(درەو): دەقی راپۆرتێکی نوێی تیمی کوردستانی عێراقی (CPT): لە دوای نزیکەی شەش مانگ لە ڕاگرتنی هێرش و بۆردومانەکانی بۆسەر هەرێمی کوردستانی عێراق بەهۆی دانوستان و پڕۆسەی ئاشتی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان، سوپای تورکیا سێ بۆردومانی لە کوێستانەکانی خنێرە لە سنوری قەزای سیدەکان ئەنجامداو بەشێکی "گەلی ڕەشاڤا"شی لە سنوری ناحیەی دێرەلوک لە پارێزگای دهۆک تەقاندەوە. ئەم پێشهاتانە، جەخت لەسەر ناسکی و لاوازی پڕۆسەی ئاشتی ئەمجارە دەکەنەوە؛ کە هەردوو لا بەردەوامن لە جوڵەپێکردنی هێز، فراوانکردنی تۆڕی ڕێگاوبانی سەربازی، لێدانی تونێلی شەڕ، دروستکردنی بارەگای سەربازی نوێ و بەهێزترکردنی بارەگا سەربازییە کۆنەکان. لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا، بەمەبەستی دروستکردنی "ناوچەی دابڕی ئەمنی" بۆ ئامادەگی سەربازی سوپاکەیان، هێزەکانی سوپای تورکیا، فراوانکردنی تۆڕی ڕێگاوبانی سەربازی و توانای لۆجستی سوپاکەیان بەتایبەتی لە سنوری قەزای ئامێدی گەیاندووەتە قۆناغی کۆتایی. سوپای تورکیا تەواوی بنکەو بارەگا سەربازییەکانی خۆی لە ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین، مەتینا و بەرواری باڵا لەڕێگەی تۆڕی ڕێگاوبانی نوێوە بەیەکەوە بەستۆتەوە و سێ کۆمەڵگەی سەربازی نوێی گەورەشیان لە ناوچەکەدا دروستکردووە کە هەر کۆمەڵگەیەکییان، نەخۆشخانە، بنکەی مەشق و ڕاهێنان و تۆپخانەی تێدا جێگیرکراوە. ئامانج لە دروستکردنی "ناوچەی دابڕ" بۆ دڵنیابوونەوەیە لەوەی کە جموجۆڵی سەربازی سوپای تورکیا و گواستنەوەی کەلوپەل و سەرباز بۆ بنکە سەربازییەکانیان، چیتر پشت بە شەقام و ڕێگا گشتییەکانی ناوچە ئاوەدانەکانی کوردستان نەبەستێت. دەروازەی سەرەکی ئەو ناوچە دابڕە، دەکەوێتە گەلی ڕەشاڤا و لەو دەروازەیەوە سوپای تورکیا دەتوانێت بچێت بۆ هەموو بنکە و بارەگاکانی لە ناوچەکەدا. بۆ دروستکردنی ڕیگای سەربازی بۆ دەروازەی گەلی ڕەشاڤا، لە ڕۆژی ٦ی شوباتدا، سەربازانی تورکیا کەلوپەلی ڕێگاسازییان بۆ دەروازەکە هێنا و ئامرازی تەقەمنییان لە گرد و چیاکانی نزیک گەلییەکە جێگیرکرد و دواتر تەقاندییانەوە. هەروەها بەمەبەستی ڕێگە خۆشکردن بۆ دروستکردنی رێگا سەربازییەکە، ڕێژەیەکی زۆر لە دارستانەکانی گەلی ڕەشاڤایان بڕیەوە. لە ڕۆژی دواتردا، دوو هەلیکۆپتەری سەربازی سوپای تورکیا بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕانەوە و وەکو بەشێک لە مەشقی سەربازی بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵگە سەربازییە تازە دروستکراوەکاندا، پڕیشکەی تەقەمەنییان بەسەر چیاکانی ناوچەکەدا خستە خوارەوە. تەقینەوەکانی ئەم دواییە لە گەلی ڕەشاڤا، بوونە هۆی داڕمانی دوو شوێنەواری مێژوویی بەناوبانگی ناوچەکە کە یەکێکیان (پردی دووشاو)ە و مێژووی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەوڵەتی عەباسی. جگە لەوە، لە ڕۆژی ١٣ی شوباتدا، سوپای تورکیا سێ جار تۆپبارانی بەرزاییەکانی خنێرەی کرد لە سنوری قەزای سیدەکان لە پارێزگای هەولێر. لەدوای ٢٤ی ئابی ٢٠٢٥ەوە ئەمە بە یەکەم هێرش و تۆپبارانی سوپای تورکیا دادەندرێت لە هەرێمی کوردستاندا. لە ساڵی ٢٠٢٥دا، سوپای تورکیا (١،٧١٨) هێرش و بۆردوومانی ئەنجامداوە، کە لەم ژمارەیە (١،٤٢٦) هێرش و بۆردوومانیان لە دوای ڕاگەیاندنی پڕۆسەی ئاشتی لە ١ی ئازاری ٢٠٢٥ەوە بووە و هێرشەکانی ئەم ساڵە بوونەتە هۆی شەهید و برینداربوونی (٩) هاوڵاتی مەدەنی. سەرباری پەرەسەندن و بەردەوامی دانوستان و گفتوگۆکانی ئاشتی، دەرئەنجامە ئەرێنییەکان بۆ هاووڵاتییانی مەدەنی لەو شوێنانەی کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی سەربازی تورکیادان، زۆر کەم و سنورداربوون. بە گشتی، لانی کەم (١،١٩٢) گوند لە هەرێمی کوردستان بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیاوە زیانیان بەرکەوتووە، جا چ لە ڕێگەی ئاوارەبوون، سنووردارکردنی هاتووچۆ، یان زیانگەیشتن بە موڵک و ماڵیان بێت. لەو ژمارەیەش، (١٨٣) گوند بە تەواوی چۆڵکراون، لەکاتێکدا (٦٠٢) گوندی دیکە بەشێک لە دانیشتوواننەکانییان چۆڵیان کردووە و تا ئێستاش لە هەمان بارودۆخی ئاوارەبووندان و هیچ گۆڕانکارییەکی ئەرێنی بۆ باشتربوونی دۆخیان نەهاتۆتە پێشەوە. لەو (١،١٩٢) گوندە، (٤٠٥) گوندییان کە پێشتر بە هۆی ئەنجامدانی پڕۆسەی ئەنفال لە ساڵانی (١٩٨٠)دا و هێرشی چەکدارانی داعش لە دوای ساڵی (٢٠١٤)دا چۆڵبووبون، گوندنشینەکانییان بەهۆی ئامادەیی سەربازی سوپای تورکیا لە گوندەکانییان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان. هەروەها، (٣٩) گوندی دەووروبەری چیای گارا، کە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی (چنگی-قفڵ)ی سوپای تورکیا لە حوزەیرانی ٢٠٢٤دا چۆڵکرابوون، سەباری هەوڵی بەردەوامی گوندنشینان بۆ گەرانەوە و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکانییان، تاوەکو ئێستا ڕێگەیان پێنەدراوە و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە. لەو (١،١٩٢) گوندەی کە کاریگەریی هێرش و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای تورکیایان لەسەربووە، تەنیا پێنج گوند دەرئەنجامی ئەرێنی پڕۆسەی ئاشتییان بەدی کردووە. هاووڵاتییانی پێنج گوندی قەزای باتیفا لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕێگەیان پێدراوە بگەڕێنەوە گوندەکانییان. ئەمە بە واتای ئەوەی کە تەنیا (٠.٤٪)ی ئەو گوندانەی کە کاریگەری ئۆپەراسیۆنەکانییان لەسەربووە، سودمەندی پڕۆسەی ئاشتی بوون و خەڵکەکانییان توانیویانە بگەڕێنەوە. ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە کە هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی جموجۆڵی سەربازی و جەکداری هەردوو لایەن جددی نییە و کشانەوەی هێزە سەربازی و چەکدارییەکان لە ناوچەی مەدەنی نشین شکستی هێناوە. لە ڕۆژی ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٦دا، گوندنشینە ئاوارەبووەکانی دەڤەری بەری گارێ لە سنوری قەزای ئامێدی کە نزیکەی (٢٠) مانگە گووندەکانییان پێ چۆڵکراوە، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و گەیاندنی داواکارییان بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناو گوندەکانییان خۆپێشاندانییان ئەنجامدا و ڕێگەی نێوان ئامێدی بۆ دێرەلووکیان داخست. تاوەکو ئێستاش هیچ بەرچاو ڕوونییەک نییە کە گوندنشینانی ئەو ناوچەیە کەی دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناو گوندەکانییان. ئەمە لە کاتێکدایە کە وەرزی کۆکردنەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان نزیک دەبێتەوە و سەرچاوەی بژێوی ژیانی زۆرینەی گوندنشینانی ئەم ناوچەیەش پشت بە جوتیاری و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەبەستێت. تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی، نیگەرانی خۆی لە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای تورکیا، دروستکردنی بارەگای سەربازی نوێ، بەهێزترکردنی بارەگا سەربازییە کۆنەکان ، بنیاتنانی ڕێگەی سەربازی، تەقاندنەوەی چیاکان و بڕینەوەی دارستانەکان دەردەبڕێت. لەهەمانکاتدا، داوای هەنگاوی ڕژدتر لە تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان دەکات بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی ئاشتی و کشانەوە لە ناوچە مەدەنی نشینەکان.
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) زیاد لە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر فەیلەسوفی یۆنانی ئەرستۆ تالیس، لە رستەیەکی زۆر بەناوبانگدا، مرۆڤ بەوە پێناسە دەکات کە «ئاژەڵێکی قسەکەر»ە. ئەوەی مرۆڤ لە ئاژەڵەکانی تر جیادەکاتەوە ئەم توانای قسەکردنە لە ڕێگای زمانەوە. ئەو توانا تایبەتانەیە کە زمان بە مرۆڤی دەبەخشن: توانای ناونانی شتەکان و دیاردەکان، توانای گێرانەوە و باسکردن، توانای دروستکردن و بەرهەمهێنانی مانا، توانای پرسیارکردن و نووسین. مرۆڤ لە رێگای زمانەوە دەتوانێت باس لە دەیان و سەدان دیاردەی سەرەکیی ناو ژیان و بوونی بکات، باسی ئازادیی و جوانیی و چاکەکاریی و دادپەروەریی، باسی خۆشەویستیی و ڕاستیی و وەفا و دڵسۆزیی، هتد...بکات. بەم مانایە ئەوەی مرۆڤ لە ئاژەڵەکانی تر جیادەکاتەوە زیرەکیی نییە، چونکە زۆر ئاژەڵ هەن خاوەنی زیرەکیەکی سەرسوڕهێنەرن، ئەوەی ئەم کارە دەکات توانای قسەکردنە لە رێگای زمانەوە. لە سەدەی بیستەمدا لە زیاد لە لایەکەوە تێگەیشتنی مرۆڤ بۆ زمان قووڵتر و هەمەلایەنتر دەبێتەوە. روانینەکانی فەیلەسوفی ئەڵمانی مارتن هایدگە بۆ زمان رۆلێکی گرنگ لەم بوارەدا دەبینن. هایدگەریش لە رستەیەکی هێجگار بەناوبانگدا سەبارەت بە زمان دەڵێت: «زمان ماڵی بوونە». مەبەستی هایدگەر لەم گوتراوەدا ئەوەیە، کە زمان تەنها ئامرازی پەیوەندیکردن و وەسفکردنی جیهان و دیاردەکانی ناوی نییە. بەڵکو «ماڵ»، یان «شوێن»ێکە مرۆڤ لەناویدا نیشتەجێیە. «ماڵ» لای هایدگەر تەنها شوێنێکی مادیی نییە، تەنها خشت و بەرد و ژوور و پەنجەرە و دەرگا و سەربان و دیوار نییە، تەنها کۆمەڵێک ماتریاڵ نییە، بەڵکو لەیەککاتدا هەم پەناگەیەکە ژیان دەپارێزێت، هەم بونیادێکە کە قاڵبێکی تایبەت بەو ژیانە دەبەخشێت. زمان وەک «ماڵی بوون»، پێداگرتنە لەسەر ئەوەی زمان بونیاد و مانا و دەلالەت بە ژیانی مرۆڤ دەبەخشێت و تەنها ئامرازێکی سادەی پەیوەندیکردنی مرۆڤەکانە بەیەکترییەوە، نییە. بەبێ زمان مرۆڤ ئەزموونی جیهانی بۆناکرێت، نە ئەزموونی بوونی تاکەکسییانەی خۆی نە ئەزموونی بوونی لەگەڵ ئەوانیتر و شتەکانیتردا. مرۆڤ هەمیشە لەبەردەم جیهانێکدا کە زمان پێشتر ناویناوە و مانای پێبەخشیوە و لەناو قاڵبی جیاوزدا نیشتەجێی کردوە. ئەوە زمانە جیهانمان نیشئنئەدات، نەک جیهان خۆی بەشێوەیەکی خۆبەخۆ لەبەردەمماندا دەربکەوێت. بەبێ زمان مرۆڤ ناتوانێت جیهان ببینێت. بۆ نموونە، کاتێک باس لە «شاخ» لە ئەزموونی مرۆڤی کوردا دەکەین، شاخ تەنها ئەو کۆمەڵە بەرد و زیخ و تاوێر و لوتکە و هەوراز و نشێوانە نییە کە دێنە بەرچاومان، بەڵکو شاخ ماڵە، شوێنی خۆپاراستن و بەرگرییە، شوێنی خۆشاردنەوە و خۆ وونکردنە، لانکی شۆڕشە، سەرزەمینێکی موقەدەس و پیرۆزە، هتد...ئەوەی شاخمان پێدەناسێنێت ئەو مانایانەیە ئێمە لە رێگای زمانەوە پێمانبەخشیوە و پێیدەبەخشین. جیاوازیی مرۆڤەکانیش لەگەڵ یەکدا تەنها لە رەنگ و روو و کورت و درێژیی لەگەڵیەکدا نییە، بەڵکو لەو زمانەشدایە کە هەر مرۆڤێک هەیەتی و لە رێگایەوە مانایەک بە بوونی خۆی و بە جیهان و بە پەیوەندییەکان و بەوانیتر، دەبەخشەت. مرۆڤ چۆن لە رێگای جلوبەرگ و جەستە و رەنگی پێست و دەرکەوتە مادییەکانی تریەوە دەناسرێتەوە، ئاواش لە رێگای زمانییەوە دەناسرێتەوە. زمان بەشەکی گرنگیی شوناسی مرۆڤە وەک مرۆڤ. ئەمە وادەکات بوون تەنها بوونی مادیی شتەکان نەبێت، دار تەنها دار و بەرد تەنها بەرد و ئاسمان تەنها ئاسمان نەبێت، بەڵکو کۆی ئەو مانا و دەلالەتانەش ەت کە مرۆڤ بەو شتانەیدەبەخشەت و بەخشیوە. شتێک نییە لە ژیاندا ناوی «واقیعێکی پاکژ»بێت لە دەرەوەی زماندا، ئەوەی هەیە لەناو زماندا هەیە و ئامادەیە. بۆیە دەسکاریکردن جیهان لە هەنگاوی یەکەمدا بەناو دەسکاریکردنی ئەو زمانەدا تێدەپەرێت کە لەناو ئەو جیهانەدا ئامادەیە. دەسکاریکردنی زمان سەرەتای دەسکاریکردنی ماناکانی بوون و شێوازەکانی بینین و دەرکەوتنەکانی جیهانە، لەبەردەمماند. ڕستە بەناوبانگەکەی فەیلەسوفی زمانیش، لۆدڤینگ ڤیتگنشتاین، کە دەڵێت «سنووری زمانەکەم سنووری دنیاکەی منە”، هەمان دیدگا نیشانئەدات. لای ئەم فەیلەسوفە نەمساویەش ئەگەر شتێک نەتوانین بە زمان تەعبیری لێبکەین و بهێنینە ناو دەستەواژە و چەمکاکنی زمانەوە، ئیدی ئەو شتە دەکەوێتە دەرەوەی سنووریی ئەو شتانەوە کە دەتوانین بیریان لێبکەینەوە. هەرشتێکیش نەتوانین بیری لێبکەینەوە، ئیدی لە دەرەوەی “جیهان”ی ئێمەدایە. بەم مانایە ئەو جیهانەی کە مرۆڤەکان هەیانە ئەو جیهانەیە کە لەناو زمانیاندا نیشتەجێیە. سنوورەکانی زمانی سنوورەکانی ئەو جیهانەیە کە من وەک کەسێک لەناویدا نیشتەجێم. لای فەیلەسوفی فەرەنسیی میشێل فوکۆش زمان هەموو بێلایەنییەک لەدەسئەدات و بەردەوام وەک بەشێک لە پەیوەندییەکانی دەسەڵات و لەناو گوتارەکاندا ئامادەیە. لەناو ئەو پەیوەندیی و گوتارانەشدا وەک ئامرازێکی بێلایەنی پەیوەندیکردن ئامادە نییە، بەڵکو رۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە دروستکردنی دەسەڵات و لە بەرهەمهێنانی مەعریفە خۆیشیدا. لەم دۆخانەشدا ئەوە زمانە پێماندەڵێت چی ئاساییە و چی نائاسایی و چی سروشتییە و چی ناسروشتیی و چی شیاوە و چی نەشیاو. زمانە وەک بەشێک لە پەیوەندییەکانی دەسەڵات و وەک گوتار کاردەکات. لە ئاستی کۆمەڵگادا زمان دەتوانێت بەیەکەوە کۆمانبکاتەوە و بمانکات بە هاورێ و دۆستی یەکتریی، وامان لێبکات رابردوومان وەک هاوبەشێک و ئایندەمان وەک خەونێکی پێکەوەیی وێنابکەین. توانای ئەوەمان تێدا دروستبکات شیعر بنووسین، هاریکاری یەکتربین، خودا و مرۆڤەکانمان خۆشبوێت، شین و شادیی پێکەوەییمان هەبێت، رێگاکانمان بەیەکتری تێکەڵببن وەک دوو هاوچارەنووس بە جیهاندا تێپەڕین. لەم روانگەیەوە زمان دەتوانێت بمانکات بە نەتەوە و میلەت و گەل، وەک هاوڵاتیی بەرپرسیار بەرامبەر بە خۆمان و بەرامبەر بەیەکتری لەناو ئەو پێکهاتانەدا جێگیرمان بکات. بەڵام زمان دەشتوانێت بمانکات بە خێڵ و ئیمارەت و بەرە و دەستە و جەماعەتی دژ و ناکۆک بەیەکتر، بمانکات بە دوژمن و ناحەز و نادۆست، فریومانبدات و بریندارمان بکات تا ئەو شێنەی تا مردن بە ئازاری ئەو فریودان و برینداربوونانەوە بناڵێنین. زمانی نەخۆش مرۆڤی نەخۆش و زمانی شێواو مرۆڤبوونێکی شێواو دروستدەکات. زمان تەنها دیکۆرێکی دەرەکیی نییە ێک نییە لەناویدا دانیشتبین، بەڵکو ئەو چوارچێوە و قاڵبانەیە لەناویاندا هەم خۆمان و هەم جیهان و هەم کەسانیتر دەبینین و ئەزمووندەکەین. زمان وادەکات مرۆڤ تەنها لەناو ژینگەیەکی مادیی و سروشتیدا نەژی، بەڵکو لەناو تۆڕێکی گەورەش لە مانا و دەلالەتدا بژی. مرۆڤبوونی هیچ تاکەکەس و هیچ یەکەیەکی کۆیی و دەستەجەمعیی، لە کۆی ئەو گفتوگۆ و راگۆڕکێ و قسەکردنانە جیا ناکرێتەوە، کە ئێمە هەم لەگەڵ خۆمان و هەم لەگەڵ ئەوانیتردا ئەنجامیئەدەین. هەموو گفتوگۆیەک کردەیەکی دووجەمسەرەیە، لەسەرێکەوە قسەکردنی ئەم یان ئەو کەس و گروپە، لە سەرێکی دیکەوە گوێگرتنی ئەو کەس و گروپانەیە لەیەکتری. زمان ئەو پردەیە کە ئەم قسەکردن و گوێگرتنە مەیسەردەکات. مرۆڤبوونی هەریەکێکمان پابەندەیی ئەم کردە دوو جەمسەرە و، ئەو توانای قسەکردن و گوێگرتنەیە. ئەوەی لە «رۆژی جیهانیی زمانی دایک»دا پێویستە بیریلێبکەینەوە و کاری بۆبکەین، تەنها پاراستنی زمان نییە، بەڵکو پاککردنەوەشیەتی لەو توانا و ئەگەر و بەکارهێنانەی زمان کە زمانەکێک نەخۆشدەخەن. بەم نەخۆشخستنەش هەم مرۆڤ و هەم کۆمەڵگایەکی بیمار دروستببێت توانای قسەکردن و گوێگرتنێکی ماناداری هێمن و ئینسانییانەیان، نەبێت. پاکژکردنەوەی زمان لە خواستی تورەبوون و رق و ئێرەیی، خاوێنکردنەوەی لە هەڵچوون، قیژەقیژ و هاوارکردن، پاکڕاگرتنی لە سوکایەتیی و ئیهانە و زەلیلکردن، ئەرکێکی مێژوویی ئینسانیی گرنگە. دەرهێنان و پوچەڵکردنەوەی سەرجەمی ئەو قونبەلە تەوقیتکراوانەی لەناو زمانی زیاد لە گروپ و لایەن و کەسانێکدا ئامادەن، ئەرکی هەموو ئەوانەیە بەتەنگی ئینسانبوونی خۆیان و کۆمەڵگاکەیانەوە دێن. ئەوانەی هاوسێ و هاوشار و هاووڵاتیانیان بە خائین و ناپاک و خۆفرۆش، یان بە کافر و مولحید و مورتەد و فساق و فجور هتد... ناونابەن. ئەو زمانە سیاسیی و دینییەی لای زیاد لە هێز و بکەرێک لە دونیای ئێمەدا باڵادەستە، زمانی وێرانکردنی ئەو« ماڵی بوون» و ئەو «جیهانە هاوبەش»ەیە کە مرۆڤەکان بەیەکەوە دروستیدەکەن. ئەو زمانەی لای ئەم کەس و گروپانە باڵادەستە، زمانی سڕینەوەی هەموو هاوبەشێکی ئینسانیی و کۆمەڵایەتییە، زمانی وێرانکردنی ژیانی گشتیی کۆمەڵگاکەیە.
