كورد لە نێوان بەرداشی ئەمریكا و روسیادا
2018-06-18 13:04:32
نوسینی: ئانا بۆرشفسكایا- بیلال وەهاب
وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت- نامیق رەسوڵ
پەیمانگای واشنتۆن راپۆرتێكی لەبارەی سیاسەتی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی وزە بڵاوكردەوە كە بە پلەی یەكەم ئەو كەرتە لەژێر كۆنترۆڵی پارتی دیموكراتی كوردستاندایە.
راپۆرتەكە باس لەوەدەكات، گۆڕینی سەنگەر لە واشنتۆنەوە بۆ مۆسكۆ "هەواڵێكی ناخۆشە" بۆ خەڵكی كوردستان، چونكە روسیا بەپێچەوانەی ئەمریكاوە گوێ بە سەروەری یاسا و مافەكانی مرۆڤ نادات، ئەوەش بە زیان بۆ گەلی كورد كۆتایی دێت.
راپۆرتەكە بە وردی سود و زیانەكانی ئەو سەنگەرگۆڕینەی باسكردووە، لەبەر بایەخی ناوەڕۆكی باسەكە بۆ خوێنەرانی كورد، (درەو میدیا) دەقی راپۆرتەكەی وەكو خۆی وەرگێڕایەسەر زمانی كوردی.
دەقی راپۆرتەكە
"حكومەتی هەرێمی كوردستان" پەنا بۆ مۆسكۆ دەبات و بەدوای سەرپەرەشتیارێكی نوێدا دەگەڕێت
لە 25ی ئایار/ مایۆ لە میانی "كۆڕبەندی ساڵانەی سان پترسبۆرگی ئابوریی نێودەوڵەتی" نوێنەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیای زەبەلاحی روسی " روسنەفت" رێككەوتنێكی نوێیان بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی غازی سروشتیی لە هەرێمی كوردستان ئیمزاكرد. و بە پشتنبەستن بە گرێبەستێكی تر كە لە كۆڕبەندی ساڵی رابردوو ئیمزاكراوە، رۆسنەفت رەزامەندی دەربڕی لەسەر بونیادنانی هێڵێكی گواستنەوەی غاز بۆ توركیا كە ساڵانە توانای گواستنەوەی 30 ملیار مەتر سێجای هەبێت، ئەوەش بەشێوەیەكی بەرچاو بازنەی بەشداری مۆسكۆ لە كەرتی وزە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرفراوان دەكات و ڤلادیمێر پوتن سەرۆكی روسیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رۆژی 7ی حوەزیران/ یۆنیۆ جەختیكردەوە كە گرێبەستەكان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان "بەرهەمدار" و "بەرفراوان"ن.
بەهۆی ئەوەی كوردەكان زۆر لاواز و پەرتەوازەن و توانای تەواوەتیان نییە بۆئەوەی كاریگەرییان لەسەر هەژمونی سیاسی عێراق هەبێت، بەدوای دەوڵەتێكی چاودێری نوێدا دەگەڕێن، چونكە بە بۆچونی ئەوان ستراتیژیەتێكی یەكگرتوویی ئەمریكی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ئامادەیی نییە. لە 9ی ئایار/ مایۆ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێم هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی وەلانا و هەرێمی بەرەو مۆسكۆ بەجێهێشت لەسەر بانگهێشتنی ئیگۆر سیچین سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای " روسنەفت"، كە یەكێكە لە هاوڕێ بەهێز و نزیكەكانی سەرۆك پوتن، و پێشتریش لە تشرینی دووەم/ نۆڤەمبەر مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هۆشداریدا لەوەی كە" چاودەخشێنێتەوە بە پەیوەندییەكان" لەگەڵ واشنتۆن، و كرملن بە تەواوەتی ئامادەیە هاوكاری بكات لەو وەرچەرخانەیدا، لەم هەنگاوەوە سەرۆك بارزانی دەیەوێت شەراكەتێكی مێژووی زیندوبكاتەوە كە لە چلەكانی سەدەی بیستەمدا لەمیانی شۆڕشی باوكیدا گەیشتبووە ترۆپك.
روسیا و ریفراندۆمی هەرێم
لە دوای جەنگی عێراقەوە لە ساڵی 2003ەوە ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان لە نزمترین ئاستی لاوازیدایە، ئەوەش تا ئاستێكی زۆر بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی دەگەڕێتەوە كە لە كاتێكی خراپدا و لە ئەیلول/ سێپەمبەری رابردووو ئەنجامدرا و حكومەتی عێراق بە هاندانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی دژایەتی بۆ بەڕێوەچوونی كرد و بەبەكارهێنانی هێز نیوەی خاكی ژێردەستی حكومەتی هەرێم و نیوی توانای بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی كۆنترۆڵكرد، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014 و لە كاتی دەستپێكردنی هێرشەكانی " داعش" ەوە دەستی بەسەردا گرتبوو، جێی ئاماژەیە كە هاوڕێ كلاسیەكییەكانی بارزانی لە خۆرئاوا و لە ناویشیاندا واشنتۆن، پاڵپشتیان لەو هەنگاوە بەهێزە كرد كە بەغداد هەڵیگرت.
بەڵام روسیا هەڵوێستێكی زۆر وردتری بەرامبەر بە ریفراندۆمەكە گرتبەر و لەو كاتەدا رایگەیاند كە" رێز لە خواستە نیشتمانییەكانی كوردەكان دەگرێت" و وایدەبینێت كە كێشەكانی نێوان بەغداد و هەولێر " دەكرێت و پێویستە چارەسەر بكرێت لەڕێگەی بەڕێوەچوونی دانوستانێكی بونیادنەرانە لەسەر بنەمای رێز بە ئامانجی گەیشتن بە شێوازێك بۆ پێكەوەژیان لەناو یەك دەوڵەتی عێراقدا كە هەردوولا پێی رەزامەندبن".
سەرەڕای ئەوەی واشنتۆن لێدوانی هاوشێوەی وای پێشكەشەكرد، بەڵام دژایەتیی بەهێزیشی دژی ریفراندۆمەكە كۆكردەوە، لە كاتێكدا مۆسكۆ بە ئاشكرا بێلایەن بوو، ئەم شێوازی كە روسیا گرتیبەر بە بەرژوەندی شكایەوە و نەرمییەكی زیاتری لەگەڵ كوردەكاندا نواند لە دۆخی ئاڵۆزی دوای ریفراندۆمەكە.
گەڕانەوەی مۆسكۆ بۆ عێراق و كوردستان
لە ساڵی 2003 حكومەتی نوێی عێراق ژمارەیەكی زۆر لە گرێبەستە سەرەكییەكانی وزەی هەڵوەشاندەوە كە پێشتر لەسەردەمی رژێمی سەددام حسێندا لەگەڵ مۆسكۆ ئیمزا كرابوون، بەڵام لەوكاتەوە كۆمپانیا روسییەكان بەبەردەوامی كاردەكەن بۆ ئیمزاكردنی گرێبەستی نوێ. لە ئەنجامی ئەوەدا هەریەكە لە كۆمپانیاكانی "لۆك ئۆیل" و "گازپرۆم" لە ساڵی 2012 چونە ناو بازاڕی وزەی "هەرێمی كوردستانەوە" و لەدوای ئەوە ژمارەیەك گریێبەستیان بەدەستهیێنا بۆ گەشەپێدانی كێڵگەكانی نەوت لە پاڵ پرۆژەكانی تردا، ئەمە وای لە بارزانی كرد دوای ئەوە بەماوەیەكی كورت بۆ جاری یەكەم سەردانی مۆسكۆ بكات.
لەكاتێكی تردا، كۆمپانیا ئەمریكییەكانی وەكو "ئیكسۆن مۆبیل: و "شیفرۆن" دەستیان كرد بە كەمكردنەوەی ئاستی بەشدارییان لە كەرتی نەوت و غازی "هەرێمی كوردستان" لە ساڵی 2015، ئەمەش بەلەبەرچاوگرتنی مەترسییە ئەمنییەكانی رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی، ئەمە سەرباری ئاستەنگی جیۆلۆجی و گرێبەستەكان، بۆ پڕكردنەوەی ئەم بۆشاییە، "حكومەتی هەرێمی كوردستان" بانگهێشتی ژمارەیەكی زۆرتری كۆمپانیا روسیییەكانی كرد- بەوپێیەی هاتنەناوەوەی چڕی دەوڵەت مەترسی سیاسی و ئابوری كەمترە لە كۆمپانیا خۆرئاواییەكان. لەم روانگەیەوە، "رۆسنەفت" گرێبەستی نەوتی لەگەڵ هەریەكە لە حكومەتی عێراق و "حكومەتی هەرێمی كوردستان" ئیمزا كرد، ئەمە سەرباری ئەوەی لەدوای داگیركردنی ئۆكرانیاوە، روسیا لەژێر سزای خۆرئاوادایە.
لە روانگەی ئابوریی بەحتەوە، پێدەچێت بڕیارە نا لۆژیكییەكەی مۆسكۆ بەو چاوە تەماشا بكەین كە سەرۆك پۆتن بەشێوەیەكی بنەڕەتی وەكو ئامرازێكی سیاسەتی دەرەوە تەماشای گرێبەستەكانی وزە دەكات. لە شوبات/ فێبرایەری 2017وە "روسنەفت" نزیكەی (3 ملیار و 500 ملیۆن) دۆلار قەرزی بە كوردەكانی عێراقدا و چەندین گرێبەستی ئیمزاكرد بۆ گەشەپێدانی پێنج كۆمەڵگەی وەبەرهێنانی نەوت، هەروەها وەبەرهێنانی كرد لە ژێرخانی هەناردەی نەوت و غاز لە "هەرێمی كوردستان"، سەرباری ئەوەش، ئێستا كۆمپانیای "غاز پرۆم" كاردەكات بۆ گەشەپێدانی سێ كۆمەڵگەی نەوتی. ئەم جۆرە لە توانا بەرفراوانە دەكرێت ببێتەهۆی گەیشتن بە وزە كە لانی كەم هەندێك هەژمون بە مۆسكۆ دەدات لەسەر سیاسەتەكانی "حكومەتی هەرێمی كوردستان"، وە تەنانەت رەنگە لەسەر ئاستی بازنەیەكی فراوانتری هەرێمیش.
لەگەڵ جەمسەرگیریكردنی مۆسكۆ لە بەغدادەوە بەرەو هەولێر، دەبێت ئاماژە بەوە بكرێت كە پەیوەندی روسیا لەگەڵ كوردەكان دەگەڕێتەوە بۆ نزیكەی دوو سەد ساڵ لەمەوبەر، لەسەردەمی ئیمپراتۆی مەزنن خاتوو كاسرینەوە روسیا هەستی بە بایەخی كورد كردووە و لەوكاتەوە وەكو سەرپەرەشتیارێكی ئەوان مامەڵە دەكات- لەكاتێكدا بەشێوەیەكی كاڵتەجاڕانە بەكاریهێناون بۆ بەدیهێنانی ئامانجە تایبەتییەكانی خۆی، پێدەچێت ئەم شێوازە جارێكی تر لەگەڵ سەرۆك پۆتن بەرجەستە ببێتەوە.
سیاسەتی بۆرییەكانی نەوت
وەك سەرەتایەك بۆ سەروەری تەواوەتی، سەركردەكانی "حكومەتی هەرێمی كوردستان" كەرتی نەوت و غازیان بەكارهێنا بۆ بەهێزكردنی كاروانەكەیان بە ئاڕاستەی ئابوری سەربەخۆ، بەڵام لەو پرۆسەیەدا روبەڕوی قەیرانێكی دارایی توند بونەوە، دوای ئەوەی قەرزی ژمارەیەكی زۆر لە كۆمپانیاكانی نەوت و قەرزبەخشەكان كەڵەكە بوو. لە ئاب/ ئۆگۆستی 2017 دا كۆمپانیای "رۆسنەفت" هاتەناوەوە و یارمەتیدان لە یەكلاكردنەوەی یەكێك لە ناكۆكییە سەرەكییەكان، كە ئەوەش دۆسیەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی بوو لەگەڵ كۆمپانیای "دانەغاز"ی ئیماراتی/ عێراقی كە ملیارێك دۆلار لەسەر "حكومەتی هەرێمی كوردستان" كەوت و گریمانەكراویش بوو چەندین ملیار دۆلاری تریان لەسەر بكەوێت.
سەرباری ئەوەش، ئێستا "رۆسنەفت" پشكی شێری هەیە لە بواری هەناردەی نەوتی تایبەت بە "حكومەتی هەرێمی كوردستان"، بەڵێنیشی داوە هێڵی بۆری غاز بۆ توركیا دروستبكات، ئەمەش رێگە بۆ مۆسكۆ دەكاتەوە خۆی تێهەڵقورتێنێ و پەیوەندی لە بواری وزەدا لەگەڵ "حكومەتی هەرێمی كوردستان" و ئەنكەرە بنیادبنێت، ئەمەش پێگەی جیۆستراتیژی روسیا لەناوچەكی بەرفراوانتر بەهێز دەكات و وا لە كرملن دەكات بەسەر هەوڵەكانی توركیادا سەركەوێت بۆ ئەوە ببێت بە ناوەندی وزە، ئەمەش بەشێوەیەكی كردەیی تواناكانی توركیا وەكو جێگرەوەیەك بۆ قۆرخكاری روسیا ئیفلیج دەكات لە بازاڕەكانی وزەی ئەوروپادا.
بەرپرسانی عێراقی نەیارێتی مافی یاسایی "حكومەتی هەرێمی كوردستان" دەكەن لە هەناردەكردنی نەوتدا، بەڵام بژاردەكانی بەغداد تایبەت بە هەناردەی نەوتی كێڵگە گەورەكانی باكور، سنوردارە: یان دەبێت هێڵی بۆری حكومەتی هەرێمی كوردستان بەكاربهێنێت یاخود دەبێت هێڵی كەركوك نوێ بكاتەوە كە بەهۆی پرۆسە وێرانكارییەكانی رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی"یەوە لەكاركەوتووە. ئێستا كە پشكی "رۆسنەفت" بووە بە 60% لە هێڵی "حكومەتی هەرێمی كوردستان"، دەتوانێت یارمەتی كوردەكان بدات لە رێگریكردن لە بژاردەی دووەم، ئەمەش پێویستی بە بڕێكی زۆر كات و دارایی هەیە. بەوە، بارزانی سامانە سەرەكییەكەی رزگار دەكات لە سازشكردنی تەواوەتی بۆ حكومەتی ناوەندی، كە كەرتی گەشەكردووی نەوتە لە "هەرێمی كوردستان".
لە مامەڵەكردن لەگەڵ مۆسكۆ، پێدەچێت كوردەكان بیرۆكەیان لە هێزەكانی دراوسێ وەرگرتبێت. "رۆسنەف" لە پێشەنگدایە لەڕوی فراوانكردنی جێپەنجەی روسیا لە دیمەنە بەرفراوانە ئیقلیمییەكەی وەزدا، ئەمەش بە لەبەرەچاوگرتنی ئەوەی ئێران و جەزائیر و میسر هاوبەشی گریمانەگراوی ئەون. هەروەك ئیمزاكردنی گرێبەست لەگەڵ روسیا یارمەتی "حكومەتی هەرێمی كوردستان" دەدات لە فرەجۆركردنی پەیوەندییە دەرەكییەكانی بۆ قەرەبوكردنەوەی بەرژەوەندییە لەدەستچوەكانی لەگەڵ واشنتۆن و ئەنكەرە، سەرباری ئەوەش، پێدەچێت بونی كورد لە حكومەتی عێراق بچوك ببێتەوە كاتێك دوای هەڵبژاردنی 12ی ئایار بارودۆخ سەقامگیر دەبێت، بۆ ئەوەی مۆسكۆ بتوانێت یارمەتی "حكومەتی هەرێمی كوردستان" بدات لە گێڕانەوە هەندێك لە هەژمونی خۆی لە بەغداد.
مەترسییەكانی جەمسەرگیری لەگەڵ روسیا
تا كاتێك ویلایەتە یەكگرتووەكان و توركیا سەرپەرەشتیاری سەرەكی "حكومەتی هەرێمی كوردستان" بوون،ـ كوردەكانی عێراق پشتیان بەو یارمەتییە سەربازی و داراییەی ئەمریكا دەبەست كە بە هێزەكانی پێشمەرگەی دەدا بۆ پارێزگاریكردن لە ئاسایش، لەكاتێكدا ئابورییەكەیان پیشتی بە توركیا دەبەست لە یارمەتیدانیان لە هەناردەی نەوت سەرباری ناڕەزایەتی بەغداد، سەرباری ئەوەی روسیا پارێزگاری لە كورسییەك كردووە بۆ خۆی لەسەر مێزەكە، بەڵام سودەكەی بۆ ئامانجەكانی "حكومەتی هەرێمی كوردستان" هێشتا تاقینەكراوەتەوە.
