پارتی و یەكێتی لەگەڵ مالیكی دەبن؛ نەوەی نوێ لەگەڵ سەدر
2018-08-19 12:39:27
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
دادگای فیدراڵی عێراق وەكو دواین وێستگە، ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 12ی ئایاری پەسەندكرد.
بەپێی دەستور دەبێت دوای 15 رۆژ لە پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن دادگاوە، پەرلەمانی نوێ یەكەم كۆبونەوەی خۆی بكات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و متمانەبەخشین بە وەزیرەكانی كابینەی نوێی حكومەت.
هێشتا دادگای باڵای فیدراڵی ئەنجامەكانی پەسەندنەكردبوو، لە میدیاكانی عێراق دەنگۆی پێكهێنانی كوتلەیەكی گەورە لەنێوان (ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا) بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی و (هاوپەیمانی فەتح) بە سەرۆكایەتی هادی عامری و چەند لایەنێكی ناو هاوپەیمانێتی (النصر- سەركەوتن)، بڵاوبوەوە.
بەپێی ئەم هەواڵانە بێت، هاوپەیمانی (سائرون) كە موقتەدا سەدر سەرۆكایەتی دەكات و براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە، لە هەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەت دوورخراوەتەوە.
بەڵام مەحمود روبەیعی یەكێك لە سەركردەكانی هاوپەیمانی فەتح لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: خوازیارین حكومەتێكی بەهێز لەنێوان (فەتح و سائرون و هێزە نیشتمانییەكانی تر) كە نوێنەری هەموو پێكهاتەكانی عێراق بن، پێكبهێنرێت، هەموو ئەو قسانەی كە لەبارەی پێكهێنانی كوتلەی گەورەوە باسدەكرێن، راست نین.
النصر: عەبادی تاكە كاندیدە
لەلایەكی ترەوە هاوپەیمانی (النصر) رایگەیاند، هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی كوتلەی گەورە لەناو پەرلەمانی عێراق بەردەوامە و حەیدەر عەبادی تاكە كاندیدە بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو.
حسێن عادلی وتەبێژی هاوپەیمانی (النصر) لە بەیاننامەیەكدا وەكو وەڵامدانەوەیەك بۆ ئەو هەواڵانەی كە باسلەوە دەكەن بەشێك لەلایەكانی هاوپەیمانێتی (النصر) چونەتە پاڵ نوری مالیكی، وتی: كوتلەی النصر بەهێز و یەكگرتووە لە سیاسەتەكانیدا و هەموان هاوڕان لەسەر كاندیدكردنی حەیدەر عەبادی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران.
پارتی و یەكێتی لەگەڵ مالیكی دەبن
بەپێی دەستوری عێراق ئەو لایەنەی كە دەتوانێت لەدوای هەڵبژاردن دەنگی (50+1) ی پەرلەمانتاران كۆبكاتەوە، دەتوانێت كابینەی نوێی حكومەت پێكبهێنێت، واتە لە كۆی (329) پەرلەمانتار دەنگی (165) پەرلەمانتار كۆبكاتەوە.
ساڵی 2010 دادگای فیدراڵی روونكردنەوەیەكی لەبارەی "كوتلەی زۆرینە" بڵاوكردەوە و یەكلای كردەوە، مەرج نییە ئەو لایەنەی كە زۆرینەی دەنگی هەڵبژاردنی بردوەتەوە، ئەو حكومەت پێكبهێنێت، هەر لایەنێك بتوانێت لەناو پەرلەمان گەورەترین كوتلەی پێكبهێنێت، مافی پێكهێنانی حكومەتی پێدەدرێت.
لەبەر رۆشنایی ئەم روونكردنەوەیەی دادگا، ساڵی 2010 نوری مالیكی كودەتایەكی یاسایی بەسەر ئەیاد عەلاویدا كرد و چانسی پێكهێنانی حكومەتی لە عەلاوی وەرگرتنەوە، سەرباری ئەوەی عەلاوی سەرۆكی لیستی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بوو.
ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن مالیكی جارێكی تر ئەو سیناریۆیە دووبارە بكاتەوە، بەڵام ئەمجارەیان لەبری عەلاوی، كودەتا بەسەر موقتەدا سەدری سەرۆكی لیستی براوەی یەكەمدا بكات.
محەمەد موسەوی ئەندامی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێكدا بۆ (سۆمەریەنیوز) ئاشكرایكرد، نزیكبونەتەوە لە پێكهێنانی گەورەترین كوتلە و كوتلەكە زۆرینەی لایەنەكان لەخۆدەگرێت و كوتلەكە (200) پەرلەمانتاری لە پەرلەمانی نوێی عێراقدا هەیە.
بەپێی قسەی موسەوی، كوتلەكە هەریەكە لە ( ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، هاوپەیمانی فەتح، یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و ژمارەیەك لە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی هەرێمی كوردستان) لەخۆدەگرێت.
بەپێی قسەی ئەو ئەندامەی ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا، هەر لەناو ئەو كوتلەیەدا كە مالیكی دەیەوێت پێكیبهێنێت، (32) پەرلەمانتاری ئیئتیلافی النصری حەیدەر عەبادی هەن كە بەشێوەی سەربەخۆ بەشداربوون لەگەڵ (34) ئەندامی ئیئتیلافی میحوەری نیشتمانی.
كۆبونەوەی وەفدی هاوبەشی پارتی و یەكێتی لەگەڵ مالیكی 25-5-2018
نەوەی نوێ لەگەڵ سەدر دەڕوات
لەلایەكی ترەوە كەناڵی (NRT) سەربە جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە هەواڵێكدا ئاشكرایكرد، نەوەی نوێ بەشدار دەبێت لە دروستكردنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی عێراقدا.
كەناڵەكە رایگەیاند، كوتلەكە پێكدێت لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە سەرۆكایەتی شاسوار عەبدولواحید، هاوپەیمانی سائیرون بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر، لیستی النصر بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی، ڕەوتی حیكمە بە سەرۆكایەتی عەممار حەكیم و هاوپەیمانی وەتەنیە بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی.
بڕیارە ئەمڕۆ ئەو لایەنانە لە بەغداد كۆبونەوەیەك بكەن، ئەمەش دەریدەخات لەپاڵ هەوڵەكانی نوری مالیكیدا، موقتەدا سەدریش هەوڵی پێكهێنانی كوتلەی گەورەی خستوەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
عەبدوڵا زەیدی سەركردە لە ڕەوتی حیكمە ڕایگەیاندووە، كوتلەكە 134 كورسی پەرلەمانی هەیە، واتە هێشتا ئەم لایەنانە (31) كورسی تریان پێویستە بۆ ئەوەی گەورەترین كوتلە دروست بكەن.
كۆبونەوەی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی نەوەی نوێ لەگەڵ موقتەدا سەدر 22-5-2018
مەكگۆرك و قاسم سلێمانی لە عێراق
هاوكات لەگەڵ پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە "داعش" جموجوڵە سیاسییەكانی لە عێراق چڕكردوەتەوە.
مەكگۆرك ئەمڕۆ لەگەڵ نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا كۆبوەوە، بەپێی هەواڵێك كە نوسینگەی مالیكی بڵاویكردوەتەوە، لە دیدارەكەدا مالیكی بە مەكگۆركی وتووە: هێزە نیشتمانییەكان نزیكبونەتەوە لە پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمان.
هەر لەو كۆبونەوەیەدا كە دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغداد بەشداربووە، مالیكی ئاماژەی بەوەكردووە" هێشتا پرۆژەی زۆرینەی سیاسی باشترین چارەسەرە بۆ دۆخی عێراق".
دوێنێش مەكگۆرك لەگەڵ هەریەكە لە عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە و عەبدولحسێن موسەوی سەرۆكی حزبی فەزیلەی ئیسلامی كۆبوەوە.
هاوكات لەگەڵ جوڵە سیاسییەكانی برێت مەكگۆرك لە عێراق، میدیاكانی ئێران ژمارەیەك وێنەی قاسم سلێمانی فەرماندەیی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسدارانیان بڵاوكردەوە كە سەردانی مەزارگەی ئیمامی عەلی كردووە لە شاری نەجەف.
قاسمی سلێمانی یەكێكە لەو كەسانەی كە رۆڵ و جێدەستی لە نەخشەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا دەبێت، هاوشێوەی برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا.
سوننەكان لەگەڵ بارزانی كۆدەبنەوە
لەلایەكی ترەوە ئەمڕۆ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لە سەلاحەدین لەگەڵ وەفدێكی هاوپەیمانی میحوەری نیشتمانی سوننەكان بە سەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر كۆبوەوە.
بەپێی هەواڵێك كە لە سایتی مەسعود بارزانی بڵاوكراوەتەوە، لە كۆبونەوەكەدا باس لە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت كراوە و جەخت كراوە لەسەر "رێگریكردن لە تاكڕەوی لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا"