Draw Media

کورد حازری غائیبی دیمەنی سیاسی عێراقە

کورد حازری غائیبی دیمەنی سیاسی عێراقە

2018-09-03 08:31:54


ڕاپۆرت: درەو میدیا
تا درەنگانێکى شەوى ڕابردو، هەردوو بەرە شیعیە دژبەیەکەى عێراق خەریکى ناونوسینى هێز و کوتلە سیاسیيە جیاوازەکانى عێراق و کۆکردنەوەى زۆرترین ژمارەى کاندیدە دەرچووەکان بوون بۆ خولى چوارەمى پەرلەمانى عێراق، لیستى لەدواى لیست بڵاویاندەکردەوە، بەرەکەى سەدر و عەبادى هەر زوو بانگەشەى کۆکردنەوەى زۆرترین کورسى و پێکهێنانى گەورەترین کوتلەى پەرلەمانیى کرد و دوو لیستى جیاوازى بەناو و ئیمزاى ئەو لایەنانە بڵاوکردەوە کە چونەتە بەرەکەى، بەرەکەى تریش (ماليكى – عامرى) وەنەبێ دەستەوستان دانیشتبێتن، ئەوانیش بەچڕى هاتنە سەرخت و دواى بڵاوکردنەوەى لیستێکى تایبەت بەو هێزانەى چونەتە پاڵیان، لەنیوە شەودا نورى ماليکى سەرۆکى ئیئتیلافى دەوڵەتى یاسا لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا پێکهێانى گەورەترین کوتلەى پەرلەمانیى ڕگەیاند.


هەردوو بەرەکە شکستیان هێناوە 
چاودێرانى دۆخى عێراق پێیانوایە، نە بەرەکەى (سەدر-عەبادى)و نە بەرەکەى (ماليکى عامرى)، لانى کەم تائەم ساتە نەیانتوانیوە گەورەترین کوتلەى پەرلەمانیى پێکبهێنن و ڕێژەی پێویستى (50+1) کۆبکەنەوە، کە (165) کورسى پەرلەمان دەکات، بەڵام لەوەدا سەرکەوتوبوون ڕێگرى جدى بۆیەکتر دروستبکەن و هیچیان نەتوانن پشتى ئەوى تریان بدات بە زەویداو هەموو ئەو بانگەشانەشى بۆ کۆکردنەوەى زۆرترین کورسى دەکرێت بەشێکە لە جەنگى دەرونى کە هەردوو بەرەکە دژ بەیەکترى دەیکەن، هاوکاتیش دروستکردنى فشار لەسەر هێز و لایەنە جیاوازەکان تا بەپەلە بکەن لەخۆیەکلاکردنەوە و پاڵدان بە یەکێک لەم دوو بەرەیە.


غائیبى سەرەکى کورد بوو 
ڕەنگە هیچ هێز و لایەنێکى عێراق شەوى ڕابردوو، هێندەى هێز و لایەنە کوردییەکان بێدەنگ و سەنگ نەبوبێت، کە هەندێک بە بەحازرى غائیب ناویان دەبەن، جگە لە (جوڵانەوەى نەوەى نوێ) کە خاوەنى چوار کورسیيە و لە یەکێک لەو لیستانەدا ناوى هات کە بەرەکەى سەدر و عەبادى بڵاویانکردەوە، نە (پارتى و یەکێتى) و نە "هێزە ناڕازییەکان" (بزوتنەوەى گۆڕان و یەکگرتووى ئیسلامى و کۆمەڵى ئیسلامى و هاوپەیمانى بۆ دیموکراسى و دادپەروەرى) ناویان لەهیچ لیست و هاوپەیمانێتیەکەدا نەهات.
شرۆڤەکارانى دۆخى عێراق بۆ ئەم بێدەنگییەى کورد بەتایبەت پارتى و یەکێتى کە پێکەوە خاوەنى (45) کورسى پەرلەمانى عێراقن و بدەنە پاڵ هەر یەکێک لەم دوو بەرەیە دەیکەنە زۆرینەى ڕەها، چەند خوێندنەوەیەکیان هەیە:
خوێندنەوەى یەکەم: پارتى و یەکێتى لەنێوان ململانێکانى ئێران و ئەمریکادا گیریان خواردووە و پێیانوایە بچنە پاڵ هەریەکێک لەم دوو بەرەیە بەتەواوى لەسەر لایەک ساغ دەبنەوە (ئێران یان ئەمریکا)و ئەوى تر دەکەن بەدوژمنی خۆیان کە ڕەنگە باجەکەى زۆر قورس بێت، بۆیە چاوەڕوێ دەکەن تادواساتەکان و ڕودانى پێشهاتێکى نوێ.
خوێندنەوەى دووەم: پارتى و یەکێتى دڵنیان لەوەى بەبێ ئەوان هیچ کام لەبەرەکان ناتوانن زۆرینەى پەرلەمانیى پێکبهێنن، بۆیە تادواساتەکان هەڵوێستى خۆیان یەکلاناکەنەوە، ئەوەش لەپێناو بەدیهێنانى داواکارییەکانیان و چنیەوەى زۆرترین دەستکەوتى سیاسى و پۆست و ئیمتیازات.
خوێندنەوەى سێیەم: دوو بارەبونەوەى سیناریۆى بەشدارى کورد لەساڵى 2014 لەدواین ساتەکان ، کە پێگەى سیاسى کورد هەم سەنگێکى واى نەمابو و هەمیش نەیتوانى بچوکترین داواکارییەکانى لەپێکهێنانى کابینەى ئەوکاتەى حکومەتى عێراق جێبکاتەوە.
هەرچى "هێزە ناڕازییەکان"ە، تائێستا هەڵوێستیان ڕوون نیە دەدەنە پاڵ کام بەرەیە، بزوتنەوەى گۆڕان کە لایەنێکى سەرەکى ئەم بەرەیەیەو پێکەوە لەگەڵ یەکگرتووى ئیسلامى و کۆمەڵى ئیسلامى و هاوپەیمانى بۆ دیموکراسى و دادپەروەرى فراکسیۆنێکى هاوبەشیان بۆ کارى پێکەوەیى لە پەرلەمانى عێراق ڕاگەیاندووە، بڕیاریداوە بایکۆتى دانیشتنى ئەمڕۆ بکات، ئەوەش بەپێى وتەى سەرچاوەیەکى تایبەت لەو بزوتنەوەیە کە پێشتر بە"درەو میدیا"ى، ڕاگەیاند.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand