Draw Media

بەسرە بۆ ئاو خوێن دەبەخشێت

بەسرە بۆ ئاو خوێن دەبەخشێت

2018-09-05 16:12:02


راپۆرتی: درەو میدیا


ڤینیسیای خۆرهەڵات لە تینوێتيدا دەخنكێت
پارێزگای بەسرە كە نازناوی " ڤینیسیای خۆرهەڵاتی" پێبەخشراوە، زۆرێك بەشادەمار و، هەندێكی تریش بە بۆری هەناسەدانی ئابوری عێراق وەسفیدەكەن، بێكەڵكی دەسەڵاتی سیاسی و بیرۆكراسییەتی دامەزراوە شكستخوارد و بێ چاودێرییەكانی، خەڵكی ئەو پارێزگایە و ملیۆنان هاوڵاتی لەمسەری عێراقەوە بۆ ئەوسەری، غەرقی هەژاری كردووە و ژیانی پڕكردوون لە نەبوونی و نەهامەتی.
نەبوونی پێداویستییە سەرەكییەكانی ژیان، لە ئاو و كارەبا و هەلی كار و دابینكردنی لانی كەمی ژیانێكی شەرەفمەندانە بۆ هاوڵاتیان و لێپرسینەوە لە بەرپرسە ئیدارییە گەندەڵەكان و زۆرێك لە داواكارییە سەرەتاییەكانی تر، كە داواكاریی بنەڕەتی زۆرینەی خەڵكی عێراقیشە لە شار و شارۆچكە جیاوازەكان، هۆكاری تەقینەوەی ڕق و توڕەیی خەڵك و خۆپیشاندانی چین و توێژە جیاوازەكانی خەڵكە لەو پارێزگایە كە وەك دەوترێت بۆ بەدەستهێنانی ئاوی خواردنەوە خوێن دەبەخشن.


دەسەڵاتی ناوەندی ستەمیان لێدەكات
زۆرێك لە هاوڵاتیانی بەسرە دەڵێن، بەدرێژایی چەندین ساڵانی ڕابردوو خەڵكی بەسرە زیاد لە دەسەڵاتێكی سیاسی مەركەزیان لە بەغدا تاقیكردەوە و سەرجەمیان شكستیانهێناوە لە ئیدارەدانێكی شایستە بەو پارێزگایە، بەقسەی خۆیان، دەمێكە هەست بەوە دەكەن كە حكومەتی ناوەندی عێراق ستەمیان لێدەكات، ئەوەش وایكردووە ئەو بڕوایەیان زیاتر لا تۆخبێتەوە كە چارەسەر تەنها بەدەستهێنان و فراوانكردنی زیاتری دەسەڵاتە ئیداری و ئابورییەكانە بۆئەوەی چیتر بۆ بنیاتنانی پڕۆژەیەكی خزمەتگوزرای پێویستیان بەگەڕانەوە نەبێت بۆ بەغداد،  ئەم ناڕەزایەتی و هەستكردنە بە ستەم وایكردوە چەند جارێك ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە هەوڵی دروستبونی هەرێمێكی سەربەخۆ بدات ، بەڵام هەوڵەكان لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە شكستیان پێهێنراوە.


پایتەختی ئابوری عێراقی فەرامۆشكراو 
لەگەڵ ئەوەی بەسرییەكان لە دەوڵەمەنترین شارەكانی جیهاندا دەژین، برسێتی و هەژاری و بێكاری و نەبونی ئاوی خواردنەوە و خراپی خزمەتگوزرای تەندروستی و پەككەوتنی زۆرینەی كەرتەكانی تر، بەپاكوخاوێنی شارەكەشەوە، تەنگی پێهەڵچنیون، بەڵام لە داواكردنی مافەكانیاندا توانیویانە ببنە سەرمەشقی ناڕەزایەتییەكان و بەرجەستەكردنی وێنەی ڕاستەقینەی ئازارەكانی تەواوی خەڵكی عێراق و وێنەی ئازار و داواكارییەكانی خۆشیان لەیەككاتدا، بەڕوای زۆرێك لە چاودێران، ئەو پێگە گرنگەی بەسرە لە نەخشەی ئابوری و سیاسی عێراقدا هەیەتی هۆیەكی گرنگی گەورەیی دەنگدانەوەی ناڕەزایەتیەكانی ئەوشارەیە لەسەر ئاستی عێراق، كە مەترسی نەك هەر بۆ دەسەڵاتی سیاسی لەبەغداد  بگرە بۆ وڵاتانی ئیقلیمیشی دروستكردووە.
 بەسرە تاكە ڕێڕەوی ئاویی و گەورەترین سەبەتەی خێروبێری عێراقە كە بەپێی هەندێك ئامار سەرچاوەی زیاتر لە 85%ی كۆی داهاتەكەیەتی و بەپێی ئامارێكی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا تەنها لەڕێی ئەو پارێزگایەوە، حكومەتی عێراق بە بەهای 7ملیار و532 ملیۆن دۆلار نەوتی فرۆشتوە، ئەوەش بەو مانایەی دروستبونی هەر ئاڵۆزییەك تیایدا زیانی ئابوری گەورە بە حكومەتی عێراق دەگەیەنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەك زۆرێك لە هاوڵاتیانی بەسرە دەڵێن، تائێستا هەر گوێیان لە بەڵێن بووە و كردار و جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان نەبینیوە و ڕۆژانە بە بەرچاویانەوە ملیۆنان دۆلار لە داهاتی نەوت وغاز و گومرگ و داهاتی دامەزراوەكانی تر ڕەوانەی بەغداد دەكرێت و خەڵكەكەشی بۆ بچوكترین پێداویستیەكانی ژیان خۆپیشاندان دەكەن و ڕوبەڕوی توندوتیژی و خوێنڕشتن دەبنەوە. 

سامانی سروشتی و جوگرافیای بەسرە
پارێزگای بەسرە خاوەنی سامانێكی گەورەی نەوتە، كە زیاتر لە نیوەی نەوتی عێراق لەخۆدەگرێت، لە كۆی 15 كێڵگەی نەوت ، 10 كێڵگەیان نەوتی تیادا بەرهەمدێت و5 كێڵگەشیان لە بواری پێشخستندایە.
پارێزگای بەسرە دەكەوێتە دواین خاڵی باشوری عێراق، لە باشورییەوە هاوسنوری دەوڵەتی كوەیت و شانشینی عەرەبی سعودییە، لە خۆرهەڵاتیشەوە ئێران، بە سێیەم گەورەترین پارێزگای عێراق دادەنرێت لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە كە بە نزیكەی 3 ملیۆن كەس دەخەمڵێنرێت، لە ڕووی ئابورییەوە تاكە ڕێڕەوی ئاویی  عێراق و دەرگای سەرەكییەتی لەگەڵ وڵاتانی كەنداو.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand