نەتەوە یەكگرتووەكان و ئێران پێكهێنانی حكومەتی عێراق تاوتوێدەكەن
2018-09-06 14:32:17
( درەو میدیا):
زیاد لەسەرچاوەیەكی سیاسی، باس لە دەستپێشخەرییەكی نوێ دەكەن بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سیاسی عێراق و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، لەڕێی لێكنزیكردنەوەی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح و سەركردەكانی بەرەی بەرامبەر بەتایبەتی موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدر و عەممار حەكیم سەرۆكی ڕەوتی حیكمە، بە مەبەستی پاڵدانی عامری بە هاوپەیمانێتیەكەیان و پێكهێنانی حكومەتی نوێ و پەراوێزخستنی نوری مالیكی لە دیمەنی سیاسی داهاتوو وەك مەرجێكی سەرەكی سەدر.
سەرچاوەیەكی سیاسی باڵا بە ڕۆژنامەی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید)ی، وتووە، ئەو دەستپێشخەرییە تازەیە چەند لایەنێك سەرپەرشتی دەكەن بۆ ڕاكێشانی ڕێكخراوی بەدر و چەند پەرلەمانتارێك لە لیستی فەتح بۆ سەربازگەی (سەدر-عەبادی) لەپێناو پێكهێنانی حكومەت، ئەوەش دوای ئەوەی عامری گەیشتوەتە ئەو بڕوایەی كە پێكهێنانی هەر حكومەتێك بەبێ سەدرییەكان ناتوانێت بەرگەبگرێت.
لای خۆیەوە، عەبدوڵا زەیدی سەركردە لە كوتلەی (چاكسازی و بنیاتنان)، بونی هەر گفتوگۆیەكی لابەلای لەنێوان هەردوو هاوپەیمانی فەتح و سائیرون سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو دوور لە هاوپەیمانێتیەكەیان ڕەتكردوەتەوە و ڕاشیگەیاندووە، هەر گفتوگۆیەك ئەنجامبدرێت لە چوارچێوەی كوتلەی گەورەدایە نەك لە دەرەوەی.
زەیدی لە لێدوانێكدا بۆ سۆمەرییە نیوز تەئكیدیكردووە، هەندێك لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن هەواڵی ناڕاست لەبارەی بوونی گفتوگۆی لابەلا لەنێوان سائیرون و فەتح بڵاودەكەنەوە بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلە، دوور لە كوتلەی (چاكسازی و بنیاتنان) كە بەمدواییە پێكیانهێناوە.
ڕاشیگەیاندوە، گفتوگۆی سەركردە سیاسییەكان بەردەوامدەبێ و كوتلەكەشیان كراوەیە بەڕووی هەمواندا لەسەر بنەمای پرۆژەی زۆرینەی نیشتمانی و پێشیانوایە، بونی فەتح لە چوارچێوەی بڕیاری سیاسییدا كارێكی پێویستە بۆ سەقامگیری حكومەت و سەركەوتنی لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و دابینكردنی داواكارییەكانی جەماوەر.
ڕێككەوتنی دوو بەرە شیعییەكەیە تاكە چارەسەرە
مەنسور بعێجی، سەركردە لە(ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا) ڕایگەیاندووە، هەوڵی چڕ هەیە بۆ دروستكردنی سازان لەنێوان هاوپەیمانی فەتح و هاوپەیممانێتی بەرامبەر كە سەدر و نەسر لەخۆدەگرێت، ئەو پەرلەمانتارە باسی لە دەركەوتنی ئاماژەی ئیجابی كردووە و وتوشەیەتی هەوڵەكان بەردەوامن بۆ لێكنزیبوونەوە، بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە كوردەكان ئیستیغلالی دابەشبونی ناوماڵی شیعە و قەیرانی سیاسیانكردووە و داواكاری زۆریان هەیە و مەرجی زۆر دەسەپێنن.
بڕواشی وایە، لە كۆتاییدا حكومەتی پشكێنە پێكدێت، چونكە بەبێ نزیكبونەوە و ڕێككەوتنی هەردوو بەرەكە، حكومەت دروستنابێت و هەر لایەنێكیش پێكیبهێنێت بەرگەی 6 مانگ ناگرێت.
یان كۆبیچ لە تارانە و پێكهێنانی حكومەت تاتوێدەكات
بڵاوبوونەوەی ئەو زانیارییانە لە كاتێكدایە، یان كۆبیچ نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ئێوارەی دوێنێوە بەسەردانێك گەیشوەتە تاران بۆ تاوتوێكردنی دۆسیەی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی ئێران.
ئاژانسی "ئیرنا" ی ئێرانی لەبارەی سەردانەكەوە بڵاویكردوەتەوە، (ئەمیر عەبدولئیلاهیان) یاریدەدەری تایبەتی سەرۆكی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی لە تاران پێشوازی لە یان كۆبیچ كردووە و پێكەوە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوویان تاوتوێكردووە.
بڵاوبونەوەی دەنگۆی هەوڵێكی نوێ بۆ لێككنزیكردنەوەی عامری و سەدر لە كاتێكدایە، پێشتر عەلی سنێد ئەندامی ئیئتیلافی نەسر ئاماژەی بەوەكردبوو، ئیئتیلافەكەیان و هاوپەیمانی سائیرون لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەندامانی هاوپەیمانی فەتح سەرقاڵی پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانین و ئەندامەكانی فەتح ئامادەییان پێشانداوە بچنە پاڵ هاوپەیمانێتییەكەیان.
ئەحمەد ئەسەدی وتەبێژی هاوپەیمانی (فەتح)یش، لەبەیاننامەیەكدا وەڵامی داوەتەوە و دەڵێت: هاوپەیمانێتییەكەیان یەكێك لە توندوتۆڵترین هاوپەیمانێتییەكان و هیچ ئەندامێكیشیان ئامادەیی خۆی پێشیان نەداوە بچێتە كوتلەكەی بەرامبەریان، ئەو هەوڵانەشی ڕەتكردەوە كەباس لە بوونی هەر حاڵەتێكی لەو شێوەیە دەكات.