Draw Media

كاتێك پێشمەرگە دەبێت بە خۆپیشاندەر

كاتێك پێشمەرگە دەبێت بە خۆپیشاندەر

2018-06-13 13:34:41


(درەو میدیا): 
بەپێی دەستوری عێراق هێزی پێشمەرگە بەشێكە لە سیستمی بەرگری عێراق، ئەركی پاراستنی سنورەكان و مەترسی هێرشی دەرەكییە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2010 هێزەكانی پێشمەرگە چەندین جار لەناو شارەكان كۆبونەتەوە بۆ خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی لەلایەك هێنراوەنەتە سەر شەقام ، لەلایەك بۆ موچەكانیان و لەلایەكیش دژ بە خۆپیشاندەران.
سەرباری ئەوەی، لە چەند ساڵی رابردودا چەندینجار هێزەكانی پێشمەرگە هێنراونەتە ناو شارەكان بەتایبەتیش لەو حاڵەتانەی كە گرژی و پشێوی سیاسی هەبوو، هەندێكجاریش لە حاڵەتی پشێوی ناوخۆیی حزبەكان ئەم هێزانە خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
سەرباری بانگەشەكان بۆ یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەڵام ئەو هێزە بەسەر پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا دابەش بوون، كە خۆی دەبینێتەوە لە هێزەكانی 70 ی یەكێتی و 80 ی پارتی، سەرەڕای ئەوەی ئەو دوو هێزەش دابەشبوون بەسەر بەرپرسی حزبەكاندا و لەگەڵ ئاڵۆزبونی دۆخی سیاسی دەخزێنرێنە ناو ململانێ سیاسییەكانەوە.
لەبەرامبەردا هەر جۆرە ناڕەزایەتییەكی كەسيی لەناو هێزی پێشمەرگەدا بەپێی یاسای سەربازی سزادان بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان بەپێی یاسایەكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جارێكی تر هێزی پێشمەرگەی هێنایەوە سەر شەقامەكان، سەرەتای ناڕەزایەتییەكانیش لە سلێمانییەوە دەستیپێكرد، بەوپێیەی سەرچاوەی نیگەرانییەكان لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایار لە سلێمانییەوە دەستیپێكرد و دواتر گەیشتە بەغداد.


مێژووییەكی كورتی خۆپیشاندانەكانی پێشمەرگە:
•    ساڵی 2010 عەدنان عوسمان پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا هێزەكانی پێشمەرگەی بە "میلیشیا" ناوبرد، هێزەكانی پێشمەرگە بە جلی فەرمییەوە هاتنە سەرشەقام و ناڕەزایەتییان نیشاندا.
•    مانگی  12ی ساڵی 2016 لە هەولێر هێزەكانی زێرەڤانی بە جلوبەرگی فەرمییەوە خۆپیشاندانیان كرد دژی لێدوانێكی سروە عەبدولواحید پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەران، سروە عەبدولواحید لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵێكی عەرەبی وتبوی" ژنی پێشمەرگە بەهۆی هەژارییەوە ناچار بووە بۆ بژێوی ژیانی لەشفرۆشی بكات".
•    ئەمڕۆ 13ی حوزەیران جارێكی تر لە سلێمانی هێزەكانی پێشمەرگە بەجلوبەرگی فەرمییەوە لەبەردەم بینای پارێزگای سلێمانی كۆبونەوە و دژی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا خۆپیشاندانیان كرد.

خۆپیشاندان بۆ موچە
هێزەكانی پێشمەرگە چەندین جار بە شێوەی جیاجیا هاتونەتە سەر شەقام بۆ موچەو باشكردنی بژێوی ژیانیان.
•    لە ساڵی 2016دا و بە دیاریكراوی لە مانگی دوودا لە چەندین ناوچەی هەرێمی كوردستان هێزەكانی پێشمەرگە بە جلوبەرگی فەرمییەوە رژانە سەرشەقامەكان و دژی دواكەوتنی موچەكانیان خۆپیشاندانیان كرد.
•    چەندین جار پێشمەرگە دێرینەكان لە چەندین كاتی جیاوازدا بۆ موچەكانیان خۆپیشاندانیان كرد لە مانگی ئابی 2016 پێشمەرگە دێرینەكان بۆ موچەكانیان خۆپیشاندانیان كرد لەبەردەم مەكتەبی سیاسی یەكێتی.

هێنانی پێشمەرگە بۆ كۆنترۆڵكردنی خۆپیشاندەران
بەبەردەوامی لە خۆپیشاندانەكاندا هێزی پێشمەرگەی كوردستان هێنراونەتە سەرشەقام دژ بە خۆپیشاندانەكان.
•    لە یەكەم رۆژی خۆپیشاندانەكان و رۆژانی دوایی هێزی پێشمەرگە جوڵێنران بەئاراستەی گردی زەرگەتەی شاری سلێمان.
•    لە خۆپیشاندانەكانی 17ی شوباتدا و بەتایبەتیش لە 20ی نیسانی 2011 بە هێزی پێشمەرگە خۆپیشاندانەكان سەركوتكران.
•    لە خۆپیشاندانەكانی 2015 و 2017 ی شاروشارۆچەكەكانی هەرێمی كوردستان هێزی پێشمەرگە بۆ كۆتایی پێهێنانی خۆپیشاندانەكان هێنرانە سەر شەقام. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand