بەسرە بە ژمارە
2018-09-06 12:19:36
(درەو میدیا):
لەدوای موسڵ، ماوەیەكە ناوی بەسرە كەوتوەتە سەر زاری رۆژنامەكان لە جیهان وەكو ناوچەیەكی پڕ كێشمەكێش، هەندێك زانیاری بە ژمارە لەبارەی پارێزگای بەسرەوە:
• لە رۆژی 11ی مانگی تەموزی رابردووەوە شەپۆلێك خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لەم پارێزگایە دەستیپێكردووە.
• سەرەتای خۆپشاندانەكان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بوو لەدژی كەمی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا.
• مانگی ئابی رابردوو جارێكی تر خۆپیشاندانەكان دەستیان پێكردەوە، بەڵام ئەمجارەیان بەهۆی پیسبوونی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی پارێزگا.
• ئێستا هەڵمەتێكی نیشتمانی لە زۆربەی پارێزگاكانی عێراق دەستیپێكردووە بۆ پاڵپشتیكردنی خەڵك بەسرە لەڕێگەی ناردنی ئاوی خواردنەوە بۆ خەڵكی ئەو پارێزگایە.
• ژمارەی دانیشتوانی ئەم پارێزگایە، (2 ملیۆن و 818 هەزارو 804) كەسە.
• بەپێی ئامارە نافەرمییەكان، ئاستی هەژاری لەم پارێزگایە گەیشتوەتە رێژەی 50%.
• (ملیۆنێك و 500 هەزار) كەس لە كۆی دانیشتوانی پارێزگای بەسرە لەڕووی بژێوییەوە لە ئاستی خوار و هێڵی هەژارییەوەن.
• ئەمە لەكاتێكدایە داهاتی مانگانەی پارێزگای بەسرە دەگاتە (7 ملیار دۆلار)ە كە بریتییە لە داهاتی هەناردەی نەوت و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە بەندەرەكانەوە.
• بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەكانەوە تائێستا (5) خۆپیشاندەر كوژراون و (41) كەسی تر برینداربوون، لەبەرامبەردا (27) كەس لە هێزە ئەمنییەكان بەهۆی پێكدادان لەگەڵ خۆپیشاندەران برینداربوون.
• ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق دۆسیەی لێكۆڵینەوەی لەبارەی پەلاماردانی خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستپێكردووە.
• خۆپیشاندەران پەلاماری بینای پارێزگای بەسرەیان دا و سوتاندیان، بەپێی زانیارییەكان رێژەی 30%ی بینای پارێزگا بەهۆی هێرشی خۆپیشاندەرانەوە زیانی بەركەوتووە.
• دەنگوباس بڵاوبونەتەوە حكومەتی عێراق بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخی بەسرە بەنیازە هێڵی ئینتەرنێت لەو پارێزگایە رابگرێت، بەڵام وەزارەتی پەیوەندییەكانی عێراق ئەو دەنگۆیەی رەتكردەوە.