راپۆرتی كۆتایی كۆمسیۆن لەبارەی چارەسەری دۆزی كورد پەسەندكرا
2026-02-18 11:31:39
(درەو):
كۆمسیۆنی تایبەت بە چارەسەری پرسی كورد راپۆرتی خۆی تەواو كردو بە زۆرینەی دەنگ پەسەندكرا، بڕیارە ئەمە بكرێت بە بنەمای چارەسەری پرسی كورد لەو وڵاتە، سەرۆكی پەرلەمانی توركیا دەڵێ پرسی هەمواری دەستور لە بەرنامەی كاری كۆمسیۆندا نییە، بەڵام پێویستە هەموار بكرێت. نوێنەرانی كورد لە كۆمسیۆنەدا تێبینییان هەیە لەسەر ناونانی پرۆسەكە بە "توركیای بێ تیرۆر" لەناو راپۆرتەكەدا، جگە لەمە داوا دەكەن ئاستەنگەکانی بەردەم زمانی کوردی و زمانەکانی دیکە لاببرێن و؛ فرە زمانی قبوڵبکرێت.
راپۆرتی كۆتایی
کۆمیسیۆنی (هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی) تایبەت بە چارەسەری دۆزی كورد لە پەرلەمانی توركیا؛ راپۆرتی كۆتایی خۆی تەواو كردو بڕیارە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات و پەسەندی بكات.
نوعمان كورتولموش سەرۆكی پەرلەمانی توركیا لە دانیشتنی ئەمڕۆی كۆمسیۆندا چارەسەری پرسی كوردی وەكو "پرسی تیرۆر" ناوبردو رایگەیاند" ئەم راپۆرتە بەواتای لێبوردن نییە". سەرۆكی پەرلەمانی توركیا ئاشكرایكرد، ماوەی 88 كاتژمێر كاركراوە لە ئامادەكردنی ئەم راپۆرتەدا كە لە (4199) لاپەڕە كۆنوس پێكهاتووە، حەوت بەش لەخۆدەگرێت، كە ئەمانەن:
- بەشی یەکەم: بە ناوی "توێژینەوەکانی کۆمیسیۆن" باس لە پرۆسەی کارکردنی کۆمیسیۆن دەکات.
- بەشی دووەم: باس و جەختکردنەوە لە چوارچێوەی ئامانجە سەرەکییەکانی کۆمسیۆن لەخۆدەگرێت.
- بەشی سێیەم: باس لە ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی برایەتی تورک-کورد و بنەماكانی برایەتی دەکات.
- بەشی چوارەم: هەڵسەنگاندن بۆ ئەو بوارانەی ڕێککەوتن دەکات کە لە شیکاری وتاری ئەو کەسانەوە سەرچاوەی گرتووە كە کۆمیسیۆن گوێی بۆ گرتوون.
- بەشی پێنجەم: تەرخانکراوە بۆ پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی پارتی كرێكارانی كوردستان و چەكدانانی.
- بەشی شەشەم: تایبەتە بە پێشنیارەکانی ڕێکخستنی یاسایی سەبارەت بە پرۆسەکە.
- بەشی حەوتەم: تایبەتە بە پێشنیارەکانی تایبەت بە دیموکراسیکردن.
ڕاپۆرتەکە بە بەشی کۆتایی كە تایبەتە بە دەرەنجام و هەڵێنجانەكان کۆتایی دێت. پێنج پاشکۆی جیاواز وەک هاوپێچێک بۆ ڕاپۆرتی سەرەکی ئامادە کراوە. ئەمانەش بریتین لە؛ لیستی ئەندامانی کۆمیسیۆنی هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی و، ڕێکار و پرەنسیپەکانی کارکردنی کۆمسیۆن و لیستی دیجیتاڵی ئەو ڕاپۆرتانەی لە لایەن لایەنە سیاسییەکانەوە پێشکەشی کۆمسیۆن کراوە، پوختەی 20 کۆبوونەوە كە تا ئێستا بەڕێوەچوو، هەروەها لیستی دامەزراوەکان، ڕێکخراوەکان، نوێنەرەکان و ئەو کەسانە لەخۆدەگرێت کە گوێیان لێ گیراوە، وتاری ئەو ئەندامانەی كۆمسیۆن کە لە دوا كۆبوونەوەدا بەناوی لایەنەکانەوە قسە دەکەن.
هەمواری دەستور
سەرۆكی پەرلەمانی توركیا وتی:" هەرچەندە داڕشتنی دەستورێکی نوێ لە چوارچێوەی ئەرکەکانی کۆمسیۆنەکەماندا نییە، بەڵام وەک ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی هاوبەش لەبەردەمماندا وەستاوە کە ناتوانرێت دوابخرێت و دەبێت بۆ وڵاتەکەمان جێبەجێ بکرێت".
هەندێك لەو بابەتانەی كە چارەسەری دۆزی كورد لە توركیا دەیخوازێت تەنیا بە دەركردنی یاسای نوێ یاخود هەمواری یاسا كۆنەكان چارەسەر نابێت و پێویستی بە هەمواری دەستوریش هەیە.
كورد چی دەڵێ؟
(دەم پارتی) كە نوێنەرایەتی كورد دەكات لە پەرلەمانی توركیا، لەبارەی هەندێك چەمك و پێناسە لەناو راپۆرتەكە تێبینی هەیە.
ئەندامانی (دەم پارتی) لەناو كۆمسیۆنەكەی پەرلەمانی توركیا لە بەیاننامەیەكدا رایانگەیاند، چەمکی "پرۆسەی تورکیا بێ تیرۆر" و "ڕێکخستنی تیرۆر" و هتد لەناو راپۆرتەكەدا، بە ڕاست نابینن.. لەم جوگرافیایەدا تورک و کورد و عەرەب و چەندین ئیتنیک و گرووپی باوەڕی جیاواز هەن، پێویستە پەیوەندیی نێوان گەلان و باوەڕەکان لەسەر بناغەیەکی دیموکراتیک بێت.
(دەم پارتی) باسی بانگەوازەکەی 27ی شوباتی ئۆجالان كردووەو دەڵێ: ئێمە ئەم پرۆسەیە وەک "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" پێناسە دەکەین.
"هیچ لێکتێگەیشتنێک لەنێو کۆمیسیۆن سەبارەت بە ناونانی پرۆسەکە نییە و دەبێت پێناسەی (دیموکراسی، خوشک-برایەتی و یەکێتیی نەتەوەیی) هەڵبژێردرێت".
لەبەشێكی تردا ئاماژە بەوە كراوە، بەڕێز ئۆجالان ئەکتەرێکی گرنگی نێو پرۆسەکەیە، ئەو زمانەی لە ڕاپۆرتەکەدا سەبارەت بە ئەو بەکارهاتووە لەگەڵ ڕۆحی پرۆسەکەدا یەکناگرێتەوە.
"مافی زمانی دایکی، مافێکی بنچینەیی و زگماکییە و پێویستە ئاستەنگەکانی بەردەم زمانی کوردی و زمانەکانی دیکە لاببرێن و فرە زمانی قبوڵبکرێت" ئەمەش بەشێكی تر لە تێبینی نوێنەرانی كوردە لەبارەی راپۆرتەكە.
بۆچوونی ئۆجالان لەبارەی پرۆسەكە
هاوكات لەگەڵ پەسەندكردنی راپۆرتی كۆمسیۆنی پەرلەمانی توركیا تایبەت بە چارەسەری دۆزی كورد، شاندی (دەم پارتی) كرۆكی دیداری خۆی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان لە رۆژی 16ی ئەم مانگەدا ئاشكرا كرد.
كورتەی بۆچونەكانی ئۆجالان لە دیداركەدا بەمشێوەیە بووە:
🔹پێویستە ڕاپۆرتەکەی کۆمیسیۆن لەگەڵ ڕاستینە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگەدا بسازێت. ئەم تایبەتمەندییەی ڕاپۆرتەکەی کۆمیسیۆن، بایەخێکی زۆری دەبێت بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە لە ئایندەدا.
🔹ئەو سیاسەتەی بە لۆژیکی "نەهێشتنی تیرۆریزم" مامەڵە لەگەڵ پرسەکەدا دەکات، گوزارشتە لە بنبەست نەوەک چارەسەر.
🔹پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، پرۆسەیەکە کە بەردەوام هەڵسەنگاندنەوە بۆ خۆی دەکات و ستراتیژ و تاکتیکەکانی خۆی دەستنیشان دەکات. ئەم کۆبوونەوەیە، وەک کۆبوونەوەی دەسپێکردنی ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک هەڵدەسەنگێنم. بەم بۆنەیەوە، جارێکی تر بەڕێزەوە هەڤاڵ سری سورەیا ئۆندەر بەبیردەهێنمەوە. بەنیسبەت منەوە، ئەو مزگێنی و هەڤاڵێکی هێژا بوو.
🔹ئەو پرۆسەیەی بەرەو دامەزراندنی کۆمار دەستی پێ کرد، لەسەر بنەمای یەکێتی تورک و کورد دامەزرا. هەرچەند دواتر ئەم ڕاستییە شاردرابێتەوە، بەڵام شوێنەوارەکانی لە هەموو بەڵگەکاندا دەبینرێتەوە. ئەمە لە سەردەمی شەڕی سەربەخۆی، لەکۆنگرەکان و ڕاگەیاندنی کۆماردا پەسەندکراوە. خودی موستەفا کەمال لە 17ی کانوونی دووەمی 1921 لە ئەزمیت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا هەڵسەنگاندنەکانی دەربارەی کوردان خستەڕوو. ئەم کۆمارە بەبێ کورد دانەمەزراوە. ئەوانەی نکۆڵی لەمە دەکەن، هەموو ڕۆژێک بە زمانێکی توند و وێرانکەر دەدوێن. کورد لە بنک و بناغەی کۆماردا ئامادەیە. ئەو دەقە یاساییانەی دواتر ئامادەکران، کوردیان وەدەرنا، ناسنامە و زمانی کوردیان قەدەغەکرد، ئەمەش بووە سەرچاوەی نکۆڵی و سەرهەڵدان.
🔹ئەم پرۆسەیەی تێیداین، پرۆسەی کۆتاییهێنانە بە نکۆڵی و سەرهەڵدان. دەمانەوێت گفتوگۆ بکەین لەسەر ئەوەی چۆن پێکەوە لەنێو ئاشتییدا بژین.
🔹لە سەدەکانی ناوەڕاستدا پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای یەکێتیی ئایینی بووە و سیستەمی میرنشینەکان لەسەر ئەم بنەمایە بنیات نراوە. بەڵام ئێمە ئەمڕۆ بە فۆرمێک کە گونجاوبێت لەگەڵ پێوانە و لۆژیکی هاوچەرخ، لەگەڵ کۆماردا ئینتیگرە دەبین. ئەمە پێویستی بە بنیاتنان و تەلارسازییە. نکۆڵی لە گەلی کورد بەمانای ئەم بنیاتنان و تەلارسازییە نایەت. بەڵکوو ئەم بنیاتنان و تەلارسازییە بەبێ یاسا و پرەنسیپ نابێ. کورتکردنەوەی ئەم بابەتە بۆ هەندێ گۆڕانکاریی لە یاسای سزادان، هەڵوێستێکی چەوتە. پایە سەرەکییەکانی ئەم بنیاتنانە، یاخود بڵێین، پرەنسیپە سەرەکییەکانی ئینتیگراسیۆن، لە بانگەوازی 27ی شوباتدا باسکراون. ئەم بانگەوازە، خۆی لە خۆیدا بەرنامەیەکی سیاسییە.
🔹کێشەیەک لە پێناسەکردنی هاوڵاتیبووندا هەیە. هاوڵاتیبوون ئاماژەیە بۆ ئەو پەیوەندییەی کە لەگەڵ دەوڵەتدا دامەزراوە. هاوڵاتیبوون دڵسۆزی بۆ دەوڵەت دەستنیشان دەکات، بەبێ گوێدانە جیاوازیی ئیتنیکی، زمان، باوەڕ، یان ئایدۆلۆژیا. بۆ نموونە، گرنگ نییە مرۆڤ سۆسیالیست بێت یان سەرمایەدار، موسڵمان بێت یان مەسیحی، کورد بێت یان عەرەب. هەموویان دەتوانن هاووڵاتی دەوڵەت بن. من باسکردن لە هاوڵاتی ئازاد بەباشتر دەبینم. یان دەتوانین پێی بڵێین، هاوڵاتی دەستوری، بەڵام هاوڵاتی ئازاد بەرفراوانترە. مرۆڤ لە ئایینەکەیدا ئازاد بێت، لە نەتەوەکەیدا ئازاد بێت، لە بیرکردنەوەیدا ئازاد بێت. ئایا پێناسەی هاوڵاتیبوون لە تورکیا ئەم مەرجە دەگرێتەوە؟ تا ڕادەیەک ناڕوونە.
🔹پێویستە مرۆڤ بتوانێت ئازادانە ناسنامەی ئایینی و ئایدیۆلۆژی و نەتەوەیی خۆی دەرببڕێت و ڕێکبخات. ئەمەش دەبێت لە چوارچێوەی سنوورێکی دیموکراتیکدا و بە شێوەیەک بێت کە یەکپارچەیی دەوڵەت بپارێزێت. وەک چۆن هاوڵاتیان ئازادن لە دەستنیشانکردنی ئایین و مەزهەب و بیرکردنەوەیان، دەبێت وەهاش ئازادبن لە دەستنیشانکردنی ناسنامەی نەتەوەی خۆیان. وەک چۆن ناتوانیت ئایین و زمانەکەت بەسەر ئەوانیتردا بسەپێنێت، نابێ نەتەوەکەشت بەسەر ئەوانیتردا بسەپێنێت. پێویستە هەمووان بتوانن ئازادانە نەتەوە و ناسنامەی خۆیان دەستنیشان بکەن.
