هێزە بچوكەكان لە هاوكێشەكە دەكرێنەدەرەوە
2018-09-10 10:57:23
راپۆرت: ئارام مەحمود
لە چەند ڕۆژی داهاتوودا قەیرانی سیاسی لە عێراق بەرەو خاوبونەوە و چارەسەر دەچێت، پرۆژەی زۆرینەی سیاسی و پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە، جارێكی تر شكستیهێنا و هێزە گەورەكان هیچیان ئامادەنەبوون بچنە دەرەوەی یارییەكە و لە شیرینی حكومەت حكومەت بێبەشبكرێن.
بە بڕوای زۆرێك لە چاودێران، دابەشبوونی كۆمەڵێك هێزی كاریگەر بەتایبەتی (سائیرون و فەتح) بەسەر دوو بەرەی دژبەیەكدا ئایندەی عێراقی بەرەونادیار بردووە، بەوپێیەی سائیرون (سەدرییەكان) هەژمونێكی گەورەیان لە شەقام و فەتحیش (حەشدی شەعبی) چەكی هەیە، هەر حكومەتێكیش لەسەر بنەمای كردنەدەرەوەی یەكێك لەم دوو هێزە پێكبێت تەمەنی درێژنابێت، هەردوولاش لە چەندین بۆنەی جیاوازدا بەشێوازی جیا تەئكیدیان لەسەر ئەم بۆچونە كردووە و هۆشدارییان لەبارەیەوە داوە.
زۆرینەی سیاسی مالیكی خست
دروشمی زۆرینەی سیاسی كە نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە هەڵبژاردنەكانی 12ی ئایاری ئەمساڵدا بەرزیكردەوە و بەسەختی بەرگری لێدەكرد و، ئۆباڵی هەموو كێشەكانی عێراقیشی ئەخستە ئەستۆی تەوافوق و پشكێنەی تائیفی، لەم قۆناغەدا جارێكی تر ڕەوانەی ئەرشیفی سیاسی عێراق دەكرێت، وەك سەرچاوە سیاسییەكان دەڵێن، دوای نزیكبونەوەی موقتەدا سەدر و هادی عامری لەیەكتر، دوورنیە مالیكی خۆشی لەگەڵ پرۆژەكەی (زۆینەی سیاسی) لە دیمەنی سیاسی عێراق دوورنەخرێتەوە و ببێتە قوربانیی ئەو داوا گەورەیەی لە كاتێكی هەڵەدا بانگەشەی بەدیهێنانی دەكرد.
وەك زۆرێك لە ئاگایانی دۆخی سیاسی عێراق و تەنانەت هەندێك لە سیاسییە دیارەكانی عێراقیش تەئكیدی لێدەكەنەوە، حوكمی زۆرینە بەكەڵكی دۆخی ئێستا نایەت و عێراق بەرگەی بوونی ئۆپۆزسیۆنێكی ڕاستەقینە ناگرێت، هەندێكی دیكەش دەڵێن، ئەم بۆچونە ئەگەر لەبارێكدا ڕاستی ئەوەی تێدابێت كە عێراق وڵاتێكی فرە پێكهاتە و مەزەهەب و ئاین و نەتەوەی جیاوازە و خستنەدەرەوەی هەر كامێك لەمانە بەمانای پەراوێزخستنی كەمینە و تۆخكردنەوەی بنەمای دیكتاتۆریەتی زۆرینەیە و تەنها لەڕێی تەوافوقی سیاسییەوە دەكرێت بەشداری هەموان لەبڕیاری سیاسیادا زامن بكرێت، ئەوا لەبارەكەیدا تردا ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت، كە هێزە سیاسییەكانی عێراق، ئەوەندەی هەڵپە بۆ بەدەستهێنانی پۆست و ئیمتیازی سیاسی دەكەن، هێندە خەمیان لای ڕێككردنەوەی پرۆسەی حوكمڕانی و ئاوڕدانەوە لە كێشەكانی ژیانی خەڵك نیە، كە وەك دەوترێت، مەرج نیە بەئامادەبونیان لە حكومەتدا بەدیبهێنن، بەڵكو دەكرێت لەڕێی پێكهێنانی ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز و چاودێریكردنی كاركان حكومەتەوە، هەم دەستكەوتی زیاتر بۆ خەڵك بەدەستبهێنن و بنەماكانی دیموكراسیش بچەسپێنن، زیاتر لەوەش ، خۆپەرستی و ناهۆشیاری سیاسی ئەم هێزانە دەردەخات كە تائێستا نەگەیشتونەتە ئاستی یەكتر قبوڵكردن و پێدانی دەرفەت بەیەكتر تا بەرنامە و لێهاتووی خۆیان تاقیبكەنەوە، بەڵكو ئەگەر بۆیان بلوێت پشتی یەكتری دەدەن بەزەویدا، تائاستی دروستكردنی مەترسی جدی لەسەر ژیانی خەڵك و پەنابردن بۆ توندوتیژی و هەڕەشەكردن بە تێكدانی ئاسایش و سەقامگیری گشتی، ئەگەر نەشتوانن ئەوا بەشەریكی كێكی دەسەڵات لەت دەكەن، كە ئەزمونی چەندساڵی ڕابردوو سەلماندویەتی غەیری گۆڕینی ژیانی كۆمەڵێك خەڵكی دیاریكراو، شتێكی ئەوتۆ لەژیانی خەڵك ناگۆڕێت، ئەمە ڕای زۆرێكە لە خەڵكی عێراقیشە.
گەورەكان حكومەت پێكدێنن
سەبارەت بەدواین زانیارییەكان، ڕەزاق حەیدەری ئەندامی كوتلەی بەدر كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرایكردووە، گفتوگۆی جدی هەیە لەنێوان هاوپەیمانی فەتح (عامری) و هاوپەیمانی سائیرون (سەدر) كە ڕەنگە بەمزوانە كۆتایی بەقەیرانی سیاسی عێراق بهێنێت، ئاماژەی بەوەشداوە، نزیكبونەوەیەكی بەرچاو لەئارادایە بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلە و هەنگاونان بەرەو چارەسەركردنی زۆرینەی كێشە هەڵپەسێردراوەكان لە شەقامی عێراقی.
وەك سەرچاوە ئاگادارەكان دەڵێن، قسەی ئەم بەرپرسەی نزیك لە عامری، ئەوە دەگەیەنێت كە ناوبراو مالیكی بەتەنیا جێهێشتووە، بەڵام پێناچێت ئێرانییەكانیشی بەجێهێشتبێت، شرۆڤەی نزیك ئەوەیە، ڕەنگە ئەمریكا و ئێران گەیشتبنە ئەو بڕوایەی تێكچونی دۆخی ئەمنیی و سیاسی عێراق خزمەت بە بەرژوەندی هیچیان ناكات و لەدواین ساتەكاندا واشنتۆن گلۆپی سەوزی بۆ بەرەكەی سەدر و عەبادی هەڵكردبێت كە حەشدی شەعبی بكەنە بەشدار لەناوەندی بڕیاری سیاسی عێراق و لەبەرامبەریشدا ئێرانییەكان نوری مالیكیان كردبێت بە قوربانیی ئەم پێشهاتە تازەیە.
دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان سوپرایز دەبێت
حەمید معەلە، سەركردە لە ڕەوتەكەی عەممار حەكیم دەڵێت، هاوكێشە سیاسییە بەهێزەكە ئەوەیە، (فەتح و سائیرون و نەسر و حیكمە) پێكەوە دەبن، ئەوەش پشتیوانی ئەو بۆچونەی سەرەوە دەكات كە مالیكی لە هاوكێشەكە كراوەتە دەرەوە.
بڕیارە ڕۆژی شەممەی داهاتوو، 15 ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق جارێكی تر كۆببێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە هەردوو كۆبونەوەی ڕۆژی 3 و 4ی ئەیلول شكستهێنا لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان (سەرۆك و دوو جێگرەكە)، مەعەلە، دەڵێت، ڕۆژی شەممەی داهاتوو پێشهاتی تازە ڕوودەدات كە گەلی عێراق دڵخۆش دەكات، پێدەچێت مەبەستی گەیشتنبێت بەڕێككەوتن لەسەر دابەشكاری پۆستەكان و بەدیاریكراویش سێ سەرۆكایەتییەكە و ڕۆژی شەممە پەرلەمانی عێراق وەك هەنگاوی یەكەم دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێرێت.
ئەو بەرپرسەی ڕەوتی حیكمە كە لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئەم قسانەی كردووە، لەگەڵ ئەوەی تەئكید لەوەدەكات، ناكامڵی دیموكراسی لە عێراق ڕێگە بەبوونی ئۆپۆزسیۆنێكی ڕاستەقینە نادات، هاوكات شتێكی نوێ ئاشكرا دەكات و دەڵێت، تائێستا سەرجەم هێزە سیاسییەكان وازیان لە پرۆژەی (زۆرینەی نیشتمانی) نەهێناوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، كە هێزە گەورەكانی (شیعەو كورد و سوننە) حكومەتی داهاتوو پێكدەهێنن و دەوڵەتی یاسا و هێزە بچوكەكانیش لە هەرسێ پێكهاتەكە لە هاوكێشەی پێكهێنانی حكومەت دەكەنە دەرەوە.