هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق لە وادەی خۆیدا ناكرێت
2018-08-18 13:21:26
(درەو میدیا):
كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق رایدەگەیەنێت ناتوانن لە وادەی خۆیدا كە 22ی مانگی كانونی یەكەمی داهاتووە، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەنجامبدەن و بۆ تەواوكردنی ئامادەكارییەكانی ئەو پرۆسەیە پێویستیان بە شەش مانگ هەیە.
ریاز بەدران، سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی " مەعلومە" وتی:" هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە بڕیارە كانونی یەكەمی داهاتوو بكرێت پێش بەڕێوەچوونی پێویستی بە كۆمەڵێك ئامادەكاریی هەیە".
بەدران وتیشی:" كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ماوەی زیاتر لە سێ مانگە پەككخراوە و ئەوەش بەواتای ئەوەدێت كە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەوادەی خۆیدا كارێكی ئاستەمە".
سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاماژەیبەوەشدا كە ئەنجومەنی كۆمسیاران لانی كەم پێویستی بە زیاتر لە شەش مانگ هەیە بۆئەوەی كارەكانی دەستپێبكاتەوە بە ئامانجی ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان.
لە كۆتایی لێدوانەكەیدا ریاز بەدران ئاشكراشیكرد" دیاریكردنی وادەیەكی نوێ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە نێوان كۆمسیۆن و پەرلەمانی نوێ گفتوگۆی لەسەر دەكرێت".