ئاوەڵزاواكان شەڕی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دەكەن
2018-06-09 13:47:48
راپۆرتی شیكاری: محەمەد رەئوف
هەردوو ئاوەڵزاوی جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری پێشوی عێراق و سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، شەڕی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دەكەن، ئەگەر ئەو پۆستە بەر یەكێتی بكەوێت.
ئەم ململانێیە ململانێی دوو كارەكتەری ناو یەكێتی نیە بەڵكو لە پشتی ئەو دوو كارەكتەرە دوو خاتوون هەن كە رەنگە چاویان لە خانمی یەكەمی عێراق بێت شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و هەتاو ئیبراهیم ئەحمەد، وەك خوشكە گەورەیان هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كە دوو خول خانمی یەكەمی عێراق بوو، كە ئەگەرچی نەك خانمی یەكەمی عێراق بەڵكو پۆستی سەرۆك كۆماریش پۆستێكی تەشریفاتی و رەسمیە، بەو پێیەی د. محەمەد سابیر هاوسەری هەتاو ئیبراهیم ئەحمەد و د. لەتیف رەشید هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەد چاویان لە پۆستەكەی جەلال تاڵەبانیە كە هاوسەری هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بوو.
هێشتا گفتوگۆی لایەنەكان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دەستی پێنەكردووە، بەڵام سەرەرای یەكێتی، پارتیش چاوی لەو پۆستەیە و لە لێدوانی سەركردەكانیاندا ئاماژەی بۆ دەكەن، بەڵام دەوترێت باسكردنی ئەو پۆستە لەلایەن پارتیەوە بۆ وەرگرتنی پۆستەكە نیە هێندەی بۆ سەندنی پۆستی دیكەیە لەبەرامبەر ئەو پۆستە لە یەكێتی، بەو پێیەش چاوەڕوان دەكرێت پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی یەكلاببێتەوە، قسەكە لەسەر كاندیدی یەكێتیە بۆ ئەو پۆستە بۆ كێ دەبێت، دەوترێت مەلا بەختیار چەندین جارو لە چەندین بۆنەدا ئاماژەی بەو پۆستە كردووە و چاوی لەو پۆستەیە، بەڵام ئێستا زیاتر بانگەشە بۆ د. لەتیف رەشید و د. محەمەد سابیر دەكرێت، هەریەكەیان سایت و پەیجە سێبەرەكانیان بۆ خۆیان خستوەتە گەڕ.
د. محەمەد سابیر نیازی خۆی ئاشكراكردووە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە و بە ئاشكرا رایگەیاندووە كە خۆی بۆ ئەو پۆستە كاندید دەكات، بەپێی نوسراوێكی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی ژمارە ( 259 ) رۆژی 27/5/2018 كە ئاراستەی كۆسرەت رەسوڵ عەلی و دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتیان كردووە ، رایانگەیاندووە كە ( د. محەمەد سابیر ) ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی داوایكردووە كە لە پشكی یەكێتی لە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقدا پۆستێكی باڵای پێبدرێت چ پۆستی سەرۆك كۆمار ئەگەر بدرێت بە یەكێتی یان پۆستێكی باڵای تر، بۆیە ئێمە پشتیوانی دەكەین و هەموو ئەو مەرجانەی تێدایە كە نوێنەرایەتی یەكێتی بكات لە بەغداد.
هاوكات د. عیزەت سابیر برای د. محەمەد سابیر و پەرلەمانتاری یەكێتـی لە پەیجی تایبەتی خۆی ڤێدیۆیەكی ژیانی د. محەمەد سابیری بڵاوكردۆتەوە و رایگەیاندووە:" بەربژێری فەرمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بەڕێز د محمد سابیر ئیسماعیلە، بە هیوای پشتیوانی تەواوی ئەنجومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی و سەرجەم كادران و لایەنگرانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ ئەو مەبەستە"
لە بەرامبەریشدا بانگەشە بۆ د. لەتیف رەشید هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەكرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، ئەگەرچی پێگە و دەركەوتنی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد زیاترە لەناو یەكێتیدا وەك لە هەتاو ئیبراهیم ئەحمەدی هاوسەری د. محەمەد سابیر.
پەیجەكانی سەربە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بانگەشە بۆ د. لەتیف رەشید دەكەن، لە پەیجی پشتیوانانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە بابەتێكدا بەناوی ( یەكێتی كێ بكاتە سەرۆك كۆمار! ) نوسیویەتی " ئەوەی بۆ پۆستی سەركۆمار گرنگە دابنرێ، پیاوێكە متمانە پێكراوی خودی سەرۆك مام جەلالە و پیاوێكە نزیك لە مامە و نزیك لە بیردۆزو سیاسەتەكانی ئەم چەند ساڵەی بەغدا، پیاوێكە ئەزمون دەیخوازێ، ژیر و سەنگین، ئەویش بەرێز دكتۆر لەتیف رەشیدە".
دەشڵێت :"دكتۆر لەتیف رەشید، یەكێكە لە نزیكەكانی سەرۆك مام جەلال و بەدرێژایی وجودی مامی گەورە وجودی هەبوە لە بەغداد. دكتۆر لەتیف لینكی پەیوەندییەكانی مام بووە لەگەڵ شیعە و سوننە و تەواوی پێكهاتەكانی عێراق، هەروەها تێگەیشتو لە رێبازی مام و نزیك لە سیاسەتەكانی مامی مەزن. دەبێ یەكێتی بۆ پۆستی سەركۆمار دەست بۆ ئەم زاتە راكێشێ، رەشید ئاشنا لە بەغدا، ئاشنا لە سیاسەت و هەنگاوەكانی عێراق، گرنگە دەستنیشان بكرێ"
رەنگە خستنە رووی ناوی هەردوو ئاوەڵزاوەكەی مام جەلال بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بێ هۆ نەبێت و پلانێك بێت بۆ ئەوەی هەركامیان بێت گرنگ ئەوەیە پۆستەكە لە دەستی بنەماڵەی تاڵەبانیدا بێت، بەڵام ئەوەی كارەكتەری سەرۆك كۆمار دیاری دەكات تەنها یەكێتی نیە، بەڵكو پارتیش رۆڵی كاریگەری دەبێت لە دیاریكردنیدا و بەبێ رەزامەندی پارتی هیچ كارەكتەرێك دانانرێت لەناو یەكێتی بۆ ئەو پۆستە، لە چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی هەڵوێستە توندەكانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دژ بە پارتی و بنەماڵەی بارزانی، چانسی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری بۆ د. لەتیف رەشید لاواز كردووە، بۆیە لەسەرەتاوە ناوی د. لەتیف رەشید زۆر بەگەرمی دەهات، بەڵام ئێستا ناوی د. محەمەد سابیر زیاتر دەردەكەوێت بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.
یەكەم/ د.محەمەد سابیر
د. محەمەد سابیر، ئاوەڵزاوی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، هاوسەری هەتاو ئیبراهیم ئەحمەدە، ئێستا كە تەمەنی 71 ساڵە، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە. پێنج زمان دەزانێت( عەرەبی ، ئینگلیزی ، فارسی، سویدی، چینی ) دەزانێت، خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە فیزیای ئەتۆمییە لە زانكۆی ستۆكهۆڵم، لەدروستبونی كۆمەڵەوە بەرپرسی سلێمانی كۆمەڵە بووە تاساڵی١٩٧٤. لەنێوان ساڵانی 1977 تا 1992 لێپرسراوی لقی ئەوروپای یەكێتی نیشتمانی كوردستان بووە. لە ساڵی 1993 تا 2001 نوێنەری حكومەتی هەرێم بووە لە فەرەنسا پاشان لە ئەمەریكا، لە 2004 تا 2010 باڵیۆزی عێراق بووە لە چین، لە 2013 تا 2016 نوێنەری هەمیشەیی عێراق بووە لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە جنێڤ.
محەمەد سابیر لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی ئاوێنە سەبارەت بەوەی رەخنەی لێدەگیرێت لەبەرئەوەی لە بنەماڵەی تاڵەبانییەوە نزیكە و پۆستی وەرگرتووە رایگەیاندووە “تەنها لەبەرئەوەی من ئاوەڵزاوای مام جەلالم، ئەگەرنا جگە لەنەوشیروان مستەفا و یەك دوانێكی تر نەبێت، هیچ كام لە بەرپرسانی باڵای یەكێتی نەپێش من هاتوون، نەهێندەی بەندە خەباتی سیاسییان هەیە. ئیتر گوناهم چییە؟ لەبڕوانامەوە دەڵێیت نەك لەكوردستان، بەڵكو لەسەر ئاستی عێراق بەرزترین بڕوانامەم هەیە، پێنج زمان دەزانم. لە١٣ساڵییەوە لە خەباتدا بەشدارم”.
دووەم/ د. لەتیف رەشید
د. لەتیف جەمال رەشید، ئاوەڵزاوای جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەدە، ئێستا كە تەمەنی 72 ساڵە، سەرۆكی دەستەی راوێژكارانی سەرۆك كۆماری عێراقە، لە سلێمانی لەدایكبوەو زمانەكانی عەرەبیو ئینگلیزی دەزانێو بڕوانامەی ماستەرو دكتۆرای لە بواری ئەندازیاریدا لەبەریتانیا بەدەستهێناوە. لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا وەك ئەندازیار لە رێكخراوی فاوی سەر بەنەتەوە یەكگرتووەكان كاریكردوە و بەڕێوەبەری چەندین پڕۆژەی پەرەپێدانی بواری خۆراك و كشتوكاڵ بووە لە سعودیە و یەمەن. لەساڵی 2003ەوە تا 2010 وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق بووە و پاشان بووە بە راوێژكاری پێشكەوتوی سەرۆك كۆمار “تاڵەبانی و فوئاد مەعسوم”.