سەدر: ئیتر ناتوانم تەماشاكاربم، سەبرم نەما
2018-09-06 10:58:18
(درەو میدیا):
موقتەدا سەدر، هەڕەشەی هەڵوێستێكی یەكلاكەرەوە دەكات كە "بەخەیاڵی كەسدا نەهاتبێت" دەشڵێت، كۆشكی گەندەڵكاران دەهەژێنن.
سەدر لە وتەیەكیدا بۆ گەلی عێراق كە تایبەتە بەپێشهات و ڕوداوەكانی پارێزگای بەسرە، دەڵێت ئیتر ناتوانێت تەماشكاربێت و سەبری نەما سەبارەت بەو ستەمكاریی و دەستدرێژیانەی دەكرێتە سەر خۆپیشاندەرانی بەسرەو بەناحەق خوێنیان دەڕێژرێت..
موقتەدا سەدر، هەڕەشەی گرتنەبەری هەنگاوێكیش دەكات كە بەخەیاڵی كەسدا نەهاتبێت، دەشڵێت، كۆشكی گەندەڵكاران دەهەژێنن، داواش لەپەرلەمانی عێراق دەكات دەستبەجێ كۆببێتەوەو دەزگا پەیوەندارەكانی حكومەت بەدەم كێشەو گرفتەكانی هاوڵاتیانەوە بچن لەو پارێزگایە.
سەدر داوا لە حزبەكان و میلیشیا چەكدارەكان و حەشدی شەعبی دەكات دەستوەردان نەكەن لە بەسرە، داواش لە هاوڵاتیانی عێراق دەكات هەڵمەتێكی كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكاری بۆ پارێزگای بەسرە دەستپێبكەن و ئامادەكاریش بكەن بۆ خۆپیشاندانێكی ئاشتیانە لەو پارێزگایە كە بە مزوانە كاتەكەی دیاردەكەن.
دەقی وتەكەی موقتەدا سەدر بۆ گەلی عێراق:
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
هیچی تر ناتوانم وەك تەماشاكەرێك بوەستم و سەبر و ئارامیم تەواو بوو.. بەرامبەر ئەوەی لە بەسرە روودەدات لە ستەم و دەستدرێژیكردنە سەر خۆپیشاندەران و هەتا كوشتنیان بە ناحەق و خراپی خزمەتگوزارییەكان، نە ئاو هەیە، نە كارەبا، نە كەرامەت ، لە چەند ساڵی دوورودرێژی حكومەتە یەكلەدوای یەكەكان جا لەسەردەمی دیكتاتۆری وێرانكەرەوە یان دوای رووخانی.
ئێمە ئەو پشتگوخێستنە دەبینین لەلایەن هەندێك لە سیاسییەكانەوە بەرامبەر ئەوەی لەو پارێزگا كارەستبارە روودەدات، ئەوان سەرقاڵی پێكهێنانی " گەورەترین كوتلە" ن كە هەر وەك حكومەتەكان و هاوپەیمانێتییەكانی پێشوو دەبێت كە بە تایەفەگەری و گەندەڵی و ستەم سیمایان بوو.
لە سۆنگەی ئەركی شەرعیی و مرۆیی و نیشتمانی و لەو وتەیەی كە دەڵێت " ئەوەی بایەخ بە كاروباری موسوڵمانان دەدات لەوان نییە"هەروەها وەك پەیڕەوكردنی رێبازی عەلی سەڵامی خوای لێبێت كە نەئەنوست هەتا لە كۆڵانەكانی ویلایەتەكەیدا برسییەك یان ستەملێكراوێك هەبێت لەبەرئەمانە وەك قۆناغی یەكەم ئەم چەند خاڵەتان بۆ دەخەمەڕوو كە تایبەتە بە پارێزگای بەسرەی ستەملێكراوەوە:
خاڵی یەكەم: بانگهێشتكردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی نوێ دەستبەجێ بۆ كۆبوونەوەیەكی ئاشكرا و نائایاسیی كە راستەوخۆ لەرێگەی كەناڵە رەسمییەكانەوە بگوازرێتەوە بۆئەوەی گەل ئاگاری سەرچاوەی كاروبارەكان بێت. ئەو كۆبوونەوەیە تا رۆژی یەكشەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت بە ئامادەبوونی هەریەك لە:
یەكەم: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران
دووەم: وەزیری ناوخۆ
سێیەم: وەزیری تەندروستی
چوارەم: وەزیری سەرچاوەكانی ئاو
پێنجەم: وەزیری نیشتەجێكردن و ئاوەدانكردنەوە و شارەوانییەكان
شەشەم: وەزیری كارەبا
حەوتەم: پارێزگاری بەسرە و یاریدەدەرەكانی
هەشتەم : سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە
بۆ دانانی چارەسەری ریشەیی و خێرا و ئایندەیی.. ئەگەرنا لەسەر هەموان ئەوانەی كە لە سەرەوە ناویان هاتووە، دەستبەرداری پۆستەكانیان بن دەستبەجێ، ئەگەرچی خولەكەیان كۆتایی هاتووە.
خاڵی دووەم: هەماهەنگیكردن لە رێگەی وەفدی رەسمییەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ لێكتێگەیشتن لەسەر چەند دۆسییەكی گرنگی خزمەتگوزاریی و زیادكردنی پشكی ئاو و ئەوانی تر بۆ بەسرە و هەموو پارێزگاكانی تر.
خاڵی سێیەم: پاراستنی دامەزراوە حكومییەكان لە بەسرە.. بە تایبەتی بەندەر و فڕۆكەخانەكان لە دەستێوەردانی دەرەكی و ناڕەسمی.
خاڵی چوارەم: كاركردن بۆ كۆتاییهێنان بە دەستێوەردانە نارەسمییەكان لە پارێزگای بەسرە دەستەبەجێ ، بە تایبەتی دەستوەردانی حزبەكان و میلیشیاكان و بەڵكو حەشدی شەعبیی موجاهیدیش، ئەوەش بۆ پاراستنی ناوبانگی.
ئەگەر دانیشتنەكەی پەرلەمان لە وادەی خۆیدا كرا و ئەو خاڵانەی سەرەوە بەدیهات، ئەوا سەرتایەكی باشە و خاڵی دەستپێكی نوێی پەرلەمانی نوێ و كوتلەكانییەتی، و دەكرێت هاوكار و هەماهەنگیان لەگەڵد بكرێت... ئەگەرنا ئەوا هەڵوێستێكی توند و یەكلاكەرەوەمان دەبێت كە بە خەیاڵتاندا نەهاتووە و عەرشی گەندەڵكاران و ئەوانەی بەشبەشێنەی تایبەتی دەهێنێتە لەرزە، كە رێز لە خوێنی گەل و پاروی ژیان و كەرامەتیان ناگرن و وڵاتیان گەیاندووەتە هەڵدێر و ئیتر هەرگیز چاوپۆشی ناكەین چاوەڕوان بن....
خاڵی پێنجەم: داوادەكەین لەم ماوەیەدا هەڵمەتی كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكاری لە هەموو پارێزگاكان بكرێت بۆ بەهاناوەچوونی بەسرەی كارەستبار.
خاڵی شەشەم: داوادەكەین گردبونەوەیەكی ناڕەزایەتی لەگەڵ خەڵكی پارێزگای بەسرە و خۆپیشاندەرانی و شەهید و بریندارەكانی بكرێت، ئەوەش لەرێگەی خۆپیشاندانێكی " ئاشتیانە"ی توڕە و یەكگرتووەوە لە پارێزگای بەسرە ی موجاهید و لە وادەیەكی دیاریكراودا كە دواتر رادەگەیەنرێت.
براتان
موقتەدا محەمەد سەدر