Draw Media

گەورەترین كوتلە بوو بە گەورەترین كێشە لە عێراق

گەورەترین كوتلە بوو بە گەورەترین كێشە لە عێراق

2018-09-03 15:01:52


راپۆرتی: درەو میدیا
وەك چاوەڕوان دەكرا، لە یەكەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق، كە ئەمڕۆ 3ی ئەیلول بەڕێوەچوو، بەهۆی ڕێكنەكەوتنی لایەنەكان و شكستهێنانی هەردوو بەرە شیعییەكە لە پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی و یەكلاكردنەوەی پۆستەكان، ئەندامانی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق نەیانتوانی دەستەی سەرۆكایەتی نوێی پەرلەمان هەڵبژێرن، كە لە سەرۆك ودوو جێگرەكەی پێكدێت و بەپێیی ئەو سیستمی تەوافوقەی ل ەعێراق پیادەدەكرێت، سەرۆكی پەرلەمان لە پشكی سوننەكانەو جێگری یەكەم پشكی شیعەكانە و جێگری دووەمیش بەر كورد دەكەوێت.
لەگەڵ ئەوەی بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمان كە سەرۆكی دانیشتنەكەی ئەمڕۆی كرد، دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كردەوە، بەڵام بەشێك لە كوتلە سیاسییەكان (فراكسیۆنەكانی پارتی و یەكێتی و فەتح و دەوڵەتی یاسا) دوای ئەوەی سوێندنی یاساییان خوارد، دانیشتنەكەی پەرلەمانیان بایكۆتكرد و بەهۆی نەبوونی نیسابی یاساییشەوە دانیشتنەكە بۆ سبەینێ‌ هەڵگیرا، بەگوێرەی هەندێك سەرچاوە، لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆدا زیاد لە ئەندامێكی پەرلەمان ناوی خۆیان وەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پێشكەشكردووە كە ئەمانەن: ( محمەد حەلبوسی، محەمەد تەمیم، ئوسامە نوجێفی، ڕەشید ئەلعەزاوی، ئەحمەد ئەلجبوری، تەڵاڵ زەوبەعی). 
 بەڕای زۆرێك لە چاودێران پێناچێت سبەینێش سەرۆكایەتی پەرلەمان یەكلابكرێتەوە، لانی كەم تا ئەو كاتەی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی ڕادەگەیەنرێت، یان لایەنە ڕكابەرەكان دەگەنە ڕێككەوتن كە ئەمەیان بەڕای زۆرێك بەدوور دەزانرێت.


هاوكێشەی ئیستای هێز و لایەنەكان 
ئەمڕۆ هاوپەیمانی سەدر و عەبادی پێكهێنانی كوتلەیەكی پەرلەمانیان ڕاگەیاند بەناوی كوتلەی (الاصلاح والاعمار) كە بەوتەی خۆیان 20 هێز و لایەن وكیانی سیاسی لەخۆدەگرێت، بەبێ ئەوەی ژمارەی ئەندامەكانی ئاشكرابكات، ئەوە لە كاتێكدایە لە شەوی ڕابردووەوە زیاد لە لیستێكیان بەناوی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی ڕاگەیاندووە، بەڵام تائێستا شكستیانهێناوە لە بەدەستهێنانی زۆرینەی ڕەهای كورسییەكانی پەرلەمان (50+1)  كە دەكاتە 165 كورسی.
بەرەی مالیكی_عامریش كە درەنگانێكی شەوی ڕابردوو لە ئوتێل ڕەشیدی شاری بەغدا كوتلەی (البنا‌و) یان ڕاگەیاند، ئاماژەبەوەدەكەن كە 13 هێز و لایەنی سیاسی لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیەكەیاندایە، ئەمڕۆش لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا هادی عامری سەرۆكی لیستی فەتح ناوی 150 پەرلەمانتاری بەئیمزاكانیانەوە ئاشكراكرد كە چونەتە ژێر چەتری هاوپەیمانێتییەكەیان، پێشتریش ئەحمەد ئەسەدی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح  ڕایگەیاند كە هاوپەیمانییە تازەكەیان خاوەنی 150 كورسی پەرلەمانە.
لەنوێترین پێشهاتیشدا،حەسەن عالوقی سەرۆكی ئیئتیلافی سائیرون لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ژمارەی ئەندامانی كوتلەی  (الاصلاح والاعمار) 180 پەرلەمانتاری تێپەڕاندووە و پێویستە بەپێی دەستور سەرۆك كۆمار كوتلەكەیان ڕابسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت. 
بە وتەی هەندێك سەرچاوەش، لە دانیشتنی ئەمڕۆدا حەیدەر عەبادی یاداشتی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی پێشكەشی بەتەمەنترین ئەندام پەرلەمان كردووە كە سەرۆكایەتی دانیشتنەكەی ئەمڕۆی كردووە، لایەنەكانی ڕكابەریشی لە ڕێی كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیەوە هێز و بازووی سیاسییان نمایشكرد وەك گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی، سەرۆكی كاتی پەرلەمانیش دۆسیەكەی ڕەوانەی دادگای فیدراڵی كرد بۆ یەكلاكردنەوە.


كورد لە كوێی ئەم هاوكێشەیەدایە؟
تائێستا تەنها جوڵانەوەی نوێ‌ خۆی یەكلاكردوەتەوە كە خاوەنی چواركورسییە و بەڕەسمی چونەتە پاڵ بەرەكەی سەدر-عەبادی، پارتی و یەكێتی كە خاوەنی 45 كورسین و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو و هاوپەیمانی كە خاوەنی 11 كورسی پەرلەمانن لەسەر هیچكام لەبەرەكان ساغنەبوونەتەوە.
 بەپێی زانیارییەكان دانوستانەكانی پارتی و یەكێتی لەگەڵ هێز و لایەنە جیاوازەكانی عێراق بەردەوامە و ئەو چوار هێزەی تریش كە پێشتر بە بەرەی ناڕازی ناسرابوون هیچ جوڵەیەكیان لەسەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق بەدیناكرێت، لەگەڵ ئەوەی چەند ڕۆژێ لەمەوبەر هاوپەیمانێتییەكیان بۆ كاری پێكەوەیی لە بەغداد ڕاگەیاند.
بەڕای بەشێك لەچاودێران، زیاد لەشرۆڤەیەك بۆ ئەم بێدەنگییەی هێزە كوردییەكان هەیە بە تایبەتی یەكێتی و پارتی و ساغنەبوونەوەیان لەسەر هیچكام لەم دووبەرەیە، لە كاتێكدا بچنە لای  هەركامێك لەم دوو لایەنە دەیكەنە زۆرینەی ڕەها، كە دیارترینیان ئەمانەن:
خوێندنەوەی یەكەم: پارتی و یەكێتی لەنێوان ململانێكانی ئێران و ئەمریكادا گیریان خواردووە و پێیانوایە بچنە پاڵ هەریەكێك لەم دوو بەرەیە بەتەواوی لەسەر لایەك ساغدەبنەوە (ئێران یان ئەمریكا) و ئەوی تر دەكەن بەدوژمنی خۆیان كە ڕەنگە باجەكەی زۆر قورس بێت، بۆیە چاوەڕێ دەكەن تادواساتەكان و ڕودانی پێشهاتێكی نوێ.
خوێندنەوەی دووەم: پارتی و یەكێتی دڵنیان لەوەی بەبێ ئەوان هیچ كام لەبەرەكان ناتوانن زۆرینەی پەرلەمانیی پێكبهێنن، بۆیە تا دوا ساتەكان هەڵوێستی خۆیان یەكلاناكەنەوە، ئەوەش لەپێناوی بەدیهێنانی داواكارییەكانیان و چنینەوەی زۆرترین دەستكەوتی سیاسی و پۆست و ئیمتیازات.
خوێندنەوەی سێیەم: دووبارەبونەوەی سیناریۆی بەشداری كورد لە ساڵی 2014 كە لە دواین ساتەكاندا بوو، پێگەی سیاسی كورد هەم سەنگێكی وای نەمابوو و هەمیش نەیتوانی بچوكترین داواكاریی لە پێكهێنانی كابینەی ئەو كاتەی حكومەتی عێراق جێبكاتەوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand