Draw Media

پەرلەمانی عێراق نەیتوانی لایەنە سیاسییەكان تێپەڕێنێت

پەرلەمانی عێراق نەیتوانی لایەنە سیاسییەكان تێپەڕێنێت

2018-09-04 13:41:21


راپۆرتی: درەو میدیا
سەرۆكی كاتی پەرلەمان، گەیشتە ئەو بڕوایەی ئەو شەڕەی لەسەر كورسییەكانی دەسەڵات دەكرێت لە عێراق و ئەو بەڕێكەوت و بەهۆی زۆری تەمەنییەوە لەسەر یەكێكیان دانیشتوە، چیتر ناتوانێت لەڕێی بەكراوە هێشتنەوەی دانیشتنەكانەوە نیساب پەیدابكات بۆ هەڵبژاردنی دەستەی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمان، كە هێزە سیاسییەكان ناكۆكەكان لە دەرەوەی پەرلەمان گەیشتونەتە شەڕی ئێسقان شكاندن لەسەری.
ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق لە دووەم هەوڵیدا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك و  دوو جێگرەكەی شكستیهێنا، ئەوەش بەڕای زۆربەی ئەوانەی چاودێری دۆخی سیاسی عێراق دەكەن، ئەنجامێكی ئاساییە بۆ پەرلەمانێك كە هەموو بڕیارە گرنگ و چارەنوسسازەكانی لە دەرەوە دەدرێن.
بەپێی زانیارییەكانی "دەرەو میدیا" لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا دوای ئەوەی نیسابی یاسایی تەواونەبووە، ژمارەیەك لە سەرۆكی كوتلە سیاسییەكان داوایانكردووە لە هۆڵی دەستوریی كۆبوونەوەیەك بكرێت بۆ تاوتوێكردنی ئەو پرسە"هۆكاری تەواونەبوونی نیساب و شكستهێنان لە هەڵبژاردنی دەستەی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمان".

لە كۆبونەوەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو كە بەردەوامیی دانیشتنەكان بەبێ‌ بوونی نیسابی یاسایی و ڕێكنەكەوتن لەسەر هەڵبژاردنی دەستەی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمان پەیامێكی نەرێنیە بۆ شەقامی عێراقی و زیانی دەبێت بۆ پرۆسەی سیاسی، دواتر پرسی هەڵگرتنی كۆبوونەوەكان هاتوەتە بەرباس لەپێناو پێدانی دەرفەتێكی زیاتر بە كوتلە و هێزە سیاسییەكان و چڕكردنەوەی دیدار وكۆبوونەوەكان و گەیشتن بە چارەسەرێك كە ببێتە هۆی ڕێككەوتن لەسەر پێكهێنانی دەستەی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكومەتی نوێ‌،  لەسەر ئەو بنەمایەش دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ ڕۆژی 15ی ئەم هەڵگیرا.  
 

ئەیاد عەلاوی داوای وازهێنان لەبیرۆكەی زۆرینەی سیاسی و گەڕانەوە بۆ بنەمای تەوافوق و بەشداری هەموان دەكات لەحكومەتی ئایندەدا


شكستهێنانی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان مەترسیدارە
ڕەنگە ڕاشكاوترین قسە، قسەكانی ئەمڕۆی ئەیاد عەلاوی سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتمانی عێراقی بێت كە لەبارەی شكستی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی عێراقەوە و مەترسیەكانییەوە كردونی و دەڵێت، وەك چاوەڕواندەكرا بەهۆی ئەو جەمسەربەندییە توندەی هاتوەتە ئاراوە، پەرلەمانی عێراق نەیتوانی لە یەكەم كۆبوونەوەیدا سەرۆك و دوو جێگرەكەی هەڵبژێرێت، ئەوەش وایكردووە ترسیان لە ئایندەی عێراق هەبێت.

 عەلاوی بە پێچەوانەی هەردوو سەربازگە شیعییە دژ بەیەكەكەوە، كە خۆی پاڵیداوە بە یەكێكیانەوە، پێیوایە دۆخی ئێستای عێراق ڕێگە بە بوونی ئۆپۆزسیۆنێكی ڕاستەقینە نادات و پێشیباشە لایەنە ناكۆكەكان، كە مەبەستی لە بەرەكەی (سەدر وعەبادی ) و (مالیكی و عامری) و(پارتی و یەكێتی)یە، گفتوگۆیەكی نیشتمانی بەپەلە دەستپێبكەن و لەسەر بەرنامەی حكومەتی داهاتوو ڕێكبكەون.

عەلاوی لەو پەیامەدا، بەڕاشكاوی "داوای وازهێنان لە بیرۆكەی زۆرینەی سیاسی و گەڕانەوە بۆ بنەمای تەوافوق و بەشداری هەموان دەكات لە حكومەتی ئایندەدا".  

دوو كوتلە هەیە هەریەكەیان خۆی بەگەورەترین كوتلە دەزانێت بەپێی تێگەیشتنی خۆی بۆ دەستور، دادگای فیدڕاڵی دەستنیشانیدەكات كامە گەورەترین كوتلەیە

 

دادگای فیدڕاڵی سەنگی مەحەكە
هاوپەیمانێتی (سائیرون و نەسر) و هاوپەیمانێتی (فەتح و دەوڵەتی یاسا) كە دوو ڕكابەری سەرەكی یەكن بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی، یەكەمیان لیستێكی بەناوی كوتلەی (چاكسازی و بنیاتنان) پێشكەش كردووە و بانگەشەی پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی دەكات و، دووەمیشیان لیستێكی بەناوی (بنیاتنان) پێشكەشکردووە و خۆی بە گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی دەزانێت.
ئەحمەد ئەسەدی، وتەبێژی هاوپەیمانی (بنیاتنان) لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت، دوو كوتلە هەیە هەریەكەیان خۆی بە گەورەترین كوتلە دەزانێت بەپێی تێگەیشتنی خۆی بۆ دەستور، ڕونیشكردوەتەوە، دادگای فیدراڵی دەستنیشانیدەكات كامە گەورەترین كوتلەیە.
لای خۆیەوە، حەنین قەدۆ كە ئەویش ئەندامی كوتلەی بنیاتنانە كە كوتلەكەی ئەسەدییە، بۆچونێكی یاسایی پێچەوانەی ئەوی هەیەو پێیوایە، ڕەوانەكردنی پرسی یەكلاكردنەوەی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی، تەنها لە دەسەڵاتی كوتلە سیاسییەكان و سەرۆكی پەرلەمانی هەڵبژێردراودایە، دەسەڵاتەكانی سەرۆكی كاتی پەرلەمانیش تەنها بانگهێشتكردنی پەرلەمانتارانە بۆ سوێندی یاسایی و داواكردن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان، ئەوەش لە كاتێكدایە، سەرۆكی كاتی ئیستای پەرلەمانی عێراق لە یەكەم كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق كە ڕۆژی 3 ئەیلول بەڕێوەچوو، داوایەكی پێشكەش بە دادگای فیدراڵی عێراق كردووە بۆ شرۆڤەكردنی ئەو مادە دەستورییەی كە ئاماژە بەگەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی دەكات.    

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand