Draw Media

یەكێتی دەكەوێتە دەست نەوەی دووەم

یەكێتی دەكەوێتە دەست نەوەی دووەم

2018-06-14 12:28:26


راپۆرتی شیكاريی: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
بە كۆچی دوای عەبدولڕەزاق فەیلی، ژمارەی ئەو ئەندامانەی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە لەماوەی 13 مانگی رابردودا كۆچی دواییان كرد، بوو بە (4) كەس.
ئێستا تەنیا (2) كەس لە دامەزرێنەرانی یەكێتی ماون، بە رۆشتنی ئەوان یەكێتی بەتەواوەتی دەكەوێتە دەست نەوەی دووەمی حزبەكە، دەستەی دامەزرێنەر زیاتر لە (40) ساڵ شەمەندەفەری یەكێتیان لێخوڕی، ئەو شەمەندەفەرەی كە بە چەندین هەوراز و نشێودا گەشتی كرد.
لە كۆی (7) ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی، (5) ئەندامیان كۆچی دواییان كردووە و تەنها (2) ئەندامیان لە ژیاندا ماون: 
* د. كەمال فوئاد: 16/11/2014 كۆچی دوایی كرد 
* نەوشیروان مستەفا: لە 19/5/2017 كۆچی دوایی كرد 
* جەلال تاڵەبانی: لە 3/10/2017 كۆچی دوایی كرد
* عادل موراد: لە 18/5/2018 كۆچی دوایی كرد 
* عەبدولڕەزاق فەیلی: لە 13/6/2018 كۆچی دوایی كرد

ئێستا تەنیا دوو كەس لە دەستەی دامەزرێنەر لە ژیاندا ماون كە بریتین لە هەریەكە لە: 
•    د. فوئاد مەعسوم
•    عومەر شێخموس

چیرۆكی دامەزراندنی یەكێتی 
دوان لە دامەزرێنەرە دیارەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە بریتین لە هەریەكە لە (جەلال تاڵەبانی) و (نەوشیروان مستەفا) لەڕێگەی نوسین و چاوپێكەوتنی رۆژنامەوانییەوە چیرۆكی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانییان گێڕاوەتەوە.
بەپێی قسەی نەوشیروان مستەفا یەكێك لە دامەزرێنەرانی یەكێتی" مام جەلال لەسەرەتادا رەئی وابو كە هەمو تێكۆشەرانی كورد لە چەپەوە بۆ راست لە یەك رێكخراوی فراوان دا یەك بخرێن، بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندی لەگەڵ زۆر كەس كردبو بەتایبەتی لەگەڵ ئەو ئەندامانەی كۆمیتەی ناوەندی پارتی كە هاتبونەدەرەوە و، لەگەڵ ئەوانەی نوێنەری بارزانی بون، ئەم بیرە سەری نەگرت".

چایخانەكەی دیمەشق
جەلال تاڵەبانی كە یەكەم و دوایین سكرتێری گشتی یەكێتییە تائێستا رۆژی (3/10/2017) كۆچی دواییكرد، ئەو لە ساڵیادی یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا لە 2012 بەمشێوەیە باس لە دامەزراندنی یەكێتی دەكات" من و دكتۆر فوئاد مەعسوم لە كۆمیتەی كاروباری عەرەبی پارتی دیموكراتی كوردستان لە نێوان بەیروت و قاهیرەو دیمەشق كارمان دەكرد، ئێمە لەوێ ووردە وردە دامەزراندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان گەڵاڵە كرد، لە چایخانەیەك كۆبوینەوە بەناوی (تولەیتولە) لە دیمەشق، منیان تەخویل كرد بەیانەكە بنوسم بەیانی دامەزراندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، بەیاننامەی یەكەمم نوسی، ئەو كەسانەی كە كارەكەیان دەستپێكرد بریتی بوون لە (مام جەلال، د. كەمال فوئاد، د. فوئاد مەعسوم، عەبدولڕەزاق فەیلی، لەو ماویەیەدا من چوم بۆ ئەوروپا، پێشتر پەیوەندیم هەبووە بە كاك نەوشیروان مستەفا، ئاگاداری كاك نەوشیروانم كرد، كاك نەوشیروان فكرەكەی پێ باش بوو، دواتر چوین لە بەرلین كۆبوینەوە پاش ئەوەی كە لەكوێ كۆبوینەوە لەگەڵ نەوشیروان مستەفا و عومەر شێخموس، بەو جۆرە دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بوین بە 7 كەس، لەوێ بڕیارماندا دوای ساڵێك لە دامەزراندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان شۆڕش هەڵگیرسێنینەوە".

شیعرەكەی نەوشیروان مستەفا بۆ مام جەلال
نەوشیروان مستەفا كە یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و لە (19/5/2017) كۆچی دوایی كرد، لە كتێبەكەیدا (لە كەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ) سەبارەت بە چیرۆكی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەنوسێت "  دۆستایەتی من لەگەڵ مام جەلال ئەگەڕایەوە بۆ ساڵی 1961 ئەو كاتەی لێپرسراوی لقی سلێمانی پارتی بو، چەندجارێ تەلەفۆنی بۆ كردم و نامەی بۆ ناردم، داوای لێكردم خۆم ئامادە بكەم بۆ بەشداری لەو رێكخراوە تازەیەدا كە خەریكی دامەزراندنێتی و، بۆ گەڕانەوە بۆ وڵات، ئەگەر چی ماوەیەكی درێژ بو من لە كوردستان دور بوم، بەڵام (ئیلتیزامی ئەخلاقی و ئەدەبی) بە كۆمەڵە و بە مام جەلالیەوە  بەست بوم، بەجوانم نەئەزانی لەژێری دەربچم، یەكسەر وتم: كەی داوات كرد بەسەرچاو ئامادەم، جارێكیان لە وەڵامی نامەیەكی دا بۆ ئەوەی دڵنیایی بكەمەوە لەوەی من هەر لەسەر بەڵێنە كۆنەكەی خۆم ماوم، سەرەتای نامەكەم بەم شیعرەی "سالم" دەستپێكرد:
ئەی قیبلەی مورادم ئاخۆ بە رۆژگاران
جارێ لە كەس ئەپرسی حاڵی غەریبی تاران
بەو سوێندەی كە خواردم: من هەر ئەوەم كە دیوتم،
حاشا بكەم فەرامۆش، میساق و عەهدی جاران

بەڵێنم دایە هەر كارێ بۆ دەستپێكردنەوەی شۆڕش دەس پێ بكەن، من واز لە هەمو شتێكی خۆم ئەهێنم لە ڤیەننا و، لەگەڵیان ئەبم، بەڵام ئەو ماوەیە من ئازادی هاتوچۆم نەبو، پاسپۆرتەكەم عێراقی بو. سەفارەت بۆیان تازە نەكردبومەوە، نەمئەتوانی هاتوچۆ بكەم. لە ڤییەنا گیرم خوارد بو.

دەستەی دامەزرێنەر كێ بوون ؟
بەپێی گێڕانەوەی نەوشیروان مستەفا، تا ئەوكاتەی یەكێتی دامەزراوە، ئەو خۆی خوێندكاری دكتۆرا بووە لە ڤیەننا، د. فوئاد مەعسوم نوێنەری بارزانی بووە لە قاهیرە، عادل سەرۆكی یەكێتی قوتابیانی كوردستان بووە، عەبدولڕەزاق فەیلی ئەندامی مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی لاوان بووە، مام جەلالیش وەكو خۆی دەڵێت پێش دامەزراندنی یەكێتی لە كۆمیتەی كاروباری عەرەبی پارتی دیموكراتی كوردستان لە نێوان بەیروت و قاهیرەو دیمەشق كارى كردووە،.

یەكەم كۆبونەوەی دەستەی دامەزرێنەر
رۆژی 22/2/1975 لە (دیمشق)ی پایتەختی سوریا و چایخانەی (تولەیتولە) لە گەرەكی (ئەبو رمانە) یەكەم كۆبونەوەی دەستەی دامەزرێنەر بەڕێوەچوو، ‏بەشداربوانی (مام جەلال، د. فوئاد مەعسوم، د. كمال فوئاد، عادل موراد، عەبدولرەزاق فەیلی)، نەوشیروان مستەفا نەیتوانی بەشدار بێت لە كۆبونەوەكە وەكو خۆی لە كتێبی (لە كەناری دانوبەوە بۆ خڕەی ناوزەنگ) باسی دەكات ئەو بەشداری نەكردووە بەهۆی ئەوەی كێشەی پاسپۆرتی هەبووە و باڵیۆزخانەی عێراق پاسپۆرتیان بۆ تازە نەكردوەتەوە و نوسیویەتی" من ئەوسا هێشتا لە ڤیەننا نەجوڵا بوم، لەبەرئەوەی لە داڕشتنی بیرەكانی ئەم بەیانەدا بەشدار نەبوم".
عومەر شێخموس یەكێكی تر بوو لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر كە بەشداری یەكەم كۆبونەوەی نەكرد، ئەوەش بەهۆی ئەوەی شێخموس كوردی سوریا بوو، نەیتوانیوە گەشتی سوریا بكات.
كۆبونەوەی دووەمی دەستەی دامەزرێنەرانی یەكێتی لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا لە رۆژی 27/5/1975 بەسترا، كۆبونەوەكە بە سەرپەرشتی مام جەلال هەندێك گۆڕانكاری لە پرۆژەی یەكێتیدا كردو و بە فەرمی پرۆژەی راگەیاندنی یەكێتی وەكو حزبێكی سیاسی نوێ دوای نسكۆ لە رۆژی 1/6/1975 بڵاوكراوە. 
بەپێی گێڕانەوەی نەوشیروان مستەفا" مام جەلال یەكەمین بەیانی راگەیاندنی دامەزراندنی یەكێتی بە عەرەبی، لە شام و پاش باس كردنی لەگەڵ د. فوئاد و عادل و عەبدولڕەزاق، لە 22/5/75 دا نوسی بو و، بڵاوی كردبوەوە و، بۆ كەمال فوئادیشیان نارد بو لە ئەوروپا بڵاوی بكاتەوە، ئەویش دوای ئەوەی هەندێ دەستكاری تێدا كرد بوو لە 1/6/75 دا بڵاوی كردەوە".

ترۆیكای یەكێتی
یەكێتی نیشتمانی كە دامەزرا وەكو گالیسكەیەك بوو كە سێ ئەسپ رایدەكێشن كە ئەوەش لە زمانی سیاسیدا پێی دەوترێت "ترۆیكا"، دامەزراندنی  یەكێتی نیشتمانیی كوردستان ئەزمونێكی نوێ بوو، چونكە لە (3) رێكخراوی جیاوازو (3) سەركردایەتی جیاواز پێكهاتبوو، كە ‏هەرسێكیان سەربەخۆیی رێكخراوەیی تەواویان هەبوو:
•    كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان لە 10/6/1970 بە نهێنی دامەزرا
•    ‏بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان
•     ‏هێڵی گشتی ‏

سەرباری جیابونەوە و هەوڵەكانی جیابونەوەی لەسەردەمی خەباتی شاخ، دواجار ئەم "ترۆیكا"یە تێكچوو، ئەسپەكان گالیسكەكەیان بەجێهێشت، نەوشیروان مستەفا وەكو یەكێك لە دامەزرێنەرەكان ساڵی 2009 لە یەكێتی جیابوەوە و بزوتنەوەی گۆڕانی دامەزراند، بەرهەم ساڵحیش وەكو یەكێكی تر لە سەركردە دیارەكانی ئەو حزبە یەمدواییە جیابوەوە و هێزێكی نوێی بەناوی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری راگەیاند.

مشتومڕی دەستەی دامەزرێنەر
دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی زۆرجار مشتومڕی لەسەر دروستبووە، هەندێكجار لە كاتی  وتارەكانیدا لە یادی یەكێتی یان كۆنفرانس و كۆنگرەكاندا جەلال تاڵەبانی ناوی یەكیان دەپەراند یاخود ناوی نەدەهێنان، ئەوەش نیگەرانی دروستدەكرد.
لە كۆنگرەی سێیەمی یەكێتیدا، مام جەلال ناوی ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەرانی یەكێتی خوێندەوە، بەڵام ناوی د. فوئاد مەعسوم نەهێنا، فوئاد مەعسوم توڕە بوو، هێشتا مام جەلال وتارەكەی تەواو نەكرد، فوئاد مەعسوم بە پارچە كاغەزێكدا نامەیەكی بۆ مام جەلال ناردو  بچوك بۆ مام جەلال، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەو نامەیەدا فوئاد مەعسوم بۆ مام جەلالی نوسیوە" ناوم دەهێنی یان بچمە دەرەوە"، پاشان مام جەلال ناوی فوئاد مەعسومی هێنا، هەندێك پێیان وابوو مام جەلال بیری چووە ناوی فوئاد مەعسوم بهێنێ، هەندێكیش پێیان وابوو مام جەلال بە ئەنقەست ناوی نەهێناوە.  

یەكێتی دوای 42 ساڵ خەبات
یەكێتی نیشتیمانی بەر لە 42 ساڵ لە چایخانەیەك لە دیمەشق دامەزرا، ئێستا حزبێكی گەورەی كوردستانە و پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی بەدەستەوەیە و خاوەنی داراییەكی گەورەیە، هەڵبەت بەشێكی گەورەی ئەم پێگە سیاسییە بە خوێن دروستكراوە، لە پاڵ ماندوبون و شەونخونی هەزاران كەس لە كاری دیپلۆماسی و رێكخستن.
یەكێتی كە رۆژ لەدوای رۆژی ژمارەی دامەزرێنەرەكانی كۆچی دوایی دەكەن، ئێستا لە دۆخێكی قەیراناوی ناوخۆیدایە، ئەم قەیرانەش نوێ نییە و ریشەیەكی مێژوویی هەیە، ئەم حزبە لە ماوەی 42 ساڵدا تەنیا (3) كۆنگرە و (2) پلینیۆمی كردووە.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand