ڕێکخراوی داعش لە عێراق و سوریا
2026-02-19 20:03:55
درەو:
🔹 ڕێکخراوی داعش، لە نێوان ساڵانی 2018 بۆ 2025 بەرپرسیارێتی هەزاران کردەوەی گرتووەتە ئەستۆ، کە زۆربەیان لە پارێزگاکانی دیالە، کەرکوک، سەڵاحەدین و ئەنبار چڕ بوبوونەوە؛ بە جۆرێک ئەم پارێزگایانە پێکەوە زیاتر لە نیوەی کۆی گشتیی کردەوەکانیان پێکدەهێنا، کە ژمارەیان گەیشتبووە (5 هەزار و 772) کردەوە.
🔹 لە سووریا، ڕێکخراوەکە لە نێوان ساڵانی 2024 و 2025دا (416) کردەوەی ئەنجامداوە، بەڵام دابەزینێکی بەرچاو دەبینرێت لە (288) کردەوە لە ساڵی 2024ەوە بۆ تەنها (128) کردەوە لە ساڵی 2025دا.
سەرەتا
لەم ساڵانەی دواییدا و سەرەڕای ئۆپەراسیۆنە سەربازییە چڕەکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، چالاکییەکانی ڕێکخراوی داعش لە عێراق و سووریا بەردەوام بوون. ڕێکخراوەکە لە نێوان ساڵانی 2018 بۆ 2025 بەرپرسیارێتی هەزاران کردەوەی گرتووەتە ئەستۆ، کە زۆربەیان لە پارێزگاکانی دیالە، کەرکوک، سەڵاحەدین و ئەنبار چڕ بوبوونەوە؛ بە جۆرێک ئەم پارێزگایانە پێکەوە زیاتر لە نیوەی کۆی گشتیی کردەوەکانیان پێکدەهێنا، کە ژمارەیان گەیشتبووە (5 هەزار و 772) کردەوە.
هێرشە ئاسمانییەکان و جووڵە ستراتیژییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە نێوان ساڵانی 2017–2020، کە گەیشتە (هەزار و 846) هێرش لە پارێزگا جیاوازەکاندا، بووە هۆی پاشەکشەیەکی پلەبەندی لە چالاکییەکانی ئەو ڕێکخراوە، بەتایبەتی دوای ساڵی 2021، تا وای لێهات لە ساڵی 2025دا ئاستی چالاکییەکانیان گەیشتە نزمترین ئاست.
لە لایەکی ترەوە و لە سووریا، ڕێکخراوەکە لە نێوان ساڵانی 2024 و 2025دا (416) کردەوەی ئەنجامداوە، بەڵام دابەزینێکی بەرچاو دەبینرێت لە (288) کردەوە لە ساڵی 2024ەوە بۆ تەنها (128) کردەوە لە ساڵی 2025دا. ئەم دابەزینە نیشانەی لاوازبوونی تواناکانی ڕێکخراوەکەیە لە سووریا، کە هاوشێوەی دۆخی عێراقە و دەرەنجامی ئەو فشارە ئەمنی و سەربازییە چڕەیە کە خراوەتە سەر مۆڵگەکانیان لە هەردوو وڵاتدا.
بە کورتی، داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە داعش ئێستا لە چوارچێوەیەکی بەرتەسکدا و تەنها لە هەندێک ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵات چالاکە، لە کاتێکدا هێرشە ئاسمانی و سەربازییە ڕاستەوخۆکان بوونەتە هۆی سنووردارکردنی جووڵەکانیان و پاشەکشەی کردەوەکانیان بۆ ناوچەی دیاریکراو.
بڵاوبوونەوەی جوگرافیای ڕێکخراوی داعش
لە کاتی هەڵکشانی هێزەکەی لە ساڵی 2014 و کۆنترۆڵکردنی نزیکەی یەک لەسەر سێی خاکی عێراق و ناوچەیەکی بەرفراوانی سووریا، ڕێکخراوی داعش ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بۆ 20 ویلایەت دابەش کردبوو. لە عێراقدا ویلایەتەکانی (باشوور، ئەنبار، فەلوجە، دیالە، بەغدا، باکووری بەغدا، سەڵاحەدین، کەرکوک، دیجلە، نەینەوا و جەزیرە)ی لەخۆ دەگرت. لە سووریاش ویلایەتەکانی (بەرەکە، خەیر، ڕەققە، حومس، حەلەب، دیمەشق، حەمات و ئیدلب) بوون، جگە لەو ناوچانەی لە ڕێگەی "بەیعەت"ـەوە دەستی بەسەردا گرتبوون.
ویلایەتی "جەزیرە" بیابانەکانی حەزەر و ناوچەکانی شەنگال، تەل عەبتە، مەحلەبیە، تەلەعفەر، زوممار و بەعاجی لە پارێزگای نەینەوا دەگرتەوە. ویلایەتی "دیجلە" بریتی بوو لە گوند و شارۆچکەکانی پارێزگای سەڵاحەدین لەسەر ڕووباری دیجلە، لە قەزای بێجییەوە تا ناحیەی حەمام عەلیل لە پارێزگای نەینەوا. لە سووریاش، ویلایەتی "خەیر" دەوروبەری مەیادین و ئەلبووکەمال بوو لە پارێزگای دێرەزوور، هەروەها ویلایەتی "بەرەکە" گوزارشتی لە پارێزگای حەسەکە دەکرد.
دوای ساڵی 2017، هەژموونی ڕێکخراوەکە لە دەسەڵاتێکی ڕاستەقینەوە گۆڕا بۆ کۆنترۆڵێکی ناڕاستەوخۆ و بوونیان تەنها لە چوارچێوەی "شانە نوستووەکان" و گیرفانی بچووکدا مایەوە. لە سووریا، بوونیان تەنها لە ناوچە بیابانییەکان و هەندێک شوێنی سنووردار وەک (مەیادین، ئەلبووکەمال، حەسەکە، حومس و دیمەشق) ماوەتەوە، بێ ئەوەی دەسەڵاتی فعلییان بەسەر حەلەب، ڕەققە، حەمات و ئیدلبدا هەبێت. لە عێراقیشدا، لە ئێستادا ڕێکخراوەکە تەنها لە ناوچە بیابانی، شاخاوی و چۆڵەکاندا وەک شانەی نوستوو ماونەتەوە.
چالاکییەکانی ڕێکخراوی داعش لە عێراق 2018 – 2026
چارت

داتا ئامارییەکانی ساڵانی 2018 - 2026 ئاماژە بە پاشەکشەیەکی پلەبەندیی کردەوەکانی ڕێکخراوی داعش لە عێراق دەکەن، ئەوەش دوای ئەوەی لە ساڵی 2018دا کۆنترۆڵی زەمینیی ناوچەکانی لەدەستدا. لە کاتێکدا ئاستی چالاکییەکانی لە نێوان ساڵانی 2018 - 2021دا بە بەرزیی مابووەوە و ساڵانە زیاتر لە 1,000 کردەوەی ئەنجام دەدا، بەڵام لە ساڵی 2022دا تووشی داڕمانێکی کوشندە هات؛ بە جۆرێک ژمارەی چالاکییەکانی بۆ 487 کردەوە دابەزی و ئەم کورتهێنانە بەردەوام بوو تا لە ساڵی 2025دا تەنها گەیشتە 14 کردەوە. ئەمەش بەو مانایەیە کە ڕێژەی چالاکییەکانی ڕێکخراوەکە بەراورد بە ساڵی 2018 بە ڕێژەی 98.9% دابەزیوە.
وەرچەرخانە ستراتیژییەکانی ڕێکخراوەکە
ڕێکخراوی داعش لە نێوان ساڵانی 2014 - 2026دا پێنج قۆناغی جیاوازی بڕیوە، کە گوزارشت لە خولی ژیانی ڕێکخراوەکە دەکەن لە سەرەتاکانی دەرکەوتنیەوە تا کاتی کاڵبوونەوەی؛
• قۆناغی یەکەم (2014 - 2018): ئەمە دیارترین قۆناغی ڕێکخراوەکە بوو، تێیدا گۆڕدرا بۆ "دەوڵەتێک" کە یەک لەسەر سێی خاکی عێراق و ناوچەگەلێکی فراوانی لە سووریا لەژێر دەستدا بوو.
• قۆناغی دووەم (2018 - 2019): گرنگترین نیشانەی ئەم قۆناغە داڕمانی ئەو دەوڵەتە بوو کە لە ساڵی 2014دا دامەزرابوو. دوای لەدەستدانی "دەسەڵاتی زەمینی"، ڕێکخراوەکە پەنای بۆ بڵاوبوونەوەیەکی جوگرافیی فراوان و هێرشی جۆراوجۆر برد، وەک هەوڵێک بۆ سەلماندنی بوونی خۆی.
• قۆناغی سێیەم (2020): لێرەدا ژمارەی کردەوەکان بە بەرزی مابوونەوە، بەتایبەت لە پارێزگاکانی دیالە، کەرکوک و ئەنبار. ڕێکخراوەکە لەم قۆناغەدا پشتی بە ستراتیژی "جەنگی درێژخایەنی پڕوکان" دەبەست.
• قۆناغی چوارەم (2021 - 2022): ئەمە قۆناغی پاشەکشە و کشانەوە بوو. ئەنجامە هەرە دیارەکانی بریتی بوون لە کەمبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی کردەوەکان و بچووکبوونەوەی مەودای جوگرافی؛ ڕێکخراوەکە لێرەدا لە ستراتیژی "بڵاوبوونەوە"وە گۆڕدرا بۆ ستراتیژی "خۆحەشاردان و جێگیربوون" لە شوێنی دیاریکراودا.
• قۆناغی پێنجەم (2023 - 2025): ئەمە بە قۆناغی "ماتبوون یان نیوە سڕبوون" دادەنرێت. نیشانەکانیشی بریتی بوون لە کردەوەی زۆر کەم و نەمانی چالاکی لە زۆربەی ئەو پارێزگایانەی کە پێشتر ناوەندی قورسیی کردەوەکانی ڕێکخراوەکە بوون.
بەراوردکارییەکی گشتگیر لە نێوان ساڵەکاندا ئەوە دەسەلمێنێت کە داعش لە عێراقدا، لە ماوەی حەوت ساڵدا لە چالاکییەکی فراوان و ڕێکخراوەوە گەیشتووەتە قۆناغی کشانەوەی تەواوەتی. ڕەوتی کات نیشانی دەدات کە ئەوەی دوای ساڵی 2021 ڕوویدا تەنها پاشەکشەیەکی کاتی نەبوو، بەڵکو ئاڕاستەیەکی جێگیری پێکهاتەیی بوو بەرەو هەڵوەشانەوەی سەربازی، کە لە ساڵی 2025دا گەیشتە لوتکە و کەمترین ژمارەی کردەوەی تێدا تۆمارکرا لەو کاتەوەی کە تێکشکانی زەمینیی خۆی ڕاگەیاندووە.
جوگرافیای کردەوەکانی داعش 2018 - 2026
داتا کەڵەکەبووەکانی پەیوەست بەو کردەوانەی کە ڕێکخراوی داعش لە نێوان ساڵانی 2018 و 2026 لە عێراقدا گرتوویەتیە ئەستۆ (کە کۆی گشتییان 5 هەزار و 772 کردەوەیە)، دەریدەخەن کە چالاکییە مەیدانییەکانی ڕێکخراوەکە بە شێوەیەکی دیار لە ناوچە جوگرافییە دەستنیشانکراوەکاندا چڕ بووەتەوە، لەگەڵ هەبوونی جیاوازییەکی زۆر لە نێوان پارێزگاکاندا.
• چەقە سەرەکییەکانی چالاکی: پارێزگای دیالە بە (هەزار و 607) کردەوە لە پێشەنگی ئەو پارێزگایانەدایە کە زۆرترین هێرشیان کراوەتە سەر، ئەمەش نزیکەی (27.8%)ی کۆی گشتیی کردەوەکان پێکدەهێنێت و دووپاتی دەکاتەوە کە دیالە وەک چەقێکی سەرەکیی چالاکییەکانی ڕێکخراوەکە ماوەتەوە. دوای ئەویش، پارێزگای کەرکوک بە (هەزار و 364) کردەوە (23.6%) دێت؛ بەمەش ئەم دوو پارێزگایە پێکەوە زیاتر لە نیوەی چالاکییە مەیدانییەکانیان (51.4%) لەو ماوەیەدا پێکهێناوە.
• پشتێنەی ناوەند: پارێزگاکانی سەڵاحەدین (641) و ئەنبار (609) لە پلەکانی دواتردا دێن، کە ڕێژەی هەردووکیان پێکەوە دەگاتە نزیکەی (21.8%)، ڕێکخراوەکە لەم ناوچانەدا پشتی بە ڕووبەرە جوگرافییە فراوانەکان و سروشتی گوندنشین و بیابانی بەستووە.
• ناوچە ناجێگیرەکانی تری کردەوەکان: ناوچەکانی باکووری بەغدا (478) و دیجلە (464) ژمارەی نزیک لە یەکیان تۆمار کردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەوڵە بەردەوامەکان بۆ دروستکردنی فشاری ئەمنی لە نزیك پایتەخت، بێ ئەوەی بگەنە ئاستی چڕیی کردەوەکانی پارێزگاکانی باکوور. لە بەرامبەردا، ناوچەکانی باشوور (145)، بەغدا (132) و نەینەوا (137) ئاستێکی نزمیان تۆمار کردووە. کەمترین ژمارەش لە فەلوجە (107)، جەزیرە (61) و بادینە (27) بووە.
هێرشەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق 2017 - 2020
داتا ئامارییەکانی هێرشە ئاسمانی و ئۆپەراسیۆنە ستراتیژییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، دابەشبوونێکی جیاواز لە نێوان پارێزگاکاندا نیشان دەدەن، کە کۆی گشتییان (هەزار و 846) هێرش بووە لە ماوەی چوار ساڵدا.
• ئەو پارێزگایانەی زۆرترین هێرشیان کراوەتە سەر: هاوپەیمانان 612 هێرشیان (33.2%) لە شوێنە جیاجیاکانی عێراق ئەنجامداوە. لە ئەنبار 537 هێرش (29.1%) ئەنجامدراوە بەهۆی سوودوەرگرتنی داعش لە ناوچە بیابانییە کراوەکان بۆ خۆحەشاردان. لە پارێزگای نەینەواش 346 هێرش (18.7%) ئەنجامدراوە.
• ئەو پارێزگایانەی هێرشی مامناوەندیان تێدا بووە: لە کەرکوک 235 هێرش (12.7%) هەبووە بەهۆی چالاکییە بەردەوامەکانی ڕێکخراوەکە لە باکوور، هەروەها لە سەڵاحەدین 106 هێرش (5.7%) خاڵە گرنگەکانی ڕێکخراوەکەیان کردووەتە ئامانج.
• کەمترین هێرش: هەریەک لە بەغدا و دیالە تەنها 14 هێرشیان (0.8%) تێدا ئەنجامدراوە؛ ئەمە سەرەڕای ئەوەی دیالە لە زۆربەی ساڵەکاندا لە پێشەنگی کردەوەکانی داعش بووە، کە لە ماوەی 7 ساڵدا ( هەزار و 607) کردەوەی تێدا کراوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ سنوورداریی کاریگەریی ڕێکارە ئەمنییەکان لەو ناوچانەدا.
چالاکییەکانی ڕێکخراوی داعش لە ناوچەکانی سووریا (2024 - 2025)
ڕێکخراوی داعش لە ماوەی ساڵانی 2024 و 2025دا (416) کردەوەی لە سووریا ئەنجامداوە، کە چالاکییەکان لە چەند پارێزگایەکی دیاریکراو چڕ بوونەتەوە:
پارێزگای دێرەزوور (کە هاوسنوورە لەگەڵ عێراق) بە (274) کردەوە لە پێشەنگدایە، کە زیاتر لە نیوەی کۆی گشتیی کردەوەکان پێکدەهێنێت. پارێزگای حەسەکە (ئەویش هاوسنوورە لەگەڵ عێراق) بە پلەی دووەم دێت بە (78) کردەوە، دوای ئەویش ڕەققە بە (27) کردەوە؛ ئەمەش بەردەوامیی بوونی ڕێکخراوەکە لە ناوچەکانی کەنار ڕووباری فورات و ناوچە گوندنشینە کراوەکانی ڕۆژهەڵات نیشان دەدات.
لە پارێزگاکانی تردا چالاکییەکان سنووردار بوون؛ بە جۆرێک لە حمس (هاوسنوور لەگەڵ عێراق) 18 کردەوە، حەلەب 9، حەمات 6، ئیدلب 3 و لە دیمەشق تەنها یەک کردەوە تۆمارکراوە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ پاشەکشەی توانای ڕێکخراوەکە بۆ کارکردنی بەردەوام لە ناوچەکانی ڕۆژاوا و باشوور، بەهۆی ڕێکارە ئەمنییە چڕەکان و چاودێرییە ناوخۆییەکانەوە.
بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە؛
- شبكة الساعة، تنظيم داعش: خريطة النشاط العملياتي للفترة 2018 – 2026، 2026-02-08؛
https://shorturl.at/YCSuP
- Aaron Y. Zelin, Ilana Winter, One Year of the Islamic State Worldwide Activity Map, Washington Institute, Mar 20, 2024, at;
https://shorturl.at/2Rqjb
- Aaron Y. Zelin, Introducing the Islamic State Select Worldwide Activity Map, Washington Institute, Mar 21, 2023;
https://shorturl.at/tCsnm
