شه‌ڕی (هاكان فیدان) له دژی كێیه؟
2025-12-23 16:32:14
شیكاری: هێمن خۆشناو
چەندین ساڵە لەبارەی شوێنگرەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سه‌ركۆماری توركیا ململانێیەکی توند لەئارادایە. هەرچەندە ئەم ململانێیە رانەگەیندراوە بەڵام لەناو میدیا، هۆڵدینگ، بازرگانی توركیا هەستی پێدەکرێت. ئەردۆغان و خانەوادەکەی مکوڕن لەسەر ئەوەی کە دەبێت جێگرەوەی سەرۆك لە خۆیان بێت. لەدوای ئەوەی سیستەمی پەرلەمانی گۆڕا بۆ سیستەمی سەرۆکایەتی لە ساڵی ٢٠١٨، وەزیری ناوخۆی پێشتر (سولەیمان سۆیلو) لەگەڵ وەزیری بەرگری پێشتر (هڵوسی ئاکار) بەهێزترین فیگوڕ بوون بۆ جێگرتنەوەی ئەردۆغان، ئەم دووانە لەناو پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) تا ئاستێکی دیار پشتگیریان لێدەکرا. بەڵام ئەردۆغان لە دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی ئایاری ٢٠٢٣ و بوونەوەی بە سەرکۆمار هەردوو فیگوڕەکەی سەرەوەی دوورخستەوە و کۆتایی بە پێگەکەیانی هێنا.
لە ئێستادا لە دەرەوەی خانەوادەی سەرکۆمار کە بتوانێ ببێتە شوێنگرەوەی ئەردۆغان، (هاکان فیدان) وەزیری دەرەوەیە. فیدان بەهۆی ئەوەی پێشتر بۆ ماوەی (١٢) ساڵ راوێژکاری دەزگای هەواڵگری (میت) بووه له‌م وڵاته، لەناو بیرۆکراسی دەوڵەت و له ئاستی هەرێمایەتیشدا پەیوەندیەکی بەرفراوانی هەیە و پشتگیری لێدەکرێت. هه‌روه‌ها له‌ناو ئاكه‌په‌شدا كه‌سانی وه‌كو (عه‌بدولڵا گول سه‌ركۆماری پێشووی توركیا, ئه‌حمه‌د داودئۆغڵو سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشتری توركیا، عومه‌ر چه‌لیك گووته‌بێژی ئاكه‌په) پشتگیری له هاكان فیدان ده‌كه‌ن. جگه له‌مانه‌ش بۆ به‌هێزكردنی پێگه‌ی خۆی فیدان په‌یوه‌ندی سیاسی و بازرگانی توندوتۆڵی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی رێكخراوی (ئه‌رگه‌نه‌كۆن) و بزنسمانانی نزیك له بزوتنه‌وه‌ی (گوله‌ن) دروستكردووه. بۆ ئەمەش لە لایەن خانەوادەی ئەردۆغان و دەوروبەرەکەی ئاستەنگی جۆراوجۆری بۆ دروست دەکرێت و لە بەرژەوەندیەکانی دەدرێت.
له‌ناو خانه‌واده‌ی ئه‌ردۆغان دوو كه‌س كاندیده بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ی سه‌رۆك. یه‌كه‌میان (سه‌لجوق بایراكتدار) كه زاوای ئه‌ردۆغانه، دووه‌میشیان (بیلال) ی كوڕیه‌تی. پێده‌چێت ئه‌مه‌ی یه‌كه‌میان خواستێكی به‌م شێوه‌یه‌ی نه‌بێت و خۆی له شوێنگرتنه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان به‌دوور بگڕێت. بۆیه له ئێستادا (بیلال) بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان له‌ناو خانه‌واده‌كه‌ی ئاماده ده‌كرێت. بۆ ئه‌وه‌ی بیلالی كوڕ بتوانێ له شوێنگرتنه‌وه‌ی باوكی‌دا سه‌ركه‌وتوو بێت، پێویسته یه‌كه‌م جار ئاكه‌په دیزاین بكرێته‌وه، په‌یوه‌ست به‌مه‌ش ده‌ست به‌كاره‌كان كراوه. رۆژانه له چوارچێوه‌ی ویلایه‌ته‌كانی توركیا كادیر و ده‌سترۆیشتووانی ئاكپارتی ئه‌وانه‌ی به گوێره‌ی بیلال نین ده‌ست له‌كارده‌كێشنه‌وه، یان ناچاری ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه ده‌كرێن.
لێره‌دا، كاردانه‌وه‌كانی هاكان فیدان خۆی ده‌رده‌خات، باشترین كاردانه‌وه‌ش كه خزمه‌تی بكات، تێكدانی پرۆسه‌ی ئاشتیه له توركیا و رۆژئاوای كوردستاندا. بۆیه له هه‌ركه‌س زیاتر (هاكان فیدان) ئاسته‌نگ بۆ لێكنزیكبوونه‌وه و رێككه‌وتنی قامیشلۆ – دیمه‌شق دروست ده‌كات. به لێدوانه‌كانی دژ به رێككه‌وتنه‌كه ناوه‌ستێت به‌ڵكو ئه‌وه‌ی له ده‌ستی بێت كردوویه‌تی و ده‌یكات. به‌مه‌ش ناوه‌ستێت، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت به دامه‌زراوه‌كانی دیكه‌ی توركیا نه‌دات وه‌كو (میت) كه له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی و به‌ره‌وپێشچوونی پڕۆسه‌ی ئاشتیه، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا (نوح یڵماز) كه جێگری بوو ده‌كاته باڵیۆزی توركیا له سوریا، به‌مه‌ش رێگا له (ئیبراهیم كاڵن) ده‌گرێت له جموجۆڵكردن به قازانجی رێككه‌وتنی قامیشلۆ – دیمه‌شق، چونكه هاكان له‌وه تێگه‌یشتووه كه سه‌ركه‌وتنی پڕۆسه‌ی ئاشتی پێگه‌ی كاڵن به‌هێزتر ده‌كات، ئه‌مه‌ش به قازانجی خانه‌واده‌ی ئه‌ردۆغان ده‌شكێته‌وه.
هه‌روه‌ها له سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ (ته‌هران) له به‌راوری (2 كانوونی یه‌كه‌می 2025) هاكان به هاوتا ئێرانیه‌كه‌ی گووتووه، ئێمه توانیمان كۆتایی به په‌كه‌كه بێنین، ئێوه‌ش هه‌وڵه‌كان چڕ بكه‌نه‌وه بۆ كۆتاییهێنان به پژاك، چونكه پژاك له‌گه‌ڵ ئیسرائیل په‌یوه‌ندی چڕ و پڕی هه‌یه.
له ئێستادا ئه‌ردۆغان و ستافه‌كه‌ی د‌رك به مه‌ترسی و به‌هێزی (هاكان فیدان) ده‌كه‌ن. بۆیه هه‌وڵده‌ده‌ن له به‌رژه‌ندیه‌كانی ناوبراو بده‌ن. له (1 مانگی ئه‌یلولی رابردوو) داواكاری گشتی ئیستانبۆڵ ئۆپاراسیۆنێكی بۆ سه‌ر گرووپی (ASSAN) ئه‌نجامدا، كه كۆمپانیایه‌كی بازرگانی ته‌كنه‌لۆژیای چه‌كه. ئه‌م كۆمپانیایه له رابردوو، زۆر نزیك بوو له (گرووپی فه‌تحولڵا گوله‌ن). بانگه‌شه ده‌كرێت په‌یوه‌ندی (ASSAN) له‌گه‌ڵ فیدان زۆر به‌هێزه، فیدان به‌شداری له پێشانگاكانی ئه‌م گرووپه ده‌كات، كه قه‌باره‌ی بازرگانی ساڵانه‌ی به 7 ملیار دۆلار ده‌خه‌مڵێندرێت. له هه‌مان كاتدا بانگه‌شه ده‌كرێت كه كۆمپانیای ناوبراو به پشتگیری هاكان فیدان چه‌ندین گرىبه‌ستی بازرگانی چه‌كی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئه‌فریقیا واژو كردووه. له ئێستادا داواكاری گشتی به تۆمه‌تی سیخوڕی كردن و دزه پێكردنی به‌ڵگه‌كانی ده‌وڵه‌ت سكاڵای له‌سه‌ر تۆمار كردوون. دوورنیه هه‌ڵكوتانه سه‌ر ئه‌م گرووپه و تۆمه‌تبار كردنیان په‌یوه‌ندی به ململانێی خانه‌واده‌ی ئه‌ردۆغان له‌گه‌ڵ هاكان فیدان هه‌بێت.
له رۆژی (12 كانوونی یه‌كه‌می 2025) دا (غالیب ئه‌نساریئۆغڵو) په‌رله‌مانتاری كوردی ئاكه‌په، له میانه‌ی به‌شداریكردنی له به‌رنامه‌یه‌كی تیڤی، ده‌رباره‌ی لێدوانه تونده‌كانی هاكان فیدان په‌یوه‌ست به هێزه‌كانی سوریای دیموكراتی (هه‌سه‌ده) و پڕۆسه‌ی ئاشتی ده‌لێت:" له سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تیماندا ئه‌و ئیراده‌یه‌ی سیاسه‌ت دیاری ده‌كات، ئیراده‌ی سه‌ركۆماره، ئه‌و كه‌سه‌ی له دژی ئیراده‌ی سه‌ركۆمار هه‌ڵوێست بنوێنێ، یان ده‌بێت واز له پۆسته‌كه‌ی بێنێت یان دوور ده‌خرێته‌وه له پۆسته‌كه‌ی. په‌یوه‌ست به كه‌یسه گرنگه‌كان له توركیادا، هیچ ئیراده‌یه‌ك نیه له‌سه‌ر ئیراده‌ی سه‌ركۆمار، كه‌س ناتوانێ ئیراده‌یه‌ك له دژی ئیراده‌ی سه‌ركۆمار بخاته‌ڕوو".
له درێژه‌ی قسه‌كانیشیدا ئه‌نساریئۆغڵو، لێدوانه تونده‌كانی هاكان فیدان وه‌كو هه‌ڵوێستی كه‌سی به‌ناو ده‌كات و ده‌ڵێـت:" له ئه‌نجامدا سه‌ركۆمار سیاسه‌ت دیاری ده‌كات و له‌مباره‌یه‌وه دوا قسه‌ش هه‌ر ئه‌و ده‌یكات".
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا، ئاوتكردنی فیدان كارێكی ئه‌وه‌نده ئاسان نیه، بۆ ئه‌ردۆغان و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی، فیدان نه سوله‌یمان سۆیلو و نه هلوسی ئاكاره. چونكه ئه‌و كه راوێژكاری ده‌زگای هه‌واڵگری توركیا (میت) بووه، نهێنی چه‌ندین دۆسیه و كاری هه‌ستیاری كه‌وتۆته به‌ر ده‌ست. بۆ نموونه، دۆسیه‌ی بازرگانیكردنی نه‌وت، دۆلار و زێڕ له‌گه‌ڵ ئێران، دۆسیه‌ی (هاڵك بانك) كه ئه‌گه‌ر نهێنیه‌كانی ئاشكرا بكرێت له‌وانه‌یه توركیا به سه‌دان ملیار دۆلار سزا بدرێت له‌گه‌ڵ دۆسیه‌ی ئاسانكاری بۆ چه‌كدارانی داعش و هاتوچۆكردن و پاره‌داركردنیان له ساڵانی رابردوو له سوریا.
له كۆتاییدا هه‌ویری (هاكان) ئاوێكی زۆری ده‌وێت، ئه‌ردۆغان و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی له‌م راستیه تێگه‌یشتوون، بۆ ئه‌وه‌ی فیدان به‌لاوه بنێن ده‌بێت سه‌دان هه‌وراز و نشێو بكه‌ن........
هاكان فیدان كێیه؟
- هاكان فیدان، سیاسه‌تمه‌داری تورك
- له (17 ته‌مموزی 1968) له ئه‌نقه‌ره له دایكبووه.
- سه‌ركرده له پارتی داد و گه‌شه‌پێدان (ئاكه‌په)
- وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا
- به "نهێنیپارێزی ئه‌ردۆغان" ناسراوه
- له ساڵی (2010 تا ساڵی 2023) راوێژكاری ده‌زگای هه‌واڵگری توركیا (میت) بووه.
- ده‌رچووی زانكۆی (بیلكه‌نت) له ئه‌نقه‌ره‌یه له به‌شی په‌یوه‌ندیه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان
- جگه له زمانی توركی زمانی ئینگلیزی به‌باشی ده‌زانێت.
