Draw Media

گۆڕان چەك هەڵدەگرێت یان بەنەگۆڕی دەمێنێتەوە؟ 

گۆڕان چەك هەڵدەگرێت یان بەنەگۆڕی دەمێنێتەوە؟ 

2018-06-16 08:35:41


درەو میدیا:

له‌و كاته‌ی شێخ جه‌عفه‌ر فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی 70ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان خۆی و ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی حیزبه‌كه‌ی به‌ ده‌ستڕێژی گوللەی كڵاشینكۆف و بیكەیسی و دۆشكە هێرشیانكرده‌ سه‌ر مه‌كۆی سه‌ره‌كی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ گردی زه‌رگه‌ته‌، كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ی ئێن ئین-ی بزووتنه‌وه‌كه‌ داوای له‌ لایه‌نگرانیان كرد بێنه‌ گرده‌كه‌ بۆ "دروستكردنی پشتێنه‌ی ئه‌منی و پارێزگاریكردن له‌ مه‌كۆی سه‌ره‌كی"یان، ئه‌و بانگه‌وازه‌ به‌س بوو بۆئه‌وه‌ی ده‌یان هه‌ڵسوڕاو و لایه‌نگری گۆڕان به‌ چەكه‌وه‌ له‌سه‌ر گڵكۆی نه‌وشێروان مسته‌فا و گرده‌كه‌ ئاماده‌بن.
له‌ شه‌وی 12ی ئایاره‌وه‌ پرسی دروستكردنی هێزێكی چه‌كدار، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی كردووه‌ به‌ دووبه‌شه‌وه،‌ لایه‌نگران و ئه‌وانه‌ی بیرۆكه‌ی هێزێكی چه‌كدار ره‌تده‌كه‌نه‌وه تائێستا نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ بڕیارێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه، له‌ كاتێكدا له‌ ده‌ستووری بزووتنه‌وه‌كه‌ ده‌رفه‌ت به‌ دروستكردنی هیچ ئۆرگانێكی چه‌كدار نه‌دراوه‌‌‌.
بابه‌كر دڕه‌یی هه‌ڵسوڕاوی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هاوكات به‌ڕێوبه‌ری گشتی رۆشنبیری و هونه‌ری پارێزگای سلێمانی، ئه‌و شه‌وه‌ به‌ جل و به‌رگێكی كوردی ره‌نگ خاكی و هه‌ڵگرتنی كڵاشینكۆفێك له‌سه‌ر گڵكۆی نه‌وشێروان مسته‌فا وێنه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه،‌‌ كه‌ تیایدا عه‌دنان عوسمان خاوه‌ن بیرۆكه‌ی "یه‌كه‌ی سه‌ربازی 90 بۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان" و ئه‌ندامی خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی كوردستانیش به‌ چه‌كێكی جۆری كڵاشینكۆف له‌ ته‌نیشتییه‌وه‌ وه‌ستابوو‌.
بابه‌كر دڕه‌یی ره‌تی ده‌كاته‌وه‌ ئه‌و وه‌كو به‌ڕێوبه‌ری گشتی رۆشنبیری و هونه‌ری سلێمانی له‌ پۆسته‌ حكومییه‌كه‌ی چه‌كی هه‌ڵگرتبێت و بڕوای به‌ دروست كردنی "هێزی به‌رگری" هه‌بێت له‌ هه‌ر ئه‌گه‌رێكی ده‌ستدرێژی كردنه‌ سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و پێی وایه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌سێكی سیاسییه‌ مافی خۆیه‌تی كه‌ "رووداوێك ئه‌بێت و ده‌ستی گه‌وره‌ی تیایه"  ئاگای له‌ خۆی و له‌ حیزبه‌كه‌ی بێت چونكه‌ ئه‌و رووداوه‌‌ گه‌وره‌تره‌ له‌ رووی تاریخییه‌وه‌ نه‌ك پۆسته‌ حكومییه‌كه‌ی.
دڕەیی دەشڵێت: هەروەک چۆن نوسین و قەڵەم لە باریدا هەیە زاڵمان و ستەمکاران ڕیسوا بکات و پاشەکشەیان پێبکات، بە هەمان جۆر تفەنگ و گوللەش لە کاتی پێویستدا دەتوانێ مافیاو پیاوەکانی دەسەڵات تێکبشکێنێ...مێژوی گەلانی دنیاو شۆڕشەکانی جیهان هەزاران نمونەی تیایە کە ڕۆشنبیڕەکان پێش هەمو کەس دژی زوڵم و نادادی وەستاون و خەباتیان کردوە.. 
 دڕه‌یی پێشتر له‌ نووسینێكیدا به‌ ناونیشانی "ده‌رباره‌ی چه‌ك و قه‌ڵه‌م" رووداوی هه‌ڵگرتنی چه‌كی له‌ لایه‌ن خۆی و هاوڕێكانی به‌و جۆره‌ گێڕاوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان له‌ كادیره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی گۆڕان نزیكه‌ی 10 كه‌س بوونه‌، كاتێك "كاك عەدنان عوسمان هاتە ژوور و رووی کردە من و وتی کاکە مشور بخۆن دێنە سەرمان.. چەک... فریاکەوە... بە گورجی هاتمەدەر، وتم من ئەڕۆم بۆ چەک.. ئێوەش مشور بخۆن.. دێنەسەرمان". گێڕانه‌وه‌ی رووداو‌ی چه‌ك هه‌ڵگرتنی ئه‌و هه‌ڵسوڕاوه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دوای هێرشیكه. 

بابه‌كر دڕه‌یی: من ئەڕۆم بۆ چەک.. ئێوەش مشور بخۆن


بیرۆكه‌ی دروست كردنی "هێزی خۆبه‌خشی به‌رگریكردن له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان" له‌ ده‌ره‌وه‌ی ژووره‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان چووه‌ سه‌ر ده‌فته‌ری ناونووسینی خۆبه‌خشانی گۆران كه‌ سه‌دان كه‌س ناوی خۆیان تیا تۆماركرد، به‌ڵام دیار نییه‌ ناوه‌كانی ناو ئه‌و ده‌فته‌ره‌ له‌ لای كێ هه‌ڵگیراوه‌‌.
هه‌ڵسوڕاوه‌كه‌ی گۆڕان سه‌باره‌ت به‌ "هه‌ڵگرتنی چه‌ك و دروست كردنی هێزی به‌رگری له‌ گۆڕان" به‌ (دره‌و میدیا)ی وت "ئه‌م بۆچوونه‌ له‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ ئێره‌ وڵاتی قانون نییه‌ و قانونێك حاكم نییه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگا له‌ ده‌ستدرێژییه‌كان بپارێزیت، له‌ لایه‌كی تر‌ كۆمه‌ڵێك میلیشیا و كه‌سایه‌تی حیزبی هه‌ن كه‌ هه‌ر كاتێك بیانه‌وێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كاری ئه‌هێنن". 
ئه‌و شه‌وەی هێرشه‌كه‌ی فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی یه‌كێتی به‌ نموونه‌ هێنایه‌وه‌ وتی "بییه‌وێت هێز و كه‌رامه‌تت بشكێنێت و ‌باره‌گاكه‌ت تێكبدات، هه‌قه‌ و بڕوام به‌ مه‌نتقی داكۆكی له‌ خۆكردن هه‌یه". ‌
عه‌تا سه‌روای ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان پێشتر به‌ (دره‌و میدیا)ی وت، ئه‌وه‌ی هێرشی كرده‌ سه‌ر مه‌كۆی سه‌ره‌كی گۆڕان شێخ جه‌عفه‌ر بوو، به‌ڵام "ئه‌وه‌ پلان بۆ داڕێژراو نه‌بووه‌ له‌ لایه‌ن یه‌كێتی".
له‌ بڕگه‌ی 3ی مادده‌ی 11 له‌ یاسای ژماره‌ 17ی ساڵی 1993ی حیزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌ "حیزب دام و ده‌زگای سه‌ربازی و شێوه‌ سه‌ربازی نه‌بێ و لێی قه‌ده‌غه‌یه‌ چه‌كی به‌ پێچه‌وانه‌ی یاساوه‌ هه‌بێ".
به‌ڵام تائێستا به‌ بێ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و یه‌كپێگرتنی له‌گه‌ڵ لیواكانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه،‌ پارتی دیموكراتی كوردستان خاوه‌ن یه‌كه‌ی سه‌ربازی 80 و یه‌كێتی نیشتیمانیش خاوه‌ن یه‌كه‌ی سه‌ربازی 70یه‌، له‌ كاتێكدا له‌ ساڵانی دامه‌زراندنییه‌وه‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌و هێزانه‌ی به‌ میلیشیا ناوبردووه‌ و داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یانی كردووه‌.
به‌پێچه‌وانه‌ی به‌ڕێوبه‌ری گشتی رۆشنبیری و هونه‌ری سلێمانی، مام رۆسته‌م هه‌ڵسوڕاو و فه‌رمانده‌ی پێشووی سه‌ربازی و یه‌كێك له‌ هاوڕێ نزیكه‌كانی رێكخه‌ری پێشووی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دژ به‌ دروست كردنی هه‌ر جۆره‌ هێزێكی چه‌كداریە، ئه‌و بۆچوونی نه‌وشێروان مسته‌فای له‌باره‌ی دروست كردنی هێزێكی چه‌كدار له‌ لایه‌ن بزووتنه‌وه‌كه‌ بۆ (دره‌و میدیا) گێڕایه‌وه به‌وه‌ی وتوویه‌تی  "هێزی چه‌كدار بۆچی دروست بكه‌ین و بۆ گیان كێ؟ وتی ئێمه‌ ئه‌گه‌ر هێزمان هه‌بێت له‌ سلێمانی ئه‌بێ یان بۆ گیان یه‌كێتی یان بۆ گیان پارتی بێت یان حیزبێكی تر، ئه‌گه‌رنا حكومه‌تی عێراقی لێنه‌ماوه‌ بڵێین هێز دروست ئه‌كه‌م بۆ گیان رژێمێك كه‌ دژ به‌ كورده‌".
مام رۆسته‌م له‌ قۆناغی ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیدا 6جار برینداربووه‌، به‌ڵام وه‌ك خۆی وتی "هیچ یه‌كێك له‌ برینه‌كانی له‌ شه‌ڕی ناوخۆ نین".
ئه‌و به‌ مه‌حاڵی زانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بتوانێت ببێته‌ خاوه‌ن هێزێكی چه‌كدار  چونكه‌ "هێزی چه‌كدار شوێن و راهێنانی ئه‌وێت، هیچ نه‌بێت چه‌ك و پاره‌ و خواردنی ئه‌وێت". دەشڵێت " بەتەواوی دژی درووستكردنی هێزی چەكداریی گۆڕانم، چونكە ئێمە لەسەرەتاوە دژی بە حیزبیكردنی هێزی چەكداربوین ئێستا خۆمان درووستی بكەین؟ 
ئه‌و سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌ی پێشوو خه‌باتی مه‌ده‌نی پارتی دیموكراتی گه‌لان- هه‌ده‌په‌ی له‌ توركیا وه‌ك هێزێكی بێ چه‌ك وه‌ك نموونه‌ بۆ هه‌وڵی چه‌كداركردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و لادان له‌ خه‌باتی مه‌ده‌نی خسته‌ روو و باسی له‌وه‌ كرد "ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌ڵێن گۆڕان هێزی چه‌كدار دروست بكات دوو به‌شن، به‌شێكیان حه‌ز ئه‌كه‌ن هێزێكی چه‌كدارمان هه‌بێت، به‌شێكییان له‌ روانگه‌ی غه‌دره‌وه‌یه‌ و ئه‌ڵێن ئه‌مانه‌ به‌ چه‌ك غه‌درمان لێ ئه‌كه‌ن ئه‌بێ به‌ چه‌ك وه‌ڵامیان بده‌ینه‌وه‌" به‌ڵام "خۆ زۆر كه‌س و لایه‌ن هه‌ن چه‌كیان نییه‌ و خه‌بات ئه‌كه‌ن خه‌باتی مه‌ده‌نی، ئه‌وه‌تا له‌ توركیا سه‌ڵاحه‌ددین ده‌میرتاش له‌ زیندانه‌ و له‌سه‌ر داواكاری خۆشیان سوورن".

مام رۆسته‌م: نه‌وشێروان مسته‌فا وتی هێزی چه‌كدار بۆچی دروست بكه‌ین و بۆ گیان كێ؟ 


 خه‌لیل سه‌ركانی ئه‌ندامی جڤاتی گشتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و سه‌ركرده‌ی پێشووی سه‌ربازی، رۆژی 22ی ئایار بۆ‌ (دره‌و میدیا)ی ئاشكرا كرد كۆبوونه‌وه‌ له‌ لایه‌ن "سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌كانی گۆڕان" كراوه‌ و داوایان كردووه‌ "ژماره‌ی پاسه‌وانه‌ فه‌رمییه‌كان زیاد بكرێت، بۆئه‌وه‌ی گره‌نتی پاراستنی مه‌كۆی سه‌ره‌كی بزووتنه‌وه‌كه‌ بگرنه‌ ئه‌ستۆ".
تائێستا هیچ ئه‌ندامێكی خانه‌ی راپه‌ڕاندن پشتیوانی ئاشكرای خۆی بۆ دروست كردنی "یه‌كه‌یه‌كی چه‌كدار"ی سه‌ر به‌ بزووتنه‌كه‌ رانه‌گه‌یاندووه‌. 
دكتۆر ئیسماعیل نامیق رێكخه‌ری ژووری یاسایی بزووتنه‌وه‌كه‌ له‌ ماوه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كانی ئه‌گه‌ره‌كانی چه‌كداربوونی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌بێ هیچ ئاماژه‌كردنێك به‌ هه‌ڵگرتنی چه‌ك له‌ لایه‌ن هه‌ڵسوڕاوه‌ دیاره‌كانی گۆڕان وتی "ئه‌وانه‌ی داوای چه‌كداربوونی بزووتنه‌وه‌كه‌یان هه‌یه‌‌ لایه‌نگران و خه‌ڵكی خۆبه‌خشن و هیچ لایه‌نێكی فه‌رمی گۆڕان ناوی كه‌سی وه‌ك خۆبه‌خش تۆمارنه‌كردووه‌". 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand