راپۆرتی رۆژنامهوانی: هێمن خۆشناو له پێناو گهرهنتیكردنهوهی پۆستی سهركۆماری (رهجهب تهیب ئهردۆغان) دهخوازێ له رێگای دادگا (جهههپه) بێكاریگهر بكات و تووشی لێكترازانی بكات. لهم ههڵمهتهیدا ئهردۆغان ههوڵدهدات دهنگدهری كورد له جهههپه دووربخاتهوه، وهكو یهك كوتله پهلكێشی بكات بهرهو (پارتی دهم). پارتی گهلی كۆمار (جهههپه) كه كۆنترین پارتی سیاسیه له مێژووی كۆماری توركیا و له ساڵی 1923 دامهزراوه، دوای شكستنی له ههڵبژاردنی گشتی له (حوزهیرانی 2023) كۆنگرهی 38مینی نائاسایی له 5 تشرینی دووهمی ههمان ساڵدا ئهنجامدا. تیایدا (كهمال كلیچدارئۆغڵو) كه بهرهگهز كوردێكی عهلهویه له سهرۆكایهتی پارتهكه دوورخرایهوه و (ئۆزگور ئۆزهل) جێگای گرتهوه. دوای دهستبهكاربوونی ئۆزهل له سهرۆكایهتیدا، ئهم پارته له رووی جهماوهریهوه قهڵهمبازی گهورهی ئهنجامدا و له ههڵبژاردنه خۆجێیهكانی ئهم وڵاته له (31 ئاداری 2024) له زۆرینهی شارهوانیه گهورهكانی توركیا پارتی داد و گهشهپێدانی دووچاری شكست و پاشهكشێ كرد. لهناو سهرۆك شارهوانیه گهورهكاندا ناوی سهرۆكی شارهوانی گهورهی ئیستانبۆڵ (ئهكرهم ئیمامئۆغڵو) وهكو كهسایهتیهك دهركهوت كه بتوانێ، له ههڵبژاردنی داهاتووی سهركۆماری توركیا كه بڕیاره 2028 ئهنجام بدرێت شكست به رهجهب تهیب ئهردۆغان بێنێت. زۆربهی ناوهندهكانی راپرسی و توێژینهوه له سهرهتای 2024 تا 19 ئاداری 2025 دا جهختیان له سهركهوتنی ئهكرهم ئیمائۆغڵو دهكرد له ههڵبژاردنی داهاتووی سهركۆماریدا. ههڵكشانی پشتگیری رای گشتی توركیا له (ئهكرهم ئیمائۆغڵو) پارتی دهسهڵاتداری ئهم وڵاتهی ناچاركرد، بیر له رێگایهك بكهنهوه تا بهر له ئیمامئۆغڵو بگرن. بۆ ئهم مهبهسته، لهژێر ناوی گهندهڵی، گرێبهستی ناشهرعی، قازانجی نایاسایی و رێككهوتن لهگهڵ تیرۆر پۆلیسی ئیستانبۆڵ له بهرهبهیانی (19 ئادار) ههڵیكوتایه سهر (ئهكرهم ئیمائۆغڵو) و چهند بهرپرسێكی دیكهی جهههپه. ئهم ئۆپاراسیۆنه گهورهترین كاردانهوهی دژ به سهركۆمار و دارودهستهكهی لێكهوتهوه كه له ماوهی 24 ساڵهی تهمهنیدا دهسهڵاتی ئهردۆغان تووشی كاردانهوهی بهم شێوهیه نهبووه. كاردانهوهكانیش بووه هۆی ئاوێتهبوونی جهههپه لهگهڵ ئۆپۆزسیۆنی شهقام كه له خوێندكارانی زانكۆ و توێژه كاریگهرهكان پێكهاتووه، ئهمهش دهنگ و پاڵپشتی بۆ جهههپه ئهوهندهی دیكه زیاد كرد و بوێری بهم پارته بهخشی، تا واز له راڕایی و ئۆپۆرتۆنیزمی سیاسی بێنێت كه چهندین ساڵ بوو بهدهستیهوه دهیناڵاند. به گوێرهی ناوهندهكانی راپرسی له بهرواری دهستگیركردنی ئیمائۆغڵو رۆژ لهدوای رۆژی دهنگی پاڵپشتی بۆ جهههپه و ئیمائۆغڵو زیاتر دهبێت و دهنگی پارتی دهسهڵاتدار و ئهردۆغانیش له كوورتی دهدات. ناوهندی (HBS) بۆ راپرسی له بهرواری 21 ئاداری 2025 راپرسیهكی ئهنجامداوه تیایدا رێژهی دهنگی جهههپه 33.8٪ بووه له بهرامبهردا ئاكهپه 28٪ دهنگهكانی بهدهستهێناوه. به گوێرهی ههمان ناوهند دهنگی ههردوولا له ههمان بهرواری ساڵی 2024، بهم شێوهیه بووه، جهههپه: 28.4٪ و ئاكپارتی 32.3٪. ئایا ئوزگور ئۆزهل له سهرۆكایهتی جهههپه دوور دهخرێتهوه؟ دهستگیركردنی ئیمائۆغڵو تاكه كاردانهوهی دهسهڵات نهبوو له بهرامبهر جهههپه، بهڵكو پێنج رۆژ دوای دهستگیركردنی ئیمامئۆغڵو، (لوتفی سهڤاش) سهرۆكی پێشووتری شارهوانی گهورهی (هاتای) به بیانووی نایاساییبوونی كۆنگرهی 38 مینی جهههپه له (4-5 تشرینی دووهمی 2023) دادگای 42 مینی ئهنقهرهی بهسهر كردهوه و داوای ههڵوهشاندنهوهی ئهنجامهكانی كۆنگرهی ناوبراوی كرد. لهبارهی سكاڵاكهی سهر كۆنگرهی جهههپه، بڕیاره دادگای پسپۆر له رۆژی دووشهممه (30 حوزهیرانی 2025) بڕیاری خۆی ئاشكرا بكات، كه تهنیا دوو ئهگهر لهخۆ دهگرێت. یهكهمینیان: دانانی قهیوم سهر جهههپه، دووهمینیشیان: دوورخستنهوهی ئوزگور ئۆزهل و ستافهكهیهتی له سهرۆكایهتی جهههپه و دانانهوهی (كهمال كلیچدارئۆغڵو) به سهرۆك بۆ ماوهی یهك ساڵدا دوای دهرچوونی بڕیاری دادگا. زۆربهی پێشبینیهكان، بهرهو ئهوه دهچن كه دادگا بڕیاری دوورخستنهوهی سهرۆكایهتی جهههپه دهدات، چونكه ئۆزهل دوای دهستگیركردنی ئیمامئۆغڵو، نهیهێشت مهیدان بۆ ئهردۆغان بمێنێتهوه و ئهو بۆشایهی پڕ كردهوه كه چاوهڕوان دهكرا دوای دهستگیركردنی ئیمامئۆغڵو دروست بێت. جگه لهوهش جهههپه له سایهی سهرۆكایهتی ئۆزگور ئۆزهل له ههموو روویهكهوه بههێز بوو. بهرامبهر به توندی و سهركوتكاری تهیب ئهردۆغان مۆدێلێكی نوێی ئۆپۆزسیۆنی داهێنا و له زۆرینهی توێژ و لایهنه سیاسیهكانی ناو توركیا پشتگیری لێكرا. بۆ ئهمه چاوهڕێ دهكرێت بڕیاری دادگا به ئاراستهی گهڕاندنهوهی سهرۆكایهتی پێشووتری جهههپه بێت، نهوهكو دانانی قهیوم. ئایا كلیچدارئۆغڵو پڵانهكهی ئهردۆغان قهبوڵ دهكات؟ لهگهڵ نزیكبوونهوهی وادهی ئاشكرا كردنی بڕیاری دادگا لهمهڕ دۆسیهی كۆنگرهی 38 مینی جهههپه، فشارهكان لهناو جهههپه و له شهقامیش بۆ سهر كهمال كلیچدارئۆغڵو زیاتر دهبن، تا گهڕانهوه بۆ سهر كوورسی سهرۆكایهتی پارتهكهی رهتبكاتهوه. به گوێرهی لێدوانهكهی كلیچدارئۆغڵو بێت له رۆژی (23 حوزهیران) كه دهڵێـت:" ئهگهر نهگهڕێمهوه بۆ سهرۆكایهتی جهههپه دادگا قهیوم دادهنێت" پێناچێت گوێ به فشارهكان بدات و یاریهكه له ئهردۆغان تێكبدات. گهڕانهوهی كلیچدارئۆغڵو چهندین كاریگهری نهرێنی دهبێت لهسهر جهههپه و سوودی گهورهشی دهبێت بۆ ئهردۆغان. گهڕانهوهی كلیچدارئۆغڵو، دهرفهتی خۆ كاندیدكردنی (ئهكرهم ئیمائۆغڵو) بۆ سهركۆماری بهرتهسك دهكاتهوه، كه ئهمهش لابردنی گهورهترین ئاستهنگ لهبهردهم ئهردۆغان دێت و ههروهها به واتای پارچهبوونی جهههپه دێت. به گوێرهی زانیاریه پشتڕاست نهكراوهكان، ئهگهر كلیچدارئۆغڵو به پڵانی ئهردۆغان و بڕیاری دادگا رازی بێـت، (ئوزگور ئۆزهل – ئهكرهم ئیمائۆغڵو) پارتێكی سیاسی نوێ لهسهر مۆدێلی سهركۆماری پێشووی توركیا تورگۆت ئۆزال (پارتی نیشتیمانی دایك ANAP) دروست دهكهن. دهگووترێت بهشێك له سهرمایهدارانی توركیا ههوڵ بۆ ئهمه دهدهن و دهخوازن ئهكرهم ئیمائۆغڵو لهسهر رێچكهی ئۆزال درێژه به سیاسهت بدات. چونكه پێیانوایه تهنیا ئهم مۆدێله سهرمایهدارانی تورك له چنگی قۆرخكاری رزگار دهكات و دهتوانێ ههموو ئهتنیك، گرووپ و توێژه جیاجیاكانی كۆمهڵگای توركیا لهباوهش بگرێت. بهڵام سهركهوتنی ئهم پارته له ئهگهر دروستكردنیدا زۆر زهحمهته له ئێستادا، به تایبهتی له ململانێی ههڵبژاردنی سهركۆماریدا، چونكه له لایهك رێكخستنی ئهم پارته و ناساندنی به كۆمهڵگایهكی بهرفراوانی وهكو توركیا پێویستی به كاته، به تایبهتی ئهگهر ههڵبژاردنی پێشوهخته ئهنجام بدرێت كاتی پێویستی لهبهردهمدا نیه، دووهمیشیان بهشێك له دهنگدهری جهههپه به تایبهتی عهلهوی و چهپهكان كه نزیكن له كلیچدارئۆغڵو ئهو كاته دهنگ بۆ ئیمائۆغڵو نادهن، ئهمهش به واتای پارچهبوونی دهنگی ئۆپۆزسیۆن دێت. كورد له كوێی ئهم ململانێیه دایه؟ له دوای دهستپێشخهری (دهوڵهت باخچهلی) لهمهڕ چارهسهری كێشهی كورد و وازهێنانی (په،كه،كه) له چهك له 22 تشرینی یهكهمی ساڵی 2024، جهههپه به ئاشكرا هیچ لێدوان و ههڵوێستێكی دژ بهم دۆخه نیشاننهداوه، بهڵام ئاشكرایه له نێوان (باخچهلی – دهوڵهت – ئهردۆغان) لهلایهك و لهگهڵ جهههپه لهلایهكی دیكهوه دهربارهی كێشهی كورد ناكۆكی ههیه. ههرچی لایهنی یهكهمه راستهوخۆ لهگهڵ (ئۆجا،لان و په،كه،كه) له پهیوهندی دایه، بهڵام جهههپه دهخوازێت باڵی سڤیلی بزوتنهوهی كورد (دهمیرتاش و پارتی دهم) به بنهما بگیرێت له ههنگاونان بۆ چارهسهری پرسی كورد. بهم ههڵوێسته جهههپه دهخوازێت لهبارهی كێشهی كورد خۆی له دهسهڵات جیابكاتهوه. لێدوانهكهی ئۆزگور ئۆزهل له (22 حوزهیران) دیارترین ئاماژهیه بهم راستیه كه دهڵێـت:" :" ئهگهر ئێمه وهكو دهمپارتیش سهیری كێشهكان بكهین، ئهوه ناچارنین بهسهر ههمان رێگادا بڕۆین". كهواته جهههپه لهمهڕ كێشهی كورد دهخوازێت رێگایهكی دیكه تاقیبكاتهوه. لهمبارهیهوه شرۆڤهكاری سیاسی تورك (ئارنهوۆڵد سهلیم) دهڵێت:" جهههپه پێیوایه، دهمپارتی ناچاره لهسهر ئهو هێڵه سیاسیه بڕوات كه (عهبدولڵا ئۆجا،لان) دایڕشتووه". له شاره گهورهكانی توركیا دهنگدهری كورد زیاتر بهلای جهههپه، بهتایبهتی ش بهلای (ئهكرهم ئیمائۆغڵو) دهشكێتهوه. لێرهدا ناكۆكیه گهورهكه دهست پێدهكات. ئهم راستیه بۆ دهسهڵات ئاستهنگێكی گهوره دروست دهكات. بۆیه دهسهڵات هاوتهریب لهگهڵ پڵانهكهی سهبارهت به جهههپه دهخوازێت دهنگدهری كورد وهكو یهك كوتله بهرهو پارتی دهم بچێت و له رێگای ئۆجا،لانیش كۆنتڕۆڵی پارتی دهم بكات. به گوێرهی (ئارنهوۆڵد سهلیم):" لهتبوونی دهنگدهری كورد له بهرژهوهندی دهسهڵاتدا نیه. دهسهڵات دهخوازێت دهنگدهری كورد یهك كوتله بێت". بهڵام ئهگهر كهمال كلیچدارئۆغڵو بێتهوه سهر ناوهندی بڕیاری جهههپه و ركابهرانی رهوتێكی سیاسی دروست نهكهن و بهشداری له ههلبژاردن نهكهن، ئهوه رهنگه دهنگدهری كورد له شاره گهورهكان كه تا ئێستا دهنگی بۆ جهههپه داوه، بایكۆتی دهنگدان بكات كه ئهمهش له بهرژهوهندی ئهردۆغان دایه.
راپۆرتی: درەو 🔹 گەرووی هورمز کەنداوی عەرەبی بە کەنداوی عومانەوە دەبەستێتەوە، پاشان زەریای هیندی. 🔹 (19%)ی پێویستی نەوتی جیهانی و (11.1%)ی بازرگانی دەریایی جیهانی لێوە تێدەپەڕێت. 🔹 گەرووەکە بە ڕێڕەوی سەرەکی نەوت و گاز لە ناوچەکەوە بۆ بازاڕە جیهانییەکان دادەنرێت. ڕۆژانە نزیکەی (20 ملیۆن) بەرمیل نەوت لەو گەرووەوە دەگوازرێتەوە، ئەمەش وایکردووە کە ببێتە یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی بازرگانی لە جیهاندا. 🔹 ڕۆژانە 20 تا 30 كەشتی نەوت هەڵگر پێیدا تێپەڕ دەبێت، بە جۆرێك هەر 6 خولەك بارهەڵگرێك لە لوتكەی تێپەڕبوندایە. 🔹 هەر پەککەوتنێک لە هاتوچۆی کەشتیوانی لە ڕێگەی گەرووی هوورمزەوە، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر نرخی نەوتی جیهانی دەبێت. هەڕەشەکانی ئێران بۆ داخستنی گەرووی هورمز ئەمە یەکەم جار نییە ئێران هەڕەشەی داخستنی گەروی هورمز دەکات بۆ نمونە ئەکبەر هاشمی ڕەفسنجانی، سەرۆکی پەرلەمان و نوێنەری ڕێبەری ئێران لە شوورای باڵای بەرگری، ساڵی 1983 لە نوێژی هەینی تاراندا لەبارەی داخستنی گەرووی هورمزەوە گوتی: "ئێمە بە کەشتییەکانمان گەرووی هورمز داناخەین. ئێمە دیوارێکی ئاگرین درووستدەکەین بە تۆپەکانی 130 کە خۆتان دەزانن چەنێکمان هەیە. ئێمە کاتێک ڕۆژی دوو جار ئاگر لە گەرووی هورمزدا درووست بکەین، ئەگەر ئێمە تۆپە 175 ملیمەترییەکان کە مەودایان 48 کیلۆمەترە، دانێین و بە گولـلەکانی بۆردومانی ناوڕاستی گەرووەکە بکەین، کێ دەتوانێت بە گەرووەکەدا تێپەڕێت؟ ئێمە دەتوانین گەرووی هورمز بە کڵاشینکۆفیش داخەین...". گەروی هورمز شادەماری گواستنەوەی نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بۆ بازاڕەكانی جیهان، بۆیە داخستنی ئەو ڕێگە گرنگە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی نەوت لە بازاڕەكانی جیهانداو بەرزبوونەوەی زۆری نرخەكەی. زۆربەی نەوتی هەناردەكراوی سعودیە و ئێران و ئیماڕات و كوەیت و عێراق لە ڕێگەی گەروی هورمزەوە هەناردەی بازاڕەكانی جیهان دەكرێت، هەروەها گەروی هورمز ڕێگەی سەرەكی گواستنەوەی گازی سروشتی قەتەڕە كە گەورەترین هەناردەكەری گازی سروشتی جیهانە. لە ناوەڕاستی ساڵی (2018)دا حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران لە بەرامبەر هەڕەشەی ئەمریکا بۆ سنووردارکردنی ڕێژەی کڕینی نەوتی ئێران لە بازاڕە جیهانییەکاندا، کاردانەوەیەی نیشانداو لە میانەی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئێرانییەکانی دانیشووی وڵاتی سویسرا لە شاری بێرن گوتی "ئەمریکییەکان بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە دەیانەوێت بە تەواوی ڕێگە لە هەناردەی نەوتی ئێران بگرن، ئەوان مانای ئەم دەربڕێنە نازانن، چونکە لە ڕاستیدا بێمانایە نەوتی ئێران هەناردە نەکرێت و لە هەمان کاتدا نەوتی ناوچەکە هەناردە بکرێت. ئەگەر ئێوە توانیتان، ئەو کارە بکەن بۆئەوەی دەرئەنجامەکەشی ببینن." ڕۆژی (14/6/2025) دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران لە زاری جەنەراڵ ئیسماعیل کەوسەری، فەرماندەی سوپای پاسداران رایگەیاند: وڵاتەكەی تاوتوێی داخستنی گەروی هورمز دەكات و دواتر باشترین بڕیار كەلە بەرژەوەندی تاران بێت لەبارەیەوە دەدات. ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، كۆماری ئیسلامی ئێران هەمو رێگایەك بۆ سزادانی ئیسرائیل دەگرێتەبەر، بۆ ئەو مەبەستەش هەمو ئەگەرێك لەبەردەمیاندا كراوەیە و سزای تەلئەبیبی پێدەدەن، یەكێكیش لە رێگەكان هێرشە سەربازییەكانە بۆسەر ئەم وڵاتە. پێگەی بازرگانی گەرووی هورمز لە ڕێڕەوە ئاوییەکاندا گەرووی هورمز لە نێو حەوت دیارترین ڕێڕەوی ئاوی یەکێکە لە ڕێڕەوە بازرگانییە پڕ بایەخەکان، لە قەبارەی بازرگانی نەوتدا لە پێش سەرجەمیانەوەیەو لە ڕووی قەبارەی بازرگانییەوە پلەی سێیەمی نێو ڕێڕەوە گرنگە جیهانیەکانی گرتووە، بەجۆرێک؛ 1. گەرووی هورمز: کەنداوی عەرەبی بە کەنداوی عومانەوە دەبەستێتەوە، پاشان زەریای هیندی. پانی گەرووەکە 50 كیلۆمەترە (34 كیلۆمەتری دەكەوێتە تەنگەبەریی) و قوڵیەكەشی تەنها (60) مەترە، پانی چونە ناوەوە و دەرەوەی دوو میلی دەریاییە كە دەكاتە 10 كیلۆمەتر و نیو، (19%)ی پێویستی نەوتی جیهانی و (11.1%)ی بازرگانی دەریایی جیهانی لێوە تێدەپەڕێت. ڕۆژانە نزیکەی (20 ملیۆن) بەرمیل نەوت بە گەرووەکەدا تێدەپەڕێت، ڕۆژانە 20 تا 30 كەشتی نەوت هەڵگر پێیدا تێپەڕ دەبێت، بە جۆرێك هەر 6 خولەك بارهەڵگرێك لە لوتكەی تێپەڕبوندایە. ئەمەش وایکردووە کە ببێتە یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی بازرگانی لە جیهاندا. هەر بۆیە گەرووەکە بە ڕێڕەوی سەرەکی نەوت و گاز لە ناوچەکەوە بۆ بازاڕە جیهانییەکان دادەنرێت. بۆیە هەر پەککەوتنێک لە هاتوچۆی کەشتیوانی لە ڕێگەی گەرووی هوورمزەوە بەهۆی گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکەوە، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر نرخی نەوتی جیهانی هەیە، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی ئەو ئاڵنگارایانەی ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبێتەوە، کە بەهۆی ململانێکانی ناوچەییەوە تووشی کێشە بووە. ئەمەش گرنگییەکەی زیاتر دەکات. 2. گەرووی مالاکا: گەرووی مەلاکا زەریای هێمن و زەریای هیندی بەیەکەوە دەبەستێتەوە ئەم گەرووە ڕێڕەوێکی گرنگی ترانزێتی نەوتە، ڕۆژانە نزیکەی (15 ملیۆن) بەرمیل پێیدا تێدەپەڕێت. بەو مانایایەی (16%)ی پێویستی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت و یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوی ئاوی بازرگانی جیهان کە (23.7%)ی بازرگانی دەریایی جیهانی پێکدەهێنێت. ئابوورییە گەورەکانی ئاسیا بە تایبەتی چین بۆ تێپەڕاندنی کاڵا جۆراوجۆرەکان پشتی پێدەبەستن. گەرووەکە (805 کیلۆمەتر) درێژ دەبێتەوە و خاڵێکی ترانزێتی ستراتیژی لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ئاسیا پێکدەهێنێت. 3. کەناڵی سوێس: کەناڵی سوێسی میسری، دەریای سوور و دەریای ناوەڕاست بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش کارئاسانی بازرگانی نێوان ئاسیا و ئەوروپا دەکات. ئەم کەناڵە (6%)ی پێویستی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت و (12%)ی کۆی قەبارەی بازرگانی دەریایی جیهانی بەو شوێنەدا تێدەپەڕێت، ساڵانە نزیکەی (20 هەزار) کەشتی بەو شوێنەدا تێدەپەڕن. بەگوێرەی ئامارەکانی دەسەڵاتی کەناڵی سوێس، داهاتی کەناڵەکە بۆ ساڵی دارایی 2023-2024 گەیشتووەتە (7.2 ملیار) دۆلار. 4. گەرووی باب ئەلمەندەب: گەرووی باب ئەلمەندەب خاڵێکی ستراتیژییە کە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن بەیەکەوە دەبەستێتەوە و بە یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوی دەریایی لە جیهاندا دادەنرێت. گەرووەکە نزیکەی (30 کیلۆمەتر) درێژ دەبێتەوە و ڕێڕەوێکی گرنگە بۆ بازرگانی نێوان ئەوروپا و ئاسیا. ئەم تێپەڕبوونە بۆ بازرگانی جیهانی گرنگە، نزیکەی 10%ی بازرگانی دەریایی جیهانی بەو گەرووەدا تێدەپەڕێت، لەنێویاندا هەناردەکردنی نەوت لە کەنداوی عەرەبیەوە بۆ بازاڕە جیهانییەکان. (5%)ی پێویستی نەوتی جیهان و ڕۆژانە نزیکەی 4.8 ملیۆن بەرمیل نەوتى پێدا تێدەپەڕێت. 5. ساڵانە نزیکەی (10 هەزار) کەشتی پێیدا تێدەپەڕن، لەنێویاندا نزیکەی (4 هەزار) کەشتی نەوتهەڵگر. گەرووەکە بە هۆی ململانێکانی یەمەن و سۆماڵەوە بەرەوڕووی ئاستەنگە ئەمنییە بەرچاوەکان دەبێتەوە، ئەمەش مەترسی پچڕانی هاتوچۆی کەشتیوانی زیاتر دەکات. 6. گەرووی دانیمارک: ئەمانە گەرووگەلێکن کە دەریای باڵتیک بە دەریای باکوورەوە لە ڕێگەی کاتێگات و سکاگێراکەوە دەبەستنەوە. (3%)ی پێویستی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت و (3.9%)ی کۆی بازرگانی دەریایی جیهانی بەواندا تێدەپەڕێت. 7. گەرووی بوسفۆڕ: گەرووی بۆسفۆر گەروویەکی تەسکە کە دەریای ڕەش و دەریای مەڕمارا بەیەکەوە دەبەستێتەوە. بە ئیستانبوڵی تورکیادا تێدەپەڕێت و نزیکەی (30 کیلۆمەتر) درێژ دەبێتەوە و سنوورێکی سروشتی نێوان ئاسیا و ئەوروپا پێکدەهێنێت. ڕێڕەوێکی سەرەکییە بۆ هەناردەکردنی وزە لە ڕووسیا و ئاسیای ناوەڕاستەوە. (2%)ی پێویستی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، (3.1%)ی بازرگانی دەریایی جیهانی پێیدا تێدەپەڕێت. گرنگی ئابووری گەرووەکە لە پێگەی خۆیدایە وەک خاڵێکی ترانزێتی سەرەکی بۆ هەناردەکردنی نەوت و گاز لە دەریای خەزەرەوە، کە ڕۆژانە نزیکەی (3 ملیۆن) بەرمیل نەوتی تێدەپەڕێت. هەروەها ئەم گەرووە ناوەندێکی گرنگە بۆ بازرگانی نێوان دەریای ڕەش و وڵاتانی دەریای ناوەڕاست، ساڵانە زیاتر لە (40 هەزار) کەشتی پێیدا تێدەپەڕن، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە قەرەباڵغترین ڕێڕەوی ئاوی جیهان. 8. کەناڵی پەنەما: کەناڵی پەنەما بچووکترین ڕێڕەوی ئاوییە، کە زەریای ئەتڵەسی و زەریای هێمن بەیەکەوە دەبەستێتەوە. (1%)ی پێویستی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت (3%)ی کۆی بازرگانی دەریایی جیهانی بەڕێوەدەبات. کەناڵەکە لە ساڵی 1914 کرایەوە و نزیکەی (82 کیلۆمەتر) درێژ دەبێتەوە، ئەمەش ڕێگە بە کەشتییەکان دەدات خۆیان لە گەشتە دوور و درێژەکەی بە دەوری ئەمریکای باشووردا بپارێزن. ساڵانە (14 هەزار) کەشتی بەو کەناڵەدا تێدەپەڕن. بەپێی ئامارەکانی دەسەڵاتی کەناڵی پەنەما ساڵانە نزیکەی (4 ملیار دۆلار) داهاتی هەیە. ساڵی (2023) ئەم حەوت ڕێڕەوی ئاوە (6.5 ملیار) تۆن کەل و پەلیان لێوە پەڕیوەتەوە، کە بەهای زیاتر لە (8 تریلیۆن) دۆلار بووە، کە بریتی بوونە لە خۆارک، جلوبەرگ، پێڵاو، ئەلیکتۆنیات، مۆبیلیات، پۆڵا، نەوت و غازی سروشتی. ئەم کەناڵانە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە کەمکردنەوەی کات و تێچووی کەشتیوانی، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ڕەوتی بازرگانی جیهانی و دەستڕاگەیشتن بە بازاڕەکان هەیە. خشتەوە چارتەکانی خوارەوە قەبارەی نەوت و بازرگانی نێو ئەو ڕێڕەوە بازرگانییانە ڕوندەکاتەوە. خشتەو چارتەکان سەرچاوەکان؛ - شاهر الأحمد، هرمز والسويس منها.. أهم 7 ممرات مائية تجارية عالمية، الجزيرة، 30/10/2024؛ https://shorturl.at/zPfYc - الجزيرة، مضيق هرمز .. العنق الرئيسي للنفط في العالم، 28/12/2023؛ https://shorturl.at/txEMi - زمان العربية، إغلاق مضيق هرمز .. ماذا قد يحدث إذا نفذت إيران تهديدها؟، 17/06/2025؛ https://shorturl.at/9crrl - گۆریان هەڵەبجەیی، گەرووی هورمز لە ڕوانگەی جوگرافیەوە تا ستراتیژیەتی ئابوری، پەیسەرپرێس، 21/05/2019؛ https://shorturl.at/8wvFE
درەو: ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هەنگاو بە پشتبەستن بە زانیاری و داتای کۆکراوە و پشتڕاستکردنەوەی بە سەرچاوە باوەڕپێکراو و مەیدانییەکانی سەرتاسەری ئێران، بڵاویدەكاتەوە لە ماوەی پێنج ڕۆژی یەکەمی شەڕی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران و دەوڵەتی ئیسرائیل لانیکەم (524) کەس گیانیان لەدەستداوە. لەو ژمارەیە (74) کەسیان مەدەنی بوون و (450) کەسیان ئەندامی سەربازی، هێزە ئەمنییەکان، دامەزراوەکانی پەیوەندیدار بە سوپای پاسداران، یان کارمەندانی تایبەتمەند بوون کە پەیوەندییان بە پێکهاتە سەربازییەکانی ئێرانەوە هەیە هەروەها کوژرانی لانیکەم (28) ژن و (19) منداڵی لە نێو قوربانییە مەدەنییەکان دۆكیۆمێنتكردووە. هاوکات زیاتر لە 89%ی قوربانیانی مەدەنی لە پارێزگای تاران تۆمار کراون. لە پێنج ڕۆژی یەکەمدا (74) هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا بە پێی ئەو ئامارانەی لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران تۆمار کراون، لە ماوەی پێنج ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم (74) هاووڵاتیی مەدەنی لە هێرشەکاندا کوژراون و لەو ژمارەیەش تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە (64) کەسیان دەستنیشان کراون. لە نێو قوربانییەکان (28) ژن و (19) منداڵ هەن. شایانی باسە کە یەکێک لەو قوربانیانە ڕەگەزنامەی ئەفغانییە. دابەشکردنی قوربانیانی مەدەنی لە پارێزگاکان بەم شێوەیەی خوارەوەیە: پارێزگای تاران: 66 تووشبوو پارێزگای حەمدان: 4 تووشبوو پارێزگای کرماشان (کرماشان): 2 حاڵەت پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: 1 حاڵەت پارێزگای ئیسفەهان: 1 تووشبوو لە ئەنجامی هێرشی ڕاستەوخۆی سوپای ئیسرائیل (19) منداڵ کوژران هەنگاو پشتڕاستی دەکاتەوە کە لانیکەم (19) منداڵ لە کاتی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پارێزگای تاران گیانیان لەدەستداوە. لەو منداڵانە (10) منداڵیان کچ و (9) منداڵیان کوڕ بوون. دوو کەسیان تەمەنیان تەنها (2) مانگ و (7) مانگ بووە، گەورەترینیان تەمەنی (17) ساڵ بووە. هەموو حاڵەتە تۆمارکراوەکان لە پارێزگای تاران ڕوویانداوە. لیستی ئەو منداڵانەی کوژراون: 1.† ڕەیان غەسمیان – تەمەنی 2 مانگە 2.† زەهرا زەکەریان عامری – تەمەنی 7 مانگە 3.† ئەمیرالی ئەمینی – 12 ساڵ 4.† پەرهام عەباسی – تەمەنی 15 ساڵ 5.† فاتمە زەکەریان عامری – تەمەنی 5 ساڵ 6.† باران ئەشرەفی – خوار تەمەنی 15 ساڵ 7.† مەحیا نیکزاد – تەمەنی 7 ساڵ 8.† سۆهێل کاتولی – تەمەنی 11 ساڵ 9.† ئیما زەینەلی – تەمەنی 7 ساڵ 10.† هیدا زەینەلی – تەمەنی 4 ساڵ 11.† مەتاحرە نیمانداز – تەمەنی 6 ساڵ 12.† عەلی نیمانداز – تەمەنی 10 ساڵ 13. فاتیمە نیمانداز – 12 ساڵ 14.† محەمەدڕەزا سەددیقی سابر – تەمەنی 17 ساڵ 15.† مەتین سەفەیان – تەمەنی 16 ساڵ 16. زەهرا بەرزگار – تەمەنی 3 ساڵ 17. تارا حاجیمیری – 8 18. منداڵێکی نەناسراو – تەمەنی 6 ساڵ 19. منداڵێکی نەناسراو – 14 ساڵ (28) ژن کوژران، دوو ئەندامی سپای پاسداران تا کاتی نووسینی ئەم هەواڵە، ناسنامەی ئەو (28) ژنە کوژراوانە لەلایەن هێنگاو پشتڕاستکراوەتەوە و سەرجەمیان لە پارێزگای تاران گیانیان لەدەستداوە. لە نێویاندا فاتمە باغری و ئێلهام فەرەحمەند ئەندامی سپای پاسداران بوون و (26) کەسی دیکەش خەڵکی سڤیل بوون. (450) سەربازی سەربازی لە سەرانسەری ئێران کوژران لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ی خەرمانانی 2021 کە سوپای ئیسرائیل هێرشی ڕاستەوخۆی ئاسمانی و مووشەکی بۆ سەر خاکی ئێران دەستپێکرد، ژمارەی قوربانییە سەربازییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. داتای مەیدانی و بەڵگەنامەکانی دەست هێنگاو ئاماژە بەوە دەکەن کە تا کۆتایی ڕۆژی پێنجەمی شەڕەکە، لانیکەم (450) ئەندامی سوپا، سپای پاسداران، پۆلیس، بەسیج، زانایانی ئەتۆمی و نوخبەی تەکنیکی یان کارمەندی دامودەزگاکانی پەیوەست بە پێکهاتە ئەمنییەکان کوژراون. هێنگاو تا ئێستا سەرکەوتوو بووە لە ناسینەوەی (158) کەس لەو کەسانە بە تەواوی. زۆرترین قوربانیی سەربازی لە پارێزگاکانی تاران، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، کرماشان و لوڕستان تۆمارکراوە. قوربانییە سەربازییەکان بەپێی پارێزگا: پارێزگای تاران: 195 تووشبوو پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: 55 تووشبوو پارێزگای کرماشان: 45 حاڵەت پارێزگای قوم: 35 تووشبوو پارێزگای لوڕستان: 30 تووشبوو پارێزگای ئیسفەهان: 20 تووشبوو پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا: 20 تووشبوو پارێزگای ئەلبۆرز: 15 حاڵەت پارێزگای زەنجان: 8 حاڵەت پارێزگای هەمەدان: 7 حاڵەت پارێزگای خوزستان: 6 حاڵەت پارێزگای کوردستان (سنە): 5 تووشبوو پارێزگای مەرکەزی: 5 حاڵەت پارێزگای فارس: 4 تووشبوو لە پارێزگای تاران کە جێگای سەرەکی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بوو، لانیکەم (195) کارمەندی سەربازی گیانیان لەدەستدا. لەو ژمارەیەش ناسنامەی تەواوی (47) کەس کە (10) فەرماندەی باڵای سپای پاسداران و (10) زانای ئەتۆمی و (2) نوخبەی حکوومەتی سەر بە سوپای پاسداران لە لایەن هێنگاو پشتڕاست کراوەتەوە.
شیكاری: درەو 🔻 پاڵپشت بە پێگەی داتاکانی (Global Fire Power) بۆ ساڵی (2025) بەشێوەیەکی گشتی لە ڕووی هێز و توانای سەربازییەوە هەردوو وڵات نزیکن لە یەکترەوە، بە جۆرێک لەسەر ئاستی (145) وڵاتی جیهان ئێران لە ڕیزبەندی (16)یەم و ئیسرائیل ڕیزبەندی (15)ی گرتووە؛ 🔹 لە ڕووی توانای مرۆیی و هێزی وشکانییەوە ئێران لە پێش ئیسرائیلەوەیە. 🔹 لە ڕووی توانای دارایی و بودجەی بەرگریی و هێزی ئاسمانییەوە ئیسرائیل لە پێش ئێرانەوەیەوە. 🔹 لە ڕووی هێزی دەریاییەوە ئێران کە هەندێک کەل پەلی سەربازی لەپێش و لە هەندێکی دیکەدا ئیسرائیل لە پێشەوەیە. 🔹 لەم ڕاپۆرتەدا بە شێوەی گرافیک تواناو جیاوازییە سەربازییەکانی هەردوو وڵات بە وردی ڕونکراوەتەوە... یەکەم؛ توانا مرۆییەکانی ئێران و ئیسرایل پاڵپشت بە پێگەی داتاکانی (Global Fire Power) بۆ ساڵی (2025) بەشێوەیەکی گشتی لە ڕووی هێز و توانای سەربازییەوە هەردوو وڵات نزیکن لە یەکترەوە، بە جۆرێک لەسەر ئاستی (145) وڵاتی جیهان ئێران لە ڕیزبەندی (16)یەم و ئیسرائیل ڕیزبەندی (15)ی گرتووە. بەڵام جیاوازییەکی زۆر لە نێوان توانا مرۆییەکانی ئێران و ئیسرائیل هەیە لە ڕووی؛ 1. ژمارەی دانیشتوانی ئێران (88 ملیۆن و 386 هەزار و 937) کەسە، ڕیزبەندی (17)یەمنی گرتووە، لە کاتێکدا ئیسرائیل لە ڕیزبەندی (92) ە بە بوونی (9 ملیۆن و 402 هەرزار و 617) کەس. بەم پێیە جیاوازی نێوانیان (78 ملیۆن و 984 هەزار و 320) کەسە. 2. هێزی کاری بەردەست لە ئێران (49 ملیۆن و 496 هەزار و 685) کەسە، ڕیزبەندی (15)یەمنی گرتووە، لە کاتێکدا ئیسرائیل لە ڕیزبەندی (91) ە بەبوونی (3 ملیۆن و 949 هەرزار و 99) هێزی کاری بەردەست. بەم پێیە جیاوازی نێوانیان (45 ملیۆن و 547 هەزار و 586) کەسە. 3. ژمارەی ئەوانەی لە وڵاتی ئێران لەبارن بۆ خزمەتکردن بە (41 ملیۆن و 541 هەزار و 860) کەس مەزەندە دەکرێن، ڕیزبەندی (14)یەمنی گرتووە، لە کاتێکدا ئیسرائیل لە ڕیزبەندی (89) ە بەبوونی (3 ملیۆن و 281 هەرزار و 513) کەس کە دەتوانن خزمەت بکەن. بەم پێیە جیاوازی نێوانیان (38 ملیۆن و 260 هەزار و 347) کەسە. 4. ساڵانە لە ئێران تێکڕای ئەوانەی دەگەنە تەمەنی پێگەیشتن ژمارەیان (ملیۆنێک و 414 هەزار و 191) کەسە و لەم ڕووەوە ڕیزبەندی (16)یەمنی گرتووە، لە کاتێکدا تێکڕای ئەوانەی لە ئیسرائیل دەگەنە تەمەنی پێگەیشتن ژمارەیان (131 هەزار و 637) کەسە بە ڕیزبەندی (85)یەمین، واتە جیاوازی نێوان هەردوو وڵات (ملیۆنێک و 282 هەزار و 554) کەسە. 5. ئەو هێزەی لەئێستادا چالاکن و کاردەکەن لە ئێران ژمارەیان بە (610 هەزار) کەس مەزەندە دەکرێن و لەم ڕووەوە ڕیزبەندی (8)یەمنی گرتووە، لە کاتێکدا ئەوانەی لە ئیسرائیلدا چالاکن ژمارەیان (170 هەزار) کەسە بە ڕیزبەندی (31)یەمین، واتە جیاوازی نێوان هەردوو وڵات (440 هەزار) کەسە. 6. لە ڕووی هێزی کاری یەدەگەوە لە ئێران ژمارەیان بە (350 هەزار) کەس مەزەندە دەکرێن و لەم ڕووەوە ڕیزبەندی (20)یەمنی گرتووە، لە کاتێکدا ئەوانەی لە ئیسرائیلدا بە هێزی کاری یەدەگ دێنە هەژمار (465 هەزار) کەسن بە ڕیزبەندی (16)یەمین، واتە جیاوازی نێوان هەردوو وڵات (115 هەزار) کەسە. 7. هێزی نیمچە سەربازی لە ئێران ژمارەیان بە (220 هەزار) کەس مەزەندە دەکرێن و لەم ڕووەوە ڕیزبەندی (10)یەمنی گرتووە، لە کاتێکدا ئەوانەی لە ئیسرائیلدا بە هێزی نیمچە سەربازی دێنە هەژمار (35 هەزار) کەسن بە ڕیزبەندی (26)یەمین، واتە جیاوازی نێوان هەردوو وڵات (185 هەزار) کەسە. توانای مرۆیی بە گرافیک دووەم؛ توانا داراییەکانی ئێران و ئیسرایل لەچەند ڕوویەکەوە هەریەک لە ئێران و ئیسرائیل توانای دارایی جیاوازیان هەیە بەجۆرێک؛ 1. بودجەی بەرگری ئێران ساڵانە (15 ملیار و 450 ملیۆن) دۆلارە، ڕیزبەندی (25)ی نێو (145) وڵاتی جیهانی گرتووە، لە کاتێکدا ئیسرائیل لە ڕیزبەندی (17)یەمینە بە تەرخانکردنی بڕی (30 ملیار و 500 ملیۆن) دۆلاری ساڵانە. بەم پێیە جیاوازی نێوانیان (15 ملیار و 50 ملیۆن) دۆلارە. 2. قەرزی دەرەکی ئێران (4 ملیار و 136 ملیۆن و 926 هەزار) دۆلارە، ڕیزبەندی (23)ی نێو (145) وڵاتی جیهانی گرتووە، لە کاتێکدا ئیسرائیل لە ڕیزبەندی (104)یەمینە بە بڕی قەرزی (148 ملیار و 500 ملیۆن) دۆلار. بەم پێیە جیاوازی نێوانیان (144 ملیار و 365 ملیۆن و 74 هەزار) دۆلارە. 3. یەدەگی دراوی بیانی ئێران (120 ملیار و 600 ملیۆن) دۆلارە، ڕیزبەندی (24)ی نێو (145) وڵاتی جیهانی گرتووە، لە کاتێکدا ئیسرائیل لە ڕیزبەندی (17)یەمینە بە بڕی یەدەگی دراوی بیانی (204 ملیار و 661 ملیۆن) دۆلار. بەم پێیە جیاوازی نێوانیان (84 ملیار و 61 ملیۆن) دۆلارە. 4. هێزی کڕینی ئێران بەراورد بە ئیسرائیل بەرزەو بە ڕیزبەندی (22)ەم و (ترلیۆنێک و 440 ملیار) دۆلار دێت لە کاتێکدا هێزی کڕینی ئیسرائیل (471 ملیار و 30 ملیۆن) دۆلار خەمڵیندراوە بە ڕێزبەندی (51)یەمین و جیاوازی نێوانیان (968 ملیار و 9070 ملیۆن) دۆلارە. توانای دارایی بە گرافیک سێیەم؛ هێزی ئاسمانی ئێران و ئیسرایل هەریەکە لە ئێران و ئیسرائیل توانای توانا چەکی ئاسمانی جۆراو جۆریان هەیە، بەڵام لە ڕووی توانای زۆربەی جۆرەکانی فڕۆکەو هێزی ئاسمانییەوە، ئیسرائیل تواناکانی لە پێش ئێرانەوەیە، بۆ نمونە؛ 1. ئیسرائیل (611) فڕۆکەی جۆراوجۆری هەیە، بەڵام ئێران (551) دانەی هەیە. 2. ئیسرائیل (240) فڕۆکەی جەنگی جۆراوجۆری هەیە، بەڵام ئێران (188) دانەی هەیە. 3. ئیسرائیل (38) فڕۆکەی هێرشبەری تایبەتی هەیە، بەڵام ئێران (21) دانەی هەیە. 4. ئێران (87) فڕۆکەی گواستنەوەی جۆراوجۆری هەیە، بەڵام ئیسرائیل (13) دانەی هەیە. 5. ئیسرائیل (159) فڕۆکەی مەشق و ڕاهێنانی جۆراوجۆری هەیە، بەڵام ئێران (103) دانەی هەیە. 6. ئەو فڕۆکانەی ئەرکی تایبەت و هەستیار ئەنجام دەدەن، ئیسرائیل (19) فڕۆکەی هەیە بەڵام ئێران (10) دانەی هەیە. 7. ئیسرائیل (14) فڕۆکەی تانکەری ئاسمانی جۆراوجۆری هەیە، بەڵام ئێران (6) دانەی هەیە. 8. ئیسرائیل (147) هێلیکۆپتەری جۆراوجۆری هەیە، بەڵام ئێران (128) دانەی هەیە. 9. ئیسرائیل (48) هێلیکۆپتەری هێرشبەری جەنگی جۆراوجۆری هەیە، بەڵام ئێران (13) دانەی هەیە. توانای ئاسمانی بە گرافیک چوارەم؛ هێزی وشکانی ئێران و ئیسرایل وەک لە گرافیکەکەدا هاتووە، هەریەکە لە ئێران و ئیسرائیل توانای چەکی وشکانی جۆراو جۆریان هەیە، بەڵام لە ڕووی تواناوە زۆربەی جۆرو چەکەکانی وشکانییەوە، ئێران تواناکانی لە پێش ئیسرائیلەوەیە، بۆ نمونە؛ 1. ئێران بە بوونی (403) تانکی جۆراوجۆرەوە لە پێش ئیسرائیلەو (هەزار و 703) تانکی هەیە، بەڵام ئیسرائیل (هەزار و 300) دانەی هەیە. 2. ئێران بە بوونی (29 هەزار و 840) بارهەڵگری زریپۆشی جۆراوجۆرەوە لە پێش ئیسرائیلەو (65 هەزار و 825) زریپۆشی هەیە، بەڵام ئیسرائیل (35 هەزار و 985) دانەی هەیە. 3. ئێران بە بوونی (40) تۆپهاوێژی خودکاری جۆراوجۆرەوە لە پێش ئیسرائیلەو (392) تانکی هەیە، بەڵام ئیسرائیل (352) دانەی هەیە. 4. ئێران بە بوونی (هەزار و 899) تۆپهاوێژی ڕاکێشراوی جۆراوجۆرەوە لە پێش ئیسرائیلەو (2 هەزار و 70) تۆپهاوێژی هەیە، بەڵام ئیسرائیل (171) دانەی هەیە. 5. ئێران بە بوونی (هەزار و 334) پرۆژیکتۆری موشەکی موبایلی جۆراوجۆرەوە لە پێش ئیسرائیلەو (هەزار و 517) پرۆژیکتۆری موشەکی موبایلی هەیە، بەڵام ئیسرائیل (183) دانەی هەیە. توانای وشکانی بە گرافیک پێنجەم؛ هێزی دەریایی ئێران و ئیسرایل وەک لە گرافیکەکەدا هاتووە، هەریەکە لە ئێران و ئیسرائیل توانای چەکی دەریایی جۆراو جۆریان هەیە، بەڵام لە ڕووی تواناوە دەریاییەوە، ئێران لە هەندێک توانادا لە پێش ئیسرائیلەوەیە، لە هەندێکی دیکەشدا ئیسرائیل لە پێش ئێرانەوەیە، بۆ نمونە؛ 1. ئێران (107) هێزی کەشتیوانی هەیە، بەڵام ئیسرائیل (62) هێزی کەشتیوانی هەیە. 2. ئێران (20) ژێر دەرایایی هەیە، بەڵام ئیسرائیل (5) ژێر دەریایی هەیە. 3. ئێران (7) کەشتی جەنگی هەیە، بەڵام ئیسرائیل کەشتی جەنگی نیە. 4. ئیسرائیل (7) کەشتی کورفیتات (جۆرێکی نوێی کەشتی جەنگییە) هەیە، بەڵام ئێران (3) دانەی هەیە. 5. ئیسرائیل (46) کەشتی گەڕۆکی هەیە، بەڵام ئێران (21) دانەی هەیە. 6. ئێران (1) کەشتی مین (الغام)ی هەیە، بەڵام ئیسرائیل کەشتی منیی نیە. توانای دەریایی بە گرافیک سەرچاوە: https://www.globalfirepower.com/countries-comparison-detail.php?country1=iran&country2=israel
شیكاری درەو 🔻 پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە ساڵانی و 2023 و 2024؛ 🔹 داهاتی گشتی عێراق لەساڵی (2023) لە (135 ترلیۆن و 681 ملیار) دینارەوە بەڕێژەی (3.8%) گەشەی کردووەو لە ساڵی (2024) گەیشتووە بە سەرو (140 ترلیۆن و 774 ملیار) دینار. 🔹 داهاتی نەوتی لەساڵی (2023) لە (125 ترلیۆن و 882 ملیار) دینارەوە بەڕێژەی (1.3%) گەشەی کردووەو لە ساڵی (2024) گەیشتووە بە سەرو (127 ترلیۆن و 536 ملیار) دینار. هاوکات داهاتی نانەوتی لە (9 ترلیۆن و 799 ملیار) دینارەوە بەڕێژەی (35%) گەشەی کردووەو لە ساڵی (2024) گەیشتووە بە سەرو (13 ترلیۆن و 237 ملیار) دینار. 🔹 خەرجی گشتی عێراق لەساڵی (2023) لە (142 ترلیۆن و 435 ملیار) دینارەوە بەڕێژەی (5.7%) زیادی کردووەو لە ساڵی (2024) گەیشتووە بە سەرو (150 ترلیۆن و 527 ملیار) دینار. 🔹 خەرجی بەکارخستن لەساڵی (2023) لە (118 ترلیۆن و 242 ملیار) دینارەوە بەڕێژەی (5.9%) زیادی کردووەو لە ساڵی (2024) گەیشتووە بە سەرو (125 ترلیۆن و 214 ملیار) دینار. هاوکات خەرجی وەبەرهێنان لەساڵی (2023) لە نزیکەی (24 ترلیۆن و 193 ملیار) دینارەوە بەڕێژەی (4.6%) زیادی کردووەو لە ساڵی (2024) گەیشتووە بە سەرو (25 ترلیۆن و 313 ملیار) دینار. 🔹 بڕی کورتهێنان لە ساڵی (2023) لە (6 ترلیۆن و 754 ملیار) دینارەوە، بە ڕێژەی (44.4%) لە ساڵی (2024) زیادی کردووەو گەیشتووە بە (9 ترلیۆن و 753 ملیار) دینار. یەکەم؛ داهاتی گشتی عێراق لە نێوان ساڵانی (2023 و 2024) پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە مانگانە داهات و خەرجی گشتی عێراق بڵاو دەکاتەوە، دواترین ڕاپۆرتیشی کۆتایی ساڵی (2024) لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی (2025) بڵاوکردەوە؛ داهاتی گشتی عێراق لەساڵی (2023) لە (135 ترلیۆن و 681 ملیار 266 ملیۆن و 200 هەزار) دینار بووە، بۆ ساڵی (2024) بە بڕی (5 ترلیۆن و 92 ملیار و 389 ملیۆن و 959 هەزار) دینار و بەڕێژەی (3.8%) گەشەی کردووەو گەیشتووە بە (140 ترلیۆن و 774 ملیار 106 ملیۆن و 159 هەزار) دینار، داهاتی گشتی عێراق دوو سەرچاوەی سەرەکی پێکیدەهێنت، ئەوانیش؛ 1. داهاتی نەوتی لەساڵی (2023) لە (125 ترلیۆن و 882 ملیار و 218 ملیۆن و 233 هەزار) دینارەوە بەڕێژەی (1.3%) و بە بڕی (ترلیۆنێک و 654 ملیار و 182 ملیۆن و 195 هەزار) دینار گەشەی کردووەو لە ساڵی (2024) گەیشتووە بە (127 ترلیۆن و 536 ملیار 400 ملیۆن و 428 هەزار) دینار. 2. داهاتی نەوتی لەساڵی (2023) لە (9 ترلیۆن و 799 ملیار و 47 ملیۆن و 964 هەزار) دینارەوە بەڕێژەی (35.1%) و بە بڕی (3 ترلیۆن و 438 ملیار و 657 ملیۆن و 769 هەزار) دینار گەشەی کردووەو لە ساڵی (2024) گەیشتووە بە (13 ترلیۆن و 237 ملیار 705 ملیۆن و 728 هەزار) دینار. خشتەی ژمارە (1) دووەم؛ خەرجی گشتی عێراق لە نێوان ساڵانی (2023 و 2024) خەرجی گشتی عێراق لەساڵی (2023) لە (142 ترلیۆن و 435 ملیار 636 ملیۆن و 299 هەزار) دینار بووە، بۆ ساڵی (2024) بە بڕی (8 ترلیۆن و 91 ملیار و 709 ملیۆن و 977 هەزار) دینار و بەڕێژەی (5.7%) گەشەی کردووەو گەیشتووە بە (150 ترلیۆن و 527 ملیار 346 ملیۆن و 277 هەزار) دینار، خەرجی گشتی عێراق بەسەر دوو سێکتەری سەرەکیدا دابەش دەبێت، ئەوانیش؛ 1. خەرجی بەکارخستن لەساڵی (2023) لە (118 ترلیۆن و 242 ملیار و 777 ملیۆن و 445 هەزار) دینارەوە بەڕێژەی (5.9%) و بە بڕی (6 ترلیۆن و 971 ملیار و 266 ملیۆن و 608 هەزار) دینار گەشەی کردووەو لە ساڵی (2024) گەیشتووە بە (125 ترلیۆن و 214 ملیار 44 ملیۆن و 54 هەزار) دینار. 2. خەرجی وەبەرهێنان لەساڵی (2023) لە (24 ترلیۆن و 192 ملیار و 858 ملیۆن و 852 هەزار) دینارەوە بەڕێژەی (4.6%) و بە بڕی (ترلیۆنێک و 120 ملیار و 443 ملیۆن و 371 هەزار) دینار زیادی کردووەو لە ساڵی (2024) گەیشتووە بە (25 ترلیۆن و 313 ملیار 302 ملیۆن و 223 هەزار) دینار. خشتەی ژمارە (2) سێیەم؛ سەرڕێژو کورتهێنان لە خەرجی و داهاتی گشتی عێراق لە نێوان ساڵانی (2023 و 2024) وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا داهاتی گشتی عێراق لەساڵی (2023) بریتی بووە لە (135 ترلیۆن و 681 ملیار 266 ملیۆن و 200 هەزار) دینار، بەڵام خەرجی گشتی لەساڵی (2023) بریتی بووە لە (142 ترلیۆن و 435 ملیار 636 ملیۆن و 299 هەزار) دینار بووە، بەم پێیەش بڕی کورتهینان لە ساڵی ناوبراو بریتی بووە لە (6 ترلیۆن و 754 ملیار و 410 ملیۆن و 100 هەزار) دینار. بەڵام لە ساڵی (2024) داهاتی گشتی بریتی بووە لە (140 ترلیۆن و 774 ملیار 106 ملیۆن و 159 هەزار) دینار، لە کاتێکدا خەرجی گشتی گەیشتووە بە (150 ترلیۆن و 527 ملیار 346 ملیۆن و 277 هەزار) دینار، بەم پێیەش بڕی کورتهینان لە ساڵی ناوبراو بریتی بووە لە (9 ترلیۆن و 753 ملیار و 240 ملیۆن و 118 هەزار) دینار. کەواتە بڕی کورتهێنان لە نێوان ساڵانی (2023 و 2024) بە بڕی (2 ترلیۆن و 998 ملیار و 830 ملیۆن و 18 هەزار) دینار و بە ڕێژەی (44.4%) زیادی کردووە. خشتەی ژمارە (3) چوارەم؛ خەرجی سێکتەرەکانی وەبەرهێنان لە نێوان ساڵانی (2023 و 2024) بە شێوەیەکی گشتی خەرجی وەبەرهێنان لەساڵی (2023) لە (24 ترلیۆن و 192 ملیار و 858 ملیۆن و 852 هەزار) دینارەوە بەڕێژەی (4.6%) و بە بڕی (ترلیۆنێک و 120 ملیار و 443 ملیۆن و 371 هەزار) دینار زیادی کردووەو لە ساڵی (2024) گەیشتووە بە (25 ترلیۆن و 313 ملیار 302 ملیۆن و 223 هەزار) دینار، لەسەر ئاستی کەرتەکانیش بەم شێوەیە بووە؛ 1. کەرتی کشتوکاڵ؛ لە ساڵی (2023) بڕی (488 ملیار و 53 ملیۆن و 578 هەزار) دینار بۆ کەرتی کشتوکاڵ خەرجکرابوو، لە کاتێکدا لە ساڵی (2024) ئەو بڕە بە ڕێژەی (54%) دابەزیوە بۆ (224 ملیار و 449 ملیۆن و 459 هەزار) دینار. 2. کەرتی پیشەسازی؛ لە ساڵی (2023) بڕی (11 ترلیۆن و 788 ملیار و 816 ملیۆن و 95 هەزار) دینار بۆ کەرتی پیشەسازی خەرجکرابوو، لە کاتێکدا لە ساڵی (2024) ئەو بڕە بە ڕێژەی (16.5%) زیادی کردووە بۆ (13 ترلیۆن و 739 ملیار و 568 ملیۆن و 969 هەزار) دینار. 3. کەرتی گواستنەوەو گەیاندن؛ لە ساڵی (2023) بڕی (3 ترلیۆن و 126 ملیار و 285 ملیۆن و 294 هەزار) دینار بۆ کەرتی گواستنەوە و گەیاندن خەرجکرابوو، لە کاتێکدا لە ساڵی (2024) ئەو بڕە بە ڕێژەی (4%) دابەزیوە بۆ (3 ترلیۆن و 2 ملیار و 796 ملیۆن و 707 هەزار) دینار. 4. کەرتی ڕێگاوبان و خزمەتگوزاری؛ لە ساڵی (2023) بڕی (7 ترلیۆن و 379 ملیار و 74 ملیۆن و 602 هەزار) دینار بۆ کەرتی ڕێگاوبان و خزمەتگوزاری خەرجکرابوو، لە کاتێکدا لە ساڵی (2024) ئەو بڕە بە ڕێژەی (4.7%) دابەزیوە بۆ (7 ترلیۆن و 33 ملیار و 685 ملیۆن و 423 هەزار) دینار. 5. کەرتی پەروەردەو فێرکردن؛ لە ساڵی (2023) بڕی (ترلیۆنێک و 410 ملیار و 629 ملیۆن و 281 هەزار) دینار بۆ کەرتی پەروەردەو فێرکردن خەرجکرابوو، لە کاتێکدا لە ساڵی (2024) ئەو بڕە بە ڕێژەی (7%) دابەزیوە بۆ (ترلیۆنێک و 312 ملیار و 801 ملیۆن و 664 هەزار) دینار. خشتەی ژمارە (4) پێنجەم؛ خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە نێوان ساڵانی (2023 و 2024) بە شێوەیەکی گشتی خەرجی سێ سەرۆکەیەتییەکەی عێراق (2023) لە (10 ترلیۆن و 870 ملیار و 27 ملیۆن و 16 هەزار) دینارەوە بەڕێژەی (4.5%) و بە بڕی (490 ملیار و 997 ملیۆن و 142 هەزار) دینار زیادی کردووەو لە ساڵی (2024) گەیشتووە بە (11 ترلیۆن و 361 ملیار 24 ملیۆن و 158 هەزار) دینار، بە جۆرێک؛ 1. خەرجی ئەنجومەنی نوێنەران؛ بە هەردوو خەرجی بەگەڕخستن و وەبەرهێنانەوە لە ساڵی (2023) بڕی (582 ملیار و 133 ملیۆن و 655 هەزار) دینار بۆ ئەنجومەنی نوێنەران خەرجکرابوو، لە کاتێکدا لە ساڵی (2024) ئەو بڕە بە ڕێژەی (5.2%) زیادی کردووە بۆ (612 ملیار و 575 ملیۆن و 330 هەزار) دینار. 2. خەرجی سەرۆکایەتی کۆمار؛ لە ساڵی (2023) بڕی (71 ملیار و 958 ملیۆن و 358 هەزار) دینار بۆ سەرۆکایەتی کۆمار خەرجکرابوو، لە کاتێکدا لە ساڵی (2024) ئەو بڕە بە ڕێژەی (3.6%) کەمی کردووە بۆ (69 ملیار و 374 ملیۆن و 700 هەزار) دینار. 3. خەرجی ئەنجومەنی وەزیران؛ بە هەردوو خەرجی بەگەڕخستن و وەبەرهێنانەوە لە ساڵی (2023) بڕی (10 ترلیۆن و 215 ملیار و 935 ملیۆن و هەزار) دینار بۆ ئەنجومەنی وەزیران خەرجکرابوو، لە کاتێکدا لە ساڵی (2024) ئەو بڕە بە ڕێژەی (4.5%) زیادی کردووە بۆ (10 ترلیۆن و 679 ملیار و 74 ملیۆن و 128 هەزار) دینار. خشتەی ژمارە (5)
شیكاری: درەو رۆژی 3/6/2025 فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق سەردانی محەمەد شیاغ سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقیان كرد، تایبەت بە بڕیاری وەزیری دارایی عێراق بۆ راگرتنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەكەدا محەمەد شیاع سودانی راپۆرتێك دەداتە فراكسیۆنی یەگكرتوو تایبەت بە پشكی هەرێم و ئەو پارەیەی لە ماوەی (203- 2024-2025) بۆ هەرێمی كوردستان نێردراوە: بەپێی ئەو راپۆرتەی محەمەد شیاع سودانی كە داویەتی دەست فراكسیۆنی یەكگرتوو پێشتر بڵاوكرایەوە، (پوختەی حساباتەكانی هەرێمی كوردستانی لە 2023- نیسانی 2025) تیادا تۆماركراوە، کۆی ئەو داهاتەی هەرێم دەستی کەوتووە زۆرترە لە (41 ترلیۆن و 516 ملیار و 842 ملیۆن) دینار، لە کاتێکدا پشکی هەرێم بە پێی یاسای بودجە لە ماوەی ناوبراودا نزیکەی (26 ترلیۆن و 400 ملیار) دینار بووە، بەم پێیە لە ئێستادا نزیک لە (16 ترلیۆن و 511 ملیار) دینار لە ئەستۆی حکومەتی هەرێم ماوەتەوە، بە جۆرێک؛ 🔹 بڕی زیاتر لە (6 ترلیۆن و 275 ملیار و 240 ملیۆن) دیناری داهاتی نەوتی هەبووە. 🔹 داهاتی نانەوتی هەرێم (10 ترلیۆن و 522 ملیار و 690 ملیۆن) دیناری تێپەڕاندووە. 🔹 بڕی (2 ترلیۆن و 607 ملیار) دیناری لە بانکی بازرگانی عێراق و بانکە حکومییەکان قەرز کردووە. 🔹 لە حکومەتی ئیتحادییەوە بە زۆرتر لە (18 ترلیۆن و ملیارێک و 838 ملیۆن) دینار تەمویل کراوە. 🔹 هەرێم پتر لە (598 ملیار و 515 ملیۆن) دیناری گەڕاندووەتەوە بۆ حکومەتی ئیتحادی. پوختەی حساباتەكانی هەرێمی كوردستانی لە 2023- نیسانی 2025 بە گوێرەی كۆمەڵێك بەڵگەنامەی حكومەتی عێراق، كە (پوختەی حساباتەكانی هەرێمی كوردستانی لە 2023- نیسانی 2025) تیادا تۆماركراوە، لەلایەن دارا سێكانیانی ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بڵاوكراوەتەوە، كۆی ئەو بڕە پارەیەی لەوماوەیەدا، رادەستی هەرێمی كوردستان كراوە لەسەرو پشكی خۆیەوە 12) ملیارو 508 ملیۆن و266) دۆلار بووە. كە دەكاتە؛ (16 تریلیۆن و 510 ملیارو 911) ملیۆن و677) دینار. کۆی ئەو داهاتەی هەرێم لە ماوەی ناوبراو دەستی کەوتووە زۆرترە لە (41 ترلیۆن و 516 ملیار و 842 ملیۆن) دینار، لە کاتێکدا پشکی هەرێم بە پێی یاسای بودجە لە ماوەی ناوبراودا نزیکەی (26 ترلیۆن و 400 ملیار) دینار بووە، بەم پێیە لە ئێستادا نزیک لە (16 ترلیۆن و 511 ملیار) دینار لە ئەستۆی حکومەتی هەرێم ماوەتەوە، بە جۆرێک؛ - بڕی زیاتر لە (6 ترلیۆن و 275 ملیار و 240 ملیۆن) دیناری داهاتی نەوتی هەبووە. - داهاتی نانەوتی هەرێم (10 ترلیۆن و 522 ملیار و 690 ملیۆن) دیناری تێپەڕاندووە. - بڕی (2 ترلیۆن و 607 ملیار) دیناری لە بانکی بازرگانی عێراق و بانکە حکومییەکان قەرز کردووە. - لە حکومەتی ئیتحادییەوە بە زۆرتر لە (18 ترلیۆن و ملیارێک و 838 ملیۆن) دینار تەمویل کراوە. - هەرێم پتر لە (598 ملیار و 515 ملیۆن) دیناری گەڕاندووەتەوە بۆ حکومەتی ئیتحادی. پوختەی حساباتەكانی هەرێمی كوردستانی لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2025 بە گۆێرەی داتاکانی حکومەتی عێراق لە ساڵی 2025 (كانوونی دووەم بۆ نیسان)، هەرێمی كوردستان لەسەرو پشكی بڕیارلێدراویيەوە، (2) ملیارو (264) ملیۆن دۆلارى بۆ رەوانەكراوە، رێژەی ئەو داهاتە نانەوتیانەی كە رادەستی خەزێنەی گشتی كردووە كەمتر لە (15%)یە، هەرێمی كوردستان هیچ بڕە پارەیەكی لە داهاتە نەوتیەكان رادەستی خەزێنەی گشتی نەكردووە. بەم پێیە کۆی ئەو داهاتەی هەرێم لە چوار مانگی یەکەمی (2025) دەستی کەوتووە زۆرترە لە (6 ترلیۆن و 653 ملیار و 75 ملیۆن) دینار، سەرەڕای گەڕاندنەوەی نزیکەی (200 ملیار) دینار بۆ حکومەتی ئیتحادی، لە کاتێکدا پشکی هەرێم بە پێی یاسای بودجە لە ماوەی ناوبراودا زۆرتر لە (3 ترلیۆن و 664 ملیار) دینار بووە، بەم پێیە لە ئێستادا نزیک لە (2 ترلیۆن و 999 ملیار) دینار لە ئەستۆی حکومەتی هەرێم ماوەتەوە، بە جۆرێک؛ - داهاتی نەوتی هەرێم بە بڕی زیاتر لە (ترلیۆنێک و 568 ملیار و 810 ملیۆن) دینارخەمڵێندراوە. - داهاتی نانەوتی هەرێم نزیکی (ترلیۆنێک و 166 ملیار و 126 ملیۆن) دیناری بووە. - لە حکومەتی ئیتحادییەوە بە زۆرتر لە (4 ترلیۆن و 117 ملیار و 485 ملیۆن) دینار تەمویلی هەرێم کراوە. - هەرێم تەنها (199 ملیار و 346 ملیۆن) دیناری گەڕاندووەتەوە بۆ حکومەتی ئیتحادی. - بەم پێیە کۆی ئەو داهاتەی هەرێم دەستی کەوتووە زۆرترە لە (6 ترلیۆن و 653 ملیار و 75 ملیۆن) دینار، لە کاتێکدا پشکی هەرێم بە پێی یاسای بودجە لە ماوەی ناوبراودا (3 ترلیۆن و 664 ملیار) دینار بووە، بەم پێیە لە ئێستادا نزیک لە (2 ترلیۆن و 989 ملیار) دینار لە ئەستۆی حکومەتی هەرێم ماوەتەوە، تەنها لە چوار مانگی یەکەمی 2025. پوختەی حساباتەكانی هەرێمی كوردستانی لە ساڵی 2024 بە گوێرەی داتاکانی حکومەتی عێراق لە ساڵی 2024، هەرێمی كوردستان (6) ملیارو (50) ملیۆن دۆلاری لە سەرو پشكی خۆی وەرگرتووە، رێژەی داهاتە نەوتیە رادەستكراوەكان بە خەزێنەی گشتی كەمتر بووە لە (10%)، هیچ داهاتێكی نەوتی رادەستی خەزێنەی گشتی نەكردووە. هەر بەپێی داتاکانی حکومەتی عێراق کۆی ئەو داهاتەی لە ساڵی (2024) دەستی کەوتووە زۆرترە لە (20 ترلیۆن و 164 ملیار و 624 ملیۆن) دینار، سەرەڕای گەڕاندنەوەی زیاتر لە (399 ملیار) دینار بۆ حکومەتی ئیتحادی، لە کاتێکدا پشکی هەرێم بە پێی یاسای بودجە لە ماوەی ناوبراودا نزیک لە (12 ترلیۆن و 168 ملیار) دینار بووە، بەم پێیە لەو ماوەیەدا نزیک لە (7 ترلیۆن و 998 ملیار) دینار لە ئەستۆی حکومەتی هەرێم ماوەتەوە لە ساڵی 2024دا، بە جۆرێک؛ - داهاتی نەوتی هەرێم زیاتر لە (4 ترلیۆن و 706 ملیار و 430 ملیۆن) دیناری تێپەڕاندووە. - داهاتی نانەوتی هەرێم (4 ترلیۆن و 700 ملیار و 9 ملیۆن) دینار بووە. - قەرزی بانکی بارزگانی (371 ملیار) دیناربووە. - لە حکومەتی ئیتحادییەوە بە زۆرتر لە (10 ترلیۆن و 786 ملیار و 352 ملیۆن) دینار ڕەوانەی هەرێم کراوە. - هەرێم تەنها نزیک لە (399 ملیار و 169 ملیۆن) دیناری گەڕاندووەتەوە بۆ حکومەتی ئیتحادی. - بەم پێیە کۆی ئەو داهاتەی هەرێم دەستی کەوتووە زۆرترە لە (20 ترلیۆن و 164 ملیار و 624 ملیۆن) دینار، لە کاتێکدا پشکی هەرێم بە پێی یاسای بودجە لە ماوەی ناوبراودا نزیکی (12 ترلیۆن و 167 ملیار 876 ملیۆن) دینار بووە، بەم پێیە لەو ماوەیەدا نزیک لە (7 ترلیۆن و 997 ملیار) دینار لە ئەستۆی حکومەتی هەرێم ماوەتەوە، تەنها لە ساڵی 2024 دا. پوختەی حساباتەكانی هەرێمی كوردستانی لە ساڵی 2023 بە گوێرەی داتاکانی حکومەتی عێراق لە ساڵی 2023، هەرێمی كوردستان (4 ملیارو 100 ملیۆن) دۆلاری لە پشكی بڕیارلێدراوی خۆی زیاتر وەرگرتووە، لەبەرامبەردا هیچ داهاتێكی نەوتيی و نانەوتيی رادەستی خەزێنەی گشتی نەركردووە. هەر بەپێی داتاکانی حکومەتی عێراق کۆی ئەو داهاتەی لە ساڵی (2023)دا هەرێم دەستی کەوتووە نزیکەی (14 ترلیۆن و 700 ملیار) دینار بووە، لە کاتێکدا پشکی هەرێم بە پێی یاسای بودجە لە ماوەی ناوبراودا نزیک لە (10 ترلیۆن و 568 ملیار) دینار بووە، بەم پێیە هەرێم زۆرتر لە (5 ترلیۆن و 525 ملیار و 300 ملیۆن) دینار لە ئەستۆی حکومەتی هەرێم ماوەتەوە لە ساڵی 2023دا، بە جۆرێک؛ - داهاتی نەوتی هەرێم زیاتر لە (4 ترلیۆن و 708 ملیار و 587 ملیۆن) دیناری تێپەڕاندووە. - داهاتی نانەوتی هەرێم نزیکی (4 ترلیۆن و 656 ملیار و 555 ملیۆن) دینار بووە. - قەرزی بانکە حکومییەکان (ترلیۆنێک و 600 ملیار) دینار و بانکی بارزگانی (636 ملیار) دیناربووە. - لە حکومەتی ئیتحادی بە نوسراوی ژمارە (13481) بڕی (400 ملیار) دینار و بە نوسراوی ژمارە (16442) بڕی (598 ملیار) دینار و بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بە سێ گوژمە بڕی (2 ترلیۆن و 100 ملیار) ڕەوانەی هەرێم کراوە. - بەم پێیە کۆی ئەو داهاتەی هەرێم دەستی کەوتووە لە ساڵی (2023)دا زۆرترە لە (14 ترلیۆن و 142 ملیار و 338 ملیۆن) دینار، لە کاتێکدا پشکی هەرێم بە پێی یاسای بودجە لە ماوەی ناوبراودا (10 ترلیۆن و 567 ملیار 893 ملیۆن) دینار بووە، بەم پێیە لە ساڵی (2023) نزیک لە (5 ترلیۆن و 525 ملیار 301) دینار لە ئەستۆی حکومەتی هەرێم ماوەتەوە، تەنها لە ساڵی 2023 دا. دەقی راپۆرتەكەی محەمەد شیاع سودانی بۆ فراكسیۆنی یەكگرتوو:
د. یاسین تەها- پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق بڕیارە رۆژی 11/ 11/ 2025 هەڵبژاردنی گشتی لە عێراق بەڕێوەبچێت. لەم وێستگە نوێیەدا نەخشەی سیاسی لە نێوماڵی شیعیدا جێگەی سەرنجە، بەوپێیەی زۆرینەی كورسییەكان و پۆستی سەرۆك وەزیران لەنێو هێزە براوەكانی ئەم پێكهاتەیەدا دیاری دەكرێت و ئەوان بنكەی حوكمڕانین. ئەم شرۆڤەیە لەبارەی ئامادەكارییەكانی ماڵی شیعی بۆ هەڵبژاردن و ئەنجامە گریمانكراوە چاوەڕوانكراوەكان هەڵوێستە دەكات. ئامارو پێشهاتەكانی هەڵبژاردنی 2025 هەموو هەڵبژاردنەكان لە عێراقدا گرنگی و بایەخی تایبەتیان هەیە، چونكە لەڕووی تیۆرییەوە لە دەستوورەكەیدا رژێمی حوكمڕانی، كۆماری-پەرلەمانی-دیموكراسییە [1]؛ ئەمەش بە واتای ئەوە دێت كە حكومەت و دەسەڵاتی جێبەجێكردن، دەبێت لە هەناوی ئەو پەرلەمانەوە دەرچن كە دەنگدەران هەڵیدەبژێرن. جگە لەمە، كەشی هەڵبژاردنەكان دەكەوێته ژێر كاریگەریی بارگۆڕانە هەرێمایەتییەكان و هەمیشە فاكتەری دەرەكی جۆرێك لە ئامادەیی تێدا هەیە. بۆ هەڵبژاردنی 2025، بۆ نموونە كەوتنی ئەسەد لە سوریا، پاشەكشەی نفوزی ئێرانی و، ململانێ نێوخۆییەكانی “چوارچێوەی شیعی”، باڵیان بەسەر كەشی هەڵبژاردنەكەدا كێشاوە. “عەممار حەكیم” كە یەكێكە لە سەركردەكانی چوارچێوەی شیعی، لە وتاری رۆژی جەژنی قورباندا بەشێوەزاری جڵفی عێراقی هاواری كرد: “ئەم هەڵبژاردنەی كە لەپێشە، لە مێژووی عێراقدا چارەنوسسازەو لەدەستی خۆتانی مەدەن، چونكە قۆناغێكی دامەزرێنەرە.”[2] بەڵام دەشێت ئەمە زیاتر بۆ هاندانی بەشداریكردنی شیعەكان و دروستكردنی جۆش و خرۆش بێت و جۆرێك لە زیادەڕۆیی بێت، چونكە ڕاستە هەڵبژاردنەكە هۆكارێكە بۆ دابەشكردنەوەی قەبارەو نفوز، بەڵام هیچ ئاماژەیەكی ئەوتۆ لەبەردەستدا نییە كە گۆڕانكاریی ریشەیی بەدوادا بێت یان پەیكەرە گشتییەكەی حوكمڕانی بگوڕێت. بەپێی ئامارە راگەیەنراوەكانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن[3]، ژمارەی ئەوانەی لە عێراقدا مافی دەنگدانیان هەیە بۆ هەڵبژاردنی نۆڤەمبەری 2025، زیاترن لە 29 ملیۆن كەس[4]؛ ئەمە دوو قات زیاتری دەنگدەرانی یەكەم هەڵبژاردنی پاش كەوتنی “سەددام”ە (2005) كە ژمارەی ئەوانەی مافیان هەبوو، 1.4 ملیۆن بوو. هەروەها لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەی حزبەكان هەڵكشاون و دەگەنە 343 حزبی تۆماركراوی خاوەن مۆڵەت، لەوانە 118 حزب خواستی خۆیان بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكە ئاشكراكردووە؛ تائێستاش 60 حزب سەرقاڵی ڕێوشوێنەكانی دامەزراندن و راگەیاندنن. هەرچەندە بەپێی دەستوریش (ماددەی 49) هەر 100 هەزار كەس لە عێراقدا، دەبێت كورسییەك لە پەرلەمان نوێنەرایەتییان بكات، بەڵام بەپێی دوا هەمواری یاسای هەڵبژاردن (سێیەم)، ژمارەی كورسییەكان هەر 329 دانەن؛ 9 لەوانە بۆ كۆتاو (320)ی دیكە بۆ ركابەرین[5]، لەكاتێكدا بەپێی دوا ئاماری دانیشتووانی عێراق، دەبوو ژمارەی كورسییەكان هەڵكشێن بۆ 450 كورسی. ئەگەرچی زیادنەكردنەكە پاساودارە بە زۆریی تێچوون و ئاڵۆزتربوونی كارەكانی پەرلەمان كە خۆی لە بنەڕەتەوە كێشەی پەككەوتن و بێسەروبەریی هەیە، بەڵام هەر جۆرێكە لە كارنەكردن بە دەستور، وەك هەندێك ماددەی دیكە. بارودۆخ و كەشی هەڵبژاردن لە هەڵبژاردنی 2025، چەند پێشهات و بارودۆخێكی كاریگەر هەن كە ئەمانەی خوارەوە گرنگترینیانن: – لە ناوەندی شیعیدا “سەدر”، كە وەك رێبەرێكی عێراقی خۆی وێنا دەكات و براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پێشووە (73 كورسی)، بەشدار نابێت و بایكۆتی پرۆسەكە دەكات. بۆ ئەوەش بایكۆتەكە ئەژمار بكرێت، جارێكیان وەزیرەكەی هانی جەماوەری سەدری داوە تۆماری دەنگدەرانی خۆیان نوێ بكەنەوە بۆ ئەوەی دواتر كە بایكۆتیان كرد بە “بەشدارنەبوو” ئەژمار بكرێن؛ ئەمە زیاتر دەیكاتە هەڵوێستێكی یاسایی و، كێشە بۆ شەرعییەتی جەماوەریی پرۆسەكە دروستدەكات[6]. هەروەها لە هەندێك ناوچەی تێكەڵی شیعەو سوننە، دەشێت ئەم بایكۆتە لە بەرژەوەندیی لیستە سوننەكان بێت؛ تەنانەت ركابەرە شیعەكانی سەدریش كە لە كشانەوەكەی سودمەندن، ئەم نیگەرانییە ناشارنەوە[7]. – هەڵبژاردنەكە بەدوای كەوتنی رژێمی سوریاو بچڕانی پشتێنی ئێرانیدا دێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ ئەمە هەندێك گهشبینیی لە نێوەندی سوننیدا دروستكردووە كە ببێتە هۆی پاشەكشەی نفوزو كاریگەریی ئێرانی لە عێراق[8]. ئەم بۆچوونە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، نەخشەی سیاسیی شیعەكان لە پەرلەمانی ئەم خولەدا (پێنجەم) راستەقینە نەبووەو كورسییەكانی سەدریان بەسەر خۆیاندا دابەشكردووە، هەروەها ئەو لیستە لایەنگرانەی ئێران كە براوە بوون، دەستكەوتی ئەوتۆیان بۆ بنكە جەماوەرییەكانیان نەبووە؛ ئەمە جگە لەوەی كەشی زاڵی ناوچەكە لە بەرژەوەندیی تەوژمە ئێرانییەكە نییەو سیحری جارانیان نەماوە. هەرچەندە ئەم بۆچوونانە زۆر كۆنكرێتی نین سەبارەت بە دەنگدەری عێراقی كە زیاتر چاویان لەسەر ناوخۆو تۆڕی سودمەندییە لە هێزە بەشدارەكانی دەسەڵات، بەڵام بڕێك پێدراویشیان تێدایە كە جێگەی هەڵوێستەكردنن، بەتایبەت چۆنێتیی پڕكردنەوەی بۆشایی سەدرو لاوازبوونی گوتاری بەرە ئێرانییەكەو كێشەی دارایی و لۆجستیی میحوەرەكە لە سایەی ئیدارەی ترەمپ و گورزەكانی ئیسرائیل. – هێزە شیعەكان ترسیان هەیە وڵاتانی دەرەوە (مەبەستیان سوننییەكانە)، لەڕێگهی هەڵڕشتنی پارەوە بیانەوێت نەخشەی سیاسیی پەرلەمانی ئاییندەی عێراق بگۆڕن؛ لەنێویشیاندا توركیاو قەتەر بەزەقی. یەكێك لەوانەشی ئەمەی دركاندووە، “نوری مالیكی”یە كە جەختی كردەوە، زانیاریی ئەوەی هەیە دەوڵەتێك خوازیاری كڕینی 100 كورسییە لە پەرلەمانی ئاییندە؛ بۆ سەرخستنی هەر پەرلەمانتارێكیش ملیۆنێك دۆلار دەدات[9]. هەرچەندە دەشێت ئەم قسانەی مالیكی بۆ ترساندنی بنكە شیعییەكە بێت، بەڵام قسەوباسی كڕین و فرۆشتنی دەنگ لە هەموو لایەكەوە گەرمەو هەندێك لە سەركردەكانی دیكەی شیعەی نیگەران كردووە. لەم نێوهدا چەند پەرلەمانتارێكی شیعە باس لەوە دەكەن لە بەغدا نرخی كارتی دەنگدان گەیشتووەتە 500 هەزار دینار؛ لە موسڵ، لە 75 هەزار دینارەوە تاوەکو 300 هەزار دینار کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت. دەنگۆی وا لە پارێزگاکانی دیكەش هەر هەیە، بەڵام كۆمیسیۆن نكۆڵی لە بوونی دیاردەی وەها دەكات و، گفتی بەدواداچوون دەدات[10]. – سەدر كە خۆی بایكۆتی پرۆسەكە دەكات نرخی هەڵبژاردنی لەسەر شیعەكان گرانتر كرد، چونكە فەتوای داوە بۆ لایەنگرانی، پارەو خەڵاتی بەرپرسان و كاندیدەكان وەرگرن، بەڵام بە مەرجی ئەوەی دواتر دەنگیان پێ نەدهن و كارتە بایۆمەترییەكانیان رادەست نەكەن. پاساوی سەدر ئەوەیە پارەی بەربژێرو لیستەكان هی خەڵكە نەك هی خۆیان و، منەتی نییە[11]. ئەمە ئەگەری ئەوە دەهێنێتە پێش كە بەشێك لە خەرج و مەسرەفی هێزە شیعەكان بەفیڕۆ بچێت. – هەندێك لایەنی شیعی هۆشداری دەدەن كە نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە پارێزگا سوننەكان گەرموگوڕەو لە باشورو ناوچە شیعەنشینەكان سست و خاوە. لەمەشدا داتاكانی كۆمیسیۆن دەكەنە بەڵگە، چونكە لە كۆی ملیۆنێك و 600 هەزار دەنگدەر كە تۆماری خۆیان نوێ كردووەتەوە (بایۆمەتری)، زۆرترینیان لە ئەنبارو رۆژاوای عێراق بوون؛ لەبەرامبەردا لە ناوچە شیعەنشینەكان پاشەكشەی زۆر هەبووە[12]. بە شێوەیەكی گشتییش رێژەی بایكۆتی پرۆسەكە زۆر بەرزە. هەندێك ئاماری نافەرمیی رێكخراوەكانی چاودێریی باس لەوە دەكەن، سەرباری بەكارهێنانی جۆرەها رێگه بۆ هاندانیان، لەوانە تیمی گەڕۆكی مەیدانی و زیادكردنی لەدایكبووانی 2007، كەچی تا كۆتایییەكانی مانگی مایۆ/ئایاری 2025، هەشت ملیۆن دەنگدەر لە كۆی 29 ملیۆن دەنگدەر، تۆماری خۆیان نوێ نەكردووەتەوە [13]. سستیی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە باشور، دەشێت بە بێزاربوونی دەنگدەری شیعی لە دۆخی پارێزگاكانیان بخوێنرێتەوە؛ ئەمە جگە لە گوشاری زۆر لەسەر گوتاری شیعەی سیاسیی پەیوەست بە ئێران. لەبەرامبەردا گەرموگوڕیی ناوچە سوننەكان، دوور نییە لەو گهشبینی و هیوایانەی لە سایەی دۆخی هەرێمایەتیی نوێدا بۆ باشتربوونی پێگەیان، سەریهەڵداوە. هەر لەم ناوهشدا هەندێك لە سیاسەتوانە سوننەكان باسیان لەوە كردووە، دەرفەت هەیە پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرنەوە، بەتایبەت كە ناوچەكانیان ئارامەو روبەرەكەشی زۆرە[14]. ئەمە هەڵمەتێكی بەرپەرچدانەوەی گەورەی شیعیی بەدوای خۆیدا هێنا بۆ بەرگریكردن لەوەی، ئەو پۆستە تەنیا هی زۆرینەی شیعییە؛ نەك تەنیا لەبەر ئەوەی كە زۆرینەن “بەڵكو لەبەر ئەوەی كە خوێنیان داوە بۆ یەكپارچەیی و رزگاركردنی عێراق لە موسڵ و ئەنبارو ناوچەكانی دیكە.”[15] هەندێك دەنگی بیستراوی ناو شیعەكان پێیوایە سوننەكان- زیاتر لە ناوچەكانی ناوەڕاستی عێراق- بەهیوای وەرگرتنەوەی حوكمڕانی، بەچڕی بایۆمەتریی خۆیان نوێ دەكەنەوە[16]. هەرچەندە ئەمە دەكرێت هۆكارێك بێت بۆ هاندانی شیعە بۆ ئهوهی بچن بۆ نوێكردنەوەی تۆمارەكانیان، بەڵام لە ناوەڕۆكیشدا شڵۆقیی هاوكێشەی حوكم و ترس لە لێكەوتەكانی بایكۆتی سەدرو ئەگەری قڵپبوونەوەی هاوكێشەكە دەردەخات. فرەیی و یەكڕیزیی لیستە شیعەكان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا “چوارچێوەی شیعی” بەشێوەیەكی كاتیی پەرتەوازە دەبن، جگە لە پارێزگا سوننەكان. شەڕی ناوخۆی شیعەكان لە هەڵبژاردنەكەدا دووبارە دابەشكردنەوەی پێگەو گرێی سەرۆكایەتیی وەزیرانە. بەو پێیەشی نەخشەی هێز لەناو شیعەكاندا بەهەمیشەیی جێگیر نییە، ئەگەری گۆڕانكاری و هەڵبەزو دابەزی نێوخۆیی لەو پشكانەدا هەیە كە بەر نوێنەرایەتیی شیعی دەكەون. تائیستا ئاماژە سهرهتایییهكان بەرەو ئەوەن “چوارچێوەی شیعی”ی حوكمڕان، بەسەر كۆمەڵێك لیستی جیاجیادا دابەش ببن كە لە نێوان 10_16 لیستدان[17]. ئەوەی ململانێی نێوانیان گەرمتر دەكات، بەشداریكردنی فیگەرو كەسایەتییە شیعە باڵادەستەكانە وەك سەرۆكی لیست، بەتایبەت كە ئێستا بازنەكان لەسەر ئاستی پارێزگاكانن و وەك هەڵبژاردنی پێشوو 83 بازنە نین. لە پارێزگایەكی وەك بەغداش كە پایتەختی عێراقە (10 مليۆن دانیشتووان)، ژمارەی كورسییەكان 69 كورسین لەگەڵ 2 كورسیی كۆتا، كە ژمارەو رووبەرێكی زۆر بۆ كێبڕكێ و هەوڵی كۆكردنەوەی دەنگ دەڕەخسێنێت. ئەم بەشبوونەی هێزە شیعەكان لە پارێزگا شیعەكان و یەكگرتنیشیان لە پارێزگا سوننەو كوردنشینەكان، زیاتر تەكتیكی هەڵبژاردنە، چونكە بڕیاری هێزە شیعەكان ئەوەیە پاش هەڵبژاردن جارێكی دیكە یەك بگرنەوە پاش دەركەوتنی سەنگ و قورسایی جەماوەرییان؛ چونكە بەبێ ئەو یەكگرتنە، دووچاری مەترسیی لەدەستدانی پێگەیان دەبنەوەو راگرەكانیشیان، بەتایبەت ئێران و شەقامی دەنگدەریان و بارودۆخی چواردەوریان هەر ئەو یەكگرتنە دەخوازن. گرنگترین لیست و هاوپەیمانییە شیعە ڕكابەرەكان بەپێی ئەو زانیارییانەی تائێستا بەردەستن، گرنگترین لیست و هاوپەیمانییە شیعەكانی بەشدار لە هەڵبژاردنی 2025، بەم شێوەیەی خوارەوە دەبن: – هاوپەیمانییەكەی سودانی “الاعمار و التنمیة”: ئەم لیستە هی سەرۆك وەزیرانی ئێستا، “محەمەد شیاع سوودانی”یە. لە ناوەكەشییەوە دیارە كە خوازیاری خولی دووەمە بە كەڵكوەرگرتن لەو خزمەتگوزارییانەی لە بەغداو شارەكانی دیكە كردوویەتی. دابەزینی سودانی وەك ژمارە یەكی ئەم لیستە لە پایتەخت، بووەتە هۆی بێزاركردنی ركابەرە شیعەكان. بەشدارانی ئەم هاوپەیمانییە بەفەرمی بریتین لە: رەوتەكەی سودانی (الفراتین)، هاوپەیمانییەكەی فالح فەیازی سەرۆكی دەستەی حەشد (العقد الوطني)، ئیئتیلافەكەی ئەیاد عەلاوی، سەرۆك وەزیرانی پێشووتر (الوطنیة)و ژمارەیەك وردە هێزیكی دیكەی عەشایەری و مەدەنی. ئامانجی هاوپەیمانییەكە بە بەهێزكردنی ژێرخانی ئابوری و دابینكردنی ئۆقرەیی و باشتركردنی پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ دەرەوە دیاریكراوە[18]، بەڵام هەوڵی سەرەكی بۆ مسۆگەركردنی خولێكی دیكەیە بۆ سودانی. چەند وتەبێژێكی لیستەكە باسیان لەوە كردووه، دەوروبەری 100 كورسی دەبەنەوە. بەڵام هەندێك ئەمە بەدوور دەبینن، بەتایبەت ئهو پێكهاتانهی كه لە ئێستادا زۆر جەماوەری نین؛ بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەمە لیستی حكومەتە، هەندێك دەوروبەری 60_70 كورسییان بۆ دادەنێن [19]. هەشن پێیانوایە زۆر كەمتر دەبەن چونكە پێكهاتەكانی بچوكن و بەهێز نین. لەمەدا ئەزموونی “عەبادی” هەیە كە سەرباری ئەوەی سەرۆك وەزیرانی سەردەمی جهنگی داعش بوو، كەچی لە هەڵبژاردنی 2018دا ئەنجامەكانی هیوابڕ بوون. سەرباری ئەمە ئەگەری پێچەوانەی ئەمەش هەیە چونكە سەردەمی سودانی هەندێك پرۆژەی بەرچاوی دیار لە بەغداو دەوروبەری كراون و، لیستی حكومەتیش دەشێت چانسی لەوانی دیكە باشتر بێت. – هاوپەیمانییەكەی مالیكی (دولة القانون): لیستی نوری مالیكی، سەرۆك وزەیرانی پێشووتر، ركابەری ئێستای هەڵكشانی ئەستێرەی سودانییە. پێكهێنەرە سەرەكییەكانیشی نزیكەی 10 قەوارەی شیعین، دیارترینیان: “حزبی دەعوەی ئیسلامی”یە لەگەڵ كۆمەڵێكی هێزی دیكەی وەك “النهج الوطني” كە حزبی فەزیلەیە، “منتصرون”ی ئەبو ئالائی وەلائی، سەرۆكی “كەتیبەكانی سەییدولشوهەدا”ی پەیوەست بە ئێران، “بشائر”ی یاسر مالیكی، ئامۆزاو زاوای سەرۆكی هاوپەیمانییەكەیە، لەگەڵ ئیسلامییە توركمانەكان بە سەرۆكایەتیی “جاسم جەعفەر.[20] ئامانجی ئەم هاوپەیمانییە، ڕێگەخۆشكردنە بۆ گەڕانەوەی مالیكی بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی وەزیران؛ هەروەها بەهۆی ئەوەی سودانی لەبن باڵی دەعوە هاتووەتە دەرەوە، سەربەخۆبوون و دەركەوتنی وەك رێبەرێكی شیعی لە بەرژەوەندیی مالیكی نییەو مەترسییە. مالیكی بە تەكتیكی بەهێزی هەڵبژاردن و هەبوونی جەماوەرێكی جێگیر دەناسرێتەوە، كە تۆڕی سودمەندانی، دوو خولی سەرۆكایەتیی وەزیرانی ناوبراون؛ هەروەها وەهاش ناسراوە هاوپەیمانی بەهێز بۆ لیستەكەی هەڵدەبژێرێت، بەهۆی ئەزموونی هەشت ساڵەی لە سەرۆكایەتیی وەزیران. - لیستی بزوتنەوەی عەسایب (صادقون): لیستی تایبەتی بزوتنەوەی عەساییبە بە سەرۆكایەتیی ئەمینداركەی، كە “قەیس خەزعەلی”یە. ئەم بزوتنەوەیە لە بنەڕەتدا لە هەناوی سەدرەوە هاتوەتە دەرەوەو بەشێكە لە میحوەرە ئێرانییەكە، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا هەوڵدەدات زیاتر عێراقیبوونی خۆی بسەلمێنێت. ئەم هێزە لەم ساڵانەی دواییدا بە كەڵكوەرگرتن لە بەشداریكردنی حكومەت، چەك، بەشدارییەكانی لە جهنگی داعش، میدیاو هەندێك فیگەری ناسراوەوە بڕێك هەڵكشانی بەخۆیەوە دیوە. جگە لە پارێزگای بابل، پۆستی “وەزارەتی خوێندنی باڵا”شیان لەدەستەو لە حكومەتی سودانیدا پێگەو كاریگەرییشیان زۆرە. قسەكەرەكانی ئەم لیستە باس لەوە دەكەن جیابوونەوەیان لە لیستە شیعەكان و دابەزینیان بەتەنیا، بۆ فرەییە نەك پەرتەوازەیی؛ ئەگەرنا ئامانجیان هاوبەشە[21]. جگە لە حزبەكەش (بزوتنەوەی عەسایب)، وەك تەكتیكی هەڵبژاردن، چەند پێكهاتەیەكی عەشایەری لە پارێزگای سەڵاحەدین (تكریت) لەم لیستەدا بەشدارن؛ لەمەشدا سود لە ئەزموونی ئەم خولە وەرگیراوە كە عەسایب لەو پارێزگایە ژنێك (ناسك الزنكي)و پیاوێكی سوننە (محمد البلداوي)ی بۆ پەرلەمان سەرخست[22]. – لیستی بەدری هادی عامری: لیستی “رێكخراوی بەدر”ە كە پشت بە تۆڕی سودمەندانی ئەم رێكخراوە چەكدارییەو باكگراوەندی رێبەرەكەی، “هادی عامری” دەبەستێت وەك سەركردەیەكی دیاری حەشدی شەعبی و خەباتگێڕێكی دێرینی خاوەن پێگە. عامری سەرەتا بڕیار بوو لەگەڵ سودانی بەشدار بێت، بەڵام كشایەوە.[23] وەهاش باسكرا كە هۆكارەكەی، ناكۆكیی عامری و سودانی بێت لەسەر پشتیوانیكردنی خولێكی دیكەی سەرۆكایەتیی وەزیران بۆ سودانی. بەدر باڵێكی سەربازیی بەرچاوە لەنێو حەشدی شەعبی، وابەستهیییەكی زۆری بە ئێرانەوە هەیەو، لەنێو وەزارەتی ناوخۆو جومگە ئەمنییەكانی دەوڵەتدا ئامادەیی زۆرە. بۆ هەڵبژاردنیش چاوی لەو بنكە وەزیفی و ئەمنییەیە، بەڵام كێشەی ئەم هێزە، هەڵكشانی باڵە سەربازییەكانی دیكەی شیعەی ركابەرییەتی، لە چەشنی عەسایب و هێزەكانی تری نەوەی دووەم و سێیەم، كە پاش جهنگی داعش دروستبوون. – هاوپەیمانیی حەكیم و عەبادی (قوی الدولة الوطنیة): ئەم هاوپەیمانییە لەسەر جەمسەرەكانی حەكیم _ عەبادی بنەڕەتەو خۆیان بە رەوتی میانڕەوی لەنێو شیعە دەناسێنن. لە هەڵبژاردنی 2018 ئەنجامەكانیان زۆر لاواز بوو، بەڵام لە ئەنجومەنی پارێزگاكان (2023) بڕێك باڵانسیان راستكردەوەو هیوایان بۆ دروستبووەوە كە كورسییەكانیان زیاتر بكەن. بڕیارە جگە لەم دووانە هەندێك هێزو كەسایەتیی دیكە بەشداری لەم هاوپەیمانییەدا بكەن، بەتایبەت ئەوانەی لە تشرینی و مەدەنییەكانەوە نزیكن.[24] ئەم هاوپەیمانییە پشت بە سەرمایەی رەمزیی ماڵی حەكیم و ئەزموونی حوكمڕانیی عەبادی و گوتاری میانڕەوانە- بەراورد بە راستڕەوەكانی “چوارچێوەی شیعی”- دەبەستێت. لەگەڵ ئەوەشدا چەند كاندیدو كەسایەتییەكی دیاری كۆكردووەتەوە. – هاوپەیمانیی مەندەلاوی (الأساس): ئەم هاوپەیمانییە بنكەی سیاسیی جێگری سەرۆكی پەرلەمان، “موحسن مەندەلاوی”یەو كۆمەڵێك هێزی نوێی شیعە لەخۆ دەگرێت كە هاوتاو هاوئاستی هێزە مەدەنییە ناڕازیی و ئۆپۆزیسیۆنەكانن. بەپێی راگەیەنراوە فەرمییەكان، ژمارەی قەوارەو گردبوونەوە بەشدارەكانی ئەم هاوپەیمانییە 22 هێزە كە رەنگدانەوەی چەند ناوچەیەكی جیاجیای عێراقن و دروشمیان “راستكردنەوەی رێڕەوی پرۆسەی سیاسی”یە[25]. لە پێكهاتەكانی ئەم هاوپەیمانییەدا قەوارەیەكی سەر بە كەتیبەكانی “ئیمام عەلی” هەن بە ناوی “حركة العراق الوطنية” كە گروپێكی چەكداری سەر بە حەشدی شەعبییە[26].. – هاوپەیمانیی ئەلعیدانی و فایز (تصمیم): هاوپەیمانییەكە بنكەی سیاسیی پارێزگاری بەسرە، “ئەسعەد عیدانی”یە كە كەسایەتییەكی دیارو كاریگەری باشوری عێراقە. لەم هاوپەیمانییەدا ژمارەیەك كەسایەتیی كۆمەڵایەتی و ئابوری هەن و پەرلەمانتار “عامر ئەلفایز” سەرۆكایەتیی لیستەكە دەكات. لەڕێگهی ئەم هاوپەیمانییەەوە ئەلعیدانی دەیەوێت لەنێو فەزا شیعییەكەدا پارێزگاری لە سەربەخۆیی خۆی بكات و كەڵكیش لە پێگە ئیدارییەكەی وەربگرێت لە پۆستی پارێزگاری بەسرە. دەوترێت بەشداریكردنیشی بە سەربەخۆ، هەوڵی جێگرتنەوەی سودانی و خۆپاڵاوتنە بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی وەزیران بە پشتیوانیی سەدرییەكان، بەوپێیەی پەیوەندیی لەگەڵیاندا باشە[27]. دروشمە سەرەكییەكانی هاوپەیمانییەكە “بچڕینی مافی بەسرە”یە لە حكومەتی فیدراڵی[28]. لەماوەكانی ڕابردوودا ناوبراو چووە هەندێك ڕكابەرییهوه لەگەڵ حكومەتی ناوەندو سودانی. – هاوپەیمانیی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی (ابشر یا عراق): ئەم هاوپەیمانییە بە سەرۆكایەتیی “هومام حەمودی”، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامییە. ئامانجە فەرمییە راگەیەنراوەكەی “راستكردنەوەیە بۆ باشكردنی داهاتوو”. باس لەوەش دەكات دژی “پشكپشكێنە”یە[29]. راگری سەرەكیی ئەم هاوپەیمانییە، ئەنجومەنی باڵای ئیسلامییە كە پاش جیابوونەوەی بەدرو رەوتی حیكمە لە نەخشەی سیاسیی شیعیدا پاشەكشەی زۆری كردووەو ئەنجامە وەدەستهاتووەكانی، كەمبووەتەوە بۆ بەشداریكردنی رەمزی لە پەرلەمان. – هاوپەیمانییە شیعییەكانی پارێزگا سوننەكان: كۆمەڵێك لە لیستەكانی چوارچێوەی شیعی بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسیی هەڵكشانی هێزە سوننییەكان، بە لیستی هاوبەش لە هەڵبژاردنی پارێزگاكانی دیالەو نەینەواو سەڵاحەددین بەشدار دەبن. ئەم هەنگاوە ئەگەرچی هیچ رێگرییەكی یاسایی و دەستوریی نییە، بەڵام وەك ریسك و شۆیەكی سیاسی تەماشا دەكرێت كە هێزە شیعەكان لە دەرەوەی بنكەی جەماوەریی خۆیان، خۆیان نمایش دەكەن و لیستیان هەیەو لەگەڵ سوننەكان ركابەری دەكەن؛ لەم رێگهیشەوە دەیانەوێت وەبەرهێنان لە جهنگی داعشدا بكەن و درز بخەنە نێو هۆزە سوننییەكان و هەوڵی كڕینی دەنگەكانیان بدەن. ئەو هاوپەیمانییانەش بریتین لە “تحالف صلاح الدین”، “تحاف دیالی أولا”، هاوپەیمانی “الحدباء” لە موسڵ. لە “كەركوك”یش باس لە دروستكردنی بەرەیەكی شیعی هەیە، بەڵام هێشتا قەبارەو شێوازەكەی ڕوون نییە. كۆبەند لە هەڵبژاردنی 2025دا شیعەكان بەگشتی و هێزەكانی “چوارچێوەی هاوئاهەنگیی” بەپەرتەوازەیی دادەبەزن، بەڵام بڕیاریان ئەوەیە لە دوای پرۆسەكە یەكبگرنەوەو دابەشبوونەكەیان زیاتر كاتیی و تەكتیكییە. ئاڵنگاریی گەورەی بەردەمیان، ترسە لە لێكەوتەی بایكۆتی سەدرو هەڵڕشتنی پارە لەلایەن وڵاتانی سوننە بۆ لیستە ركابەرەكانیان. هەروەها بارگۆڕانە هەرێمایەتییەكانی ناوچەكەو خواستی سوننەكان بۆ كەڵكوەرگرتن لە كەوتنی سوریا، گوشاری لەسەر دروستكردوون. لە كاتێكیشدا هەڵبژاردن هاتووەتە پێشەوە كە بەرە ئێرانییەكە لە لاوازیدایە. بۆ چارەسەركردنی بەشێك لەمانە هێزە شیعەكان بۆ بەشداریی چڕو چالاك، كار لەسەر ترساندنی بنكە جەماوەرییەكانیان دەكەن؛ هەروەها لە پارێزگا سوننەكانیشدا لیستی یەكگرتوویان پێكهێناوە بە هیوای درزخستنە نێو پێكهاتە سوننەكان و كڕینی دەنگ و كەڵكوەرگرتن لە بارگۆڕانەكانی پاش جهنگی داعش. ململانێی ناوخۆی شیعە، لەسەر دابەشكردنەوەی پێگەو نفوزو پۆستی سەرۆكایەتیی وەزیرانە؛ گۆڕەپانی كێبڕكێی سەرەكییشیان بەغدای پایتەختە، بەتایبەت كە زۆر لە سەركردەكانیان بە ژمارە یەك لەم بازنەی هەڵبژاردن دادەبەزن كە نزیك لە 10 ملیۆن دانیشتووانی هەیەو دەوروبەری 70 كورسی لە پەرلەمانی داهاتوو. شەڕەكە لەسەر ژمارەی دەنگی سەرۆكی لیستی ژمارە (1) دەبێت، بەتایبەت لە نێوان مالیكی و ودانی كە هەردووكیان لە بنكەی حزبی دەعوەوە دەركەوتوون و مالیكی سەرۆك و، سودانی كادری پێشكەوتووی بووە. سەرچاوەكان [1] https://2h.ae/GmSX [2] https://2h.ae/KILa [3] https://2h.ae/umBk [4] https://2h.ae/cvmJ [5] https://2h.ae/Gosa [6] https://2h.ae/cunm [7] https://2h.ae/jCUN [8] https://2h.ae/jkuz [9] https://2h.ae/MMbL [10] https://2h.ae/xbyP [11] https://2h.ae/ssVi [12] https://2h.ae/IbhM [13] https://2h.ae/Lxir [14] https://2h.ae/FIUx [15] https://2h.ae/YOPw [16] https://2h.ae/dFRJ [17] https://2h.ae/mEUE [18] https://2h.ae/ZjFw [19] https://2h.ae/VHMa [20] https://2h.ae/wMaV [21] https://2h.ae/PFUt [22] https://2u.pw/4FnJA [23] https://2h.ae/wKOs [24] https://2h.ae/wKOs [25] https://2h.ae/fsGY [26] https://2h.ae/RtBb [27] https://2h.ae/Skkl [28] https://2h.ae/Hjbq [29] https://2h.ae/fbcn
شیكاری درەو: 🔻پشت بەست بە راپۆرتەكانی وەزارەتی دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان و دیوانی چاودێری عێراق و دیوانی چاودێری هەرێمی كوردستان لەماوەی (2023 -2024- چوارمانگی 2025): 🔹 هەرێمی كوردستان بە بەهای (10 ترلیۆن و 983 ملیار) دینار نەوتی فرۆشتووە 🔹 هەرێمی كوردستان بڕی (10 ترلیۆن و 522 ملیار ) دینار داهاتی ناوخۆی هەبووە 🔹 لەو ماوەیەدا بڕی (18 ترلیۆن و 107 ملیار) دینار پارەی لەبەغدادەوە بۆ هاتووە 🔹 كۆی گشتی پشكی هەرێم خەرجی فیعلی لە (2023- 2024- نیسانی 2025): (27 ترلیۆن و 177 ملیار) دینار. 🔹 لەماوەی (2023- 2024- نیسانی 2025) حكومەتی هەرێم (5) موچەی نەداوە. نوسراوەكانی وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێم: وەزارەتی دارایی عێراق داتاكانی داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێمی كوردستانی بڵاوكردەوە پاڵپشت بەنوسراوی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی كوردستان. وەزارەتی دارایی عێراق بە نوسراوێك كە لە (28/5/2025) هاتووە ئاماژە دەكات بە هەردوو نوسراوی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی/ نوسینگەی سەرۆكی دیوان لە (9/4/ 2025) و (25/5/2025) بڕی داهاتە (نەوتیی و نانەوتی)یەكانی تیادایەو لەلایەن (دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان)ەوە وردبینی بۆ كراوە، لەكاتێكدا ئەوەی رادەستی خەزێنەی گشتی دەوڵەت كراوە لەو هەژمارەی كە كراوەتەوە پاڵپشت بە ئەحكامەكانی مادەی (13/یەكەم/أ) لە یاسای بودجەی فیدراڵی ژمارە (13)بۆ ساڵەكانی (2023,2024,2025)، بڕكەی گەیشتووەتە (199) ملیارو (364) ملیۆن و (211) هەزار دینار، كە تا مانگی نیسانی/2025 رادەستكراوە. داهاتی نەوتی و نانەوتی بە گوێرەی راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی پاڵپشت بەو نوسراوەی سەرەوەو نوسراوی هەرێمی كوردستان (13/4/2884لە 20/4/2025) لەم خشتەیەی خوارەوەدا رونكراوەتەوە: بەپێی راپۆرتی دیوانی چاودێری هەرێم و عێراق و راپۆرتی وەزارەتی دارایی عێراق: یەكەم: داهاتی نەوتی فرۆشراو: • داهاتی نەوتی هەرێم، لە ساڵی (2023) دا: بڕی (4 ترلیۆن و 708 ملیار و 587 ملیۆن و 855 هەزار) دینار بووە • داهاتی نەوتی هەرێم لە ساڵی (2024)دا: بڕی (4 ترلیۆن و 706 ملیار و 430 ملیۆن و 390 هەزار) دینار بووە • داهاتی نەوتی هەرێم لە چوارمانگی (2025)دا: ( ترلیۆنێك و 568 ملیارو 810 ملیۆن و 130 هەزار دینار. كۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە (2023- 2024 -2025): (10 ترلیۆن و 983 ملیارو 828 ملیۆن 375 هەزار) دینار هیچی نەگەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت دووەم: داهاتی نانەوتی: • داهاتی نانەوتی هەرێم لە ساڵی (2023)دا: بڕی (4 ترلیۆن و 656 ملیار و 554 ملیۆن و 483 هەزار) دینار بووە • داهاتی نانەوتی هەرێم لە ساڵی (2024)دا: بڕی (4 ترلیۆن و 700 ملیار و 9 ملیۆن و 926 هەزار) دینار بووە • داهاتی نانەوتی هەرێم لە چوارمانگی (2025)دا: بڕی ( ترلیۆنێك و 166 ملیار و 125 ملیۆن و 957 هەزار) دینار بووە كۆی داهاتی نا نەوتی هەرێم لە (2023- 2024 -2025): (10 ترلیۆن و 522 ملیارو 690 ملیۆن 366 هەزار) دینار سێیەم: كۆی پارەی هاتوو لە بەغدادەوە (2023- 2024-2025): • كۆی پارەی هاتوو لەبەغدادەوە (2023): ( 3 ترلیۆن و 98 ملیار) دینار • كۆی پارەی هاتوو لەبەغدادەوە (2024): (10 ترلیۆن و 786 ملیار) دینار • كۆی پارەی هاتوو لەبەغدادەوە چوار مانگی (2025): ( 4 ترلیۆن و 223 ملیار) دینار كۆی پارەی هاتوو لە (2023- 2024-2025): ( 18 ترلیۆن و 107 ملیار) دینار چوارەم: كۆی داهاتی حكومەتی هەرێم لە (2023- 2024-2025): • كۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە (2023- 2024 -2025): (10 ترلیۆن و 983 ملیار) دینار • كۆی داهاتی نا نەوتی هەرێم لە (2023- 2024 -2025): (10 ترلیۆن و 522 ملیار) دینار • كۆی پارەی هاتوو لەبەغدادەوە لە (2023- 2024 -2025): (18 ترلیۆن و107 ملیار) دینار كۆی داهاتی بەردەستی حكومەتی هەرێم لە (2023- 2024-2025): (39 ترلیۆن و 612 ملیار) دینار پێنجەم: كۆی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق (2023- 2024-2025): • كۆی پشكی هەرێم لە خەرجی فیعلی لە (2023) دا: ( 10 ترلیۆن و 567 ملیارو 893 ملیۆن ) دینار • كۆی پشكی هەرێم لە خەرجی فیعلی لە (2024) دا: ( 12 ترلیۆن و 167 ملیارو 876 ملیۆن ) دینار • كۆی پشكی هەرێم لە چوارمانگی (2025) دا: ( 4 ترلیۆن و 443 ملیار) دینار كۆی گشتی پشكی هەرێم (2023- 2024-2025): (27 ترلیۆن و 178 ملیار) دینار شەشەم: كۆی پشكی هەرێم و پارەی هاتوو لە بەغدادەوە كۆی گشتی پشكی تەرخانكراوی هەرێم (2023- 2024-2025): (27 ترلیۆن و 177 ملیار) دینار كۆی پارەی هاتوو لە (2023- 2024-2025): ( 18 ترلیۆن و 107 ملیار) دینار كۆی پارەی ماوە لە پشكی هەرێم لە (2023- 2024-2025): ( 9 ترلیۆن و 70 ملیار) دینار
درەو: (ئاییندەی ژینگە) گۆشەیەكی هەفتانیە مەعروف مەجید سەرۆكی رێكخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە رۆژانی شەممە بۆ (درەو) دەینوسێت 🔻 هەموو ساڵێک لە ڕۆژی 31ی ئایار ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەکێشان و بەکارهێنانی توتن لەسەر ئاستی جیهان بەڕێوە دەچێت؛ 🔹 لە عێراقدا ساڵانە دوو ترلیۆن دینار بۆ جگەرە خەرج دەکرێت. 🔹 بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی عێراق لە ساڵی 2024، "لە عێراق لە هەر (10) خولەکێکدا کەسێک بەهۆی جگەرەوە گیان لەدەست دەدات ، ژمارەی جگەرەکێشان گەیشتووەتە (22%)ی دانیشتوانی عێراق، واتە نزیکەی(10 ملیۆن) جگەرەکێش". 🔹 بەپێی ئامارەکانی (کۆمەڵەی نەهێشتنی جگەرە کێشان) لە هەرێمی کوردستان (۳٥% تا ٤۰%)ی لە هەرێم جگەرە کێش هەیە، تەمەنیان لە نێوان (۱۲ تا ۷۰) ساڵیدایە. 🔹 ئەگەر کەسێک لە تەمەنی (۱٥) ساڵییەوە تا تەمەنی (60) ساڵی بە بە شێوەیەکی مامناوەند کە ڕۆژانە تەنها (1) پاکەت جگەرە بکێشێت و هەر پاکەتێک بە تەنها (1000)دیناری پێبدات، ئەو لە (45) ساڵدا (16 ملیۆن و 200 هەزار) دیناری بۆ جگەرە خەرجکردووە. 🔹 بەرزترین پاڵنەر بە ڕێژەی (45%) هاوڕێی جگەرە کێش هۆکارە بۆ جگەرە کێشان. ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەو توتن هەموو ساڵێک لە ڕۆژی ٣١ی ئایار ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەو توتن لەسەر ئاستی جیهان بەڕێوە دەچێت، جگەرە لەسەر ئاستی جیهان هۆکارێکە بۆ مردن، پیسبوونی ژینگه و چەندین نەخۆشی تر، ئەمساڵ ڕۆژەکە لە ژێر دروشمی (ئاشكراكردنی فێڵی فریودان) بەڕێوەدەچێت. ئەم دروشمە، فێڵ و هەڵخەڵەتاندنەكانی كۆمپانیاكانى توتن ئاشكرا دەکات كە بۆ ڕاكێشانی گەنجان و بەكارهێنەری نوێ بەكاردەهێنرێت، وەك ڕیکلامە فێڵكارەكان، بەكارهێنانی تامە جیاوازەكان، یان نیشاندانی جگەرە وەك نیشانەیەكی پێگەیشتن. جگەرەکێشان لە عێراق ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ساڵی ۲۰۲٤ ڕایگەیاند کە عێراقییەکان ساڵانە زیاتر لە دوو ترلیۆن دینار بۆ جگەرە خەرج دەکەن. بەگوێرەی دوایین ئامار کە وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاشکرای کردووە لە ساڵی ۲۰۲٤، "جگەرەکێشان لە عێراق لە هەر ۱۰ خولەکێکدا کەسێک دەکوژێت، ژمارەی جگەرەکێشان لەماوەی دەیەی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و گەیشتووەتە (22%)ی دانیشتوانی عێراق، واتە نزیکەی( ۱۰ ملیۆن) جگەرەکێش". ئاماژەی بەوەشکردووە، "زۆرترین ڕێژەی پیاوان بەتایبەتی گەنجان و هەرزەکاران جگەرەکێشن، لە ئەنجامدا ئەم دیاردەیە دەبێتە هۆی چەندین کێشە، دیارترینیان کێشەی تەندروستی بەتایبەتی شێرپەنجە و بەرزی پەستانی خوێن، کە دەبێتە هۆی مردن. هاوکات زیانی ئابووریش بە خێزانەکان و وڵاتەکە دەگەیەنێت، بەو پێیەی عێراق بۆ کڕینی جگەرە ڕۆژانە شەش ملیار دینار خەرج دەکات و ساڵانە دوو ترلیۆن تێدەپەڕێنێت". بەم بۆنەیەوە وەزارەتی تەندروستی داوای لە حکومەت کردووە یاسای ژمارە (١٩)ی ساڵی ٢٠١٢ جێبەجێ بکات کە هەرکەسێک لە دامەزراوەکانی حکومەت، شوێنی داخراو، یان لە گواستنەوەی گشتیدا جگەرەکێشان گیرابێت، غەرامە دەکات. لە ساڵی ۲۰۱۲ پەرلەمانی عێراق یاسای قەدەغەکردنی جگەرەکێشانی لە شوێنە گشتییەکان و دامودەزگا حکومییەکان دەرکرد، لەوانەش سزا و غەرامەکردنی سەرپێچیکاران. بەڵام هێشتا یاساکە جێبەجێ نەکراوە. "بەهۆی بەرکەوتنی ناڕاستەوخۆ بە دوکەڵی تووتن، لەسەدا ( ٤٥%) عێراقییەکان بەدەست دوکەڵی دەستی دووەوە دەناڵێنن، لەکاتێکدا لەسەدا(20)عێراقییەکان کە تەمەنیان ١٨ ساڵ یان زیاترە، جۆرەها جگەرەی جیاواز دەکێشن. لە کۆتا کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە ۲۷ی ئایار ۲۰۲٥دا. رەزامەندی درا لەسەر ئەوەی وەزارەتی تەندروستی قەدەغەی سەر هاوردەکردنی جگەرەی ئەلیکترۆنی، نێرگەلەی ئەلیکترۆنی و توتنی گەرمکراو هەڵبگرێت، بەجۆرێک لەگەڵ یاسای بەرەنگاربوونەوەی جگەرەکێشان (١٩)ی ساڵی (۲۰۱۲) و یاسا کارپێکراوەکانی دیکە ناکۆک نەبێت. جگەرە و نێرگەلە لە هەرێمی كوردستان ساڵی ۲۰۰۷ پەرلەمانی كوردستان یاسایەكی پەسەندكرد بەناوی یاسای ژمارە (۳۱)ی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەكێشان، ساڵی ۲۰۰٨ یاساكە هەمواركرایەوەو بە بڕیارێك خرایەبواری جێبەجێكردن. بەپێی ئەو یاسایە، ریكلامكردن بۆ جگەرە لە هەرێمی كوردستان قەدەغەكراوەو سەرپێچیكار بە بڕێك پارە كە لە (٤۰۰ هەزار) دینار كەمتر نەبێتو لە (۲ ملیۆن) دینار زیاتر نەبێت سزادەدرێت، ئەمە سەرباری ئەوەی ریكلامەكەی پێ لادەبرێت. بەپێی ئامارەکانی (کۆمەڵەی نەهێشتنی جگەرە کێشان) لە هەرێمی کوردستان (۳٥% تا ٤۰%)ی لە هەرێم جگەرە کێش هەیە، لە تەمەنی (۱۲ تا ۷۰) ساڵ جگەرە کێش هەیە. بەپێی ڕاپرسی ڕێکخراوی ژیانی تەندروستی لە ۲۰۰٨: لە (٤۳%) جگەرە کێشەکان لە نێوان تەمەنی ۱٥ تا ۲٥ ساڵیدان، لە (۱٨%) جگەرە کێشەکان ئافرەتانن، لە (۳۲%) پزیشکان جگەرە کێشن، لە (۳%) زانایانی ئایینی جگەرە کێشن، لە (۳٦%) گەنجان نێرگەلە کێشن، لە (۲٥%) لە ناو قوتابیانی زانکۆ نێرگەلە دەکێشن. هۆکارەکانی زۆر بەکارهێنانی جگەرە لە هەرێمی کوردستان لە هەرێمی کوردستان بەکارهێنانی جگەرە و بەرھەمە توتنییەکان یەکێکە لە کێشە گەورەکانی تەندروستی گشتی، بە تایبەت لە ناو گەنجان و هەرزەکاران، بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕێژەی جگەرەکێشان لە نێو پیاواندا بەرزە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا ژنان و تەنانەت منداڵانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵیش بەشدارن لەم پەتایە، ئەویش بەهۆی؛ • هەرزانی نرخ، نرخی جگەرە لە هەرێمی کوردستان هەرزان و دەستککەوتنیشی ئاسان و بەردەستە، بە بەراورد بە وڵاتانی تر. • گەیشتن بە دەست هەموو تاکێک، بەهۆی بوونی جگەرە لە شوێنە گشتیەکان، و دەست کەوتنی لەلایەن تاکەکانی کۆمەڵ بە تایبەتی هەرزەکاران. • ڕیکلام و بازرگانی، ڕیکلام و بانگەشەکردن بۆ جگەرە لە ڕاگەیاندن و تۆڕە کومەڵایەتییەکان و شوێنە گشتییەکان. • کارنەکردن بە یاسا و ڕێنماییەکان، نەبوونی یاسای کاریگەر بۆ کۆنترۆڵکردنی فرۆشتن و بەکارهێنانی جگەرە، لە شوێنە گشتییەکان. جگەرە یەکێک لە هۆکار و مەترسییدارەکان بۆ سەر ژینگە 1. پیسبوونی هەوا: دوکەڵی جگەرە ماددەی کیمیایی زیانبەخشی تێدایە کە بەشدارن لە پیسبوونی هەوا و گۆڕانی کەشوهەوا. 2. پیسبوونی خاک: ئەو پاشماوانەی جگەرە کە لەسەر زەوی فڕێدەدرێن، خاکەکە بە ماددە کیمیاییە ژەهراویەکان پیس دەکەن و کاریگەری لەسەر گەشەی ڕووەکەکان دەبێت. 3. پیسبوونی ئاو: دزەکردنی پاشماوەی جگەرە بۆ ناو ڕێڕەوی ئاو و دەریا و زەریاکان ئاو پیس دەکات و زیان بە ژیانی دەریایی دەگەیەنێت. 4. دارستانبڕین: چاندنی تووتن پێویستی بە ڕووبەرێکی زۆری زەوی هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی بڕینی دارستانەکان و تێکچوونی زەوی. 5. کەمبوونەوەی سەرچاوە سروشتییەکان: پیشەسازی تووتن پێویستی بە بڕێکی زۆر ئاو و زەوی و وزە هەیە، ئەمەش بەشدارە لە کەمبوونەوەی سەرچاوە سروشتییەکان. 6. پاشماوەی ژەهراوی: پاشماوەی جگەرە و ئەو مادانەی کە لە دروستکردنی جگەرەدا بەکاردەهێنرێن، پاشماوەی ژەهراویین کە ژینگە پیس دەکەن. زیانە گشتیەکانی جگەرەکێشان 1. جگەرەکێشان زیانی هەیە بۆ تەندروستی مرۆڤ بەگشتی و دەبێتە هۆی نەخۆشییەکانی دڵ و سییەکان و شێرپەنجە. 2. جگەرەکێشان(هەڵمژینی دوکەڵی جگەرەی کەسانی دیکە) هەروەها زیان بە تەندروستی ئەو کەسانە دەگەیەنێت کە جگەرە ناکێشن. 3. جگەرەکێشان کاریگەری لەسەر کوالیتی ژیان دەبێت و لەشجوانی کەمدەکاتەوە. 4. جگەرەکێشان دەبێتە هۆی ئالوودەبوون بە نیکۆتین. 5. جگەرە زیانێکی بەرچاو بە ژینگە دەگەیەنێت. بەشدارن لە پیسبوونی هەوا و خاک و ئاو و کاریگەرییان لەسەر ژیانی ڕووەک و ئاژەڵان هەیە و سەرچاوە سروشتییەکان کەم دەکەنەوە. 6. بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی جگەرە کاریگەری نەرێنی لەسەر دارستان و ڕێڕەوی ئاوەکان هەیە و پاشماوەی ژەهراوی زیاد دەکات. 7. جگەرەکێشان یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن کە دەتوانرێت ڕێگری لێبکرێت لە سەرانسەری جیهاندا. 8. جگەرەکێشان زیان بە نزیکەی هەموو ئەندامێکی لەش دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی چەندین نەخۆشی درێژخایەن وەک شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی دڵ. زیانەکانی جگەرەکێشان بە ژمارە لە ساڵی ٢٠٢٥دا بازاڕی جگەرەی ئەلیکترۆنی گەشەیەکی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت و پێشبینی دەکرێت قەبارەکەی بگاتە (٢٧.٢ ملیار) دۆلار و پێشبینی دەکرێت ڕێژەی گەشەکردنی تا ساڵی ٢٠٣٣ بگاتە (٤١.٦ ملیار دۆلار)، لە هەمان کاتدا زۆرێک لە وڵاتان هەنگاو بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی تووتن دەگرنەبەر، (٥٦) وڵات پابەندن بە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی تووتن بە ڕێژەی ٣٠% بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٠. هەر بەپێی ئامارەکان ڕێژەی بەکارهێنانی تووتن لەسەر ئاستی جیهان: لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٢٢.٣%ی دانیشتوانی جیهان تووتنیان بەکارهێناوە، ٣٦.٧%ی پیاوان و ٧.٨%ی ژنان بوونە. بەکارهێنانی تووتن لەنێو ئافرەتان: لە ساڵی ٢٠١٨دا (٢٤٤ ملیۆن) ژن تووتنیان بەکارهێناوە. دەربارەی ڕێژەی مردنیش بەهۆی جگەرەوە، پەتاى تووتن تا ئێستاش مەترسیەکى گەورەى تەندروستى ماوەتەوە و ساڵانە زیاتر لە 8 ملیۆن کەس لە جیهاندا دەکوژێت، بەگوێرەى ئامارەکانی ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى. زیانە داراییەکانی جگەرەکێشان لەسەر تاک - ئەگەر کەسێک لە تەمەنی ۱٥ ساڵییەوە جگەرە بکێشێت بە شێوەیەکی مامناوەند کە ڕۆژانە ۲۰ جگەرە بێت ئەوا؛ ۲۰×۳۰ ڕۆژ = ٦۰۰ جگەرەی مانگانە دەکات. ٦۰۰×۱۲ مانگ = ۷۲۰۰ جگەرەی ساڵانە. ۷۲۰۰×٤٥ ساڵ = ۳۲٤۰۰۰ جگەرە لە تەمەنی. - هەر پاکەتێک ۲۰ جگەرەیە. ۳۲٤۰۰۰÷۲۰ = ۱٦۲۰۰ پاکەتی کڕیوە. ۱٦۲۰۰×۱۰۰۰ دینار = ۱٦۲۰۰۰۰۰ دینار. هۆکارەکانی جگەرە کێشان بەپێی چەندین توێژینەوە و ڕاپرسییەکان دەرکەوتووە هۆکارەکانی جگەرەکێشان: • (٤٥%) هاوڕێی جگەرە کێشە. • (۲٥%) نەزانینی زیانەکانی جگەرە و نێرگەلە. • (%۱۰) کاتی بێکاری. • (۱۰ %) تاقیکردنەوەیە. • (٥ %) خۆ بە گەورە زانینە. • (٥ %) دایک و باوکە. چەند ڕاستیەک دەربارەی جگەرە کێشان • جگەرەکێشان ساڵانە زیاتر لە ٨ ملیۆن کەس دەکوژێت، ئەمەش دەبێتە هۆی مردنی پەیوەست بە جگەرەکێشان لە هەر پێنج چرکەیەکدا، ملیۆنێک زیاتر لەوەی کە ساڵانە لە ئەنجامی HIV، سیل و مەلاریا بەیەکەوە ڕوودەدات. • بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO ئەمڕۆ لە جیهاندا یەک ملیار و ٣٠٠ ملیۆن جگەرەکێش هەن. • بە تێکڕا جگەرەکێشان ١٣ ساڵ لە تەمەنت دەبڕێت. ئەگەر تووشی ئایدز بوویت، ئەو ژمارەیە بۆ ١٦ ساڵ زیاد دەکات. • جگە لە شێرپەنجە، جگەرەکێشان ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک زۆر زیاد دەکات. • جگەرەکێشان کێشەیەکە کە زۆرترین زیان لە خەڵکی هەژار دەدات. لە ڕاستیدا، ٨۰ %ی جگەرەکێشەکانی جیهان لە وڵاتانی کەم دەرامەت تا مامناوەنددا دەژین. • لە پێنج جگەرەدا ئەوەندە نیکۆتین هەیە کە بە تێکڕا کەسێکی پێگەیشتوو بکوژێت، ئەگەر بە تەواوی هەڵبمژرێت، زۆربەی جگەرەکێشەکان بە تێکڕا ۱ بۆ ۲ میلیگرام نیکۆتین لە هەر جگەرەیەکدا هەڵدەمژن. • شێرپەنجەی سییەکان تاکە نەخۆشی شێرپەنجەیی نییە کە دەتوانیت بەهۆی جگەرەکێشانەوە تووشی ببیت. هەندێکی تریش بریتین لە شێرپەنجەی میزڵدان، خوێن، مۆخی ئێسک، ملی رەحم، قۆڵۆن، سورێنچک، گورچیلە، قوڕگ، جگەر، دەم، پەنکریاس، کۆم، گەدە و قوڕگ • دوکەڵی جگەرە زیاتر لە ٧ هەزار مادەی کیمیایی تێدایە کە ٧٠ لەو ماددانە ناسراون کە دەبنە هۆی شێرپەنجە
د. یاسین تەها- پسپۆڕ لە مێژووی ئاینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڕیارێكی فەرمی دەزگای "ئاسایشی نیشتمانی عێراق" دژ بە ڕەوتی " سەلەفیی مەدخەلی" ئاشكرا كرا. بڕیارە ئەمنییەكەی كە گشتاندنی بۆ كراوە "بزووتنەوەی مەدخەلی" وەك ڕەوتێكی "زۆر مەترسیدار لەسەر ئاسایشی كۆمەڵگا" لە عێراقدا دەناسێنێت، ئەمەش كاردانەوەی "سەلەفییە مەدخەلییەكان" و هەندێك لایەنی دیكەی سیاسی سوننەی بەدوای خۆیدا هێناوە و بووەتە جێگەی مشتومڕ. ئەم شرۆڤەیەی بەردەست لەسەر پاشخان و وردەكاری و لێكەوتەكانی ئەم بڕیارە هەڵوێستە دەكات. بڕیارەكەی ئاسایشی نیشتمانی بەپێی نووسراوێكی فەرمی كە لە 27ی نیسانی 2025 دا دەرچووە، دەزگای ڕاوێژكاریی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، لە ڕێگای "لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی توند"ـەوە، فەرمانیكردووە بە ڕووبەڕووبوونەوەی "بزووتنەوەی مەدخەلی"، بەو پێیەی ڕەوتێكی "زۆر مەترسیدارە لەسەر ئاشتەوایی كۆمەڵگە" بەپێی نووسراوەكە. ئەم دامەزراوە ئەمنییەی عێراق كە تایبەتە بە ئاسایشی كۆمەڵگایی گشتیگر، بۆ بڕیارەكەی دژی "سەلەفییە مەدخەلییەكان" پاساوی بە ڕاسپاردەی دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەكان هێناوەتەوە، باسی لەوەشكردووە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق (محەمەد شیاع سوودانی) لەسەر بڕیاری بەرەنگاربوونەوەكە ڕازی بووە، ئەمەش لە میانەی كۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی پارێزگاكانی: كەركوك، نەینەوا، دیالە، ئەنبار، سەلاحەدین لەگەڵ دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەكانی وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگری. بەم پێیەش بڕیاری ڕووبەڕووبوونەوەی مەدخەلییەكان لەسەر ئاستی حكومەت و دەزگا ئەمنییەكانی دەوڵەت دەركراوە، بازنەی بە ئامانجگیراویش جوگرافیا سوننە نشینەكەی ناوەڕاست و باكووری عێراقە كە گۆڕەپانی كاری ئەم ڕەوتە ئایینییە سوننەیە بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەك بە هەرێمی كوردستان بكرێت كە یەكێكە لە گۆڕەپانەكانی كاروچالاكی بانگەوازی سەلەفی و لە نێویشیاندا "ڕەوتی مەدخەلی". بزوتنەوەی مەدخەلی چییە؟ بڕیارە ئەمنییەكەی عێراق "بزوتنەوەی مەدخەلی" بەكارهێناوە بەبێ ئاماژەكردن بە بنكە بنەڕەتییەكە كە ڕەوتی سەلەفییە، ئەم زاراوەیەش (مەدخەلی) ساڵانێكە وەك ناوی ڕەوتێكی بەرفراوانی سەلەفی بەكاردەهێنرێت بۆ جیاكردنەوە لە ڕەوتی سەلەفی كلاسیك و تەقلیدی سعودی یان سەلەفیەتی ئیسلامی گشتی. مەدخەلییەكان بازنەی لایەنگری تێگەیشتن و بۆچوونەكانی شەرعزان و فەرموودەناسی سعودی "ڕەبیع بن هادی ئەلمەدخەلی"ن، بەڵام ئەوانەی ئەمەیان پێدەگوترێت زیاتر خۆیان بە "سەلەفی مەدینە" یان هەر تەنیا "قوتابخانەی سەلەفی" دەناسێنن و ئەو ناوزەدكردنەیان بەناوی مامۆستاكەیان ڕەتدەكەنەوە و بە تانە و تەشەری دەزانن. ڕەوتی مەدخەلی، لقێكی نوێكراوەیە لە ڕەوتی سەلەفی سعودی بە ڕیشە نەجدی كە لە سەدەی 18 سەریهەڵداوە، سەرنمای ئەم ڕەوتە " ڕەبیع مەدخەلی" (93 ساڵ) خۆی خەڵكی شاری جازانی باشووری سعودیەیە لە باشوور، هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرایە لەزانستی فەرموودەناسی، لەزانكۆی ئیسلامی شاری مەدینە یەكێك بووە لەخوێندكارە دەركەوتووەكانی شێخ "محمد بن ئەمان ئەلجامی" بەرەگەز ئەسیوبی (1931_ 1996)، هەر ئەمیش بناغەدانەری ڕەوتەكەیە و بەم هۆیەشەوە جارجار پێیان دەوترێت "سەلەفیەتی جامی" یان " مەدخەلییە جامییەكان". هەریەك لە "محەمەد جامی" و "ڕەبیع مەدخەلی" خوێندكاریشی، بە ڕەخنە توندەكانیان لە نەیارەكانیان دەناسرێنەوە، هەردووكیشیان لەتان و پۆی گشتیدا وەك هەر بانگخوازێكیتری سەلەفی كار بۆ ساغكردنەوە و پەرەپێدانی ئەو تەرزە ئیسلامەتییە دەكەن كە ڕاستەوخۆ بە دەقەكانی قورئان و فەرموودەوە پەیوەستە؛ بەتێگەیشتنی پێشینە یەكەمەكانی ئیسلام كە پابەندییە بە واتا ڕواڵەتییەكانی دەقەكانی قورئان و فەرموودە، ئەمەش بەشێكی دانەبڕاو و یەكێك لە دەرهاویشتەكانی ڕەوتی سەلەفیی "محەمەد عەبدولوەهاب"ـە (مردن: 1792ز)، كە ئەویش لە تان و پۆدا دەچێتەوە سەر میرات و كولتووری شەرعزانی ناوداری شام "ئیبن تەیمیە"، لەگەڵ فەتوا عەقیدەییەكانی، "ئیمام ئەحمەدی كوڕی حەنبەل" كە سەر مەزهەبی چوارەمی سوننەیە، بەبێ ئەوەی لە شەرعزانی و فقیهدا خۆیان بە ئایینزاكەیەوە ببەستنەوە. سەلەفییە مەدخەلییەكان لەبەرەنگارییەكی تونددان لەگەڵ گروپە ئیسلامییە "حەرەكی" و "جیهادی" و تەنانەت مەدەنییەكانییەكانیش، لە ئەدەبیاتی ئەواندا ئەو حیزبە ئیسلامییانە "سەرچاوەی بە حیزب حیزبكردنی ئیسلامن و پەرتكردنینی"، لەگەڵ شیعەكانیش بەریەككەوتنیان زۆرە و لەمەشدا بەركەوتنە مێژوییەكەی سعودیە و ئێرانی پاش 1979 كاریگەریی هەیە، لەكێشمەكێشی قووڵیشدان لەگەڵ سۆفی و دەروێشەكان و تەریقەتەكان وەك "سەرچاوەی شیرك و بیدعەو خورافیات" تەماشا دەكەن. بەهۆی ئەوەشی ڕەوتی مەدخەلی، لەسەر هەمان دەستوری قوتابخانەی سەلەفی بەتەواوی خۆیان نابەستنەوە بە چوار ئایینزا فیقهییە بەربڵاوەكەی سوننە (ئەبو حەنیفە، مالیك، شافیعی، ئەحمەد)، لەزۆر جێگا تووشی بەریەككەوتن و مشتومڕ دەبن و لە پەنا دژە حیزبی بووندا دژە مەزهەبگەراییشن و پەیڕەوی لە دەقەكان دەكەن، لە كاتێكدا لە زۆر جێگەی جیهانی ئیسلامیدا تەقلید بە پێویست دەزانرێت بۆ ئایینداری، یان لەپەرستشدا پەیوەستن بەنێوانگرەوە بۆ گەیاندنی نزاو رازو نیازی خۆیان بەخودا. مێژووی سەرهەڵدان: بە پێی پێدراوە بەردەستەكان، مێژووی دەركەوتن و بڵاوبوونەوەی بۆچوونەكانی "جامی" و خوێندكارەكەی كە "مەدخەلی" یە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵانی نەوەدەكان و شەڕی ئازادكردنی كوەیت (گەردەلولی بیابان). لەو دەمەدا زانای ئایینی ناسراو (ابن باز) و زانا ئایینییەكانی دیكەی ئەندام لە "دەستەی گەورە زانایانی سعودی" (العثیمین بە نموونە)، ڕێگایاندا بە پشتبەستن بەسوپای ئەمەریكا بۆ بەرەنگاربونەوەی ڕژێمی سەدام، پاساوی شەرعییان لە شێوەی فەتوادا لە نێو سەرچاوەكانی كولتووری ئیسلامیدا بۆ هێنایەوە (11/ 9/ 1990). بەرامبەر بەمەش هەندێك لەكەسەیاتی و بانگخوازە سەلەفییەكانی دیكەی سعودیە و دەرەوەی ئەو وڵاتەش، هاوپەیمانیكردنی ئەمەریكا و میوانداریكردنی سوپاكەیان لە سعودیە (بلاد الحرمین)، بەحەرام و قەدەغەشكاندن لەقەڵەمدا (ئەلبانی و حەوالی بە نموونە)، لای خۆشییانەوە "جامی" و "مەدخەلی"، هەڵمەتێكیان بەڕێوەدەبرد بۆ بەرگرییكردن لە هەڵوێستی زانا ئاینییەكانی "دەستەی گەورە زانایان" ی سعودی، لەهەمان كاتیشدا بەگژ ئەوانەدا چوونەوە كە لەگەڵ فەتواكەدا نەبوون. "مەدخەلی" لە مبارەیەوە كتێبێكی نووسیوە بۆ بەرگریكردن لە فەتواكە و پاساو هێنانەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەعسی سەدام بە هەر ڕێگایەك بووە لە سۆنگەی ئەوەی حیزبێكی بێباوەڕ و دژە ئیسلامە، ئەمەش بەشێكبوو لە دەرهاویشتەكانی داگیركردنی گوەیت و ئەگەرنا لە ساڵانی هەشتاكاندا سعودییەكان لە بەرەی عێراقدا بوون دژی ئێران لە جەنگی هەشت ساڵە. لەسەر ئەم هەڵوێست و بەرگریكردنەش "مەدخەلی" و بازنەكەی چواردەوری لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعودیەوە ستایش و پاداشتكران و لە زانكۆ ئیسلامییەكان و مزگەوتەكاندا ئەو بۆشاییانەیان پێ پڕكرایەوە، كە بەهۆی زیندانیكردن و دورخستنەوە و پەراوێزخستنی ڕەوتە ئایینییە سەلەفییە حەرەكی و ناڕازییەكانەوە دروستبوو، بەم هۆیەشەوە جامی و مەدخەلییەكان توانیان باڵ بەسەر زۆر لە دامەزراوە ئاینییەكانی سعودیەدا بكێشن. شێوازی كاری مەدخەلییەكان: هەرچەندە مەدخەلییەكان لە سایەی گەورە زانا سەلەفییە ناسراوەكانی سعودیەدا كاریانكردووە و لە قوتابخانەی ئەوانەوە دەركەوتوون (ئیبن باز و عوسەیمین بە نموونە)، بەڵام لەمیكانیزمی بەرەنگاربوونەوە و شێوازی كاردا تایبەتمەندی خۆیان هەیە، بەوە ناسراون كە ڕووشكێنن لە ڕەخنەگرتنی ئایینی، لە هەڵسەنگاندنی كەسایەتی و گروپەكانیشدا بڕێك جەخت لە زەقكردنەوەی ڕەخنەكان دەكەنەوە و كەمتر بە لای باسكردنی لایەنی باشەی ڕەخنەلێگیراوەكاندا دەچن، لەم كایەشدا "مەدخەلی" وەك پێشەوای "الجرح والتعدیل" ئاماژەی بۆ دەكرێت و هەر لە ناو سەلەفییەكانیشدا هەن پێیانوایە زیادەڕۆیی دەكەن لە ڕەخنەگرتن و دەرخستنی لایەنە نەرێنییەكانی كارەكتەرە ئایینییەكان و ئەمەش وەك مۆركێكی سەرەكی ئەوان ئاماژەی پێدەكرێت. لە بیری سیاسیدا سەلەفییە جامی و مەدخەلییەكان بەوە تۆمەتبار دەكرێن كە ڕەوتی هاندەری گوێڕایەڵیكردنی دەسەڵاتەكانن لە ڕێگەی وابەستەیی كتومت بە چەمكی "ولي الأمر" كە لە قورئاندا هاتووە، ئەمەش بەسەر حوكمڕانە زاڵبووەكانی جیهانی ئیسلامیدا جێبەجێدەكەن بەبێ هەڵوێستە لەسەر كارنامەیان، لەم سۆنگەیەشەوە ئەم ڕەوتە وەك سەلەفییەكانی دیكەی هاوتایان ڕێگە بە بەرهەڵستیكردنی دەسەڵات و بەرەنگاربوونەوەی نادەن، لەمەشدا لەگەڵ زۆربەی ڕەوتە دێرینەكانی ناو ئاینزای سوننەدا كۆكن، كە تا ڕادەی زۆر یاخیبوون و شۆڕشكردن دژی فرمانڕەوا پەسەند ناكات، بەڵام "ڕەبیع مەدخەلی" تۆمەتباركردنیان بە دۆستایەتی دەسەڵات ڕەتدەكاتەوە و جەختدەكاتەوە ئەوان لە سنووری توانای خۆیاندا بە دڵ و زمان و پێنووس بەرەنگاری خراپەی فرمانڕەوایان دەبنەوە، هەر شتیشیان نەتوانی؛ ئەوە بە دڵ نكولی لێدەكەن. ئەوەش ڕەتدەكاتەوە ئەوان پشتگیری هەموو فرمانڕەوایان بكەن و جەخت لەوە دەكاتەوە جێبەجێكاری شەریعەتیان خۆش دەوێت و ڕقیان لە سەرپێچی و شتی خراپی حوكمڕانەكانە. سەلەفییەكان بە گشتی و جەخت لە دوورەپەرێزی لە سیاسەت دەكەنەوە، لە بری ئەوەش زیاتر جەخت لە چەمكی "پاڵفتەكردنی عەقیدەو پەرستشەكان لە زیادكراوەكان" دەكەنەوە (بیدعە)، هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا پێیانوایە خۆ سەرقاڵكردن بەسیاسەتەوە پەیوەندیی ئەوتۆی بەدینەوە نییە. هەر لەبەر ئەمەش زیاتر لە بانگەوازی ئایینیدا چالاكن و بەشداریكردنیان لە كایەی سیاسیدا بەمانا باوەكەی نییە كە خۆ پاڵاوتن و دروستكردنی ئۆرگانی سیاسییە، بەڵام ئەمە بەسەر ئەزموونی كۆمەڵێك لە سەلەفییەكانی میسر (حیزبی نوور) و بەشێك لە سەلەفییەكانی كوەیتدا جێبەجێ نابێت كە بەشداری و رێكخستنی سیاسییان هەیە. نموونە عێراقییەكەی ڕەوتی مەدخەلی بە پێی كارنامەی ناودارە ئیسلامییە سوننەكان، مێژووی گەیشتنی ڕەوتی سەلەفی نەجدی (سعودی) بە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ دوو سەدە بەر لە ئێستا، بەڵام دەشێت ئەمە زیاتر لە ئاستێكی بەرتەسك و لە شێوەی كەسایەتییە ئایینییەكاندا بێت، چونكە بەپێی پێدراوە مێژوییەكان، سەلەفییەكان پاش ئەزموونێكی بچڕ بچڕی چالاكی و كاری بانگخوازیی سەردەمی بەعس، زیاتر لە پاش 2003 لە شێوەی تەوژمێكی ڕێكخراودا لە مزگەوتەكانی پشتێنەی بەغدای پایتەخت و پارێزگا سوننەكان، ئازادانە كەوتوونەتە چالاكی و كاری بانگەوازكردن و دەركەوتن. لە 2007 دا ڕێبەرێكی دیاری ئەم ڕەوتە لە عێراق كە "شێخ محەمەد خوزەیر" كە بە "ئەبو مەناری عەلەمی" بەناوبانگە، شەڕكردنی دژی سوپای ئەمەریكا حەرامكردووە، چونكە بە گوتەی ئەو: "مەرجەكانی جیهادی تێدا نییە"، هەروەها جەختی لەوە كردووەتەوە كە "گوێڕایەڵیكردنی دەسەڵاتی زاڵبوو لە پێناو دوورخستنەوەی گۆبەن پێویستە"، بەوەش پاساوی هێناوەتەوە بۆ فەتواكەی كە تەقەكردن لە سوپای ئەمەریكا لە شارەكاندا؛ گیانی خەڵكی سڤیل دەخاتە بەر مەترسی. ئەم بۆچوونەی "ئەبو مەنار" كە خەڵكی قەزای عەلەمی سەر بە پارێزگای سەلاحەدینە، دەچێتە چوارچێوەی هەڵكردن لەگەڵ حوكمڕان و ڕەتكردنەوەی میكانیزمی چەكداری بۆ دروستكردنی گۆڕانكاری سیاسی لە كاتی لاوازی. هەروەها ئەم ڕێبەرە سەلەفییە هانی خەڵكی سوننەی داوە كە بچنە ڕیزەكانی سوپا و پۆلیسی عێراق و بایكۆتی سیاسی بشكێنن و بەشداری پرۆسەی سیاسی بكەن، كە لە سایەی دەسەڵاتی ئەمەریكییەكان و شیعە باڵادەستەكاندا كەوتبووە سەرپێ، لەمبارەیەشەوە كتێبێكی بڵاوكردووەتەوە كە بەڵگەی شەرعی بۆ بۆچوونەكەی لەبارەی بەشداریكردن لە جومگەكانی دەوڵەت دەهێنێتەوە (2004) بە ناونیشانی " دحر المثلب على جواز تولية المسلم على المسلم من كافر متغلب"، شێخێكی سعودییش بەناوی "موحسن ئەلعوبەیكان" كە ئەندامی دەستەی گەورە زانایانە، پێشەكی و پشتیوانی بۆ نووسیوە. كورت و پوختیش كتێبەكەی ڕابەرە سەلەفییە عێراقییەكە، جەخت لەوە دەكاتەوە، مامەڵەكردن لەگەڵ فرمانڕەواییكردنی دانراو لەلایەن كافرانەوە (ئەمەریكا) درووستە و دەڵێت "ئەوەم لە پێناو پاراستنی دەوڵەتدا كردووە". لە میانەی جێبەجێكردنی بۆچوونەكانیشیدا "ئەبو مەناری عەلەمی" خۆی پۆستی لە ئەوقافی سەلاحەدین وەرگرتووە، لە دەمی خۆپیشاندان و مانگرتنی پارێزگا سوننەكانیشدا دژی نوری مالیكی سەرۆكوەزیرانی پێشووتر (2012)، ناڕەزاییەتییەكانی ڕەتكردووەتەوە بەو پێیەی دژی "وەلی ئەمر"ی وڵاتە. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەم ڕێبەرە سەلەفییە دواتر پەیوەندی لەگەڵ "ڕەبیع مەدخەلی" دا تێكچووە و لە تۆمارێكی دەنگیدا لەلایەن "ڕەبیع مەدخەلی" یەوە بە "ئەهلی فیتنە و گۆبەن" تۆمەتباركراوە، هەروەها هۆشداری ئەوەشی داوە بە سەلەفییەكان كە دوای نەكەون، بەبێ ئەوەی وردەكاری زیاتر لە بارەی لادانەكانی لە ڕەوتەكە بخاتەڕوو لە كاتێكدا كە ناوبراو ساڵانێك نوێنەرایەتی بۆچوونەكانی ڕەوتەكەی مەدخەلی كردووە. "ئەبو مەنار" باس لەوە دەكات سەرەتا لە لایەن "ڕەبیع مەدخەلی" یەوە كراوە بە مەرجەعی سەلەفییەكان لە كاروباری عێراق، بەڵام دواتر بە تۆمەتی ئەوەی شوێنكەوتەی خەڵكی دیكەیە، "رەبیع مەدخەلی" هێرشی كردووەتە سەری. ئەوەشی دەردەكەوێت ناكۆكییەكەی هەردوولا زیاتر كەسێنی و ڕواڵەتییە، لە دوای ئەوەشی كە ڕاگەیەنرا "ئەبو مەنار" سەر بە ڕەوتی سەلەفییەتی تەقلیدی سعودییە و نێوانی لەگەڵ مەدخەلییەكان تێكچووە، پێگەكەی لە ناو مەدخەلییەكاندا لاوازبوو، ئەمەش دەرگای بۆ دەركەوتنی چەند كەسایەتییەكی دیكەی ئایینی كردەوە وەك ڕێبەری سەلەفی یەكێك لەوانەش لە ئێستادا شێخ "سەعد ئەلنایف"ـە لە ئەبوغرێبی پشتێنەی بەغدای پایتەخت. پاڵنەری بڕیاری قەدەغەكردنی مەدخەلی بەپێی هەندێك زانیاریی بەردەست هۆكاری سەرەكی كەوتنە تەقەی دەزگا ئەمنییەكانی عێراق، لە "سەلەفییە مەدخەلییەكان" سەرباری ڕێبازی كەنارگیریی و خۆگونجاندنیان لەگەڵ ڕەوشی سیاسی و قبوڵكردنی حوكمڕانان، پەیوەندی بە حیساباتی كارەكتەری سیاسی شیعی و لە پشت ئەویشەوە ئەجێندای ئێرانییەوە هەیە. بەپێی پێدراوە بەردەستەكان خواستی شیعەی دەسەڵات ئەوەیە لە ناوچەكانی چالاكی "سەلەفییە مەدخەلییەكان"دا گرووپێكی دیكەی سوننەی سەر بە تەریقەتی قادری؛ چالاكبن و جێگەیان بگرنەوە كە هاوپەیمان و نزیكی شیعەكانن. ئەم گرووپە دەروێشییە بنكەیان پارێزگای ئەنبار و فەلوجەیە و زیاتر لە پاش كەوتنی بەعس (2003) بە شێوەیەكی ڕێكخراو لە ناوچە سوننەكان دەركەوتوون . هەر بەپێی ئاماژە بەردەستەكان ئەم گرووپە دەروێشە كە ساڵانێكە لەگەڵ حەوزەی شیعەدا كاری هاوبەشیان هەیە، خێزانێك بەناوی "ئالوسی" سەروكارییان دەكەن و ئێستا "عەبدولقادر ئالوسی" كەسی یەكەمیانە، ئەنجوومەنێكیشیان بەناوی «مجلس علماء الرباط المحمدي» پێكهێناوە (2015)، بە ئاشكراش پشتیوانی لە گرووپە چەكدارە شیعەكان دەكەن. هەروەها لە گوتاری خۆیاندا دژی "بەنی ئومەیە"ن، ئەمەش بە دڵی شیعەكانی هێڵی ئێرانە و لە ئێستادا لە ڕێگای ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانییەوە كە لە دەستی ڕێكخراوی بەدری "هادی عامری" دایە پشتیوانی دەكرێن، بەتایبەت كە ئەم كۆمەڵە دەروێشییە لەگەڵ بە جەژنكردنی غەدیردا كۆكن و لارییان لەوە نییە "ئیمام عەلی" پێش بخەن بەسەر خەلیفەكانی دیكە بە پێچەوانەی باوەڕی سوننەكانەوە. ئەم گرووپە ڕكابەرەی سەلەفییە مەدخەلییەكان (الرباط المحمدي) لە كەناڵی فەرمی دەوڵەت (العراقیة) بەرنامەیەكیان پێدراوە بە ناونیشانی "وأنا من الحسین"، یەكێك لە شێخەكانیشیان كراوەتە ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای ئەوقاف و لەگەڵ فەرمانگەی "بەگژاچوونەوەی تیرۆر" ی سەر بە "حەشدی شەعبی" دا پرۆژەی هاوبەشیان هەیە و سەردانی هێزەكانی حەشد دەكەن و ستایشی كارەكانیان دەكەن، نەك هەر ئەوە بەڵكو لە پێشهات و چالاكییەكانی "بەرەی موقاوەمە"ی ئێرانیدا بەیاننامەی و پشتیوانییان هەیە. بەڵام ڕێبەری پێشووی مەدخەلییەكان و كەسایەتی دیاری سەلەفی عێراق، "ئەبو مەناری عەلەمی" ڕایەكی دیكەی هەیە و جەختدەكاتەوە كە بڕیارەكەی حكومەتی عێراق دژی "سەلەفییە میانڕەوەكان" نییە، چونكە "حكومەت عاقڵە و دەزانێت ئەبو مەنار لەگەڵ هێڵی حكومەتدایە". باس لەوەش دەكات حكومەت تەنیا "مەدخەلییەكان" بە ئامانج دەگرێت و لەمەشدا دەشێت زانیاری تایبەتی خۆی هەبێت یان بەهەڵەدا برابێت. باس لەوەش دەكات ئەم ڕەوتەی مەدخەلی "كاری سەرەكییان ڕەخنەگرتن و برینداركردنی خەڵكە و لەوەدا زیادەڕۆییانكردووە". ئەم لێدوانانەش لێكترازانی ئاشكرای سەلەفییەكانی عێراق دەردەخات و ڕەوتی مەدخەلییەكانیان بەرامبەر بڕیارەكەی حكومەت تەنیا دەكاتەوە. هەڵوێستی مەدخەلی و هێزە سوننەكان لە پاش دەرچوونی بڕیاری قەدەغەكردنیان، یەكێك لە شێخ و مامۆستا ئایینییە دەركەوتووەكانی "سەلەفی مەدخەلی" بەناوی "سەعد ئەلنایف" كە وتاربێژی مزگەوتی "المصطفی" ی ناوچەی "خان زاری" ی قەزای ئەبو غرێبە لە لێدوانێكدا، جەختی كردەوە: ئەوان نە "جامی" و نە "مەدخەلی"ن، بەڵكو شوێن سوننەت دەكەون و كەسی تر نا. لە ناوچەكانی دەوروبەری بەغدا و لە پارێزگای سەلاحەدینیش بەوە ناسراون دەرچوون لە فرمانی "وەلی ئەمر" ڕەتدەكەنەوە و بەرهەڵستی دەسەڵات ناكەن، ئەمەش وایكردووە ببنە ئامانجی تۆمەتباركردن بەوەی پەیوەندی دەرەكییان هەیە بە هەندێك ڕەوتەوە. ناوبراو جەختی لەوەش كردووەتەوە ئەوان لەگەڵ سیاسەتكردندا نین، سەر بە هیچ دەوڵەتێكیش نین و داوای پێداچوونەوە بەو بڕیارەدا دەكەن كە لە دژیان دەرچووە. بڕیارەكەی ئاسایشی نیشتمانی نەك تەنیا سەلەفییەكان، بەڵكو جێگەی سەرسوڕمانی هەندێك لایەنی دیكەیە، بەو پێیەی سەلەفییەكان بە مەدخەلییەكانیشەوە لەگەڵ دەوڵەتدا تەبا بوون، دژ بە ئەلقاعیدە و داعش وەستاونەتەوە و لەسەر ئەمەش دووچاری مەترسی و هەڕەشە بوونەتەوە. دووریش نییە جگە لە ؤاپۆرتی ئەمنی، ململانێی هەڵبژاردن لە پشت ئەم بڕیارەوە بێت بە تایبەت كە ڕەوتی مەدخەلی كاریگەرییان لەسەر هەندێك بنكەی جەماوەریی ناوچە سوننەكان هەیە، ئەو گرووپە سووننەشی دژ بەمانن (الرباط المحمدي) زیاتر لە هێزە شیعەكانی وەك رێكخراوی بەدر و بزووتنەوەی عەسایبەوە نزیكن. لەسەر ئاستی سیاسییش، ئەو لایەنەی بە ئاشكرا و بە زەقی پشتیوانی سەلەفییەكان دەكات، "هاوپەیمانی سیادەی" سوننەیە بە سەرۆكایەتی "خەمیس خەنجەر". ئەم بەرە سوننەیە كە لە جەمسەری قەتەر _ توركیاوە نزیكە لە ڕاگەیەنراوێكدا بڕیارەكەی ئاسایشی نیشتمانی عێراق بە "پێشێلكاریی مەترسیدار" لەسەر بنەماكانی ئازادی ڕادەربڕین و مەترسی بۆ سەر "فرەیی فیكری ئیسلامی" دەداتە قەڵەم لە عێراق. جەخت لەوەش دەكاتەوە بەرەنگاربوونەوەی ڕەوتە هزرییە عەقیدەییەكان بە بڕیاری ئەمنی ناكرێت، قەدەغەكردنیشیان هانیان دەدا بۆ توندڕەوی، هەروەها باس لەوە دەكات بڕیارەكە دەرگا دەكاتەوە بۆ بە ئامانجگرتنی ڕەوتی دیكەی عەقیدەیی لە داهاتوودا، ئەمەش درزی گەورە دەخاتە نێو متمانەی كۆمەڵگا و دەوڵەتەوە. هەر لەم میانەیەشدا "خەمیس خەنجەر"ی سەرۆكی هاوپەیمانییەكە ڕۆژی هەینی ڕابردوو (23ی ئایار) نوێژی جومعەی بردە مزگەوتی "سەلەفییە مەدخەلییەكان" لە خان زاریی ئەبو غرێب (المصطفی)، لە وتاری جومعەشدا، "شێخ سەعد ئەلنایف" ی مامۆستای ئایینی دەركەوتووی سەلەفییەكان پاش بەرگریكردن لە بۆچوونەكانیان و بیرهێنانەوەی هەڵوێستەكانیان بۆ پاراستنی بەرژەوەندی گشتی، ستایشی "خەمیس خەنجەر" ی كرد لە "پشتیوانیكردنی گوتاری میانڕەو". بەم پێیەش لە ئێستادا ڕەوتەكەی خەنجەر بووەتە دەمڕاستی سیاسی سەلەفییەكان بە تایبەت لە عێراقدا هەم هێزی سیاسی سوننی نزیك لە سعودیە نین و هەم ڕوون نییە ئاخۆ سعودیەی بن سەلەمان لەسەر سەلەفییەكان دێتەسەر هێڵ یاخود نا، بەتایبەت كە تێهەڵچوون لەگەڵ ئاڵۆزییەكانی عێراق ئاسان نییە، لە سعوددیەشدا چەند ساڵێكە كاركردن بۆ كاڵكردنەوەی سیمای ئایینی سەلەفیانەی دەوڵەت دەستیپێكردووە و هەندێك قۆناغیشی بڕیوە. چارەنوسی بڕیارەكە كۆتایی هەفتەی ڕابردوو، مامۆستای دەركەوتووی "سەلەفییە مەدخەلییەكان" "سەعد ئەلنایف" و كۆمەڵێكی تری هاوكار و هاوڕێی لەگەڵ "قاسم ئەعرەجی" ڕاوێژكاری ئاسایشی عێراقدا، دەركەوتن، بەپێی ڕاگەیانراوی پاش دیدارەكە هەردوولا باسیان لە "بتەوكردنی ئاسایشی میللی" و "ڕۆڵی زانایانی ئایینی لە پشتیوانیكردنی ئاسایش و ئۆقرەیی لە ڕێگای هاریكاریكردن لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان"دا كردووە، بەڵام هیچ ئاماژەیەك بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری قەدەغكردن یان چارەنووسی گشتاندنەكەی "ئاسایشی نیشتمانی" نەكراوە، كە وا دیارە تەنیا لە دەسەڵاتی "قاسم ئەعرەجی" دا نییە، بەوپێیەی لە ئاماژەكردنەكاندا گەڕێنراوەتەوە بۆ سەرۆكوەزیران و هێزە ئەمنییە عێراقییە جیاجیاكان و نوێنەرانی پارێزگا سوننەكان. لە لایەكی دیكەوە ماڵپەرێكی ئیماراتی لە زاری سەرچاوەیەكی ئەمنیی عێراقییەوە باسی لەوە كردووە: بڕیاری قەدەغەكردنی "سەلەفییە مەدخەلییەكان" لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی ئەمنی نێوخۆیی نەبووە، بەڵكە زادەی گوشاری سپای پاسدارانی ئێرانە لەسەر ڕاوێژكاریی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، مەبەستیشیان لەم بڕیارە لاوازكردنی ڕەوتی سەلەفی مەدخەلییە لە بەرژەوەندی گرووپێكی دیكەی سوننی نزیك لە هێڵی تاران. كۆبەند بڕیاری قەدەغەكردنی ڕەوتی "سەلەفی مەدخەلی" و ڕاگەیاندنی بەرەنگاربوونەوەی، لە ڕواڵەتدا پاساوەكەی ئەمنییە و پەیوەستكراوە بە پاراستنی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و ڕاپۆرتە ئەمنییەكان، بەڵام لە پشت پەردەوە بەشێكە لە دەستوەردانی زۆرینەی شیعەی باڵادەست لە نەخشەی ئایینی و مەزهەبی نێو كۆمەڵگا سوننییەكانی عێراق و شارۆچكەكانی پشتێنەی بەغدا، ئەمەش لە پێناو زاڵكردنی ئەوانەی لە بەرەی شیعییەوە نزیكن و لاوازكردنی ئەوانەی ڕیشەیان سعودییە. لە بڕیارەكەدا هیچ میكانیزمێك بۆ جێبەجێكردنی بەرەنگاربوونەوەی سەلەفییەكان دیارینەكراوە كە جگە لە پارێزگا سوننەكانی عێراق؛ لە هەرێمی كوردستانیش ئامادەییان هەیە و خاوەن مزگەوت و دامەزراوەی بانگخوازین. بەهۆی ئەم ناڕوونییەشەوە ئێستا پرسیاری سەرەكی ئەوەیە: ئاخۆ دەزگا ئەمنییەكانی عێراق بە گرتن و هەراسانكردنی ئەمنی بەرەنگاری سەلەفییە مەدخەلییەكان دەبنەوە یان گوشاركردن و بەرتەسككردنەوەی چالاكییە بانگخوازییەكانیان؟ لە پاش دیداری هەردوولا و گوشارەكانی نێو شەقامی سوننەش ئەگەرێك هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكە بە تایبەت كە عێراق لە ساڵی هەڵبژاردندایە و هەندێك لایەنی سیاسی سوننە، لەسەر هێڵن بۆ هاتنە دەنگ لەسەر سەلەفییەكان و كارنامەی سیاسی ڕەوتەكەش پاڵپشت و پشتیوانیانە لە بەرگریكردن لێیان.
درەو: یەكێتی بەڕەسمی داوای پۆستی سەرۆكی هەرێم و وەزیری ناوخۆ و سامانەسروشتییەكانی كردووەو لەبەرامبەر داواكارییەكانی پارتی كە لە كۆبوونەوەی پێشتر پشكەكانی خۆی خستبووە بەردەم یەكێتی و سەرۆكی هەرێم و وەزیری ناوخۆی بۆخۆی دیاری كردبوو. لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان وەفدی دانوستانكاری پارتی و یەكێتی یەكێتی لیستی پۆستەكانی لە كابینەی دەیەمی حكومەت رادەستی پارتی كرد: • پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان • پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان • پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت • پۆستی وەزیری ناوخۆ • پۆستی وەزیری سامانەسروشتییەكان • پۆستی وەزیری شارەوانی • پۆستی وەزیری تەندروستی • پۆستی وەزیری كشتوكاڵ واتا یەكێتی پێی باشە پارتی پۆستی سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی پەرلەمانی جێگری سەرۆكی هەرێمی لابێت و پۆستی سەرۆكی هەرێم و جێگرانی پەرلەمان و حكومەت لای یەكێتی بێت. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) پارتی لە كۆبوونەوەكەی دوكان لیستی پۆستەكانی لە كابینەی داهاتوو خستووەتەڕو: • پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان • پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان • پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان • پۆستی وەزی ناوخۆ • پۆستی وەزیری كارەبا • پۆستی وەزیری سامانەسروشتییەكان • پۆستی وەزیری پەروەردە • پۆستی وەزیری كشتوكاڵ • پۆستی وەزیری ئەوقاف پارتی پێی باشە یەكێتی پۆستەكانی (سەرۆكی پەرلەمان، جێگری سەرۆكی هەرێم، جێگری سەرۆكی حكومەت و هەشت وەزارەت وەربگرێت جگە لە وەزارەتەكان ناوخۆ، كارەبا، پەروەردەو تەندروستی) ئێستا پارتی و یەكێتی لیستی داواكارییەكانیان بۆ پۆستەكان خستووەتە بەردەستی یەكتر و لەمەودوا گفتوگۆی جدی لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان لە نێوانیاندا دەستپێدەكات. لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان (812 هەزارو 794 ) دەنگ و (39) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، یەكێتی (409 هەزارو 548 ) دەنگ و (23) كورسی بەدەستهێنا. پۆستە باڵاكانی هەرێمی كوردستان - سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان - جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان - سكرتێری پەرلەمانی كوردستان - سەرۆكی هەرێمی كوردستان - جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان - جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەرۆكی حكومەت - جێگری سەرۆكی حكومەت - وەزیری ناوخۆ - وەزیری داد - وەزیری پێشمەرگە - وەزیری دارایی - وەزیری تەندروستی - وەزیری پەروەردە - وەزیری ئاوەدانكردنەوە - وەزیری شارەوانی - وەزیری خوێندنی باڵا - وەزیری پلاندانان - وەزیری رۆشنبیری - وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی - وەزیری گواستنەوە - وەزیری ئەوقاف - وەزیری كارەبا - وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان - وەزیری هەرێم بۆكاروباری پێكهاتەكان - سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران - سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران
درەو: (ئاییندەی ژینگە) گۆشەیەكی هەفتانیە مەعروف مەجید سەرۆكی رێكخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە رۆژانی شەممە بۆ (درەو) دەینوسێت ساڵانە لەگەڵ نزیک بوونەوەی وەرزی هاوین و بەرەو ووشکبوونی پووش و پاوەن لە هەرێمی کوردستان، مەترسییەکانی زیادبوونی ئاگر کەوتنەوە ڕوو لە زیاد بوون دەکەن، زۆرینەی کەوتنەوەی ئاگرەکان و هۆکارەکانی ۱۰۰% مرۆڤەکانن نەک ڕووداوە سرووشتییەکان. دەبێ هەمووان ئەو ڕاستییە بزانین کە ئاگر تەنیا زیان بە دار و درەخت ناگەیەنێت، بەڵکو کاریگەری قووڵی لەسەر هەموو سیستەمی ژینگەیی و ژیانی مرۆڤایەتی هەیە. یاسای تایبەت بە مەترسییەکانی ئاگر کەوتنەوە لە هەرێمی کوردستان. لە هەرێمی کوردستان یاسایەک بوونی هەیە تایبەت بە ئاگر کەوتنەوە کە بەم شێوەیە باس لە سزاکانی دەکات،سزاکان بەسەر لایەنی بەرپرس لە ئاگرکەوتنەوە لەناو دارستانەکان بەپێی یاسای دارستان (ماددەی ۲۱) - ئەو کەسە سزا دەدرێت بە بەندکردن بۆ ماوەیەک لە ٦ مانگ کەمتر نەبێت وە پێ بژاردنێک کە لە (٥۰۰۰۰۰۰) دینار کەمتر نەبێت ھەر کەسێک ھەستێت بە ئەنقەست ببێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە یان ئاگر تێبەردانی دارستان. - سزا دەدرێت بە بەندکردن بۆ ماوەیەک لە ۳ مانگ زیاتر نەبێت وە بە پێبژاردنێک کە لە (٥۰۰۰۰۰ پێنج سەد ھەزار دینار) کەمتر نەبێت ھەر کەسێک بەھەڵەکردن یان سەرپێچیکردنی حوکمەکانی ئەم بڕیارەیان ڕێنمایی بە دەرکراوەکان ببێتە ھۆی ڕوودانی ئاگرکەوتنەوە لەناو دارستانەکان. ڕێنمایییەکانی خۆپاراستن لە ئاگرکەوتنەوە و ڕێگە لێگرتنی لە ناو دارستانەکان. ڕێنمایییەکانی خۆپاراستن لە ئاگرکەوتنەوە و ڕێگە لێگرتنی لە ناو دارستانەکان بەپێی یاسای دارستان ژمارە (۱۰) ی ساڵی ۲۰۱۳ (ماددەی بیستەم) - ئاگرکردنەوە لە نێو سنووری دارستانەکان و دەوروبەری بە درێژایی ۲۰۰ مەتر لە سنوورەکانییەوە قەدەغەیە. - نابێت ھیچ جۆرە دەزگایەکی پیشەسازی یان دامەزراوەیەک کە ئاگر یان ماددەی تیشکدەر بە کاردێنێت لە ناو دارستانەکان یان کەمتر لە ٥۰۰ مەتر لە سنووری دارستانەکان دروست بکرێت. ئامارەکانی سوتانی دارستان و پاوان. بە پێی ئامارێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم، هەرێمی کوردستان خاوەنی، (۲ ملیۆن و ٥۰۰ هەزار )دارستانی سرووشتییە، هەروەها خاوەنی،(۳٥٤۹۰ دۆنم)، دارستانی دەستکردە. تەنها لە ماوەی دەساڵی ڕابردوودا، ۲۰۱۰ تاوەکو ۲۰۲۰، (ملیوێنێک و ۲٦٥ هەزار و ۲٥٨) دۆنم دارستان سووتاون.. بە پێی ئەو ئامارە نزیکەی ٥۰%ی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان سوتان. ئەمە لە کاتێکدایە، ساڵی حەفتاکان واتە پەنجا ساڵ پش ئێستا باشووری کوردستان، خاوەنی نزیکەی (٥ ملیۆن) دۆنم دارستانی سرووشتی و دەستکرد بووە. بەپێی ئامارێک کە دەست کەوتووە، لە ساڵی(٢٠١٢-٢٠٢٢)، ڕێژەی ئاگر کەوتنەوەکان لە بەشێک لە شار و ئیدارە سەربەخۆکانی باشوری کوردستان بەم شێوەیە بووە، سوتانی دارستان و پاوەنەکان بە پێی دۆنم. 1. هەولێر ( ۷۱۰ ۲۹۷٫)دۆنم 2. دهۆک ( ۱۲٨٫۰۰۱) دۆنم. 3. سلێمانی (٥۷۲٫٦۲۲) دۆنم. 4. هەڵەبجە ( ٥٦٫۱۷۳) دۆنم 5. گەرمیان (۷٥٫۱۳٨) دۆنم. کۆی گشتی(١٫١٢٩٫٢٨٤)دۆنم. زۆرترین ئەو درەختانەی لە ساڵانی ۲۰۱۰ تاوەکو ۲۰۲۰ سووتاون و سووتێندراون بریتیبوون لە مازوو، بەڕوو، قەزوان، سنەوبەر، کالیپتۆس و گۆیز، رێژەی ۳۰% بۆ ۳٥%ی ئەو سووتانەی هەبووە، بەهۆی ئەو بۆردوومان و تۆپبارانەوە بووە، وڵاتانی هاوسنورەوە بووە، چەند هۆکارێکی تریش بوونەتە زیادبوونی ئاگر کەوتنەوەکان لە باشووری کوردستان، لەوانە، کاتی گەشت و سەیرانی هاوڵاتیان، ئەویش بەهۆی جێهێشتنی ئاگر لە دوای خۆیان، ئەو ئاگرانە بۆ ئامادەکردنی خۆراک بێت یا، بەشێک لە پاشماوەی خەڵوزی نێرگەلەکانن، بەشێکی تری هۆکاری ئاگرەکان، فڕێدانی پاشماوەی جگەرەکان بەتایبەتی لەلایەن شۆفێران و سەرنشینانەوە بەتایبەتی لە کاتی هاتووچۆ لە نێوان شارەکان و نزیک لە پوشک و پاوەن و دارستانەکان و پاشماوە شووشەییەکان و هتد. ئەرکی حکومەت لە کەمکردنەوەی ئەم مەترسییە. پێویستە، لە وەرزی بەهار و نزیک بوونەوە لە ووشک بوونی پاوان و گژ و گیا، هەوڵی ئاگر بڕ بدرێت لەو ناوچانەی مەترسی ئاگر کەوتنەوەیان لێدەکرێت، کە ساڵانە ئەو کارە دەکرێ بەڵام نەیتوانیوە مەترسییەکان کەمبکاتەوە، باشترین ڕێگە ئاگر بڕی نێوان دارستانەکانە بە ئامێرەکان بۆ ئەوەی لە کاتی ڕوودانی ئاگر کەوتنەوە کەمترین زیانی هەبێت. ئەگەر ئاگر بڕی تەواو نەکرا، دەکرێ پشت بە مادە قڕکەرەکان ببەستێت، هەر چەندە تا دەکرێ ئەم کارە ئەنجام نەدرێت. وەزارەتی کشتوکاڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێنمایی لە ناوچە گەشتیاری و دارستانەکان دابنێن، ئەویش بۆ هۆشیاری هاوڵاتیان، پێویستە ژمارەی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی نزیکترین شوێنی لەسەر بنوسرێت، یا پێویسته ژمارەی خزمەتگوزاری(۱۱٥) بنووسرێت کە دەکرێ لە هەر شوێنێک ئاگر هەبوو ڕاستەوخۆ پەیوەندی بکەن. ئاگر کەوتنەوە و مەترسیی و کاریگەرییەکانی لەسەر ژینگە. لەم ڕۆژگارەی ئەمڕۆماندا چی لەسەر ئاسەی جیهانی و چی لەسەر ئاستی ناوخۆیی ئاگر مەترسییەکی گەورەیە بۆ ژینگە و سرووشت، بە یەکێک لە مەترسییە گەورەکان دادەنرێت لەسەر نەمامی لەوەڕگاان، کەمبوونەوەی دارستانە دەستکرد و خۆڕوسکەکان، کە لە ماوەی ڕابردوودا کاریگەری گەورەی لەسەر ژینگەی باشووری کوردستان درووست کردووە بە پێی ئامارە فەڕمییەکان. زیانگەیاندن بە دارستان و ڕوەکەکان. -لەناوچوونی دارستانەکان، ئاگر دەتوانێت دارستانەکان بە تەواوەتی لەناوببات، کە ئەمەش کاریگەری لەسەر گۆڕان و تێکدانی کەشوهەوا دەبێت. - کەمبوونەوەی ڕووەک، لەناوچوونی ڕوەک و درەختەکان دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئۆکسجین و زیانگەیاندن بە سیستەمی ژینگەیی. زیانگەیاندن بە ئاژەڵ و گیانلەبەران، ئاگر دەتوانێت ببێتە هۆی لەناو بردن و مردنی ئاژەڵەکان یان لەناوچوونی شوێنی ژیانیان، ئەمەش دەبێتە هۆکاری تێکدانی سیستەمی بایۆلۆجییان. کەمبوونەوەی خاک و تێکچوونی، گەرمی ئاگر دەتوانێت پێکهاتەی خاک بگۆڕێت و ببێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمێتی خاک. گۆڕانی کەشوهەوا و زیادبوونی گازە زیانبەخشەکان، زیادبوونی CO₂ ئاگر گازی کاربۆن دایۆکسید (CO₂) دەردەکات، کە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی گەرمبوونی زەوی. - دەردانی گازە ژەهراوەکان، ئاگر دەتوانێت گازە ژەهراوەکان وەک کاربۆن مۆنۆکساید (CO) و نایترۆجین ئۆکساید (NOx) بڵاو بکاتەوە. کاریگەری لەسەر سەرچاوەکانی ئاو، خۆڵ و خاشاکی سووتاو دەتوانێت بچێتە ناو سەرچاوەکانی ئاو و پیسی بکات. کاریگەری لەسەر مرۆڤ، کەمبوونەوەی سەرچاوە سروشتییەکان، ئاگر دەتوانێت سەرچاوەکانی وەک دار و خۆڵ لەناوببات، کە ئەمەش کاریگەری ئابووری و کۆمەڵایەتی هەیە، دووکەڵ و پاشماوەی ئاگر دەتوانن کێشە بۆ هەناسە و دڵ و سوڕی خوێن دروست بکەن. ئەوەی بە کورتی لەم شیکارییەدا باسی لێوەکراوە، مەترسییەکانی ئاگر کەوتنەوەیە کە هۆکاری سەرەکی ئەو کارەش مرۆڤە، دەکرێ بە هەماهەنگی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە وەرزی هاوین ئەو مەترسیانە کەم بکرێتەوە.
راپۆرتی: درەو بۆ هەڵبژاردنی 11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، لەكۆی 329 كورسی پەرلەمانی عێراق (46) كورسی لە سنوری هەرێمی كوردستاندایەو لەم ژمارەیەش (9) كورسییان ژنان دەیبەن، بەپێی سیستەمی هەڵبژاردن دەنگی دەنگدەران چۆن دەكرێت بە كورسیی پەرلەمان؟ ئەگەر كورسییەكی پەرلەمان بە هەر هۆكارێك چۆڵ بوو، چۆن شوێنگرەوەی بۆ دادەنرێت. وردەكاریی زیاتر لەم راپۆرتەدایە. هەڵبژاردن و دابەشبوونی كورسییەكان ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە بڕیارە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، بەردەوامە. كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان (سیستەمی دابەشكردنی كورسییەكان و جێگۆڕكێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران)ی بڵاوكردەوە، كە رۆژی 12ی ئایاری ئەمساڵ (واتا دوێنێ) دەرچووە. بەگوێرەی ئەم سیستەمە، هەر پارێزگایەكی عێراق كراوە بە یەك (بازنە)ی هەڵبژاردن و كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە (329) كورسییە، بەمشێوەیە دابەشكراوە بەسەر بازنەكاندا دابەشكراوە. هەڵەبجە كە بەمدواییە بە فەرمی لە پەرلەمانی عێراقەوە وەكو پارێزگا پەسەندكرا، هێشتا لەچوارچێوەی پارێزگای سلێمانیدا مامەڵەی لەگەڵ كراوەو بۆ هەڵبژاردنی 11ی تشرینی دووەم جیانەكراوەتەوە. بەپێی ئەم سیستەمە لە كۆی 329 كورسی پەرلەمانی عێراق بەگشتیی (46) كورسی بەر پارێزگاكانی هەرێم كەوتووە كە بەمشێوەیە دابەشبووە بەسەر پارێزگاكاندا. كۆتای پێكهاتەكان سیستەمی هەڵبژاردن لەكۆی 329 كورسی پەرلەمان (9) كورسی بەشێوەی "كۆتا" بۆ پێكهاتەكان تەرخانكردووە، كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان بەمشێوەیە دابەشبووە: بەپێی سیستەمی هەڵبژاردن، لە بابەتی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكاندا دەبێت ئەم خاڵانە لەبەرچاوبگیرێن: - ئەگەر هاتوو هەر یەكێك لەو كاندیدانەی كە سەربە پێكهاتەكانن، كورسی گشتییان بردەوە، ئەمە كاریگەریی لەسەر كورسی تەرخانكراو بۆ ئەو پێكهاتانە نابێت (واتا خەڵكی سەربە پێكهاتەكان كورسی گشتیی ببەن، لەسەر حسابی كۆتا ئەژمار ناكرێن). - ناوی كاندید بۆ كورسی پێكهاتە لە هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن كە كورسی پێكهاتەكانی بۆ تەرخانكراوە، بەگوێرەی ئەو دەنگەی كە بەدەستیهێناوە لە زۆرەوە بۆ كەم ریزبەند دەكرێتەوە. - براوەی كورسی پێكهاتە ئەو كەسە دەبێت كە زۆرترین دەنگی بازنە یاخود ناوچەی هەڵبژاردنی بەدەستهێناوە. - ئەگەر كاندیدێك یان زیاتری پێكهاتەكان ژمارەی دەنگەكانیان یەكسان بوو، ئەوا بە ئامادەبوونی خۆیان یاخود نوێنەرەكانیان، بۆ دیاریكردنی براوەی كورسییەكە، كۆمسیۆن تیروپشك لە نێوانیاندا دەكات. "كۆتا"ی ژنان چۆن رێكخراوە ؟ بەپێی سیستەمی هەڵبژاردن، مەرجە لە هەر بازنەیەكی هەڵبژاردندا، رێژەی كورسی ژنان لەرێژەی 25%ی تێكڕای (كورسییە گشتییەكان) كەمتر نەبێت (واتا دەرچوونی ژنان لە كورسی كۆتای پێكهاتەكان لەسەر پشكی ژنان ئەژمار ناكرێت). ئەگەر لە هەر بازنەیەكدا، بەگوێرەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و لەسەر كورسییە گشتییەكان، ژنان لە لیستی كراوە یان لیستە تاكەكەسییەكان بەدەنگی خۆیان سەركەوتبن و "كۆتا"ی ژنانیان تەواوكردبێت، پرۆسەی گۆڕین (جێگۆڕكێ) ئەنجام نادرێت (مەبەست لە گۆڕینی دورخستنەوەی كاندیدی براوەی پیاوانە لە بازنەكانی هەڵبژاردن و دانانی ژنانە لە شوێنەكانیان بەمەبەستی پڕكردنەوەی رێژەی 25%ی كورسییەكانی هەر بازنەیەك بە ژنان). خۆ ئەگەر بەگوێرەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، كۆتای ژنان بەدی نەهاتبوو، كاندیدێك یان زیاتر لە كاندیدە پیاوە براوەكان لە هەمان لیستی كراوە لادەبرێت و ژنێك یان زیاتر لە هەمان لیست لە شوێنەكەی دادەنرێت كە لە هەموو ژنەكانی تری لیستەكە دەنگی زیاتری هێنابوو، بەمشێوەیە: 1- بۆ دیاریكردنی پشكی هەر لیستێك لە كۆتای ژنان، ئەو كورسییانەی كە هەر لیستێك بەدەستیهێناوە دابەش دەكرێت بەسەر (4)دا. 2- ئەگەر رێژەی 25%ی كۆتای ژنان بەدی نەهات، ئەوا ژمارەی كورسی هەر لستێكی كراوە دابەشدەكرێت بەسەر (3)دا. 3- خۆ ئەگەر بە هیچ یەكێك لە دوو هەنگاوەكەی پێشووش هەر "كۆتای ژنان" بەدی نەهات، ئەوان پشت بە ئەنجامی هەنگاوی ژمارە (2)ی سەرەوە دەبەسترێت و؛ كورسییەك بۆ ژنان تەرخاندەكرێت لە كورسی ئەو لیستە كراوانەی كە دوو كورسییان بەدەستهێناوە، ئەمەش دوای رێكخستنەوەی لە كەمەوە بۆ زۆر بەگوێرەی ئەو دەنگانەی كە لیستەكە بەدەستیهێناوە، ئەو كاندیدە پیاوەی كە كورسی دووەمی لە لیستی كراوەدا بردوەتەوە، لادەبرێت و ژنێك لە هەمان لیست لە شوێنەكەی دادەنرێت كە زۆرترین دەنگی هێنابێت. ئیتر بەم شێوەیە بۆ هەموو ئەو لیستانەی تریش كە دوو كورسییان بەدەستهێناوە تا ئەوكاتەی ژمارەی داواكراو بۆ بەدیهێنانی "كۆتا"ی ژنان بەدی دەهێنرێت. 4- خۆ بە هیچ یەكێك لەو هەنگاوانەی سەرەوە هەر "كۆتا"ی ژنان بەدی نەهات، ئیتر دەبێت پشت بە دەرەنجامی بڕگەكانی (2و 3)ی سەرەوە ببەسترێت بۆ تەواوكردنی رێژەی ژنان، ئەمەش لەرێگەی تەرخانكردنی كورسی بۆ ژنان لەو لیستە كراوانەی كە تەنیا (1) كورسییان بردوەتەوە، ئەمەش دوای رێكخستنەوە لە كەمترینەوە بۆ زۆرترین لەسەر بنەمای دەنگی لیستەكە بۆ دانانی ژنێك و بەدیهێنانی "كۆتا". 5- دوو لیست كە هەردووكیان (2) كورسییان بردبێتەوە یاخود (1) كورسی، ئەگەر هاتوو ژمارەی دەنگەكانیان یەكسان بوو، ئەوا بۆ دیاریكردنی "كۆتا"ی ژنان لەنێوانیاندا تیروپشك دەكرێت لەنێوانیاندا بۆ ئەوەی دیاری بكرێت كام لیستەكەیان دەبێت "كۆتا"ی ژنان پڕبكاتەوە. 6- كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان سیستەمی "كۆتا"ی ژنان نایگرێتەوە، واتا ئەو ژنانەی كە كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان دەبنەوە لەسەر "كۆتا"ی ژنان بۆ كورسییە گشتییەكان ئەژمار ناكرێن كە بۆ هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن لانی كەم 25%ی كورسییەكانە. بەمجۆرە، لەكۆی 329 كورسی پەرلەمانی عێراق، دەبێت 83 كورسییان ژنان پڕی بكەنەوە، لەم ژمارەیە هەرێمی كوردستان (12) پەرلەمانتاری ژنی بەركەوتووە، كە بەمشێوەیە دابەشبووە بەسەر پارێزگاكانی هەرێمدا: كورسییە بەتاڵەكان چۆن پڕدەكرێنەوە ؟ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، لەچوارچێوەی ماددەیەكداو بە (5) بڕگە رێوشوێنی پڕكردنەوەی كورسییە بەتاڵەكانی لە پەرلەمانی عێراق بەمشێوەیە دیاریكردووە: • ئەگەر بە هەر هۆكارێك، لەچوارچێوەی لیستی كراوەدا كورسییەك چۆڵ بوو، ئەوا ئەو كاندیدە دۆڕاوەی كە لە هەمان لیست و بازنەی هەڵبژاردن زۆرترین دەنگی هێناوە، شوێنەكەی پڕدەكاتەوە. • ئەگەر بە هەر هۆكارێك، لەچوارچێوەی لیستی تاكەكەسیدا (ئەو لیستەی كە لە یەك كاندید پێكدێت) كورسییەك چۆڵ بوو، ئەوا كورسییەكە دەدرێت بە كاندیدی حزب یان رێكخراوێكی سیاسی كە زۆرترین دەنگی دەنگی هێناوەو كورسی نەبردوەتەوە. • ئەگەر بە هەر هۆكارێك كورسییەكی ئەنجومەنی نوێنەران چۆڵ بوو، كە لەچوارچێوەی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان بوو، كورسییەكە تەرخان دەكرێت بۆ كاندیدێكی تر لە هەمان پێكهاتەو بازنەی هەڵبژاردن كە زۆرترین دەنگی هێناوەو كورسی نەبردوەتەوە. • ئەگەر كورسی "كۆتا"ی ژنان چۆڵ بوو، مەرجە ئەو ژنەی كە شوێنی دەگرێتەوە لە هەمان لیستی كراوەی هەڵبژاردن بێت. ئەم دەقە جێبەجێ نابێت بەسەر كورسی چۆڵ بوو لەچوارچێوەی كورسی تەرخانكراو بۆ "كۆتا"ی پێكهاتەكان. • ئەگەر هاتوو كورسی چۆڵ بوو تایبەت بوو بە ژنێكی براوە لەچوارچێوەی لیستی تاكەكەسیی، كورسییەكەی تەرخان دەكرێت بۆ ژنێك لە حزب یان رێكخراوێكی سیاسی كە زۆرترین دەنگی هێنابێت بەڵام كورسی پەرلەمانی نەبردبێتەوە. چۆن دەنگ دەكرێت بە كورسیی؟ بەگوێرەی سیستەمەكەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، بۆ كورسییە گشتییەكان، دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەرهێنانی ژمارەی كورسی هەر لیستێك (كراوە یان تاكەكەسیی)، بەگوێرەی ئەم هەنگاوانە دەبێت: • كۆكردنەوەی تێكڕای دەنگی دروستی هەموو لیستەكان (كراوە یان تاكەكەسیی)، لەچوارچێوەی یەك بازنەی هەڵبژاردن. • رێكخستنەوەی ریزبەندی لیستە كراوەو تاكەكەسییەكان لە بازنەی هەڵبژاردنەكەدا بەگوێرەی تێكڕای ئەو دەنگانەی بەدەستیان هێناوە، لە زۆرەوە بۆ كەم. • تێكڕای ئەو دەنگە دروستانەی كە لیستە كراوەو تاكەكەسییەكان بەدەستیان هێناوە، دابەشدەكرێت بەسەر ژمارە تاكەكانی (1.7، 3، 5، 7، 9، ... هتد)و ژمارەی كورسییە گشتییەكان لەو بازنەیەدا، تا گەیشتن بە بەرزترین ئەنجامی دابەشبوون؛ كە هاوتابێت لەگەڵ ژمارەی كورسی تەرخانكراو بۆ بازنەی هەڵبژاردن. • كورسی تەرخاندەكرێت بۆ ئەو لیستەی كە بەرزترین ئەنجامی دابەشكردنی بەدەستهێناوە، كورسی دووەمیش بۆ ئەو لیستە دەبێت كە دووەم بەرزترین ئەنجامی دابەشكردنی بەدەستهێناوە، ئیتر بەمشێوەیە هەموو كورسییەكانی بازنەكە دابەشدەكرێت. • ئەگەر دوو لیست یان زیاتر هەمان ئەنجامی دابەشكردنیان بەدەستهێنا بوو بۆ ئەوەی كۆتا كورسی بازنەی هەڵبژاردن ببەن، ئەوا بە ئامادەبوونی نوێنەرەكانیان تیروپشك بۆ ئەو لیستانە دەكرێت. سیستەمەكەی كۆمسیۆن، بەگوێرەی ئەم هەنگاوانە، كورسییە گشتییەكانی پەرلەمانی عێراق بەسەر كاندیدەكاندا دابەشدەكات: • ناوی كاندیدەكان لەناو لیستی كراوەدا، سەرلەنوێ لەسەر بنەمای دەنگەكانیان لە زۆرەوە بۆ كەم رێزبەند دەكرێتەوە. • بەگوێرەی ئەو بڕگەی سەرەوە، ئەو كورسییانەی كە هەر لیستێك بەدەستی هێناوە دابەش دەكرێت بەسەر كاندیدەكانیدا. • ئەگەر كاندیدێك یان زیاتر لە لیستێكی هەڵبژاردندا دەنگەكانیان یەكسان بوو، لەچوارچێوەی ناوچەی هەڵبژاردنەكەدا لە ریزبەندی كۆتاییدا بوون، ئەوا كۆمسیۆن بە ئامادەبوونی خۆیان یاخود نوێنەرەكانیان، تیروپشك بۆ ئەو دوو كاندیدە دەكات بۆ دیاریكردنی براوەی كورسییەكە.
“پێشنیارە پڕۆژەیەک بۆ دابینکردنى کارەباى (٢٤ کاتژمێر)ى بەردەوام بۆ هاووڵاتیان بەبێ بارگرانى لەسەر بژێوى ژیانیان” ئامادەکردنى: عومەر عەبدوڵڵا فەتاح (عومەر گوڵپى) ئەندامى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان ٢٠٢٥ پێشەکى لە ڕوانگەى پەرۆشیمان بۆ هاووڵاتیانى کوردستان و بایەخى زۆرى وزەى کارەبا وەک سامانێکى نیشتیمانى بۆ ژیانى ڕۆژانەى خەڵک، پاش ڕاوێژ بە کەسانى شارەزا، ئەم پڕۆژە پێشنیارە لە بوارى بەڕێوەبردنى خزمەتگوزاریى کارەبا دەخەینە بەردەست ڕایگشتى لەلایەک و وەزارەتى کارەبا لەلایەکى ترەوە کە بەرپرسیارى سەرەکى خزمەتگوزاریى کارەبایە لە هەرێمى کوردستان. دەکرێت ئەم پڕۆژەیە کە پێشنیارەکانى لە چوارچێوەى لایەنى بەڕێوەبردنى وزەى کارەبایە لە ڕووانگەى دادگەریی کۆمەڵایەتیەوە، لە پاڵ پڕۆژەى ترى گونجاودا، ببێتە هۆى باشترکردنى سیستمى بەڕێوەبردنى کارەبا لە کوردستاندا بەشێوەیەکى گشتى، بە هیواى ئەوەى لە ئایندەیەکى نزیکداو پاش جێبەجێکردنى پێشنیارەکان، هەرێمى کوردستان ببێتە خاوەنى کارەباى نیشتیمانى ٢٤ کاتژمێریى بەجۆرێک کە هاووڵاتى ئاسودە بێت بەوەى بووەتە خاوەنى خزمەتگوزارییەکى بنەڕەتى بەبێ بارگرانى لەسەر بژێوى ژیانى، لە هەمانکاتدا خەڵک و وڵات و هەرێمەکەشمان دوور بێت لە بەزایەدانى ئەم سامانە نیشتیمانییە گرنگە کە بە یەکێک لە کۆڵەکەکانى ژێرخانى ئابورى هەر وڵاتێک ئەژمار دەکرێت، بەجۆرێک هیچ گەل و وڵاتێک بەبێ دابینکردن و جێگیکردنى کۆڵەکەکانى ژێرخانى ئابورى کە یەکێک لەکۆڵەکە سەرەکییەکانیان کارەبایە، ناتوانێت هەنگاو بۆ پێشەوە، بەرەو خۆشگوزەرانى و پێشکەوتن بهاوێت. عومەر عەبدڵڵا فەتاح ئەندامى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان ١٢/٥/٢٠٢٥ - سلێمانى بەشى یەکەم ئامانجەکانى پڕۆژە ئەم پڕۆژەیە هەوڵدەدات ئەم ئامانجانەى خوارەوە بۆ هاووڵاتیان و دامەزراوەکان بهێنێتە دى: 1. دابین کردنى کارەباى بەردەوام (٢٤ کاتژمێرى) بۆ هەموو خێزان و هاوبەشێک لە هەرێمى کوردستان. 2. ڕەچاوکردنى بژێوى ژیانى هاووڵاتیان لە دەستنیشانکردنى نرخى بەکارهێنانى کارەبا بەجۆرێک نرخى بەکارهێنانى کارەبا نەبێتە بارگرانى بۆ ژیانى هاووڵاتیان و کارەبا بۆ هەمووان بێت نەوەک تەنها گروپێک لە خەڵک. 3. ڕێگریکردن لە بە زایەدان و زیادەڕەوى لە بەکارهێنان و پاراستنى وزەى کارەبا وەک ساماتێکى نیشتیمانى گرنگ. 4. ڕووکردنە وزەى پاک و پارێزگاریى لە ژینگەى کوردستان. بەشى دووەم شەش ڕاستى لەبارەى وزەى کارەباوە لە کوردستان یەک/ کوردستان خاوەنى ژێرخانێکى گەورەى وزەیە لە نەوت و غاز، نەوت و غازیش سامانێکى نیشتیمانیەو پێویستە بە باشترین شێوە بۆ بەرژەوەندى هاووڵاتیان و بەرزکردنەوەى ئاستى خۆشگوزەرانیان وەبەرهێنانیان تێدا بکرێت. دوو/ نەوت و غازى هەرێمى کوردستان، موڵکى خەڵکى کوردستانە، بۆ هیچ کەس و لایەن و وەزارەت و کابینەى حکومەتێک نییە بەبێ ویست و دەسەڵاتى گەل و لە ڕێگەى یاساوە (لە پەرلەمان) دەست بۆ بەکارهێنانیان ببات. سێ/ نزیکەى ڕێژەى (٩٥%)ى وزەى کارەبا لە کوردستان لە ڕێگەى (غاز)ەوە بەرهەمدەهێنرێت، ئەو غازەش موڵکى خەڵکى کوردستانە و خەڵک مافى خۆیەتى سودمەندى سەرەکى بەکارهێنان و بەرهەمهێنانى غاز بێت چ بۆ وزەى کارەبا یان بۆ بەکارهێنانى تر کە بڕى یەدەگى غاز لە کوردستان بە (٢٥ ترلیۆن پێ سێجا) خەمڵێنراوە. چوار/ لە ئێستەدا هەرێمى کوردستان بە نزیکەیى (٣,٧٠٠ مێگاوات سەعات) کارەبا بەرهەمدەهێنێت، لەو بڕەیە نزیکەى (٣,٠٠٠ مێگاوات سەعات)ى بۆ ناوخۆى هەرێم و نزیکەى (٧٠٠ مێگاوات سەعات)ى بۆ شارەکانى ناوەڕاست و خوارووى عێراق دەفرۆشێت. پێنج/ کۆمپانیاکانى دەرهێنانى غاز لە قۆناغى پەرەپێداندانى کێڵگەکاندان، بەتایبەت کێڵگەى غازى چەمچەماڵ کە لەلایەن کۆمپانیاى دانەغاز وەبەرهێنانى تێدا دەکرێت، بەجۆرێک لە ئێستەدا (٥٥٠ ملیۆن پێ سێجاى ڕۆژانە) غاز بەرهەمدەهێنن و لە بەرنامەیاندا هەیە تا سەرەتاى ساڵى ئایندە (٢٠٢٦) تواناکانیان بگەیەننە (٨٥٠ ملیۆن پێ سێجاى ڕۆژانە)، ئەو بڕە غازەش پێویستى وێستگەکانى سوتەمەنى بە تەواوەتى دابین دەکات. شەش/ لە ئێستەدا ژێرخانى بەرهەمهێنانى کارەبا لە کوردستان لە ئاستى پێداویستى وخواستى تەواوەتى کوردستاندایە بۆ وزەى کارەبا، بەتایبەت وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا تواناى دابینکردنى پێداویستى و خواستى هاوبەشانى کارەبایان هەیە کە نزیکەى (٦,٠٠٠ مێگا وات سەعات کارەبایە) ئەگەر غازى پێویستیان بۆ دابین بکرێت، تەنانەت چاوەڕووان دەکرێت (٢,٠٠٠ مێگا وات سەعات) زیاتر لە پێداویستى ئێستەى کوردستان وزەى کارەبا بەرهەم بهێنن. بەشى سێیەم چۆن نرخى کارەبا دەستنیشان بکرێت؟ یەک/ لەبەرئەوەى وزەى کارەبا، پێداویستى سەرەکى و بنەڕەتى ژیانى هاووڵاتیانەو بەهۆى ئەو گۆڕانکارییە جۆراو جۆرانەى بەسەر ژیانکردنى هاووڵاتیاندا هاتووە لە سەد ساڵى ڕابردوودا، هیچ کەس و خێزانێک نییە بتوانێت بەبێ کارەبا ژیانێکى ئاسایى و شایستە بژى، بۆیە هەر هاووڵاتیەک، لە هەر شوێنێکى دونیا، پێویستى بۆ وزەى کارەبا بووەتە پێداویستیەکى سەرەکى ژیانى، بەڵام بە ئاستى جیاواز، ئەوەش بە کاریگەریى ژینگەى کۆمەڵایەتى و دۆخى ئابورى و بەردەست بوون و نەبوونى سەرچاوەکانى ترى وزە بۆ ژیانکردن و شێوازى ژیانى هەر گەل و کۆمەڵگەیەک. بەهۆى شێوازى ژیان لە سى ساڵى ڕابردوودا، هەروەها بەردەست نەبوونى شایستەو گونجاوى سەرچاوەکانى ترى وزە وەک (نەوت، غاز، ... ) و سروشتى ئەو ئامێرانەى بۆ فێنککردنەوەو گەرمکردنەوەو ئاو گەرم کردن هاووڵاتیان پشتیان پێدەبەستن، کارەبا بووەتە پێداویستیەکى سەرەکى بەجۆرێک کە هەر جۆرە دەستبردنێک بۆ نرخى کارەبا بەبێ تێگەیشتن لە شێوازى ژیان و پێداویستییەکانى خەڵک و ئاستى بژێوى، کێشەى گەورە بۆ ژیانى هاووڵاتیان دروست دەکات، بۆیە بابەتى نرخ، وابەستەى بابەتى بەکارهێنانى کارەبایە بۆ پێداویستى ژیانى هاووڵاتیان و دەبێت بە وریاییەوە مامەڵەى لەگەڵ بکرێت. دوو/ نرخى کارەبا وابەستەى ژیان و ئاستى بژێوى هاووڵاتیانە، دەستنیشانکردنى نرخى بەکارهێنانى کارەبا پێویستە بە پێى ئاستى بژێوى ژیانى هاووڵاتیان بێت، بەبێ ڕەچاوکردنى ئەم ڕاستیە هەر جۆرە نرخێک دەبێتە ستەم لەسەر خەڵک بە شێوەیەکى گشتى، بەتایبەت خێزانە مامناوەندو هەژارەکان. سێ/ بۆیە بۆ دەستنیشانکردنى نرخى کارەبا، پێویستە ڕەچاوى ئەمانەى خوارەوە بکرێت: 1. ئاستى بژێوى ژیانى هاووڵاتیان. 2. بەرهەمهێنانى کارەبا لە غازى سروشتى کە موڵکى خەڵکى کوردستانە. 3. پابەندییە دەستوریى و یاساییەکانى حکومەت بۆ دابینکردنى خزمەتگوزاریى گشتى و خزمەتگوزاریى کارەبا بە نرخى حکومى. بەشى چوارەم پێشنیارکردنى نرخى کارەبا ئەو نرخانەى لە خشتەى ژمارە (٥)ى ڕێنمایى ژمارە (٢)ى ساڵى (٢٠٢١)ى وەزارەتى کارەبا بۆ نرخى کارەبا دەسنیشانکراون، تا ڕادەیەک نزیکن لە تواناى هاووڵاتى بۆ کڕین و بەکارهێنانى کارەباى نیشتیمانى بەراود بە ئاستى بژێوى ژیانى، بۆیە ئەو ڕێنماییە پێویستە بنەماى نرخى کارەبا بێت لە کوردستان، بەم گۆڕانکاریی و پۆلێن بەندییەى خوارەوە کە وەک پێشنیارێک بۆ نرخى کارەبا ئەم پڕۆژەیە دەیخاتە ڕوو: یەکەم/ پشتیوانى تەواوەتى: (بۆ هاوبەشى ماڵان تا ئاستى پێویستى ستاندارد (کەمترلە ١,٥٠٠ کیلۆ وات): 1. لە ئاستى بەکارهێنانى (١ بۆ ٣٠٠ کیلۆ وات سەعات)، واتە (٣٠٠ کیلۆ واتى یەکەم بۆ مانگێک) بە نرخى (١٨ دینار) بۆ یەک کیلۆ وات. (تێبینى: ٣٠٠ کیلۆ وات لە مانگێکدا بە نزیکەى دەکاتە ٢ ئەمپێرى بەردەوام). 2. لە ئاستى (٣٠٠ تا ٦٠٠ کیلۆ وات سەعات)، واتە (٣٠٠ کیلۆ وات)ى دووەم بۆ مانگێک، بە نرخى (٢٤ دینار) بۆ یەک کیلۆ وات. (تێبینى: ٦٠٠ کیلۆ وات لە مانگێکدا بە نزیکەى دەکاتە ٣,٧ ئەمپێرى بەردەوام). 3. لە ئاستى (٦٠١ تا ٩٠٠ کیلۆ وات سەعات)، واتە (٣٠٠ کیلۆ وات)ى سێیەم بۆ مانگێک، بە نرخى (٣٠ دینار) بۆ یەک کیلۆ وات. (تێبینى: ٩٠٠ کیلۆ وات لە مانگێکدا بە نزیکەیى دەکاتە ٥,٦٨ ئەمپێرى بەردەوام). 4. لە ئاستى (٩٠١ تا ١,٢٠٠ کیلۆ وات سەعات)، واتە (٣٠٠ کیلۆ وات)ى چوارەم بۆ مانگێک، بە نرخى (٣٦ دینار) بۆ یەک کیلۆ وات. (تێبینى: ١,٢٠٠ کیلۆ وات لە مانگێکدا بە نزیکەیى دەکاتە ٧,٥ ئەمپێرى بەردەوام) 5. لە ئاستى (١,٢٠١ تا ١٥٠٠ کیلۆ وات سەعات)، واتە (٣٠٠ کیلۆ وات)ى پێنجەم بۆ مانگێک، بە نرخى (٤٢ دینار) بۆ یەک کیلۆ وات. (تێبینى: ١,٥٠٠ کیلۆ واتى مانگانە بە نزیکەى دەکاتە ٩,٥ ئەمپێرى بەردەوام) نمونە(١): ئەگەر خێزانێک لە مانگێکدا بڕى (٣٠٠ کیلۆ وات)ى بەکارهێنا، ئەوە ئەو پارەیەى لە مانگێکدا دەیدات بریتیە لە (٥,٤٠٠) دینار. نمونە (٢): ئەگەر خێزانێک لە مانگێکدا (٧٥٠ کیلۆ وات)ى بەکارهێنا کە دەکاتە نزیکەى (٤,٧ ئەمپێر)، ئەوە پسوڵەکەى بەمجۆرە بۆ حساب دەکرێت: (٣٠٠ کیلۆ واتى یەکەم * ١٨ دینار) + (٣٠٠ کیلۆ واتى دووەم * ٢٤ دینار) + (١٥٠ کیلۆ وات * ٣٠ دینار) = (٥,٤٠٠ دینار + ٧,٢٠٠ دینار+ ٤,٥٠٠ دینار)= ١٧,١٠٠ دینار. نمونە (٣): ئەگەر خێزانێک لە مانگێکدا (١,٣٠٠ کیلۆ وات)ى بەکارهێنا کە دەکاتە نزیکەى (٨ ئەمپێرى بەردەوام)، ئەوە پارەکەى بەمجۆرە ئەژمار دەکرێت: (٣٠٠ * ١٨) + (٣٠٠ * ٢٤) + (٣٠٠ * ٣٠) + (٣٠٠ * ٣٦) + (١٠٠ * ٤٢) = (٥,٤٠٠ + ٧,٢٠٠ + ٩,٠٠٠ + ١٠,٨٠٠ + ٤,٢٠٠) = ٣٦,٦٠٠ دینار. نمونەى (٤): ئەگەر خێزانێک لە مانگێکدا (١,٥٠٠ کیلۆ وات)ى بەکارهێنا کە دەکاتە نزیکەى (٩,٥ ئەمپێر کارەباى بەردەوام)، ئەوە پارەى پسوڵەکەى بەمجۆرە ئەژمار دەکرێت: (٣٠٠ * ١٨ + ٣٠٠ * ٢٤ + ٣٠٠ * ٣٠ + ٣٠٠ * ٣٦ + ٣٠٠ * ٤٢) = (٥,٤٠٠ + ٧,٢٠٠ + ٩,٠٠٠ + ١٠,٨٠٠ + ١٢,٦٠٠)= ٤٥,٠٠٠ دینار. دووەم/ پشتیوانى ڕێژەیى: (بۆ هاوبەشانى ماڵان کە زیاتر لە (١,٥٠٠ کیلۆ وات) بۆ مانگێک بەکاردەهێنن): پێشنیار دەکەین بۆ بەکارهێنان لە (١,٥٠١ تا ٣,٠٠٠ کیلۆ وات سەعات) لە مانگێکدا، پشتیوانى حکومەت بەمجۆرەى لێ بکرێت: 1. لە (١,٥٠١ تا ١,٨٠٠ کیلۆ وات سەعات) بۆ ماوەى مانگێک، لە (٣٠٠ کیلۆ واتى یەکەم لەسەروو ١٥٠٠ کیلۆ وات) پشتیوانى حکومى تەنها لە (٥٠%) بێت بۆ هەر کیلۆ واتێک، واتە ئەگەر خەمڵاندنى تێچووى کیلۆ واتێک کارەبا (١٠٠ دینار) بێت، ئەوە بۆ (٣٠٠ کیلۆ واتى سەروو ١٥٠٠ ەکە) حکومەت (٥٠ دینار)و هاووڵاتیش (٥٠) دینارى لە ئەستۆ بگرێت. 2. لە (١,٨٠١ بۆ ٢,١٠٠ کیلۆ وات سەعات) بۆ ماوەى مانگێک، لە (٣٠٠ کیلۆ واتى دووەمى سەروو ١٥٠٠ کیلۆ وات)، پشتیوانى حکومەت بۆى ببێت بە (٤٠%). 3. لە (٢,١٠١ بۆ ٢,٤٠٠ کیلۆ وات سەعات) بۆ ماوەى مانگێک، لە (٣٠٠ کیلۆ واتى سێیەمى سەروو ١٥٠٠)، پشتیوانى حکومەت بۆى ببێت بە (٣٠%)ى تێچووى یەک کیلۆ وات. 4. لە (٢,٤٠١ بۆ ٢,٧٠٠ کیلۆ وات سەعات) بۆ مانگێک، لە (٣٠٠ کیلۆ واتى چوارەمى سەروو ١٥٠٠)، پشتیوانى حکومەت بۆى ببێت بە (٢٠%). 5. لە (٢,٧٠١ بۆ ٣,٠٠٠ کیلۆ وات سەعات) بۆ مانگێک، لە (٣٠٠ کیلۆ واتى پێنجەمى سەروو ١٥٠٠ کیلۆ وات)، پشتیوانى حکومەت بۆى ببێتە (١٠%). 6. لە (٣,٠٠١ کیلۆ وات سەعات و زیاتر) بۆ مانگێک، پشتیوانى حکومەت بۆ ببێت بە (٠%). سێیەم/ بۆ هاوبەشانى ماڵان کە لە سەروو (٣,٠٠٠ کیلۆ وات سەعات) مانگانە کارەبا بەکاردەهێنن: هیچ پشتیوانیەکى حکومەت بۆ ماڵێک نەبێت کە بەکارهێنانى لە سەروو (٣,٠٠٠ کیلۆ وات سەعات)ەوەیە کە دەکاتە نزیکەى (١٩ ئەمپێرى بەردەوام بەرەو سەرەوە)، هەر لە کیلۆ واتى یەکەمەوە بە تێچووى تەواوى بەرهەمهێنان بۆ هەر کیلۆ واتێک پارەى لێ وەربگیرێت. تێبینى: بەپێى ئەم پڕۆژەیە هیچ جیاوازییەک ناکرێت لە نێوان هاوبەشانى ماڵاندا، خێزان لە هەر شوێنێک نیشتەجێبوو (گەڕەک یان سیتى)، ئەرکى وەزارەتى کارەبایە بەبێ جیاوازى کارەباى بۆ دابین بکات بە نرخى حکومى پێشنیار کراو. چوارەم/ بۆ هاوبەشى بازرگانى و پیشەسازى: وەرگرتنى کرێى کارەبا بۆ هاوبەشى بازرگانى و پیشەسازى وەک یەک و بەبێ ڕەچاوکردنى شوێنى بازرگانی و پیشەسازییەکەو جۆرى بەرهەم و پێداویستیەکەى بۆ خەڵک، جۆرێک لە نادادگەریى تێدایە، بۆیە پێشنیار دەکەین هاوبەشانى پیشەسازى و بازرگانى لەسەر بنەماى جۆرو بەرهەم و شوێنەکەیان بە پێى بەرژەوەندى ئابورى و بەرژەوەندى گشتى، پۆلێن بکرێن بۆ دە ئاستى جیاوازو نرخى کارەبایان لە نێوان (٥٠ دینار تا ١٥٠ دینار) دابەش بکرێت بە پێى ئاستەکانیان. بۆ نمونەى شوێن: دوکانێک لە سەنتەرى شارى پارێزگا یان لە شەقامێکى بازرگانى گرنگ جیاواز بێت لەگەڵ دوکانێک لە شارۆچکە یان شوێنێکى پەراوێزخراوى شارێک. بۆ نمونەی جۆرى بەرهەم: شوێنێکى بازرگانى یان پیشەسازى کە کار لە بەرهەمێک دەکات پەیوەندى بە بابەتێکى تایبەت بە پێداویستى بنەڕەتى هاووڵاتیانەوە هەیە (وەک ئارد)، ئاستەکەى جیاوازبێت لە شوێنێکى بازرگانى یان پیشەسازى کە کار بۆ بەرهەمهێنانى بەرهەمێکى لاوەکى ژیانى هاووڵاتیان دەکات (وەک بابەتەکانى جوانکاریى)، واتە نابێت بۆ ئەم دوو شوێنە بازرگانییە وەک یەک پارەى کارەبایان لێوەربگیرێت. بەشى پێنجەم هەڵسەنگاندنى بەکارهێنانى کارەبا لە ڕێگەى لیژنەیەکى پسپۆڕەوە، هەڵسەنگاندن بۆ هەر خێزانێک بکرێت کە بەکارهێنانى لە (٢,٠٠٠ کیلۆ وات سەعات)ى مانگانەى زیاتر بەکاربهێنێت و ئەو ماڵانە دابەش بکرێن بۆ دوو ئەگەر: 1. ئەگەر بەکارهێنانى خێزان لە (٢٠٠٠ کیلۆ وات سەعات) لە ئەنجامى پێداویستى خێزانەکەیە بەهۆى قەرەباڵغى، یان بوونى زیاتر لە خێزانێک لە یەک خانوودا، ئەوە هەمان ئەو نرخانەى بۆ ئەژمار بکرێت کە لە هەردوو خاڵى یەکەم و دووەمى بەشى چوارەمدا پێشنیار کراون. 2. ئەگەر بەکارهێنانى بەهۆى زیادەڕەویى و خراپ بەکارهێنانەوەیە، ئەوە هەر لە (٢٠٠٠ کیلۆ وات سەعات)بۆ مانگێک، نرخى کارەباى بۆ بکرێت بە نرخى تەواوى تێچووى هەر کیلۆ واتێک کارەباو هیچ پاڵپشتیەکى حکومەتى لەسەر نەبێت. بەشى شەشەم پاڵپشتى هەژارەکان یەک/ چۆن پاڵپشتى هەژارەکان بکرێت؟ هەژارەکان، ئەو خانەوادانەى لە خوار هێڵى هەژارییەوەن، بریتین لە خێزانێک کە بەهۆى دۆخێکى کۆمەڵایەتى یان ئابورییەوە ناتوانێت پێداویستیە بنەڕەتییەکانى ژیان بۆ خۆیان دابین بکەن، کە بە پێى دواهەمین ئامارە زانستیەکان لە ئێستەدا نزیکەى (١٢٧,٠٠٠) خێزان لە خوار هێڵى هەژارییەوەن، بۆ کارەباى ئەم خێزانانە ئەم پێشنیارانە دەکەین: 1. لە بەرکارهێنانى (١ تا ٥٠٠ کیلۆ وات سەعات)ى مانگانە بەبێ بەرانبەر بدرێت بەو خێزانانەى لە خوار هێڵى هەژارییەوەن کە دەکاتە نزیکەى (٣ ئەمپێرى بەردەوام) کە بۆ (١٢٧,٠٠٠) خێزان تێچووەکەى دەکاتە (١,٢٩٥,٠٠٠,٠٠٠ – یەک ملیارو دوو سەدو نەوەدو پێنج ملیۆن) دینار. 2. ئەگەر خێزانەکە بە هەر هۆکارێک ئەو بڕە کارەبایە (هەمووى یان بەشێکى) بەکار نەهێنا، ئەوە بتوانێت بە حکومەتى بفرۆشێتەوە بەو نرخانەى کە لە خاڵى سێیەمى بەشى چوارەمدا هاتوون (تواناى پڕۆگرامکردنى ئەم پڕۆسەیە کارێکى ئاسانە). 3. بۆ دەستنیشانکردنى ئەم خێزانانە سود لە فەرمانگەکانى تۆڕى پاراستنى کۆمەڵایەتى سەر بە وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى وەربگیرێت کە بە پێى ستانداردە بەکارهاتوەکان دەتوانن خێزانە هەژارو شایستەکان دەستنیشان بکەن. 4. ساڵانە یان دوو ساڵ جارێک هەڵسەنگاندن بۆ ئاستى بژێوى ژیانى خێزانە هەژارەکان بکرێتەوە، ئەگەر دۆخى داراییان بەجۆرێک گۆڕابوو کە بکەونە سەروو هێڵى هەژاریى، ئەوە لەو لێخۆشبوونەى لە خاڵى یەکەمدا هاتووە دەربهێنرێن. دوو/ گرنگى و بایەخى بەخشینى هەژارەکان لە کرێى کارەبا: 1. ئەو خێزانانەى لە خوار هێڵى هەژارییەوەن پێویستیان بە هاوکاریی و پشتیوانییە بۆ ئەوەى خواردن و خواردنەوەو جل و بەرگ و پێداویستى پەروەردەوتەندروستى پێویستیان دەست بکەوێت، بەخشینیان لە کارەبا یەکێک لە ئەرکە بنەڕەتییەکانى حکومەتە وەک بەشێک لە هاوکارى بۆیان کە بەداخەوە تا ئێستا لە کوردستان هیچ هاوکارییەک بۆ ئەو خێزانانە نییە. 2. بەشێک لە خێزانە هەژارەکان پێکهاتوون لە هاووڵاتیانى خاوەن پێداویستى تایبەت کە سەرۆک خێزانن، یان منداڵانى بێسەرپەرشت، ئەو ئافرەتانەى هیچ بەخێوکاریان نییە و بەخێوکارى منداڵن، ئەو ئافرەتانەى هاوسەرەکانیان سزا دراوەو هیچ سەرچاوەیەکى بژێوى و پاڵپشتیەکى داراییان نییە، بەساڵاچووانى پەککەوتەو ئەوانەى نەخۆشى درێژخایەنیان هەیە، ئەم چین و توێژانەش سەرەڕاى هەژاریى، ئەرکى حکومەتە زیاتر خزمەتیان بکات. 3. لە کاتى کەم بەکارهێنان، یان بەهەر هۆکارێک بەکارنەهێنانى ئەو بڕە کارەبایە، ئەوە خێزانە هەژارەکە بڕە پارەیەکى دەست دەکەوێت بۆ بژێزى ژیانى، حکومەتیش بڕێک زیاتر کارەباى بۆ دەگەڕێتەوەو دەتوانێت بیفرۆشێتەوە بەشدارانى تر. 4. ئەم شێوازە زیاتر لە دادگەرییەوە نزیکە. 5. دەبێتە هۆى زیندووکردنەوەى هەستى نیشتیماندۆستى و خۆ بە خاوەنزانینى سەروەت و سامان و هاندانى هاووڵاتیانى هەژار بۆ دەستگرتن بە سامانى گشتى و پاراستنى و بڵاوکردنەوەى هەمان ئەم ڕەوشتە لەناو تێکڕاى هاووڵاتیاندا. بەشى حەوتەم پاراستنى وزەى کارەبا وەک سامانێکى گشتى بابەتى ڕاستکردنەوەى هەڵس و کەوتى تاک لە بەفیڕۆنەدانى سامانى گشتى بە شێوەیەکى گشتى و بەتایبەت وزەى کارەبا، بابەتێکى فڕە ڕەهەندەو تەنها پەیوەندى بە لایەنى ئابوریی و هەرزانى یان گرانى نرخى کارەباوە نییە، بەڵکو پەیوەستییەکى زۆرى بە لایەنى پەروەردەیى و دەروونى و کۆمەڵایەتى و ئاستى بژێوى و هۆشیاریی تاکەوە هەیە، ئەمە بێجگە لەو کەلێنە گەورەیەى لە نێوان هەست و نەستى تاکى هاووڵاتی و دامەزرازەکانى حکومەتدا دروست بووە، بۆیە بۆ ئەوەى وا بکەین تاک و خێزان بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ خزمەتگوزاریى و سامانى گشتى بەتایبەت کارەبادا بکەن، پێویستە: پڕۆژەیەکى گەورەى نیشتیمانى ڕابگەیەنرێت، کە بە پێى پلانێکى ڕوونى کات دیاریکراو کار بکرێت بۆ پەروەردەکردن و هۆشیارکردنەوەى تاک و خێزان لە پاراستنى خزمەتگوزارییەکان بەتایبەت پاراستنى وزەى کارەباو بەزایەنەدانى لە هیچ دۆخێکدا، بەمجۆرەى خوارەوە: 1. پڕۆژەیەکى نیشتیمانى بێت و هەموو تاکێک بگرێتەوە. 2. وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانى وەک (کارەبا، پەروەردە، ڕۆشنبیریى، ئەوقاف، یەکێتى زانایان، ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى، دەستەى ژینگە، پلاندانان) بەشداربن و لە پلانى پڕۆژە نیشاتیمانییەکەدا ئەرکیان دیاریکراوو دەستنیشان کراو بێت. 3. میدیاو دەزگاکانى ڕاگەیاندن بەشدارى کارایان پێبکرێت لە پلانى پڕۆژە نیشتیمانیەکەدا. 4. پلانەکە بۆ ماوەى پێنج ساڵ بەردەوام بێت و بۆردێکى لە ئاستى ئەنجومەنى وەزیران بۆ دروست بکرێت و بە بەردەوامى بەدواداچوون بۆ کارەکانى بکرێت تا هێنانەدى ئامانجەکانى. بەشى هەشتەم هاندان بۆ سودوەرگرتن لە وزە نوێبووەوەکان بەمەبەستى هاندانى هاووڵاتیان و سەرجەم هاوبەشانى کارەبا لەسەرجەم پۆلێنەکان بۆ پشت بەستن بە وزەى خۆرو هەوا بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا، پێشنیار دەکەین: 1. ئاسانکاریى بۆ ئەو کۆمپانیایانە بکرێت کە لە بوارى دامەزراندن و بەستن و دروستکردنى سەرچاوەى بەرهەمهێنانى کارەبا لە وزەى خۆرو هەوا کار دەکەن. 2. بەخشینى ئەو کۆمپانیایانەى کە لە بوارى دروستکردنى سەرچاوەى کارەبا لە وزەى خۆرو هەوا کار دەکەن لە هەموو باج و ڕسوماتێک بۆ ماوەى (سێ ساڵ) بەمەرجى چاودێریى و دڵنیایى بەکارهێنانى ئەم بەخشینە بۆ مەبەستى ڕاستەقینە. 3. ئاسانکاریى بۆ پێدانى قەرز (بەبێ هیچ زیادەیەک) بەو هاوبەشانەى کارەبا کە دەیانەوێت سود لە هەواو وزەى خۆر وەربگرن بۆ دروستکردنى سەرچاوەى کارەباى تایبەت بە خۆیان بە هاوکارى حکومەتى ئیتیحادى. بەشى نۆیەم چەند بنەمایەکى گشتى بەمەبەستى پێشخستنى زیاترى خزمەتگوزاریى کارەبا، لەم بەشەدا چەند پێشنیارێک دەخەینەڕوو: 1. پەیڕەویکردن لە هاوکێشەى (٩ بۆ ٩) لە نرخداناندا لەسەر پسوڵە: بەمەبەستى ڕێکخستن و ڕاگرتنى هاوسەنگى لە خواستى هاوبەشانى کارەبا لە نێوان کاتە جیاوازەکانى شەووڕۆژو کەمکردنەوەى کێشەو فشار لەسەر وێستگەو تۆڕەکانى کارەبا، پێشنیار دەکەین نرخى کارەبا لە شەووڕۆژ جیاواز بێت بە بڕى (±٣) لە نێوان (٩ى شەو تا ٩ى بەیانى)، واتە بۆ بەکارهێنانى هەر یەک کیلۆ وات کارەبا لە شەودا نرخەکەى (٣ دینار) کەمتر بێت تا هەمان کیلۆ وات لە شەودا، ئەمەش لەسەر بنەماى زانیارییە بەردەستەکانى وەزارەتى کارەبا بۆ بەکارهێنانى کارەبا لەلایەن هاووڵاتیانەوە. یاخود پێشنیار دەکەین کاتەکە بە پێى زانیاریی و داتاکانى وەزارەتى کارەبا دەستنیشان بکرێت لەسەر بنەماى ئەوەى لە چ دوانزە سەعاتێکدا کارەباى زیاتر خەرج دەکرێت؟ 2. پێداچوونەوە بە گرێبەستەکاندا: پێداچوونەوە بە گرێبەستى کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنانى غازو گرێبەستى وێستگەکانى کەرتى تایبەت بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا، بەمەبەستى دڵنیابوونەوە لە بەدیهێنانى بەرژەوەندى گشتى و ڕێگە نەدان بە قۆرخکاریى و خراپ سودوەرگرتن لەو مۆڵەتەى پێیان دراوە لە بوارى کارکردنەکەیان، بەتایبەت ئەگەر گرێبەستەکان بە موساتەحەبن چاودێریکردنى گرێبەستەکان تا تەواوبوونى کاتەکانیان و گەڕاندنەوەیان بۆ موڵکیەتى کەرتى گشتى. 3. سەرەتا دانیشتیووانى هەرێم: نەفرۆشتنى هیچ بڕە کارەبایەک بە دەرەوەى هەرێمى کوردستان تا ئەو کاتەى پێداویستى هاوبەشانى کارەبا لە هەرێم پڕ دەکرێتەوەو پێداویستى هەرێمى کوردستان بۆ وزەى کارەبا بە تەواوەتى وەڵام دەدرێتەوە. 4. ژێرخانى یاسا: لە چوارچێوەى هێنانەدى ئامانجەکانى ئەم پڕۆژە پیشنیارە، پڕۆژە یاسایەک بدرێتە پەرلەمانى کوردستان (ئەو کاتەى پەرلەمانێکى کارا هەبوو) بەمەبەستى دروستکردنى ژێرخانى یاسایى بۆ (بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردنى وزەى کارەباو سزادانى سەرپێچیکران) لە کوردستان کە تا ئێستا کەلێنێکى گەورەى یاسایى هەیە لەم بوارەدا. 5. پێداچوونەوە: پێداچوونەوەو نوێکردنەوەى تۆڕەکانى کارەبا لە پێناو کەمکردنەوەى بەفێڕۆچوونى وزە.
درەو: کۆمپانیاکانی نەوت بڕە پارەیەکی زۆر دەدەن، بەڵام هیچ پڕۆژەیەکی ژینگەیی جێبەجێ نەکراوە و پارەی سندوقەکەش دیار نییە! راپۆرتی: ڕێبین فەتاح- تۆڕی نیریج بۆ رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاری لەسەر ڕێگەیەکی خۆڵی پڕ لە کەند و کۆسپ لە سەرووی ناحیەی دێگەڵەوە بەرەو گوندەکانی ڕۆژئاوای کۆیە (٧٠کم رۆژهەڵاتی هەولێر) رۆژانە سەدان ئۆتۆمبێڵی بارهەڵگر تێدەپەڕن بۆ گواستنەوەی ئەو نەوتەی کە لە کێڵگەی نەوتی تەقتەق لە ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنرێت. بەدرێژایی هەردوو دیوی ڕێگاکە تاك و تەرا درەخت لە حەوشەی ماڵەکاندا دەبینرێت، دانیشتوانی ناوچەکە بەدەست هەوری دوکەڵی کێڵگە نەوتییەکانەوە دەناڵێنن کە بەهۆیانەوە هەوا و خاك و تەنانەت ئاویش پیس بووە. ئەو ناوچەیە سنووری کێڵگەی نەوتی تەقتەقە، کە یەکەمین پڕۆژەی وەبەرهێنان و گرێبەستی نەوتی حکوومەتی هەرێم لە ساڵی ٢٠٠٢دا لەگەڵ کۆمپانیایەکی بیانیدا ئیمزای لەسەر کردووە و ئێستا خزمەتگوزارییەکانی پەیوەست بە ژێرخانی کەمە و هیچ پڕۆژەیەکی سەوزکردن و چاندنی درەختی نییە کێشەی پیسبوونی ژینگە چارەسەر بکات. لەو ساڵانەی ڕابردوودا، چەندین جار جووتیارانی دەڤەرەکە، بەهۆی پیسکردنی ژینگە و دەستبەسەرداگرتنی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان لەلایەن کۆمپانیای نەوتەکەوە، گردبوونەوە و خۆپیشاندانیان ساز کردووە. ئەوان دەڵێن، بەهۆکاری هەڵکەندنی بیرەکانی نەوتەوە لەلایەك سەرچاوەکانی ئاو وەك کانی و کارێزەکان لە ناوچەکەیاندا وشك بوون، لەلایەکی دیکە بەهۆی بەکارهێنانی بڕێکی زۆری ماددەی کیمیایی و خوێی نائەندامی لە پڕۆسەی هەڵکەندنی بیرەکانی نەوتدا، سەرچاوەکانی ئاو سوێر بوون. شوکرولڵا حەمەدئەمین باخەوانێکی دەڤەرەکەیە. باس لەوە دەکات کە "لە ژێر کارتێکەری پڕۆسەکانی نەوتیدا، هەم زیانی زۆر بە سەرچاوەکانی ئاو گەیشتووە، هەم پانتاییەکی گەورەی زەوی تووشی ڕووتانەوە بووە و بەگشتیش ئاووهەوای دەڤەرەکە پیس بووە، لە کۆتاییدا وا دەردەکەوێت بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە کورتییان داوە". وشکبوونی سەرچاوەکانی ئاو لە گوندەکانی سنووری کێڵگەی تەقتەق، نەبوونی هیچ پڕۆژەیەکی تەنانەت ئاوی خواردنەوە لەلایەن حکومەتەوە، دانیشتووانی چەندین گوندی ناچارکردووە، دەست بە هەڵکەندنی بیری ئاو بکەن، ئەوان بەدیاریکراوی پشت بە بیری پایڵ دەبەستن، کە بە بیری سوری ناودەبردرێت و بە بڕیاری حکومەت هەڵکەندنی قەدەغەکراوە. ڕێباز ئەنوەر شارەزای جیۆلۆجی، هۆکاری قەدەغەکردنی هەڵکەندنی بیری سوری، رووندەکاتەوە و پێیوایە "ئاوی ئەم جۆرە بیرە بۆ خواردنەوە شیاو نییە، چونکە ناگاتە ئاوی ژێرزەوی و بەڵکو ئەو ئاوە دەهێنێت کە لە چینی ڕووی زەوییەوە نزیکە و ئەگەری پیسبوونی زۆرە، هەروەها هەڵکەندنی بیرەکە زیان بە پێکهاتەی جیۆلۆجی خاك دەگەیەنێت". ڕوونیشیدەکاتەوە کە "پشت بەستنی دانیشتووانی ناوچەکانی نەوتی بە بیری پایڵ مەترسی زۆری هەیە، چونکە پڕۆژەکانی نەوتی بە چەندین شێواز پاشماوەی نەوتی و پاشەڕۆی دیکە فڕێدەدەن و ئەوەش بە ئاسانی سەرچاوەکانی ئاو پیس دەکات و کە دەبێتە هۆی ئەوەی سەرچاوەکانی ئاو بە ئاسانی پیس بن و خەڵکەکە ڕوبەڕووی مەترسی جددی تەندروستی بکاتەوە". هەردوو گرفتی وشکبوونی سەرچاوەکانی ئاو و بەکارهێنانی ئاوی بیرە قەدەغەکراوەکان بە دیارترین دەرهاوێشتەکانی پڕۆسەکانی نەوتی دادەندرێن، لەناو چەندین کارتێکەری دیکەی نەرێنی ژینگەیی لە ناوچەکانی نەوتی هەرێمی کوردستاندا. سندووقی ژینگە حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکەمین گرێبەستی نەوت لە ١٧ی تەمووزی ٢٠٠٢ لەگەڵ کۆمپانیای گێنێل ئینێرجی بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی تەقتەق ئیمزا کرد. لە ٢٠٠٦ و ساڵانی دواتردا بەتایبەت لەدوای دەرچوونی یاسای وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٧ و یاسای نەوت و گازی کوردستان ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧، حکومەتی هەرێم زیاتر لە پەنجا گرێبەستی (هاوبەش لە بەرهەمهێنان) لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکاندا ئیمزا کران. لە ناوەڕۆکی گرێبەستەکانی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەگشتی و بە تایبەتی لە ماددەی (٢٣)دا کە بۆ (سندووقی ژینگە) تەرخانکراوە، بەمەبەستی پاڵپشتی ژینگە کۆمپانیاکان پابەند کراون بە پێدانی بڕە پارەیەکی ساڵانە. ناوەڕۆکی ماددەکە، لە زۆرینەی گرێبەستەکاندا وەك خۆی دووبارە کراوەتەوە، کە کۆمپانیاکان پابەند دەکات بەوەی بڕی (١٥٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی) بۆ هەر ساڵێکی گرێبەست، لە ڕێککەوتی یەکەم بەرهەمهێنان لەناوچەی گرێبەست (ماوەی دۆزینەوە) و بڕی (٣٠٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی) بۆ هەر ساڵێکی گرێبەست، لەماوەی پەرەپێدان بخەنە سندووقی ژینگەوە. لەناویاندا دەقی ماددەکە لە گرێبەستی عەین سفنی بەنموونە دەهێنیەوە کە لە ئەیلوولی ٢٠٠٧ لە نێوان حکومەتی هەرێم و هەریەك لە کۆمپانیاکانی هەنت ئۆیڵ و ئیمپولس ئینێرجی ئیمزا کراوە، بەم شێوەیە هاتووە: گرێبەستەکانی لانیکەم (٤٢) کێڵگەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە لەم بەدواداچوونەدا پشتیان پێ بەستراوە، کۆمپانیاکان پابەند دەکەن بە پێدانی بڕە پارەیەکی ساڵانە بۆ پاڵپشتی ژینگە. هەمان ماددە، لە بەسەر کۆمەڵێك گرێبەستی دیکەدا دەسەپێنرێت، لەوانە :گرێبەستەکانی کێڵگەی نەوتی تاوکێ کە لە ساڵی ٢٠٠٨ لەگەڵ دی ئێن ئۆ ئیمزاکراوە، هەروەها کێڵگەی میران کە لە ٢٠٠٧ ئیمزاکرا و کێڵگەی ئاکرێ-بجیل و کێڵگەی سەرسەنگ کە لە ٢٠٠٧ لەگەڵ ئێچ کەی ئێن ئیمزاکراوە و پاشان کێڵگەی ئەترووش کە لەگەڵ جەنەڕاڵ ئێکسپلۆرەیشن ئیمزا کرا. بەڵام سەرەڕای هەبوونی مەرجەکانی ژینگەپارێزی لە گرێبەستەکانی نەوتدا، بەڵام دووکەڵی کێڵگەکانی نەوتی، فڕێدانی پاشماوەکانی نەوتی بەشێوەی ناستاندارد و ڕووتاندنەوەی ڕووپۆشی زەوی و نەبوونی سەوزایی لە ناوچەکانی نەوتی بەتایبەت، نیشاندەری بەرجەستەنەکردنەوەی ناوەڕۆکی یاسا و گرێبەستەکانی نەوتن لە هەرێمی کوردستاندا. لە هەندێک گرێبەستی دیکەدا تێبینی دەکرێت ، بڕە پارەکە بۆ (١٠٠) هەزار دۆلاری ساڵانە لەماوەی دۆزینەوە و بڕی (٢٠٠) هەزار دۆلاری ساڵانە، لەماوەی پەرەپێدان، کەمکراوەتەوە، وەك لە گرێبەستی کێڵگەی نەوتی شێخان کە لە ساڵی ٢٠٠٧ لەگەڵ کۆمپانیای (گەڵف کیستۆن پێترۆلیەم) و هاوبەشەکانیدا ئیمزا کرا؛ هەروەها لە گرێبەستی کێڵگەی (سەنگاو) کە لەگەڵ کۆمپانیای (ستێرلینگ ئینێرجی)دا لە ٢٠٠٧ ئیمزاکراوە. هەروەها لە گرێبەستەکانی هەردوو کێڵگەی (ڕوڤیا و سەرتا،) کە یەکەمجار لە ٢٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٦، لە نێوان حکومەتی هەرێم و (reliance exploration) و (production dmcc) ئیمزا کران، بڕە پارەکە کەم کراوەتەوە، بۆ ساڵانە (٧٥) هەزار دۆلار ساڵانە لەماوەی یەکەم دۆزینەوە و بڕی (١٥٠) هەزار دۆلاری ساڵانە لەماوەی پەرەپێداندا. چەند گرێبەستێکی دیکەیش، لەناویاندا گرێبەستی هەردوو کێڵگەکانی (مەلائۆمەر و شۆڕش)، کە لە ٢٠٠٧ەوە لەگەڵ ئۆ ئێم ڤی ئیمزا کران، کۆمپانیاکە بە هەمان بڕە پارەی ساڵانە پابەند دەکەن؛ (٧٥) هەزار دۆلاری ساڵانە بۆ ماوەی دۆزینەوە و (١٥٠) هەزار دۆلاری ساڵانە بۆ ماوەی پەرەپێدان. لە گرێبەستی کێڵگەی بنەباوی کە لە ٢٠٠٧دا لە نێوان حکومەتی هەرێم و هەریەك لەکۆمپانیای (ئەی تی پێترۆلیۆم و هەولێرئینێرجی) ئیمزا کرا و گرێبەستی کێڵگەی نەوتی (شاکەل) کە یەکەمجار لە ٢٥ی شوباتی ٢٠٠٧ لە نێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیاکانی (پێت ئۆیل و تریلاکس) ئیمزا کرا، پارەی پاڵپشتی ژینگە بە (٥٠) هەزار دۆلاری ساڵانە لەماوەی دۆزینەوە و (٧٥) هەزار دۆلاری ساڵانە بۆ قۆناغی پەرەپێدان دیاریکراوە، بەڵام لە هەمواری گرێبەستەکە لەساڵی ٢٠٠٨دا، بڕەکە بۆ (١٥٠) هەزار دۆلاری ساڵانە لەماوەی دۆزینەوە و (٣٠٠) هەزار دۆلاری ساڵانە لەماوەی پەرەپێدان زیادکراوە. سەرەڕای هەموو ئەوانە، دۆخی ژینگەیی لە سنوری هەر کێڵگەیەکی نەوتی لە هەرێمی کوردستاندا نیگەرانکەرە و لەگەڵ ستانداردی نوێی جیهانیدا ناگونجێت و لەو ناوچانەدا پڕۆژەی کاریگەر نەبینراوە بۆ پاڵپشتیکردنی ژینگە. لە چەند ساڵی رابردوودا لە سنووری کێڵگەی نەوتی پیرمام و بنەباوی بەدووری ٣٥کم لە ناوەندی هەولێر، چەند جارێک دانیشتووانی گوندەکان خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەرانبەر بە شێوە کاری کۆمپانیاکانی نەوت ساز کرد، بەڵام وەک موحسین کانەبی یەکێک لە جووتیارانی دەڤەرەکە گوتی، هیچ ئەنجامێکی نەبووە. هەورەها دەڵێت "نەک ئەوەی لەلایەن کۆمپانیاکانەوە هیچ پڕۆژەیەکی ژینگەیی نەبووە، بەڵکو چەندین ڕەز و باخ بەهۆی پڕۆژەی نەوتەوە ڕووبەڕووی زیان بوونەتەوە، کەمبوونەوەی بەروبوومی کشتوکاڵی یەکێک لە زیانە راستەوخۆکانە". پارەی پاڵپشتی ژینگەیی بۆ کوێ دەڕوات؟ بەهەمان شێوەی گوندەکانی سنووری کێڵگەی نەوتی تەقتەق، دانیشتووانی گوندەکانی سنووری کێڵگەکانی نەوتی پیرمام، بۆ کشتوکاڵ و بۆ مەبەستی خواردنەوە، پشت بە ئاوی بیری پایڵ دەبەستن، هەرچەندە شیاو نییە و زیانی تەندروستی هەیە، ئەوان ئێستا ئومێدەوارن لەگەڵ تەواوبوونی بەنداوی گۆمەسپان کە لەو ساڵانەدا دەست بەجێبەجێکردنی کراوە، بتوانرێ کێشەی کەمبوونەوەی ئاو لە سنوورەکەیاندا چارەسەر بێت. دروستکردنی بەنداو چارەسەرێکە بۆ کێشەی کەمئاوی و پیسبوونی ژینگە. کەس چاوەڕێی ئەوە ناکات ئەو کۆمپانیایە کە لەو کێڵگەیەدا کاردەکات، پڕۆژەیەك جێبەجێ بکات ژینگەی ناوچەکە لە تێکچوون ڕزگار بکات و ژیان بۆ زەوییە زیانلێکەوتووەکان بگەڕێنێتەوە. ئەمەش لێرەدا پرسیارێکی ئاشکرا دەوروژێنێت "ئەو پارەیە بۆ کوێ دەڕوات کە بۆ ژینگە تەرخانکراوە؟" لە پێداچوونەوەی گرێبەستی کێڵگەی نەوتی تەقتەق لە ساڵی ٢٠٠٨دا، لەکاتێکدا بوو کە کێڵگەکە لە قۆناغی پەرەپێدان بوو، کۆمپانیاکە ڕاستەوخۆ بە پێدانی (٣٠٠) هەزار دۆلاری ساڵانە پابەندکراوە. بەو شێوەیە، لە بەدواداچوونی گرێبەستەکاندا دەردەکەوێت، بڕی گشتی پارەکە لە ساڵانی دواتردا، بەگشتی بۆ (١٥٠) هەزار دۆلاری ساڵانە لەماوەی دۆزینەوە و (٣٠٠) هەزار دۆلاری ساڵانە لەماوەی پەرەپێدان دیاریکراوە. بە بوونی زیاتر لە 40 کێڵگەی وەبەرهێنراو و بە گریمانەی کەمترین بڕی کۆکراوە لە هەر کۆمپانیایەك (150 هەزار دۆلار)، ئەو کۆمپانیایانە کە لە کەرتی نەوتی هەرێمدا کاردەکەن، دەبوو لە ساڵی 2006ەوە ساڵانە بۆ "پاڵپشتی ژینگە" زیاتر لە شەش ملیۆن دۆلار بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بدەن، بەڵام لە راستیدا هیچ پڕۆژەیەکی کاریگەر نەکراوە بۆ پاڵپشتی ڕاستەوخۆی ژینگە یان پاڵپشتیکردنی ژێرخان و خزمەتگوزارییەکان لەو ناوچانەدا. تێکچوونی بارودۆخی ژینگەیی و تەندروستی زۆر لە چاودێران و شارەزایانی بواری ژینگە لەوانەی کە پەیوەندیمان پێوەکردن پێیانوایە گەشەی چالاکییەکان لە پیشەسازی نەوت و گازی کوردستاندا، بارودۆخی ژینگەیی و تەندروستی هەرێمی کوردستان بەرەو خراپتر چووە و هۆکاری پیسبوونی ژینگە بۆ چالاکییەکانی نەوتی بەگشتی دەگێڕنەوە. چ لە قۆناغی بەرهەمهێنان یان لە قۆناغی پاڵاوتن و پڕۆسە پەیوەندیدارەکانی دیکە لە پیشەسازی نەوت و گازدا. هەموو بەیانییەك بە درێژایی ساڵی 2024 و مانگەکانی یەکەمی ساڵی 2025، پاککەرەوەی ماڵی کارمەندی خانەنشین (ح. س) لە یەکێك لە ناوچە دیار و پێشکەوتووەکانی هەولێردا حەوشەی ماڵەکە پاك دەکاتەوە کە چینێکی تەنکی دووکەڵی دامەزراوە نەوتییەکانە. ئەو لەکاتێکدا کە بەدەست خەریکی پاککردنەوەی ئەو مێزە گەورەیە بوو کە لەناو باخچەکەیاندا دانرا بوو، پاشان کفنی دەکاتەوە بۆ ئەوەی گەردیلە ڕەش و خۆڵەمێشییەکان دەربکەون. سەری بەرز دەکاتەوە بۆ ئاسمان، دەڵێت "هەوا پیس بووە، هەمووان لە هەولێر ئەوە دەزانن، دۆخەکە ناوبەناو باشتر دەبێت، پاشان دیسان خراپتر دەبێتەوە، هیچ ڕووەکێکی چڕ لە دەوروبەری هەولێر و ناوچە پیشەسازییەکان نییە بۆ ئەوەی ڕێگری لە گەیشتنی ئەو ژەهرە بە ئێمە بکات". لەو ساڵانەدا، زۆرترین پەنجە بۆ پیسبوونی هەوای هەولێر ڕادەکێشرێت، ئاسمانی شارەکە بەردەوام بە چینێکی بۆر و خۆڵەمێشی داپۆشراوە و وا دەردەکەوێت بارودۆخەکە لە گەڕەکەکانی سەنتەر و ڕۆژئاوای شارەکە زەقترە. بەرپرسان و چاڵاکان و پسپۆڕان هۆکارەکەی دەگەڕێننەوە بۆ هەبوونی پاڵاوگە نایاساییەکانی نەوت و چەند کێڵگە و پڕۆژەی نەوتی لە ڕۆژئاوای شارەکەدا، لەناویاندا کێڵگەی نەوتی خورمەلە و هەولێر. ئەو بارودۆخە هاوکاتە لەگەڵ کەمی ڕێژەی سەوزایی لە شارەکاندا، هەرچەند بەرپرسانی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە و لایەنە پەیوەندارەکان لە حکومەتی هەرێم، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ڕێژەی سەوزایی لە شارێکی وەک هەولێردا بە ١٩.٥٪ گەیشتووە، لەکاتێکدا ڕێژەی ستانداردی سەوزایی بۆ شارەکان ١٥٪یە. بەڵام ڕێکخراوە چاودێرەکان ئەو ڕێژەیەی سەوزایی بە دروست نازانن، چونکە لەو ڕێژەیەدا ڕووبەری داپۆشراو بە گوڵ و چیمەن ڕەچاوکراوە، لەکاتێکدا لە پرسی گۆڕانی کەشوهەوادا تەنیا ڕووبەری داپۆشراو بە درەختی سێبەردار ڕەچاو دەکرێت، لەو ڕووەیشەوە بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی هەسار کە لە بواری ژینگە و سەوزایی کار دەکات، ڕووبەری سەوزایی هەولێر بەگوێرەی درەختی سێبەردار تەنیا ڕێژەی ٢.٠٧٪ دەبێت. بارودۆخە ژینگەییەکە کارتێکەری جددی لەسەر دۆخی تەندروستی هاووڵاتییان هەیە. لەبارێکدا ساڵانە ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستاندا هەڵدەکشێت. هەرچەند بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی پێداگیری لەسەر ئەوە دەکەن، کە ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستاندا لەخوار ستانداردی جیهانییە. د. خالس قادر پزیشکی پسپۆڕ ڕوونی دەکاتەوە، بەپێی ستانداردە جیهانییەکە بۆ هەر ١٠٠ هەزار کەس، ١٩٠ تووشبووی شێرپەنجە هەیە، لە هەرێمی کوردستاندا لەناو هەر ١٠٠ هەزار کەس ١٥١ تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراوە. ئاماژەشی دا بەوەی کە "گرفتەکە لەوەیە ئێستا ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان زۆر بەخێرایی هەڵدەکشێت". نموونەش بۆ ئەمە دەهێنێتەوە و کەە بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ ڕێژەی تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان بۆ هەر ١٠٠ هەزار کەس کەمتر بووە. پارەی بێسەر و شوێن!! دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، دامەزراوەیەکی حکومییە و پاڵپشت بە یاسای ژمارەی ٨ی ساڵی ٢٠٠٨ دامەزراوە؛ ئەرکەکەی ڕەزامەندیدانە لەسەر پڕۆژەکان لە هەر بوارێکدا بن، هەروەها چاودێریکردنی پابەندێتی کۆمپانیا و پڕۆژەکان بە مەرجەکانی ژینگەپارێزی و هەڵسەنگاندنی کاریگەرییەکانی ژینگەیی لە پڕۆژە جیاجیاکاندا و بەو شێوەیەش دەسەڵاتی ڕەتکردنەوەی مۆڵەتی پڕۆژە و دواتریش سزادانی هەر پڕۆژەیەکی هەیە بەهۆی پابەندنەبوون بە ڕێوشوێنەکانی ژینگەپارێزییەوە. ڕەزاق خەیلانی کە ساڵانێك بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە بوو سەرەتای ساڵی 2025 خانەنشین کرا، لە کۆمێنتێکیدا دەربارەی پارەی تەرخانکراو بۆ پاڵپشتی ژینگە، دەڵێت "دەزانین پارەی پاڵپشتی ژینگە لە کۆمپانیاکانی نەوت وەرگیراوە،" بەڵام "هیچ زانیارییەکمان لەسەر پارەکە و چۆنیەتی بەکارهێنانی نییە". هەروەها روونیکردەوە کە دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، "بەدواداچوونی لەسەر ئەو پارەیە کردووە، کە بەناوی پاڵپشتی ژینگەوە لە کۆمپانیاکانی نەوت وەردەگیرێت،، "وەڵامەکە ئەوە بوو، پارەکە خراوەتە سەر هەژمارێکی تایبەتی بانکییەوە "بەڵام ئێمە وەك دەستەی ژینگە نازانین چۆن خەرجکراوە و تەنیا یەک سەنت لەو پارەیەشمان بەدەست نەگەیشتووە". دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە خۆی، سندووقی ژینگەی هەیە و داهاتەکەی لە تەرخانکراوی دارایی حکومەت، کۆمەک و بەخشینەکان، کرێ و ڕسومات و ئەو سزا و پێبژاردنە داراییانە پێکدێت، کە بەسەر کۆمپانیا و پڕۆژە سەرپێچیکارەکانی ژینگەدا دەسەپێندرێت، ئەوەش جگە لە سندووقی ژینگە کە لە پڕۆسەکانی نەوتی و بەگوێرەی یاسا و گرێبەستەکانی نەوت دامەزراوە. بەڵام خەیلانی دەڵێ "حکومەت هیچ تەرخانکراوێکی دارایی نەخستووەتە ناو سندووقی ژینگەوە، بەڵکو داهاتەکە لە بەکرێدان و ڕسوومات و پێبژاردنە داراییەکانی کۆمپانیا سەرپێچیکارەکانی یاسای ژینگەوە بەدەست دێت". ئاشکراشیکرد کە "دەستەکە نەک هەر پارەی پاڵپشتی ژینگەی لە کۆمپانیاکانی نەوتەوە بەدەست نەگەیشتووە، بەڵکو دەسەڵاتی بەسەر بەکارهێنان و خەرجکردنی ئەو پارەیەشدا ناشکێت، کە لە سندووقی ژینگەی سەربە دەستەی ژینگە خۆیەتی". لەهەمانکاتدا هیچ زانیارییەکیشی دەربارەی خەرجکردنی پارەکە نییە لەلایەن حکومەتەوە". هەروەها بڕە پارەکەی سندووقی ژینگەی بە "زیاتر لە یەك ملیار دینار خەملاند". دووپاتیشیکردەوە کە تا ئێستا دەستەی ژینگە "یەك دیناریشی لێ رانەکیشاوە چونکە دەسەڵاتی بەکارهێنان و خەرجکردنی پارەکەی نییە". بەو پێیەش بێت دەستەی ژینگە زانیاری نییە کە ئایا داهاتی سندووقەکە لەلایەن حکوومەتەوە خەرجکراوە یان نا، چونکە لە کاتی دامەزراندنی دەستەکەوە لە ساڵی ٢٠٠٨، خۆیان نەیانتوانیوە هیچ پارەیەک لەو هەژمارە بانکییەوە ڕابکێشن. باس لەوەش دەکات کە " لە دەسەڵاتی خەرجکردنی پارەکەدا گرفتێکی یاسایی هەیە، پەیوەستە بە یاسای دەستەی ژینگەوە، لە ساڵی ٢٠١٥دا پڕۆژەی هەموارکردنەوەی یاساکەمان گەڵاڵە کرد، بەڵام بەهۆی ڕێگری لە سەرۆکی ئەوکاتی پەرلەمانەوە، پەرلەمان پەکخرا و پڕۆژەکە وەک خۆی مایەوە". ئەو یاسایەی خەیلانی ئاماژەی بۆ دەکات، یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگەیە، کە لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە دەرکراوە و هێشتا دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٨ ساڵ نەتوانراوە چارەسەری ئەو گرفتەی تێدا بکرێت کە پەیوەستە بە چۆنیەتی بەکارهێنانی داهاتی ژینگەوە، هیچ هەوڵێکیش نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، بەتایبەتی کە دەبینین پەڕلەمان بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە پەککەوتووە و هیچ دانیشتنێکی ئەنجامنادات تەنانەت لەدوای پرۆسەی هەڵبژاردنەکانیش کە لە مانگی ئۆکتۆبەری رابردوودا بەڕێوەچوو. هاوکات وتەبێژی پێشووی دەستەی پاراستنی ژینگە رەتیدەکاتەوە هیچ زانیارییەکی هەبێت پڕۆژەی ژینگەیی لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە جێبەجێکرابێت و وتی "دەربارەی هیچ پڕۆژەیەك ئاگادار نەکراوینەتەوە و بەهیچ شێوەیەك لەمبارەیەوە قسە لەگەڵ دەستەی ژینگە نەکراوە". هیچ پڕۆژەیەکی ژینگەیی ئەنجام نەدراوە سەرەڕای ئەوەی کۆمپانیاکانی نەوت پابەندکراون بە پێدانی بڕە پارەیەکی ساڵانە بەناوی پاڵپشتی ژینگەوە، بەڵام لەوەتەی دامەزراندنی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ٢٠٠٦ەوە تا ئێستا، هیچ پڕۆژەیەکی ژینگەیی بە پارەی سندووقی ژینگە ئەنجام نەدراوە ئەو لایەنانەی کە پەیوەندییان پێوەکراوە، بێئاگایی خۆیان نیشاندا لە بوونی پڕۆژەی تایبەت بە پاڵپشتی ژینگەیی کە لە پارەی سندوقی ژینگەدا ئەنجامدرابێت، و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیش لەسەرەتای دامەزراندنیەوە لە ساڵی ٢٠٠٦ ڕوونکردنەوەی لەسەر پارەکە نەبووە. لای خۆیەوە ڕێکخراوی ڕوونبین بۆ شەفافیەت لە پڕۆسەکانی نەوت، کە ڕاپۆرتی چاودێری و هەڵسەنگاندن لەبارەی پڕۆسەکانی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە، بەهەمان شێوە، جەخت لە ناڕوونی و نادیاری لە پارەی پاڵپشتی ژینگە دەکاتەوە. یادگار سدیق پسپۆڕی نەوت و سەرۆکی ڕێکخراوەکە، دەڵێ، تەنیا ئەوەندە زانیارییە هەیە کە لە یاسای نەوت و گرێبەستەکانی نەوتدا، کۆمپانیاکان پابەندکراون بە پێدانی پارەی پاڵپشتی ژینگە و هەروەها قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانە ژینگەییانەی لە پڕۆسەکانی نەوتی دەکەونەوە. دەشڵێت کە "هیچ زانیارییەك نییە بیسەلمێنێت پارەکە لە پاڵپشتی ژینگە خەرجکراوە". لەنێوان ساڵانی ٢٠١٤-٢٠٢٣دا بەر لەوەی پەرلەمانی کوردستان پەکبخرێت، بەگشتی بەهۆی شەڕی داعش و ناکۆکییە سیاسییە توندەکانی نێووان هێزە سیاسییەکانەوە پەڕلەماند بە دۆخێکی نائاساییدا تێپەڕ بووە و لەوەتەی ساڵی ٢٠١٣یشەوە هیچ یاسایەکی بودجە پەسەند نەکراوە، ئەوەیش ئەوەندەی دیکە ناڕۆشنی لە سەرجەم داهات و خەرجییەکان بە داهاتەکانی نەوتیشەوە دروست کردووە. د. یادگار سدیق وایدەبینێت کە "بەو حاڵەیشەوە، چاوەڕوانی زیاتر لە دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە هەیە کە بە ئەرکی چاودێریکردنی خۆی هەستێت و وا دەردەکەوێت لەوڕووەوە لە ئاستی چاوەڕوانیدا نییە". پێداگیریش دەکات لەسەر ئەوەی کە "دەبێت دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە وەك لایەنی تایبەتمەندی ژینگە لە کوردستان بە ئەرکی چاودێریکردنی پڕۆسەکانی نەوتی لەڕووی ژینگەییەوە هەستێت، بەڵام بەو ئەرکەی خۆی هەڵنەستاوە؛ لە چاودێریکردنی ژینگە لە پڕۆسەکانی نەوتی و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ پاشماوەکانی بەکارهاتوو لە پیشەسازی نەوت، لەکاتێکدا کاریگەری دەرهاوێشتەکانی نەوت لەسەر ڕەگەزە سەرەکییەکانی ژینگە، لە ئاو، خاک و هەوا لەڕادەبەدەرن". پڕۆژەکانی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی دوور لە تەرخانکردنی سندوقی ژینگە، ڕاپۆرتەکانی هەندێک کۆمپانیا کە لە کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن ئاماژە بەوە دەکەن کۆمپانیاکان لە چوارچێوەی مۆڵەتەکانیان یان لە سنووری چالاکییەکانیاندا هەندێك پڕۆژەی ژینگەیییان ئەنجامداوە، لە چوارچێوەی ئەوەی کە بە "تەرخانکراوەکانی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی" ناسراوە. بە گوێرەی ئەوانەی بەدواداچوونیان بۆ ئەم دۆسییەیە کردووە ئەم پرۆسەیەش هیچ پەیوەندییەکی بە سندوقی ژینگە و پارەی پاڵپشتی ژینگەوە نییە. خودی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەڕێگەی ماڵپەڕە فەرمییەکەیەوە، جەختی لەسەر پابەندبوونی کۆمپانیاکانی نەوت بە بەخشینی پارەی پاڵپشتی ژینگە کردووەتەوە. وەزارەتەکە دەڵێت "بەپێی گرێبەستەکانی بەرهەمهێنانی هاوبەش، کۆمپانیاکان دەبێت پابەند بن بەوەی هەموو ساڵێک بەشداربن لە بەخشینی پارە بە سندوقی ژینگە. پێویستە پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی کارپێکردنی پیشەسازی نەوت بهێننە دی و پەیڕەوی لە یاساکانی هەرێمی کوردستان بکەن لە پێناو بەرگرتن لە پیسبوون و پاراستنی ژینگەدا. ئەمەش پاراستنی ڕووەک و ئاژەڵ و موڵک و ماڵ و ناوچەکانی کشتوکاڵ و ماسی بەخێوکردن دەگرێتەوە. لەنێو پابەندییەکانی تر کە لە گرێبەستەکاندا دانراوە قەدەغەکردنی زەرەرگەیاندن بە ژینگە دەگرێتەوە لە کاتی دروستکردنی هێڵی بۆڕی و هەڵوەشاندنەوە یان تەسلیمکردنەوەی ناوچەی گرێبەست بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی کارپێکردنی پیشەسازی نەوت". دیارە وێنەکە لە واقیعدا جیاوازە، ئەوەتا هەردوو ڕێکخراوی لۆکاڵی و نێودەوڵەتی (ڕێکخراوی مەسەللـەی عێراقی و ئێن پی ئەی نەرویجی) ساڵی ٢٠١٣ لە چوارچێوەی پڕۆژەی چاودێریکردنی پابەندبوونی کۆمپانیاکانی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بنەماکانی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و لەناویاندا بنەمای ژینگەپارێزییدا ڕوونیان کردەوە، تەنیا لە قۆناغی گەڕان و پشکنین بەدوای نەوتدا، کۆمپانیاکانی نەوت لە بلۆکی نەوتی شەقڵاوە-هەریر، لانیکەم (٧٠٠٠) درەختیان لەناوبردووە و زیانیان بە نزیکەی (١٤٠٠٠) درەختی دیکە گەیاندووە. دوابەدوای پەردەهەڵماڵین لەوبارەیەوە، کۆمپانیای هێسی ئەمریکایی، دەستی کرد بە بونیادنانی ناوچەی دارستانی کەسنەزان لە ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر وەک بەشدارییەک لە پاڵپشتی ژینگە یان قەرەبووکردنەوەیەکی زیانە ژینگەییەکانی دروستی کردبوون. بەڵام هەر خەرجییەک لەوبارەیەوە، پەیوەست نییە بە تەرخانکراوی دارایی بۆ سندووقی ژینگە، کە بەپێی گرێبەستە نەوتییەکان کۆمپانیا دەبێت پارەکە بە حکومەت بدات. وەزارەتی سامانە سروشتییەکان خۆی، تەنیا ئاماژەی بە دوو چالاکی ژینگەیی لە دوو کۆمپانیای نەوت دەدا، یەکەمیان کۆمپانیای تالیسمان ئێنێرجی، کە "لە تەممووزی 2012ەوە نزیکەی یەک ملیۆن بوتڵی خواردنەوەی پلاستیکی لە شوێنی کارکردنیاندا کۆکردووەتەوە" و دووەمیان کۆمپانیای ماراسۆن ئۆیڵ کە "یارمەتیدەر بووە لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ گوندنشینان لەڕێگەی لێدانی بیرێکی ئاوەوە لە گوندی بێستانە، و تیمەکانی کۆکردنەوەی زبڵیان پێکهێناوە بۆ کۆکردنەوەی پیسی لە گوندەکانی نزیک چالاکییەکانیان. لە قەزای هەریر(٧٠کم باکوری رۆژهەڵاتی هەولێر)، کۆمپانیای ماراسۆن ئۆیڵ یارمەتی جوانکردنی قەزاکە دەدات لە ڕێی بەرنامەیەکی درەخت چاندنەوە". کۆکردنەوەی پاشماوەی زبڵ لەلایەن کۆمپانیای تی تی ئۆپکۆی (TT OPCO) سەرکاری کێڵگەی نەوتی تەقتەقیشەوە لە گوندەکانی دەڤەرەکە دەکرێت، بەڵام ئەو چالاکییانە، زۆر سنوودارن بەراورد بە دەرهاوێشتەی پیشەسازی نەوت لەسەر ژینگە و پەیوەندیشیان بە پارەی پاڵپشتی ژینگەوە نییە کە بەرپرسیارێتییەکی دیکەی کۆمپانیاکانە نەوت بەپێی ئەو گرێبەستانەی ئیمزایان کردووە. چاودێری ژینگەیی لە کێڵگەکانی نەوتدا بەدووری نزیکەی ٣٠کم لە باشووری ڕۆژئاوای هەولێر کە یەکێک لە گەورەترین کێڵگە بەرهەمهێنەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان لەخۆدەگرێت-کێڵگەی خورمەلە- هاوکات بە یەکێک لە ناوچەکانی ژێر کارتێکەری گۆڕانی کەشوهەوا لە هەرێمی کوردستان دەستنیشان کراوە. ناوچەکە کەمترین ڕووبەری سەوزایی هەیە لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێردا و لە دەشتێکی وشک و بریشک پێکدێت. جیا لەوەی کە سەدان پاڵاوگەی نایاسایی نەوتیش لەخۆدەگرێت. هەرچەند بەمدواییە پارێزگاری هەولێر بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکانی ڕاگەیاند، بەڵام پاڵاوگەکان دانەخران و بڕیارەکەیش وەک چەندین بڕیاری دیکە کە لەماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵی ڕابردوو دەرکراون، هەر لەسەر کاغەز مایەوە. عەبدولقادر زێندین جووتیارێکی دەڤەرەکەیە و دەڵێ: "کۆمپانیای نەوت و پاڵاوگەکان بوونەتە بەڵایەکی گەورە بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچەیە، دووکەڵی بەردەوام و جۆگەلەی پاشماوەی نەوتی، هەمووانی هەراسان کردووە. پڕۆژەیەکی ژینگەیی لە سنوورەکەماندا نییە و بەڵکوو لە هەندێک شوێندا ئاوی خواردنەوەش بە زەحمەت پەیدا دەبێ". ئەو لەگەڵ قسەکانیدا دەست بۆ ئەو دووکەڵە خۆڵەمێشییە درێژ دەکات کە شوێنەکەی تەنیوەتەوە، و ئاماژە دەدات بەوە یە کە سەرەڕای ئەمەش هێشتا هیچ پڕۆژەیەکی ژینگەیی لە ناوچەکەماندا نییە.. هیچ هەوڵیك نییە بۆ باشتریکردنی ژیان". ئەو زیاتر دەڵێت "خاوەن پڕۆژەکانی نەوتی نەك ئەوەی ژینگەی ناوچەکەیان بە تەواوەتی پیس کردووە، بەڵکوو لە زۆر شوێن ئامادەنەبوون قەرەبووی ئەو جووتیارانەش بکەنەوە کە زەوییەکانیان داگیرکردوون و بۆ پڕۆژەکانیان بەکاری دەهێنن". ئەوە لە کاتێکدایە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان خۆی لەڕێگەی ماڵپەڕە فەرمییەکەیەوە بانگەشەی بۆ دەکات پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستاندا بە هۆی سێ یاسا و بەڵگەنامەوە پاڵپشتی دەکرێت: یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە؛ یاسای نەوت و گاز؛ گرێبەستەکانی بەرهەمهێنانی هاوبەش و لەو ڕووەیشەوە دەڵێ "ئەم بەڵگەنامانە کۆمپانیاکان پاپەند دەکەن بەوەی کە پێش دەستکردن بە هەر چالاکییەکی بازرگانی یان پیشەسازی، هەڵسەنگاندنی کاریگەریی لەسەر ژینگە ئەنجام بدەن لەپێناو قەرەبووکردنەوەی هەر زەرەر و زیانێك کە بە کشتوکاڵی خاوەن زەوییەکان و زەویوزاری دەوربەریان دەگات". سەرەڕای بانگەشەی وەزارەتەکە، پاش چەندین ساڵ لە دەستکردن بە پڕۆژەکانی نەوتی، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٥دا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕێنمایی ژمارە ١ی ساڵی ٢٠١٥ی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی کاریگەریی ژینگەیی لە پڕۆسەکانی نەوتی کوردستان دەرکرد. ڕێنماییەکە کۆمپانیاکانی نەوت پابەند دەکات بە پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی کاریگەرییە ژینگەییەکان لە چالاکییەکانی نەوتیدا، بەڵام هێشتا ناوەڕۆکی هیچ ڕاپۆرتێکی هەڵسەنگاندن بۆ ڕای گشتی ئاشکرا نەکراوە. لای خۆیەوە دەستەی ژینگە چەندین ڕێنمایی تایبەت بە چاودێری ڕەگەزەکانی ژینگەیی و بەدواداچوون و بەرزەفتکردنی سەرپێچییە ژینگەییەکان دەرکردووە. لەناویاندا ڕێنمایی تایبەت بە پاراستن و چاککردنی هەوا ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢١ و ڕێنمایی بەدواداچوون و بەرزەفتکردنی سەرپێچییە ژینگەییەکان ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٣. بەڵام لە هیچ کام لە ڕێنماییەکاندا، ئاماژە بە چاودێریکردنی پڕۆسەکانی بەدواداگەڕان و بەرهەمهێنانی نەوت نەکراوە، لەکاتێکدا جەخت کراوەتە سەر پاڵاوگەکانی نەوت، مۆلیدەکان و پڕۆژە کشتوکاڵی و شارەوانییەکان. رەزاق خەیلانی لەمبارەیەوە دەڵێت "چاودێری و بەدواداچوونمان نییە لەسەر پڕۆسەکانی نەوتی لە خاڵی بەرهەمهێناندا". هێماش بۆ ئەوە دەکات کە دەستەی ژینگە، تیمی چاودێری هەیە بەدواداچوون لەسەر لایەنەکانی ژینگەیی لە پڕۆژە و دامەزراوە جیاجیاکان دەکەن، بەڵام تا ئێستا بەدواداچوونیان لە هیچ کێڵگەیەکی نەوتدا نەکردووە، سەبارەت بە هۆکارەکانیش دەڵێت "چاودێریمان بەسەر کێڵگەکانی نەوتەوە نییە، دەزانین ڕێگری هەیە و لەبەرئەوە هەر لە سەرەتاوە تیمەکانمان بۆ کێڵگەکانی نەوت نەچوون". چەندین سەرچاوەی جیاوازی ژینگەیی و رۆژنامەوانی لەوانەی کە پەیوەندیمان پێوەکردووە، دووپاتی دەکەنەوە کە "سنووری کێڵگەکانی نەوتی بە هێزەکانی ئاسایشی سەربە دەوڵەت و کۆمپانیا تایبەتەکانی سکیوریتی تەوق دراون، ئەو سنوورە بە هەمان شێوە بۆ میدیاکارانیش کراوە نییە و ناتوانن بەدواداچوون و ڕووماڵی میدیایی لە نزیک کێڵگە و پڕۆژەکانی نەوتی بکەن". بیلال سەعید ڕۆژنامەوان دەڵێ "ڕۆژنامەوانان ناتوانن بەدواداچوون لە کێڵگەکانی نەوت و گازدا بکەن، چونکە هەموویان بە بازنەی ئەمنی تەوق کراون و ڕێگری لە میدیاکاران دەکەن". دەستەی ژینگە هەرچەند تاکە دامەزراوەی تایبەتمەندی ژینگەیە لە هەرێمی کوردستاندا و یاساکان دەسەڵاتی بەرفراوانی پێدەدەن، بەڵام لە پراکتیزەکردندا تەنانەت هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ کۆمپانیا سەرکارەکانی نەوت نییە و نەیتوانیوە چاودێری ژینگەیی لە کێڵگەکانی نەوتیشدا بەڕێوە ببات. ڕەزاق خەیلانی کە ساڵانێک بەڕێوەبەری تەکنیکی دەستەی ژینگە بووە، دانبەوەدادەنێت تەنیا پەیوەندییان لەگەڵ کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری نەوت هەیە، زیاتر لە ڕووی ڕەزامەندیدان و چاودێری لەسەر هێنان و بەکارهێنانی ماددە تیشکاوییەکاندا. بۆ ئەمەش د. یادگار سدیقی پسپۆڕی بواری نەوت وایدەبینێت کە "دەبێت ڕۆڵی زیاتر بە دەستەی ژینگە بدرێت، لە چاودێریکردنی ژینگە لە پڕۆژەکانی نەوتی و دەرکردنی ڕاپۆرتی بەردەوام بۆ ڕای گشتی، بە جۆرێک کە ئاستی پابەندێتیی کۆمپانیاکان بە بەکارهێنانی پێوەرە ستانداردەکانی ژینگەیی لە پراکتیزەکردنی پڕۆسەکانی نەوتدا ڕوون بکاتەوە". هەڵکشانی نیگەرانییەکان لەبەرانبەر تێکچوونی بارودۆخی ژینگەیی لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستاندا و لەڕووی کوالێتی هەوا و خاک و ئاوەوە، پاڵ بە حکومەتەوە دەنێت بۆ لەبەرگرتن و توندکردنی ڕێکارەکانی ژینگەپارێزیی وەک یەکێك لە ئەرکە لەپێشینەکان. بەگوتەی ئاسۆ کانەبی چالاکی بواری ژینگە، ئەو ڕێوشوێنانەی لەماوەی ڕابردوودا حکومەت بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە گرتوونیەتەبەر، ڕێوشوێنی سەرەتایین، لەناویاندا داخستنی چەند پاڵاوگەیەکی نایاسایی یان پاککردنەوەی پاشماوەکان، بەڵام لەهەمانکاتدا "پێویستی بە لەبەرگرتنی سیاسەتێکی تۆکمەی ژینگەیی دەبێت لەڕێگەی تەرخانکردنی دەرماڵەکانی تایبەت بە ژینگە کە لە یاسا و گرێبەستەکانی نەوتدا هاتوون، هەروەها پابەندکردنی کۆمپانیاکان بە قەرەبووکردنەوەی زیانە ژینگەییەکان و بەشداریکردنیان لە کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە، لە کاتێکدا کۆمپانیاکان ملیۆنان دۆلار لەو ناوچەیە بەدەستدەهێنن، پێویستە بەشداری جددیشیان هەبێت لە وەڵامدانەوە بەرانبەر بە پیسبوونی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا لە ناوچەکەدا". -ئەم بەدواداچوونە بەسەرپەرشتی تۆڕی نیریج بۆ رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاری بەرهەمهاتووە.