چیرۆكی ئەو سیخوڕە عێراقییەی كە دزەیكردە نێو ریزەكانی داعشەوە
2018-08-19 23:24:09
(درەو میدیا):
رۆژنامەی " نیویۆرك تایمزی " ئەمریكی چیرۆكی حارس سودانی سیخوڕی عێراقی تەمەن 36 ساڵی بڵاوكردەوە كە توانیوێتی بۆ ماوەی 16 مانگ دزە بكاتە نێو ریزەكانی رێكخراوی داعش و زانیاری گرنگ و زۆر بگەیەنێتە دەزگای هەواڵگری عێراق كە یارمەتیدەربوون لە پوچەڵكردنەوە چەندین كردەوەی تیرۆریستی و ئێستا پێشبیندەكرێت سودانی ئاشكرابوبێت و لەلایەن داعشەوە كوژرابێت، بەڵام هەتا ئێستا تەرمەكەی نەدۆزراوەتەوە.
ئەبوعەلی بەسری، بەڕێوەبەری هەواڵگریی عێراق بە رۆژنامە ئەمریكییەكەی راگەیاندووە كە هەوڵەكانی سودانی یارمەتیدەر بوون بۆ پوچەڵكردنەوەی 30 هێرش بە ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژكراو و 18 پلانی هێرشی خۆكوژیی.
مونزیر، برای حارس سودانی فۆتۆ- نیویۆرك تایمز
هەڵۆكان
دەربارەی چیرۆكی ژیانی سودانی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز دەڵێت لە خوێندندا باش نەبووە و خۆی بۆ شوێنكەوتنی كچان تەرخانكردووە و لە زانكۆ دەركراوە و پاشان بە شێوازی كلاسیكی هاوسەرگیری كردووە و گەڕاوەتەوە بۆ خوێندن و زمانی ئینگلیزی و روسیی خوێندووە و لە سیانەی چاودێری ئەلیكترۆنیی لە دامەزراوە نەوتییەكاندا كاریكردووە.
لە ساڵی 2006دا بەسری كە ئەو كات بەرپرسی هەواڵگریی دەبێت لە نوسینگەی سەرۆك وەزیران یەكەیەكی هەواڵگری تایبەت بە نەهێشتنی تیرۆر پێكدەهێنێت بەناوی " هەڵۆكان" و 16 پیاوی یەكەی بژاردە سەربازیی و ئەكادیمیای پۆلیس لەخۆدەگرێت و مونزیر برای حارس سودانی یەكێك كە سەربازە دەچێتە ئەو یەكەیەو هانی حارسی براشی دەدات داواكاری پێشكەش بكات، بۆئەوەی لەو دۆخی بێزارییە رزگاری ببێت كە بە یاریكردن بە یارییە ڤیدیۆییەكان و هاتوچۆی قاوەخانەكاندا سەرقاڵبوو، حارس داواكە پەسەنددەكات و ژیانی دەگۆڕێت.
مونزیر لە لێدوانیدا بۆ رۆژنامەكە دەڵێت:" ئەو كات و بۆ یەكەمجار دوای ماوەیەكی دوورودرێژ حارسم ببینم زۆر بە حەماس بێت بۆ ژیان و زۆر بەختیار بوو".
ساڵی 2014 دوای ئەوەی داعش رووبەریچكی بەرفراوانی لە سوریا و عێراق كۆنترۆڵكرد، ئەركێكی نوێ كەوتە ئەستۆی یەكەی هەڵۆكان كە بریتی بوو لە دزەكردنە ناو داعشەوە.
هاوسەر و منداڵەكانی حارس سودانی فۆتۆ- نیویۆرك تایمز
دزەكردنە ناو داعشەوە
سودانی بەخۆبەخش ئامادەیی خۆی بۆ دزەكردنە نێو ریزەكانی داعش راگەیاند و پلەكەی بۆ نەقیب بەرزكرایەوە و بۆ ئەو ئەركەشی مەشق و راهێنانی پێكرا و ئەوەشی یارمەتیدەری بوو ئەوە بوو كە خێزانەكەی خەڵكی شاری رومادی بنكەی سەرەكی سوننەكان بوو، هەروەك شارەزایی باشیشی لە زاری قسەكردنی رومادی راستگۆیی پێبەخشی و لەبەرئەوەشی شیعەمەزهەب بوو، دەستیكرد بە ئاشنابوون بە ئەنجامدانی رەفتاری سوننەكان و ئەو ئایەتانەشی لەبەركرد كە جیهادییەكان ئارەزوویان دەكرد.
پاشان سودانی خۆی كرد بە كەسایەتی " ئەبو سوهەیب" ێكی بێ كار لە یەكێك لە گەڕەكە سوننەنشینەكانی بەغدای پایتەخت و ئەركی دزەكردن ناو ریزی توندڕەوەكانی لە شاری تارمیە دەستپێكرد كە بەهۆی بوونی توندڕەوەكانەوە ناوبانگێكی خراپی هەبوو.
سودانی لەو ئەركەدا سەركەوتوو بوو، بووە ئەندامێكی داعش و ئەركی گواستنەوەی سەدان كیلۆگرام مادەی تەقەمەنی بۆ خۆكوژەكان لە بەغداد پێسپێردرا.
لە هەموو ئەركێكدا سودانی هەڵۆكانی ئاگاداردەكردەوە و ئەوانیش لای خۆیانەوە تەقینەوەی وەهمییان ئەنجامدەدا و بەیاننامەیان لەسەری بڵاودەكردەوە و بۆماوەی 16 مانگ هەوڵەكانی بەرهەمی باشیان هەبوو لە پوچەڵكردنەوەی ژمارەیەكی زۆر لە كردەوەی تیرۆریستی و كوشتنی چەندین سەركردەی دیاری داعش.
دایك و باوكی حارس سودانی فۆتۆ – نیویۆرك تایمز
كۆتاییەكەی
وادەردەكەوێت كە داعش لە ناوەڕاستی 2016دا بەهۆی GPS ەوە درۆكەی ئاشكرادەكەن و كاتێك فەرماندەكەی لە داعش پەیوەندی پێودەكات و پرسیاری شوێنەكەی لێدەكات، سودانی لە وەڵامدا دەڵێت لە گەڕەكێكە و كردوەیەك جێبەجێدەكات، لە كاتێكدا ئەو لە سەردانی ماڵی خۆیدا بووە، و فەرماندەكەی پێی دەڵێت كە درۆدەكات.
لە دوای ئەو مەترسییەوە داوا لە سودانی دەكرێت ئەركەكەی رابگرێت، بەڵام رەتیدەكاتەوە سوردەبێت لەسەر بەردەوامبوون و لە سەرەتای كانوونی دووەمی 2017 رێكخراوی داعش سودانی بە ئەركێك رادەسپێرێت كە ئەوا دوایی بوو لەو كاتەوە بە تەواوەتی دیارنەما.
لە ئابی 2017دا داعش گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكراوەكە كوشتنی چەند زیندانییەك نیشاندەدات، یەكەی هەڵوەكان جەختدەكاتەوە كە سودانی یەكێك بووە لەوانە.
دیارنەمانی تەرمەكەی
یەكەی هەڵۆكان هەوڵدەدات تەرمی سودانی بدۆزێتەوە، بەڵام بێسود بوو، راپۆرتەكەی نیویۆرك تایمز ئاماژەی بۆئەوەكردووە كە سەرەڕای ئەوەی سودانی بووە بە ئەفسانە، بەڵام بەهۆی نەدۆزینەوەی تەرمەكەیەوە، خێزانەكەی ناتوانێت هیچ قەرەبوویەكی دەستبكەوێت.
رەغد شلوب، هاوسەری سودانی دەڵێت باوەڕی وابوو كە سودانی ئەو و سێ منداڵەكەی پشتگوێدەخات، چونكە هیچ شتێكی دەربارەی ژیانی نهێنی نەدەزانی كە جگە لە باوكی و مونزیری برای كەسیان ئاگادار نەبوون.
بەرپرسانی عێراق دەڵێن یەكەی هەڵۆكان سەدان هێرشی تیرۆریستی بۆسەر بەغداد پوچەڵكردوەتەوە و بەوەش ئاسایشی بەغدا زیاتر لە 15 ساڵ لەمەوبەر سەقامگیرترە.
چەند وێنەیەكی حارس سودانی فۆتۆ- نیویۆرك تایمز