رێككەوتنە نەوتیەكە بۆ ساڵی ئایندە درێژكرایەوە
2025-12-23 13:42:15
(درەو):
رێككەوتنی نەوتی نێوان هەولێرو بەغداد بۆ ساڵی ئایندە درێژكرایەوە، ئەمەش بەو واتایە دێت دەبێت حكومەتی فیدراڵ بەردەوام بێت لەسەر ناردنی موچەی موچەخۆرانی ئایندە.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی هەبوو، بەقسەی سەرچاوەكان لەم كۆبوونەوەیەدا بڕیاردراوە لەسەر درێژكردنەوەی رێككەوتنی نەوت و موچە لەنێوان هەولێرو بەغداد بۆ ساڵی ئایندە.
رێككەوتنی نەوتیی نێوان هەرێم و بەغداد لەچوارچێوەی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراقدا كرا، یاسایەك كە كۆتایی ئەمساڵ كارپێكردنی كۆتایی دێت و لە چوارچێوەی ئەم رێككەوتنەدا لە (ئەیلول)ی ئەمساڵەوە هەناردەی نەوتی هەرێم (كە لە 25ی ئازاری 2023وە راوەستابوو) بەرەو بەندەری جەیهانی توركیا دەستیپێكردەوەو، لەبەرامبەردا حكومەتی عێراق رەزامەندی دا بە خەرجكردنی شایستە داراییەكانی كوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵدا.
بەپێی ئەو رێككەوتنە، حكومەتی هەرێم نەوتی بەرهەمهێنراوی خۆی بەشێوەیەكی رۆژانە رادەستی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەكات و داهاتی فرۆشی نەوتەكەش بەشێوەیەكی راستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەتی فیدراڵ.
لەدوای رێككەوتنە نەوتییەكەوە، حكومەتی فیدراڵ تەنیا دوو موچەی بە هەرێمی كوردستان داوەو بڕیارە وەكو دوا موچە لەم رۆژانەدا موچەی مانگی 10ی ئەمساڵ رەوانە بكات، لەم نێوەندەدا چارەنوسی دوو موچەی ئەمساڵ (مانگەكانی 11و 12) بە نادیاری دەمێنێتەوە.
بەردەوامیدان بە رێككەوتنی نەوتیی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە، لەم رۆژانەدا محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی باڵای وزاری ئابوریدا، لەچوارچێوەی كەمكردنەوەی خەرجییە گشتییەكان و زیادكردنی داهاتەكاندا فەرمانیدا بەوەی پێداچوونەوە بە داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستاندا بكرێت، ئەمەش گومانی لەسەر تێكچوونی رێككەوتنی نەوت و موچە لەنێوان هەردوو حكومەت دروستكردووە، بەوپێیەی بڕی ئەو 120 ملیار دینارەی كە وەكو داهاتی مانگانەی نانەوتیی هەرێم دیاریكراوە، خۆی لە بنەڕەتەوە كێشەی لەسەر بووەو لە هەر ساتێكدا ئەگەری تێكچوونی هەیە.
