راپۆرتی: ئارام مەحمود موقتەدا سەدر، ئەو پیاوەی لەناوەندە سیاسیە عێراقیەكاندا واناسراوە، خاوەنی هەڵوێستێكی جێگیرنیە و پڕە لەدژبەیەكی و هەڵكشان و داكشان، گەرچی ئەم قسانە ڕاستی زۆریشی تیادابێت، ڕاستیەكی تریش لەبەرامبەریدا دەڵێت، سەدر ئەو تاقانە سیاسیەیە كە بەدرێژایی چەند ساڵی ڕابردو جڵەوی شەقامی عێراقی بەدەستەوە بوە و هەر كاتێك ویستبێتی دەسەڵاتی لەناو جەرگەی پایتەختدا هەژاندوە، لەدوای هەڵبژاردنی 12 ئایاریش ماڵەكەی لەنەجەف بۆتە قیبلەی حزب و سیاسیە شیعی و سوننی و كوردەكان و پۆلپۆل بۆ بەدەستهێنانی پێگەیەكی سیاسی و بەشداریپێكردنیان لەكێكی حوكمڕانی ئایندەی عێراق، زیارەتی دەكەن. لیستەكەی سەدر كە خاوەنی 54 كورسیە، بەشێك لەكورسیەكانی ڕەوتی مەدەنی و علیمانیەكانی ناو لیستەكەی بەدەستیانهێناوە، بەبەراوردیش بە هەردو لیستی (فەتح) كە خاوەنی 47 كورسیە و هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات و لیستی نەصریش 42 كورسی، كە حەیدەر عەبادی سەرۆكایەتی دەكات و لەپلەی دووەم و سێهەمدا هاتون، جیاوازییەكەیان زۆر گەورەنیە، بەڵام دیارە جیاوازییە گەورەكە لەشەخسی سەدر خۆیدایە، چونكە هەمو لایەنەكان بەباشی لەو ڕاستیە گەیشتون، بەبێ سەدر دانیشتن لەناوچەی سەوز ئەگەر مەحاڵ نەبێت ئەوا ئاسانیش نیە. ڕەنگە هەر ئەمەش بێت سیحری هەندێك لەو جوڵانەی سەدر دەیكات و، تائێستاش هیچ سیاسیەكی عێراقی جورئەتی تاقیكردنەوەی نەكردوە، چونكە ئەو جوڵانە ئەوەندە نائاساین تەنانەت پێشبینی و خوێندنەوە سیاسەكانیش پەی پێنابەن یان تەوەقوعی ڕودانی ناكەن، بۆیە شۆك و سەرسوڕمانی گەورە لەدوای خۆی جێدەهێڵێت، لەزمانی سیاسیدا ئەم جۆرە لەجوڵەی سیاسی پێیدەوترێت ژێراو و ژوركردن یان ئاوەژوكردن و هەڵگێڕانەوەی سەرلەبەری هاوكێشەكان، كە دواترینیان ڕاگەیاندنی هاوپەیمانێتی بو لەگەڵ هادی عامری، لەكاتێكدا هەمو پێشبینیەكان بەو ئاڕاستەیەبون كە هاوپەیمانێتی سەدر و عەبادی مەسەلەیەكە بڕاوەتەوە. سەدر ڕویكردە عامری و پشتی كردە عەبادی لەسەروبەندی تۆماركردنی ناوی لست و قەوارە سیاسەكاندا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، موقتەدا سەدر زۆربەتوندی دژی نزیكبونەوەی عەبادی و عامری بو لەهاوپەیمانێتیەكەدا و بەنەفرەتلێكراو و تائیفی وەسیفكرد، تەنانەت سەرسوڕمانی خۆشی پیشاندا لەوەی، چۆن عەبادی لەگەڵ گروپەكانی حەشدی شەعبیدا هاوپەیمانێتی دەكات، لەكاتێكدا ئەوان هیوایەكی زۆریان لەسەر هەڵچینوە دامەزراوەكان و دەوڵەتی هاوڵاتی دروستبكات، بەڵام دوای كەمتر لەدوو مانگ ئەوەی بۆ عەبادی بەحەرام و گوناحی زانی، خۆی كردی. زۆرینەی ئاگایانی سیاسی دۆخی عێراق پێییانوایە، ئێران ڕۆڵی یەكلاكەرەوەی بینیوە لەپێكهێنانی ئەو هاوپەیمانێتیە و تەنانەت فشاری زۆر توندیشی كردوە بەتایبەت دوای ڕێكەوتنەكەی نێوان ئەمریكا و كۆریای باكور، كە بەڕای زۆرێك لەدوای ئەو ڕێكەوتنەوە واشنتن دەستی كراوەتر دەبێت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران، لەگەڵ ئەوەی هەمو ئاماژەكان پشتیوانی ئەم بۆچونە دەكەن، بەڵام سەدر واناسراوە كە نەیاری ئێرانە و ناچێتە ژێر فشارەكانی، تەنانەت بۆچونگەلێك هەن سەدر لەسەر سعودیە و وڵاتانی كەنداو هەژمار دەكەن. بێهیوابونی موقتەدا سەدر لەحەیدەر عەبادی ڕەنگە هۆكارێكی گەورەی قایلبونی بوبێت بەهاوپەیمانێتی كردن لەگەڵ هادی عامری، موقتەدا سەدر پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردن لەزیاد لەبۆنەیەكدا تەئكیدی كردوە كە پشتیوانی عەبادی دەكات بۆ خولی دووەمی سەرۆك وەزیران و تەواوكردنی ئەو كارانەی لەچوارساڵی ڕابردودا دەستی پێكردوە، بەڵام وازنەهێنانی عەبادی لە حزبی دەعوە كە تاكە مەرجی سەدر بو بۆ عەبادی، سەدری بێهیواكرد و ناچاریكرد پەنابەرێت بۆ هاوپەیمانێتی لەگەڵ هادی عامری و بەڕاشكاوی پێیبڵێت كە شایەنی ئەوەیت پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق وەربگریت. ئێران ئامانجەكە گەورەكەی سەدری بەدیهێنا ئێرانیەكان پەلەیانە لەپێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، چونكە ترسی گەورەیان هەیە مەسەلەی ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان و بڕیارەكانی تری ئەنجومەنی نوێنەران، هەم سەنگ و پێگەی هەندێك هێزی نزیك لەخۆیان بگۆڕێ و هەمیش پرۆسەكە كاتێكی زۆربخایەنێت كە هیچیان بەبەرژوەندی خۆیان نازانن، بۆیە لەكاتێكی گونجاودا لەدەرگا سەدریان دا، ئەوەی سەدر لەعەبادی دەیویست كە دورخستنەوەی حزبی دەعوە بو لەدەسەڵات، ئێرانیەكان گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵكرد، ئەوەی ئێرانیەكانیش دەیانەوێت سەدر هەنگاوی بۆ دەنێت، بەڵام دیارنیە دەرەنجامەكەی بەكوێ دەگات. حزبی دەعوە، لەساڵی 2005وە، تائێستا چوار خول پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی بەدەستەوە بوە، زۆرینەی پۆستە هەستیارەكان لەتەواوی جومگەكانی دەسەڵاتیلەدەستدایە، كە بەپێی هەندێك ئاماری ناڕەسمی لەكۆی 10 هەزار پۆست لەعێراق، زیاتر لە 5 هەزار پۆستی بەدەست ئەندامانی حزبی دەعوەوەیە، ئەمەش بەڕای هێزە شیعیەكانی تر، جۆرێك لەدیكتاتۆریەتی حزبی دروستكردەوە و بەگرنگی دەزانن كۆتایپێبێت، موقتەدا سەدر كە بەدوژمنێكی سەرسەختی نوری مالكی ئەمینداری حزبی دەعوە ناسراوە، یەكێكە لەو كەسایەتیانەی كە دورخستنەوەو لەقاڵبدانی حزبی دەعوە بەئامانجێكی گەورەی خۆی دەزانێت و هاتنە پێشەوەی دەرفەتێكی وەك ئەوەی ئێستاش بەهەلێك دەزانێت كە ڕەنگە دوبارەنەبێتەوە، بۆیە سەرەتا هەوڵیدا لەڕێی عەبادییەوە ئەم كارەبكات و پۆستی سەرۆك وەزیران بەدەستی خۆیان لەژێردەستیان دەربهێنێت، كە بێهیوابو لەعەبادی، بەموبارەكەی ئێرانی و هاوپەیمانێتیكردنی لەگەڵ هادی عامری ئەو ئامانجەی پێكا و پۆستی سەرۆكایەتی وەزیران، كە لوتكەی بڕیاڕی سیاسیە لەعێراق، لەژێر چنگی حزبی دەعوەی دەرهێنا یان لایەنی كەم ئاماژەكانی ئێستا بۆ ئەوە دەچن كە ئەو پۆستە بۆ لایەنە شیعیەكانی تر یەكلابێتەوە. سەدر ژیرانە یارییەكی سیاسیی دەكات و بانگهێشتكردنی لیستەكەی عەبادی بۆ ناو ئەم هاوپەیمانێتیە تازەیە، كردۆتە ئەركی خۆی و بانگهێشتكردنی نوری مالكیشی بۆ ناوهاوپەیمانێتیەكەیان بەعامری سپاردوە، چونكە ئەو ڕاستیە باش دەزانێت ئەگەر دوبەرەكی و شەڕی كورسی مالكی و عەبادی نەبوایە ئێستا حزبی دەعوە خاوەنی 67 كورسی پەرلەمان و لیستی یەكەمی هەڵبژاردنەكان بو، بۆیە هەر بەو دوبەرەكییەوە دەیەوێت ڕایانكێشێتە ناوهاوپەیمانێتیەكان، كە ئەوەش هیچ زیانێك بەپێگەی سەدر ناگەیەنێت وەك براوەی یەكەم و ڕاعی و سەرپەشتیاری هەموان و، مالكی و عەبادیش بە 67 كورسیەوە دەبێت چاوەڕێبكەن تا بزانن سەدر دەست بەشانی كێدا دەهێنێت بۆ ئەوەی بچێ لەسەر كورسی دەسەڵاتی جێبەجێكردن دانیشێت. عەبادی دەستاوسان دانانیشێت عەبادی داواكەی سەدری شكاندو نەیتوانی دەستبەرداری حزبی دەعوە بێت، چونكە جگە لەوەی دەبوە هۆكاری لەدەستدانی ئەو پۆستە گرنگە لەدەست حزبەكەی و عەیبەیەكی مێژویی لەسەری، باش لەوەش گەیشتوە، كە سەرۆك وەزیرانی كردن بەبێ پاڵپشتی كوتلەیەكی بەهێز لەناو پەرلەمان كارێكی مەحاڵە و دەبێت چوارساڵی داهاتو لەژێر ڕەحم و مەرحەمەتی سەدردابێت، تامتمانەی لێنەسەنەوە. بۆیە كە داواكەی ڕەتكردەوە، تێگەیشت ئیتر چونەوە سەر كورسی سەرۆك وەزیران لەو ڕێگەوە مەحاڵە و پێویستە ڕێگای تر بگرێتەبەر، كە بەشی هەرە زۆری دروستكردنی فشارە تەنانەت تائاستی ڕۆیشتن بەرەو حكومەتی كاربەڕێكەر ئەگەر چانسی بونەوە بەسەرۆك وەزیرانی وەك ئێستا لاوازبێت. ڕۆژی 5ی ئەم مانگە و ڕۆژێك پێش دانیشتنەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە تیایدا هەمواری سێهەمی یاسای هەڵبژاردنەكان پەسەندكرا، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەبەر ڕۆشنایی بەداواچونەكانی ئەو لیژنە باڵایەی پێكیهێنابو كۆمەڵێك بڕیاڕی گرنگی دەركرد و ئەنجامدانی ساختەكاری لەهەڵبژاردنەكان ڕاگەیاند و گەشتی دەرەوەشی لەبەرپرسانی كۆمسیۆنی باڵای هەلبژاردن قەدەغەكرد، كە هاندەرێكی بەهێزبو بۆ تەواوكردنی نیسابی دانیشتنی ڕۆژی دواتری ئەنجومەنی نوێنەران و ئەو بڕگە یاساییانەی لەهەموارەكەدا پەسەندی كرد. لەكۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەیدا، حەیدەر عەبادی وتی:"عەمباركردنی چەك و تەقەمەنی لەشوێنی نیشتەجێبون تاوانە (كە مەبەستی تەقینەوەی ناوچەی سەدری بەغدابو)، بەرپرسیارانی ئەم كارەش سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەردەگرن"، بەڕای زۆرێك ئەم قسانەی عەبادی هێرشێكی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سەدرییەكان و تۆمەتباركردنیایە بە هۆكاری ئەو تەقینەوەیە كە بەهۆیەوە چەندین كەس بونە قوربانی، هاوكات ئاماژەی بێهیوابونیشی دەگەیەنێت لەڕێكەوتن لەگەڵ سەدرییەكان، چونكە لەم كاتە هەستیارەدا قسەی واتوند و زبر لەبەرژوەندی لێكنزیكبونەوە نیە. لەوتارێكیشدا كە بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە بڵاویكردۆتەوە، سەرۆك وەزیرانی عێراق، جارێكی تر پرسی ساختەكاری لەهەڵبژاردنەكان دەوروژێنێتەوەو دەڵێت، ڕێگە بەساختەكاری و یاریكردن بەدەنگی هاوڵاتیان نادەن، داواش لەلایەنە سیاسەكان دەكات دوای تەواوبونی پشوەكانی جەژن كۆبونەوەكانیان دەستپێبكەن بۆ ڕێكەوتن لەسەر ئیدارەدانی حكومەتی ئایندە. بەڕای زۆرێكیش ئەم قسانەی عەبادی هەم دروستكردنی فشارە لەسەر ئەو لایەنانەی دەیانەوێت پەلەبكەن لەپێكهێنانی حكومەت و پێنادەڵێت هێشتا مەسەلەی ساختەكاری یەكلانەبۆتەوە، هەمیش دەیەوێت بڵێت هێشتا كۆلینەداوە و لەسەر بەدەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران شەڕدەكات.
راپۆرتی شیكاريی: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف بە كۆچی دوای عەبدولڕەزاق فەیلی، ژمارەی ئەو ئەندامانەی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە لەماوەی 13 مانگی رابردودا كۆچی دواییان كرد، بوو بە (4) كەس. ئێستا تەنیا (2) كەس لە دامەزرێنەرانی یەكێتی ماون، بە رۆشتنی ئەوان یەكێتی بەتەواوەتی دەكەوێتە دەست نەوەی دووەمی حزبەكە، دەستەی دامەزرێنەر زیاتر لە (40) ساڵ شەمەندەفەری یەكێتیان لێخوڕی، ئەو شەمەندەفەرەی كە بە چەندین هەوراز و نشێودا گەشتی كرد. لە كۆی (7) ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی، (5) ئەندامیان كۆچی دواییان كردووە و تەنها (2) ئەندامیان لە ژیاندا ماون: * د. كەمال فوئاد: 16/11/2014 كۆچی دوایی كرد * نەوشیروان مستەفا: لە 19/5/2017 كۆچی دوایی كرد * جەلال تاڵەبانی: لە 3/10/2017 كۆچی دوایی كرد * عادل موراد: لە 18/5/2018 كۆچی دوایی كرد * عەبدولڕەزاق فەیلی: لە 13/6/2018 كۆچی دوایی كرد ئێستا تەنیا دوو كەس لە دەستەی دامەزرێنەر لە ژیاندا ماون كە بریتین لە هەریەكە لە: • د. فوئاد مەعسوم • عومەر شێخموس چیرۆكی دامەزراندنی یەكێتی دوان لە دامەزرێنەرە دیارەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە بریتین لە هەریەكە لە (جەلال تاڵەبانی) و (نەوشیروان مستەفا) لەڕێگەی نوسین و چاوپێكەوتنی رۆژنامەوانییەوە چیرۆكی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانییان گێڕاوەتەوە. بەپێی قسەی نەوشیروان مستەفا یەكێك لە دامەزرێنەرانی یەكێتی" مام جەلال لەسەرەتادا رەئی وابو كە هەمو تێكۆشەرانی كورد لە چەپەوە بۆ راست لە یەك رێكخراوی فراوان دا یەك بخرێن، بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندی لەگەڵ زۆر كەس كردبو بەتایبەتی لەگەڵ ئەو ئەندامانەی كۆمیتەی ناوەندی پارتی كە هاتبونەدەرەوە و، لەگەڵ ئەوانەی نوێنەری بارزانی بون، ئەم بیرە سەری نەگرت". چایخانەكەی دیمەشق جەلال تاڵەبانی كە یەكەم و دوایین سكرتێری گشتی یەكێتییە تائێستا رۆژی (3/10/2017) كۆچی دواییكرد، ئەو لە ساڵیادی یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا لە 2012 بەمشێوەیە باس لە دامەزراندنی یەكێتی دەكات" من و دكتۆر فوئاد مەعسوم لە كۆمیتەی كاروباری عەرەبی پارتی دیموكراتی كوردستان لە نێوان بەیروت و قاهیرەو دیمەشق كارمان دەكرد، ئێمە لەوێ ووردە وردە دامەزراندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان گەڵاڵە كرد، لە چایخانەیەك كۆبوینەوە بەناوی (تولەیتولە) لە دیمەشق، منیان تەخویل كرد بەیانەكە بنوسم بەیانی دامەزراندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، بەیاننامەی یەكەمم نوسی، ئەو كەسانەی كە كارەكەیان دەستپێكرد بریتی بوون لە (مام جەلال، د. كەمال فوئاد، د. فوئاد مەعسوم، عەبدولڕەزاق فەیلی، لەو ماویەیەدا من چوم بۆ ئەوروپا، پێشتر پەیوەندیم هەبووە بە كاك نەوشیروان مستەفا، ئاگاداری كاك نەوشیروانم كرد، كاك نەوشیروان فكرەكەی پێ باش بوو، دواتر چوین لە بەرلین كۆبوینەوە پاش ئەوەی كە لەكوێ كۆبوینەوە لەگەڵ نەوشیروان مستەفا و عومەر شێخموس، بەو جۆرە دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بوین بە 7 كەس، لەوێ بڕیارماندا دوای ساڵێك لە دامەزراندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان شۆڕش هەڵگیرسێنینەوە". شیعرەكەی نەوشیروان مستەفا بۆ مام جەلال نەوشیروان مستەفا كە یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و لە (19/5/2017) كۆچی دوایی كرد، لە كتێبەكەیدا (لە كەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ) سەبارەت بە چیرۆكی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەنوسێت " دۆستایەتی من لەگەڵ مام جەلال ئەگەڕایەوە بۆ ساڵی 1961 ئەو كاتەی لێپرسراوی لقی سلێمانی پارتی بو، چەندجارێ تەلەفۆنی بۆ كردم و نامەی بۆ ناردم، داوای لێكردم خۆم ئامادە بكەم بۆ بەشداری لەو رێكخراوە تازەیەدا كە خەریكی دامەزراندنێتی و، بۆ گەڕانەوە بۆ وڵات، ئەگەر چی ماوەیەكی درێژ بو من لە كوردستان دور بوم، بەڵام (ئیلتیزامی ئەخلاقی و ئەدەبی) بە كۆمەڵە و بە مام جەلالیەوە بەست بوم، بەجوانم نەئەزانی لەژێری دەربچم، یەكسەر وتم: كەی داوات كرد بەسەرچاو ئامادەم، جارێكیان لە وەڵامی نامەیەكی دا بۆ ئەوەی دڵنیایی بكەمەوە لەوەی من هەر لەسەر بەڵێنە كۆنەكەی خۆم ماوم، سەرەتای نامەكەم بەم شیعرەی "سالم" دەستپێكرد: ئەی قیبلەی مورادم ئاخۆ بە رۆژگاران جارێ لە كەس ئەپرسی حاڵی غەریبی تاران بەو سوێندەی كە خواردم: من هەر ئەوەم كە دیوتم، حاشا بكەم فەرامۆش، میساق و عەهدی جاران بەڵێنم دایە هەر كارێ بۆ دەستپێكردنەوەی شۆڕش دەس پێ بكەن، من واز لە هەمو شتێكی خۆم ئەهێنم لە ڤیەننا و، لەگەڵیان ئەبم، بەڵام ئەو ماوەیە من ئازادی هاتوچۆم نەبو، پاسپۆرتەكەم عێراقی بو. سەفارەت بۆیان تازە نەكردبومەوە، نەمئەتوانی هاتوچۆ بكەم. لە ڤییەنا گیرم خوارد بو. دەستەی دامەزرێنەر كێ بوون ؟ بەپێی گێڕانەوەی نەوشیروان مستەفا، تا ئەوكاتەی یەكێتی دامەزراوە، ئەو خۆی خوێندكاری دكتۆرا بووە لە ڤیەننا، د. فوئاد مەعسوم نوێنەری بارزانی بووە لە قاهیرە، عادل سەرۆكی یەكێتی قوتابیانی كوردستان بووە، عەبدولڕەزاق فەیلی ئەندامی مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی لاوان بووە، مام جەلالیش وەكو خۆی دەڵێت پێش دامەزراندنی یەكێتی لە كۆمیتەی كاروباری عەرەبی پارتی دیموكراتی كوردستان لە نێوان بەیروت و قاهیرەو دیمەشق كارى كردووە،. یەكەم كۆبونەوەی دەستەی دامەزرێنەر رۆژی 22/2/1975 لە (دیمشق)ی پایتەختی سوریا و چایخانەی (تولەیتولە) لە گەرەكی (ئەبو رمانە) یەكەم كۆبونەوەی دەستەی دامەزرێنەر بەڕێوەچوو، بەشداربوانی (مام جەلال، د. فوئاد مەعسوم، د. كمال فوئاد، عادل موراد، عەبدولرەزاق فەیلی)، نەوشیروان مستەفا نەیتوانی بەشدار بێت لە كۆبونەوەكە وەكو خۆی لە كتێبی (لە كەناری دانوبەوە بۆ خڕەی ناوزەنگ) باسی دەكات ئەو بەشداری نەكردووە بەهۆی ئەوەی كێشەی پاسپۆرتی هەبووە و باڵیۆزخانەی عێراق پاسپۆرتیان بۆ تازە نەكردوەتەوە و نوسیویەتی" من ئەوسا هێشتا لە ڤیەننا نەجوڵا بوم، لەبەرئەوەی لە داڕشتنی بیرەكانی ئەم بەیانەدا بەشدار نەبوم". عومەر شێخموس یەكێكی تر بوو لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر كە بەشداری یەكەم كۆبونەوەی نەكرد، ئەوەش بەهۆی ئەوەی شێخموس كوردی سوریا بوو، نەیتوانیوە گەشتی سوریا بكات. كۆبونەوەی دووەمی دەستەی دامەزرێنەرانی یەكێتی لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا لە رۆژی 27/5/1975 بەسترا، كۆبونەوەكە بە سەرپەرشتی مام جەلال هەندێك گۆڕانكاری لە پرۆژەی یەكێتیدا كردو و بە فەرمی پرۆژەی راگەیاندنی یەكێتی وەكو حزبێكی سیاسی نوێ دوای نسكۆ لە رۆژی 1/6/1975 بڵاوكراوە. بەپێی گێڕانەوەی نەوشیروان مستەفا" مام جەلال یەكەمین بەیانی راگەیاندنی دامەزراندنی یەكێتی بە عەرەبی، لە شام و پاش باس كردنی لەگەڵ د. فوئاد و عادل و عەبدولڕەزاق، لە 22/5/75 دا نوسی بو و، بڵاوی كردبوەوە و، بۆ كەمال فوئادیشیان نارد بو لە ئەوروپا بڵاوی بكاتەوە، ئەویش دوای ئەوەی هەندێ دەستكاری تێدا كرد بوو لە 1/6/75 دا بڵاوی كردەوە". ترۆیكای یەكێتی یەكێتی نیشتمانی كە دامەزرا وەكو گالیسكەیەك بوو كە سێ ئەسپ رایدەكێشن كە ئەوەش لە زمانی سیاسیدا پێی دەوترێت "ترۆیكا"، دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان ئەزمونێكی نوێ بوو، چونكە لە (3) رێكخراوی جیاوازو (3) سەركردایەتی جیاواز پێكهاتبوو، كە هەرسێكیان سەربەخۆیی رێكخراوەیی تەواویان هەبوو: • كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان لە 10/6/1970 بە نهێنی دامەزرا • بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان • هێڵی گشتی سەرباری جیابونەوە و هەوڵەكانی جیابونەوەی لەسەردەمی خەباتی شاخ، دواجار ئەم "ترۆیكا"یە تێكچوو، ئەسپەكان گالیسكەكەیان بەجێهێشت، نەوشیروان مستەفا وەكو یەكێك لە دامەزرێنەرەكان ساڵی 2009 لە یەكێتی جیابوەوە و بزوتنەوەی گۆڕانی دامەزراند، بەرهەم ساڵحیش وەكو یەكێكی تر لە سەركردە دیارەكانی ئەو حزبە یەمدواییە جیابوەوە و هێزێكی نوێی بەناوی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری راگەیاند. مشتومڕی دەستەی دامەزرێنەر دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی زۆرجار مشتومڕی لەسەر دروستبووە، هەندێكجار لە كاتی وتارەكانیدا لە یادی یەكێتی یان كۆنفرانس و كۆنگرەكاندا جەلال تاڵەبانی ناوی یەكیان دەپەراند یاخود ناوی نەدەهێنان، ئەوەش نیگەرانی دروستدەكرد. لە كۆنگرەی سێیەمی یەكێتیدا، مام جەلال ناوی ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەرانی یەكێتی خوێندەوە، بەڵام ناوی د. فوئاد مەعسوم نەهێنا، فوئاد مەعسوم توڕە بوو، هێشتا مام جەلال وتارەكەی تەواو نەكرد، فوئاد مەعسوم بە پارچە كاغەزێكدا نامەیەكی بۆ مام جەلال ناردو بچوك بۆ مام جەلال، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەو نامەیەدا فوئاد مەعسوم بۆ مام جەلالی نوسیوە" ناوم دەهێنی یان بچمە دەرەوە"، پاشان مام جەلال ناوی فوئاد مەعسومی هێنا، هەندێك پێیان وابوو مام جەلال بیری چووە ناوی فوئاد مەعسوم بهێنێ، هەندێكیش پێیان وابوو مام جەلال بە ئەنقەست ناوی نەهێناوە. یەكێتی دوای 42 ساڵ خەبات یەكێتی نیشتیمانی بەر لە 42 ساڵ لە چایخانەیەك لە دیمەشق دامەزرا، ئێستا حزبێكی گەورەی كوردستانە و پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی بەدەستەوەیە و خاوەنی داراییەكی گەورەیە، هەڵبەت بەشێكی گەورەی ئەم پێگە سیاسییە بە خوێن دروستكراوە، لە پاڵ ماندوبون و شەونخونی هەزاران كەس لە كاری دیپلۆماسی و رێكخستن. یەكێتی كە رۆژ لەدوای رۆژی ژمارەی دامەزرێنەرەكانی كۆچی دوایی دەكەن، ئێستا لە دۆخێكی قەیراناوی ناوخۆیدایە، ئەم قەیرانەش نوێ نییە و ریشەیەكی مێژوویی هەیە، ئەم حزبە لە ماوەی 42 ساڵدا تەنیا (3) كۆنگرە و (2) پلینیۆمی كردووە.
(درەو میدیا): بەپێی دەستوری عێراق هێزی پێشمەرگە بەشێكە لە سیستمی بەرگری عێراق، ئەركی پاراستنی سنورەكان و مەترسی هێرشی دەرەكییە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2010 هێزەكانی پێشمەرگە چەندین جار لەناو شارەكان كۆبونەتەوە بۆ خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی لەلایەك هێنراوەنەتە سەر شەقام ، لەلایەك بۆ موچەكانیان و لەلایەكیش دژ بە خۆپیشاندەران. سەرباری ئەوەی، لە چەند ساڵی رابردودا چەندینجار هێزەكانی پێشمەرگە هێنراونەتە ناو شارەكان بەتایبەتیش لەو حاڵەتانەی كە گرژی و پشێوی سیاسی هەبوو، هەندێكجاریش لە حاڵەتی پشێوی ناوخۆیی حزبەكان ئەم هێزانە خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. سەرباری بانگەشەكان بۆ یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەڵام ئەو هێزە بەسەر پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا دابەش بوون، كە خۆی دەبینێتەوە لە هێزەكانی 70 ی یەكێتی و 80 ی پارتی، سەرەڕای ئەوەی ئەو دوو هێزەش دابەشبوون بەسەر بەرپرسی حزبەكاندا و لەگەڵ ئاڵۆزبونی دۆخی سیاسی دەخزێنرێنە ناو ململانێ سیاسییەكانەوە. لەبەرامبەردا هەر جۆرە ناڕەزایەتییەكی كەسيی لەناو هێزی پێشمەرگەدا بەپێی یاسای سەربازی سزادان بەدوای خۆیدا دەهێنێت. هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان بەپێی یاسایەكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جارێكی تر هێزی پێشمەرگەی هێنایەوە سەر شەقامەكان، سەرەتای ناڕەزایەتییەكانیش لە سلێمانییەوە دەستیپێكرد، بەوپێیەی سەرچاوەی نیگەرانییەكان لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایار لە سلێمانییەوە دەستیپێكرد و دواتر گەیشتە بەغداد. مێژووییەكی كورتی خۆپیشاندانەكانی پێشمەرگە: • ساڵی 2010 عەدنان عوسمان پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا هێزەكانی پێشمەرگەی بە "میلیشیا" ناوبرد، هێزەكانی پێشمەرگە بە جلی فەرمییەوە هاتنە سەرشەقام و ناڕەزایەتییان نیشاندا. • مانگی 12ی ساڵی 2016 لە هەولێر هێزەكانی زێرەڤانی بە جلوبەرگی فەرمییەوە خۆپیشاندانیان كرد دژی لێدوانێكی سروە عەبدولواحید پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەران، سروە عەبدولواحید لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵێكی عەرەبی وتبوی" ژنی پێشمەرگە بەهۆی هەژارییەوە ناچار بووە بۆ بژێوی ژیانی لەشفرۆشی بكات". • ئەمڕۆ 13ی حوزەیران جارێكی تر لە سلێمانی هێزەكانی پێشمەرگە بەجلوبەرگی فەرمییەوە لەبەردەم بینای پارێزگای سلێمانی كۆبونەوە و دژی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا خۆپیشاندانیان كرد. خۆپیشاندان بۆ موچە هێزەكانی پێشمەرگە چەندین جار بە شێوەی جیاجیا هاتونەتە سەر شەقام بۆ موچەو باشكردنی بژێوی ژیانیان. • لە ساڵی 2016دا و بە دیاریكراوی لە مانگی دوودا لە چەندین ناوچەی هەرێمی كوردستان هێزەكانی پێشمەرگە بە جلوبەرگی فەرمییەوە رژانە سەرشەقامەكان و دژی دواكەوتنی موچەكانیان خۆپیشاندانیان كرد. • چەندین جار پێشمەرگە دێرینەكان لە چەندین كاتی جیاوازدا بۆ موچەكانیان خۆپیشاندانیان كرد لە مانگی ئابی 2016 پێشمەرگە دێرینەكان بۆ موچەكانیان خۆپیشاندانیان كرد لەبەردەم مەكتەبی سیاسی یەكێتی. هێنانی پێشمەرگە بۆ كۆنترۆڵكردنی خۆپیشاندەران بەبەردەوامی لە خۆپیشاندانەكاندا هێزی پێشمەرگەی كوردستان هێنراونەتە سەرشەقام دژ بە خۆپیشاندانەكان. • لە یەكەم رۆژی خۆپیشاندانەكان و رۆژانی دوایی هێزی پێشمەرگە جوڵێنران بەئاراستەی گردی زەرگەتەی شاری سلێمان. • لە خۆپیشاندانەكانی 17ی شوباتدا و بەتایبەتیش لە 20ی نیسانی 2011 بە هێزی پێشمەرگە خۆپیشاندانەكان سەركوتكران. • لە خۆپیشاندانەكانی 2015 و 2017 ی شاروشارۆچەكەكانی هەرێمی كوردستان هێزی پێشمەرگە بۆ كۆتایی پێهێنانی خۆپیشاندانەكان هێنرانە سەر شەقام.
راپۆرت: نامیق رەسوڵ موقتەدا سەدر وەكو سەرۆكی لیستی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی 12ی ئایار هەنگاوی دووەمی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق هەڵگرت، ئەوەش بە رێككەوتنی لەگەڵ هاوپەیمانی فەتح كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات. رێككەوتنی دوێنێ شەوی سەدر لەگەڵ عامری بۆ پێكهێنانی حكومەت لە كاتێكدایە هێشتا ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق پەسەندنەكراون و تانەكانی كە لەلایەن لایەنە نارازییەکانەوە لەسەر ئەنجامەكان پێشكەشكراون، یەكلانەكراونەتەوە و دادگای باڵای فیدراڵیش داواكاریی بۆ راگرتنی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق رەتكردەوە كە پەرلەمانی عێراق بەمدواییە پەسەندی كرد. رێككەوتنەكەی درەنگانێكی شەوی رابردووی نێوان سائرون و فەتح دەستبەجی لەلایەن یەكیتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازی لێكرا. ئەندامێكی هاوپەیمانی "سائرون" كە موقتەدا سەدر پشتیوانی لێدەكات، جەخت لەسەر ئەوەدەكات، بە هاوپەیمانێتییان لەگەڵ "فەتح" ئێستا هاوپەیمانێتییە نوێیەكە (101) كورسی لە پەرلەمانی نوێدا هەیە و بەوە ژمارەیەش سائرون دەتوانێت بە متمانەوە دانوستانی پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی دەستپێبكات كە مافی دەبێت كاندید بۆ سەرۆك وەزیرانی نوێ دیاریبكات. ئەو ئەندامەی هاوپەیمانی سائرون لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی "العربی الجدید" وتی:" پێشتر سائرون رێككەوتنێكی سەرەتایی بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی ئیمزاكردووە لەگەڵ ئیئتیلافی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی كە 21 كورسی هەیە و رەوتی حیكمە بە سەرۆكایەتی عەممار حەكیم كە 19 كورسی بەدەستهێناوە، بەوەش ئێستا هاوپەیمانێتییەكەمان 141 كورسی هەیە جگە لە كوتلە بچوكەكان كە دوایی پەیوەندییان پێوەدەكەین و بەوەش پێكهێنانی گەورەترین كوتلە نیمچە تەواو بووە". عەبادی دووردەخرێتەوە ئەو ئەندامەكەی هاوپەیمانێتییەكەی موقتەدا سەدر، پێشبینی دەكات سەرۆك وەزیرانی داهاتوو بە دیاریكراوی لەلایەن فەتح و سائرونەوە كاندید بكرێت و بە دووری دەزانێت حەیدەر عەبادی هیچ چانسێكی هەبێت لە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی بۆ خولێكی تر، چونكە" لە دەرەوەی هاوپەیمانێتی گەورەترین كوتلەیە و ئەگەر دواتریش هاوپەیمانێتی نەسر بێتە ناو كوتلە گەورەكەوە، دەبێت پابەندی مەرجەكانی بێت". بە بۆچوونی حسێن جبوری چاودێری سیاسیی، هەڵوێستەكانی ئەمداوییەی حەیدەر عەبادی دەربارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هۆكاربوون بۆئەوەی لە هاوپەیمانی سائرون دووربكەوێتەوە، چونكە رەوتی سەدر بە هەنگاوەكانی ئەمدواییەی ئەنجومەنی وەزیران قایل نییە بۆ دووبارە ئەژماركردنەوەی دەنگەكان بەدەست. جبوری لە لێدوانیدا بۆ رۆژنامەی "العربی الجدید" دەڵێ:" سەدرییەكان باوەڕیان وایە لە هەوڵەكانی ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان ئەوان بەئامانج گیراون و هاوپەیمانی سائرون و فەتحیش كاردانەوەی ئەو هەڵوێستەی عەبادییە". ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژەبەوە دەكات، سەردانی بەرپرسانی ئێران، لە ناویاندا ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی كاریگەری ئاشكرای هەیە لەسەر پرسی لێكنزیكبوونەوەی سەدر و گروپەكانی حەشدی شەعبیی. هاوپەیمانێتی ئێران هاوپەیمانێتی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەلاویی كە پێشتر رێككەوتنێكی سەرەتایی لەگەڵ سائروندا ئیمزاكردووە جەختدەكاتەوە، كە هاوپەیمانێتی سائرون و فەتح بەویستی دەرەكی پێكهێنراوە و هاوپەیمانێتی سائرون و هاوپەیمانیی نیشتمانی و رەوتی حیكمە هەڵناوەشێنێتەوە. حسێن موسەوی وتەبێژی هاوپەیمانی نیشتمانی لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی "غەدپرێس" دەڵێ:" هاوپەیمانی فەتح هەڵوێستیان ئاشكرایە، بە تایبەتی كە رایانگەیاندووە حكومەتێكی سەقامیگر پێكنایەت ئەگەر سائرون و فەتح لایەنی بەشدار نەبن تێیدا". موسەوی باسلەوەدەكات" ئەو هاوپەیمانێتییەی دوێنێ راگەیەنرا، هاپەیمانی نێوان سائرون و حیكمە و نیشتمانی هەڵنەوەشاندوەتەوە، ئێستا گەیشتوینەتە هاوپەیمانێتییەكەی چوار قۆڵی و ئومێدیش هەیە بەمزوانە لایەنی تریش بێنە ناو هاوپەیمانێتییەكەوە". جەخت دەكات، هاوپەیمانی نێوان سائرون و فەتح بە تەنها خواستێكی نیشتمانی نەبووە، بەڵكو لە ئەنجامی هەوڵەكانی دوو رۆژی رابردووی ژەنراڵ قاسم سولەیمانی لە بەغداد و دیداری لەگەڵ سەركردە سیاسییەكان و نامەكەی بۆ سەدر بووە، هۆی پێكهێنانی ئەم هاوپەیمانێتییە و هاوپەیمانێتییەكە زۆر نزیكن لە خواست و ویستی ئێرانەوە". رەوتی مەدەنی توشی شۆك بووە هاوپەیمانێتییەكەی نێوان سەدر و عامری رەوتی مەدەنی تووشی شۆك كردووە، كە لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا و لە لیستی سائروندا بەشداربوون. ئەندامێكی حزبی شیوعی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ "العربی الجدید" ئاماژە بەوەدەكات، دوای راگەیاندنی هاوپەیمانی سائرون و فەتح، رەوتی مەدەنی توشی شۆك بوو، ئێستا هەوڵدەدەن بزانن چی روویداوە" دەزانین فشاری ئێران هەیە، بەڵام ئەم هاوپەیمانێتییە زۆر خێرا بوو". مالیكیش بەشدار دەبێت سەرچاوەیەك لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات ئاشكرایكرد، مالیكیش رەزامەندە بە هاوپەیمانیكردن لەگەڵ سائرون و فەتحدا، بەمزوانە هادی عامری سەردانی مالیكی دەكات و كەشێك دروستدەكات بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان سەدر و مالیكی، پاشان مالیكی بە فەرمی چونی بۆناو ئەو هاوپەیمانێتییە نوێیە رادەگەیەنێت. موقتەدا سەدر لەگەڵ بەشێك لە گروپەكانی ناو هاوپەیمانی فەتح كێشەی هەیە، لەماوەی رابردوشدا بە ئاشكرا دژایەتی خۆی بۆ هێشتنەوەی حەشدی شەعبی دوای شەڕی داعش راگەیاند، ئەمەش هۆكارەكەیە كە بە هاوپەیمانێتیكردنی سەدر لەگەڵ فەتح لایەنە عێراقییەكان توشی بوون، بەڵام هێشتا تەواو نەبووە، رەنگە شۆكە گەورەكە ئەوكات روبدات كە نوری مالیكیش بچێتە ناو هاوپەیمانێتییەكەوە.
(درەو میدیا): ئەمرۆ لە شاری سلێمانی ژمارەیەك لە هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی ناوخۆ، خۆپیشاندانێكیان بۆبەردەم پارێزگای سلێمانی رێکخست، لە خۆپیشاندانەكەدا ئەو هێزانە داوای هەڵوەشاندنەوەی یاساكەی پەرلەمانی عێراق دەكەن كە تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان. لە دەقی مادەی سێیەمی یاسای هەمواركراوی هەڵبژاردنەكاندا هاتووە" جگە لە دەنگی كەمینەكان كە سیستمی (كۆتا) دەیانگرێتەوە، ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی دەرەوە بۆ هەموو پارێزگاكان و هەڵبژاردنی جوڵەی دانیشتوان لە پارێزگاكانی (ئەنبار- سەلاحەدین- نەینەوا- دیالە) و هەڵبژاردنی ئاوارەكان لە كەمپەكان و هەڵبژاردنی دەنگدانی مەرجدار و زیندانییەكان و هەڵبژاردنی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان، هەڵدەوەشێنەوە" هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت كە لە سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان ( 118 هەزار ) كەس دەنگیدا، بە گومانی ساختەكاریی زۆر تیایدا لە بەرژەوەندی حزبە باڵا دەستەكانی كوردستان، پێشنیازی هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت خرایە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لە یاسا هەمواركراوەكەدا چەسپێنرا. لە لێدوانێكی پێشتردا بۆ " درەو میدیا" هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند" لە راستیدا لە دەنگدانی تایبەتدا ساختەكارییەكی گەورەی پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردن و لە كاتی هەڵبژاردنەەدا كراوە، ئێمەبووین لە حەوت هەشت ساڵی رابردوودا داكۆكیمان لە دەنگی ئەو پێكهاتانە كردووە لە دەنگدانی تایبەتیان دا، جا چی پێشمەرگە بێت یان چی هێزەكانی ناوخۆ بێت چی فەرمانگە فیدراڵیەكان، ئەمانە بەشێكیان پێش هەڵبژاردن ترسێنراون بەوەی كە نانبڕاو دەكرێن هەندێكیان سوێندی تەڵاق دراون هەندێكیان بەسەریاندا سەپێنراوە كە دەبێت دەنگەكانیان بەرنەوە بۆ ئاساییش، بۆیە پێمان وایە ئەو ساختەكاریەی لە دەنگدانی تایبەت كراوە رێژەیەكی گەورەیە پێویستە هەڵبوەشێتەوە، بەڵێ ئێمە داوامانكردووە هەڵبوەشێتەوە و هەڵیشوەشاوەتەوە ئەمە هۆكاری ئەوەیە كە یەكێتی و پارتی بەساختە و بەدەنگی تەزویر لە دەنگدانی تایبەتدا هەریەكەیان، دوو بۆ سێ كورسی بۆخۆی مسۆگەركردووە ئێستا ترسی لەدەستدانی ئەم كورسیانەیان هەیە" لە نوسینێكدا سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەتی هەرێم ئارێز عەبدوڵا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت" دروستكردنی گەلەكۆمەكێ بۆ بێ بەشكردنی ھێزی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس و دژەتیرۆر لەمافێكی دەستوری خۆیان لە پیلان لەدژی ئەو ھێزانە و بێ بایەخكردنی قوربانی و ئەرك و ماندوبوونیان بەولاوە ھیچی تر نییە. پوچەڵكردنەوەی دەنگی ئەو ھێزانە جیا لە سوپاو پۆلیسی فیدراڵی و گروپە جیاجیاكانی حشدی شعبی عێرق ئاماژەیەكی خراپ و كارێكی نادەستوری و مانایەكی قوڵ ھەڵدەگرێ. بەھەموو تواناكانمانەوە پشتیوانی لە مافی ڕەوای ئەو ھێزانە دەكەین و ھەوڵدەدەین ئەو كودەتایە بەسەریاندا كراوە پوچەڵ بكەینەوە نەك دەنگی ئەو ھێزە قارەمانانە" شاخەوان عەبدوڵا پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت" ئەوەی زۆر نیگەرانمی كرد لەو بابەتە دوای پەیوەندی كردن بە لیژنەی ئاسایش و بەرگری و لیژنەی یاسای پەرلەمان ئەوەیان رونكردوە كە بزوتنەوەی گۆڕان خاوەن پرۆژەی رەشكردنەوەی دەنگەكانی پێشمەرگەیە و بەڵگەكانم بەدەست گەیشتوە، لێرەوە دەڵێم نازانم گۆڕان جارێك پێشمەرگە دەكەن بە میلیشیا جارێك دەیكەن بە ئەنفالچی جارێك رێگری دەكەن لەسەر ئەوەی بودجە بۆ 100 هەزاریان لە بەغدا دابین بكرێت وتان ئەوە هێزی حزبی یە هی كورد نییە ئەمجارەش بەتەزویر چی ناویان دەبەن ، پێم وایە دەبێت ئیتر سنورێكتان بۆدابنرێت لەوە زیاتر سوكایەتی بە پێشمەرگەو كورد نەكەن" سەبارەت بە سوتانی دەنگی هێزەكانی پێشمەرگە و ناوخۆ لەتیف شێخ مستەفا شارەزای دەستوریی و پەرلەمانتاری پێشوی پەرلەمانی عێراق لە وتارێكیدا بەناوی(پێشمەرگە نەك دەنگی ئەبێ خۆشی ھەڵبوەشێتەوە) رایگەیاندووە" پێشمەرگە بەحیساب سوپای بەرگری كوردستانە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ھەڕەشە دەرەكیەكان و بەرگری لە كوردستان ، ناش بێت دەست وەرداتە كاروباری سیاسی یان لە ململانێ سیاسیە ناوخۆییەكان بەكار بھێنرێت، ئایا پێشمەرگە لە كوێی ئەم دوو ئەركەدایە ؟ یەكەم: سەبارەت بە بەرگری ھێرشە دەرەكییەكان ١- عێراق ھێرشی كردوو ٥٠٪ ی خاكی كوردستانی گرتەوە پێشمەرگە نەك ھەر بەرگری نەكرد بەڵكو پاشەكشەیەكی شەرمەزاروو ئابڕوتكێنی پێكرا ٢- ئەوە توركیا بە قوڵایی ٣٠ كیلۆمەتر ھاتۆتە ناو خاكی كوردستان دەیەھا بارەگای داناوە و ھەڕەشەی ھاتنە ناوەوەی زیاتریش دەكات ، كەچی پێشمەرگە مێش میوانی نیە ، ئەڵێی سوپای توركیا چوەتە ناو خاكی حەبەشەوە. ٣- ئێرانیش خۆی كەی پێی خۆش بێت و تا كوێ پێی خۆش بێت ئەتوانێ بێت و وەڵامی پێشمەرگە لەوەی توركیا زیاتر نابێت ٤- لە شەڕی داعشیش خۆتان بینیتان چیان وت ، تەیارەكانی تەحالوف قەسفیان دەكرد شوێنەكانیان ڕزگار دەكرد ، ئێمەش دەچووین سێڵفیمان دەگرت. دووەم : لەبەرامبەردا و لەسەر ئاستی ناوخۆ پێشمەرگە بەكاردەھێنرێت و بەكارھێنران : ١-لە شەڕی ناوخۆ و ھەزارەھایان لێ بەكوشت دان. ٢- لە ململانێ سیاسییە ناوخۆییەكان بەكاریان دەھێنن و ھیچ مەرجەكانی سوپایەكی بێ لایەنی نیزامیان تێدا نیەو كراونەتە میلیشیایەكی حیزبی ھەردوو حیزبی دەسەڵاتدارو تەنھا بۆ مانەوەی خۆیان بەكاریان دەھێنن ، چەندین جارە بینیومانە چۆن لە خۆپیشاندانە مەدەنیەكان بە چەك و دارەوە دادەبەزنە سەرجادەكان و خەڵك دەكوژن یان فەلاقەیان دەكەن دەوری بارەگای ھێزە ئۆپۆزسێۆنەكانیش دەدەن و تەنانەت تەقەشیان لێ دەكەن ٣- لە ھەموو ھەڵبژاردنەكانی دەنگدانی تایبەت بەكار دەھێنرێن بۆ تەزویری ڕێكخراو بە قازانجی ھەردوو حیزبی دەسەڵات ٤- بەكارھێنانیان لە گەندەڵی بێ شوماردا ، ئامارەكان دەڵێن ٣٥٠ ھەزار كەس بەناوی پێشمەرگە موچەو دەرماڵەو خەرجی سەربازیان لە بودجەی گشتی بۆ سەرف دەكرێ ، بەڵام ژمارەی ئەوانەی بەڕاستی مووچە وەردگرن لە ٥٠ ھەزار كەس تێناپەڕن، ھەموو ئەو بودجە زیادەش دەڕوات بۆ ئەمیرەكانی جەنگی ھەردوو ھێزی ٧٠ و ٨٠ ، بۆیە لەدوای ناردنی پڕۆژە یاساكەی حوكمەت تایبەت بە ڕێكخستنەوەی مووچەو نەھێشتنی موچەی بن دیوار فەرماندەكای ئەو دوو ھێزە فشاری زۆر لەسەر پەرلەمان دەكەن بۆ ئەوەی یاساكە تێ نەپەڕێت تەنانەت ھەڕەشەشیان كردبوو كەواتە پێشمەرگە بەم شێەوەیەی ئێستای گەورەترین بارگرانیە بەسەر میللەتەوە بێ ئەوەی ھیچ سودێكی ھەبێ ، بەپێچەوانەوە بۆتە ئامڕازێك بەدەست دەسەڵاتەوە بۆ گەندەڵی و لێدانی خەڵك ، دبێ یان ڕزگار بكرێت و بكرێتەوە بە سوپای بەرگری كوردستان یان ھەڵبوەشێتەوە "
(درەو میدیا): دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و كیم جۆن ئون سەرۆكی كۆریای باكور لە سەنگاپورە لە هەنگاوێكی مێژوویدا كۆبوونەوە.. مێژوویی ئەم دیدارە بۆئەوە دەگەڕێتەوە كە یەكەمجارە لە مێژوودا سەرۆكێكی ئەمریكا كە لە دەسەڵاتدا بێت لەگەڵ سەرۆكی كۆریای باكور كۆدەبێتەوە. دوای كۆبوونەوەكە سەرۆكی كۆریای باكور وتی:" كۆبوونەوەیەكی مێژووییمان كرد و بڕیارماندا ئاوڕ بۆ دواوە نەدەینەوە". ترەمپ بۆچی كیمی بە كەسێكی زۆر بەهرەمەند ناوبرد؟ كاتێك لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا پرسیار لە ترەمپ كرا لەبارەی ئەوەی بۆچی كیم جۆن ئونی بە كەسێكی زۆر بەهرەدار ناوبردووە، ترەمپ وتی" ئەو بەڕاستی بەهرەمەندە. تەمەنی 26 ساڵ بووە كە دەسەڵاتی گرتوەتەدەست، ئەو پیاوێكی سەنگینە، بەڵام لەوباوەڕەدانیم ئەوە شتێكی باش بێت". "زۆر زۆر خێرا" كیلی ئو دۆنێل پەیامنێری كەناڵی ئێن بی سی ئەمریكی لە كۆشكی سپی وتی: كاتێك رۆژنامەنوسان پرسیاریان لە ترەمپ كرد لەبارەی پابەندبونی كۆریای باكور بە داماڵینی تەواوەتی چەكی ئەتۆمی لە نیمچە دورگەی كۆریا، ترەمپ وەڵامی داوەتەوە و وتویەتی" زۆر زۆر خێرا دەست بەو پرۆسەیە دەكەین". ترەمپ: رایەڵەیەكی تایبەت لەنێوان من و كیم گەشەیكردووە دوای ئیمزاكردنی بەیاننامە هاوبەشەكە لەگەڵ كیم جۆن ئون، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، لەدوای یەكەم دیداری نێوانیان "رایەڵەیەكی تایبەت" لەنێوان ئەو و كیم گەشەی كردووە. كیم جۆن ئون سەرۆكی كۆریای باكوریش وتی: دیدارێكی مێژوییمان كرد و بڕیارماندا ئاوڕ بۆ دواوەوە نەدەینەوە. " گشتگیر و زۆر گرنگ" لە كۆبوونەوەكەیاندا كیم و ترەمپ راگەیەنراوێكی هاوبەشیان واژۆكرد كە ترەمپ بە " گشتگیر و زۆر گرنگ" وەسفیكرد و راگەیەنراوەكەش لە چوار خاڵی سەرەكی پێكدێت: • هەردوو لایەن پابەند دەبن بە بونیادنیانی پەیوەندیی نوێ بە گوێرەی ویست و خواستی هەردوو گەل بۆ ئاشتی و گەشەسەندن. • هەردوو لایەن كاردەكەن بۆ چەسپاندنی ئاشتی هەمیشەیی و سەقامگیری لە نیمچە دوورگەی كۆریا. • كۆریای باكور پابەند دەبێت بە گرتنەبەری چەند رێوشوێنێك بۆ داماڵینی هەموو چەكە ئەتۆمییەكان لە نیمچە دوورگەی كۆریا. • بونیادنانی پەیوەندیی نوێ لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
راپۆرتی: محەمەد رەئوف ئاڕاستەیەك كە كورسی زۆری بەدەستهێناوە هەموو هەوڵێكی بۆ تێپەڕاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەدات، ئاڕاستەیەكی دیكەش هەموو هەوڵێكی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 12ی ئایار خستوەتەگەڕ. بڕیارەكانی حكومەتی عێراق و هەمواری یاساكەی پەرلەمان و تانەو ناڕەزایی زۆرینەی لایەنەكان گومانی زۆری خستوەتە سەر كۆی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان، ئێستا هیچ كەس و لایەنێك لەسەر ئاستی عێراق ناڵێن ساختەكاری نەكراوە، باڵیۆزو نوێنەری وڵاتانی جیهانیش گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی ساختەكاری رویداوە. بەڵام هەموو لایەنەكان بەدوای دەرەچەیەكدا دەگەڕێن دۆخەكە تێپەڕێنن، چونكە بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و هەرێمایەتی عێراق بەرگە ناگرێت ئەم دۆخە بەردەوام بێت، دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنیش كارێكی قورسە، لەلایەك رەنگە پشوی گەورە بەدوای خۆیدا بهێنێت، لەلایەكی ترەوە لەڕووی ئابورییەوە پرۆسەكە 500 ملیۆن دۆلاری تێچووەو ئەو بڕە پارەیەش لەم دۆخەدا زۆرە بۆ عێراق كە بە دۆخێكی ئابوری سەختدا تێدەپەڕێت. لەبەرامبەردا ئەگەر دۆخەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، لایەنە ناڕازییەكان ئەستەمە بەم ئەنجامانە رازی بن و ئەگەری پشێوی زۆر هەیە، بۆیە ئێستا هەوڵدەدرێت چارەسەرێكی مامناوەند لەنێوان ئەو دوو ئاڕاستەیەدا بدۆزرێتەوە، بەڵام لە حاڵەتی نەبوونی ئەو چارەسەرەدا، داواكاری و ئەگەرەكانی هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنەكان زیاتر دەبێت. سوتانی كۆگاكانی كۆمسیۆن هەڵبژاردن لە بەغداد نائومێدی لای لایەنە ناڕازییەكان زیاتر كرد، زۆرێكیان كە پێشتر زیاتر جەختیان لەسەر ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان دەكرد، ئێستا داوای هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن دەكەن. لە كاردانەوەی سوتانی كۆگاكانی كۆمسیۆندا، ئەیاد عەلاوی سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتیمانی داوای پێكهێنانی حكومەتی كاربەڕێكەر و دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن دەكات. عەلاوی لە راگەیاندراوەكەیدا دەڵێت"دەبێت سەرۆكایەتی كۆمار و سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران و دەسەڵاتی دادوەری و هێزە سیاسییەكان، خۆیان ئامادە بكەن بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی كاربەڕێكەر، كە لەماوەی شەش بۆ هەشت مانگدا كاربكات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد". سەلیم جبوری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش كە سەركردایەتی هەوڵەكانی پەرلەمانی كرد بۆ هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن و ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان باسلەوەدەكات" سوتانی كۆگاكانی كۆمسیۆن بەئەنقەست و مەترسیدارە"، بۆیە داوای دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنەكان دەكەن، بەتایبەتیش دوای ساغبوونەوەی ساختەكاری و یاریكردن بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان. دەوڵەتی یاسای نوری مالیكیش لە ئێستادا داوای دووبارە هەڵبژاردن دەكات، فەرید ئیبراهیمی ئەندامی پارلەمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند" هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەگەڵ دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی ئێستای هەڵبژاردنە لەژێر چاودێری نێودەوڵەتی". لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش شەش لایەنی سیاسی لەیەكەم رۆژی دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانەوە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، بەڵگەیان هەیە ساختەكاری زۆر كراوە لەسەر ئاستی هەرێم و ناوچە دابڕێنراوەكان، بۆیە بە هەژماركردنەوەی دەنگەكان لەڕێگەی دەستیشەوە رازی نابن و داوای دوبارەكردنەوەی هەڵبژاردن و پرۆسەی دەنگدان دەكەن. لەبەرامبەردا هەریەك لە لیستەكەی موقتەدا سەدر و عەمار حەكیم و هادی عامری، لە هەرێمی كوردستان یەكێتی و پارتی دژی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنەكانن. لە نوێترین لێدواندا موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر دەڵێت: ئێستا كاتی بونیادانان و ئاوەدانكردنەوەیە، نەك هەڵبژاردن دووبارە بكرێتەوە بۆ كورسییەك یان دوو كورسی. حەیدەر عەبادی لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا هەفتەی پێشوو رایگەیاند، هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن كارێكی نادروستە. دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكان، لە هیچ دەقێكی دەستور و یاسا كارپێكراوەكانی عێراقدا باس نەكراوە، بەڵام یاساناسان ئاماژە بەوە دەكەن لەئێستادا ئەگەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە رەتكرایەوە، ئەوا ئەنجامی هەڵبژاردن رەتدەكرێتەوە، یاخود بە یاسایەك لە ئەنجومەنی نوێنەران دەتوانرێت هەڵبژاردن رەتبكرێتەوە. بەپێی بۆچوونی تارق حەرب شارەزای دیاری یاسای دەستوری و یاساكان لە عێراق لەبارەی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكان دەڵێت" هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنەكان پێویستی بە یاسایە، چونكە بەیاسا كراوەو بۆ هەڵوەشاندنەوەشی پێویستی بەیاسایە.. پەرلەمانی ئێستا بە دەنگی (201) پەرلەمانتار دەتوانێت یاسایەكی نوێ دەربكات، بۆ هەڵوشاندنەوەی ئەم هەڵبژاردنەی ئێستا و دوبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكان". هاوكات د. لەتیف مستەفا شارەزای دەستور و یاساكان دەڵێت" دوای تاوانی سوتاندنی كۆگاكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، پێموایە تاقە چارەسەر بتوانێ هەردولای ڕازی و ناڕازی قەناعەت پێ بكات و دڵیان پاك بكاتەوە، تەنها بریتییە لە رەتكردنەوەی تەواوەتی ئەم هەڵبژاردنە و پەسەندنەكردنی ئەنجامەكانی لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵی و دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنەكە لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كۆتایی ئەمساڵدا". سەعد حەدیسی وتەبێژی حكومەتی عێراق رایگەیاند كە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایار تەنها لە دەسەڵاتی دادگای فیدراڵیدایە بەپێی هەموو بۆچونەكان ئێستا دادگای فیدراڵی عێراق دەتوانێت هەڵبژاردن رەتبكاتەوە، ئەویش بە رەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان رایگەیاند" تەنیا دادگای فیدراڵی دەتوانێت ئەنجامی هەڵبژاردن هەڵبوەشێنێتەوە". هاوكات سەعید كاكەیی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان رایگەیاندووە" بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق ئێستا لەدەست ئەنجومەنی كۆمسیاراندا نییە و بەڵكو بەدەست ئەنجومەنی دادوەری و دادگای فیدراڵییە". هەندێك پێیان وایە لەدوای سوتانی كۆگاكانی كۆمسیۆنەوە، هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن بوەتە ئەمری واقیع و باسلەوەدەكرێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێ لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەڕێوەبچێت.
راپۆرتی شیكاری: محەمەد رەئوف هەردوو ئاوەڵزاوی جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری پێشوی عێراق و سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، شەڕی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دەكەن، ئەگەر ئەو پۆستە بەر یەكێتی بكەوێت. ئەم ململانێیە ململانێی دوو كارەكتەری ناو یەكێتی نیە بەڵكو لە پشتی ئەو دوو كارەكتەرە دوو خاتوون هەن كە رەنگە چاویان لە خانمی یەكەمی عێراق بێت شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و هەتاو ئیبراهیم ئەحمەد، وەك خوشكە گەورەیان هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كە دوو خول خانمی یەكەمی عێراق بوو، كە ئەگەرچی نەك خانمی یەكەمی عێراق بەڵكو پۆستی سەرۆك كۆماریش پۆستێكی تەشریفاتی و رەسمیە، بەو پێیەی د. محەمەد سابیر هاوسەری هەتاو ئیبراهیم ئەحمەد و د. لەتیف رەشید هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەد چاویان لە پۆستەكەی جەلال تاڵەبانیە كە هاوسەری هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بوو. هێشتا گفتوگۆی لایەنەكان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دەستی پێنەكردووە، بەڵام سەرەرای یەكێتی، پارتیش چاوی لەو پۆستەیە و لە لێدوانی سەركردەكانیاندا ئاماژەی بۆ دەكەن، بەڵام دەوترێت باسكردنی ئەو پۆستە لەلایەن پارتیەوە بۆ وەرگرتنی پۆستەكە نیە هێندەی بۆ سەندنی پۆستی دیكەیە لەبەرامبەر ئەو پۆستە لە یەكێتی، بەو پێیەش چاوەڕوان دەكرێت پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی یەكلاببێتەوە، قسەكە لەسەر كاندیدی یەكێتیە بۆ ئەو پۆستە بۆ كێ دەبێت، دەوترێت مەلا بەختیار چەندین جارو لە چەندین بۆنەدا ئاماژەی بەو پۆستە كردووە و چاوی لەو پۆستەیە، بەڵام ئێستا زیاتر بانگەشە بۆ د. لەتیف رەشید و د. محەمەد سابیر دەكرێت، هەریەكەیان سایت و پەیجە سێبەرەكانیان بۆ خۆیان خستوەتە گەڕ. د. محەمەد سابیر نیازی خۆی ئاشكراكردووە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە و بە ئاشكرا رایگەیاندووە كە خۆی بۆ ئەو پۆستە كاندید دەكات، بەپێی نوسراوێكی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی ژمارە ( 259 ) رۆژی 27/5/2018 كە ئاراستەی كۆسرەت رەسوڵ عەلی و دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتیان كردووە ، رایانگەیاندووە كە ( د. محەمەد سابیر ) ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی داوایكردووە كە لە پشكی یەكێتی لە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقدا پۆستێكی باڵای پێبدرێت چ پۆستی سەرۆك كۆمار ئەگەر بدرێت بە یەكێتی یان پۆستێكی باڵای تر، بۆیە ئێمە پشتیوانی دەكەین و هەموو ئەو مەرجانەی تێدایە كە نوێنەرایەتی یەكێتی بكات لە بەغداد. هاوكات د. عیزەت سابیر برای د. محەمەد سابیر و پەرلەمانتاری یەكێتـی لە پەیجی تایبەتی خۆی ڤێدیۆیەكی ژیانی د. محەمەد سابیری بڵاوكردۆتەوە و رایگەیاندووە:" بەربژێری فەرمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بەڕێز د محمد سابیر ئیسماعیلە، بە هیوای پشتیوانی تەواوی ئەنجومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی و سەرجەم كادران و لایەنگرانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ ئەو مەبەستە" لە بەرامبەریشدا بانگەشە بۆ د. لەتیف رەشید هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەكرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، ئەگەرچی پێگە و دەركەوتنی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد زیاترە لەناو یەكێتیدا وەك لە هەتاو ئیبراهیم ئەحمەدی هاوسەری د. محەمەد سابیر. پەیجەكانی سەربە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بانگەشە بۆ د. لەتیف رەشید دەكەن، لە پەیجی پشتیوانانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە بابەتێكدا بەناوی ( یەكێتی كێ بكاتە سەرۆك كۆمار! ) نوسیویەتی " ئەوەی بۆ پۆستی سەركۆمار گرنگە دابنرێ، پیاوێكە متمانە پێكراوی خودی سەرۆك مام جەلالە و پیاوێكە نزیك لە مامە و نزیك لە بیردۆزو سیاسەتەكانی ئەم چەند ساڵەی بەغدا، پیاوێكە ئەزمون دەیخوازێ، ژیر و سەنگین، ئەویش بەرێز دكتۆر لەتیف رەشیدە". دەشڵێت :"دكتۆر لەتیف رەشید، یەكێكە لە نزیكەكانی سەرۆك مام جەلال و بەدرێژایی وجودی مامی گەورە وجودی هەبوە لە بەغداد. دكتۆر لەتیف لینكی پەیوەندییەكانی مام بووە لەگەڵ شیعە و سوننە و تەواوی پێكهاتەكانی عێراق، هەروەها تێگەیشتو لە رێبازی مام و نزیك لە سیاسەتەكانی مامی مەزن. دەبێ یەكێتی بۆ پۆستی سەركۆمار دەست بۆ ئەم زاتە راكێشێ، رەشید ئاشنا لە بەغدا، ئاشنا لە سیاسەت و هەنگاوەكانی عێراق، گرنگە دەستنیشان بكرێ" رەنگە خستنە رووی ناوی هەردوو ئاوەڵزاوەكەی مام جەلال بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بێ هۆ نەبێت و پلانێك بێت بۆ ئەوەی هەركامیان بێت گرنگ ئەوەیە پۆستەكە لە دەستی بنەماڵەی تاڵەبانیدا بێت، بەڵام ئەوەی كارەكتەری سەرۆك كۆمار دیاری دەكات تەنها یەكێتی نیە، بەڵكو پارتیش رۆڵی كاریگەری دەبێت لە دیاریكردنیدا و بەبێ رەزامەندی پارتی هیچ كارەكتەرێك دانانرێت لەناو یەكێتی بۆ ئەو پۆستە، لە چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی هەڵوێستە توندەكانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دژ بە پارتی و بنەماڵەی بارزانی، چانسی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری بۆ د. لەتیف رەشید لاواز كردووە، بۆیە لەسەرەتاوە ناوی د. لەتیف رەشید زۆر بەگەرمی دەهات، بەڵام ئێستا ناوی د. محەمەد سابیر زیاتر دەردەكەوێت بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە. یەكەم/ د.محەمەد سابیر د. محەمەد سابیر، ئاوەڵزاوی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، هاوسەری هەتاو ئیبراهیم ئەحمەدە، ئێستا كە تەمەنی 71 ساڵە، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە. پێنج زمان دەزانێت( عەرەبی ، ئینگلیزی ، فارسی، سویدی، چینی ) دەزانێت، خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە فیزیای ئەتۆمییە لە زانكۆی ستۆكهۆڵم، لەدروستبونی كۆمەڵەوە بەرپرسی سلێمانی كۆمەڵە بووە تاساڵی١٩٧٤. لەنێوان ساڵانی 1977 تا 1992 لێپرسراوی لقی ئەوروپای یەكێتی نیشتمانی كوردستان بووە. لە ساڵی 1993 تا 2001 نوێنەری حكومەتی هەرێم بووە لە فەرەنسا پاشان لە ئەمەریكا، لە 2004 تا 2010 باڵیۆزی عێراق بووە لە چین، لە 2013 تا 2016 نوێنەری هەمیشەیی عێراق بووە لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە جنێڤ. محەمەد سابیر لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی ئاوێنە سەبارەت بەوەی رەخنەی لێدەگیرێت لەبەرئەوەی لە بنەماڵەی تاڵەبانییەوە نزیكە و پۆستی وەرگرتووە رایگەیاندووە “تەنها لەبەرئەوەی من ئاوەڵزاوای مام جەلالم، ئەگەرنا جگە لەنەوشیروان مستەفا و یەك دوانێكی تر نەبێت، هیچ كام لە بەرپرسانی باڵای یەكێتی نەپێش من هاتوون، نەهێندەی بەندە خەباتی سیاسییان هەیە. ئیتر گوناهم چییە؟ لەبڕوانامەوە دەڵێیت نەك لەكوردستان، بەڵكو لەسەر ئاستی عێراق بەرزترین بڕوانامەم هەیە، پێنج زمان دەزانم. لە١٣ساڵییەوە لە خەباتدا بەشدارم”. دووەم/ د. لەتیف رەشید د. لەتیف جەمال رەشید، ئاوەڵزاوای جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەدە، ئێستا كە تەمەنی 72 ساڵە، سەرۆكی دەستەی راوێژكارانی سەرۆك كۆماری عێراقە، لە سلێمانی لەدایكبوەو زمانەكانی عەرەبیو ئینگلیزی دەزانێو بڕوانامەی ماستەرو دكتۆرای لە بواری ئەندازیاریدا لەبەریتانیا بەدەستهێناوە. لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا وەك ئەندازیار لە رێكخراوی فاوی سەر بەنەتەوە یەكگرتووەكان كاریكردوە و بەڕێوەبەری چەندین پڕۆژەی پەرەپێدانی بواری خۆراك و كشتوكاڵ بووە لە سعودیە و یەمەن. لەساڵی 2003ەوە تا 2010 وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق بووە و پاشان بووە بە راوێژكاری پێشكەوتوی سەرۆك كۆمار “تاڵەبانی و فوئاد مەعسوم”.
راپۆرتی شیكاری: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری.. دوو هێز كە لەناو هەناوی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هاتونەتە دەرەوە و ئێستا هەوڵی كۆبونەوە دەدەن لەناو هەناوێكی نوێدا. ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق سەرباری گومانەكانی ساختەكاری، سەنگ و قورسایی جەماوەری لایەنەكانی تاڕادەیەك دیاریكرد، بزوتنەوەی گۆڕان كە یەكەم بەشداریكردنی بوو لەدوای كۆچی دوایی رێكخەرەكەی (نەوشیروان مستەفا)، ئاستی دەنگەكانی كەمیكرد، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریش كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات لە یەكەم ئەزمونی بەشداری هەڵبژاردندا توشی نائومێدی بوو. گۆڕان و هاوپەیمانی كە بەهاتنەدەرەوەیان لە یەكێتی نەیانتوانی هاوسەنگی هێز لە كوردستان بگۆڕن، ئێستا هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی پێكەوە كار بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە بكەن. لەدوای هەڵبژاردنی 12ی ئایارەوە لە هەردوولاوە بانگەواز دەستیپێكردووە بەمەبەستی كۆبونەوە لە پرۆژەیەكی سیاسیدا یان لانی كەم دروستكردنی لیستێكی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان. عەبدولڕەزاق شەریف ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان هەفتەی رابردوو لە وتارێكدا كە لە (درەو میدیا) بڵاویكردەوە، بە ئاشكرا داوایكرد بزوتنەوەی گۆڕان ئەو رێككەوتنەكەی كە لەگەڵ یەكێتی هەیەتی و تائێستا هەڵینەوەشاندوەتەوە، لەگەڵ هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری جێبەجێ بكات وەكو بەشێكی جیابوەوە لە یەكێتی. لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) عەبدولڕەزاق شەریف ئاشكرایكرد"پێشتر ئەم بابەتە لەنێوان سەركردەكانی هەردوولا باسكراوە، ئەنجامەكەشی دروستبونی لیستی نیشتمان بوو لە ناوچە دابڕاوەكان، دواجاریش لە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕاندا باسكراوە و بیروڕا لەوبارەیەوە ئاڵوگۆڕ كراوە". ئەوانەی بانگەواز بۆ نزیكبونەوەی نێوان گۆڕان و هاوپەیمانی دەكەن باوەڕیان وایە ئەو هەنگاوە "هاوسەنگی هێز" بۆ هەرێمی كوردستان دەگەڕێنێتەوە كە خۆی لە بنەڕەتەوە تێكچووە و پارتی دیموكراتی كوردستان توانیویەتی دەست بەسەر هەموو جومگە سەرەكییەكانی حوكمڕانیدا لە هەرێم بگرێت. رەنگە ئەوەی نزیكبونەوەی ئەم دوو هێزەی كردبێتە پێویستی ئەم قۆناغە نزیكی گوتاری سیاسی هەردوو لایەن بێت سەبارەت بە دۆخی سیاسی ئێستای هەرێمی كوردستان. عەبدولڕەزاق: پێشتر ئەم بابەتە لەنێوان سەركردەكانی هەردولا باسكراوە، ئەنجامەكەشی دروستبونی لیستی نیشتیمان بوو ئارامی حەمەی مینا مینا لێپرسراوی دامەزراوەی بەڕێوەبردنی دەڤەرەكانی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) وتی: لەدوای 12ی ئایارەوە ئیتر هیچ پاساوێك بۆ دواخستنی ئەو بەرەیە نەماوەتەوە، هەر لایەنیك بەهەر پاساوێك بیەوێت خۆی لە راپەراندنی ئەو ئەركە بدزێتەوە، زەرەری گەورەی جەماوەری دەكات، چونكە دریژەدان بەو پەرتەوازەییە وازیكردنە بەكامی دڵی دەسەڵاتداران و لەڕووی ستراتیژییەوە ئاوكردنە بە ئاشی هێزە دەسەڵاتدارەكاندا. فشاری ماڵی مام جەلال لەسەر گۆڕان یاخود بەشێك لە بەرپرسانی گۆڕان، بێ كاریگەری نامێنێتەوە و دواجار ئاستەنگ لەبەردەم نزیكبونەوەی گۆڕان و بەرهەم ساڵح دروستدەكات. چۆن رێككەوتنێك بكرێت ؟ ئەوەی تائێستا هەیە لەبارەی نزیكبونەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی تەنیا قسە و تاوتوێكردنە و لە ئاستی باڵادا لەنێوان هەردوولا تاوتوێ نەكراوە. عەبدولڕەزاق شەریف ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان پێیوایە دەبێت بنەمای رێككەوتنی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری ئەو رێككەوتنە سیاسییە بێت كە گۆڕان بەر لە دوو ساڵ و لە رۆژی 17-5-2016 لەگەڵ یەكێتی ئیمزای كردو جێبەجێنەكرا. ئەوكات كە رێككەوتنی سیاسی لەنێوان یەكێتی و گۆڕان ئیمزا كرا، هێشتا بەرهەم ساڵح لە یەكێتی جیانەبووەوە و ئەندامی سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان بوو. نزیكەی ساڵێك و حەوت مانگ دوای ئیمزاكردنی، ئەو رێككەوتنە لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە سڕكرا، بەڵام هێشتا بە فەرمی هیچ یەكێك لە گۆڕان و یەكێتی هەڵوەشانەوەی ئەو رێككەوتنەیان رانەگەیاندووە، رەنگە ئەمە دەرفەتێك بێت بۆ ئەوەی رێككەوتنەكە لەگەڵ بەرهەم ساڵح زیندوبكرێتەوە. عەبدولڕەزاق شەریف دەڵێ: ئێستا دەرفەتێك هەیە لەگەڵ ئەو بەشەی یەكێتی كە بەناوی هاوپەیمانی جیابوونەتەوە ئەو رێككەوتنەكە جێبەجێ بكەین، ئەكرێ بەپێی ئەم سەردەمە پێكەوە ئیزافەی بۆ بكەین یان هەمواریشی بكەینەوە. لەبەرامبەردا ئارامی حەمەی مینا لێپرسراوی دامەزراوەی بەڕێوەبردنی دەڤەرەكانی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری پێیوایە دەبێت رێككەوتنی سیاسی لەنێوان گۆڕان و هاوپەیمانی لەسەر ئەم بنەمایانە بكرێت: یەكەم: هەماهەنگی وكاری هاوبەشی میدیایی دووەم: دروستكردنی سەركردایەتییەكی هاوبەش سێیەم: هاوكاری جەماوەری و تەنزیمی چوارەم: خەباتی هابەشی دیپلۆماسی و مەدەنی پێنجەم: یەكخستنی گوتار و ستراتیژ و بەرنامەی سیاسی شەشەم: دروستكردنی یەك لیست بۆ هەڵبژاردنەكانی كوردستان حەوتەم: دروستكردنی چەند لیژنەیەكی فەرعی هاوبەش بۆ پرسەكانی هەڵبژاردن و پەیوەندییەكان و كاروباری یاسایی و هتد بۆچونێكی تر هەندێك زیاتر دەڕۆن و لەبری پێكهێنانی هاوپەیمانی لەنێوان گۆڕان و هاوپەیمانێتییەكەی بەرهەم ساڵح داوا دەكەن بەرەیەكی فراوانتر پێكبهێنرێت لەنێوان (گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری). هەفتەی رابردوو گروپی "سەكۆی جەماوەر" ئیمزای (139) كەسایەتی كۆكردەوە كە داوای دروستكردنی ئەو بەرە چوارقۆڵییە دەكەن. هەموو ئەم هەوڵانەش بەرەنجامی نائومێدییەكانی دوای هەڵبژاردنی 12ی ئایارە. رەنگە ئەوەی نزیكبونەوەی ئەم دوو هێزەی كردبێتە پێویستی ئەم قۆناغە نزیكی گوتاری سیاسی هەردوو لایەن بێت سەبارەت بە دۆخی سیاسی ئێستای هەرێمی كوردستان ئاستەنگەكان بەردەم رێككەوتنی گۆڕان و هاوپەیمانی ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی سیاسی لەگەڵ هاوپەیمانێتییەكەی بەرهەم ساڵح رەنگە بۆچونی هەموو سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان نەبێت، لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا بەڕوونی هەست بە بۆچونی جیاوازی بزوتنەوەی گۆڕان كرا لەبارەی بەرهەم ساڵحەوە. لەو رۆژانەی بانگەشەدا كە گۆڕان و هاوپەیمانی لە ناوچە جێناكۆكەكان لیستی هاوبەشیان هەبوو (لیستی نیشتیمان)، بەپێچەوانەوە لە سلێمانی هەندێك لە بەرپرسانی گۆڕان لەسەر شاشەی كەناڵەكەیانەوە هێرشیان دەكردە سەر كەسایەتی بەرهەم ساڵح. رەنگە ئەم جیاوازی بۆچون و دابەشبوونەی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان كاریگەری قورس لەسەر ئەو هەوڵانەی جێبهێلێت كە بۆ لێكنزیكبونەوەی ئەو دوو حزبە خراونەتەگەڕ. لەلایەكی تریشەوە فشاری ماڵی مام جەلال لەسەر گۆڕان یاخود بەشێك لە بەرپرسانی گۆڕان، بێ كاریگەری نامێنێتەوە و دواجار ئاستەنگ لەبەردەم نزیكبونەوەی گۆڕان و بەرهەم ساڵح دروستدەكات. یەكێكی تر لەو شتانەی كە رەنگە ئاستەنگ بۆ نزیكبونەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی دروستبكات، بەهێزی كەسایەتی سیاسی بەرهەم ساڵحە، كە هەندێك لە سەركردەكانی گۆڕان مەترسییان هەیە لە حاڵی هاوپەیمانێتیكردندا هەژمونی ئەو سەركەوێت، سەرباری ئەوەی هەندێكی تریان پێیان وایە بە جیابونەوەی لە یەكێتی بەرهەم ساڵح زیانی لە پێگەی جەماوەری بزوتنەوەی گۆڕان داوە. لەبارەی ئەم دوو هێزەوە دەتوانرێت بوترێت هاوپەیمانی سەرێكی بەهێز و بنكەیەكی جەماوەری لاوازی هەیە، بزوتنەوەی گۆڕانیش بنكەیەكی جەماوەری بەهێز و سەرێكی لاوازی هەیە. هەرچۆنێك بێت تاكە چانسی سەركەوتنی دروستبونی هاوپەیمانێتییەكی لەم شێوەیە تەنیا نزیكی گوتاری سیاسی هەردوو حزبەكە و ئەو نائومێدیە سیاسییەیە كە لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دروستبووە.
بهدواداچوونی رۆژنامهوانی: نیاز عهبدوڵڵا "زۆر بنكه و خاڵی سهربازی كه پێشمهرگهی پارتی دیموكراتی كوردستانی تێدابووه بهریانداوه و تهسلیمی سهربازانی توركیا كراوه و بهم جۆرهش توركیا هاتۆته ناوچهی برادۆست" نهجیبه عومهر هاوسهرۆكی پێشووی پارتی چارهسهری دیموكراتی كوردستان و ئهندامی بهڕێوهبهری رێكخراوی ئازادی ژنانی كوردستان-رژاك بۆ (درهو میدیا) جهختی له قسهكانی دهكردهوه بهوهی ئامادهن به بهڵگهوه تهواوی ئهو خاڵانه بخهنه روو كه له لایهن پارتییهوه دراونهته سوپای توركیا له ناوچهكانی باڵهیان و خواكورك و برادۆست. له مانگی تشرینی دووهمی ساڵی رابردووهوه توركیا بنكه سهربازییهكانی له ناوچهی برادۆست به فراوانی دامهزراندووه، له مانگی ئازاری ئهم ساڵیش لهگهڵ بۆردوومانی گوندنشینان هاتووچۆی ئاشكرایان لهناو چیاكان و گوندهكانی ناوچهكه به ئاشكرا دهبیندرێت، تائهوهی له یهكی حوزهیران لهگهڵ دانیشتوانی گوندی بهرمیزه له ئێواره خوانێدا بهیهكهوه دهركهوتن له ناوچهیهك كه له ژێر باڵادهستی ئیداری پارتی دیموكراتی كوردستان دایه. بهرمیزه و گهلی رهش و گهلاوێژ و حهسهن بهگ لهو ناوچانه بوون نهجیبه عومهر وهك نموونه هێنایهوه كه "سوپای توركیا پێیان بگات و بچێته ئهوێ دهبێت به بازگهكانی پارتی دیموكرات تێبپهڕن، چونكه تهواوی ئهو ناوچانه لهژێر فهرمانڕهوایی پارتیدایه و توركیا به رهزامهندی و هاوكاری ئهو حیزبه ئێستا لهو شوێنانه دایه". وهزیری ناوخۆی توركیا سلێمان سۆیلۆ له2ی حوزهیران وتی "سەربازانی سوپای تورکیا 27 کیلۆمەتر چوونەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، ئێستاش نزیکن لەچیای قەندیل و پێشڕەوی دەکەن، پێشتر وتمان بە هەر رێگەیەک بێت دەچینە قەندیل ئەوەتا ئەمڕۆ ئێمە نزیکی قەندیلین". بهڵام هاوسهرۆكی پێشووی پارتی چارهسهری دیموكراتی كوردستان پێی وابوو ههوڵهكانی نزیكبوونهوهی سوپای توركیا له قهندیل تهنیا له ناوچهی باڵهیانهوه دهكرێت كه له ژێر ركێفی دهسهڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان دایه و وتی "پارتی بۆته هۆی ئهوهی دوو بنكهی سهربازی پاسهوانانی سنووری عێراق كه لهو ناوچه سنووریانه ههن بكشێنهوه و بۆ سهربازانی توركیا چۆڵ بكرێن، چونكه لهو بنكه سهربازیانه ئهندامانی خۆیان به پاسهوانی سنوور دامهزراندووه و له كاتی پێویست بهكاریاندههێنن". (درهو میدیا) توانی یهكێك لهو شایهتحاڵانه بدوێنێت به ناوی كارۆخ عهبدوڵڵا كه خهڵكی ناوچهكهیه و به چاوهكانی خۆی دوو ئۆتۆمبێلی سهربازی و ژمارهیهك سهربازی توركی و چهند كهسێكی به جل و بهرگی پێشمهرگهوه له چیای كۆلیتار بهیهكهوه بینیوه. كارۆخ وتی "ئهوان ژمارهیهك سهربازی توركی بوون لهگهڵ چهند كهسێك كه جلی پێشمهرگهیان پۆشیبوو به دوو ئوتومبێلی سهربازییهوه، مانگ و نیوێك بهر له ئێستا لهگهڵ هاوڕێیهكهم له خهڵكی ناوچهكهمانه ئهوانمان بینی و ئێمه ئۆتۆمبێلمان پێنهبوو، كه ههستیان كرد ئهوانمان بینی كهوتنه دوامان و ئێمه به راكردن بهلا رێدا خۆمان رزگاركرد". له لوتكهی چیای كۆلیتار تاوهری تۆڕهكانی كۆمپانیاكانی زێن و كۆڕهك تیلیكۆم و نهورۆزی تێدا داندراوه. چیاكه له رووی ئیدارییهوه سهر به ناحییهی قهسرێیه له قهزای چۆمانی پارێزگای ههولێر، دۆڵی باڵهیان و شێخ ناسڕ و چیای كۆخه دهكهوێته رۆژههڵاتی و، له باشوورییهوه دۆڵی ناودهشت ههیه كه دهكهونه سنووری ههرێمی پاراستنی میدیا و شارهوانی بناری قهندیل كه له لایهن پارتی كرێكارانی كوردستانهوه راگهیندراوه. له رۆژئاوای چیای كارۆخ و دۆڵی خانهقا ههیه و، له باكوورییهوه چیای مامهڕووته ههیه كه دهڕوانێت بهسهر چیاكه. له ناوچهی برادۆستی سهر به قهزای سۆرانی پارێزگای ههولێر (درهو میدیا) زانیاری له بهرپرسێكی یهكێتی نیشتیمانی كوردستان دهست خست سهبارهت به دانانی بنكه سهربازییهكانی توركیا به هاوكاری هێزی باڵا دهستی فهرمانڕهوای ناوچهكه، ئهو بهرپرسه كه نهیویست ناوی ئاشكرا بكرێت وتی "له ههنگاوی دانانی بنكهی سهربازی توركیا له سهر چیای كۆلیتار، پێشتر بههاوكاری حیزبی باڵادهستی ناوچهكه رێگای چیاكه بۆ سوپای توركیا پاككرانهوه تا سوپاكه بتوانن بنكهكهیان لهوێ جێگیربكهن، لهكاتی پێویستیش ئهو هێزه هاوكاری و رێنوێنی سوپای توركیا دهكات". میدیا فهرمییهكانی حكومهتی توركیا له مانگی ئازاری ئهم ساڵ بڵاویانكردهوه له رێگای بنكهیهكی سهربازییهوه له چیای كۆلیتار "چاودێری سنوورهكان و جموجۆڵهكانی پهكهكه دهكهن بهمهودای 23 كیلۆمهتر". (درهو میدیا) له ماوهی بهدوا داچوونهكانیدا زانیاری ئهوهی دهست خست كه سوپای توركیا به هاوكاری هێزی فهرمانڕهوای ئهو ناوچانهی سهربازانی سوپای توركیای تیادا بڵاوبۆتهوه له ههرێمی كوردستان، ههوڵی دامهزراندنی خهڵكی ناوچهكه دهدهن له ریزی سوپای توركیا به پاره تا بتوانن وهك رێبهری ناوچهكه كاریان لهگهڵدا بكهن، دهركهوتووه ههندێك بهرپرسی ئیداری ناوچهكهش خۆیان ئهو كاره بهههماههنگی لهگهڵ سوپای توركیا دهكهن. نهجیبه عومهر پشتڕاستی ئهو زانیاریانهی كردهوه بهوهی له لایهن خهڵكی ناوچهی برادۆست به وردی زانیاری ئهوهیان به دهست گهیشتووه كه"بهپێی دانپێدانانهكانی ئهو خهڵكه به زۆر خهڵكی عهشیرهتی برادۆست دهكهن به تورك و ناسنامهی توركییان بۆ دهردههێنن، له بهدهلی ئهوهش پارهی زۆریان دهدهنێ، بهشێكی كهمن ئهوانهی قبوڵیان كردووه و زۆرینه قبوڵیاننهكردووه چونكه خهڵكی عهشیرهتن و نیشتیمانپهروهرن و ئهمهیان پێناخۆشه، بهڵام ههندێكیان لهناودا كڕیون به پاره و داوایان لێ كردوون لهوێ لهگهڵ سوپای توركیادا جموجۆڵ بكهن بۆ ماوهیهك گرێبهستیان لهگهڵ دهكهن و جل و بهرگی سوپای توركیشیان پێدهپۆشن". وتیشی "ئهوانهی دادهمهزرێندرێن لهگهڵ سوپای توركیا كهسانی حیزبین و نوێنهری پارتی دیموكراتی كوردستانن". له بهرامبهر هاتنی سوپای توركیا و چڕبوونهوهیان له ناوچهی برادۆستی ههرێمی كوردستان، وتهبێژی حكومهتی ههرێمی كوردستان سهفین دزهیی بوونی پهكهكهی له ناو عێراق گهڕاندهوه بۆ ساڵانی ناوهڕاستی ههشتاكانی سهدهی رابردوو و رایگهیاند "تائیستا به بهردهوامی توركیا هاتۆته ناو خاكی عێراق، ههر ههبوونی هێزهكانی پهكهكهشه بۆته مایهی هاتنی لهشكری توركیا بۆناو خاكی ههرێمی كوردستانی عێراق". وتهبێژی حكومهتی ههرێم پهكهكهی تۆمهتبار كرد به نائارامی بۆ ناوچه سنوورییهكانی ههرێم چونكه "زیاتر له سێ سهد گوند لهو ناوچانه نهیانتوانیوه گوندهكانی خۆیان ئاوهدان بكهنهوه" و وتیشی "هیوادارین پهكهكه لهو ناوچانه نهمینێت و هیچ بیانوویهك نهداته توركیا".
راپۆرتی رۆژنامەوانی/ نیاز عهبدوڵڵا سهرۆكی دهزگایهكی توێژینهوه ئاشكرایدهكات مهسعود بارزانی سهرۆكی پێشووی ههرێم لهگهڵ سهركردهی حیزبهكانی سۆسیالیست و یهكگرتووی ئیسلامی و چهند سهركردهیهكی ناو پارتی دیموكرات و یهكێتی نیشتمانی، لهنێو لیستی ئهو سهركرده سیاسیانهدان كه لهدوای ریفراندۆم ناویان چووهته ناو "دۆسیهی داخراو مامهڵه لهگهڵ نهكراو له ئاستی نێودهوڵهتی". رۆژی 29ی ئۆكتۆبهری 2017 له نێو پشێوی خۆپیشاندهرانی پارتی دیموكرات، پهرلهمانی كوردستان له كۆبوونهوهیهكدا دهسهڵاتهكانی مهسعود بارزانی له سهرۆكایهتی ههرێم بهسهر دهسهڵاتهكانی یاسادانان و دادوهری و جێبهجێكردن دابهشكرد. دهست لهكاركێشانهوهكهی مهسعود بارزانی لهو كاتهدا پێشوازی نێودهوڵهتی لێكرا له لایهن ویلایهته یهكگرتووهكانی ئهمریكا و وڵاتهكانی فهرهنسا و ئهڵمانیا و بهریتانیا، لهو كاته بهدواوه مهسعود بارزانی كه دوو جار خولی سهرۆكایهتی ههڕیمی له گهڕی سێیهم بۆ درێژكرایهوه، پاش ئهو وادهیه وهك سهرۆكی پارتی دیموكراتیش كهمترین دهركهوتنی ههبوو تا دوای راگهیاندنی ئهنجامهكانی حیزبهكهی له 12ی ئایار. مهسعود عهبدولخالق تویژهر و سهرۆكی دهزگای ستاندهر بۆ توێژینهوه، هۆكاری بێ دهنگی مهسعود بارزانی له ههشت مانگی رابردوودا گهڕاندهوه بۆئهوهی "له دوای ریفراندۆم پێنج سهركردهی كورد ناویان چووه ناو دۆسیهی داخراو و مامهڵه لهگهڵ نهكراو" و به (درهو میدیا)ی وت "دیاره لهنێو دۆسییهی پێنج سهركرده دوورخراوهكهی ههرێم له ئاستی نێودهوڵهتی سهرۆكی ههرێمی پێشوو كاك مهسعود بارزانی ههیه، كاتی ئyستیقالهكهشی باشترین بهڵگهیه كه ههر یهك له فهرهنسا و ئهمریكا و بهریتانیا به بهیاننامهی فهرمی خۆشحاڵی خۆیان دهربڕی به دووركهوتنهوهی". مهسعود عهبدولخالق پشتبهستوو به سهرچاوهی زانیارییهكانی وتی "ئهوانهی له ریفراندۆم بهشداربوون جارێكی تر مامهڵهی نێودهوڵهتییان لهگهڵ ناكرێت". ئهو قسانهشی خستهروو كه له رێگای ئهو شایهتحاڵانهوه زانیویهتی له كاتی چوونی برێت مەكگۆرك نوێنهری سهرۆكی ئهمریكا له هاوپهیمانی نێودهوڵهتی بۆ لای مهسعود بارزانی له كاتی ئامادهكارییهكان بۆ ئهنجامدانی ریفراندۆم و، وتی "بهپێی قسهی شایهتحاڵهكانیش، ئهو كات كه مەكگۆرك چووبووه لای كاك مهسعود بارزانی دوو شایهدی كوردی بردبوو و لهوێ به راشكاوی به بارزانی وتبوو ئهگهر ئهو ریفراندۆمه بكرێت و بهگوێی ئهمریكا و ئهو وڵاتانه نهكهی، ئێمه جارێكی تر مامهڵهت لهگهڵ ناكهین". لهبارهی چوار كهسهكهی تر كه له نێو لیستی سهركرده دوور خراوهكان دان، سهرۆكی دهزگای ستاندهر وتی "لهناو یهكێتی و لهناو پارتی كهسی تریش ههن، حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان و یهكگرتووی ئیسلامیش وهكو ئهوهی ئێمه زانیاریمان ههبێت لهو لیستهدان، بهڵام زیاتر تهركیز خراوهته سهر سهرۆكی ههرێمی پێشوو". سهبارهت به دهركهوتنهوهی مهسعود بارزانی سهرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دوای راگهیاندنی ئهنجامهكانی ههڵبژاردن و ههوڵهكانی حیزبهكهی بۆ بهشداریكردن له حكومهتی نوێی عێراق، ئهو توێژهره وتی "وڵاتانی داگیركاری دهوروبهرمان زۆر پێیان خۆشه ئهو دهسهڵاته شكستخواردوو و خاوهن دۆسییه داخراوانه له رووی نێودهوڵهتی بمیننهوه تاوهكو مهرجهكانیان بهسهر ههرێمی كوردستان بسهپێنن، وه دهیسهپێنن و له داهاتوو زۆر زیاتریشی دهكهن".
راپۆرت: نامیق رەسوڵ سوپای توركیا 25 كیلۆمەتر هاتوەتە ناو خاكی هەرێمی كوردستانەوە، بەوتەی چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە حكومەتی توركیا، بەمزوانە و پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی و پەرلەمانیی، ئەنكەرە ئۆپەراسیۆنێكی گەورە و بەرفراوان بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە قەندیل دەستپێدەكات. ئۆپەراسیۆن بۆسەر قەندیل بەشێكە لەو ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانەی كە لە مانگی ئازاری رابردووەوە سوپای توركیا دەستیپێكردووە و بڕیاری كۆتایش لەسەر ئەو ئۆپەراسیۆنە لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی توركیادا دراوە كە مانگی كانونی یەكەمی رابردوو بەڕێوەچوو. میدیاكانی نزیك لە حكومەتی توركیا باسلەوەدەكەن، ئۆپەراسیۆنی سەر قەندیل" زۆر فراوانتر و گەورەتر دەبێت لە ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتون" كە سوپای توركیا كردیە سەر كانتۆنی عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان. رۆژنامەی (حوڕییەت)ی توركی ئاشكرایكرد" ئیسماعیل مەتین تەمەل فەرماندەی دووەمی سوپای توركیا كە سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات و چڵە زەیتونی كرد لە رۆژئاوای كوردستان، سەركردایەتی ئۆپەراسیۆنەكەی سەر قەندیلیش دەكات". عەبدولقادر سیڵڤی ستون نوسی رۆژنامەی (حوڕییەت) و نزیك لە بازنەكانی بڕیار لە توركیا لە وتارێكیدا لە رۆژنامەكە دەڵێت:" ئۆپەراسیۆنی قەندیل بە كردەوە دەستیپێكردووە و درێژكراوەی ئەو ئۆپەراسیۆنەیە كە مارسی رابردوو دەستیپێكردووە و سوپای توركیا گەیشتوەتە قوڵایی 25- 30 كیلۆمەتری خاكی عێراق". ئاماژە بەوەدەكات" سوپای توركیا 11 بنكەی نوێی سەربازی لەناوی خاكی عێراقدا بونیادناوە كە لە گەریلاكانی پەكەكە پاككراونەتەوە و پەیوەندیی بەردەوامیش لەگەڵ لایەنی ئەمریكی و ئێرانی و عێراقدا هەیە و گفتوگۆدەكرێت لەبارەی رێككەوتن لەسەر ئۆپەراسیۆنێكی گەورە". ئەو نوسەرەی رۆژنامەی حوڕییەت لە بەشێكی تری وتارەكەیدا ئاشكرایكردووە كە "بن عەلی یەڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا لەدوا سەردانیدا بۆ بەغداد گفتوگۆی چڕ و قوڵی دەربارەی ئەو ئۆپەراسیۆنە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق كردووە". 11 بنكەی سەربازی نوێ هانا لۆسیندا سمیس لە وتارێكیدا لە رۆژنامەی تایمزی بەریتانیدا بە ناونیشانی " توركەكان ئامادەن بۆ دەستپێكردنی هێرش بۆسەر كورد لە 11 بنكەی سەربازی نوێوە" نوسیویەتی: توركیا ئامادەكاریی دەكات بۆ هێرشكردنە سەر چەكدارە كوردەكان لە باكوری عێراق، لە هەنگاوێكدا كە سەرۆكەی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بڕوای وایە پشتیوان دەبێت لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی و پەرلەمانی كە ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت". باسلەوەشدەكات، سوپای توركیا 11 بنكەی سەربازی نوێی لە هەرێمی كوردستان دامەزراندووە كە زۆرینەیان لە نزیك سنوری ئێرانن و سەرچاوەیەكی نزیك لە یەكێتیش لە لێدوانێكیدا بۆ تایمز هۆشداریداوە لەوەی كە 700 گوند لەو ناوچانە لە ژێر دەسەڵاتی پارتی كرێكارانی كوردستاندان لەكاتی هێرشی توركیادا، قەیرانێكی نوێی ئاوارەبوون دەستپێدەكات. ماكس هۆڤمان چاودێری سیاسی بە رۆژنامەی تایمزی راگەیاندووە" ئەردۆغان مێژوویەكی لە ئەنجامدانی هێرشی سەربازی لە دەرەوە هەیە، كاتێك هەست بە هەڕەشەیەكی هەڵبژاردن دەكات". هەڵوێستی هەرێم حكومەتی هەرێمی كوردستان كە هەژموونی پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەریدا زاڵە و پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی و سیاسیی زۆری لەگەڵ توركیادا هەیە، داوا لە پارتی كرێكارانی كوردستان دەكات خاكی هەرێم بەجێبهێڵێت و پاساو نەداتە سوپای توركیا. سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە وتەیەكیدا بۆ رۆژنامەنووسان لە هەولێری پایتەخت وتی:" بوونی چەكدارەكانی پەكەكە لە ناوی خاكی هەرێمی كوردستاندا بووەتەهۆی ئەوەی هێزەكانی توركیا چەندینجار بێنە ناو خاكی هەرَم و چەندین شەڕ و پێكدادانی توندی لێكەوتوەتەوە". دزەیی كە ئێستا سوپای توركیا چەندین بنكە و بارەگای سەربازی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حزبەكەیدا هەیە داوای لە پارتی كرێكارانی كوردستان كرد ئەو ناوچانەی هەرێم كوردستان چۆڵ بكات و پاساو نەداتە توركیا بۆئەوەی بێتە ناو خاكی هەرێم و داواشی لە توركیا كرد رێز لە سەروەریی خاكی عێراق بگرێت".
وەرگێڕان و ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ كۆبوونەوە چاوەڕوانكراوەكەی سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ و سەرۆكی كۆریای باكور كیم جۆن ئون لە هۆتێلێكی دوورگەی سینتۆسای سەنگاپورە بەڕێوەدەچێت، ئەوەش بەگوێرەی جەختكردنەوەی كۆشی سپی. دوو هەفتە لەمەوبەر ترەمپ لە كتوپڕێكدا كۆبوونەكەی لەگەڵ كیم هەڵوەشاندەوە کە بڕیاربوو ١٢ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، بەڵام دوای گفتوگۆی چڕی نێوان هەردوولا جارێكی تر بڕیاردرا كۆبوونەوەكە بكرێت و رۆژی سێشەممە ترەمپ وتی كە ئامادەكارییەكانی كۆبوونەوەكە " بەشێوەیەكی باش " بەڕێوەدەچێت. ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەیەوێت سەرۆكی كۆریای باكور دەستبەرداری چەكە ئەتۆمییەكانی وڵاتەكەی بێت، بەڵام تا ئێستا ئەو پرس و دۆسیانە ئاشكرانەكراون، كە لەسەر مێزی گفتوگۆی سەنگاپورە باسدەكرێن، ترەمپ لەو رووەوە ئاماژەی بەوەدا كە دیدارەی یەكەم بە زنجیرەیەكی دورودرێژ لە دانوستان دەستپێدەكات و بە دیدارێكی " زۆر گرنگ بۆ زاننینی هەڵوێستی لایەنی بەرامبەر" وەسفیكرد. ترەمپ رۆژی سێشەممە لە لێدوانیدا بۆ رۆژنامەنووسان وتی كە ئەو " پەیوەندی زۆری بونیادناوە و پێش دەستپێكردنی گەشەكە چەندین دانیشتن بۆ گفتوگۆكردن بەڕێوەچووە " وتیشی " كارێكی زۆر گرنگە و دوو رۆژی زۆر گرنگ دەبێت". كۆبوونەوەكەی سەنگاپورە یەكەمین دیداری نێوان سەرۆكی كۆریای باكور و سەرۆكێكی ئەمریكی دەبێت كە هێشتا لە پۆستەكەیدا بێت و سارە ساندەرز وتەبێژ بەناوی كۆشكی سپی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر جەختیكردەوە كۆبوونەوەكە لە هۆتێلی پێنج ئەستێرەی " كابێلا" بەڕێوەدەچێت، بەڵام وادیارە ئەو دوور سەرۆكە لە شوێنی تر دەمێننەوە و ئەگەری ئەوە هەیە ترەمپ لە هۆتێل " شانگرێلا" بمێنێتەوە كە سەرۆكەكانی پێشووتری ئەمریكا تێیدا ماوەنەتەوە و چاوەڕوانیش دەكرێت سەرۆكی كۆریای باكور لە هۆتێلی " زە سانت ریگیس سەنگاپورە" بمێنێتەوە، ئەوەش بە گوێرەی رۆژنامەی "ستریتس تایمز"، هەردووو هۆتێلەكەش دەكەونە ناوەڕاستی دوورگە بەناوبانگەكە و نزیكن لە بازاڕی سەرەكی دوورگەكە كەناوی " رۆد ئۆرشارد"ە. سینتۆسا یەكێكە لەو 63 دوورگەیەی كە رووبەری خاكی سەنگاپورە پێكدەهێنن و 500 هێكتارە و زۆر لە دوورەگە سەرەكییەكەوە دوور نییە و بەناوبانگە بەوەی كە چەندین بەندەری تایبەت و یانەی گۆڵفی پێشكەوتووی لێیە. بۆچی دوورگەی سینتۆسا؟ ئەوەی كە وایكردووە كە دوورگەی سینتۆسا بۆ كۆبوونەوەی لوتكەی ترەمپ و كیم دیاریبكرێت، كە شوێنێكی سەقامگیر و ئاسایشی پارێزراوە و رێگاكانی بەئاسانی كۆنترۆڵدەكرێن و تەلەفریكێك و هێڵێكی شەمەندەفەری و پردێكی پیادەڕەو و تونێلێكی هاتوچۆی ئۆتۆمبیلی تێدایە و ئەگەر ترەمپ و كیم بخوازن پشوو بدەن لەكاتی كۆبوونەوە مێژوویەكەیاندا پشوو بدەن، ئەوا چەندین یاریگای گۆڵفی ناوازەی تێدایە، بەڵام دوورگەكە مێژوویەكی لە چەتەگەریی و خوێنڕشتن و جەنگ هەیە. ناوەندی راوەدوونانی چەتەكانی دەریا سەنگاپوورە لە سەدەی نۆزیەمەدا بە بنكەی بازرگانی بەریتانیا دادەنرا و بەریتانیا كردبوویە بنكەی سەرەكی رێگای دەریایی نمونەییی نێوان هیند و چین ، بەڵام پێش دەسەڵاتی بەریتانیاش سەنگاپور ناوەندێكی بازرگانی گەشەسەندوبوو و بازرگانەكان و هەروەها چەتەكانیش روویان تێدەكرد. سینتۆسا ئەو كاتە بە " پاولۆ بلانكاگ ماتای" ناسراو بوو كە واتای " دوورگەی پشت مەرگ" دەگەیەنێت بەهۆی ئەو ناوبانگە خوێناوییەی هەیبوو لە كاری چەتەگەریدا و دانیشتوانەكەشی زۆرینەیان مالاویی و چینی و رەگەزی ئەلبوقەیس بوون، كە ئەمانە دەریاوانی گەڕۆك بوون و لە بنەڕەتدا خەڵكی دوورگەی سولاویزی ئیندۆنیزیا بوون. پێگەی دوورگە لە جەنگی دووەمی جیهانیدا سەنگاپوورە ساڵی 1942 دوای خۆ رادەستكردنی هێزە داگیركەرەكانی بەریتانیا كەوتە دەست ژاپۆنییەكان، ئەوانیش ناویاننا" سیۆنا" واتا روناكیی باشوور، لە چەند ساڵی دواتریشدا لە ئۆپەراسیۆنێكی پاكتاوكردنی خوێناویدا هەزاران كەس لە رەگەزی چینی نەیاری ژاپۆنییەكان كوژران و پیاوانی چینی كە تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 50 ساڵدا بوو دەبرانە شوێنێك و گوللەباراندەكران و دواتر فڕێدەدرانە دەریاوە و یەكێك لەو شوێنانەی كە ترسانكترین رەشەكوژی تێداكرا كەنارەكانی دوورگەی سینتۆسا بوو، كە ئێستا هۆتێلی " كابێلا" ئەو هۆتێلەی دیدارەكەی سەرۆكی ئەمریكا و كۆریای باكوری تێدا بەڕێوەدەچێت بەسەریدا دەڕوانێت، هەروەها دوورگەكە سەربازگەیەك بوو بە دیلەكانی جەنگ و نزیكەی 400 دیلی هێزەكانی هاوپەیمانانی لەخۆگرتبوو. گەشەسەندنی گەشتوگوزار و رووداوە تراژیدییەکان لە ماوەی حەفتاكانی سەدەی رابردوودا ، حكومەتی سەنگاپورە ناوی سینتۆسای بۆ دوورەگە گەڕاندەوە كە بە واتای " ئاشتی و هێمنی " دێت و دەستیكرد بە گەشەپێدان و بەرەوپێشبردنی وەك شوێنێگی گەشتوگوزاری ناوازە، بەڵام دواتر چەندین كێشە روویاندا و لە ساڵی 1983 دوو فارگۆنی تەلەفریگە گەشتوگوزاری دەریایی نقومبوون كاتێك تەلەكانیان لە كەشتییەك گیرا، هەروەها سەیرانگەیەكی ئاویی بەناوی " فانتازی ئایلاند" كرایەوە، بەڵام دواتر بووە مایەی سكاڵای لە بارەیەوە كرا كە پەیوەست بوون بە سەلامەت و ئاسایش و ساڵی 2000 منداڵێكی تەمەن هەشت ساڵان گیانی لەدەستدا دوای وەرگەڕانی بەلەمە بچوكەكەیان وبەوەش سەیرانگاكە ساڵی 2002 داخرا. دوای ئەم رووداوانە سینتۆسا جارێكی تر پێداچوونەوەی كرد و پلانی دامەزراندنی ستۆدۆیكانی یۆنیڤێرسال و سەیرانگەیەكی تری ئاویی و ژمارەیەك گازینۆی " ریزۆرتس وۆڵد" ساڵانە هەزاران هاوڵاتی سەنگاپورە و گەشتیارانی بۆلای خۆی كێشكرد. یاریگای دەوڵمەندەكان و بەناوبانگەكان هەروەها لە سینتۆسا یەكێك لە باڵاترین و ناوازەترین ناوچەی نیشتەجێبوون لە خۆدەگرێت كە ناوی " سینتۆسا كوف" ەو بەهای خانوەكانی چەندین ملیۆن دۆلارە و چەندین یەختی گرانبەهاشی تێدایە و هاوكات لە دوورگەكەدا ژمارەیەكی زۆر لە یاریگای گۆڵف و هۆتێلی ناوازە و چێشتخانەی ئاستی بەرزی جیهانیی هەن. سەرچاوە: سایتی بی بی سی
راپۆرتی رۆژنامەوانی: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف ماوەیەك بوو لەدوای هەڵبژاردن چاوەڕوانی ئەوەمان دەكرد هەراو زەنای شەقام و لایەن سیاسییەكان لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردن هەندێك كپ ببێتەوە تاوەكو لەنزیكەوە بەدواداچونێكی ورد و دور لە سۆز و پەتای هەڵبژاردن بكەین لەبارەی ئەو قسەوباسانەی كە سەبارەت بە ساختەكاریی دەكرێن. دوای وەرگرتنی رەزامەندی بۆ سازدانی چاوپێكەوتن لەڕێگەی تەلەفۆنەوە، دواتر لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان، گەیشتینە شوێنی مەبەست، نهۆمی سێیەمی مەكۆی سەرەكی، هێشتا ئاسەواری ئەو هێرشە پاكنەكرابووەوە كە شەوی هەڵبژاردن كرایەسەر ئەو مەكۆیە، لە سوچی یەكێك لە ژورەكاندا دانیشتبوو، كاتێك چوینەژورەوە بە تەلەفۆنەكەی قسەی دەكرد، ئەو زمناكۆ جەلال رێكخەری ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان بوو، سروشتێكی هێمن و لەسەرخۆی هەیە، بەڵام پیاوێكی ورد و بە ئاگایە، لەسەرەتای درووستبونی بزووتنەوەی گۆڕانەوە لە ژووری هەڵبژاردن كاردەكات و لە ساڵی 2014 شەوە رێكخەری ئەو ژورەیە. ئەو شەوەی هێرشكرایەسەر مەكۆی سەرەكی حزبەكەی، ئەو لەوێ بوو لە كۆبونەوەدا بوو لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسی لایەنە سیاسییە ناڕازییەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردن، وەك خۆی دەڵێت هێشتا ئەو لە ژوری كۆبونەوەكە نەهاتوەتە دەرەوە كاتێك فیشەكێك لەو كورسییەی داوە كە لەسەری دانیشتووە، بەڵام بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر رزگاری بووە. كاتێك ئێمە گەیشتین تیمەكەی لە نهۆمی سێیەم سەرقاڵی كاركردن بوون، هەندێكیشیان لە دەرەوە بوون، وەكو بەئێمەیان وت ئەوان هەریەكەیان بۆ كارێك تایبەت بە هەڵبژاردن چونەتە دەرەوە، لەبەردەم ژورەكەی زمناكۆ جەلالدا ژمارەیەكی زۆر بەڵگەی تایبەت بە پرۆسەی ساختەكاری كەڵەكەكرابوون، ئەو هێشتا بە ئومێدەوە كاری دەكرد بۆ ئەوەی راست و دروستی پرۆسەی ساختەكاریی بەرفراوان لە هەڵبژاردنی 12ی ئایار بە لایەنە پەیوەنیدارەكانی عێراق بسەلمێنێت. كەشوهەوای دیدارەكەمان بەجۆرێك خۆشكرد، هەندێك لە كارمەندەكانی ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان هەستیان بەوە نەدەكرد ریكۆردەرەمان كردووەتەوە و سەرقاڵی دیدارێكی رۆژنامەوانین، جارجار یەكێكیان بە فایلێكەوە خۆی دەكرد بە ژورەكەدا و رێكخەری ژورەكەی لە كارەبارەكانی ژور ئاگاداردەكردەوە، تاوەكو دواجار زمناكۆ جەلال پێیوتن دیداری رۆژنامەوانیم هەیە. "ئەوەی لە هەرێمی كوردستان رویدا هەر ساختەكاری نەبوو، بەڵكو گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بوو، كە لە ساختەكاریش گەورەترە"، زمناكۆ جەلال بەمشێوەیە گوزارشتی لە هەڵَبژاردنی 12ی ئایار كرد. ئەو یەكەمین كەس بوو كە توانی وردەكاری پرۆسەی ساختەكاری لە هەڵبژاردن بدۆزێتەوە و لایەنە هاوپەیمانەكانی بزوتنەوەكەشی لێ ئاگاداربكاتەوە، رەنگە ئەمە هۆكارە سەرەكییەكە بێت كە لە شەوی هێرشەكەدا ژورەكەی ئەو زۆرترین گوللەی بەركەوت، وەكو خۆشی دەڵێت ئەو هێرشەی كە شەوی هەڵبژاردن رویدا" بۆ ئەوە بوو ئێمە سەرقاڵ بكەن تاوەكو نەپەرژێینە سەر دۆزینەوەی ساختەكارییەكان". زمناكۆ جەلال دەڵێ: تیمەكەمان هێندە بەڵگەیان كۆكردوەتەوە كە ئەگەر دادگا گوێ بۆ تانەكانمان بگرێت، ئەنجامی هەڵبژاردن بەتەواوەتی ئاوەژوو دەبێتەوە". ئەو كە چەند رۆژێكە لە بەغداد گەڕاوەتەوە، هێندە دڵنیایە لە بەڵگەكانی بەردەستی، بێ هیچ دوودڵییەك پرۆسەی هەڵبژاردنی 12ی ئایار بە" پەڵەیەكی رەش بە ناوچاوانی دیموكراسی هەرێمی كوردستانەوە" ناودەبات. "ئامێری پیكۆسەكان ساختەكران و ئەنجامێكی تریان نارد بۆ بەغداد نەك ئەنجامی راستەقینەی سندوقەكان، لە بەغداد ئەو ئەنجامانە راگەیەندران كە ساختەكرابوون" زمناكۆ جەلال بەمشیوەیە باسی لە ساختەكارییەكان كرد لە هەرێمی كوردستان، بە دیاریكراویش لە شاری سلێمانی كە بە قەڵای جەماوەری بزوتنەوەكەی ئەو دادەنرێت. بڕیاربوو رۆژێك دوای هەڵبژاردن، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان وێنەی سكانكراوی كارتەكانی دەنگدان بە لایەنە سیاسییەكان بداتەوە بۆ ئەوەی بەراوردی بكەن لەگەڵ ئەنجامە ئەلیكترۆنییەكاندا، بەڵام ئەو كارە ماوەی (13) رۆژ دواكەوت، بەقسەی زمناكۆ جەلال لەو ماوەیەدا "ساختەكارییەكی تر كراوە بۆ شاردنەوەی ساختەكارییەكانی رۆژی هەڵبژاردن"، ئەوەش لەڕێگەی بەكارهێنانی (باڕكۆد)ی دووبارەی سەر كارتەكانی دەنگدان. بەوتەی زمناكۆ جەلال، ئەو لایەنانەی كە ساختەكارییان كردووە لە پرۆسەی هەڵبژاردن، بۆ ئەوەی ساختەكارییەكەیان بشارنەوە، لەماوەی ئەو (13) رۆژەدا، كارتی دەنگدان هەبووە چەندین هەزارجار (باڕكۆد)ەكەیان دووبارەكردووەتەوە، لەمەشدا كەوتونەتە هەڵەیەكی ترەوە، چونكە كاتێك كۆمسیۆن وێنەی ئەنجامەكانی بۆناردون، ئەوان زۆر بە ئاسانی هەزاران (باڕكۆد)ی دووبارەیان دۆزیوەتەوە، لە حاڵێكدا دەبێت هەر فۆرمێكی دەنگدان تەنیا یەك باڕكۆدی هەبێت. بەپێی قسەی ئەو، ئەوانەی كە ساختەكارییان كردووە، تەنیا دەنگی لایەنە ركابەرەكانی خۆیان ساختە نەكردووە، بەڵكو لەناو كاندیدی لیستەكانی خۆشیاندا ساختەكارییان كردووە و دەنگی ئەو كاندیدانەیان زیادكردووە كە دڵخوازی خۆیان بوون، بۆ نمونە لە پارێزگای سلێمانی زۆرینەی ئەو ساختەكارییەی كە كراوە بۆ (شەش) كاندید بووە كە سەربە یەكێتی نیشتیمانی كوردستانن. ئەو بەبێ دوودڵی پەنجەی تۆمەتی ساختەكردنی هەڵبژاردنی بۆ (یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان) دوو پارتی سەرەكی كوردستان راكێشا.." بۆ نمونە پێت بڵێم رێژەی ساختەكاریی یەكێتی لە هەموو سندوقەكاندا لە نێوان 40% بۆ 45% ە، بەڵام لای پارتی ئەم رێژەیە جیاوازە لە دهۆك گەیشتوەتە 60%ە" لەگەڵ ئەمەشدا زمناكۆ جەلال پێیوایە "پارتی بەشێوەیەكی سیستەماتیكتر ساختەكاری كردووە"، باسلەوەدەكات"رێژەی دەنگی دووبارە و ساختەكاریش لە دەنگدانی تایبەت لە هەندێك سندوق گەیشتوەتە 75% واتە لە دەنگدانی تایبەتدا ساختەكاری زۆرتر بووە". چەند سامپڵێكی كارتی دەنگدانی لە هەولێر نیشانداین، كە بەبەراورد بە كارتی دەنگدان لە سلێمانی جیاواز بوو، بەپێی قسەی زمناكۆ جەلال" پارتی لە هەولێر كارتی دەنگدانی بەتەواوەتی ساختە كردووە بە باڕكۆدەكەشیەوە"، سەرباری ئەوەش ئاماژەی بەوەكرد، سامپڵیان لەبەردەستدایە كە لە هەولێر لە چەندین