سەدرییەكان سكاڵا دژی فوئاد مەعسوم تۆماردەكەن
2018-08-26 16:25:14
راپۆرت: ئارام مەحمود
چەند ڕۆژێك لەمەوبەر دەوڵەتی یاسا گرەوی لەسەر لەبەریەكهەڵوەشاندنی لیستەكەی عەبادی و سەنگەر گواستنەوەی ژمارەیەكی بەرچاو لە كاندیدە دەرچوەكانی دەكرد، بەڵام ئێستا هاوكێشە پێچەوانە بوەتەوە، سەدرییەكان و عەبادی گرەو لەسەر پەیوەندیكردنی ژماریەك لە كاندیدە دەرچووەكانی دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانی فەتح و چەند كوتلەیەكی نزیك لەوان دەكەن، بەوەش هەم سەربازگەكەی خۆیان قەڕەباڵغتر بكەن بۆ گەیشتن بە ئامانجە گەورەكە، كە پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانییە، هەم دەرفەتی ئەوەش لە كیس نەیارەكانیان دەدەن ببنە خاوەنی گەورەترین كوتلەو كێكی حكومەتیان لەدەست بڕفێنن.
مەعسوم داوای كۆبونەوەی پەرلەمان دەكات
سەرچاوەیەكی سیاسی باڵا لە شاری بەغداد بە (درەو میدیا) راگەیاند، سبەینێ یان دوو سبەی، فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق داوای دانیشتنی پەرلەمان دەكات، چونكە بەپێی دەستور پێویستە دوای پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە، دەبێا لەماوەی 15 ڕۆژدا سەرۆك كۆمار پەرلەمانی نوێ بانگهێشت بكات بۆ سازدانی یەكەم كۆبونەوە.
ئەو سەرچاوەیە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە ئاشكرایكرد" سەدرییەكان بەنیازن سكاڵا لەسەر سەرۆك كۆمار تۆماربكەن، بەوپێیەی دەبوو لەدوای پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای فیدڕاڵی لە ڕۆژی 9ی ئەم مانگەو ڕەوانەكردنی بۆ سەرۆك كۆمار، مەعسوم داوای كۆبونەوەی پەرلەمانی بكردایە، بەڵام ئەو خستویەتیە دوای پشووەكانی جەژن كە دەبوو چەند ڕۆژێك پێش جەژن و ڕۆژانی جەژنیش لەچوارچێوەی مۆڵەتی ئەو 15 ڕۆژەدا بوایە.
مالیكی و عامری كۆبونەوەكانیان دەستپێدەكەنەوە
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەچەند كاتژمێری داهاتوودا دەوڵەتی یاسای نوری مالیكی و هاوپەیمانی فەتحی هادی عامری و چەند كوتلەیەكی سیاسی نزیك لێیان، كۆبونەوەیەكی فراوان ڕیكدەخەن بۆ تاتوێكردنی پرسی پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی، بەڵام نە سەردییەكان، و نە گروپەكەی مالیكی و عامری، تا یەكەم كۆبونەوەی پەرلەمان پێكهێنانی كوتلەكانیان ئاشكراناكەن، ڕەنگە هۆكاری ئەوەش بۆ پاراستنی بەرەكەیان بێت لە دەستوەردان و فشارە ناوخۆیی و دەرەكییەكان بۆ پەشیمانكردنەوەیان.
محەمەد عگێلی، كە ئەندامێكی دەوڵەتی یاسایە، ئاشكرایكردووە، ڕاگەیاندنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی لەڕێی نوسراوێكی فەرمییەوە دەبێت كە لە یەكەم دانیشتنی پەرلەماندا پێشكەش دەكرێت.
عگێلی باسیلەوەكردووە، كۆبونەوەكەی ئۆتێل (بابل) پرسی پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی ئاڵۆزتركرد و وایكرد سەقفی داواكارییەكانی میحوەری نیشتمانی سوننەكان و هێزە كوردستانییەكان بەرزترببێتەوە.
بازاڕگەرمی و تەرویجی سیاسی
بڵاوكردنەوەی پڕوپاگەیاندە یەكێكە لەو چەكە كاریگەرانەی كە جەمسەرە دژبەیەكەكان بەكاریدەهێنن لەشەڕی یەكتریدا، كە زیاتر لە رەهەندێك لەخۆدەگرێت، بەشێكی شەڕێكی دەرونی توندە بۆ بێهواكردنی بەرامبەرو ورەبەردان و دەستەبەرداربونی لە هەوڵی گەڕان بەدوای هاوپەیمانی نوێ و پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی، بەشێكی تری بۆ بازاڕگەرمی و تەرویجی سیاسی و بەدەستهێانی دەستكەوتی زیاترە كە سەرجەم كوتلە سیاسییەكانی عێراق لەم پرۆسەیەوە گلاون و بەشەڕێكی ڕەوای دەزانن بۆ بەرگریكردن لەپێگەی خۆیان و بچڕینی زۆرترین پشكی سیاسی، لەكاتێكدا بەشێكی زۆری ئەو پڕوپاگەندانە درۆی سیاسین و هیچ بونێكیان نیە لەسەر زەمینی واقیع.
نزیكبونەوەی پارتی لە سوننەكان
دەنگۆی ئەوە بە گەرمی بڵاوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەو بەرەیەی كە بە (میحوەری نیشتمانی) سوننەكان ناسراون، هاوپەیمانێتی ژێربەژێری كردبێت، بەتایبەت كە بەمدواییانە ژمارەیەك لە سەركردەی سوننە سەردانی هەولێریان كردو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای پارتی كۆبونەوەیان ئەنجامدا، بەڵام بەرپرسێكی پارتی بوونی هەر جۆرە هاوپەیمانێتییەكی لەگەڵ میحوەری نیشتمانی ڕەتكردوەتەوە.
ئەو بەرپرسەی پارتی كە قسەی بۆ "سۆمەرییە نیوز" كردووە، ئاماژەی بەوەداوە، ڕێككەوتنی ستراتیژی و لێگەیشتنی قوڵیان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەیە پێكەوە بچنە بەغداد و كۆمەڵێك داواكاری هاوبەشیان هەیە و هەر لایەنێك ڕەزامەندی لەسەر داواكانیان نیشانبدات لەگەڵی ڕێكدەكەون بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو.
بەرپرسەكەی پارتی دەڵێ" حزبەكەی بەیەك دوری لە سەرجەم هێزە سیاسەكانی بەغداد ڕادەوەستێت و گفتوگۆكانیشیان لەگەڵ میحوەری سوننی بۆ ئەوە بووە دیدێكی هاوبەشیان هەبێت بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو و لەسەر كارنامەیەك ڕێككەوتوون كە داواكارییەكانی كورد و سوننە لەخۆدەگرێ، بەڵام نەگەیشتونەتە ئەو ئاستەی هاوپەیمانێتی ڕابگەیەنن.