لەم ساڵانەی دوایدا، لەڕووی ستراتیژییەوە "هەرێمی كوردستان" لە كەرتی نەوت و غازدا وەبەرهێنانی كرد بۆ راكێشانی وڵاتە زلهێزەكان وەك گرەنتییەك لەدژی بەغداد، پاشان، پاڵنەرەكانی بۆ جەمسەرگیری لەگەڵ روسیا شتێكی كتوپڕ نییە- هاوپەیمانەكانی تری ئەمریكا لەنێویاندا ئیسرائیل، خۆیان بینییەوە كە پەنا بۆ مۆسكۆ دەبەن لە هەموو كێشە هەرێمایەتییەكانی ئەمدواییە. لەگەڵ سەرقاڵبونی ئەمریكا بە رێككەوتنە ئەتۆمییە داڕماوەكەی ئێران، و جەنگی سوریا، و دانوستان لەگەڵ كۆریای باكور، "حكومەتی هەرێمی كوردستان" هەستی بەوە كردووە پێویستی بەوەیە بچێتە پاڵ روسیا كە دوربین ترە.
بەڵام پێویستە لە ئاستێكی دورمەودادا هەولێر وریا بێت لە هەڵبژاردنی كۆمپانیاكان، كاتێك روسیا كوردەكان بۆ بەدیهێنانی ئامانجە تایبەتەییەكانی خۆی بەكاربهێنێت، نەك لەپێناو پشتیوانی راستتەقینە لە دۆزی سەربەخۆییان (ئەمە بەشێكی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە دەكرێت ئەم پرسە ببێت بە پێشینەیەكی مەترسیدار بۆ كەمینەكانی تر لە چاخی دوای یەكێتی سۆڤیەت). لەوبارەیەوە، ئاماژە بەوەی كە مۆسكۆ رێگەی بە توركیادا هێرش بكاتەسەر هێزە كوردییەكانی سوریا و لە عەفرین دەریان بكات، بەڵام لە عێراق، كۆمپانیاكانی بواری وزەی روسیا كارەكانیان لە "هەرێمی كوردستان" وەكو كارتێك بەكاردەهێنن بۆ فشاركردنێكی كاتی بەمەبەستی داماڵینی مەرجی گرێبەستكردنی باشتر لە بەغداد.
هەروەك باوەشگرتنەوە بۆ ئەو كۆمپانیا روسیانەی كە دەكەونە ژێر سزا نێودەوڵەتییەكان دژە لەگەڵ خواستی دەنگدەرانی كورددا، كە داوای بەدیهێنانی حوكمێكی باش و چاكسازی ئابوری دەكەن، لەسەر ئاستێكی فراوانتریش، مۆسكۆ بەپێچەوانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە رێز لە سەروەری یاسا و مافەكانی مرۆڤ ناگرێت، بۆیە سەرپەرەشتیكردنەكەیان هەواڵێكی خراپە بۆ گەلی كورد.
هەندێك لە لێپرسراوانی واشنتۆن نزیكبونەوە لەگەڵ "حكومەتی هەرێمی كوردستان" بە پرسێكی گرنگ نازانن لە ئێستادا لەگەڵ بچوكبونەوەی شەڕی دژ بە رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی"، بەتایبەتیش ئەگەر بڕیارەكەی هەولێر لەبەرچاوبگرین لە پشتگوێخستنی هۆشداریدانەكانی ئەمریكا سەبارەت بە ریفراندۆم. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ئەو بەرپرسانە هەست بەوە بكەن لەبەرئەوەی رۆڵی داهاتووی ئەمریكا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ناڕوونە، ژمارەیەكی زیاتر لە لایەنە كارا لۆكاڵییەكان تەماشای روسیا دەكەن وەكو ئەڵتەرناتیڤێكی سەرەكی كە گەرەنتی مانەوەیان بكات. ئەمەش زیانێكی گەورە بە بەرژەوەندی ویلایەتە یەكگرتووەكان دەگەیەنێت لە كاتێكی دورمەودادا.