درەو: ئەمڕۆ كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانس سەرۆكی پارتی و مەسرور بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی كۆبووەوەو نێچیرڤان بارزانی بەداری كۆبوونەوەكەی نەكرد. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار نەدراوە بە كشانەوە لە بەغداد، بەڵكو نامەیەك دەنێردرێت بۆ سودانی و داوای رای رەسمی دەكەن لەسەر پرسی موەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان. لە كۆبوونەوەكەدا نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی بەشداری كۆبوونەوەكەی نەكردووە، زانیارییەكان باس لەوە دەكەن نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ كۆبوونەوەكەی پیرمام نەبووەو پێی باش بووە ئەگەر كۆبوونەوە بكرێت لەسەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بێت و ەوكات بەشێكی سەركردەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانیش بەشدار دەبن، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ توندبوونەوەی گرژییەكانی نێوان هەولێر و بەغداد نەبووەو داوای كردووە گفتوگۆبكرێت بۆ ئەوەی دۆخەكە هێوربكرێتەوەو سەرجەم نەخرێتە سەبەتەی یەك لایەن و ئاراستەوە. رۆژی پێنجشەمەی رابردوو مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیەندروێكی لەسەر بڕیاری راگرتنی موەی موەخۆرانی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوەو دەڵێت، ئەگەر تا پێش جەژنی پیرۆزی قوربان ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕەوانە نەکرێت هەڵوێستی جدیمان دەبێت و ڕایدەگەیەنین.
(درەو): فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان سكاڵایەكی یاساییان تۆماركردووەو داوای ئەوە دەكەن لەڕێگەی فەرمانێكی (سالاریی)ەوە، تەیف سامی دەكەن بە ناردنی موچەو؛ هاوكات داوای تەوتینكردنی موچەكانیان دەكەن، دادگای فیدراڵی وەڵامی داونەتەوەو دەڵێ لە نزیكترین كاتدا بڕیاری لێ دەدەین. دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەبارەی چارەنوسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كە كەوتوەتە كێژاوی ناكۆكییەكی نوێی نێوان هەولێرو بەغداد، روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە. لەروونكردنەوەكەدا، دادگای فیدراڵی ئاشكرایكردووە كە ئەمڕۆ سکاڵایەکی یاسایی لەلایەن فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە سەبارەت بە داواکاری بەردەوامی خەرجکردنی موچە لە هەرێمی کوردستان و لەوادەی دیاریكراودا تۆماركراوە، بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی ژمارە (٢٢٤ و یەکگرتووەکەی ٢٦٩/فیدراڵی/٢٠٢٣ لە ٢/٢١/٢٠٢٤). دادگای باسلەوە دەكات، لە سكاڵاكەیاندا، فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان داوای دەرکردنی فەرمانێکی سالاریی (وەلائی) دەكەن بۆ پابەندكردنی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە پێدانی موچە لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی؛ كە هەردوو سەرۆکی حکومەتی فیدراڵ و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان - عێراق پابەند دەكات بە تەوتینكردنی موچەی فەرمانبەرانی سەرجەم وەزارەت و پارێزگاو لایەنە نەبەستراوەكان بە وەزارەت و سەرجەم فەرمانبەرانی لایەنە حكومییەكانی ترو خانەنشینان و سودمەندانی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی لە هەرێم، لە بانكە حكومییە فیدراڵییەكانی دەرەوەی هەرێم و بڕینی ئەم پارەیە لە پشكی هەرێم بەگوێرەی یاسای بودجە. سكاڵای فەرمانبەرانی هەرێم بە ژمارە (١٠٤/فیدراڵی/٢٠٢٥) تۆماركراوەو دادگا رایگەیاندووە، لەزووترین كاتدا بڕیاری لەسەر دەدات. تەیف سامی وەزیری دارایی فیدراڵی ناردنی موچەی مانگی 5ی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی راگرتووەو دەڵێ بەپێی یاسای بودجەی سێ ساڵە، هەرێم پشكی خۆی لە بودجەی گشتیی فیدراڵ وەرگرتووە، حكومەتی هەرێمیش دەڵێ حساباتەی تەیف سامی هەڵەیەو خەرجی هەرێمی لەسەر خەرجی راستەقینەی عێراق ئەژماركردووە هەروەها حساباتی هەڵەی بۆ داهاتە نەوتیی و نانەوتییەكانی هەرێم كردووە.
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) (دوابەش) کۆتابەشی ئەم نووسینە بە بۆچونێکی فەیلەسوفی فەرەنسی، میشێل فوکۆ، دەستپێدەکەم کە لەیەککاتدا دژ بە بێهیوایی و تەسلیمبوون و هیچنەکردنێکی نەهلیستییانە و دژ بە یۆتۆپیاگەرایی و دیدگای نامێژوویی و ناپراکتیکیشە. فوکۆ لەم ڕووەوە دەنووسێت: «لە کۆمەڵگاکەتدا بەدوای ئەوەدا بگەرێ کە باش و بەهێز و جوانە، لەوێوە دەستپێبکە و بیربکەرەوە. پاڵ بەو شتانەوە بنێ بەرە و دەرەوە و بەرەو پێشەوە، هەمیشە شتی تازە لەو شتانەوە دروست بکە کە پێشتر هەتە." ئەوەی فوکۆ لێرەدا دەیڵێت داواکردنی پەیوەندییەکی رەخنەگرانەیە بە ئێستاوە، دەستپێکردنە لەو «ئێستا»یەوە کە هەیە و لەئارادایە، بە مەبەستی گۆڕانکاریی و رۆیشتن بەرەو پێشێەوە، نەک ڕەتکردنەوەیەکی سەرتاسەریی و هەمەلایەنەی ئەو ئێستایە. لای فوکۆ هەموو ئێستایەک شتی باش و بەهێز و جوانی تێدایە و ئەوەی پێویستە ئەنجامبدرێت بەهێزتر و باشتر و جوانترکردنی ئەو شتانەیە. لەباتی ئەوەی هەوڵی لەناوبردنی هەموو شتێک لەو ئێستایەدا بدرێت، پێویستە سەرەتا رەگەزە باش و بەهێز و جوانەکانی ناو کۆمەڵگاکە بدۆزرێنەوە، ئینجا گەشە بەو رەگەزانە بدرێن و بەرەوپێشەوە ببرێن، نەک تەسلیمبوون بە هیچنەکردنێکی نەهلیستیانە، یان پێشنیارکردنی کۆمەڵێک یۆتۆپیای ڕەها داوای ئەوەبکات لە خاڵی سفرەوە دەستپێبکەین. پاڵنان بەو شتانەوە کە لە ئێستاد باش و بەهێز و جوانن بەرەو پێشەوە، مانای هەوڵدان بۆ دروستکردنی شتێکی نوێ، یان قووڵکردنەوە و گەورەکاردنی ئەو رەهەندە باشانەی ناو ئێستای کۆمەڵگاکە و بەکارهێنانیان وەک کەرەستەی خاو بۆ گۆڕانکاریی و تازەکردنەوەی زیاتر و هەمەلایەنتر. ئەنجامدانی ئەم ئەرکانە ئەو ئاکارەیە کە کردەی داهێنەرانەی شۆڕشگێڕ و گۆڕانخوازیی مێژوویی لە مۆدێلی یۆتۆپی و ئەبستراکت و نامێژوییی جیادەکاتەوە. ئەم جۆرە دیدگایە، جگە لەوەی دیدگایەکی مێژوویی کۆنکریتە، هاوکات ئەلتەرانتیڤی دوو جۆر دیدگای زیانبەخشیشە. یەکەمیان نیهلیزم کە رەتکردنەوە و باوەڕنەبوونە بە هیچ شتێک. دووهەمیان ئایدیالیزمێکی یۆتۆپیانەی بێبناغە و نامێژوویی. ئێستا با بگەڕێینەوە سەر بڕیارەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ وازهێنان لە خەباتی چەکداریی و خۆهەڵوەشاندنەوەی خۆی وەک پارتێک کە زیاد لە چل ساڵە ئەرکی خەباتی چەکداریی جێبەجێکردوە. بە بۆچوونی من ئەم بڕیارە بڕیارێکی مێژوویی عەقڵانیی و دروستکەرانەیە، دەکرێت هەنگاوی یەکەمی هێنانەکایەی «سەرەتایەکی تازە»ی خەباتکردن بێت بۆ دروستکردنی سەردەمێکی نوێی خاڵیی لە بەشێکی زۆری ئەو کێشانەی لە سەد ساڵی ڕابردوودا لە پەیوەندییدا بە پرسی کوردەوە لە تورکیادا، لەئارادا بووە. پەکەکە بزوتنەوەیەکی سیاسییە هەڵگری پرۆژەی خەباتی ڕزگاریخوازانەی میلەتێک کە تا چەند ساڵێک لەمەوبەر نکوڵی لەبوون و ماف و خواستەکانی لە تورکیادا دەکرا. پەکەکە هێزی بەدەستهێنانی ئیعتیراف و دانیپیانانێکی سیاسیی و دیموکراسییانە بوو، بە مافی بوونی ئەو میلەتە و بەو مافانەشدا کە پابەستن بەبوونی ئەو میلەتەوە وەک میلەت لەناو تورکیادا. لە ساڵی ٢٠٠٠دا پەکەکە بە فەرمی لە بزوتنەوەیەکەوە کە «خەباتی رزگاریی نیشتیمانی»دەکات گۆڕا بۆ بزوتنەوەیەک کە دەخوازێت «کۆماری دیموکراسی تورکیا» دروستبکات. لەناو تورکیا خۆیشیدا، بە تایبەتی لە ساڵی ٢٠٠٥ ەوە، کۆمەڵێک گۆڕانکاریی لە پەیوەندیدا بە مەسەلەی کوردەوە لەدایکدەبێت، کە پێشتر لە تورکیادا بوونی نەبووە و مەحاڵ بووە بیریلێبکرێتەوە. لەم قۆناغە