چۆنیەتی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق بە گوێرەی دەستور
2018-08-19 11:17:31
ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ
ئەمڕۆ یەكشەممە دادگای فیدراڵی عێراق كۆتایی بە هەموو مشتومڕێك هێنا و بە بڕیارێك ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی پەسەندكرد كە 12ی ئایاری رابردوو بەڕێوەچوو.
دوای ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی عێراق، هەنگاوە دەستورییەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق دەستپێدەكات بەمشێوەیەی خوارەوە:
- دادگای فیدراڵی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن پەسەنددەكات.
- فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق داوا لە پەرلەمانی هەڵبژێدراو دەكات لە ماوەی 15 رۆژ دوای راگەیاندنی ئەنجامەكان كۆببێتەوە.
- پەرلەمانتاران لە دانیشتنی یەكەمدا بە سەرۆكایەتی بە تەمەنترین پەرلەمانتاری، سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی بە زۆرینەی رەها هەڵدەبژێرن.
- پەرلەمان بە كۆی دەنگی دوو لەسەر سێ لە ماوەی 30 رۆژدا دوای دانیشتنی یەكەمی سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێرێت.
- سەرۆك كۆماری نوێ كاندیدی گەورەترین كوتلەی پەرلەمان رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ، گەورەترین كوتلەی پەرلەمان، ئەو كوتلەیە نییە كە زۆرینەی كورسییەكانی لە هەڵبژاردندا بەدەستهێناوە، بەڵكو بە گوێرەی بڕیارێكی دادگای فیدراڵی گەورەترین كوتلە ئەو كوتلەیە كە ( 50+1)ی كورسییەكانی پەرلەمانی هەیە كە دەكاتە 165 پەرلەمانتار.
- سەرۆك وەزیران راسپێردراو 30 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و خستنەڕووی ناوەكانیان لە پەرلەمان بۆ متمانە پێدانی.
- پێویستە پەرلەمان بەرنامەی حكومەت پەسەندبكات و هەر وەزیرێك بەجیا دەنگی لەسەربدرێت و بە زۆرینەی رەها متمانەی پێببەخشرێت.
- ئەگەر سەرۆك وەزیرانی راسپێدراو نەیتوانی لەماوەی 30 رۆژدا كابینەی حكومەت پێكبهێنێت، یان پەرلەمان رەتیكردەوە متمانە بە حكومەت ببەخشێت، ئەوا پێویستە سەرۆك كۆماری كاندیدێكی تر رادەسپێرێت لە ماوەی 15 رۆژدا كابینەی نوێی حكومەت پێكبهێنێت.