Draw Media

سەدر ئامانجە گەورەكەی پێكا 

سەدر ئامانجە گەورەكەی پێكا 

2018-06-15 19:03:29


راپۆرتی: ئارام مەحمود
موقتەدا سەدر، ئەو پیاوەی لەناوەندە سیاسیە عێراقیەكاندا واناسراوە، خاوەنی هەڵوێستێكی جێگیرنیە و پڕە لەدژبەیەكی و هەڵكشان و داكشان، گەرچی ئەم قسانە ڕاستی زۆریشی تیادابێت، ڕاستیەكی تریش لەبەرامبەریدا دەڵێت، سەدر ئەو تاقانە سیاسیەیە كە بەدرێژایی چەند ساڵی ڕابردو جڵەوی شەقامی عێراقی بەدەستەوە بوە و هەر كاتێك ویستبێتی دەسەڵاتی لەناو جەرگەی پایتەختدا هەژاندوە، لەدوای هەڵبژاردنی 12 ئایاریش ماڵەكەی لەنەجەف بۆتە قیبلەی حزب و سیاسیە شیعی و سوننی و كوردەكان و پۆلپۆل بۆ بەدەستهێنانی پێگەیەكی سیاسی و بەشداریپێكردنیان لەكێكی حوكمڕانی ئایندەی عێراق،  زیارەتی دەكەن.
لیستەكەی سەدر كە خاوەنی 54 كورسیە، بەشێك لەكورسیەكانی ڕەوتی مەدەنی و علیمانیەكانی ناو لیستەكەی بەدەستیانهێناوە، بەبەراوردیش بە هەردو لیستی (فەتح) كە خاوەنی 47 كورسیە و هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات و لیستی نەصریش 42 كورسی، كە حەیدەر عەبادی سەرۆكایەتی دەكات و لەپلەی دووەم و سێهەمدا هاتون، جیاوازییەكەیان زۆر گەورەنیە، بەڵام دیارە جیاوازییە گەورەكە لەشەخسی سەدر خۆیدایە، چونكە هەمو لایەنەكان بەباشی لەو ڕاستیە گەیشتون، بەبێ‌ سەدر دانیشتن لەناوچەی سەوز ئەگەر مەحاڵ نەبێت ئەوا ئاسانیش نیە.
 ڕەنگە هەر ئەمەش بێت سیحری هەندێك لەو جوڵانەی سەدر دەیكات و، تائێستاش هیچ سیاسیەكی عێراقی جورئەتی تاقیكردنەوەی نەكردوە، چونكە ئەو جوڵانە ئەوەندە نائاساین تەنانەت پێشبینی و خوێندنەوە سیاسەكانیش پەی پێنابەن یان تەوەقوعی ڕودانی ناكەن، بۆیە شۆك و سەرسوڕمانی گەورە لەدوای خۆی جێدەهێڵێت، لەزمانی سیاسیدا ئەم جۆرە لەجوڵەی سیاسی پێیدەوترێت ژێراو و ژوركردن یان ئاوەژوكردن و هەڵگێڕانەوەی سەرلەبەری هاوكێشەكان، كە دواترینیان ڕاگەیاندنی هاوپەیمانێتی بو لەگەڵ هادی عامری، لەكاتێكدا هەمو پێشبینیەكان بەو ئاڕاستەیەبون كە هاوپەیمانێتی سەدر و عەبادی مەسەلەیەكە بڕاوەتەوە.
   
سەدر ڕویكردە عامری و پشتی كردە عەبادی
لەسەروبەندی تۆماركردنی ناوی لست و قەوارە سیاسەكاندا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، موقتەدا سەدر زۆربەتوندی دژی نزیكبونەوەی عەبادی و عامری بو لەهاوپەیمانێتیەكەدا و بەنەفرەتلێكراو و تائیفی وەسیفكرد، تەنانەت سەرسوڕمانی خۆشی پیشاندا لەوەی، چۆن عەبادی لەگەڵ گروپەكانی حەشدی شەعبیدا هاوپەیمانێتی دەكات، لەكاتێكدا ئەوان هیوایەكی زۆریان لەسەر  هەڵچینوە دامەزراوەكان و دەوڵەتی هاوڵاتی دروستبكات، بەڵام دوای كەمتر لەدوو مانگ ئەوەی بۆ عەبادی بەحەرام و گوناحی زانی، خۆی كردی.
زۆرینەی ئاگایانی سیاسی دۆخی عێراق پێییانوایە، ئێران ڕۆڵی یەكلاكەرەوەی بینیوە لەپێكهێنانی ئەو هاوپەیمانێتیە و تەنانەت فشاری زۆر توندیشی كردوە بەتایبەت دوای ڕێكەوتنەكەی نێوان ئەمریكا و كۆریای باكور، كە بەڕای زۆرێك لەدوای ئەو ڕێكەوتنەوە واشنتن دەستی كراوەتر دەبێت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران، لەگەڵ ئەوەی هەمو ئاماژەكان پشتیوانی ئەم بۆچونە دەكەن، بەڵام سەدر واناسراوە كە نەیاری ئێرانە و ناچێتە ژێر فشارەكانی، تەنانەت بۆچونگەلێك هەن سەدر لەسەر سعودیە و وڵاتانی كەنداو هەژمار دەكەن.
بێهیوابونی موقتەدا سەدر لەحەیدەر عەبادی ڕەنگە هۆكارێكی گەورەی قایلبونی بوبێت بەهاوپەیمانێتی كردن لەگەڵ هادی عامری، موقتەدا سەدر پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردن لەزیاد لەبۆنەیەكدا تەئكیدی كردوە كە پشتیوانی عەبادی دەكات بۆ خولی دووەمی سەرۆك وەزیران و تەواوكردنی ئەو كارانەی لەچوارساڵی ڕابردودا دەستی پێكردوە، بەڵام وازنەهێنانی عەبادی لە حزبی دەعوە كە تاكە مەرجی سەدر بو بۆ عەبادی، سەدری بێهیواكرد و ناچاریكرد پەنابەرێت بۆ هاوپەیمانێتی لەگەڵ هادی عامری و بەڕاشكاوی پێیبڵێت كە شایەنی ئەوەیت پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق وەربگریت.


ئێران ئامانجەكە گەورەكەی سەدری بەدیهێنا
ئێرانیەكان پەلەیانە لەپێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، چونكە ترسی گەورەیان هەیە مەسەلەی ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان و بڕیارەكانی تری ئەنجومەنی نوێنەران، هەم سەنگ و پێگەی هەندێك هێزی نزیك لەخۆیان بگۆڕێ‌ و هەمیش پرۆسەكە كاتێكی زۆربخایەنێت كە هیچیان بەبەرژوەندی خۆیان نازانن، بۆیە لەكاتێكی گونجاودا لەدەرگا سەدریان دا، ئەوەی سەدر لەعەبادی دەیویست كە دورخستنەوەی حزبی دەعوە بو لەدەسەڵات، ئێرانیەكان گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵكرد، ئەوەی ئێرانیەكانیش دەیانەوێت سەدر هەنگاوی بۆ دەنێت، بەڵام دیارنیە دەرەنجامەكەی بەكوێ‌ دەگات.
حزبی دەعوە، لەساڵی 2005وە، تائێستا چوار خول پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی بەدەستەوە بوە، زۆرینەی پۆستە هەستیارەكان لەتەواوی جومگەكانی دەسەڵاتیلەدەستدایە، كە بەپێی هەندێك ئاماری ناڕەسمی لەكۆی 10 هەزار پۆست لەعێراق، زیاتر لە 5 هەزار پۆستی بەدەست ئەندامانی حزبی دەعوەوەیە، ئەمەش بەڕای هێزە شیعیەكانی تر، جۆرێك لەدیكتاتۆریەتی حزبی دروستكردەوە و بەگرنگی دەزانن كۆتایپێبێت، موقتەدا سەدر كە بەدوژمنێكی سەرسەختی نوری مالكی ئەمینداری حزبی دەعوە ناسراوە، یەكێكە لەو كەسایەتیانەی كە دورخستنەوەو لەقاڵبدانی حزبی دەعوە بەئامانجێكی گەورەی خۆی دەزانێت و هاتنە پێشەوەی دەرفەتێكی وەك ئەوەی ئێستاش بەهەلێك دەزانێت كە ڕەنگە دوبارەنەبێتەوە، بۆیە سەرەتا هەوڵیدا لەڕێی عەبادییەوە ئەم كارەبكات و پۆستی سەرۆك وەزیران بەدەستی خۆیان لەژێردەستیان دەربهێنێت، كە بێهیوابو لەعەبادی، بەموبارەكەی ئێرانی و هاوپەیمانێتیكردنی لەگەڵ هادی عامری ئەو ئامانجەی پێكا و پۆستی سەرۆكایەتی وەزیران، كە لوتكەی بڕیاڕی سیاسیە لەعێراق، لەژێر چنگی حزبی دەعوەی دەرهێنا یان لایەنی كەم ئاماژەكانی ئێستا بۆ ئەوە دەچن كە ئەو پۆستە بۆ لایەنە شیعیەكانی تر یەكلابێتەوە.
سەدر ژیرانە یارییەكی سیاسیی دەكات و بانگهێشتكردنی لیستەكەی عەبادی بۆ ناو ئەم هاوپەیمانێتیە تازەیە، كردۆتە ئەركی خۆی و بانگهێشتكردنی نوری مالكیشی بۆ ناوهاوپەیمانێتیەكەیان بەعامری سپاردوە، چونكە ئەو ڕاستیە باش دەزانێت ئەگەر دوبەرەكی و شەڕی كورسی مالكی و عەبادی نەبوایە ئێستا حزبی دەعوە خاوەنی 67 كورسی پەرلەمان و لیستی یەكەمی هەڵبژاردنەكان بو، بۆیە هەر بەو دوبەرەكییەوە دەیەوێت ڕایانكێشێتە ناوهاوپەیمانێتیەكان، كە ئەوەش هیچ زیانێك بەپێگەی سەدر ناگەیەنێت  وەك براوەی یەكەم و ڕاعی و سەرپەشتیاری هەموان و، مالكی و عەبادیش بە 67 كورسیەوە دەبێت چاوەڕێبكەن تا بزانن سەدر دەست بەشانی كێدا دەهێنێت بۆ ئەوەی بچێ لەسەر كورسی دەسەڵاتی جێبەجێكردن دانیشێت. 

عەبادی دەستاوسان دانانیشێت
عەبادی داواكەی سەدری شكاندو نەیتوانی دەستبەرداری حزبی دەعوە بێت، چونكە جگە لەوەی دەبوە هۆكاری لەدەستدانی ئەو پۆستە گرنگە لەدەست حزبەكەی و  عەیبەیەكی مێژویی لەسەری، باش لەوەش گەیشتوە، كە سەرۆك وەزیرانی كردن بەبێ‌ پاڵپشتی كوتلەیەكی بەهێز لەناو پەرلەمان كارێكی مەحاڵە و دەبێت چوارساڵی داهاتو لەژێر ڕەحم و مەرحەمەتی سەدردابێت، تامتمانەی لێنەسەنەوە.
بۆیە كە داواكەی ڕەتكردەوە، تێگەیشت ئیتر چونەوە سەر كورسی سەرۆك وەزیران لەو ڕێگەوە مەحاڵە و پێویستە ڕێگای تر بگرێتەبەر، كە بەشی هەرە زۆری دروستكردنی فشارە تەنانەت تائاستی ڕۆیشتن بەرەو حكومەتی كاربەڕێكەر ئەگەر چانسی بونەوە بەسەرۆك وەزیرانی وەك ئێستا لاوازبێت.
ڕۆژی 5ی ئەم مانگە و ڕۆژێك پێش دانیشتنەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە تیایدا هەمواری سێهەمی یاسای هەڵبژاردنەكان پەسەندكرا، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەبەر ڕۆشنایی بەداواچونەكانی ئەو لیژنە باڵایەی پێكیهێنابو كۆمەڵێك بڕیاڕی گرنگی دەركرد و ئەنجامدانی ساختەكاری لەهەڵبژاردنەكان ڕاگەیاند و گەشتی دەرەوەشی لەبەرپرسانی كۆمسیۆنی باڵای هەلبژاردن قەدەغەكرد، كە هاندەرێكی بەهێزبو بۆ تەواوكردنی نیسابی دانیشتنی ڕۆژی دواتری  ئەنجومەنی نوێنەران و ئەو بڕگە یاساییانەی لەهەموارەكەدا پەسەندی كرد.
لەكۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەیدا، حەیدەر عەبادی وتی:"عەمباركردنی چەك و تەقەمەنی لەشوێنی نیشتەجێبون تاوانە (كە مەبەستی تەقینەوەی ناوچەی سەدری بەغدابو)، بەرپرسیارانی ئەم كارەش سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەردەگرن"، بەڕای زۆرێك ئەم قسانەی عەبادی هێرشێكی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سەدرییەكان و تۆمەتباركردنیایە بە هۆكاری ئەو تەقینەوەیە كە بەهۆیەوە چەندین كەس بونە قوربانی، هاوكات ئاماژەی بێهیوابونیشی دەگەیەنێت لەڕێكەوتن لەگەڵ سەدرییەكان، چونكە لەم كاتە هەستیارەدا قسەی واتوند و زبر لەبەرژوەندی لێكنزیكبونەوە نیە. 
لەوتارێكیشدا كە بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە بڵاویكردۆتەوە، سەرۆك وەزیرانی عێراق، جارێكی تر پرسی ساختەكاری لەهەڵبژاردنەكان دەوروژێنێتەوەو دەڵێت، ڕێگە بەساختەكاری و یاریكردن بەدەنگی هاوڵاتیان نادەن، داواش لەلایەنە سیاسەكان دەكات  دوای تەواوبونی پشوەكانی جەژن كۆبونەوەكانیان دەستپێبكەن بۆ ڕێكەوتن لەسەر ئیدارەدانی حكومەتی ئایندە.
بەڕای زۆرێكیش ئەم قسانەی عەبادی هەم دروستكردنی فشارە لەسەر ئەو لایەنانەی دەیانەوێت پەلەبكەن لەپێكهێنانی حكومەت و پێنادەڵێت هێشتا مەسەلەی ساختەكاری یەكلانەبۆتەوە، هەمیش دەیەوێت بڵێت هێشتا كۆلینەداوە و لەسەر بەدەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران شەڕدەكات.  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand