خۆپیشاندان دژ بە یاساكەی پەرلەمانی عێراق
2018-06-13 07:48:59
(درەو میدیا):
ئەمرۆ لە شاری سلێمانی ژمارەیەك لە هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی ناوخۆ، خۆپیشاندانێكیان بۆبەردەم پارێزگای سلێمانی رێکخست، لە خۆپیشاندانەكەدا ئەو هێزانە داوای هەڵوەشاندنەوەی یاساكەی پەرلەمانی عێراق دەكەن كە تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان.
لە دەقی مادەی سێیەمی یاسای هەمواركراوی هەڵبژاردنەكاندا هاتووە" جگە لە دەنگی كەمینەكان كە سیستمی (كۆتا) دەیانگرێتەوە، ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی دەرەوە بۆ هەموو پارێزگاكان و هەڵبژاردنی جوڵەی دانیشتوان لە پارێزگاكانی (ئەنبار- سەلاحەدین- نەینەوا- دیالە) و هەڵبژاردنی ئاوارەكان لە كەمپەكان و هەڵبژاردنی دەنگدانی مەرجدار و زیندانییەكان و هەڵبژاردنی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان، هەڵدەوەشێنەوە"
هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت كە لە سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان ( 118 هەزار ) كەس دەنگیدا، بە گومانی ساختەكاریی زۆر تیایدا لە بەرژەوەندی حزبە باڵا دەستەكانی كوردستان، پێشنیازی هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت خرایە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لە یاسا هەمواركراوەكەدا چەسپێنرا.
لە لێدوانێكی پێشتردا بۆ " درەو میدیا" هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند" لە راستیدا لە دەنگدانی تایبەتدا ساختەكارییەكی گەورەی پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردن و لە كاتی هەڵبژاردنەەدا كراوە، ئێمەبووین لە حەوت هەشت ساڵی رابردوودا داكۆكیمان لە دەنگی ئەو پێكهاتانە كردووە لە دەنگدانی تایبەتیان دا، جا چی پێشمەرگە بێت یان چی هێزەكانی ناوخۆ بێت چی فەرمانگە فیدراڵیەكان، ئەمانە بەشێكیان پێش هەڵبژاردن ترسێنراون بەوەی كە نانبڕاو دەكرێن هەندێكیان سوێندی تەڵاق دراون هەندێكیان بەسەریاندا سەپێنراوە كە دەبێت دەنگەكانیان بەرنەوە بۆ ئاساییش، بۆیە پێمان وایە ئەو ساختەكاریەی لە دەنگدانی تایبەت كراوە رێژەیەكی گەورەیە پێویستە هەڵبوەشێتەوە، بەڵێ ئێمە داوامانكردووە هەڵبوەشێتەوە و هەڵیشوەشاوەتەوە ئەمە هۆكاری ئەوەیە كە یەكێتی و پارتی بەساختە و بەدەنگی تەزویر لە دەنگدانی تایبەتدا هەریەكەیان، دوو بۆ سێ كورسی بۆخۆی مسۆگەركردووە ئێستا ترسی لەدەستدانی ئەم كورسیانەیان هەیە"
لە نوسینێكدا سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەتی هەرێم ئارێز عەبدوڵا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت" دروستكردنی گەلەكۆمەكێ بۆ بێ بەشكردنی ھێزی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس و دژەتیرۆر لەمافێكی دەستوری خۆیان لە پیلان لەدژی ئەو ھێزانە و بێ بایەخكردنی قوربانی و ئەرك و ماندوبوونیان بەولاوە ھیچی تر نییە. پوچەڵكردنەوەی دەنگی ئەو ھێزانە جیا لە سوپاو پۆلیسی فیدراڵی و گروپە جیاجیاكانی حشدی شعبی عێرق ئاماژەیەكی خراپ و كارێكی نادەستوری و مانایەكی قوڵ ھەڵدەگرێ. بەھەموو تواناكانمانەوە پشتیوانی لە مافی ڕەوای ئەو ھێزانە دەكەین و ھەوڵدەدەین ئەو كودەتایە بەسەریاندا كراوە پوچەڵ بكەینەوە نەك دەنگی ئەو ھێزە قارەمانانە"
شاخەوان عەبدوڵا پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت" ئەوەی زۆر نیگەرانمی كرد لەو بابەتە دوای پەیوەندی كردن بە لیژنەی ئاسایش و بەرگری و لیژنەی یاسای پەرلەمان ئەوەیان رونكردوە كە بزوتنەوەی گۆڕان خاوەن پرۆژەی رەشكردنەوەی دەنگەكانی پێشمەرگەیە و بەڵگەكانم بەدەست گەیشتوە، لێرەوە دەڵێم نازانم گۆڕان جارێك پێشمەرگە دەكەن بە میلیشیا جارێك دەیكەن بە ئەنفالچی جارێك رێگری دەكەن لەسەر ئەوەی بودجە بۆ 100 هەزاریان لە بەغدا دابین بكرێت وتان ئەوە هێزی حزبی یە هی كورد نییە ئەمجارەش بەتەزویر چی ناویان دەبەن ، پێم وایە دەبێت ئیتر سنورێكتان بۆدابنرێت لەوە زیاتر سوكایەتی بە پێشمەرگەو كورد نەكەن"
سەبارەت بە سوتانی دەنگی هێزەكانی پێشمەرگە و ناوخۆ لەتیف شێخ مستەفا شارەزای دەستوریی و پەرلەمانتاری پێشوی پەرلەمانی عێراق لە وتارێكیدا بەناوی(پێشمەرگە نەك دەنگی ئەبێ خۆشی ھەڵبوەشێتەوە) رایگەیاندووە" پێشمەرگە بەحیساب سوپای بەرگری كوردستانە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ھەڕەشە دەرەكیەكان و بەرگری لە كوردستان ، ناش بێت دەست وەرداتە كاروباری سیاسی یان لە ململانێ سیاسیە ناوخۆییەكان بەكار بھێنرێت، ئایا پێشمەرگە لە كوێی ئەم دوو ئەركەدایە ؟
یەكەم: سەبارەت بە بەرگری ھێرشە دەرەكییەكان
١- عێراق ھێرشی كردوو ٥٠٪ ی خاكی كوردستانی گرتەوە پێشمەرگە نەك ھەر بەرگری نەكرد بەڵكو پاشەكشەیەكی شەرمەزاروو ئابڕوتكێنی پێكرا
٢- ئەوە توركیا بە قوڵایی ٣٠ كیلۆمەتر ھاتۆتە ناو خاكی كوردستان دەیەھا بارەگای داناوە و ھەڕەشەی ھاتنە ناوەوەی زیاتریش دەكات ، كەچی پێشمەرگە مێش میوانی نیە ، ئەڵێی سوپای توركیا چوەتە ناو خاكی حەبەشەوە.
٣- ئێرانیش خۆی كەی پێی خۆش بێت و تا كوێ پێی خۆش بێت ئەتوانێ بێت و وەڵامی پێشمەرگە لەوەی توركیا زیاتر نابێت
٤- لە شەڕی داعشیش خۆتان بینیتان چیان وت ، تەیارەكانی تەحالوف قەسفیان دەكرد شوێنەكانیان ڕزگار دەكرد ، ئێمەش دەچووین سێڵفیمان دەگرت.
دووەم : لەبەرامبەردا و لەسەر ئاستی ناوخۆ پێشمەرگە بەكاردەھێنرێت و بەكارھێنران :
١-لە شەڕی ناوخۆ و ھەزارەھایان لێ بەكوشت دان.
٢- لە ململانێ سیاسییە ناوخۆییەكان بەكاریان دەھێنن و ھیچ مەرجەكانی سوپایەكی بێ لایەنی نیزامیان تێدا نیەو كراونەتە میلیشیایەكی حیزبی ھەردوو حیزبی دەسەڵاتدارو تەنھا بۆ مانەوەی خۆیان بەكاریان دەھێنن ، چەندین جارە بینیومانە چۆن لە خۆپیشاندانە مەدەنیەكان بە چەك و دارەوە دادەبەزنە سەرجادەكان و خەڵك دەكوژن یان فەلاقەیان دەكەن دەوری بارەگای ھێزە ئۆپۆزسێۆنەكانیش دەدەن و تەنانەت تەقەشیان لێ دەكەن
٣- لە ھەموو ھەڵبژاردنەكانی دەنگدانی تایبەت بەكار دەھێنرێن بۆ تەزویری ڕێكخراو بە قازانجی ھەردوو حیزبی دەسەڵات
٤- بەكارھێنانیان لە گەندەڵی بێ شوماردا ، ئامارەكان دەڵێن ٣٥٠ ھەزار كەس بەناوی پێشمەرگە موچەو دەرماڵەو خەرجی سەربازیان لە بودجەی گشتی بۆ سەرف دەكرێ ، بەڵام ژمارەی ئەوانەی بەڕاستی مووچە وەردگرن لە ٥٠ ھەزار كەس تێناپەڕن، ھەموو ئەو بودجە زیادەش دەڕوات بۆ ئەمیرەكانی جەنگی ھەردوو ھێزی ٧٠ و ٨٠ ، بۆیە لەدوای ناردنی پڕۆژە یاساكەی حوكمەت تایبەت بە ڕێكخستنەوەی مووچەو نەھێشتنی موچەی بن دیوار فەرماندەكای ئەو دوو ھێزە فشاری زۆر لەسەر پەرلەمان دەكەن بۆ ئەوەی یاساكە تێ نەپەڕێت تەنانەت ھەڕەشەشیان كردبوو
كەواتە پێشمەرگە بەم شێەوەیەی ئێستای گەورەترین بارگرانیە بەسەر میللەتەوە بێ ئەوەی ھیچ سودێكی ھەبێ ، بەپێچەوانەوە بۆتە ئامڕازێك بەدەست دەسەڵاتەوە بۆ گەندەڵی و لێدانی خەڵك ، دبێ یان ڕزگار بكرێت و بكرێتەوە بە سوپای بەرگری كوردستان یان ھەڵبوەشێتەوە "