بهدواداچوون: نیاز عهبدوڵڵا "یهكێك له دكتۆرهكان وتی براكهی خۆت دهناسیتهوه؟ وتم بهڵێ، لهناو هۆڵی مردووهكانی نهخۆشخانهكه نزیكهی 150 پیاوی مردووی لێ بوو، كه چوومه ژوورهوه ئهو له لای دهرگاكه داندرابوو و هێنامانه دهرهوه، قاچ و دهستهكانی ههر بهسترابوونهوه و خۆم كردیانمهوه". سهردار عوسمان برای چوارهمی سهردهشت كه له تهنیشت گڵكۆی براكهی ئهم قسانهی دهكرد دهنگی له گهروویییهوه نووسابوو و چاوهكانی پڕ له فرمێسك بوون. ئهو یهكهم كهسی خانهوادهكهیانه تهرمی برای ههشتهمی بینیوه، سهرهڕای ئاگاداركردنهوهی زۆری له مهترسیداری رێگاكه و ئهوبهری شاری موسڵ كه ئهوكات به شوێنی چالاكی تیرۆریستهكان ناوبانگی ههبوو، بهڵام بهرهبهیانی 6ی ئایاری 2010 به ئۆتۆمبێلێكی ئهمبۆلانس لهگهڵ دراوسێیهكیان و شوفێرهكه بهرهو نهخۆشخانهی پزیشكی داد رۆیشتن. وهك سهردار به (درهو میدیا)ی وت "ئێوارهی 5ی ئایار له ژێرنووسێكی كوردستان تیڤی نووسرابوو، ئهوانهی بهشوێن كوڕه رفێندراوهكهی پێش كۆلیژی ئهدهبیات دهگهڕێن پهیوهندی بهم ژماره تهلهفۆنهوه بكهن كه ژمارهیهكی كۆڕهك تیلیكۆم بوو، ئێمه له رێگای هاوڕێكانی سهردهشت لهو نووسراوه بڵاوكراوهی كهناڵهكه ئاگاداركراینهوه بۆیه پهیوهندیم بهو ژمارهیهوه كرد، كهسێكی كوردی زابت پۆلیس دهرچوو له موسڵ تا هێنانهوهی تهرمهكه چهند جارێك بهیهكهوه قسهمان كرد". ئهو ئهفسهرهی پۆلیس به سهرداری وتبوو تهرمی سهردهشتی له كاتژمێر 5:30ی ئێواره له گهڕهكی وهحده (حي الوحدة) به دهست و قاچ بهستراوی كه كیسهیهكی رهشی خراوهته سهر و گوللهیهك به دهمییهوه نراوه و لهسهرییهوه دهرچووه، لهسهر پردی4ى موسڵ دۆزیوهتهوه و داواى كردووه بچن تهرمهكهی له نهخۆشخانهی دادوهری موسڵ وهربگرنهوه. بۆ هێنانهوهی تهرمهكه له ههولێرهوه برای چوارهم و باوكی سهردهشت لهگهڵ ههشت خزم و دراوسێیهكیان دهڕۆن بۆ موسڵ، لهوێ له رێگای پهیوهندییه خێزانییهكانیان مهڵبهندی یهكێتی نیشتمانی كوردستان له موسڵ ئۆتۆمبێلی ئهمبۆلانسیان بۆ دابین دهكات تا بچن له نهخۆشخانهكه تهرمهكه بهێننهوه، دواتر ههر بهو ئۆتۆمبێله به یاوهرهی سهرداری برا و عوسمانی باوك تا بهردهرگای ماڵهكهیان تهرمی سهردهشتی تیرۆركراو دههێننهوه. سهردهشت عوسمان رۆژنامهنووس و خوێندكاری قۆناغی چوارهمی بهشی زمانی كۆلیژی ئهدهبیات تهنیا دوای 8كاتژمێر و 20 خولهك تێپهڕبوون بهسهر یادی رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامهگهری، لهپێش كۆلیژهكهی له 4ی ئایاری 2010 كاتژمێر 8:20ی بهیانی له كاتی چوونی بۆ خوێندن له لایهن چهند كهسێكی نهناسراوی جلوبهرگ مهدهنی به ئۆتۆمبێلێكی جۆری هۆندا سپی 12 نهفهری ژماره كاتی بهغداد رفێندرا و، له ئێوارهی دووهم رۆژی رفاندنهكهیدا ههواڵی بوونی تهرمهكهی له شاری موسڵ به خێزانهكهی راگهیهندرا. سهردار وهك ئهوهی یهكهم ئهندامی خێزانهكهیان بوو تهرمهكهی بینی، دوایین كهسیش بوو كه ئهوی به زیندوویی بینی، چونكه ئهو رۆژی 4ی ئایار سهردهشت دهباته زانكۆ و چهند خولهكێك له دوای جێهێشتنی ئهوێ رفاندنهكه ئهنجام دهدرێت. بهپێی قسهی خوێندكاره شایهتحاڵهكانی پێش كۆلیژی ئهدهبیات كه سهردهشت له سهیارهی براكهی دادهبهزێت "دوو پیاوی جل مهدهنی لهگهڵ سهردهشت دهكهونه قسه، دیاره ئهوان مهبهستیان بووه بیخافڵێنن و نهچێته ناو كۆلیژهكهی تا سهردار دهڕوات، بۆیه له دوای رۆیشتنی چهند كهسێكی تر لهناو سهیارهیهكی جۆری كیا-هۆندای سپی دادهبهزن و لهگهڵ دوو كهسهكه به زۆر و لێدان دهیخهنه ناو سهیارهكه و دهیڕفێنن". بهشدار برای حهوتهمی خێزانهكهی به گێڕانهوهی رووداوی رفاندنه بۆ (درهو میدیا) دهیویست ئهوهش بگهیهنێت كه بهپێی شێوهی رفاندنهكهی، پێشتر چاودێری و ئامادهكاری ورد كراوه بۆ رفاندن و كوشتنی براكهی. سهردهشت له وتاری "یهكهمین زهنگی كوشتنم لێی دا" لهبارهی ئهو رێكارانهی گرتبوویهبهر بۆ ئاگاداركردنهوهی لایهنه بهرپرسهكان له ههڕهشه و مهترسییهكانی سهری، نووسیبووی "دوێنێ راگری كۆلیژهكهم ئاگادار كردهوه كه شهوی رابردوو ئیهانه و تههدیدی كوشتنیان كردووم، بهڵام ئهو وتی ئهمه كێشهی پۆلیسه، دوای ئهوهش پهیوهندیم به عهمید عهبدولخالقی بهڕێوبهری پۆلیسی ههولێركرد پێمی گووت لهوانهیه ئهم ژمارهی مۆبایله هی دهرهوهی وڵات بێت، یان كێشهیهكی شهخسی بێت، لهوانهیه چهند جارێكی دیكهش دووباره بێتهوه، بهڵام ههولێر ئارامه و شتی ئاوای لێ روونادات". ههمان رۆژ دوای ئهوهی خێزانهكهی به رفاندنهكهی دهزانن له نزیكترین بنكهی پۆلیسی نزیك كۆلیژهكهی كه بنكهی پۆلیسی ئازادییه سكاڵای یاسایی تۆماردهكهن و پۆلیس به فهرمی له رفاندنی كوڕهكهیان ئاگاداردهكهنهوه. بهڵام له سێیهم رۆژی پاش تۆماركردنی سكاڵاكه له 6ی ئایار و دوای هێنانهوهی تهرمهكهی له موسڵ، له ههولێر لهنێو هاوار و شیوهن و گریانی هاوڕێ و خوێندكارهكان و خزمهكانی، تهرمی سهردهشت عوسمان له دواوهی ئۆتۆمبێلێكی جۆری گازی سپی دوو تهنی داندرا و بۆ ماڵئاواییكردن برایهوه ناو كۆلیژهكهی و ئهو شوێنهی كه چیرۆكی رفاندنهكهی لێیهوه دهستیپێكرد، دواتر بهرهو گوندی گردعازهبان بهڕێكرا تا لهوێ بهخاك بسپێردرێت. برا گهورهی خانهوادهكهی سهردهشت، بهكرعوسمان ناسراو به ئارام عهلی كه تهنیا ئهندامی خێزانهكهیه بههۆی نیشتهجێبوونی له وڵاتی سوید نهیتوانی دوایین ماڵئاوایی بهر له به خاكسپاردنی له براكهی بكات و هێشتا لهگهڵ ئازاری ساتی ههواڵی پێڕاگهیاندنی مهرگی براكهی دهژی، لهبارهی راپۆرتی پزیشكی دادهوری موسڵ و جیاوازی ناوهڕۆكی راپۆرتهكه به (درهو میدیا)ی وت " لەگەڵ هێنانەوەی تەرمی سەردەشت، هیچ راپۆرتێکی پزیشکی دادوهری نەدرا، ئێمە پەیوەندیمان بەو نهخۆشخانهیه کردەوە بۆ وەرگرتنی راپۆرتهكه، دکتۆرێک وەڵامی دایەوە، وتی وەرن راپۆرتەکە ئامادەیە و بیبهن". بهڵام خانهوادهی سهردهشت كاتێك دهچنهوه ههمان نهخۆشخانه پێیان رادهگهیهنن "کە کەسی تر هاتووە و راپۆرتەکەی بردووە". ئهوان پرسیاری ئەو دکتۆرە دهكهن كه پێشتر قسهیان لهگهڵ كردووه بهڵام پێیان دهڵێن "ئەو دکتۆرە لێرە نەماوە" دوای گهڕان بهدوای شوێن و كاری نوێی هیچ زانیارییهكیان دهست ناكهوێت. سهركهوت عوسمان برای سێیهمی سهردهشت به (درهو میدیا)ی وت "له دوای هێنانهوهی سهردهشت بهڕێوبهری پۆلیسی ههولێر داوایكرد تهرمهكهی ببهینه پزیشكی دادوهری ههولێر، بهڵام ئێمه ئهوهمان رهتكردهوه". دوای تێپهڕبوونی 4 هەفتە بەسهر رووداوهكه بهناوی پزیشكی دادوهری موسڵ و به رێككهوتی 4/5/2010 راپۆرتێك لە لایەن (لیژنهی لێكۆلینهوه له دۆسیهی كوشتنی قوتابی سهردهشت عوسمان) بڵاوكرایهوه. ئارام عوسمان له بارهی راستی ناوهڕۆكی راپۆرتهكه وتی "ئاسایشی هەولێر لێدوانێکی تەمومژاویان دا و راپۆرتێکی پزیشیکیان بڵاوکردەوە، ئەو لێدوان و راپۆرتە راستی رووداوەکەی تیادا دەستکاری کرابوو بە سیناریۆیەکی ناڕاست رووداوهکەیان گێڕابووهوه، بهشێكی پێچهوانهی كاتی رووداوهكهیه و راپۆرتهكه به رێككهوتی 4ی ئایار رۆژی رفاندنهكهی نووسراوه له كاتێكدا 5ی ئایار گهیهندرابووه نهخۆشخانهكه". ئهو سهرنجی زیاتری لهسهر ئاسهوارهكانی ئهشكهنجهدان و پێوهنانی فیشهكهكه ههبوو كه له راپۆرتهكهدا بهجۆرێكی تر نووسراوه، بۆ نموونه "سهردهشت فیشهك به دهمییهوه نرابوو كهچی له راپۆرتهكه دهڵێ بهر سهری كهوتووه، له كاتێكدا شوێنی پێوهنانی فیشهكهكه بۆناو دهمی ئاماژهیه بۆ ههڕهشه و سهركوتكاری نووسین و وتن و بۆئهو بابهتانهی كه نووسیونی". له ژێر فشاری میدیا و چالاكوانانی مهدهنی و ناڕهزایی شهقام و خانهوادهی سهردهشت، مهسعود بارزانی سهرۆكی ئهوكاتی ههرێمی كوردستان بریاری دروستكردنی لیژنهیهكی دا به ناوی (لیژنهی لێكۆلینهوه له دۆسیهی كوشتنی قوتابی سهردهشت عوسمان) به سهرۆكایهتی وهزیری ناوخۆ كهریم سنجاری، كه ئهوكات ناوی لیژنهكه بههۆی پێكهاتهی ئهندامان و فهرامۆشكردنی رۆژنامهنووس، بوونی كهوته بهر رهخنه و لیژنهكهش نهبووه هۆی دهستگیركردنی بكوژان. رۆژی 15ی ئهیلولی 2010 ئاسایشی ههولێر راگهیهندراوێكی به ناونیشانی "ناسنامهی بكوژانی قوتابی سهردهشت عوسمان ئاشكرا دهكات" بڵاوكردهوه بهبێ هیچ ئاماژهكردنێك به رفاندنهكهی لهنێو بازگهكانی دهزگای ئاسایش، تیایدا هاتبوو "پاش كۆكردنهوه و تاوتوێكردن و شیكردنهوهی چهندین زانیاری له سهرچاوهی جیاجیا له لایهن لیژنهی لێكۆڵینهوه دهركهوت كهسێكی سهر به گرووپی ئهنسار ئهلئیسلام -انصار الاسلام به ناوی هیشام مهحمود ئیسماعیل تهمهن 28 ساڵ به رهگهز كورد، دانیشتووی شاری موسڵ پیشهی فیتهره له پیشهسازی شارۆچكهی بێجی دهستی ههبووه له شههیدكردنی ناوبراو". له یهكهم رۆژی دادگاییكردنی تاوانباركراو له لایهن ئاسایشی ههولێر، پهڕاوی لێكۆڵینهوهی هیشام مهحمود برایه بهردهم دادوهر عهبدولباست فهرهادی له دادگای تاوانەکانی ههولێر. بهڵام بهپێی زانیارییه بڵاوكراوهكانی رۆژنامهی رووداو بههۆی ههبوونی ههڵه له دۆسییهكه بهوهی نووسرابوو "له رۆژی 30/8/2010 ئیفاده له تۆمهتبار وهرگیراوه بهڵام له رۆژی 7/9/2010 دهستگیركراوه" دادوهر دانیشتنی دادگاییكردنی دۆسییهكهی دواخست. ماڵپهڕی ئاوێنه له 14ی ئایاری 2013 بڵاویكردهوه كه "هیشام مهحمود ئهو كهسهی تۆمهتباركرابوو به كوشتنی رۆژنامهنووس سهردهشت عوسمان بههۆی نهبوونی شاهید و بهڵگه لهسهری ئازادكراوه". بههۆی رهتكردنهوهی بڕیارهكانی لیژنهی لێكۆڵینهوهی ئاسایشی ههولێر له لایهن خانهوادهی سهردهشت و جهختكردنهوه لهسهر ئهوهی كوڕهكهیان "بههۆی نووسینهكانی و رهخنهگرتن له بنهماڵهی بارزانی و پارتی دیموكرات و سیستهمی سیاسی" تیرۆركراوه، ئامادهی هیچ یهكێك له دانیشتنهكانی دادگاییكردنی هیشام نهبوون. بۆیه عوسمان حهسهن باوكی سهردهشت به ماڵپهڕی سبهی وتبوو "ههر كاتێك بكوژی راستهقینهی كوڕهكهمان برایه بهردهم دادگا ئهو كات ئێمهش به خۆشحاڵییهوه ئاماده دهبین". سهردهشت له 25/12/1987له گهڕهكی كرێكارانی شاری ههولێر له دایكبووه، خێزانهكهی پێكهاتوون له سێ خوشك و ده برا كه ئهو ههشتهمین له دایكبووی كوڕیان بووه. سهردهشت پێشتر له وتاره رۆژنامهوانییهكاندا ئاماژهی بهو ههڕهشانه كردووه كه بههۆی وتارهكانی "من عاشقی كچهكهی بارزانیم" و "نه سهرۆك خوایه نه كچهكهی" لێی كراوه، وتاری یهكهمی 348 وشه بوو و وتاری دووهمی 804 وشه بوو، بهڵام له دوای تیرۆركردنی له دوو بهرگی كتێبدا بهناوی "سهردهشت عوسمان" لهبهرگی یهكهمدا 1049 لاپهڕه و لهبهرگی دووهمدا 866 لاپهڕه له دژی تیرۆركردن و لهدژی بكوژانی و پاڵپشتیكردنی ئازادی نووسراوه و بڵاوكراوهتهوه. به زمانی كوردی و زمانه زیندووهكانی جیهان له رێگای بهدواداگهڕانی گۆگڵهوه چهندین ههزار لاپهڕهی نووسراوی لهسهر دهدۆزرێتهوه. بهشدار لهگهڵ برا تیرۆركراوهكهیدا ژوورێكی هاوبهشیان ههبووه بۆ خوێندن و خهوتن له ماڵهكهیاندا، ئهو تائێستاش ئهو كهلوپهلانهی پاراستووه كه له كاتی كوشتنی له نێوگیرفانی دابوون و پێكهاتبوون له وێنهیهكی خۆی و سێوهی دایكی لهگهڵ ناسنامهی زانكۆ و تهنیا 12ههزار دیناری عێراقی. سێوه حهمهدهمین كه له دوای تیرۆركردنی كوڕهكهیهوه به تهواوی بووهته دایكێكی رهشپۆش، زوو زوو فرمێسكی چاوهكانی دهسڕێت، وهك ئهوهی ئومێدی به دادگان نهمابێت دهست بۆ ئاسمان بهرزدهكاتهوه دهڵێ "حهقی سهردهشتم لهو خودایه دهوێ، ئیللا هاواری ئهو خودایه دهكهم، نوخشهی سهدامیان لێ بێت ههر ئهوهنده دهڵێم". سێوهی دایك لهسهر گڵكۆی كوڕهكهی سهبارهت هاودهنگی و هاوخهمی خهڵك لهگهڵیان به (درهو میدیا)ی وت "ئهو خهڵكه دهستبارییان گرتووه لهگهل خهمهكانمان، ئهو كوڕه زۆربێ گوناه بوو، دهچووه مهكتهب و دههاتهوه". ئهو گێڕایهوه رۆژێك لهسهر زۆر خوێندن گلهیی له كوڕهكهی كردووه پێی وتووه "رۆژێك چاوی خۆت لهسهر ئهو كاغهزانه دادهنێی، ئهو وتی دایه خوێندن ئهوهای دهوێ، زۆر مهراقی خوێندن بوو، لهو رۆژهی چووه مهكتهب ساقیت نهبوو تا ئهو رۆژهی ئهوهایان لێكرد". دوای تێپهڕبوونی 8 ساڵ بهسهر كوشتنی كوڕهكهیان، خانهوادهی سهردهشت سوورن لهسهر ئهوهی وتارهكانی "من عاشقی كچهكهی بارزانیم" و "نه سهرۆك خوایه نه كچهكهی" لهگهڵ نووسینهكانی تری هۆكاری سهرهكین بۆ رفاندن و تیرۆركردنی. بۆیه بهشدار وتی" ئێمە هەمان خواست و ویستی یەکەمین رۆژەکانی لەدەستدانی رۆڵەکەمان دووپات دەکەینەوە دەبێت بکوژان و نەخشەداڕێژەرانی تیرۆری سەردەشت ئاشکرا و دادگایی بکرێن چونكه تیرۆری سهردهشت تهنیا له كوشتنی فیزیكی و گوله بۆ ناودهمی كۆتایینههات بهڵكو ههموو ئیمكانییهتێكی حكومهت و دهزگا ئهمنییهكان و دادگاكان خرانه خزمهت ونكردنی بكوژانی راستهقینه لهبهرچاوی ئێمه و كۆمهڵگا". لهبهرئهوه "دوای 8 ساڵ ئهو دۆسیهیه له لای ئێمه و خهڵكی كوردستان به كراوهیی دهمێنێتهوه و سهردهشت لهوه تێپهڕیوه بهتهنیا كوڕی خانهوادهیهك بێت، ئهو ئێستا كوڕی ههموو كۆمهڵگایه".
راپۆرت: رۆیتەرز وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت ساڵی 2014 خەڵكێكی زۆر كەم لە دەرەوەی عێراق ناوی حەیدەر عەبادییان دەزانی، كاتێك لە كەسایەتییەكی تاڕادەیەك نەناسراوەوە بوو بە سەرۆكی وڵاتێك كە بە بارێكی ناسەقامگیردا تێدەپەڕی. عەبادی وەكو كاندیدی چارەسەری مامناوەند لەدوای دورخستنەوەی نوری مالیكی لە ململانێكان لەسەر دەسەڵات دەركەوت، لە مانگی ئەیلولی ئەو ساڵەدا دوای دوو مانگ لە كۆنترۆڵكردنی روبەڕێكی بەرفراوانی خاكی عێراق لەلایەن رێكخراوی داعش و راگەیاندنی خەڵافەت، عەبادی بوو بە سەرۆك وەزیران. دوای چوار ساڵ عەبادی ئاڵنگاری پێشبینی سوپایەك لەو كەسانەی كرد كە گومانیان لە تواناكانی دەكرد. سەركەوتنی بەسەر رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیدا راگەیاند و ئاگری ئاڵۆزییە تائیفییەكان كوژراندەوە كە مالیكی خۆشی كردبوو، پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی سوننیدا چاككرد و پارێزگاری لە یەكێتییە لەرزۆكەكەی عێراق كرد بە روبەڕوبونەوەی هەوڵێكی شكستخواردووی كوردەكان بۆ سەربەخۆیی. هەروەك عەبادی كاریكرد بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگی لەنێوان بەرژەوەندییە ناكۆكەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا وەكو دوو پاڵپشتكاری سەرەكی خۆی. عەبادی پێشتر ئەندازیاری كارەبا بووە، ماوەیەك لە ماوەكان بەرپرسی بەشی چاككردنەوەی ئەسانسۆر (مصعد)ەكانی ئێزگەی بەریتانیا (بی بی سی) بووە، لەو ساڵانەی كە بەناچاری لە بەریتانیا پەناهەندە بوو. ئەو گرەو لەسەر ئەو دەستكەوتانە دەكات كە لە پۆستەكەیدا بەدەستیهێناون بۆ بردنەوەی ویلایەتی دووەم لەو هەڵبژاردنەدا كە رۆژی 12ی ئایار بەڕێوەدەچێت. بەڵام سەركەوتن زامن نەكراوە. وەكو هەموو ئەوانەی كە لەدوای روخانی سەددام حسێنەوە لە ساڵی 2003 پۆستی سەرۆك وەزیرانیان وەرگرتووە، حەیدەر عەبادی (66 ساڵ) سەربە پێكهاتەی زۆرینەی شیعەیە، بەڵام دەنگی شیعەكان، كە وەكو هەمیشە پێویستە بۆ بردنەوە و وەرگرتنی مافی پێكهێنانی حكومەتی ئیئتیلافی، دابەشبووە. بەپێچەوانەی مالیكییەوە كە ئەو شیعانە سەرسامن پێی كە ترسیان لە دابەشكردنی دەسەڵات هەیە لەگەڵ كەمینەی سوننە و كورددا، عەبادی روبەڕوی هادی عامری دەبێتەوە كە فەرماندەیەكی جەنگییە و وەكو یەكێك لە پاڵەوانەكانی شكستهێنان بە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی تەماشادەكرێت. عەبادی هەستی بەوە كردووە كە ناكرێت بە تەنیا گرەو لەسەر دەنگی شیعە بكرێت، ئەو چاوی لە بنكەیەكی فراوانتری دەنگدەرانە. عەبادی لە هەموو ناوچە جیاوازەكانی عێراق بە لیستێك "هاوپەیمانی سەركەوتن- نەچر" هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەكات، ئەوەش تاكە هاوپەیمانێتییە كە لەسەر ئاستی هەر 18 پارێزگاكەی عێراق بەشداری هەڵبژاردن بكات. بەدر فەحل كە پەرلەمانتارێكی سوننەیە لە پارێزگای سەڵاحەدین و دەیەوێت بۆ چوارەمینجار ببێتەوە بە ئەندام پەرلەمان، لیستەكەی عەبادی هەڵبژاردووە بۆ چونەناو هەڵبژاردنەكانەوە، چونكە لیستەكە هەموو پێكهاتەكان لەخۆدەگرێت و كەسی پەراوێز نەخستووە. بەدر فەحل لە بارەگای هاوپەیمانی سەركەوتن لە تكریت بە (رۆیتەرزی) وت" بەڕێز عەبادی كوتلەیەكی پێكهێناوە كە تائیفیەتی تێپەڕاندووە. ئەو تاكە كوتلەیە لە ساڵی 2003 وە. ئەو كوتلەیە پێكدێت لە 18 پارێزگا، هەموو پارێزگاكانی عێراق، لە سوننە و شیعە و كورد و مەسیحی و ئێزدی". ئاماژەی بەوەكرد" هەست دەكەین بەڕێز عەبادی گوتارێكی تائیفی نییە، دەیەوێت وڵات بنیادبنێت، پشتیوان بەخوا قۆناغی داهاتوو قۆناغی ئاوەدانكردنەوە و بنیادنان دەبێت". فەحل وتی عەبادی لە پارێزگا سونییەكان ئازادی تەواوی بە هاوپەیمانە سیاسییەكان داوە لە هەڵبژاردنی كاندیدەكان لەسەر لیستەكەی. رونیكردەوە كە لیستی هاوپەیمانی سەركەوتن لە پارێزگای سەڵاحەدین هەمویان سوننەن. وتاری سەركەوتن تەنانەت عەبادی مانگی رابردوو سەردانێكی دەگمەنی كرد بۆ پارێزگا كوردییەكان، ئەمە سەرباری ئەوەی تاڕادەیەك هیچ كەسێك وای نابینێت دەرفەتێكی وەهای لەبەردەمدا بێت بۆ راكێشانی كاندیدە كوردەكان كە هێشتا توڕەن لەو هەڵمەتەی كە دوای ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە مانگی ئەیلولی رابردوو، كردیەسەر هەرێم كە بەشێوەیەك لە شێوەكان حوكمێكی ئۆتۆنۆمی هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ژمارەیەكی زۆر لە عەرەبە سوننەكان هەست بە هەندێك توڕەیی دەكەن بەرامبەر بەو حكومەتەی كە شیعە سەرۆكایەتی دەكات بەهۆی ئەو جەنگ و وێرانكارییەی كە بەر زۆرینەی ناوچەكانیان كەوت لەگەڵ هاتنی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیدا. بۆیە سەرباری ئەمەش زۆر كەس عەبادی بە باشتر سیاسەتمەدارەكانی تری شیعە دەزانن، چونكە خۆی لە تائیفیەت بەدور گرت، بەڵام ئەمە نابێت بە دەنگ بۆ كاندیدەكانی. هەروەها روبەڕوی رەخنە دەبێتەوە بەهۆی بەردەوامبونی گەندەڵی و سەختی دۆخی ئابوری كە بەهۆی شەڕو رێوشوێنەكانی كەمكردنەوەی خەرجییە گشتییەكان لەلایەن حكومەتەوە، قورستر بووە، هاوكات هەڵوێستی پاڵپشتیكارانەی ئەو بۆ كەرتی كار لە وڵاتێكدا كە زۆرینەی خەڵكەكەی فەرمانبەری دەوڵەتن و متمانەیان بە كەرتی تایبەت نییە. مەحمود غەزبان كە خوێندكارە لە شاری نەجەف كە شارێكی پیرۆزە لای شیعەكان وتی" عەبادی پیاوێكی رۆشنبیر و سیاسییەكی تەوافوقییە، بەڵام كەمكردنەوەی خەرجییە گشتییەكانی بۆ هێناین". عەبادی دركی بەم خاڵە لاوازە كردووە، بۆیە گوتاری بانگەشەی هەڵبژاردنەكەی جەخت لەسەر شكستهێنان بە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی دەكات. عەبادی لە كانونی یەكەمدا سەركەوتنی راگەیاند دوای هەڵمەتێكی سەخت كە سێ ساڵ بەردەوام بوو بۆ رزگاركردنی عێراق لەو توندڕەوانەی كە لە ماوەیەك لە ماوەكاندا دەستیان بەسەر یەك لەسەر سێی روبەری عێراقدا گرت. بۆ بەدیهێنانی ئەوە، لە یەككاتدا پاڵپشتی لە ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئێران وەرگرت و هەردوولایان خۆیان بەدورگرت لە ململانێی هەرێمایەتی بۆ شكستهێنان بە دەوڵەتی ئیسلامی. لەگەڵ ئەوەی ئەو هاوپەیمانێتییەی كە ویلایەتە یەكگرتووەكان سەرۆكایەتی دەكرد سەرەنجی خستبووە سەر دووبارە بنیادنانەوە و راهێنانی هێزە ئەمنییەكانی لە ناوچووەكەی عێراق، هاوكات بەشێوەی نیمچە رۆژانە گورزی ئاسمانی دەوەشاند و گروپە شیعەكانیش كە ئێران پاڵپشتیان دەكات لەناو تەونی كۆمەڵگەی عێراق و دەزگاكانی دەوڵەتدا یەكخراون و بوون بە پاڵپشتییەكی سەربازی زیندوو بۆ هێزەكانی حكومەت. لێهاتوویی عەبادی لە راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكان لەكاتێكدا كە ئاڵۆزییەكان بەهۆی رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران توند دەبونەوە، بووە هۆكار بۆ ئەوەی بیكات بە باشترین كاندید لەلای هاوپەیمانە خۆرئاواییەكان كە لەدوای راماڵینی عێراقەوە بەر لە 15 ساڵ هیچ شتێكیان نەبووە بۆ ئەوەی وەكو دەستكەوت نیشانی بدەن، جگە لە توندوتیژی و بڵاوبونەوەی گەندەڵی و ژمارەیەك دامەزراوەی بیمار. هەروەك عەبادی بەهۆی چاككردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی عێراق بەتایبەتی وڵاتە عەرەبییە سوننەكان ستایش كرا، ئەوەش ستراتیژییەتێك بوو كە مالیكی دژی بوو. رێز نەك حەماس سەرباری ئەوەی یار و نەیارەكانی عەبادی لەسەر ئەوە هاوڕان كە ئەو بە سروشت سیاسی نییە، بەڵام دەڵێن بە بەراورد بە سەرەتا كە پۆستەكەی وەرگرت دوودڵَ بوو، ئێستا متمانەی زیادی كردووە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو وەكو رێبەرێكی شپرزە دادەنرێت لە بڕیارداندا و وا بە باش دەزانێت بۆ ماوەیەكی درێژ راوێژ لەگەڵ راوێژكار و ئەندامانی پەرلەماندا بكات. سێ دیپلۆماتكاری خۆرئاوایی لە بەغداد وتیان، حكومەتەكانیان عەبادی بە ئاسانترین كاندید دادەنێن كە بكرێت كاری لەگەڵدا بكەن، بەڵام ئەم نەرمونیانییە لە هەندێك لەو دەزگایانەی كە وەكو ئامرازێكی دەستی بیانییەكان ئەژماردەكرێن، گوزارشت لە لاوازی دەكات. فەلاح عەبدوڵا كە ئەفسەرێكی خانەنشینی پۆلیسە (65 ساڵ) لە گیارە كە دەكەوێتە دوری (60 كیلۆمەتر) لە باشوری موسڵ وتی" عەبادی پیاوێكی بەڕێزە، بەڵام كۆنترۆڵی بەسەر بڕیارەكانیدا نییە. لەنێوان ئەوەی ئێران دەیەوێت لەگەڵ ئەوەی ئەمریكا دەیەوێت هاتوچون دەكات". ئەمە پەیوەندییەكی گەورەی بە كەلەپوری پێش خۆیەوە هەیە كە مالیكییە و خاوەنی كەسایەتییەكی جەمسەرگیرە كە ئامادەگییەكی گەورەی هەیە لە هەڵبژاردنەكانی 2018 بەتایبەتی لەبەر رۆشنانی دابەشبوونی دەنگی شیعەكاندا. سەرباری ئەوەی زۆر كەس بەرپرسیارێتی لەدەستدانی كۆنترۆڵ بەسەر روبەڕێكی گەورەی وڵات لەبەرژەوەندی دەوڵەتی ئیسلامی و گەندەڵی لە وەزارەتە گەورەكانی عێراق دەخەنە ئەستۆی مالیكی، بەڵام هێشتا بنكەی جەماوەری گەورەیە و وەكو رێبەرێكی بەهێز تەماشا دەكرێت كە بەڕووی خۆرئاوادا وەستا و بەرگری لە بەرژەوەندییەكانی شیعە كرد. هاوكات عەبادی روبەڕوی ركابەرێتی توندی عامری رێبەری رێكخراوی بەدر دەبێتەوە كە گەورەترین لایەنی شیعەیە كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێت و گوتاری بانگەشەی هەڵبژاردنەكەی جەخت لەسەر هەمان گوتاری لیستەكەی عەبادی دەكات. عامری فەرماندەی هێزەكانی حەشدی شەعبییە كە ئەو لایەنانە لەخۆدەگرێت كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن و رۆڵێكی گەورەی بینی لە شكستهێنان بە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی دوای ئەوەی ئایەتوڵا عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكان بانگەوازی كرد بۆ هەڵگرتنی چەك. لەكاتێكدا كە زۆرێك لە عێراقییەكان رێز لە عەبادی دەگرن، كە ئەمەش شتێكە زۆرێك لە دەستەبژێری سیاسی عێراق ناتوانن بانگەشەی بكەن، بەڵام ئەوەی تائێستا پشتیوانی كردووە تەنیا گوتاری سەركەوتن (النصر)ە، نەك هەر ئەمە بەڵكو زۆرێك لەوانەی كە دەیانەوێت دەنگ بە عەبادی بدەن دەڵێن ئەوان لەبەر ئاڕاستەی كرداریی دەنگی پێدەدەن نەك لەبەر حەماسەتی ئەو. ئەحمەد هادی (32 ساڵ) كە لە سۆپەرماركێتێك لە بەغداد كار دەكات وتی" عەبادی باشترینی خراپەكانە، وەكو سەرۆك وەزیران دەمێنێتەوە و ئاشتی و بنیادنانەوەی عێراق بەردەوام دەبێت".
راپۆرتی: نیاز عەبدوڵڵا ئێوارەی رۆژی 7ی ئایار بۆ دووەم جار لە ماوەی 9 رۆژدا هێرشكرایە سەر دوو سەرۆك لیستی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پارێزگاكانی دهۆك و هەولێر، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەكانی ئەو جوڵانەوەیەش رایدەگەیەنێت بە فەرمانی بنەماڵەی بارزانی ئەو هێرشانە دەكرێن و یەكێتی لە دوای هێرشەكە هاوكاری رابوون مەعروف بووە. رۆژی 7ی ئایار لە شاری هەولێر هێرشكرایە سەر رابوون مەعروف سەرۆكی لیستی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پارێزگای هەولیر و بە سەختی برینداركرا، لەبارەی هێرشكردنە سەری لە رێگای ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك رایگەیاند "گرووپێك چەتە و چەقۆكێش كە زیاتر لە ١٠ سەیارە دەبوون بە چەكی جۆراوجۆرەوە لە بەردەم گووندی ئینگلیزی لە ھەولێر و بە بەرچاوی سێكیوریتی گوندی ئینگلیزی پێشیان پێگرتین و ھێرشیان كردە سەرمان". سەبارەت بە ناسنامەی هێرشبەرەكان وتوویەتی "من بە روون و راشكاوی، تا ناسنامەی ھێرشبەران ئاشكرا دەكرێت، پارتی بە بەرپرسی ئەو رووداوە دەزانم". كاوە عەبدولقادر یەكێك لە كاندیدەكانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پارێزگای هەولێر كە لە دوای قۆناغی هێرشكردنە سەر سەرۆكی لیستی جوڵانەوەی نەوەی نوێ تا تەواوكردنی وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانە لەگەڵیدا بووە، بە (درەو میدیا)ی وت "لە پێش زێرەڤانییەكانی ئەوێ هێرشی كراوەتەسەر، دیارە زانیارییان هەبووە كە لەو كاتە دێتە دەرەوە و خەڵكیان بۆ چاودێری هەبووە، زیاتر لە 10 ئۆتۆمبێل كە لەوێ وەستاون بە هەموویان هێرشیان كردۆتە سەر ئەو و ئامانج كە شوفێر بووە لەگەڵ رابوون و لە ناو ئۆتۆمبێلەكە ئەوانیان بە زۆر داگرتووە و پاشان ئەو هێرشەیان بۆسەریان ئەنجامداوە". كاوە عەبدولقادر روونكردنەوەی لەبارەی ئەو وێنانەی رابوون دا كە لەناو بانگەشەكارانی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی یەكێتی بڵاوبۆتەوه، وتی "ئەوان بۆ چوونە نەخۆشخانە رۆیشتوون، بەڵام لەبەرئەوەی شوفێرەكە كاك ئامانج ئەویش بریندار بووە و دۆخی خراپ بووە و سەیارەكەشیان زیانی زۆری پێگەیشتووه، لە پێش پاركی شانەدەر وەستاون، دیارە لەوكاتە هەڵمەتی بانگەشەی یەكێتی هەبووه ئەوانیش هەڵیانگرتووه و بردوویانە بۆ نەخۆشحانە و یارمەتیانداوە". جوڵانەوەی نەوەی نوێ: قافڵەی بانگەشەكەی یەكێتی هاوكاری رابون مەعروفیانكردووەو ئەوانیان بردووە بۆ نەخۆشخانە 9 رۆژ لەمەوبەر لە ناو بازاڕی شاری زاخۆ لە 29ی نیسان هێرشكرایە سەر دكتۆر كامەران بەرواری سەرۆكی لیستی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پارێزگای دهۆك كە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجام دەدا. دكتۆر كامەران بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی وتووە "40 بۆ 50 كەس بە دار و بەرد هێرشیان كردە سەرم، ئەو كەسانە بە بەرچاوی پۆلیس و ئاسایشی زاخۆ هێرشەكەیان كرد بەڵام ئەو هێزانە هیچ كاردانەوەیەكیان نەبوو بۆیە هێزە ئەمنییەكان بە بەرپرسیار دەزانم لەم دەستدریژییە". ئارام سەعید بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەكانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ سەبارەت بە دووەم هێرشی سەر سەرۆك لیستەكانیان بە (درەو میدیا)ی وت "پارتی تۆقیوە و ترساون لەوەی دەسەڵاتەكەیان لەرزیوە بۆیە ئەم رێگا تاوانكاریانە دەگرنەبەر". پەیوەندیدار بە هاوكاریكردنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بۆ سەرۆك لیستەكەیان لە هەولێر وتی "دوای ئەوەی هێرشكرایە سەر كاك رابوون و كاك ئامانج كە هاوكات خزمی خۆیەتی، دواتر شوێنیان كەوتوون بەڵام قافڵەیەكی بانگەشەی یەكێتی لەوێ بووە و ئەو برادەرانە هاوكارییان كردوون ئەوانیان بردووە بۆ نەخۆشخانە و هەموو چارەسەرێكی پزیشكی بۆ كراوه ئێستا سەلامەتە" و "لەبەرئەوەی ئەم هێرشانە هێرشی ناڕەوان و هێرشی پیاوی ترسنۆكە، ئەگەر پارتی و بنەماڵەی بارزانی ئازان با بێن بە بەڵگە وەڵامی قسەكانی ئێمە بدەنەوە نەك بەو شێوەیە رەفتار بكەن، بۆیە هەوڵدەدەن دۆسیەكە ون بكەن و وەك تاوانەكانی تریان ئەو دۆسیانە لە تارمایی بهێڵنەوە". له ههمان رۆژی ئهنجامدانی هێرشهكهدا دهستهی سهربهخۆی مافی مرۆڤ ئیدانهی هێرشكردنی سهر رابوون مهعروف-ی كرد و رایگهیاند " ئێمه له كاتێكدا ئیدانهی ئهو هێرش كردنهی سهر ناوبراو دهكهین و به دیاردهیهكی نامۆ و مهترسیدار و ناشارستانی له قهڵهم دهدهین دژ به ئازادی و دیموكراسییهو پێچهوانهی ئاكار و بنهما یاسایی و كۆمهڵایهتییهكانه". له بهیاننامهكهیاندا دهستهی سهربهخۆی مافی مرۆڤ داوایان له دهزگا ئهمنییهكان كردووه تاوانباران بدۆزنهوه و رادهستی دادگایان بكهن.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت دوێنێ شەممە لە لوبنان هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوەچوو، یەك هەفتە دوای لوبنان واتە رۆژی 12ی ئایار هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق بەڕێوەدەچێت. لەم چەند خاڵەدا" درەو میدیا" بەراوردێكی نێوان هەڵبژاردنەكەی لوبنان و هەڵبژاردنی عێراق دەخاتەڕوو: • لە لوبنان (500) كاندید كێبركێیان كرد لەسەر بردنەوەی (128) كورسی پەرلەمان، بەڵام لە عێراق (6 هەزار و 986) كاندید كێبركێ لەسەر بردنەوەی (329) كورسی پەرلەمان دەكەن. • لە لوبنان (3 ملیۆن و 600 هەزار) كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، لە عێراق (24 ملیۆن و 33 هەزار و 494) كەس مافی دەنگدانیان هەیە. • لە لوبنان لەم هەڵبژاردنەدا بۆ یەكەمینجار لە مێژوودا رەوەندی دەرەوە بەشداری دەنگدانیان كرد، بەڵام لە عێراق لەدوای روخانی رژێمی پێشووەوە رەوەندی دەرەوە مافی بەشداریكردنیان هەبووە. • لە لوبنان بەپێی یاسا دەبوو ساڵی 2013 هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ناكۆكی لایەنەكان لەسەر یاسای هەڵبژاردن پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژكردەوە، لە عێراق هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت. • لە لوبنان بەپێ یاسای نوێی هەڵبژاردن ژمارەی بازنەكانی هەڵبژاردن كەمكرایەوە بۆ (15) بازنە، بەڵام لە عێراق بازنەكانی هەڵبژاردن هاوشێوەی هەڵبژاردنەكانی پێشووە و (18) بازنەیە. • لە لوبنان بە بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو ئاستی بەشداری دەنگدەران لە پرۆسەكە لە رێژەی 54%وە بۆ 49.2% كەمیكرد، لە عێراق هەڵبژاردنی رابردوو ئاستی بەشداری ئاستی بەشداری گەیشتە 60%، بەڵام دیارنییە ئاستی بەشداری هەڵبژاردنی ئەمجارە چۆن دەبێت. • هەردوو وڵات لوبنان و عێراق بونەتە گۆڕەپانی ململانێی مەزهەبی نێوان ئێران و سعودیە. • لە لوبنان كێبركێی هەڵبژاردن لە نێوان سێ پێكهاتەی سەرەكیدایە (سوننە و شیعە و مەسیحی)، لە عێراق بەهەمان شێوە كێبركێ لە نێوان سێ پێكهاتەدایە (سوننە و شیعە و كورد). • لە هەردوو وڵات بەپێی رێككەوتنێكی نەنوسراو پۆستە سێ پۆستە سەرۆكایەتیەكەی لەنێوان پێكهاتەكان دابەشكراوە، لە لوبنان پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ سوننەیە و پۆستی سەرۆكی پەرلەمانیش بۆ شیعە، سەرۆك كۆماریش یەكلاكراوەتەوە بۆ كەسێكی مەسیحی، بەڵام لە عێراق پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ شیعە و پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ سوننە و پۆستی سەرۆك كۆماریش بۆ كورد دانراوە. • سیستمی سیاسی هەردوو وڵات پەرلەمانییە، واتە لە لوبنان هاوشێوەی عێراق سەرۆك وەزیران لەلایەن پەرلەمانەوە متمانە بەخۆی و كابینەكەی دەبەخشرێت. • لوبنان هاوشێوەی عێراق لە ماوەی رابردوودا بە قۆناغی شەڕی ناوخۆیی و تائیفیدا تێپەڕیووە. • سەرۆك كۆماری لوبنان ماوەكەی شەش ساڵە، بەڵام سەرۆك كۆماری عێراق چوار ساڵە و هەردووكیشیان لە پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردێن. • خاڵێكی تری هاوبەش لەنێوان هەردوو وڵات لوبنان و عێراق ئەوەیە ژمارەیەك دەموچاوی سیاسی دووبارە لەسەر گۆرەپانەكە ئامادەن، لە لوبنان (سەعد حەریری و حەسەن نەسروڵا و میشاڵ عەون، نەبیه بڕی..)، لە عێراقیش (مالیكی و عەبادی و عەلاوی و نوجێفی و ..).
ئامادەکردنی: نامیق رەسول چەند هەفتەیەكە كورد دەستی بە هەوڵ و كۆشێكی نوێ كردووە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی داهاتووی عێراق، بەهۆی ئەو دەسەڵاتە دەستورییانەی كە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان هەیەتی، رەنگە چەند لایەنێكی كوردی ئامادەبن لەبەرامبەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دەستلە پۆستی سەرۆك كۆمار هەڵگرن بۆ سوننەكان، ئەوەش لە كاتێكدایە سەلیم جبوری سەرۆكی ئێستا پەرلەمان جەخدەكاتەوە كە دەیەوێت خولێكی تریش سەرۆكایەتی باڵاترین دەسەڵاتی عێراق بكات. موحسین سەعدون پەرلەمانتاری ئێستای پارتی دیموكراتی كوردستان :" كورد یان هەر لایەنێكی تر مافی ئەوەی هەیە داوای پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بكات و دەستوری عێراق دیارینەكردووە كە چ لایەنێك پۆستی سێ سەرۆكایەتییە باڵاكە " سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆك كۆمار، سەرۆك وەزیران" وەردەگرێت. ئەندامێكی هاوپەیمانی نیشتمانی كە لە چوارساڵی رابردوودا نوێنەرایەتی پێكهاتەوی شیعەی كردووە لە عێراقدا و زۆرینەی پەرلەمانی هەبووە، لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی " العربی الجدید" ی قەتەری وتی " چەند حزبێكی كوردی پرسی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی داهاتوویان لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتمانی باسكردووە، بەو پێیەی لایەنە شیعەكان نزیكترن لەوەی ئەمجارەش زۆرینەی پەرلەمان بەدەستبهێنێتەوە و لەبەرامبەر ئەوەشدا ئامادەن دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی كۆمار بن". بەوتەی ئەو ئەندامەی هاوپەیمانی نیشتمانی، هەوڵی كورد بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆئەوە دەگەڕێتەوە ئەو پۆستە دەسەڵاتێكی دەستوریی فراوانی هەیە كە دیارترینیان بریتییە لە پەسەندكردن و پەكخستنی یاساكان و دیاریكردنی چارەنووسی لێپرسینەوەی وەزیر و بەرپرسانی باڵای حكومەت و دەستە سەربەخۆكان، جگە لە توانای پەرلەمان بۆ هەمواركردنی بودجەی گشتی دەوڵەت و چاودێریكردنی وردی دەسەڵاتی جێبەجێكردن، جەختیشیكردەوە لایەنە كوردییەكان نیمچە كۆدەنگییان لەسەر ئەو پرسە هەیە. ئەم خواست و هەوڵەی كورد بۆ بەدەسهێنانی سەرۆكایەتی پەرلەمان رووبەڕووی رەتكردنەوەی رەهای حزب و لایەنەكانی سوننەكان دەبێتەوە كە لە هەموو خولەكانی دوای پێكهێنانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 2005ەوە ئەو پۆستەیان لەدەستدابووە و بەوەش پێشبینیدەكرێت دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 12ی ئایار، ململانێی و ركابەرییەكی توندی لێبكەوێتەوە. سەلیم جبوری لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا نەیشاردەوە كە ئارەزوو دەكات چوار ساڵی تریش لەو پۆستەدا بمێنێتەوە و وتی:" ئەو پرسە دەكەوێتە سەر لێتێگەیشتن لەگەڵ لایەنەكانی تر، بەڵام ئەوەش بە مانای ئەوە نایات كە نەتوانم لە سیاسەتدا بەردەوام بم". لە دەستوری هەمیشەیی عێراقدا سەرۆكی پەرلەمان دەسەڵاتی زۆری لە بواری یاسادانان و چاودێریدا فراوانی هەیە، لە كاتێكدا سەرۆكی كۆمار جگە لە چەند دەسەڵاتێكی تەشریفی پرۆتۆكۆلی هیچ دەسەڵاتێكی فیعلی ئەوتۆی نییە. موحسین سەعدون پەرلەمانتاری ئێستای پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی " العربی الجدید" وتی:" كورد یان هەر لایەنێكی تر مافی ئەوەی هەیە داوای پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بكات و دەستوری عێراق دیارینەكردووە كە چ لایەنێك پۆستی سێ سەرۆكایەتییە باڵاكە " سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆك كۆمار، سەرۆك وەزیران" وەردەگرێت. بەرای سەعدون ئاماژەكان بەو ئاڕاستەیەن هەروەك ساڵانی پێشوو سەرۆك وەزیران بۆ شیعەكان بێت، رونیشیدەكاتەوە داواكاری كورد بۆ سەرۆكی پەرلەمان یاساییە و هیچ پێشێلكارییەكی دەستوریی تێدا نییە. لە بەرامبەر هەوڵ و كۆششی كورد بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆكی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، سەلیم جبوری كە ماوەی چوار ساڵە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكات ویست و ئارەزووی خۆی دەربڕیوە بەوەی كە دەیەوێت چوارساڵی تریش لەو پۆستەدا بمێنێتەوە. جبوری كە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا هاوپەیمانێتیی لەگەڵ ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆك كۆماردا پێكهێناوە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا نەیشاردەوە كە ئارەزوو دەكات چوار ساڵی تریش لەو پۆستەدا بمێنێتەوە و وتی:" ئەو پرسە دەكەوێتە سەر لێتێگەیشتن لەگەڵ لایەنەكانی تر، بەڵام ئەوەش بە مانای ئەوە نایات كە نەتوانم لە سیاسەتدا بەردەوام بم". جبوری وتیشی :" ئەگەر نەبمەوە بە سەرۆكی پەرلەمان، ئەوا بواری زۆر هەیە كە دەتوانم لێیانەوە جموجوڵ بكەم". جەختیشیكردەوە" پێویستە دان بەوەدا بنێین كە كاریگەری دەرەكی هەیە لەسەر دروستكردنی بڕیاری ناوخۆی عێراق، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە پێكهێنانی حكومەت و دابەشكردنی پۆستەكانەوە". شەممەی داهاتوو پرۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەرتاسەری عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت و 24 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە و ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە، پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی لێدەكەوێتەوە كە چوار ساڵی داهاتوو سەرۆكایەتی دەسەڵاتی جێبەجێكردمی دەكات لە عێراقدا.
درەو میدیا شەڕی نەوەی دووەمی سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا گەرمە، مەسرور بارزانی كە لەدوای چونە ماڵەوەی باوكی گۆڕەپانەكەی بۆ تەخت بووە لایەنگرانی حزبەكەی بەهێرش بۆسەر دۆستە كۆنەكەی گەرم دەكات و دەڵێت، پارتی خەونی ئەو جاش و خۆفرۆشانەی لەگۆڕنا كە دەیانویست كوردستان بدەنە دەست داگیركەران، لەبەرامبەردا لاهور تاڵەبانی كە لەدوای مردنی مام جەلالەوە حزبەكەی بێ سكرتێرو سەرگەورە ماوەتەوە هێرشەكانی ئاراستەی پارتی دەكات و دەڵێت: گەورەترین خیانەت ئێستا لە كەركوك لەلایەن پارتییەوە دەكرێت كە خەڵكی هان دەدەن بەشداری هەڵبژاردنەكانی كەركوك نەكەن و بۆ عەرەبە شۆڤینییەكان و توركمانەكانی بەجێبهێڵێت. ئەم هێرش و پەلاماردانەی نەوەی دووەمی سیاسیەكانی پارتی و یەكێتی بۆسەر یەكدی لە فەراغی نەوەی یەكەمی سیاسیەكانیانە، ئەو نەوەیەی كە بەرژەوەندی هاوبەش كۆیانی كردبۆوەو دوای شەڕی ناوخۆی دوورو درێژی نێوانیان گەیشتنە ئەو بڕوایەی كە دەتوانن پێكەوە بەرژەوەندیە حزبی و بنەماڵەییەكانیان بپارێزن، ئێستا نەوەی یەكەم لەدوای شكستیان لە ریفراندۆم و ئەو بارودۆخە نالەبارەی لە كوردستاندا خوڵقاندیان، رۆڵیان كاڵ بۆتەوەو خۆیان لە شانۆی سیاسی بەدورگرتووەو سەری گورسیەكەیان داوەتە دەست نەوەی دووەمی سیاسیەكانیان، ئەوان پێشتر پێكەوە هێرشیان دەكردە سەر لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان، بەڵام ئێستا روی هێرشەكانیان بۆسەر یەكدیە، ئێستا نەوەی دووەمی سیاسیەكان عەرزی خۆیان دەكەن و دەیانەوێت لە رێگەی هێرشكردن بۆسەر یەكدی دەركەونەوەو خۆیان بە پاڵەوان نیشان بدەن، جەماوەری ئەم هێزانە وا راهێنراون كە بە هێرش و پەلامار بۆسەر یەكدی گێرڤی حەماسەتیان بەرز دەبێتەوە. گوتارە نەوەی دووەمی سیاسیەكان جگە لە جوینەوەی گوتاری دەیان ساڵەی رابردووی نەوەی یەكەم دژ بەیەك هیچی دیكە نیە، ئەم نەوەیە بە كەرەستەیەكی دووبارەی رابردووەوە خۆی دەردەخات و هەڵگری هەمان ئەو روئیا و بیركردنەوانەیە كە كاری لەسەر شكاندنی بەرامبەر دەكرد لەسەر ماكیاجكردنی خۆی. هۆكاری ئەو هێرش و پەلاماردان و یەكتر شكاندنە بەشێكی پەیوەندی بە یەكلاكردنەوەو تەوزیفكردنی هەڵوێستە خراپەكانیانەوە بێت، پارتی دەیەوێت تەوزیفی شكستی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلول بكات بەسەرپەرشی مەسعود بارزانی، كە تیایدا ئەو شكست و ماڵوێرانیەی بەسەر گەلی كوردستاندا هێنا بخاتە پاڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و خەریكە تیایدا سەركەوتوو دەبێت، ئەویش بەهۆی ململانێكانی ناو یەكێتی و دوبەرەكی ناخۆییەوە، بەشێكیشی لە بێ گوتاری و بەرنامەی روون و پلانی ستراتیژیەوەیە، كە ئەوەی ئەم هەڵبژاردنە لە هەڵبژاردنەكانی پێش خۆی جیادەكاتەوە ئەوەیە كە حزبەكان خاوەنی گوتاری سواو و بەرنامەی دوبارەو هەڵگری هیچ بنەماو ستراتیژێكی دیاری كراوو رون نیە. لەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەدا گوتاری نارون و جەنجاڵ و تێك ترشاوبەسەریەكدا دەبینرێت، بەجۆرێك هیچیان ئەو سرەیان لێوە دیار نیە، ئەم هێزانە بەجۆرێك بانگەشە دژ بەیەك دەكەن وەك ئەوەی هەرگیز بیر لە دانیشتن و گفتوگۆ و دانوستان نەكەنەوە، ئەو ژینگە ناتەندروستەی ئەوان ئەمرۆ درووستیان كردووە، هەرگیز ناتوانێت سبەی بەرەكی یەكگرتووی لێ دروست بكرێت لە بەغداد كە رەنە هیچ كات بەقەد ئەمرۆ كورد پێویستی پێنەبێت لەبەغداد.
راپۆرتی : ئارام مەحمود لەگەڵ نزیكبونەوەی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە بڕیارە ڕۆژی 12ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ كێ یەكلادەبێتەوە؟ یەكێكە لەو پرسیارانەی زۆرترین پێشبینی و لێكدانەوەی لەبارەوە دەكرێت، لەگەڵ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان ململانێی نێوان هێزەكانە بۆ دەستهێنانی زۆرترین كورسی لە دامەزراوەی یاسادانان، بەڵام لە بنەمادا ململانێی نێوان هێزە گەورەكانە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك وەزیران و پۆستە باڵاكانی تری دەوڵەت. حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانی سەركەوتن (النصر) یەكێكە لەو كەسایەتیانەی كە وەك خاوەنی بەهێزترین چانس بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ خولی دووەم ناوی دەهێنرێت، بەڵام تاكە كاندید نیە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، بەهۆی دابەشبونی شیعەكان بەسەر چەند ئیئتیلاف و هاوپەیمانێتییەكدا ناوی ژماریەك كەسایەتی تریش دێن، كە دیارترینیان (نوری مالیكی و هادی عامری و محەمەد شیاع سودانی و قوسەی سوهیل و قاسم ئەعرەجی) یە. عەبادی و ئاستەنگەكانی بەردەمی هەر پێشبینیەك بۆ سەرۆكی حكومەت داهاتووی عێراق بەبێ ناوهێنانی حەیدەر عەبادی بە نالۆژێكی و خوێندنەوەیەكی ڕووكەش بۆ ڕۆڵی ناوبراو لە ڕووداوەكانی چوار ساڵی ڕابردووی عێراق وەسفدەكرێت، عەبادی وێڕای ئەوەی بەكەسێكی هاوسەنگی ناودەبرێت و قسەش هەیە كە ڕەزامەندییەكی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لەسەربێت بۆ تەواوكردنی ئەوەی لە چوار ساڵی ڕابردوودا دەستیپێكردووە، جگە لەوەی توانی بە هاوكاری هاوپەیمانان یەك لەسەرسێی خاكی عێراق لە داعش پاكبكاتەوە، بەڵام هەموو ئەمانە ناكاتە ئەوەی دەرفەتی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی بۆ خولی دووەم بۆ یەكلابوبێتەوە. لە كاتێكدا چەندین لایەن و هێزی شیعی ڕكابەری عەبادی دەكەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران بەوپێیەی حزبی دەعوە ماوەی زیاتر لە 12 ساڵە دەستیگرتوە بەسەرجومگە هەستیارەكانی دەسەڵات بەتایبەت پۆستی سەرۆك وەزیران و چەندین لایەنی گرنگی ناو ماڵی شیعەی پەراوێزخستوە، سەرچاوە نزیكەكانی عەبادی ترسیان لە ساختەكردنی هەڵبژاردنەكان ناشارنەوە، بەهۆی ئەوەی مالیكی پێگەی بەهێزی هەیە لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و لقەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بەتایبەت لە پارێزگاكانی باشوور، كورد و سوننەش مەرجیان هەیە بۆ ئەوەی جارێكی تر متمانە بدەنەوە بەعەبادی. سوننەكان پشتیوانیكردنی عەبادیان بە بەدیهێنانی خواست و بەڵێنەكانیەوە گرێداوە، كە دیارترینیان گەڕانەوەی ئاوارەكانە بۆسەر زێدی خۆیان و قەرب،وكردنەوەی زیانە مادی و مەعنەوییەكانیان، كوردیش وێڕای پرسیاركردن لە چارەنوسی بەڵێنەكانی ڕابردوو، پرسیاری گەورەشیان هەیە لەسەر ئەو حكومەتە تەكنۆكراتەی كە عەبادی بەڵێنی پێكهێنانیدا، جگە لە پێشێلكردنی بنەمای تەوافوق و بەشداری ڕاستەقینە لە ناوەندی بڕیاری سیاسی و پێیانوایە عەبادی نەیتوانیوە شتێكی زیاتر لەوانەی پێش خۆی پێشەكەشبكات. خاڵێَكی تر كە نەیارەكانی عەبادی بەتایبەت لیستە شیعەكان وەك شكستی ناوبراو زەقیان كردوەتەوە، نەبردنە سەری بەڵێنی هەڵدانەوەی دۆسیەكانی گەندەڵی و بەسزاگەیاندنی ئەنجامدەرانییەتی. سیناریۆكانی پێكهێنانی حكومەت یەكێك لەو سیناریۆیانەی كە باس دەكرێت پێكهێنانی حكومەتی تەوافوقیە بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی، سیناریۆی دووەم پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی سیاسییە بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی یان كاندیدێك كە مالیكی و هاوپەیمانەكانی لە ئایندەیەكی نزیكدا پێشنیازی دەكەن بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو، سیناریۆی سێهەمیش پێكهێنانی حكومەتە لەلایەن كەسایەتییەكی شیعەوە كە ئەمریكا و سعودیە بەپلەی سەرەكی و دوای ئەوانیش ئێران لەسەری ڕێكدەكەون. لە خولەكانی ڕابردوودا ئێران ڕۆڵی گەورەی هەبوو لەدەستنیشانكردنی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەڵام وەك بەشێك لە چاودێران دەڵێن، كاندیدی داهاتووی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەلایەن ئەمریكا و هاوپەیمانە ئیقلیمییەكانی لە ناوچەكە دەستنیشاندەكرێت، بەهۆی پاشەكشێی ڕۆڵی ئێران لە عێراق بەتایبەتی دوای پەرتەوازەبوونی ناوماڵی شیعە بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكرا و دووركەوتنەوەی زیاتری هاوپەیمانی (سائرون)ی، سەربە موقتەدا سەدر و ئیئتیلافی (النصر)ی، حەیدەر عەبادی لە ئێران.
وەرگێڕانی: فازل حەمەرەفعەت & نامیق رەسول بیانییەكان لە ئەڵمانیا لە تاقكیردنەوەی شۆفێریدا دەرناچن زۆرێك لەو خەڵكانەی كە لە ئەڵمانیا دەژین و بە رەگەز خەڵكی ئەو وڵاتە نین رووبەڕووی ژمارەیەك ئاستەنگ دەبنەوە، زمانی بەربەستی گەورەیە لەبەردەم ئەواندا، ئەمەش بوەتە هۆی ئەوەی ئەو خەڵكانە لە تاقیكردنەوەكانی وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێریدا دەرنەچن. كۆمەڵەی راهێنەرانی بواری فێركاری شۆفێری لە ئەڵمانیا دەڵێت: ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە تاقیكردنەوەی وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێریدا دەرناچن لەزیادبوندایە. لە لێدوانێكدا بۆ سایتی (بێڵد)، گیرهارد فۆن بریسندۆرڤ سەرۆكی كۆمەڵەی راهێنەران ئاشكرایكرد، زۆرێك لەوانەی كە خۆیان تۆماردەكەن بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری، زمانی ئەڵمانی نازانن، زۆربەی ئەو كەسانە خەڵكانی بیانین و لە تاقیكردنەوەی تیۆریدا رووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە و پێویستیان بە سێ بۆ پێنج هەوڵ هەیە بۆ دەرچوون لە تاقیكردنەوەكە. ئەمە لەكاتێكدایە لە ساڵی 2016 وە لە ئەڵمانیا رێگە بەوە دراوە بە زمانی عەرەبی تاقیكردنەوەی تیۆری وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری بكرێت. بە بەراورد بە ساڵی 2016، ژمارەی ئەو كەسانەی ساڵی 2017 لە تاقیكردنەوەكانی تیۆری وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێریدا دەرنەچوون بەرێژەی 7% زیادیكردووە، هەمان ساڵ رێژەی ئەوانەی لە تاقیكردنەوەی پراكتیكیدا دەرنەچوون بەرێژەی 3% زیادیكردووە. بەڵام لەسەر ئاستی ویلایەتەكانی ئەڵمانیا، ویلایەتی سەكسۆنیا بەرزترین ئاستی تۆماركردووە، بەجۆرێك رێژەی ئەوانەی كە لە تاقیكردنەوەی تیۆری دەرنەچوون گەیشتوەتە رێژەی 45%، ویلایەتی هامبۆرگیش لە پلەی یەكەمی ویلایەتەكانی ئەڵمانیادایە لەڕووی ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە تاقیكردنەوەی پراكتیكی شۆفێریدا دەرنەچوون و لە ساڵی 2017دا رێژەی دەرنەچووەكان گەیشتوەتە نزیكەی 42%. سەرنجڕاكێشترین یاساكانی هاتوچۆ لە جیهاندا • ئوسترالیا رێگە بە گواستنەوەی گژوگیا نادرێت بە ئۆتۆمبیلی كرێ نەبێت، هەروەها لەم وڵاتە هەر كەسێك لەجیاتی ئۆتۆمبیل بە ئەسپ كەلوپەل بگوازێتەوە مافی ئەوەی هەیە لە هەموو باڕێك بوەستێت و لەسەر كرێكارانی باڕەكە پێویستە بایەخی تەواو بە ئەسپەكان بدەن، كاتێك خاوەنەكانیان پشوودەدەن لەوێ. • ئەڵمانیا هەر شۆفێرێك لەكاتی لێخوڕیندا مۆبایل بەكاربهێنێت غەرامەدەكرێت و خاڵێكی لە تۆماری هاتوچۆدا لەسەر تۆماردەكرێت، بەڵام لێخوڕینی ئۆتۆمبیل بە رووتی و بەبێ پۆشینی جلوبەرگ رێگەپێدراوە بەو مەرجەی لە شەقامەكاندا رەفتاری نەشیاو بەرامبەر خەڵك نەكەیت و گێچەڵ بە خەڵك نەكەیت، چونكە ناو ئۆتۆمبیل بە شوێنێكی تایبەت بۆ خاوەنەكەی دادەنرێت و دەتوانێت كاری تێدابكات و خۆی بگۆڕێت، بەوپێیەی پێچەوانەی یاساكانی هاتوچۆ نییە. • بەریتانیا شۆفێر بەڕوتی و بێ لەبەركردنی پۆشاك دەتوانێت ئۆتۆمبیل و پاسكیل لێبخوڕیت، هەروەها شۆفێر دەتوانێت لەحاڵەتی ناچاریدا لەلای ئۆتۆمبیلەكەیەوە میزبكات بە مەرجێك میز بە تایەی دواوەی ئۆتۆمبیلەكەیدا بكات و دەستی راستی بە ئۆتۆمبیلەكەیەوە بێت، هەروەها چاودێری رێگاوبان لە بەریتانیا مافی ئەوەی نیە غەرامەی كەسێك بكات ئەگەر كڵاوی فەرمیی لەسەردا نەبێت. • ئەمریكا لە چەند ویلایەتێكی ئەمریكا چەندین یاسای نامۆ هەن، بۆ نمونە لە ولایەتی تێنیسی رێگە بە شۆفێر نادرێت لەكاتی شۆفێریدا چەكەكەی رووبكاتە ئاژەڵان، بەڵام رێگەی پێدەدرێت لەو كاتەدا نەهەنگ بكوژێت، ئەوەی زۆر نامۆیە ئەوەیە ویلایەتی تێنسی ناكەوێتە سەر دەریا، بەڵام لە ویلایەتی كنتاكی رێگە بە ژنان دەدرێت ئۆتۆمبیل لێبخوڕن بە جلی مەلەكردنەوە (بەكینی) ئەگەر پۆلیسیان لەگەڵدا بێت یان كوتەكێكیان پێبێت بۆ پارێزگاریكردن لە خۆیان. • دانیمارك یاساكانی هاتوچۆ شۆفێران ناچار دەكەن ئۆتۆمبیلەكەی بە باشی بپشكنێت و هەموو پێداویستییەكی سەلامەتی و ئاو سوتەمەنی پێبێت، هەروەها پێویستیشە لەسەری تەماشای ئۆتۆمبیلەكەی بكات بۆئەوەی دڵنیا بێت لەوە هیچ كەسێك لە ژێر ئۆتۆمبیلەكەیدا نەخەوتووە. • فەرەنسا یاسا سزای توند بەسەر ئەو كەسانەدا دەسەپێنێت كە تازە بوونەتە شۆفێر، و بۆ ماوەی دوو ساڵ دوای وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری رێگەیان پێنادرێت لەسەر شەقامی خێرا لە 110 كلم/ كاتژمێر و لەسەر رێگاكانی دەرەوە 80 كلم/ كاتژمێر بڕۆن. • بۆسنە لە بۆسنە ئەو كەسانەی تازە بوونەتە شۆفێر و تەمەنیان لە ژێر 23 ساڵیەوەیە، بۆ ماوەی یەك ساڵ دوای وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری رێگەیان پێنادرێت بە شەودا ئۆتۆمبیل لێبخوڕن. • نەمسا لە نەمسا پۆلیس مافی ئەوەی هەیە بە گوێرەی بینینی خۆی خێرایی ئۆتۆمبیل بخەمڵێنێت هەتا 30 كلم/ كاتژمێر لەسەروو خێرایی رێگە پێدراوەوە، دەشتوانن بەوە غەرامەكردنی دارایی بسەپێنن بەسەر شۆفێراندا، بەبێ داواكاری پشكنینی تەكنینكی و بێ ئەوەشی تانەی لێبدرێت لە دادگان. سەرچاوە: DW
راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەرەفعەت رۆژی 24ی حوزەیران هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی لە توركیا بەڕێوەدەچێت، لەدوای ئەم هەڵبژاردنە سیستمی سەرۆكایەتی لە توركیا دەچێتە بواری جێبەجێكردن كە ساڵی 2017 لە راپرسییەكی گشتیدا دەنگی لەسەردرا، بەمەش كۆتایی بە رۆڵی بەرفراوانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە دێت. پارتی ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا چوار كەسیان كاندید كردووە بۆ ركابەرێتیكردن لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمەش بە مەبەستی كەمكردنەوەی دەنگەكانی ئەردۆغان و رێگرتن لە دەرچوونی لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنەكاندا، پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان بەنیازن ئەگەر هەڵبژاردن بكەوێتە خولی دووەم، هەموویان پشتیوانی یەك كاندید بكەن لەبەرامبەر ئەردۆغاندا. ئەمڕۆ دواهەمین رۆژ بوو بۆئەوەی كاندیدەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ناوی خۆیان پێشكەش بە لیژنەی ناوەندیی هەڵبژاردنەكان بكەن. دیارترین ركابەرەكانی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا: • موحەڕەم ئینجیە- پارتی گەلی كۆماری " جەهەپە" پارتی گەلی كۆماری كە پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەكییە لە توركیا، موحەڕەم ئینجیەی كاندید كردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، ئینجییە تەمەنی (53 ساڵ)ەو پێشتر مامۆستای فیزیا بووە. ئینجییە وا ناسراوە یەكێكە لەو پەرلەمانتارانەی ئۆپۆزسیۆن كە زۆر بە حەماسەتەوە قسە دەكات، ئەو لە دواین هەڵبژاردنی ناوخۆیی پارتەكەی (2014-2016) تاكە ركابەری كەمال كلیچدار ئۆغلۆ بوو بۆ سەركایەتیكردنی پارتەكە. بەهۆی ئەو لێدوانە توندە بەردەوامەكانییەوە پێشبینی دەكرێت كاندیدێكی گونجاو بێت بۆ ركابەرێتیكردن لەگەڵ ئەردۆغان، هەروەها لەلایەن بنكەی دەنگدارانی پارتەكەی و لەناو رەوتی پارێزگار و چەپڕەوەكانی توركیاشدا لایەنگری هەیە. لە وتارێكدا لەبەردەم لایەنگرانی پارتەكەی لە ئەنكەرەی پایتەخت، ئینجییە وتی" دەبم بە سەرۆكی هەموان، سەرۆكێكی بێلایەن. رۆژی 24ی حوزەیران بێئومێدی كۆتایی دێت". • میراڵ ئەكشینار- پارتی خێر میراڵ ئەكشینار یەكێكە لە سیاسەتمەدارە نەتەوەپەرەستەكانی توركیا، ئەم ژنە سەرۆكایەتی پارتی خێر دەكات و خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی داهاتووی توركیا كاندید كردووە، هەندێك لە چاودێران بوونی ئەم ژنە لە پرۆسەكەدا وەكو ئاڵنگاری لەبەردەم ئەردۆغان وێنا دەكەن، بەوپێیەی پێگەی جەماوەرییەكەی دەكەوێتە ناو بنكەی جەماوەری پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدارەوە كە ئەردۆغان سەرۆكایەتی دەكات، كە بریتین لە خەڵكانی پارێزگار و لایەنگرانی كەرتی كار و خەڵكانی ئیماندار و نەتەوەپەرەست. بەهۆی نەیاریكردنی سیستمی سەرۆكایەتییەوە، میراڵ ئاستی جەماوەری بەرزبووەوە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا تەنانەت لەناو پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار رەوتێك هەن حەزیان بەو سیستمە نییە كە دەسەڵاتێكی نیمچە رەها بە سەرۆك دەدات و وڵات بەرەو ستەمكاری دەبات. • میراڵ ئەكشینار ساڵی 1996 وەزیری ناوخۆی توركیا بووە، یەكێك بووە لەوانەی بەشداری كردووە لە دامەزراندنی پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار، بەڵام دواتر پارتەكەی بەجێهێشت و رایگەیاند، دادو گەشەپێدان تەنیا درێژكراوەی پارتی رەفاهی ئیسلامییە كە نەجمەدین ئەربەكان سەرۆكایەتی دەكرد. ئەكشینار پاش جیابونەوەی لە پارتی دادو گەشەپێدان چووە ناو پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرەستەوە، بەڵام بەهۆی نەیاربوونی لەگەڵ شێوازی كاركردنی سەرۆكی پارتەكە بەتایبەتی لە پشتگیریكردنی لە ئەردۆغان، ساڵی 2016 لە پارتەكە دەركرا، لەوكاتەوە نازناوی "ژنە پۆڵاینەكە"ی پێدرا. • سەلاحەدین دەمیرتاش- پارتی دیموكراتی گەلان- هەدەپە لەپشت دیواری زیندانەوە، سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) وەكو تاكە كوردێك خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی داهاتووی توركیا كاندید كرد. كاندیدبوونی سەلاحەدین دەمیرتاش لەناو زیندانەوە هیچ گرفتێكی یاسایی دروستناكات، بەتایبەتیش لەكاتێكدا تائێستا دادگاكانی توركیا هیچ تۆمەتێكیان لەسەر ساغ نەكردوەتەوە. دەمیرتاش بەتۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) دەستگیركراوە كە بەپێی یاسا كاركردنی سیاسی پەكەكە لەناو توركیا یاساغ كراوە، ئەگەر كۆی ئەو تۆمەتانەی كە ئاڕاستەی كراوە لەسەری ساغ بكرێنەوە، دەمیرتاش بە (142 ساڵ) زیندانی حوكم دەدرێت كە تەمەنی بەشی تەواوكردنی ئەو حوكمە ناكات. كاندیدبونی دەمیرتاش بۆ سەرۆكایەتی توركیا لەكاتێكدایە ئەندام و لایەنگرانی پارتەكەی (هەدەپە) لەدوای كودەتا شكستخواردوەكەی توركیاوە روبەڕوی هەڵمەتی سەركوتكردن و دەستگیركردن دەبنەوە. ئاستی جەماوەری هەدەپە لەنێوان 10% بۆ 12% ە لە توركیا، بەڵام پێشبینی دەكرێت بە كاندیدبوونی دەمیرتاش لەبەرامبەر ئەردۆغان ئاستی دەنگەكانی ئەو پارتە كوردییە بەرزتر ببێتەوە. دەمیرتاش یەكێكە لە دیارترین سیاسەتمەدارانی توركیا كە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2015ی توركیادا توانی لە دەرەوەی بازنەی دەنگدەرانی خۆی كە زۆرینەیان كوردن، دەنگ لە ناوچە جیاجیاكانی توركیا بەدەستبهێنێت، بەوەش توانی پارتەكەی بكات بە دووەم گەورە پارتی ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەمانی توركیادا. تیمیل كەرەموڵا ئۆغلۆ- پارتی سەعادەتی ئیسلامی پارتی سەعادەت ساڵی 2001 دامەزراوە، لە هەڵبژاردنی پێشووی توركیادا نەیتوانی رێژەی پێویستی دەنگ بەدەستبهێنێت بۆئەوەی بچێتە ناو پەرلەمانەوە، تیمیل كەرەموڵا كە سەرۆكایەتی پارتەكە دەكات خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كاندیدكردووە، بەڵام بۆ وەرگرتنی رەزامەندی لیژنەی ناوەندی هەڵبژاردنەكانی توركیا بەمەبەستی پەسەندكردنی كاندیدبونەكەی، دەبێت تاوەكو رۆژی 9ی ئەم مانگە (100 هەزار) ئیمزا كۆبكاتەوە. پارتی سەعادەت بانگەوازەكانی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری رەتكردەوە بۆ چونەناو ئەو هاوپەیمانێتییەی كە پارتی دەسەڵاتدار لەگەڵ پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرەست كردویەتی، بۆیە ئێستا ئەم پارتە بووەتە هاوپەیمانێكی پێشبینی نەكراوی ئۆپۆزسیۆنی عەلمانی توركیا لە هەڵبژاردنی داهاتوودا. پارتی سەعادەت هاوشێوەی پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار ریشەیەكی ئیسلامی هەیە، بۆیە چاودێران پێشبینی دەكەن بەشداریكردنی لە كێبركێكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئۆپۆزسیۆن لە راكێشانی دەنگ لەناو بنكەی جەماوەری پارتی دادو گەشەپێدان و ئەمەش هۆكار دەبێت بۆ ئەوەی ئەردۆغان لە خولی یەمەمدا هەڵبژاردنەكە نەباتەوە. رۆژی سێ شەممەی رابردوو لە وتارێكدا كەرەموڵا ئۆغلۆ وتی: ئەردۆغان سەركوتكاری دەكات لەبەرامبەر هەموو توێژەكانی كۆمەڵگەدا". • دوو كاندید لە پەراوێزدا جگە لەو كەسانەی كە پارتەكانیان فراكسیۆنی لەناو پەرلەماندا هەیە و خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا كاندید كردووە، دوو كاندیدی تر هەن كە پارتەكانیان ئامادەگی لەناو پەرلەماندا نییە، ئەو دوو كاندیدەش بریتین لە هەریەكە لە (دۆغۆ بیرینچیك) سەرۆكی پارتی نیشتمانی چەپڕەو، هەروەها (وەجدەت ئووز) كە پارتێكی بچوكی هەیە.
درەو میدیا "شاڕێی گۆڕانكاری سندوقەكانی دەنگدانە" ئەمە دیارترین وتەی نەوشیروان مستەفایە لەبارەی هەڵبژاردنەوە، ئەگەرچی لە كۆتاییەكانی تەمەنیدا دوای روداوەكانی رێگری لە سەرۆكی پەرلەمان و بارودۆخی هەرێمی كوردستان لە ئۆكتۆبەری 2016، لە لەندەن پرسیارێكی جدی روبەرووی خەڵكی كوردستان كردەوە، ئایا لە كوردستاندا خەباتی پەرلەمان گرنگی ماوە، هەڵبژاردن گرنگی ماوە، بەڵام ئەمە هیچ لەو راستییە كەمناكاتەوە كە نەوشیروان مستەفا خاوەن بیرۆكەو جێبەجێكاری پرۆسەی هەڵبژاردن بووە لە كوردستانی عێراقدا، لە شاخ خاوەنی بیرۆكەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گوندەكان بوو، لەدوای راپەرینی 1991 و گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوشارەكان، بیرۆكەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی هێنایە ئاراوەو خۆشی ئەنجامەكەی راگەیاند، لە ساڵی 2009 یەكەم هەنگاوی بزوتنەوەی گۆڕانی بە بەشداریكردن لە هەڵبژاردن دەستپێكرد، بە واتایەكی تر هەڵبژاردن بەشێكی گرنگی بیری سیاسی نەوشیروان متسەفای داگیركردبوو. ئێستا دوای نزیكەی یەك ساڵ لە كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەرێوەدەچێت لە ناو بارودۆخێكی ئاڵۆز و لێكترازاوی هەرێمی كوردستاندا، كە رەنگە ئەگەر نەوشیروان مسستەفا بمایە، دۆخێكی تر لە هەرێمی كوردستان بگوزەرایە، بەو پێیەی لەدوای ریفراندۆم و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە كە هەرێمی كوردستان لە یاریكەری سەرەكی رووداوەكانەوە بووە لایەنێكی پەراوێزخراو، نەوشیروان مستەفا سەركردایەتی بەرەیەكی فراوانی لە هەرێمی كوردستان بگرتایەتە دەست، كە زۆرێك لە هێز و لایەنەكانی كوردستانی لەخۆ بگرتایە كە كۆتایی بە دەسەڵاتی قۆرخكاری دوو حزبی دەسەڵاتدار بهێنایە، یاخود بەدیلێكی باشی دەسەڵاتی شكستخواردووی هەرێم دەبوو، چونكە نەوشیروان مستەفا دەیزانی چۆن جوڵەی سیاسی بكات و جوڵەكانیشی روداوی گەورەو كاریگەری تەواوی لەسەر كۆكردنەوەی هێزە ناڕەزاییەكانی كوردستان دروست دەكرد و ئەو كات كاریگەری لەسەر گۆڕانی پێگەی هێزەكان دەبوو لە هەرێمی كوردستان، چونكە زۆرێك لە هێزەكان بە یەكێتیشەوە هەوڵیان ئەدا بچنە ژێر باڵی نەوشیروان مستەفاوە، نەك تەنها لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی عێراقیش كاریگەری لەسەر بارودۆخی سیاسی دەبوو، ئەویش بەهۆی باگراوندە شۆڕگێری و ئاشنایەتی سیاسی لەگەڵ سەركردە سیاسییەكانی ئێستای عێراق چی لەسەردەمی شاخ و چی لەسەردەمی ئەنجومەنی حوكم و نوسینەوەی دەستور، چونكە نەوشیروان مستەفا خاوەنی سەنگ و قورسایی خۆیی بووە لە ناوەندە عێراقییەكان و كەمتر دەتوانرا فێڵی سیاسی لێبكرێت، بەو پێیەش كە لەدوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال و سوتانی كارتەكانی دەستی مەسعود بارزانی كە دواین كارتی ژیانی سیاسی ریفراندۆم بوو ئەویشی بە ئاسانی سوتاند و پێگەی هەرێم و پێگەی خۆشی پێوە سوتاند چی لەناو خۆی هەرێم و چی لە عێراق و چی لەسەر ئاستی جیهانیش، كە خۆری سیاسی بارزانی لە دوای ریفراندۆمەوە بەرەو ئاوابوون دەچێت، نەوشیروان مستەفا بە ئاسانی دەیتوانی ئەو فەراغە سیاسییەی كە بەهۆی هەڵەی چەند ساڵەی بەرپرسانی كوردەوە دروست بووە پڕبكاتەوەو بە دیدێكی نوێ و سیاسەتێكی نوێوە مامەڵە لەگەڵ بەغدادو ناوچەكەش بكات. قۆناغی دوای نەوشیروان مستەفا لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا نەك هەر گۆڕان بەڵكو هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانیش تا ئێستا لەناو دۆخی نەوشیروان مستەفادا دەژین و قۆناغی سەردەمی نەوشیروان مستەفایان تێنەپەڕاندووە، چونكە فەراغی دوای نەوشیروان مستەفا شتێك نیە پێویست بە لێكۆڵینەوەو ووردبونەوە بێت بەڵكو لەسەر ئەرزی واقیع بە ئاسانی دركی پێدەكرێت و هەست بە لێكەوتەكانی دەكرێت، تا ئێستاش گۆڕان و بەشێكی زۆری هێزەكانی كوردستان لەسەر میراتی نەوشیروان مستەفا دەژین و كارتی نەوشیروان مستەفا تا ئێستاش كارتێكی كاریگەر و بەهێزە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بارودۆخی ئەمرۆی كوردستان و هەڵبژاردنەكان، بەو پێیەی تا ئێستاش كارتی سۆزداری نەوشیروان مستەفا كارتێكی بەهێزو كاریگەرە لای هاوڵاتیان و خەڵكی كوردستان رەواجی زۆری هەیە، بەڵام رەنگە ئەم كارتە تا ماوەیەكی دیكەش گرنگی و كاریكەری خۆی هەبێت، دواجار بۆ داهاتوو ئەو كارتە بەرەو كاڵبوونەوە دەچێت بۆ گۆڕان بەو پێیەی ئیدی پرسیاری گەورەی هاوڵاتیان لەسەر گۆڕان درووست دەبێت كە بە كۆتایی هاتنی قۆناغی نەوشیروان مستەفا ئەی قۆناغی پۆست نەوشیروان مستەفا چی لەهەگەبەدایەو تا كوێ روحی نەوشیروان مستەفا دادی گۆڕان دەدات، بەو پێیەی بەهێزترین كارتی ئێستای گۆڕان و بەشێك لە هێزەكان روئیا و بیر و رێبازی نەوشیروان مستەفایە، گۆڕان تا ئێستاش شتێكی نوێی پێنییە كە قۆناغی نەوشیروان مستەفای تێپەڕاندبێ، كەی و لە كوێدا شۆكی نەوشیروان مستەفا گۆڕان و بەشێكی زۆری هاوڵاتیانی كوردستان بەردەدات، راستە چەندێك مردنەكەی زیان بە گۆڕان دەگەیەنێت ئەگەر روئیا و بیر و هەنگاوەكانی نەوشیروان مستەفا تەوزیف بكرێت بە سەركەوتنی گۆڕان دەشكێتەوە نەك زیان. گۆڕانی دوای نەوشیروان مستەفا بەرلەوەی ئیشكالیەت بێت بۆ دەرەوە ئیشكالیەتە بۆناو گۆڕان خۆی، چونكە گۆڕان لەدوای نەوشیروان مستەفاوە كێشەی فیكر و روئیای سیاسی و بەرنامەی دەبێت، بەوپێیەی نەوشیروان مستەفا هەموو كێشەو گرفت و بۆشاییەكانی گۆڕانی پڕكردبووەوە لە ئێستادا بەهۆی فەراغی روئیای سیاسی لەدوای نەوشیروان مستەفاوە نەك هەر گۆڕان بەڵكو هێزەكانی دەرەوەش پەنای بۆ دەبەن. ئێستا گۆڕانی دوای نەوشیروان مستەفا لەبەردەم كۆمەڵێك ئاڵنگاری گەورەدایە چی لەناوخۆی چی لەدەرەوە، بەو پێیەی بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان بارودۆخێكی تەواو لەبارە بۆ یاری سیاسی و ململانێی سیاسی كە لە تەمەنی نەوشیروان مستەفادا هەرگیز هەلی وا رێنەكەوتووە كە ئەگەر هەبوایە بە ئاسانی تەوزیفی دەكردن، چونكە هیچ كات هێندەی ئێستا هەرێم بێ خاوەن نەبووەو هێزەكان بێ پلان و روئیا و بەرنامە نەبوون و هیچ كات هێندەی ئێستا هەرێم لە فەراغی سەركردەكانی نەبوو كە بتوانێت بەتەواوی بارودۆخەكە بخوێنێتەوەو لەسەر ئەو خوێندنەوانە پلان بۆ داهاتوو دابنێت، بۆیە ئێستا لە هەموو كات زیاتر گۆڕان و هێزە هاوهەڵوێستەكانی پێویستیان بە پاڵپشتی و تۆكمەیی و دروستكردنی یەك بەرەیی هەیە نەك پەرتەوازەو پارچەپارچەبوون و لێكترازان، چونكە ئەگەر بەم بەجیا جیا بچنە ناو یاریەكەوە دەبنە هێزی پەرتەوازەو گورگان خواردو بەدەست فێڵی سیاسی هێزە دەسەڵاتدارەكانی كوردستانەوە كە لە دۆخی ئێستادا هاوڵاتیان و خەڵكی كوردستان بەدوای بەدیلی كاریگەردا دەگەڕێت بۆ گۆڕانكاری لەبەر ئەوەی ئێستا عێراق و ناوچەكەو هەرێمی كوردستانیش لەبەردەم ژانی لەدایكبوونی قۆناغێكی نوێدایە.
ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ خەڵاتی نۆبڵ خەڵاتێكی جیهانییە، ساڵانە لەلایەن ئەكادیمیای شاهانەی سویدەوە بەو كەسانە دەدرێت كە لە بواری پزیشكی و كیمیا و فیزیا و ئابوری و ئەدەبدا داهێنیان كردووە و هەروەها خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەو كەسانە دەدرێت كە لەو ساڵەدا كاریان كردووە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە جیهاندا، ئەم خەڵاتە لەلایەن زانای سویدی ئەلفرێد نۆبڵەوە داهێنراوە. گێچەڵی سێكسی نۆبڵی بواری ئەدەبی هەڵوەشاندەوە ئەكادیمیای شاهانەی سوید بۆ خەڵاتی نۆبڵ، بەخشینی خەڵاتەكەی لەمساڵدا بۆ بواری ئەدەب راگرت، و رایگەیاند رووبەڕووی قەیران بوەتەوە. ماوەیەكە ئەكادیمیاكە رووبەڕووی رەخنەی زۆر بوەتەوە بەهۆی شێوازی رەفتاری وێنەگری فەرەنسی جان كلود ئەرنو هاوسەری ئەندامێكی پێشووی ئەو ئەكادیمیاییە، كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدان ساڵ. لە تشرینی دووەمی رابردوودا 18 ژن هەڵمەتێكیان لە دژی ئەرنو بەناوی " Me too" راگەیاند و بانگەشەی ئەوەیان كرد كە ئەرنۆ گێچەڵی سێكسی پێكردوون. بەهۆی ئەم هەڵمەتەوە ئەو ئەندامەی ئەكادیمیای شاهانەی سوید بۆ بەخشینی خەڵاتی نۆبڵی بواری ئەدەب لەگەڵ چوار ئەندامی تر دەستیان لەكاركێشایەوە، ئەكادیمیاكەش رایگەیاند، خەڵاتی 2018ی ئەدەب دوادەخات و ساڵی داهاتوو لەگەڵ براوەی 2019 رایدەگەیەنێت، ئەوەش گەورەترین سكانداڵە كە لە ساڵی 1901 رووبەڕووی دەبێتەوە. چەند ئەندامێكی ئەكادیمیاكە داوایان كرد بەخشینی خەڵاتەكە بەردەوام بێت، بەڵام ئەوانی تر دەڵێن دامەزراوەكە بەم دۆخەی ئێستایەوە ناتوانێت خەڵاتەكە ببەخشێت. خەڵاتی نۆبڵ بۆ بواری ئەدەب لە ساڵی 1901ەوە دەبەخشرێت و تا ئێستاش یەك ساڵ نەبەخشراوە، ئەوەش ساڵی 1935 بوو كە ئەكادیمیاكە ئەو كاتە رایگەیاند كاندیدێكی نەدۆزیوەتەوە شایانەی بردنەوەی خەڵاتەكە بێت. چیرۆكی خەڵاتی نۆبڵ؟ ئەلفرێد نۆبڵ زانای بواری كیمیا بوو هەروەها ئەندازیار و داهێنەر و كەسێكی ئاشتیخوازبوو، داهێنەری ماددەی " دینامیتە" بە گوێرەی یەكێك لەوانەی كە ژیاننامەكەیان نوسیوەتەوە، نۆبڵ ساڵی 1888 هەواڵی مردنی خۆی لە رۆژنامەیەكی فەرەنسیدا خوێندووەتەوە. رۆژنامەكە ئەو كاتە سەری لێتێكچووە لە جیاتی براكەی، بە هەڵە هەواڵی مردنی نۆبڵی بڵاوكردەوە و نۆبڵی بەوە ئیدانەكرد كە دینامیتی داهێناوە و نازناوی " بازرگانی مەرگ"ی لێنا، بەڵام نۆبڵ خۆی بە كەسێكی ئاشتیخواز دادەنا و ویسی شتێك لە پاش خۆی بەجێبهێڵێت كە یادبكرێتەوە، لەبەرئەوە بڕیاریدا بەشێكی زۆر لە سامانەی بۆ بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ تەرخانبكرێت و خەڵاتەش دەدرێت بەو كەسانەی لە بوارەكانی ئەدەب، ئاشتی، ئابووریی، پزیشكی و زانستی كیمیا و فیزیادا داهێنەر و لێهاتوون. كێ یەكەم كەس خەڵاتی نۆبڵی وەرگرت؟ یەكەمین خەڵاتی نۆبڵ دوای دامەزراندنی لە ساڵی 1901 بەخشرایە هێنری دوناننت، كە بەشداریكرد لە دامەزراندنی رێكخراوی " خاچی سوور". و هەتا ئێستا لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سور سێ جار نۆبڵی ئاشتی وەرگرتووە و هەریەك لە دایكە تیرێز و نیلسۆن ماندێلا و نەجیب مەحفوز و ئەنوەر سادات و ئەحمەد زۆیل لە ریزی ئەو كەسانەدان كە نۆبڵیان پێ بەخشراوە. تەمەن و رەگەز لیستەكانی براوەكانی خەڵاتی نۆبڵ ئاماژە بەوەدەدەن كە تێكڕای تەمەنی براوەكانی نۆبڵ 72 ساڵە، ئەوەش لە كاتێكدایە لە نیوەی یەكەمی سەدەی بیستەم تێكڕای تەمەنی براوەكانی نۆبڵ 56 ساڵ بوو. و ئاڕاستەیەكی روون و ئاشكرا هەیە كە خەڵاتی بواری زانستییەكان ببەخشرێتە ئەوانەی تەمەنیان هەڵكشاوە و ئەمەش لە پەنجاكانەوە دەستیپێكردووە هەتا ئەمڕۆ. هەروەها رێژەی بەخشینی خەڵاتەكە بە ژنان بەراورد بە رێژەی پیاوان ناهاوسەنگە و ئەوەش دیدی جیهان بەرجەستدەكات بۆ چەندین ساڵە و هێشتا لە بواری زانستدا رێژەی پیاوان لە ژنان زۆر زیاترە، بەڵام بەهۆی باشتربوونی دۆخەكە و زۆری دووبارەبوونەوەی براوەكان، پێدەچێت رێژەی بەخیشنی خەڵاتەكە بە ژنان و پیاوان لە كۆتاییدا یەكسان ببێتەوە. مۆزەخانەی نۆبڵ جەختیكردەوە كە لە تۆمارەكانیدا هیچ شتێك نییە كە ئاماژە بدات بە پشتگوێخستنی بەئەنقەستی كاری ژنان، بەڵام یەك چیرۆك هەیە و پێویستە ئاماژەی پێبدەین. نەخشەیەك ئەو وڵاتانە رووندەكاتەوە كە هاوڵاتیانی زۆرترین خەڵاتی نۆبڵیان بەدەستهێناوە ژنان لە كوێی بردنەوەی خەڵاتی نۆبڵی بواری زانستدان؟ لە ساڵی 1903 هاوسەری ماری كۆری و هاوبەشەكەی لە توێژینەوەكانیان لە بواری مادە تیشكدەرەوەكان رەتیانكردەوە خەڵاتەكە وەربگرن، ئەوەش وەك ناڕەزایەتییەك لەدژی كاندیدنەكردنی ژنەكەی بۆ خەڵاتەكە، ئەنجومەنی خەڵاتەكەش لە درەنگ وەختدا بڕیاری كاندیدبوونی داو بەوەش ماری كۆری بووە یەكەمین ژن كە خەڵاتی نۆبڵ بباتەوە. سەرچاوە: بی بی سی
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەكات سزای لە سێدارەدانی رامین حوسێن پەناهی رابگرن. رامین حوسێن پەناهی گەنجێكی كوردی خەڵكی شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستانە، (10) مانگ لەمەوبەر لە هەرێمی كوردستانەوە گەڕایەوە بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان و لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە دەستگیركرا. لە لێدوانێكدا بۆ (بی بی سی فارسی)، ئەمجەد حوسێن پەناهی برای رامین ئاشكرایكرد" بڕیارە بەرەبەیانی رۆژی پێنج شەممە سزای لەسێدارەدان بەسەر رامینی برایدا جێبەجێ بكرێت". رامین لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە تۆمەتباركراوە بەوەی دژی رژێم چەكی هەڵگرتووە و هەوڵ بۆ رووخاندنی كۆماری ئیسلامی دەدات. بەگوێرەی بەیاننامەیەك كە رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بڵاویكردەوە، پرۆسەی دادگاییكردنی رامین حوسێن پەناهی كەمتر لە كاتژمێرێكی خایاندووە، ئاسەواری ئەشكەنجەدان كە بەجەستەیەوە دیاربووە، لە پرۆسەی دادگاییكردنەكەدا نادیدە گیراوە. ئەمە لە كاتێكدایە ئەو گەنجە كوردە لەبەردەم دادگادا دادوەری ئاگاداركردوەتەوە لەوەی كە لە زیندان رووبەڕووی ئەشكەنجە و بەدرەفتاری زۆر بوەتەوە. بەپێی قسەی بەرپرسانی ئێران رامین حوسێن پەناهی مانگی حوزەیرانی رابردوو لە شەڕێكدا لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی ئێران دەستگیركراوە و سێ كەسی تر هاوڕێی بوون كە بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەكانەوە كوژراون، بەڵام براكەی رامین و پارێزەرەكەشی ئەم تۆمەتەی كۆماری ئیسلامی رەتدەكەنەوە. رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماژە بەەوەدەكات، لە دانیشتنی دادگاییكردنی رامین حوسێن پەناهیدا هیچ شاییەتحاڵێك كە شایەتی بدات لەسەر بەشداریكردنی رامین لەو روبەڕوبونەوە چەكدارییەدا، ئامادەنەبووە و مەرجی كوشتنی بەئەنقەست لەسەر رامین جێبەجێ نەبووە كە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی مەرجی بنەڕەتییە بۆ دەركردنی سزای لەسێدارەدان بۆ هەر كەسێك. فیلیپ لۆتەر بەڕێوەبەری لێكۆڵینەوەی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بۆ كاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت" ئەو گەنجە كوردە بە ماوەی كەمتر لە یەك كاتژمێر حوكمی لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، لەو ماوەیەی كە لێكۆلێنەوەی لەگەڵدا كراوە، رێگە بە پارێزەر و كەسوكارەكەی نەدراوە سەردانی بكەن، بۆیە ئاگاداری هیچ وردەكارییەكی تایبەت بە دۆسییەكەی نەبووە. فلیپ لۆتەر باسی لەوەشكرد، بەرپرسانی دەزگای ئیتڵاعاتی ئێران داوایان لە رامین كردووە لەسەر تەلەفزیۆن دان بەو تۆمەتەدا بنێت كە ئاڕاستەی كراوە، لەبەرامبەردا سزای لەسێدارەدانی هەڵدەوەشێننەوە، بەڵام رامین ئەو داوایەی قبوڵ نەكردووە و لە زیندانی تاكەكەسیدا بەرگەی ئازاری زۆری گرتووە. بەپێی راپۆرتی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ساڵی رابردوو ئێران لانی كەم (507) كەسی لەسێدارەداوە، ئەمەش خراپترین تۆماری لەسێدارەدانە لەسەر ئاستی جیهان. پێشتر بەهۆی دەربڕینی ناڕەزایەتی لەدژی دەستگیركردن و فەرمانی سێدارەی كوڕەكەیان، دەسەڵاتدارانی ئێران دایك و باوكی رامینيان دەستگیركرد، بەڵام پاش ماوەیەك ئازادكران. باوك و دایكی رامین چەند كاتژمێرێك دوای ئازادكردنیان رامين حوسێن پەناهی كێیە ؟ راهمین حوسێن پەناهی تەمەنی (24 ساڵ)ە و ماوەی (10) مانگە دەستبەسەرە، رامین پێشتر ئەندامی یانەی بەرگریكارانی مافی مرۆڤ بووە لە رۆژهەڵاتی كوردستان، بەڵام بەهۆی فشاری دەزگا ئەمنییەكانی ئێرانەوە بەر لە دوو ساڵ رۆژهەڵاتی كوردستانی بەجێهێشتووە و هاتوەتە باشووری كوردستان و پەیوەندی بە ریزەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانى ئێرانەوە كردووە كە عەبدوڵای موهتەدی رێبەرایەتی دەكات. بەپێی قسەی ئەمجەدی برای، رامین مانگی حوزەیرانی رابردوو بەهۆی نەخۆشكەوتنی دایكییەوە گەڕاوەتەوە بۆ شاری سنە و لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە دەستگیركراوە. نیشتمان بەر لە سێدارەی رامین خۆی كوشت دوێنێ (نیشتمان پەناهی) خوشكەزای رامین پەناهی خۆی كوشت، بەپێی هەوڵێك كە سایتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بڵاویكردوەتەوە، نیشتمان پەناهی كە تەمەنی (25) ساڵە، لە چەند رۆژی رابردودا چەندجارێك لە لایەن دەزگای ئیئتلاعاتی شاری سنەوە بانگهێشت كراوە و ئەشكەنجەی دەرونی دراوە تاوەكو ناچار بكرێت بەوەی زانیاری لەبارەی خانەوادەكەیەوە بدات، بەڵام ئەو رەتیكردوەتەوە، دواتر هاوسەرەكەیان بانگهێشت كردووەو لەژێر فشاردا داوایان لێكردووە لە نیشتمان جیاببێتەوە، بۆیە نیشتمان پەناهی لەژێر فشاری ئیتیڵاعاتدا خۆی كوشتووە و لەدوای خۆشی نوسراوێكی جێهێشتووە و تێیدا ئاماژە بەوەدەكات لەژێر فشاری ئیتیڵاعاتدا خۆی كوشتووە. نیشتیمان خوشكەزای رامین پەناهی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان چی دەڵێن ؟ ئەمڕۆ ناوەندی هاوكاری حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەیاننامەیەكی لەبارەی لەسێدارەدانی رامین حوسێن پەناهی بڵاوكردەوە كە پێكهاتووە لەم حزبانە (كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران- كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان- سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران- حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران- حیزبی دیموكراتی كوردستان). لە بەیاننامەكەدا ئەو حزبە كوردستانیانە ئاماژەیان بەوەكردووە، لە دوێنێوە رامین حوسێن پەناهی گواستراوەتەوە بۆ زیندانی قەرەنتینە و ئەمە نیشانەی ئەوەیە دەسەڵاتدارانی ئێران دەیانەوێت سزای لەسێدارەدانی بەسەردا جێبەجێ بكەن. لە بەشێكی بەیاننامەی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستاندا هاتووە" لەم دوا ساتانەی ژیانی ئەو لاوە كوردە دا، تەنیا شتێك كە دەتوانێ ئەم ڕێژیمە لە بڕیاڕی ئیعدامی ئەو پاشگەز بكاتەوە، بەرزبوونەوەی دەنگی نارەزایەتیی هاوزمانان و هاونیشتمانانی رامین و هەموو مرۆڤە بە ویژدان و بە هەڵوێستەكان لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتە. بەم بۆنەیەوە بانگەوازی كۆمەڵێك كەمپەین و چالاكی لە نێوخۆی رۆژهەڵات و لە وڵاتانی ئوروپایی بڵاوبوونەتەوە. ئێمە وێڕای پشتیوانی لە كۆبوونەوە و ڕێپێوان و هەر حەرەكەتێكی دیكە بۆ بەرگری لە گیانی رامین حوسێن پەناهی و مەحكومكردنی بڕیار و نیەتی ئێعدامی ئەو بەندییە سیاسییە، لە هاونیشتمانان لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات داواكارین دوایین دەرفەتەكان بۆ دەنگ هەڵبڕین دژی ئەم تاوانە، لە دەست نەدەن".
راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەڕەفعەت كوردە ئێزدییەكان وەكو كەمینەیەكی پێكهێنەری گەلی عێراق لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كورسییەكیان وەكو (كۆتا) بۆ تەرخانكراوە. بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئێزدییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، ژمارەی ئێزدییەكان لە عێراق دەگاتە (550 هەزار) كەس، بەڵام زیاتر لە (100) هەزار كەسیان كۆچیان كردووە بۆ دەرەوەی وڵات. لە بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (49)ی دەستوری هەمیشەیی عێراق، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق" ئەنجومەنی نوێنەران لە ژمارەیەك ئەندام پێكدێت بەرێژەی هەر كورسییەك بۆ 100 هەزار كەس..". لەسەر بنەمای ئەم ماددەیەی دەستور و بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەیان لە عێراق كە دەوترێت (550 هەزار) كەسن، ئێزدییەكان داوادەكەن ژمارەی كورسییە كۆتاكانیان لە ئەنجومەنی نوێنەران زیادبكرێت، بەڵام ئەم داواكارییەیان لەكاتی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكاندا لە پەرلەمانی عێراق جێبەجێ نەكرا. رۆژی 10ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ لەسەر بنەمای سكاڵایەكی یاسایی كە لەبارەی زیادكردنی ژمارەی كورسی ئێزدییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران ئاڕاستەی كرابوو، حوكمێكی دەركرد، كۆمسیۆن لەسەر بنەمای ماددەی 49ی دەستور پشتیوانی خۆی بۆ زیادكردنی ژمارەی كورسی ئێزدییەكان راگەیاند، بەڵام كاتێك پرسەكە خرایە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران، پشتگوێ خراو نەخرایە دەنگدانەوە. كورتەیەك لەبارەی كوردە ئێزدییەكانەوە ئێزدیی یەكێكە لە ئاینە كۆنەكانی كورد و ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، زۆرینەی ئێزدییەكان لە پارێزگاكانی نەینەوا و دهۆك نیشتەجێن. زانیاری ئەوتۆ سەبارەت بەم ئاینە لەبەردەستدا نییە، بەهۆی ئەوەی باوەڕدارانی ئەم ئاینە باسی ئاین و بیروباوەڕەكانیان بۆ كەسانی تر ناكەن، ئێزدییەكان لە مێژوودا رووبەڕووی چەندین هەڵمەتی پاكتاوكردن بوونەتەوە، كە دواهەمینیان هێرشی چەكدارەكانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی " داعش" بوو بۆسەر شەنگال و ناوچە ئێزدیی نیشنەكانی پارێزگای نەینەوا كە بەهۆیەوە هەزاران كەسیان لێكوژرا و هەزاران ژن و كچ و منداڵیشان كرانە كۆیلە و كەنیزەك لەلایەن داعشەوە. ئێزدییەكان خۆیان بە تایەفەیەك دادەنێن كە لە ئەزەلەوە هەن و بە تەنها لە وەچەی ئادەمن و بڕوایان وایە كە ئادەم تۆوی خۆی لە دەفرێكدا داناوە و پاشان وەچەی ئێزدیی لێوە پەیدابووە و پاشان خودا حەوای خەڵقكردووە و هاوسەرگیری لەگەڵ ئادەمدا كردووە و مرۆڤەكانی تری جگە لە ئێزدیی لێكەوتوەتەوە و بەوەش خۆیان بە وەچەیەكی زۆر تایبەتمەند دادەنێن. ئێزدییەكان خاوەنی چەندین شوێن و مەزاری پیرۆزن، یەكێك لەوانە مەزاری " شەرفەدینە" لە چیای شەنگال، هەروەها پەرستگای " لالش" لە قەزای شێخانی باكوری خۆرئاوای موسڵ و ئێزدییەكان لە حەجدا دەچنە ئەم پەرستگایە و زۆربەی مەراسیم و سروتە ئاینییەكانیانی تێدا ئەنجامدەدەن. ئێزدییەكان بە زاراوەی كرمانجی ژووری زمانی كوردی قسەدەكەن و زمانی فەرمی مەراسیم و سروتە ئاینییەكانیشانە، خاوەنی سیستمێكی ئاینیی و ئیداریی دێرینن كە لە كۆنەوە بۆیان ماوەتەوە و هەروەها چەند نەریت و كەلەپوری هاوبەشیان لەگەڵ ئاینیەكانی تردا هەیە. بەشێك لە ئێزدییەكان دەڵێن كتێبێكی پیرۆزیان هەیە بەناوی " مەسحەفا رەش" بەڵام زۆرینەیان جەختدەكەنەوە كە ئەم كتێبەیان نەبینوە هەرچەندە جەخت لە بوونی دەكەنەوە. كۆتای ئێزدییەكان بەپێی كۆتای كەمینەكان، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كورسییەكی بۆ پێكهاتەی ئێزدیی لە پارێزگای نەینەوا تەرخانكردووە، بۆ بردنەوەی ئەو كورسییە ئێزدییەكان چەند لیستێكیان دروستكردووە، سەرباری ئەوەش هەندێك لە لایەنە عێراقی و كوردییەكان خەڵكانی ئێزدییان لە لیستەكانیان كاندیدكردووە تاوەكو دەنگی ئێزدییەكان بۆخۆیان كێش بكەن. بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سێ لیست بە (6) كاندید ركابەرێتی لەسەر بردنەوەی كورسییە كۆتاكەی ئێزدییەكان دەكەن، لیستێكی تری ئێزدیش بە (16) كاندید چوەتە ناو كێبركێی بردنەوەی كورسییە گشتییەكانی پارێزگای نەینەواوە. لیستی پارتە ئێزیدییەكان لە نەینەوا • تەڤگەری ئێزدیی بۆ چاكسازی و پێشكەوتن: حاجی كەندور سمۆ سەرۆكایەتی دەكات، ئەم بزوتنەوەیە بە 2 كاندید چوەتە ناو ركابەرێتییەكانەوە بۆ بردنەوەی كورسییە تاقانەكەی پێكهاتەی ئێزدیی لە نەینەوا، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014دا ئەم حزبە كورسی كۆتای ئێزدیی لە نەینەوا بردەوە و بەوهۆیەوە حاجی كەندور سمۆ گەیشتە سەر كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، حاجی كەندور ئەمجارەش خۆی كاندیكردوەتەوە و سەرۆكی لیستی حزبەكەیەتی. • پارتی پێشكەوتنخوازی ئێزدیی: ئەمەش یەكێكی ترە لە پارتەكانی پێكهاتەی ئێزدیی، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بە (2) كاندید چوەتە ناو ركابەرێتییەكان لەسەر كورسییە كۆتاكەی ئێزدیی لە نەینەوا. • پارتی ئێزدیی دیموكراتی: ئەمە یەكێكە لە پارتە سیاسییە نوێیەكان لەناو پێكهاتەی ئێزدیدا، حەیدەر شەشۆ سەرۆكایەتی دەكات، كە بەمدواییانە لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان جیابوەوە و هێزێكی سەربازی دروستكرد بەناوی "هێزی پاراستنی ئێزدخان"، حەیدەر شەشۆ خۆی كاندید نەكردووە، حزبەكەشی كاندیدی بۆ كورسی كۆتای ئێزدییەكان نییە و بە (16) كاندید ركابەرێتی دەكات لەسەر بردنەوەی كورسییە گشتییەكانی پارێزگای نەینەوا، ژنێك بە ناوی (سۆنیا سالم حەسەن) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات. • پارتی ئازادی و دیموكراتی ئێزدیی: ئەمەش حزبێكی نوێی پێكهاتەی ئێزدییەكانە، سەرەتاكانی ساڵی 2017 پێكهێنراوە و مۆڵەتی كاركردنی لە حكومەتی عێراق وەرگرتووە، (قەحتان عەلی) سەرۆكایەتی حزبەكە دەكات، دەوترێت باڵی سیاسی یەكینەكانی پاراستنی گەل (YBS) یە، ئەم حزبە یەكەمجارە بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات و بە (2) كاندید كێبركێ لەسەر بردنەوەی كورسی كۆتای ئێزدییەكان دەكات لە نەینەوا. لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوو كەسی ئێزدیی گەیشتنە ئەنجومەنی نوێنەران، یەكێكیان (ڤیان دەخیل) بوو كە لەسەر لیستی هاوپەیمانی كوردستانی لە نەینەوا كاندید بوو، ئەوی تر (حاجی كەندور سمۆ) بوو كە لەسەر لیستی بزوتنەوەی ئێزدیی بۆ چاكسازی و پێشكەوتن بۆ كورسی كۆتای ئێزدییەكان خۆی كاندید كردبوو. هەندێك لە كەسایەتییە سیاسییەكانی پێكهاتەی ئێزدیی دەڵێن ئەگەر ئەو دابەشبونە سیاسییە لەنێوان ئێزدییەكان نەبوایە، ئەو پێكهاتەیە دەتوانێت (8) كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بباتەوە، بەمدواییانە و بەر لە نزیكبونەوەی وادەی پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكان بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، هەندێك هەوڵ هەبوون بۆ دروستكردنی لیستێكی یەكگرتووی ئێزدییەكان، بەڵام دواجار ناكۆكی و پەرتبون زاڵ بوو بەسەر یەكێتی و یەكبون.
راپۆرتی شیكاری: محەمەد رەئوف ئەگەرچی هێزە ئەمنی و سەربازیەكانی هەرێمی كوردستان بەسەر یەكێتی و پارتیدا دابەشبوون و زۆرینەی هێزەكان سەربەو دوو حزبەن، بەڵام لە هەڵبژاردنەكانی رابردوودا لایەنەكانی دیكەش لە هێزە ئەمنیيەكاندا دەنگیان هێناوە.لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018 لەدەنگدانی تایبەتدا كە پێش دەنگدانی گشتی بەڕێوە دەچێت، 210 هەزار كەس مافی دەنگدانیان هەیە كە بەشی نزیكەی 5 كورسی پەرلەمانی عێراق دەكات، ئێستا ئەو لایەنەنانەی كە هێزی چەكداریان هەیە بانگەشەكانیان گواستۆتە ناو هێزە ئەمنیيەكان لە كاتێكدا بەپێی یاسا بانگەشە لەناو هێزە ئەمنیيەكان و شوێنە گشتیيەكان پێشێلكاریيە. هێزەكانی یەكێتی و پارتی بریتین لە: * یەكەی 80 ی پێشمەرگەی پارتی: 58 هەزار پێشمەرگەیە * یەكەی 70ی پێشمەرگەی یەكێتی: 56 هەزار پێشمەرگەیە *هێزەكانی زێرەڤانی پارتی كە سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە: 44 هەزار چەكدارە * هێزی بەرگریی فریاكەوتنی یەكێتی: 22 هەزار چەكدارە چەندین جۆری دیكەی هێزی چەكدار لە ئاسایش و پاسەوان و دژە تیرۆر و پاراستن و زانیاری هەیەو كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەبێت و دەنگی حازری ئەو حزبانەن و چاوی سەرەكیان لەسەریەتی لەبەر ئەوەی بەشی چەند كورسیيەك دەنگ لە هێزی ئەمنی هەیە. بەپێی پرۆژە یاسای بودجەی 2013 وەزارەتی پێشمەرگە ( 118 هەزارو 642 ) پێشمەرگەیە، بەڵام لەراستیدا بەهۆی كەمئەندامانی سەنگەرو پێشمەرگەی دێرین و خانەنشینانەوە زیاتر لە ( 400 هەزار ) كەس لە وەزارەتی پێشمەرگە موچە وەردەگرێت، سەبارەت بە وەزارەتی ناوخۆش كە بەپێی پرۆژە یاسای بودجەی 2013 وەزارەتی ناوخۆ ( 121 هەزار و 841 ) كەسە و دەزگای ئاساییش ( 31 هەزارو 421 ) كەسەو ئەنجومەنی ئاساییش ( 6 هەزارو 476 ) كەسە، بەڵام لە دەنگدانی تایبەتدا بەوتەی سەرۆكی دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێم 210 هەزار كەس مافی دەنگدانیان هەیەو پێش هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوە دەچێت. ئەگەر دەنگی لایەنەكان لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان وەربگیرێت لەناو هێزە ئەمنیيەكاندا دەردەكەوێت كە لایەنەكانی تریش پشكیان هەبووە لەناو هێزە ئەمنیەكاندا. ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت كە زۆرینەی زۆری هێزی ئەمنی و سەربازیە لە هەڵبژاردنی 21/9/2013 دا لەكۆی(154 هەزارو 50 ) كەس لە دەنگدانی تایبەت ( 144 هەزار و 434 ) كەس دەنگیان دا بە رێژەی (93.8% ) بەپێی ئەنجامی كۆتایی دەنگدانی تایبەت لەسەر ئاستی سێ پارێزگاكەی هەرێم بەم شێوەیە بووە: یەكەم: پارێزگای سلێمانی لە 21/9/2013 لە دوای جیاكردنەوەی دەنگدانی تایبەت لە پارێزگای سلێمانی لە كۆی( 56هەزار و 656 )كەس كە مافی دەنگدانی هەبووە رێژەی بەشداری دەنگدان (95.6% ) زیاتر لە ( 54 هەزارو 164 ) دەنگی داوە بە جۆرێك : 1- یەكێتی نیشتیمانی كوردستان 27هەزار و 335 دەنگ 2- بزوتنەوەی گۆڕان 18هەزار و 614دەنگ 3- یەكگرتووی ئیسلامی 2011 4- كۆمەڵی ئیسلامی 1980 دەنگ 5- پارتی دیموكراتی كوردستان 1665 دەنگ. 6- لایەنەكانی تر 2 هەزار و 726 دووەم/ پارێزگای هەولێر لە 21/9/2013 ئەنجامی دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی 21/9/2013 لە پارێزگای هەولێر كە (62 هەزار و 900 ) كەس مافی دەنگدانی هەبووە زیاتر ئاستی دەنگدان (93.7% ) لە ( 58 هەزارو 938 ) كەس دەنگیاندا، بەجۆرێك : 1- پارتی: 38 هەزار و 487 دەنگ 2- یەكێتی: حەوت هەزار و 148 دەنگ 3- گۆڕان: پێنج هەزار و 390 دەنگ 4- پارتی پیشكەوتنخوازی توركمانی: سێ هەزار و 978 دەنگ 5- كۆمەڵی ئیسلامی: هەزار و 460 دەنگ 6- یەكگرتووی ئیسلامی: هەزار و 211 دەنگ سێیەم / پارێزگای دهۆك لە 21/9/2013 لە هەڵبژاردنی 21/9/2013 دا لە سنوری پارێزگای دهۆك، لە كۆی (28 هەزار و 997 ) كەس كە مافی دەنگدانیان هەبووە، بەرێژەی (91.5% ) دەنگیانداوە (26 هەزار و 532) كەس دەنگیانداوە، ژمارەی دەنگی لایەنەكانیش بەم شێوەیەیە: 1- پارتی دیموكراتی كوردستان بە (19 هەزار و 642) دەنگ، 2- لیستی كلدان و ئاشوری بە (2 هەزار و 377) دەنگ. 3- یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیش (1 هەزار و 866) دەنگی هێناوە . 4- یەكگرتوی ئیسلامی بە (1 هەزار و 452) دەنگ. 5- بزوتنەوەی گۆڕانیش بە (799) دەنگی هێناوە . 6- كۆمەڵی ئیسلامیش تەنها (126) دەنگی هێناوە . هەربۆیە چاوەڕوان دەكرێت دەنگی لایەنەكانی تر لەناو هێزە ئەمنیيەكاندا هەڵبكشێت، بەو پێیەی لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا دەنگی بێزاری و نارەزایی زۆر بوو لەناو هێزە ئەمنیيەكان بەتایبەت لەسەر موچەكانیان، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت دەنگی یەكێتی و پارتی خاوەن ماڵ لەناو هێزە ئەمنیيەكان كەمبكات و دەنگی لایەنەكانی تر زیاد بكەن.
ئامادەكردنی درەو میدیا تەلئەبیب بێدەنگی هەڵبژاردووە لەبارەی ئەو زانیارییانە كەناڵی دووی ئیسرائیلی بڵاویكردوە، كە باس لە ئەگەری ڕاگەیاندنی (گرێبەستی سەدە)دەكات لەلایەن ئیدارەی ئەمریكاوە دوای گواستنەوەی باڵیۆزخانەكەی بۆ شاری قودس. شرۆڤەكاران و لێكۆڵەرەوە سیاسییەكانی ئیسرائیل پێیانوایە هاوكات لەگەڵ بڵاوكردنەوەی وردەكاری جوڵەكانی ئەمریكا سەبارەت بەپلانە نوێكەی بۆ ئاشتی، كە قەرەبووكردنەوەی دارایی فەلەستنیەكان لەخۆدەگرێت، لەگەڵ ئەو گەشتەی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامیداوە دەچێتە چوارچێوەی ئەو فشارانەی كە خراونەتە سەر دەسەڵاـدارێتی فەلەستینی لەپێناو گەڕاندنەوەی بۆ سەر مێزی گفتوگۆ. بە پێچەوانەی بڵاوكراوەكانی پێشوی میدیاكانی ئیسرائیل كە لەبارەی ناوەرۆكی (گرێبەستی سەدە) بڵاویاندەكردوە، كەناڵی دووی ئیسرائیلی ڕۆشنایی خستوەتەسەر زانیارییەكانی سەرچاوەیەكی باڵای ئیسرائیلی و لەزاری ئەوەوە ئاشكرایكردوە كە پلانی نوێی ئاشتی قەرەبووكردنەوەی دارایی فەلەستینییەكان لەخۆدەگرێت وەك هەوڵێك بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ دانوستان و بەشدارییان لە دیمەنە سیاسییەكە. دانا فایس شرۆڤەكاری سیاسی كەناڵی دووی ئیسرائیل كە زانیاریەكەی بڵاوكردوەتەوە، سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمریكای بۆ تەلئەبیب و كۆبونەوەی لەگەڵ (بنیامین نەتانیاهۆ)ی سەرۆك وەزریرانی ئیسرائیل گرێداوە بە ئامادەكارییەكان بۆ ڕاگەیاندنی پلانی ئاشتی كە ئەمریكا سەرپەرشتی دەكات، ئاماژەی بەوەشكردوە پلانەكە وڵاتانی هەرێمیش لەخۆدەگرێت، فەلەستینییەكانیش لایەنێكن تیایدا بەڵام خاوەنی قسەی یەكلاكەرەوەنین. پێشتر میدیاكانی ئیسرائیل دیارترین خاڵەكانی (گرێبەستی سەدە)یان، لەزاری (جایسۆن گرینبلات) نێردەی ئەمریكا بۆ ئاشتی لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوكردوە كە پێشنیازی چارەسەری دوو دەوڵەت و دامەزراندنی دەوڵەتێكی فەلەستینی كە پایتەختەكەی خۆرهەڵاتی قودس و بەپێی سنوری 4حوزەیرانی ساڵی 1967 بنەمایەك نابێت بۆ پلانە نوێكەی ئاشتی، ئەوەش پرسێكە كە وڵاتانی عەرەبی و فەلەستینییەكان ڕەتیدەكەنەوە. لە كاتێكدا حكومەتی ناتانیاهۆ و ئیدارەی ترەمپ هاوڕان سەبارەت بەدامەزراندنی دەوڵەتێكی فەلەستینی سەروەری نەبێت و لەچەك داماڵڕاوبێت، لەگەڵ جێگیركردنی سوپای ئیسرائیل بەدرێژایی دەریاچەی ئوردن و سەرپەرشتیكردنی ئاسایش لەلایەن ئیسرائیل بە بەشداری ئوردن و میسر و ئەمریكا، بەڵام لەبارەی پرۆژەی ئۆردوگاكانی نیشتەجێكردنی ئیسرائیلیەكان ناكۆكییان هەیە، واشنتن ڕەزامەندی لەسەر لكاندنی 10% ی خاكی كەرتی خۆرئاوا و ئۆردوگاكان بە ئیسرائیلەوە دەربڕیوە، حكومەتی ئیسرائیلیش داوای لكاندنی 15% خاكی ئەو ناوچەیە دەكات. گرێبەست و چارەسەر (یواف شتێران) میدیاكاری ئیسرائیلی تایبەتمەند لە كاروباری عەرەبی و فەلەستینی دەڵێت، سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ سعودیە و ئوردن و ئیسرائیل، ئەگەر لەجەوهەریشدا تایبەت بوبێت بەتاوتوێكردنی پرسی پلانی سەرۆكی ئەمریكا سەبارەت بە ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و كێشە هەرێمییەكان و بەتایبەتیش دۆسیەی سوریا، تاتوێكردنی پرسی چارەسەری ملانێی عەرەب-ئیسرائیل و چارەسەری كێشەكان لەگەڵ فەلەستین تەوەرێكی گرنگی باسەكانی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بووە بەتایبەتی لە تەلئەبیب. لەبارەی هەوڵەكانیشی بۆ كۆتاییهێنان بەو ڕەتكردنەوە عەرەبی و فەلەستینیەی سەبارەت بە گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا بۆ قودس هەیە ، (شتێران) بەكەناڵی جەزیرەی وتوە، ئیدارەی ترەمپ پێشنیازی پایتەختێكی دروستكراو دەكات بۆ فەلستینیەكان لەدەوروبەری شاری قودس لەدەرەوەی چوارچێوەی 6 كیلۆمەتر چوارگۆشە لە سنوری ساڵی 1967 و هێشتنەوەی دۆخی قودسی كۆن وەكو خۆی لەگەڵ بونی چاودێرییەكی نێودەوڵەتی، لەبەرامبەردا ئیسرائیل زامنی ئازادی پەرستن بكات بۆ سەرجەم ئاینەكان لەناوچە پیرۆزەكان، كە بەوتەی ئەو شرۆڤەكارە سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل تێبینی هەیە لەسەر ئەم پێشنیازەی ئەمریكا. گرێبەستی سەدە كشانەوەی هەنگاوبەهەنگاوی سوپای ئیسرائیلیش لەخۆدەگرێت لەو ناوچانەی بە(أ، ب ، ج) پۆلێنكراون و وەك ئەوەی لەڕێككەوتنی دووەمی (ئۆسڵۆ)دا، هاتوە كە مانگی ئەیلولی ساڵی 1995دا ئیمزاكراوە، كە مۆڵەتی كۆتایی كشانەوەی دیارینەكراوە و مەرجدارە بەمامەڵەی دەسەڵاتدارێتی فەلەستین و دوای ئەوە دەوڵەتی فەلەستینی لەو سنورەدا ڕادەگەیەنرێت بەپێی ئەو ناوچانەی پۆلێنكراون، بەوپێەش پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئیسرائیل وەك نیشتمانێكی نەتەوەیی گەلی جولەكە و دەوڵەتی فەلەستنیش وەك نیشتمانی گەلی فەلەستین بناسێنێت. ڕازیبون و ڕەتكردنەوە (نەمرود جۆرن) بەڕێوەری پەیمانگای (میتفیم)كە تایبەتمەندە بە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئیسرائیل، دەڵێت، لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2017وە، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی چاوەڕوانی دۆناڵد ترمپە گرێبەستی سەدە ئاشكرابكات، پێشیوایە ئەو ناوەڕۆك و پێشنیازانەی دزەیان كردوە واقیعی نین و لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێناكرێن، بەهۆی ڕەتكردنەوەی لەلایەن فەلەستین و وڵاتە عەرەبییەكان. جۆرن ئاماژە بەوەشدەكات، كرۆكی سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ ناوچەكە ڕێككەوتنی ئەتۆمی ئێران و ڕۆڵی ئێران بوە لە سوریا و یەمەن و ململانێكانی ئیسرائیل و فەلەستینیش ئامادەییان هەبوە، لەو بڕوایەشدایە كە ئیدارەی ئەمریكا ئەو ڕاستیەی بۆ ڕونبوەتەوە كە بەبێ چارەسەركردنی كێشەی فەلەستین ناتوانێت هاوپەیمانییەكی ئەمریكی ئیسرائیلی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فراوانخوازییەكانی ئێران لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پێكبهێنێت. گومانی خۆشی پیشاندەدات لەوەی ئەمریكا بتوانێت هیچ چارەسەرێك بەسەر فەلەستنیەكاندا بسەپێنێت ئەگەر چارەسەری دوو دەوڵەت و دروستكردنی دەوڵەتێكی فەلەستینی كە پایتەختەكەی خۆرهەڵاتی قودس نەبێت، پێشیوایە، واشنتن ناتوانێت هیچ چارەسەرێك لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێبكات ناوەرۆك و بڕگەكانی هەرچۆنێك بن، ئەگەر لایەنی فەلەستینی قبوڵیان نەبێت و ڕازامەندنەبن لەسەری. سەرچاوە: ئاژانسەكان