وێستگە دەنگی پوچەڵ بۆ پارتی ئەژماركراوە. "لە هەر شوێنێك كە ئامێری (پیكۆس) لەكاركەوتوبێت ئامێری (سیكۆس) كاری كردبێت، فریا نەكەوتوون ساختەكاری بكەن، لە نزیكەی 50 وێستگە كە ئامێری (سیكۆس) ئەنجامەكەی ناردووە، ئێمە لە هەمویاندا لەپێشەوەین، ئەگەر ئەم سامپڵانە بەراورد بكرێن بە كۆی گشتی پرۆسەكە ئەنجامەكە رێك پێچەوانە دەبێتەوە". لێمان پرسی تۆ باست لەوە كرد ژورەكەی ئێوەی شارەزایی تەواوی لە هەڵبژاردن وەرگرتووە، ئەگەر وایە بۆچی پێشبینی ساختەكاری هەڵبژاردنتان نەكرد لە سندوقی ئەلیكترۆنیدا لەكاتێكدا ئەم حاڵەتە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا پێشینەی هەبوو، ئەو وتی" ئێمە پێش هەڵبژاردن هەموو مەترسییەكانمان بە كۆمسیۆن گەیاندووە.. بۆ نمونە ئێمە لەسەر فلاشەكە تێبینیمان هەبوو، بە كۆمسیۆنمان وت، پێیان وتین ئەو فلاشانە دەگمەنن و وێنەیان نییە و هیچ كۆمپیوتەر و ئامێرێكی تر نایانخوێنێتەوە، دواتر هەر نوسراوی كۆمسیۆن هەیە كۆپیتان دەدەمێ كە دەڵێ ئەگەر فلاشتان لێبڕا دەتوانن بچن لە بازاڕ بیكڕن". رێكخەری ژووری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان پێشبینی دەكات ئەگەر دادگا بەوردی بەدواداچوون بۆ تانەكانیان بكات، هێندە بەڵگەیان خستوەتەڕوو كە بتوانرێت بەهۆیەوە بڕیار لەسەر "هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە بدات". لێمان پرسی ئەگەر دادگا و كۆمسیۆن تانەكانی ئێوەیان پەسەندكرد، ئەنجامی هەڵبژاردن چی لێدێت، لانی كەم ژمارەی كورسییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی كە (4) كورسییە دەبێت بەچەند، زمناكۆ جەلال وتی" من تەنیا ئەوە دەڵێم ئەگەر تانەكانمان پەسەندبكرێن، ئەنجامی هەڵبژاردن ئاوەژوو دەبێتەوە"، بە لێكدانەوە بۆ ئاوەژوبونەوەی هەڵبژاردن دەتوانین پێشبینییەكانی زمناكۆ جەلال بەوشێوەیە بخوێنینەوە كە ژمارەی كورسییەكانی گۆڕان لە سلێمانی دەبێت بە (8) كورسی و لەبەرامبەردا یەكێتی نیشتیمانی كە ئەوان تۆمەتباری دەكەن بە ساختەكردنی هەڵبژاردن تەنیا ئەو (4) كورسییە دەهێنێت كە ئێستا بۆ گۆڕان دانراوە. پێمانوت ئێوە چۆن ساختەكارییەكانتان ئاشكراكرد، ئەو وتی: من ئەو داتا ساختەكراوانەم لە كۆمسیۆن وەرگرتووە، ئەمە خەڵكی پسپۆڕكردویەتی، پرسیمان مەبەستت خەڵكی پسپۆڕ لایەنی دەرەكییە؟ بە پێكەنینەوە وتی: خۆ ئەمانیش ئەوەنە ساختەكارییان كردووە پسپۆڕییان تێدا وەرگرتووە، قسەكە لەسەر ئەوەیە بەشێوەیەكی نەزانانە كردویانە. كاتێك سەرقاڵی نوسینەوەی ئەم دیدارە رۆژنامەوانییە بووین، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبونەوەیەكی كرد و بڕیاریدا لەسەر هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و بەپێی ئەو هەموارەش، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە كارخرا و لە جێگەی ئەوان (9) دادوەری دانا بۆ بەڕێوەبردنی كاروبارەكان. هەر بەگوێرەی ئەو هەموارە، چیتر لە عێراق پرۆسەی هەڵبژاردن لەڕێگەی سندوقی ئەلیكترۆنییەوە بەڕێوەناچێت و سەرباری ئەوەش دەبێت تەواوی دەنگەكان لەسەرتاسەری عێراق بەشێوەی دەستی ئەژماربكرێنەوە. دیار نییە لە چەند رۆژی داهاتوودا لێكەوتەكانی ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چی لێدەكەوێتەوە، بەڵام دڵنیاین بەبیستنی ئەو هەواڵە زمناكۆ جەلال رێكخەری ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان دڵخۆش بووە.
راپۆرتی: محەمەد رەئوف و فازل حەمەڕەفعەت پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بەرامبەر بە پارێزگاری كەركوك، ئەمە نوێترین هاوكێشەی دابەشكردنی پۆستەكانە لە نێوان یەكێتی و پارتی، ئەمە لە پاڵ رێكخستنەوەو دابەشكردنەوەی پۆستە گرنگەكانی داهاتوو لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان. یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان هاوشێوەی قۆناغی رابردوو چاویان لە ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی ستراتیژی نوێیە بۆ دابەشكردنی دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان و عێراق. پێشینەیەكی كورت 11 ساڵ لەمەوبەر دوای شەڕێكی خوێناوی ناوخۆیی و دابەشبوونی كوردستان بۆ دوو ئیدارە، یەكێتی و پارتی لەژێر فشاری ناوخۆیی و دەرەكیدا رێككەوتنێكێكیان بۆ كۆتاییهێنان بەشەڕو دابەشكردنی دەسەڵات لە تەموزی 2007 ئیمزاكرد، ئەو رێككەوتنە بە "رێككەوتنی ستراتیژی " ناسرا. لەبەر رۆشنایی ئەم رێككەوتنەدا هەردوولایەن بڕیاریان دا كۆتایی بەدوو ئیدارەیی بهێنن، ئەمەش لەڕێگەی دابەشكردنی پۆستەكان لە نێوان خۆیاندا بەشێوازی " 50 + 50 "، بەر لە ئیمزاكردنی رێككەوتنی ستراتیژی یەكێتی و پارتی رێككەوتنێكیان بۆ دابەشكردنی پۆستەكان كرد. ئەگەرچی تائێستا هەردوو حزبەكە بەشێوەیەكی فەرمی هەڵوەشانەوەی رێككەوتنی ستراتیژییان رانەگەیاندووە، بەڵام چەند ساڵێكە بەندە سەرەكییەكانی رێككەوتنەكە چیتر كاریان پێناكرێت، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان 2013 یەكێتی بڕیاریدا بە لیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردن بكات، ئەویش بەهۆی ئامادەگی گۆڕان لەسەر گۆڕەپانی سیاسی وەكو ركابەرێكی سەرەكی یەكێتی، ئەمەش یەكەمین لادانی ئاشكرابوو لە بەندێكی سەرەكی رێككەوتنەكە، هەرلەو كاتەوە قسەو باس لەسەر هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنەكە گەرم بوو. خاڵی سەرەكی ئەم رێككەوتنە دابەشكردنی دوو پۆستی گرنگ بوو لە نێوان یەكێتی و پارتیدا، پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ یەكێتی و سەرۆكی هەرێمیش بۆ پارتی، پۆستی سەرۆكی حكومەتیش دوو ساڵ بەدوو ساڵ. ئێستا جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی و ئەندازیاری سەرەكی رێككەوتنەكە لە ژیاندا نەماوە، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی چیتر لە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێمدا نیە، لەدوای هەڵبژاردنی 12ی ئایارەوە بەرپرسانی باڵای پارتی چەندینجار بە راشكاوی باسیان لەوە كردووە چیتر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان یەكلانەبوەتەوە، ئەم قسانە ئەگەر بەشێوەیەكی فەرمی راگەیاندنی مەرگی رێككەوتنی ستراتیژی نەبێت، ئەوا بەروویەكی تردا، بەواتای بانگەوازی پارتی دێت بۆ ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ یەكێتی بەتایبەتیش لەسەر پۆستەكان. رێككەوتنی نوێ چۆن دەبێت؟ لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە رۆژی 12ی ئایار بەڕێوەچوو، پارتی و یەكێتی زۆرینەیان بردەوە، لەسەر بنەمای ئەنجامی هەڵبژاردنەكە هەردولا چاویان لەسەر بردنی زۆرینەی ئەو پۆستانەیە كە لە بەغداد وەكو پشكی كورد دانراون. دابەشكردنی پۆستەكانی بەغداد پێویستی بە ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی نوێ هەیە لەنێوان یەكێتی و پارتی، رەنگە ئەو رێككەوتنە ببەسرێتەوە بە دابەشكردنی پۆستەكانی هەرێمی كوردستان، دەشكرێت دوو رێككەوتنی جیاواز بكەن، رێككەوتنێك بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی بەغداد و رێككەوتنێك بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی هەرێم. بەشێوەیەكی گشتی ئەم پۆستانە لە عێراق پشكی كوردن: 1- سەرۆك كۆماری عێراق 2- جێگری سەرۆك وەزیران 3- جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق 4- لانی كەم چوار پۆستی وزاری لە حكومەتی عێراق بە (وەزارەتی دارایی یان نەوت) ەوە 5- چەندین پۆستی باڵا لە بەڕێوەبەری گشتی و بریكاری وەزیر و باڵیۆزو دەستە سەربەخۆكان لە هەرێمی كوردستانیش ژمارەیەك پۆستی باڵا هەن كە ئەگەر یەكێتی و پارتی بیانەوێت پێكەوە هاوپەیمانێتییەك دروستبكەن بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵات دەبێت رێككەوتنیان لەسەر بكرێت. پۆستەكانی هەرێمی كوردستان: 1- سەرۆكی هەرێمی كوردستان 2- سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان 3- سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و دەستەی سەرۆكایەتی 4- پۆستی وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان 5- پۆستی بەرێوەبەرە گشتییەكان و سەرۆكی دەستە و راوێژكارەكان و نوێنەرایەتیەكانی هەرێم لە دەرەوە ئەمە سەرەرای چۆنیەتی ئیدارەدانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتیش كەرتی نەوت و بودجەو هێزی پێشمەرگە، كە لە رێكەوتنەكەدا دەبێت چۆنیەتی بەرێوەبردنیان دیاری بكرێت. پۆستەكانی پارێزگای كەركوكیش كە لە ئێستادا ناوچەیەكی جێناكۆكەو یەكلانەبوەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام پۆستەكانی ئەم پارێزگایە بەتایبەتیش پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ رێككەوتنی ئەمجارەی یەكێتی پارتی دەبێتە بەشێكی گرنگ. بۆ رێككەوتنی دابەشكردنی پۆستەكان لەنێوان یەكێتی و پارتی چەند سیناریۆیەك باسدەكرێت: سیناریۆی یەكەم/ پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەرامبەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك، دەستبەرداری پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق ببێتەوە بۆ یەكێتی، ئەمە سیناریۆیەكی بەهێزە كە باس لە ئەگەری رودانی دەكرێت. بەهۆی ئەوەی پارتی لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە لە كەركوك كشاوەتەوەو تەنانەت بەشداری هەڵبژاردنی 12ی ئایاری لەو پارێزگایە نەكرد، ئێستا دەیەوێت بە بە هێزییەوە بگەڕێتەوە بۆ كەركوك، ئەو بەهێزییەش بە پلەی یەكەم لەڕێگەی وەرگرتنی پۆستی پارێزگارەوە بەدی دێت، ئەگەر بەپێی ئەم سیناریۆیە و بە رێككەوتن یەكێتی دەستبەرداری پۆستی پارێزگاری كەركوك ببێت بۆ پارتی، پارتی كاندیدی خۆی دەبێت، بەڵام ئەگەر بەڕێككەوتن نەبێت و بە تەوافوق پارێزگاری كەركوك دابنرێت رەنگە پارتی پێشنیاز بۆ دانانەوەی نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك بكات كە لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر كەركوكی بەجهێشتووە و لە هەولێر دادەنیشێت. سیناریۆی دووەم/ ئەگەر یەكێتی دەستبەرداری پۆستی پارێزگاری كەركوك نەبێت بۆ پارتی لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەوكات پێدەچێت پۆستی سەرۆك كۆمار هەر بدرێتەوە بە یەكێتی بەڵام پارتی مەرجی بۆ كاندیدی سەرۆك كۆمار هەبێت و كەسێك بۆ ئەو پۆستە دابنرێت كە دڵخوازی پارتیش بێت. سیناریۆی سێیەم/ زیندوكردنەوەی رێككەوتنی پێشووی دابەشكردنی پۆستەكان بە هەندێك دەستكارییەوە، واتە پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ پارتی. دووبارەكردنەوەی رێككەوتنەكەی پێشوو بە كۆمەڵێك دەستكارییەوە، پێویستی بەدابەشكردنی پۆستەكانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیش هەیە، بەو پێیەی نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت لە پۆستی سەرۆكی حكومەت بمێنێتەوە رەنگە پێویست بكات یەكێتی جارێكی تر دەستبەرداری ئەو پۆستە ببێتەوە بۆ پارتی و لەبەرامبەردا پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت، ئەم سیناریۆیە ئەگەر بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە لەسەر حیسابی بزووتنەوەی گۆڕان دەبێت و چیتر ئەو پۆستە (سەرۆكی پەرلەمان) بەدەست گۆڕانەوە نامێنێت. ئەمە سیناریۆیەكی لاوازە، چونكە چیتر پارتی وەكو جاران چاوی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم نییە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا مەسعود بارزانی لەو پۆستە كشاوەتەوە، لە ئەگەری لاوازدا رەنگە بارزانی كاتێك بگەڕێتەوە بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، ئەو پۆستە لە هەڵبژاردنێكی راستەوخۆی گشتیدا دەنگی لەسەر بدرێت و ركابەری بەهێز لە گۆڕەپانەكەدا نەبێت و تاڕادەیەك هاودەنگی یەكێتی لە پشت بێت، ئەگەرنا پێناچێت هیچ یەكێك لە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بیانەوێت لەم قۆناغەدا لەسەر كورسی سەرۆكی هەرێم دابنیشن. سیناریۆی چوارەم/ ئیمزاكردنی دوو رێككەوتن لەنێوان یەكێتی و پارتیدا، رێككەوتنێك بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی بەغداد و رێككەوتنێك بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی هەرێمی كوردستان. هەموو ئەم سیناریۆیانە بە زیانی لایەنەكانی تری هەرێمی كوردستان بەتایبەتی (بزوتنەوەی گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی) كۆتایی دێت و كوردستان جارێكی تر بەرەو دابەشكردنی دەسەڵات بەشێوەی 50+50 لەنێوان هەردوولا دەڕوات كە لەماوەی رابردوودا گلەیی زۆری هاتەسەر.