تازەیەدا بۆ یەکەمجار دان بە بوونی پرسی کورد لە تورکیادا دەنرێت. دووساڵ دواتر، لە ساڵی ٢٠٠٧ دا، ئەو پرۆسەیە لەدایکدەبێت کە ناوی «کرانەوەی دیموکراسیی»، Democratic Opening، لێدەنرێت. لەم کرانەوەیەدا پێ لەسەر سێ شت دادەگیرێت. یەکەم، گەشەدان بە دیموکراسیەت لە تورکیادا. دووهەم، گەشەدان بە مافەکانی مرۆڤ. سێهەم، گەشەدان بە مافە ئەتنی و کولتورییە ناوچەییەکانی ناو تورکیا. دەرەنجامە سەرەتاییەکانی ئەم گۆڕانکارییانە لە پەیوەندیاندا بە پرسی کوردەوە بریتین لە: پەخشکردنی بەرنامە بە زمانی کوردی لە تەلەفیزیۆندا. کردنەوەی دەرگا بە ڕووی نووسین بە زمانی کوردیدا. ئەنجامدانی دانوسان لەگەڵ پەکەکەدا. لە ساڵی ٢٠٠٩ ئەو شتە لەدایکدەبێت کەناوی «دەستپێشخەری کوردیی»، ‘Kurdish Initiative’ لێدەنرێت. ئەم دەستپێشخەریەش خۆی لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانەدا بۆ پرسی کورد لە تورکیادا، دەبینێتەوە. هاوکات قسە لە داماڵینی چەک لە پەکەکە دەکرێت. لە ساڵی ٢٠١٤ بەدواوە ڕێ بە بەکارهێنانی ناوە کوردییەکان لە تورکیادا دەدرێت و ناوی ئەو گوند و شارۆچکە کوردییانەی کە کرابوون بە تورکی، سەرلەنوێ دەکرێنەوە بە کوردیی. هەروەها بە فەرمی قبووڵدەکرێت کە زمانی کوردیی لە هەڵمەتی هەڵبژاردن و پروپاگەندەی سیاسی و لە کۆڕ و کۆبوونە سیاسییەکاندا، بەکاربهێنرێت. کردنەوەی قوتابخانەی تایبەتیش بە زمانی کوردیی ڕێگای پێدرا. ئەم گۆڕانکاریانە وا لە ئۆچ ئالان دەکات لە ساڵی ٢٠١٣دا بڵێت: «هیواکان بەرزن، قۆناغێکی نوێ لە خەباتی ئێمەدا دەستپێدەکات. ئێستا دەرگا کراوەتەوە بۆ قۆناغێک تیایدا ئێمە لە خەبات و بەرگریی چەکدارییەوە دەگوازینەوە سەردەمی خەباتی سیاسیی دیموکراسیانە». هەموو ئەمانە دوو پاڵنەری سەرەکیی دەیبردن بە ڕێوە. یەکمیان هاندان و دەستخۆشیکردنی یەکێتی ئەوروپا بوو، کە ئەو جۆرە چاکسازییانە بەشێکیش بوون لەو چاکسازییە ناوەکییانە کە تورکیا پێویست بوو بۆ ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپادا، ئەنجامینبدات. دووهەمیان سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی بوو لە تورکیادا، لەلایەن ئاکەپە، پارتەکەی ئەردۆغانەوە. ناسنامەیەک دەیخواست شوێنی کەمالیزم بگرێتەوە، بەمەش هەم ئیسلام گرنگییەکی تایبەت و هەم ڕابردووی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی پێگەیەکی تایبەت وەربگرن. بەڵام تەریب بەو گۆڕانکارییە پۆزەتیڤ و خاڵە بەهێز و باشانە، هاوکات گۆڕان بەرەو دروستکردنی دەسەڵاتێکی دەسەڵاتگەری تاکەکەسیی بەڕێوەدەچوو، کە تیایدا ئەردۆغان دەبوو بە تاکە حوکمرانی وڵاتەکە و کەسایەتی ئەو دەچووە شوێنی بەشێکی زۆر لە دەزگا سەرەکییەکانی وڵاتەکە. ئەم دەسەڵاتگەرێتییە شەخسییە، وەکچۆن بەشە عەلمانیی و نادینییەکەی تورکیای پەراوێزدەخست، هاوکات بەگژ ئەو بەشە دینییەی تورکیاشدا دەچووەوە کە لەژێر کۆنترلی ئەردۆغاندا نەبوو، بەگژاچونەوەی گولەنییەکان بە نموونە. لە پەیوەندیشیدا بە کوردەوە دۆخەکە بەرەو درێژەدان دەچوو بە هەمان قۆناغی نیشتەجێکردنی پرسی کورد لەناو چوارچێوەی تێرۆر و بەگژاچوونەوەی تێرۆریزمدا. بەمەش بەشێکی زۆری ئەو دەستکەوتانەی کە بەدەستهێنرابوون جارێکی دیکە پاشەکشیان لێکرا. یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی پرسی کورد لە تورکیادا لەوەدایە کە ئەم پرسە کێشەکانی تەنها لەگەڵ «دەوڵەتی فەرمی» لە تورکیادا نییە، بەڵکو پرسێکە لەگەڵ «دەوڵەتی قووڵ» و لەگەڵ فۆرمێکی زۆر پەڕگیری ناسیۆنالیزمیشدا، دەرگیرە. ئەمەش وادەکات چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا تەنھا بە خواست و ئیرادەی دەوڵەتەوە گرێنەدرابێت، بەڵکو خواست و ئیرادەی دەوڵەتی قووڵ و خواست و ئیرادەی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگای تورکیی خۆیشی، کە ناسیۆنالیزم شوناسی ژمارە یەکیانە، پێویستبێت. هاوکات «دەوڵەتی قوول» لە تورکیادا تەنها کۆمەڵێک گروپی مافیایی و دەسەڵاتخوازیی ڕێکخراو نییە، تەنها تۆڕەکانی تاوانی ڕێکخراو نییە، تەنها گەندەڵیی و بوونی ئابورییەکی قاچاغی نافەرمی نییە، تەنها شێوازی کوشثنی گۆترە و وونکردنی بێداوەریکردن نییە. دەوڵەتی قووڵ لە تورکیادا جۆرێک لە زیهنیەت و عەقڵیەتی دیاریکراویشە، تێکەڵەیەکە لە «زیهنیەت»ێکی ناسیۆنالیستانەی پەڕگیر و «دیدگا»یەکی میلیتاریستیی پەلاماردەر و هێرشبەر. خودی ناسیۆنالیزم خۆیشی لە تورکیادا زۆر زیاترە لەوەی تەنها هێما بۆ زیهنەیت و دیدگایەکی سیاسیی بکات، واتە زیاترە لەوەی تەنها ئایدیۆلۆژیایەک بێت لەپاڵ ئایدیۆلۆژیەکانی تردا، بەڵکو «سیستمێکی هێمایی» و «ئەخلاقیی» بەرفراوانە، هێما بۆ دڵسۆزبوون و نیشتیمانپەروەربوونێکی پەڕگیر و بۆ ئینتیمایەکی بیمار و پاسۆلۆژی بۆ نەتەوەیەکی بە مەزن و فووتێکراو، دەکات. لەراستیدا ناسیۆنالیزم لە تورکیادا پێشمەرجی هاووڵاتیبوونە، بە مانایەک لە ماناکان پێشمەرجی مرۆڤبوونیشە. هەستێکی هێجگار بەهێز و بیماری ئینتیماکردنە. یەکێک لە رەگەزە سەرەکییەکانی ئەم زیهنیەت و سایکۆلۆژیا ناسیۆنالیستییە رقبوونەوەیە لە کورد و کوردبوون و مامەڵەکردن و وێناکردنی کورد و کوردبوونە وەک دوژمن و هەڕەشەیەکی وجودی لەسەر دەوڵەت و کۆمەڵگای تورکیی. لە تورکیای ئەم چەند دەیەی دواییدا تەحەدای عەلمانیەت و کەمالیزم، کراوە، بەڵام تا ئەم ساتەش تەحەدای ناسیۆنالیزم نەکراوە. لێرەوە خەباتی سیاسیی کورد لە تورکیادا لەیەککاتدا خەباتە دژ بە مەیلە دەسەلاتگەرەکانی دەولەتی فەرمی، خەباتە دژ بە جیهانە نهێنی و داخراوەکەی دەوڵەتی قووڵ و خەباتیشە دژ بەو زیهنیەت و مانایانەی ناسیۆنالیزم لە تورکیادا لەخۆی گرتوە. ئەمەش ئەرکێکی هێجگار قورس و سەخت و هەمەلایەنە، ساڵانێکی درێژی خەباتی مەدەنیی و سیاسیی بێماندبوونی پێویستە. بەگژاچوونەوەی دەوڵەتی فەرمی و دەوڵەتی قووڵ و بونیادە زیهنی و سایکۆلۆژییەکەی ناسیۆنالیزمی تورکیی، شتێک نییە بە خەباتی چەکداریی بکرێت. هیوادارم عەقڵانیەتی بڕیاردانی پەکەکە لەسەر کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی و گواستنەوە بۆ خەباتی مەدەنیی و سیاسیی، لە وێناکردنی ئەو دیمەنە سەختە و بوونی ئەو خاڵ و ئەگەرە باش و بەهێزانەدا بێت کە هێمام پێکردن. نەک لەناو ئەو دیدگا ئیادیۆلۆژییە یۆتۆپییەوە هاتبێت کە ئۆچ ئالان لە ساڵانی زیندانیکردنەکەیدا بەرهەمیهێناوە. لەوانەش بۆ نموونە، دۆزینەوەی ئەلتەرناتیڤ بۆ «مۆدێرنەی کاپیتالیستیی»، یان «کۆتاییهێنان بە مۆدێلی دەوڵەت نەتەوە»، یاخود «هێنانەکایەی شارستانیەتێکی تازە» و دروستکردنی سیستمێکی «کۆنفیدرالی دیموکراسیی» لە تورکیا و ناوچکەدا. بە بۆچوونی من ئەم دیدگا ئایدیۆلۆژییە یۆتۆپییە نامێژووییە، دوور و نزیک، پەیوەندیی بە پرسی کوردەوە نییە. ئەوە ئەرکی پرسی کورد لە تورکیاندا نییە، مۆدێرنەیەکی تر و شارستانیەتێکی تر دروستبکات، یان کۆتایی بە کاپیتالیزم بهێنێت و سیستمی دەوڵەت نەتەوە لە جیهاندا بسڕێتەوە. لەراستیدا ئەو کەمە قسە و لێدوانانەی ئۆچ ئالان کە گەیشتۆتە دەستی میدیاکان، لە پەیوەندیدا بە کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکدار و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکەوە، هیچ هێمایەکانی تێدا نییە بۆ ئەو پرۆژە ئایدیۆلۆژییە یۆتۆپییە کە ئۆچ ئالان ساڵانێکە بەرگری لێدەکات. ئۆچ ئالان باس لە پرسی دروستبوونی «گرێبەستێکی تازە» لە تورکیادا دەکات. بەڵام چۆنیەتی قسەکردن لەم گرێبەستە پێشنیارکراوە و زمانی ئەم قسکردنە هێما بۆ هۆشیارییەکی سیاسیی قەیراناوی و بەدحاڵیبوونێکی سیاسیی گەورە، دەکات. ئۆچ ئالان دەڵێت: «پێویستمان بە گرێبەستێکی نوێیە بۆ یاسای برایەتی. ئەوەی ئەنجامی دەدەین نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی گەورەی پارادایم دەکەن. جەوهەری پەیوەندی تورکیا و کورد تەواو جیاوازە، ئەوەی دەشکێت پەیوەندی برایەتییە. براکان شەڕ دەکەن، بەڵام كەس بەبێ ئەویتر ناژی. ئێمە خەریکی پاککردنەوەی تەڵە و مینەكانین، یەك لە دوای یەك، رێگاو پردە روخاوەكان چاکدەكەینەوە كە ئەم پەیوەندییە تێکدەدەن.» ئەوەی کورد بە تورک و بە دەوڵەتی تورکیاوە گرێئەدات پرسی برایەتیی و پەیوەندیی براکان بەیەکەوە نییە. بەڵکو پرسی بوونی ماف و بەرپرسیارێتی یەکسان و پرسی ڕێزگرتنی سیاسیی و کولتوریی و زەلیل و گرگن نەکردنی یەکترییە. پرسی دروستکردنی ژیانێکی هاوبەش و گشتییە هەمووان لەناویدا هاوڵاتی خاوەن ماف و بەرپرسیارێتی یەکسانبن. ئەوەی پەیوەندییەکانیان رێکدەخات برایەتی و لەوێشەوە ئەندامبوون لەیەک خێزاندا نییە، بەڵکو مەسەلەی هاوڵاتیبوونی یەکسان و داننانی سیاسییە بە ماف و بەرپرسیارێتییە یەکسان و هاوبەشەکاندا. پەیوەندیی کورد و تورک لەگەڵ یەکتریدا، پەیوەندیی بەشە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگای کوردی و کۆمەڵگای تورکیش لەناو خۆیاندا، پەیوەندیی نێوان بەشە جیاوازەکانی هەر کۆمەڵگایەکیش لەگەڵ یەکتریدا، دیسانەوە پەیوەندیی برایەتیی و خزمخواهیی نییە، بەڵکو پەیوەندیی سیاسیی و یاسایی و دەستورییە. ئەوەی دەبێت رووبدات بوون بە برای یەکتری کورد و تورک نییە، بەڵکو کۆتاییهێنانە بە یەک سەدە نکوڵیکردن لە کوردبوونی ملیۆنان مرۆڤ لە ناو سنوورەکانی دەوڵەتی تورکیادا و داننانە بە مافە تایبەت و هاوبەشەکانی یەکتریدا. سڕینەوەی چوارچێوەی تێرۆر و هەڕەشەکردنە بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردنی پرسی کورد، جێگرتنەوەشی بە چوارچێوەی ماف و داننان بەیەکتریدا وەک بەشی جیاواز و لەیەکنەچووی دانیشتوانی ناو وڵاتێکی هاوبەش. هیچ دەوڵەتێکی فرەئەتنیی و فرەکولتور و فرەزمان پەیوەندییە ناوەکییەکانی لەسەر بنەمای برایەتی و پەیوەندیی خوێن و خزمخواهیی رێکناخات، بەڵکو لەسەر بنەمای بوونی مافی سیاسیی و یاسایی و دەزگایی و دەستوریی رێکیان دەخات. نەتەوە خۆیشی وەک یەکەی سەرەکیی ناو دونیای ئەمڕۆ کۆمەڵەیەکی خێزانیی یان کولتوریی نییە، بەڵکو کۆمەڵەیەکی سیاسیی خەیاڵکردە کە ماف و بەرپرسیارێتی هاوبەش و یەکسان پەیوەندییەکانیان رێکدەخات. لەزۆر ڕووەوە ئەم زمانی بەخێزانیکردن و بەخزمخواهیکردنی پەیوەندییە سیاسییەکان، نەک گۆڕانی پارادیم نییە، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی فیودالیزمی سیاسیی. بە کورتی، بڕیاری وازهێنان لە خەباتی چەکداریی بڕیارێکی عەقڵانیی و ستراتیژیی گرنگە، پێویستی بە بەرگریلێکردن و گەشەپێدان هەیە. ئەم بڕیارە دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ ببینێت لە گۆرینی ناوچە کوردنشینەکانی باکور لە «سەربازگە»ەوە بۆ کۆمەڵگایەکی ئاسایی، ئەمەش دەسکەوتی ژمارە یەکی ئەم وازهێنانەیە لە خەباتی جەکداریی. دوای ئەوە کارکردنی سیاسیی و مەدەنی بەردەوام و سەخت بۆ گۆرینی رای گشتی لە تورکیادا، کە ماوەی سەدەیەکە لەپاڵ نکوڵیکردن لە کورد و کوردبووندا دروستدەکرێت و دەپارێزرێت. سێهەم لەباتی دروستکردنی مۆدێرنەی ناکاپیتالیستی و نەهێشتنی مۆدێلی دەوڵەت نەتەوە، بەکار هێنانی ئەو پێگە باش و بەهێزانەیە کە لە پەیوەندیدا بە پرسی کوردەوە لە تورکیادا دروستبوون. هەموو ئەمانە بە مەبەستی گەورەترکردنی رووبەرەکانی ئازادیی، تەحەداکردنی ستەم و بێمافی، گەشەدانی زیاتر و زیاتر بە رێزگرتنی مرۆڤ، سڕینەوەی دەزگا و میکانیزمەکانی ئیهانە و زەلیلکردن، گەورەکردنی سنوور و رووبەرەکانی سەربەخۆبوون، بەرهەمهێنانی هەقیقەتی کۆمەڵایەتی باشتر و ئینسانیتر، هتد.. بە هیوای سەرکەوتنی ئەم پرۆسە مێژوییە ئالۆز و سەخت و فرەلایەنە.
(درەو): وەزارەتی نەوتی عێراق یەكەم بیر بەمەبەستی دۆزینەوەی نەوت و غاز لە سنوری كفری هەڵدەكەنێت، وەزارەت گرێبەستی هەڵكەندنی ئیمزا كردو وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم بێدەنگە. وەزارەتی نەوتی عێراق گرێبەستی هەڵكەندنی بیری "كفری أ "ی لە سنوری قەزای كفری سەربە ئیدارەی هەرێمی كوردستان (ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیی) ئیمزا كرد. گرێبەستەكە لەنێوان كۆمپانیای هەڵكەندنی عێراق و كۆمپانیای گەڕان بەدوای نەوت و كۆمپانیای نەوتی باكور ئیمزا كرا. حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق كە ئەم رۆژانە دژی گرێبەستە نەوتییەكانی مەسرور بارزانی لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان وەستاوەتەوە، خۆی سەرپەرەشتی پرۆسەی ئیمزاكردنی گرێبەستی هەڵكەندنی بیرەكەی سنوری قەزای كفری كرد. وەزیری نەوت وتی: وەزارەت بە ئیمزاكردنی ئەم گرێبەستە، دەستیكرد بە جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت بۆ هەڵكەندنی 15 بیر بەمەبەستی دۆزینەوەی نەوت. باسم محەمەد خزەیر بریكاری وەزیری نەوتی عێراق بۆ كاروباری دەرهێنانی نەوت دەڵێ: پێشبینی هەیە بۆ ئەوەی بیرەكەی كفری نەوتی سوك و غازی تێدا بێت. حەسەن محەمەد حەسەن بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای هەڵكەندنی نەوتی عێراقیش ئاماژەی بەوەكرد، كاری هەڵكەندنەكە بۆ بەرژەوەندی كۆمپانیای نەوتی باكور دەبێت و ئامانج لێی زیادكردنی ئەگەرەكانی هایدرۆكاربۆنە لەناوچەی هەڵكەندنی بیرەكە، كە یەكەم بیر دەبیت لەناوچەكە هەڵبكەندرێت. عامر خەلیل بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای نەوتی باكوریش قسەی كردووەو وتوویەتی:" ئیمزاكردنی گرێبەستەكە لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەتدایە بۆ بەهێزكردنی ئەمباری هایدرۆكاربۆنی كۆمپانیای نەوتی باكور لە پارێزگای سەلاحەدین و كۆمپانیاكەیان پشتیوانی لۆجستی دەكات بۆ تەواوكردنی پرۆسەی هەڵكەندنەكە بەشێوەیەكی سەركەوتووانە.
د. دیاری شێخ جلال، ڕاوێژکاریی دارایی و بانکی بۆچی کارتی پارەدانی ئەلیکترۆنی ژمارەیەکی زۆر لە بانکە عێراقییەکان لە دەرەوەی عێراق کە لە ١ ی ٦ دەست پێدەکات ڕادەگیرێت؟ ئەگەر بۆ گەشتکردن یان بازاڕکردنی ئۆنلاین لە ماڵپەڕە بیانییەکانەوە پشت بە کارتی بانکی خۆت دەبەستیت، پێویستە ئاگاداربیت کە: لە یەکی حوزەیرانەوە زۆربەی کارتەکان لە دەرەوەی عێراق کارەکانیان ڕادەگرن ئەمەش واتە: ناتوانیت لە ماڵپەڕە بیانییەکانەوە بازاڕ بکەیت لە دەرەوەی عێراق ناتوانیت پارە لە ATM وەربگریت ناتوانیت کارتەکەت لە خاڵەکانی فرۆشتن لە دەرەوەی وڵات بەکاربهێنیت. - هۆکارەکەی چییە؟ لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ەوە کارت بووەتە ئامرازێک بۆ گواستنەوەی پارە بۆ دەرەوەی وڵات بە ڕێژەیەکی نزیک لە نرخی فەرمی ئاڵوگۆڕی دۆلار، ئەمەش فشارێکی بەرچاوی لەسەر یەدەگی دراوی بیانی دروست کردووە. خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە خەرجی دەرەکی بە بەکارهێنانی کارت ساڵانە گەیشتووەتە ١٠-١٢ ملیار دۆلار! - چی گۆڕاوە؟ بانکی ناوەندی بڕیاری گۆڕینی میکانیزمە کۆنەکەی داوە. لە ئێستادا بانکەکان دەبێت باڵانسی کارتی دۆلاری ئەمریکی ڕاستەوخۆ بۆ ڤیزە و ماستەرکارد تەنها لە ڕێگەی بانکە پەیوەندیدارەکانی ئەمریکاوە پڕبکەنەوە. - کێشەکە؟ زۆربەی بانکە عێراقییەکان حسابیان لەگەڵ ئەو بانکانەدا نییە، هەربۆیە ناتوانن باڵانسی کارتەکانیان پڕبکەنەوە. بۆیە خزمەتگوزارییەکانیان لە دەرەوەی عێراق ڕادەگیرێت. - ئەم دۆخە تاکەی بەردەوام دەبێت؟ تا میکانیزمی تر بۆ پرۆسەی پڕکردنەوەی کارتەکان نەدۆزرێتەوە، هیچ چارەسەرێک بۆ ئەم کارتە ئەلیکترۆنییانە نامێنێت. زۆربەی بانکە عێراقییەکان کاردەکەن بۆ کردنەوەی هەژمار لە بانکە پەیوەندیدارەکانی ئەمریکا بۆ ئەوەی باڵانسەکانیان بە ڤیزە و ماستەرکارد پڕبکەنەوە.
درەو: (ئاییندەی ژینگە) گۆشەیەكی هەفتانیە مەعروف مەجید سەرۆكی رێكخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە رۆژانی شەممە بۆ (درەو) دەینوسێت 🔻 هەموو ساڵێک لە ڕۆژی 31ی ئایار ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەکێشان و بەکارهێنانی توتن لەسەر ئاستی جیهان بەڕێوە دەچێت؛ 🔹 لە عێراقدا ساڵانە دوو ترلیۆن دینار بۆ جگەرە خەرج دەکرێت. 🔹 بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی عێراق لە ساڵی 2024، "لە عێراق لە هەر (10) خولەکێکدا کەسێک بەهۆی جگەرەوە گیان لەدەست دەدات ، ژمارەی جگەرەکێشان گەیشتووەتە (22%)ی دانیشتوانی عێراق، واتە نزیکەی(10 ملیۆن) جگەرەکێش". 🔹 بەپێی ئامارەکانی (کۆمەڵەی نەهێشتنی جگەرە کێشان) لە هەرێمی کوردستان (۳٥% تا ٤۰%)ی لە هەرێم جگەرە کێش هەیە، تەمەنیان لە نێوان (۱۲ تا ۷۰) ساڵیدایە. 🔹 ئەگەر کەسێک لە تەمەنی (۱٥) ساڵییەوە تا تەمەنی (60) ساڵی بە بە شێوەیەکی مامناوەند کە ڕۆژانە تەنها (1) پاکەت جگەرە بکێشێت و هەر پاکەتێک بە تەنها (1000)دیناری پێبدات، ئەو لە (45) ساڵدا (16 ملیۆن و 200 هەزار) دیناری بۆ جگەرە خەرجکردووە. 🔹 بەرزترین پاڵنەر بە ڕێژەی (45%) هاوڕێی جگەرە کێش هۆکارە بۆ جگەرە کێشان. ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەو توتن هەموو ساڵێک لە ڕۆژی ٣١ی ئایار ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەو توتن لەسەر ئاستی جیهان بەڕێوە دەچێت، جگەرە لەسەر ئاستی جیهان هۆکارێکە بۆ مردن، پیسبوونی ژینگه و چەندین نەخۆشی تر، ئەمساڵ ڕۆژەکە لە ژێر دروشمی (ئاشكراكردنی فێڵی فریودان) بەڕێوەدەچێت. ئەم دروشمە، فێڵ و هەڵخەڵەتاندنەكانی كۆمپانیاكانى توتن ئاشكرا دەکات كە بۆ ڕاكێشانی گەنجان و بەكارهێنەری نوێ بەكاردەهێنرێت، وەك ڕیکلامە فێڵكارەكان، بەكارهێنانی تامە جیاوازەكان، یان نیشاندانی جگەرە وەك نیشانەیەكی پێگەیشتن. جگەرەکێشان لە عێراق ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ساڵی ۲۰۲٤ ڕایگەیاند کە عێراقییەکان ساڵانە زیاتر لە دوو ترلیۆن دینار بۆ جگەرە خەرج دەکەن. بەگوێرەی دوایین ئامار کە وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاشکرای کردووە لە ساڵی ۲۰۲٤، "جگەرەکێشان لە عێراق لە هەر ۱۰ خولەکێکدا کەسێک دەکوژێت، ژمارەی جگەرەکێشان لەماوەی دەیەی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و گەیشتووەتە (22%)ی دانیشتوانی عێراق، واتە نزیکەی( ۱۰ ملیۆن) جگەرەکێش". ئاماژەی بەوەشکردووە، "زۆرترین ڕێژەی پیاوان بەتایبەتی گەنجان و هەرزەکاران جگەرەکێشن، لە ئەنجامدا ئەم دیاردەیە دەبێتە هۆی چەندین کێشە، دیارترینیان کێشەی تەندروستی بەتایبەتی شێرپەنجە و بەرزی پەستانی خوێن، کە دەبێتە هۆی مردن. هاوکات زیانی ئابووریش بە خێزانەکان و وڵاتەکە دەگەیەنێت، بەو پێیەی عێراق بۆ کڕینی جگەرە ڕۆژانە شەش ملیار دینار خەرج دەکات و ساڵانە دوو ترلیۆن تێدەپەڕێنێت". بەم بۆنەیەوە وەزارەتی تەندروستی داوای لە حکومەت کردووە یاسای ژمارە (١٩)ی ساڵی ٢٠١٢ جێبەجێ بکات کە هەرکەسێک لە دامەزراوەکانی حکومەت، شوێنی داخراو، یان لە گواستنەوەی گشتیدا جگەرەکێشان گیرابێت، غەرامە دەکات. لە ساڵی ۲۰۱۲ پەرلەمانی عێراق یاسای قەدەغەکردنی جگەرەکێشانی لە شوێنە گشتییەکان و دامودەزگا حکومییەکان دەرکرد، لەوانەش سزا و غەرامەکردنی سەرپێچیکاران. بەڵام هێشتا یاساکە جێبەجێ نەکراوە. "بەهۆی بەرکەوتنی ناڕاستەوخۆ بە دوکەڵی تووتن، لەسەدا ( ٤٥%) عێراقییەکان بەدەست دوکەڵی دەستی دووەوە دەناڵێنن، لەکاتێکدا لەسەدا(20)عێراقییەکان کە تەمەنیان ١٨ ساڵ یان زیاترە، جۆرەها جگەرەی جیاواز دەکێشن. لە کۆتا کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە ۲۷ی ئایار ۲۰۲٥دا. رەزامەندی درا لەسەر ئەوەی وەزارەتی تەندروستی قەدەغەی سەر هاوردەکردنی جگەرەی ئەلیکترۆنی، نێرگەلەی ئەلیکترۆنی و توتنی گەرمکراو هەڵبگرێت، بەجۆرێک لەگەڵ یاسای بەرەنگاربوونەوەی جگەرەکێشان (١٩)ی ساڵی (۲۰۱۲) و یاسا کارپێکراوەکانی دیکە ناکۆک نەبێت. جگەرە و نێرگەلە لە هەرێمی كوردستان ساڵی ۲۰۰۷ پەرلەمانی كوردستان یاسایەكی پەسەندكرد بەناوی یاسای ژمارە (۳۱)ی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەكێشان، ساڵی ۲۰۰٨ یاساكە هەمواركرایەوەو بە بڕیارێك خرایەبواری جێبەجێكردن. بەپێی ئەو یاسایە، ریكلامكردن بۆ جگەرە لە هەرێمی كوردستان قەدەغەكراوەو سەرپێچیكار بە بڕێك پارە كە لە (٤۰۰ هەزار) دینار كەمتر نەبێتو لە (۲ ملیۆن) دینار زیاتر نەبێت سزادەدرێت، ئەمە سەرباری ئەوەی ریكلامەكەی پێ لادەبرێت. بەپێی ئامارەکانی (کۆمەڵەی نەهێشتنی جگەرە کێشان) لە هەرێمی کوردستان (۳٥% تا ٤۰%)ی لە هەرێم جگەرە کێش هەیە، لە تەمەنی (۱۲ تا ۷۰) ساڵ جگەرە کێش هەیە. بەپێی ڕاپرسی ڕێکخراوی ژیانی تەندروستی لە ۲۰۰٨: لە (٤۳%) جگەرە کێشەکان لە نێوان تەمەنی ۱٥ تا ۲٥ ساڵیدان، لە (۱٨%) جگەرە کێشەکان ئافرەتانن، لە (۳۲%) پزیشکان جگەرە کێشن، لە (۳%) زانایانی ئایینی جگەرە کێشن، لە (۳٦%) گەنجان نێرگەلە کێشن، لە (۲٥%) لە ناو قوتابیانی زانکۆ نێرگەلە دەکێشن. هۆکارەکانی زۆر بەکارهێنانی جگەرە لە هەرێمی کوردستان لە هەرێمی کوردستان بەکارهێنانی جگەرە و بەرھەمە توتنییەکان یەکێکە لە کێشە گەورەکانی تەندروستی گشتی، بە تایبەت لە ناو گەنجان و هەرزەکاران، بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕێژەی جگەرەکێشان لە نێو پیاواندا بەرزە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا ژنان و تەنانەت منداڵانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵیش بەشدارن لەم پەتایە، ئەویش بەهۆی؛ • هەرزانی نرخ، نرخی جگەرە لە هەرێمی کوردستان هەرزان و دەستککەوتنیشی ئاسان و بەردەستە، بە بەراورد بە وڵاتانی تر. • گەیشتن بە دەست هەموو تاکێک، بەهۆی بوونی جگەرە لە شوێنە گشتیەکان، و دەست کەوتنی لەلایەن تاکەکانی کۆمەڵ بە تایبەتی هەرزەکاران. • ڕیکلام و بازرگانی، ڕیکلام و بانگەشەکردن بۆ جگەرە لە ڕاگەیاندن و تۆڕە کومەڵایەتییەکان و شوێنە گشتییەکان. • کارنەکردن بە یاسا و ڕێنماییەکان، نەبوونی یاسای کاریگەر بۆ کۆنترۆڵکردنی فرۆشتن و بەکارهێنانی جگەرە، لە شوێنە گشتییەکان. جگەرە یەکێک لە هۆکار و مەترسییدارەکان بۆ سەر ژینگە 1. پیسبوونی هەوا: دوکەڵی جگەرە ماددەی کیمیایی زیانبەخشی تێدایە کە بەشدارن لە پیسبوونی هەوا و گۆڕانی کەشوهەوا. 2. پیسبوونی خاک: ئەو پاشماوانەی جگەرە کە لەسەر زەوی فڕێدەدرێن، خاکەکە بە ماددە کیمیاییە ژەهراویەکان پیس دەکەن و کاریگەری لەسەر گەشەی ڕووەکەکان دەبێت. 3. پیسبوونی ئاو: دزەکردنی پاشماوەی جگەرە بۆ ناو ڕێڕەوی ئاو و دەریا و زەریاکان ئاو پیس دەکات و زیان بە ژیانی دەریایی دەگەیەنێت. 4. دارستانبڕین: چاندنی تووتن پێویستی بە ڕووبەرێکی زۆری زەوی هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی بڕینی دارستانەکان و تێکچوونی زەوی. 5. کەمبوونەوەی سەرچاوە سروشتییەکان: پیشەسازی تووتن پێویستی بە بڕێکی زۆر ئاو و زەوی و وزە هەیە، ئەمەش بەشدارە لە کەمبوونەوەی سەرچاوە سروشتییەکان. 6. پاشماوەی ژەهراوی: پاشماوەی جگەرە و ئەو مادانەی کە لە دروستکردنی جگەرەدا بەکاردەهێنرێن، پاشماوەی ژەهراویین کە ژینگە پیس دەکەن. زیانە گشتیەکانی جگەرەکێشان 1. جگەرەکێشان زیانی هەیە بۆ تەندروستی مرۆڤ بەگشتی و دەبێتە هۆی نەخۆشییەکانی دڵ و سییەکان و شێرپەنجە. 2. جگەرەکێشان(هەڵمژینی دوکەڵی جگەرەی کەسانی دیکە) هەروەها زیان بە تەندروستی ئەو کەسانە دەگەیەنێت کە جگەرە ناکێشن. 3. جگەرەکێشان کاریگەری لەسەر کوالیتی ژیان دەبێت و لەشجوانی کەمدەکاتەوە. 4. جگەرەکێشان دەبێتە هۆی ئالوودەبوون بە نیکۆتین. 5. جگەرە زیانێکی بەرچاو بە ژینگە دەگەیەنێت. بەشدارن لە پیسبوونی هەوا و خاک و ئاو و کاریگەرییان لەسەر ژیانی ڕووەک و ئاژەڵان هەیە و سەرچاوە سروشتییەکان کەم دەکەنەوە. 6. بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی جگەرە کاریگەری نەرێنی لەسەر دارستان و ڕێڕەوی ئاوەکان هەیە و پاشماوەی ژەهراوی زیاد دەکات. 7. جگەرەکێشان یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن کە دەتوانرێت ڕێگری لێبکرێت لە سەرانسەری جیهاندا. 8. جگەرەکێشان زیان بە نزیکەی هەموو ئەندامێکی لەش دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی چەندین نەخۆشی درێژخایەن وەک شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی دڵ. زیانەکانی جگەرەکێشان بە ژمارە لە ساڵی ٢٠٢٥دا بازاڕی جگەرەی ئەلیکترۆنی گەشەیەکی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت و پێشبینی دەکرێت قەبارەکەی بگاتە (٢٧.٢ ملیار) دۆلار و پێشبینی دەکرێت ڕێژەی گەشەکردنی تا ساڵی ٢٠٣٣ بگاتە (٤١.٦ ملیار دۆلار)، لە هەمان کاتدا زۆرێک لە وڵاتان هەنگاو بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی تووتن دەگرنەبەر، (٥٦) وڵات پابەندن بە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی تووتن بە ڕێژەی ٣٠% بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٠. هەر بەپێی ئامارەکان ڕێژەی بەکارهێنانی تووتن لەسەر ئاستی جیهان: لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٢٢.٣%ی دانیشتوانی جیهان تووتنیان بەکارهێناوە، ٣٦.٧%ی پیاوان و ٧.٨%ی ژنان بوونە. بەکارهێنانی تووتن لەنێو ئافرەتان: لە ساڵی ٢٠١٨دا (٢٤٤ ملیۆن) ژن تووتنیان بەکارهێناوە. دەربارەی ڕێژەی مردنیش بەهۆی جگەرەوە، پەتاى تووتن تا ئێستاش مەترسیەکى گەورەى تەندروستى ماوەتەوە و ساڵانە زیاتر لە 8 ملیۆن کەس لە جیهاندا دەکوژێت، بەگوێرەى ئامارەکانی ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى. زیانە داراییەکانی جگەرەکێشان لەسەر تاک - ئەگەر کەسێک لە تەمەنی ۱٥ ساڵییەوە جگەرە بکێشێت بە شێوەیەکی مامناوەند کە ڕۆژانە ۲۰ جگەرە بێت ئەوا؛ ۲۰×۳۰ ڕۆژ = ٦۰۰ جگەرەی مانگانە دەکات. ٦۰۰×۱۲ مانگ = ۷۲۰۰ جگەرەی ساڵانە. ۷۲۰۰×٤٥ ساڵ = ۳۲٤۰۰۰ جگەرە لە تەمەنی. - هەر پاکەتێک ۲۰ جگەرەیە. ۳۲٤۰۰۰÷۲۰ = ۱٦۲۰۰ پاکەتی کڕیوە. ۱٦۲۰۰×۱۰۰۰ دینار = ۱٦۲۰۰۰۰۰ دینار. هۆکارەکانی جگەرە کێشان بەپێی چەندین توێژینەوە و ڕاپرسییەکان دەرکەوتووە هۆکارەکانی جگەرەکێشان: • (٤٥%) هاوڕێی جگەرە کێشە. • (۲٥%) نەزانینی زیانەکانی جگەرە و نێرگەلە. • (%۱۰) کاتی بێکاری. • (۱۰ %) تاقیکردنەوەیە. • (٥ %) خۆ بە گەورە زانینە. • (٥ %) دایک و باوکە. چەند ڕاستیەک دەربارەی جگەرە کێشان • جگەرەکێشان ساڵانە زیاتر لە ٨ ملیۆن کەس دەکوژێت، ئەمەش دەبێتە هۆی مردنی پەیوەست بە جگەرەکێشان لە هەر پێنج چرکەیەکدا، ملیۆنێک زیاتر لەوەی کە ساڵانە لە ئەنجامی HIV، سیل و مەلاریا بەیەکەوە ڕوودەدات. • بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO ئەمڕۆ لە جیهاندا یەک ملیار و ٣٠٠ ملیۆن جگەرەکێش هەن. • بە تێکڕا جگەرەکێشان ١٣ ساڵ لە تەمەنت دەبڕێت. ئەگەر تووشی ئایدز بوویت، ئەو ژمارەیە بۆ ١٦ ساڵ زیاد دەکات. • جگە لە شێرپەنجە، جگەرەکێشان ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک زۆر زیاد دەکات. • جگەرەکێشان کێشەیەکە کە زۆرترین زیان لە خەڵکی هەژار دەدات. لە ڕاستیدا، ٨۰ %ی جگەرەکێشەکانی جیهان لە وڵاتانی کەم دەرامەت تا مامناوەنددا دەژین. • لە پێنج جگەرەدا ئەوەندە نیکۆتین هەیە کە بە تێکڕا کەسێکی پێگەیشتوو بکوژێت، ئەگەر بە تەواوی هەڵبمژرێت، زۆربەی جگەرەکێشەکان بە تێکڕا ۱ بۆ ۲ میلیگرام نیکۆتین لە هەر جگەرەیەکدا هەڵدەمژن. • شێرپەنجەی سییەکان تاکە نەخۆشی شێرپەنجەیی نییە کە دەتوانیت بەهۆی جگەرەکێشانەوە تووشی ببیت. هەندێکی تریش بریتین لە شێرپەنجەی میزڵدان، خوێن، مۆخی ئێسک، ملی رەحم، قۆڵۆن، سورێنچک، گورچیلە، قوڕگ، جگەر، دەم، پەنکریاس، کۆم، گەدە و قوڕگ • دوکەڵی جگەرە زیاتر لە ٧ هەزار مادەی کیمیایی تێدایە کە ٧٠ لەو ماددانە ناسراون کە دەبنە هۆی شێرپەنجە
درەو: بڕیارە رۆژی یەكشەممە هادی عامری بە نوێنەرایەتی چوارچێوەی هەماهەنگی سەردانی بارزانی بكات لە پیرمام، پەیمانی بەغداد و چوارچێوەی هەماهەنگی دەگەیەنێتە بارزانی. پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بەشدارن لە هاوپەیمانێتی ئیدارەی دەوڵەت كە حكومەتیان پێكهێناوە، چوارچێوەی هەماهەنگی لە ئێستاداە توڕەیەن لە سیاسەتەكانی پارتی و گۆمانیان هەیە لە جموجوڵەكانی ئەم دوایەیان، بەتایبەتیش چوونە بەرەی ئەمریكا و رێككەوتنی گازی لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكیەكان و بانگەشەی گۆڕانكاری لە عێراق و كۆبوونەوەی نهێنی ئەمنی لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەكانی چەند وڵاتێكی ئیقلیمی، بۆیە سەردانەكەی هادی عامری یەكێك لە سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ روونكردنەوەی ئەو گومانانەیە كە لەسەر پارتی هەیانە. وەك لە بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی پارتیدا هاتووە،رۆژی دووشەممە 2/6/2025 كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئامادەیی مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی كۆدەبێتەوە، تەوەری سەرەكی گفتوگۆكردنە لەسەر بڕیارەكەی وەزیری دارایی عێراق تایبەت بە راگرتنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، چاوەڕوان دەكرێت ئەگەر پێ ئەو وادەیە دۆخەكە ئاسایی نەبێتەوە پارتی بڕیاری كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراق بدات (حكومەت و پەرلەمان)، ئەم هەنگاوە هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئەگەری ئەوەیە هەیە پارتی بەتەواوەتی بە حكومەت و پەرلەمانەوە بكشێتەوەو لەرێگەی پەرلەمانتاران و بەرپرسانیشیەوە ئامادەكاری بۆ دەكرێت. لە ئێستادا هەوڵێك هەیە بە ئاراستەی چارەسەركردنی ناردنی موچەی مانگی ئایاری موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و دۆزینەوەی میكانیزمی تر بۆ ناردنی مانگەكانی تر. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) چاوەڕوان دەكرێت پێش جەژن بڕیار بدرێت بە قەرز موچەی مانگی ئایاری موچەخۆرانی هەرێم بنێردرێت، ئەمەش بە بڕیاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەبێت. بەپێی رونكردنەوەكەی وەزارەتی دارایی عێراق چەند جارێك حكومەتی عێراق بڕی پارەی ناردووە بۆ هەرێم وەك قەرز ئەژماری كردووە. پارتی سبەینێ شەممە كۆبوونەوە لەگەڵ حزبە سیاسیەكان دەكات لە پیرمام، كۆبوونەوەكە لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسییەو سەرۆك و جێگرانی سەرۆكی پارتی بەشدار نابن تیایدا، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانیش بایكۆتی كۆبوونەوەكەیانكردو یەكێتی و بەشێك لەلایەنەكانی تریش لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی بەشدار دەبن و پارتی دەیەوێت رای لایەنەكان وەربگرێت و لەهەمانكاتدا پەیامی خۆشی بگەیەنێت سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ بەغداد.
درەو: پارتی دیموكراتی كوردستان بە بانگهێشتی فەرمی سەرجەم حزبەكانی ئاگاداركردووەتەوە بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەیەك لە پیرمام كە سبەینێ كاتژمێر (11) بەڕێوەدەچێت و سەبارەت بە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد و بڕیاری نەناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن وەزیری دارایی عێراقەوە، بەشێك لە حزبەكان بڕیاریان داوە بەشداری بەكەن و بەشێكی تریان بڕیاریان داوە بەشداری نەكەن. * ئەو حزبانەی بەشداری دەكەن - پارتی دیموكراتی كوردستان - یەكێتی نیشتمانی كوردستان - حزبی شیوعی كوردستان - حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان - بزوتنەوەی گۆڕان (كوردسات) * ئەو حزبانەی بەشداری ناكەن - جوڵانەوەی نەوەی نوێ - یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی - كۆمەڵی دادگەری كوردستان - بەرەی گەل - بزووتنەوەی گۆڕان (گردی زەرگەتە)
درەو: وەزارەتی دارایی عێراق پاڵپشت بە راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و عێراق داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستانی بڵاوكردەوە. بەپێی راپۆرتەكەی وەزارەتی دارایی عێراق داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان لە دوای وەستانی نەوت بە بۆری لە (2023 – 2024) دا بریتی بووە لە: • ساڵی 2023: (4 ترلیۆن و 708 ملیار و 587 ملیۆن و 855 هەزار) دینار • ساڵی 2024: (4 ترلیۆن و 706 ملیار و 430 ملیۆن و 390 هەزار) دینار داهاتی نەوتی هەرێم (2023 - 2024) نوسراوەكەی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بە داهاتی نەوتی هەرێم بۆ ساڵی (2025) نەكردووە، بەڵام بۆ ساڵانی (2023 - 2024) بە بڕی (9 ترلیۆن و 415 ملیار و 18 ملیۆن و 245 هەزار) دینار خەمڵاندراوە، بە جۆرێك لە ساڵی (2023) داهاتی نەوتی هەرێم بڕی (4 ترلیۆن و 708 ملیار و 587 ملیۆن و 855 هەزار) دینار بووە، لە ساڵی (2024) بڕی (4 ترلیۆن و 706 ملیار و 430 ملیۆن و 390 هەزار) دینار بووە، وەك لە چارتی ژمارە (1)دا هاتووە. لەدوای راگرتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بۆری لە 25/3/2023 ەوە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان نەوت بەرهەمدەهێنن، (درەو) لە مانگی یەكی ئەمساڵ راپۆرتێكی سەبارەت بە بەرهەمهێنان و فرۆشی نەوت و داهاتەكەی بڵاوكردەوەو تەواو نزیكە لەو ژمارەیەی كە وەزارەتی دارایی عێراق بڵاویكردووەتەوە " لە ساڵی 2024دا لە كێلگەكانی هەرێمی كوردستاندا رۆژانە (310 -320) هەزار بەرمیل نەوت فرۆشراوە، كۆی داهاتەكەی (4 ترلیۆن و 610 ملیار) دینار بووە، (2 ترلیۆن و535 ملیار ) دیناری بۆ حكومەت و (2 ترلیۆن و 74 ملیار ) دیناری بۆ كۆمپانیاكان بووە". دەقی راپۆرتەكەی (درەو) نەوت لە 2024 دا: زیاتر لە (110) ملیۆن بەرمیل فرۆشراوە بە (4) ترلیۆن دینار
درەو: وەزارەتی دارایی عێراق پاڵپشت بە خشتەو داتاكانی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێم، بڕی داهاتی نەوتی و نانەوتی و قەرزو ئەو تەمویلانەی خستووەتەڕوو كە لەبەردەستی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بووە، بە دوو خشتە داهاتەكانی بەردەستی حكومەتی هەرێمی خستووەتەروو: لە ساڵی 2023: كۆی داهاتەكانی بەردەستی حكومەتی هەرێم: 14 ترلیۆن و 699 ملیار دیناربووە. لە ساڵی 2024: كۆی داهاتەكانی بەردەستی حكومەتی هەرێم: 20 ترلیۆن و 164 ملیار دیناربووە كۆی گشتی داهاتەكانی 2023 – 2024: 34 ترلیۆن و 863 ملیار دیناربووە. ساڵی 2023: • داهاتی نەوتی: لە ساڵی (2023) داهاتی نەوتی هەرێم بڕی (4 ترلیۆن و 708 ملیار و 587 ملیۆن و 855 هەزار) دینار بووە • داهاتی نانەوتی: لە ساڵی (2023) داهاتی نانەوتی هەرێم بڕی (4 ترلیۆن و 656 ملیار و 554 ملیۆن و 483 هەزار) دینار بووە، • نەوتی و نانەوتی: لە ساڵی (2023) داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێم بڕی (9 ترلیۆن و 365 ملیار و 142 ملیۆن و 338 هەزار) دینار بووە • قەرزی بانكە حكومییەكانی عێراق: بڕی ( ترلیۆنێك و 600 ملیار) دینار • بڕی پارەی نێردراو لەلایەن بەغدادەوە: ( 3 ترلیۆن و 98 ملیار) دینار • كۆی داهاتی نەوتی و نانەوتی و قەرز و تەمویلاتەكان بۆ حكومەتی هەرێم لە 2023 دا: (14 ترلیۆن و 699 ملیارو 142 ملیۆن) دینار • پشكی هەرێمی كوردستان لە 2023 دا: (10 ترلیۆن و 567 ملیارو 893 ملیۆن و 338 هەزار ) دینارە • پارەی ماوە لای هەرێمی كوردستان لە 2023دا: ( 4 ترلیۆن و 131 ملیارو 249 ملیۆن و 213 هەزار) دینارە. ساڵی 2024: • داهاتی نەوتی: لە ساڵی (2024) بڕی (4 ترلیۆن و 706 ملیار و 430 ملیۆن و 390 هەزار) دینار بووە • داهاتی نانەوتی: لە ساڵی (2024) بڕی (4 ترلیۆن و 700 ملیار و 9 ملیۆن و 926 هەزار) دینار بووە • نەوتی و نانەوتی: لە ساڵی (2024) بڕی (9 ترلیۆن و 406 ملیار و 440 ملیۆن و 316 هەزار) دیناربووە • بڕی پارەی نێردراو لەلایەن بەغدادەوە: ( 10 ترلیۆن و 786 ملیارو 352 ملیۆن و 903 هەزار) دینار • كۆی داهاتی نەوتی و نانەوتی و قەرز و تەمویلاتەكان بۆ حكومەتی هەرێم لە 2023 دا: (20 ترلیۆن و 164 ملیارو 624 ملیۆن و 258 هەزار) دینار • پشكی هەرێمی كوردستان لە 2023 دا: (12 ترلیۆن و 167 ملیارو 875 ملیۆن و 969 هەزار ) دینارە • پارەی ماوە لای هەرێمی كوردستان لە 2023دا: ( 7 ترلیۆن و 996 ملیارو 748 ملیۆن و 289 هەزار) دینارە
د. سانا كەمال، پارێزەری ڕاوێژکار ( خۆیندنەوەیەکی دەستوری بۆ شەرەکەی " بوکە هەرێمیەکە و خەسوە فیدراڵیەکە " ) بەهۆی بەردەوامی ناکۆکیە دارایی و سیاسیەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی فیدراڵی چەندین جار گواستنەوەی ئەو پارانەی کە بۆ حکومەتی هەرێم تەرخانکراون ڕاگرتوە یان دواخستووە. سەرەتا بە پرسیارێک دەست پێ دەکەین، ئەم کێشەیە ( کەی و بۆ ) سەری هەڵدا؟ وە لەکاتی ئیستا بە کوێ گەشتووە ؟ دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام حسێن، هەرێمی کوردستان بە پێی دەستوری عێراقی ساڵی 2005 پێگەی نیمچە سەربەخۆیی بەدەستهێنا، کە هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی فیدراڵی ناسێنرا. بەڵام پرسی بودجەی گشتی و پشکی هەرێم (بەتایبەت داهاتی نەوت) وەک خاڵی مشتومڕی بەردەوام لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێم مایەوە. لە ساڵی 2004 تا 2013 هەرێم پشکی خۆی لە بودجەی عێراق (17%ی خەرجییە پلان بۆ داڕێژراوەکان) وەردەگرت، بەڵام لەبەرامبەردا حکومەتی هەرێم هەموو هەناردەی نەوتی خۆی ڕادەستی بەغدا نەدەکرد، بەڵکو ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی تورکیاوە دەستی بە هەناردەکردنی نەوت کرد. لە ساڵی 2014 لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت و سەرهەڵدانی داعش، بەغدا دەستی بە ڕوبەڕوبونەوەی قەیرانی دارایی کرد، وە حکومەتی فیدراڵ هەرێمی کوردستانی تۆمەتبارکرد بەوەی کە پابەندنەبوە بە جێبەجێکردنی پابەندیەکانی سەرشانی و ڕادەستکردنی داهات، هەر بۆیە بڕیاری دەرکرد بە راگرتنی پارەی بودجە و موچەی فەرمانبەران، حکومەتی هەرێم لە بەرامبە ئەم کردارەی حکومەتی فیدراڵ، هەستا بە پێدانی موچە لە داهاتە ناوخۆییەکان وەک چارەسەرێک بۆ دۆخەکە، بەڵام ئەم چارەسەرە شەل بوو، هەر بۆیە قەیرانی پاشەکەوتی موچە دەستی پێکرد. لە ساڵی 2017 هەرێم ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدا، کە بەغدا بە نادەستوری زانی و شەپۆلی گرژیەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی گەیاندە لوتکە. دوای هەڵبژاردنی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی، دۆخەکە کەمێک باشتر بوو، وە حکومەتی فیدراڵ دەستی کردەوە بە ناردنی بەشێک لە موچەی فەرمانبەران. وە لە سەردەمی حکومەتی کازمی و پاشان لە کاتی ئیستا لە حکومەتی سودانی، حکومەتی فیدراڵ و هەرێم هەوڵیانداوە ڕێکەوتنی نوێ بۆ ڕێکخستنی پەیوەندیە دارایی و نەوتیەکان دابمەزرێنن، بەڵام بەهۆی نەبوونی متمانە و دەستێوەردانی سیاسی ئەو رێکەوتنانە بە وەستاوی ماوەتەوە و نەبۆتە چارەسەرێک بۆ کێشەکان. لێرەدا پرسیارە گرنگەکە دێتە پێشەوە کە ئەویش ئەوەیە: ئایا حکومەتی فیدراڵ لە ڕوی دەستوریەوە مافی نەناردنی موچەی هەیە؟ بەگەرانەوە بۆ دەستوری عێراقی ساڵی 2005 وبەتایبەت مادەی 14ى دەستوری عێراق کەتیایدا هاتوو: (عێراقیەکان بە بێ جیاوازی لەبەردەم یاسادا یەکسانن بەبێ جیاوازیکردن لەسەر بنەمای ڕەگەز، نەتەوە، بنەچە، ڕەنگ، ئاین، مەزهەب، باوەڕ، بۆچون، یان پێگەی ئابوری یان کۆمەڵایەتی). ئەمەش واتە: هیچ جیاوازییەک لە نێوان هاوڵاتیانی هەرێم و هاوڵاتیانی پارێزگاکانی تردا نابێت هەبێت، لە مافە سەرەتاییەکان، وەک موچە. وە مادەی 117 کە تیایدا هاتوە: (ئەم دەستورە، لە کاتی چونە بواری جێبەجێکردنیدا هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکانی وەک هەرێمێکی فیدراڵی دەناسنێت). ئەمەش واتە: هەرێم بەشێکە لە دەوڵەتی عێراق، و هاوڵاتیەکانیشی هەمان مافە گشتیەکانی هاوڵاتیە عێراقەکانیان هەیە. وە هەروەها مادەی 111 کە تیایدا هاتوە: (نەوت و گاز هی هەموو گەلی عێراقە لە هەموو هەرێمەکان وپارێزگاکان) ئەمەش بە واتای ئەوەی: داهاتی نەوت و سامانە سروشتیەکان هی هەموو گەلی عێراقە. پێش جوابدانەوەی پرسیارە سەرەکيەکەی ئەم وتارەمان، دەبێت بگەرێنەوە بۆ سێ بنەمای گشتی یاسايی کە دەبێت رەچاو بکرێت، ئەویش خۆی دەبینێتەوە لە: یەکەم: بنەمای بەردەوامی خزمەتگوزاریە گشتیەکان، ئەم پرەنسیپە لە فیقهی ئیسلامی و دەسەڵاتی دادوەریدا بە باشی چەسپاوە، کە خزمەتگوزاریە گشتیە جەوهەریەکان (لەوانەش پێدانی موچە) دەبێ بەبێ پچڕان تەنانەت لە حاڵەتەکانی ململانێی سیاسی یان داراییدا بەردەوامبن. دووەم: بنەمای قبوڵ نەکردنی سزای بەکۆمەڵ، لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی ئەرکەکان لەلایەن حکومەتێکی هەرێمیش، نابێت هاوڵاتی و فەرمانبەران وەک گروپێک سزا بدرێن، چونکە ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ دەستیان لە ململانێکاندا نییە. سێیەم: بنەمای مافی موچەی فەرمانبەر، موچە بەرامبەر ئەنجامدانی کارە، مافێکی کەسییە کە لە پەیوەندیی دامەزراندنەوە سەرهەڵدەدات و هیچ پەیوەندییەکی بە ناکۆکی دارایی نێوان حکومەتەکانەوە نییە. کەواتە دەتوانین بڵێن نە لەڕوی دەستوری و نەلەڕوی یاساییەوە ڕێگەپێدرا نییە بۆ حکومەتی فیدراڵی موچەی تەرخانکراو بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕابگرێت، بەو پێیەی موچە بە مافێکی شەخسی دادەنرێت کە دەستور و یاسا گەرەنتی کردوە، و هیچ پەیوەندیەکیشیان بە ناکۆکیە سیاسی و ئیداریەکانی نێوان هەردوو حکومەتەوە نیە. کۆتا پرسیار كە دێتە پێشەوە لەم بابەتەدا ئەوەیە، ئەگەر حکومەتی فیدراڵ دەبینێت کە سیاسی و بەرپرسەکانی هەرێم پێشێڵکاری ئەکەن بەرامبەر حکومەتی فیدراڵ، بۆ سزایان نادا، بۆ سزاکە بەس لەسەر شانی خەڵکە فەقیر و رەش و ڕوتەکەیە؟ ئەمە لەگەڵ ئەوەی چەندین دەرگا هەیە لە رێگەیەوە حکومەتی فیدراڵ ئەتوانێ سزای سیاسی و بەرپرسەکان بدات بە دور لە موچە و قوتی خەڵکی رەش و روت، لەو دەرگایانەش: یەکەم: دەرگا دەستوریەکان، لە رێگەی ڕەوانەکردنی هەر بەرپرسێکی هەرێم کە دەستور پێشێل دەکات بۆ دەسەڵاتی دادوەری (دادگای باڵای فیدراڵی)، وە هەروەها تانەدان لە بڕیارەکانی حکومەتی هەرێم لەبەردەم دادگای فیدراڵی، وە لێپرسینەوە لە هەرێم لە ڕێگەی پەرلەمانی فیدراڵی لە کاتی گفتوگۆکردن لەسەر بودجە و یاسا فیدراڵیەکان. دووەم: دەرگا داراییەکان، حکومەتی فیدراڵی دەتوانێت ئەو گواستنەوە داراییانەی کە بۆ حکومەت تەرخانکراوە ڕابگرێت ئەگەر سەلمێندرا کە حکومەتی هەرێم پابەند نییە بە خەرجکردنی داهاتە سەروەرییەکان (وەک نەوت)، بەڵام ئەمە هەرگیز موچەی فەرمانبەران ناگرێتەوە، بەو پێیەی بە پابەندبونێکی ڕاستەوخۆی ناوەند بەرامبەر بە تاک دادەنرێت. لە کۆتایدا دەڵێن نابێت هاوڵاتیان سزا بدرێن لەسەر هەڵەی سیاسەتمەداران بە بڕینی موچە، وە هەروەها ناکرێ کابرا بە پیر نەوێری بێت لە گەنجەکە بدات، و وابزانێ بەو شێوەیە پیرەکە ئیتر بەقسەی ئەکا.
درەو: قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی گروپی عەسائیبی ئەهلی هەق، دەڵێت: هەرێمی کوردستان دەبێت پابەندییە دەستورییەکانی بەرامبەر دەوڵەتی عێراق جێبەجێبكات، لە سەرو هەموویانەوە، رادەستکردنی داهاتە نەوتییەکان و باج و داهاتی سنورەکان و رێزگرتن لە سەروەری، لە بەرامبەر داواكردنی شایستە داراییەکانی. خەزعەلی، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا لەگەڵ هەردوو كەناڵی "الاولی و العهد" وتی: خەونی جیابوونەوە لە ساڵی (٢٠٠٣)ەوە بە بەهێزی ئامادەیی هەبووە لە سیاسەتی سەرکردەکانی هەرێمداو، روخساری بە روونی لە ریفراندۆمی (٢٠١٧)دا دەرکەوت. سەرەڕای ئەوە، دەوڵەتی عێراق بە گیانێكی ئەرێنیەوە مامەڵەی كردووە، بڕە پارەیەکی زۆری تەرخانکردووە، كە ساڵانە دەگاتە دە ترلیۆن دینار، بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، لەگەڵ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بە رادەستكردنی داهاتەكانی. خەزعلی وتیشی: لە سلێمانیش ئەوەم وت، ئێمە پشتگیری لە پێدانی مووچەی فەرمانبەران دەکەین، بەڵام دەبێت حکومەتی هەرێم ئەو ئاڕاستەیە رابگرێت کە کوردستان لە عێراق دوور دەخاتەوە و، پابەند بێت بە ئەرکەکانیەوە، هەروەك چۆن داوای مافەکانی دەکات. ئەمینداری عەسائیب، لە بەشێكی تری قەسەكانیدا ئاماژەی بە بەردەوامی بەقاچاخبردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە كردو وتی: پرسی بەقاچاغبردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە لای هەمووان زانراوە، بە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق و ئۆپێک و وڵاتە زلهێزەکانیشەوە، کە بە ملیارەها دۆلار زیان بە بودجەی عێراق دەگەیەنێت. بارهەڵگرەكان نەوت بە ئاشكرا نەوت بە قاچاغ دەبەن بۆ ئەفغانستان و پاکستان نە بە نهێنی، ئەم قاچاغچێتیە ساڵانە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار زیان بە عێراق دەگەیەنێت. جەختیشكرد لەوەی، حکومەتی عێراق نەرمییەکی گەورە نیشان دەدات لە پێناو هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە، بەڵام هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە هاوکاری بکات و، بەردەوامە لە خستنەڕووی بیانوو و پاساو هێنانەوە. وەك ئەو وتی: بەردەوامی ئەم دۆخە رەنگدانەوەی خەونی کوردە بۆ جیابونەوە، کە پەیوەستە بە واقیعێکی سیاسی ناوچەیی فراوانترەوە، بەتایبەتی لە سوریا و ناوچەکە بەگشتی. سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆ واشنتۆن، رەنگدانەوەی ئەو رێبازە جوداخوازانەیە، كە هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی سەرکردایەتی هەرێمدایە لەوبارەیەوە رووینەداوە. باسی لەوەشكرد: ئەم بابەتە مەترسی لەسەر سەقامگیری هەرێمی کوردستان دروست دەکات و زیان بە عێراق دەگەیەنێت بە گشتی، عێراق دەوڵەتێکی خاوەن سەروەرییەو، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیش پابەندکەرن بۆ هەمووان. داواشی لە سەرکردایەتی هەرێم كرد، پابەندبن بە بڕیارەكان و پەیوەستبن بە دەوڵەتی عێراقەوە، بۆ بەدیهێنانی یەكڕیزی نیشتمانی و سەقامگیری.
درەو: وەزارەتی دارایی عێراق لە رونكردنەوەیەكدا: سەبارەت بە هەندێك لێدوان و شرۆڤە بۆ نوسراوی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم لەبارەی نەناردنی موچەی مانگی ئایار، دەمانەوێت هۆكارەكانی رەوانەكردنی پارە لەم خاڵانەدا رونبكەینەوە: 1-یاسای بودجەی فیدراڵی پەسەندكراو بۆ ساڵانی دارایی (2023-2024-2025) ژمارەی (13) ساڵی (2023)، بڕگەكانی پابەندبوونی بەرامبەری حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی دیاریكردووە، هاوكات لەگەڵ بڕیاری دادگای فیدراڵی. 2-لە دەقی یاساكەو بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیدا، داوا لە حكومەتی هەرێم كراوە داهاتە نەوتی و ناتەوتیەكان رادەستی حكومەتی فیدراڵ بكات، وەزارەتی دارایش پارە بۆ هەرێم رەوانە بكات، وەزارەتی دارایی پابەندبووە بە یاساكەو بڕیارەكەی دادگا، بەڵام حكومەتی هەرێم پابەند نەبووە. 3-بەگوێرەی یاسا، دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم راپۆرتیان لەبارەی حساباتەكانی حكومەتی هەرێم دەركردووە، روون بووەوە كە داهاتی نەوتی و نانەوتی رادەستی حكومەتی فیدراڵ نەكراوە، سەرەڕای ئەوەی دابین كردنی پارە لە وەزارەتی داراییەوە لە چوارچێوەی پشكی دیاركراوی هەرێمدا بووە لە یاسای بودجە، بەڵام حكومەتی هەرێم داهاتەكانی رادەست نەكردووە، ئەوەش بووەتە هۆی تێپەڕاندنی پشكی هەرێم، كە لە یاسای بودجەدا دیاریكراوە. 4-ئەو پێشێلكردنە وەزارەتەكەمانی ناچار كرد بە گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی، وەك ئەوەی لە بڕیاری دادگای فیدراڵی و یاسای بودجەی سێ ساڵی كارپێكراودا هاتووە. 5-حكومەتی هەرێم پابەند نەبووە بە تەوتینی موچە بەپێی یاساو بڕیاری دادگای فیدراڵی، سەرەڕای تێپەڕبونی ماوەیەكی درێژ. 6-بەرپرسیارێتی دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی هەرێم بەهۆی پێشێلكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی موچەی فەرمانبەران و خانەشینان و چاودێری كۆمەڵایەتی لە هەرێم، لە ئەنجامی رادەست نەكردنی داهاتە نەوتی و ناوتیەكان بە خەزێنەی گشتی. 7-پابەند نەبوونی هەرێم بە رادەستكردنی نەوتی كێڵگەكانی هەرێم بە كۆمپانیای سۆمۆ، بەپێی یاسای بودجەی گشتی و دەستنەكردنەوە بە هەناردەكردنی نەوت دوای پەسەندكردنی یاسای بودجە، زیانی تریلیۆنەها دیناری لە خەزێنەی گشتی داوە، بە گوێرەی ئەو راپۆرتانەی كە لە دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی هەرێمەوە دەرچوون.
(درەو): وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بە فەرمی وەڵامی نوسراوەكەی دوێنێی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراقی دایەوە سەبارەت بە راگرتنی تەمویلی موچەی هەرێم بۆ هەشت مانگی ئەمساڵ. لە نوسراوەكەدا كە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم ئیمزای لەسەر كردووە، وەزارەتی دارایی هەرێم ئاماژەی بەم خاڵانە كردووە: • ئەو رێگایەی كە وەزارەتەكەتان گرتویەتیەبەر بۆ دیاریكردنی پشكی هەرێمی كوردستان پشتبەست بە خەرجی راستەقینە، پێچەوانەی حوكمەكانی دەستوری عێراقە بەدیاریكراوی ماددەی 121/دووەم كە دەڵێ ((بۆ هەرێم و پارێزگاكان پشكێكی دادپەروەرانە لە داهاتە بەدەستهاتووە فیدراڵییەكان دابین دەكریت كە بەشی ئەوە بكات بتوانن بە ئەرك و بەرپرسیاریتییەكانیان هەستن)). • پشتبەستن بە نوسراوی دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە (4/فیدراڵی 2025/303) لە 10/2/2025 نەك (بڕیار- وەكو ئەوەی لە نوسراوەكەتاندا هاتووە) لە تەمویل نەكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نادروستەو ناوەڕۆكێك لەخۆدەگرێت كە لە نوسراوەكەدا نییە، چونكە نوسراوەكەی دادگای فیدراڵی هیچ ئاماژەیەكی روون یاخود ناواخنی تێدا نییە سەبارەت بە تەمویل نەكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم... • بڕیاری دادگای فیدراڵی ژمارە (224 یەكخراوەكەی 269/فیدراڵی 2023 كە لە 21/2/2024 دەرچووە) دەڵێ موچەی فەرمانبەرو خانەنشینانی هەرێم لە پشكی ساڵانەی خۆی خەرج بكرێت، ئەم بڕیارەش لەلایەن وەزارەتەكەتانەوە لە مانگی شوباتی 2024و مانگەكانی دواتریدا جێبەجێ كراوە، مەبەست لەمەش تەرخانكراوەكانە لە لیستی هاوپێچی یاسای بودجە نەك رێژەی 21،67%ی خەرجی راستەقینەی عێراق (پاش لێدەكردنی خەرجی حاكیمەو سیادی)... • رێككەوتن كراوە لەسەر لیست و خەمڵاندنی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتیی و زیندانیانی سیاسی و بریندارانی چەكی كیمیاویی لە هەرێم، ئەنجامی خەمڵاندن و تەرخانكراوەكانی ساڵی 2025 بریتییە لە تەرخانكردنی بڕی (13 ترلیۆن و 334 ملیارو 587 ملیۆن) دینار، ئەمەش لەكاتی سەردانی وەفدی هەرێمدا بوو بۆ بەغداد لەسەرەتای ئەمساڵدا بەئامادەیی و سەرپەرەشتی خۆتان (مەبەستی تەیف سامییە)، لەم بڕە پارەیە، هەژماری حكومەتی هەرێم بە بڕی (4 ترلیۆن و 223 ملیارو 625 ملیۆن و 165 هەزار) دینار تەمویل كراوە، واتا بڕی ئەو پارەی كە بۆ ساڵی 2025 ماوەتەوە بریتییە لە (9 ترلیۆن و 110 ملیارو 961 ملیۆن و 835 هەزار) دینار. هەر لە نوسراوەكەیدا، وەزارەتی دارایی هەرێم باسلەوە دەكات كە وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەڕوانگەیەكی ناوەندیی و لێكدانەوەی تاكلایەنەی خۆیەوە ئاماژەی بە هەندێك ژمارە كردووە لەوانە بڕی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم كە دەگەڕێندرێتەوە بۆ خەزێنەی گشتیی و حسابكردنی داهاتە نەوتییەكانی هەرێم بەبێ حسابكردنی خەرجییەكانی دەرهێنان و بەرهەمهێنان و شایستەی كۆمپانیا وەبەرهێنەكانی كوردستان و ئەو بڕەی كە بۆ بەرهەمهێنانی كارەباو بەكارهێنانی ناوخۆیی لە بەرهەمە نەوتییەكان تەرخان دەكرێت. دەقی نوسراوەكەی وەزارەتی دارایی هەرێم
شیكاری: درەو 🔻 بەپێی نوسراوەكەی وەزارەتی دارایی عێراق پاڵپشت بە ڕاپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی: 🔹 كۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە ساڵی (2023 - 2024) زیاتر لە (9 ترلیۆن و 415 ملیار 18 ملیۆن) دینار بووە، بە ڕێژەی (47%) ی كۆی داهات. 🔹 كۆی داهاتی نانەوتی هەرێم لە ساڵی (2023 - 2025) زیاتر لە (10 ترلیۆن و 522 ملیار 690 ملیۆن) دینار بووە، بە ڕێژەی (53%) ی كۆی داهات. 🔹 كۆی داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێم نزیكەی (19 ترلیۆن و 938 ملیار) دینار بووە، بڕی (598 ملیار و 515 ملیۆن و 137 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (3%) گەڕیندراوەتەوە بۆ حكومەتی فیدڕاڵی و زۆرتر لە (19 ترلیۆن و 339 ملیار و 193 ملیۆن) دیناری لای حكومەتی هەرێم ماوەتەوە. داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێم لە ماوەی (2023 - 2025) ڕۆژی (28/5/2025) وەزارەتی دارایی عێراق بە نوسراوی ژمارە (14502) لە (28/5/2025) نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان/ لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، تایبەت بە موچەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی ئایاری 2025 ئاگادار كردووە، كە هەرێمی كوردستان تەجاوزی پشكی (12.7%)ی خۆی كردووە كە بە (13.547) ترلیۆن دینار دەخەمڵیندرێت لە كۆی خەرجی فعلی بە پێی ماددەكانی یاسای بودجەی ئیتحادی ژمارە (13)ی ساڵانی (2023/2024/2025)، بۆیە بەپێی بڕیاری دادگای باڵای ئیتحادی ژمارە (4/ئیتحادی/2025/203)، وەزارەتی دارایی بەپێی یاسا ناتوانێت بەردەوام بێت بە خەرجكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، سەرەڕای ئەوەی حكومەتی هەرێم هەڵنەساوە بە تەوتین كردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، بەپێی نوسراوەكەی وەزارەتی دارایی عێراق كە پشتی بە ڕاپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی بەستووە، داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێمی لە ماوەی (2023 - 2025) بەم جۆرە خستووەتەڕوو كە لە خشتەكەو تەوەرەكانی دواتردا ڕونكراوەتەوە. خشتە 1. داهاتی نەوتی هەرێم (2023 - 2024) نوسراوەكەی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بە داهاتی نەوتی هەرێم بۆ ساڵی (2025) نەكردووە، بەڵام بۆ ساڵانی (2023 - 2024) بە بڕی (9 ترلیۆن و 415 ملیار و 18 ملیۆن و 245 هەزار) دینار خەمڵاندراوە، بە جۆرێك لە ساڵی (2023) داهاتی نەوتی هەرێم بڕی (4 ترلیۆن و 708 ملیار و 587 ملیۆن و 855 هەزار) دینار بووە، لە ساڵی (2024) بڕی (4 ترلیۆن و 706 ملیار و 430 ملیۆن و 390 هەزار) دینار بووە، وەك لە چارتی ژمارە (1)دا هاتووە. چارتی ژمارە (1) 2. داهاتی نانەوتی هەرێم (2023 - 2025) نوسراوەكەی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بە داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ ساڵانی (2023 - 2025) كردووەو بە بڕی (10 ترلیۆن و 522 ملیار و 690 ملیۆن و 367 هەزار) دیناری خەمڵاندووە، بە جۆرێك لە ساڵی (2023) داهاتی نانەوتی هەرێم بڕی (4 ترلیۆن و 656 ملیار و 554 ملیۆن و 483 هەزار) دینار بووە، لە ساڵی (2024) بڕی (4 ترلیۆن و 700 ملیار و 9 ملیۆن و 926 هەزار) دینار بووە، لە ساڵی (2025) بڕی (ترلیۆنێك و 166 ملیار و 125 ملیۆن و 957 هەزار) دینار بووە، وەك لە چارتی ژمارە (2)دا هاتووە. چارتی ژمارە (2) 3. داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێم (2023 - 2025) نوسراوەكەی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بە داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێم بۆ ساڵانی (2023 - 2025) كردووەو بە بڕی (19 ترلیۆن و 937 ملیار و 708 ملیۆن و 613 هەزار) دیناری خەمڵاندووە، بە جۆرێك لە ساڵی (2023) داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێم بڕی (9 ترلیۆن و 365 ملیار و 142 ملیۆن و 338 هەزار) دینار بووە، لە ساڵی (2024) بڕی (9 ترلیۆن و 406 ملیار و 440 ملیۆن و 316 هەزار) دینار بووە، لە ساڵی (2025) بڕی (ترلیۆنێك و 166 ملیار و 125 ملیۆن و 957 هەزار) دینار بووەو ئاماژەی بە داهاتی نەوتی نەكردووە لە ساڵی (2025)دا، وەك لە چارتی ژمارە (3)دا هاتووە. چارتی ژمارە (3) 4. داهاتی گەڕاوەی هەرێم بۆ حكومەتی فیدراڵ (2024 - 2025) نوسراوەكەی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوە كردووە كە هەرێمی كوردستان لە ساڵی (2023) هیچ داهاتێكی خۆی ڕادەستی بەغدا نەكردووە، بەڵام هەرێم بۆ ساڵانی (2024 - 2025) بڕی (598 ملیار و 515 ملیۆن و 137 هەزار) دیناری گەڕاندووەتەوە بۆ حكومەتی فیدراڵ كە ئەمەش تەنها (3%)ی ئەو داهاتەیە كە حكومەتی هەرێم لە ماوەی (2023 - 2025) لە ڕێگەی داهاتی نەوتی و نانەوتییەوە دەستی كەوتووە، بە جۆرێك لە ساڵی (2024) بڕی (399 ملیار و 168 ملیۆن و 961 هەزار) دینار بووە، لە ساڵی (2025) بڕی (199 ملیار و 346 ملیۆن و 211 هەزار) دیناری گەڕاندووەتەوە بۆ حكومەتی فیدرڵ، وەك لە چارتی ژمارە (4)دا هاتووە. چارتی ژمارە (4) 5. داهاتی ماوە لای هەرێمی كوردستان (2023 - 2025) نوسراوەكەی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوە كردووە، لە ساڵانی (2023 - 2025) لە كۆی ئەو داهاتە نەوتی و نانەوتییەی كۆی كردووەتەوە (97%)ی لاماوەتەوە كە بڕەكەی (19 ترلیۆن و 339 ملیار و 193 ملیۆن و 440 هەزار) دینار بووە، بە جۆرێك لە ساڵی (2023) داهاتی ماوەی هەرێم بڕی (9 ترلیۆن و 365 ملیار و 142 ملیۆن و 338 هەزار) دینار بووە هیچی لێ نەگەڕیندراوەتەوە بۆ حكومەتی فیدراڵ لە ساڵی (2023)دا، لە ساڵی (2024) بڕی (9 ترلیۆن و 7 ملیار و 271 ملیۆن و 355 هەزار) دیناری ماوەتەوە، لە ساڵی (2025) بڕی (966 ملیار و 779 ملیۆن و 766 هەزار) دیناری ماوەتەوە، وەك لە چارتی ژمارە (5)دا هاتووە. چارتی ژمارە (5)