درەو: ? پاڵپشت بە داتاو ئامارەکانی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2025دا؛ ?لە ساڵی 2025 (61 هەزار و 328) پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجامدراوەو زۆرترین رێژەی هاوسەرگیری لە پارێزگای سلێمانی بووە. ? لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان (15 هەزار و 826) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراوە، بەرزترین رێژەی جیابوونەوە لە پارێزگای هەولێر بووە. ? لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان (107) حاڵەتی ڕێپێدان بە ژن هێنانی دووەم تۆمارکراوەو بەرزترین رێژەی ژن هێنانی دووەم لە پارێزگای هەولێر بووە. ? هۆکارەکانی لێکجابوونەوەکان لە "پارێزگای هەولێر" بە کۆمەڵێک هۆکاری دیاریکرشوە؛ کە حاڵەتەکانی نەگونجان زۆرترین هۆکاری جیابوونەوە بووەو (هەزار و 232) حاڵەت بووە بە ڕێژەی (15%) و لە دوای ئەویش موبایل و تەکنەلۆژیا بە (هەزار و 66) حاڵەت و بە ڕێژەی (15%)، سێیەم بەرزترین هۆکاریش داوێن پیسی و خیانەت بووەو (918) حاڵەت بە رێژەی (13%)ی هۆکاری جیابوونەوە تۆمار کراوە. هاوسەرگیری و هەڵوەشانەوەی خێزان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2025 ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان رۆژی (22/2/2026) داتاو ئامارو دادبینییە تۆمارکراوەکانی خۆی لە ماوەی (1/1/2025 – 31/12/2025) لە سەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و ئیدارەی گەرمیان، بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکان؛ ئامارەکانی هاوسەرگیری لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان (61 هەزار و 328) پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجامدراوەو زۆرترین رێژەی هاوسەرگیری لە پارێزگای سلێمانی بووە، وەک لە (چارتی ژمارە (1)) هاتووە، بە جۆرێک؛ 1. لە سنوری پارێزگای هەولێر: (19 هەزار و 620) پرۆسەی مارەبڕین ئەنجام دراوە بە رێژەی (32%). 2. لە سنوری پارێزگای سلێمانی: (25 هەزار و 687) پرۆسەی مارەبڕین ئەنجام دراوە بە رێژەی (42%). 3. لە سنوری پارێزگای دهۆک: (12 هەزار و 955) پرۆسەی مارەبڕین ئەنجام دراوە بە رێژەی (21%). 4. لە سنوری ئیدارەی گەرمیان: (3 هەزار و 66) پرۆسەی مارەبڕین ئەنجام دراوە بە رێژەی (5%). چارتی ژمارە (1) ئامارەکانی لێکجیابوونەوە و تەڵاق لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان (15 هەزار و 826) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراوە، وەک لە (چارتی ژمارە (2)دا هاتووە بەرزترین رێژەی جیابوونەوە لە پارێزگای هەولێر بووە، بە جۆرێک؛ 1. لە سنوری پارێزگای هەولێر: (3 هەزار و 878) حاڵەتی جیابوونەوە بە رێژەی (31%) تۆمار کراوە. 2. لە سنوری پارێزگای سلێمانی: (5 هەزار و 745) حاڵەتی جیابوونەوە بە رێژەی (46%) تۆمار کراوە. 3. لە سنوری پارێزگای دهۆک: (2 هەزار و 33) حاڵەتی جیابوونەوە بە رێژەی (16%) تۆمار کراوە. 4. لە سنوری ئیدارەی گەرمیان: (728) حاڵەتی جیابوونەوە بە رێژەی (6%) تۆمار کراوە. چارتی ژمارە (2) ڕێپێدان بە ژن هێنانی دووەم لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان (107) حاڵەتی ڕێپێدان بە ژن هێنانی دووەم تۆمارکراوە، وەک لە (چارتی ژمارە (3)دا هاتووە بەرزترین رێژەی ژن هێنانی دووەم لە پارێزگای هەولێر بووە، بە جۆرێک؛ 1. لە سنوری پارێزگای هەولێر: (42) حاڵەت بە رێژەی (39%) تۆمار کراوە. 2. لە سنوری پارێزگای سلێمانی: (39) حاڵەت بە رێژەی (36%) تۆمار کراوە. 3. لە سنوری پارێزگای دهۆک: (283) حاڵەت بە رێژەی (24%) تۆمار کراوە. 4. لە سنوری ئیدارەی گەرمیان: هیچ حاڵەتێک تۆمار کراوە نەکراوە. چارتی ژمارە (3) هۆکارەکانی لێکجیابوونەوە و تەڵاق لە پارێزگای هەولێر وەک لە داتاکانی ئەنجومەنی دادوەریدا ئاماژەی پێدراوە هۆکارەکانی لێکجابوونەوەکانی لە "پارێزگای هەولێر" بە کۆمەڵێک هۆکاری دیاریکردووە؛ کە حاڵەتەکانی نەگونجان زۆرترین هۆکاری جیابوونەوە بووەو (هەزار و 232) حاڵەت بووە بە ڕێژەی (15%) و لە دوای ئەویش موبایل و تەکنەلۆژیا بە (هەزار و 66) حاڵەت و بە ڕێژەی (15%)، سێیەم بەرزترین هۆکاریش داوێن پیسی و خیانەت بووەو (918) حاڵەت بە رێژەی (13%)ی هۆکاری جیابوونەوە تۆمار کراوە، بڕوانە (چارتی ژمارە (4)) چارتی ژمارە (4)
(2005 – 2025) ڕاپۆرتی فەرمانگەی میدیا و زانیاری ? ماددەی 140 وەک درێژکراوەی ماددەی 58ی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت، دوای 18 ساڵ لە تێپەڕبوون بەسەر دواین وادەی دەستووری تاکو ئێستا جێبەجێنەکراوە. ? لە 2005 تا 2025، چەندین لیژنە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 پێکهێنراون، زیاتر لە 2 ترلیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە و تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە. ? لەدوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە، سیاسەتی تەعریب، لەژێر چاودێری ئیدارەی سەپێنراوی شارەکان، دەستی پێکردۆتەوە و گۆڕانکاریی گەورە لە پۆستە کارگێڕییەکان کراوە، دەیان پۆستی باڵا لە کورد سەندراونەتەوە. ? سەرەڕای ئەوەی دادگای فیدراڵی لە ساڵی 2019 جەختی کردەوە، کە ماددەی 140 تا جێبەجێکردنی تەواوەتی بەردەوامە و کارایە، نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵی نێوەندگیریی داوە، بەڵام بەهۆی بەربەستە سیاسییەکان و دۆخی سەربازیی سەپێنراو، جێبەجێکردنی ئەم ماددەیە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە. پوختە: • ماددەی 140 وەک درێژکراوەی ماددەی 58ی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دانراوە. جێبەجێکردنەكە بە 3 قۆناغ دیاری کراوە و دەبوو تا کۆتایی 2007 تەواو بکرایە، بەڵام دوای 18 ساڵ لە تێپەڕبوون بەسەر دواین وادەی دەستووری تاکو ئێستا جێبەجێنەکراوە. • لە 2005 تا 2025، چەندین لیژنە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 پێکهێنراون، زیاتر لە 2 ترلیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە و تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە. • لەدوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە، سیاسەتی تەعریب، لەژێر چاودێری ئیدارەی سەپێنراوی شارەکان، دەستی پێکردۆتەوە و گۆڕانکاریی گەورە لە پۆستە کارگێڕییەکان کراوە، دەیان پۆستی باڵا لە کورد سەندراونەتەوە. • سەرەڕای ئەوەی دادگای فیدراڵی لە ساڵی 2019 جەختی کردەوە، کە ماددەی 140 تا جێبەجێکردنی تەواوەتی بەردەوامە و کارایە، نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵی نێوەندگیریی داوە، بەڵام بەهۆی بەربەستە سیاسییەکان و دۆخی سەربازیی سەپێنراو، جێبەجێکردنی ئەم ماددەیە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە. دەقی دەستووری ماددەی 140 يەكەم: دەسەڵاتـى ڕاپەڕاندن هەنگاوى پێويست دەنێت بۆ تەواوكردنى جێبەجێكردنى پێداويستییەكانى مادەى (58) لە ياساى بەڕێوەبردنى دەوڵەت بۆ قۆناغى گواستنەوە بە هەموو بڕگەكانيەوە. دووەم: ئەو بەرپرسياريەتيەى لەسەر شانى دەسەڵاتى ڕاپەڕاندنە لە حكومەتى ڕاگوزەری كە لە مادەى (58) لە ياساى بەڕێوەبردنى دەوڵەت بۆ قۆناغى گواستنەوە ئاماژەى پێكراوە، بەردەوام دەبێت و دەكەوێتە ئەستۆى دەسەڵاتى ڕاپەڕاندنى هەڵبژێردراو، بەگوێرەى ئەم دەستوورە بۆ ئەوەى بە تەواوى جێبەجێ بكرێت (ئاساييكردنەوە، سەرژمێرى، لە كۆتاييدا ئەنجامدانى ڕاپرسى لە كەركووك و ناوچەكانى تر كە ناكۆكيیان لەسەرە بۆ دياريكردنى ويستى هاووڵاتيیان) لە ماوەيەكى دياريكراودا، كە لە مانگى 12/2007 تێپەڕ نەكات. مادەی 140 و بنەماکانی: مادەی 140 لە دەستووری عێراقی هەمیشەییدان وەک درێژبوونەوەی مادەی 58 لە یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە 2004 هاتووە، بۆچارەسەرکردنی ئەم دۆخە، ڕێگاچارەیەک بە سێ قۆناغ کێشراوە: قۆناغی یەکەم، ئاساییکردنەوە: گەڕاندنەوەی بارودۆخەکە بۆ پێش سیاسەتی تەعریب، کە گەڕاندنەوەی کۆچپێکراوان و قەرەبووی زیانلێکەوتووان، هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی پاکسازیی نەتەوەیی لەخۆ دەگرێت. قۆناغی دووەم، سەرژمێری: ئەنجامدانی سەرژمێری لەم ناوچانە بەشێوەیەکی شەفاف و دادپەروەرانە، کە ڕەنگدانەوەی واقعی دیموگرافیای ڕاستەقینەی ئەم ناوچانە بێت. قۆناغی سێیەم، ڕاپرسیی گشتی: پێدانی مافی چارەی خۆنووسین، بە ڕێگەی ڕیفراندۆم (مانەوە لەگەڵ حکومەتی ناوەند یان بخرێنە سەر حکومەتی هەرێم) لەڕووی کارگێریەوە. پێویست بوو ئەم قۆناغانە پێش کۆتاییهاتنی ساڵی 2007 جێبەجێ بکرانایە. لەم بارەیەوە بڕوانە خشتەی ژمارە (1). لیژنەکان و بڕیارەکانی جێبەجێکردنی ماددەی 140 ڕێکارەکانی چارەسەرکردنی پرسی ناوچە جێناکۆکەکان لە ڕێگەی مادەی 58ـی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناغی گواستنەوە دەستی پێکرد، بۆ ئەو مەبەستە لە ساڵی 2005 حکومەتەکەی ئەیاد عەلاوی و لە ساڵی 2006 حکومەتی ئیبراهیم جەعفەری، دوو لیژنەی تایبەتمەندیان بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 پێکهێنا، بەهۆی دروستکردنی ئاستەنگ و دەستوەردانی هەرێمیی، ئەم دوو لیژنەیە جگە لە دەستنیشانکردنی ئەندامەکانیان، هیچ هەنگاوێكی كردەییان نەنا. دواتر لەسەردەمی حکومەتی یەکەمی نووری مالیکی، بە فەرمانی دیوانیی ژمارە 46 لیژنەیەک بۆ جێبەجیکردنی ماددەی 140 پێکهێنرا. ئەم لیژنەیە چەندین بڕیاری گرنگی دەرکرد، کە ئەمانەبوون: • بڕیاری ژمارە 1: گەڕاندنەوەی فەرمانبەرانی دەرکراو بە هۆکاری سیاسی و نەتەوەیی (کورد، تورکمان، ئاشووری). • بڕیاری ژمارە 2: گەڕاندنەوەی خێزانە ڕاگوێزراو و ئاوارەکان، بۆ ناوچە ڕەسەنەکانیان و قەرەبووکردنەوەیان. • بڕیاری ژمارە 3: گەڕاندنەوەی خێزانە هاوردەکان (عەرەب) بۆ ناوچە ڕەسەنەکانیان لە ناوەڕاست و باشووری عێراق و قەرەبووکردنەوەیان. • بڕیاری ژمارە 4: هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە کشتوکاڵییەکان، کە لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی گۆڕینی دیمۆگرافیادا ئەنجام درابوون. • بڕیارەکانی ژمارە (5، 6، 7): خەرجکردنی قەرەبووەکان، لابردنی ستەم لە دانیشتووانی ناوچەکانی (تسعین و حەمزەلی) و گرتنەوەی زیانلێکەوتووانی ناوەڕاست و باشوور. لەم چەند ساڵەدا، لە سەرجەم حکومەتەکانی عێراق، لیژنەی تایبەتمەند بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 پێکهێنران، دواترینیان لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی 140 بوو بە سەرۆکایەتی هادی عامری، لە حکومەتی سوودانی بەڵام لیژنەکە هیچ هەنگاوێکی دیار و گرنگی نەنا. لەم بارەیەوە بڕوانە خشتەی ژمارە (2). دەسکەوتەکان و بەربەستەکان: لە چوارچێوەی پێکهێنانی لیژنەکان و تەرخانکردنی پارە، دەسکەوتەکان زۆر کەم و دیاریکراو بوون، سەبارەت بە بەربەستەکان لەم خاڵانەی خوارەوە پێک دێت: • ناونەنان و دەستنیشاننەکردنی سەرۆک و ئەندامانی لیژنەکان لە کاتی گونجاو. • کورتیی ماوەی هەندێك لە حکومەتەكان. • نەبوونی ویستێکی سیاسیی راستەقینە، لەلایەن لایەنەکانی نێو حکومەتی عێراق. دۆسیەی زەوییە کشتوکاڵییەکان و سنوورە ئیدارییەکان • هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی "لیژنەی کاروباری باکوور": بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە کشتوکاڵییەکان و بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوە، کە کوردیان کردبووە ئامانج بڕیارەکانی (29) و (30)ـی ساڵی 2012 دەرچوون و بە گشتیی 3306 گرێبەستی کشتوکاڵیی هەڵوەشێندرانەوە. • خۆدزینەوەی وەزارەتی داد: بەڵگەنامەکان دەیسەلمێنن، کە وەزارەتی داد و هەندێک لە دادوەرانی پارێزگای کەرکووك، خۆیان لە جێبەجێکردنی بڕیاری (29)ـی ئەنجوومەنی وەزیران دزیوەتەوە، سەرەڕای جەختکردنەوەی ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر دروستیی بڕیارەکە. • سنوورە ئیدارییەکان: پڕۆژەیاسای پێشکەشکراو لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆمارەوە، بۆ هەڵوەشاندنەوەی گۆڕانکارییە نادادپەروەرانەکان، لە سنوورە ئیدارییەکان. • سەرەڕای دەرکردنی یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ڕژێمی بەعس (مجلس قيادة الثورة) و گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان، بەڵام هێشتا حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق هەنگاوی کردەیی بۆ جێبەجێکردنی ئەم یاسایە نەناوە. • دەرکردنی یاسای دەستەی داواکانی موڵکداریی ژمارە 13ـی ساڵی 2010، کە لە رۆژنامەی وەقایعی عێراقی بە ژمارە 4147 بڵاوکراوەتەوە، دەستەی داواکانی موڵکداری، (پێشووتر دەستەی چارەسەری ناکۆکییەکانی موڵکداریی و زەوی و زار بوو) هەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونی تا ئێستا بەهۆی ئاستەنگی سیاسی نەیتوانییوە بەکارەکانی خۆی هەڵبستێت و کێشەکان یەکلایی بکاتەوە. ئەم بڕیارانە بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرێبەستە کشتوکاڵییەکان و کێشەی زەوییە داگیرکراوەکانی پرۆسەی تەعریب دەرچوون، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە بەربەستی زۆری بۆ دروست کرا، بەهۆی بەرژەوەندیی عەرەبە هاوردەکراوەکان لەسەر ئەم زەوییانە، جێبەجێ نەکران. لەم بارەیەوە بڕوانە خشتەی ژمارە (3 و 4). پارەی تەرخانکراو بۆ ماددەی 140: پشتبەست بە فەرمانی دیوانی ژمارە 46ـی ساڵی 2006، بڕیاری تەرخانکردنی بڕی 200 ملیۆن دۆلار بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 درا (بۆ ئاساییکردنەوە و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان)، هەروەها لەنێوان ساڵانی 2006-2025 بەندی تایبەت لە یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ماددەی 140 تەرخان کرابوون، بەڵام جێبەجێ نەکران، ئەم بڕەپارانە پێویست بوو لە قەرەبووکردنەوەی ڕاگوێزراوان و گەڕاندنەوەی زەوییە داگیرکراوەکان، یان جێگرەوەی گونجاو بۆ ئەم زەوییانە و ئاساییکردنەوە و پاڵپشتیی دۆخی ئیداری و خزمەتگوزاریی ئەم ناوچانە خەرج بکرێت، بەڵام بەتەواوی جێبەجێ نەکراون، بەهۆی نەبوونی شەفافیەت لە خەرجکردن و نەبوونی میکانیزمی چاودێریکردنی شێوازی خەرجکردنەکە. لەم بارەیەوە بڕوانە خشتەی ژمارە (5). ڕێککەوتنە سیاسییەکان و ڕۆڵی نێودەوڵەتی و دادوەری 1. ڕێککەوتنی هەولێر (2010) رێککەوتننامەکە لە 8ـی ئابی 2010 لە نێوان سەرۆك مەسعود بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان و نووری مالیکی، سەرۆکی حکومەتی عێراق، واژۆکرا، رێککەوتننامەکە لە حەوت خاڵی سەرەکی پێکهاتبوو کە خاڵی 1 و 7 تایبەت بوو بە پابەندبوون بە دەستوور و جێبەجێکردنی ماددەی 140. خاڵی (1): پابەندبوون بە دەستوور و جێبەجێکردنی خاڵی (7): چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ هەرێم: ماددەی 140، پێدانی چەك و دابینکردنی پێداویستییەکان و خەرجی پاسەوانانی هەرێم، یاسای نەوت و گاز و سامانە سروشتییەکان.. هتد. 2. هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەدوای شکستهێنانی هەوڵەکانی جێبەجێکردنی ماددەی 140، لە ناوخۆی عێراقی فیدڕاڵ، نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێگەی نێردەی تایبەتی خۆی (یۆنامی)، لەسەر داواکاریی عێراق، هاتە سەرهێڵ بۆ جێبەجێکردنی ماددەکە، ئەرکی سەرەکیی نێردەکە خۆی دەبینییەوە لە پێشکەشکردنی پێشنیار بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە کارگێڕییەکان و دیمۆگرافی لە کەرکووک و ناوچەکانی تری سنووری ماددەی 140. ڕۆڵی یۆنامی بریتی بوو لە پێدانی ڕاوێژ و جەختکردنەوە لە چارەسەرکردنی کێشەکان، بەشێوەی سازان و ڕێککەوتن و ئەنجامدانی سەرژمێریەکی شەفاف و ڕاستەقینە، بەڵام پێشنیارەکانی یۆنامی بەهۆی ڕازینەبوونی هەندێک لە لایەنەکان جێبەجێ نەکران. لەم بارەیەوە بڕوانە خشتەی ژمارە (6). 3. بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لە دوای ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، دادگای فیدراڵیی عێراق، بڕیاری (113ـی ساڵی 2017، و 71ـی ساڵی 2019)ـی دەکرد، کە جەخت لەسەر بەردەوامیی کارپێکردنی ماددەی 140 دەکەنەوە و بڕیارەکانی دادگا لە بەرژەوەندیی حکومەتی عێراق بوون، بە مانەوەی کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکان لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی، تاوەکوو کێشەکە بە تەواوی چارەسەر دەکرێت و ماددە دەستوورییەکە بەتەواوی جێبەجێ دەکرێت، بەمەش ڕۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە ناوچەکە و جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستوور کەم کردەوە. 4. بارودۆخی ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان دوای 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 لە 16ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 حکومەتی عێراق، بیرۆکەی سەپاندنی هێزی بەبێ رێککاری یاسایی و بەپێچەوانەی دەستوور بەکارهێنا، کە لە ماددەی 13ـی دەستووردا هاتووە( سوپا نابێتە ئامرازێکی سەرکوتکەری گەلی عێراق)، حکومەتی عێراق بە جوڵاندنی هێزەکانی سوپا و حەشدی شەعبی، هێرشیان کردە سەر ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان و داگیریان کرد، بەهۆیەوە جارێکی دیکە سەدان هەزار کەس لە خەڵکی ڕەسەنی ئەم ناوچانە ئاوارەبوونەوە و تاوانی جەنگی و دژ بە مرۆڤایەتییان بەرامبەر خەڵکی ئەو ناوچانە بەتایبەت کەرکووک و دووزخورماتوو ئەنجام دا، بەهۆی ئەو رووداوانەش جارێکی دیکە پرۆسەی تەعریبکردنەوە لەو ناوچانە دەستی پێکردەوە. • لەڕووی کشتوکاڵیی و دانیشتووانەوە: دووبارە پێدانی گرێبەستە کشتوکاڵییەکان بە عەرەبی هاوردە و دەستبەسەرداگرتنی زەوی و زاری هاووڵاتییان. • لەڕووی کارگێڕییەوە: کەمکردنەوەی بەشداریپێکردنی کوردەکان لە دامودەزگا حکومییەکانی ئەم ناوچانە و گۆڕینی سنووری یەکە کارگێڕییەکان. • دەستگرتن بەسەر سێکتەرە ئابوورییەکان: دەستبەسەرداگرتنی کێڵگە نەوتییەکان لەم ناوچانە، لەلایەن حکومەتی عێراق. ڕووداوەکانی قەزای دووزخوورماتوو: لە شەوی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، هێرشێکی فراوان و بەرنامە بۆدارێژراو کرایە سەر هێزەکانی بنکە حکومیی و حزبییەکانی سەر بە هەرێمی کوردستان، بۆمبارانی هەڕەمەکی بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکان لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقەوە ئەنجامدرا. بەهۆی ئەم هێرش و پەلاماردانانە کۆچکردنی بەکۆمەڵی خێزانە کوردییەکان لەو قەزایە دەستیپێکرد، هێزەكان هەر لەگەڵ هاتنەژوورەوەیان بۆ گەڕەکە کوردنشینەکان، دەستیان بە تاڵانیی و سووتاندن و دزینی ماڵ و کاڵای کوردەکان و تەقاندنەوەی ژمارەیەک خانووی هاووڵاتییان کرد. لەم بارەیەوە بڕوانە خشتەی ژمارە (7). دەستپێکردنەوەی تەعریب دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017: • لە رووی کارگێڕییەوە لە دوای هێرشەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، دووبارە تەعریبکردنەوە لە پارێزگای کەرکووک و ناوچەکانی دیکە دەستیپێکردەوە، هەر لەسەرەتای داگیرکارییەکان زۆربەی پۆستە ئیدارییەکان لە ناوچە کوردستانییەکان بە تایبەت کەرکووک، دووزخوورماتوو، خانەقین و شنگال، لە کورد وەرگیرانەوە و خەڵکی عەرەب و تورکمان لە شووێنیان دانران، دیارترینیان لادانی پارێزگاری کەرکووک بوو، بەشێوەیەکی گشتیی لە کەرکووک 10 پۆستی ئیداری، لە زوممار چوار پۆست، لە دووزخورماتوو 10 پۆست و لە شنگال چوار پۆستی ئیداری، لە کورد وەرگیرانەوە و خەڵکی عەرەب و تورکمان لە شوینیان دانران. • لە رووی دانیشتووانەوە لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە ئاسانکاریی بۆ عەرەبە هاوردەکان کرا، لە گواستنەوەی ناسنامە، فۆڕمی خۆراک، کارتی زانیاری و پێدانی پاڵپشتی بۆ نیشتەجێبوون، بێ گەڕانەوە بۆ تۆماری نفوسی ساڵی 1957 و بڕیارەکانی تایبەت بە ناوچەکانی سنووری ماددەی 140، هەروەها لەوکاتەدا پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک بەکردار دەستیکرد بە جێبەجێکردنی سیاسەتی تەعریب و گەڕاندنەوەی ئەو عەرەبانەی، کە پێشووتر ڕژێمی پێشوو ئیمتیازات و زەوی پێدابوون ( خاوەنی رەسەنی زەوییەکان زۆربەی کورد و هەندێکی تورکمان بوون). هەروەها هێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بە شێك بوون لە جێبەجێ كردنی سیاسەتی ئەوکاتی پارێزگاری کەرکووک، بۆ تەعریب كردنەوەی ناوچەكە. • بەعەرەبکردن لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان ( گرێبەستی کشتوکاڵی) کێشەی زەوی و زار لەو ناوچانە، بەتایبەت سنووری ناحیەی سەرگەڕان، زۆر زیاتربوو و عەرەبی هاوردە لەلایەن سوپا و حەشدی عەشایەرییەوە زۆر ئاسانکارییان بۆ دەکرا، تاکو دەست بەسەر زەویییە کشتوکاڵییەکانی جووتییارانی کورددا بگرن، بەردەوام گێچەڵ بە جووتییارانی کورد دەکەن و هەوڵی داگیرکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان دەدەن. لەم بارەیەوە بڕوانە خشتەی ژمارە (8). ئەم پێشیلکاریانە لەلایەن رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتییەوە، لە راپۆرتێکدا ئاماژەی پێکراوە و فەرمانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، لە داوایەکی فەرمی، کە ئاراستەی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی ئەکاتی عێراقی کردبوو، سەبارەت بە پێشێلکارییەکان لەلایەن دادگای نێودەوڵەتییەوە بۆ یەکلایکردنەوەی ناکۆکییەکان، داواکرابوو پاراستنی ئەو ناوچانە بدرێتە هێزێکی باوەڕپێکراو. خشتەکانی (1 تا 8)
(درەو): كۆمسیۆنی تایبەت بە چارەسەری پرسی كورد راپۆرتی خۆی تەواو كردو بە زۆرینەی دەنگ پەسەندكرا، بڕیارە ئەمە بكرێت بە بنەمای چارەسەری پرسی كورد لەو وڵاتە، سەرۆكی پەرلەمانی توركیا دەڵێ پرسی هەمواری دەستور لە بەرنامەی كاری كۆمسیۆندا نییە، بەڵام پێویستە هەموار بكرێت. نوێنەرانی كورد لە كۆمسیۆنەدا تێبینییان هەیە لەسەر ناونانی پرۆسەكە بە "توركیای بێ تیرۆر" لەناو راپۆرتەكەدا، جگە لەمە داوا دەكەن ئاستەنگەکانی بەردەم زمانی کوردی و زمانەکانی دیکە لاببرێن و؛ فرە زمانی قبوڵبکرێت. راپۆرتی كۆتایی کۆمیسیۆنی (هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی) تایبەت بە چارەسەری دۆزی كورد لە پەرلەمانی توركیا؛ راپۆرتی كۆتایی خۆی تەواو كردو بڕیارە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات و پەسەندی بكات. نوعمان كورتولموش سەرۆكی پەرلەمانی توركیا لە دانیشتنی ئەمڕۆی كۆمسیۆندا چارەسەری پرسی كوردی وەكو "پرسی تیرۆر" ناوبردو رایگەیاند" ئەم راپۆرتە بەواتای لێبوردن نییە". سەرۆكی پەرلەمانی توركیا ئاشكرایكرد، ماوەی 88 كاتژمێر كاركراوە لە ئامادەكردنی ئەم راپۆرتەدا كە لە (4199) لاپەڕە كۆنوس پێكهاتووە، حەوت بەش لەخۆدەگرێت، كە ئەمانەن: - بەشی یەکەم: بە ناوی "توێژینەوەکانی کۆمیسیۆن" باس لە پرۆسەی کارکردنی کۆمیسیۆن دەکات. - بەشی دووەم: باس و جەختکردنەوە لە چوارچێوەی ئامانجە سەرەکییەکانی کۆمسیۆن لەخۆدەگرێت. - بەشی سێیەم: باس لە ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی برایەتی تورک-کورد و بنەماكانی برایەتی دەکات. - بەشی چوارەم: هەڵسەنگاندن بۆ ئەو بوارانەی ڕێککەوتن دەکات کە لە شیکاری وتاری ئەو کەسانەوە سەرچاوەی گرتووە كە کۆمیسیۆن گوێی بۆ گرتوون. - بەشی پێنجەم: تەرخانکراوە بۆ پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی پارتی كرێكارانی كوردستان و چەكدانانی. - بەشی شەشەم: تایبەتە بە پێشنیارەکانی ڕێکخستنی یاسایی سەبارەت بە پرۆسەکە. - بەشی حەوتەم: تایبەتە بە پێشنیارەکانی تایبەت بە دیموکراسیکردن. ڕاپۆرتەکە بە بەشی کۆتایی كە تایبەتە بە دەرەنجام و هەڵێنجانەكان کۆتایی دێت. پێنج پاشکۆی جیاواز وەک هاوپێچێک بۆ ڕاپۆرتی سەرەکی ئامادە کراوە. ئەمانەش بریتین لە؛ لیستی ئەندامانی کۆمیسیۆنی هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی و، ڕێکار و پرەنسیپەکانی کارکردنی کۆمسیۆن و لیستی دیجیتاڵی ئەو ڕاپۆرتانەی لە لایەن لایەنە سیاسییەکانەوە پێشکەشی کۆمسیۆن کراوە، پوختەی 20 کۆبوونەوە كە تا ئێستا بەڕێوەچوو، هەروەها لیستی دامەزراوەکان، ڕێکخراوەکان، نوێنەرەکان و ئەو کەسانە لەخۆدەگرێت کە گوێیان لێ گیراوە، وتاری ئەو ئەندامانەی كۆمسیۆن کە لە دوا كۆبوونەوەدا بەناوی لایەنەکانەوە قسە دەکەن. هەمواری دەستور سەرۆكی پەرلەمانی توركیا وتی:" هەرچەندە داڕشتنی دەستورێکی نوێ لە چوارچێوەی ئەرکەکانی کۆمسیۆنەکەماندا نییە، بەڵام وەک ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی هاوبەش لەبەردەمماندا وەستاوە کە ناتوانرێت دوابخرێت و دەبێت بۆ وڵاتەکەمان جێبەجێ بکرێت". هەندێك لەو بابەتانەی كە چارەسەری دۆزی كورد لە توركیا دەیخوازێت تەنیا بە دەركردنی یاسای نوێ یاخود هەمواری یاسا كۆنەكان چارەسەر نابێت و پێویستی بە هەمواری دەستوریش هەیە. كورد چی دەڵێ؟ (دەم پارتی) كە نوێنەرایەتی كورد دەكات لە پەرلەمانی توركیا، لەبارەی هەندێك چەمك و پێناسە لەناو راپۆرتەكە تێبینی هەیە. ئەندامانی (دەم پارتی) لەناو كۆمسیۆنەكەی پەرلەمانی توركیا لە بەیاننامەیەكدا رایانگەیاند، چەمکی "پرۆسەی تورکیا بێ تیرۆر" و "ڕێکخستنی تیرۆر" و هتد لەناو راپۆرتەكەدا، بە ڕاست نابینن.. لەم جوگرافیایەدا تورک و کورد و عەرەب و چەندین ئیتنیک و گرووپی باوەڕی جیاواز هەن، پێویستە پەیوەندیی نێوان گەلان و باوەڕەکان لەسەر بناغەیەکی دیموکراتیک بێت. (دەم پارتی) باسی بانگەوازەکەی 27ی شوباتی ئۆجالان كردووەو دەڵێ: ئێمە ئەم پرۆسەیە وەک "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" پێناسە دەکەین. "هیچ لێکتێگەیشتنێک لەنێو کۆمیسیۆن سەبارەت بە ناونانی پرۆسەکە نییە و دەبێت پێناسەی (دیموکراسی، خوشک-برایەتی و یەکێتیی نەتەوەیی) هەڵبژێردرێت". لەبەشێكی تردا ئاماژە بەوە كراوە، بەڕێز ئۆجالان ئەکتەرێکی گرنگی نێو پرۆسەکەیە، ئەو زمانەی لە ڕاپۆرتەکەدا سەبارەت بە ئەو بەکارهاتووە لەگەڵ ڕۆحی پرۆسەکەدا یەکناگرێتەوە. "مافی زمانی دایکی، مافێکی بنچینەیی و زگماکییە و پێویستە ئاستەنگەکانی بەردەم زمانی کوردی و زمانەکانی دیکە لاببرێن و فرە زمانی قبوڵبکرێت" ئەمەش بەشێكی تر لە تێبینی نوێنەرانی كوردە لەبارەی راپۆرتەكە. بۆچوونی ئۆجالان لەبارەی پرۆسەكە هاوكات لەگەڵ پەسەندكردنی راپۆرتی كۆمسیۆنی پەرلەمانی توركیا تایبەت بە چارەسەری دۆزی كورد، شاندی (دەم پارتی) كرۆكی دیداری خۆی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان لە رۆژی 16ی ئەم مانگەدا ئاشكرا كرد. كورتەی بۆچونەكانی ئۆجالان لە دیداركەدا بەمشێوەیە بووە: ?پێویستە ڕاپۆرتەکەی کۆمیسیۆن لەگەڵ ڕاستینە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگەدا بسازێت. ئەم تایبەتمەندییەی ڕاپۆرتەکەی کۆمیسیۆن، بایەخێکی زۆری دەبێت بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە لە ئایندەدا. ?ئەو سیاسەتەی بە لۆژیکی "نەهێشتنی تیرۆریزم" مامەڵە لەگەڵ پرسەکەدا دەکات، گوزارشتە لە بنبەست نەوەک چارەسەر. ?پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، پرۆسەیەکە کە بەردەوام هەڵسەنگاندنەوە بۆ خۆی دەکات و ستراتیژ و تاکتیکەکانی خۆی دەستنیشان دەکات. ئەم کۆبوونەوەیە، وەک کۆبوونەوەی دەسپێکردنی ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک هەڵدەسەنگێنم. بەم بۆنەیەوە، جارێکی تر بەڕێزەوە هەڤاڵ سری سورەیا ئۆندەر بەبیردەهێنمەوە. بەنیسبەت منەوە، ئەو مزگێنی و هەڤاڵێکی هێژا بوو. ?ئەو پرۆسەیەی بەرەو دامەزراندنی کۆمار دەستی پێ کرد، لەسەر بنەمای یەکێتی تورک و کورد دامەزرا. هەرچەند دواتر ئەم ڕاستییە شاردرابێتەوە، بەڵام شوێنەوارەکانی لە هەموو بەڵگەکاندا دەبینرێتەوە. ئەمە لە سەردەمی شەڕی سەربەخۆی، لەکۆنگرەکان و ڕاگەیاندنی کۆماردا پەسەندکراوە. خودی موستەفا کەمال لە 17ی کانوونی دووەمی 1921 لە ئەزمیت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا هەڵسەنگاندنەکانی دەربارەی کوردان خستەڕوو. ئەم کۆمارە بەبێ کورد دانەمەزراوە. ئەوانەی نکۆڵی لەمە دەکەن، هەموو ڕۆژێک بە زمانێکی توند و وێرانکەر دەدوێن. کورد لە بنک و بناغەی کۆماردا ئامادەیە. ئەو دەقە یاساییانەی دواتر ئامادەکران، کوردیان وەدەرنا، ناسنامە و زمانی کوردیان قەدەغەکرد، ئەمەش بووە سەرچاوەی نکۆڵی و سەرهەڵدان. ?ئەم پرۆسەیەی تێیداین، پرۆسەی کۆتاییهێنانە بە نکۆڵی و سەرهەڵدان. دەمانەوێت گفتوگۆ بکەین لەسەر ئەوەی چۆن پێکەوە لەنێو ئاشتییدا بژین. ?لە سەدەکانی ناوەڕاستدا پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای یەکێتیی ئایینی بووە و سیستەمی میرنشینەکان لەسەر ئەم بنەمایە بنیات نراوە. بەڵام ئێمە ئەمڕۆ بە فۆرمێک کە گونجاوبێت لەگەڵ پێوانە و لۆژیکی هاوچەرخ، لەگەڵ کۆماردا ئینتیگرە دەبین. ئەمە پێویستی بە بنیاتنان و تەلارسازییە. نکۆڵی لە گەلی کورد بەمانای ئەم بنیاتنان و تەلارسازییە نایەت. بەڵکوو ئەم بنیاتنان و تەلارسازییە بەبێ یاسا و پرەنسیپ نابێ. کورتکردنەوەی ئەم بابەتە بۆ هەندێ گۆڕانکاریی لە یاسای سزادان، هەڵوێستێکی چەوتە. پایە سەرەکییەکانی ئەم بنیاتنانە، یاخود بڵێین، پرەنسیپە سەرەکییەکانی ئینتیگراسیۆن، لە بانگەوازی 27ی شوباتدا باسکراون. ئەم بانگەوازە، خۆی لە خۆیدا بەرنامەیەکی سیاسییە. ?کێشەیەک لە پێناسەکردنی هاوڵاتیبووندا هەیە. هاوڵاتیبوون ئاماژەیە بۆ ئەو پەیوەندییەی کە لەگەڵ دەوڵەتدا دامەزراوە. هاوڵاتیبوون دڵسۆزی بۆ دەوڵەت دەستنیشان دەکات، بەبێ گوێدانە جیاوازیی ئیتنیکی، زمان، باوەڕ، یان ئایدۆلۆژیا. بۆ نموونە، گرنگ نییە مرۆڤ سۆسیالیست بێت یان سەرمایەدار، موسڵمان بێت یان مەسیحی، کورد بێت یان عەرەب. هەموویان دەتوانن هاووڵاتی دەوڵەت بن. من باسکردن لە هاوڵاتی ئازاد بەباشتر دەبینم. یان دەتوانین پێی بڵێین، هاوڵاتی دەستوری، بەڵام هاوڵاتی ئازاد بەرفراوانترە. مرۆڤ لە ئایینەکەیدا ئازاد بێت، لە نەتەوەکەیدا ئازاد بێت، لە بیرکردنەوەیدا ئازاد بێت. ئایا پێناسەی هاوڵاتیبوون لە تورکیا ئەم مەرجە دەگرێتەوە؟ تا ڕادەیەک ناڕوونە. ?پێویستە مرۆڤ بتوانێت ئازادانە ناسنامەی ئایینی و ئایدیۆلۆژی و نەتەوەیی خۆی دەرببڕێت و ڕێکبخات. ئەمەش دەبێت لە چوارچێوەی سنوورێکی دیموکراتیکدا و بە شێوەیەک بێت کە یەکپارچەیی دەوڵەت بپارێزێت. وەک چۆن هاوڵاتیان ئازادن لە دەستنیشانکردنی ئایین و مەزهەب و بیرکردنەوەیان، دەبێت وەهاش ئازادبن لە دەستنیشانکردنی ناسنامەی نەتەوەی خۆیان. وەک چۆن ناتوانیت ئایین و زمانەکەت بەسەر ئەوانیتردا بسەپێنێت، نابێ نەتەوەکەشت بەسەر ئەوانیتردا بسەپێنێت. پێویستە هەمووان بتوانن ئازادانە نەتەوە و ناسنامەی خۆیان دەستنیشان بکەن.
? داتاکانی کۆمپانیای دانە غاز؛ ? بەرهەمهێنان بە ڕێژەی زیاتر لە 30٪ زیادی کردووە، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی قەبارەی غاز لە هەرێمی کوردستان و مسر. ? داهاتی گشتی ساڵی 2025 گەیشتووەتە (1.28 ملیار) درهەم بەرامبەر بە (348 ملیۆن) دۆلار و پوختەی داهاتیش (476 ملیۆن) درهەم بووە بەرامبەر بە (130 ملیۆن) دۆلار. ? بەرهەمهێنانی غازی کۆرمۆر لە ئێستادا لە (700 ملیۆن) پێ سێجا لە ڕۆژێکدا تێپەڕی کردووە. ? دانا غاز و هاوبەشەکانی پڕۆژەی فراوانکردنی غازی "کۆرمۆر 250" ناسراو بە (KM250) هەشت مانگ پێش وادەی دیاریکراوی خۆی بە سەرکەوتوویی تەواو کرد. ? لە چارەکی سێیەمی 2026 دا بەرهەمهێنان زۆرتر زیاد دەکات، ئەوەش دوای تەواوبوونی بۆرییە نوێیەکەی گواستنەوەی غازی کۆرمۆر. ? پێشبینی دەکرێت داهاتەکانی کۆمپانیا لە چارەکی یەکەمی 2026ەوە سوود لەم بەرزبوونەوەیەی ئاستی بەرهەمهێنان وەربگرێت. پوختە کۆمپانیای دانا غاز، کە گەورەترین کۆمپانیای کەرتی تایبەتی غازی سروشتییە لە ناوچەکەدا، ڕایگەیاندووە، داهاتی گشتی کۆمپانیاکە لە ساڵی 2025 گەیشتووەتە (1.28 ملیار) درهەم بەرامبەر بە (348 ملیۆن) دۆلار و پوختەی داهاتیش (476 ملیۆن) درهەم بووە بەرامبەر بە (130 ملیۆن) دۆلار. کۆی بەرهەمهێنان گەیشتووەتە (70 هەزار) بەرمیل هاوتای نەوت لە ڕۆژێکدا و بە درێژایی مانگی کانوونی دووەم لەسەر ئەو ئاستە بەردەوام بووە. ئەمە زیادبوونێکی بەرچاوە بەراورد بە تێکڕای بەرهەمهێنانی ساڵی 2025 دا، کە (53 هەزار و 500) بەرمیل بووە، ئەمەش بەرزترین ئاستی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکەیە لە ساڵی 2018ەوە. ئەم دەستکەوتە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵەوە کاریگەری پۆزەتیڤی لەسەر داهات و قازانجی کۆمپانیا دەبێت. دۆخی دارایی دانا غاز لە ساڵی 2025 ڕۆژی 6ی شوباتی 2025: کۆمپانیای دانا غاز، کە گەورەترین کۆمپانیای کەرتی تایبەتی ناوچەییە لە بواری غازی سروشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەنجامە داراییە بەراییە وردبینینەکراوەکانی خۆی بۆ ساڵی دارایی کۆتاییهاتوو لە 31ی کانوونی یەکەمی 2025 ڕاگەیاند. کۆمپانیاکە پوختەی قازانجی ساڵی 2025ی بە (476 ملیۆن) درهەم (130 ملیۆن) دۆلار ڕاگەیاند، لە کاتێکدا لە ساڵی 2024دا (553 ملیۆن) درهەم بەرامبەر بە (151 ملیۆن) دۆلار بووە. داهاتی ساڵی 2025 بڕی (1.28 ملیار) درهەم بەرامبەر بە (348 ملیۆن) دۆلار بووە؛ داهاتی ساڵی 2024 بڕی (46 ملیۆن) دۆلاری یەکجارەکی تێدابوو کە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی گازەوە بوو لەژێر ڕێککەوتنامەی یەکخستنی ئیمتیازاتەکاندا. بەبێ هەژمارکردنی ئەو زیادبوونە یەکجارەکییە، دابەزینی داهات لە ساڵی 2025دا دەگەڕێتەوە بۆ کەمیی بەرهەمهێنان لە میسر بەهۆی دابەزینی سروشتیی کێڵگەکان و نزمبوونەوەی نرخی فرۆشتن، بەجۆرێک تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە ساڵی 2025دا (69) دۆلار بووە بۆ هەر بەرمیلێک، لە کاتێکدا لە ساڵی 2024دا (81) دۆلار بووە. زیادبوونی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان، دانا غاز و هاوبەشەکانی لە مانگی تشرینی یەکەمدا پڕۆژەی فراوانکردنی غازی "کۆرمۆر 250" ناسراو بە (KM250) یان بە سەرکەوتوویی تەواو کرد، کە هەشت مانگ پێش وادەی دیاریکراوی خۆی بوو. پڕۆژەکە توانای (250 ملیۆن) پێ سێجا غازی زیاد کرد، لەگەڵ بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی (460 تۆن) غازی شل LPG)) و (7 هەزار) بەرمیل کۆندێنسەیت، بەمەش توانای بەرهەمهێنانی ڕۆژانە گەیشتە (750 ملیۆن) پێ سێجا غاز و (22 هەزار) بەرمیل کۆندێنسەیت و (هەزار و 500) تۆن غازی شل. لە مانگی کانوونی یەکەمدا، بەرهەمهێنانی غازی کۆرمۆر لە (500 ملیۆن)ەوە بۆ (700 ملیۆن) پێ سێجا بەرزکرایەوە. بەرهەمهێنان لە کۆرمۆر بە شێوەیەکی قۆناغبەندی زیاد دەکرێت تا ئەو کاتەی بۆرییە نوێیەکە لە سەرەتای چارەکی سێیەمی 2026 تەواو دەبێت. چاوەڕوان دەکرێت دوای کاراکردنی بۆرییەکە، (5 هەزار) بەرمیلی هاوتای نەوتی دیکە بۆ بەرهەمهێنانی ڕۆژانە زیاد بکات و کۆی بەرهەمهێنان لە هاوتای نەوتی (75 هەزار) بەرمیل تێپەڕێت. لە میسر، کۆمپانیاکە لە ساڵی 2025دا چوار بیری نوێی لێداوە و کارکردنی لە سێ بیری دیکەدا تەواو کردووە، کە بووەتە هۆی زیادبوونی (27 ملیۆن) پێ سێجا غاز لە کۆتایی ساڵدا. دانا غاز پلانی هەیە لە ساڵی (2026)دا حەوت بیری دیکە لێ بدات، کە یەکەمیان بیری "دافۆدێل"ە و چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی کانوونی دووەمدا دەست بە لێدانی بکرێت. ڕیچارد هۆڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دانا غاز، ڕایگەیاندووە: "گەیشتن بە ئاستی (70 هەزار) بەرمیل هاوتای نەوت، وەرچەرخانێکی گرنگە بۆ کۆمپانیاکەمان. ئەمە ڕەنگدانەوەی جێبەجێکردنی وردی پلانەکانمانە، بەتایبەتی تەواوکردنی پێشوەختەی پڕۆژەی (کۆرمۆر 250) لە هەرێمی کوردستان. ئەمە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر قازانجەکانمان دەبێت لە ئەنجامە داراییەکانی چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا." دەربارەی دانا غاز دانا غاز یەکەم و گەورەترین کۆمپانیای کەرتی تایبەتی غازی سروشتییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە ساڵی 2005 دامەزراوە و لە بۆرسەی ئەبوزەبی تۆمار کراوە. کۆمپانیاکە خاوەنی دارایی و کێڵگەی بەرهەمهێنانە لە میسر، هەرێمی کوردستان و ئیمارات. تێبینی بەرمیل هاوتای نەوت لە ڕۆژێکدا (boepd) کورتکراوەیە بۆ (Barrels of Oil Equivalent Per Day) بەکاردێت. واتاکەی ئەوەیە: لەبەر ئەوەی دانا غاز تەنیا نەوت بەرهەم ناهێنێت بەڵکو (غازی سروشتی و غازی شل و کۆندێنسەیت)یش بەرهەم دەهێنێت، بۆ ئەوەی هەموو ئەمانە بە یەک پێوەر بپێورێن، وزەی ناو غازەکە دەگۆڕدرێت بۆ بڕی ئەو وزەیەی لە یەک بەرمیل نەوتدا هەیە. بۆ نموونە: کاتێک دەڵێن (70 هەزار) بەرمیل هاوتای نەوتی ڕۆژنە (boepd)، مەبەستیان ئەوەیە کۆی ئەو غاز و نەوتەی بەرهەمی دەهێنن، وزەکەی یەکسانە بە وزەی (70 هەزار) بەرمیل نەوتی خاو. سەرچاوە؛ ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای دانا غاز؛ https://www.danagas.com/wp-content/uploads/2026/01/20260118-DG-Production-70k-En.pdf هەروەها؛ https://www.danagas.com/wp-content/uploads/2026/02/20260204-Dana-Gas-FY-2025-Press-Release-En.pdf
درەو: ? ئەوەی پێویستە دەربارەی سیستمی ASYCUDA)) بزانرێت، کە ئێستا لە عێراقدا بووەتە جێی مشتومڕ؛ ? کاری سەرەکی ئەم سیستمە ئەوەیە، پرۆسەی کاغەز و مامەڵەی دەستی لە گومرگەکاندا ناهێڵێت و هەموو شتێک دەکاتە ئەلیکترۆنی. لە وەرگرتنی ڕەسمی گومرگی، پشکنینی بارهەڵگرەکان، تا کۆنترۆڵکردنی داهاتەکان. ? سیستمەکە زۆر وردە و ڕێگە نادات هیچ بڕە پارەیەک "تێپەڕێنرێت"، ئەمەش وای کردووە بازرگانان هەست بەو تێچووە گەورەیە بکەن، کە پێشتر بە جۆرێک لە جۆرەکان (یان بە نایاسایی یان بە کەم خەمڵین) لێی دەرباز دەبوون. ? بەغداد دەیەوێت هەموو دەروازەکان بە دەروازەکانی (ئیبراهیم خەلیل، باشماخ، پەروێزخان)یشەوە هەمان سیستمی ئەسیکۆدایان تێدا بێت. ? جێبەجێکردنی سیستمەکە بەو مانایەیە کە بەغداد لە ڕێگەی سێرڤەرە ناوەندییەکانەوە دەزانێت هەر چرکەیەک چەند بار هاتووە و چەند داهات کۆکراوەتەوە. ئەمەش دەبێتە فشار بۆ سەر هەرێم کە دەبێت داهاتەکان بە ڕوونی ڕادەستی بەغداد بکات یان لە پشکی بودجەدا جێگەی بکاتەوە. ? ئەگەر هەرێم سیستمەکە جێبەجێ نەکات، بەغداد لە بازگەکاندا (وەک بازگەی نێوان کەرکوک و هەولێر) گومرگی دووبارە دابنێت بە پاساوی ئەوەی "ئەسیکۆدا" نییە، ئەوا بازرگانی لە هەرێم پەککەوێت و نرخەکان لە ناوخۆی کوردستان زۆر گران دەبن. ? ئەگەر بەغداد دان بە گومرگی هەرێمدا نەنێت و سیستمەکە یەک نەخرێت، بازرگان لە ئیبراهیم خەلیل گومرگ دەدات و کاتێک دەگاتە کەرکوک یان موسڵ، جارێکی تر داوای گومرگی لێ دەکرێتەوە. ئەم "دوو گومرگییە" گەورەترین هاندەرە بۆ ئەوەی بازرگانان پەنا ببەنە بەر ڕێگەی قاچاخ بۆ دەربازبوون لە یەکێکیان. پوختە عێراق لە ئێستادا لەبەردەم وەرچەرخانێکی گەورەی ئابووریدایە. جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا (ASYCUDA) تەنها گۆڕینی شێوازی کارکردنی گومرگ نییە لە کاغەزەوە بۆ دیجیتاڵ، بەڵکو شەڕێکی مانیفێستکراوی دەوڵەتە بۆ سەپاندنی سەروەریی یاسا و شەفافیەت لە یەکێک لە گەندەڵترین کەرتەکاندا. سیستمی ئەسیکۆدا ئەگەر وەک خۆی جێبەجێ بکرێت وەک "نەشتەرگەرییەکی بەئازار" وایە بۆ ئابووری عێراق؛ لە لایەکەوە گەندەڵی کەمدەکاتەوە و داهاتی دەوڵەت زیاد دەکات، بەڵام لە لایەکی ترەوە ئەگەر بە وریایی و قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێ نەکرێت، دەبێتە هۆی گرانبوونی بژێوی ژیان و ناڕەزایەتی گەورەی بازرگانان. بەڵام دەبێت ئەوە لەبیر نەکەین کێشەی عێراق "کەمیی تەکنەلۆژیا" نییە، بەڵکو "زۆریی دەستوەردانی سیاسییە" ئەسیکۆدا وەک ئاوێنەیەک وایە؛ تەنها عەیبەکانی سیستمەکەمان نیشان دەدات، بەڵام ناتوانێت دەموچاوەکان بشوات! ئەم ڕاپۆرتە تیشک دەخاتە سەر ڕەهەندە تەکنیکی، سیاسی و ستراتیژییەکانی ئەم پرۆسەیە، هاوکات گرنگی و ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەکە دەخاتەڕوو، جگە لەوەی تیشک دەخاتە سەر لێکەوتەکانی پرۆسەکە لەسەر دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان. سیستمی ئەسیکۆدا ASYCUDA)) چییە؟ بۆچی عێراق دەیەوێت کاری پێ بکات؟ ئەوەی پێویستە دەربارەی ئەم سیستمە بزانرێت، کە ئێستا لە عێراقدا بووەتە جێی مشتومڕ، ئەوەیە: ئەسیکۆدا ASYCUDA)) کورتکراوەی Automated System for Customs Data))ـە. مەبەست لێی سیستمێکی کۆمپیوتەریی مۆدێرنە بۆ بەڕێوەبردنی گومرگ، کە لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان UNCTAD)) پەرەی پێدراوە. کاری سەرەکی ئەم سیستمە ئەوەیە، پرۆسەی کاغەز و مامەڵەی دەستی لە گومرگەکاندا ناهێڵێت و هەموو شتێک دەکاتە ئەلیکترۆنی. لە وەرگرتنی ڕەسمی گومرگی، پشکنینی بارهەڵگرەکان، تا کۆنترۆڵکردنی داهاتەکان. حکومەتی عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم سیستمەوە ڕێگری لە گەندەڵی، ساختەکاری لە پسوڵەکان و خۆدزینەوە لە باج بگرێت، چونکە سیستمەکە نرخەکان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی و جیهانی دیاری دەکات. بەڵام بازرگانان گلەیی ئەوەیان هەیە کە سیستمەکە زۆر توندە و ئەو نرخ و پێناسانەی دیاریی کردوون، زۆر بەرزن و لەگەڵ باری دارایی بازاڕی عێراق ناگونجێن، ئەمەش دەبێتە هۆی گرانبوونی کەلوپەل لەسەر هاووڵاتیان. بە کورتی، حکومەت وەک ئامرازێک بۆ "شەفافیەت" دەیبینێت، بەڵام بازرگانان وەک "بارێکی قورس" و بڕیارێکی لەپڕ سەیری دەکەن. لایەنە تەکنیکییەکانی ئەسیکۆدا (چۆن کار دەکات؟) ئەم سیستمە تەنها بەرنامەیەکی ژمێریاری نییە، بەڵکو ژینگەیەکی تەواوی دیجیتاڵییە، کە ئەم بەشانە لەخۆ دەگرێت: 1. مەنیفێستی ئەلیکترۆنی: (e-Manifest) پێش ئەوەی بارهەڵگرەکە بگاتە سنوور، زانیارییەکانی بۆ سیستمەکە دەنێردرێت. ئەمەش وا دەکات گومرگ پێشوەختە بزانێت چی دێت. 2. پشکنینی هەستیار (Risk Management) :سیستمەکە ژیریی دەستکرد یان هاوکێشەی تایبەت بەکاردێنێت بۆ پۆلێنکردنی بارەکان بەسەر سێ ڕەنگدا دابەشیان دەکات: o ڕەنگی سەوز: بارەکە هیچ کێشەیەکی نییە و ڕاستەوخۆ دەردەچێت. o ڕەنگی زەرد: تەنها پشکنینی بەڵگەنامە و کاغەزەکانی بۆ دەکرێت. o ڕەنگی سوور: دەبێت بارەکە بە تەواوی دابگیرێت و پشکنینی فیزیایی بۆ بکرێت. 3. پێوەندی بە بانکەکانەوە: سیستمەکە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە سیستمی بانکییەوە؛ بازرگانەکە ناتوانێت بە کاش پارە بدات، بەڵکو دەبێت لە ڕێگەی بانکەوە ڕەسمەکان بدات، ئەمەش ڕێگری لە گەندەڵی دەستی دەگرێت. سوودەکانی لەسەر ئاستی جیهانی لە زۆربەی وڵاتانی جیهان (زیاتر لە 100 وڵات) سیستمەکە بەکاردەهێنێت، وڵاتانی وەک (ئوردن، لوبنان، میسر) و چەندین وڵاتی تری ناوچەکە پێشتر ئەمەیان جێبەجێ کردووە و بەم ئامانجانە گەیشتوون: 1. کەمکردنەوەی کات: ئەو مامەڵەیەی پێشتر (2) هەفتەی دەخایاندبێت، بە پەیڕەو کردنی ئەم سیستمە بە (2) ڕۆژدا تەواو دەبێت. 2. زیادبوونی داهات: بەهۆی ئەوەی سیستمەکە ڕێگری ل واسیتەو واسیتەکاری و دەستکاری کردنی نرخ دەکات، داهاتی گومرگی وڵاتان بە ڕێژەی 20٪ بۆ 30٪ زیادی کردووە. 3. داتای ورد: حکومەت دەزانێت بە وردی چەند تەن شمەک و خۆراک یان چەند ئۆتۆمبێل و چی کەلوپەلێک هاتۆتە ناو وڵاتەوە، ئەمەش بۆ پلاندانانی ئابووری گرنگە تایبەتی هەیە. بۆچی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە عێراق کێشەی دروست کردووە؟ کێشەکە لە خودی سیستمەکە "ئەسیکۆدا" نییە، بەڵکو لە شێوازی تێکەڵکردنیەتی لەگەڵ یاسا کۆنەکان: 1. پێناسەی گومرگی :(Tariff) حکومەت لەگەڵ جێبەجێکردنی سیستمەکە، پێناسەی نوێی داناوە (وەک بڕیاری 957). سیستمەکە زۆر وردە و ڕێگە نادات هیچ بڕە پارەیەک "تێپەڕێنرێت"، ئەمەش وای کردووە بازرگانان هەست بەو تێچووە گەورەیە بکەن، کە پێشتر بە جۆرێک لە جۆرەکان (یان بە نایاسایی یان بە کەم خەمڵین) لێی دەرباز دەبوون. 2. نەبوونی ژێرخانی ئەلیکترۆنی: زۆرێک لە بازرگانان و کارمەندانی گومرگ هێشتا ڕانەهاتوون لەسەر سیستمی دیجیتاڵی و ئەمەش بووەتە هۆی قەرەباڵغی و مانەوەی بارهەڵگرەکان بۆ ماوەیەکی زۆر لە سنوورەکان (وەک بەندەری ئوم قەسر). 3. یەکخستنی نرخەکان: پێشتر ڕەنگە لە گومرگی "ئیبراهیم خەلیل" نرخێک بێت و لە "شەلامچە" نرخێکی تر، بەڵام ئەسیکۆدا هەمووی دەکاتە یەک، ئەمەش بازاڕی هەندێک ناوچەی تێکداوە. کاریگەری جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لەسەر هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی مشتومڕەکە لێرەدا لە چەند ڕەهەندێکەوە سەرچاوە دەگرێت: 1. یەکخستنی دەروازە سنوورییەکان: بەغداد دەیەوێت هەموو دەروازەکان بە دەروازەکانی (ئیبراهیم خەلیل، باشماخ، پەروێزخان)یشەوە هەمان سیستمی ئەسیکۆدایان تێدا بێت. ئەگەر ئەمە جێبەجێ بکرێت، چیتر جیاوازی لە نرخ و ڕەسمی گومرگی نامێنێت. پێشتر بازرگانان زۆرجار ئەو دەروازەیەیان هەڵدەبژارد کە "ئاسانکاری" یان "پێناسەی کەمتری" هەبوو، بەڵام ئەسیکۆدا ئەم کێبڕکێیە ناهێڵێت. 2. کێشەی دەسەڵات و داهات: بەپێی دەستوور، گومرگ دەسەڵاتێکی فیدراڵییە، بەڵام هەرێم دەروازەکانی خۆی بەڕێوە دەبات. جێبەجێکردنی سیستمەکە بەو مانایەیە کە بەغداد لە ڕێگەی سێرڤەرە ناوەندییەکانەوە دەزانێت هەر چرکەیەک چەند بار هاتووە و چەند داهات کۆکراوەتەوە. ئەمەش دەبێتە فشار بۆ سەر هەرێم کە دەبێت داهاتەکان بە ڕوونی ڕادەستی بەغداد بکات یان لە پشکی بودجەدا جێگەی بکاتەوە. 3. ترس لە پەککەوتنی بازرگانی: ئەگەر هەرێم سیستمەکە جێبەجێ نەکات و بەغداد لە بازگەکاندا (وەک بازگەی نێوان کەرکوک و هەولێر) گومرگی دووبارە دابنێت بە پاساوی ئەوەی "ئەسیکۆدا" نییە، ئەوا بازرگانی لە هەرێم پەککەوێت و نرخەکان لە ناوخۆی کوردستان زۆر گران دەبن. بەڵام، ئەگەر بەغداد دان بە گومرگی هەرێمدا نەنێت و سیستمەکە یەک نەخرێت، بازرگانەکە لە ئیبراهیم خەلیل گومرگ دەدات و کاتێک دەگاتە کەرکوک یان موسڵ، جارێکی تر داوای گومرگی لێ دەکرێتەوە. ئەم "دوو گومرگییە" گەورەترین هاندەرە بۆ ئەوەی بازرگانان پەنا ببەنە بەر ڕێگەی قاچاخ بۆ دەربازبوون لە یەکێکیان. کاریگەری دەروازەی ناڕەسمی و ڕێگای قاچاخ لەسەر سیستمی ئەسیکۆدا هەرچەندە سیستمی ئەسیکۆدا لە دەروازە شەرعییەکاندا توندوتۆڵ بێت، ئەگەر "دەرچەی پشتی" (قاچاخ و خاڵە ناڕەسمییەکان) هەبێت، سیستمەکە کاریگەریی پێچەوانەی دەبێت. ئەم کێشەیە بە چەند ڕێگەیەک کاریگەری لەسەر ئابووری و بازاڕ دادەنێت: 1. نادادی لە کێبڕکێدا: ئەمە گەورەترین مەترسییە. کاتێک بازرگانێکی پابەند و یاسایی لە ڕێگەی ئەسیکۆداوە باری خۆی دەهێنێت و 170 ملیۆن دینار گومرگ دەدات، لە بەرامبەردا بازرگانێکی تر بە ڕێگەی قاچاخ یان خاڵی ناڕەسمی بە تێچوویەکی زۆر کەمتر هەمان کاڵا دەهێنێتە ناو بازاڕ. لێرەدا بازرگانە یاساییەکە مایەپووچ دەبێت، چونکە ناتوانێت لە نرخدا کێبڕکێ بکات. 2. گۆڕانی ڕێڕەوی بازرگانی: ئەگەر خاڵە قاچاخەکان و دەروازە ناڕەسمییەکان کۆنترۆڵ نەکرێن، بازرگانان ناچار دەبن پشتیان پێ ببەستن بۆ ئەوەی لەو باجە قورسەی ئەسیکۆدا ڕزگاریان بێت. ئەمەش وادەکات داهاتی دەوڵەت نەک هەر زیاد نەکات، بەڵکو کەمیش بکات، چونکە پارەکە لە جیاتی خەزێنەی دەوڵەت دەچێتە گیرفانی قاچاخچییەکان و گرووپە دەستڕۆیشتووەکان. پرسیارەکە ئەوەیە چۆن ئەم کێشەیە چارەسەر دەبێت؟ (لە ڕووی تیۆری و پراکتیکییەوە)؟ بۆ ئەوەی ئەسیکۆدا سەرکەوتوو بێت، دەبێت حکومەت ئەم هەنگاوانە بنێت: • هێزی هاوبەشی فیدراڵی و هەرێم: دانانی هێزێکی ئەمنی و گومرگی هاوبەش لەو شوێنانەی وەک "خاڵی ناڕەسمی" دەناسرێن، بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەر بارێک بکەن کە کۆدی ئەسیکۆدای پێ نییە. • بەستنەوەی بازگەکان بە سیستمەکەوە: بازگەکانی نێوان شارەکان دەبێت ئامێری سکانیان هەبێت بۆ پشکنینی "بڕوانامەی گومرگی ئەلیکترۆنی". هەر بارێک مۆری ئەسیکۆدای نەبێت، دەبێت وەک قاچاخ دەستی بەسەردا بگیرێت. • کەمکردنەوەی پێناسی گومرگی: زۆرێک لە پسپۆڕان دەڵێن "باجی زۆر، هانی قاچاخ دەدات". ئەگەر حکومەت پێناسی گومرگی کەم بکاتەوە (بۆ نموونە 5٪ وەک ژووری بازرگانی داوای دەکات)، بازرگان ئامادە نابێت سەرکێشی بکات و باری خۆی بداتە دەست قاچاخچی، چونکە تێچووی قاچاخەکە لە گومرگە ڕەسمییەکە زیاتر دەبێت. ئەو ئایتمانەی زۆرترین کاریگەریی «ئەسیکۆدا» و پێناسە نوێیەکەیان لەسەرە بڕیاری (957)ی ساڵی 2025، پێناسەی گومرگی بۆ زۆر کاڵا گۆڕیوە. مەبەست لە بەرزکردنەوەکە زۆرجار "پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی" یان "کۆکردنەوەی داهات"ە. یەکێک لە خاڵە هەرە هەستیارەکانی ئەم سیستمە، پۆلێنکردنی وردی کاڵاکانە کە وا دەکات چیتر بازرگان نەتوانێت کاڵایەک بە ناوی کاڵایەکی ترەوە دەرباز بکات. بەپێی بڕیارە نوێیەکان، کاریگەرییەکان بەسەر ئەم سێکتەرانەدا دابەش دەبن: أ. کەرتی خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکان حکومەت ڕایگەیاندووە کە موادە خۆراکییە بنەڕەتییەکان (وەک ئاراد، شەکر، برنج و زەیتی خواردن) گومرگیان زۆر کەمە یان هەر نییە. بەڵام کێشەکە لێرەدا دەردەکەوێت: • خۆراکە لەقوتووکراوەکان: باجی سەر ئەم جۆرە کاڵایانە زیادی کردووە بۆ پاڵپشتی کارگەکانی ناوخۆ. • یاسای یەک کۆنتێنەر: ئەگەر بازرگانێک لەناو یەک کۆنتێنەردا برنج (باجی کەم) و کاڵایەکی تری تێدابێت کە باجی زۆرە، سیستمەکە بەپێی "بەرزترین ڕێژە" گومرگی هەموو کۆنتێنەرەکە دەکات. ئەمە وای کردووە نرخی خواردنیش لە بازاڕدا بەرز ببێتەوە. ب. کەرتی ئاوەدانکردنەوە و پیشەسازی ئەم کەرتە بە یەکێک لە "قوربانییە گەورەکان" دادەنرێت، چونکە حکومەت دەیەوێت کارگەکانی ناوخۆ ببوژێنێتەوە: • سیرامیک، کاشی و شیش: باجی سەر ئەم ئایتمانە بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە. • کەلوپەلی کارەبایی: ئامێرەکانی وەک سپلیت، سەلاجە و تەباغ کە لە دەرەوە هاوردە دەکرێن، ئێستا باجێکی زۆریان دەچێتە سەر، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر تێچووی خانووبەرە دەبێت. ج. ئۆتۆمبێل و کاڵا تەکنەلۆژییەکان سیستمی ئەسیکۆدا زۆر وردە لە دیاریکردنی جۆری ئۆتۆمبێل و ساڵی دروستکردن و قەبارەی بزوێنەر: • ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز: باجی گومرگی و "ئەماناتی باج" لەسەر ئۆتۆمبێل زیادی کردووە. • مۆبایل و لاپتۆپ: ئەگەرچی پێشتر باجێکی کەمیان لەسەر بوو، بەڵام ئێستا بەهۆی تۆمارکردنی ورد لە ئەسیکۆدا، بازرگانان ناچارن باجێکی ڕاستەقینە بدەن کە پێشتر بە جۆرێک لە جۆرەکان لێی دەرباز دەبوون. د. کاڵا لوکسەکان ئەم پۆلێنە زۆرترین ڕێژەی باجی بەرکەوتووە، کە هەندێک جار دەگاتە 30% بۆ 50%: • بۆن، کەلوپەلی جوانکاری، و خواردنە گرانبەهاکان. حکومەت ئەمە وەک سەرچاوەیەکی داهات دەبینێت کە کاریگەری لەسەر چینی هەژار نییە، بەڵام بازرگانان دەڵێن ئەمە دەبێتە هۆی وەستانی بازاڕی ئەم کاڵایانە. یەکێک لە گەورەترین کێشەکان ئەوەیە، کە ئەگەر لەناو یەک کۆنتێنەردا چەند جۆرە کاڵایەکی جیاواز هەبن، گومرگەکە بەپێی "بەرزترین ڕێژە" بۆ هەموو کۆنتێنەرەکە ئەژمار دەکرێت. ئەمە وای کردووە تێچووی کۆنتێنەرێک لە 3 ملیۆنەوە بەرزببێتەوە بۆ 175 ملیۆن دینار! بەڵام حکومەت دەڵێت موادە سەرەتاییەکانی وەک خواردن (برنج، شەکر، ڕۆن، ئارد..هتد) و دەرمان گومرگیان زۆر کەمە یان نییە، بەڵام بازرگانان دەڵێن بەهۆی وردی سیستمەکە و کرێی زەوی و دواکەوتن، تەنانەت نرخی ئەوانەش لە بازاڕدا بەرز دەبێتەوە. خشتەی نوێی پێناسی گومرگی ئەسیکۆدا و بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکان بەریەککەوتنی بەرژەوەندی دەوڵەت و هێزە سیاسییەکەان، کە لە زانستی سیاسی و ئابووریدا پێی دەوترێت "ململانێی دامەزراوەیی" واتە کاتێک دەوڵەت دەیەوێت دامەزراوەیەکی مۆدێرن و سیستەماتیک (وەک ئەسیکۆدا) دابمەزرێنێت، بەڵام هێزە نافەرمییەکان (حزب و گرووپە دەستڕۆیشتووەکان) وەک مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان سەیری دەکەن. ئەم واقیعە چەند ڕاستییەکی تاڵ دەردەخات، ئەوانیش: 1. تەکنەلۆژیا بەبێ "سەروەری یاسا" تەنها ئامرازێکی بێهێزە: تەکنەلۆژیا وەک ئەسیکۆدا دەتوانێت "کونەکان" بگرێت، بەڵام ناتوانێت "دەرگاکان" دابخات ئەگەر کلیلی دەرگاکان لە دەستی حزبەکاندا بێت. کاتێک حزبێک خاوەنی دەروازەیەکی نافەرمی بێت یان هێزێکی چەکداری هەبێت کە بتوانێت بارهەڵگر بەبێ پشکنین دەرباز بکات، ئەوا زیرەکترین سیستمی جیهانیش بێمانا دەبێت. 2. گۆڕینی گەندەڵی لە "کارگێڕییەوە" بۆ "سیاسی": ئەگەر گەندەڵی لە ئاستی فەرمانبەرێکی بچووکدا بێت کە بە بڕێک پارە چاو پۆشی بکات (ئەمە بە ئەسیکۆدا چارەسەر دەبێت)، بەڵام ئێستا کێشەکە گەورەتر بووە؛ گەندەڵییەکە بووەتە سیاسی. واتە ڕێککەوتنی گەورە لە پشت پەردەوە دەکرێت بۆ ئەوەی هەندێک بازرگانی سەر بە حزبەکان باج نەدەن، یان ڕێگەی تایبەتیان بۆ بکرێتەوە. 3. یاسای "باج بۆ لاوازەکان" لە دۆخێکی وادا، سیستمی ئەسیکۆدا دەبێتە ئامرازێک کە تەنها فشار دەخاتە سەر بازرگانی بچووک و بێپشتوپەنا، چونکە ئەوان ناچارن بە سیستەمەکەدا بڕۆن، لە کاتێکدا بازرگانە گەورەکانی سەر بە حزبەکان بە ڕێگەی تردا دەڕۆن. ئەمەش وادەکات بازاڕ بەرەو "قۆرخکاری" بڕوات و تەنها چەند کەسێکی دیاریکراو کۆنترۆڵی هەموو شتێک بکەن. بۆیە بۆ ئەوەی سیستمەکە سەرکەوتوو بێت، نابێت تەنها لە "کۆمپیوتەرێک لە گومرگدا" کورت بکرێتەوە. دەبێت: 1. چاودێرییەکی نێودەوڵەتی یان سەربەخۆ هەبێت کە ڕاستەوخۆ داتاکانی ئەسیکۆدا بەراورد بکات لەگەڵ ئەو کاڵایانەی لە بازاڕدا دەبینرێن. 2. یەکخستنی سیاسی: پێش یەکخستنی تەکنیکی، دەبێت لایەنە کوردی و عێراقییەکان لەسەر "بەرژەوەندی گشتی" ڕێکبکەون، نەک تەنها دابەشکردنی داهات. بە کورتی، کێشەی عێراق "کەمیی تەکنەلۆژیا" نییە، بەڵکو "زۆریی دەستوەردانی سیاسییە" ئەسیکۆدا وەک ئاوێنەیەک وایە؛ تەنها عەیبەکانی سیستمەکەمان نیشان دەدات، بەڵام ناتوانێت دەموچاوەکان بشوات! سەرچاوەکان - قرار مجلس الوزراء العراقي رقم (957) لسنة 2025 المعتمد رفع نسبة الرسم الجمركي على كافة مستوردات العراق. - حقيقة الضرائب في العراق: قرار 957 لسنة 2025 وليس لسنة 2023 خلال الأيام الماضية؛ https://shorturl.at/KyEID - الإطار التنظيمي لربط التعرفة الكمركية والأمانات الضريبية بنظام الأسيكودا؛ https://shorturl.at/hzMHD - تقریرالعالم الجديد، زلزال «الأسيكودا» يضرب الأسواق: هل تنجح «ثورة التجار» في تجميد التعرفة الكمركية الجديدة؟ 2026-02-07 https://shorturl.at/KgFvc
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) ئەوەی کەمەکێک بە وردیی سەیری ئەو رووداوانە بکات کە لە ناوچەکەدا روودەدەن، بە ئاسانی بەو دەرەنجامە دەگات کە «فشاری دەرەکیی» گەرەنتی سەرەکییە، ئەگەر تاقە گەرانتیەکیش نەبێت بۆ رێگرتن لە دروستبوونی کوشتارگەی گەورە و داخستنی حەمامی خوێن لەناوچەکەدا. ئەم فشارە رێگرە لەبەردەم ئەنجامدانی دووبارەکردنەوەی ئەو تاوانە گەورانەی بەشێکن لە مێژووی ناوچەکە، لە «تاوانەکانی جەنگ»ەوە بیگرە، تا بە «تاوانی جینۆساید»، دەگات. پێویست ناکات دکتۆرات لە زانستە سیاسییەکاندا هەبێت بۆئەوەی، بۆ نموونە، ئەو راستییە سادەیە بزانیت کە بەبێ بڕیارەکانی ئەم دواییەی کۆنگریسی ئەمریکیی و بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەوروپا، هێزە جیهادییەکانی ئەحمەد شەرع و سوپا موسڵمانەکەی تورکیا، بە هاوکاریی پرۆکسییە خوێناوییەکانی هەمان وڵات لە سوریادا، لە پەلاماردان و هێرشکردنە سەر ناوچە کوردییەکانی رۆژئاڤا و کۆکوژیی دانیشتوانەکەی، نەدەکەوتن. ئەو تاوانانەیشی لە سویدا و ساحلی سوریدا بەرامبەر بە دروز و عەلەوییەکان ئەنجامدارن، بە خراپترەوە بەرامبەر بە ناوچە کوردییەکان ئەنجامئەدران. تورکیا خۆیشی بەبێ فشاری ئەمریکییەکان و ئەوروپییەکان، هەموو دەرگاکانی لەسەر ئەو ڕقە مێژووییە دەکردەوە، کە زیاد لە سەدەیەکە، لە پەیوەندیدا بە هەمووشتێک پەیوەست بە کورد و خاکی کوردستانەوە دروست و گەورەی کردوە. رقێک مارەکراو لە تەکنۆلۆژیای کوشتن و لە ویستی قڕکردن بە میلەتێک، تاقە تاوانی ئەوەیە دەیەوێت میلەتبوونی خۆی لەناو جیهانی ئەمرۆدا، بژیی. هەر گوێگرتن لە قسەکانی هاکان فیدان بەسە بۆ بیستن و بینینی ئەو ڕقە گەورەیە لەناو خەیاڵی سیاسیی دەوڵەتی تورکیا و لەناو ئەو پەیوەندییانەدا تورکیا بە کورد و بە دەوڵەتە دراوسێکانییەوە، گرێئەدات. هەمان دۆخ لە ئێرانیشدا سەروەرە، فشاری دەرەکیی نەبێت حوکمڕانانی ئەو وڵاتەش، نەک تەنها دەست لە ئەنجامدانی هیچ تاوانێک بەرامبەر بە کورد و لە کوردستاندا ناپارێزن، بەڵکو لە سەرتاسەری وڵاتەکەیشدا لە هیچ پێکهاتەیەکی تری ناو ئەو وڵاتەی، ناپارێزن. ئێمە لەناوچەیکدا دەژین «فشاری دەرەکیی» تاکە دڵنییایەکە بە میلەتانی ئەم ناوچەیە بدرێت، بۆئەوەی حوکمڕانەکانیان لەناویاننەبەن و ڕووبەرووی تاوانی کۆمەڵکوژیی و جینۆسایدیان، نەکەنەوە. هەرخودی ئەو فشارە دەرەکییانەشن کە زۆرجار یەکلاکەرەوەی ململانێکان و دابینکەری لانیکەمی ئەمن و ئاسایشن. زۆرینەی هەرزۆری هێزە ناوەکییەکانی ناوچەکە و، ئەو گوتارانەی باڵادەستن و ئەو سایکۆلۆژیایەش کە کاردەکات، هێز و گوتار و سایکۆلۆژیای جەنگ و رق و تۆڵەکردنەوەن لە یەکتری. گوتار و هێزی دابەشکردن و بەدوژمنکردنی یەکترین، گوتاری لەمرۆڤخستنی مرۆڤەکان و ویستی بەخائین و بێدین و مولحید و کافکردنی یەکترین. بۆ نموونە، ئەوە هێز و فشارە دەرەکییەکانن دەیانەوێت لە سوریادا لانیکەمی کۆگیریی هەبێت و حوکمڕانییە موسڵمان و خوداناسەکە، پێکهاتەکانی ناوی لەناونەبات و خوێنی ملیۆنان مرۆڤ نەرێژێت. چەکدارەکان بەناوی ئەڵاهوئەکبەرەوە لەشی کچێکی کوژراو لەسەر باڵەخانەیەکەوە فڕێنەدەنە خوارەوە. یان وڵاتێکی هاوسنور، تورکیا، خاکی دراوسێکەی خۆی، سوریا، داگیرنەکات و پەلاماری یەکێک لە پێکهاتەکانی ناو ئەو وڵاتە دراوسێیە، نەدات. هێزە باڵادەستەکانی ناوچەکە هێزی لەناوبردنی لانی هەرەکەمیی هەر جۆرە کۆگیرییەکی ناوەکین، کە بەزۆر و لەڕێگای سوپا و هێزی سەربازییەوە نەسەپێندرابێت. ئەوان تەنها ئەو کۆگیریانەیان دەوێت کە لەگەڵ زەوق و خواستیی حوکمڕانەکاندا دەگونجێت، نەک لەگەڵ خواست و ویستی پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگاکەدا. دابڕینیی کۆگیریی لە ماف و هێمنیی و ئاسایش و ڕێز، ئەو تاقە زمان و ویست و سیاسەتەیە ئەم هێزانە قسەیپێدەکەن و لەسەر زەویش لە رێگای هێزەوە پیادەیدەکەن. ئەم دۆخەیە وادەکات بڕیارێکی کۆنگریسیی ئەمریکیی، یان بڕیاری پەرلەمانی ئەوروپی، یان تەنانەت ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لە داڤۆس، لە دووری هەزاران هەزار کیلۆمەترەوە، ئەو گرنگییە حەیاتییەی بۆ ژیانی ملیۆنان مرۆڤ هەبێت و ئامرازی سەرەکیی رێگرتنبێت لە جەنگ و کۆکوژیی لە زیاد لە شوێنێکی ناوچەکەدا. ئەم دۆخە وایکردوە دەکرێت، بە حەزەرێکی زۆرەوە، بەرگریی لەو دیدگایە بکەین کە پێیوایە ئەوە «فشارە دەرەکییەکان»ە دەیەوێت جۆریک لە کۆگیریی دروستببێت، نەک هەوڵە ناوەکییەکان. کۆگیرییەک نوینەرایەتی فرەرەنگیی ناوەکیی کۆمەڵگاکانی ناوچەکە، فرەرەنگیی ئەتنیی و دینیی و زمانەوانی و فەرهەنگییان، بکات. با لێرەدا لە پەیوەنیدا بە کوردەوە ، بە تایبەتی لە پەیوەندییە ناوەکییەکانی کورد بەخۆیەوە، لەسەر دوو خاڵ بوەستین. یەکەمیان: ئەو کۆگیرییە ناوەکییە گەورەیەیە کە ماوەی پێشوو لە ناو شار و شارۆچەکەکانی بەشێکی گەورەی کوردستاندا بینیمان. کۆگیرییەک خەڵکی کوردستان خۆیان دروستکەر و داهێنەر و بەڕێوەبەری بوون. دوور لە سەرجەمی ئەو دابەشبوون و پارچەپارچەبوونە ناوەکییانەی «مەسەلەی کورد»یان لەناوەوە هەلارهەلار و ئیفلیج کردوە. کۆگیرییەکی نیشتیمانیی و ئینسانیی، کە ترسی سەدبارەبوونەوەی کارەسات و تاوانە گەورەکان بەرامبەر بە میلەتی ئێمە، پاڵنەر و وزە ناوەکییەکەی بوو. دووهەمیان: نەبوونی هەمان کۆگیرییە لەناو هێزە سیاسییە کوردییەکان و درێژەدانە بە لۆژیکی پارچەپارچەبوونی سیاسیی و فرەڕیزیی ناکۆکانە، لەسەر بنەمای لۆژیکی قەبەکردنی دەسەڵاتی حیزبیی و بنەماڵەیی و خێزانیی و پاراستنی سنوورەکانی ئەو ئیمارەتە حیزبییانەی هێزە کوردییەکان خۆیان دروستیانکردوە و بەسەر «مەسەلەی کورد»یشدا سەپاندوویانە. ئەمەش تەنها یەک مانای هەیە: ئیشکردن بە لۆژیکی بەر لە دروستبوونی «نەتەوە» وەک چوارچێوەیەکی سیاسیی هاوبەش و دروستبوونی «نیشتیمان» وەک چوارچێوەیەکی جوگرافیی بۆ ئینتیما. لەم ئاستەدا، «فشاری دەرەکیی» دیسانەوە پێداویستییەکی سەرەکییە بۆ هەوڵدان بۆ دروستکردنی لانی هەرەکەمی کۆگیریی ناوەکیی لەنێوان هێزە کوردییەکان خۆیاندا. ئەمەش تەنها یەک مانای هەیە: سەرجەمی ئەو نەخۆشییە سیاسیی و دینییانەی لەناو دەوڵەتە باڵادەستەکانی ناوچەکەدا هەیە، لەناو هێزە سیاسیی و هێزە دینییە کوردییەکانیشدا هەیە و ئامادەیە. وەکچۆن دەوڵەتەکانی ناوچەکە رێ لە دروستبوونی هەر کۆگیرییەک لەسەر بنەمای ماف و رێز دەگرن، بەشێکی زۆری هێزە کوردییەکانیش لە پەیوەندیاندا بەیەکەوە و بە کوردستانەوە، هەمان کار ئەنجامئەدەن و لۆژیکی هێز و خۆسەپاندن بەسەر لۆژیکی رێزگرتنی ماف و بەشکردنی بەرپرسیارێتیدا، کاردەکات. ئەمیان دەخوازێت «حیزبی قائید» بێت و سەرجەمی هێزە کوردییەکانی تر، «رەعیەتی سیاسیی» ئەو بن. ئەویتریان دەیەوێت «مەرجەع» و «گەورە»ی هەموو کوردبێت و هەرچی کوردێک لەسەر ئەم هەسارەیە دەژیی، لەو مەرجەعە «بچوکتر» و «کەمتر» بێت. سوپایەکیش لە زوڕناژەنی کۆن و تازە فوو بەم تەماحی ئەم «مەرجەع»بوونەدا دەکەن. ئەم دۆخە وایکردوە کۆبوونەوەی هیزە دەرەکییەکان لەگەڵ کوردا تەنها بۆ ریکخستنی پەیوەندیی کورد لەگەل دەوڵەتە مەرکەزییەکاندا نەبێت، هەر هەوڵدان نەبێت بۆ پاراستنی کورد لەو دەوڵەتانە و میلیشیا جۆربەجۆرەکانیان، بەلکو بۆ ریکخستنی پەیوەندییە ناوەکییەکانی کورد خۆیشی بێت، لەگەڵ یەکتریدا. ئەمەش دۆخێکی دروستکردوە «فشاری دەرەکیی» چەندە پێویستبێت بۆ پاراستنی کورد لە دوژمن و ناحەزە دەرەکییە زۆرەکانی لەناوچەکدا، بەهەمان ئەندازەش پێویستبێت بۆ رێکخستنەوەی پەیوندیی ناوەکی هێزە کوردییەکانیش، لەگەڵیەکدا. ئەمەش بەشێکە لەو کۆمێدیا سیاسییە کە خوێن و مەرگی بەردەوامی لێدەبارێت. کۆمەڵگای کوردیی بە ئەزموون وەرگرتن لە برین و کارەساتە گەورەکانی ناو مێژووی سەد ساڵی رابردووی، توانا و ویست و ئەگەری کۆگیریی تێدایە، لە ماوەی پێشودا ئەو ویستی کۆگیرییەی نیشانی دۆست و دوژمنەکانی دا، بەڵام «سیاسەتی کوردی» سیاسەتێکە بێ لانی هەرەکەمی کۆگیریی. سیاسەتێکی دابەش و پارچەپارچەی بەسەر چەند تەورە و هێز و بکەر و ریزی سیاسیی ناکۆک و دژبەیەکدا، کە تەواو ناکۆکە بە رۆحی ئەم ساتەوەختە مێژووییە گرنگ و ترسناکەی ئێستا. مێژووی میلەتی ئێمە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە تا ئەمرۆ، مێژووی گەڕان نییە بەدوای هێزدا، لە دیدگایەکی نیتشەویەوە. هەروەها مێژووی گەڕانیش نییە بەدوای چێژ و لەزەتدا، لە دیدگایەکی فرۆیدیەوە، بەڵکو مێژووی گەڕانە بەدوای دانیپانان و ئیعترافێکی سیاسییدا کە وابکات کوردیش وەک میلەتەکانی تری جیهان، وەک میلەت لەناو مێژووی خۆیدا ئامادەبێت. میلەتێک کە ماف و داخوازی سیاسیی هەیە و دەخوازێت ئەو ماف و داخوازیانەش جێبەجێبکرێن و ڕێزیان لێبگیرێت. ئەوەی وا لە میلەتی ئێمە دەکات بژیی، یان بتوانێت بژیی و تەسلیم بەو دۆخی بێمافییە نەبێت، هەوڵدان و گەڕانی بەردەوامیەتی بەدوای ئەم ئیعتراف و دانپیانانە مێژوویەدا. ئەمەش وادەکات «مەسەلەی کور»د وەک مەسەلەی میلەتێک کە ماف و رێز و دانپیانانی دەوێت، رەهەندێکی ئەخلاقیی گەورەی هەبێت کە زۆر کەس لە جیهاندا تێگەیشتنی بۆی هەبێت. ئەوەی ئەمرۆ لەهەموو کاتێک زیاتر ئەم مەسەلەیە پێویستی پێیەتی، بەهێزکردنی ئەم رەهەندە ئەخلاقییە گرنگەی «مەسەلەی کورد»ە، نەک لاساییکردنەوەی شێخە نەوتاوییەکانی خەلیج، یان بەرگریکردن لە گوتارێکی دینیی، کە لەڕێگایەوە بەشێک لە کورد بەشێکی تری خۆی وەک کافر و مولحید ببینێت و ڕێگاکانی بەرگریکردنیش لە کوردبوون وەک لادان لە دین، وێنابکات.
هێمن خۆشناو: كشانهوهی هێزهكانی ئهمریكا له بنكهی سهربازی (ئهلتهنهف) كه دهكهوێته سێگۆشهی سنووری (سوریا – عێراق – ئۆردون) چهندین لێكدانهوه ههڵدهگرێت كه رهنگه گرنگترینیان پهیوهندی به باشتربوونی پهیوهندی نێوان ئسرائیل و ئهمریكاوه ههبێت. له (6 تشرینی دووهمی 2025) ئاژانسی ههواڵی (رۆیتهرز)، بڵاویكردهوه كه ئهمریكا به نیازه بنكهیهكی ئاسمانی سهربازی له (دیمهشق) دروست بكات، ئامانجیش له دروستكردنیدا زهمینه سازیه بۆ رێككهوتنی ئسرائیل و سوریا به ناوبژیوانی ئهمریكا. ههر به گوێرهی ههواڵهكه، شوێنی بنكه سهربازیهكه دهكهوێته بهشی باشووری دهروازهی شاری دیمهشقی پایتهخت، كه پێشبینی دهكرا ببێته ناوچهیهكی له چهك داماڵدراو بهگوێرهی نهخشهی ئهمریكا بۆ رێككهوتنهكه. دوای ئهم ههواڵهی (رۆیتهرز) بهچهند كاتژمێرێك، ئاژانسی ههواڵی (سانا) كه ئاژانسی فهرمی حكوومهتی سوریایه له ههواڵێكی به پهله و به پشتبهستن به كارمهندێكی وهزارهتی دهرهوهی حكوومهتی كاتی سوریا ههواڵهكهی رۆیتهرز به درۆ دهخاتهوه ههواڵهكه بهبێ بنهما له قهڵهم دهدات! له (9 كانوونی یهكهمی 2025) واته دوای تێپهڕبوونی مانگێك بهسهر ههواڵهكهی (رۆیتهرز) به سێ مووشهك هێرشكرایه سهر فڕۆكهخانهی (ئهلمهزه) له دیمهشق كه فرۆكهخانهیهكی سهربازیه، بێ ئهوهی هیچ لایهنێك بهرپرسیاریهتی هێرشهكه بگرێته ئهستۆ. لهگهڵ ئهوهشدا چهندین ناوهندی ههواڵی ناوچهیی، پێیانوابوو كه ئهنجامدهری هێرشهكهی سهر فڕۆكهخانهی (ئهلمهزه) ئسرائیله و هۆكارهكهی پشت هێرشهكهشیان به ناكۆكی نێوان (تهلئهڤیڤ – واشنتن) بهستهوه، لهمهڕ ناڕازیبوونی ئسرائیل له دروستكردنی بنكهیهكی سهربازی ئهمریكی له دیمهشق و سیاسهتی ئهمریكا له سوریا، كه دهیهوێت رێگا بگرێت له پێشڕهوی زیاتری ئسرائیل بهناو قوڵایی خاكی سوریادا، بۆ تهواوكردنی كۆریدۆری (داود). به تهنیا ئهمه نا، بهرپرسه ئسرائیلیهكان له ماوهی رابردوو چهندین جار جهختیان لهوه كردۆتهوه كه (تۆم باراك) نوێنهری سهرۆكی ئهمریكا، لهمهڕ ناكۆكی نێوان (توركیا – ئسرائیل) پشتگیری له توركیا دهكات و ئاستهنگی بۆ ئسرائیل دروست دهكات. پێگهی (والا) ی ئسرائیلی له (29 كانوونی دووهمی 2026) له زاری بهرپرسێكی ئیسرائیلی بڵاویكردهوه كه :" تۆم باراك بهرگری له بهرژهوهندیهكانی توركیا دهكات". به گوێرهی پێگهی ناوبراو بهرپرسه ئسرائیلیهكه دهڵێـت:" باراك وهكو ئهوهی باڵیۆزی توركیا بێت ههڵسوكهوت دهكات و بهم شێوهیه كاریگهری خراپ بهسهر رووداوهكانی رۆژههڵاتی ناوهڕاست بهجێدێڵێـت". لهوانهشه ساردی پهیوهندیهكانی نێوان (ئسرائیل و ئهمریكا) هۆكاری سهرهكی بێ له پشت سهردانه سێ رۆژیهكهی (كۆنگرێسمانی كۆماری) لیندسی گراهام بۆ ئسرائیل له (15 كانوونی دووهمی 2026)، كه به كهسی ههره نزیكی ئسرائیل دادهنرێت. چونكه دوای ئهم سهردانه بهچهند رۆژێك (بنیامین ناتانیاهۆ) سهردانی واشنتنی كرد و له كۆشكی سپی چاوی به دۆناڵد ترهمپ كهوت. ئهمهش بهلانی كهم ئاماژهیه به كهم بوونهوهی ساردی له پهیوهندی ههردوولادا. دوورنیه كشانهوهی هێزهكانی ئهمریكا له بنكهی (ئهلتهنهف) له سێگۆشهی سنووری نێوان (عێراق، سوریا و ئۆردون) ئاماژهیهكی دیكه بێت له باشتربوونی پهیوهندی نێوان ئسرائیل و ئهمریكا كه هاوكات بوو لهگهڵ سهردانی (ناتانیاهۆ) بۆ واشنتن. گرنگی بنكهی (ئهلتهنهف) چیه؟ له رووی ئیداریهوه بنكهی ئهلتهنهف سهر به پارێزگای حومسی سوریه. بنكه سهربازیهكه نزیكه له دهروازهی (ئهلتهنهف) لهسهر رێگای بازرگانی نێودهوڵهتی له نێوان دیمهشق و بهغدا كه به رێگای (M2) ناسراوه و وهكو شادهماری ستراتیژی بازرگانی و جوڵهی سهربازی دهناسرێت، كه ئهمهش مۆركێكی جیۆسیاسی گهورهتر له قهباره جوگرافیهكهی بهم ناوچهیه و بنكهكه بهخشیووه. گرنگی ئهم بنكهیه بهتایبهتی ساڵی 2016 زهقكرایهوه كاتێك هێزهكانی ئهمریكا له چوارچێوهی هاوپهیمانی نێودهوڵهتی دژ به داعش لهم بنكهیه گیرسانهوه. سهرهتا واشنتن ئهم بنكهی وهكو ناوهندێكی راهێنان بهكارهێنا بۆ پشتگیریكردن له گرووپی (سوپای مغاویری شۆڕش) كه گرووپێكی بهرههڵستكاری رژێمی پێشووی سوریا بوو. له ههمان كاتدا بنكهكه وێستگهیهكی چاودێر و دروستكردنی ههژموون بوو بهسهر ناوچهیهكی بهرفراوانی بیابانهكانی سوریا. بهڵام گرنگی (ئهلتهنهف) زیاتر له رووی ستراتیژی دایه، كه ناوچهیهكی ههستیاره بۆ پێشبڕكێ و ركابهری هێزه ناوچهیهكان، وهكو ناوچهیهك له قهڵهم دهدرێت بۆ رێگرتن له گهیشتنی ئێران به قوڵایی ناوچهی رۆژههڵاتی ناوهڕاست. ههر ئهوهش وایكرد له ساڵانی پێشتردا هێزهكانی ئهمریكا لهم بنكهیه بهردهوام راستی هێرشی فڕۆكهی بێفڕۆكهوان بێنهوه. سهرهڕای ئهو مهترسیانهی تووشی هێزهكانی ئهمریكا دهبوونهوه لهم بنكهیه، ههروهها سهرهڕای پووكانهوهی داعش له عێراق دوای 2017 و له سوریا دوای 2019، ئهمریكا ئاماده نهبوو دهستبهرداری ئهم بنكهیه بێت و مانهوهشی لهم بنكهیه دهبهستهوه، به جهختكردنهوه له بهرهنگاربوونهوهی تیرۆر و چاودێریكردنی جوڵـﻪ ناوچهیهكان له بیابانی سوری. لهم سۆنگهیهوه، كشانهوهی ئهمریكا له (ئهلتهنهف) كه هاوكاته لهگهڵ نهمانی ساردی پهیوهندی ئسرائیل و ئهمریكا چهندین پهیام و ئاماژه لهخۆ دهگرێت، رهنگه گرنگترین پهیامیش رێگا خۆشكردن بێت بۆ سهپاندنی ههژموونی زیاتری ئسرائیل بهسهر خاكی سوریا سهرهتا له رێگای هێزی ئاسمانی و دواتریش هێزی زهمینی. دووریشنیه كشانهوهی ئهمریكا له (ئهلتهنهف) زهمینه بۆ (ئهحمهد ئهلشهرع) خۆش بكات تا داوای كشانهوهی هێزهكانی روسیا و توركیا بكات له تهواوی سوریادا، دهشكرێت لێدوانهكانی (یهشار گولـلهر) وهزیری بهرگری توركیا بهر له چهند رۆژێك كاتێك گووتی:" كشانهوهی توركیا له سوریا مهسهلهیهكی رههای توركیه" دركردنی ئهنقهره بێت بهم خوێندنهوهیه. گۆشهیهكی دیكه كه دهكرێت كشانهوهی ئهمریكا له (ئهلتهنهف) راڤه بكات، نهمانی متمانهی واشنتن بێت به دهسهڵاتی (ئهلشهرع) به تایبهتی دوای رووداوی هێرشكردنه سهر سوپای ئهمریكا لهلایهن داعش له (تهدمور) له 13 كانوونی یهكهمی 2023 دا. ههر ئهوهش بوو ئهمریكا گهیانده ئهو باوهڕیهی تا زیاتر له 5 ههزار گیراوی داعش له سوریا بگوازێتهوه عێراق. بێگومان هۆكارێكی دیكهی كشانهوهی ئهمریكا له ئهلتهنهف دهكرێت به رێوشوێنی خۆپارێزی سوپای ئهمریكا دهبهسترێتهوه، به تایبهتی له كاردانهوهی ئێران له ئهگهری ههر هێرشێكی ئهمریكیدا، چونكه به ههمان هۆكار پێشتریش سوپای ئهمریكا له بنكهی (عهین ئهلئهسهد) له خۆرئاوای عێراق كشایهوه. كشانهوهی ئهمریكا له (ئهلتهنهف) لهم كاتهدا چاوهڕواننهكراو بوو، چونكه پڵانی سوپای ئهمریكا ههبوو بۆ دروستكردنی بنكهیهكی سهربازی له شاری (ئهلزهمیر) له نزیك دیمهشق جگه له گیرسانهوهیان له تهدمور و ئهلتهنهف، ئهم سهنگهر گرتنهش وهكو رێگرتنی ئهمریكا له ئسرائیل بۆ دروستكردنی كۆردیۆری (داود) دهخوێندرایهوه به تایبهتی لهلایهن شرۆڤهكاری توركیدا. پێدهچێت دوای بڵاوكردنهوهی بهڵگه و دیكۆمێنته پڕ سكانداڵ و تاوانه سێكسیهكانی (جێفری ئهبستین) لۆبی ئسرائیلی لهناو ئهمریكا سهركهوتوو بێت له رازیكردنی (ترهمپ) به كشانهوه له سوریا به بیانووی نهمانی داعش و ههسهده، كه له جهوههردا ئهم كشانهوهیه دهرفهت رهخساندنه بۆ ئسرائیل تا زیاتر ههژموونی خۆی بهسهر تهواوی باشووری سوریا بسهپێنێت و بهرهو تهدمور و دواتر (ئهلتهنهف) شۆڕبێتهوه بۆ تهواوكردنی كۆردیۆری (داود) و گهیشتن به دێرهزور. ئهوهی دهیبینین له سوریادا تهواوی رووداوهكان نیه بهڵكو بهشێكه، ئهوهی له پشت پهرده دهگووترێت، بهرنامهی بۆ دادهڕێژرێت و رێككهوتنی لهسهر دهكرێت زۆر زیاتره لهوهی لهسهر مێزی گفتوگۆ دهیبینین و تاوتوێ دهكرێت! كێ دهڵێت: لۆبی جولهكه (ترهمپ) و ستافهكهی ناچار ناكات تا دۆسیهی سوریا رادهستی ئسرائیل بكات، كه ئهمهیان له خۆشی (جۆلانی) یش دهچێت تا بتوانێ له ژێر سێبهری (شهیبانی) بێته دهرهوه...
درەو: ماڵپەڕی "ئەلمۆنیتۆر"ی ئەمریكی لە رپۆرتێكدا بە ناونیشانی "سەركەوتنی مەزڵوم كۆبانی لە میونشن" باس لەوە دەكات، رووداوەکان رۆژی پێنجشەممە وەرچەرخانێکی سەرنجڕاکێشیان بەخۆیەوە بینی، کاتێک هەواڵێک بڵاوبووەوە کە مەزلوم کۆبانی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەشداری لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دەکات، کە کۆبونەوەی ساڵانەی سەرکردە و کەسایەتییە ناسراوەکانی جیهانە و لە مۆدێلی کۆڕبەندی داڤۆسەوە وەرگیراوە. بەڕاستی بەشداری کرد، ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە سۆشیال میدیادا بڵاوبوونەتەوە، کە کۆبانی و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا لە ڕۆژی هەینی لەگەڵ شاندێکی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی مارکۆ ڕوبیو، وەزیری دەرەوەی سوریا لە میونشن کۆبونەتەوە، گۆڕانی هەڵوێستی ئەو فەرماندە کوردەیە لە گۆڕەپانی شەڕەوە بۆ دیپلۆماسیەتی جیهانی. ئەلمۆنیتۆر دەڵێت، بابەتەکە تەنها لە کۆتا خولەکدا هاتە ئاراوە، لەوانەیە بەهۆی کێشەی ڤیزاوە بێت، بەڵام چۆن دەستکەوتێکە! . دوایین سەردانی کۆبانی بۆ ئەوروپا وەک بەرپرسی باڵی ئەوروپای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بووە لە نێوان ساڵانی ١٩٩٥ بۆ ١٩٩٩. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، دیمەشق تووڕە بووە لە ئامادەبوونی كۆبانی لە میونشن، لەگەڵ ئەوەشدا شەیبانی بە ئارامی خۆی پیشاندا، دەشتوانيت بەو ئەنجامە بگەیت كە ئەنكەرەش دڵخۆش نییە، تا ئێستا کۆبانی لە لیستی سووری داواكراوترینەكانی تورکیادا ماوەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، قسەو باسێکی زۆر هەیە کە رەنگە کۆبانی بە نهێنی لەگەڵ بەرپرسی هەواڵگری تورکیا، ئیبراهیم کالن کۆببێتەوە، کە چاوەڕوان دەکرێت لە کۆنفرانسی میونشنیشدا بەشداری بکات. سەرچاوە ئاگادارەکان چەند هەفتەیەک لەمەوبەر بە ئەلمۆنیتۆریان راگەیاند، رەنگە کۆبونەوەیەک لە ئەنكەرە رووبدات، ئەگەر کۆبانی ڕازی بێت بە مەرجەکانی ئەو رێککەوتنى یەکگرتنەی کە لە ١٨ی كانوونی دووەم لەگەڵ دیمەشق واژۆی کردبوو، بەڵام كۆبانی رەتیكردەوە. بەهۆی پاڵپشتی بەهێزی دواین ساتەكان لەلایەن کۆنگرێسی ئەمریکاوە، هێزەکانی سوریای دیموکرات توانیان مەرجەکانی رێککەوتنەکە باشتر بکەن و لە 30ی كانوونی دووەم رێککەوتنێکی نوێیان ئەنجامدا، ئەم رێککەوتنە ڕێگە بە هێزەکانی هەسەدە دەدات چوار لیوا بهێڵێتەوە، هەرچەندە لەژێر فەرماندەیی سوپای سوریاشدا بێت. پێدەچێت تورکیاش هاوشانی دیمەشق ئەم دەرئەنجامەی قبوڵ کردبێت. لەبەرامبەر ئاماژەیەکی نیازپاکی، كە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا ١٠٠ گەریلای پەکەکە كە خەڵكی سوریا نەبوون سوریا لە سوریاوە ڕوویان لە بنکەکانی کوردستانی عێراق کردووە، ئەمەش یارمەتیدەر بووە بۆ نەرمکردنی دژایەتی تورکیا بەرامبەر بە بیرۆکەی هێشتنەوەی هەندێک هێزی هەسەدە. لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا، پێدەچێت نیگەرانییەکانی تورکیا نەمابێت سەبارەت بە دامەزراندنی دەوڵەتێكی بچوکی کوردی لە سوریا کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی بکرێت، بەڵام تورکیا پێداگری دەکات لەوەی هیچ نیازێکی نییە بەم زووانە هەزاران سەربازەکەی لە سوریا بکشێنێتەوە. لە هەردوو حاڵەتەكەدا، دوای چەند هەفتەیەکی كارەستاوی کە لەو ماوەیەدا هێزەکانی سوریای دیموکرات ٨٠%ی ئەو خاکەی کە کۆنترۆڵیان كردبوو لەدەستیاندا، ئەم گەشتە بۆ ئەڵمانیا گوڕێك دەداتە کۆبانی كە زۆر پێویستی پێیبوو.
(درەو): مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە هەولێر پرۆژەی ئی پسولە E-Psule ی كردەوە. ئەمە سەکۆیەکی دیجیتاڵییە کە حکومەتی هەرێم دایناوە بۆ وەرگرتنی پارەی پسوڵەی كارەباو لە دواتریشدا پارەی پسوڵەكانی تر. بەقسەی ئەوانەی دروستیان كردووە، سەكۆكە بانکی ناوەندیی عێراق پەسەندی کردووەو، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پشتگیریی دەکات و كۆمپانیای (دیلۆیت) وردبینی بۆ دەکات. بڕیارە ئەم ماڵپەڕە بەدرێژایی 24 كاتژمێرو لە هەموو رۆژەكانی هەفتەدا كاربكات، بۆ پارەدانی پسوڵە هیچ زیادە یاخود عمولەیەك وەرناگرێت. هەروەك بڕیارە پارەدان لەم سایتەوە بەشێوەی لێبڕین نەبێت واتا خۆی بەشێوەی ئۆتۆماتیكی پارەی كارەبا یان هەر شتێكی تر لە ژمارە حسابییەكەت نابات و دەبێت خۆت پارەدانەكە بكەیت. لە قۆناغی یەكەمدا ئەم بانک و جزدانە دیجیتاڵییانە بەردەست دەبن: - بانکی جیهان - بانکی FIB جزدانە دیجیتاڵییەکان - ناس واڵێت - فاست پەی - ئاسیا پەی ئەوانەی لە چارەگی یەکەمی 2026 بەردەست دەبن - بانکی ئیسلامیی عێراقی - ئاڕ تی بانک - بانکی بەغدا - بانکی ئیسلامیی ئەبوزەبی - بانکی BBAC جزدانە دیجیتاڵییەکان و بریکارەکان - زەین کاش
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) هەموو دوو هەفتەیەک پێش ئێستا بوو، کۆمەڵگای ئێمە شاهێدی بینینی چەندان رووی پۆزەتیڤ و بەرپرسیار و هیوابەخشی خۆی بوو. کاتێک ئەو ژمارە گەورەیە لە ژنان و پیاوان و کچان و کوران و گەنجان و بەتەمەنمان لەسەر شەقامەکان بەیەک دەنگ بەرگریان لە مرۆڤبوونی خۆیان مرۆڤبوونی مرۆڤەکانی تر دەکرد، بەگژ ناهەقیی و زوڵم و خرپەکاریی سەردەمەکەی خۆیاندا دەچونەوە، کۆمەڵگای ئێمە وێنەیەکی خۆی دەبینیی کە شوێنی دڵخۆشیی و ئاسودەییەکی گەورەبوو. سەدان هەزار کەس خۆپیشاندانیان بۆ بەرگیکردن لە خۆیان و لە بەشێک لە نیشتیمانەکەی خۆیان دەکرد، رۆژئاوا. وزەیەکی ئینسانی پاکژ و پۆزەتیڤیشیان بە خۆیان و بە کۆمەڵگاکە نیشانئەدا. هاوکات هەر لەم هەفتەیەدا، ئێمە وێنەیەکی تەواو نێگەتیڤ و دیوێکی تری کۆمەڵگاکەمان بینیی، کە هەلگریی مەترسیی گەورە و هەڕەشەی گەورە و تێکدانی ئەو لانیکەمەی هێمنیی و ئارامی کۆمەلایەتییە کە هەموو کۆمەڵگایەک پێویستی پێیەتی. ئەم دیوە روخسارە هێرشبەر و ئیهانەکەر و بوغزاوی و رقخوازەکەی کۆمەڵگاکەیە و لە پەیوەندیدا بە چۆنیەتی وێناکردن و گفتوگۆکردن لەسەر تاوانە گەورەکانی ناو «لەزەتخانەکەی جێفری ئێپستین»دا، بینی. بکەری سەرەکیی ئەم رووە تاریک و ترسناکەی کۆمەڵگاکە، بڕێک لەو کەس و لایەن و گروپانە بوون، کە بەناوی دین و خودا و ئاسمان و پێعەمبەرەکانەوە قسەیاندەکرد و لەڕێگای پەلاماردانی «لەزەتخانەکەی» ئێپیستین ەوە، پەلاماری سەرجەمی ئەو بەش و بکەر و کەسانەی ناو کۆمەڵگاکەیان دەدا، کە ئەوان بەناوی «عەلمانیی» و «مولحید» و «خۆفرۆش» و «نۆکەر»ی خۆرئاوا وە رەوانەی دۆزەخەیان دەکردن. هەندێکیان تا ئەو شوێنەش دەرۆیشتن ئەم کەسانە بە خاوەن «بیری بۆگەن»، «درۆن» و «دووروو» و «مولحید» و «کوێر» و «کەڕ» و تەنانەت «ئاژەڵ»یش ناوببەن. ئەوەی ئەم لەشکرە بەناو دینییە دەیاننوسیی و بڵاویاندەکردوە، بە هەموو مانایەک سنووری ئازادیی رادەبربڕینی تێدەپەراند و دەجوە خانەی «تێرۆری رەمزیی» و «دەستدرێژیی مەعنەوەیی» و تەشهیر« و «سوکایەتی»کردنێکی بەرفراوانەوە. ئەوە با واز لە رووە ئایدیۆلۆژیەکەی ئەم نووسینانە بهێنین، کە بە زمانێکی ئاشکرا، بەڵام پر لە توندوتیژیی رەمزیی و ئەخلاقیی، دەیاننوسیی «دیموکراسی دۆریەکی شاخدارە»، ئەوروپا و ئەمریکاش بە موتڵەقی بەشە «قێزەون»ەکەی جیهانن، «ژیانی مرۆڤەکان»یان لاگرنگ نییە، بۆ جاری هەزارەهەمینیش، پەلاماری سادەترین ماف و ئازادیی و خواستەکانی ژنانیان دەدا و ئەو «ماف» و «ئازدی»یانەی وەک «درۆ» و ئامرازێک «فریودان» و «تێکدانی خێزان» دەناساند. بە بۆچوونی من، لەناو ئەو ئۆقیانووسەدا لە رق و بوغز وجنێوفرۆشیی و سوکایەتییکردن و ئیهانەدا، کە دروستبووە، لەناو ئەو خورافەپەرستیی و داخرانە کولتوریی و هێرشە نائەخلاقیانەدا، لەناو ئەو دیدگا دینییە داخراوانەدا کە بەناوی خودا و موقەدەساتەوە دەدوێن، گەڕانەوەیەکی هێمن و لەسەرخۆ، بۆ «رۆشنگەریی» و دەسکەوتەکانی رۆشنگەریی، پێداویستییەکی ئێستایی گرنگە. تەنها گرانەوەیەکی ڕۆشنگەرانە دەتوانێت هاریکارمان بێت بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەکی ئینسانیی و ئەخلاقیی هێمن لەو دۆخە نالەبار و ترسناکەی دروستکراوە. بەڵام رۆشنگەریی چییە و رۆشنگەریی بە چ مانایەک؟ یەکەم: رۆشنگەریی وەک بەرگریکردن لە عەقڵ و بیرکردنەوەی عەقڵانیی، کە رێز لە لانی هەرەکەمی زانستیبوون و میتۆدیبوون لە بیرکردنەوەدا، بگرێت. ئەمەش هەنگاوی یەکەمی رزگارکردنی مرۆڤە لە نەزانین و لە بەشێکی گەورە لەو خورافاتانەی ئامادەن، وەکچۆن رێگرتنە لە باڵادەستیی سایکۆلۆژیای تۆڵەکردنەوە و رقبوونەوە لەوانەی شتانێک دەڵێن و دەنووسن، جیاواز لەوەی ئەم یان ئەو گروپ باوەڕیپێیەتیی.رۆشنگەریی لێرەدا مانای باوەڕبوون بەوەی کە دەشێت کۆمەڵگا و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، لە ڕێگای زانیاریی و مەعریفەی دروستەوە پێشبخرێت. دووهەم: گەشەدان بە عەقڵیەت و کولتور و سایکۆلۆژیای لێبوردن و وێناکردنی لێبوردن خۆیشی، وەک چاکەیەکی ئینسانیی و ئەخلاقیی گرنگ. پێداگرتن لەسەر ئازادىى ویژدان و ئازادیی شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤەکانیش. گرێدانەوەی ئەمانەش بە بەرگریکردنەوە لە ماف، بە تایبەتیی مافە تاکەکەسییەکان و دۆزینەوەی میکانیزمی جیاواز بۆ یەکدی قبووڵکردن، لە شوێنی پەلاماردان و پێشێلکردنی مافەکانی یەکتری. سێهەم: رەخنەکردنی دەسەڵات، هەموو فۆرمەکانی دەسەڵات، بە تایبەتی دەسەڵاتی سیاسیی و دەسەڵاتی دینیی. ڕەخنەنەکردنی ئەم دوو فۆرمەی دەسەڵات و نوێنەرەکانیان، جگە لە کارەسات و وێرانکردنی پەیوەندیی نێوان و مرۆڤەکان، هیچ شتێکی دیکەیلن لێ چاوەڕوان ناکرێت. ئینجا رەخنەکردنی سانسۆر و ئیهانە و تۆمەتبارکردنی سیاسییانە و دینییانەی یەکتری و بەگژاچوونەوەی ئەو تۆمەتانەی بەناوی دین و سیاسەتەوە دەدرێنە پاڵ کەسەکان. بەرگریکردنی بەردەوامیش لەو راستییە کە هیچ شتێک هێندەی سانسۆری دینیی و سیاسیی، مرۆڤ لەناوەوە ئیفلیج و بێخەیاڵ و بێکەسایەتی ناکەن. ئەوەی پێویستە وێناکردنی سانسۆرە وەک شێوازی هێجگار قورس و ترسناکیی چەوساندنەوە، وەک ئامارازێک بۆ سنووردارکردنێکی ئیهانە و زەلیکەرانەی، تواناکانی مرۆڤ. ئەمەش پێویستی بە نەکەوتنە ناو سەرجەمی ئەو فێڵ و هەڵخەڵاتاندنەوە هەیە، کە بەناوی «پاراستنی پیرۆزییەکان» و «پاراستنی ئاسایشیی نەتەوەیی» و «پاراستنی ئەخلاقیی گستیی»ەوە بە شەوەیەکی بەردەوام، پەنایان بۆدەبرێت. تێگەیشتنیش لەو راستییە سادەیە کاتێک دەسەڵات، ئیتر دەسەڵاتی دینیی بێت یان سیاسی، بانگەشە بۆ سانسۆکردن و بێدەنگیی دەکات، وەک بەرگریکردن لە سانسۆر و لە بێدەنگکردن نایکات، بەڵکو بەناوی چاکەکاریی و پاراستی تاکەکەس و کۆمەڵگاکەوە دەیکات. لەمەشدا ئەو دەسەڵاتانە ناچارکردن و زۆربۆهێنان وەک جێبەجێکردنی ئەرکێکی ئەخلاقیی نیشانئەدات. هەر ئیمان و دیدگایەکی سیاسیش لە ڕێگای سانسۆرکردن و زۆربهێنانەوە سەپێندران، لەوەدەکەون و ئیمان و دیدگایەکی تەندروست بن، دەگۆڕدرێن بۆ دەسەڵاتێکی خۆسەپێن و زەلیلکەر. چوارهەم: وێناکردنی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف و بە تایبەتی خاوەن کەرامەت. خاڵی سەرەکیی لە چەمکی کەرامەتدا بریتییە لە پێداگرتن لەسەر بیرۆکەی ئەوەی کە مرۆڤ بوونێکی تایبەتە و پێویستی بە ئیعتیراف پێکردن هەیە، وەک مرۆڤ، نەک وەک ئامرازێک بۆ ئەنجامدان و وەدیهێنانی ئەم یان ئەو خواستی تر. هاوکات کەرامەت پێدراوێکە مرۆڤ لە رۆژی لەدایکبوونییەوە خاوەنیەتی. واتە کەرامەت شتێک نییە مرۆڤ وەدەستیبهێنێت لە ڕێگای هەبوون یان نەبوونی ئەم یان ئەو دین و ئەم یان ئەو ئاکاری تایبەتەوە. مرۆڤ لەسەرەتاوە وەک بوونەوەرێکی خاوەن کەرامەت لەدایکدەبێت و وەک بوونەوەرێکی خاوەن کەرامەت لەدایکدەبێت دێتە دونیاوە. ئەمەش تەواو ناکۆکە بەسەرجەمی ئەو دابەشکردنە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی و رەگەزیی و دینیانەی بۆ بوونی مرۆڤەکان، وەک مرۆڤ دەکرێن. کە ئەمە دەڵێم ئەمە مانای ئەوە نییە کە دین دژ بە وێناکردنی مرۆڤە وەک بوونەوەرێکی خاوەن کەرامەت. هەندێک کەلەپوری دینیی هەن، پێ لەسەرئەوە دادەگرن مرۆڤ جێگری خودایە لەسەر زەوی ، یان مرۆڤ لەسەر وێنەی خودا دروستکراوە. ئەم کەلەپورە دینییانە جۆرێک لە کەرامەت بە مرۆڤ دەبەخشن لە دەرەوەی دابەشکردنی مرۆڤەکان بەسەر رەنگ و رەگەز و ئینتیما و دین و پێگەی کۆمەڵایەتیاندا. واتە کەرامەتی مرۆڤ دەخەنە دەرەوەی دین و کۆمەڵگا و دەزگا و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانەوە. ئەمەش وادەکات بۆ مرۆڤ ڕەوابێت بەگژ شێوە جیاوازەکانی زوڵمی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و دینیی و نادینیدا بچێتەوە، رێ لە ئیهانە و زەلیل و پەراوێزخستنی مرۆڤەکان بگرێت، جا گرنگ نییە ئەو مرۆڤە ژنە یان پیاو، گەورەیە یان بچوک، رەشە یان سپیی، دینی هەیە یان نادینییە. هتد... پێنجەم: گەشەدان بە رەخنەکردنی خود خۆی، بەر لە رەخنەکردنی ئەوانیتر، هاوکات گەشەدانیش بە گفتوگۆی کراوە و ئاشکرای بێسانسۆر و بێئیهانە و زەلیلکردن. گەڕاندنەوەی رێز بۆ فیکر و گەشەدان بە فەرهەنگی رەخنەیی. هەموو ئەم خاڵانە دەشێت وەک ئامرازێک بخرێنەگەڕ بۆ دەرچوون لەو دۆخی لە مرۆڤخستنەی مرۆڤ و لەو بە ئاژەڵ و بە جەهەنەمیی و بە بەهشتیکردنەی، ئەمرۆکە، ژمارەیەکی گەورە لە بکەری دینیی لە وڵاتی ئێمەدا پێیهەڵدەستن.
(درەو): ئەنجومەنی هەماهەنگی پیشەسازی عێراق بڕیاریدا وەزارەتی نەوت و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان جارێكی تر لێكۆڵینەوە بكەن لە بڕیاری دابینكردنی غازی شل بۆ كارگەكانی خشت لە هەرێمی كوردستان. محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی هەماهەنگی پیشەسازی كرد. لەم كۆبوونەوەیەدا كە هەریەكە لە وەزیرانی دارای و بازرگانی و پیشەسازی و تەندروستی و ژمارەیەك بەرپرسی تر ئامادەبوون، چەند بڕیارێك درا، كە یەكێكیان تایبەت بوو بە هەرێمی كوردستانەوە. كۆبوونەوەكە دەنگیدا لەسەر ئەوەی هەریەكە لە وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان دووبارە لێكۆڵینەوە بكەن لەبارەی بابەتی پێدانی غازی شڵ لە كارگەكامی خشت لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان. كۆتاییەكانی مانگی رابردوو، کۆمپانیای (دانا غاز)ی ئیماراتی كە تاكە كێڵگەی غازی هەرێمی كوردستان (كێڵگەی كۆرمۆر) بەڕێوەدەبات، واژۆکردنی زنجیرەیەک ڕێککەوتنی درێژخایەنی فرۆشتنی غاز راگەیاند. بەپێی ئەم رێککەوتنانە، بڕێکی بەرچاو لە غازی سروشتی لە کێڵگەی (كۆرمۆر)ی چەمچەماڵەوە بۆ بەکارهێنەرە پیشەسازییە گەورەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق دابین دەکەن. وەكو ئەوەی (جانەغاز) خۆی بڵاویكردەوە، لەچوارچێوەی ئەم رێككەوتنەدا 142 ملیۆن پێ سێجا غازی ستاندارد لە رۆژێکدا بە چەند کۆمپانیایەکی چیمەنتۆ و پۆڵا بۆ ماوەی (10) ساڵ دەفرۆشرێت، لەگەڵ دەستپێکردنی دابینکردنی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی چەمچەماڵ لە نیوەی دووەمی ساڵی 2027. کێڵگەی چەمچەماڵ لە ئێستادا لە قۆناغی پەرەپێداندایە، لەگەڵ پلانی دروستکردنی بۆری نوێ لەلایەن کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتەوە بۆ دابینکردنی غاز بۆ بەکارهێنەرانی پیشەسازی لە ناوچەکە دەڤەری هەولێر و بازیان. یەکێک لەو بۆرییەكان هێڵێکی تایبەتە بە درێژایی 40 کیلۆمەتر کە راستەوخۆ کێڵگەی چەمچەماڵ بە بەکارهێنەرانی پیشەسازی لە بازیان دەبەستێتەوە. ئەم ڕێککەوتنانە لەگەڵ چیمەنتۆی ماس، چیمەنتۆی بازیان، چیمەنتۆی دێڵتا، چیمەنتۆی گاسن، چیمەنتۆی سلێمانی واژۆ کراون، کە هەموویان دەکەونە ناوچەی پیشەسازی بازیان لە پارێزگای سلێمانی، جگە لە ڤان ستیل لە پارێزگای هەولێر لە هەرێمی کوردستان. ریچارد هۆڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای داناغاز، دەڵێت: ئەم ڕێکكەوتنە زیادبونی خواستی وزە لە هەرێمی کوردستانی عێراق دابین دەكات و رۆڵی غازی سروشتی وەک سوتەمەنییەکی سەرەکی بۆ کەرتی پیشەسازی هەرێم بەهێزتر دەکات، بە دابینکردنی غازی بۆ رێڕەوی پیشەسازی بازیان، بەشداری دەکەین لە کەمکردنەوەی دەردانی غازی ژەهراوی و باشترکردنی کارایی وزە لەڕێگەی کەمکردنەوەی تێچوون و دەردانی غازی ژەهراوی، بەمەش جێگەی سوتەمەنی شلەی قورس دەگرینەوە و پشتگیری پیشەسازییە سەرەكییەکان دەكەین. ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەم رێککەوتنە تەنها بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی وزە گرنگ نییە ، بەڵکو پاڵپشتی گەشەی پیشەسازی دەکات، هەلی کاری نوێ بۆ کۆمەڵگەی ناوخۆیی و خزمەتگوزارییەکان دەڕەخسێنێت، هەروەها هاندەری چالاکییە ئابورییەکانە لە کۆمەڵگاکانی دەوروبەری رێڕەوی بازیان لەمەودای دووردا.
شیكاری: درەو ? پوختەی دەستکەوتە دارایی و کارگێڕییەکانی (DNO) لە ساڵی 2025 ?داهات: داهاتی ساڵانە دوو هێندە زیادی کردووە و گەیشتووەتە 1,474 ملیۆن دۆلار؛ ئەمەش بەهۆی کڕینی گرووپی (Sval Energi) لە نەرویژ لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا. ?نەختینەی کارگێڕی: نەختینەی بەدەستهاتوو لە کارەکانەوە گەیشتە 929 ملیۆن دۆلار، کە ئەمەش زیاتر لە دوو هێندەی ساڵی پێشووە. ?قازانج: قازانجی کارگێڕی بۆ 513 ملیۆن دۆلار بەرزبووەوە، لە کاتێکدا قازانجی پوخت بریتی بوو لە (سالب 25 ملیۆن دۆلار) دوای دەرکردنی باجی دەرامەت و خەرجییە داراییەکان. ?بەرهەمهێنانی پوخت: بەرهەمهێنان بە ڕێژەی %43 زیادی کردووە و گەیشتووەتە تێکڕای 110,700 بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە بەم شێوەیە دابەش بووە: دەریای باکوور 54,800 بەرمیل، کوردستان 52,600 بەرمیل و ڕۆژئاوای ئەفریقا 3,300 بەرمیل. ?گەشەی چارەکی چوارەم: لە کۆتا چارەکی ساڵدا ئاستی بەرهەمهێنان هەڵکشا و گەیشتە 88,300 بەرمیل لە دەریای باکوور و 58,000 بەرمیل لە کوردستان. ?کوردستان: تا کۆتایی ساڵ توانای تەواوی بەرهەمهێنان لە کوردستان گەڕایەوە، دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی ساڵدا بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە کەم بووەوە. ?دەستکەوتی مێژوویی: لە کۆتایی 2025دا، کۆمپانیاکە گەیشتە ریکۆردی بەرهەمهێنانی 500 ملیۆن بەرمیل نەوت لە مۆڵەتی "تاوکێ" لە کوردستان (کە DNO خاوەنی %75ی پشکەکان و جێبەجێکاری پڕۆژەکەیە). ?شایستەی پشکدارەکان: لە ساڵی 2025دا، بڕی 130 ملیۆن دۆلار وەک قازانجی پشک بەسەر پشکدارانی کۆمپانیاکەدا دابەش کراوە. کۆمپانیای DNO ساڵێکی پڕ لە دەستکەوت بەڕێ دەکات و خۆی بۆ بازاڕێکی پڕ گۆڕانکاری لە ٢٠٢٦دا ئامادە دەکات 5ی شوباتی 2026 – کۆمپانیای DNO ASA، کە کۆمپانایەکی نەوت و غازی نەرویژییە، ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە داهاتی ساڵانەی لە 2025دا دوو هێندە زیادی کردووە و گەیشتووەتە ١،٤٧٤ ملیۆن دۆلار؛ ئەمەش بەهۆی کڕینی گرووپی (Sval Energi) لە نەرویژ لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا. نەختینەی بەدەستهاتوو لە کارەکانەوە دوو هێندە زیادی کردووە بۆ ٩٢٩ ملیۆن دۆلار، لە کاتێکدا قازانجی کارگێڕی بۆ ٥١٣ ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە. قازانجی پوخت (نێت) بریتی بووە لە (سالب ٢٥ ملیۆن دۆلار) دوای دەرکردنی باج و خەرجییە داراییەکان. یەکێک لە دەستکەوتە هەرە گرنگەکان لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا، گەیشتنی بەرهەمهێنانی نەوت بوو لە مۆڵەتی "تاوکێ" لە هەرێمی کوردستانی عێراق بە ٥٠٠ ملیۆن بەرمیل. تێکڕای بەرهەمهێنانی پوخت لە ٢٠٢٥دا بە ڕێژەی %٤٣ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ١١٠،٧٠٠ بەرمیل هاوتای نەوت لە ڕۆژێکدا، کە ئەمە بەرزترین ئاستە لە مێژووی ٥٤ ساڵەی کۆمپانیاکەدا. ئەم بڕە دابەش بووە بەسەر دەریای باکوور (٥٤،٨٠٠ بەرمیل)، کوردستان (٥٢،٦٠٠ بەرمیل) و ڕۆژئاوای ئەفریقا (٣،٣٠٠ بەرمیل). ئامارەکان لە چارەکی چوارەمدا هەڵکشانیان بەخۆوە بینی، بەجۆرێک بەرهەمهێنانی پوخت لە دەریای باکوور گەیشتە ٨٨،٣٠٠ و لە کوردستانیش ٥٨،٠٠٠ بەرمیل لە ڕۆژێکدا. دوای وەستانی وەبەرهێنان بۆ ماوەی ٣٠ مانگ لە کوردستان، کە بەهۆی داخرانی بۆریی هەناردەکردن بۆ دەریای ناوەڕاست ڕوویدابوو، DNO دووبارە دەستی بە هەڵکەندنی بیر کردووەتەوە لە ڕێگەی بەرنامەیەکی ٨ بیری بە بەکارهێنانی دوو ئامێری هەڵکەندن لە مۆڵەتی "تاوکێ" بۆ زیادکردنی بەرهەم و یەدەگی نەوت. لە مانگی یەکدا گرێبەست بۆ ئامێری سێیەم واژۆ کراوە، ئەمەش پێگەی DNO وەک چالاکترین ئۆپەراتۆری نێودەوڵەتی لە ناوچەکەدا بەهێزتر دەکات. کۆمپانیای DNO بۆ دابینکردنی نەختینەی پێویست بۆ خەرجییەکانی، بەردەوامە لە فرۆشتنی نەوتەکەی بە شێوازی (Cash-and-carry) و بەپێی گرێبەستە بەردەوامەکان لەگەڵ کڕیارە ناوخۆییەکان بە نرخێک لە دەوروبەری ٣٠ دۆلار، بەڵام ئامانجی ئەوەیە لە کۆتایی ئەمساڵدا بگاتەوە بە بازاڕەکانی هەناردە یان نرخەکانی هەناردەکردن. لە دەریای باکووریشدا، کۆمپانیاکە بە خێرایی کار دەکات بۆ گەشەپێدان، ئێستا DNO خاوەنی پشکە لە ٣٠ کێڵگەی بەرهەمهێن لە دەریای باکوور، ٤ پڕۆژەی گەشەپێدان و ٤ پڕۆژەی تریش کە بڕیارە ئەمساڵ پەسەند بکرێن. لە مانگی یەکدا، ١٧ مۆڵەتی تری لە نەرویژ پێدرا، کە خۆی سەرپەرشتی ٤ مۆڵەتیان دەکات. بیژەن موسەوەر ڕەحمانی، سەرۆکی جێبەجێکاری ئەنجومەنی کارگێڕی، وتی: "بەهۆی ئاڵۆزییە جیۆپۆلیتیکییەکانەوە، بازاڕی نەوت لە ساڵی ٢٠٢٦دا لە نێوان دڵەڕاوکێ و هەڵچووندا دەبێت، بەڵام DNO تووشی دڵەڕاوکێ نابێت، بەڵکو دەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ هەڵچوونەکاندا بکات." هەروەها وتیشی کە بەهۆی جێگیری داهاتی نەختینەیی لە دەریای باکوور و بوونی هێڵی قەرز، دەتوانن لە هەر دەرفەتێکی کڕینی گونجاو بدەن. بڕیار وایە خەرجییە کارگێڕییەکان لە ساڵی ٢٠٢٦دا بگاتە ١،٦٥٠ ملیۆن دۆلار (لە کاتێکدا لە ٢٠٢٥دا ١،٥٥٠ ملیۆن دۆلار بووە)، کە زۆربەی ئەم زیادبوونە بەهۆی دەستپێکردنەوەی هەڵکەندنی بیرە نەوتەکانە لە کوردستان. کۆمپانیاکە پێشبینی دەکات بەرهەمهێنانی پوخت لە ٢٠٢٦دا بە ڕێژەی %١٠ زیاد بکات و بگاتە ١٥٠،٠٠٠ بەرمیل لە ڕۆژێکدا. خشتەی یەکەم ئامارەکانی بەرهەمهێنان و فرۆشتن کۆی بەرهەمهێنانی گشتی: تێکڕای کۆی بەرهەمهێنانی گشتی لەو مۆڵەتانەی کە لەلایەن گرووپەکەوە سەرپەرشتی دەکرێن (Operated)، لە چارەکی چوارەمدا گەیشتە ٨٧,٨٢٣ بەرمیل هاوتای نەوت لە ڕۆژێکدا (boepd)، کە بەراورد بە چارەکی پێشوو (٥٨,٠٨١ boepd) زیادی کردووە. لە کوردستان، تێکڕای کۆی بەرهەمهێنان لە چارەکی چوارەمدا بۆ ٧٧,٢٦٨ boepd بەرزبووەوە، کە ئەمە گەشەیەکی %٦٦ـە بەراورد بە چارەکی پێشوو (٤٦,٥٧٢ boepd). هۆکاری ئەم زیادبوونە دەگەڕێتەوە بۆ چاکبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنان دوای هێرشە درۆنییەکانی ناوەڕاستی مانگی تەممووز، کە ببووە هۆی ڕاوەستانی کاتیی کارەکان لە چارەکی پێشوودا. بەڵام لە دەریای باکوور، بەرهەمهێنان کەمیکرد بۆ ١٠,٥٥٥ boepd، کە هۆکارەکەی بە پلەی یەکەم کەمبوونەوەی بەرهەم بوو لە کێڵگەی (Trym). بەرهەمهێنانی پوخت (Net Production): بەرهەمهێنانی پوخت لە چارەکی چوارەمدا گەیشتە ١٤٩,٦٧٨ بەرمیل هاوتای نەوت لە ڕۆژێکدا boepd. دابەشبوونی بەسەر ناوچەکاندا بەم شێوەیە بوو: • کوردستان: ٥٧,٩٥١ boepd (لە ٣٤,٩٢٩ـەوە زیادی کردووە). • دەریای باکوور: ٨٨,٢٧١ boepd (لە ٧٧,٣٢٤ـەوە زیادی کردووە). • ڕۆژئاوای ئەفریقا (کۆت دیڤوار): ٣,٤٥٦ boepd. زیادبوونی بەرهەمهێنانی پوخت بە پلەی یەکەم بەهۆی گەڕانەوەی ئاستی بەرهەم بوو لە کوردستان. لە دەریای باکووریشدا، کەمبوونەوەی چالاکییەکانی چاککردنەوە، دەستپێکردنی پڕۆژەکان و بەرزبوونەوەی بەرهەمی پڕۆژەی (Maria Revit) ڕۆڵیان هەبوو. بەرهەمهێنانی شایستەی پوخت (Net Entitlement) و قەبارەی فرۆشتن: تێکڕای بەرهەمهێنانی شایستەی پوخت (NE) لە چارەکی چوارەمدا ١٠٨,٢٩٠ boepd بووە. قەبارەی فرۆشتن گەیشتە ٩٤,٩٧١ boepd. زیادبوونی فرۆشتن بەهۆی بەرزبوونەوەی قەبارەی فرۆشتن بوو لە کوردستان، هەرچەندە بەشێکی ئەم زیادبوونە بەهۆی کەمبوونەوەی فرۆشتن لە دەریای باکوورەوە لاسەنگ بوو؛ ئەمەش چونکە کۆمپانیاکە لە دۆخی "Overlift" (بارکردنی زیاتر لە پشک) لە چارەکی پێشوو، گۆڕدرا بۆ دۆخی "Underlift" (بارکردنی کەمتر لە پشک) لەم چارەکەدا. خشتەی دووەم (دی ئێن ئۆ) هەرێمی کوردستانی عێراق تێکڕای بەرهەمهێنان: کۆی بەرهەمهێنانی گشتی لە مۆڵەتی "تاوکێ" کە لەلایەن DNOـەوە سەرپەرشتی دەکرێت و کێڵگەکانی (تاوکێ و پێشخابوور) لەخۆ دەگرێت، لە چارەکی چوارەمی ساڵی 2025دا گەیشتە 77,268 بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا (لە کاتێکدا لە چارەکی سێیەمی 2025دا 46,572 بەرمیل بووە). ئاستی بەرهەمهێنان بە ڕێژەی %66 بەراورد بە چارەکی پێشوو زیادی کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی کۆمپانیاکە توانی بە شێوەیەکی پلەبەندی توانای بەرهەمهێنان بگەڕێنێتەوە کە بەهۆی هێرشە درۆنییەکانی ناوەڕاستی ساڵی 2025وە کەم ببووەوە. لەم ماوەیەدا، کێڵگەی تاوکێ 29,095 بەرمیل و کێڵگەی پێشخابوور 48,173 بەرمیلیان لە ڕۆژێکدا بەرهەم هێناوە. دەستپێکردنەوەی چالاکییەکان: لە ناوەڕاستی کانوونی یەکەمی 2025دا، DNO ڕایگەیاند کە چالاکییەکانی لە کوردستان چڕتر دەکاتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی دەرهێنانی نەوت لە مۆڵەتی تاوکێ ریکۆردی 500 ملیۆن بەرمیلی تێپەڕاند. لە هەمان مانگدا و دوای دوو ساڵ و نیو لە وەستانی وەبەرهێنان، پرۆسەی هەڵکەندنی بیرە نەوتەکان بە هەڵکەندنی بیرێکی نوێ لە کۆگای "جەریبە"ی کێڵگەی تاوکێ دەستی پێکردەوە. لە ماوەی ئەم چارەکەدا، دوو ئامێری هەڵکەندن (Rig) ئامادە کراون بۆ هەڵکەندنی 8 بیر لە ساڵی 2026دا. هەروەها لە کانوونی دووەمی 2026دا گرێبەست لەگەڵ ئامێری سێیەمدا واژۆ کرا، ئەمەش پێگەی DNO وەک چالاکترین کۆمپانیای جێبەجێکاری نێودەوڵەتی لە ناوچەکەدا دەچەسپێنێت. هەناردەکردن و فرۆشتن: نەوتی کوردستان دووبارە لە ڕێگەی بۆریی عێراق-تورکیاوە بەرەو بازاڕە جیهانییەکان دەچێت. هەناردەکردن لە کۆتایی ئەیلوولی 2025دا دەستی پێکردەوە، دوای ئەوەی لە ئازاری 2023وە ڕاوەستابوو. بۆ دەستەبەرکردنی نەختینەی پێویست بۆ خەرجییەکانی، DNO بەردەوامە لە فرۆشتنی نەوتەکەی بە کڕیارە ناوخۆییەکان بە نرخی نزیکەی 30 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. پشکەکان و مۆڵەتەکان: • مۆڵەتی تاوکێ: کۆمپانیای DNO خاوەنی %75ی پشکەکانە و جێبەجێکاری پڕۆژەکەیە، کۆمپانیای "گەنەڵ ئینێرجی" (Genel Energy) خاوەنی %25ی پشکەکانە. • مۆڵەتی باشیک: کۆمپانیاکە کار دەکات بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی ئەم مۆڵەتە تا ئەو کاتەی بەرنامەی کاری داهاتووی بۆ دادەڕێژێت. DNO خاوەنی %64ی پشکە کارگێڕییەکانە (بە %80ی خەرجییەکان)، لەگەڵ هاوبەشەکانی کە بریتین لە کۆمپانیای وزەی تورکی (TEC) بە پشکی %16 و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پشکی %20. خشتەی سێیەم تێبینییەکی کورت لەسەر ئامارەکان: وەک لە خشتەکەدا دیارە، بەرهەمهێنانی کێڵگەی پێشخابوور لە چارەکی چوارەمی 2025دا بازدانێکی گەورەی بەخۆوە بینیوە (نزیکەی دوو هێندە زیادی کردووە بەراورد بە چارەکی سێیەم)، ئەمەش هاوتایە لەگەڵ ئەو زانیارییەی لە دەقەکەدا هاتبوو سەبارەت بە چاکبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنان دوای هێرشە درۆنییەکان. DNO ASA: کۆمپانیایەکی نەرویژییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەریای باکوور و ڕۆژئاوای ئەفریقا کار دەکات. لە ساڵی ١٩٧١ دامەزراوە و کۆنترین کۆمپانیای نەوتی نەرویژە. خاوەنی پشکە لە چەندین مۆڵەتی گەڕان و بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان، نەرویژ، بەریتانیا، کۆت دیڤوار و یەمەن. بۆ وردەکاری زیاتر، بڕوانە - https://www.dno.no/en/investors/announcements/dno-exits-landmark-year-prepped-for-a-nervous-and-frisky-market-in-2026-2026-02-05/ - https://ml-eu.globenewswire.com/Resource/Download/1881059d-f844-47af-8b3f-d54321b7e751 - https://ml-eu.globenewswire.com/Resource/Download/5052f8e3-aee1-4acf-95a5-a9adaefe0946
مەریوان وریا قانع ئەوەی لە «لەزەتخانە»کەی جێفری ئیپستین دا ئەنجامدراوە، رووداوێکی تەواو حەیابەر و شەرمهێن و نائینسانیی ترسناکە، کە بکەرە سەرەکییەکەی تەنها جێفری ئیپستین نییە وەک تاکەکەسێکی خراپەکار، بەڵکو شێوازێکی تەواو ترسناکی تێکەڵبوونی دەسەڵات و سەرمایە و سێکس و نارسیزمێکی پاسۆلۆژییە بەیەکتری. ئەم رووداوە پەردە لەسەر جهانێکی تەواو نەخۆش هەڵئەداتەوە کە تیایدا دەسەڵات و سەرمایەی گەورە و چاودێرینەکراو، لە کوێدا بۆیان گونجابێت، حەزە سادەکانی مرۆڤیان گۆڕیوە، بۆ ئارەزوویەکی کێویی هەڵئاوساو و کۆنترۆڵنەکراو، پڕ لە ئیهانە بە مرۆڤ و بە یاسا و بە سەرجەمی بەها مرۆییە سەرەتاییەکان، کە پێکەوەبوونی مرۆڤەکان لە «دارستان»ەوە دەگۆرن بە «کۆمەڵگا». جێفری ئێپیستین ئاژەڵ یان خراپەکارێکی دەگمەن و کەموێنە نییە، دیاردەیەکی ناشاز و تاریک و بیمار نییە، پەیوەندیی بە کاراکتەری وەحشییانەی ئەوەوە هەبێت وەک تاکەکەسێک. جێفری ئێپیستین، دەرەنجامی تێکەڵبوونێکی بیمار و ترسناکی دەسەڵات و سەرمایە و سێکس و نارسیزمێکی پاسۆلۆژییە بەیەکتری و یەکتربڕینیانە لە چەندان ئاستی جیاوازدا. بازرگانیکردن بە لەشی مندالان و دەستدرێژیکردنی سێکسی بۆسەر ئەو لەشانە، تەنها لە ژینگەیەکدا مەیسەر دەبێت هەموو ئەو رەگەزانەی لە بیمارترین شێوەدا تێدابێت، رەگەزی دەسەڵات و سەرمایە و سێکس و نارسیزم. ئەم ژینگە بیمارە خودی سەرمایەداریشی وەک سیستم، گەڕاندۆتەوە بۆ قۆناغی سڵنەکردنەوە لە کڕین و فرۆشتن و بازرگانیکردن بە خودی مرۆڤ خۆیەوە. واتە گەراندویەتییەوە بۆ سەرمایەدارییەکی رووتی کەڵبەدار کە توانای دروستکردنی فۆرمی نوێ لە «کۆیلایەتی تازە» و «مۆدێرن» لە ئاستی ژیانی رۆژانەدا هەیە. ئەمەش هاوتایە بە پرۆژەی شێواندنێکی ریشەیی حەزەکانی مرۆڤ، لە رێگای دابڕینی ئەم حەزانەوە لە هەر کۆنترۆڵ و سنوور و رێگر و مانایەکی ئەخلاقیی و ئینسانیی. وەکچۆن ئەدۆلف ئایخمان، ئەو پیاوەی بەرپرسبوو لە کوشتنی ملیۆنان جولەکە لە ئەڵمانیای سەردەمی نازیزمدا، تاکەکەسێکی تەنها نەبوو بە ئاکارێکی وەحشییانە و شەیتانانەوە. بەڵکو، وەک هانا ئارێنت دەڵێت، خراپەکارێکی رۆژانە و ئاسایی بوو کە نوێنەرایەتی سیستمێکی بیرۆکراسیی تۆتالیتاری دەکرد، ئەم نوێنەرایەتیکردنەش گۆڕیبووی بۆ کەسێک تواناکانی بیرکردنەوە و داوەریکردن لەدەستبدات. وەک برغویەک لەناو سیستمێکی گەورەدا دەستبەکاربێت. بەهەمان شێوە جێفری ئێپیستین یش، وەک ئایخمان، تاکەکەسێکی خراپەکاری تەنها نییە، بەڵکو نوێنەر و بکەرێکی ناو ئەو تێکەڵبوونە بیمار و ترسناکەی دەسەڵات و سەرمایە و سێکس و نارسیزمێکی پاسۆلۆژییە. ئەمەش لە جیهانێکی بەجیهانیبوودا، کە یەکێک لە دەرکەوتە ترسناکەکانی بریتییە لە دروستبوونی چەندەها تۆڕی جیهانی بۆ ئەنجامدانی تاوانی هەمەجۆر، لە بازرگانیکردن بە لەشی منداڵانەوە بۆ پلانی لەناوبردنی میلەتان، بە تێوەگلانی چەندان دەزگای هەواڵگرییەوە لە کردەی ئەنجامدانی ئەم جۆرە تاوانانەدا. وەک وتم ئەم دۆخە هێما بۆ دروستبوونی تۆرێکی جیهانی لە مرۆڤی دەسەڵاتدار و پارەدار دەکات کە توانای ئەنجامدانی هەموو تاوانێکیان هەیە، بە خەیاڵیاندا بێت. ئەم تۆرە تەنها لە ئەمریکا و ئەوروپادا ئامادەنییە، بەڵکو لە بەشەکانی تری جیهانیشدا ئامادەن، بە جیهانی عەرەبیی و جیهانی موسڵمانان و تورکیا و روسیا و چەندان شوێنی تریشەوە. خاڵی هەرە ترسناک لێردا ئەوەیە ئەندامانی ئەم تۆڕە دەتوانن خۆیان ببن بە یاسادانەری تاواناکان و چۆنیەتی پیادەکردنی ئەو حەز و ئارەزووە تایبەتانەیش کە هەیانە. ئەم تۆڕە دەتوانن بچنە دەرەوەی سەرجەمی ئەو یاسا و رێسایانەی لە هەر کۆمەڵگایەکەدا بۆ رێگرتن لە بەربەریەت دانراون. هەرخۆیشیان مرۆڤایەتی بۆ دووبەشی جیاواز لەیەک دابەشدەکەن. یەکەمیان خۆیانن، وەک هەڵگری هەموو دەسەڵاتەکان تا ئەو شوێنەی توانای ئەنجامدانی هەموو شتێک بۆ خۆیان مەیسەر بکەن، بە تاوانە گەورەکانەوە. بەرامبەر بە سەرجەمی ئەو قوربانیانەی دەکەونە ناو تۆڕە جیهانییەکەی ئەوان و دەکرێن بە مرۆڤی لەمرۆڤخراو، بە کۆیلەی سێکسی و سوتەمەنی حەز و چێژی ئەو نوخبەییە. ئەندامانی ئەم تۆڕە جیهانیە بکەرێکی هەمەتوانان و ئەوانیتریش کەسانی بێدەرەتان و لاواز و مەجبور و بێئیرادەکراون. کەسانێک، وەک جودت بوتلەر دەڵێت، «زیادن» و پێویست نین، مردنیشیان پێوستی بە تازیە بۆدانان، نەبێت. ئەسڵەن شایستەی ئەو تازیەبۆدانانە نەبن. ئەوەی جێفری ئەپیستین لە ئاستێکی دیکەدا نیشانمانئەدات، بەخشینی رەهەندێکی سێکسیی ناشاز و تاوانکارە بە دەسەڵات، بە تایبەتی لە فۆرمی پێدۆفیلی، مناڵبازیدا. پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و سێکس پەیوەندییەکی دێرینە، بەڵام ئەوەی ئەمرۆ روودەدات تێپەراندنی هەموو سنوورێک و هەموو حەرامێکی ئینسنایی و ئەخلاقییە. ئەمەش یەکێک لە رووە هەرە دیار و هەرە ناشیرینەکانی ئەم فۆرمەیە لە دەسەڵات کە ئەمرۆکە لەزیاد لە بەشێکی جیهاندا هەیە و کاردەکات. لە کوێدا نارسیزم و سەرمایە و دەسەڵات و ناوبانگ و حەز و ئارەزووی پاسۆلۆژیانە بەیەکتری تێکەڵبوون، لەوێدا مرۆڤەکان لەوەدەکەون مرۆڤ بن. ماشێنێک دروستدەبێت مرۆڤەکان دەگۆڕێت بۆ ئامراز و بابەتی چێژێکی نارسیستیانەی بیماری ئەوانەی هەڵگری دەسەڵات و سەرمایەن. ئەمانە دەتوانن تاوانەکانیان وەک گەمە و تەعەداکانیان وەک خەڵاتکردن و هەڵسوکەتەکانیان وەک سروتیی دینیی یان نادینیی، وێنابکەن. خاڵێک کە پێویستە جارێکی تر هێمایەکی خێرای بۆ بکەم ئەوەیە کە دروستبوونی پەیوەندیی لە نێوان دەسەڵات و سێک و نارسیزم و پێدۆفیلی داهێنراوێکی سەرمایادارییانە نییە. ئەم جۆرە پەیوەندییە لە سەردەمە مێژووییەکانی بەر لە سەرمایەداریشدا بوونی هەبووە. ئەوەی لەم رووەوە سەرمایەداریی لە سیستمەکانی بەر لەخۆی جیادەکاتەوە، دروستکردنی ژینگەیەکی تەواو لەبار و رێکخراو و بە ئایدیالکراوە بۆ ئەم دیاردەیە. سەرمایەداریی ئەم تێکەڵبوونە ترسناک و وێرانکەرەی دەسەڵات و سێکس و چێژ، دەگۆرێت بۆ دیاردەیەکی رۆژانە و گرێیئەدات بە ژیانی ملیۆنێر و ملیاردلێر و کەسە بەناوبانگ و بە ئەستێرە دروستکراوەکانی جیهانەوە. لەم ژینگەیەدا لە کوێدا سەرمایە کەڵەکەبکرێت، لەوێشدا دەسەڵات کەڵەکەدەکرێت، بە دەسەڵاتی تەعەداکردنی سێکسییەوە بۆسەر جەستەی منداڵان و بۆسەر ژیان و بوونی مرۆڤە پەراوێزیی و کەنارگیرکراوەکانی ناو سیستمەکە. لەم ژینگەیەدا ئەوانەی لاواز و پەراوێزین دەتواندرێت بکڕدرێن، داببەزێندرێن بۆ پێگەی کاڵایەکی قابیلی مامەڵەلەسەرکردن، بۆ کۆیلە. سنوورێکی ئەخلاقیش نامێنێتەوە نەکرێت بسڕدرێتەوە و تێنەپەڕێندرێت. هەموو ئەمانە لە جیهانێکدا سەرمایە و دەسەڵات، تا ڕادەیەکی زۆر، لە لێپرسینەوە و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی تاوانەکانیان، دەربازدەبن. هەرکەسێک تۆزقاڵێک هەستی ئینسانیی و مرۆیی تێدابێت، ناتوانێت ئیدانەیەکی بەرفراوانی ئەم ئابڕوچوونە هەمەلایەنە و تاوانە گەورەکانی ناو «لەزەتخانە»کەی جێفری ئیپستین، نەکات. ئەوەی لەم «لەزەتخانە»یەدا روویداوە، تەعەداکردن و ژێرپێنانی سەرجەمی ئەو دەسکەوتە ئینسانییە گەوارانەیە کە مرۆڤایەتی بەدرێژایی زیاد لە دوو سەدەیە بەدەستیهێناوە، لە ناویاندا، وێناکردنی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف و خاوەن رێز و خاوەن کەرامەت، لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردنی دەسەڵاتداران، حوکمى یاسا، پاراستنی ژیان لە فۆرمە جیاوازەکانیدا، بەرگریکردن لە ئازادیی و خۆشگوزەرانیی، هتد... ئەوەی لەم «لەزەتخانە»یەدا روویدا ،فرێدانی سەرجەمی ئەم بەها و دەستکەوتە ئینسانیە گرنگانەیە بۆناو تەنەکەی خۆڵی دەسەڵات و سەرمایە. «لەزەتخانە»کەش، وەک ووتم، دەرەنجامی بوونی چەند کەسێکی خراپ و بێهۆش و تاوانبار نییە، بەڵکو پەیوەستە بە شێوازی کارکردنی بەشە تاریک و ترسناکەکانی سیستمە سیاسیی و ئابوریی و کۆمەلایەتییەکانی جیهانی ئەمڕۆوە. هاوکات ئەم «لەزەتخانە» یە تەنها ماشێنی لێخوڕینی ئەم یان ئەو سەرۆکی ئەمریکا نییە، بەڵکو شوێنی چێژکڕینی نوخبەیەکی بەجیهانیبووە، لە ئەمریکاوە بۆ ئەوروپا و لەوانیشەوە بۆ ژمارەیەک لە شازادەکانی وڵاتانی خەلیج، بە تێپەرین بەناو هەندێک لە ئەستێرەکانی بواری مۆسیقا و وەرزش و سینەمادا. خاڵێکی پۆزەتیڤ لەم ساتەدا مابێتەوە توانای کۆمەڵگا خۆرئاواییەکانە لە ئاشکراکردن و باسکردن و لێپرسینەوە لەم تاوانانە. ئەم کۆمەڵگایانە تا ئێستاش توانا و یاسا و دەزگا و ئیرادەی رێگرتن و سزادانی ئەم جۆرە تاوانانەیان تێدایە. ئەوەی ئێستا لە ئەمریکادا دەیبینین کەوتنەکاری ئەم توانا دیاریکراوانەیە. هاوکات ئەوەی لەم ساتەدا سەرجەمی مرۆڤایەتی وەک ئەرکێک لەسەرشانی بێت، گاڵتەکردن نییە بەو بەها و یاسا و دەزگا و دەسکەوتانەی مرۆڤایەتی لە دوو سەدەی رابردوودا بەدەستی هێناوە، وەک هەندێک لە ئایدۆلۆژیستە بەدحاڵەکانی لای خۆمان ئەنجامیئەدەن، بەڵکو پێداگرتنەوەیەکی بۆژانەی بەهێزە لەسەر ئەو بەها و نرۆم و مافانەی پێمان دەڵێن هەندێک شت ناتوانرێت وەک کاڵا مامەڵەبکڕین و کڕین و فرۆشتنیان پێوەبکرێت. لەوانەش بەر لە هەمووشتێک ژیان و کەرامەتی مرۆڤەکانە وەک مرۆڤ. ئەوەی دەبێت ڕووبدات قسەووتن و هێڕشکردنە سەر بەها و دەسکەوتە ئینسانییەکانیان نییە بەناوی ساختەبوونیانەوە، بەڵکو بەرگریلەکردنیانە وەک ئامرازی سەرکەوتن بەسەر ئەو بەشە ناشیرینانەی جیهاندا.
