"ئۆجەلان داوای پشكی نەوت و كارەبای بەنداوەكانی باكوری كوردستانی كردووە "
2025-12-22 06:52:04
رۆژنامەنوسێكی تورك:
🔻ئۆجەلان داوای پشكی نەوت و كارەبای بەنداوەكانی باكوری كوردستانی كردووە بۆ ئیدارە خۆجێیەكانی ناوچەكە
🔻داوای پەیماننامەی ئەوروپای كردووە بۆ ئۆتۆنۆمی و بەهێزكردنی ئیدارە خۆجێیەكان
🔻داوایكردووە زمانی كوردی بكرێتە زمانی خوێندن و فێركردن و بە فەرمیكردنی لە ئایندەدا
🔻لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە نییەو پشتیوانی مانەوەی كردوون
درەو:
سایگی ئۆزتورك، رۆژنامەنوسی دیاری تورك لە وتارێكدا كۆمەڵێك نهێنی نەبیستراوی لە بارەی دیدارەكەی نێوان عەبدوڵا ئۆجەلان، رابەری زیندانیكراوی پاری كرێكارانی كوردستان و لیژنەكەی پەرلەمانی توركیا، كە لە سێ ئەندامی پەرلەمانی توركیا پێكهاتبون (گوڵستان كیلچ-دەم پارتی)، (فەتی یەڵدز-مەهەپە)، (حسێن یەمان-ئاكەپە) لە رۆژنامەی (سۆزجۆ) بڵاوكردووەتەوە.
سایگی دەڵێت: هەندێك لە داواكارییەكانی ئۆجەلان لەو دیدارەدا زیادەڕۆیی زۆر تیادا بووە، بەشێوەیەك قورسە بزوتنەوەی نەتەوەپەرست و پارتی دادو گەشەپێدان قبوڵی بكەن، بۆ نمونە، تیشك خراوەتە سەر پرسی ئیدارە خۆجێییەكان و داواكراوە مەسەلە نەتەوەیی و تائفیەكان بەهەند وەربگیرێت و زمانی كوردی بكرێتە زمانی خوێندن و فێركردن، ئۆجەلان داواشیكردووە لە ئایندەدا ئەم پرسە پێشبخرێت و زمانی كوردی بكرێتە زمانێكی فەرمی لە توركیا هاوشێوەی ئەو مۆدیلەی لە عێراق جێبەجێدەكرێت.
كاتێك پرسیار لە ئۆجەلان كراوە لەبارەی هێزەكانی سوریای دیموكرات، بەهیچ شێوەیەك باسی هەڵوەشاندنەوەی نەكردوون، بەڵكو وتویەتی ببنە هێزی ئاسایش لەناوچەكانی خۆیان، ئەوەش بەو مانایەی پشتیوانی مانەوەی كردوون.
بەوتەی ئەو رۆژنامەنوسە هۆكاری ئاشكرانەكردنی تەواوی كۆنوسەكەی ئۆجەلانیش بۆ ڕای گشتی پەیوەندی بە داواكارییەكانی ئۆجەلانەوە هەبووە، كە رەنگە كاردانەوەی نەرێنی هەبوایە لەسەر رای گشتی.
ئۆجەلان داواشی كردووە مادەی (66) دەستوری توركیا هەموار بكرێتەوە،كە دەڵێت: هەركەس هەڵگری رەگەزنامەی توركی بێت ئەوە توركە.
سایگی ئۆزتورك دەڵێت: داواكارییەكانی ئۆجەلان لێرەدا كۆتایی نایەت، بەڵكو داوای پەیماننامەی ئەوروپای كردووە بۆ ئۆتۆنۆمی، بۆ نمونە، بەهێزكردنی ئیدارە خۆجێییەكان، ئۆجەلان لەمبارەیەوە داوایكردووە، بەشێك لە داهاتی نەوتی دەرهێنراو لە كوردستان ئەو وشەیەی ئۆجەلان بەكاریهێناوە، بەشێك لە داهاتی نەوتی دەرهێنراو لە ناوچەی گابار بۆ ناوچەكەو ئیدارەی خۆجێی تەرخان بكرێت، داواشی كردووە، بەشێك لە پشكی ئەو كارەبایەی لە بەنداوەكانی ناوچە كوردییەكان بەرهەم دەهێنرێت هاوشێوەی نەوت بۆ ئەو ناوچانە خەرج بكرێت، هاوكات داواشیكردووە، لێخۆشبون بۆ گەریلاكانی پارتی كارێكاران دەربكرێت و دەرفەتی كاریان بۆ بڕەخسێنرێت و لەڕووی دەرونییەوە ئامادەبكرێنەوە بۆ تێكەڵبون لەناو كۆمەڵگاو هەموو ئەو بەرستانەش لاببرێت لەبەردەم ئەنجامدانی چالاكی سیاسیان.
یوسف شەریف، رۆژنامەنوس و شارەزای بواری توركیا لەبارەی وتارەكەی سایگی ئۆزتورك دەڵێت: پێدەچێت هەنگاوەكانی دژایەتیكردنی پرۆسەی چارەسەری لە توركیا دەستیپێكردبێت بە ئامانجی دورستكردنی بەربەست بۆی تەنانەت هەڵوەشاندنەوەشی، بەڕای ئەو رۆژنامەنوسە دزەپێكردنی ئەو زانیارییانە كاریگەری بومەلەرزە ئاسای دەبێت لەسەر ناوخۆی توركیا، لەبارەی هۆكارو ئامانج و لایەنی سودمەندیش لە دزەپێكردنی ئەو زانیارییانە ئاماژە بەوەدەكات: پەرلەمانتارەكەی مەهەپە كە خۆیان خاوەنی دەستپێشخەرییەكەن دزە بەو زانیارییانە ناكات، پەرلەمانتارەكەی دەم پارتیش زانیاری لەوشێوەیە ئاشكراناكات، ئەوەی گومانی لەسەرە پارتی دادو گەشەپێدانە، كە نوێنەرێكی لەناو دانیشتنەكەدا بووەو لەڕێی رۆژنامەنوسێكی ئۆپۆزسیۆنیشەوە ئەو زانیارییانەی دزەپێكردووە تا بەوە تۆمەتبارنەكرێت كێشە بۆ پرۆسەكە دروست دەكات.
بەوتەی یوسف شەریف، هۆكاری دروستكردنی بەربەست بۆ پرۆسەكە لەلایەن پارتی دادو گەشەپێدان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەرۆدغان دڵنیانییە لە پرۆسەكە، زۆر بایەخی نییە بۆی، ئەوەی زیاتر فشاری لێدەكات دەوڵەت باخچەلی هاوپەیمانێتی، پێشیوایە، تاكە دەرفەتی ئەردۆغان بۆ دووبارە خۆكاندیدكردنەوە هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەگەر بشیەوێت ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەخت بكات ئەوا لەم كاتەدا ئاستی جەماوەریی حزبەكی زۆر داكشاوە.
لەبارەی لێكەوتەكانی ئەم پێشهاتانەش دەڵێت: كاریگەری لەسەر ناوخۆی توركیاو سوریاو رۆژئاوای كوردستانیش دەبێت، لەگەڵ ئەوەی توركیا ناتوانێت هێرشی فراوان ئەنجامبدات، رەنگەهێرشێكی سنوردار بكاتە سەر هێزەكانی سوریای دیموكرات و بیكاتە بیانوو بۆ كۆتایهێنان بە پرۆسەی چارەسەری لە توركیا بە پاساوی ئەوەی هەسەدە ئامادە نییە چەك دابنێت.
