بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی و سیناریۆ چاوەڕوانكراوەكان
2018-06-20 13:11:12
راپۆرتی: ئارام مەحمود
زۆرینەی هێزە براوەكان ئومێدیان لەسەرئەوە هەڵچینیوە سبەینێ پێنجشەممە دادگای فیدراڵی دانیشتنە نائاساییەكەی پەرلەمانی عێراق بە نادەستوری لەقەڵمبدات و ڕەتیبكاتەوە، یان لانی كەم بڕیاربدات بە هەڵوەشاندنەوەی مادەی تایبەت بە پوچەڵكردنەوەی دەنگدانی تایبەت و دەرەوەو مەرجدار و ئاوارەكان و جوڵەی دانیشتوان كە لە بڕگەی سێهەمی، هەمواری سێهەمی یاسای هەڵبژاردنەكاندا هاتوە و ئەو ئەنجامە سەرەتاییانەی كۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ڕایگەیاندون وەك خۆی تێپەڕێت، كە هەندێك لە هێزەكان تێبینیان لەسەری هەیە و پێیانوایە ساختەكارییەكی بەربڵاوكراوە و تێپەڕاندنی پرسیاری گەورە لەسەر پرۆسەی دیموكراسی دروستدەكات، هەندێك هێزیش وروژاندنی پرسی ساختەكاریی وەك كارتی فشاری بەكاردەهێنن بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتی زیاتر لە حكومەتی داهاتوو نەك پارێزگاریكردن لە پاك و بێگەردی پرۆسەی هەڵبژاردن و گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەنەكەی و پاراستنی هەیبەتی دیموكراتی، ئەمە ڕای بەشێك لە چاودێرانی دۆخی عێراقە.
لەگەڵ ئەوەی زۆرێك لە هێزە گەورەكان دژایەتی هەمواری سێهەمی یاسای هەڵبژاردنەكان دەكەن بەڵام هیچ لایەنێكی سیاسی وەك (یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان)، كۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانیش وەك سەرپەشتیاری پرۆسەكە بەئاشكرا دژایەتی هەمواری یاساكە و بڕیارەكانی پەرلەمان ناكەن و تانەیان نەكردوە، دانیشتنی ڕۆژی پێنچ شەممەی دادگای فیدراڵی عێراقیش بۆ لێكۆڵینەوە و یەكلاكردنەوەی ئەو تانانەیە كە لەلایەن ئەمانەوە پێشكەشكراوە، یەكێتی و پارتی چاوەڕوانن ئەو ئەنجامانەی بەدەستیانهێناوە بەبێ دەستكاری تێپەڕێت، كۆمیسۆنی هەڵبژاردنەكانیش تێپەڕاندنی ئەو ئەنجامانەی ڕایگەیاندوە، بەكۆتایهاتنی ئەگەری هەر مولاحەقە و لێپێچینەوەیەكی یاسایی دەزانێت كەبەرامبەری بكرێت.
سیناریۆ چاوەڕوانكراوەكان
یەكەم: ڕەتكردنەوەی دانیشتنە نائاساییەكەی پەرلەمانی عێراق، بەپاساوی نەبونی نیساب لە دانیشتنی ڕۆژی 28 ئایار، بەوپێیەی پێشتر سەرۆكی لیستی یەكێتی لە كەركوك و هەندێك لایەنی تر ئەم پرسەیان وروژاندوە و ئەگەریش هەیە كردبێتیان بە بەشێك لە تانەكانیان، یاخود بە پاساوی نایاساییبونی ڕێكارەكانی دانیشتنەكان و پێشێلكردنی بنەما دەستورییەكان و لادانی پەرلەمان و تێپەڕاندنی دەسەڵاتەكانی خۆی.
جەعفەر موسەوی وتەبێژی سیاسی موقتەدا سەدر براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكان لە نوێترین لێدوانیدا لەسەر ئەو پرسە دەڵێت، هیچ كەس مافی ئەوەی نیە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن پوچەڵبكاتەوە پێش دەرچونی بڕیاری دادگای فیدراڵی، پێشوایە دانیشتنە نائاساییەكەی پەرلەمان بیدعە و داهێنانی سیاسیە و پێشتریش دادگای فیدراڵی بڕیارەكانی پەرلەمانی لە دانیشتنێكی نائاساییدا پوچەڵكردوەتەوە.
موسەوی دەشڵێت، دانیشتنە نائاساییەكی پەرلەمان كاردانەوە و هەڵچون بووە و بڕیارەكانیشی ملكەچی بەرژەوەندی حزبی و تاكەكەسی بوون، لەو بڕوایەشەدایە دادگای فیدراڵی ئەو بڕگانەی هەموارەكە ڕەتدەكاتەوە كە دژ بە دەستورن.
پێشتریش وتەبێژەكەی سەدر لە لێدوانێكدا باسی لەوەكردبوو، هەموو ئەو ڕێكارانەی پەرلەمانی عێراق گرتویەتیەبەر بە بڕیارێكی داگای فیدراڵی كۆتایی پێدێت، بەوپێیەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی یەكلاكەرەوەن و بواری تانەلێدانیان نیە.
دووەم: ئەگەر هەیە دادگای فیدراڵی بڕگەی سێهەمەی هەمواری سێهەمەی هەڵبژاردنەكان ڕەتبكاتەوە كە بەپێی ئەم بڕگەیە، دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان و دەرەوە و ئاوارەكان و مەرجدار و جوڵەی دانیشتوان پوچەڵدەبێتەوە، لەگەڵ ئەوەی لە كاتی بڵاوكردنەوەی دەقی هەمواری سێهەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا قسەكانی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقی تیادا جێگیرنەكرابوو كە دەڵێت، ئەم دەنگانە بە پوچەڵ ئەژمار دەكرێن ئەگەر سەلمێنرا كە ساختەكارییان تێدا كراوە، بەڵام دروستی ئەو مادە یاساییە بەوشێوەیەیە كە دەبێت بسەلمێنرێت ساختەكاری ئەنجامدراوە ئەوجا ئەو دەنگانە پوچەڵدەكرێنەوە، بەڕای هەندێكیش ئەو لایەنانەی كە تانەیان داوە لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بەڵگەی حاشا هەڵنەگریان لەسەر ئەنجامدانی ساختەكاری لەم دەنگدانانە پێشكەشكردووە بۆیە لایەنەكانی بەرامبەریان ترسی گەورەیان هەیە پوچەڵبكرێنەوە و ڕێژەیەكی بەرچاو لە كورسییەكانیان كەمبكات.
پەرلەمانتار عەبدولڕەحمان لویزی لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی، لە مادەی سێهەمەی هەمواری یاساكەدا هاتووە، جگە لە دەنگی ئەو كەمینانەی كە سیستمی كۆتا دەیانگرێتەوە، ئەنجامی هەڵبژاردنی دەرەوەی سەرجەم پارێزگاكان و جوڵەی دانیشتوانی پارێزگاكانی ئەنبار و سەڵاحەدین و نەینەواو و دیالە و هەڵبژاردنی ئاوارەكان و دەنگدانی مەرجدار و دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان هەڵدەوەشێنرێتەوە، ئاماژە بەوەشدەكات، بەپێی دەقی ئەو مادەیەش دەنگی هەندێك خەڵكی دیاریكراو بەشێوەیەكی هەڕەمەكی هەڵوەشێنراوەتەوە، دواتر لە كۆتایی مادەكەشدا جارێكی تر هەمواركراوەتەوە و ئاماژە بەوەكراوە، دەنگی ئەو وێستگانە هەڵبوەشێنرێنەوە كە ئەنجامدانی ساختەكاری تیایدا دەسەلمێنرێت، ئەو دەسەڵاتەشی داوەتە ئەو دەستە دادوەرییە كە لێكۆڵینەوە لە تانەكانی هەڵبژاردن دەكات.
موحسن سەعدون سەرۆكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق زۆر دڵنیایە لەوەی دادگای فیدراڵی مادەی سێهەمی هەمواری سێهەمەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان ڕەتدەكاتەوە بەوپێیەی پەرلەمان بە پوچەڵكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن، دەستوری پێشێلكردووە.
سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، مادەی 61 لە دەستوری عێراق مافی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی نەداوە پەرلەمانی عێراق، تەئكیدیشیكردوە، ئەركی سەرەكی پەرلەمان داڕشتنی یاسا و هەمواركردنێتی، نەك ڕەتكردنەوەی.
تاریق حەرب شارەزای یاسای دەستوریی دەڵێت، دادگای فیدراڵی ناتوانێت تەواوی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان ڕەتبكاتەوە، بەڵكو دەتوانێت تانە لە هەندێك لە مادەكانی یاساكە بدات و ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق بكاتەوە.
سێهەم: ڕەتكردنەوەی تانەكانی یەكێتی و پارتی و كۆمیسۆنی هەڵبژاردنەكان لە هەمواری سێهەمەی یاسای هەڵبژاردنەكان و دەستكردن بەجێبەجێكردن ئەو ڕێكارە یاساییانەی پەرلەمانی عێراق پەسەندیكردوون، بەڕای زۆرێك لەچاودێران ئەمەیان لاوازترین سیناریۆیە، هەرچەندە زۆرینەی بۆچونەكان بەئاراستەی ئەوەیە كە ماددەی سێهەمی یاساكە ڕەتبكاتەوە، بەوپێیەی پەرلەمانی عێراق مافی هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی نیە وەك ئەوەی لەسەروە باسكراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە پرسێكی كۆنكرێتی نیە، چونكە پەرلەمانی عێراق ئەم مادەیەشی مەرجدار كردوە، واتە هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەنگدانانەی دیاریكردون، مەجداری كردووە بە سەلماندنی ساختەكاری تیایدا نەك ڕەتكردنەوەی بەشێوەیەكی قەتعی و بەبێ ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە.
دەرەنجام:
نزیكترین سیناریۆ و پێشبینی بۆ بڕیاڕی دادگای فیدراڵی كە بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە 21 مانگ لە دانیشتنێكی ئاشكرادا ئەو پرسە یەكلابكاتەوە و كۆتایی بەو مشتومڕە بێنێت كە لە دوای هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراقەوە لەنێوان لایەنەكان دروستبوە، سیناریۆی دووەمە، واتە ڕەتكردنەوەی مادەیەك لە یاساكە نەك تەواوی یاساكە یان پەسەندكردنی تەواوی یاساكە، بەوپێیەی ئەو لایەنانەی كە زیانیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن كردوە تەئكید دەكەن بایی ئەوە بەڵگەیان لەسەر ساختەكاریی پێشكەشكردووە ئەگەر ئەنجامەكانی بەم شێوەیەی ئێستا تێپەڕێنن نەك پرۆسەی دیموكراسی بەڵكو پرسیاری گەورە لەسەر بێلایەنی و نەچونە ژێر فشاری سیاسی لەسەر دامەزراوەكانی دەوڵەتیش دروستدەبن.
تێبینی لایەنە براوەكانیش تەنها لەسەر پوچەڵكردنەوەی ئەو دەنگانە نیە كە پەرلەمانی عێراق لە هەمواری یاسای هەڵبژاردندا پەسەندیكردووە، بەڵكو لەبارەی جیاكردنەوە و بژاردەی دەستی دەنگەكانیش تێبینیان هەیە و بژاردنەوەی لەسەدا سەدی دەنگەكان بە بڕیارێكی نادادپەروەرانە دەزانن و پێیانوایە پەرلەمانی عێراق لە هەمواری یاساكەدا توند بوە و بەگیانی تۆڵە و هەڵچونەوە مامەڵەی كردوە و داوادەكەن لە نێوان 5% بۆ 10% دەنگەكان بەدەستی بژمێرێنەوە.