موسڵ: نەنكێك 22 نەوەی بەخێودەكات كە داعش بێ باوكی كردون
2018-08-25 21:56:46
( درەو میدیا):
سەنا تائی تەمەن 60 ساڵ دانیشتوی بەری خۆرهەڵاتی موسڵە و دەنگە ژێكانی دووچاری ئیفلیجی بوون و هاوسەرەكەشی گیرۆدەی نەخۆشی لەبیرچوونەوە " ئەلزهایمەر" بووە، ئەوەی ژیانی ئەم داپیرەیەی زەحمەت و كارەستبار كردووە و ئەركی سەرشانی زۆر قورس كردووە بەخێوكردنی 22 نەوەی ئەو پێنج كوڕەیەتی كە لەكاتی داگیركردنی موسڵدا لەلایەن داعشەوە كوژراون.
ئێستا سەنا تائی لەگەڵ هاوسەرەكەی و دوو كچی و هاوسەری دوو لە كوڕە كوژراوەكانی لە بەری خۆرهەڵاتی موسڵ لە شوقەیەكی كرێدا نیشتەجێیە و ئەركی بەخێوكردن و پەروەردەكردنی 22 منداڵی كوڕەكانی بەسەردا كەوتووە كە تەمەنیان لە نێوان دوو ساڵ بۆ 16 ساڵیدایە.
داپیرە سەنا و خێزانەكەی بۆ دابینكردنی كرێی شوقەكەیان و كڕینی جلوبەرگ و پێداویستی خوێندنی ئەو 22 منداڵە بێ باوكە پشت بە هاوكاری خێرخوازان دەبەستن و چاوەڕوانی ئەوەیە موچەی خانەنیشنی دوو لە كوڕەكانی وەربگرێت كە لە ریزەكانی سوپا و پۆلیسدا كاریان كردووە.
لە لێدوانێكیدا داپیرە سەنا دەڵێت: " هیوادارم دەسەڵاتداران موچە و پەناگەیەك بۆ ئەو منداڵە بێ باوكانە دابین بكەن، چونكە من 100 ساڵ ناژیم و زۆر نەخۆشم و دەمرم و ئەمساڵ لەگەڵیاندام، ساڵی داهاتوو لەگەڵیاندا نابم و دەمەوێت شتێكیان بۆ دەستەبەر بكەم".
داپیرە سەنا لە داگیركردنی موسڵدا پێنج كوڕی كوژراون، بەڵام تائێستا وەفاتنامە بۆ سیانیان دەركراوە و دەڵێت دوو كوڕەكەی تری لە گۆڕی بەكۆمەڵدا نیشتەجێكراون و تا ئێستا تەرمەكانیان نەدۆزراونەتەوە و وەك بێسەروشوێن و ونبوو تۆماركراون و ناتوانێت داوای موچەكانیان بكات.
رێكخراوی داعش لە ساڵی 2014دا شاری موسڵ و رووبەرێكی بەرفراوانی خاكی عێراق و سوریا كۆنترۆڵكرد و سەدان كەسی لەو شارە كوشت كە تائێستا تەرمەكانیان نەدۆزراونەتەوە.
لە كانونی یەكەمی 2017دا هێزەكانی عێراق بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی موسڵیان رزگاركرد، بەڵام شارەكە بووە بە وێرانە و بەوتەی حكومەتی عێراق بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانەی داعش كۆنترۆڵی كردبوون پێویستی بە 100 ملیار دۆلارە.
داپیرە سەنا تائیی دەڵێت:" كاتێك چەكدارەكانی داعش ناوچەكانیان داگیركردین، وێرانیانكرد، سوكایەتییان پێكردین، رۆڵەكانیان كوشتین و هیچمان بۆ نەمایەوە.