(درەو میدیا): حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا وەڵامی داواكارییەكانی ئەمڕۆ هەینی عەلی سیستانیی مەرجەعە باڵای شیعەكان دەداتەوە كە لە وتاری نوێژی هەینیدا لەلایەن عەبدولمەهدی كەربەلایی خوێنرایەوە. عەبادی لە بەیاننامەیەكدا كە نوسینگەی رۆژنامەوانییەكەی بڵاویكردوەتەوە دەڵێت:" لە ساتی یەكەمی راگەیاندنی چەند داواكارییەك لەلایەن هاوڵاتیانی چەند پارێزگایەكەوە دەستبەجێ وەڵامی هەموو داواكارییە رەواكانمان دایە و وەڵامدانەوەی داواكاریی هاوڵاتیانمان بە خاڵی بەهێز لە قەڵەمدا نەك لاوازیی ن چونكە ئەوان رۆڵەكانی گەلەكەمانن و ئامانجمان خزمەتكردنیانە و دیداریشمان لەگەڵ وەفدی رۆڵەكانی ئەو پارێزگایانە ئەنجامدا و چەندین فەرمانی بەپەلەمان بۆ جێبەجێكردنی ئەو داواكاریانەیان دەركرد كە بە گوێرەی دەسەڵاتە سنوردارمان و توانای دارایی دەكرێت جێبەجێ بكرێن بە گوێرەی لە پێشینە و خشتەی زەمەنی و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەی ئاوەدانكردنەوە و حزمەتگوزاریمان لە پارێزگاكان پێكهێنان و دەستبەجێ دەستیان بەكار كردووە". عەبادی دەشڵێت:" هەموو ئەوەی مەرجەعیەتی باڵای ئایینی داوایكردووە، چاومان لەسەریەتی هەر لەو كاتەوەی كە فەتوای جیهادی خۆبەخشی دەركرد هەتا وتاری هەینی ئەمڕۆ كە نەخشە رێگای بۆ داهاتووی عێراق و گەل كێشاوە". عەبادی لە كۆتایی بەیاننامەكەشیدا دەڵێت:" جەخت لەسەر هەڵوێستمان دەكەینەوە لە پشتیوانی هەموو ئەو تێبینی و رێنمایی و داواكارییانەی لە وتاری مەرجەعیەتی باڵادا هاتوون كە دەروازەی سەلامەتین بۆ عێراقێكە بەهێز و گەشەسەندوو سەقامگیر كە تێیدا ئاسایش و دادپەروەریی و سەقامگیری و گەشەكردن بەدیبێت بۆ هەموو رۆڵەكانی و جێگەی گەندەڵكاران و دزەكانی دارایی گشتی تێدا نابێتەوە". گرنگترین خاڵەکانی وتاری ئەمڕۆ هەینی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان، کە شێخ عەبدولمەهدی کەربەلایی پێشکەشیکرد: ٭ هەڵبژاردنەکان بەوشێوەیە بەڕێوەنەچون کە ئومێدەواری بووین، بەهۆی یاسای هەڵبژاردنەکان و کۆمسیۆنەوە. ٭ ئامۆژگاری هاوڵاتیانمان کرد بەوەی چاکسازیی و پێشکەوتن بەرەو باشتر تەنها بەدەستی خۆیان نەبێت بەدی نایات. ٭ داوامانکرد یاسای هەڵبژاردن دادپەروەر بێت و کۆمسیۆنیش سەربەخۆ بێت. ٭ دەستدرێژیکردنە سەر هێزە ئەمنییەکان و کەلوپەلی دامەزراوە گشتییەکان و خۆپیشاندەران ئیدانەدەکەین. ٭ خۆپیشاندانەکان کۆتاییان نەهاتووە،ئەگەر لە ماوەیەکدا هێورببێتەوە ئەوە بە شێوەیەکی گەورەتر سەرهەڵدەداتەوە. ٭ چەندینجار سیاسییە گەورەکانمان ئامۆژگاری کرد چاکسازی بکەن و واز لە پاراستنی گەندەڵکاران بهێنن. ٭ داوا دەکەین پەلەبکرێت لە پێکهێنانی حکومەت لە زووترین کاتدا و لەسەر بنەمای دروست. ٭پێویستە لەسەر سەرۆک وەزیرانی داهاتوو بەرپرسیارێتی تەواوەتی ئەدای حکومەت لە ئەستۆبگرێت و بەهێز و ئازا بێت. ٭ دەبێت ڕێوشوێنی توند لە دیاریکردنی کابینەی نوێی حکومەت و پۆستە باڵاکان و پلە تایبەتەکاندا پەیڕەوبکرێت. ٭ پێویستە لەسەر دیوانی چاودێری دارایی وردبینی حساباتی خیتامیی بودجەی ساڵانی ڕابردوو تەواوبکات و بەشێوەیەکی شەفاف ئەنجامەکانی ڕابگەیەنێت. ٭ ئەگەر حکومەتی داهاتوو بەڵێنەکانی جێبەجێنەکرد. ئەوا هیچ ڕێگایەک لەبەردەم گەلدا نابێت جگە لە پەرەپێدانی شێوازی ئاشتیانەی دەربڕینی ناڕەزایەتی.
(درەو میدیا): ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەڕێگەی باڵیۆزخانەی وڵاتەكەیەوە لە بەغداد پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندەرانی عێراق رایگەیاند. باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، پشتیوانی مافی گەلی عێراق دەكات لە سازدانی گردبونەوەی ئاشتیانە و گوزارشتكردن لە بیروڕا. باڵیۆزخانەی ئەمریكا ستایشی لێدوانی فەرمی حكومەتی عێراقی كرد لەبارەی ئەوەی " مافی هاوڵاتیان دەپارێزێت لە سازدانی خۆپیشاندانی ئاشتیانە"، بەڵام باڵیۆزخانە هاوكات خەمباری خۆی نیشان دەدات لەبارەی كوژرانی خەڵك لەناو خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكاندا. باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە راگەیەندراوەكەیدا ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ پاڵپشتیكردنی گەل و حكومەتی عێراق لە بواری چاكسازی ئابوری و روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و رەخساندنی دەرفەتی كار.
(درەو میدیا): جەبار عەبدولكەریم پارێزەری خۆبەخشی خۆپیشاندەرانی شاری بەسرە، لەلایەن ژمارەیەك چەكدارەوە تەقەی لێكرا و كوژرا. عەقیل مەهاوی ئەندامی سەندیكای پارێزەران لە بەسرە رایگەیاند، پارێزەر جەبار عەبدولكەریم لەبەردەم بنكەی پۆلیسی هادی لە ناوەڕاستی بەسرە لەلایەن ژمارەیەك چەكدارەوە زیاتر لە (15) گوللەی پێوەنراوە و كوژراوە. جەبار عەبدولكەریم یەكێك بوو لەو پارێزەرە یاساییانەی بەسرە كە بەشێوەی خۆبەخش خۆی بۆ بەرگریكردن لەو خۆپیشاندەرانە تەرخانكرد كە لەكاتی خۆپیشاندانەكاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیردەكران. لە رۆژی 8ی ئەم مانگەوە شەپۆلێك خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی لە شاری بەسرەی پاشوری عێراق دەستیپێكرد و پاشان پەڕییەوە بۆ پارێزگاكانی تری باشوری عێراق و گەیشتە بەغدادی پایتەخت. شەپۆللا ئەمجارەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكان لە عێراق بەهۆی نەبون و خراپی خزمەتگوزارییە گشتییەكان و بێكارییەوە.
(درەو میدیا): بەپێی ئاماری كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤی عێراق، لەسەرەتای خۆپیشاندانەكانەوە 13 خۆپیشاندەر كوژراون، 729 خۆپیشاندەر برینداربوون كە لە ناویاندا 460 برینداریان لە هێزە ئەمنییەكانن. هەروەها هێزە ئەمنییەكان 757 خۆپیشاندەریان دەستگیركردووە كە بەشێكیان ئازادكراون لە دوو رۆژی رابردوودا. كۆمسیۆنەكەی مافی مرۆڤی عێراق ئاماژەی بەوەشكردووە كە 91 بینای حكومی و ئۆتۆمبیل و بینای نیشتەجێبوون زیانیان پێگەیشتووە.
(درەو میدیا): ئەیاد عەلاوی سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتمانی پێشنیازی پێکهێنانی "حكومەتی رزگاری نیشتمانی" دەكات و موقتەدا سەدر و نوری مالیكی و هادی عامریش پێشنیازەكەی رەتدەكەنەوە. ژمارەیەك سەرچاوەی سیاسی عێراقی ئاشكرایانكرد، ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق كە هاوكات سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتمانییە، پێشنیازی كردووە" حكومەتێكی رزگاری نیشتمانی بە سەرۆكایەتی كەسایەتییەكی نیشتمانی لە عێراق پێكبهێنرێت". بەپێی قسەی سەرچاوەكان، ئەیاد عەلاوی بیرۆكەی پێکهێنانی حكومەتی رزگاریی نیشتمانی خستوەتە بەردەم هەریەكە لە نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، مالیكی و عامری بیرۆكەكەیان رەتكردوەتەوە. دوای رەتكردنەوەی لەلایەن مالیكی و عامرییەوە، ئەیاد عەلاوی رووی لە موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر كردووە و بیرۆكەی دروستكردنی "حكومەتی فرەجەمسەر"ی خستوەتەڕوو، بەڵام سەدریش ئەو بیرۆكەیەی رەتكردوەتەوە. بەهۆی پرۆسەی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار، هێشتا دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەنجامە راگەیەندراوەكانی هەڵبژاردنی پەسەندنەكردووە، بەوهۆیەشەوە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت راوەستاوە. سەرباری ئەوەی هێشتا ئەنجامی هەڵبژاردن پەسەندنەكراوە و هاوكات شەپۆلێك خۆپیشاندان پارێزگاكانی باشوری عێراقی گرتوەتەوە، بەڵام لە پشتی پەردەوە لایەنە براوەكان هەڵبژاردن سەرقاڵی پێكهێنانی "كوتلەی گەورە"ن لەناو پەرلەمانی عێراق بەمەبەستی بردنەوەی چانسی سەرۆكایەتیكردنی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. بەپێی زانیاری چەند میدیایەكی عێراقی، ئێستا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ حكومەت نزیكبونەوەیەك لەنێوان ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسای نوری مالیكی و هاوپەیمانی فەتحی هادی عامری و بەشێك لە ئەندامانی لیستی نەسری حەیدەر عەبادی و چەند لایەنێكی سوننی و كوردی دروستبووە، لەبەرامبەردا هەوڵێكی تر هەیە كە خۆی دەبینێتەوە لە نزیكبونەوەی نێوان رەوتی حیكمەی عەممار حەكیم و هاوپەیمانی سائرونی موقتەدا سەدر و ژمارەیەك لە ئەندامانی لیستەكەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران. ئەمە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر وەكو سەرۆكی لیستی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن داوای كرد هەموو گفتوگۆ سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت رابگیرێت تا ئەوكاتەی وەڵامی داوكاری خۆپیشاندەران دەدرێتەوە.
(درەو میدیا): موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر و سەرۆكی لیستی براوەی یەكەم هەڵبژاردن لە عێراق داوادەكات گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت رابگیرێن. لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، موقتەدا سەدر رایگەیاند" پێویستە لەسەر كوتلە سیاسییە براوەكانی هەڵبژاردن هەموو گفتوگۆ سیاسییەكان هەڵپەسێرن لەپێناو دروستكردنی هاوپەیمانێتییەكان تا ئەوكاتەی وەڵامی داوا رەواكانی خۆپیشاندەران دەدرێتەوە". سەدر داوا دەكات جگە لە راگرتنی گفتوگۆ سیاسییەكان، گروپێكی كاری جددیش لەگەڵ حكومەت و بە هەماهەنگی لەگەڵ خۆپیشاندەران دروستبكرێت لەپێناو جێبەجێكردنی داواكارییەكانی خۆپیشاندەران. رۆژی 12ی ئایار هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق بەڕێوەچوو، بەهۆی گومانی ساختەكاری بەرفراوان لە پرۆسەكە، تائێستا لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن پەسەندنەكراوە. لەكاتێكدا هێشتا لایەنە براوەكان نەگەیشتونەتە رێككەوتن بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمان و دروستكردنی كابینەی نوێ حكومەت، شەپۆلێكی بەرفراوانی خۆپیشاندان لە پارێزگاكانی باشوری وڵات دەستیپێكردووە و ئەوەش هێندەی تر پرۆسەكەی ئاڵۆزكردووە.
راپۆرتی: نامیق رەسوڵ سەرۆك كۆماری عێراق بە مەرسومێكی سەرۆكایەتی كۆمار، هەر 328 ئەندامەكەی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خانەنشیندەكات و ئەنجومەنی نوێنەرانیش پێش كۆتاییهاتنی وادەی یاسایی خولەكەی بە نهێنی و بێ ئاگاداریی رای گشتی و میدیا و نێوەندە رۆژنامەوانییەكان پرۆژە یاساییەكی تایبەت بە ئیمتیازات و خانەنیشنی ئەندامەكانی پەسەندكردووە. ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە چەندین فراكسیۆن و كوتلەی جیاوازی تێدایە كە لەسەر زۆربەی پرۆژە یاسا و كارەكانی ئەنجومەنەكە ناكۆك بوون و ناكۆكی توندیان هەبووە و بەهۆی رێككەنەكەوتنیان چەندین پرۆژە یاسای گرنگ پەسەندنەكراون، بەڵام بەردەوام هەر 328 پەرلەمانتاری هەموو فراكسیۆنەكان لەسەر ئەو پرۆژە یاسایانەی كە تایبەت بوون موچە و ئیمتیازات و شایستە داراییەكانیان هیچ ناكۆكییەكیان نەبووە و بەبێ كێشە و گرفت ئەو پرۆژە یاسایانەیان تێپەڕاندووە و تەنەتات لە كاتی ئامادەكردن و گفتوگۆكردن و پەسەندكردنی یاسای ژمارە 13دا هیچ پەرلەمانتارێك زانیاری بە میدیاكان نەداوە و بە نهێنی یاساكە پەسەندكراوە. مەرسومی ژمارە 49ی سەرۆكایەتی كۆمار فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق رۆژی شانزەی تەمموز مەرسومی ژمارە ( 49) ی تایبەت بە خانەنشینی ئەندامانی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی دەركردووە كە ئەمە دەقەكەیەتی: پاڵپشت بە حكومەكانی هەردوو مادەی (73 / حەوتەم)ی دەستور و ( 13/ یەكەم یاسای ژمارە (13) ئەنجومەنی نوێنەرانی ساڵی 2018 ئەمەی خواردەوەمان داڕشت: یەكەم: بەڕێزان ئەندامانی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەران كە لە لیستی هاوپێچدا ناویان هاتووە و بە زنجیرەی ( 1- ئیبتیسام هاشم عەبدولحسێن ) دەستپێدەكات و بە زنجیرەی ( 328- ئارێز عەبدوڵا ئەحمەد مەحمود ) كۆتایی دێت خانەنشین دەكرێن. دووەم: پێویستە لەسەر سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزیری دارایی ئەم مەرسومە جێبەجێبكەن. سێیەم: ئەم مەرسومە لە 1/7/2018ەوە جێبەجێدەكرێت و لە رۆژنامەی رەسمیدا بڵاودەكرێتەوە. یاسا نهێنییەكەی پەرلەمان " یاسایەكی نوێ تایبەت بە ئیمتیازاتی پەرلەمانتاران چەند مانگێك لەمەوبەر پەسەندكراوە، بەڵام لە رۆژنامەی رەسمیدا بڵاوناكرێتەوە تا رۆژی 16ی تەمموزی 2018 واتە دوای چەند مانگێك لە پەسەندكردنی كە پەسەندكردنی لەهیچ میدیایەك و ناوەندێكدا بڵاوناكرێتەوە". ئەمە وتەی تارق حەرب پارێزەر و شارەزانی یاسایی عێراقە كە لە پەیجی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردوەتەوە. حەرب نوسیوێتی:" رۆژی 16ی تەمموزی 2018 رۆژنامەی رەسمی " وەقائعی عێراقی" ژمارە 4499 یاسای نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی ژمارە 13ی ساڵی 2018ی بڵاوكردوەتەوە، كە یاسایەكە نە لە كاتی ئامادەكردنی و نە لەكاتی گفتوگۆكردنی و تێپەڕاندنی و پەسەندكردنی هیچ شتێكی لەبارەیەوە باس نەكراوە، پرۆژەكە هەمووی نهێنی بووە." حەرب ئاشكراشیكردووە كە ئەنجومەنی نوێنەران پێش كۆتاییهاتنی وادەی یاسایی وادەی دەركردنی یاساكەی لە خشتەی كارەكانانیدا دانەناوە و وادەی دەركردنی بڕیارەكەشی لەو كاتەدا دیارینەكردووە كە ئەنجومەن پێش هەڵبژاردنەكان كۆبوونەوەی تێدا دەكرد، بەڵكو مێژووی دەركردنی یاسای ژمارە ( 73)ی بە رۆژی 1/7/2018 واتە دوای تەواوبوونی كاری ئەنجومەن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی بۆدانەوە و ئەوەش هیچ كاریگەرییی نەكردوەتە پەر پەرلەمانتاراتی خولەكە كە ئەم یاسایە ئیمتیازاتی زۆریان پێدەبەخشێت. رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی ژمارە 4499 لە سایتی رەسمی وەزارەتی دادی عێراقدا بڵاوكراوەتەوە و ئاماژەبەوەدراوە كەو لە رۆژنامەكەدا یاسای ژمارە 13ی ساڵی 2018ی ئەنجومەنی نوێنەران لە رۆژنامەكەدا بڵاوكراوەتەوە بەڵام لە نێو سایتەكەدا دەقی پرۆژە یاساكەی تێدا دانەنراوە و ئاماژە بەوەدراوە كە ئەوانەی خوازیارن ئەو رۆژنامەیان دەستبكەوێت، ئەوا پێویستە لە ناوچەی ساڵحیە/ شەقامی حەیفای بەغدای پایتەخت سەردانی نوسینگەی رۆژنامەكە بكەن و ببنە هاوبەش بۆئەوەی رۆژنامەكەیان دەستبكەوێت. ئیمتیازەكانی پەرلەمانتاران چین؟ تارق حەرب پسپۆر و شارەزای یاسایی لە نوسینكەیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك ئاماژەی بەبەشێك لەوە كردووە و دەڵێت لەمادەی 15ی یاساكەدا بڕیاردراوە كە خزمەتی ئەندامی پەرلەمان بكرێتە 15 ساڵ بەبێ رەچاوكردنی ماوەی خزمەتی، كە بەوتەی حەرب ئەوە پێچەوانەی یاسای خانەنشینییە كە مەرجی دانەوە بۆ وەرگرتنی موچەی خانەنشینی دەبێت 15 ساڵی خزمەتی فیعلی هەبێت. هەروەها ئەم مادەیەی یاساكە پێچەوانەی حكومەكانی یاسای خانەنشیینە كە جەختلەوەدەكاتەوە ئەو كەسەی مافی خانەنشینی دەبێت تەمەنی لە 50 ساڵ كەمتر نەبێت لەكاتی خانەنشینیدا، لەكاتێكدا یاسا نوێكەی پەرلەمان بڕیاریداوە موچەی خانەنیشنی تەواوەتی بۆ پەرلەمانتار خەرجبكرێت ئەگەر نەشگەشتبێتە تەمەنی 50 ساڵی. حەرب لە بەشێكی تری نوسینەكەیدا رەخنەی لە مادەیەكی تری یاساكە گرتووە كە مادەی هەشت و تێیدا بڕیاردراوە كە پەرلەمانتار خۆی ئارەزوومەندانە بڕیاردەدات بگەڕێتەوە سەر پیشەكەی پێشووتری، ئەوەش پێچەوانەی بنەمای گشتییەكە كە بۆ گەڕانەوە بۆسەر كاری پێشوو مەرجی بوونی پلەی وەزیفی و تەرخانكردنی پارەی داناوە و پەرلەمانتار، بەم یاسا نوێیە دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر كاری پێشووی، هەتا ئەگەر پلەی وەزیری و پارەی دیاریكراویش نەبێت. هەروەها بەوتەی ئەو شارەزا یاساییەی عێراق، مادەی 15ی یاسای نوێی ئەنجومەنی نوێنەران پێچەوانەی بنەمای گشتی پەرلەمانەكان، مافی ئەوەی بە پەرلەمانتار داوە نوسراوی رەسمی ئاراستەی هەموو لایەنەكانی دەوڵەت بكات، كە بە گوێرەی بنەماكان ئەو نوسراوانە دەبێت لە رێگەی نوسینگەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بن، نەك هەر پەلەمانتارێك نوسینگەی هەبێت و نوسراو ئاراستە بكات. حەرب لە كۆتایی نوسینەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە كە پەرلەمانی عێراق بەم هەنگاوەی دەسەڵاتەكانی بەشێوەیەكی زۆر فراوانكردووە و پێویستە لەسەر سەرۆكایەتی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەكان لە دادگای فیدراڵی سكاڵا بۆ پوچەڵكردنەوەی حوكمە داراییەكانی ئەم یاسایە تۆماربكەن، لەبەرئەوەی بیروڕای حكومەت لەسەر ئەو حوكمانە وەرنەگیراوە و ئەنجومەنی وەزیرانیش یاساكەی ئامادەنەكردووە.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی شارەكانی باشوری عێراق تەنیا حكومەتی بەغدادی بەخۆیەوە سەرقاڵنەكردووە، حكومەت و پەرلەمانی كوەیتیشی دوودڵ كردووە. سبەینێ لە بینای پەرلەمانی كوەیت كۆبونەوەیەكی گرنگ لەنێوان پەرلەمانتاران و بەرپرسانی حكومەتی كوەیت بەڕێوەدەچێت بۆ تاوتوێكردنی دۆخی عێراق. مەرزوق غانم سەرۆكی ئەنجومەنی ئوممەی كوەیت (پەرلەمان) رایگەیاند، لە كۆبونەوەكەدا پەرلەمانتاران پرسیار لە بەرپرسانی حكومەت دەكەن سەبارەت بە ئاستی ئامادەكارییەكان بۆ ئەگەری رودانی هەر روداویك لە عێراق. چەند رۆژێكە دەسەڵاتدارانی كوەیت هێزە ئەمنییەكانی وڵاتیان خستوەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بەهۆی خۆپیشاندان لە شارەكانی باشوری عێراق. دوێنێ شێخ سوباح ئەحمەد سوباح میری كوەیت بە تەلەفۆن لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی دۆخی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات قسەی كرد. بۆچی كوەیت نیگەرانە لە خۆپیشاندانەكانی عێراق و ترسی هەیە لە تێكچونی بارودۆخی عێراق ؟ كورتەیەكی مێژوویی لەبارەی كوەیتەوە كوەیت وڵاتێكە دەكەوێتە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەدیاریكراوی لە گۆشەی باكوری خۆرئاوای ناوچەی كەنداوی عەرەبیدا هەڵكەوتووە، لە باكور و خۆرئاوای كوەیتدا، عێراق هەیە، لە باشوریشەوە سعودیە هاوسێیەتی. روبەری كوەیت دەگاتە (17.818) كیلۆمەتر چوارگۆشە، بەگوێرەی ئاماری ساڵی 2014 ژمارەی دانیشتوانی كوەیت نزیكەی (4 ملیۆن) كەسە. وشەی كوەیت سەرچاوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ زاراوەی "كوت" كە بەزمانی عەرەبی بە واتای "الحصن- القلعە" دێت واتا " پەناگە یاخود قەڵا". شاری كوەیتی پایتەخت لە ساڵی (1613) دروستكراوە، بنەماڵەی (ئال سوباح) كە لقێكن لە هۆزەكانی "العتوب" لەم وڵاتەدا دەسەڵاتیان گرتوەتەدەست. لە سەرەتای دروستبونی ئەم وڵاتەوە، سەرچاوەی بژێوی زۆربەی خەڵكی كوەیت گەڕان بووە بەدوای "مرواری"دا لەناو دەریا، هەروەها ناوچەكەش سەرەرێگای بازرگانی دەریایی نێوان هیند و نیمچە دورگەی عەرەب بووە، ئەمەش وایكردووە كوەیت ببێت بە ناوچەیەكی بازرگانی گرنگ. تاوەكو ساڵی 1946 گەڕان بەدوای مرواریدا سەرچاوەی سەرەكی ئابوری كوەیت بووە، بەڵام لەو ساڵەوە ئیتر سەردەمی نەوت دەستیپێكردو و كوەیت یەكەم باری نەوتی هەناردەی دەرەوە كرد. یەكەم پەیوەندی نێوان عێراق و كوەیت لەسەردەمی دەسەڵاتی عوسمانیدا ئەمارەتی كوەیت بەسەربەخۆیی مایەوە تاوەكو ساڵی 1870، لەو ساڵەدا مەدحەت پاشا والی عوسمانییەكان لە بەغداد نازناوی "قایمقامی" بە حاكمی كوەیت بەخشی و لەڕووی ئیدارییەوە كوەیتی بەستەوە بە ئەمارەتی بەغدادەوە، ئەوكاتە بەسرە بەشێك نەبوو لە ئەمارەتی بەغداد، دەوڵەتێكیش بە ناوی "عێراق" بوونی نەبوو. لە پاڵ ئەم بڕیارەدا بەردەوام دەسەڵاتدارانی عوسمانی بەڵێنیان بە حاكمەكانی كوەیت دەدا سەربەخۆییان بۆ فەراهەم بكەن، لەو سەردەمەدا عوسمانییەكان جگە لە ئاڵا، هیچ ئیدارەیەكی مەدەنی و بنكەی سەربازییان لە كوەیت نەبوو، تەنانەت هیچ كوەیتییەكیش لە سوپای عوسمانیدا سەربازی نەكرد، ئەم دۆخە وەكو خۆی مایەوە تاوەكو سەردەمی دەسەڵاتی شێخ موبارەك سوباح (1896-1915). لەسەردەمی دەسەڵاتی شێخ موبارەك سوباح، كوەیت كەوتە ژێر چاودێری بەریتانیاوە، رۆژی 19ی یۆنیۆ/ حوزەیران 1961 كوەیت سەربەخۆیی تەواوەتی وەرگرت. عەبدولكەریم قاسم و سەربەخۆیی كوەیت دوای كەمتر لە هەفتەیەك لە راگەیاندنی سەربەخۆیی، عەبدولكەریم قاسم سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە بەغداد داوایكرد كوەیت بخرێتەسەر عێراق. دوو رۆژ بەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی عەبدولكەریم قاسم، كوەیت داواكارییەكی پێشكەشی كۆمكاری وڵاتانی عەرەب كردبوو بەمەبەستی وەرگرتنی وەكو ئەندام لە كۆمكارەكە، رۆژی 4ی تەموز كۆمكاری عەرەبی كۆبوەوە بۆ بڕیاردان لەسەر داواكەی كوەیت، بەڵام لە یەكەم كۆبونەوەدا كۆمكار نەیتوانی بڕیار بدات و پرسەكەی دواخست تا ئەوكاتەی ئەمینداری گشتی رێكخراوەكە لەبارەی پرسی سەربەخۆیی كوەیتەوە لەگەڵ وڵاتە پەیوەندیدارەكاندا قسە دەكات. رۆژی 20ی تەموز كۆمكاری عەرەبی بڕیارێكی دەركرد بۆ وەرگرتنی كوەیت لە رێكخراوەكە، كوەیت داوای لە بەریتانیا كرد هێزەكانی لە وڵاتەكەی بكێشێتەوە و لەبری هێزی بەریتانی هێزێكى وڵاتانی كۆماری عەرەبی یەكگرتوو (میسرو سوریا) و ئوردن و سودان لە كوەیت جێگیركران. دوای ئەو بڕیارەی كۆمكاری عەرەبی، عێراق پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی لەگەڵ لوبنان و تونس و ئوردن و ئێران و ئەمریكا و ژاپۆن راگرت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دانیان بەسەربەخۆیی كوەیتدا نا. كێشەكە بەردەوام بوو تاوەكو كوژرانی عەبدولكەریم قاسم لە كودەتای ساڵی 1963، ئیتر دوای ئەو رووداوە هێزە عەرەبییەكانیش لە كوەیت كشانەوە. رۆژی 4ی ئۆكتۆبەری (1963) عێراق بەشێوەیەكی فەرمی دانی بە سەربەخۆیی كوەیت و ئەو سنورەشدا نا كە لەنێوان هەردوو وڵات هەیە. داگیركردنی كوەیت ساڵی 1991 دوای پەلاماری سوپای پێشووی عێراق بۆسەر كوەیت و داگیركردنی، دواتر كردنە دەرەوەی لەلایەن سوپای هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لیژنەیەكی پێكهێنا بۆ دیاریكردنی سنوری نێوان كوەیت و عێراق، عێراق پابەندبونی خۆی بە بڕیارەكانی لیژنەكەوە راگەیاند، ساڵی 1993 لیژنەكە بڕیاری ژمارە (833)ی كۆتایی لەبارەی سنورەوە راگەیاند، كوەیت دانی نا بە بڕیارەكەدا، عێراقیش ساڵی 1994 پابەندبونی خۆی بە بڕیارەكەوە نیشاندا. كێشەی سنور بۆ یەكەمجار لە ساڵی (1913) لەسەردەمی عوسمانییەكاندا سنوری نێوان كوەیت و عێراقی ئێستا دیاریكراوە، ئەوەش لە چوارچێوەی پەیماننامەی (ئەنگلۆ- عوسمانیدا) كە رێككەوتنی نێوان بەریتانیا و دەوڵەتی عوسمانی بوو. عوسمانییەكان بەگوێرەی ئەو پەیماننامەیە دانیان بەسەربەخۆیی كوەیت و دیاریكردنی سنوردا نا، ماددەی حەوتی پەیماننامەكە، سنوری نێوان هەردوو وڵاتی بە هێڵێك دیاریكرد كە لە " دەروازەی خور زوبێرەوە دەستپێدەكات و بەشێوەیەكی راستەوخۆ دەڕوات بۆ باشوری ئوم قەسر و سەفوان و جەبەل سنام تا دەگاتە وادی باتن". دوای جەنگی یەكەمی جیهان و شكستهێنانی دەوڵەتی عوسمانی، بەریتانیا دەستی بەسەر زەوییەكانی عوسمانیدا گرت لە عێراق، ئەوكات شێخ ئەحمەد جابر سوباح میری كوەیت لە مانگی ئەپرێلی (1923) داوای لە سێر برسی كوكس نوێنەری بەریتانیا لە عێراق كرد دان بەو سنورەدا بنێت كە بەپێی پەیماننامەی "ئەنگلۆ- عوسمانی" لەنێوان عێراق و كوەیت دیاریكراوە، نوێنەری بەریتانیا دانی بە سنورەكەدا نا. لە 21ی یۆلیۆی (1932) نوری سەعید سەرۆك وەزیرانی عێراق بە هەمانشێوە دانی نا بە سنوری نێوان هەردوو وڵاتدا. كێشەی نەوت دوای دۆزینەوەی نەوت كێشەیەكی نوێ بۆ ناكۆكییەكانی نێوان عێراق و كوەیت زیادی كرد، ئەوەش كێشەی ئەو بیرە نەوتانە بوو كە دەكەونە سنوری نێوان هەردوو وڵاتەوە. لە سنوری نێوان هەردوو وڵات ژمارەیەك گێلگەی نەوت هەیە، گرنگترین ئەو بیرە نەوتانەی كە دەكەونە ناو خاكی كوەیتەوە لەسەر سنوری عێراق بریتین لە: • كێلگەی رەوزەتەین • كێلگەی بحرە • كێلگەی سابریە بەهەمان شێوە لە باشوری عێراق لە سنوری كوەیت لەناو خاكی عێراقدا ژمارەیەك كێلگەی نەوت هەن كە بریتین لە: • زوبێر • قورنە • جەزیرە مەجنون كێلگەیەكی نەوتیش هەیە كە لەسەر سنورە و لەنێوان هەردوو وڵاتدا هاوبەشە، كوەیت بەشەكەی ئەو كێڵگەیەی لای خۆی ناوناوە "رەتقە"، عێراقیش بەشەكەی خۆی لە كێلگە نەوتەكە ناوناوە "رومێلە". جگە لە رومێڵە بەمدواییانە ژمارەیەك كێڵگەی نەوتی نوێ لەسەر سنوری هەردوو وڵات دۆزراونەتەوە، ئەم كێلگە گەورەترین یەدەگی نەوتیان تێدایە لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام ئەگەر چارەنوسیان یەكلا نەكرێتەوە دور نییە لە هەر ساتێكدا جەنگ لەنێوان هەردوو وڵاتدا بتەقێننەوە. ساڵی 1990 كاتێك سەددام حسێن سەرۆكی پێشووی عێراق بڕیاریدا هێرش بكاتەسەر كوەیت، یەكێك لە بەهانەكانی بۆ ئەو جەنگە ئەوە بوو گوایە "كوەیت لەڕێگەی لێدانی بیرێكی ئاسۆییەوە نەوتی عێراق دەدزێت". قەرەبوكردنەوەی زیانەكان پەیوەندی نێوان عێراق و كوەیت كە خۆی لە بنەڕەتەوە جۆرێك لە ناجێگری تێدابوو، پەلاماردانی كوەیت لەلایەن سەددام حسێنەوە هێندەی تر دۆخەكەی ئاڵۆزكرد. پەلاماردانی كوەیت وایكرد نەتەوە یەكگرتووەكان عێراق بخاتە ژێر سزاكانی بەندی حەوتی پەیماننامەی رێكخراوەكەوە. بەپێی ئەو بەندە بڕیاردرا عێراق لە پارەی فرۆشی نەوت زیاتر لە (52 ملیار) دۆلار قەرەبووی زیانەكانی جەنگی كوەیت بدات بە سندوقێكی تایبەت بە نەتەوە یەكگرتووەكان، لەم بڕە پارەیەش (39 ملیار) دۆلاری بە كوەیت دەدرێت. دوای روخانی رژێمەكەی سەددام دوای روخانی رژێمەكەی سەددام لە ساڵی 2003، دەسەڵاتدارانی عێراق كەوتنە ژێر قەرزێكی زۆری داگیركردنی كوەیت، بەپێی بڕیاری نەتەوە یەكگرتووەكان دەبوو قەرەبوی ئەو زیانانە بكەنەوە كە بەهۆی پەلاماری سوپای سەددامەوە بەر كوەیت كەوتووە. دەسەڵاتدارانی كوەیت سەرباری ئەوەی یەكەمین كەس بوون پیرۆزبایی روخانی رژێمی سەدامیان كرد، بەڵام هەر زوو هەستیان بە مەترسی دۆخی نوێی عێراق كرد، عێراقێك كە لەدوای سەددامەوە پڕبوو بوو لە گروپ و میلیشیای چەكدار. دەسەڵاتدارانی كوەیت لەدوای روخانی سەددامەوە هەوڵیاندا بە هەر نرخێك بێت پەیوەندییەكان لەگەڵ عێراق ئاسایی بكەنەوە. دوای گفتوگۆ و دانوستانێكی بەردەوام لەگەڵ كوەیت و نەتەوە یەكگرتووەكان، دواجار رۆژی 9/12/2017 ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەندی حەوتی لەسەر عێراق هەڵگرت. هەڵگرتنی بەندی حەوت لەسەر عێراق دوای ئەوەهات عێراق پابەندبونی خۆی بە بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان نیشاندا بۆ پێدانەوەی پارەی قەرەبووی داگیركردنی كوەیت. ساڵی 2014 عێراق تەنیا بڕی (4 ملیار و 600 ملیۆن) دۆلار پارەی قەرەبوی لەسەر مابوو كە بیداتەوە بەكوەیت، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و دابەزینی نرخی نەوتەوە، پێدانی پارەكە بە رێككەوتنی هەردولا راگیرا. لایەنی عێراقی پێشنیازی كرد لەبری پێدانەوەی پارەی قەرەبوو، لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا غازی سروشتی بە كوەیت بفرۆشێت، بەڵام ئەم هەوڵە سەرنەكەوت. قەرزەكان كوەیت لەسەر عێراق سەرباری پارەی قەرەبوو، عێراق بڕی (13 ملیار و 200 ملیۆن) دۆلار قەرزی سەردەمی سەددام حسێنی لەسەرە و دەبێت ئەم پارەیەش بە كوەیت بداتەوە، بەپێی زانیارییەكان ئەم قەرزە پارەی ئەو نەوتەیە كە لەسەردەمی جەنگی عێراق- ئێراندا كوەیت بۆ عێراقی فرۆشتووە. بەندەری موبارەك یەكێكی تر لە بابەتە جێناكۆكەكان لە نێوان عێراق و كوەیت بریتییە لە پرۆژەیەك كە كوەیت دەستیكردووە بە بنیادنانی، ئەوەش پرۆژەی دروستكردنی "بەندەری موبارەك"ە لە سنوری ئاویی عێراقدا. بڕیاری دەسەڵاتدارانی كوەیت بۆ دروستكردنی ئەم بەندەرە، ساڵی 2011 لە عێراق كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەگوێرەی قسەی لێپرسراوانی عێراقی، دروستكردنی ئەو بەندەرە دەبێتەهۆی كوشتنی بەندەرەكانی عیراق لە فاو، لەڕووی ئابورییەوە ئەو بەندەرە دۆخی بژێوی خەڵكی بەسرە وێران دەكات و سەرباری ئەوەش بەندەرەكە دەكەوێتە ئەو سنوریە ئاوییەی كە بەپێی بڕیاری (833)ی نەتەوە یەكگرتووەكان لەنێوان هەردوو وڵات دیاریكراوە. مانگی نیسانی 2011 كوەیت بەردی بناغەی بەندەرە نوێیەكەی دانا و بڕیارە ساڵی 2019 بەندەرەكە بكرێتەوە، دەسەڵاتدارانی كوەیت ئامادەیی خۆیان نیشانداوە لەبارەی مەترسییەكانی ئەو بەندەرەوە گوێ بۆ لیژنە هونەرییەكانی عێراق بگرن، بەڵام ئامادەنین پرۆژەكە رابگرن و دەڵێن بەندەرەكە لەسەر خاكی خۆیان جێبەجێ دەكەن و كەس مافی نییە سەروەری ولاتەكەیان پێشێل بكات. ئەمە دۆسیەیەكی گەرمی ترە لەنێوان عێراق و كوەیت كە دەكرێت لە هەر ساتێكدا بتەقێتەوە، بەسرە كە ئێستا سەرچاوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە، ساڵی 2011 بەهەمان شێوەی خۆپیشاندانی تێدا كرا، بەڵام خۆپیشاندانی ئەوكات دژ بە دەسەڵاتدارانی كوەیت و دروستكردنی بەندەری موبارەك بوو. چەند دۆسیەیەكی تر كوەیتییە بێسەروشوێنەكانی جەنگی دووەمی كەنداو و ئەرشیفی نیشتیمانی كوەیت دوو دۆسیەی ترن كە بەپێی بڕیاری نێودەوڵەتی دەبێت دەسەڵاتدارانی عێراق چارەنوسیان یەكلابكەنەوە. عێراق بابەندبونی خۆی بە دیاریكردنی چارەنوسی هەردوو دۆسیەكە نیشانداوە، بەڵام هێشتا هیچ پێشكەوتنێكی ئەوتۆ لەوبارەیەوە روینەداوە. هەر لەسەردەمی جەنگی كەنداو و پەلاماری سوپای عێراق بۆسەر كوەیت، رژێمی پێشووی عێراق دەستی بەسەر (17) فڕۆكەی هێڵی ئاسمانی كوەیتیدا گرت، هێڵی ئاسمانی كوەیت لە بەریتانیا سكاڵای لەدژی عێراق تۆماركرد و داوای بڕی (ملیارێك و 200 ملیۆن) دۆلار قەرەبووی ئەو فڕۆكانەی لە عێراق كرد. ئەم دواسیەیە مایەوە و دوای روخانی رژێمی پێشووی عێراق بوو بە مەترسی لەسەر هێڵی ئاسمانی عێراق. سەرەتای ساڵی 2013 عێراق و كوەیت رێككەوتن لەسەر چارەسەری كێشەكە و عێراق بڕی (500 ملیۆن) دۆلار قەرەبوی بە كوەیت دا. مانگی دووی 2013 دوای 20 ساڵ دابڕان یەكەم فڕۆكەی نەفەری هەڵگری عێراقی بەرەو كوەیت گەشتی كرد. كوەیت بۆچی نیگەرانە ؟ دەسەڵاتدارانی كوەیت لەدوای روخانی رژێمی سەددام حسێنەوە سەرباری بەڕێوەچونی پرۆسەكە بەشێوەیەكی هێواش، توانیان زۆربەی دۆسیە جێناكۆكەكان لەگەڵ عێراقی دراوسێدا چارەسەر بكەن، هەر تێكچونێكی بارودۆخی سیاسی عێراق رەنگە جارێكی تر ئاڵۆزی لە پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات دروستبكاتەوە. كوەیتییەكان یادوەری ناخۆشیان هەیە لە پەلاماری سوپای عێراق بۆسەر وڵاتەكەیان، بۆیە بە هەستیارییەوە لە دۆخی سیاسی ئێستای عێراق و خۆپیشاندانەكان دەڕوانن.
(درەو میدیا): خۆپیشاندەران لە پارێزگای میسان بینای قایمقامیەت و ماڵی قایمقامی شارەكەیان سوتاند. عەلی عەلاق بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی پارێزگای میسان لە لێدوانێكدا ئاشكرایكرد، ژمارەیەك خۆپیشاندەری توڕە ئەمڕۆ بینای قایمقامیەت و ماڵی قایمقامیان سوتاندووە. عەلاق رایگەیاند، نەخۆشخانەكانی پارێزگای میسان ئەمڕۆ پێشوازییان لە 23 برینداری خۆپیشاندانەكان كردووە كە 6 كەسیان گوللەیان بەركەوتووە.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت بۆ حەوتەمین رۆژ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە شارەكانی عێراق دژی خراپی خزمەتگوزارییەكان و بێكاری بەردوامە. بەیانی ئەمڕۆ خۆپیشاندەرانی ناڕازی گەمارۆی بینای پارێزگای بەسرەیان دا، هێزە ئەمنییەكان بۆ بڵاوەپێكردنیان تەقەیان كرد، بەهۆیەوە (7) خۆپیشاندەر برینداربوون. بەسرە سەرچاوەی رێژەی 95%ی هەناردەی نەوتی عێراقە، بەهۆی خۆپیشاندانەوە ئێستا ئەو سەرچاوە گرنگەی داهات كەوتوەتە مەترسییەوە، بەڵام بەپێی قسەی لێپرسراوانی خۆجێیی بەسرە، خۆپیشاندانەكان كاریگەری لەسەر وەبەرهێنانی نەوت دروستنەكردووە. بەهۆی راگرتنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوی وردەكاری روداوەكانی ئەمڕۆ نازانرێت، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان لە پارێزگای موسەننا ئەمڕۆ خۆپیشاندەران بارەگای حزبی دەعوە و فەزیلە و رەوتی حیكمەیان سوتاندووە. لە پارێزگای دیوانیەش خۆپیشاندەران گەمارۆی بینای پارێزگایان داوە و بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەكانەوە (10) كەس برینداربوون. فەرماندەی پۆلیسی نەجەف دورخرایەوە لە نوێترین پەرەسەندندا، قاسم ئەعرەجی وەزیری ناوخۆی عێراق بڕیاریدا بە دورخستنەوەی فەرماندەی پۆلیسی شاری نەجەف. بەگوێرەی زانیارییەكان، وەزیری ناوخۆی عێراق لیوا عەلا غەریبی داناوە لە شوێنی فەرماندە لابراوەكە و رایسپاردووە بە وەرگرتنی دۆسیەی ئەمنی پارێزگاكە. عەبادی حەوت بڕیاری دەركرد لە هەوڵێكی نوێدا بۆ ئاسایكردنەوەی بارودۆخەكە، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ماوەتەواوبونی عێراق حەوت بڕیاری دەركرد بۆ وەڵامدانەوەی داواكاری خۆپیشاندەران. بەپێی قسەی سەرچاوەكان بڕیارەكانی عەبادی بریتین لە: 1- سێ ترلیۆن و ٥٠٠ملیار دینار بۆ بەسرە تەرخاندەكرێت و پارەكە بۆ باشكردنی كەرتی ئاو و تۆڕی كارەبا و كەرتی تەندروستی خەرج دەكرێت. 2- وەبەرهێنان لەو پارێزگایانە فراوان و خێرا دەكرێن، بەتایبەت لە بواری نیشتەجێبوون و پەروەردە و خزمەتگوزاریەكاندا. 3- بەپێی سیستمێكی دادپەروەرانە و دوور لە مەحسوبیەت و مەنسوبیەت هەلی دامەزراندن بۆ بێكارەكان دەڕەخسێنرێت. 4- ئاوی زیاتر بۆ پارێزگاكانی بەسرە و زی قار و موسەننا و دیوانیە بەردەدرێتەوە. 5- هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی فڕۆكەخانەی نەجەف. 6- دەبێت كەرتی كارەبا چاك بكرێت و كێشەكانی چارەسەر بكرێن. 7- كردنەوەی دەرگای دامەزراندنی فەرمانبەران، ئەوەش وەك هەوڵێك بۆ چارەسەركردنی قەیرانی بێكاری. كوەیت هۆشداری دەدات لەسەر ئاستی دەرەوە، لە یەكەم كاردانەوەدا بەهۆی خۆپیشاندانەكانی عێراقەوە، كوەیت حاڵەتی ئامادەباشی راگەیاند. عێراق دەكەوێتە باكوری كوەیت و سنوری ئاوی و وشكانی لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە. هاوكات باڵیۆزخانەی كوەیت لە بەغداد رۆژی شەممە داوای لەو هاوڵاتیانەی وڵاتەكەی كرد كە لە عێراق نیشتەجێن خۆیان لە رێگە وشكانییەكان و ئەو شوێنانەی بەدوربگرن كە خەڵك تێیاندا كۆدەبێتەوە. ئەمە لەكاتێكدایە حكومەتی عێراق لە دوێنێوە لەهەموو ناوچەكانی باشوری وڵات قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاندووە. توركیا: خۆتان لە ناڕەزایەتییەكان بەدوربگرن وەزارەتی دەرەوەی توركیاش بەیاننامەیەكی لەبارەی خۆپیشاندانەكانی عێراق بڵاوكردەوە و تێیدا داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەكەی لە عێراق كرد خۆیان لەو ناوچانە بەدوربگرن كە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییان تێیدایە. گەشتە ئاسمانییەكانی نەجەف راگیران تەلەفزیۆنی ئێران ئاشكرایكرد، ئاڕاستەی گەشتە ئاسمانییەكانی ئێران لە نەجەفەوە دەگوازێتەوە بەرەو بەغدادی پایتەخت. رەزا جەعفەرزادە وتەبێژی رێكخراوی فڕۆكەوانی مەدەنی ئێران وتی: بەهۆی كێشەوە لە فڕۆكەخانەی نەجەف، فڕۆكە ئێرانییەكان سەرنشینەكانیان بۆ بەغداد دەگوازنەوە. ئەم بڕیارەی ئێران دوای ئەوەدێت سەدان خۆپیشاندەر لە نەجەف چونە ناو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی شارەكەیانەوە وەكو ناڕەزایەتی دژی خراپی گوزەران و خزمەتگوزارییەكان لە شارەكەیاندا. هاوكات كۆمپانیای (فلای دوبەی) بۆ ماوەی هەفتەیەك گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ فڕۆكەخانەی نەجەف راگرت. كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی شاهانەی ئوردنیش بۆ كاتێكی نادیار گەشتە ئاسمانییەكانی لە عەممانی پایتەختەوە بۆ شاری نەجەف راگرت.
(درەو میدیا): دواجار لەژێر فشاری خۆپیشاندەران حكومەتی عێراق حەوت بڕیاری لەبەرژەوەندی خۆپیشاندەران دەركرد، ئەویش دوای كۆبونەوەی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لەگەڵ نوێنەری خۆپیشاندەران و هۆزەكانی پارێزگاكانی باشووری عیراق. لە گرنگترین ئەو بڕیارانەی حكومەتی عێراق دای لەبەرژەوەندی خۆپیشاندەران: 1- سێ ترلیۆن و ٥٠٠ملیار دینار بۆ بەسرە تەرخاندەكرێت و پارەكە بۆ باشكردنی كەرتی ئاو و تۆڕی كارەبا و كەرتی تەندروستی خەرج دەكرێت. 2- وەبەرهێنان لەو پارێزگایانە فراوان و خێرا دەكرێن، بەتایبەت لە بواری نیشتەجێبوون و پەروەردە و خزمەتگوزاریەكاندا. 3- بەپێی سیستمێكی دادپەروەرانە و دوور لە مەحسوبیەت و مەنسوبیەت هەلی دامەزراندن بۆ بێكارەكان دەڕەخسێنرێت. 4- ئاوی زیاتر بۆ پارێزگاكانی بەسرە و زی قار و موسەننا و دیوانیە بەردەدرێتەوە. 5- هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی فرۆكەخانەی نەجەف. 6- دەبێت كەرتی كارەبا چاك بكرێت و كێشەكانی چارەسەر بكرێن 7- كردنەوەی دەرگای دامەزراندنی فەرمانبەران، ئەوەش وەك هەوڵێك بۆ چارەسەركردنی قەیرانی بێكاری.
لەدوای خۆپیشاندانەكانی باشوری عێراق بۆ باشكردنی ئاوو كارەبا و خزمەتگوزاریەكان، حكومەتی عێراق لەبەرامبەر فراواننەبوونی خۆپیشاندانەكان و گواستنەوەی بۆ بەغدادی پایتەخت، هیڵەكانی ئێنتەرنێتی لە بەغداو باشوری عێراق راگرت و تۆڕی كۆمەڵایەتی قەیس بوكیشی لە سەرتاسەری عێراق راگرت. ئێوارەی دوێنی و ئەمرۆش كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی ئاساییشی نیشتیمانی عێراق كۆبونەوەو تیایدا بۆ رێگریكردن لە فراوانبوونی خۆپیشاندانەكان بڕیاری راگرتنی هێڵەكانی ئێنتەری دەركرد. خۆپیشاندان و ناڕەزایی هاوڵاتیانی كوردستان شارەكانی باشوری عێراقی گرتۆتەوەو سەرەتاش لە شاری بەسرەوە دەستی پێكرد و شەوی رابردوو میسان و نەجەف و زیقار و بەغداشی گرتەوەو بارەگای زۆرینەی حزبە سیاسیەكانیان لە میسان سوتاند و لە نەجەفیش چونە ناو فرۆكەخانەی نەجەفەوە .
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت بۆ شەشەم رۆژ لەسەر یەك خۆپیشاندان لە شارەكانی باشووری عێراق دەستیپیكردەوە. دەیان كەس لە خەڵكی ناحییەی سەفوانی سەربە پارێزگای بەسرە لەبەردەم دەروازەی سنوری سەفوان كۆبونەوە و دژی خراپی دۆخی خزمەتگوزارییەكان و بێكاری ناڕەزایەتییان دەربڕی. دەروازەی سەفوان تاكە رێڕەوی وشكانی نێوان عێراق و كوەیتە، خۆپیشاندەران داوادەكەن بەشێك لە داهاتی ئەو دەروازەیە بۆ خزمەتكردنی ناحیەكەیان تەرخان بكرێت. لە شاری حیللە بە هەمان شێوە خۆپیشاندان دەستیپێكرد، خۆپیشاندەران لەسەر شەقامەكان تایەیان سوتاند، هێزە ئەمنییەكان هەوڵدەدەن بڵاوە بە خۆپیشاندەران بكەن. خۆپیشاندەران لە فڕۆكەخانە كشانەوە لە شاری نەجەفیش خۆپیشاندەران لە ناو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی شارەكە كشانەوە و گەشتە ئاسمانییەكان دەستیانپێكردەوە و بەرپرسانی ئیداری ناوچەكەش قەدەغەی هاتوچۆیان هەڵگرت. ئەنجومەنی ئاسایش هەڕەشە دەكات حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە لەبەر ئاڵۆزبوونی دۆخەكە لە برۆكسلەوە گەڕایەوە بۆ عێراق، دوای سەردانێك بۆ پارێزگای بەسرە، سەرۆكایەتی كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی وزاری ئاسایشی نیشتمانی كرد. نوسینگەی راگەیاندنی عەبادی بەیاننامەیەكی لەبارەی كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، بەتوندی روبەڕوی ئەوانە دەبنەوە كە دەیانەوێت بە سودوەرگرتن لە خۆپیشاندانی ئاشتیانە هێرش بكەنەسەر دامەزراوەكانی دەوڵەت و موڵكی تایبەت. 60 ساڵ دوای روخانی پادشایەتی ناڕەزایەتییەكان لە كاتیێكدایە ئەمڕۆ عێراق یادی (60) ساڵەی روخانی رژێمی پادشایەتی و هاتنەسەركاری رژێمی كۆماری دەكاتەوە. سەرەتای شەپۆلی ناڕەزایەتی ئەمجارەی عێراق لە بەسرەوە دەستیپێكردو دواتر گوازرایەوە بۆ پارێزگاكانی تری باشور وەكو زیقارو میسان و نەجەف و بابل. مەرجەعیەت پشتیوانی خۆپیشاندەران دەكات ئایەتوڵا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق پاڵپشتی خۆی بۆ ناڕەزایەتی خەڵكی شیعەمەزهەبی شارەكانی باشوور راگەیاند. نوێنەری سیستانی لە وتاری رۆژی هەینیدا وتی" كەموكورتییەكی زۆر هەیە لە خزمەتگوزارییە گشتییەكان"ی وەكو كارەبا لەم وەرزی گەرمایەدا. رۆژی یەكشەممەی رابردوو لە بەسرە خۆپیشاندەرێك بە تەقەی هێزە ئەمنییەكان كوژرا، ئەمە ناڕەزایەتییەكانی توندتر كردەوە. بەسرە هەڕەشە لە بازاڕی جیهانی نەوت دەكات رێژەی زیاتر لە 95%ی هەناردەی نەوتی عێراق لە بەسرەوە سەرچاوە دەگرێت، راگرتنی پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، زیانێكی گەورە بە ئابوری عێراق دەگەیەنێت، چونكە نەوت شادەماری ئابوری عێراقە، هەروەك دەكرێت كاریگەری لەسەر نرخی نەوتیش دابنێت لە بازاڕی جییهانیدا. بێكاری لە عێراق یەكێك لە پاڵنەرە سەرەكییەكانی خۆپیشاندان، بێكاری لاوانە، بەپێی ئاماری فەرمی حكومەتی عێراق ئێستا رێژەی بێكاری گەیشتوەتە 10.8% لەسەر ئاستی وڵات. رێژەی 60%ی ئەوانەی كە بێكارن، تەمەنیان لە خواروو 24 ساڵییەوەیە، ئەمەش بەپێی راپۆرتی ئاژانسی فرانس پرێس دەریدەخات بێكاری لەناو توێژی لاواندا لە عێراق زۆر بەرزە. پێكهێنانی حكومەتی نوێ ناڕەزایەتییەكان لەكاتێكدایە سەرباری تەواوبونی پرۆسەی هەڵبژاردن هێشتا كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق پێكنەهێنراوە و گومان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن هەیە. حكومەتی حەیدەر عەبادی بووە بە حكومەتی كاربەڕێكەر و ناتوانێت بڕیاری گرنگ و یەكلاكەرەوە بدات. سەرەتای ناڕەزایەتی خەڵكی عێراق دژ بە سیاسەتمەداران و پارتە سیاسییەكان ئەوكاتە دەركەوت كە هەڵبژاردنی 12ی ئایار كەمترین ئاستی بەشداری تۆماركرد لەدوای روخانی رژێمی بەعسەوە.
(درەو میدیا): چەند رۆژێكە هاوڵاتیانی شاری بەسرەی باشووری عێراق لەدژی بێكاریی و نەبوونی خزمەتگوزارییەكانی وەك ئاو و كارەبا خۆپیشاندان دەكەن، ئەمڕۆ هەینیش خۆپیشاندان شارەكانی، كەربەلا، نەجەف، زیقار، میسانی لە باشووری عێراق گرتەوە. خۆپیشاندەران لە پارێزگای میسان هێرشیانكردن سەر فەرمانگە حكومییەكان و بارەگانی چەند حزبێكی سیاسی وەك حزبی دەعوە، رەوتی حیكمە و ئەنجومەنی باڵای ئیسلامییان سوتاند. لە پارێزگاری نەجەفیش خۆپیشاندەران بارەگای حزبی دەعوەیان سوتاند و هێرشیانكردە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی نەجەف . فەرمانگەی تەندروستی میسانیش رایگەیاند لە خۆپیشاندانەكەدا 15 كەس برینداربوون و كەسێكیش كوژراوە و بەوتەی سەرچاوەیەكی ئەمنیش تا ئێستا لە بەسرە خۆپیشاندەرێك كوژراوە و 13ی كەس برینداربوون. پۆلیسی زیقاریش رایگەیاند بەهۆی خۆپیشاندانەكەوە 42 كەس لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان برینداربوون. " شۆڕشی برسییەكان سەردەكەوێت" لەگەڵ فراوانبوونی خۆپیشاندانەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر و هاوپەیمانی سائرون لە تویتێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك وتی:" قایل نابین بە دەستدرێژیكردنە سەر خۆپیشاندەرانە ستەملێكراوەكان و هیوادارین خۆپیشاندەران دامودەزگا و كەلوپەلەكانیان بپارێزن چونكە ئەوانە موڵكی گەلن نەك گەندەڵكاران". سەدر هاشتاگێكیشی راگەیاندووە بەناونیشانی " شۆڕشی برسییەكان سەردەكەوێت". حەكیم و عامری پشتگیری خۆپیشاندەران دەكەن هاوكات لەگەڵ فراوانبوونی خۆپیشاندانەكان، هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح و عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە كۆبوونەوە. نوسینگەی حەكیم لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، حەكیم لە نوسینگەكەی پێشوازی لە هادی عامری كردووە و هەردوولا داوا لە حكومەت دەكەن بەپەلە داواكاری خۆپیشاندەرانی بەسرە و پارێزگاكانی تر جێبەجێ بكات و دۆخی خزمەتگوزارییەكان لەو پارێزگایانە باشتر بكات و كاربكات برۆ نەهێشتنی گەندەڵی. عەبادی بەسرەی هێورنەكردەوە لەگەڵ بەرفراوانبوونی خۆپیشاندانەكان حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا و كۆبوونەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش گەڕایەوە عێراق و راستەوخۆ چووە بەسرە، بەڵام بە گوێرەی میدیاكانی عێراق عەبادی لە هێوركردنەوەی دۆخی بەسرە سەركەوتوو نەبووە و دوای گەیشتنی خۆپیشاندەران بە هۆتێل " شیراتۆن" عەبادی بەسرەی بەجێهێشتووە و گەڕاوەتەوە بەغدا.
(درەو میدیا): بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەك لایەنە عێراقییەكان پێشنیازەكانی برێت مەكگۆرك نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكایان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق رەتكردوەتەوە و بەوەش پێدەچێت پێكهێنانی حكومەت دوابكەوێت. بە گوێرەی هەواڵێكی " RT" چەد لایەنێكی عێراقی لەوانەش " فەتح و سائرون" پێشنیازەكانی مەكگۆرگیان بۆ پێكهێنانی حكومەت رەتكردوەتەوە و باوەڕیان وایە كە ئەو پێشنیازانە سیاسەتی بەش بەشێنە دەهێڵێتەوە و نابنە هۆی بەهێزكردنی دامەزراوەكانی دەوڵەتی عێراق. بەوتەی ئەو سەرچاوانە مەكگۆرك پێشنیازی ئەوەی بۆ لایەنە شیعە و سوننە و كوردییەكان كردووە حكومەتێكی هاوبەشیی نیشتمانی بەخێرایی پێكبهێنن و هاوپەیمانی فەتح و سائرونیش ئەوە پێشنیازەیان بە هەنگاوێك داناوە بۆ مانەوەی بەشبەشێنە، لەبەرئەوە رەتیانكردوەتەوە.