشوتریش لەبارەی ڕووداوەكانی بەسرەوە ڕایگەیاندبوو" پرۆژەیەك هەیە بۆ بڵاوكردنەوەی ئاشوب و بەیەكدادانی سوپا و خەڵكی بەسرە" بەبێ ئەوەی ناوی هیچ لانێك بهێنێت، هاوكات ئوسامە نوجێفی سەرۆكی هاوپەیمانی بڕیاری عێراقیش لەهەمان دانیشتدا ئاماژەی بەوەدا " ململانێی ناوخۆیی و ئەجێنداتی دەرەكی لەسەر خاكی بەسرە جێبەجێدەكرێت".


توندوتیژی و بەلاڕێدابردن بۆ شەرعیەتدانە بەسەركوتكردن
ڕووداوەكانی دوێنێی شاری بەسرە، جیاواز لە ڕۆژانی ڕابردوو و خۆپیشاندانەكانی ڕابردووش، سیمایەكی (تێكدەرانە بەسەریدا زاڵبوو)، كە وەك سەرچاوە میدیاییەكانی عێراق ئاماژەی بۆ دەكەن، چەندین دامەزراوەی كەرتی گشتی و تایبەت و ئۆتۆمبیلی مەدەنی و حكومی سوتێندران، وێڕایی كوژرانی ژمارەیەك هاوڵاتی و برینداربوونی دەیانی تر، توندوتیژییەكی لەڕادەبەدەر ترسناك لەو شارە سەریهەڵداوە، ئەوەش دوای ئەوەی شەوی پێشوتریش بارەگای كۆمەڵێك حزب و گروپی دیاریكراو سوتێران كە لە یەكێك لەبەرە ململانێكەرەكانی ناو پرۆسەی  سیاسییەوە نزیكن.

ئاسایش و سەقامگیری بوەتە ئەولەویەت
بەوتەی ئاگایانی دۆخی سیاسی عێراق، ئەم پێشهاتە تازانە چاوەكانی لەسەر داواكارییە ڕەواكانی خەڵك لابرد و كردنیە مەسەلەیەكی لاوەكی، ئێستا هەموان خەمیان دەستبەركردنی سەقامیگری و گەڕاندنەوەی ئاسایشە بۆ پارێزگای بەسرە، ڕەشید فلەیح فەرماندەیی نوێی پرۆسە سەربازییەكانی بەسرە دوای دەستبەكاربوونی لەپۆستە تازەكەی لە یەكەم لێدوانیدا، بەڵێنی سەقامگیركردنی دۆخی ئاسایشی شاری بەسرەیدا، لە كاتێكدا وەك هەندێك دەڵێن،خەڵكی بەسرە بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی خۆپیشاندانی كردووە نەك بۆ ئەوەی ئەمن و ئاسایشی شارەكەی لەدەستبدات.
وەك هەندێك دەڵێن، ڕەنگە ئێستا بەسرە بەپیترین خاك بێت بۆ بەریەككەوتنی ئەجێندا جیاوازەكان كە هەندێكیان بەرژەوەندی لە سەقامگیریدایە و هەندێكی تریشیان قازانجیان لە دروستكردنی پشێوی و ناشرینكردنی خۆپیشاندان و گۆڕینیدایە لە میكانیزمێكی مەدەنیانەی داواكردنی مافی خەڵكەوە بۆ كەرەستەی ترساندن و تێكدانی ئاسایشی گشتی و لەو ڕێگەیەشەوە جارێك شەرعیەت بدەن بەسەركوتكردنی و جارێكی تریش، قەزییە سەرەكییەكە لەبیری خەڵكی بەرنەوە و سەرقاڵی كۆمەڵێك شتی تری لاوەكییان بكەن.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand