(درەو میدیا): حەنان فەتلاوی سەرۆكی لیستی گردبونەوەی ئیرادە رایگەیاند، بەپێچەوانەی ئەوەی هەموان وێنای دەكەن و دەزگاكانی راگەیاندن باسی دەكەن، بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگی هەموو ناوەندەكانی دەنگدان ناگرێتەوە. لە پۆستێكدا كە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە هەردوو كۆمەڵایەتی تویتەر و فەیسبوك بە ناونیشانی "سوپرایزێك بۆ هەموان" بڵاویكردەوە، فەتلاوی نوسیویەتی: دوای خوێندنەوەی بڕیاری دادگای فیدراڵی بە وردی بەتایبەتی لاپەڕەی پێش كۆتایی بڕیارەكە، دەركەوت" بڕیارەكە ئەژماركردنەوەی دەستیی هەموو بنكە و وێستگەكانی دەنگدان ناگرێتەوە، بەڵكو تەنیا ئەو بنكانە دەگرێتەوە كە تانەیان لەسەرە یاخود دواتر تانەیان لێدەدرێت".
( درەو میدیا): موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر و هاوپەیمانی " سائرون" كە لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراقدا پلەی یەكەمی بەدەستهێنا بە نۆ خاڵ هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق و جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەستیی دەنگەكان ئاشكراكرد. سەدر لە راگەیەندراوێكدا كە نوسینگەكەی بڵاویكردەوە دەڵێت چەند ئامۆژگارییەك دەخەمە بەردەستدان كە بۆ دووبارە جیاكردنەوەی ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان سودیان دەبێت: یەكەم: پێویستە لەسەر هەموان خۆیان بگرن و گوێڕایەڵی یاسا بن، ئەگەر قەناعەتیشیان پێی نەبوو. دووەم: ئامۆژگاری دادوەریی عێراق دەكەین پابەندی بێ لایەنی بێت لە پرسی جیاكردنەوەی و ئەژماركردنی دەنگەكان و پێویستە لەسەری ماوەیەكی زەمەنی دیاریبكات كە درێژ نەبێت. سێیەم: لە حاڵەتی دواكەوتنی جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەنگەكان تا یەكی مانگی حەوتی ئەمساڵ، ئەوا پێویستە لەسەر حكومەت پابەندی یاسا بێت و دەسەڵاتەكانی فراوان نەكات و بۆشایی دەستوری نەقۆزێتەوە كە بە مەترسییەك دادەنرێت دەبێتەوەی هۆی ئەوەی كە كۆتاییەكەی مەترسیداربێت و دڵخوازی هیچ كەسێك نەبێت. چوارەم: ئامۆژگاری كوتلە سیاسییەكان دەكەین بەردەوام بن لە بەدەمەوەچوونی بەدیهێنانی گفتوگۆی جدیی لە پێناوی بەدیهێنانی هاوپەیمانێتی گونجاو كە چاكسازیی راستەقینە رەچاوبكات. پێنجەم: مەترسی ئەوە هەیە كە جیاكردنەوەی و ئەژماركردنی دەستیی دەنگەكان، سەرەتایەك بێت بۆ دووبارەكردنەوەی هەڵبژادنەكان و دەستدرێژیكردنە سەر دەنگی دەنگدەران، بەوەش پرۆسەی دیموكراتی زیندەبەچاڵ دەكرێت و رێژەی بەشداریی لە داهاتوودا كەمدەكاتەوە. شەشەم: ئامۆژگاری هێزە ئەمنییەكان دەكەین ئەم جۆرە بڕیارانە كاریگەری نەرێنییان لەسەر دروست نەكات، ورەیان لاواز نەبێت و بەئاگابن ، هێشتا وڵات لە مەترسیدایە. حەوتەم: پێویستە لەسەر گەل هۆشیاربێت كە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن كەوتوەتە دەستی گەندەڵكاران و چاوچنۆكانی دەسەڵات و پێویستە لەسەری ئاگاداری كاری خۆی بێت وگەندەڵ و چاكەكار لە یەك جیابكاتەوە. هەشتەم: ئەگەر ئەم بڕیارانە بۆ زیندەبەچاڵكردنی بێت، ئەوا چاكسازیی سەردەكەوێت هەروەك چۆن یەكەمجار سەركەوت، لەبەرئەوە هیوادارین ئەژماركردن و جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان سەرەتایەك نەبێت بۆ گەڕاندنەوەی گەندەڵكارە گەورەكان. نۆیەم: ئامۆژگاری دەكەین كە كاری وەزارەتەكان بەردەوام بێت، بە تایبەتی وەزارەتی خزمەتگوزارییەكان، بە جۆرێك كە گەلی عێراق زیانی پێ نەگات و پێویستە نەهامەتی گەل پشتگوێ نەخرێت بەهۆی ململانێ و ناكۆكی سیاسی و هەڵبژاردنی پەیوەست بە جیاكردنەوە و ئەژماركردنەوەی دەنگەكان و ئەو شتانە. موقتەدا سەید محەمەد ئەلسەدر 7ی شەوالی مەزن 1439
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت دادگای باڵای فیدراڵی بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عێراق، ئەركی ئەم دادگایە یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكانە لەبارەی دەستورەوە، ئەم دادگایە بە یاسایەكی وزاری لە ساڵی 2005 پێكهێنرا. بەپێی ئەو یاسایەی كە دادگاكەی لەسەر پێكهێنرا، بارەگای دادگای فیدراڵی لە بەغدادی پایتەختە و دادگاكە لەڕووی كارگێڕی و داراییەوە سەربەخۆیە. ئەندامانی دادگای فیدراڵی چۆن هەڵدەبژێردرێن ؟ هەر بەپێی یاسای ژمارە (30) ساڵی 2005، دادگای فیدراڵی پێكدێت لە (سەرۆك و هەشت ئەندام) و ئەم كەسانە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی دادوەری هەرێمەكان كاندید دەكرێن. سەرۆك و ئەندامانی دادگای فیدراڵی لە بەردەم ئەنجومەنی سەرۆكایەتیدا سوێندی یاسایی دەخۆن. موچەی سەرۆك و ئەندامانی دادگا هەر بەپێی ئەو یاسایەی كە لەسەری پێكهێنراوە، موچەی سەرۆك و ئەندامانی دادگای فیدراڵی عێراق هاوتای موچە و دەرماڵەی وەزیرە. پێگەی دادگای فیدراڵی لە دەستوری عێراقدا بەگوێرەی مادەی (89)ی دەستوری عێراق، دەسەڵاتی دادوەری فیدراڵ لەم دادگایانە پێكدێت: 1- ئەنجومەنی باڵای دادوەری 2- دادگای باڵای فیدراڵی 3- دادگای تێهەڵچونەوەی فیدراڵی 4- دەزگای داواكاری گشتی 5- دەستەی چاودێریی دادوەریی 6- هەر دادگایەكی فیدراڵی تر كە بەپێی یاسا رێكبخرێت واتە بەپێی ئەم مادەیەی دەستور، دادگای فیدراڵی بەشێكە لە دەسەڵاتە فیدراڵییەكان لە عێراق. ئەركەكانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بەپێی ماددەی (93)ی دەستوری عێراق، ئەركی دادگای باڵای فیدراڵی بریتییە لە: یەكەم: چاودێریكردنی دەستوریبوونی یاسا و پەیڕەوە بەركارەكان. دووەم: لێكدانەوەی دەقەكانی دەستور. سێیەم: یەكلاكردنەوە لەو پرسیانەی كە لە جێبەجێكردنی یاسا فیدراڵییەكان و بڕیار و پەیڕەو و رێنماییەكان و ئەو رێوشوێنانەوە دێنە ئاراوە كە دەسەڵاتی فیدراڵی دەریان دەكات، یاسا زامنی مافی تانەدانی راستەوخۆ دەكات لەبەردەم دادگادا بۆ هەریەكە لە ئەنجومەنی وەزیران و ئەوانەی دۆسیەیان لە تاك و كەسانی تر. سێیەم: یەكلاكردنەوەی ئەو ناكۆكیانەی كە لەنێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم و پارێزگا و شارەوانی و ئیدارە خۆجێییەكان روودەدەن. پێنجەم: یەكلاكردنەوەی ئەو ناكۆكییانەی كە لەنێوان حكومەتی هەرێمەكان و پارێزگاكاندا دێنە ئاراوە. شەشەم: یەكلاكردنەوەی ئەو تۆمەتانەی كە ئاڕاستەی سەرۆك كۆمار، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرەكان دەكرێن. حەوتەم: پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنە گشتییەكان بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران. هەشتەم: ا- یەكلاكردنەوەی ناكۆكی تایبەتمەندیی لەنێوان دادگای فیدراڵی، و دەستەی دادوەری هەرێم و پارێزگا رێكنەخراوەكان لەچوارچێوەی هەرێمدا. ب- یەكلاكردنەوەی ناكۆكی تایبەتمەندیی لەنێوان دەستەی دادوەری هەرێمەكان، یان پارێزگا رێكنەخراوەكان لە چوارچێوەی هەرێمدا. دەستوری عێراق بەپێی ماددەی (94) هەموو دەسەڵاتەكانی عێراق پابەند و ملكەچ دەكات بۆ بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی. ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی كێن ؟ دادگای فیدراڵی ئێستا لە (9) كەس پێكدێت، یەكێكیان سەرۆكە، (2) لە ئەندامانی دادگاكە كوردن و یەكیكیشیان مەسیحییە. 1- دادوەر مدحەت مەحمود/ سەرۆكی دادگا 2- دادوەر فارون محەمەد سامی/ ئەندام 3- دادوەر جەعفەر ناسر حسێن/ ئەندام 4- دادوەر ئەكرەم تەها محەمەد/ ئەندام 5- دادوەر ئەكرەم ئەحمەد ئەمین بابان/ ئەندام- كورد 6- دادوەر محەمەد سائیب نەقشبەندی/ ئەندام- كورد 7- دادوەر عەبود ساڵح مەهدی تەمیمی/ ئەندام 8- دادوەر میخائیل شەمشون قس گۆرگیس/ ئەندام- مەسیحی 9- دادوەر حسێن عەباس ئەبو تمەن/ ئەندام چەند بڕیارێكی دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە لەدوای دروستبونییەوە دادگای فیدراڵی عێراق ژمارەیەك بڕیاری لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە دەركردووە، زۆرجاریش خەڵك و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كاتێك لەگەڵ پارتە دەسەڵاتدارەكان كەوتونەتە كێشە و ناكۆكی هەڕەشەی ئەوەیان كردووە لە دادگای فیدراڵی عێراق سكاڵا لەسەر حكومەتی هەرێم تۆمار بكەن. ساڵی رابردوو دادگای فیدراڵی عێراق ژمارەیەك بڕیاری لەبارەی هەرێمی كوردستان دەركرد. پاشەكەوتی موچە و بڕیاری دادگای فیدراڵی لە پرسی پاشەكەوتكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمدا كە (ناز نوری عارف) سەرۆكی پێشووی داواكاری گشتی سلێمانی لە دادگاكە سكاڵای لەسەر نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم تۆماریكردبوو، دادگا رایگەیاند، یەكلاكردنەوەی بڕیاری پاشەكەوتی موچە لە تایبەتمەندی ئەو نییە. ریفراندۆم و بڕیاری دادگای فیدراڵی یەكێك لەو بڕیارانەی تر كە ساڵی 2017 دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی هەرێمی كوردستان دەریكرد تایبەت بوو بەو ریفراندۆمەی كە 25ی ئەیلول بەڕێوەچوو. دادگای فیدراڵی عێراق ریفراندۆمەكەی هەرێمی بە نادەستوری وەسفكرد و پاشان بە بڕیارێكی تر هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆمی راگەیاند و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش وتی " ئێمە رێز لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دەگرین". دواین بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی هەرێمەوە ئەمڕۆ دەرچووە، بڕیارەكە تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان، دادگا هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی دەنگدانی رەتكردەوە تا ئەو كاتەی دەسەلمێنرێت ساختەكاری كراوە.
ساڵی 2011 نەتەوە یەكگرتووەكان رۆژی 23ی حوزەیرانی هەموو ساڵێكی وەكو رۆژی "بێوەژنان" دیاریكرد. بەپێی خەمڵاندنی بەرایی لە عێراق نزیكەی (2 ملیۆن) بێوەژن هەیە، ساڵی 2017 ژمارەی بێوەژن لە عێراق گەیشتوەتە (878 هەزارو 455). بەشێوەیەكی گشتی زیادبونی دیاردەی بێوەژنبون یاخود لەدەستدانی هاوسەر بەهۆی مردنەوە لە عێراق بۆ ئەم هۆكارانە دەگەڕێتەوە: • ئەو جەنگانەی كە لە عێراق رویانداوە • داڕمانی دۆخی ئەمنی وڵات دوای ساڵی 2003 • كێشەی عەشائیرییەكان • داڕمانی دۆخی تەندروستی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان پابەندی كردووە لەسەر حكومەت و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كە كاربكەن بۆ دۆخی ئابوری ژنان و روبەڕوبونەوەی هەژاری. بەڵام سەرباری ئەمە هێشتا ئەو ژنانەی كە هاوسەرەكانیان لەدەستداوە لە عێراق لەدۆخێكی خراپدان، كێشەی بێوەژنان لە عێراق خۆی لەم خاڵانەدا دەبینێتەوە: • بێبەشكردن لە میراتی و زەوی • سەختی بەدەستخستنی كار • نەبوونی چاودێری تەندروستی و فێركردن • لاوازی پەیوەندی بێوەژنان لەگەڵ منداڵەكانیان بەهۆی هەژارییەوە دیارترین كێشەی ئەو منداڵانەی كە دایكیان بێوەژنە و باوكیان لەدەستداوە: • بەدخۆراكی • لاوازی چاودێری تەندروستی • بوون بە قوربانی دیاردەی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە • بێبەشبوون لە فێربوون • لادان لە ناو كۆمەڵگە • بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان لەپاڵ زیادبونی ژمارەی بێوەژنان، لە عێراق ژمارەی ئەو ژنانەش زیادیان كردووە كە لە هاوسەرەكانیان جیابونەتەوە. بەپێی راپۆرتەكان ئێستا لە عێراقدا (983 هەزار) ژن هەن كە لە هاوسەرەكانیان جیابونەتەوە، رێژەی 80%ی ئەوانەی جیابونەتەوە تەمەنیان لەنێوان (14 ببۆ 49) ساڵدایە، لەناو ئەوانەی كە جیابونەتەوە (17 هەزارو 432) ژنیان تەمەنیان لەسەرو (50) ساڵییەوەیە.
(درەو میدیا): دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بەشێكی "یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران"ی بەدەستوریی لەقەڵەمدا كە سەرەتای ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق پەسەندیكرد. "ئەژماركردنەوەی دەنگەكان بەدەست" كە لە یاسای هەمواری سێیەمی هەڵبژاردن بڕیاری لەسەردراوە یەكێك بوو لەو بابەتانەی كە دادگای فیدراڵی پەسەندی كرد و بە هەنگاوێكی دەستوریی ناوی برد، ئەمەش بە واتای هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئەنجامانەی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق دێت كە پێشتر كۆمسیۆنی هەڵبژاردن رایگەیاند. بە گوێرەی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەبێت جارێكی تر دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار ئەژماربكرێنەوە، بەوەش هەموو ئەنجامە راگەیەندراوەكانی هەڵبژاردن و دەنگی كاندیدەكان هەڵدەوەشێتەوە و جارێكی تر دوای جیاكردنەوەی دەستیی، دەنگەكان بەپێی شێوازی "سانت لیگۆ" پێوانە دەكرێتەوە، ئەمەش رەنگە گۆڕانكاری گەورە لە ژمارەی كورسی و دەنگی كاندیدەكان دروست بكات. ئەژماركردنەوەی دەگەكان دەتوانرێت ئەم واتایانەی لێ بخوێندرێتەوە: 1- بە ئەژماركردنەوەی دەنگەكان، ئەنجامی تەواوی هەڵبژاردنەكان هەڵدەوەشێتەوەو ئەنجامێكی دیكە رادەگەیەنرێت. 2- دەنگی تەواوی كاندیدەكان هەڵدەوەشێتەوەو جارێكی تر ئەنجامەكان رادەگەیەنرێنەوە. 3- بە ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان، هەرجۆرە گۆڕانكارییەك لە دەنگەكاندا، گۆڕانكاری لە كورسی لایەنەكان و دەنگی كاندیدەكان دروستدەكات، بەتایبەتیش گۆڕینی جێگەی كاندیدەكان و ئاڵوگۆڕ بەهۆی كۆتای ژنانەوە. 4- بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی پەردەیەكی دا بەسەر تەواوی ئەو هەوڵانەی كە لایەنە سیاسییەكان دەیدەن بۆ هاوپەیمانێتی و پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق، بەو پێیەی دەبێت هەموو لایەنەكان چاوەڕەوانی ئەنجامی دیكەی دەنگدان بكەن. 5- خاڵی نەرێنی لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی ئەوەیە پرۆسەی سیاسی عێراق زیاتر ئاڵۆز دەكات و رەنگە ببێتەهۆی دروستبونی بۆشایی دەستوری و یاسایی، چونكە كۆتایی ئەم مانگە وادەی یاسایی تەمەنی پەرلەمانی عێراق كۆتایی دێت، ئەگەر پرۆسەی ئەژماركردنەوەی دەنگەكان و راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی بەر لەو وادەیە تەواو نەبێت، بۆشایی دەستوری دروست دەبێت. 6- دادگای فیدراڵی بەو بڕیارانەی ئەمڕۆ دەریكردن دانی نا بە كۆتایهاتنی دەسەڵاتی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، كە خۆیان ئێستا بەهۆی گومانەكانی ساختەكاری لە هەڵبژاردن سڕكراون، ئەوەش لەرێگەی پەسەندكردنی دانان و كاری دادوەرەكان لە شوێنی ئەندامانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن.
(درەو میدیا): ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كۆبوونەوەیەكی بەرفراوانی بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی جیاكردنەوەی و ئەژماركردنی دەستیی دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدا. دادوەر لەیس جەبر حەمزە، وتەبێژی ئەنجومەنی كۆمسیاران لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند ئەنجومنی كۆمسیاران پێداویستییەكانی پرۆسەی جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەستیی دەنگەكانی تاوتوێكردووە بۆئەوەی پلانێكی گشتگیر بۆ دەستكردن بە پرۆسەكە دابڕێژێت بە گوێرەی هەمواری سێیەمی یاسای ژمارە 45ی ساڵی 2013ی هەڵبژاردنەكان. وتەبێژی ئەنجومەنی كۆمسیاران وتیشی بۆئەوەی ئەو پرۆسەیە لە كاتێكی دیاریكراواد بەڕێوەبچێت، ئەنجومەنی كۆمسیاران بڕیاریدا لە رۆژی شەممەوە دەوامی فەرمیی هەموو فەرمانبەرانی كۆمسیۆن دەستپێبكات ، هەروەها بڕیاریشدرا مۆڵەتی فەرمانبەرانی كۆمسیۆن لە نوسینگەی نیشتمانی و نوسینگەی پارێزگاكان رابگیرێت جگە لە چەند حاڵەتێكی نائاسایی و كتوپڕ.
(درەو میدیا): ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق لە دانیشتنێكی تایبەتدا سەبارەت بە حوكمی "یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران" چەند بڕیارێكی دەركرد، بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی كاردانەوەی حزب و لایەنە سیاسییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانی بەدوای خۆیدا هێنا. زۆرینەی لایەنە سیاسییەكان قایلبونی خۆیان بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی راگەیاند، كە پوختەی بڕیارەكەكانی بریتی بوون لە: 1- هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكان لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە هەنگاوێكی دەستورییە. 2- هەڵوەشاندنەوەی رەهای دەنگدانی دەرەوە و ئاوارە و جوڵەی دانیشتوان و دەنگدانی تایبەتی هەرێمی كوردستانی تا ئەو كاتەی كە دەسەلمێنرێت ساختەكاریی تێدایە، نادەستورییە. 3- بڕیاری ئەژماركردنەوەی دەنگەكان بەدەست، بڕیارێكی دەستورییە. 4- دانانی دادوەرەكان لەبری ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، بڕێكی دەستورییە. قسەی لایەنە كوردییەكان لەبارەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی ئەمین بەكر - سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بۆ (درەو میدیا): " بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی زۆر زۆر باشەو لە بەرژەوەندیماندایە.. هەموو بڕیارەكانی دادگا تەواوی گرنگن، دادگا هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەتی لە هەرێمی كوردستان رەتنەكردوەتەوە و دەڵێ دەبێت بسەلمێنرێت و دواتر هەڵبوەشێنرێتەوە". خەسرەو گۆران - بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان: " پارتی بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عێراق رازییەو ئەو بڕیارانە بە دڵی پارتی دیموكراتی كوردستانە و پارتی هەر ئەوەی دەویست كە بڕیاری لەبارەوە دراوە.. پارتی سكاڵای لەسەر هەڵوەشاندنەوەی دەەنگی پێشمەرگە و ئاوارەكان تۆماركردووە و دادگاش بڕیاریداوە هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەنگانە نادەستورییە". ئارێز عەبدوڵا- سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق: "پشتیوانی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دەكەم، بڕیارێكی بێلایەنانەیە، رەتكردنەوەی هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان بڕیارێكی یاسایی و جێی دڵخۆشییە". سەڵاحەدين محەمەد بەهائەدین- ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان: " وەك یەكگرتوو پابەندین بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییەوە، دەستخۆشیان لێدەكەین و رەتكردنەوەی دەنگی تایبەتیش تەنها پەیوەست نەبووە بە پێشمەرگەوە، بەڵكو هێزەكانی ناوخۆو زیندانییەكان و چەند توێژیكی تری دەگرتەوە". بۆچونی لایەنە عێراقییەكان لەبارەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی: حسێن عادلی- وتەبێژی ئیئتیلافی " النصر" كە حەیدەر عەبادی سەرۆكایەتی دەكات: "ئیئتیلافی نەسر پابەندبونی تەواوەتی خۆی بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی رادەگەیەنێت، داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەین ملكەچی بڕیارەكانی دادگا بن". سەلیم جبوری- سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق " بڕیارەكە بەرزدەنرخێنین، پەرلەمان سەركەوتوو بوو لە چەسپاندنی پایەكانی دیموكراتیەتدا". ئەیاد عەلاوی- جێگری سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی: " رێز لە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی دەگرێن، ئەو بڕیارانەی دادگای فیدراڵی گورزێكی كەمەرشكێن بوون بۆ ویستی ساختەكاریی و گەندەڵیی". ئوسامە نوجێفی- جێگری سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانی قەرار " پشتیوانی تەواو لە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەكەم لەبارەی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردن، داوادەكەم وەكو ئامادەكاری بۆ پرۆسەی وردبینی، هەموو ئەو ناوچانە كۆنترۆڵبكرێن كە سندوقەكانی دەنگدانیان تێدا ئەمباركراوە". حەسەن تۆران - ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەبەرەی توركمانی: " پێشوازی لە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عێراق دەكەین، بڕیارەكانی دادگا سەركەوتنی ئیرادەی گەلی عێراق بوو كە ساختەكاریان لە هەڵبژاردنەكان رەتكردەوە بەتایبەتیش لە پارێزگای كەركوك". ئەرشەد ساڵحی- سەرۆكی بەرەی توركمانی و ئەندامی پەرلەمانی عێراق: " پیرۆزبایی لە مانگرتووەكانی كەركوك دەكەین كە بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق و ئەوەی دادگای فیدراڵی ئەنجامی نارەزایی و هەڵوێستەكانی ئەوانە ".
دوای دانیشتنی دادگای فیدراڵی، دادوەر مدحەت مەحمود سەرۆكی دادگاكە لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا وتی:" دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریدا تانەكانی سەرۆكایەتی كۆمار و ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی رەتبكاتەوە." سەرۆكی دادگای فیدراڵی وتیشی:" رێوشوێنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران دەربارەی هەڵبژاردنەكان یاسایی و دەستوریین ". جەختیشیكردەوە كە ئەژماركردنی دەستی دەنگەكان بە رێوشوێنێكی دروست دادەنرێت. دادوەر مدحەت مەحمود راشیگەیاند دادگای باڵای فیدراڵی عێراق پشتگیری لە بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەران كردووە بۆ دانانی چەند دادوەرێكی ئەنجومەنی دادوەریی بۆ سەرپەرشتیكردنی پرۆسەی ئەژماركردن و جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان. راشیگەیاند دادگا مادەی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی دەرەوە و تایبەتی رەتكردەوە چونكە ئەوە بەبەفیڕۆدانی دەنگی دەنگدەران دادەنرێت.
(درەو میدیا): دەقی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی تایبەت بە تانەكانی یاسا هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكان: یەكەم: نادەستوریی بوونی مادەی(3 ) لە یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكان كە تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی دەرەوە وجوڵەی دانیشتوان و ئاوارەكان و دەنگدانی تایبەتی هەرێمی كوردستان. دووەم: رەتكردنەوەی هەموو ئەو تانانەی لەسەر یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكان تۆماركراون، لەبەرئەوەی ئەو تانانە پشتیان بە دەقێكی دەستوریی نەبەستووە. سێیەم: هەردوو لایەنی دۆسیەی ئەو سێ تانەیە خەرجیی و مافی ماندووبونی پارێزەران كە 100 هەزار دینارە لە ئەستۆدەگرن بە رێژەی ئەوەی لەو سێ تانەیەدا هەردوو لایەن چەندیان لەدەستداوە.
(درەو میدیا): حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق داوا لە كوتلە سیاسییەكان دەكات رێز لە چوارچێوە دەستورییەكان بگرن بۆ یەكلایكردنەوەی كێشەی هەڵبژاردنی پەرلەمان، داواش لە دەزگاكانی دەسەڵاتی دادوەریی دەكات فەرمانی دەستگیركردن بۆئەوانە دەربكەن كە ساختەكارییان لە هەڵبژاردندا كردووە. لە كۆنفرانسی رۆژنامەوانیی هەفتانەیدا عەبادی وتیشی:" كوتلە سیاسییەكانمان بانگهێشت كردووە بۆئەوەی كۆببنەوە بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێك دەربارەی بەرنامەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە ماوەی داهاتوودا، نەك حكومەت." عەبادی ئاماژەی بەوەشدا كە ئەو بانگهێشتەی ئاراستەی كوتلە سیاسییەكانیان كردووە پرۆژەیەكە بۆ دانانی بناغەی رێككەوتنێكی سیاسی بۆ بونیادنانی بەرنامەی دەوڵەت." عەبادی لە وتەكانیدا داواشی لە كوتلە سیاسییەكان كرد لە یەكلاكردنەوەی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەماندا رێز لە چوارچێوە دەستورییەكان بگرن و داواشی لە دەزگاكانی دەسەڵاتی دادوەری كرد بەدواداچوون بۆ ئەوانە بكەن كە ساختەكارییان كردووە فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەربكەن. سەرۆك وەزیرانی عێراق رونیشیكردەوە كە حكومەت بەردەوام دەبێت لە كارەكانی، دوای كۆتاییهاتنی تەمەنی ئەنجومەنی نوێنەرانیش، ئەگەر دادگای فیدراڵی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان پەسەند نەكات.
راپۆرتی: ئارام مەحمود زۆرینەی هێزە براوەكان ئومێدیان لەسەرئەوە هەڵچینیوە سبەینێ پێنجشەممە دادگای فیدراڵی دانیشتنە نائاساییەكەی پەرلەمانی عێراق بە نادەستوری لەقەڵمبدات و ڕەتیبكاتەوە، یان لانی كەم بڕیاربدات بە هەڵوەشاندنەوەی مادەی تایبەت بە پوچەڵكردنەوەی دەنگدانی تایبەت و دەرەوەو مەرجدار و ئاوارەكان و جوڵەی دانیشتوان كە لە بڕگەی سێهەمی، هەمواری سێهەمی یاسای هەڵبژاردنەكاندا هاتوە و ئەو ئەنجامە سەرەتاییانەی كۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ڕایگەیاندون وەك خۆی تێپەڕێت، كە هەندێك لە هێزەكان تێبینیان لەسەری هەیە و پێیانوایە ساختەكارییەكی بەربڵاوكراوە و تێپەڕاندنی پرسیاری گەورە لەسەر پرۆسەی دیموكراسی دروستدەكات، هەندێك هێزیش وروژاندنی پرسی ساختەكاریی وەك كارتی فشاری بەكاردەهێنن بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتی زیاتر لە حكومەتی داهاتوو نەك پارێزگاریكردن لە پاك و بێگەردی پرۆسەی هەڵبژاردن و گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەنەكەی و پاراستنی هەیبەتی دیموكراتی، ئەمە ڕای بەشێك لە چاودێرانی دۆخی عێراقە. لەگەڵ ئەوەی زۆرێك لە هێزە گەورەكان دژایەتی هەمواری سێهەمی یاسای هەڵبژاردنەكان دەكەن بەڵام هیچ لایەنێكی سیاسی وەك (یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان)، كۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانیش وەك سەرپەشتیاری پرۆسەكە بەئاشكرا دژایەتی هەمواری یاساكە و بڕیارەكانی پەرلەمان ناكەن و تانەیان نەكردوە، دانیشتنی ڕۆژی پێنچ شەممەی دادگای فیدراڵی عێراقیش بۆ لێكۆڵینەوە و یەكلاكردنەوەی ئەو تانانەیە كە لەلایەن ئەمانەوە پێشكەشكراوە، یەكێتی و پارتی چاوەڕوانن ئەو ئەنجامانەی بەدەستیانهێناوە بەبێ دەستكاری تێپەڕێت، كۆمیسۆنی هەڵبژاردنەكانیش تێپەڕاندنی ئەو ئەنجامانەی ڕایگەیاندوە، بەكۆتایهاتنی ئەگەری هەر مولاحەقە و لێپێچینەوەیەكی یاسایی دەزانێت كەبەرامبەری بكرێت. سیناریۆ چاوەڕوانكراوەكان یەكەم: ڕەتكردنەوەی دانیشتنە نائاساییەكەی پەرلەمانی عێراق، بەپاساوی نەبونی نیساب لە دانیشتنی ڕۆژی 28 ئایار، بەوپێیەی پێشتر سەرۆكی لیستی یەكێتی لە كەركوك و هەندێك لایەنی تر ئەم پرسەیان وروژاندوە و ئەگەریش هەیە كردبێتیان بە بەشێك لە تانەكانیان، یاخود بە پاساوی نایاساییبونی ڕێكارەكانی دانیشتنەكان و پێشێلكردنی بنەما دەستورییەكان و لادانی پەرلەمان و تێپەڕاندنی دەسەڵاتەكانی خۆی. جەعفەر موسەوی وتەبێژی سیاسی موقتەدا سەدر براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكان لە نوێترین لێدوانیدا لەسەر ئەو پرسە دەڵێت، هیچ كەس مافی ئەوەی نیە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن پوچەڵبكاتەوە پێش دەرچونی بڕیاری دادگای فیدراڵی، پێشوایە دانیشتنە نائاساییەكەی پەرلەمان بیدعە و داهێنانی سیاسیە و پێشتریش دادگای فیدراڵی بڕیارەكانی پەرلەمانی لە دانیشتنێكی نائاساییدا پوچەڵكردوەتەوە. موسەوی دەشڵێت، دانیشتنە نائاساییەكی پەرلەمان كاردانەوە و هەڵچون بووە و بڕیارەكانیشی ملكەچی بەرژەوەندی حزبی و تاكەكەسی بوون، لەو بڕوایەشەدایە دادگای فیدراڵی ئەو بڕگانەی هەموارەكە ڕەتدەكاتەوە كە دژ بە دەستورن. پێشتریش وتەبێژەكەی سەدر لە لێدوانێكدا باسی لەوەكردبوو، هەموو ئەو ڕێكارانەی پەرلەمانی عێراق گرتویەتیەبەر بە بڕیارێكی داگای فیدراڵی كۆتایی پێدێت، بەوپێیەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی یەكلاكەرەوەن و بواری تانەلێدانیان نیە. دووەم: ئەگەر هەیە دادگای فیدراڵی بڕگەی سێهەمەی هەمواری سێهەمەی هەڵبژاردنەكان ڕەتبكاتەوە كە بەپێی ئەم بڕگەیە، دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان و دەرەوە و ئاوارەكان و مەرجدار و جوڵەی دانیشتوان پوچەڵدەبێتەوە، لەگەڵ ئەوەی لە كاتی بڵاوكردنەوەی دەقی هەمواری سێهەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا قسەكانی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقی تیادا جێگیرنەكرابوو كە دەڵێت، ئەم دەنگانە بە پوچەڵ ئەژمار دەكرێن ئەگەر سەلمێنرا كە ساختەكارییان تێدا كراوە، بەڵام دروستی ئەو مادە یاساییە بەوشێوەیەیە كە دەبێت بسەلمێنرێت ساختەكاری ئەنجامدراوە ئەوجا ئەو دەنگانە پوچەڵدەكرێنەوە، بەڕای هەندێكیش ئەو لایەنانەی كە تانەیان داوە لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بەڵگەی حاشا هەڵنەگریان لەسەر ئەنجامدانی ساختەكاری لەم دەنگدانانە پێشكەشكردووە بۆیە لایەنەكانی بەرامبەریان ترسی گەورەیان هەیە پوچەڵبكرێنەوە و ڕێژەیەكی بەرچاو لە كورسییەكانیان كەمبكات. پەرلەمانتار عەبدولڕەحمان لویزی لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی، لە مادەی سێهەمەی هەمواری یاساكەدا هاتووە، جگە لە دەنگی ئەو كەمینانەی كە سیستمی كۆتا دەیانگرێتەوە، ئەنجامی هەڵبژاردنی دەرەوەی سەرجەم پارێزگاكان و جوڵەی دانیشتوانی پارێزگاكانی ئەنبار و سەڵاحەدین و نەینەواو و دیالە و هەڵبژاردنی ئاوارەكان و دەنگدانی مەرجدار و دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان هەڵدەوەشێنرێتەوە، ئاماژە بەوەشدەكات، بەپێی دەقی ئەو مادەیەش دەنگی هەندێك خەڵكی دیاریكراو بەشێوەیەكی هەڕەمەكی هەڵوەشێنراوەتەوە، دواتر لە كۆتایی مادەكەشدا جارێكی تر هەمواركراوەتەوە و ئاماژە بەوەكراوە، دەنگی ئەو وێستگانە هەڵبوەشێنرێنەوە كە ئەنجامدانی ساختەكاری تیایدا دەسەلمێنرێت، ئەو دەسەڵاتەشی داوەتە ئەو دەستە دادوەرییە كە لێكۆڵینەوە لە تانەكانی هەڵبژاردن دەكات. موحسن سەعدون سەرۆكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق زۆر دڵنیایە لەوەی دادگای فیدراڵی مادەی سێهەمی هەمواری سێهەمەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان ڕەتدەكاتەوە بەوپێیەی پەرلەمان بە پوچەڵكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن، دەستوری پێشێلكردووە. سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، مادەی 61 لە دەستوری عێراق مافی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی نەداوە پەرلەمانی عێراق، تەئكیدیشیكردوە، ئەركی سەرەكی پەرلەمان داڕشتنی یاسا و هەمواركردنێتی، نەك ڕەتكردنەوەی. تاریق حەرب شارەزای یاسای دەستوریی دەڵێت، دادگای فیدراڵی ناتوانێت تەواوی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان ڕەتبكاتەوە، بەڵكو دەتوانێت تانە لە هەندێك لە مادەكانی یاساكە بدات و ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق بكاتەوە. سێهەم: ڕەتكردنەوەی تانەكانی یەكێتی و پارتی و كۆمیسۆنی هەڵبژاردنەكان لە هەمواری سێهەمەی یاسای هەڵبژاردنەكان و دەستكردن بەجێبەجێكردن ئەو ڕێكارە یاساییانەی پەرلەمانی عێراق پەسەندیكردوون، بەڕای زۆرێك لەچاودێران ئەمەیان لاوازترین سیناریۆیە، هەرچەندە زۆرینەی بۆچونەكان بەئاراستەی ئەوەیە كە ماددەی سێهەمی یاساكە ڕەتبكاتەوە، بەوپێیەی پەرلەمانی عێراق مافی هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی نیە وەك ئەوەی لەسەروە باسكراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە پرسێكی كۆنكرێتی نیە، چونكە پەرلەمانی عێراق ئەم مادەیەشی مەرجدار كردوە، واتە هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەنگدانانەی دیاریكردون، مەجداری كردووە بە سەلماندنی ساختەكاری تیایدا نەك ڕەتكردنەوەی بەشێوەیەكی قەتعی و بەبێ ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە. دەرەنجام: نزیكترین سیناریۆ و پێشبینی بۆ بڕیاڕی دادگای فیدراڵی كە بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە 21 مانگ لە دانیشتنێكی ئاشكرادا ئەو پرسە یەكلابكاتەوە و كۆتایی بەو مشتومڕە بێنێت كە لە دوای هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراقەوە لەنێوان لایەنەكان دروستبوە، سیناریۆی دووەمە، واتە ڕەتكردنەوەی مادەیەك لە یاساكە نەك تەواوی یاساكە یان پەسەندكردنی تەواوی یاساكە، بەوپێیەی ئەو لایەنانەی كە زیانیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن كردوە تەئكید دەكەن بایی ئەوە بەڵگەیان لەسەر ساختەكاریی پێشكەشكردووە ئەگەر ئەنجامەكانی بەم شێوەیەی ئێستا تێپەڕێنن نەك پرۆسەی دیموكراسی بەڵكو پرسیاری گەورە لەسەر بێلایەنی و نەچونە ژێر فشاری سیاسی لەسەر دامەزراوەكانی دەوڵەتیش دروستدەبن. تێبینی لایەنە براوەكانیش تەنها لەسەر پوچەڵكردنەوەی ئەو دەنگانە نیە كە پەرلەمانی عێراق لە هەمواری یاسای هەڵبژاردندا پەسەندیكردووە، بەڵكو لەبارەی جیاكردنەوە و بژاردەی دەستی دەنگەكانیش تێبینیان هەیە و بژاردنەوەی لەسەدا سەدی دەنگەكان بە بڕیارێكی نادادپەروەرانە دەزانن و پێیانوایە پەرلەمانی عێراق لە هەمواری یاساكەدا توند بوە و بەگیانی تۆڵە و هەڵچونەوە مامەڵەی كردوە و داوادەكەن لە نێوان 5% بۆ 10% دەنگەكان بەدەستی بژمێرێنەوە.
بەپێی ئاماری ئەنجومەنی دادوەری عێراق لە مانگی ئایاری رابردوودا لە پارێزگاكانی عێراق بەبێ هەرێمی كوردستان رێژەی جیابوونەوە 22% بووە بەو پێیەی ژمارەی هاوسەرگیری ( 30230 ) هاوسەرگیری هەبووە، لەبەرامبەریشدا ( 6582 ) جیابونەوە هەبووە، بەوەش رێژەی جیابونەوە دەكاتە (22%) . بەبەراودر بە مانگی یەكی 2018 ژمارەی هاوسەرگیری ( 33284 ) هاوسەرگیری هەبووەلەبەرامبەردا ( 9398 ) جیابونەوە هەبووە بەرێژەی ( 28%) واتا لە نێوان پێنج مانگدا رێژەی جیابونەوە بە 6% كەمیكردووە. هەربەپێی ئاماری ئەنجومەنی دادوەری عێراق لە ساڵی 2017 دا (320961 ) هاوسەرگیری هەبووە لەبەرامبەردا (70097 ) جیابونەوە هەبووە بەرێژەی ( 22%) بەبەراورد بە پارێزگایەكی وەك سلێمانی كە لە 11 مانگی 2017 ژمارەی هاوسەرگیری ( 8864 ) و ( 1365 ) جیابوونەوە بەرێژەی ( 15% ) بووە.
(درەو میدیا): نوری مالیكی كار بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێنتیەكی فراوان و حكومەتی زۆرینە دەكات، وتەبێژی هاوپەیمانی نەسریش دەڵێت، سەرەتای هەفتەی داهاتوو كۆبونەوەی عەبادی و لایەنەكان بەڕێوەدەچێت و چەندین لیستی براوەش ئامادەییان پیشانداوە بۆ بەشداریكردن. نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانیكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، دەوڵەتی یاسا كاردەكات بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتیەكی گشتگیر كە شیعە و سوننە و كورد لەخۆبگرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی زۆرینە، مەترسی خۆشی پیشانداوە لەدوای 30 حوزەیرانەوە بۆشایی دەستوری لە عێراق دروستبێت. مالیكی ئاماژەی بەوەشكردووە، هێشتا زووە بۆ قسەكردن لەسەر پێكهێنانی هاوپەیمانێتی، تا ئەو كاتەی ئاڕاستەی پرۆسەی هەڵبژاردن ڕێكدەكرێتەوە و ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بەشێوەیەكی كۆتایی پەسەنددەكرێت. لە كۆبونەوەی عەبادی و لایەنەكاندا باس لە تانەكان ناكرێت لەلایەكی ترەوە، حسێن عادلی وتەبێژی لیستی نەسر، كە حەیدەر عەبادی سەرۆكایەتی دەكات، لە بەیاننامەیەكەدا ڕایگەیاندوە، 10 لیستی براوەی هەڵبژاردنەكان پێشوازییان لە دەستپێشخەرییەكی عەبادی كردووە و ئامادەییان دەربڕیوە بەشداری لە كۆبونەوەكەدا بكەن، پێشبینیشیكردوە سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەو كۆبونەوەیە بەڕێوەبچێت. وتەبێژی لیستەكەی عەبادی ئاشكرای كردوە، ئامانجی دیدارەكە ڕێككەوتنە لەسەر هێڵە گشتییەكانی ئیدارەدانی دەوڵەت و دامەزراوەكانی لە قۆناغی داهاتوودا و ڕۆشنایی ناخاتە سەرپرسی تانەكانی هەڵبژاردنەكان، بەوپێیەی پرسێكی دادوەرییە و یاسا و دادگاكان دەبێت یەكلایبكەنەوە.
وتەبێژی دادگای فیدراڵیی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند دادگای فیدراڵی عێراق کاتژمێر 11ی بەیانی رۆژی پێنجشەممە 21ی حوزەیرانی دیاریكرد، بۆئەوەی لە دانیشتنێكی ئاشكرادا ئەو سكاڵایانە تاوتوێبكات كە لەلایەن فوئاد مەعسووم، سەرۆك كۆماری عێراق و ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و پارتی دیموكراتی كوردستانەوە لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان تومارکراون. لە رۆژی 6/6/2018 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی پەسەندكرد كە تیایدا بڕیاریدا بە ئەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكان و هەڵوەشاندنەوەی دەنگی ئاوارە و دەرەوە و دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان، ئەمەش هەندێك لایەن دژی وەستانەوە و هەندێكیش پشتیوانیان لێكرد. دەقی یاساكە: یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە (45)ی ساڵی 2013ی هەمواركراو: ماددەی -1- ماددەی (38)ی یاساكە هەڵدەوەشێنرێتەوە ئەمەی خوارەوە جێگەی دەگرێتەوە: ماددەی-38- كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان پابەندە بە دووبارە جیاكردنەوە و ئەژماركردنەوەی دەستیی هەموو بنكەكانی هەڵبژاردن لەسەرتاسەری عێراق بە ئامادەبونی بریكاری قەوارە سیاسییەكان و كاركردن بە ئامێری ئەلیكترۆنیی خێراكردنی ئەنجامەكان هەڵدەوەشێتەوە و ئەنجامەكان پشت بە ژماردنی دەستی دەبەستێت، ئەم ژماردنە دەستییە تەنانەت وێستگە هەڵوەشاوەكانیش دەگرێتەوە. ماددەی-2- پێویستە لەسەر كۆمسیۆن كارتەكانی دەنگدان بەراورد بكات لەگەڵ ئەو راپۆرتەی كە لە ئامێری لێكۆڵینەوەی ئەلیكترۆنی (باڕكۆد) دەرچووە، لەگەڵ گرتنەبەری بڕیاری پێویست لەوبارەیەوە. ماددەی-3- جگە لە دەنگی كەمینەكان كە سیستمی (كۆتا) دەیانگرێتەوە، ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی دەرەوە بۆ هەموو پارێزگاكان و هەڵبژاردنی جوڵەی دانیشتوان لە پارێزگاكانی (ئەنبار- سەلاحەدین- نەینەوا- دیالە) و هەڵبژاردنی ئاوارەكان لە كەمپەكان و هەڵبژاردنی دەنگدانی مەرجدار و زیندانییەكان و هەڵبژاردنی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان، هەڵدەوەشێنەوە. ماددەی-4- لە كاتی بوونی سەرپێچی كە پێویست بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكان بكات لە بنكەكانی هەڵبژاردندا، دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئەنجامانەی هەیە بەپێی ئەوەی لە ماددەی (8/سێیەم)ی یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ژمارە (11)ی ساڵی 2007دا نوسراوە. ماددەی-5- ئەنجومەنی باڵای دادوەریی (9) دادوەر دادەنێت بۆ بەڕێوەبردنی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و دەسەڵاتی ئەنجومەنی كۆمسیاران وەردەگرن لە بری ئەنجومەنی كۆمسیارانی ئێستا، هەروەها دادوەرێك بۆ هەر ئۆفێسێك لە ئۆفێسەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە پارێزگاكان لەبری بەڕێوەبەرەكانی ئێستا، لەگەڵ پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە، ئەركی دادوەرە دانراوەكان تەواودەبێت، ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران و بەڕێوەبەری ئۆفێسی پارێزگاكان لەكاركردن رادەوەستن تا ئەوكاتەی لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی ساختەكاریی كە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بۆ كردووە، تەواودەبێت. ماددەی-6- حوكمەكانی ئەم یاسایە جێبەجێ دەبێت لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی 2018. ماددەی-7- كار بە هیچ دەقێك ناكرێت كە دژ بە حوكمەكانی ئەم یاسایە بێت. ماددەی-8- لە رۆژی دەنگدانەوە لەسەری، ئەم یاسایە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
سەركردەیەكی دەوڵەتی یاسا ڕایدەگەیەنێت، حزبی دەعوە ژمارەیەك كاندید بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران پێشنیاز دەكات و كەسیش مافی ئەوەی نیە هێڵی سوریان بۆ دابنێت، دەشڵێت، مالكی تائێستا خۆی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە كاندید نەكردوە. عەبدولسەلام مالكی سەركردە لەئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لەهەوڵەكانی هاوپەیمانی سائیرونی موقتەدا سەدر و هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆكایەتی هادی عامری دەكەن بۆ دورخستنەوەی حزبی دەعوە و بێبەشكردنی لەپۆستی سەرۆك وەزیران، بەڕۆژنامەی عەرەبی ئەلجەدیدی ڕایگەیاندوە، كەس ناتوانێت هێڵی سور بۆ حزبی دەعوە دابنێت و زیاد لەكاندیدێكێشیان هەیە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە و نوری مالكی ئەمینداری حزبەكەشیان تائێستا خۆی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە كاندید نەكردوە. ئەو سەركردەیەی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا ڕاشیگەیاندوە، مەرجی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێ پەراوێزنەخستنی هیچ لایەنەكەو سەرجەم ئەو هاوپەیمانێتیانەشی تائێستا ڕاگەیاندراون تەنها ڕێكەوتنە و پرۆسەی سیاسیش بەتەنها لەسەر بنەمای ڕێكەوتن بنیاتبنرێت بەڵكو پێویستی بەپەیماننامەو گرێبەستی سیاسی هەیە.
