چۆن ئێران وەزیرێكی ئیسرائیلی كردە سیخوڕی خۆی؟
2018-06-19 10:10:46
(درەو میدیا):
وەزیری پێشووتری وزەی ئیسرائیل " جۆنین سیگیف" تۆمەتباردەكرێت بە سیخوڕیكردن بۆ ئێران ودەزگای ئاسایشی ئیسرائیل دەڵێت ئەو وەزیرەی پێشوو لە نایجیریا بووەتە بەكرێگیراوی ئێران و كاری سیخوڕیی بۆ كردووە.
دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل" شین بیت" رۆژی دووشەممە 18ی حوزەیران رایگەیاند تۆمەتی سیخوڕیكردن بۆ ئێران ئاراستەی جۆنین سیگیف وەزیری پێشووتری وزەی ئیسرائیل كراوە.
شین بیت لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد " سیگیف كە ساڵی 1995 بۆ 1996 وەزیری وزە بووە و لە نایجیریا ژیاوە لە لایەن هەواڵگری ئێرانەوە بەكرێگیراوە".
ئاماژەی بەوەشدا لێكۆڵەران گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی كە سیگیف لە ساڵی 2012 لە نایجیریا پەیوەندی بە لێپرسراوانی باڵیۆزخانەی ئێرانەوە كردووە و دووجاریش بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ ئەو بەرپرسانەی ئاراستەیان كردووە سەردانی ئێرانی كردووە.
شین بیت لە بەشێكی تری بەیاننامەكەیدا دەڵێت سیگیف ئامێرێكی پەیوەندیكردنی جفرەداری لە لێپرسراوای ئێران وەرگرتووە و زانیاری دەربارەی " كەرتی وزە و پێگە ئەمنییەكانی ئیسرائیل و بەرپرسانی دامەزراوە سیاسیی و ئەمنییەكان" بە ئێران داوە.
هەروەها سیگیف( 62 ساڵ) بەشداربووە لە رێکخستنی پەیوەندی لە نێوان چەند ئیسرائیلییەك لە كەرتی ئاسایش و ئەفسەرانی هەواڵگری ئێرانیی و ئێرانییەكانی بە پیاوانی خاوەنكار ناساندووە.
لە بەرامبەریشدا پارێزەرەكانی ئەو وەزیرەی پێشووی ئیسرائیل بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە رایانگەیاند زۆرینەی وردەكارییەكانی تۆمەتەكانی سەر سیگیف لەسەر داوای دەوڵەت هێشتا بە نهێنی هێڵراونەتەوە و دەڵێن:" هەتا ئەم قۆناغە زووە دەكرێت بڵێین كە ئەوەی رێگەی پێدراوە بڵاوبكرێتەوە زۆر سەرنج بۆ سەر رووداوەكە رادەكێشێت، سەرەرای ئەوەی هێشتا وردەكاری تەواوەتی بە نهێنی هێڵدراوەتەوە كە وێنەیەكی جیاوازتر نیشاندەدات."
جۆنین سیگیف كە پزیشكە ساڵی 2004 لە ئیسرائیل دوای تاوانباركردنی بە هاوردەكردنی حەبی "ئەكستاس" زیندانی كرا و دوای ئازادكردنی لە ساڵی 2007 ئیسرائیلی بەجێهێشتووە و شین بیت دەڵێت لەمیانی سەردانێكیدا بۆ گینیای ئیستیوائی مانگی ئایاری رابردوو دەستیگركراوە و رادەستی ئیسرائیل كراوەتەوە رۆژی هەینی تۆمەتی سیخوڕیكردنی بۆ ئێران ئاراستە كراوە.
ماوەیەكی دوورودرێژە ئیسرائیل جەنگێكی نهێنی لەگەڵ ئێرانی دوژمنی سەرسەختی دەستپێكردووە و تەلئەبیب ، حكومەتی ئێران بەوە تۆمەتباردەكات كە هاوكاری ئیسلامییەكانی كەرتی غەززە و لوبنان دەكات و پرۆگرامە ئەتۆمییەكەشی لەلایەن ئیسرائیلەوە چەندجارێك بە ئامانجگیراوە و تێكدراوە و كانونی دووەمی رابردوووش ئیسرائیل رایگەیاند شانەیەكی فەلەستینی ئاشكراكردووە كە گوماندەكرێت ئەفسەرانی هەواڵگری ئێران لە ئەفریقای باشوور پێكیانهێنابێت.