د. سانا كەمال، پارێزەری ڕاوێژکار سپیکردنەوەی پارە:( بریتییە لەپرۆسەی شاردنەوەی پارەی بەدەست هێنراو بە شێوەیەکی نایاسایی، بەجۆرێک کەوادەرکەوێت لەسەرچاوەیەکی شەرعیەوە بەدەست هێنراوە، بە واتایەکی تر شێوازێکە کە تاوانباران بۆ شاردنەوەی سەرچاوەی بەدەست هێنانی پارەکانیان بەکاریدەهێنن). سپیکردنەوەی پارە زۆرجار لەرێگەی دروستکردنی ئەکاونتێکی ساختەوە دەکرێت لەپلاتفۆرمی تیکتۆک، پاشان بەکارهێنەر ئەم ئەکاونتە بەکاردەهێنێت بۆ ناردنی پارە بۆسەر حسابی بەکارهێنەرێکی کە، بەرامبەر بە ڕێژەیەک لەو پارەیەی کە دەینێرێت. لە کاتێکدا سپیکردنەوەی پارە لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە دیاردەیەکی تاڕادەیەک نوێیە، بەڵام لەئێستاوە کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە. لە ساڵی ٢٠١٨ " ئێف بی ئای " ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا ئاماژەی بەوەدابوو بری ٣٠٠ ملیۆن دۆلار سپیکراوەتەوە لە ڕێگەی پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیاوە. وە لە ساڵی ٢٠٢٠دا زیاتر لە ١٧ هەزار حاڵەتی سپیکردنەوەی پارە هەبووە کە گەنجانی تەمەن ٢١ بۆ ٣٠ ساڵان تێیدا بەشداربون، ئەم ژمارەیە لەلایەن (سیفاس) "دەسەڵاتی پاراستنی ساختەکاری" بڵاوکراوەتەوە. سەبارەت بە عێراق بە پێی زانیاریەکان، لقی زانیاری هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، لێکۆڵینەوەیان کردوە دەربارەی بونی گومانی سپیکردنەوەی پارە لەڕێگەی ئەکاونتی بەکارهێنەرە دیارەکانی پلاتفۆرمی تیکتۆکەوە. وەهەر لەچوارچێوەی ئەم بابەتە بانکی ناوەندی عێراق لە بەرواری ( ٢٨/١١/٢٠٢٤ ) بڕیاری دەرکرد بە ڕاگرتنی گواستنەوەی دارایی بۆ بریکارەکانی سەر بە تیکتۆک لە ناوخۆی عێراق، ئەمەش بە پشتبەستن بە داواکاریيەکی وەزارەتی پەیوەندیەکان. ئەم ڕێ و شوێنە بۆ چارەسەرکردنی ئەو داهاتە داراییانە دێت کە بەکارهێنەرانی پلاتفۆرمەکە لە ڕێگەی پاداشت و سودەکانەوە وەک داهات بەدەستی دەهێنن. داهاتەکان بریتین لە داهاتی "دیاری مەجازی" کە لە ڕێگەی کڕینی دراوی تیکتۆکەوە دەگۆڕدرێن بۆ پارەی ڕاستەقینە، ئەم کارەش بۆ پشتگیری کردنی مادی خاوەن ئەکاونتی تیکتۆکەکان بەکاردەهێنرێت لە روکەشدا، وە بۆ سپیکردنەوەی پارە لە ناوەرۆکدا، یا خود لە رێگەی ریکلام کردن بۆ کۆمپانیا و شت ومەک و هتد... . سەبارەت بە رێکخستنی ئەم بابەتە لەرووی یاساییەوە، بە یاسای ژمارە ( ٣٩ ) ساڵی ( ٢٠١٥ )ی عێراقی لەژێر ناونیشانی " یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپی کردنەوەی پارە و تەمویلی تیرۆر " ڕێکخراوە، وە بەپێی ئەویاسایە هەرکەسێک هەریەکێک لەم کارانەی خوارەوە ئەنجام بدات، بە تاوانی سپیکردنەوەی پارە دادەنرێت: یەکەم/ گواستنەوە، یان ئاڵوگۆڕکردنی پارە لە کەسێکەوە کە دەزانێت یان دەبوو بزانێت کە داهاتی تاوانێکە، بۆ مەبەستی شاردنەوە یان خۆدزینەوە لە سەرچاوە نایاساییەکەی یان یارمەتیدانی ئەنجامدەرەکەی یان ئەنجامدەری تاوانە ئەسڵییەکە یان ئەوانەی بەشدارییان کردووە لەئەنجامدانی بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی. دووەم/ شاردنەوەی پارە یان پۆشینی سروشتی ڕاستەقینەی، سەرچاوە، شوێن، بارودۆخ، شێوازی گواستنەوەی خاوەندارێتی، یان مافەکانی پەیوەست بەوەوە، لە کەسێکەوە کە دەزانێت یان دەبوو بزانێت کە داهاتی تاوانێکە. سێیەم/ بەدەستهێنانى خاوەندارێتی یان بەکارهێنانی پارە لە کەسێک کە دەزانێت یان دەبوو لە کاتی وەرگرتنیدا بزانێت کە داهاتی تاوانێکە. وە بە پێی ئەو یاسایە هەر بەکارهێنەرێکی تیکتۆک هەستێت بە سپیکردنەوەی پارە ئەوا سزادەدرێت بە بەندکردن بۆ ماوەیەک لە 15 ساڵ زیاتر نەبێت لەگەڵ غرامە کردن کە کەمتر نییە لەو بڕە پارەی پێی گیراوە و تا پێنج ئەوەندە زیاتر نەبێت، لەگەڵ حجزکردن و دەستبەسەرداگرتنی ئەو پارانەی کە پێی گیراوە. سەبارەت بە هەرێمی کوردستان هەمان یاسایی عێراقی ئاماژە بۆکراو جێبەجێ دەکرێت لە دادگاکاندا، سەرەڕای ئەوەی هیچ هەنگاوێک نەگیراوەتەبەر لەلایەن دەسەڵاتی تایبەتمەندەوە سەبارەت بە لێکۆڵینەوە لە بونی یاخود نەبونی ئەم بابەتە لەناو تیکتۆکچیەکانی هەرێمی کوردستان. بۆ خۆپاراستن لە بەشداریکردن لە پڕۆسەی سپیکردنەوەی پارە لەڕێگەی تیکتۆکەوە دەتوانرێت ئەم هەنگاوانەی لای خوارەوە بگیرێتەبەر: یەکەم: ئاگاداری ئەوکەسە کاریگەرانەبن کەداوای دیاری دەکەن، بەتایبەتی ئەگەر تازەبن یان فۆڵۆوەرێکی کەمیان هەبێت. دووەم: دیاری مەنێرە بۆ ئەو کەسانەی کە نایانناسیت و متمانەت پێیان نییە. سێیەم: ئاگاداری مەترسییەکانی ناردنی دیاریبە بۆ ئەوکەسانەی کە ناوبانگیان هەیە، چونکە دەکرێت پارەکەت بۆ مەبەستی نایاسایی بەکاربهێنرێت. چوارەم: ئەگەر نیگەرانیت لەوەی کە لەوانەیە بەشداربیت لە پلانی سپیکردنەوەی پارەدا، پێویستە ئاگاداری لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەیتەوە.
ئاسۆ جەبار دەنگی ئەمریکا 33 ساڵە خیانەت لە دەستوری ئەمریکا دەکات ئەمریکییەکان و کەسانی دڵسۆزی ئەمریکا و ناو دەنگی ئەمریکا هەر لەسەرەتاوە زۆر هەوڵیاندا بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا نەگات بەم ڕۆژە و خیانەت لە دەستوری ئەمریکا بکات و عەقڵیەتی حیزبگەرایی و پاوانخوازی و شەڕانگێزی زاڵنەکەن بەسەر ئەو دامەزراوە فیدڕاڵییەی ئەمریکادا بەڵام سودی نەبوو. مایکڵ رۆبن هەر لە خۆیەوە قسە ناکات و رەخنە ناگرێت لە بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا و دەڵێت دەبێت سەرلەبەری بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا گۆڕانکاری تیادا بکرێت و دەشڵێت " گەورەترین ئاڵنگاری بەرامبەر ئازادی و ئازادییەکانی کورد لە بەغداوە نییە، بەڵکو لە خۆسەپێنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر یان کلێپتۆکراسی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە لە سلێمانی." با بزانین مایکڵ ڕۆبن کێیە؛ دکتۆر مایکل ڕوبین بەرپرسێکی پێشووی پنتاگۆن بووە، هاوکارێکی باڵایە لە پەیمانگای ئەمریکی ئینتەرپڕایز، کە تایبەتە بە ئێران و تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەروەها نوسەر و هاو-سەرنوسەری چەندین کتێبە کە بەدواداچوون بۆ دیپلۆماسی، مێژووی ئێران، کولتووری عەرەبی، توێژینەوە لەسەر کورد و سیاسەتی شیعە دەکەن، لەوانە "حەوت پایە: بەڕاستی چی دەبێتەهۆی ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟"، "سەرهەڵدانی کوردستان"، "سەماکردن لەگەڵ شەیتان: مەترسییەکانی بەشداریکردنی ڕژێمە ناپاکەکان" (کتێبی بەریەککەوتن)، "ئێرانی ئەبەدی: بەردەوامی و ئاژاوە". دکتۆر مایکڵ ڕۆبن بەڕێوەبەری شیکاری سیاسەت بووە لە ساڵی 2023 دا کۆڕبەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شیکەرەوە و شارەزابوو لە ساڵانی 2012–2024 نووسینگەی توێژینەوەی سەربازی بیانی ئەمریکا، ڕاوێژکاری سیاسی بووە لە سەروەختی دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانان لە (بەغدا) لە ساڵانی 2003 بۆ 2004. خاوەنی دەیان پۆستی گرنگ و پسپۆرییە. ئەوانەی پێنوایە تا دنیا دنیایە دەتوانن ڕووی راستەقینەی حەقیقەتی گەندەڵی و نادادپەروری و مافیاگەری بشارنەوە خەیاڵیان خاوە، حەقیقەت ئەو ڕووناکییەیە کە بەهەموو تاریکی دونیا ناشاردرێتەوە. ئەوانەی پێنوایە دەتوانن بە داگیرکردنی ڕووناکی؛ تاریکی بە خەڵک بفرۆشنەوە زۆر دەمێکە ڕووی ڕەشی درۆ و ستەمکارییەکانیان تۆمارکراون و رۆژی لێپرسینەوە نزیکە. ئایا دەتوانیت دەستور و یاسا و ڕێساکانی ئەمریکا وەک گەورەترین دەوڵەتی زلهێز لە جیهاندا پێشێلبکەیەت و خیانەت لە بەند و مافە بنەڕەتییەکانی ئەمریکا بکەیەت و وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچیت؟ نەخێر دەیان ناوەندی یاسایی و حکومی ئەمریکی هەن کە ڕێگرن لەبەردەم پێشێلکردن یان خیانەتکردن لە دەستوری ئەمریکا، وەک کۆنگرێس و دەسەڵاتی دادوەری باڵا، ئەنجومەنی سینات، یاسا و ڕێساکانی ئەمریکا، وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی دارایی و گەنجینەی ئەمریکا. ڕەنگە بۆ ساتێک لە ساتەکان باندی سیاسی و حیزبی و تاکەکەسی سەر بە هەندێک وڵات و تاقمی مافیای توانیبێتیان سوود لە هەندێک کەلێنی یاسایی و سیاسی وەربگرن و بۆ بەرژەوەندی خۆیان و حیزب و وڵاتەکەیان بەکاریان هێنابێت، بەڵام نەیانتوانییوە تاسەر پارێزگاری لەو پێشلکاریی و خیانەتە بکەن بەرامبەر ئەمریکا. کولتوری رق و کینە بەپێی دەستور و یاسا و ڕێساکانی ئەمریکا ڕەفتار و هەڵوێستی ڕق و کینەئامێز قەدەغە و هەرکەسێکیش رق و کینە بەرامبەر هەر کەسێک بگرێتەبەر لەڕووی یاساییەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی توند دەبێتەوە. بەڵام رق و کینەیەکی کۆمەڵایەتی و حیزبی و مافیاگەری هەیە کە تەنها زادەی کۆیلەی ئەو حیزب و باندە مافیاگەرانەن کە بۆ پیادەکردنی هەر کینەیەکی حیزبی و بنماڵەیی پاداشت دەکرێن و موچەی کۆیلایەتی وەردەگرن. ئەم کلتورە لە دەنگی ئەمریکادا بەتایبەتی بەشی کوردی زادەی ئەو حیزبایەتییە کوێرانە و کۆیلایەتییە بوو کە تائەوڕۆکە لە فۆرمی جیاوازدا خۆیان نمایشدەکەنەوە، کینەی چاڵهەڵکەندن بۆ ڕۆژنامەوانە بوێرەکان، کینەی ناوچەگەرێتی دژی ناوچەیەکی دیکەی کوردستان، کینەی رق لێبوونەوە لە نەتەوەیەک یان نەژاد و رەگەزێکی دیکە، کینەی نانبڕینی ئەو کەسانەی کە رەخنەیان لێدەگرن و ڕووبەڕوویان دەبنەوە، لە ماوەی ساڵێکدا بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا لەدەرئەنجامی رق کینە و توندڕەوی زیاد 12 ڕۆژنامەوانی سەربەخۆ و پرۆدویسەری لەسەر کار لابرد، رق و کینەی حیزبی بە رادەیەکە لەو بەشەدا بە خوێنی سەری خەڵکانی جیاواز و سەربەخۆ تینوون. هێشتا ئەو بارودۆخەی دەنگی ئەمریکا بەتایبەتی بەشی کوردی لەژێر لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەدایە. کولتوری بێدەنگکردن و دەمکوتکردن باندی کۆیلەی حیزبەکان لەم دەزگایەدا لە بەڕێوبەر و سوپەرڤایسەرەکانەوە شۆڕبووبۆوە بۆ ناو باندێکی توندڕەوی حیزبی، دروستکردنی جاسوس لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆ چاودێریکردن و سانسۆڕکردن، بۆئەوەی سکرین شاتی هەموو بابەت و وێنانە بکەن بۆ بەرێوبەرەکانی دەنگی ئەمریکا و بەرپرسە حیزبییەکانیان و ملی ئەوانەی پێبشکێنن کە ڕقیان لێیانە و هاوبیر و هاوڕای عەقڵیەتی شەڕانگێزی و کۆیلایەتی ئەوان نین. هەڕەشەکردنی بێدەنگکردن و نانبڕین و دروستکردنی ترس لە کار و پیشە و تواناکانت لەماوەی ئەو 33 ساڵە ڕوویەکی ناشرینی شەڕانگێزی بووە لە بەشی کوردی دەنگی ئەمریکادا. ئەگەر دەزگا هەستیارەکانی ئەمریکا دەستبکەن بە لێپێچینەوەی ورد لەوە تێدەگەن کە زوربەی بەرپرس و سوپەرڤایزەرەکانی دەنگی ئەمریکا بەشی کوردی یان سەر بە پاراستنی پارتی بوون یان سەر بە یەکێتییە تۆراوەکانی نزیک لە پارتییەوە بوون، یان ژێراوژێر لەگەڵ بەرپرسە گەندەڵ و پیاوکوژەکانی کوردستاندا لە پەیوەندیدا بوون. لە ئەمریکا ناتوانیت لە دەزگایەکی حکومی کە لەژێر چاودێری و رەحمەتی کۆنگرێس دایە ببیتە کەسێکی توندڕە و شەڕانگێز و شەلاتی تەنها لەبەرئەوەی سەرۆکەکەت و باوکت یان براکەت بەدەسەڵات و شەڕانگێز و پێشلکاری ئازادی ڕادەربڕین و سەرکوتکەری خۆپیشاندەران و گەندەڵ و دڕندە بووە لە کوردستان، تۆ ناتوانیت وەکو بەرپرسە مافیا و گەندەڵەکانی وڵاتەکەت لە ئەمریکاش شەڕانگێز و کۆیلەی حیزب بیت. ئەمریکا وڵاتی ئازادی و یاسا و لێپێچینەوە و لێپرسینەوەیە لە گەندەڵ و شەڕانگێز و جاسوس و باندی حیزبی. کە پێدەخەیتە ئەم وڵاتەوە دەبێت کولتوری دڕندەیی داکەنیت و بەرگی ژیاندۆستی و پێکەوەژیان لەبەربکەی، بەرگی حیزبایەتی و مافیاگەری داکەنیت و بەرگی هاوڵاتیبوون لەبەربکەی، بەرگی جاسوسی داکەنیت و ببیت بە نیشتیمانپەروەر. دواجار رەنگە تا ئەم سەروەختە توانیبێتان خیانەت لە دەستوری ئەمریکا بکەن و وەک باندێکی حیزبی و پاراستن و کۆیلەی بەرپرسەکانتان مامەڵەتان کردبێت لە دەنگی ئەمریکادا، رەنگە سوپەرڤایزەر و جێگرەوەکانیان توانیبێتان تا ئێستا شەڕانگێز و توندڕە و کەلەڕەق و پێشلکاری دەستوری ئەمریکا بووبن، بەڵام ئیتر لەمەودوا رۆژی لێپرسینەوەیە. چونکە ئەوانەی خیانەت لە دەستور و یاساکانی ئەمریکا دەکەن بە ئاسانی بۆی دەرناچن، لەم وڵاتەدا یاسا هەیە، دەیان دەزگای هەستیار هەیە پارێزگاری لە بەهاکانی ئەم نیشتیمانە دەکات، پارێزگاری لەدەستور و مافی هاوڵاتیان دەکات. مایکڵ ڕۆبن رەخنەی توند لە دەنگی ئەمریکا دەگرێت منیش دەڵێم دەستێوەردانی حیزبی لەدەزگاکانی ئەمریکا خایەنەتی نیشتیمانییە دژی دەستور و خەڵکی ئەمریکا. ئاسۆ جەبار مایکڵ ڕۆبن بەشێک لە ڕاستییەکان ئاشکرا دەکات و دەرگای گفتوگۆیەکی زۆر گرنگ دەکاتەوە بۆ لێپێچینەوە و لێپرسینەوە لە بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا و دەڵێت " ئەگەر بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا هەوڵی بەرەو پێشبردنی سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بدا، ئەوا پشتگیری لە کوردەکانی سوریا دەکات و دیموکراسی بەرەوپێش دەبات و گەندەڵی لە سەرانسەری کوردستانی عێراق ئاشکرا دەکات." چەندین ساڵە گروپێکی حیزبی و توندڕەو و کۆیلەی حیزبەکان لە دەنگی ئەمریکا لە هەوڵی شاردنەوەی ڕاستییەکاندا بوون لە کۆنگرێس و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و بینەران و بیسەرانی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنەکە. هەرچەند ئەم گروپە بەهێزبوون و لەهەوڵی سەرکوتکردن دەنگی حەقیقەت و ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەکاندا بوون، بەڵام چەند ڕۆژنامەوانێکی سەربەخۆ و بوێر چەندین ساڵە لەشەڕدابوون دژی قوڕخکردن و دەسەڵاتی موتڵەقی کۆیلەکانی حیز لەو دەزگایەدا، بەڵام بەهۆی دەسەڵاتی ئیداری و دەرکردنی کەسانی سەربەخۆ و بەرزکردنەوەی پلەی کەسانی حیزبی و نابەرپرس و پێشلکاری ڕێساو دەستوری ئەمریکا تا ئەوڕۆکە توانیویانە بۆیان بچێتەسەر و ئەو دەزگا گرنگە داگیربکەن و بیخەنە ژێرپێی حیزبەکانیانەوە. ئەو ڕاستیانەی کە مایکڵ رۆبن باسی دەکەن بەزیادەوە ڕەوانەی کۆنگرێس و وەزارەتی دەرەوە و دەزگاکانی لێکۆڵینینەوە و دادگاکان کراون، تا ئەم سەروەختە لێکۆڵینەوەیان لێدەکەن و لەژێر نەشتەرگەری لێپێچینەوەدایە. رەنگە مایکڵ رۆبن نەیوستبێت باس لە گەندەڵی و نادادپەروەری و کۆیلایەتی حیزبی و دیکتاتۆریەتی بەڕێوبەر و سوپەرڤایزەرە کوردەکان بکات، قوڵ ئاماژەی بەوە نەداوە کە کەسانێک وەک گروپ و باندێکی حیزبی ڕێسا و بنەما گرنگەکانی ئازادی رۆژنامەگەری ئەمریکایان پێشلکردووە و خیانەتی گەورەیان کردووە لە دەستوری ئەمریکا، بەپێی دەستور و بنەما یاساییەکانی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستێوەردانی دەرەکی سیاسی و حیزبی لە دەزگاکانی دەوڵەتی ئەمریکادا خیانەتی گەورەیە. هەرچەند مایکڵ ڕۆبن دەڵێت " گەورەترین بەڕەنگاربوونەوەی ئازادی و ئازادیی کورد لە بەغداوە نییە، بەڵکو لە خۆسەپێنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر یان کلێپتۆکراسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سلێمانی." ئالێرەدا مایکڵ ئەو ڕاستییە ئاشکرا دەکات کە بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا لەهەوڵی شاردنەوەی ئەو ڕاستاینەدا بووە، بەو خەیاڵەی کە دەتوانن خۆڵبکەنە چاوی ئەمریکاییەکان و کۆنگرێس و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و دەستوری ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشلبکەن. دەنگی ئەمریکا دیارییەکی بەنرخ و بە بەهای ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو لەساڵی 1990کانەوە دا بەڵام کورد نەیتوانی پارێزگاری لەو دیارییە گرنگە بکات و بەهۆی چڵکاوخۆری حیزبایەتی و دیکتاتۆرییەتی هەندێک نزیک لە بەرپرس و سەرۆکە گەندەڵ و پیاوکوژەکانی حیزبەکان دەنگی ئەمریکایان کرد بە بارەگایەکی حیزبی پڕ ئاژاوە و شارچێتی و ناوچەگەرایەتی و جیاکاری تەمەن و تۆڵەکردنەوە و ڕق و کینە. یەکێک لەو خاڵە گرنگانەی کە مایکڵ ڕۆبن ئاماژەی پێداوە و دەڵێت " بەداخەوە دەنگی ئەمەریکا بچوک بۆتەوە. لە کاتێکدا 20 ملیۆن کورد لە تورکیا و 6 ملیۆن کورد لە کوردستانی عێراق دەژین، دەنگی دەنگی ئەمەریکا زۆربەی ناوەڕۆکەکەی ئاراستەی کوردەکانی عێراق دەکات بە دیالێکتیکی سۆرانی، کە کەمترە لە نیوەی ئەوانەی لە هەرێمی کوردستانی عێراق قسەی پێدەکەن. ئه گەر بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا کاری بەرایی گەیشتن و کاریگەری بوایە، ئەوا گرنگی دەدا بە زاری کرمانجی کە به شێوەیەکی بەرفراوانتر قسەی پێدەکرێت." بە دڵنیاییەوە دژایەتیکردنی پارچەکانی دیکەی کوردستان لەلایەن کۆمەڵێک کەسی نابەرپرس و حیزبی و توندڕە و ڕێگرەوە چەندین ساڵە بەردەوامە بەتایبەتی پێشلکردنی مافی کوردانی باکور کە زیاد لە 25 ملیۆن کورد بە کرمانجی قسەی پێدەکەن، دژایەتیکردنی کوردانی ڕۆژهەڵات لە ئێران کە زیاد لە 13 ملیۆن کورد لە ڕۆژهەڵات دەژین و بە ناشرنترین و خراپترین شێوە دژایەتی ئەو دوو پارچە گەورەیەی کوردستان دەکرێت، هۆکارەکەیشی ڕوونە هەندێک لە کوردەکانی هەرێمی کوردستان کە دەسەڵاتی موتڵەقیان هەبووە لە بەشی کوردی دەنگی ئەمریکادا پێشلکاری دەستور و ڕێساکنی ئەمریکایان کردووە و وەک سەربازێکی کۆیلەی پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتیمانی و باڵە سیاسییە گەندەڵەکانی کوردستان دەزگاکەیان قۆرخکردوووە بۆ خواستە حیزبی و ناوچەگەرییە بەرتەسکەکانی خۆیان. پرسیارەکە لەوەدایە چۆن کۆنگرێسی ئەمریکا و خەڵکی ئەمریکا و یاساکانی ئەمریکا تا ئێستا قبوڵیان کردووە ئا بەو شێوەیە دوو باندی حیزبی هاوبەش لەڕووی سیاسی و مۆڕاڵەوە دەستوەربدەنە دەزگایەکی نیشتیمانی ئەمریکا و دەستور پێشلبکەن و هەتا ئەم سەروەختەش هەندێکیان هەر دەسەڵاتیان ماوە و دەزگاکەیان وێرانکردووە. من و هاورێکانم 9 ساڵی ڕێک لە دەنگی ئەمریکادا کارمان کرد، 9 ساڵ ڕووبەڕووبوونەوە و جەنگ لە پێناو دەستوری ئەمریکادا، بەڕنگاربوونەوەی گەندەڵی و ڕق و کینە و باندە حیزبییەکان کە بەئاشکرا و ژێراوژێر دژایەتی رۆژنامەوانە سەربخۆکانیان دەکرد، 9 ساڵ ڕووبەڕووی باندێک لەشەڕدابووین کە بەبەرچاوی هەموانەوە دەستوری ئەمریکایان پێشلدەکرد و دژایەتی پارچەکانی دیکەیان دەکرد و دەیانویست گەندەڵی هەرێمی کوردستان بشارنەوە و خۆڵبکەنە چاوی ئەمریکایی و کوردەوە. دوو باندی مافیای حیزبی چەند ساڵە لە ململانێدان بۆ پەلاماردانی خەڵکی سەربەخۆ و مافە ڕەواکانی کورد لە هەر چوارپارچەکەی کوردستان. ئەم دوو باندە لەدەرەوەی ئەمریکاوە لەلایەن ئاغا و مافیاکانی حیزبەکانیانەوە ئیعاز و ڕاوێژو ئامۆژگاری وەردەگرن، بەڵام دەبێت ئەوە بزانن دەستێوەردانی حیزبی و سیاسی لە دەزگاکانی ئەمریکادا خیانەتی گەورەی نیشتیمانییە. چەندین ساڵە خەڵکی نائەکادیمی و نابەرپرسیار و ناڕۆژنامەوان و نامیدیایی و توندوتیژ و نادادپەروەر و دڕندە بەشەکانی بەشی کوردی دەنگی ئەمریکایان بردووە بەڕێوە، چەندین ساڵە شارچێتی و ناوچەگەرێتی و دژایەتیکردنی پارچەکانی دیکەی کوردستان مەهامی ئەو دوو باندە هاوبەشە بووە دژی دەستوری ئەمریکا و دژی حکومەتی فیدڕاڵی ئەمریکا و دژی کۆنگرێس و دژی خەڵکی ئەمریکا و کورد. تۆ ناتوانیت نانی ئەم وڵاتە بخۆیت و خیانەت لە دەستوری وڵاتەکە بکەیەت، تۆ ناتوانیت ئەو دیارییە گەورەیەی ئەمریکا بخەیتە ژێر پێی بۆگەنی حیزبەکەتەوە کە 35 ساڵ لەمەوبەر کۆنگرێس و خەڵکی ئەمریکا پێشکەشی کوردیان کردووە، خۆت و حیزبە گەندەڵ و مافیاکەت ناتوانن چاکە و باشییەکانی ئەمریکا وێرانبکەن و پێتانوابێت لە ئەمریکاش دەتوانن وەک مافیا مامەڵە بکەن و هەرچی جوانییەکانی ئەم وڵاتەیە لە ئازادی ڕۆژنامەگەری و ئازادی قسەکردن و یەکترقبوڵکردن و سەربەخۆیی زەوتبکەن و وێرانی بکەن. خۆتان حیزبەکانتان چەند مافیا بن ناتوانن لە ئەمریکا ببن بە مافیا و دەزگایەکی حکومی ئەمریکا وێران و کاول بکەن. *لە ڕۆژانی داهاتوو بابەتی زیاتر بڵاودەکەینەوە لەسەر خیانەتی نیشتیمانی و پێشلکردنی دەستوری ئەمریکا و توندوتیژی و بەکەرهێنانی هەڕەشە و گروپبەندی رق و کینە و ترساندن. نوسینەکانی مایکڵ رۆبن: • https://www.meforum.org/mef-observer/voice-of-americas-kurdish-service-needs-top-to-bottom-reform • Are Iraqi Kurds still a wise military investment? 1.6.2024 • Is Now the Time to Plan a No-Fly Zone over Iranian Kurdistan? 24.5.2024 • Masrour Barzani’s misplaced hope in closing the Kurdistan victims fund case 13.3.2024 • Book review: Towards an Independent Kurdistan, Self-Determination in International Law 6.3.2024 • Is U.S. military support for Iraqi Kurdistan nearing its end? 16.2.2024 • Is diplomacy capable of reforming dictators? Their children hold the clue 23.1.2024 • Is the West repeating its Iraqi Kurdistan mistakes in Azerbaijan? 15.1.2024 • We Need a Two State Solution in Turkey 27.12.2023 • Erdogan can’t complain about foreign operations on Turkish soil 17.12.2023 • Israel Should Openly Support The PKK 18.10.2023 • Nechirvan Barzani’s road map makes a wrong turn 20.9.2023 • Barzani’s Days as Kurdish Leader Are Numbered 19.8.2023 • ‘Resilient’ Masrour Barzani ironically follows Idi Amin and Saddam Hussein through the rabbit hole 13.8.2023 • Enforce democratic accountability not cooperation in Iraqi Kurdistan 13.5.2023 • If 40,000 deaths disqualifies PKK, should 1.5 million deaths disqualify Turkey? 6.5.2023 • U.S. Congress needs better oversight on foreign force funding 20.4.2023 • Iraq’s new oil deal with Barzanis is a big mistake 10.4.2023 • Barzani’s tribal tactics, insecurity backfiring on international stage 31.3.2023 • Iraq in 2023 is a very different place to 2003 Iraq 24.3.2023 • When US turns a blind eye to corruption in Iraqi Kurdistan, China and Russia benefit 9.3.2023 • U.S. State Department does Iraq a disservice with energy schemes 8.3.2023 • When Massoud Barzani dies, what’s next for Iraqi Kurdistan? 1.3.2023 • Don’t let Erdogan weaponize earthquake aid for Turkey 8.2.2023 • The US should stop deferring to Turkey on the PKK 6.2.2023 • No more excuses for religious discrimination by Iraqi Kurds 24.1.2023 • U.S. Shouldn’t Accept Erdogan’s Cynical Stance on the PKK 12.12.2022 • It’s Time to Give Syria’s Kurds Anti-Aircraft Missiles 23.11.2022 • U.S. Should Stop Funding Iraqi Kurdish Peshmerga militias 4.11.2022 • The Generational Change In Iraqi Kurdistan Will Not Be Pretty 24.9.2022 • CIA Must Draw Red Line on Iraqi Kurdistan Assassinations 21.9.2022 • Barzani’s pride could unwind his iron grip on Kurdistan 10.9.2022 • Recep Tayyip Erdogan and Massoud Barzani Owe Reparations to the Yazidis 4.9.2022 • Turkey’s concerns about PKK are not legitimate 29.6.2022 • Biden’s betrayal of Syrian Kurds is as great as Trump’s 7.6.2022 • Kadhimi should defend Iraq’s sovereignty rather than assisting its abusers 26.5.2022 • Turkey becomes a Trojan Horse inside NATO 18.5.2022 • The U.S. must stand up to Barzani blackmail in Iraq 14.4.2022 • Don’t let Turkey get away with another genocide 14.2.2022 • Iraq cannot succeed if its leaders sacrifice press freedom 28.1.2022 • Why the American University of Kurdistan should condemn Masrour Barzani 15.12.2021 • Biden must stop funding death squads in Iraqi Kurdistan 3.12.2021 • Iraqi Kurdistan’s PUK party is on its death bed 30.11.2021 • What is the future of Turkey-Iraqi Kurdish relations? 2.11.2021 • How Iran is outplaying the CIA in Iraqi Kurdistan Region 6.8.2021 • Iraqi Kurdistan is in a moment of crisis: Where is the Biden administration? 15.7.2021 • A Turkish and Iranian coup is underway in Iraqi Kurdistan, and America is AWOL 14.7.2021 • If Iraqi Kurdistan leaders are serious about transparency, publish tax returns 10.4.2021 • The Kurds’ Nelson Mandela: The Legacy of Abdullah Ocalan 18.3.2021 • Massoud should remove Masrour if he wants the Barzanis to survive in power – Iraqi Kurdistan has a leadership problem 23.2.2021 • Kurds Are More Deserving of Terror Delisting Than Houthis 13.12.2021 • Diplomatic exclusion and terror designations won’t stop the PKK 5.2.2021 • U.S. and Turkey on course for diplomatic, economic collision 25.1.2021 • Can President Biden help protect Syrian Kurds against Turkey? 20.1.2021 • Why Masrour Barzani should resign from leading Iraqi Kurdistan 12.12.2020 • Will Biden Avoid The Barzani Trap in Iraq? 17.11.2020 • Iraqi Kurdistan will fail as its dictatorship tightens 30.10.2020 • Turkey has become like Iraq in early 1990, Erdogan, like Saddam: Rubin 8.10.2020 • How Iraqi Kurdistan officials scammed a Canadian oil company and British charity for profit 5.10.2020 • Why Turkey’s Erdogan lied about coronavirus – Gambling with 80 million lives 19.3.2020 • Europe should return Turks as Erdogan opens the refugee floodgates 6.3.2020 • Iraqi Kurdistan’s universities are fueling an education crisis 28.2.2020 • There is no shortcut to Iraqi Kurdish independence 20.2.2020 • The Kurdish leadership capitalizes on tragedy while it ignores its victims 19.2.2020 • Why a U.S. military base in Iraqi Kurdistan is a bad idea 9.2.2020 • U.S. should follow Belgium’s lead and end PKK terror designation 8.2.2020 • Turkey must free enslaved Yazidis, instead it’s keeping them 29.12.2019 • U.S. betrayed Morocco long before Trump betrayed the Kurds 24.11.2019 • 10 reasons why Donald Trump is wrong to support Turkey 17.10.2019 • Israeli PM Netanyahu’s empty support of the Kurds helps no one 12.10.2019 • On Syrian Kurds and Normandy, alliances and abandonment 11.10.2019 • Should we trust Turkey on a Syria safe zone? History suggests no 3.9.2019 • The Dark Side of Turkey’s Intelligence Community 13.8.2019 • Turkey’s demand for a Syria buffer zone is about oil, not terror 2.8.2019 • How will demographic divergence impact Baghdad-Erbil relations? 31.7.2019 • A Syria-Turkey buffer zone is a good idea — on Turkey’s side of the border 13.4.2019 • Turkey’s terror sponsorship is worse than imagined 25.3.2019 • As democracy disappears in Iraqi Kurdistan, Massoud Barzani’s legacy is in tatters 7.3.2019 • Why has Somaliland succeeded where Iraqi Kurdistan has failed? 5.3.2019 • It’s time to acknowledge the Kurdistan Workers’ Party PKK’s evolution 28.1.2019 • Washington’s encouragement of warlordism in Iraq 23.1.2019 • It’s Time to Designate Turkey as a Sponsor of Terrorism 21.1.2019 • Confront Turkey’s Ethnic Cleansing and Stop Indulging it 15.12.2018 • U.S. State Department shouldn’t target Kurds to appease Turkey 18.11.2018 • Will Hussein’s appointment as Iraqi finance minister sink Mahdi’s reform efforts? 4.11.2018 • The ramifications of latest Iraqi Kurdistan voter fraud go beyond the election 1.11.2018 • Get ready: The Kurds might soon use drones against Turkey 3.10.2018 • Turkey’s Recep Tayyip Erdogan doubles down on genocide 31.7.2018 • Could the Kurds beat Turkey in Syrian Kurdistan? 24.1.2018 • Is the Iraqi Kurdish Spring here? 21.12.2017 • Iranian General: Iraqi Kurdistan Referendum is Part of U.S. Plot 17.11.2017 • What is American policy toward Kurdistan? 21.10.2017 • Racism becoming a dangerous tool in Iraqi Kurdistan 17.10.2017 • How did Iraqi Kurds get Washington so wrong? 4.10.2017 • What should the U.S. do next on Iraqi Kurdistan? 27.9.2017 • Israel’s Netanyahu is playing a cynical game on Iraqi Kurdistan referendum 26.9.2017 • What happens the day after Kurdistan independence referendum? 16.8.2017 • Will Kurdistan’s Masrour Barzani be the CIA’s latest embarrassment? 8.8.2017 • Independent Iraqi Kurdistan would be a failed state 1.7.2017 • The danger of Turkish incitement against U.S., Syrian Kurds 9.5.2017 • Was Russia in Syrian Kurdistan preventable? 12.4.2017 • Snatch Iran’s Qassem Soleimani 17.1.2017 • Could Turkey’s Erdogan face a war crimes tribunal? 19.12.2016 • What role for Western powers in Kurdish democratic agenda? 8.12.2016 • Will Turkey’s Erdogan Bring Assassinations to the U.S.? 7.12.2016 • Turkish troops incursion into Iraq threatens NATO unity 5.11.2016 • Will the U.S. punish Islamic State profiteers in Turkey, Iraqi Kurdistan 29.10.2016 • Don’t allow Turkey to participate in Iraq’s Mosul campaign 19.10.2016 • Clinton is right on Syrian Kurds 12.10.2016 • Book: Kurdistan Rising, now available in Kurdish Sorani 17.9.2016 • How will Turkey’s failed coup impact Iraq and Kurdistan? 27.7.2016 • The Battle for the Soul of Iraqi Kurdistan 15.7.2016 • Kurdistan rising: Are the Kurds prepared? Is the United States? 27.6.2016 • Was Sykes-Picot a bad thing? 4.5.2016 • No, dictatorship in Iraq is not the answer 3.5.2016 • Criticizing is not smearing 29.4.2016 • On Kurds, Kornets, and criticisms 28.4.2016 • Iraqi Kurdistan official calls defeating Islamic State ‘a huge mistake’ 27.4.2016 • How Iraqi Kurds can resolve their financial crisis 22.1.2016 • Iraqi Kurdistan’s Financial Reckoning 20.1.2016 • New York Times allows Pseudonyms? 21.12.2015 • Iraqi Kurds Fool the New York Times 18.12.2015 • Do Kurds Have Legal Recourse Against Barzanis? 14.11.2015 • Educators, don’t let yourselves be used by Middle Eastern autocrats 17.9.2015 • Kurds Failing Representation Jeopardizes US Support 19.8.2015 • Massoud Barzani and Kurdish presidential succession 14.8.2015 • Kurdistan’s Barzani illustrates why U.S. shouldn’t arm Kurds directly 12.8.2015 • Investors Turn Sour on Iraqi Kurdistan 6.7.2015 • The Price of Sycophancy 27.6.2015 • Have Iraqi Kurds lied to Congress? 23.5.2015 • Resolution for Families of Iraqi Kurdistan’s Disappeared? 21.5.2015 • Who’s Stopping Kurdish Independence? 19.5.2015 • Questions US President Obama should ask Kurdistan President Barzani 2.5.2015 • Southern Iraq Bypassing Kurdistan in Democracy 17.4.2015 • Beyond Islamic State, Kurdistan Faces Internal Crisis 31.3.2015 • Whom Should the U.S. Train in Syria and Iraq? 2.3.2015 • The Roots of ‘Crazy’ in the Middle East 7.2.2015 • Be very worried about Barzani family power struggle 19.1.2015 • Iraqi Kurds Should Purge Those Who Fled 7.1.2015 • Has U.S. President Obama Realized the PKK Can Be Allies? 21.10.2014 • Are the Iraqi Kurds really pro-American? 26.9.2014 • U.S. President Obama abandons Syrian Kurds to slaughter 20.9.2014 • Not All Peshmerga Are the Same 9.9.2014 • Explain Failures or Abandon Training Missions 10.8.2014 • Should Kurds Still Seek Iraq’s Presidency? 9.7.2014 • Why Hasn’t Kurdistan Declared Independence? If Barzani wanted independence, he could declare it today 20.6.2014 • Prosecute Jihadists, Not Travelers 16.3.2014 • Why Does the U.S. Call Kurds Terrorists? 11.3.2014 • It’s not just Assad regime vs. al-Qaeda in Syria 17.2.2014 • Should Abdullah Öcalan Be Freed? 15.2.2014 • The U.S. Gets the Kurds Wrong—Again 14.2.2014 • Even the Kurds Are Turning Away from U.S. 5.2.2014 • Will Massoud Barzani Become Iraqi President? 29.12.2013 • The real blight on Iraqi Kurdistan, its treatment of the press 8.12.2013 • U.S. Should Embrace Syrian Kurdistan 14.11.2013 • Gorran can determine Kurdistan region’s future, not PUK or KDP 30.9.2013 • Is Iraq nearing its recovery tipping point? 23.8.2013 • Will Iraq Have a Female President? 25.12.2012 • Who would succeed Talabani? 19.12.2012 • Why U.S. should rethink policy over Syria’s Kurds 29.11.2012 • Is Barzani really a nationalist? Redux 9.11.2012 • Will Non-Violence Change Turkey’s Kurdish Struggle? 6.11.2012 • In Response to Michael Rubin: Nationalism is the Cornerstone of Barzani’s Doctrine 31.10.2012 • Is Massoud Barzani really a nationalist? 22.10.2012 • In Iraq, No Signs Can Be Good Signs 14.10.2012 • Why does Barzani oppose modern banking for Kurdistan? 13.10.2012 • Is It Time for the US to Reconsider the PKK? 9.10.2012 • Why Kurds should back Tokyo 2020 – 6.9.2012 • Will Turkey Lose its Fight to the PKK? 10.8.2012 • Kurdistan’s ‘$265 million’ National Security Council: Nepotism not good governance 13.7.2012 • Kurdish history: Leaders’ greed trumps nationalism 10.6.2012 • Is Iraqi Kurdistan Iran’s Trojan Horse? 4.6.2012 • Will Scandals Destabilize Iraqi Kurdistan? 15.5.2012 • The Obstacle to Syria Regime Change? 3.5.2012 • The Troubling Correlation between Dialogue and Dictatorship 25.4.2012 • Recognizing Kurdish Genocide Will Have Repercussions 2.4.2012 • Turkey’s Foreign Minister Bashes Israel as Turkey Slaughters Kurds 13.2.2012 • Kurds May Be Barometers of Obama’s Iraq Defeat 1.11.2011 • Is it time for an anti-Turkey coalition? 27.10.2011 • Will America leave Kurdistan? 27.9.2011 • To fight corruption, Barzani needs to clean house 10.9.2011 • Will the State Department betray Syria’s Kurds? 22.8.2011 • Thank you, Dr. Tissot 1.8.2011 • Where’s Kurdistan’s missing $4 billion? 3.7.2011 • Where is Iraqi Kurdistan’s sovereign wealth fund? 26.6.2011 • Iraqi Kurdish Leaders Must Overcome Their Isolation 21.6.2011 • It’s Time for University Reform in Iraqi Kurdistan 9.6.2011 • Life after Jalal Talabani 6.6.2011 • It’s time for Turkey to end its occupation of Iraqi Kurdistan 29.5.2011 • Arabs and Turkey Should Worry About the Precedent Obama Has Set on Borders 21.5.2011 • Silence Can Be Deadly in Iraqi Kurdistan 10.5.2011 • End the Thuggery in Iraqi Kurdistan 18.4.2011 • To the Freedom Protestors in Sara Square 7.4.2011 • The 23rd Anniversary of Halabja: Part I – Part II 17.3.2011 • More Deaths in Iraqi Kurdistan 26.2.2011 • Saddam in Kurdistan 23.2.2011 • Mubarak Refuses To Step Down, But His Imminent Fall Will Ripple Through Mideast 11.2.2011 • Iraq and Rupert Hay’s Two Years in Kurdistan 1.2.2011 • Remarks to Lvin magazine seminar in Iraqi Kurdistan 2.1.2011 • The New Iraq, Same as the Old Iraq? 10.8.2010 • What’s the Difference between Barzani and Saddam? 3.8.2010 • Middle East Anniversaries and Freedom’s Decline 5.6.2010 • Sardasht’s murder was a public relations disaster for Kurdistan 30.5.2010 • Kurdish Libel Tourism and Threats 25.5.2010 • Debating Iraqi Kurdistan 21.5.2010 • Sardasht’s pen was his weapon 15.5.2010 • Iraqi Kurdistan’s Neda 9.5.2010 • Academic Freedom at the American University of Iraq: A Response 4.5.2010 • The University of Kurdistan Hawler: A Response to Rubin’s article. By Daniel P. Wolk 29.4.2010 • Kurdistan Correction 28.4.2010 • Trouble Brewing for the American University of Iraq? 28.4.2010 • Iraqi Kurds’ Perspective on U.S. Politics 30.3.2010 • Michael Rubin: “Cheating will soil Kurds reputation” 5.3.2010 • U.S. Diplomat Responds from Kurdistan 3.3.2010 • The KDP Responds 26.2.2010 • Latest from Iraqi Kurdistan: Political Situation Worsens 24.2.2010 • Shake-Up in Kurdish Politics 20.2.2010 • More Trouble in Kurdistan 18.2.2010 • Bad to Worse in Iraqi Kurdistan 17.2.2010 • The Godfather Meets Obama 28.1.2010 • “The Kurds’ representation in Washington has not done a good job”: Interview 15.1.2010 • An Iraq of Its Regions. Cornerstones of a Federal Democracy? 14.1.2010 • Violence, Political Instability in Iraqi Kurdistan 25.12.2009
د. سانا كەمال مێشولەی ئەلیکترۆنی زاراوەیەکی مۆدێرنە لە جیهانی دیجیتاڵ میدیادا، ئاماژەیە بۆ ئەکاونتی ساختە لە سۆشیال میدیا، کە بەپڕۆگرامی تایبەتمەند ئاراستەی وڵاتان، کۆمپانیا، قەوارە یان تاکەکان دەکرێت. مێشولەی ئەلکترۆنی چەندین ناوی تری هەیە کە پێی دەناسرێتەوە وەک: پڕوپاگەندەی ئەلیکترۆنی، شەڕی ئەلیکترۆنی، ئاژاوەی ئەلیکترۆنی و ناوی تر، کاریگەری مێشوولەی ئەلکترۆنی خۆی دەبینێتەوە لە جوڵاندنی ڕای گشتی بۆ ڕووداوە نێودەوڵەتی و ناوخۆیەکان، وە دەگاتە لوتکەی چالاکبونی لە کاتی قەیرانە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکان. ئامانجەکانی مێشولەی ئەلیکترۆنی ئامانج و پاڵنەرەی ناشەرعین، کە بەرجەستە دەبێت لە: 1- پاڵنەری تیرۆریستی، کە بە دامەزراندنی گروپە تیرۆریستییەکان نوێنەرایەتی دەکرێن بۆ بڵاوکردنەوە و پێشخستنی بیرۆکە توندڕەوەکانیان لەنێو ئەندامانی کۆمەڵگا. 2- پاڵنەری سیاسی، ئەمەش بە ڕونی لە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی یان پەرلەمانیدا دەردەکەێت بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی کاندیدێکی دیاریکراو لە قۆناغی هەڵبژاردنەکاندا، یاخود بۆ پوچەڵکردنەوەی هەڵمەتەکانی دەسەڵات یان ئۆپۆزسیۆن بەکاردەهێنرێت. 3- پاڵنەری ئابووری، وەک بەئامانج گرتنی کۆمپانیایەکی بازرگانی یان بەرهەمەکانی لەلایەن کۆمپانیایەکی ترەوە کەڕکابەری لەگەڵدا دەکات. 4- پاڵنەری کۆمەڵایەتی و هاندانی ململانێی تائیفی، لە نێوان ئەندامانی هەمان کۆمەڵگادا. 5- پاڵنەری رقی شەخسی، زۆر جار کەسێک رقێکی هەیە بەرامبەر کەسێکی دیاریکراو کە لە رێگەی مێشولەی ئەلکترۆنی کاردەکات بۆ ناشرین کردنی وبێزراوکردنی لە کۆمەڵگەدا. کاری سەرەکی مێشولەی ئەلکترۆنی دروستکردن و جوڵاندنی ڕای گشتی شەقامە، ئەویش لە ڕێگەی دەرکەوتنی چەند بەکارهێنەرێکی سۆشیاڵ میدیا کە وا دەردەکەوێت کە ئەو بەکارهێنەرانە لەسەر یەک بابەت هاوڕان وهەمان بۆچونیان هەیە، ئەم کارە دەبێتە هۆی جوڵاندن و دروستکردنی کاریگەری لەسەر بەکارهێنەرە راستی وئاساییەکان، و وایان لێ دێت ئەمانیش بە هەمان رێگا و ئاراستەی مێشولە ئەلکترۆنێکاندا بڕۆن. وە ئامڕازەکانی مێشوولەی ئەلکترۆنی خۆی دەبینێتەوە لە: 1- دەستکاری کردنی وێنە و ڤیدیۆکان و پیشاندانی وەک ئەوەی لە وڵاتێکی دیاریکراو ڕوی دابێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئەو بابەتە هەر روی نەداوە یا ئەگەر ڕوشی دابێت لەو وڵاتە روی نەداوە کە مێشولەکان بانگەشەی بۆ دەکەن. 2- دروستکردن یا گۆرینی دەنگ، لەم دواییانەدا جۆرێک لە ساختەکاری بە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد کە پێی دەوترێت "فێڵی ساختە" یان "دەستکاریکردنی دەنگ" بڵاوبۆتەوە کە مێشولەکان بەکاریدەهێنن بۆ دروستکردن یان گۆرینی تۆماری دەنگی بۆ دروستکردن یان گۆڕینی ڕای گشتی. مێشولەی ئەلکترۆنی بازارێکی گەرمی بۆ خۆی دروستکردوە لەناو سۆشیال میدیا بەجۆرێک کۆمپانیای فەیسبووک ئاشکرای کردووە کە 60 ملیۆن ئەکاونتی ساختەی هەیە، تویتەریش دەستپێشخەری کردووە بۆ بلۆک کردنی 70 ملیۆن ئەکاونتی ساختە. میکانیزمەکانی کاری مێشولەی ئەلیکترۆنی بۆ دروستکردن و جۆڵاندنی ڕای گشتی، خۆی دەبینێت لەم خاڵانەی لای خوارەوە: 1- بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاودەبنەوە لە سایتە هەواڵییە نێودەوڵەتی و ناوخۆیەکان و لە لاپەڕەی کەسایەتیە کاریگەرەکاندا. 2- بەکارهێنانی کەسانی کاریگەری بەرز لە پیاوانی ئایینی و پیشەگەرەکانی میدیا و ئەکادیمی و وەرزشوانان...هتد، کە هەزاران یان ملیۆنان فۆڵۆوەریان هەیە. 3ـ بڵاوکردنەوە و کۆمێنت نوسین لە ڕێگەی ئەکاونتێکی ڕاستەقینە یان پشتڕاستکراوە بۆ ئەوەی متمانە بە پۆستەکە بدرێت، دواتر کەتیبە ئەلیکترۆنیەکان (مێشولەکان) پشتگیری دەکەن. 4ـ ئەنجامدانی هەڵمەتی ڕیپۆرتکردنی بەکۆمەڵ لەیەک کاتدا لەدژی دەسەڵات یاخود ئۆپۆزسیۆن و ئەکاونتەکانیان، تۆمەتبارکردنیان بەزیانگەیاندن بە دامەزراوە فەرمییەکان، کەسەکان، یان پیرۆزیەکان، کاتێک ڕیپۆرتەکان زۆر دەبن، سایتی سۆشیال میدیا بلۆک و شاردنەوە دەکات بۆ ئەو پۆستە ڕیپۆرتکراوە. وە لە هەرێمی کوردستان سەرەرای جێبەجێکردنی یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی ساڵی (2008) وەک ئامرازێک بۆ بەرەنگاربونەوەی تاوانەکانی ناو سۆشیاڵ میدیا، بەڵام چارەسەرکردنی دیاردەی مێشولەی ئەلکترۆنی پێویستی بە دەرکردنی یاسایەکی دیکە هەیە لە پەرلەمانی عیراق و هەرێمی کوردستان تایبەت بێت بە بە رەنگاربونەوەی ئەم دیاردەیە لە ژێر ناوی: (یاسای دژە دەنگۆ و پڕو پاگەندە ئەلیکترۆنییەکان).
عەلی مەحمود محەمەد هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەمەریكا 15 ملیارو 951 ملیۆن دۆلاری تێچوو بوو، پڕ تێچووترین هەڵبژاردن بوو لە مێژووی مرۆڤایەتی بە هەڵبژاردنەكانی پێشووی ئەمەریكاشەوە، لە دامەزراندنەوە بۆ هەنوكە، هەڵبژاردنێك رۆڵی پارە رۆڵی سەرەكی بوو لە یەكلاكردنەوەی كورسی. ئۆلیگاریشییەكان و هەڵبژاردن بەخشش رۆڵی سەرەكی دەگێڕێت لە یەكلا كردنەوەی ململانێكان بۆ بەدەستهێنانی كورسی، ئیلۆن ماسك 259 ملیۆن دۆلاری بەخشی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترەمپ، ئەمازۆنیش 40 ملیۆن دۆلاری بەخشی بە بەرنامەیەك خانمی یەكەمی ئەمەریكا بەرهەمی دێنێت، ئەوانی دیكەش بۆ مەراسیمی سوێندخواردنەكەی زۆریان بەخشی. تەنانەت زۆر لە كۆمپانیاكان هەڵوێست و باوەڕی خۆیان لەسەر بازرگانی، گۆڕانی ژینگە، یەكسانی لە ژینگەی كار، و ... گۆڕی، لە نەیاری ترامپەوە 180 پلە گۆڕان بۆ لایەنگری. لەكاتی مەراسیمی سوێندخواردنەكەی ترامپ لە هۆڵی رۆتۆندا لە كاپیتۆڵ ژمارەیەك زۆر لە گەورە ملیاردێرەكان كۆبوونەوە، وا دەورەیان دابوو، دەتووت لەبەرەی جەنگدان، وەك جەنەراڵی جەنگ دەركەوتن، ترامپیش وەك ناپلیۆن نمایشكرا، لۆید بلانكفاین بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پێشووی گۆڵدمان ساكس گەڕانەوەی ترەمپی بۆ سەر شانۆی جیهانی، دوای یەكەم خولی سەرۆكایەتی، بەراوردكرد بە گەڕانەوەی ناپلیۆن ئیمپراتۆری فەرەنسا دوای ساڵێك لە دەربەدەری لە دورگەیەكی ئیتاڵیا لە ساڵی 1915. لە وێنەیەكدا كە چوار كەسایەتی لە كاتی سوێندخواردنی ترامپ پێكەوە دەركەوتن، وێنەكە بووە جێگای باس لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ئەوانیش بریتی بوون لە " ئیلۆن ماسك، جیف بیزۆس و مارك زوكربیرغ و ساندر بیهشای:"، ئەوان پێكەوە خاوەندی 884 ملیار دۆلارو چوار كۆمپانیای تەكنەلۆژیای بە بەها بوون، سەرمایەكەیان دەكاتە دووجار داهاتی نەتەوەیی وڵاتێكی وەك بەنگەلادیش، كە ژمارەی دانیشتووانی 176 ملیۆن كەسە، ئەو وێنانە هێمایەك بوون بۆ ئەوەی بزانین حكومەتەكەی ترامپ نوێنەرایەتی كێ دەكات، ئەمانە ئەمساڵ هیچیان بەشداری دافۆس 55یان نەكرد، مەست بوون بە مەراسیمی سوێندخواردنی ترامپەوە. تایبەتمەندییەكی دیار لە سەرۆكایەتی دووەمی ترەمپ كە بە ڕوونی لە مەراسیمی سوێندخواردنەكەدا نمایشكرا، زۆرینەی نەیارەكانی پێشووی لە دەوری كۆببوونەوە، پشتگیرییە چەواشەكارییەكانی ترەمپ بوو لەلایەن ملیاردێرە تەكنەلۆژییەكان و دەوڵەمەندە گەورەكانەوە، ڕۆڵی ناوەندی كە ئیلۆن ماسك دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان و ملیاردێرەكانی دیكە لە بواری بەڕێوەبردندا دەیگێڕێ، وا دەكات سیستەمەكە وەك پلۆتۆكراسییەك دەربكەوێت، نیگەرانییەكی ڕەوا هەیە كە یارمەتییەكانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و ڕێوشوێنەكانی چاودێری كۆمەڵایەتی و چاودێری تەندروستی و .... ببنە قوربانی ئەو هەوڵانەی كە بۆ كەمكردنەوەی قەبارەی حكومەتی فیدراڵی و خەرجییە كۆمەڵایەتییەكان دەدرێت، ماسك بۆ ئەنجامدانی ئەوكارە رێپێدراوە. ئەم ئیدارەیە دەستی كۆمپانیاكان ئازاد دەكات بۆ پاراستنی بەرژەوەندی كۆمپانیا گەورەكان، یەكێك لە هەنگاوەكان لەم بوارەدا كەمكردنەوەی باجی كۆمپانیاكانە لە 21%ەوە بۆ 15% . دەسەڵات بەرەو چ ئاڕاستەیەك پەرەسەندنی خێرای سستەمی دەسەڵاتداری بەرەو سیستەمی ئۆلیگارشی جیهانی، كە گروپێك ملیاردێر بەشێكی زۆری ئابوری جیهانیان كۆنترۆڵ كردووە، ساڵانە دەسەڵاتی ئۆلیگارشی جیهانی زیاتر قێزەونتر دەبێت، ئەمە ئەو واقیعە سیاسی و ئابورییە سەختەیە كە دەبێت رووبەڕووی ببینەوە، ماسك دەستێوەردان لە ژیانی سیاسی وڵاتان دەكات، ترامپیش هەڕەشە لە دانمارك و كەنەداو پەنەما. لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەرگیز ئەوەندە مارە كەمەی مرۆڤ، پارەی ئەوەندە زۆریان نەبووە، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هیچ كاتێك جیاوازییەكی وا لە داهات و ساماندا نەبووە لەنێوان تاك وڵاتاندا، لە مێژوودا هەرگیز چڕبوونەوەی خاوەندارێتی هێندە گەورەو زەق نەبووە، لە مێژوودا هیچ كاتێك چینێكی ملیاردێر هێندە بەهرەمەند نەبووە لەو دەسەڵاتە سیاسییەی كە ئێستا هەیانە، هیچكات شاهیدی ئاستێكی وا لە تەماح و چاوچنۆكی و نابەرپرسیارێتی لە نێو چینی دەسەڵاتداردا نەبووین وەك ئێستا، ئەوەی ئێستا هەیە لە جیاوازی سامان، ئەوەی ئێستا روودەدات هیچكات نموونەی لە رابردوودا نەبووە لە وێرانكاری ژینگە، دەوڵەمەندبوون, قۆرخكاری، جەنگ و كوشت و بڕ... زیاد بوونی كاریگەری سیاسی سەرمایەداران و كۆمپانیاكان بەهۆی زیادبوونی سەرمایەكانیانەوە، ئەم دەسەڵات و كاریگەریەش بەكاردەهێننەوە بۆ دەوڵەمەندبوونی زیاترو زیاد بوونی جیاوازی، جیهان بەرەو جەمسەرگەری زیاتری چینایەتی دەبات. دەوڵەتان دەسەڵاتیان ڕادەستی قۆرخكارەكان كردووە، ڕێگە بە كۆمپانیاكان دەدەن كاریگەرییان لەسەر ئەو كرێیە هەبێت كە بە خەڵكی دەدەن، هەروەها نرخی ئەو خۆراك و دەرمانانەی كە تاكەكان دەتوانن دەستیان پێ بگات، وە ئەو بودجەیەی بۆ كەرتەكانی تەندروستی و پەروەردەو پشتیوانییە كۆمەڵایەتییەكن دەكرێت. نایەكسانی دیموكراسی توشی قەیران دەكات و لە كاری دەخات، هەر ئەم نایەكسانیەیە هۆكاری دەنگ نەدان و بایكۆتكردن لە جیهاندا، متمانە نەماوە بە سستەمێك سەرچاوەی ئەم وەحشیەتەیە، سستەمی پەرلەمانی لە كار كەوتووە، ئەوانەی دایان هێنا، هەر خۆشیان مراندیان بە یاسای كوشتنی بە بەزەیی. كەمكردنەوەی باج لایەنێكی دڵخۆشكەری دەسەڵاتی ترەمپ كەمكردنەوەی باجە لەسەر سەرمایەداران، بڕیاروایە تا 10 ساڵی دیكە نزیكە 8 ملیار دۆلاریان بۆ بگەڕێنێتەوە لە رێگای كەمكردنەوەی باجەوە. رۆژ بە رۆژ سەرمایەداری جیهانی رێژەی باج كەم دەكاتەوە، لە ئێستا جەمسەرێكی سیاسی بەهێزو بەرفراوانی نەیاری سستەمی سەرمایەداری لە ئارادا نییە، بۆیە سەرمایەداری جیهانی پێویستی بە حكومەتی خۆشگوزەران سۆسیال نەماوە، ئەوانەی هەن لە لیبراڵ و راستگەرا نەتەوەیی و ئیسلامی سیاسی و ... هەموو لەیەك كانی ئاو دەخۆنەوە لایەنگری سستەمی سەرمایەدارین، كەمكردنەوەی باج و بەتایبەتیكردنی كەرتە گشتییەكان تایبەتمەندی هاوبەشی هەموویانە، رێژەی باج لە ساڵی 1970 بە رێژەی 62% بوو، لە ساڵی 1980 دابەزی بۆ 48%، لە ساڵی 2022 دابەزیووە بۆ 23,1%، ئێستا ترامپ دایبەزاندووە بۆ 15%. لە وڵاتانی تازە گەشەكردوو 28%و لە وڵاتێكی وەك بەرازیل تەنها 10% یە. دەوڵەمەندەكانیش نەك تەنها رێژەی باجیان بۆ كەمكراوەتەوە، بگرە 7600 ملیار دۆلاریان لە 2500 شوێنی جیهان لە باج شاردۆتەوە وەك ئاشكرا بوو لە پەناما گێت، بەشێوەی گشتی ئێستا دەوڵەمەندەكان و كۆمپانیاكان باجی كەمتر دەدەن وەك لەوكات، بگرە بە كۆمەڵ وڵاتان بڕیار لەسەر كەمكردنەوەی باج دەدەن. بایدن هەڕەشەی باجی زیاتری دەكرد لە ئەو سەرمایەدارانەی سەرمایەكانیان لە سەروی 100 ملیۆن دۆلارەوە بوو، بەڵام ترەمپ 8%ی بۆ كەمكردنەوە، جگە لە ئیمتیازاتی دیكە. ئۆلیگارشییەكان بۆ هەڵوێستیان گۆڕی؟ بایدن لە كۆتا وتاری ماڵئاوایی مەترسی باڵادەستی ئۆلیگارشییەكانی كرد، كە دیموكراسیەتی ئەمەریكا بخەنە ژێر پرسیارەوە، لەو كاتەی هەموویان لە پاڵ ترامپا خۆیان و هاوسەرەكانیان ریزیان بەستبوو. لە مانگی ئازاردا بایدن پێشنیاری باجی سەروەت و سامانی كرد بەسەر دەوڵەمەندەكان بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجەی وڵات، بەپێی پلانەكەی كە بەڵێنی دا ئەگەر دووبارە هەڵبژێردرێتەوە جێبەجێی بكات، لە بەڵێنەكەی هاتبوو ئەو ئەمریكییانەی سامانیان لە سەرووی ١٠٠ ملیۆن دۆلارەوەیە، بە ڕێژەی لەسەدا 2 باجیان لە سەرە. هەروەها دوای ئەوەی بایدن هەڵوێستێكی توندتری لەبارەی كۆممپانیا زەبلاحەكانی سلیكۆن ڤالی گرتەبەر، ئەوان بەرەو ترامپ خزان، هەموو ئیدعاكان پێشوویان درۆزنانە دەرچوو. بایدن لە سەرەتای دەستبەكاربوونی ڕێبازێكی توندی بەرامبەر بە كۆمپانیاكانی تەكنەلۆژیا نا، هەوڵیدا بەكارهێنەران لە بەرزبوونەوەی نرخەكان بپارێزێت. لە میانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٠دا، بایدن جەختی لە پاڵپشتی خۆی بۆ یاسای توندی دژ بە ئیحتیكار دەربڕی، كۆنترۆڵی ئەو كۆمپانیا زەبەلاحانە و دابەشكردنیان ئەگەر پێویست بكات لە ڕێگەی ڕێكاری یاساییەوە. ئیدارەكەی هەمیشە ئیرادەیان نیشان داوە بۆ چاودێریكردن و دادگاییكردنی كۆمپانیا گەورەكانی وەك ئەمازۆن، مایكرۆسۆفت، و گووگڵ، و "مێتا". هەروەها دەیەویست كۆنترۆڵی مەترسییەكانی زیرەكی دەستكرد بكات. بایدن فشاری دەكردە سەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چاودێری هەواڵی ناڕاست و درۆ بكەن، كە بایدن نەما مێتا رزگاری بوو، بەناوی ئازادییەوە ئێستا ئازادە لە بڵاوكردنەوەی هەواڵ و زانیاری ناڕاست. ئەوە ڕوون بووەتەوە كە كۆمپانیا زەبەلاحەكانی تەكنەلۆژیا و سۆشیال میدیا خوازیار بوون رزگاریان بێت لە بایدن و پەیوەست بن بە هەوادارانی ترامپەوە بۆ ئەوەی لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا بەرژەوەندییەكانی كۆمپانیاكانیان بەرەوپێش ببەن. لە دیارترین ئامادەبووانی سوێندخواردنی ترامپ؛ مارك زوكەربێرگ بوو كە پەیوەندییەكەی لەگەڵ ترامپ لە خولی پێشووی سەرۆكایەتی لە خراپترین ئاستیدا بوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەكاونتەكانی ترەمپی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك و ئینستاگرام داخست دوای پەلامارەكەی كاپیتوڵ لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١، ئێستا ئەو چاوی لەسەر داخستنی تیك تۆكە، كە گەورەترین ركابەری میتایە، هەروەها بە بڕی 25 ملیۆن دۆلار رێك كەوت لەگەڵ ترەمپ بەرامبەر بە سكاڵاكەی. پەیوەندییەكانی ترەمپ لەگەڵ سلیكۆن ڤالی بە درێژایی یەكەم سەرۆكایەتییەكەی گرژ بووەو بە درێژایی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی ساڵی ٢٠٢٤ درێغی نەكردووە لە ڕەخنەگرتن لە كۆمپانیاكان، بەڵام ئێستا بەرژەوەندییە هاوبەشەكانیان وای كردووە موو بە بەینیانەوە نەچێت. جێگەی سەرسوڕمانە كاتێك ترەمپ لە خولی یەكەمی سەرۆكایەتی لە كۆشكی سپی بوو، هەموو كەسە دیارەكانی سلیكۆن ڤالی بانگهێشت كرد بۆ ئەنجومەنی تەكنەلۆژیای ئەمریكی، لە ناو ئامادەبوواندا ئیلۆن ماسك نەبوو، بانگی نەكردبوو بۆ ئەو دیدارە. تەنانەت تاكو مانگی ئازاری 2024، ماسك ڕەتیدەكردەوە پشتگیری لە ترەمپ بكات، هەڵوێستەكەی وەك ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بوو لە ژێر فشاری خاوەنەكەی جێف بیزۆس خاوەندی ئەمازۆنە، لە مانگی تەمموزدا- دوای هەوڵی تیرۆركردنی ترامپ لە شاری باتلەر لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا- ماسك هەڵوێستی خۆی گۆڕی و لە تویتێكدا پشتگیری تەواوی خۆی بۆ ترەمپ دەربڕی و هیوای زوو چاكبوونەوەی بۆ خواست. ئەم گەورە سەرمایەدارانەی تەكنەلۆژیای سلیكۆن ڤالی لەناو خەڵكدا شەرمەزار دەركەوتن بەهۆی ئم گۆڕانكارییە خێرا هەڵپەرستانەوەیان، بەهۆی ئەوەی ئەمانە پێشتر بە مەیلی سیاسی پێشكەوتنخوازانە ناسراون، ڕاپرسییەكی گرێگ فێرنشتاین دەریخست كە سەركردەكانی سلیكۆن ڤاڵی زۆر لیبڕاڵ بوون لە پرسە كۆمەڵایەتییەكان، ئەوان دژی سزای لەسێدارەدان بوون، پشتگیرییان لە مافی هەڵبژاردنی ژنان و یاساكانی كۆنترۆڵكردنی چەك و مافی هاوڕەگەز بازان دەكردو تاڕادەیەكی زۆر پشتگیرییان لە سیاسەتەكانی دووبارە دابەشكردنەوەی سامان دەكرد، لەوانەش باجی زیاتر لەسەر دەوڵەمەندەكان و چاودێری تەندروستی گشتگیر بۆ هەژاران، هەروەها بانگەشەیان بۆ یاساكانی كۆچبەری سنوردار دەكرد، بۆیە زۆر لە چەپی ناو پارتی دیموكراتی نزیك بوون، بەڵام لە دوو بواردا ناكۆك بوون لەگەڵ باڵی چەپی ناو دیموكرات بە تایبەت زۆر دژی سەندیكاكانی كرێكاران و كۆنترۆڵی توندی حكومەت بوون، ئێستا هەموو باوەڕو ئامانجەكان خۆیان گۆڕییەوە بە بەرژەوەندیی، لە كاتێكدا ئەگەر 99%ی هەموو سەروەتەكەشیان لە دەستبدەن، تا مردن لە پاشا پاشاتر دەژێن. پێكهاتەی كابینەكەی ترامپ بەپێی ئامارێكی گۆڤاری فۆربس، هەموو سامانی ئیدارەی بایدن سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا 118 ملیۆن دۆلار زیاتر نەبووە، هەرچەندە بایدنیش نمایندەی ئۆلیگارشییەكانی ناو دیموكرات بوو لە ترسی هاتنی بیرنی ساندەرز و باڵی زۆر چەپی ناو دیموكراتەكان. بەڵام پێكهاتەی ئەم ئیدارەیەی ترامپ دەرخەری ئەو ڕاستییەیە كە بەرهەمی هەڵبژاردنێكە كە ملیاردێرەكان زیاتر لە جاران لە مێژووی ئەمریكادا بەخششیان داوەو بەتایبەت بە كۆمارییەكان، وە ئێستا بە زەقی رۆڵیان لە كابینەكەدا دەردەكەوێت. ئەمەش پێكهاتەی ئیدارەی ترامپ، وە بڕی سەرمایكەیانە: - دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، بڕی 5.4 ملیار دۆلار. - ئیلۆن ماسك، هاوسەرۆكی وەزارەتی كارایی حكومەت (DOG)، 423 ملیار دۆلار. - ڤیڤێك ڕاماسوامی، هاوسەرۆكی وەزارەتی كارایی حكومەت (DOG)، یەك ملیار دۆلار. - سكۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریكا، دانی بەوەدانا كە ملیاردێرە. - هاوارد لوتنیك، وەزیری بازرگانی، دوو ملیار دۆلار. - لیندا مەكماهۆن، وەزیری پەروەردە، 2.6 ملیار دۆلار. - دۆگ بورگوم، وەزیری ناوخۆ، یەك ملیار و 100 ملیۆن دۆلار. - مەسعەد بولۆس، ڕاوێژكاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خۆی بە ملیاردێر ناساندووە. - ستیڤن فاینبێرگ، جێگری وەزیری بەرگری، پێنج ملیار دۆلار. - وارن ستیڤنز، باڵیۆزی ئەمریكا لە لەندەن، بڕی ٣.٣ ملیار دۆلار. - چارڵز كوشنەر، باڵیۆزی واشنتۆن لە پاریس، 2.9 ملیار دۆلار. - جارێد ئیزكمان، كارگێڕی ناسا، بڕی یەك ملیار و ٩٠٠ ملیۆن دۆلار. - كێلی لۆفلێر، كارگێڕی بازرگانی بچووك، یەك ملیار و 100 ملیۆن دۆلار. - دەیڤید ساكس، بەڕێوەبەری AI و Cryptocurrency، ملیاردێر. - كریس ڕایت، وەزیری وزە، بڕی ١٧١ ملیۆن دۆلار - ستیڤن ویتكۆف، نێردەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلار. - محەمەد ئۆز، بەڕێوەبەری چاودێری پزیشكی، بەلایەنی كەمەوە ١٠٠ ملیۆن دۆلار. - فرانك بیسینان، كۆمیساری ئاسایشی كۆمەڵایەتی، زیاتر لە 900 ملیۆن دۆلار. هەروەها ئەوە ماسك بوو كە پێشنیاری كرد ترەمپ ج د ڤانس وەك هاوڕێی كاندیدكردنی هەڵبژێرێت بۆ پۆستی جێگیری سەرۆك كۆمار، هەرچەندە تارمایی ماسك وەك سەرۆكی سێبەر شەوقی جی دی ڤانسی نەهێشتووە. هەروەها ئیلۆن ماسك بە بەخشینی 259 ملیۆن دۆلار بە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترامپ، وێڕای كەڵكوەرگرتن لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس، یەك بە سەدی تا ئێستا بەدەست هێناوە، جگە لە دەسەڵاتی سیاسی. لەوەی باسمان كرد دەردەكەوێت حكومەتەكەی ترامپ حكومەتێكی بلۆتۆكراتییەو بەرژەوەندی ئۆلیگارشییەكانی ئەمەریكا دەپارێزێت، ئەوەی لینین لە پێناسی دەوڵەتدا زیاتر لە 108 ساڵ لەمەوپێش كردی بۆ ئەوڕۆ تەواو راستە "دەوڵەت ئامرازێكە بە دەست چینێكەوە بۆ سەركوتی چینەكانی دیكە".
د. كامەران مەنتك بەشی چوارەم 26\1\2025 سەرباری ئەوەی رۆژئاوا تاوەكو ئێستا نمونەیەكی جوانیان پێشكەشكردووەو بەلایەنی كەم توانیوانە لەو دۆخە سەختەدا خۆڕاگربن، ناكرێت ئەوە فەرامۆش بكەین، لە پاڵ ئەو خۆڕاگرییە چەند فاكتەرێكی تر ئەو رؤلە زیاتر زەق دەكەنەوە، لەوانە گرنگی میدیاكان، میدیا ئێستا هەموو رووداوەكانی رۆژئاوا دەگوازێتەوەو دیمەنە سەرسوڕهێنەرەكانی ئەو گیانی بەرەنگارییە دەخاتە بەرچاوی هەموو جیهان، لەپاڵ ئەمەدا تینووێتی خەڵكی كوردستان بە هەموو بەشەكانییەوە، كە دووچاری بێهیوایی و قەیران كراوە بۆ دۆزینەوەی ئەلتەرناتیڤێك، ئەمە وایكردووە هەموو چاوەكان لەسەر رۆژئاوا بن و ئومێدی لەسەر هەڵچنن، كە ئەمە خۆی لە خۆیدا لەلایەك ئومێد بەخشەو لەلایەكی تر مەترسیدارە، ئومێدبەخشە لەبەرئەوەی لەدۆخێكدا هەموو هێزەكانی تر، بەتایبەتی هێزەكانی باشوور، كە بڕیارە رۆژئاوا ببێتە ئەلتەرناتیڤی ئەوان وەك سەنتەری هێزی كوردی، خەریكی سیخوڕێتی و بازرگانیكردن بەخاك و دزی و تاڵانكردنی وڵاتن، كۆمەڵە گەنجێك لەو پارچە بچووكە وەك بروسكەیەكی دوای هەورو تاریكییەكی ترسناك بریسكاونەتەوە و پەیامێكی بەرگری نوێیان پێیە و خوێنی خۆیان لەپیناو وڵاتەكەیاندا دەكەنە قوربانی، ئەمە گوڕو تینێكی تر دەبەخشێتە كۆمەڵگەی كوردی و رێگە نادات ئەو رووناكییەی، كە خەریكە دوژمنی خۆماڵی لە ژێر پەردەی دەسەڵاتی كوردی و دوژمنی دەرەكی، كە هەرچواردەوریان تەنیوە كپی دەكەنەوەو دەیكوژێننەوە، بكوژێتەوە، ئەمە وا دەكات چۆن ئێستا رۆژئاوا بۆتە جێگەی ئومێد، ئەگەر زیانێكی بەربكەوێت، دەبێتە هۆی بێئومێدبوون و تێكشكانی ئیرادەی كوردی لە هەموو بەشەكانی تر، بەشێوەیەكی زۆر مەترسیدار تر. لەلایەكی تر كاتێك میلەتێكی پەنجا ملیۆنی وەك تەماشاكەرێك سەیری بچووكترین بەشی خۆی و چەند هەزار گەنجێك دەكات، لەخۆ بوردوانە بەرگری لە وڵاتی خۆیان دەكەن و لەدوو ئاستدا لەشەڕێكی ترسناكدان، شەڕێك لەگەڵ ئەو كەلتوورە سەقەتەی خۆ بەدەستەوەدان، كە باشووری كوردستان بەدەستییەوە ناڵاندوویەتی و دەناڵێنێت، لە هەستیارترین چركە ساتەكانداو لەو پەڕی بەهێزیدا چۆكیان داداوەو و خەڵكەكەیان تەسلیم بەدوژمنان كردۆتەوە، لەلایەكی تر شەڕكردن بەرامبەر دوژمنێك، كە دوژمنێكی ئاسایی نییەو لەهەموو رووێكەوە، نەتەوەیی، ئایدیۆلۆژی، ستراتیژی، هەوڵی لەناوبردنی دەدا، بابەتێكی مەترسیدارەو دەبێت هەڵوەستەی لەسەر بكرێت، هەر زیانێك بەر رۆژئاوا بكەوێت، زیان بەر خەونی هەموو كوردان دەكەوێت، بۆیە بەتەنیا ئومێد هەڵچنین و مانەوە وەك تەماشاكار، كارەساتێكی گەورەیەو دەبێت بەهەند وەربگیرێت، ئەگەر كورد بیەوێت خۆی بۆ سەركەوتن ئامادە بكات، دەبێت بەكردەیی پشتی رۆژئاوا یگرێت، راستە لێرەو لەوێ لە سەنگەرەكانی بەرگری گەنجی نیشتمان پەروەری هەموو بەشەكانی كوردستان بەرچاو دەكەوێت، بەڵام ئەمە بە تەنیا بەس نییەو لە ئاستی ئەو ئالنگارییە گەورەیەدا نییە، كە كوردستان بەگشتی و ئەو بەشە بە تایبەتی رووبەڕووی بۆتەوە. راستییەكی تریش هەیە ناكرێت فەرامۆشی بكەین، ئەویش ئەوەیە راستە رۆژئاوا لەئێستا بەرگری دەكات و توانیویەتی خۆی رابگرێت، بەڵام هەرگۆڕانكارییەكی نەرێنی لە هاوسەنگی هێزدا رووبدات، دەكەوێتە بەردەم لەناوچوون و جینۆسایدێكی گشتگیرەوە، لەبەرئەوەی لەهەموو لایەكدا بەتوندی ئابڵووقە دراوە و دوژمنانی ناوەخۆو دەرەكی مرخی خۆیان لێخۆش كردووە، هەر كارێكی لەو جۆرەش تراژیدیایەكی گەورەی لێدەكەوێتەوە، نابێت بە تەنیا بە دیمەنە سەربازییەكە فریوبخۆین و بەرەنگارییەكی قارەمانانە، كۆی دیمەنەكە داگیربكات، لەبەرئەوەی ئەو دیمەنە وەك ئاماژەی پێكرا، چەندە ئارام بەخشە مەترسیداریشە، ناكرێت بە تەنیا لەلایەنە سەرازییەكە چڕ بكرێتەوە و پێشبینی كۆمەڵێك سیناریۆی مەترسیدار لە خۆوە دەگرێت، نابێت ئەو پڕۆپاگەندە زۆرانەی دەربارەی ئایندەی كورد دەكرێن، وەك دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی و كوردستانی گەورەو ... هتد، كورد بەخ و لەخۆبایی بكات، لەبەرئەوەی ئەو جۆرە دمگۆیانە بەشێكن لەشەڕێكی دەروونی و ئەگەر سەیری قۆناغی بەرلە هەردوو جەنگی یەكەم و دووەم و جیهانی بكەین، لەو جۆرە قۆناغانەدا ئەم جۆرە قەوانانەمان زۆر گوێ لێدەبێت، دواتریش دەزانین چارەنووسی كورد بەكوێ گەیشت. ئێستا رۆژئاوا خەریكە لە دوولاوە دەخنكێنرێت، لەلایەك بەو ئابڵووقانەی لە هەر چوارلاوە دراوە، لەباكوور و رۆژهەڵاتەوە توركیاو چەتەكانی توركیا، لە باشووریشەوە حكومەتی نوێی سوریا، كە سەرباری ئەوەی بانگەشەی بەیەكەوە ژیان دەكات و ناوەناوەش هەڕەشەیەك دەكات، پاشخانە مێژووییەكەی هیچی لە چەتەكانی توركیا جیا ناكاتەوەو لە هەرچركەساتێكدا شەڕ رابگەیەنێت دەیگەیەنێت، بەمەش ئەگەری ئەوە زیاتر دەكات، كە لەهەموو لایەكەوە پەلاماری رۆژئاوا بدرێت، ئەگەر گڵۆپێكی سەوزی كزیش لەلایەن زلهێزەكانەوە دابگیرسێت، دیارە لە رۆژهەڵاتیشەوە، تاكە سنووری لەگەڵ هەریمی كوردستانە داخراوە، لەبەرئەوەی دۆخی شەڕ لەو بەشە رەهەندە نەتەوەییەكەی تێپەڕاندەوەو رەهەندێكی حیزبی و بنەماڵەیی وەرگرتووەو بەتەواوی تەسلیم بە ئەجێنداكانی توركیا بووەو ئیرادەی لەدەست نەماوە. بەم شێوەیە قووڵایی ستراتیژی رۆژئاوا لە هەموو لایەكدا، بەتایبەتی لە باكوورو رۆژهەڵات، كە جێگەی چاوی تیایە، دیوارێكی كۆنكرێتی لەبەردەم دروست كراوە، ئەمە وایكردووە، رۆژئاوا تەنیا لە خەمی خۆپاراستن دابێت، كە ئەمە خۆی لەخۆیدا كارێكی خۆكوژانەیە، لەبەرئەوەی خولانەوەی ئەو ئەزموونە لە قاوغی جوگرافییەیكی داخراو دا، واتای سڕبوون و مردنێكی لەسەرەخۆیە، بۆیە دەبێت هەوڵبدرێت ئەو چوارچێوەیە تێكبشكێنرێت و ئەو ئەزموونە بگوازرێتەوە بۆ بەشەكانی تری كوردستانیش، بەتایبەتیش باشووری ناوەڕاست(هەریمی كوردستان) لەبەرئەوەی ئەو بەشە بەهۆی ئەو پاشاگەردانی و بێهیواییەی تیایدا دەژیت، لەهەموو بەشەكانی تر زیاتر ئامادەیەو تووڕەبوونی خەڵك تیایدا گەیشتۆتە لوتكە، ئەمە وەرگرتن و قبووڵكردنی ئەو ئەزموونە سەركەوتووەی رۆژئاوا ئاسانتر دەكات، هاوكات لەرووی جیۆستراتیژییەوە، ئەو بەشە وەك ئاماژەی پێكرا رۆژئاوا بە رۆژهەڵاتی كوردستان دەبەستێتەوەو كۆنتڕۆڵكردنی ئەو پشتێنەیە، ئەگەر لەرووی ئابووری و سیاسیشەوە بێت، كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر چارەنووسی هەموو كوردستان هەیە، لەلایەكی تر ئەو بەشە دەروازەیەكی فروانتر بەرەو رۆژئاوا دەكاتەوە، بۆئەوەی بەرەو قوڵایی ستراتیژی لەباشوور پەلبهاوێژێت.... كە وەك لەبەشەكانی تردا ئاماژەمان پیكرد روحی كوردستان و بنەمای دامەزراندنی هەر قەوارەیەكی سیاسی نیشتمانی گەورەیە لە ئایندەدا... بەشی سێیەم 21\1\2025 دوای زیاتر لەیەك سەدە قوربانیدان، ئێستا باشووری ناوەڕاست، واتە هەرێمی كوردستان، لەسەر هەموو ئاستەكاندا لەقۆناغی شكستێكی گەورەدا دەژیت، لەرووی جوگرافیاوە پانتاییەكی فراوانی ئەو بەشە لەلایەن توركیاوە بەشێوەیەكی راستەوخۆ داگیركراوەو لەو بەشانەش داگیر نەكراوە، توركیا لەرێگەی كۆمەڵێك هێزی بەرژەوەندی خۆخوازەوە بە ناڕاستەوخۆ حوكمی تیادا دەكات، بەشێكی تریشی كەوتۆتە ژێر هەژموونی ئێران بە تەواوی ئیرادەی سیاسی خۆی لەدەستداوە! لەسەر ئاستی ناوەخۆدا، دیمۆگرافیای ئەو پارچەیە بەتەواوی گۆڕاوەو ئەو تەعریبەی لەژێر دەسەڵاتی كوردیدا لەو بەشەدا كراوە، هیچ حكومەتێكی ئێراقی لەدوای دروستبوونی دەوڵەتی ئێراقەوە نەیتوانیوە بەو قەبارەو بەو سەركەوتوویی و بەو بێدەنگییە ئەو تەعریبە بكات، كۆمەڵگەی كوردی لەباشوور لەناخەوە بێهیوا كراوەو كراوەتە تاقیگەیەك و هەموو جۆرە تاقیكردنەوەیەكی ترسناكی لەسەر ئەنجام دەدرێت، نەك هیچ پەیوەندییەك لەنێوان خەڵك و دەسەڵاتدا نەماوە، بگرە دوژمنداری و رقێكی گەورەش لەنێوانیاندا دروست بووە، خەڵك چاوەڕوانی دەرفەتێك دەكات تۆڵەی ئەو هەموو ستەمە لەدەسەڵاتداران بكاتەوە، ئەو تووڕەییە وەك رایەكی گشتی شاراوە لەناخی خەڵكی باشووردا چرۆی كردووە، چاوەڕێێ دەرفەتێكە بۆئەوەی كڵپە بكات و بتەقێتەوە، كە بەداخەوە هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن تەقینەوەیەكی چەكداری و خوێناوی دەبێت، لەبەرئەوەی دوا هەڵبژاردنی هەرێم هەموو هیوایەكی ئاڵۆگۆڕكردنی دەسەڵاتی لەرێگەی سندووقەكانی دەنگدانەوە لەگۆڕنا، ئەو دەسەڵاتەی لە ئێستادا هەرێم بەڕێوە دەبات هیچ شەرعیەتێكی یاسایی نەماوە و زۆرینەی ئەو بڕیارانەی دەریدەكات لەدەرەوەی دەسەڵاتەكانی ئەودان، خەریكە دەسەڵات لەهەرێم لەرێگەی كۆمانیاكانەوە هەموو خێروبێرەكانی ئەو وڵاتە هەڵدەلووشێت. هیچ مەسەلەیەك لەو بەشەدا بەناوی مەسەلەی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە نەماوە، ئەو پیرۆزییانەی چەندین ساڵ بوو مێشكی ئەو خەڵكەیان داگیركردبوو، ئێستا بوونەتە جێگەی گاڵەتەجاڕی خەڵك، مەسەلەی نەتەوەو نیشتمان و سەربەخۆیی و ... هتد لە مووچەدا كورتكراوەتەوە، كە بەئارەزووی خۆیان یاری پێدەكەن و رای گشتی پێوە خەریك دەكەن، هەواڵی هاتن یا نەهاتنی مووچە ئێستا پڕ خوێنەرترین ئەو هەواڵانەن، كە زۆربەیی لاپەڕەو سایتەكانی میدیای كوردیان داگیركردووە. لەرووی چینایەتییەوە خەریكە چینی سێیەم لە هەرێم تا رادەی نەمان ناهێڵڕێت، كۆمەڵێك بازرگانی چاوچنۆك، كە لەرێگەی فرۆشتن و دزینی خاكی كوردستانەوە هەڵتۆقیون وەك خاوەن موڵكێكی تایبەت رەفتار لەگەڵ ئەو وڵاتەدا دەكەن، دەستیان بەسەر هەموو شتێك داگرتووە، بەكورتی باشوور لە چاوەڕوانی كەوتنی یەكجارەكی و بەكاركەوتنی ئەو دادگایەیە، كە لەواشنتۆن بۆ بەرپرسانی ئەو هەرێمە دانراوە، كە بە دەیان تاوانی نێودەوڵەتی و ترسناك تۆمەتبار كراون، كە رەنگ بێت لەئایندەدا ئەم دادگایە نمونەیەكی نوێ لەداگاییكردنی تۆمەتباران بخاتە سەر لاپەڕی مێژوو، كە تا ئێستا وێنەی نەبوو بێت!. ئەو ئەزموونەی لەماوەی سی وسێ ساڵی رابردوودا لەهەرێم بەڕێوەچوو، باشووری نەك وەك سەنتەری هێزی كوردایەتی نەهێشت، كردی بەگۆڕستانێك بۆ هەموو هەستێكی نەتەوەیی و نیشتمانی، لەو ماوەیەدا، بەتایبەتی لەو ماوەیەیی دوایی هێندە هەوڵدرا، مەسەلەی كوردی لەمەسەلەیەكی نەتەوەییەوە بكرێتە مەسەلەیەكی ئاینزایی (طائفی) هێندە هەوڵ بۆ پاراستنی ئەو بەشە وەك بەشێك لەخاكی كوردستان و هێشتنەوەی مۆركی كوردبوون نەدراوە، ئەو تەعریبە چڕەی لە هەرێمیش بەڕێوەچوو و بەڕێوە دەچێت، لەژێر رۆشنایی ئەو هەوڵەیەدا، كەواتە ئێستا خەریكە هەوڵی لەباریەكتر هەڵوەشاندنەوەی باشووری كوردستان لەناوەڕاستەوە، بەتەواوەتی سەردەكەوێت و تا ئەو رادەیە رۆیشتووە، كە نەك ناتوانێت نوێنەرایەتی سەنتەری هێزی كوردی بكات، بەڵكو بۆتە ئەو كۆسپەی كێشە بۆ هەموو بەشەكانی تری كوردستان دروست دەكات، ئێستا باشوور بۆتە ئەو بنەكەیەی تیایدا لەهەموو جولانەوەیەكی نەتەوەیی نیشتمانی لەبەشەكانی تری كوردستان دەدرێت، بۆیە دەتوانین بڵێین دارەكە نەك بە تەنیا لەناوەڕاستەوە بەتەواوی شكاوە، بەڵكۆ بۆتە ئەو خەنجەرە ژەهراوییەی لەسەر پشتی هەموو بەشەكانی تری كوردستاندا كاردەكات. لەو جەنجاڵی و رەشبینی بێئومێدی و شكستەی لە هەرێم بەڕێوە دەچێت، لە رۆژئاوا، كە زۆرجاران بەباشووری بچووك پێناسە دەكرێت، تروسكاییەك سەری هەڵداوەو ئومێدێكی نوێی بۆ هەموو خەڵكی كوردستان دروست كردووە، ئێستا سەنتەری هێز پەڕیوەتە رۆژئاوای كوردستان، واتە بچووكترین بەشی كوردستان ئێستا بۆتە سەنتەری هێزی نیشتمانی، ئەمەش هێندە دەرئەنجامی ئەو ئیدارەدان و رێكخراوەیی و ئەو ئیرادە بەهێزو راستگۆیەیە، كە لەو بەشەدا پێشەنگایەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی دەكات، هێندە دەرئەنجامی خودی گەورەیی ئەو هێزە، نییە، لەبەرئەوە وەك دەزانین ئەو هێزە بەكۆمەڵێك هێزو دوژمنی زۆر گەورە دەور دراوە، كە لەو زۆر بەهێزترن، بەڵام ئەو نمونە جوانانەی ئەو پارچەیە لە خۆڕاگری و بەشداری كۆمەڵایەتی نیشانی دەدات، لەمێژووی مرۆڤایەتیدا نمونەی زۆر كەم بووە بەشی دووەم بۆچی باشووری ناوەڕاست كرایە سەنتەر؟ لێرەدا ئەو پرسیارە سەرهەڵدەدات، كە دەبێت هەڵوەستەی لەسەر بكەین و وەڵامی بدەینەوە، بە پێچەوانەی ئەوەی، كە لەسەر مێژووی ئەو بەشەدا نووسراوە، كە هۆكارەكەی دەگەڕێننەوە بۆ وریایی و زیخی ئەو بەشە، بەڵام ئەمە هەڵەیەكی مێژوویی كوشندەیەو دەبێت راست بكرێتەوە، لەبەرئەوەی هۆكاری بەسەنتەربوونی ئەو بەشە، هۆكارێكی جیۆستراتیژییەو دەكەوێتە ناوەڕاستی باشووری كوردستانی گەورەوە، واتە دەكەوێتە ناوەڕاستی ئەو هێڵە ستراتیژەی وەك لەبەشی پێشووتردا ئاماژەی پێكرا، لەسەر دەریای سپی ناوەڕاستەوە درێژ دەبێتەوە تاوەكو كەنداو، ئەو بەشە لەرووی ئابووری و ستراتیژییەوە دەكرێت وەك روحی كوردستان هەژمار بكرێت، لەرووی ستراتیژییەوە دەكەوێتە سەر هەردوو دەروازەی دەریایی، لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست و ئاوەكانی كەنداو، كە بەلەیەكتر دابڕینی ئەو دوو دەروازەیە، كوردستان لە وڵاتێكی كراوەوە، بە چەمكە جیۆپۆلەتیكییەكەی دەبێتە وڵاتێكی داخراو، بۆیە هەمیشە هەوڵدراوە ناوبڕێك لەنێوان رۆژئاواو رۆژهەڵاتی كوردستان دروست بكرێت، كە ئەمە یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی دابەش كردنی كوردستان و ئاڵۆزبوونی مەسەلەی كوردە، بەشێوەیەك نەتوانرێت هیچ چارەسەرییەك بۆ ئەو مەسەلەیە لەلایەن هیچ دەوڵەتێكەوە بە تەنیا بدۆزرێتەوە و وەك كۆمەڵیش بەرژەوەندییەكانیان هێندە رووبەڕوو بێتەوە، نەتوانن بیر لە چارەسەری بكەنەوە و هەمیشە لەپەیوەندی و هەماهەنگی دابن بۆ لێدان و سەركوتكردنی كورد، لەرووی ئابووریشەوە، ئەو پشتێنەیە، بە سەبەتەی دەوڵەمەندو پڕخێرو بێری كوردستان هەژمار دەكرێت، هەر لەسامانی سەرزەوییەوە وەك كشتوكاڵ، تا دەكاتە نەوت و گازو سلیكۆن، كە بەم دواییە لە رۆژئاوای كوردستان دۆزرایەوە و ململانێیەكانی لەو ناوچەیە چڕتر كردەوە. زۆرینەی كێڵگە بەپیتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەوێتە سەر ئەو پشتینەیە، بۆیە لەگەڵ هاتنی مۆدێرنیتە بۆ رۆژهەڵات، ئەو پشتێنەیە بوو بە بنكەی ململانێیەكی جیهانی چڕ، رەنگ بێت پڕۆژەی رێگەی هێڵێ ئاسنی بەغدا-بەرلین، كە بەشێكی گرنگی رێك بەسەر ئەو پشتینەیەدا تێدەپەڕی و وەك دەڵێن یەكێك لەهۆكارە گرنگەكانی دایسانی جەنگی یەكەمی جیهانی بوو، نمونەیە لەباربێت بۆ بایەخی ئەو پشتێنەیە!. هاوكات وەك ئاماژەی پێكرا ئەو پشتینەیە، واتە باشووری كوردستانی گەورە، یەكێك لەهۆكارە گرنگەكانی دابەش بوونی كوردستان بوو، هەر بەشەش لەو سێ پارچەیەی باشووری بەسەر دابەش كرا، بایەخی گرنگی خۆی هەیە، بۆ نمونە بەشی رۆژئاوا، كە ئێستا بەرۆژئاوای كوردستان دەناسرێت و بزووتنەوەیەكی نیشتمانی بەهێز ئیدارەی دەدات، جگە لەوەی دەروازەیەكی گرنگی كوردستانە، سەرباری بچووكی ئەو بەشە زیاتر لە 48% ئابووری هەموو سوریا پێكدەهێنێت و نەوت و گازو سلیكۆن و كشتوكاڵێكی بەپیت و بەبەرهەم و بوونی توانایەكی كارامەو لێهاتوو لە بەرهەمهێنانی كشتوكاڵ لە خۆوە دەگرێت، ئەمە وایكردووە، سوریا بەرادەیەكی زۆر پشت بە ئابووری بەو بەشە ببەستێت، باشووری ناوەڕاست، واتە هەریمی كوردستان، جگە لەوەی لەرووی كشتوكاڵەوە ناوچەیەكی پڕ بەرهەم و گرنگە، دەكەویتە سەر ئەو هێڵە نەوتییەی ، كە لە رۆژئاواوە درێژ دەبێتەوە تاوەكو دەگاتە ناوچە پر نەوتیەەكانی قەسری شیرین وكرماشان و هەمەدان و ... هتد، لەرووی ستراتیژیشەوە، ئەو بەشە دەتوانین بە كرۆكی ئەو بنەمایەی بچوێنین، كە دەكرێت هەموو كوردستانی لەسەر یەكخرێتەوە، بەهەمان شێوە زۆربەی كیڵگە نەوتیەكانی ئێرانیش لەباشوورەوە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی كوردستان. كەواتە دابەشكردنی باشووری كوردستان كوردستان بۆ سێ پارچە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بایەخەی هەیەتی، بێگومان ئەمە ئەوە ناگەیەنێت، كە پارچەكانی تر وەك ناوچەكانی باكوور بایەخی خۆیان نییە، لەبەرئەوەی باكووریش ئەو دەروازەیە، كە لەرووی جوگرافییەوە ناوەڕاستی ئاسیاو خوارووی قەوقاز بە رۆژهەلاتی ناوەڕاست دەبەستێتەوە، هاوكات پردێكیشە بۆ بەیەكەوە بەستنەوەی ئەوروپا بە ئاسیا، كاتێك دەڵێن توركیا پردێكە ئاسیاو ئەوروپا بەیەكەوە دەبەستێتەوە، ئەوە بەشی هەرە زۆری ئەو پردە دەكەوێتە سەر خاكی كوردستانەوە، بەڵام لەرووی ئایوورییەوە دیارە باشووری كوردستان گرنگییەكی تایبەتی خۆی هەیە. بۆیە دابەشكردنی باشوور بەسەر سێ وڵاتی وەك سوریاو ئێراق و ئێران، بووە هۆی ئەوەی كێشەی كورد نەك هەر ببێتە ئالؤزترین كێشە لە رۆهەلاتی ناوەڕاست، بەڵكو بەڵكو یەكێك لەكێشە هەرە ئاڵۆزەكانی جیهان بێت، كە چەرەسەركردنی پێویستی بە گۆڕانی هاوسەنگی هێزی جیهانییەوە هەبێت، هیچ وڵاتێك لەو وڵاتانەی كوردستانی بەسەر دابەشكرا، نەتوانێت بە تەنیا چارەسەری ئەو كێشە بكات، هەر هەوڵێكی تەنیا بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە، بەرژەوەندی وڵاتەكانی تر دەخاتە مەترسییەوە، بۆ نمونە چارەسەری كێشەی كورد لە رۆژهەلات، كێشە بۆ توركیاو ئێراق دروست دەكات، هاوكات چارەسەركردنی كێشەی كورد لە رۆژئاوا، كێشە بۆ سوریاو توركیاو ئێراق دروست دەكات، بەلام چارەسەری كێشەی كورد لە باشووری ناوەڕاست، واتە لەو پارچەیەی پێیدەگوترێت هەرێمی كوردستان، كێشە بۆ هەموو ئەو دەوڵەتانە دروست دەكات، كە كوردستانیان بەسەر دابەش كراوە، واتە باشووری كوردستان بۆتە ئەو پانتاییە جوگرافییەی سنوورەكانی هەر چواردەوڵەتی ئێران و توركیاو ئێراق و سوریا بەیەكەوە دەبەستێتەوە، ئەمەیە وایكردووە باشوور بكرێتە سەنتەری ئەو جوولانەوە چەكدارییەی، هەموو سەدەی بیستەمی گرتەوەو ئێستاش تا رادەیەك بەردەوامە، لەبەرئەوەی لە هەریمەوە دەتوانرێت هاوسەنگی هەموو ئەو دەوڵەتانە رابگیرێت، كە كوردستانیان بەسەر دابەشكراوەو هاوكات لەهەرێمشەوە دەتوانریت كۆنتڕؤڵی هەر جولەیەكی كورد بكرێت لە هەموو پارچەكانی تری كوردستان، واتە بكرێتە ئەو زەمینەیەی خەونێكی ساختەی كوردی لەسەربونیات بنرێت و خەونە گەورەكەی تیا سەركوتبكرێت، وەك دەڵێن دار لە ناوەڕاستەوە دەشكێت، بۆیە بۆ ماوەی یەك سەدە بەپێچەوانەی ئەوەی نووسراوە، باشووری نەك نەبووە سەنتەری هێزی كوردی، بووە ئەو سەنتەرەی تیادا لە مەسەلەی كورد بدرێت و كوردی تیا بشكێرنێت و پەرتەوازە بكرێت. بەشی یەكەم (تێبینی: ئەم بابەتە زنجیرە وتارێكە دەربارەی گۆڕانی سەنتەری هاوسەنگ هێز لە كوردستان و خوێندنەوەیەكە بۆ ئەو گۆرانكارییانەی لە ناوچەكە روودەدەن، پێویستە بە شێنەیی بیخوینییەوەو لە بڕیاردان پەلەنەكەی، تا زنجیرەكە تەواو دەبێت، ئەگەر هەر سەرنجیك و پێشنیارێكت هەبێت، بەسوپاسەوە وەردەگیرێت) گۆڕانكارییەكان لە هاوسەنگی هێزی جیهانی لە قۆناغێكی زۆر هەستیارو مەترسیداردایە، ئەو شەڕە راگەیاندنەی دەكرێت، بۆتە هۆی زۆرینەی خوێندنەوەكان بۆ ئەو دۆخە نوێیە لەسەر بنەمای ئەو زانیارییە ناتەندروستانە بێت، كە وەك بەشێك لە شەڕ و فریودان و بەڵاڕێدابردنی خەڵك بەكاردەهێنرێت، ئەمە وایكردووە جۆرە فەوزایەك دروست بێت، گەڕەولاژەیەكی سیاسی و هزری وا بێتە بەرهەم، كاریگەرییەكی ترسناكی لەسەر شێوازی بیرركردنەوەو پڕۆسەی بڕیاردان هەبێت، ئەوەی وایكردووە ئەو دۆخە زیاتر ئاڵۆزبێت، ئەو سوپا لە دەستەبژێرە ساختەیەیە، كە وەكو فابریكەیەكی ژەنگاوی رۆژانە هەواڵ و شیكردنەوەی ناڕاست بڵاو دەكەنەوەو زیاتر سەر لە خەڵك دەشێوێنن و راستییەكان دیزە بەدەرخوونە دەكەن، بەڵام جارێكی تر، وەك هەموو نووسینەكانی تر جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە، كە ئەگەر بمانەوێت لەو گۆڕانكارییانە تێبگەین و پێگەی كوردستان لەدوو توێی ئەو ململانێیانە جیهانی و هەرێمییەدا دەست نیشان بكەین، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ جیوستراتیژیاو خودی ئەو جولانەوانەی لەلایەن كەسایەتییە واتاییە نێودەوڵەتییەكانەوە، واتە ئەو یاریزانانەی لەسەر تەختەی جیهانی و هەرێمیدا كاردەكەن، نەك ئەو لێدوان و بەیاننامەو شیكردنەوانەی دەكرێن و بڵاو دەكرێنەوە، ئەمە یارمەتیمان دەدات زیاتر و واقعیانەتر لە رووداوەكان تێبگەین و هەڵوەستەیان لەسەر بكەین. لەو روانگەیەوە، ئەگەر سەیری دۆخی ئێستای كوردستان بكەین، ئەو دیمەنە جیۆستراتیژییەمان دەكەوێتە بەرچاو، کە گۆڕانکارییەکان لە دووبەشی باشوور چڕ بۆتەوە, باشوورى ناوەڕاست, واتە هەرێمى کوردستان و باشوورى رۆژئاوا, واتە رۆژئاواى کوردستان, لە باشوورەوە، مەبەستم لە باشووری جوگرافیای كوردستانی گەورەیە، كە لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست درێژ دەبێتەوە، تاوەكو دەگاتە سەر كەنداو، بەشێوەیەكی فەرمی و دانپیانراو لەژێر چەتری سێ دەوڵەتی جیاوازدا دەژیت، رۆژهەڵات لەژێر دەستی ئێراندایە، باشووری ناوەڕاست لە چوارچێوەی دەوڵەتی ئێراق و باشووری رۆژئاواش لە چوارچێوەی دەوڵەتی سوریادایە. بەشی باشووری رۆژهەڵات، وەكو هەموو قۆناغە چارەنووس ئامێز گەورەكانی سەدەی بیستەم، لاتەریك كراوە، بۆ نمونە لە هەردوو جەنگی جیهانی یەكەم و دووەم لەبەرئەوەی ئێران بەشێوەیەكی فەرمی نەچووە ناو جەنگەوە، ئەگەرچی بووە گۆڕەپانی سەرەكی جەنگ، بەتایبەتی لە جەنگی یەكەمدا بۆیە لەرێكەوتنامە نێودەوڵەتییەكاندا باسی ئەو پارچەیە ناكرێت، بۆ نمونە لە پەیماننامەی سیڤەرو لۆزاندا بەهیچ شێوەیەك باسی رۆژهەڵاتی كوردستان نەكراوە، لە جەنگی دووەمدا ئەگەرچی تا رادەیەك قەوارەیەكی سیاسی لە مهاباد دروست بوو، بەڵام لە ساڵێك زیاتر نەیتوانی بژی و نەخشەی سیاسی دوای جەنگی یەكەم جارێكی تر خۆی فەرزكردەوەو مەسەلەی سەروەری بۆ دەوڵەتان گەڕایەوە ناو فەرهەنگی سیاسی و ئەو دەوڵەتە ناوەندیانەی كوردستانیان بەسەر دابەشكرا جارێكی تر بەهێز كرانەوە. هەرچی هەرێمی كوردستانە، لەدوای جەنگی یەكەمەوە خراوەتەوە نێو هاوسەنگییەكی هێزی زۆر ئاڵۆزەوەو بەردەوام بەسەنتەر كراوە بۆ ئەو بزووتنەوە رزگاریخوازییە ساختەیەی، كە لەو بەشەدا گوزەراوە, بۆیە تا بەكۆتا هاتنی شەڕی ساردیش، ئەو بەشە سەقامگیرییەكی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینی و هەمیشە وەك ناوچەیەكی تامپۆنی لەلایەن، هەردوو جەمسەری سیستەمی جیهانییەوە بەكاردەهات، لەهەموو حالەتەكاندا باشوور بووە ئەو بنكەیەی، كە ئیدارەی بزووتنەوەی كورد بكات، وەك لەمێژووی مەدرەسی و باوى كورد نووسراوە، لەبەرئەوەی وەك دواتر دەركەوت، ئەو بەشە نەك سەركردایەتی بزووتنەوەی كوردی نەكرد، بەڵكو بووە ئامڕازێك بۆ لێدانی خەونی کورد لە هەموو بەشەكانی تری كوردستان. هەرچی رۆئاوای كوردستان، لەدوای جەنگی یەكەمەوە لە چوارچێوەی سوریادا نەك هەر سەركوت و تیرۆر كرا، بگرە مافی مرۆڤ بوون و هاوڵاتی بوونیشی پێ رەوا نەدەبینرا، تاوەكو ساڵی (2011) كاتێك ئەو جولانەوەی پێی دەگوترا بەهاری عەرەبی گەیشتە سوریاو دەرفەتێكی زێڕین بۆ كورد رەخسا، لەو بەشەدا کورد لەماوەی سێ ساڵدا (2011-2014)توانی هێزەكانی خۆی زۆر بە باشی رێكبخاتەوەو هەوڵی بەیەكەوە گریدانەوەی ناوچە پچراوەكانی بەو بەشە بدات جۆرێك لە حوكمی خۆجێی دابمەزرێنێت، كە نمونەیەكی نوێ بوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خستنەڕووی چارەسەری هزری كوردی بوو بۆ كێشەی كورد نەك هەر لەو وڵاتە، بەڵكو بۆ بەشەكانی تری كوردستانیش!
هۆمەر محەمەد دوای ئەوەی بەرنامەکەی کاک شۆرش حاجیم لە درەومیدیا بینی بەرلەوەی لەکەس بپرسم لەخۆمم بپرسی خێرە؟ ئەم بابەتە بۆ هەرجار ناجارێک دێتەوە بەرباس بۆ قسەکردن و کەسیش هەوڵنادات بۆ یەکلایی کردنەوەی ؟ ئایا ئەگەر کاک شۆرش هەموو راستییەکی لەلابوو بۆچی رۆژێک نەچوو بۆلای کەسوکاریان یاخود ئەوان بانگ بکات بۆلای خۆی و دڵنیایان بکاتەوە لەوەی ئەو نوسراوە (تەزویرە) وەک ئەوەی نەکردوو ئەی بۆچی لەگەرمەی هەراو هەڵای ئەو باسەدا، کە میدیای کوردی بەبێ بەزەەییانەو بێ ئەتەکێت بێڕیزی بەو ژنانەو بە هەستی کەسوکارەکانیان دەکرد ئەو نەچووە سەر شاشەیەک یان مینبەرێک و ئەو ڕاستیە ئاشکرا بکات و ئەو میدیایانە بێدەنگ بکات کە دڵی کەسوکاری ئەو کچانەیان دەشکاندو نەیاندەزانی مافی مرۆڤ و هەستی مرۆڤ نرخێکی هەیە؟ ئێ خۆ هێشتا کاک شۆرش یەکێتی بوو، کە کوردستانی نوێ بڵاوی کردەوە بۆچی ئەوسا وەڵامی نەدەدایەوەو هەر لەیەکەمجاری بڵاوبوونەوەیدا بەردێکی بخستایەتە سەر ئەم باسە ؟ بۆیە ئێستا بە گومانێکی زۆرترەوە لەم قسانەی بەریز شۆڕش حاجی رادەمێنم، هەڵبەت منیش گومانم لەو بەڵگەنامەیە و ئەو سیناریۆیانەش هەیە، کە بە دوای بڵاوبوونەوەیدا هاتن. زۆریش لێیراماوم و هەر زوو ساڵی ٢٠٠٦ بەهەوڵی رەوانشاد مامۆستا نەجیب گەرمیانی سورەت قەیدی هەموویانمان لە خورماتوو دەرهێنایەوە و دیدارم لەگەڵ زۆربەی زۆری کەسوکارەکانیشیاندا کردووە، بەوردیش لەبارەیانەوە نوسیوومە. هەندێک راستیم خستووەتە ڕوو کە باس نەکرابوون. (بروانە گەشتەکانی ئەنفالستان، دیدارو بەدواداچوون، دەزگای چاپ وپەخشی سەردەم ٢٠٢١ ل ٦٤٠ بۆ ٨٤٦) لەخوارەوە جاریكی تر گومانەکانم دەخەمەوەڕو. بەڵام ئێستا ئەو قسانەی بەریز شۆرش حاجی گومانەکەم بە ئاراستەیەکی تردا دەبات بەتایبەتیش، کە ئێستا دەرکەوت ئەو بەڵگەنامەیەش گەیشتووەتە ئەمریکا، چونکە هەوڵەکانی دیزە بەدەرخۆنەکردنی ئەم دۆسێیە زۆر زۆر رون و ئاشکران.. یەکێک لەو قسانەش ئەوەبوو گوایە ئەم بەڵگەیە دوای پرۆسەی ئازادی ساختەکراوە، کەچی ئەوە کاک شۆرش باسی ئەوە دەکات لەساڵی ١٩٩١ براوە بۆ ئەمریکا، ئێ خۆ دواین سیناریۆش ئەوە بوو گوایە کەسێک ئەم نوسراوەی تەزویر کردووە و ئێستا دەستگیراوە بەڵام ئەوەش هەرقسە بووم نەکەس دەرکەوت بگیرێ و نەراگەیەنراو نەکەسیش زانی کێیە و نەکەسیش دەزانێ بۆچی ئەو نوسراوەی تەزویر کردووە؟ ..گومانەکەم زیاتربوو لەوەی کە وتیان دوای پرۆسەی ئازادی عێراق ئەم نوسراوە تەزویر کراوە نەک لەسەردەمی بەعس یان راپەریندا ؟ بەو پییە بێت دەبێت لەسەروبەندی راپەریندا تەزویرکرابێت ! بۆیە ناتوانم بروا بەم رونکردنەوەی کاک شۆرش حاجیش بهێنم .. لەگەڵ ئەوەشدا کە بروای زۆرم بەکاک شۆرش هەیەو ریزی زۆریش لەکارە باشەکانی دەنێم. لەبەڵگەنامەکەدا نەهاتووە موخابەراتی کەرکوک راستەوخۆ مامەڵەی لەگەڵ دەوڵەتی میسردا کردووە، بەڵکو ئاراستەی سەروی خۆی کراوە کەدەڵێت : ئەو ناوانە ئامادەمان کراون . هەڵەی زۆر زەقتر لەو بەڵگەنامەیەدایە کە هەرکەسێک بەدیقەت بێت دەزانێت بەڵام دیارە کەس ئەو مرۆڤانەی بۆ گرنگ نیە بۆیە زۆریش دیقەت بەپێویست نازانن لەبارەی ئەو ژنانەوە دەنا لەبەڵگەکەدا نوسراوە (ئەمانە لەپرۆسەی ئەنفالی دوودا گیراون) بەلام ئەو ژن و کچانە لەئەنفالی سێدا گیراون ! جارێکی تر پرسیار لەکاک شۆرش حاجی دەکەم ئایا کە ئەم بەڵگەیە لەدادگای باڵای تاوانەکان بووە جێگەی مشتومڕو پیشانی شارەزایانی ساختەکردنی (واژۆ) و شارەزایانی سەربازییان داوە بۆ راستی و دروستی چۆنە پەنایان نەبردووەتەوە بەر ئەو (فحس)ەی لە ئەمریکا کراوە خۆ دادگاکە بەتەواوی لەژیر رکیفی ئەمریکیەکاندا بوو ؟ چۆن بۆ بەڵگەو شایەتحاڵ سەریان بەهەموو کونێک و ماڵێکدا دەکرد لە شارەزایەکی وەک شۆرش حاجیان نەپرسیوتەوە خۆ ئەو لەپێش هەمووان دەستی بەنوسین کردووە لەمەر ئەنفال و یەکەم کەسیش بوو کەشانسی ئەوەی هەبوو لەگەڵ میدیل ئێست ۆچ خەریکی ئەو بەڵگانە بێت ؟ دیسان دەپرسمەوە ئەو هەموو هەڵایەی ڕاگەیاندنی کوردی بەتایبەتیش (K.N.N)ی ئەوسا لەسەر ئەو دۆسێیە دروستیان کرد ئەی بۆچی کاک شۆڕش حاجی زوو نەیگوت خۆتان ماندوومەکەن ئەم بەڵگەیە (فەحس)کراوە و سەلمێندراوە کە تەزویرە ؟ لەراستیدا ئەمە بۆ من پرسیارێکی جەوهەرییە و دیسانەوە گومانەکەم زیاتر دەکات. ئەی چی بە دەرهێنەری فیلمی نیران الصدیقە بڵێین ؟ کێ چوو بۆلای ئەی خۆ ئەو وتی : ئەمە لە رۆژنامەكانی مصردا باسکراوە، ئەمە مایەی گومان و سەرسوڕمانە. ئێ خۆ هەر ئەودەڵێت : كە وا لە ساڵانی هەشتاكاندا رۆژنامەكانی مصر باسیان لە هێنانی ئەو كچە كوردانە كردووە! ئەی کەدواتر ژێوان دەبێتەوە چۆن دەبێ بێئاگابی لە دانپێدانانی ( اعتیماد خورشید) كە لە كەناڵی ئەلحیات بەراشكاوی باسی كردوون و بەرێوەبەری موخابەراتیشی لە بەشداری هێنانی ئەو كچانە تۆمەتباركردووە؟ بۆیە لێدوانەكەی محمد ئەمین زاری هێندەی بۆ خۆدورە پەرێزگرتنە لەو دۆسێیە ئەوەندە لە ڕاستیەوە نزیك نیە بەتایبەتیش كە دان بەوەدا دەنێت و دەڵێت : نەمزانیوە مەسەلەكە ئەوەندە گەورە دەكرێ ؟ پێموایە قسەکانیی محمد ئەمین زاریش هەر بەمەبەستی دیزە بەدەرخۆنەكردنبێ و نا بەرپرسیارانە باس لەروداوەكانی ناو دراماكەی دەكات چونكە تاوانەكە بۆخۆی گەورەیە نەك كوردەكان گەورەیان كردبێ دەی ئەوەندەی من بزانم ئەگەر چیرۆکەکە راست نەبوایە ئەویش نەیدەكردە زەخیرەی دراماكەی. چونکە فیلم دروست کردن بەرپرسیارێتیە. ئەو بەڵگەنامە كۆپیەی دادگاش بەهەندی نەگرت، کاک شۆرشیش ئێستا دەڵێت تەزویرە بەڵگەیەكی تاك وتەنیا نیە، بەڵكو واقعێكی تاڵە، بۆیە دەتوانین زانیاریەكان لە هەموو شوێنێكی ئەم جیهانە وەك ڕاستی و دۆكۆمێنت ببینین بە پاساوەكەی نوسەری دراماكەشەوە دەنگ و باسی فرۆشتنی ژنانی كورد لە تاوانی ئەنفالدا بووەتە جێگەی باسی مصریەكانیش هەروەك لە شەوی ٩/٨/٢٠١٢دا ژنە هونەرمەندی مصری (ئیعتیماد خورشید) كە لەسەروەختی جەمال عەبدولناسرەوە بە یەكێك لەكەسایەتییە نزیكەكانی دەزگای موخابەراتی مصری دادەنرێ زانیاریی مەترسیداری لەسەر دەزگای موخابەرات و بەرپرسەكانی بڵاوكردەوەتەوە، بەتایبەتیش لەسەر (سەفوەت ئەلشەریف)ی سەرۆكی ئەنجومەنی شورای سەردەمی حوسنی موبارەك، ئیعتماد خورشید لەبەرنامەیەكی كەناڵی (ئەلحەیات)دا بەڕونی باسی لە بردنی كچە ئەنفالكراوەكانی كورد كردووە بۆ وڵاتەكەی كە موخابەراتی مصرو سەفوەت ئەلشەریف لە پشتیەوە بون. ئیدی ئەوە بەڵگەیەكی گرنگە كە لەناو مخابەراتی مصرەوە هاتووە. کاتی خۆی کاک کاوە محەمەدیش لە رۆژنامەی ئاوێنە رۆژی ٧ی ئابی ٢٠١٣ – هەمان بابەتی لە ماڵپەڕی ئاوێنە ١٠ی ئابی ٢٠١٣ بەشی بیرورا لەبارەی چاوپێکەوتنەکەی (ئیعتماد خورشید) بڵاوكردووەتەوە. گومان لەسەر بەڵگەنانەكە : نوسراوەكەی موخابەراتی كەركوك لەلای هەندێك كەسولایەن جێگەی گومانە، لەراستیدا گومانكردن لەوەها بەڵگەیەك بۆ كەسانێك كە بوردی كاریان لەدۆسێی ئەنفالدا كردووە واقعیەو بۆهەندێكیش گومانەكە بووەتە خێرو پاساو بۆئەوەی هەرلەبنەرەتەوە رەتیبكەنەوە، چونكە نایانەوێ لەسەر ئەودۆسێیە بەرژەوەندیان لەگەڵ ولاتی مصر بكەوێتە مەترسییەوە، یان هەر لەبنەرەتەوە نایانەوێ بەوردی كار لە دۆسێی ئەنفالدا بكرێ بۆئەوەی كەمترین بەرپرسیارێتی بكەوێتە ئەستۆیان لە پێش هەموویانەوە دەوڵەتی عێراق و لایەنە عەرەبیەكان كە جگەلەوەی ئابرو شكانێكی بۆ ئەوان تێدایە قەرەبووكردنەوەشیان دەكەوێتە ئەستۆ، هەرچی لایەنە پەیوەندیدارەكانی كوردیشن، دەیانەوێ دۆسێی ئەنفال نەبێتە مایەی سەرئێشە بۆیان و خۆیان لەبەر پرسیارێتی بدزنەوە. من بۆخۆم بەگومانەوە تەماشای بەڵگەنامەكە دەكەم، بەڵام هەتا بلوێ بەرپرسیارانە مامەڵەم لەتەكدا كردووە، زۆر بەوردی لەبەڵگە نامەكەم روانیووەو ماوەیەكی زۆر تێیڕاماوم و بەپێی توانای خۆم بەدواداچوونم بۆ كردووە و گەیشتوومەتە ئەو ئەنجامەی كە بەڵگەكە سەرباری ئەو گومانانەش زۆر نزیكە لەڕاستیەوە .. گومانی من لە ڕیکەوتو شوێنی ڕوداو و شوێنی نیشتەجێی كەسەكانە لەگەڵ قۆناغی ئەنفالكردنیاندا، هەروەها لە ناساندنی كەسەكانیشدایە لێرە هەوڵدەدەم ئاماژە بەگومانەكانی خۆم بكەم بەم شێوەیەی خوارەوە : 1- نوسراوەكە هەموویانی بەكچ ناونوس كردووە، لەكاتێكدا هەموویان کچ نین بەڵکو تیایاندایە دایكی سێ منداڵەو دوان لە کچەکانیشی ناویان لە نوسراوەکەدایە. 2- تەمەنەكانیان گومان هەڵگرە لە نوسراوەكەی موخابەراتدا دایکەکە بە ٢٩ ساڵ و کچە گەورەکەی بە ٢٠ ساڵ و کچە بچوکەکەی بە١٨ ساڵ نوسراوە، كەواتە دەبێ یان دایکەکە زۆر بەمنداڵی هاوسەرگیری كردبێ یان تەمەنیان بەراستی نەنوسراوە. 3- ژنێکیان لەدایكبووی سالی ١٩٤٧ بەڵام لەبەڵگە نامەكەدا نوسراوە تەمەن ٢٤ ساڵە . 4- نوسراوەكەی موخابەرات ئاماژەی بەشوێنی گرتنیان كردووە لە پەلامارەكانی ئەنفالی یەكەم و دووهەمداگیراون بەڵام ١٥ لەو ئافرەتانە خەڵكی گوندەكانی ناحێی ( نەوجول) ن و سیانیشیان بێ ناونیشانن و هێشتا كەسوكاریان نادیارە، ناحێی نەوجول دەكەوێتە ناو جوغرافیای پەلاماری سێی ئەنفالی گەرمیان، نەك پەلاماری قۆناغی یەك و دووی ئەنفال كە دۆڵی جافایەتی و ناوچەی قەرەداغ دەگرێتەوە . 5- دادگای باڵای تاوانەكان لەسەر ئەو بنەمایە بەڵگەكەی بەساختە ناوبردووە كە پیشانی راوێژكاری سەربازی داون و ئەوان بریاریان لەسەرداوە، بەڵام ئەو نوسراوە لەلایەن موخابەراتی كەركوكەوە دەرچووە نەك یەكە سەربازیەكان . 6- نوسراوەكە باس لەبردنیان دەكات بۆ نادیەكانی شەوانەی مصر، نەك باس لە ڕادەستكردنیان بە موخابەراتی مصر ئایا موخابەراتی كەركوك یان گشتی لەتوانایدا هەیە خەڵك بگەیەنێتە نادیەكانی شەوانەی مصر ؟ 7- هێشتا چاپی بنەرەتی ئەو بەڵگەیە نادیارە تەنیا باس لە دكتۆرە زەكیە ئیسماعیل حقی دەكرێت كە چاپە بنەرەتیەكە ( نسخە اصل)ی دیبیت و ئەویش دەڵێت : داومەتە دەست ( پۆل بریمەر ) ی حاكمی كاتی ئەوسای عێراق بەدەر لە كۆپی ئەو نوسراوە هیچ بەڵگەیەكی تری هاوشێوە بەردەست نەكەوتووە كەباس لەحاڵەتی وابكات لەكاتێكدا باس لە بوونی ئافرەتانی ئەنفالكراوی كورد دەكرێت لەوڵاتانی تر . 8- نەبوونی چاپی بنەرەتی (نسخە اصل) رەنگی مۆری نوسراوەكەی وون كردووە، هەتا بزانرێ بە چ رەنگێك مۆركراوە وەك شارەزایان باس دەكەن مۆری موخابەرات سور بووە . سەرباری هەموو ئەو گومانانەم هێشتا بروام وایە ئەم بەڵگەیە لەراستیەوە نزیكە، چونكە دەزانم ئافرەتی ئەنفالكراو تەنانەت لەناو بنەكەكانی ئەمن و ئیستخبارات و لە نێوان شێخە عەشایەرەكانی عەرەبدا تەوزیع كراون. تەنانەت من بۆخۆم دۆسێیەم رادەستی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کردووە، ژنی کورد نەک لە میسر لە بەسرەیەو کەس نەچووە بەدەنگییەوە، بۆیە دڵنیام لەوەی ژنی کورد براون بۆ وڵاتانی تری عەرەبی بەڵام بردنیان بۆ نادییەکانی شەوانە ناچێتە عەقڵەوە. بادوا قسەشم شایەتحاڵێک بێت کە کەسایەتیەکی گەرمیانیەو بۆ هاوڕێم سمکۆ سابیر قسەی کردووەو شایەتی هەیە کەلە وڵاتی میسر ژنی کوردی بینیوەو قسەشی لەگەڵدا کردوون، لەئایندەیەکی نزیکدا کاک سمکۆش زانیاری لەو بارەیەوە بڵاودەکاتەوە. ٢٤/١/٢٠٢٥ سلێمانی
كارۆخ خۆشناو لەسەر بانگهێشتی کونسوڵخانەی چین لە هەولێر ساڵی پار و ئەمساڵیش دەرفەتی سەردانیکردنم بۆ وڵاتی چین بۆ فەراهەم بوو، ئەو جیاوازیەی لە ڕووی پێشکەتنەوە لە نێوان ئەم دوو سەفەرەدا بینیم جێگای هەڵوەستە لەسەر کردنە، چونکە خەڵکی چین شەر لەگەڵ کات دەکەن و شەو و ڕۆژ کار دەکەن، وەک دەڵێن، ئاو ڕابوەستێ خەڵکی چین ڕاناوەستن، بۆیە لە ڕوی ژێرخان و سەرخانەوە موعجیزەیان خوڵقاندووە. لە هەشتاکانی سەدەی رابوردوو چین وڵاتێکی هەژار و داخراوبوو، پاش کرانەوەی بە سەر جیهاندا ئەمڕۆ چین یەکێکە لە زلهێزە ئابورییەکانی دونیا و خواستی هەیە کە ببێتە یەکێک لە زلهێزە جیهانییەکان لە هەموو بوارەکاندا، هەتا وەک جەمسەرێک لە جەمسەرەکانی دونیا مامەڵەی لە گەڵدا بکرێت، چین ئەم وەرچەرخانە وەها دەبینێت کە تەنها گەڕانەوەیە بۆ ئەو دۆخ و ئاراستەیەی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان چین هەیبوو. لە مێژوودا چین بە چەنگگۆ Zhongguo (中国) ناسراوە، کە بە مانای پانتایی ناوەند یان بە شێوەیەکی فراوانتر بە شانشینی ناوەند ناسراوە، بەڵام پاش هاتنی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوایی چین ئەم پێگە ناوەندییەی لە دەستدا، ئەمڕۆ دەیەوێت بۆی بگەڕێتەوە. پێشکەوتنی چین لە ماوەی (٣٠ـ٤٠) ساڵی رابردوودا لە زۆر بواردا سەرسوڕهێنەرە، چین بێ ئەوەی ڕاستەوخۆ ڕایبگەیەنێت دەیەوێت بە شێنەیی وەک جەمسەر و وهێزێکی تازەی جیهانی خۆی بسەلمێنێت. ئەویش لە ڕێگای نمایشکردنی ژێرخان، سەرخان، تەکنەلۆژیا، بازاڕ، ئابووری، کاڵا و هێزی نەرم. لەم رێگەیەوە خەریکی ئەوەیە ببێت بە جەمسەرێکی پێشکەوتووی جیهان. بە جەمسەربوون بەلای چینییەکانەوە ئاوێتە و تێکەڵە بە پڕۆژەیەکی تر کە بە (رێگەی ئاوریشم) یان پشتێنە و رێگە (Belt and Road initiative) ناسراوە. ئامانجی سەرەکی دەستپێشخەریی پشتێنە و ڕێگا بەلای چینییەکانەوە، پێکەوەبەستنەوەیە. بەڵام لە هەمانکاتدا گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی کردنی چین بە پانتایی ناوەند. ڕێگا دروستکردن هەمیشە بەشێک بووە لە بونیادی ئمپراتۆریەتەکان. ئەوەی ئینپراتۆریەتی ڕۆمی پێدەناسرێتەوە لە هەموو شتێکی تر زیاتر دروستکردنی ڕێگایە. پشتێنە و ڕێگاش پرۆژەی ئامادەبون و پەیوەستکردنی چینە بە دونیا و هەروەها دونیا بە چینەوە. لەم ڕوانگەوە دەکرێت چەند رەهەندێکی جەمسەربوونی چین دەستنیشان بکەین: ١ـ چین بەهەمانشێوەی روسیا دەیەوێت رابردوو و یادەوەری و سنور و کەلەپورە سیاسی-فکرییەکەی لەڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە بیر دنیا و گەلانی ناوچەکە بهێنێتەوە. سەرەتا نەخشەی کۆن بیر خەڵک دەهێنێتەوە کە دوێنێ چی بوویت و چۆن ژیاویت. بەیانی دەتەوێت ببیت بەچی و چۆن دەردەکەویت! ئەمە کڕۆکی داڕشتنی هێز و بەناوەندبوونە بۆ چین. ٢ـ لەهەناوی ئەم ستڕاتیژ و هێلکارییەدا ناسیۆنالیزمی چینی ئامادەیە بەڵام تێکەڵ بە چەپی چینی، وەک چۆن ڕوسیای پۆتین هەندێک جار ئاماژە بە روسیای قەیسەری دەکات بۆ گەڕانەوەی بۆ ناوچەکە. چینیش هەوڵێکی وا دەدات لەڕێگەی ئیتنۆ-کۆمۆنیزمەوە بەڵام بەبێ ئەوەی سەروەری هیچ وڵاتێک ببەزێنێت و پشتیوانی گڕووپی جوداخواز و کەمینەکان بکات. چونکە چین لە بنەڕەتدا کۆمەڵگە و تۆڕێکی فرە پێکهاتەیە و پڕە لە ئەکتەری جیاواز و ئیتنیکی جوداخواز. ٣ـ چین لە ڕێگای تەکنەلۆژیا و ژێرخان و تۆڕێک لە ڕێگا و شاڕێگا و گواستنەوە بیر لە بەیەکەوەبوون دەکاتەوە، بەجۆرێک لەداهاتوو بەئاسانی لەگەڵ جیهاندا بێت و ئاسان لەگەڵ جیهاندا بژی و دەستی بەهەموو بازاڕ و یەکەکان بگات، بەتایبەت ئەم دنیا ئابووری و فەرهەنگییەی کە دەکەوێتە نێوان دەریای سپی ناوەڕاست و کەنداوی عەرەبی و دەریای رەش و قەزوین. سەرەتا چین دەیەوێت بگات بە پانتایی ناوچەکە و دواتریش لەوێوە بکشێت و بازنە جیۆسیاسییەکەی خۆی فراوانتر بکات، لێرەوە ڕۆژهەڵات دەروازەیەکە بۆ گەیشتن بە جیهان. ٤ـ چین عەشقی هێزی نەرم و تیژە Soft and Sharp power و کاردەکات لەڕێگەی ئەم فۆڕمەی هێزەوە بکشێت و بێتە نێو جیهان و سیستمی سیاسی تازەوە (دوو جەمسەری یان فرە جەمسەری) بەتایبەت کولتور و فەرهەنگسازی، شێوەی ژیان، زیرەکی دەستکرد، چیپس و شێوەی کۆگاکردنی داتا و زمانی چینی. لەهەرێمی کوردستان سەنتەری فێربوونی زمانی چینی، بەشی چینی لە زانکۆکان و سەنتەری چینناسی ئامادە و کارایە و تەنانەت رێککەوتن لەگەڵ تی ڤییەکی کوردیشدا کراوە بۆ پرسی درامای چینی و پەخشکردن و بڵاوکردنەوەی وەک بەشێک لە هێزی نەرمی چینی. لەڕاستیدا فێربوونی زمانی چینی رۆژانە لەهەڵکشاندایە و خواستی لەسەرە، ئەگەرچی چین لەهزری ئێمەدا لەڕێگەی ئەم کاڵایەوە دەناسرێت کەلەسەری نووسراوە Made in China بەڵام چین بەشێوەیەکی تر بیردەکاتەوە و دەیەوێت ئەو وێنە ئابوورییە بگۆڕێت و لەڕێگەی فەرهەنگەوە خۆی نمایش و پێناسەبکاتەوە! لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا دنیای ئێمە کەمێک دوورە لە چینەوە! دووری جوگرافی نا، دووری لە ناسین و تێگەیشتن، لە بیرکردنەوە و خەیاڵی سیاسی و جیۆسیاسی چین. ئەو وڵاتە لای ئێمە واناسراوە کە بەرهەمهێنەری کاڵای خراپ و لاواز و بێ ناوکە. دیارە ئەمە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە کەم لەسەر ئەدەبیات و مەعریفە و مێژووی چین بە زمانی کوردی نوسراوە! چینناسی نەبووە بە مەیدانی کاری ئێمە، چینناسمان زۆر کەم و دەگمەنە. بەکورتی چین ئەمڕۆ هێزێکە دەیەوێت ببێت بە ناوەند و جەمسەر و بڕیاردەر. ئەم ناوەندبوونە هانی دەدات گوتار، زمان، پڕۆژە و یەکەی جیۆستڕاتیژی تازە دابڕێژێت بۆ ئەوەی بگات بە زۆر شوێن و ناوچەی جیهان. بگات بە ئاسیای ناوەڕاست، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سنورەکانی تر. ئامێری بنەڕەتی ئەم گەیشتن و باڵابوونە (پڕۆژی ئاوریشم) یان (پشتێنە و ڕێگایە) بەتایبەت گەیشتن بە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا و ئەمریکای لاتین، ئەم پڕۆژەیە زۆر دیاردە، رووداو و گۆڕانکاری گەورە لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، سەرەکیترینیان بە جەمسەربوونی چین و فرەجەمسەربوونی جیهانە.
رهنگین عهبدوڵڵا دۆخی سوریا درامایەكی خێرا و جێگەی پرسیارە، لە پڕێكدا زۆر دیمەنی ناو پرۆسەی سیاسی گۆڕانی بەسەردا هات، روسیا و ئێران لە خاوەن ماڵەوە بوون بە میوان، بەشار ئەسەد لە فێڵێكی ئەمنیدا خۆی دەگەیەنێتە مۆسكۆ، بەرەی نوسرە و چەتری چەكداریی گروپە توندڕەوەكان لە وێنەی تیرۆرستێكی راكردو لە یاسا دەبن بە پاڵەوان و فریادڕەس، دیمەشقی گەمارۆدراو لە رووی دیپلۆماسیەوە دەبێت بە شاڕێگای شاند و نێردەی وڵاتان، لە ناو هەموو گۆڕانكارییەكاندا زەقترین خاڵ كە دەبێتە جێگەی سەرنج، گۆڕینی ناوی (ئەبو محەمەدی جۆلانی) یە بۆ (ئەحمەد شەرع). گۆڕانی خێرا ئەو گۆڕانە خێرایە لە كارەكتەری سەرۆكی ئەنجومەنی توندڕەوانی سوریا، كە پێشتر هەڵگری پاشناوێك بوو كە دەلالەتێكی جوگرافی هەبوو بۆ زێدی خۆی كە (جۆلان)یە و هێما بوو بۆ بەریەككەوتنێكی جیۆپۆلەتێكی ناسیۆنالیزمی ئایینی سوری لە بەرامبەر ئیسرائیلدا، لەچاو تروكانێكدا ئەم نازناوە دەبێت بە (شەرع)، ئەمەش یەك مانا زیاتر هەڵناگرێت، ئەویش بەكارهێنانی پاشناوە وەك مانای رەمزی بۆ خوودسەپێنی و گەوجاندنی رای گشتی، ئەمە ئەزموونێكی لاواز و هەڵەی گروپە رادیكاڵەكانە كاتێك بە دەسەڵات دەگەن، لە رێگەی شتە رواڵەتییەكانەوە فەرمانڕەوایی خۆیان دەسەپێنن نەك پێشكەشكردنی ئەزموونێكی ناوازە و تازە. وەك ئاماژەمان پێدا دیمەنەكان زیاتر رووكارن و شكڵیان لە فۆڕمی فریودانی ئایینیدا گرتووە، كشانەوەی شەرع لە تەوقە لەگەڵ خانمە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، لە پاڵ گۆڕینی ناوەكەیدا، سوڕانەوە لەناو كۆمەڵێك گووتاری دژ بە یەك، هێشتنەوەی پەیكەری هێزەكەی بە هەمان هەیكەلی بەرەی نوسرە، پێمان دەڵێت كە تەنها ئەوەی لە شەرع و ئاراستە ئایینییەكەی گۆڕاوە دیوی دەرەوە و بوونە شكڵیەكەیەتی، بەدەر لەوە بە هەمان فكر و ئایدۆلۆژیای جارانەوە لەسەر ئەرزی واقیع سیاسەت دەكات. دوالیزمی جەنگ و سیاسەت جەنگاوەری پروسی (كارل فۆمن كلاوزفێتر) لە بارەی دوالیزمی جەنگ و سیاسەت، باوەڕی وایە هەردووكیان درێژكراوەی یەكترین، بەڵام بە ئامراز و میكانیزمی جیاواز، لەو شوێنەدا كە سیاسەت دەبێت بە درێژكراوەی جەنگ، دۆخی سوریا و ئەو گۆڕانە كتوپڕەمان دێنێتە یاد، كە شەرع لە ئەشكەوت و ژێرزەمین و تونێلەكانەوە دەبات بۆ ناو كۆشك و باڵاخانەكانی بڕیار، ئەم گۆڕانكارییە هێمای دەستبەرداربوونی جۆلانی نییە لە جەنگ و خۆ خەریككردنی بە سیاسەت وەك كلاوزفێتر دەڵێت، بەڵكو درێژەدانە بە جەنگی شەرع لە ژێر ناوی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی و فەزڵی روخاندنی ئەسەد، هەمان ئایدیا و لە ژێر ناونیشانی جارانیش دەست دەكاتەوە بە جەنگەكەی خۆی، بەڵام كاتێك كەف و كوڵی سەركەوتنەكەی بەرەو كەمبوونەوە دەچێت. بازنەی جەنگ و ململانێ ئەوەی جۆلانی ناچار دەكات لەناو هەمان بازنەی جەنگ و ململانێدا بمێنێتەوە، بە تەنها دید و ئایدیۆلۆژیای پەڕگیر و خولیای جەنگ نییە، بەڵكو هۆكاری دیكەی زۆرن، لەوانە گرێبەستە سیاسییەكەی لەگەڵ دەوڵەتانی هەرێمیی و بەتایبەت توركیا بۆ درێژەدان بە شەڕی بەوەكالەت، چونكە شەرع ئەوەندەی لە پێناو توركیا دەجەنگێ و شەڕ و جەنگەكانی لەسەر خاكی سوریا بۆ یەكلایی دەكاتەوە، ئەوەندە بۆ خۆی و باوەڕەكانی شەڕ ناكات، ئەزموونەكانی پێشتریش لە روبەڕووبوونەوە لەبەرامبەر هێزی هەسەدە لە حەلەب و ناوچەكانی تر، دەیسەلمێنن تا توركیا ئۆپەراسیۆن و شەڕی بە وەكالەتی لە ناو خاكی سوریا بوێت، ئەوە شەرع و هێزەكەی ئامادەن، كەوابێت گرەوكردن لەسەر گۆڕینی شەرع بۆ ئاشتیخواز و دەوڵەتمەدارێك تەنها گرەوێكە خۆشباوەڕەكان بۆ داهاتووی سوریا دەیكەن. رێگری لە گۆڕانی شەرع دەركەوتنی كۆمەڵێك چەكداری بیانی لە میدیاكان كە لە ریزی سوپای نوسرەن (تەحریر شام) و عیراقی و ئۆزبەكی و شیشانین، رێگرییەكی دیكەی گۆڕانی شەرعە، ئەو چەكدارانە لە بنەڕەتەوە و لە رۆژگاری بەهاری عەرەبییەوە بۆ جەنگ هاتوون و ناشیانەوێت بڕۆنەوە، مانەوەیان خواستی جۆلانی لەسەرە بۆ ئەوەی ببن بە قەڵغانی پاراستنی خۆی و بەهۆی تێوەگلانیان لە تیرۆریش توانای گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەكانی خۆیان نییە، وێنەی ئەم مانەوەیە نزیكمان دەكاتەوە لە هەمان سیناریۆی (ئەلقاعیدە) و (تاڵیبان)، كە ئوسامە بن لادن و موهاجیرەكانی دیكە، بوون بە خۆرەی سەری ئەفغانستان و خاڵی كۆتاییان بۆ قۆناغی یەكەمی تاڵیبان دانا، بەهەمان شیكاریش دەتوانرێت بوون و مانەوەی موهاجیرەكانی نوسرە لە سوریای دوای ئەسەد هەمان یاسای بەسەردا جێبەجێ بكرێت، بەوپێیەی ئەو پێكهاتەیە هەرگیز لە بوونیادنانی داهاتووی سوریا جێگەیان نابێتەوە. شەرع و هەسەدە كێشە گەورەكەی شەرع لە ئێستادا لەگەڵ هەسەدە، دروستكردنی سوپای یەكگرتووی سوریا و یەكپارچەیی خاكەكەی نییە، بەڵكو وەرگرتنەوەی زیندانییەكانی داعشە، كە ژمارەیان دوانزە هەزار كەسی تێپەڕاندووە، ئەم مكوڕبوونەی جۆلانی لە وەرگرتنەوەی زیندانییەكان، ئەگەر بەشێكی فشاری توركیا بێت بۆ ئەوەی وەك كارتی گوشار لە بەرامبەر ئەمەریكا و ئەوروپا بەكاریان بێنێت، ئەوە دیوێكی دیكەی خواستی جۆلانی خۆیەتی، بۆ ئەوەی لە پێناو مانەوەی خۆی و بە بارمتەگرتنی چەكدارە زیندانییەكانی داعش، هەمیشە وەك هەڕەشەیەك بمێنێتەوە و بەهۆی ئەو كارتە بەهێزەوە جەنگ و پاڵەوانییەتی و سەركەوتنێكی تریش بباتەوە.
سەلام عومەر - راوێژکار و راهێنەری میدیایی کاری رۆژنامەوانی هاوشێوەی پزیشکی و ئەندازیاری پیشەیەکی دێرینە؛ یاسا و ڕێسای ئەخلاقی دامەزراوی تایبەت بەخۆی هەیە. هاوکات، رۆژنامەوانی چەندین جۆری (Forms of Journalism) هەیە و لە هەر قۆناغێکدا جۆرێک یان چەند جۆرێک لەو رۆژنامەوانییە پەیڕەودەکرێن، لەوانە، رۆژنامەوانیی بنکۆڵکاری، رۆژنامەوانیی ژینگەیی، رۆژنامەوانیی هاوڵاتی، رۆژنامەوانیی هەستیار بۆ ململانێ و رۆژنامەوانیی ئاشتی (سەرچاوە: تاقیگەی رۆژنامەوانیی بونیادنەر- DW). لە باری ئاساییدا، رۆژنامەنوسان، لەڕێی پێشکەشکردنی رۆژنامەوانییەکی پیشەیییەوە، دەتوانن یارمەتی وەرگرانیان بدەن تا ئاسۆی بیرکردنەوەیان فراوانتر بێت و بە پشتبەستن بە زانیاریی پشتڕاستکراوە سەبارەت بە بارودۆخی ژیانیان و هەڵبژاردنی نوێنەرانی داهاتوویان لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بڕیاری دروست بدەن. لە دۆخی لەو شێوەیەدا، جەمسەرگیریی لە ناو کۆمەڵگەدا، کەمتر دیارە و تەنانەت، بۆ دامەزراوەی میدیایی سەربەخۆش، دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکانی زانیاریی، سەلامەتی گیانیان و پەیداکردنی داهات بۆ دامەزراوەی میدیایی بێ سەرئێشەترە. بەپێچەوانەوە، کاتێک ململانێ سەر هەڵدەدات، ژیانی هاوڵاتیان و رۆژنامەنوسانیش سەختتر دەبێت، بەڕاستی دۆ و دۆشاو تێکەڵاودەبن. لە ژینگەی وەک ووڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەوانە، عیراق و سوریا، دەزگاکانی راگەیاندن بەسەر لایەنەکانی ململانێکەدا دابەشدەبن، جگە لە ژمارەیەکی یەکجار کەم لە رۆژنامەنوسان و دەزگای میدیای سەربەخۆ؛ متمانەی لایەنەکان بەیەکتری و بە میدیاش بۆ ئاستێکی چاوەڕواننەکراو دادەبەزێت. هەوڵدان بۆ سەپاندنی گوتاری لایەنێک لە لایەنەکانی ململانێکان، بڵاوبونەوەی ووتاری رق و کینە لەگەڵ لەدەستدانی کەناڵەکانی گفتوگۆکردن، ئەوە سەرەڕای پاشماوەی دکتاتۆرییەت و ئەو گرفتانەی بەجێیهێشتوون، ئەوندەی تر کاری راگەیاندن سەختتر دەکەن. بۆیە لە دۆخی وادا، دوانەی بیرکردنەوەی باو (تەقلیدی) و رۆژنامەوانیی باو (تەقلیدی) روبەڕوی گرفتی چەند لایەنە دەبنەوە. رۆژنامەنوسان لە دۆخی ململانێدا، پەنادەبەنە بەر گرتنەبەری فۆرمێکی نوێی رۆژنامەوانی کە پێیدەوترێت؛ رۆژنامەوانیی هەستیار بۆ ململانێ. رۆژنامەوانیی هەستیار بۆ ململانێ روماڵکردنی گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە هەر ململانێیەک لەخۆدەگرێت لەڕێی تێڕوانینێکی بابەتییانە، دادپەروەرانە، ووردبینانە، مرۆڤانە و لێپرسراوانەوەوە، بێ بەشداریکردن لە قوڵکردنەوەی دڕدۆنگییەکان لەڕێی بوون بە بەشێک لە ململانێکە، بەڵکو پێدانی بوار بۆ بیستنی دەنگی ئەوانەی لە ململانێکەدا دەنگییان نابیسترێت (سەرچاوە: تاقیگەی رۆژنامەوانیی بونیادنەر- DW). لە دۆخی وادا، رۆژنامەنوسان هەوڵی سڕینەوەی فرەیی نادەن و هەوڵنادەن یەک گوتاری سەردەست بسەپێنن، جا ئەوە لە ژێر هەر ناویکدا بێت، نەتەوە، نیشتیمان یان پێوەرەکانی نیشتیمانپەروەری، چونکە هەموو لایەنەکانی ململانێکە لە ئاستێکی بێمتمانەیی قوڵدان و ئەستەمە بزانرێت کام گوتار گوتاری هاوتەریبە بە بەرژەوەندیی گشتی. لە دۆخی ئێستای ململانێکانی نێوان هەرێمی کوردستانی عیراق و بەشە کوردییەکەی سوریادا، ئایا گوتاری سەردەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە سوریا پەسەندترە کە زیاد لە جارێک رێگری کردووە لە کاری رۆژنامەوانیی لەوانە ڕێگەگرتن کەناڵی رووداو یان گوتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان کاتێک ئاڤا میدیا دەرگا بۆ چەکدارێکی کوردی هەیئەی تەحریری شام واڵادەکات تا بەدڵی خۆی شێوازی کوشتن و راوەدونانی چەکدارانی کچ و کوڕی (هەسەدە) بگێڕێتەوە. رۆژنامەوانیی هەستیار بۆ ململانێ رەوتێکی رۆژنامەوانیی ئاست بەرزە، هەرچەندە بڕوای بە هەڵمەتی داکۆکیکردن نییە، بەڵام هانی دروستکردنی ژینگەیەک دەدات کە لایەنەکان لە یەکتر تێبگەن و بەرەو بەدیهێنانی لێکتێگەیشتن هەنگاو بنێن. هاوکات، رۆژنامەوانییەکی رەخنەگر و قسە لەڕووە؛ بە بەهانەی ناسکی بارودۆخەکە، کردەوەی لایەنێکی ململانێکە بۆ ڕێگەگرتن لە گەیشتنی ئاوی خواردنەوە بۆ ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی لایەنەکەی تر ناشارێتەوە؛ لە هەمان کاتیشدا، روناکی دەخاتەسەر ڕێوشوێنی مامەڵەی مرۆڤانە لەگەڵ ئاوارەکان لەلایەن هەمان لایەنەوە. یەکێک لە خەسڵەتە بەرزەکانی رۆژنامەوانیی هەستیار بۆ ململانێ ئەوەیە بڕوای بە چالاکوانیی (Activism) نییە و بە جۆرێک لە هەڕەشەی دەزانێت بۆ سەر کاری رۆژنامەوانی. ئەو رۆژنامەوانییە جەخت دەکاتە سەر بنەماکانی و پابەندبوون بە ئیتیکی کارکردن لە ژینگەی دژواردا، لە باتی سەرقاڵبوون بە چالاکی سیاسی و تێکەڵاوکردن کاری رۆژنامەوانیی و نمایشی سیاسی. ئەم جۆرە لە رۆژنامەوانی بریتییە لە روماڵکردنی قووڵی ململانێکان بێ ئەوەی ئاگرەکە خۆش بکات. دیدگەی جیاوازی لایەنە پەیوەندیدارەکان، هۆکار و چوارچێوەی ململانێکە ڕووندەکاتەوە؛ هاوکات لە ئەگەرەکانی بونیادنانی ئاشتی دەکۆڵێتەوە لەگەڵ پیشاندانی ڕووخساری مرۆیی ململانێکە. رۆژنامەنوسی هەستیار بۆ ململانێ ڕاپۆرت لەسەر وەڵامەکان بۆ دامرکاندنەوەی ململانێکە و چارەسەرە پێشبینیکراوەکان دەکات. ڕۆڵی رۆژنامەنوسی هەستیار بۆ ململانێ بەرتەسککردنەوەی ململانێکە نییە، بەڵکو روماڵکردنی پرۆسەکانی بونیادنانی ئاشتییە؛ دواجار رۆژنامەوانی هەستیار بۆ ململانێ رۆژنامەوانییەکی بونیادنەر و ئاشتیخوازە. کاتی ئەوەیە دەزگاکانی راگەیاندن خۆیان بگونجێن لەگەڵ بەهاکانی رۆژنامەوانیی هەستیار بۆ ململانێ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ململانێکانی ناوچەکە و بەشداریکردن لەگەیاندنی تێڕوانین و هەڵوێستی لایەنەکانی ململانێکە و روماڵکردنی هەوڵەکانی لیکنزیکبونەوە، لەباتی هەوڵدان بۆ سەپاندنی تێگەیشتنێک کە ئەوسەری دیار نییە. وا نزیکەی (15) ساڵە لە ژینگەی دژواری ململانێی سەختدا کاری رۆژنامەوانیی و گەشەپێدانی میدیا دەکەم و راستییەکی بێپەردە فێربووم، یەکێک لە هەرە هەڕەشە گەورەکانی بەردەم کاری رۆژنامەوانی وەرگرتنی هەڵوێستی سیاسی و هەوڵدانە بۆ سەپاندنی تاک گوتاریی لە دۆخی ململانێدا. هاورێیەکی نزیکم هەیە دەڵێت،"سەلام، کەس ئیشی خۆی ناکات." هیوادارم رۆژنامەنوسان لەم قۆناغەدا بگەڕێنەوە بۆ بنەماکانی کاری رۆژنامەوانیی هەستیار بۆ ململانێ کە ڕوون، چەسپاو و پیشەیین و لە کاری لابەلا دوریاندەخاتەوە. گەڕان بە دوای یەک گوتاریی میدیایی کە هەڕەشەیەکی جددییە لەسەر دیموکراسی، گەڕانە بەدوای تروسکایی لەو سەری تونێلەکەدا، لەکاتێکدا لە بنەڕەتدا تونێلەکەش وجودی نییە.
سەردار عەزیز بەشار ئەسەد جیاوازبوو لە باوکی. یەکێک لەو دیاردانەی کە ئەمڕۆ لە ناو کورد و ناوچەکەدا باوە، دەسەڵاتی خێزانیی و هاتنی مناڵەکان بۆ سەر دەسەڵات، لە ناوچەیەکدا کە دەسەڵاتدارێتی پێویستی بە کارامەیی و یاریکردن و توانای بەرگەی فشار و زۆر خەسڵەتی تر هەیە. بەڵام من ئەمڕۆ باس لە هەندێک خەسڵەتی تر دەکەم. ئەسەد مۆدێلێکی تایبەت بوو لە دەسەڵات. مۆدێلێک کە سەردەمی بەسەرچووە. دەسەڵاتێک کە زۆر هاوشێوەی سوریای ئەسەدبوو کۆریای باکورە. کرۆکی سیستەمی حوکمڕانی کوڕ و باوکە هەرگیز نەمرەکەی کۆریای باکور ئەوەیە کە دەبێت خەڵکی ناو ئەو وڵاتە هەتا ئاستی کۆیلە ملکەچی ئەوان بن. وەک کۆیلەش هەر کاتێک هەر یەکێکیان نوزەیەکی ناڕەزایی لێوە دەرچێت، دەبێت بە دڕندەترین شێوە لە ناو بچێت. ئەمە فەلسەفەی حوکمداریی ئەم شێوازەیە لە حوکم. لەم ڕوەوە سیستەمی حوکمڕانی ئێرانی لە زۆر ڕوەوە هاوشێوەیە. بنەمایەکی سەرەکی ئەم مۆدێلە ئەوەیە کە خەڵک نەیارن و دەبێت وەک دوژمن تەماشا بکرێن. بۆیە هەرگیز نابێت بە هیچ شێوەیەک سازش بۆ خەڵک بکرێت. لە یادەوەریی خامنەئیدا لە سەردەمی شادا، کاتێک شا سازش دەکات، ئەوان وەک خاڵی لاوازی دەیخوێننەوە. بۆیە سازش بۆ خەڵک وەک خاڵی کەوتن دەبینن. وەک لە مۆدێلی ئەسەددا بینیمان لە دۆخێکی وەهادا دەبێت سازش بۆ دەرەوە بکات. ئەوەی بەرەو کۆتایی دەچێت ئەم مۆدێلەیە لە حوکمڕانی کە دژایەتی ناوخۆی دەکات و سازش بۆ دەرەوە دەکات. چەند هۆکارێک هەن بۆ کۆتایی ئەم مۆدێلە: یەکەم، بە ئاگابونەوەی خەڵک. دووەم، دەستوەردانی هێزی تر کە وەها دەکات تێچونی پشتیوانی هەر دیکتاتۆرێک زۆر گران بێت. بۆ نمونە ڕوسیا و ئێران نەیانتوانی چیدی پشتیوانی ئەسەد بکەن. سێیەم، گەناندنی سیستەمە لە ناوەوە. ڕەنگە تێزێک کە بتوانێت هەندێک ڕوناکی بخاتە سەر ئەم جۆرە لە دەسەڵاتدارێتی تێزەکەی نەزیه ایوبی بێت لە کتێبی هەڵاوسانی دەوڵەتی عەرەبی. تضخيم الدولة العربية: السياسة والمجتمع في الشرق الأوسط. بەڵام تێزەکە خۆی لە بنەمادا بە زمانی ئینگلیزی نوسراوە، بۆیە بە زمانە ڕسەنەکەی ماناکەی ڕونترە Over-Stating the Arab State: Politics and Society in the Middle کرۆکی تێزەکە ئەوەیە کە دەوڵەت لە ناوچەکە بەهێزە بەڵام بە توانا نیە. بەو مانایە دەتوانێت بکوژێت یان بتۆقێنێت بەڵام ناتوانێت خەڵکیی ڕازیی بکات. ماوەیەک لەمەوپێش تێزێک لە ئارادابوو کە گوایە دیموکراسیی و لیبرالیزم سەردەمیان کۆتایی هاتوەو و سەردەم سەردەمی دژە لیبرال و دیکتاتۆرو نادیموکراسییە. بۆ نمونە خەڵکانی وەک ئەردۆگان، پوتین، بەشار، شی و ئەوانیتر وەها دەبینران کە بەدیلی دیموکراسیین. مۆدێلی بەشار تەنها باوەڕی بە تۆقاندن هەبوو، مۆدێلێکە کە لە کرۆکی دەسەڵاتی کۆن و بە تایبەتی دەسەڵاتی ڕۆژهەڵاتیدایە، قاعیدە و داعش زەقترین دەرکەوتەی بوون. بەڵام لە هەمانکاتدا خەڵک هێشتا بە تەواوی نەبوە بە هێز. خەڵک داواکارییان هەیە نەک خواستی حوکمڕانی. ئەمە لاوازییەکی گەورەیە ئەمڕۆ لە کوردستانیش دەیبینین. زۆرینەی خەڵک دەڵێن، هەرکەسێک بێت بمژێنێ. ئەم دیدە لەوەدا کورت دەهێنێت کە خەڵک دەبێت تێبگات کە تەنها خۆی دەتوانێت خۆی بژێنێ.
✍️جيهانگیر سدیق گوڵپی ماوەیەكە بەشێك لە بەرپرسان و پەرلەمانتارانی عێراق بە نوێنەرانی هەرێم و ئەوانی تریشەوە هەروەها هەندێ لە ئابوریناسان و شرۆڤەكارانیش ناوبەناو باس لە گرفتی كەمی سیولەی دینار ئەكەن. ڕۆژی 29/12 وەزارەتی دارایی عێراق بەفەرمی ئەوەی ڕەتكردەوە، بەڵام بەرپرسان و ڕاگەیاندنەكان بەردەوامن لە قسەكردن لەو بابەتە. لەمشتومڕی پرسێكی لەوجۆرەدا ئەوەی چاوەڕوانكراوە ئەوەیە كە ئەگەر حكومەت بەتایبەتیش وەزارەتی دارایی باس لە گرفتی كەمی سیولە بكات ئەوكات دەبێ پەرلەمانتاران و ئابوریناسان بەگومان و هەستیاریەوە بابەتەكە وەربگرن و داوای رونكردنەوە و وردەكاریی و هۆكاری گرفتەكە بكەن، نەك وەك ئەوەی ئێستە دەگوزەرێ. ئاخر گرفتی كەمی سیولە بۆ هەر حكومەتێك و بەتایبەتیش بۆ ئەم دۆخەی ئێستای حكومەتی عێراق بابەتێك نیە بەئاسانی رێی تێبچێت و باوەڕی پێ بهێنرێت. خۆی حكومەت بەكەمی ڕوبەڕوی گرفتی كەمبونەوە سیولە دەبێتەوە، كەمبونەوەی سیولەی بەردەست گرفتێكە دەشێ زیاتر ڕوبەڕوی بانكەكان و دامەزراوە داراییەكان ببێتەوە، بەتایبەتیش ئەوكاتەی كە بانەكەكان برێكی زۆر لەسپاردەكان(الودائع) دەخەنە وەبەرهێنان یان دەیاندەنەوە بەقەرز، وەهەمان كاتدا ڕوبەڕوی قەبارەیەكی چاوەڕواننەكراو لەداواكاری بۆ ڕاكێشانەوەی سپاردەكان دەبنەوە، وە بەئەندازەی پێویست كاشیان لەبەردەست نیە بۆ دانەوەی سپاردەكان بەخاوەنەكانیان. دەشێ حكومەتیش بۆ ماوەیەكی كەم ڕوبەڕوی گرفتی كەمی سیولە ببێتە بەتایبەتیش ئەگەر بۆ ماوەیەكی درێژ داهاتەكانی نەبونەوە بەكاش و نەگەڕانەوە سەر حسابەكەی بۆ نمونەی ئەگەر بۆ ماوەیەكی زۆر پارەی نەوتە فرۆشراوەكەی نەخرایە سەر حسابەكەی، ئەمەیش بەكەمی ڕو دەدات، عێراق لەئیستادا ڕوبەڕوی ئەم دۆخە نەبوەتەوە، ئەگەر دۆخێكی وایش بێتە پێشەوە ئەوا عێراق بۆ ماوەیەك دەتوانێ گرفتەكە چارەسەر بكات تاكو ئەوكاتەی داهاتە نەختینەكەی دەگاتەوە دەستی، ساڵانی پێشتر نەك بۆ چارەسەری دۆخێكی لەوجۆرە بەڵكو تەنانەت بۆ چارەسەری گرفتی كورتهێنانی داهاتیش زۆرجار سودی لە میكانیزمێك وەردەگرت كە پێی دەوترێت (سحب علی المكشوف) لەم ساڵانەی دواییدا بەیاسا ڕێگری ئەوەی لێ كراوە، بەڵام بەهۆی خەسڵەتی ئەو میكانیزمەوە ئەوا هەركات بیەوێ دەتوانێ بۆ ماوەی كورت سودی لێ وەربگرێ. ئەوەی بەزۆری حكومەتەكان ڕوبەڕوی دەبنەوە كورتهێنانی داهاتە نەك كەمبونەوەی سیولە، بەڵام خۆ عێراق لەمساڵدا توشی ئەو گرفتەیش نەبوە، بەپێ ڕاپۆرتەكانی وەزارەتی دارایی عێراق تاكو ئیستا لەنێوان داهاتی بەدەستهاتو و خەرجی ئەنجامدراودا جیاوازیەكی گەورە نیە، خۆ ئەگەر هەشبێ ئەوا بەپێی یاسای بودجە حكومەتی عێراق دەستكراوەیە بۆ قەرزكردن بۆ پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانە. عێراق لە فرۆشتنی نەوت بەردەوامە و داهاتەكەی بەدۆلار بەبێ گرفت دەچیتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و لەوێوە بۆ هەژماری بانكی ناوەندی عێراق لەئەمەریكا، لەبەرامبەریشدا بانكی ناوەندی عێراق لەبەغدا و لقەكانی تری ناو عێراق بە بێ گرفت بەبارتەقای ئەو دۆلارانە دینار دەداتە وەزارەتی دارایی عێراق، داهاتە نانەوتیەكانیش لەلایەن حكومەتەوە بەدینار وەردەگیرێن، خۆ ئەگەر حكومەتی عێراق پێویستی بەدیناری زیاتر بوو واتە كورتهێنانی داهاتی هەبو، ئەوكات لەسەریەتی بەو ڕێگایانەی لەیاسای بودجەدا دیاریكراون پارەی پیوسیت بەدینار بەدەست بهێنێت بۆ پڕكردنەوەی كورتهینانەكە. لەساڵانی پێشتر زیاتر لە جارێك بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت داهاتەكانی عێراق نزیكبونەتەوە لەسفر و خەرجیە زۆرەكانیشی بەردەوامبون و بابەتێك بەناوی كەمبونەوەی سیولە نەبوەتە گرفت، لەساڵی 2024دا بڕی فرۆشتنی دۆلار بەدینار لەلایەن بانكی ناوەندیەوە لەهەمو ساڵەكانی تر زیاتربوە، لە پەنجەرەی فرۆشتنی دراوی بیانی و لە پلاتفۆرمی ئەلەكترۆنی، بۆ حەواڵەی دەرەكی و بۆ نەختی ناوخۆیی. واتە بانكی ناوەندیش بەردەوام بوە لەڕاكێشانەوەی دینار. وەبەپێی ڕاگەیاندنی بانكی ناوەندی عێراق لەمساڵدا مامەڵەكردن بەدینار لەرێگەی بانكەكانەوەو قەبارەی سپاردەی بانكەكان لەهەموساڵانی پێشو زیاتر بوە، جگە لەوەیش بانكی ناوەندی عێراق هیچ كات گرفتی دیناری نابێت و خۆی خاوەنی دینارەو هەمیشە دەتوانێ پابەندیەكانی خۆی بەدینار جێ بەجێ بكات، بەتایبەتیش كە خاوەنی یەدەگێگی گەورەی بیانیە.
د. كامەران مەنتك ئەوەی لە سوریاو رۆژئاوای كوردستان روودەدات، سازانەكانی قۆناغی شەڕی ساردی نوێیە لەسەر دابەشكردنەوەی هەژموونی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، توركیا دوای ئەوەی بۆ ماوەیەكی زۆر لەسەر هەردوو پەتی روسی و ئەمریكی یاری دەكرد، پێدەچێت لە دواجاردا خۆی بەلای ئەمریكییەكاندا یەكلایی كردبێتەوەو بەرامبەر ئەمەش كۆمەڵیك دیاری پێشكەش كرابێت، دیارە گەورەترین دیاریش بۆ توركیا سەری مێردەزمەی كوردییە، كە وەك توركەكان دەڵێن، ئەگەر دەوڵەتی كوردی لە ئەفریقاش بێت ئەوان دژایەتی دەكەن! ئەو خۆیەكلایكردنەوەی توركیا، روس و ئێرانییەكانی سەخڵەت كردووە، روسەكان پێیان وایە ئەو هەڵوێستەی توركیا دەبێتە هۆی هەڵوەشانەوەو كۆتایی دەوڵەتی كەمالی، كە لەدوای جەنگی یەكەمی جیهانییەوە دامەزراوە، ئێرانییەكانیش پێیان وایە، كە توركیا كەوتە تەڵەی ئەمركییەكان باجێكی قورس دەدات، بەڵام ئەوەی شارەزای مێژووی سیاسی توركیای نوێ بێت، بە ئاسانی درك بەوە دەكات، كە لەماوەی جەنگی دووەمی جیهانیش، ئەو وڵاتە ماوەیەكی زۆر لەسەر هەمان سیاسەت كاری كرد، تا ئەو رادەیەی خودی هاوپەیمانان لێی بێزار بوون بڕیاریاندا سعودییەو خاكی كەنداو وەك ئەلتەرناتیڤێگ بۆ بنكەكانی توركیا بەكاربێنن، تا لە كۆتایدا توركیا خۆی یەكلاییكردەوە چووە پاڵ هاوپەیمانان، ئەوەبوو لەدوای جەنگ پێگەیەكی باشی لە پڕۆژەی مارشاڵی ئەمریكی داگیر كرد!. لەو روانگەیەوە دەتوانینن بڵێین، ئەو كێشانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای سیستەمی تاكجەمسەری هاتنە ئارا، لە قۆناغی كۆتایی دان و جیهان لە دوا هەنگاوەكانی دابەشكردنێكی تری هەژموونییە، پێدەچێت ئاڵووێرێك لەنێوان گەڕاندنەوەی رۆڵی توركیا، كە لەقۆناغی یەكەمی شەڕی سارد گێڕای، واتە بوونەوەی توركیا بە پۆلیسی پاراستنی بەرژوەندییەكانی ئەمریكاو ئەوروپا لە رۆژهەڵات، ببێتە هۆی ئەوەی هەموو ئەو ئەلتەرناتیڤانەی وایان نیشان دەدا، كە وەك هاوبەشێك سەیریان دەكەن و لەشەڕی داعش و فشار خستنە سەر رژێمەكانی ناوچەكە بەكاریان دەهێنا، وەكو كورد، رۆڵێان لاواز ببێتەوە جارێكی تر ئەركیان تەواو بووبێت، كە ئەمە بە كۆتا هاتنی هەردوو ئەزموونی باشوورو رۆژئاوای كوردستان دەگەیەنێت و كورد جارێكی تر دەبێتەوە ناوچەیەكی تامپۆنی و قوربانی یەكەمی ئەو سازشكردنەوە. ئەمجارە ئەمریكا دەیەوێت ئەزموونی ئەفغانستان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش گشتگیر بكات، ئەو تاڵیبانەی، كە لەسوریاش هانی داو حكومەتی بەشار ئەسەدی پێ روخاند، لە ماوەیەكی كەمی تردا بینێرێتە ئێراق و ئەو وڵاتەش بەدەردی سوریا ببات، كە ئەمە دۆخێك دەخولێنێت، تا ماوەیەكی زۆر ئەو ناوچەیە سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت. ئەوەی گرنگە لێرە سەرەداوی گەمەكەش خراوەتە دەستی توركیاو رۆڵی سەر پۆلیسی ناوچەكەی پێدراوە، بەرامبەر ئەمەش رەنگ بێت لە روی جوگرافییەوە ئەو پشتێنە سنوورییەی، نزیكەی هەموو رۆژئاوای كوردستان و بەشێكی ستراتیژی باشووری كوردستانیش، كە ئەو شوێنانە دەگرێتەوە، كە ئێستا توركیا بە كردەیی داگیری كردووە، دەستكەوتی هەنووكەیی توركیا دەبێت، واتە سنوورەكانی توركیا لە باشوورەوە لەسەر حیسابی باشوورو رۆژئاوای كوردستان فراوان دەبێت، یاخود بەلایەنی كەم دەوڵەتێك لە ئیراق و سوریا دروست دەكرێت، كە هەموو بەرژەوەندییە ستراتیژی و ئابوورییەكانی توركیا مسۆگەر دەكات، لە هەردوو حالەتیشدا توركیا رێگە نادات هیچ قەوارەیەكی سیاسی كورد لەژێر هیچ ناوێكدا بمێنێت، ئەو بانگەشەیەی بۆ پڕۆسەی ئاشتی و دیداری ئیمڕاڵی دەیكات، جگە لە هەوڵێك بۆ فریودانی كوردو دوورخستەوەی لەتێگەیشتنی ئەو سیناریۆیە زیاتر نییە! كەواتە هەر هەنگاویك توركیا بۆ ئاشتی بینێت لە باكووری كوردستانیش، جێگەی متمانەو باوەڕكردن نییەو وەك تاكتیكێك بەكاردەهێنرێت بۆ ساردكردنەوەی كورد بەگشتی و باكووری كوردستان بە تایبەتی ، بۆئەوەی دووریان بكاتەوە، یاخود بەلایەنی كەم بۆ ماوەیەك سڕییان بكات تاوەكو ئەو، پلانەكەی خۆی جێبەجێ دەكات، بۆیە دەبێت كورد لەهەموو كاتێك زیاتر هووشیار بێت، رێگە نەدات سەقامگیری لەناوچەكە دروست بێت و پێویستە دەست بەجێ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی هەموو كوردستان، بەتایبەتیش باكورو رۆژئاوای كوردستان بگرێتەوە، تاوەكو سەرنجی رای گشتی جیهانی رابكێشێت هەروا بەئاسانی جارێكی تر كورد نەكرێتەوە بە قوربانی یەكەم. دەبێت خەڵكی باشووریش تێبگەن، كە ئەو سڕبوون و بێدەنگییەیان خۆ ئامادەكردنە بۆ چەقۆی جەللادو لە دواجاردا ئەوانیش دەكرێنە قوربانی و كورد لەم قۆناغەدا بەتەواوی دەدۆڕێت، كە دەڵێم دەدۆڕێت واتە هەموو شتێك لەدەست دەدات، لەبەرئەوەی یزوتنەوە چەكدارییەكانی تر لە سەدەی بیستەم شكستیان دەهێنا، بەڵام ماوەیەك دواتر دەجوولێنرانەوەو گۆڕەپانەكەیان لە دەست نەدەدا، بەڵام ئەمجارەیان بەشێكی گەورە لە هەستارترین و ستراتیژیترین گۆڕەپانەكە لەدەست دەدەن، ئەویش ئەو پشتێنە سەخت و شاخاوییەیە، كە لەسەر دەریایی سپی ناوەڕاست، یاخود لە چیای كرمانجان درێژ دەبێتەوە تاوەكو دەگاتە زینی وەرتێ، دوور نییە ئەگەر ئێران زیاتر لاواز بكرێت، ئەوا ئەو پشتێنەیە تاوەكو خانەقینیش درێژبێتەوە! ئەمە جگە لەوەی لە ناوەوەش شارەكانی وەكو هەولێرو دهۆك و سلێمانی لەژێر دەسەڵاتی كوردیدا بەشێوەیەك تەعریب كراون، كە هیچ حكومەتیكی تری ئێراق لە رابردودا نەیتوانی ئەو تەعریبە بكات، كە خەریكە ئەو شارانەش مۆركی كورد بوون لەدەست دەدەن و هەر گۆرانكارییەكی لەو شێوەیەی باسمان كرد، ئەو تەعریبكردنە قووڵتر دەكاتەوەو زیاتر دەیچەسپێنێت. تا ئێستا ئەو هەنگاوانەی ئەو سیناریۆیە، كەمێك كۆسپی لەبەردەمدایەو روسیا دەیەوێت دەستكەوتی زیاتر بەدەست بێنێت، بۆیە خۆی لە ناوچەكە كوردییەكان گرخاندووە هێزەكانی ناباتە دەرەوە، لەكۆتایی ئەگەر گەیشتە ئەو داوایانەی دەیكات، وەكو عەفرین، هێزەكانی خۆی دەكێشێتەوەو جارێكی تر كورد دەداتەوە دەست گورگە بۆرەكان، كە ئەمە ئەگەری روودانی زۆر جیۆنسایدی گەورە دژ بەكورد بەهێزتر دەكات. جێگەی داخە ئەو سوریا نوێیەی دروست دەكرێت، سوریایەكی ئەفغانستان ئاسایەو هیچ ئاڕاستەیەك لەو هێزانەی لە دامەزراندنی ئەو دەوڵەتەدا بەشدار دەبن لە هەردوو لایەنی ئەتنیكی و ئاینییەوە لەگەڵ رۆژئاوای كوردستان یەكناگرنەوە، جگە لەوەی باوەڕیان بەمافی كورد نییە وەكو نەتەوەیەك، لەرووی ئانیشەوە، هێزە كوردییەكان وەكو كافر هەژمار دەكەن و خوینیان بەحەڵاڵ دەزانن، واتە بە رووخانی ئەسەد دیكتاتۆرییەتێكی ئایدیۆلۆژی چەپی ناسیونالیستی رۆیشت و وا چاوەڕوان دەكرێت دیكتاتۆریەتێكی ئاینیی توندڕەو جیگەی بگرێتەوە، دیارە ئەمەش دەرئەنجامی ئەو شكستەیە، كە پڕۆسەی دیموكراسی لە ئێراق رووبەڕووی بووەوە، بۆیە زۆر ئاستەنگە شوێنی كورد لەناو ئەو حكومەتە نوێیەی سوریا بكرێتەوە، كە ئەگەر بتوانرێت حكومەتێك دروست بكرێت و هاوسەنگییەكانی ناوچەكە شەڕێكی نێوخۆیی ترسناك لەو وڵاتە نەهێنێتە ئارا. بە كورتی دەبیت راشكاوانە ئاماژە بەوە بكەین، كە كورد لە بەردەم قۆناغێكی ئێجگار سەختدایەو نابێت رێگە بدرێت رۆژئاوا بكرێتە قوربانی دەستكەوتەكانی ئەمریكا و روسیاو لە نەخشەی نوێدا شوینێكی بۆ نەكرێتەوە، هاوكات ناشكرێت وەكو تەماشاكەر بمێنیتەوەو زیاتر لە پەنجا ملیۆن مرۆڤ سەیر بكەن و بزانن چۆن رۆژئاوا، دوای ئەو بێگومان باشووریش جینۆساید دەكرێت، دەبێت جگە لە خەباتی چەكداری، هەموو شێوازێكی خەباتی مەدەنی، بگرێتە بەر بۆئەوەی بەلایەنی كەم، بتوانێت، ئەگەر تیكە نانێكیش بێت بۆ خۆی بپچڕێتەوەو لەو هاوكێشە ئاڵۆزە هەرێمی و جیهانییەدا، بە بێ هیچ دەستكەوتێك نەیەتە دەرەوە.
د. سەردار عەزیز یەکێک لەو دیدە سەنتەرییانەی کە سیاسەتی دەرەوەی تورکیای لە سەر بونیادنراوە، بریتیە لە ئەو دیدەی کە وەها دەبینێت ئەمریکا لاواز دەبێت و دەیەوێت لە ناوچەکە بکشێتەوە. بۆیە لە سەر ئەم بنەمایە تورکیا دەتوانێت ببێت بە هێزێکی ئیقلیمی و ئەو بۆشاییانە پڕکاتەوە کە لە پاش کشانەوەی ئەمریکا دروست دەبێت. ئەوەی فاکتەرانەی لە پشت ئەم دیدەوەن زۆرهەندێکیان تایبەتن بە ناوەوەی ئەمریکا و هەندێکی تری بە دەرەوە. لە ڕوانگەیەوە تورکیا فشار دەکات لە سەر ئەو بنەمایە کە گوایە ئەمریکا خۆی دەیەوێت لە سوریا بکشێتەوە، بە تایبەتی لە کاتی هاتنی ترەمپ، بۆیە ئەگەر ئەمان فشار بکەن ئەوا خێرا تری دەکەن و دەیکەن بە واقیع. بەڵام ئایا وایە؟ یەکەم، گریمان ترەمپ دەیەوێت لە سوریا بکشێتەوە. بەڵام هەرکاتێک ئەم هەنگاو بنێت ئەوا دوای ئیسرائیل، ڕوبەڕوی زۆرترین فشار دەبێتەوە. کە ڕەنگە ببێت بە هۆی ئەنجام نەدانی. ترەمپ لەم فشارانە ئاگادارە. بۆیە لۆجیکییە، بپرسین، ئایا ترەمپ یەکەم هەنگاوی لە سیاسەتی دەرەوەدا کارێک دەبێت کە فشاری لە سەر دروست دەکات و ئەگەر سەرنەکەوتنی هەیە؟ بە تایبەتی کاتێک ترەمپ کەسێکە ناتوانێت شکست قبوڵ بکات. دیارە نەخێر. دووەم، پرسی سوریا ئەولەویەت نیە چونکە نە تێچوی زۆرە، نە بارە، نە کوشتاری هەیە، بۆیە هەنگاوێکی وەها دەبێت ڕێگر بۆ کارە گرنگەکانی تری وەک ئۆکرانیا، کە بە دیدی من یەکەم کاری دەبێت نەک سوریا. پرسی ئۆکرانیا نەک لە ٢٤ کاتژمێردا، بەڵکو ڕەنگە هەموو چوار ساڵەکە بخایەنێت، بە تایبەی کاتێک ڕوسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا لە قەیراندایە. سێیەم، ترەمپ باش ئاگادارە کشانەوەی بایدن لە ئەفغانستان بوە هۆکاری ئەوەی کە جەماوەری کەم بکات و هەرگیز هەڵنەسێتەوە. ئەگەر کارێکی وەها لە سەرەتادا بکات ئەوا لە دوو ساڵی داهاتودا کە هەڵبژاردنی نێوەندی دەکرێت، ئەگەری هەیە یەکێک یان هەردوو ماڵەکەی کۆنگرس لە دەست بدات، کە چیدی ناتوانێت کارەکانی بە ئاسانی بکات. چوارهەم، ترەمپ خۆشی و ئیسرائیلیش ئەولەویەتیان ئێرانە. لەم ڕوەوە بونی ئیسرائیل لە سوریا ئێجگار گرنگە بۆ هێرش بۆ سەر ئێران لە ڕوی لۆجستیەوە. بۆ یەکەمجارە لە مێژوی ئیسرائیلدا، بە نەمانی هێزی بەرگریی ئاسمانی سوری، ئیسرائیل دەتوانێت ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئێران، بە سودبینین لە ئاسمانی سوریا. ئەولەویەتی ئیسرائیل لێدانی ئێرانە، هەروەها ناچارکردنی ئەمریکایە بۆ هاوکاریی، لە دۆخێکی وەهادا لە سوریا و عێراق ناکشێتەوە. پێنجەم، سەردەمی ئەردۆغان لای ئەمریکییەکان تەواوبوە. چیدی ئەو کەسە نیە کە داهاتوی لە سەر بونیادبنێن، بۆیە نەک سازشی بۆ ناکەن بەڵکو دەبێت سنورێک بۆ بەهێزبونی دابنێن. لەبەر ئەم هۆکارانە ئەستەمە ئەمریکا لە سوریا بکشێتەوە، هەروەها ژمارەی سەربازەکانی دوو قاتکردوە و ئەگەر ناوچەی بێچەک بێتە ئاراوە، ئەوا ئەمریکییەکان دەبێت لە سەر ئەرز بەرجەستەی بکەن کە یانی مانەوەیان.
پ.ی.د. نیاز نەجمەدین، مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی لە ٢٠٠ هەزار ساڵی رابردوودا، واتە لەو کاتەوە کە مرۆڤی چەشنی ئێمە دروست بووە، ژن و پیاو بۆ نزیکەی ٩٧٪ ئەو ماوەیە یەکسان بوون. لەم قۆناغەدا، ئەوەی جێی سەرنجی مرۆڤ بووە، بە ژن و پیاوەوە، رەفتاری یەکسانخوازانە بووە. زەحمەت بوو ژنێک بدۆزیتەوە حەزی لە پیاوێک بێت نایەکسانخواز بێت. وردە وردە سەرەتای شارستانییەت نزیکەی پێنج هەزار بۆ دە هەزار ساڵێک لەمەوبەر دامەزرا و چیرۆکەکە گۆڕا. ئیدیی نە پیاو و نە ژن بەو شێوەیەی جاران پشتیوانییان لە یەکسانیی نەدەکرد، بەڵکو لە سیستمێکی نایەکساندا هەڵپەی بەهێزکردنی پێگەی خۆیانیان دەکرد. لەگەڵ ئەمەشدا، سەنگەری دژە نایەکسانیی هەرگیز گۆڕەپانی جەنگەکەی جێنەهێشتووە و بەردەوام بووە لە بانگەشەی سنوردانان بۆ ئەم دیاردە مەترسیدارە. وەک پرۆفیسۆر جۆن ویسمان (Jon Wisman) لە کتێبی "رەچەڵەک و داینامیکییەتی نایەکسانیی، ٢٠٢٢" بە وردیی روونی کردووەتەوە، لەو کاتەوەی مرۆڤ بەهۆی کشتوکاڵکردنەوە وردە وردە وازی لە ژیانی کۆچەریی هێنا و سەرەتای شارستانیەتی دامەزراند، ململانێ لەسەر موڵک و داهات تۆخ بووەتەوە. بەڵام ئەم ململانێیە تەنها لەسەر ئەوە نەبوو سامانی زیاتر کەڵەکە بکەن، بەڵکو پیاوان دەشیانویست زیاتر لەلای ژنان سەرنجڕاکێش بن و دەستیان بگات بە زۆرترین ژن. سەرەتا، هۆکاری سروشتیی ئەم حەزەی دەجوڵاند. مرۆڤ بە سروشت دەیەوێت جینەکانی خۆی بگوازێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو، حەز دەکات ببێت بە باوک، پاشان باپیر و هەر بەو شێوەیە. جگە لەمەش، مرۆڤ دەیەوێت ددانی پیادابنرێت. بیر لە بێکارێک بکەرەوە. کێشەی ئەو تەنها بێ پارەیی نییە، بەڵکو ئەوەیە نە کۆمپانیایەک نە فەرمانگەیەک، یان بارەگایەکی حزبیی ددان بە تواناکانیدا نانێت و نایەوێت. لێرەوە دڵتەنگ و بێزار دەژی. هەمان شتیش بۆ مرۆڤ راستە. پیاوان ژنانیان دەوێت تا هەست بە بوونی خۆیان بکەن. بەدوایدا، کێبڕكێ و ململانێ لەسەر موڵک گواسترایەوە بۆ ململانێ لەسەر ژن. ئیدی پیاوان وەک چۆن لە مەسەلەی موڵکدارییدا نایەکسان بوون، ئەمیان زۆر و ئەویان کەمتر و ئەویان هیچی نەبوو، هەرواش لە پرسی ژندا کێبڕكێ و ململانێیان هەبوو بەشێوەیەک سەرکەوتووەکەیان ئەوە بوو دەستی بە زۆرترین ژن بگات. جۆن ویسمان وتەیەکی جوانی دەروونناس جۆن پریۆر (John Pryor) بەکاردەهێنێت: "بیرکردنەوە لە دەسەڵات وایان لێ دەکات بیر لە سێکس بکەنەوە، بیرکردنەوە لە سێکسیش وایان لێ دەکات بیر لە دەسەڵات بکەنەوە". لە کۆندا، وەک لە تیۆرەی پەرەسەندنی داروینەوە فێربووین، سروشت بەهێزەکانی دەهێشتەوە و لاوازەکان لەناودەچوون. دنیای نایەکسان دنیایەکی نایەکسانی ژێربەژێریش لەگەڵ خۆی دروست دەکات. ئەگەر پیاوان نەیانتوانی شەرعییەت بە فرەژنیی بدەن، ئەوا بۆی هەیە ژێربەژێر فرەدۆستیی بکەن. فرەژنی و فرەدۆستیی پێویستی بە نایەکسانیی دەسەڵاتی سیاسیی و ئابوورییە. پێویستی بەوە هەیە دەسەڵاتی سیاسیی و داراییت هەبێت. کەواتە دەسەڵات تەنها بۆ خودی خۆی نییە، بەڵکو بۆ کۆنتڕۆڵکردنی رەگەزی بەرامبەریشە. بۆ ئەوەشە زۆرترین ژن بخرێتەژێر دەسەڵاتی پیاوەوە. پاڵنەری سەرەکیی لەوەی پیاو دەجار زیاتر لە ژن کار دەکات کۆنتڕۆڵکردنی ژنە. ئەم باسە دەمانباتە ناو پرسی گەشەی ئابووریی و نایەکسانییەوە، بە نایەکسانیی جێندەرییشەوە. زۆربەی کتێبەکانی ئابووریی ماکرۆ، بە کتێبەکەی پۆڵ کروگمان و رۆبن ویڵسی هاوسەرییشییەوە (٢٠١٨)، ئەوە روون دەکەنەوە کە هەتا ١٧٠٠ەکانیش مرۆڤایەتیی بە نزیکەیی ساڵانە تێکڕای هەزار دۆلاریان هەبوو، ئەگەرچی کەمینەیەک هەبوون دەوڵەمەند بوون. تا ئەو کاتە، دیاردەی هەژاریی باو بوو. بەڵام لە پڕا گەشەی ئابووریی و نایەکسانیی بە یەکەوە لە کۆمەڵگەی سەرمایەدارییدا دەرکەوتن. بەشی گەشەی ئابووریی هەواڵێکی خۆش بوو، بەشی یەکسانییەکە دڵتەنگیی هێنا. هەندێک خەڵک و دەوڵەت گەیشتنە ئاسمان و هەندێک چەقین. وەک چۆن سەرەتا سروشت بەهێزەکانی هەڵبژارد و مانەوە، مانەوەش ئامانجی سەرەکیی مرۆڤ بوو، لە قۆناغی سەرمایەدارییشدا سەرەتا گەشەی ئابووریی لە چوارچێوەی وڵاتێکدا بەهێزەکان هەڵدەبژێرێت، گوێی لێ نییە برسێتیی هەراسانت دەکات تەنها لەبەرئەوەی زمانی بیانیی نازانیت، یان شارەزاییت لە بوارێکدا نییە. ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستاندا هەمان دیاردە دەبینینەوە: گەشەیەکی ئابووریی نایەکسان روویدا، هەندێک دەوڵەمەند و هەندێک هەژار کەوتن، پیاوانیش دەرفەتی گەشەسەندنیان زیاتر بووە لە ژنان. پیاوان بەهێزەکان و ژنان لاوازەکانن. ئەم لاوازییە بە تەنها سروشتیی نییە. ژن بە درێژایی مێژووی مۆدێرن کەمترین پشکی سەرمایەی مرۆیی بەرکەوتووە بەو واتایەی ئەگەر وەبەرهێنانێک لەسەر زانست و زانین کرا بێت ئەوا پتر بەر پیاوان کەوتووە. سەیری هەرێمی کوردستان و عێراق بکەین، دەبینین ژن وردە وردە دەیەوێت سود لەو گەشەیە ببینێت کە روویداوە، بەڵام ئالنگاریی گەورەی لە بەردەمدایە. لە یەکەم رۆژی گەڕان بە دوای کاردا پیاوان هەوڵی ئیستیغلالکردنیان دەدەن تا دەگەنە سەر کار. زۆر لەوانەمان گوایە کاریان بۆ دەدۆزینەوە، شتێکی لەم چەشنە خەیاڵی بردووین: "هەلێکی باشە، بەڵکو دەستم پێی بگات!". جۆیس جاکۆبسن (Joyce P. Jacobsen) لە کتێبی "Advanced Introduction to Feminist Economics" باسی دۆخی ژنی لە شوێنی کاردا لە رێگەی چەمکی سەقفی شوشەیی (glass ceiling) ەوە کردووە. وادەردەکەوێت ژن دەرفەتی هەیە و دەتوانێت وەک پیاو بگاتە پۆستە باڵاکان، بەڵام سەقفێکی شوشەیی هەیە، نابینرێت و لە واقعیشدا ژن لە سەرکەوتندا سەری بەر ئەو سەقفە دەکەوێت. هەندێکی دیکەش دەڵێن: لە شوێنی کاردا، مەسعەدی شوشەیی (glass escalator) هەیە، پیاوان وەک بڵێی بە مەسعەد سەردەکەون بەڵام مەسعەدێکی شوشەیی کە نابینرێت، ژنانیش بە پلیکانە سەردەکەون و خاو ژیانیان دەگۆڕێت. ئەوەندە بەسە لە راپۆرتێک بەناوی "لە ١٠٪ی کۆمپانیا دەوڵەمەندەکان ژن سەرکردایەتییان دەکات" ئەوە وەربگرم کە لەناو ٥٠٠ کۆمپانیا زەبەلاحەکەی جیهاندا، تەنها ٥٣ دانەیان ژنان بەڕێوەیان بردووە لە ساڵی ٢٠٢٣دا. ژن خۆی هێشتا لە دابەشکارییەکی تەقلیدییدا و لەسەر ئەرکی ماڵداریی وزەی دزراوە و کەسیش بە ماندووبوونی نازانێت. خۆ کاتێکیش دەگاتە بازاڕ، دنیایەک دابەشکاریی تر بەربەستی گەشەکردنین. ئەم ئیش بۆ ژن نابێت و ئەو ئیش حەیاچوونی بەدواوەیە. راپۆرتی "A Snapshot of Gender Inequality" باسی دۆخی ژن لە جیهاندا دەکات. چەند بەڵگەیەکی لێ وەردەگرم: 1- لە سینەمادا و تا ٢٠٢١، ژنان تەنها ٣٥٪ کاراکتەرە سەرەکییەکانیان پێکهێناوە. 2- لە میدیادا، نزیکەی ٦٧ ساڵی تر پێویستە بۆ ئەوەی ژن هەمان رۆڵی پیاو و هەمان دەرکەوتن و بەشداریی هەبێت لە میدیادا. 3- لە زانست و ئەندازیاریی و تەکنۆلۆجیا و ماتماتیک لەسەر ئاستی خوێندنی باڵادا، خوێندکارانی ژن لە ٣٥٪ پێکدەهێنن. 4- ژن زیاتر لە بواری دارایی و خوێندن و بانکەکان کار دەکات و کەمتر لە نەوتدا دەرفەتی پێ دەدرێت (١٠٪) لە کاتێکدا کرێی کار لە بواری نەوتدا بەرزە. واتە لە وڵاتێکدا کە لەسەر نەوت بژی، ئەگەری ئەوەی رێژەی بێکاریی لەناو ژندا زیاتر بێت وەک لە پیاو، بەرزە. هێندەی من ئاگادار بم، پرسی نەوت و ژن یەکێکە لەو بوارانەی فێمنستی کوردیی کەمترین ئاوڕی لێ داوەتەوە. دۆخی سروشتیی و دۆخی کۆمەڵایەتیی بە درێژایی مێژوو چی بەسەر ژن هێناوە؟ بەسادەیی، ژن بووە و دەبێت بە بەشێک لە یارییەکە. کێبڕکێی نێوان پیاوان، بەتایبەت لەسەر ئەوەی کێ ژمارەی پێوانەیی لە بەدەستهێنانی ژندا تۆمارکردووە، ژنی ناچارکردووە هەوڵبدات بەهێزەکان هەڵبژێرێت، چونکە ئەویش بیر لە منداڵ دەکاتەوە و نایەوێ نەک وەچەی خۆی بەڵکو وەچەکانی منداڵەکەیشی هەژار و ناساغ بژین. لە سەردەمی مۆدێرنیشدا، وای لێهاتووە پارە و کاتی زیاتر لەسەر خۆجوانکردن خەرج بکات. لێرەوە پرسی سەرکەوتن دەگۆڕێت. سەرکەوتن ئەوە نییە بەسەر نایەکسانیی و هەژاریی و قەیراندا سەرکەوین، یان ژیانێکی ماناداری پڕ بەها بژین کە پێویستیی بە خۆراگریی و فروانیی دونیابینییە، بەڵکو ئەوەیە ئەگەر سەر بە رەگەزی نێریت، ئەوا زۆرترین ژنت هەبێ و هەبووبێت. ئەگەر ژنیشیت، ئەوا ژن و دۆستی بەهێزەکان بیت. لە ٢٠١٥دا، وەک جۆن ویسمان باسی کردووە، ماڵپەڕی ئاشلی مادیسۆن (Ashley Madison) هاککرا. دروشمی ماڵپەڕەکە ئەمە بووە: "ژیان کورتە. دۆستێک بگرە". لە پرۆسەی هاککردنەکەدا، نزیکەی ٣٠ ملیۆن پیاو بەرامبەر پێنج ملیۆن ژن کەشف بوون. واتە تا ژنێک دۆستداریی کردووە، پێنج بۆ شەش پیاو دۆستیان گرتووە. لە چاوپێکەوتنێکدا، نۆیڵ بایدەرمان کە سەرۆکی ماڵپەڕەکە بوو، وتی: "لە پرسی فرە دۆستیی یان خیانەت بە گشتییدا، زیاتر لەوانە بترسە کە سەرکەوتوون". سەرکەوتووەکان زیاتر کڵاو دەدوورن. لای ئەو، شارە بەناوبانگەکان پتر جێی مەترسیین. شارێکی وەک واشنگتۆن دی سی پایتەختی خیانەتی ئەمریکایە. لێرەدا دەبێت بڵێم باسەکەی من ئەوە نییە ئایا دیاردەی دۆستگرتن ئەخلاقییە یان نا، یان هاوسەرگیریی باشە یان تەنهایی، بەڵکو تەنها باسی ئەوە دەکەم نایەکسانیی تا کوێ رۆچووە و هێز و دەسەڵات چۆن دەرفەت دابەش دەکەنەوە. لە کۆمەڵگەیەکدا کە قوڵ لە قوڕی نایەکسانییدا چەقی بێت، ئاسان نابێت بۆ ئەو پیاوانەی کە دەیانەوێت یەکسانخوازانە مامەڵە بکەن، سەرنجی ژن راکێشن. بەلاتەوە ئاسایی بێت دەسەڵات و پارە و لەم سەردەمەدا ماسولکەی لەش بڕیار بدات پشکت لە ژن چەندێکە و کام جۆرە ژنانە لێت نزیک دەبنەوە. ئەم بۆچوونەم رەنگە بۆ ژن بریندارکەر بێت و مافی خۆشیانە. ژنان قوربانیی گەورەیان بۆ مەعشوقەکانیانداوە، بەڵام ئاکامەکەی ئەوە بوو رێزیان نەگرتن و سوک و ئاسان دەستیان لەگەڵ کچان و ژنانی تر تێکەڵ کرد. رۆحی قوربانیدان تەنها کاتێک دەژی کە شوێنی خۆی بگرێت، وەک ئاوێک بڕژێتەناو رووباری بەرپرسیارێتیی و خۆشەویستییەوە. لە کۆتاییدا کە تۆی پیاو خۆشەویستەکەت بە سێکسی ژێربەژێر دەگۆڕیتەوە، ئەوا سەیر نابێت ئەویش تۆ بە پارە بگۆڕێتەوە. ئەم ئەزمونانە بۆ یەکتر باس دەکەن، بە یەکتر دەڵێن: "تۆ لە کۆتاییدا هەر زەرەر دەکەیت، جا لەگەڵ پیاوێکی پارەداردا بیت باشتر نییە؟". ژن لە دنیایەکدا دەژی کە تەنانەت ئیشەکانیشی بە بەها نابینرێت و وەک چالاکیی ئابووریی سەیر ناکرێت ئەگەر لە بەرامبەریدا پارە وەرنەگرێت. بۆ نموونە، ئیشی ماڵ لە کۆی بەرهەمی ناوخۆی وڵات لە ساڵێکدا، ئەژمار ناکرێت. مەبەستم لەوەیە کۆی سیستمەکە هاندەری ئەوەیە شوێنێک بۆ پارە و سامان بکەیتەوە دەنا نابیت بە هیچ و حسابی هیچت بۆ ئەکەن. بەو دیویشدا، وەک وتم ژنیش بووە بە بەشێک لە یارییەکە. ئەم باسەی سەرەوە دەمانبات بۆ قسەکردن لەسەر دوو شتی تر. یەکەمیان ئەوەیە ئایا نیۆلیبڕالیزم کە بانگەشەی کەڵەکەکردنی سامان و خۆقوتارکردن لە هەژاریی لە رێگەی بازاڕی ئازادەوە دەکات، ژن بەرەو کوێ دەبات؟ بۆ ئەم مەبەستە، ئاماژە بە کتێبێکی فیلیپ سلاتەر دەدەم کە لە ١٩٨٠دا بەناوی "ئالوودەبوون بە سامان" بڵاوی کردووەتەوە. لەوێدا ئەو باسی ئەوە دەکات ئەمریکا بە قۆناغێکدا تێدەپەڕێت کە تەنها دڵی لای کەلەکەکردنی سامانە. راکەراکی دوای پارە بەناوی ئەوەی بازاڕی ئازاد لە پاشکۆیەتیی رزگارت دەکات و سەربەخۆت دەکات وایکردووە لە یەکتری دابڕاندووین. لە کۆتاییدا دەرفەتی کارکردن دەست ژن دەکەوێت، بەڵام کەس باسی ئەوە ناکات ئەو ئیستیغلالە چییە کە رووبەڕوویان دەبێتەوە. کەسیش باسی ئەوە ناکات کە مۆدێلی نوێ لە بری ئەوەی هانی پشتبەست بە یەکتر بدات، لە یەکترمان دادەبڕێت و تەنهامان دەخات. ئاکامەکە مەرج نییە سەربەخۆبوون بێت هێندەی لێکترازانە. دووەمیان رۆڵی ئایدیۆلۆجیایە. بۆ ئەم مەبەستە، پشت بە جۆن ویسمان دەبەستمەوە. نایەکسانیی، بەوەشەوە لە نێوان ژن و پیاودایە، بەبێ ئایدیۆلۆجیا ناژی و بەردەوام نابێت. کاتێک باسی ئایدیۆلۆجیامان کرد، دەبێت بە سادەیی بیرمان لای وشەی شەرعییەتدان بێت. دیاردەیەک ناژی ئەگەر شەرعیەت لە شوێنێکەوە وەرنەگرێت. دیارترین ئایدیۆلۆجیا کە پشتیوانیی نایەکسانیی دەکات ئەوەیە گوایە نایەکسانیی ئەزەلیی- ئەبەدیی بووە. وەک سەرەتا باسم کرد، تەمەنی کێشەکە لە چاو مێژوودا کورتە. بۆیە ئەم بۆچوونە راست نیە. هەندێکیش تەنها ئێخەی ئایین دەگرن و وەک کارگەی بەرهەمهێنانی ئایدیۆلۆجیا سەیری دەکەن. ئەم بۆچوونەش کەموکورتیی تیادایە. جاری وا هەیە زانست شەرعییەت بە هەڵەیەک یان دیاردەیەکی قێزەوەن دەدات. بۆ نموونە، تیۆرییەکی ئابوورییناس سایمۆن کۆزنەتس بۆ گەشەی ئابووریی لەوەدا کورت دەبێتەوە کە سەرەتای گەشەی ئابووریی نایەکسانیی و پیسبوونی ژینگەیە و چارێک لەمەدا نییە. تۆ یان دەبێت هەژاریی قبوڵ بکەیت، یان دەبێت دەرفەت بدەیت گروپێک دەوڵەمەند ببێت تا گەشەی داهاتەکە دەگاتە ئاستێکی زۆر بەرز، ئینجا نایەکسانیی یان پیسبوونی ژینگە کەم دەبێتەوە. ئەمە بۆچوونەش وانییە. زۆر کات یەکسانیی هەبووە، گەشەش هەبووە. بە رای من، ئەم ئایدیۆلۆجیایە شەرعییەتیش دەدات بەوەی کە دەوڵەمەندێک تەنها لەبەرئەوەی بە تێر و تەسەلیی ژنە هەژار و کەم دەرفەتەکەی بەخێو دەکات، چی ویست بیکات. یان سەرەتای گەشەی ئابووریی دەبێت بۆ پیاوان بێت دەنا هەرگیز لە هەژاریی رزگاریان نابێت. بەشێکیش لە زانایانی ئابووریی، لەوانە میڵتۆن فریدمان، رایان وایە کە نایەکسانیی نەبێت خەڵک تاقەتی کارکردنی نامێنێت. بێگومان ئایینیش بە دەست مرۆڤە دەسەڵاتدار و بێدەسەڵاتەکانەوە دەتوانێت هەمان رۆڵ ببینێت. لێرەدا دەبێت جیاکاریی لە نێوان دوو جۆر شەرعییەتدان بکەین. یەکەمیان لە لای دەسەڵاتدارەکان و دووەمیان لای بێدەسەڵاتەکانەوە. بۆچی دەسەڵاتداران ئایدیۆلۆجیا دەخەنەگەڕ؟ لە لایەک، ئەگەر ئایین بەکاربهێنن یان نا، تێچووی توندوتیژیی جەستەیی زۆرە و رێگەیەکی چالاکیش نییە بۆ کۆنتڕۆڵکردن. دەشێت کۆتایی بە دەسەڵاتەکە بهێنێت. لە لایەکەی ترەوە، ئەهلی دەسەڵاتدار، خوێندەوار و پارەدار ئەو دامەزراوانە دروست دەکەن و دەخەنەگەڕ کە بەرژەوەندییان دەپارێزێت و لەوێشەوە ئایدیۆلۆجیا بڵاو دەکەنەوە. ئایا ئەمە بە پیلانە؟ نەخێر، بەرژەوەندییان وادەخوازێت. ئەی بۆچی بەدبەختەکان بەرگریی لێ دەکەن؟ جارێ با چەند بەڵگەیەک بخەمەڕوو. راپۆرتی پرۆفایلی جێندەر- عێراق (Gender Profile- Iraq) کە کۆتایی ٢٠١٨ بڵاوبووەتەوە، دەریخستووە کە لەناو ژنان خۆیاندا تەنها ٦٧.٧٪ لە راپرسییەکدا وتویانە "ژن مافی خۆیەتی کاندید بێت". تەنها ٨٤.٨٪ وتویانە "ژن مافی خۆیەتی دەنگ بدات". تەنها ٤١.٥٪ی ژنان وتویانە "سیاسەت ئیشی ژنیشە". لە پرسی نایەکسانیی جێندەرییدا، ژنان وەک بەدبەخت و کەم دەسەڵات باس دەکرێن. زۆر هۆکار هەن وا دەکەن شەرعیەت بە بەدبەختییەکەی خۆیان بدەن، لەوانە: 1- بەخشینی مانا بە ئازارەکانیان: بەدبەختەکان رایان وایە تاقیی دەکرێنەوە، پاداشت دەکرێن، یان وای دەبینن دۆزەخ جێگەیان دەبێت ئەگەر ئەو شتە نەکەن کە پێیان وتراوە. بۆ ئەوەی هەڵە قسەکەم وەرنەگیرێت، دەبێت بڵێم بوونی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە تەنها لەوەدا زۆر خراپە کە شەرعییەت بە تاوان و نادادیی دەدات، دەنا ئاساییە مرۆڤ بەو شێوەیە بیر بکاتەوە. 2- بەرگریی لە سیستم بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی: خەڵک لە رووی بایۆلۆجییەوە دەیانەوێت بە ئارامیی بژین و منداڵەکانیان گەورە بکەن. بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی، وەک ئابوورییناس دۆگڵاس نۆرث دەڵێت، بۆی هەیە بەرگریی لە سیستمی دیکتاتۆریی بکەن. فەوزا ترسناکە، وادەکات زۆرجار دیکتاتۆرییەت قبوڵ بکرێت یان زیندوو بکرێتەوە، یان پاش ماوەیەک لە لەناوچونی، بیری بکەن. 3- درێژەکێشانی واقعی تاڵ یان ئایدیۆلۆجیاکە: چەند واقعەکە یان ئایدیۆلۆجیاکە درێژە بکێشێت، زیاتر قبوڵ دەکرێت و شوێنکەوتەی بۆ زیاد دەبێت. ئەگەر پێنج هەزار ساڵێک بێت نایەکسانیی هەبێت، ئاسان نابێت بۆ مرۆڤی مۆدێرن باوەڕ بهێنێت کە لە توانادایە یان نەمێنێت یان زۆر کەم بکرێتەوە. نایەکسانیی درزدەخاتە نێوانمان، دڵتەقێنە، عەشقکوژە و دڵپیس دەکات. وەک فرانس وال و دی وال دەڵێن، کۆمەڵگەیەک بەرهەمدەهێنێت کە هاوڕێ دڵی لە هاوڕێکەی خۆی پیس ببێت و وەک دوژمن سەیری بکات. هۆکارەکەی لە رەچەڵەکدا ئەگەر سروشتیی بووبێت، ئەوا دواتر سیستمی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی بەرهەمیهێناوەتەوە. ئایدیۆلۆجیاش پەمپی کردووە. ئەگەر لە تواناشدا نەبێت مەودای نێوانمان بەپێوەری داهات و کارکردن و پێوەرەکانی تری خۆشگوزەرانیی سفر بکەینەوە، ئەوا هیچ پاساوێک نییە بۆ ئەوەی کورتی نەکەینەوە. - ئەم ووتارە لەلایەن ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدانەوە پاڵپشتی دەکرێت. لینکی راپۆرتەکان: 1- Ten Percent Of Fortune 500 Companies Are Now Women-Led: The Changing Face Of Leadership: https://www.forbes.com/councils/forbescoachescouncil/2023/03/17/ten-percent-of-fortune-500-companies-are-now-women-led-the-changing-face-of-leadership/ 2- A Snapshot of Gender Inequality: https://s3.amazonaws.com/media.unfoundation.org/2023/10/Gender-Inequality-Fact-Book_2023.pdf 3- Gender Profile- Iraq: https://oxfamilibrary.openrepository.com/bitstream/handle/10546/620602/rr-gender-profile-iraq-131218-en.pdf
شیرین تاهیر فۆرمەکانی توندوتیژی پەیوەندییان بە کۆمەڵێک ئەکت و هەڵسوکەوتی نامرۆیی و گرفتی توندەوە هەیە لە جۆری توندوتیژی(فیزیکی و دەروونی و سێکسی...هتد) بە هۆی پاڵنەری یاسایی و ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینی لەسەر کەسانی پەراوێزخراو یان لاواز پراکتیزە دەکرێ، سەرباری ئەوەش کردنی ئەم کارە توندوتیژە لەسەر کارتێکراو بە سروشتی دادەنرێت لەلایەن سیستمی پیاوسالار و کۆنە پارێز و هەژموونخوازی ئاینی و سیاسی...هتد. لەمڕۆدا فۆڕمەکانی توندوتیژی لەسەر بنەمایی یاسایی و ئاینی و بەشێوەیەکی پەیوەندیخواز بەدیارترین هۆکارەکانی توندوتیژی دادەنرێن لە کۆمەڵگە تەقلیدییەکاندا، ئەم پاڵنەرە یاسایی و ئاینیانە تێکەڵاو بە نەریت و کلتوورە کۆمەڵایەتیەکان کراونەتەوە، هەندێکجار داکۆکیکاران لە باسکردنی هۆکاری توندوتیژی سەر ژنان ئەو پاڵنەرانە دەبەستنەوە بەیەکترەوە، بۆیە بەرلەوەی باسی لێکەوتە یاسایی و توندوتیژییەکانی پەیوەست بە هەندێک لە یاساکان بکەین، بە جیاواز سەرنج دەخەینە سەر هەردوو چەمکی "یاسا" و "توندوتیژیی" و دواتر پەیوەندی چەمکی توندوتیژی بە یاساوە لێکدەدەینەوە. بۆ ناسینەوە و خستنەڕووی چەمکی "توندوتیژیی"دەپرسین؛ چ کاتێک بە هەڵسوکەوتێک یان گوتەیەک یان هەر لێکەوتەیەک دەڵێین توندوتیژی؟ باسکردنی توندوتیژی لە چوارچێوەی کردار و گوفتاردا؛ لە هەر کردار وهەڕەشەیەک یاخود جوڵەیەکدا فشارخستنێکی نەرێنی ترسناکە لەسەر کەسێک، زۆرجار ئەو فشارە لە ڕادەی ئاسایی زیاترە و لە ڕێی میتۆدێکی زانستیەوە پراکتیزە دەکرێ، بەڵام لە دەرئەنجامدا بۆ کەسی پراکتیزە لەسەرکراو دەبێتە هۆی پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکان و بەربەست دروستکردن لەبەردەم گەشەو پێشکەوتنی ئەو کەسەو بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەبێتە هاندەرێک بۆ دواکەوتنی کۆمەڵگە. بۆ هۆکاری ئەم کردارە نێگەتیڤە توندە بەرامبەر جەستە یاخود دەروونی کەسەکە؛ بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ پاڵنەرێک هەیە، دەشێ پاڵنەرەکە ئابووری یان سیاسی یان یاسایی و کۆمەڵایەتی و ئاینی بێت. دەرئەنجامەکانی توندوتیژی هۆکارە بۆئەوەی سنورێک بۆ توانای ژن دابنێت و هۆکارێکە بۆ پشێوی و ناسەلامەتی و تێکدانی ئارامی و ئاستەنگێک دروست دەکات لەبەردەم گەشەو پێشکەوتنی کۆمەڵگە، جگە لەوەش پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانە. سەبارەت بە توندوتیژی دژی ژنان، بە پێی ڕاسپاردەی ژمارە(٣٥) ی ڕێکەوتنامەی سیداو( ): " ڕەنگە لە هەلومەرجێکی دیاریکراودا توندوتیژی دژی ژنان ببێتە هۆی ئەشکەنجە و مامەڵەی دڕندانە و نامرۆڤانە و ڕسواکەر..."( ) بەڵام چەمکی "یاسا" هەر لەسەردەمی دێرینەوە بۆ چەسپاندنی دادپەروەری ڕێکخستنی کۆمەڵگە؛ مرۆڤ گەڕایەوە بۆ سەرەتای بوون و یاسا سروشتییەکانی لە مەسەلەی دادپەروەریدا کردە ئامرازێک بۆ نەهێشتنی توندوتیژیی و ڕێزگرتن لە مافی یەکتر، دوای دەرکەوتنی شارستانییەکان؛ یاساکان نووسرانەوە و پاش گەشەکردنە فیکری و فەلسەفیەکان یاسا دانراوەکان(پۆزیتیڤیزم) هاتنە بوون و مرۆڤ لەسەردەمی نوێدا بۆ ڕێکخستنەوەی ژیان و کاروبارەکانی وەک تاک و وەک کۆمەڵگە لە پێناو سەلامەتی و ئاشتیدا وەک فریادڕەس بەم یاسایانەوە پەیوست دەبێت و لە هەرکاروبارێک و لەکاتی هەرکێشەیەکدا دەگەڕێتەوە بۆ یاسا ناوخۆیی و دەرەکییەکان. لە ڕاستیدا یاساکان و سەرچاوەی دروستبوونیان بۆ کۆمەڵێک بنەما دەگەڕێتەوە کە دەشێ هەندێک سەرچاوە لەدانانی یاساکاندا لەدەرئەنجامی خودی ململانێی ناوەکی مرۆڤدا هاتبێتە بەرهەم کە لەگەڵ خواست و گەشەکردنی ئیمڕۆی مرۆڤدا دژیەک و ناکۆکە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرچاوەکانی دانانی یاسا زۆرجار بەتەواوی پاڵپشتی لێدەکرێ و بە بنەمایەکی پتەوە و بەهێز بۆ یاساکە سەیردەکرێت. ئەوەی لێرەدا دەمانەوێ لەسەری ڕابووەستین مەسەلەی ئەو توندوتیژییانەیە کە لە هەندێک لە یاساکان دەکەونەوە و یاسا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ دەرگا بۆ توندوتیژی دەکاتەوە! لەڕێی پاڵپشتیکردنی دەوڵەت یان لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینییەکان لە هەندێک یاسای ناوخۆیی، جگەلەوەش پاڵپشتیکردنی هەندێک دەوڵەت لەو یاسا نێودەوڵەتیانەی کە وەک پێویست نەیتوانییوە توندوتیژییەکان بنبڕ بکات، هەروەها بەشێک لەو ڕێکەوتنامانەی کە دەوڵەتان ئەندامن تێیدا و پابەند کراون بە جێبەجێکردنی، زیاتر لەژێر ناوی داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ و ژنان و منداڵان کار دەکەن. بەڵام بەشێوەکی گشتی نەتوانراوە دەوڵەتان و گروپە چەکدارەکان و لایەنە مەزهەبی و ئاینی و کۆمەڵایەتییەکان؛ بەدروستی پابەندبکرێن بەجێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەو ڕێکەوتنامانەوە، واتە جۆری بڕگە و ماددە یاساییەکان لەگەڵ چۆنێتی جێبەجێکردنی یاساکان و جۆری سزاکان و پیادەکردنییان ئەمەش هۆکاری بەردەوامی و دروستبوونی توندوتیژییە هەمەجۆرەکانە. بۆنموونە: دەستوور وڕێکەوتنامە نێودەوڵەتییەکان و یاسا نیشتیمانییە ناوخۆییەکان، کە بە کۆبڕیار دروستبوون، بەندو بڕگە و ماددەکانیان پڕن لە کەموکورتی و بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژی دژ بە تاک، بەتایبەتی ژن و منداڵ. لە ڕوواڵەتدا دەرکردنی هەر یاسایەک یان هەموارکردنەوەی بە نیسبەت گروپێکەوە یان دەستەیەکەوە بەدەستکەوتێکی ئەرێنی دەزانن بۆ تەواوی کاتیگۆرییەکانی تری کۆمەڵگە، بەڵام کە لە یاساکە ورددەبیتەوە و دەیخەینە بەر تیشکی ڕەخنە، ئەوا درک بە کەلێن و بەرژەوەندیخوازی و هەژموونی لایەنێک یان دەسەڵاتێک دەکەین بەسەر ڕەگەز و نەژادێکی دیکەدا. زۆربەی یاساکان ئەم جۆرە هەژموون و دەسەڵاتدارییە زاڵە بەسەریدا. ئەگەر لە یاسا ناوخۆییەکاندا باسی سەرچاوەی یاسا بکەین؛ لە یاسای مەدەنییدا بۆ وەرگرتنەوەی مافە ماددییە تاکە کەسییەکان؛ پشتی بە یاسای مەدەنی فەرەنسی بەستووە، لەیاسای باری کەسێتیدا؛ ڕاستەوخۆ بنەما و سەوابتی ئاینی ئیسلام لە دەقی ماددەکانیدا جێگیر کراوە، لەیاسای تاوانکاریدا لەسەرچاوەی دروستبوونیدا گەڕاوەتەوە بۆ ڕێکەوتنامەکان و بنەماگشتییەکان و جاڕنامە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ و مافی منداڵ و مافی ژنان. لێرەدا بۆ ڕوونکردنەوە و ئاشنا بوون بە تووندوتیژییە یاساییەکان؛ ئەم پرسیارە دێتە پێشەوە، چۆن یاسا لەبەرامبەر تاک و هەندێک لە کاتیگۆرییەکان ڕووکاری خۆی دەگۆڕێت ڕێگە لە فۆرمی دروستبوون و خستنەگەڕی وزەی تاک دەگرێت، لە هاومانایەکی ڕێکخەر و پارێزەری ماف و ئازادییەوە دەبێتە پەردەیەک و تارماییەکی ناحەقیقەتی یان حەقیقەتێکی درۆینە، کۆمەڵگە دەخاتە بەردەم مەترسی گەڕانەوە و چەقبەستن؟ زۆرێک لە یاساکان دەبنە بەربەست لەبەردەم کۆمەڵگەکان، بە تایبەتی ئەو یاسایانەی پەیوەندییان بە ماف و ئازدیی تاکەوە هەیە، ئەم فۆرمی دواکەوتوویە خۆی لەو توندوتیژییانەدا دەبینێتەوە کە لە نەبوونی یاسا و خراپ جێبەجێکردنی و زۆرجاریش لەو یاسایانەدا دواکەوتووی خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە کە لە ناوەڕۆکی دەقە یاساییەکاندا دیدی چەقبستوو هەبێت، بەتایبەتی ئەو یاسایانەی لە سەردەمی شارستانییەکانەوە دژ بە ژنان خووڵقێنراون، جا یاساکان ناوخۆیی بن یاخود جیهانی و نێودەوڵەتی. ئەگەر سەبارەت بە یاسای باری کەسیەتی و کۆمەڵگەی عێراقی بدوێین؛ ئەوا لە یاساکەدا بە تەواوی تەنها باڵای و هەژموونی پیاوگەرایی زاڵ دەبینینەوە، بۆیە یاساکە لەپێشتریشدا زۆر جێی ئومێد نەبوو، لە ئێستادا کە پڕۆژی هەموارکردنی یاساکە هەیە، ئەم پڕۆژەیە لە هەموو ڕووێکەوە خراپترە و باش نییە. لەگەڵئەوەی یاساکانی دیکەش لە کەموکورتی و بەکەم سەیرکردنی ژن بەدەر نیین، سەبارەت بە یاسای باری کەسیەتی ئەم یاسایە ئەگەرچی لە هەرێمدا لەساڵی (٢٠٠٨) بە یاسای ژمارە (١٥) هەموار کرایەوە، بەڵام هێشتا ئەو ئاسۆیە لەبەردەم ژندا ئەوەندە کراوە و ڕۆشن نییە کە بە بنەماکانی دیموکراسی گرێدراو بێت، چونکە یاساکە لە کۆی ماددەکانیدا سەوابتی شەرع بە دەق تێیدا چەسپیووە و لە پڕۆژەی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیەتی کە بەم دواییانە هەندێک لە باڵی شیعەکان داوای هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیەتیان خستە بەردەم سەرۆکی پەرلەمان، داوای گۆڕینی چەند ماددەیەکیان کردووە لە یاساکەدا، ئەو ماددانەی کە پەیوەندی هەیە بە هەندێک ماف و ئازادی ژن و منداڵەوە، لەوانە؛ پێداگری لەسەر بەشودانی کچانی منداڵ و گوێڕایەڵی ژن بۆ پیاو و دوو بەش لەمیراتی بۆ نێر و بەرامبەر یەک بەش بۆ مێ ...) هەروەها بە گوێرەی سەوابتی ئیسلام، سەفەرکردنی ژن بە بێ مەحرەم لە فڕۆکە و گواستنەوەکانی تر ڕێگەپێدراو نییە، ئەم دەقە پیچەوانە و دژیەکە لەگەڵ ماددەی (٤٤) ی دەستور کە دەڵیت:" عێراقی ئازادی خۆ گواستنەوەو گەشت و نیشتەجێبوونی لە ناوەو دەرەوەی عێراقدا هەیە"، لەبەرئەوەی هەر لە ماددەی (٢) بڕگەی یەکەمی دەستوردا دەڵێت:" ئیسلام ئایینی فەرمی دەوڵەتە، ئەو سەرچاوەی بنەڕەتی یاسادانانە" بەمەش عێراق لە دانانی یاسا و دەستوورەکەیدا نەیتوانییوە کار بە ڕێسا و یاسا پێشکەوتووەکان و بنەما گشتیەکان بکات. یاساکان یاسای نووسراون، دەق و نووسراو هەمیشە بەرجەستەترە لە نەریتێک یان هەر شتێک کە ئەرگیومینتێکی نووسراوی نەبێت، هەر بۆیەش ئایین زیاتر مەترسییەکانی بۆ ژنان لە دەقەکەدایە کارکردنی لەسەر مەزهەبەکان و ئایینەکانیش دەبێت بە ڕەخنەی بابەتی و نووسراو تەفسیری شەرع بکەن. با تیشک بخەینە سەر یاسای ژمارە (١٨٨)ی باری کەسیەتی ساڵی ١٩٥٩ ئەم یاسایە لە ٣٠/٤/٢٠٢٤ وەک پڕۆژەیەک لە پەرلەمانی عێراق لەلایەن بەشێک لە باڵی شیعە جەعفەرییەکانەوە خراوەتە بەردەم سەرۆکی پەرلەمان و پێشنیاری هەموارکردنەوەی کراوە، تاکو ئێستا دوو خوێندنەوەی بۆ کراوە، ئەگەر ئەم هەموارکردنە تێپەڕێندرێت کارەساتی کۆمەڵایەتی و خێزانی لێدەکەوێتەوە، لەبەرئەوەی لە هەموارکردنەکەدا باس لە بەشودانی کچان دەکات لە تەمەنی نۆ ساڵی و هەروەها داوادەکرێت پڕۆسەی گرێبەستی هاوسەرگیری لەدەرەوەی دادگا بێت و لە ڕێی موفتیەکانەوە بێت، یاخود دوو دادگا هەبێت(سوونی- شیعی) دوو هاوسەرەکە دادگایەک هەڵدەبژێرن، بەڵام ئەگەر دوو هاوسەرەکە ڕێکنەکەوتن لەسەر جۆری دادگاکە ئەوا دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ئەو دادگایەی کە بۆ مەزهەبی پیاوەکە دەگەڕێتەوە. بێجگە لەم دۆخەی کە ئێستا یاساکەی پێ هەڵدەسەنگێنرێت لە ڕاستیدا خودی یاساکە لە بنەڕەتدا کێشەو ئاستەنگ لەبەردەم گەشەکردنی ئیڕادەی ژندا دروست دەکات، بەم هەموارکردنەش ژنان و منداڵان لە هەرچی ماف و ئازادییەکانیان بێبەش دەکات. یاسای ڕووبەڕوو بوونەوەی توندوتیژی خێزانی: لەم دەساڵانەی دواییدا لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامیدا و زۆرێک لەو وڵاتانەی توندوتیژی خێزانی تێیدا زیاترهەڵکشاوە، بەتایبەتی توندوتیژی دژبە ژنان و منداڵان ئەوە وایکردووە کە لە ڕێی لیژنە یاساییەکانی ناو پەرلەمانەوە باسەکە تاوتوێ بکرێ و دواتر وەک پڕۆژەیەک کاری لەسەر کراوەو یاسای بۆ دەرکراوە، بە ناوی(یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی) لەعێراق و هەرێمی کوردستانیش ئەم یاسایە بوونی هەیە و جێبەجێدەکرێت، بەڵام ئەم یاسایە کە یاسایەکی ناوخۆییە لێوانە لە کەموکورتی لە دانانی ماددەکان و لە جێبەجێکردنیشدا، یاساک بەشێوەیەکی کۆنکرێتی نەیتوانیووە توندوتیژییەکان بنبڕبکات، داکۆکیکار و پاڵپشتی و پارێزگاری لە تاک و ژن بکات لە بەرامبەر ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەریان دەکرێت، بەتایبەتی لەناو خێزاندا، چونکە کۆی ماددەکانی ئەم یاسایە تاڕادەیەک توندتیژی وەک دیاردەیەکی گشتی لە پەیوەندی خێزانیدا شرۆڤەکردووە. بۆ نموونە؛ کاتێک پیاوێک لەبەردەم مناڵەکانی توندوتیژی جەستەیی دەروونی و سێکسی بەرامبەر بە ژنەکەی دەکات، کە ژنەکە سکاڵا دەکات، دەینێرن بۆ لیژنەی پزیشکی، لیژنەکە بڕی ئەو زیانە جەستەییەی بەر ژنەکە کەوتووە دیاری دەکات، بەهەر بیانوویەک بێت بکەرەکە بەشێوەیەکی بنبڕ لێپرسینەوەی لەگەڵ ناکرێت و سزا نادرێت، چونکە خودی یاساکە بە شێوەیەکی مەتاتی و تەمومژاوی بڕگەو ماددەکانی داڕێژراوە، بۆنموونە لە ماددەی (حەوت)ی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی( )، هەرێمی کوردستان؛ کە باسی سزاکان دەکات بەشێوەیەکی گشتی باسیکردووە و بۆ هەر تاوانێک ئاستی جۆری تاوانەکە سزایەکی دیاریکراو نییە، بەمشێوەیە یاساکە نەیتوانیووە توندوتیژیی تا ئاستێکی باش بنبڕ بکات، بەڵکو توندو تیژییەکان لەناو خێزاندا زیادی کردووە، لەدەروەی خێزانیش بەهەمان شێوە، لەسەروی هەموو ئەوانەشەوە زۆرجار بەهۆی کەمی ئاستی وشیاری و بوێری، ژنەکە وەها ترسێنراوە یان لەبەر هۆکاری کۆمەڵایەتی و سەلامەتی و ئارامی ژیانی مناڵەکانی سکاڵا تۆمار ناکات. ئەگەرچی لە چوارچێوەی ئەو پلانە ستراتیژیانەی کە بەڕێوەبەرایەتیەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژبە ژنان هەیانبووە؛ زیاتر فۆکەس خراوەتە سەر یاساکان، لەوانە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی، کێشەی توندوتیژی یاسایی بەهۆی ڕەگەزەوە دژبە ژنان لە هەموو توندوتیژییەکانی دیکە بەربڵاوترە، ڕاستی ئەم بۆچوونە لەوێدا زیاتر ڕوون دەبێتەوە؛ کاتێک ژنانێکی زۆر دەبینین لە (ماڵی داڵدەدانی ژنان)بەهۆی ئەوەی کە بەجۆرێک لە جۆرەکان توندوتیژیان بەرامبەر کراوە، یان ئەوەتا منداڵ بوون بەزۆر بەشوودراون، یاخود شویانکردووە بەسەر ژنێکی تر، یاخود هاوسەرەکانیان لەگەڵیان خراپ بوون، ژنان ڕووبەڕووی ئەم کێشانە دەبنەوە بەهۆی ڕێگەدان بەفرە ژنی و بەشودانی کچانی منداڵ و زاڵی (قەوامە)ی پیاو بەسەر ژندا لە یاسای باری کەسێتیدا، کاتێک باوکەکان ژنی دووەم دەهێنن؛ منداڵەکان زیاتر سەرگەردان و بێماڵ دەبن، بەتایبەتی کچەکان، ڕووبەڕووی جۆرەها کێشە دەبنەوە، لەوێدا فرەژنی بە ناڕاستەوخۆ کاریگەری هەیە لەسەر ڕەوشی کچان و ژنان. لەئاستی یاسا نێودەوڵەتیەکانیشدا کێشەکانی ژنان قوڵتر بوونەتەوە و توندوتیژییەکان زیاتر بەهۆی ڕەگەزەوەن، بەتایبەتی بەرامبەر ژنانی کۆچبەر، بە هۆکاری نەژاد و کەمینەیی و ئایینەوە توندوتیژیان بەرامبەر کراوە. لەلایەکیتر یاسا جیهانی و نێودەوڵەتیەکان، یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی، لە بنەڕەتدا یاسایەکی گشتییە و چوارچێوەیەکی کاتی و شوێنی هەیە، ئەم یاسایە لەکاتی جەنگدا لەو جێگایانەی شەڕوململانێی سەبازی تێدایە داکۆکی لە خەڵکانی مەدەنی و دیل و بریندار و ڕۆژنامەوانانی سەربازی ...هتد دەکات. ئەم یاسایە لەکارکردنیدا گەڕاوەتەوە بۆ ئایدیای پشت جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و ڕێکەوتنامەکانی جنێڤ، هەروەها قۆناغ بە قۆناغ یاساکە پێشکەوتنی بەسەردا هاتووە بەپێی چوونە پێشەوەی زیاتری ڕێکەوتنامەکان، لە بەهاناچوونی قوربانیەکانی جەنگدا خاچی سووری نێودەوڵەتی بۆ ئەو یاسایە دەگەڕێتەوەو ئەو یاسایە جێبەجێدەکات و لە سزادانی تاوانبارانیشدا؛ دەوڵەتان بۆ دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی لاهای دەگەڕێنەوە. لەم یاسایەدا بەشێوەیەکی مەتاتی باس لە ڕەگەز کراوە، بەتایبەتی گەرسەرنج بدەین لە ماددەی (سێی هاوبەش) لە ڕێکەوتنامەی (جنێڤ)ی ساڵی ١٩٤٩دەڵێت:" نابێت لەکاتی یارمەتیدانی دیل و قوربانیانی جەنگدا جیاکاری بکرێت" دەستەواژەی جیاکاری لێرەدا نادیار و تەمومژاوییە، ئایا: جیاکاری لێرەدا مەبەستی لە جیاکاری پیاو و ژنە، یان جیاکاریی نەکردنە لە نێوان مرۆڤدا بە پێی نەژاد و نەتەوە و کەمینە و ئایین و مەزهەب؟! هەر لە ڕاسپاردەی ژمارە (٣٥)ی ڕێکەوتنامەی(سیداو)ی ساڵی ٢٠٢٤، کە ڕێکەوتنامەیەکە ئامانجی پێشخستن و چەسپاندنی بنەما گشتیەکانی مافی مرۆڤ و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و یاسای تاوانی نێودەوڵەتی، ئاماژە زیاتر بە توندوتیژییە یاساییەکان دەکات، ڕەخنە لە ڕێسا یاساییەکان و جێبەجێکردنیان دەگرێت و دەوڵەت بە بەرپرسیار و کەمتەرخەم دەزانێت، بەم شێوەیە کە لە هەندێک خاڵی ڕاسپاردەکە ورد دەبینەوە: لە خاڵی یەکەمدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات؛ جیاکاری و توندوتیژی ئاڕاستەی ژنێک دەکرێ لەبەرئەوەی ژنە[ئەمەش پێشێلکردنی مافە مرۆییەکانی ژنە] جگەلەوەش لە خاڵی دووەمدا باس لەوە دەکات کە: قەدەغەکردنی توندوتیژی ڕەگەزیی دژی ژنان بۆ بنەمایەکی باوی یاسای نێودەوڵەتی پەرەی سەندووە، لە ڕاسپاردەکەدا گرنگی بە ڕۆڵی ڕێکخراوەکان دراوە، ئەوەتا لە خاڵی چوارەمدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات؛ کۆمەڵە مەدەنییەکان بە تایبەتی ڕێکخراوە ناحکومیەکانی ژنان شاڕۆڵیان لە نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان گێڕاوە، چالاکیەکانیان کاریگەری گەورەی کۆمەڵایەتی و سیاسی هەبووە. سەبارەت بە خەسڵەتی توندوتیژی و ناسینەوەی زاراوەکە هەر لە ڕاسپاردەی ژمارە(٣٥)ی سیداو لە خاڵی نۆیەمدا باس لەوە دەکات کە چۆن لە ئێستادا پێناسەی توندوتیژی بەراورد بە ساڵی ١٩٩٢ گۆڕاوە، بۆیە جەخت لەوە دەکاتەوە؛ کە ئەو توندوتیژیانەی ڕەگەزیین، بەڵام لە ئێستادا دەبێت بە شێوەیەکی وردتر زاراوەکە بەکاربهێنین و هۆ و کاریگەرییە ڕەگەزییەکانی توندوتیژی ئاشکرا بکەین، لەبەرئەوەی چەمکەکە لە پێشتردا وەک کێشەیەکی کۆمەڵایەتی نەک تاکە کەسی توندوتیژی بەهێزتر دەکات. فۆکەس دەخاتە سەر هەر جۆرە توندوتیژییەک کە بە هۆکاری جیاکاری ژنان بەهۆی نەژاد و نەتەوەو پێگەی ڕەسەنێتی و کەمینەیی و ڕەوش و چینی ئابووری و کۆمەڵایەتی و زمان و ئایین وباوەڕ و بیروبۆچوونی سیاسی لەگەڵیان دەکرێ، ئەمەش دووبارە جەختکردنەوەیە لە مافی یەکسانی بە پێی یاساکان و ڕەهەندەکانی دیکەی ماف و ئازادییەکان هەموو جۆرە چەوسانەوەیەک پەیوەست بە جیاکاری ڕەگەزەوە. هەموو ئەم خاڵانە دواجار بەندە بە دەستوور و یاسا پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت، بۆیە دەوڵەت بەتەواوی بەرپرسیارە لە کەمتەرخەمی و لە ئەنجامدانی هەموو ئەو جۆرە توندوتیژیانەی لەلایەن دامودەزگاکان و لەناو خێزانەکان و هەموو ناوەندێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕوودەدات، دەوڵەت لەڕێی دانانی یاسا ناوخۆییەکان و جێبەجێکردنیان بەشێوەیەک بنبڕ دەتوانێت دیسپلینی دۆخی کۆمەڵگە بکات و بەر لە هەر توندوتیژییەک بگرێت، بەمەرجێک یاساکان لەگەڵ پێشکەوتنی کۆمەڵگەی ئیمڕۆ یەکبگرنەوە. هەرچەندە بشمانەوێ ڕۆڵی یاسا نادیدە بگرین بەڵام دەبینین دەستوور و ڕێکەوتنامە نێودەوڵەتیەکان و یاسا نیشتیمانیەکان کە بە بڕیاری کۆدەنگی بڕیاریان لەسەر دراوە، دواجار ڕەنگە بەند و ماددەکانیان پڕبن لە کەموکورتی دژ بە مافەکانی مرۆڤ و ژن و منداڵ، ئێمە بەردەوام لە ڕواڵەتدا ئەم یاسایانە بە دەستکەوت دەزانین بۆ پاراستن و پارێزگاریکردن لە بەها مرۆییەکان و ئارامی کۆمەڵگە و ئاشتی نێوان مرۆڤ و گەلان. کە لێیان ورد دەبینەوە لە ڕوانگەی ڕەخنەییەوە درک بە کەلێن و هەژموونی لایەنێک یان مەزهەبێک دەکەین، ئەم بەرژەوەندیخوازی و هەژمونگەراییە بەسەر ئەوانیتردا بە هۆی ڕەگەز و نەژادو ئایینەوە پەیوەستە بە خۆبەزلزانی و لە پێشینەیی بۆ ئەوەی پێیدەگوترێت ڕەسەن، کە لەبەرامبەردا بەسەر ئەوانیتردا کە وەک کارتێکراوێک مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ چەمکی ناڕەسەن قوت دەبێتەوە، کە ئەمە بەجۆرێک لە جۆرەکان داگیرکردنی کەسایەتی ئەوانەیە کە کارتێکراون و ناتوانن سەربەخۆ و ئازاد بن لەلایەن ئەوانەی کە کارەکتەری باڵا و بکەرن، ئەمە ڕێچکەکەی ئاسایی نییە بۆ پێکەوە ژنیانی ئاشتیانە و ڕێزگرتنی ماف و ئازادیەکانی ئەوانیتر، بەڵکو ئەمە فۆڕمێکە لە فۆڕمەکانی فراوانکردن و جێبەجێکردنی توندوتیژی، جا توندوتیژییەکە لەوانەیە لە جەستە فیزیکیە ماددییەکەوە سەربکێشێ بۆ توندوتیژیی دەروونی، یاخود هەندێک جار توندوتیژییەکان لە فۆرمی ستەم و فشار و زەبروزەنگی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییدا خۆی دەبینێتەوە. لەسەرەتای تێکۆشانیانەوە ژنان زۆرترین بەرکەوتنیان لەگەڵ یاساکاندا هەبووە، نەک هەر لە کوردستان و جیهانی ئیسلامی بەڵكو لە تەواوی جیهاندا، لەبەرئەوەی یاسا دانراوەکان زیاتر ئامانجی پاراستنی هەژموون و دەسەڵاتی سیستمە سیاسیەکان بووە، کەمتر لە خەمی تاک و توێژ و کەمینە و خەڵکدا بوون، بۆیە ئەگەر چەمکی یاسا وەک میتۆدێک و دانانی یاساکان وەک فریادڕەس بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگە بە ڕێگای داکۆکیکردن لە ماف و ئازادییەکانی ژن دابنێین، ڕەنگە پێویست بکات لە یاسا سروشتییەکانەوە دەست پێبکەین، کە لە فەلسەفەی یاسای سروشتیدا؛ مرۆڤ بە سروشتی خۆی بوونەوەرێکی ئازادە و هەموو کەس وەک یەک ماف و ئازادییان هەیە، فەلسەفەی ئەم یاسا سروشتیانە بۆ ژیانی ئێستا لەچەند ڕوویەکەوە ڕەنگە ئیشکالیەتی داڕشتنەوە و شرۆڤەکردنیان هەبێت لەڕووی چۆنێتی تێگەیشتن لە دادپەروەری و مافەکان و یەکسانی و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم چەمکانە، یاسا سروشتیەکانیش ئەگەرچی لەسەردەمی فەلسەفەی کۆنی یۆنانی و لە سەردەمی دوای ڕێنیسانس یشدا بەشێوەیەکی قوڵ یاسا سروشتیەکان تیۆریزەکراونەوە. ئەوەی ئێمە زیاتر ڕەخنە و سەرنجمان لەسەری هەیە یاسا دانراوەکانن، ئەم یاسایانە بەردەوام بە پێی دۆخی کۆمەڵگەکان چاککراوەنەتەوە و هەموارکراونەتەوە. دەستوری عێراق کە دەوڵەتێکی فیدراڵییە، بەرلەهەرشتێک لە بڕگە و ماددەکانی دەستورەکەدا لە ڕوانگەی سیاسیەوە گرنگیداوە بە سازانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ڕێکخستنەوەی کاروباری هەرێمەکان، بایەخ بە ڕێکخستنی خێزان و پەیوەندی نێوان دوو ڕەگەزەکە(ژن، پیاو) نەدراوە، سەبارەت بە ئایین پێداگری لەسەر ئەوە کراوە کە ئایینی ئیسلام ئایینی فەرمی دەوڵەتە و سەرچاوەی بنەڕەتی یاسا دانانە.( ) لە بڕگەی (ئەلف)دا زیاتر چوارچێوەش بۆ یاساکان دادەنێت کە دەڵێت:" ناکرێت یاسا دابنرێت دژ بێت لەگەڵ ئەحکامە جێگیرەکانی ئیسلام"، لێرەدا کۆتوبەندێکی ئایینی خۆی دەسەپێنێت بەسەر دانانی یاساکان و هەموارکردنەوەیان، هەرچەندە لە بڕگەی (باء) و (جیم)دا ئەو تەمە ئاینییە لەسەر دەستورەکە کاڵتر دەبێتەوە و دیسپلینە دەستورییەکە کراوەتر دەستەواژەکە دەخاتەڕوو، لە بڕگەی (باء) دا دەڵێت:" ناکرێت یاسا دابنرێت دژ بێت لەگەڵ پرانسیپەکانی دیموکراسی" و لە بڕگەی (جیم)یشدا ئاماژە بەوە کراوە کە:" نابێت یاسا دابنرێت دژ بێت لەگەڵ ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان کە لەم دەستورەدا هاتووە، واتە چوارچێوەی ماف و ئازادییەکان لە چوارچێوەی دەستورەکەدایە و کار بە هیچ بنەمایەکی دیکە و سەرچاوەیەکی دیکە ناکرێت، لەبەرئەوەی مەسەلەی ماف و ئازادییەکان؛ سەرەتا لە یاسا سروشتیەکاندا ئەم مافانە سروشتین و لە یاسا و ڕێکەوتن و جاڕنامە جیهانیەکانیشدا پانتایی مافەکان فراوانترە. لە ماددەی چواردەدا جۆرێک لە بنەمای یەکسانی لە نێوان تاکەکاندا باسکراوە، لەوانە یەکسانیی ڕەگەزی و نەژادی و ئایینی و ئایزایی وبیروبۆچوون و باوەڕ و بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی، بەڵام ئەم هاوسەنگییە لە تێڕوانین بەرەو یەکسانی، هەرگیز لەباری قەیرانی فیکری و ئاینیدا بە ئاڵۆزی ماوەتەوە، هیچ کات لە عێراقدا لە پیناوی یەکسانی کۆمەڵایەتی (ژن-پیاو) و (چین و توێژەکان) باز بەسەر فیکری چەقبەستوی ئایینی و مەزهەبیدا نەنراوە، مەزهەب و ئایین و نەتەوە و نەژاد لە پێشترن لە تێڕوانین بۆ یەکسانی کۆمەڵایەتی. لەمەسەلەی دۆکترینی یاساکاندا دەبێت ژنان بەرچاو ڕوونی زیاتریان هەبێت سەبارەت بە چەندایەتی و چۆنێتی هەژموونی پیاوسالاری لە تەواوی یاساکانی وەک یاسای(ڕووبەڕووبونەوەی توندوتیژی خێزانی و یاسایی مرۆیی نێودەوڵەتی و یاسای باری کەسیەتی و یاسای سزادان و یاسای تاوانکاریی نێودەوڵەتی...) پێویستە لەڕووی چۆنیتیەوە گرنگی بە بڕگە و ماددەکانیان بدەن بەتایبەتی لە بابەتی (یەکسانی و دادپەروەری و هەموو جۆرەکانی ئازادیی) و مەسەلەی سزاکان لە کاتی پێشێلکردنی ئەوانیتر، بەتایبەتی توندوتیژی ژنان لەناو خێزاندا کە بە بیانووی پاراستنی خێزان لە ڕوانگە کۆمەڵایەتیەکەوە تاوانەکانی دژبە ژنان پەردەپۆش دەکرێن، لەدادگاش کەیسەکان دادەخرێن. بەمشێوەیە هەموو ئەو یاسا بابەتی و ڕوواڵەتیانەی(شکڵی) لە دووتوێیاندا یاخود لە جێبەجێکردندا جیاکاریی و توندوتیژی بەرهەم دەهێنن، یاخود بەجۆرێک لە جۆرەکان بە پاساوی بەرگریکردن لە بنەما ئاینی و دۆکترینە ئایینیەکان، پشتگیری لە توندوتیژی دەکەن و بەناوی ڕەگەزەوە ڕێگە دەکەنەوە بۆ چەوساندنەوەی ژن و بەردەوامی دەدەن بە هەڵهاتن لە سزا، پێویستە ئەو یاسایانە هەڵبوەشێندرێتەوە، ئەو جۆرە پێوەرانە لە یاساکاندا کە توندوتیژی بەرهەم دەهێنێت؛ لەوانەیە بەشێک بن لە یاسای نەریتی و ئایینی یاخود یاسای باو، لەوانە لەسەری سەرەوەی هەموو یاساکان لە لوتکەی هەرەمەکەدا؛ دەستوور، یاسای مەدەنی، خێزان، یاسای تاوانکاری، یاسای کارگێڕی یان یاسای ڕوون و جێبەجێکاری وەک ئەو بڕگە و ماددانەی لەسەر بنەمای باوەڕ و هەڵوێست؛ ڕێگە بەکرداری جیاکاری و کردەی توندوتیژی ڕەگەزی دەدەن. سەرئەنجام پێویستە دەوڵەت نەخشەی تایبەتی بە سیاسەتە گشتییەکان هەبێت و ڕێگاکانی چاودێری و دامەزراندن پەرەپێبدات و کارنامەی دادگا نەتەوەییە لێهاتووەکان جێبەجێی بکات، جگە لەوەش دەوڵەت پێویستە خزمەتگوزاری گونجاو و لەبار بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژی ڕەگەزی دابین بکات، هەروەها ڕێگری بکات لە دووبارەبوونەوەی توندوتیژی و قەرەبووکردنەوەی تێکڕای قوربانیانی توندوتیژی ڕەگەزی، واتە دەوڵەت دەبێت کارکردەیی دامەزراوەیی و ڕەفتاری تاکەکەس و ڕەفتاری بەرپرسانی گشتی بنبڕ بکات، کە توندوتیژی ڕەگەزی دژی ژنان پێکدەهێنن یان چوارچێوەیەک بۆ کێشەوکەمتەرخەمی چارەسەر دەڕەخسێنێت.( ) - ئەم ووتارە لەلایەن ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدانەوە پاڵپشتی دەکرێت.