ئەگەرەكانی هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنی 12ی ئایار
2018-06-11 13:40:00
راپۆرتی: محەمەد رەئوف
ئاڕاستەیەك كە كورسی زۆری بەدەستهێناوە هەموو هەوڵێكی بۆ تێپەڕاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەدات، ئاڕاستەیەكی دیكەش هەموو هەوڵێكی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 12ی ئایار خستوەتەگەڕ.
بڕیارەكانی حكومەتی عێراق و هەمواری یاساكەی پەرلەمان و تانەو ناڕەزایی زۆرینەی لایەنەكان گومانی زۆری خستوەتە سەر كۆی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان، ئێستا هیچ كەس و لایەنێك لەسەر ئاستی عێراق ناڵێن ساختەكاری نەكراوە، باڵیۆزو نوێنەری وڵاتانی جیهانیش گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی ساختەكاری رویداوە.
بەڵام هەموو لایەنەكان بەدوای دەرەچەیەكدا دەگەڕێن دۆخەكە تێپەڕێنن، چونكە بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و هەرێمایەتی عێراق بەرگە ناگرێت ئەم دۆخە بەردەوام بێت، دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنیش كارێكی قورسە، لەلایەك رەنگە پشوی گەورە بەدوای خۆیدا بهێنێت، لەلایەكی ترەوە لەڕووی ئابورییەوە پرۆسەكە 500 ملیۆن دۆلاری تێچووەو ئەو بڕە پارەیەش لەم دۆخەدا زۆرە بۆ عێراق كە بە دۆخێكی ئابوری سەختدا تێدەپەڕێت.
لەبەرامبەردا ئەگەر دۆخەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، لایەنە ناڕازییەكان ئەستەمە بەم ئەنجامانە رازی بن و ئەگەری پشێوی زۆر هەیە، بۆیە ئێستا هەوڵدەدرێت چارەسەرێكی مامناوەند لەنێوان ئەو دوو ئاڕاستەیەدا بدۆزرێتەوە، بەڵام لە حاڵەتی نەبوونی ئەو چارەسەرەدا، داواكاری و ئەگەرەكانی هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنەكان زیاتر دەبێت.
سوتانی كۆگاكانی كۆمسیۆن هەڵبژاردن لە بەغداد نائومێدی لای لایەنە ناڕازییەكان زیاتر كرد، زۆرێكیان كە پێشتر زیاتر جەختیان لەسەر ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان دەكرد، ئێستا داوای هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن دەكەن.
لە كاردانەوەی سوتانی كۆگاكانی كۆمسیۆندا، ئەیاد عەلاوی سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتیمانی داوای پێكهێنانی حكومەتی كاربەڕێكەر و دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن دەكات.
عەلاوی لە راگەیاندراوەكەیدا دەڵێت"دەبێت سەرۆكایەتی كۆمار و سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران و دەسەڵاتی دادوەری و هێزە سیاسییەكان، خۆیان ئامادە بكەن بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی كاربەڕێكەر، كە لەماوەی شەش بۆ هەشت مانگدا كاربكات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد".
سەلیم جبوری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش كە سەركردایەتی هەوڵەكانی پەرلەمانی كرد بۆ هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن و ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان باسلەوەدەكات" سوتانی كۆگاكانی كۆمسیۆن بەئەنقەست و مەترسیدارە"، بۆیە داوای دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنەكان دەكەن، بەتایبەتیش دوای ساغبوونەوەی ساختەكاری و یاریكردن بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان.
دەوڵەتی یاسای نوری مالیكیش لە ئێستادا داوای دووبارە هەڵبژاردن دەكات، فەرید ئیبراهیمی ئەندامی پارلەمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند" هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەگەڵ دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی ئێستای هەڵبژاردنە لەژێر چاودێری نێودەوڵەتی".
لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش شەش لایەنی سیاسی لەیەكەم رۆژی دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانەوە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، بەڵگەیان هەیە ساختەكاری زۆر كراوە لەسەر ئاستی هەرێم و ناوچە دابڕێنراوەكان، بۆیە بە هەژماركردنەوەی دەنگەكان لەڕێگەی دەستیشەوە رازی نابن و داوای دوبارەكردنەوەی هەڵبژاردن و پرۆسەی دەنگدان دەكەن.
لەبەرامبەردا هەریەك لە لیستەكەی موقتەدا سەدر و عەمار حەكیم و هادی عامری، لە هەرێمی كوردستان یەكێتی و پارتی دژی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنەكانن.
لە نوێترین لێدواندا موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر دەڵێت: ئێستا كاتی بونیادانان و ئاوەدانكردنەوەیە، نەك هەڵبژاردن دووبارە بكرێتەوە بۆ كورسییەك یان دوو كورسی.
حەیدەر عەبادی لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا هەفتەی پێشوو رایگەیاند، هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن كارێكی نادروستە.
دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن
هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكان، لە هیچ دەقێكی دەستور و یاسا كارپێكراوەكانی عێراقدا باس نەكراوە، بەڵام یاساناسان ئاماژە بەوە دەكەن لەئێستادا ئەگەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە رەتكرایەوە، ئەوا ئەنجامی هەڵبژاردن رەتدەكرێتەوە، یاخود بە یاسایەك لە ئەنجومەنی نوێنەران دەتوانرێت هەڵبژاردن رەتبكرێتەوە.
بەپێی بۆچوونی تارق حەرب شارەزای دیاری یاسای دەستوری و یاساكان لە عێراق لەبارەی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكان دەڵێت" هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنەكان پێویستی بە یاسایە، چونكە بەیاسا كراوەو بۆ هەڵوەشاندنەوەشی پێویستی بەیاسایە.. پەرلەمانی ئێستا بە دەنگی (201) پەرلەمانتار دەتوانێت یاسایەكی نوێ دەربكات، بۆ هەڵوشاندنەوەی ئەم هەڵبژاردنەی ئێستا و دوبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكان".
هاوكات د. لەتیف مستەفا شارەزای دەستور و یاساكان دەڵێت" دوای تاوانی سوتاندنی كۆگاكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، پێموایە تاقە چارەسەر بتوانێ هەردولای ڕازی و ناڕازی قەناعەت پێ بكات و دڵیان پاك بكاتەوە، تەنها بریتییە لە رەتكردنەوەی تەواوەتی ئەم هەڵبژاردنە و پەسەندنەكردنی ئەنجامەكانی لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵی و دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنەكە لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كۆتایی ئەمساڵدا". سەعد حەدیسی وتەبێژی حكومەتی عێراق رایگەیاند كە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایار تەنها لە دەسەڵاتی دادگای فیدراڵیدایە
بەپێی هەموو بۆچونەكان ئێستا دادگای فیدراڵی عێراق دەتوانێت هەڵبژاردن رەتبكاتەوە، ئەویش بە رەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان رایگەیاند" تەنیا دادگای فیدراڵی دەتوانێت ئەنجامی هەڵبژاردن هەڵبوەشێنێتەوە".
هاوكات سەعید كاكەیی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان رایگەیاندووە" بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق ئێستا لەدەست ئەنجومەنی كۆمسیاراندا نییە و بەڵكو بەدەست ئەنجومەنی دادوەری و دادگای فیدراڵییە".
هەندێك پێیان وایە لەدوای سوتانی كۆگاكانی كۆمسیۆنەوە، هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن بوەتە ئەمری واقیع و باسلەوەدەكرێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێ لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەڕێوەبچێت.