یەكێتی مل بۆ فشارەكانی ئەنکەرە دەدات؟
2018-06-20 17:26:33
(درەو میدیا):
”توركیا ھەڕەشەی لە یەكێتی كردووە، بۆیە ئێستا ناوێرن قسە بكەن" ئەمە وتەی عەلی عەونی ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستانە.
ئەم هەڕەشە و فشارانە دوای زنجیرەیەك كاردانەوەی توركیا دێت بەرامبەر بە یەكێتی لەبارەی دەستگیركردنی دوو ئەفسەری دەزگای هەواڵگری توركیا ( میت ) و نیگەرانی ئەنكەرە لە دەست ئاوەڵاكردن بۆ پەكەكە و لایەنە هاوسۆزەكانی لە سنوری قەڵەمڕەوی یەكێتیدا.
لە مانگی ئابی 2017 توركیا بەهرۆز گەڵاڵی نوێنەری یەكێتی نیشتمانی كوردستانی لە ئەنکەرەوە ناردەوە سلێمانی و دەرگای نوێنەرایەتی یەكێتی داخست، ئەمە یەكەم هەنگاوی كرداری توركیا بوو بەرامبەر بە یەكێتی.
دوای هەڵگرتنی گەمارۆی ئاسمانی سەر فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی لەلایەن بەغداوە، سەرۆك وەزیرانی توركیا ئامادەنەبوو قەدەغەی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی هەڵگرێت و یەكێتی تۆمەتباركرد بە پشتیوانیکردنی پەكەكە.
هەر لەو زنجیرە كاردانەوانەی توركیا بەرامبەر بە یەكێتی، رۆژی 5/6/2018 مەولود چاوش ئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" لەلایەن چەند گروپێكی ناو یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕانەوە پشتیوانی پەكەكە كراوە و بەوهۆیەوە توانیویانە دابەزنە ناو شاری سلێمانی"
چاوش ئۆغلۆ لە زاری وەزیرێكی یەکێتی حكومەتی هەرێمی كوردستان باسی لەوەكرد کە" پەكەكە ڕێنمایی دەداتە سەركردایەتی یەكێتی و هەڕەشەیان لێدەكات"
سەرباری ئەو فشارانەی كە لە لێدوانی بەرپرسانی توركیا هاتووە بەرامبەر بە یەكێتی، زانیارییەكان باس لەوە دەكەن كە ئەنكەرە لەژێر پەردەشەوە مەسج و هەڕەشەی بە بەرپرسانی یەكێتی گەیاندووە لەو بارەیەوە.
دوای ئەو هەموو هەڕەشە و هۆشداریدانانەی توركیا جگە لە چەند لێدوانێكی كورتی سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی كە جدیەتی پێوە دیار نەبووە، یەكێتی هیچ هەنگاوێكی ئەوتۆی نەناوە.
ئێستا بۆ خوێندنەوەی هەڵوێستی یەكێتی رەنگە باشترین نمونە ئەو ئۆپەراسیۆنە بێت كە توركیا بۆسەر قەندیل دەیكات، لەم پرسەدا یەكێتی بێدەنگی هەڵبژاردووە، ئەمە ئەوە دەردەخات كە رەنگە فشار و هەڕەشەكانی توركیا بۆسەر یەكێتی كاری خۆی كردبێت، هەروەك عەلی عەونی ئەندامی سەركردایەتی پارتی لە لێدوانێكدا بۆ باسنیوز دەڵێت" ئەگەر یەكێتی راست دەكات، ھیچ كەسێك دەستی نەگرتوون، بابڕۆن یارمەتیی قەندیل بدەن“
لە نەوەدەكانی سەدەی رابردووە پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی كرێكارانی كوردستان چەندین هەوراز و نشێوی بەخۆوە بینیوە، ناكۆكی ئەم دوو لایەنە گەیشتە حاڵەتی شەڕی براکوژیی، بەڵام بەهەڵدانەوەی لاپەرەی مێژووی ئەم دوولایەنەش چەندین هاوكاری و هەماهەنگی دەبینرێت بەتایبەتی هاوكاری یەكێتی بۆ پەكەكە.
لە هەڵبژاردنەكانی 2013 و 2014 دا پەكەكە بە فەرمی داوای لەلایەنگرانی كرد لە هەرێمی كوردستان دەنگ بە لیستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بدەن، بەڵام لەدوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا كە لە 12ی ئایاری رابردوو بەرێوەچوو، تەڤگەری ئازادی كە وەك باڵی سیاسی پەكەكە لە باشووری كوردستان تەماشا دەكرێت، لەگەڵ نەوەی نوێ هاوپەیمانیكرد و چووە هەڵبژاردنەوە.
بەرپرسانی یەكێتی دركیان بەم هەڵوێستانەی پەكەكە كردووە و هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی باس لەوەدەكەن كە یەكێتی، لەبەر خاتری پەكەكە باجی بە پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ توركیاداوە، بەڵام لەبەرامبەردا پەكەكە سەنگەری دژایەتی یەكێتی لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان توند دەكات.
ئێستا یەكێتی ئەیەوێت پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ توركیا چاك بكاتەوە، بەڵام نازانرێت ئاخۆ بۆ چاككردنەوەی ئەو پەیوەندیانە ئامادەیە بچێتە ژێر باری چ كۆت و مەرجێك؟ ئایا پەیوەندی داهاتووی یەكێتی لەگەڵ توركیا هاوشێوەی ئەو پەیوەندیەیە دەبێت كە پارتی لەگەڵ ئەنكەرە هەیەتی؟ ئایا یەكێتی ئەچێتە ژێرباری هەر مەرجێكی توركیا لەبارەی پەكەكەوە؟ ئەمانە كۆمەڵێك پرسیارن كە تەنها داهاتوودا وەڵام بدرێنەوە.