Draw Media
هه‌واڵ / عێراق

(درەو میدیا): وەزارەتی نەوتی عێراق ئاستی هەناردە و داهاتی نەوتی بۆ مانگی حوزەیرانی رابردوو راگەیاند و بە بەراورد بە مانگەكانی رابردوو هەناردە و داهات زیادیكردووە. عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوت ئاشكرایكرد" مانگی  حوزەیرانی رابردوو عێراق (105 ملیۆن و 640 هەزارو 160) بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە كردووە". تێكڕای هەناردەی نەوتی مانگی رابردوو لە رۆژێكدا گەیشتوەتە (3 ملیۆن و 521 هەزار) بەرمیل و تێكڕای نرخی نەوت بۆ هەر بەرمیلێكی لەو مانگەدا بە (69.322) دۆلار فرۆشتووە. داهاتی هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی رابردوودا گەیشتوەتە (7 ملیار و 323 ملیۆن و 150 هەزار) دۆلار. بەڵام داهاتی هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی ئایاری رابردوودا (7 ملیار و 566 ملیۆن و 294 هەزار) دۆلار بووە.  


(درەو میدیا) خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوێنێ‌ شەممە 30ی حوەزیران كۆتاییهات و پەرلەمانتاران پارێزبەندیان نەما و بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار ئەو پەرلەمانتارانەی یاداشتی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە دەستگیردەكرێن. سەرچاوەیەكی ئاگادار بە سایتی " سۆمەریە نیوز" ی راگەیاند ئەو پەرلەمانتارانەی كە فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە لە ئەمڕۆ یەكشەممە یەكی تەمموزەوە جێبەجێدەكرێت. ئەوەش لە كاتێكدایە ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە تۆمەتی جۆراوجۆر لە دادگاكان سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە و فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە، بەڵام بەهۆی بوونی پارێزبەندییەوە فەرمانەكە جێبەجێنەكراوە.  


(درەو میدیا): نوسینگەی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان رایگەیاند تەقینەوەكەی بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە یەكی تەمووز كە لە نزیك كۆگای هەڵگرتنی سندوقەكانی دەنگدان  لە دەروازەی شاری كەركوك رویدا، هیچ زیانێكی بە سندوقەكانی دەنگدان نەگەیاندووە. بەیانی ئەمڕۆ خۆكوژێك بە ئۆتۆمبیلێكی بۆمبڕێژكراوی لە نزیك كۆگاكانی سندوقەكانی دەنگدان لە كەركوك تەقاندەوە و بەهۆیەوە پۆلیسێك كوژراو و 2 كەسی تر كە زۆرینەیان سەر بە هێزە ئەمنییەكانن برینداربوون. عەبدولباست دەروێش وتەبێژی نوسینگەی كەركوكی كۆمسیۆن لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسەكانی هەواڵ وتی:" هێرشە خۆكوژییەوە بووە هۆی برینداربوونی دوو فەرمانبەری سەر بە كۆمسیۆن لەگەڵ ژمارەیەك ئەندامی هێزە ئەمنییەكان كە پارێزگاری لە سندوقەكانی دەنگدان دەكەن". لایخۆشیەوە راكان جبوری پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت داوای لە كۆمسیۆن كرد  بەپەلە سندوقەكانی دەنگدان بگوازێتەوە بۆ شوێنێكی سەلامەت بۆئەوەی دەستبكرێت بە پرۆسەی جیاكردنەوەی دەستیی دەنگەكان.    


 (درەو میدیا): رۆژی سێ شەممەی داهاتوو پرۆسەی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار دەستپێدەكات و سندوقەكانی دەرەوەی هەمویان ئەژماردەكرێنەوە. دادوەر لەیس جەبر حەمزە وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، كۆمسیۆن بڕیاریداوە ئەو بنكە و وێستگانەی دەنگدان دیاری بكات كە پرۆسەی ژماردنەوەی دەستتی دەنگەكان تێیاندا بەڕێوەدەچێت، ئەمەش بەواتای ئەوەدێت هەموو دەنگەكان ئەژمارناكرێنەوە و تەنیا ئەو شوێنانە ئەژماردەكرێنەوە كە تانەیان لەسەرە. وتەبێژی كۆمسیۆن ئاشكرایكرد، پرۆسەی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكان بە ئامادەبوونی ئەندامامی كۆمسیۆن بەڕێوەدەچێت و پرۆسەكە سەرەتا لە دەنگەكانی پارێزگای كەركوك دەستپێدەكات و دواتر سلێمانی و هەولێرو دهۆك و نەینەوا و سەلاحەدین و ئەنبار. سەبارەت بە ژماردنەوەی دەنگەكان لە بەغداد، ئاماژەی بەوەكرد، ئەو سندوقانەی كە رەوانەی بەغداد كراون لە بەغداد ژماردنەوەی دەستییان بۆ دەكرێت. بەڵام بەپێی قسەی وتەبێژەكە، بۆ دەنگدانی دەرەوە كە پێكهاتووە لە دەنگدانی وڵاتانی ئێران و توركیا و بەریتانیا و لوبنان و ئوردن و ئەمریكا و ئەڵمانیا، رێوشوێنی پێویست دەگیرێتەبەر بۆ هێنانەوەی سندوقەكان و ئەژماركردنەوەی دەنگەكان لە بەغداد. باس لەوەشدەكات، هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ پرۆسەی ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان دەپارێزن و پرۆسەكە بە ئامادەبونی چاودێرانی نەتەوە یەكگرتووەكان و باڵیۆزخانەی وڵاتانی بیانی و پارتە سیاسییەكان و چاودێرانی نێودەوڵەتی و رۆژنامەوانان بەڕێوەدەچێت.  


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت رۆژی شەممە وادەی یاسایی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆتایی دێت، هێشتا پرۆسەی ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار دەستی پێنەكردووە كە رۆژی 6ی ئەم مانگە پەرلەمان بڕیاری لەسەردا. ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاربوو كۆببێتەوە، بەڵام نیسابی یاسایی تەواو نەبوو، بەوهۆیەوە كۆبونەوەكە دواخرا. سەرچاوەكان لە بەغدادەوە باسلەوەدەكەن، فشارێك لەسەر پەرلەمان هەیە بۆ ئەوەی ماددەی تایبەت بە ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان لە یاسای هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، هەڵوەشێنێتەوە.  ناوی ئەو لایەنانەی كە ئەم داواكارییەیان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە هێشتا نادیارە، بەڵام بەپێی زانیارییەكان ئەو لایەنانە هەڵوەشاندنەوەی ئەو ماددەیان كردوەتە مەرج بۆ بەشداربونیان لە كۆبونەوەی پەرلەمان و تەواوكردنی نیساب لەبارەی پرسی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان. نزیكەی دوو مانگ تێپەڕیووە بەسەر بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق، بەڵام تائێستا ئەنجامە راگەیەندراوەكانی هەڵبژاردن پەسەند نەكراون. بەپێی ئەو هەموارەی كە پەرلەمانی عێراق لە یاسای هەڵبژاردندا كردویەتی دەبێت دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار جارێكی تر بەشێوەی دەستی ئەژماربكرێنەوە، دادگای باڵای فیدراڵی عێراقیش ئەژماركردنەوەی دەستیی پەسەندكردووە، بەڵام ئەم مادەیە لێكدانەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت، هەندێك دەڵێن مەبەست لە ناوەڕۆكی ماددەكە ئەوەیە تەنیا دەنگی ئەو سندوقانە ئەژماربكرێنەوە كە گومانی ساختەكارییان لەسەرە، لەبەرامبەردا هەندێكی باس لەوە دەكەن مەبەست لە ماددە یاساییەكە ئەژماركردنەوەی تەواوەتی دەنگەكانە لەسەرتاسەری عێراق. لەنێوان ئەم دوو بۆچونەدا ئەو دادوەرانەی كە لە جێگای ئەندامانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دانراون قسەی یەكلاكەرەوەیان كرد و رایانگەیاند، ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان تەنیا ئەو سندوقانە دەگرێتەوە كە تانەیان لەسەرە. سەلیم جبوری: هەفتەی داهاتوو ئەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكان دەستپێدەكات لە پاڵ هەوڵە یاساییەكان بۆ ئیفلیجكردنی ئەو ماددەیەی كە تایبەتە بە ئەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكان، لە پشت پەردەشەوە هەوڵی سیاسی خراوەتەگەڕ بۆ ئیفلیكردنی ماددەكە. حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە سەرۆكی هاوپەیمانی (النصر- سەركەوتن)ە پێشتر بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ بەرگری لە ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان دەكرد، بەمدواییە لەگەڵ موقتەدا سەدر سەرۆكی لیستی سائرون هاوپەیمانێتی كرد كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە. هاوپەیمانی نێوان عەبادی و سەدر وەكو چەقاندنی بزمارێك بوو لە تابوتی ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان، ئەو هاوپەیمانێتییە زۆرێك لە لایەنە ناڕەزاییەكانی عێراقی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان توشی شۆك كرد. لەكاتێكدا هێشتا پرۆسەی ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان دەستی پێنەكردووە، لایەنە سیاسییەكان سەرقاڵی دروستكردنی كوتلەی گەورەن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق. موقتەدا سەدر وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی 12ی ئایار تائێستا سێ هاوپەیمانێتی كردووە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت: یەكەم: هاوپەیمانی لەگەڵ ئەیاد عەلاوی سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتیمانی و عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە  دووەم: هاوپەیمانێتی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانێتی فەتح سێیەم: هاوپەیمانێتی لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی النصر بەڵام پێناچێت پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێ بەو ئاسانییە تێپەڕێت، بەپێی دەستوری عێراق پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت دەبێت بەم قۆناغانەدا تێپەڕی: قۆناغی یەكەم: كۆبونەوەی پەرلەمانی هەڵبژێردراوی نوێ و سوێندخواردنی ئەندامان  قۆناغی دووەم: لە یەكەم دانیشتنیدا پەرلەمانی نوێ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵدەبژێرن (سەرۆك و جێگرانی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران) قۆناغی سێیەم: دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، پەرلەمان دەنگ دەدات لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار قۆناغی چوارەم: سەرۆك كۆمار دوای هەڵبژاردن  و سوێندخواردنی لیستی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن رادەسپێرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێ حكومەت سەرباری ئەم رێوشوێنانە، پرسی درێژكردنەوەی خولی پەرلەمان رەنگە هەندێك مشتومڕ دروستبكات و كاتەكە درێژبكاتەوە، بەتایبەتیش كە ژمارەیەكی زۆر لە لایەنە سیاسییەكان بەتایبەتی لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان رەتدەكەنەوە و داوای دەستبەكاربونی پەرلەمانی هەڵبژێردراوی نوێ دەكەن، ئەمەش بزمارێكی ترە كە لە تابوتی پرۆسەی ئەژماركردنەوەی دەنگەكان دەدرێت. لەبەرامبەردا لایەنە ناڕازییەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردن هەوڵی ئەوە دەدەن بەر لە دەستبەكاربونی پەرلەمانی نوێ پرۆسەی ئەژماركردنی دەستیی دەنگەكان بەڕێوەبچێت و پەرلەمانی نوێ لەسەر بنەمای ئەنجامی ژماردنەوەی دەستیی پێكبێت، بەگوێرەی قسەی سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، هەفتەی داهاتوو پرۆسەی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكان دەستپێدەكات.   لایەنە كوردییەكان و ژماردنەوەی دەنگەكان سەرەتای ناڕەزایەتی لە ئەندامەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار لە هەرێمی كوردستانەوە دەستیپێكرد و دواتر پەڕییەوە بۆ ناوچەكانی تری عێراق. لە هەرێمی كوردستان شەش لایەن كە پێكدێت لە (بزوتنەوەی گۆڕان- یەكگرتووی ئیسلامی- كۆمەڵی ئیسلامی- هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری - بزوتنەوەی ئیسلامی- حزبی شیوعی) ناڕازین لە ئەنجامی هەڵبژاردن و داوای ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان دەكەن. ئەم لایەنان بەتایبەتی (بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری) لە دوای هەڵبژاردن ناڕەزایەتییەكانیان گەیشتە ئاستێك كە باسیان لە كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراق دەكرد، بەڵام وردە وردە لەو بیرۆكەیە پاشەكشێیان كرد. لەبەرامبەردا هەریەكە لە (پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان) هێندەی چاویان لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقە هێندە بایەخ بە مشتومڕی ئەژماردنەوەی دەستیی دەنگەكان نادەن. پارتی و یەكێتی بەبێ بانگهێشتكردنیان بۆ ناو هاوپەیمانییەكە، لەگەڵ راگەیاندنی هاوپەیمانێتی نێوان سەدر و هادی عامری بەشێوەیەكی خێرا پیرۆزباییان كرد و ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ بەشداریكردن تێیدا. بەم بارودۆخەوە پێناچێت ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان بەوشێوەیە بەڕێوەبچێت كە لایەنە ناڕازییەكان دەیانەوێت، رەنگە لە باشترین حاڵدا ئەژماركردنەوەی دەنگەكان دەنگی چەند وێستگە و بنكەیەك بگرێتەوە و گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ لەو ئەنجامانەدا دروست نەكات كە پێشتر كۆمسیۆنی هەڵبژاردن رایگەیاندووە.  


(درەو میدیا): بڕیاربوو ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوە، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە پەرلەمانتاران و  تەواونەبونی نیسابی یاسایی دانیشتنەكە دواخرا. سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی عێراق بە ( درەو میدیا)ی راگەیاند سەلیم جبوری سەرۆکی پەرلەمان داوای لە لیژنەی یاسایی و لیژنەی بەدواداچونی ڕاستیەکان كرد سبەی یان دوو سبەی بۆ کاتی دانیشتن دیاریی بكەن. هەوڵی پەرلەمانی عێراق بۆ كۆبوونەوە لە كاتێكدایە  ڕۆژی شەممە دوا ڕۆژی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراقە و خولی یاسایی پەرلەمان كۆتایی دێت.  


(درەو میدیا): راگەیاندنی هاوپەیمانێتی لە نێوان هاوپەیمانێتی " نەسر" ی حەیدەر عەبادی و " سائرون"ی موقتەدا سەدر لە نەجەف، هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی " فەتح" ی نیگەران كردووە، كە پێشتر لەگەڵ موقتەدا سەدردا رێككەوتنێكیان بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی ئیمزاكردبوو. سەرچاوەیەكی ئاگادار ئاشكرایكرد كە پەیوەندییەكانی نێوان عامری و سەدر درزی تێكەوتووە و هۆكارەكەشی بۆئەوە دەگەڕێتەوە كە سەدر بەبێ‌ ئاگاداركردنەوەی عامری هاوپەیمانێتی لەگەڵ عەبادی راگەیاندووە. ئەو سەرچاوەیە لە لێدوانیدا بۆ میدیاكانی عێراق ئاشكراشیكرد، ئێستا هادی عامری بەنیازە پاشەكشێ لە هاوپەیمانێتیكردن لەگەڵ موقتەدا سەدر بكات و هاوپەیمانێتییەكی نوێ‌ لەگەڵ نوری مالیكی سەرۆكی دەوڵەتی یاسا رابگەیەنێت. بەوتەی ئەو سەرچاوەیە ئێستا دانوستان لە نێوان فەتح و دەوڵەتی یاسا هەیە و هەردوولا لە هەوڵدان بە راوێژكردن لەگەڵ چەند هێزێكی سوننە و كورد هاوپەیمانێتییەك كە لاینكەم سی كورسیی پەرلەمانی دەبێت رابگەیەنن و دانوستان و گفتوگۆشیان لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێكی لیستەكەی حەیدەر عەبادی " نەسر" دەستپێكردووە بۆئەوەی بێنە هاوپەیمانێتییەكەوە. سوننەكان هاوپەیمیانێتییەك رادەگەیەنن هاوكات لەگەڵ دانوستان و گفتوگۆی نێوخۆیی نێوان لیستە براوەكانی شیعەن لایەنە سوننەكانیش جموجوڵیان دەستپێكردووە، بۆئەوەی بە هاوپەیمانێتییەكەی فراوانەوە بەشداری دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق بكەن. بەوتەی چەند سەرچاوەیەكی سیاسی كە قسەیان بۆ سایتی " العربی الجدید" ی قەتەری كردووە،  كوتلە و قەوارە سونییەكانی پارێزگاكانی باكور و خۆرئاوای عێراق چەند رۆژێكە دانوستانیان دەستپێكردووە و لە دوو رۆژی داهاتوودا هاوپەیمانێتییەك رادەگەیەنن كە ژمارەی پەرلەمانتارەكانی دەگاتە 45 پەرلەمانتار. سەرچاوەیەكی نزیك لە سوننەكان رایگەیاند چەند كەسایەتییەكی پارێزگاكانی ئەنبار و نەینەوا و سەلاحەدین و بەغدا بەشداری دانوستانەكانیان كردووە. ئاشكراشیكرد كە هاوپەیمانێتییە نوێەكە سەركردە سوننەكانی وەك سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمانن جەمال كەربولی سەرۆكی حزبی حەلن ئەحمەد جبوری پارێزگاری سەلاحەدین، محەمەد ئیقبال وەزیری پەروەردە، محەمەد حەلبوسی پارێزگاری ئەنبار لەخۆدەگرێت و هەوڵیش هەیە بۆئەوەی  هاوپەیمانی قەرار كە ئوسامە نوجێفی سەرۆكایەتی دەكات قایل بكرێت و بێتە ناو ئەو هاوپەیمانێتییەوە.    


(درەو میدیا): مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمریكا بە تەلەفۆن لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق قسەی كرد. بەپێی هەواڵێك كە سەرۆك وەزیرانی عێراق لەسەر ئەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردوەتەوە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا جێگری سەرۆكی ئەمریكا پابەندبونی واشنتۆنی نیشانداوە بە بەردەوامیدان بە پاڵشتییەكانی عێراق لە شەڕی لەناوبردنی داعشدا. لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا عەبادی و مایك پێنس گفتوگۆیان كردووە لەبارەەی "دۆخی ناوچەكە و بارودۆخی ئەمنی و سیاسی عێراق و پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق". پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی جێگری سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ حەیدەر عەباددی دوای چەند رۆژێك دێت لە هاوپەیمانێتیكردنی حەیدەر عەبادی لەگەڵ موقتەدا سەدر بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق. تائێستا هەڵوێستی ئەمریكا لەبارەی ئەو هاوپەیمانێتییەوە روون نییە كە لەنێوان سەدر و عەبادی و هادی عامری و عەممار حەكیم وەكو چوار هێزی سیاسی سەربە پێكهاتەی شیعەدا دروستبووە.  


(درەو میدیا): كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، بەشێك لە سندوقەكانی دەنگدانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار لە دەرەوە و لە ناوخۆ بەدەست جیاكردەكرێنەوە و ئەژماردەكرێنەوە. دادوەر لەیس حەمزە وتەبێژی كۆمسیۆن لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند سەرجەم بەڕێوەبەری نوسینگەكان ئەو بنكانەی هەڵبژاردن كە سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە، ئاگاداردەكرێنەوە كە سندوقەكان و ئامێری لێكۆڵینەوەی ئەلیكترۆنی تایبەت بەو سندوقانە رەوانەی بەغدا بكەن. حەمزە وتی:" كات و شوێنی دووبارە جیاكردنەوە و ئەژماركردنەوەی دەنگەكان لە كاتێكی تردا رادەگەیەنرێت و پرۆسەكە بە چاودێری نوێنەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان و قەوارە سیاسییەكان و بریكاری كاندیدەكان بەڕێوەدەچێت". هەرچەندە پەرلەمانی عێراق لە یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق بڕیاریداوە دەنگی هەموو سندوقەكانی دەنگدان بەدەست جیابكرێنەوە، بەڵام ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆن كە لە نۆ دادوەر پێكهاتوون رایانگەیاند بە گوێرەی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی تەنها دەنگی ئەو سندوقانە جیادەكرێتەوە كە سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە.    


(درەو میدیا): كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بڕیاریدا تەنها دەنگی ئەو وێستگانە بەدەست بژمێردرێنەوە كە گومانی ساختەكارییان لەسەرە. ئەو دادوەرانەی كە لە جیاتی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان دانراونن ئەمڕۆ یەكشەممە بڕیاریاندا پرۆسەی جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەستیی دەنگەكان بە گوێرەی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی لەو وێستگانەی دەنگدان ئەنجامبدرَت كە سكاڵایان لەسەر تۆماكراوەیان بە راپۆرتی رەسمی گومان لە بوونی ساختەكاریی دەكرێت تێیاندا.  


(درەو میدیا):  هاوپەیمانی " نەسر" كە حەیدەر عەبادی سەرۆكایەتی دەكات هەڵوێستی خۆی بەرامبەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان رادەگەیەنێت و بە هەنگاوێكی نادەستوریی وەسفدەكات. حسێن عادلی وتەبێژی هاوپەیمانی " نەسر"  لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند نەسر بڕوای وایە كە پرۆژە یاسای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان ناكۆكە لەگەڵ دەستوردا. عادلی ئاماژەیبەوەشدا ساڵی 2010 تەمەنی پەرلەمان كۆتایی هات و حكومەت نۆ مانگ بەبێ‌ چاودێری پەرلەمان بەردەوام بوو، هەموو لایەك ئەوكات هاوڕابوون لەسەر نادەستوریی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان. وتەبێژی هاوپەیمانی " نەسر" راشیگەیاند دادگای فیدراڵی لایەنكی یەكلاكردنەوەی پرسی یاسایی و نایاسایی بوونی پرۆژەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانە.  


( درەو میدیا): حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر پێكهێنانی هاوپەیمانێتی نێوان هەردوو ئیئتیلافی " نەسر و سائرون" یان راگەیاند. دوای كۆبوونەوەیان بۆ چەند كاتژمێرێك لە شاری نەجەف، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە حەیدەر عەبادی و موقتەدا سەدر لە شاری نەجەف لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەك كە تائیفەیت تێبەپەڕێنێت لە نێوان هەردوو ئیئتیلافی نەسر و سائرون راگەیاند. لە كۆنگرەكەدا سەدر رایگەیاند: " لە كۆبوونەوەكەیدا لەگەڵ عەبادی 10 خاڵی خستوەتەڕوو، لەوانە بنبڕكردنی گەندەڵیی، بەهێزكردنی سوپا، و دەستوەرنەدان لە كاروباری حكومەت، و بەردەوامبوون لەسەر پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەك كە تائیفەیەت تێبپەڕێنێت و ببێتە هۆی پێكهێنانی حكومەتێكی تەكنۆكرات کە نوێنەرایەتی هەموو گەلی عێراق بکات." سەدر داواشی لە كوتلەكانی تر كرد بەشداری بكەن و بچنە ناو ئەم هاوپەیمانێتییەوە بۆئەوەی پەلەبكرێت لە پێكهێنانی حكومەتێكی تەكنۆكرات و وتی:" رێككەوتنەكە پشتیوانیكردنی سوپا و هێشتنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت و دانانی بەرنامەیەك بۆ چاكسازیكردن لە دەسەڵاتی دادوەریی و كاراكردنی رۆڵی داواكاری گشتی و بەردەوامبوون لەسەر دژایەتیكردنی گەندەڵی و لێپرسینەوە لەوانەی كە تۆمەتی گەندەڵییان بەسەردا ساغدەبێتەوە لە خۆدەگرێت." جەختیشیكردەوە كە " رێككەوتنەكە پاراستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بە هاوسەنگی  و دەستوەرنەدان لەكاروباری وڵاتانی تر و جەختكردنەوە لەسەر رێگەنەدان بۆ دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی عێراقیش لەخۆدەگرێت". عەبادیش لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا وتی:" ئەم هاوپەیمانێتییە دژی ئەو هاوپەیمانێتییانە نییە كە ڕاگەیەنراوە یان هەیە و هەندێك كوتلەش دێن بۆئەوەی رێككبكەون لەگەڵماندا". عەبادی داواشیكرد كۆبوونەوەیەكی بەرفراون كە هەمووان بەشدار بن تێیدا ئەنجامبدرێت. ئەو خاڵانەی كە عەبادی و سەدر لەسەری رێككەوتوون: 1- بانگەواز بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەك كە تائیفیەت و ئیتنیك تێبەپەڕێنێت و هەموو پێكهاتەكانی گەلی عێراق لە خۆبگرێت. 2- بەردەوامبووون لەسەر نەهێشتنی گەندەڵیی و دوورخستنەوەی گەندەڵەكاران لە پۆستەكانی دەوڵەتی و حكومەت و ئەو كەسەی كە دۆسیەی گەندەڵەی بەسەردا ساغدەبێتەوە بدرێتە دادگای عێراق و رۆڵی دامەزراوە چاودێرییەكان لە بنبڕكردنی گەندەڵی و چاودێری كارابكرێت. 3- پێكهێنانی حكومەتی تەكنۆكرات لە كەسانی شارەزاو لێهاتوو، دوور لە بەشبەێنەی تائیفی. 4- بەهێزكردنی سوپا و پۆلیس و هێزە ئەمنییەكان و هێشتنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەتدا و پاراستنی ناوبانگی دەوڵەت و دەستكەوتەكانی. 5- دانانی بەرنامەیەكی چاكسازی بۆ پاڵپشتیكردنی ئابوری عێراق لە هەموو كەرتەكاندا. 6- پاراستنی هاوسەنگی لە پەیوەندییەكان لەگەڵ هەموو لایەك بەوەی كە لە بەرژەوەندی عێراقدایە و سەروەریی و سەربەخۆیی دەپارێزێت و دەستوەرنەدان لە كاروباری وڵاتانی تر و رێگەنەدا بەدەستوەردانی وڵاتان لە كاروباری عێراق. 7- پشتگیركردن لە چاكسازییكردن لە سیستمی دادوەریی عێراق و كاراكردنی رۆڵی داواكاری گشتی. 8- پاراستنی یەكگرتوویی خاك و گەلی عێراق و جەختكردنەوە لەسەر دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات.      


(درەو میدیا): وەفیق سامەڕائی شارەزای بواری سەربازیی و راوێژكاری پێشووی سەرۆك كۆماری عێراق رایدەگەیەنێت سەدام حسێن لە داگیركردنی كوەیت پەشیمان بووە و رایگەیاندووە پێویست بوو سعودیەی داگیربكردایە و سعودیەشی تۆمەتباركردووە بەوەی كە هانیداوە بۆئەوەی بچێتە شەڕی هەشت ساڵەوە لەگەڵ ئێراندا. سامەڕائی لە نوسینێكدا لە پەیجی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیوێتی: " كوەیت بە دانایی سەركردایەتییەكەی ئێستای زیاتر هاوكاری عێراق و وڵاتانی دەوروبەری  كردووە و هەڵوێستی ئیجابی ئەمدوایەشی لە قەیرانی كەنداودا بەڵگەیەكی روون و ئاشكرایە لەسەرئەوە". سامەڕائی دەشڵێت:" نامۆ نیە كە سەدان پەشیمانی خۆی ئاشكرابكات- زۆر كەم پەشیمان دەبوەوە- لە داگیركردنی كوەیتدا لە ساتێكی ستەمكاریی و لەخۆبایبوودا و لە كۆبوونەوەیەكی تایبەتی دوای جەنگی دووەمی كەنداو ئاشكرایبكات كە پێویست بوو  هێرش بكاتە سەر سعودیە لە جیاتی كوەیت، بە ئاشكراش  باسی لە ئارەزووی سعودیە كرد بۆ دابەشكردنی ئێران و تۆمەتباریشیكرد بە هاندانی عێراق بۆ دژایەتیكردنی ئێران، ئەو جەنگەی كە لەگەڵ داگیركردنی كوەیتدا ئەوەیان لێكەوتەوە كە بەسەر عێراقدا هات."  


(درەو میدیا): "درێژكردنەوەی ویلایەتی پەرلەمان پێشێلكارییەكی مەترسیداری دەستورەو كۆدەتایە بەسەر سیستمی سیاسی و دیموكراتی و فیدراڵیدا" ئەمە وتەی هۆشیار زێباریيە كە ئێستا ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانەو لە 2003 تا 2014 وەزیری دەرەوە و لە 2014 تا 2016 وەزیری دارایی عێراق بووە. (60) پەرلەمانتار واژویان لەسەر نوسراوێك كردووەو ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقیان كرد و پێشنیازی یاسایەكیان كرد كە " بەردەوامی بدات بە كاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تا كۆتایی بە كاری ئەژماركردنەوەو جیاكردنەوەی دەستيی دەنگەكان دێت و پەرلەمانی نوێ دەستبەكار دەبێت". دوێنێ هەینی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنێكی نائاساییدا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ هەمواری چوارەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە 45 ی ساڵی 2013 كرد، كە تێیدا پەرلەمان لەبەر رۆشنایی بڕیارەكانی ئەمدواییەی دادگای فیدراڵی تایبەت بە ژماردنەوەی دەستیی دەەنگەكان ، دەیەوێت تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە. سەلیم جبوری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نوسینێكدا لە پەیجی فەرمی خۆی دەڵێت" ئامانج لە كۆبونەوەی هەینی درێژكردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتی یاسادانانە بەبێ موچەو ئیمتیازی پەرلەمانتاران، بۆ ئەوەی هاوتەریب لەگەڵ دەسەڵاتی جێبەجێكردندا بڕوات"، بەڵام درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لەهیچ مادەیەكی یاسایی و دەستوردا بەروونی باس نەكراوە، بۆیە گفتوگۆی جیاوازی لێكەوتەوە. تارق حەرب شارەزای یاسای دەستوری پێيوایە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان نایاساییە" بەهیچ شێوەیەك درووست نیە پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە تەنانەت بۆ یەك رۆژیش، لەبەر ئەوەی ماوەكەی تەنها 4 ساڵی دیاریكراوە بەپێی دەستوری عێراق".   ئەگەرچی لە دەستوری عێراقیدا ئاماژەی راستەوخۆ بە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان نەدراوە، بەڵام لە مادەی 58ی دەستوری عێراقدا باس لە درێژكردنەوە كراوە. دەقی مادەی 58ی دەستوری عێراق بڕگەی دووەم: "وەرزی یاسادانانی خولێكی بەستنی ئەنجومەنی نوێنەران درێژدەكرێـتەوە بە مەرجێك لە سی (30) ڕۆژ زیاتر نەبێت، بۆ تەواوكردنی ئەركە پێویستیيەكان، لەسەر داوای سەرۆك كۆمار یان سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران یان سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران یان پەنجا كەس لە ئەندامانی ئەنجومەن". بەپێی ئەم مادەیە، پەرلەمان دەتوانێت بە واژووی پەنجا ئەندامی تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە بەڵام نابێت لە 30 رۆژ زیاتر بێت، بەڵام لە مادەی 56 دەستوردا بە روونی باس لەوە كراوە كە ماوەی تەمەنی پەرلەمان تەنها 4 ساڵە. دەقی مادەی (56)ى دەستوری عێراق بڕگەی یەكەم: "ماوەی خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران چوار ساڵی ڕۆژمێریی دەبێت، ماوەكە لە یەكەم دانیشتنەوە دەستپێدەكات و بە كۆتایهاتنی ساڵی چوارەم، كۆتای دێت". بڕگەی دووەم: "هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی نوێ‌ چل و پێنج ڕۆژ پێش بەرواری كۆتایی هاتن بە خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەن دەستپێدەكات". بەپێی ئەم مادەیەی دەستور، بەروونی ماوەی خولی پەرلەمان دیاریكراوەو زیادكردنی بۆ نیە. زۆرێك لە لایەنەكان درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان رەتدەكەنەوە بەڵام پێشیان وایە ئەگەر پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژنەكاتەوە، بۆشایی یاسایی دروستدەبێت و ناتوانرێت چاودێری ئەژماركردنەوەی دەنگەكان و دووبارە راگەیاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بكرێت.  كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان كە یەكێكە لە لایەنە ناڕازییەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی 12 ی ئایار، دژی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانە، ئەحمەدی حاجی رەشید سەرۆكی فراكسیۆنی‌ كۆمەڵی ئیسلامی رایگەیاند، لە كۆبونەوەی‌ رۆژی هەینی پەرلەمانی‌ عێراقدا گفتوگۆ لەبارەی بریاری درێژكردنەوەی‌ تەمەنی‌ ئەم خولەی پەرلەمانی‌ عێراق كرا و فراكسیۆنی‌ كۆمەڵی ئیسلامیش واژوی لەسەر بریارەكە نەكرد و رەتیكردەوە. ئەمین بەكر سەرۆكی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕانیش دەڵێ" گۆڕان لەگەڵ‌ درێژكردنەوەی‌ تەمەنی‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عێراقدا نیە لەبەر ئەوەی‌ ئەو كارە كێشەی‌ دەستوريی‌ لێدەكەوێتەوە". مەسعود حەیدەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پەیجی تایبەتی خۆی نوسیویەتی" ئەوانەی دەرنەچوون ئەیانەوێ تەمەنی پەرلەمان درێژ بكەنەوە، نە ئامادەی دانیشتنەكە دەبم و نە لەگەڵ درێژكردنەوەی پەرلەمانم، كارێكی نادەستوریيە". مشعان جبوری ئەندامی پەرلەمانی عێراق درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بە دەستوری لەقەڵەم دەدات و پێيوایە" جێبەجێكردنی بریاری دادگای دەستوریيە كە ئەنجومەنی نوێنەران پابەند دەكات بە گرتنەبەری رێوشوێنی تایبەت بۆ چارەسەركردنی بۆشایی دەستوريی".  بەڵام عادل نوری كە وەك پەرلەمانتارێكی كورد واژوی لەسەر نوسراوەكە كردووە بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دەڵێت" هەژماركردنەوە و یەكلاكردنەوەی تانەكان و پەسەندكردنی لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە، دوو مانگی پێویستە و ئەگەریش دەركەوت ساختەكارییەكی زۆر كراوە، رەنگە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن هەر هەڵبوەشێتەوە، بۆیە لەپێناو دروستبوونی بۆشایی یاسایی تەمەنی پەرلەمان درێژدەكرێتەوە".  هەرچۆنێك بێت چاوەڕەوان دەكرێت رۆژی یەكشەممە یان رۆژانی دواتر پەرلەمان خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری چوارەمی یاساكە بكات و تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە تا رێوشوێنەكانی ئەژماركردنەوە تەواو دەبن و ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان رادەگەیەنرێت و پەرلەمانی نوێ دەستبەكاردەبێت. پێدەچێت پەرلەمان رەزامەندی دادگای فیدراڵی بەدەستهێنابێت، بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی خۆی، چونكە ئەو بڕیارانەی دادگای فیدراڵی لەبارەی هەڵبژاردنەوە داویەتی، بەپێی قسەی هەندێك لە چاودێران جێبەجێكردنەكەی نزیكەی دوو مانگی پێویستە، ئەو كاتیش عێراق دەكەوێتە بۆشایی یاساییەوە. 


(درەو میدیا):   "من لە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، لەبەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی دەرەوەو جوڵەی دانیشتوان و ئاوارەو دەنگدانی تایبەتی هەرێمی كوردستان، پێشنیازی ئەوەم كرد هەركاتێك دەركەوت سندوق یان وێستگەیەكی دەنگدان رێژەی ساختەكاری تێدا زۆرە، ئەو وێستگەیە هەڵبوەشێتەوە، بەڵام ئەو پێشنیازە دەنگی نەهێنا" ئەمە وتەی ئەمین بەكر سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕانە لە پەرلەمانی عێراق كە هاوكات ئەندامی لیژنەی یاساییە. ئەمین بەكر وتى:" دانانی ئەو بڕگەیە لەژێر فشاری سوننەكان بوو، چونكە ئەگەر ئەو بڕگەیەی بۆ زیادنەكرایە، سوننەكان بەشداری كۆبونەوەكەیان نەدەكردو بەوەش نیساب تەواو نەدەبوو".  سەبارەت بە بیرۆكەی هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەتی هەرێمی كوردستان، ئەمین بەكر باس لەوە دەكات " كاتێك گفتوگۆكرا لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان، سەرەتا ئەوان ویستویانە ئەو هەنگاوە لەرێگەی بڕیارێكەوە  بگەیەنن بە كۆمسیۆن، بەڵام كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ملی نەداوە، بۆیە بڕیاريانداوە لە رێگەی هەمواری یاساكەوە هەنگاوەكە هەڵگرن، بەتایبەت دوای ئەوەی چاويان كەوتووە بە ئەنجومەنی دادوەری كە پێییان راگەیاندون  لەرێگەی یاساوە نەبێت ئێمە ناتوانین تەداخولی ئەو پرسە بكەین".  سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت" لە هەندێك شوێن، هەندێك ناوەندی دەنگدان ساختەكاری بە ئەندازەیەك كراوە كە مەجالی چارەسەری نیە، بەتایبەت دەنگدانی دەرەوەو ئاوارەكان و جوڵەی دانیشتوان و ئەوەی تریشیان دەنگدانی تایبەت بوو" تەنانەت " لە دەنگدانی تایبەتدا وێستگەی وەهمی تێدایە  كە ئەوەش لە كۆمسیۆن ئەو وێستگانە ژمارەی هەیە، بەڵام بەكردەكی نەكراوەتەوە، خەڵكی نازانن ئەو وێستگانە هەیە تا بچن لەوێ دەنگەكانيان بدەن، ئەمانە دانراون بۆ ئەو كارتانەی كە لای خۆیان دانراون، دوایی خۆیان دەچن ئەو وێستگانە پڕدەكەن". ئەمین بەكر ئاماژە بە چەندین جۆر ساختەكاری دەكات لە دەنگدانی تایبەتدا" سێ جۆر ساختەكاری كرابوو لە دەنگدانی تایبەتدا، یەكەمیان لە رێگەی پرۆگرامی ئامێری دەنگدانەوە كراوە، ساختەكاریەكی تر لە رێگەی فشارەوە، كە ئەوانەی دەنگ نەدەن بە لایەنێكی دیاریكراو توشی لێپرسینەوەو سزادان دەبن، جۆری سێیەم بەكارهێنانەوەی كارتی دەنگدانی بەدیلە واتا لەبری كەسێكی دیكە دەنگیانداوە، ئەوانەی لەدەنگدانی تایبەتدا دەنگیانداوە كارتە كۆنەكانیان تەسلیم نەكردۆتەوەو دووبارە دەنگیانپێداوەتەوە، ئەمەشیان لە رێگەی راگرتنی ئامێری بەسمەكەوە، بۆ ئەوەی كە بەروارد نەكرێت و لەیەك نەچێت". سەبارەت بە پێشنیازەكانی هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەنگانە ئەمین بەكر دەڵێت" ئێمە لە لیژنەی یاسایی دوو دەقمان داڕشت، بەم شێوەیە: دەقی یەكەم/ ئەو ناوەندانە رەتبكرێنەوە هەركات دەركەوت كە ساختەكاریان تێداكراوەو قابیلی چارەسەركردن نیە، بەم شێوەیە ( دەنگدانی دەرەوەو جوڵەی دانیشتوان و ئاوارەو تایبەت هەڵدەوەشێنەوە هەركات دەركەوت ساختەكاری گەورەی تێدا كراوە )، خۆمان پێش بینی ئەوەمان كردبوو كە ئەم خاڵە پێدەچێت  ئیشكالیەتی یاسایی بۆ درووست بێت بۆیە خاڵكی ترمان دانا.  دەقی دووەم/ ئەمەیان پێشنیاری من بوو ئەویش ئەوە بوو ( هەركاتێك دەسەڵاتی دادگای تایبەتمەندی سەیركردنی تانەكانی هەڵبژاردن، بۆی دەركەوت سندوق یان وێستگەیەكی دەنگدان رێژەی ساختەكاری تێيدا زۆرە، ئەو وێستگەیە هەڵبوەشێتەوە )".  ئەمین بەكر جەخت دەكاتەوە كە لەژێر فشاری سوننەكاندا ئەو دەقە دانراوە" ئەگەر ئەو پێشنیازەمان تێنەكردایە، سوننەكان نەئەهاتنە دانیشتنەكەوەو بەوەش نیسابی یاسایی تەواو نەدەبوو، بەڵام پاشگرێكمان بۆ زیادكرد ئەوەیش بەم شێوەیە ( ئەگەر دەركەوت ساختەكاری تێدایە)، بەڵام كە چوینە هۆڵی كۆبونەوەكانەوە لە گفتوگۆكاندا پاشگرەكەیان لێ لابرد". سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ئاماژەی بەوەكرد، ئەگەر ئەو كات بە پێشنیازەكەی رازی بونایەو لە پەرلەمان دەنگی  پێویستی بهێنایە، ئێستا دادگای فیدراڵی رەتی نەدەكردووە، چونكە" بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی هاتۆتەوە سەر دەق و پێشنیازەكەی لیژنەی یاسایی كە دەڵێت ئەو كات دەنگەكان هەڵدەوەشێتەوە كە سەلمێنرا ساختەكاری تێدا كراوە، ئەمە ئەو دەقەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانە كە لە ناو هۆڵی پەرلەمان دەنگی پێویستی نەهێنا".   



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand