Draw Media

هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی عێراق دەستپێدەكات

هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی عێراق دەستپێدەكات

2018-08-18 14:47:26


(درەو میدیا):

سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەكان پێشبینیدەكەن تا 48 كاتژمێری داهاتوو داددگای فیدراڵی عێراق ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پەسەندبكات و پێش كۆتاییهاتنی مانگی ئابیش خولی نوێی پەرلەمانی عێراق یەكەم دانیشتنی گرێبدات.
بەپێی ئەو بنەما سیاسییەی لەعێراق پیادەكرێت، پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی ئیستحقاقی پێكهاتەی سوننەكانە و لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردووشدا جموجۆڵێكی زۆر لەناوەوەی عێراق و چەند پایتەختێكی عەرەبی بەتایبەت عەممانی پایتەختی ئوردون بەڕێوەچووە و چەند كۆبوونەوەیەكی چڕوپڕ لەنێوان هێز و لایەن و كەسایەتییە دیارەكانی پێكهاتەی سوننەدا گرێدراوە و سێ‌ كاندید ڕكابەرییان كردوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی ئایندەی پەرلەمانی عێراق، كە ئەوانیش (ئوسامە نوجێفی و محەمەد ڕێكان حەلبوسی و تەلاڵ زەوبەعی)یە، بەپێی زانیارییەكان دوای كشانەوەی زەوبەعی، ئێستا ململانێكە لەنێوان نوجێفی و حەلبوسیدایە و وەك دەوترێت چانسی دووەمیان بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە بەهێزترە.

مەرجەكانی پارتی بۆ سەرۆك كۆمار
سەرۆك كۆماری عێراقیش كە پشكی كوردە و لەماوەی سێ‌ خولی ڕابردوو بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان یەكلاببوەوە، پێدەچێت خولی چوارەمیش هەر لای یەكێتی بمێنێتەوە و لای ئەوانیش چەند كاندیدێك ڕكابەری لەسەر دەكەن، كە دوانیان (عەبدوللەتیف ڕەشید و محەمەد سابیر)كە ئاوەڵزاوای كۆچكردوو جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری پێشوی عێراقن و فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراقیش وەك یەكێك لەكاندیدەكان ناوی دەهێنرێت.
لەگەڵ ئەوەی تائێستا پارتی دیموكراتی كوردستان كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە لە كوردستان، بەڕەسمی ڕەزامەندی پیشاننەداوە جارێكی تر ئەو پۆستە بۆ یەكێتی بێتەوە، بەوپێیەی لەڕابردوودا پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بەرامبەر پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەنێوان یەكێتی و پارتیدا دابەشكراوە،  بەڵام ئێستا ئەو هاوكێشە كۆنە كۆتاییهاتوە و پارتی چاوی لە هاوكێشەیەكی نوێیە كە خۆی لە دوو داواكاری سەرەكیدا دەبینێتەوە،  یەكەمیان دەستبەرداربوونی یەكێتی لەتەواوی پۆست وەزارەتەكانی بەغداد لەحكومەتی ئایندە و پارێزگاری كەركوك ، دووەمیشیان، ئەو كەسەی یەكێتی دیاریدەكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار پێویستە پەسەندكراوی پارتی بێت، وەك خۆیان دەڵێن نابێت (لەگروپی 16ی ئۆكتۆبەر بێت)، بەپێی زانیارییەكانی " درەو میدیا" پارتی تێبینی لەسەر هەردوو ئاوەڵزاواكەی تاڵەبانی هەیە و نایەوێت هیچكامیان لە شوێنەكەی تاڵەبانی دانیشتن و فوئاد مەعسومی بەلاوە پەسەندترە بۆ دانیشتن لەسەر ئەو كورسییەی كە لەماوەی چوارساڵی ڕابردوودا لەسەر دانیشتوە، لەگەڵ ئەوەی لێرەولەوێ‌ ناوی تریش دەهێنرێت وەك كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار بەڵام ئەوانەی باسكران دیارترینیانن.

شەڕەكە توندەكە لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیرانە
پۆستی سەرۆك وەزیران هاوشێوەی دوو پۆستە سەرۆكایەتیەكەی تر، لەچوارچێوەی سیستمی "تەوافوق"دا، بۆ پێكهاتەی شیعە یەكلابوەتەوە بەوپێیەی زۆرینەن لە عێراق، بەڵام جیاوازی ئەم پۆستە لەگەڵ دوو پۆستەكەی تردا لەزۆر ڕەوەوە زیاترە، بەوپێیەی بڕیاردەری یەكەمی دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە و ئەو كەسەی ئەم پۆستە وەردەگرێت دەبێتە بڕیاردەری یەكەمی بێڕكابەر لە عێراق،  هەر ئەوەشە لەپشت ئەو ململانێ‌ توندەی لەناوخۆی هێزە شیعەكان لەلایەك  و لەدەرەوەی سنورەكانیش لەسەر دیاریكردنی ئەوكەسایەتیە هەیە كە ئەم پۆستە دەگرێتە دەست، ئەمەش بەپێچەوانەی پۆستی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی پەرلەمان كە زیاتر ململانێكان لەناوخۆی ئەو هێزە كورتدەبێتەوە كە پۆستەكەی بەردەكەوێت وەك ئیستحقاقی نەتەوەیی و پێكهاتەیی و هەڵبژاردنیش.
بەو پێودانگە، هەردوو پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و سەرۆكی كۆماری عێراق دەكرێ لە ئایندەیەكی نزیكدا یەكلاببنەوە، بەڵام پۆستی سەرۆك وەزیران بە تایبەتی لەوڵاتێكی پڕ ململانێی وەك عێراق ، وێڕایی  دەستوردانە دەرەكییەكان پێویستی بە نەشتەرگەرییەكی قەیسەرییە كە سەرەتاكەی بە ڕێككەوتنی زۆرینەی لایەنە براوەكان و پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیدا تێپەڕدەێت، كە دواتر لەگەڵ كورد و سوننە دەیكەنە پاكێجێك بۆ دابەشكاری كۆتایی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق لەنێوان هەرسێ‌ پێكهاتەكەدا. 

 پارتی و یەكێتی دانوستانەكان دەخەنە دوای جەژن     
پارتی و یەكێتی سەردانەكەیان بۆ بەغداد كەتایبەتە بەئەنجامدانی دانوستانی پێكهێنانی حكومەت خستوەتە دوای جەژن و هەوڵی ئەوە دەدەن قەناعەت بەلایەنە ناڕازییەكان بكەن بچنە چوارچێوەیەی وەفدەكەیانەوە.
ڕۆژنامەی عەرەبی ئەلجەدیدی قەتەری، لەزاری سەرچاوەیەكی سیاسیەوە بڵاویكردوەتەوە، وەفدە هاوبەشەكەی پارتی و یەكێتی بڕیاریان داوە سەردانەكەیان بۆ بەغداد دوابخەن،  كە بڕیاربوو ئەم هەفتەیە ئەنجامی بدەن، ڕونیشیكردوەتەوە، ئەم دواخستنە لەپێناو كردنەوەی دەرگای دیالۆگە لەگەڵ پارتە كوردییە ئۆپۆزسیۆنەكان و هەوڵدان بۆ ڕازیكردنیان تابەشداری دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق بكەن.  
دەربارەی هەنگاوی یەكێتی و پارتی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، سەعدی پیرە، وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی عێراق ‌و پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ لەگەڵ پارتی، رەشنووسێكی 27 خاڵییان ئامادە كردووە. 
پیرە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا  راشیگەیاندوووە لەگەڵ پارتی رەشنووسێكی27 خاڵییان ئامادە كردووە و  بەسەر چوار بەشدا دابەشبووە، ئێمە ئەو رەشنووسەمان ئامادەكردووە و چوار لایەنەكەی كوردستانیش دەتوانن خاڵی دیكە بۆ رەشنووسەكە زیاد بكەن.
بەگوێرەی سەرچاوەكە، چونە ناوەوەی گفتوگۆكان بەوەفدێكی كوردی یەكگرتوو توانایەكی گەورەی دەداتێ‌ بۆ ئەنجامدانی مانۆڕی سیاسی لەپێناو بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كورد، تەئكیدیشیكردووە، هیچ ناكۆكییەك لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق نیە و لەپشكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەبێت، بەپێی ئەو ڕێككەوتنانەی پێشوەخت كراون. 

ڕەوتی حیكمە باس لە سوپرایزی سیاسی دەكات
عەبدوڵا زەیدی سەركردە لە ڕەوتی حیكمە بوونی لێكگەیشتن لەگەڵ هێزە كوردستانییەكان بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی ئاشكراكردوە و ڕونیشیكردوەتەوە، گفتوگۆكانیان لەگەڵ سائرون و نەسر و وەتەنیە بوەتە هەماهەنگییەكی بنچینەیی.
زەیدی ڕاشیگەیاندووە، پێشتر هاوپەیمانی لەنێوان حیكمە و سائیرون و نەسر و وەتەنیەدا هەبووە و بەشێوەیەكی لەسەرخۆ كارەكانی ئەنجامدەدەن.
ئەو سەركردەیەی ڕەوتی حیكمە لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەشی وتوە، گەیشتونەتە لێگەیشتنی هاوبەش لەگەڵ هێزە كوردستانییەكان (پارتی و یەكێتی) و سوپرازییان دەبێت بۆ ڕاگەیاندنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand