سەدر و عامری لایەنە عێراقییەكانیان توشی شۆک كرد
2018-06-13 11:44:35
راپۆرت: نامیق رەسوڵ
موقتەدا سەدر وەكو سەرۆكی لیستی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی 12ی ئایار هەنگاوی دووەمی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق هەڵگرت، ئەوەش بە رێككەوتنی لەگەڵ هاوپەیمانی فەتح كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات.
رێككەوتنی دوێنێ شەوی سەدر لەگەڵ عامری بۆ پێكهێنانی حكومەت لە كاتێكدایە هێشتا ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق پەسەندنەكراون و تانەكانی كە لەلایەن لایەنە نارازییەکانەوە لەسەر ئەنجامەكان پێشكەشكراون، یەكلانەكراونەتەوە و دادگای باڵای فیدراڵیش داواكاریی بۆ راگرتنی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق رەتكردەوە كە پەرلەمانی عێراق بەمدواییە پەسەندی كرد.
رێككەوتنەكەی درەنگانێكی شەوی رابردووی نێوان سائرون و فەتح دەستبەجی لەلایەن یەكیتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازی لێكرا.
ئەندامێكی هاوپەیمانی "سائرون" كە موقتەدا سەدر پشتیوانی لێدەكات، جەخت لەسەر ئەوەدەكات، بە هاوپەیمانێتییان لەگەڵ "فەتح" ئێستا هاوپەیمانێتییە نوێیەكە (101) كورسی لە پەرلەمانی نوێدا هەیە و بەوە ژمارەیەش سائرون دەتوانێت بە متمانەوە دانوستانی پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی دەستپێبكات كە مافی دەبێت كاندید بۆ سەرۆك وەزیرانی نوێ دیاریبكات.
ئەو ئەندامەی هاوپەیمانی سائرون لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی "العربی الجدید" وتی:" پێشتر سائرون رێككەوتنێكی سەرەتایی بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی ئیمزاكردووە لەگەڵ ئیئتیلافی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی كە 21 كورسی هەیە و رەوتی حیكمە بە سەرۆكایەتی عەممار حەكیم كە 19 كورسی بەدەستهێناوە، بەوەش ئێستا هاوپەیمانێتییەكەمان 141 كورسی هەیە جگە لە كوتلە بچوكەكان كە دوایی پەیوەندییان پێوەدەكەین و بەوەش پێكهێنانی گەورەترین كوتلە نیمچە تەواو بووە".
عەبادی دووردەخرێتەوە
ئەو ئەندامەكەی هاوپەیمانێتییەكەی موقتەدا سەدر، پێشبینی دەكات سەرۆك وەزیرانی داهاتوو بە دیاریكراوی لەلایەن فەتح و سائرونەوە كاندید بكرێت و بە دووری دەزانێت حەیدەر عەبادی هیچ چانسێكی هەبێت لە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی بۆ خولێكی تر، چونكە" لە دەرەوەی هاوپەیمانێتی گەورەترین كوتلەیە و ئەگەر دواتریش هاوپەیمانێتی نەسر بێتە ناو كوتلە گەورەكەوە، دەبێت پابەندی مەرجەكانی بێت".
بە بۆچوونی حسێن جبوری چاودێری سیاسیی، هەڵوێستەكانی ئەمداوییەی حەیدەر عەبادی دەربارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هۆكاربوون بۆئەوەی لە هاوپەیمانی سائرون دووربكەوێتەوە، چونكە رەوتی سەدر بە هەنگاوەكانی ئەمدواییەی ئەنجومەنی وەزیران قایل نییە بۆ دووبارە ئەژماركردنەوەی دەنگەكان بەدەست.
جبوری لە لێدوانیدا بۆ رۆژنامەی "العربی الجدید" دەڵێ:" سەدرییەكان باوەڕیان وایە لە هەوڵەكانی ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان ئەوان بەئامانج گیراون و هاوپەیمانی سائرون و فەتحیش كاردانەوەی ئەو هەڵوێستەی عەبادییە".
ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژەبەوە دەكات، سەردانی بەرپرسانی ئێران، لە ناویاندا ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی كاریگەری ئاشكرای هەیە لەسەر پرسی لێكنزیكبوونەوەی سەدر و گروپەكانی حەشدی شەعبیی.
هاوپەیمانێتی ئێران
هاوپەیمانێتی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەلاویی كە پێشتر رێككەوتنێكی سەرەتایی لەگەڵ سائروندا ئیمزاكردووە جەختدەكاتەوە، كە هاوپەیمانێتی سائرون و فەتح بەویستی دەرەكی پێكهێنراوە و هاوپەیمانێتی سائرون و هاوپەیمانیی نیشتمانی و رەوتی حیكمە هەڵناوەشێنێتەوە.
حسێن موسەوی وتەبێژی هاوپەیمانی نیشتمانی لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی "غەدپرێس" دەڵێ:" هاوپەیمانی فەتح هەڵوێستیان ئاشكرایە، بە تایبەتی كە رایانگەیاندووە حكومەتێكی سەقامیگر پێكنایەت ئەگەر سائرون و فەتح لایەنی بەشدار نەبن تێیدا".
موسەوی باسلەوەدەكات" ئەو هاوپەیمانێتییەی دوێنێ راگەیەنرا، هاپەیمانی نێوان سائرون و حیكمە و نیشتمانی هەڵنەوەشاندوەتەوە، ئێستا گەیشتوینەتە هاوپەیمانێتییەكەی چوار قۆڵی و ئومێدیش هەیە بەمزوانە لایەنی تریش بێنە ناو هاوپەیمانێتییەكەوە".
جەخت دەكات، هاوپەیمانی نێوان سائرون و فەتح بە تەنها خواستێكی نیشتمانی نەبووە، بەڵكو لە ئەنجامی هەوڵەكانی دوو رۆژی رابردووی ژەنراڵ قاسم سولەیمانی لە بەغداد و دیداری لەگەڵ سەركردە سیاسییەكان و نامەكەی بۆ سەدر بووە، هۆی پێكهێنانی ئەم هاوپەیمانێتییە و هاوپەیمانێتییەكە زۆر نزیكن لە خواست و ویستی ئێرانەوە".
رەوتی مەدەنی توشی شۆك بووە
هاوپەیمانێتییەكەی نێوان سەدر و عامری رەوتی مەدەنی تووشی شۆك كردووە، كە لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا و لە لیستی سائروندا بەشداربوون.
ئەندامێكی حزبی شیوعی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ "العربی الجدید" ئاماژە بەوەدەكات، دوای راگەیاندنی هاوپەیمانی سائرون و فەتح، رەوتی مەدەنی توشی شۆك بوو، ئێستا هەوڵدەدەن بزانن چی روویداوە" دەزانین فشاری ئێران هەیە، بەڵام ئەم هاوپەیمانێتییە زۆر خێرا بوو".
مالیكیش بەشدار دەبێت
سەرچاوەیەك لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات ئاشكرایكرد، مالیكیش رەزامەندە بە هاوپەیمانیكردن لەگەڵ سائرون و فەتحدا، بەمزوانە هادی عامری سەردانی مالیكی دەكات و كەشێك دروستدەكات بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان سەدر و مالیكی، پاشان مالیكی بە فەرمی چونی بۆناو ئەو هاوپەیمانێتییە نوێیە رادەگەیەنێت.
موقتەدا سەدر لەگەڵ بەشێك لە گروپەكانی ناو هاوپەیمانی فەتح كێشەی هەیە، لەماوەی رابردوشدا بە ئاشكرا دژایەتی خۆی بۆ هێشتنەوەی حەشدی شەعبی دوای شەڕی داعش راگەیاند، ئەمەش هۆكارەكەیە كە بە هاوپەیمانێتیكردنی سەدر لەگەڵ فەتح لایەنە عێراقییەكان توشی بوون، بەڵام هێشتا تەواو نەبووە، رەنگە شۆكە گەورەكە ئەوكات روبدات كە نوری مالیكیش بچێتە ناو هاوپەیمانێتییەكەوە.