Draw Media

مەرجەعیەتی نەجەف پۆستی سەرۆك وەزیران یەكلادەكاتەوە

مەرجەعیەتی نەجەف پۆستی سەرۆك وەزیران یەكلادەكاتەوە

2018-09-10 12:23:53


(درەو میدیا):
ئێران و ئەمریكا پێكهێنانی حكومەت بۆ مەرجەعییەتی نەجەف جێدەهێڵن، سیستانیش پشتیوانی هیچ كاندیدێك ناكات بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كە پێشتر لە دەسەڵاتدا بوبێت.
"درەو میدیا" لە سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادارەوە زانیویەتی، ئێران و ئەمریكا بڕیاریانداوە، دەستوەردانەكانیان لەپرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بكشێننەوە و دەرفەت بدەن مەرجەعیەتی باڵای شیعەكان لە عێراق ئەو كارە یەكلابكاتەوە.
بە وتەی سەرچاوەكە، دوای ئەوەی بەهۆی دەستوەردانەكانی ئێران و ئەمریكا كێشەكانی عێراق گەیشتونەتە لێواری تەقینەوە و هیچ كام لەلایەنە ڕكابەرەكان ئامادەنەبوون سازش بۆ ئەوی تر بكەن و دوای بێهیوابونیان و بۆ ڕێگریكردن لە قوڵبونەوەی زیاتری كێشەكان و پەلكێشانی ململانێكان بۆ توندوتیژی، هەردوو وڵات بڕیاریانداوە ئەو پرسە بە مەرجەعیەت بسپێرن.
ئەوەش لە كاتێكدایە، دوێنێ‌ نوسینگەی عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی باڵای شیعەكان لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، پشتیگری هیچ كەسێك ناكەن بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە پێشتر لە دەسەڵاتدا بوبێت و، زۆرینەی خەڵكی عێراقیش ئومێدیان بەو كەسانە نەماوە پێشتر لەدەسەڵاتدابون بارودۆخەكە چاكبكەن و گەندەڵی بنبڕبكەن.
نوسینگەی سیستانی، ڕاشیگەیاندووە، مەرجەعیەت هیچ كەسێكی ڕەتنەكردوەتەوە، هیچ كەسێكیشی بۆ ئەو پۆستە دیارینەكردوە و هەڵبژاردنی دەموچاوێكی نوێ‌ كە بە شارەزایی و بوێری ناسراوبێت، دەكرێت مەرجەعیەت پەیوەندی لەگەڵ دروستبكات و لە خزمەتی بەرژوەندییەكانی وڵاتدا ئامۆژگاری بكات. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand